Draw Media

خۆپیشاندان لە دەروازەی سەفوان دەستیپێكرد

خۆپیشاندان لە دەروازەی سەفوان دەستیپێكرد

2018-07-14 09:32:49


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت
بۆ شەشەم رۆژ لەسەر یەك خۆپیشاندان لە شارەكانی باشووری عێراق دەستیپیكردەوە. دەیان كەس لە خەڵكی ناحییەی سەفوانی سەربە پارێزگای بەسرە لەبەردەم دەروازەی سنوری سەفوان كۆبونەوە و دژی خراپی دۆخی خزمەتگوزارییەكان و بێكاری ناڕەزایەتییان دەربڕی.
دەروازەی سەفوان تاكە رێڕەوی وشكانی نێوان عێراق و كوەیتە، خۆپیشاندەران داوادەكەن بەشێك لە داهاتی ئەو دەروازەیە بۆ خزمەتكردنی ناحیەكەیان تەرخان بكرێت.

لە شاری حیللە بە هەمان شێوە خۆپیشاندان دەستیپێكرد، خۆپیشاندەران لەسەر شەقامەكان تایەیان سوتاند، هێزە ئەمنییەكان هەوڵدەدەن بڵاوە بە خۆپیشاندەران بكەن.

خۆپیشاندەران لە فڕۆكەخانە كشانەوە
لە شاری نەجەفیش خۆپیشاندەران لە ناو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی شارەكە كشانەوە و گەشتە ئاسمانییەكان دەستیانپێكردەوە و بەرپرسانی ئیداری ناوچەكەش قەدەغەی هاتوچۆیان هەڵگرت.

ئەنجومەنی ئاسایش هەڕەشە دەكات
حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق كە لەبەر ئاڵۆزبوونی دۆخەكە لە برۆكسلەوە گەڕایەوە بۆ عێراق، دوای سەردانێك بۆ پارێزگای بەسرە، سەرۆكایەتی كۆبونەوەیەكی ئەنجومەنی وزاری ئاسایشی نیشتمانی كرد.
نوسینگەی راگەیاندنی عەبادی بەیاننامەیەكی لەبارەی كۆبونەوەكەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، بەتوندی روبەڕوی ئەوانە دەبنەوە كە دەیانەوێت بە سودوەرگرتن لە خۆپیشاندانی ئاشتیانە هێرش بكەنەسەر دامەزراوەكانی دەوڵەت و موڵكی تایبەت.

60 ساڵ دوای روخانی پادشایەتی
ناڕەزایەتییەكان لە كاتیێكدایە ئەمڕۆ عێراق یادی (60) ساڵەی روخانی رژێمی پادشایەتی و هاتنەسەركاری رژێمی كۆماری دەكاتەوە.
سەرەتای شەپۆلی ناڕەزایەتی ئەمجارەی عێراق لە بەسرەوە دەستیپێكردو دواتر گوازرایەوە بۆ پارێزگاكانی تری باشور وەكو زیقارو میسان و نەجەف و بابل.

مەرجەعیەت پشتیوانی خۆپیشاندەران دەكات
ئایەتوڵا عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق پاڵپشتی خۆی بۆ ناڕەزایەتی خەڵكی شیعەمەزهەبی شارەكانی باشوور راگەیاند.
نوێنەری سیستانی لە وتاری رۆژی هەینیدا وتی" كەموكورتییەكی زۆر هەیە لە خزمەتگوزارییە گشتییەكان"ی وەكو كارەبا لەم وەرزی گەرمایەدا.
رۆژی یەكشەممەی رابردوو لە بەسرە خۆپیشاندەرێك بە تەقەی هێزە ئەمنییەكان كوژرا، ئەمە ناڕەزایەتییەكانی توندتر كردەوە.

بەسرە هەڕەشە لە بازاڕی جیهانی نەوت دەكات
رێژەی زیاتر لە 95%ی هەناردەی نەوتی عێراق لە بەسرەوە سەرچاوە دەگرێت، راگرتنی پرۆسەی بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوت لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە، زیانێكی گەورە بە ئابوری عێراق دەگەیەنێت، چونكە نەوت شادەماری ئابوری عێراقە، هەروەك دەكرێت كاریگەری لەسەر نرخی نەوتیش دابنێت لە بازاڕی جییهانیدا.

بێكاری لە عێراق
یەكێك لە پاڵنەرە سەرەكییەكانی خۆپیشاندان، بێكاری لاوانە، بەپێی ئاماری فەرمی حكومەتی عێراق ئێستا رێژەی بێكاری گەیشتوەتە 10.8% لەسەر ئاستی وڵات.
رێژەی 60%ی ئەوانەی كە بێكارن، تەمەنیان لە خواروو 24 ساڵییەوەیە، ئەمەش بەپێی راپۆرتی ئاژانسی فرانس پرێس دەریدەخات بێكاری لەناو توێژی لاواندا لە عێراق زۆر بەرزە.

پێكهێنانی حكومەتی نوێ
ناڕەزایەتییەكان لەكاتێكدایە سەرباری تەواوبونی پرۆسەی هەڵبژاردن هێشتا كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق پێكنەهێنراوە و گومان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن هەیە.
حكومەتی حەیدەر عەبادی بووە بە حكومەتی كاربەڕێكەر و ناتوانێت بڕیاری گرنگ و یەكلاكەرەوە بدات.
سەرەتای ناڕەزایەتی خەڵكی عێراق دژ بە سیاسەتمەداران و پارتە سیاسییەكان ئەوكاتە دەركەوت كە هەڵبژاردنی 12ی ئایار كەمترین ئاستی بەشداری تۆماركرد لەدوای روخانی رژێمی بەعسەوە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand