Draw Media

سه‌ردار عه‌زیز ئێران و ئەمریکا لە سەر سێ پرس بە ناڕاستەوخۆیی لە دانوستاندان. پرسەکان بریتین لە چەکی ئەتۆمی، ڕۆکێتی بالیستی لەگەڵ هاوکاریی ئێران بۆ میلیشیاکان لە دەرەوەی ئێران. ئێران تەنها دەیەوت لەسەر پرسی پیتاندنی ئەتۆمی دانوستان بکات، بەڵام ئەمریکا لەژێر فشاری کۆمارییەکان و ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو، دەیەوێت ئەو دوو پرسەی تریشی بۆ زیاد بکات. بەڵام پێش ئەوەی ئێران هەر زیادەکردنێک قبوڵ بکات، دوودڵ و پڕ لە گومانە لە دانوستان لەگەڵ ئەمریکادا. هۆکاری هەرە سەرەکی ئەم گومانەش پەیوەستە بە دۆخی سیاسی ئەمریکاوە. ئێرانییەکان وەها دەبینن کە ئەگەر هاتوو لەگەڵ بایدندا ڕێککەوتن، پرۆسەی ڕێککەوتنەکە هیچ نەبێ ساڵێکی دەوێت. ئەگەر هاتوو بایدن تەنها یەک خول سەرۆک بوو، لە هەڵبژاردنی داهاتودا کۆمارییەکان هاتنەوە، ئەوا ئەگەری زۆرە ڕێککەوتنەکە هەڵبوەشێننەوە، چونکە ترەمپ بە هەڵوەشانەوەی ڕێککەوتنەکە لە ٢٠١٨، پرسی هەڵوەشانەوەی کردە بەشێک لە خواست و ئامانجەکانی کۆمارییەکان و هەروەها هاوەڵەکانی. بەم پێییە ئێران لە ئەوە نیگەرانە کە ڕەنگە ڕێککەوتن هیچ سودێکی نەبێت کاتێک تەنها بۆ چەند ساڵێکی کەمە و لە ئەنجامدا ئێران هێندە سودی لێنابینت. ئەوەی ئێرانییەکان هەوڵی بۆ ئەدەن بە دەستهێنانی جۆرێک لە دڵنیاییە. بەڵام بە دەستهێنانی دڵنیایی لەناو کایەی دیموکراسیدا بەگشتی کارێکی ئەستەمە، چونکە چ لە قۆناغی کەمپەین و چ لە قۆناغی بەڕێوەبردندا، ڕوداو لەگەڵ دۆخی ساتەوەختەکە بڕیار لە سەر ئاراستەی کارەکان دەدەن. ئەوەی ئێرانییەکان هەوڵی بۆ ئەدەن، بەڵام هێشتا نەیانگوتوە، بە دەستهێنانی ڕەزامەندی فەرمی کۆنگریسە بۆ ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ ئەمریکادا. ئەمەش نە بایدن خواستی هەیەو نە لە کۆنگریسێکی جەمسەرگیری ئێستادا فەراهەم دەبێت. لە ڕاستیدا بایدن ناتوانێت ئەم پرسە بوروژێنێت لە کۆنگریس هەتا پاش هەڵبژاردنی مید-تێرم. مید-تێرم ئەو هەڵبژاردنە ناوەندییە کە ساڵی داهاتو بۆ بەشێک لە کورسییەکانی کۆنگریس دەکرێت. ئەگەر هاتوو جارێکی تر کۆمارییەکان بوون بە زۆرینە، ئەوا ڕێککەوتن لە کۆنگریس مەحاڵ دەبێت. ئەوەی وەهای لە بایدن دەکات کە ئەم پرسە گەورە نەکات، ئەوەیە بایدن نایەوێت لە پرسێکی وەک پرسی ئێران، کە هێندە ستراتیژی نیە، کۆنگریس بکات بە نەیاری خۆی، چونکە پێویستی بە کۆنگریسە بۆ ئەو چاکسازییانەی کە لە ناوەوە دەیەوێت بیکات. دیارە ئێران لە پلەی پێنجەمیندایە لە پرسە ستراتیژییەکان بۆ ئیدارەی بایدن. هۆکاری بونی ئەم پرسە لە پلەی پێنجدا، ئەوەیە کە ئەمریکا بە گشتی نایەوێت پرسی ئێران ببێت بە پرسێکی گەورە لە ناوچەکەداو ئەمریکا ناچار بکات جارێکی تر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکاتەوە بە پرسێکی سەرەکی. ئەم دۆخە ئاڵۆزە و ئەم دانوستانە لەرزۆکە چێمان پێدەڵێت؟ وەک دەردەکەوێت ئامانجی بایدن ئەوەنیە کە بگاتە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێراندا، هێندە ئەوەیە کە چۆن ئێران نەبێتە هۆکاری هاتنەوەی ئەمریکا بە چڕی بۆ ناوچەکە. بە زانینی ئەم ستراتیژە، دەگەین بەو دەرئەنجامەی کە بە لای ئیدارەی بایدنەوە کێشە نیە ئەگەر دانیشتنەکان درێژە بکێشین و ناو بە ناو پچڕییان تێبکەوت. وەک دەزانین ئێستا ڕەوتی دانوستانەکان وەستاوە، هەتا ناوەڕاستی مانگی ئاب دەست پێناکاتەوە. لە هەمانکاتدا ناوەندە جیاوازەکانی ئێران پەیامی ئەوە دەنێرن کە نابێت دەست پێبکاتەوە. دیارە سەرۆکی هەڵبژێردراوی نوێی ئێران سێی مانگی ئاب دەست بە کار دەبێت. پاش دەستبەکاربونی بە فەرمی بڕیار لە سەر ئەو پرسە دەدات. بەڵام ڕاڕایی ئێرانییەکان وەهای لێدەکات کە بە حەماسەوە بەرەو ڕێککەوتنەکە نەڕۆن، بە تایبەتی ئەگەر بایدن سوربێت لەسەر پرسی بالیستی لە پەیوەندی لەگەڵ میلیشیاکاندا. دەستبەرداربون لە ئەو ئامرازانە بە لای حکومەت و دەسەڵاتدارانی ئێستای ئێرانەوە سەخت دەبێت چونکە ئەوان ئەو ئامرازانە وەها دەبینن کە سەرچاوەی هێز و کاریگەرییانە لە ناوچەکە. بۆیە ئەگەری هەیە لە فشاری ئەمریکا، ئەوان زیاتر جەخت لە سەر ئەو دوو بوارە بکەنەوە. ئەم هۆکارەشە کە پاڵنەرە لە پشت چالاکی زۆری میلیشیاکان دژ بە ئەمریکا لە ناوچەکە، بە تایبەتی عێراق. ئەو پەیامەی ئێران دەیەوێت بیگەیەنێت ئەوەیە کە ئەو میلیشیایانە دەتوانن ئەمریکا لە ناوچەکە هەراسان بکەن و وەک چۆن تالیبان ئەمریکای لە ئەفگانستان ناچار بە کشانەوە کرد ئەوانیش هەمان کار بکەن. ئەم ئەگەری هەراسانکردنە، لە لایەن ئێرانییەکانەوە وەک کارتێکی فشار بەکاردێت بۆ سوککردنی داواکاریی و خواستەکانی ئەمریکا لە سەر ئێران. ئەمریکاییەکان لە وەڵامدا هەوڵی بەکارهێنانی چەند ئامرازێک دەدەن. ئامرازی یەکەم، ئاماژەدان بەوەی کە دانوستانەکان ناکۆتا نین. هەرچەندە من گومانم هەیە لەوەی کە ئەمریکا لە درێژەکشانی دانوستانەکاندا هیچ کێشەیەکی هەبێت. چونکە لە ئێستادا کەسێکی وەک ڕۆبەرت مالی بۆ ئەو پرسە دیاریکراوە و حکومەتی ئەمریکی هێندە پێوە سەرقاڵ نیە. ئامرازێکی تر کە ئەمریکاییەکان ئاماژە بە پەنابردن دەبەن بۆی سیاسەتی کۆنتەینمێنت یان ئیحتیوایە. ئەوەی دەرخەری پەنابردنە بۆ ئەم پرسە، هەوڵی ئێستای ئەمریکایە بۆ کەمکردنەوە یان وەستاندنی فرۆشی نەوتی ئێران بە چین. هەرچەندە وەک سەرچاوە تایبەتەکان ئاماژەی پێدەدەن، ئێران بە ناڕاستەوخۆ، لە ڕێگای هەندێک وڵاتەوە، وەک عومان، مالیزیا، نەوت بە چین دەفرۆشێت، بەڵام پەنابردنی ئەمریکا بۆ ئەم ڕێگایە نیشانەی ئەوەیە کە ئەمریکا بیر لە ئیحتیوا دەکاتەوە. ئیحتیوا، کە نازانم وشەی گونجاو چیە لە کوریدا بۆی، پرۆسەیەکی درێژخایەنە. ئەمریکا سەردەمێکی زۆرە ئێران ئیحتیوا دەکات. لە سەردەمی کلینتۆندا هەردوو عێراق و ئێران پێکەوە ئیحتیوا کرابون. هەندێک لە چاودێران دەڵێن لە کاتێکدا ئەمریکا دەیەوێت ئامادەبونی راستەوخۆی لە ناوچەکە لاوازبکات، ئەوا ئیحتیواکردنی ئێران ئاسان نابێت. بۆ نمونە بۆ ئەوەی ئێران دەورەبدەی و لە دونیا دایببڕیت، کە ئامانجی پرۆسەی ئیحتیوایە، ئەوا دەبێت ئەمریکا لە ئەفگانستان بونی هەبێ، بەڵام وەک دەبینین ئەمریکا لە ئەو وڵاتە دەکشێتەوە، لە عێراقیش هەتا ئێستا ڕون نیە کە دەیەوێ چی بکات، بەڵام ڕۆژانە لە ژێر فشاری زیاتردایە بۆ کشانەوە. ئێستا کە عێراق و ئەمریکا لە دوا قۆناغی دانوستانیاندان، ئێران بە کازمی گوتوە کە دەبێت داوا لە ئەمریکا بکات کە هێزی شەڕکەری لە عێراق بکێشێتەوە و تەنها لۆجستی و ڕاهێنانی لە وڵاتەکەدا بهێڵێتەوە. ئەم پێشنیارە بە سودی گەورەی میلیشیا دۆستەکانی ئێرانە لە عێراق. هەرچەندە هەندێک سەرچاوە جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە برێت مەکگۆرک پەیامی ئەوەی بە عێراقییەکان داوە، کە ئەمریکا قۆناغ قۆناغ بە تەواوی دەکشێتەوە. ڕەنگە ئەو کشانەوەیەی کۆمپانیا نەوتییە ڕۆژئاواییەکان و جێگرتنەوەیان بە کۆمپانیای چینی سەرەداوی ئەوەمان پێبدات کە چ لە ئاستی سەربازی و چ لە ئاستی بازرگانی ڕۆژئاوا دەستبەرداری عێراق دەبێت. ئایا عێراقێکی بێ ئەمریکا قازانجە بۆ ئێران؟ ڕەنگە لە ئاستی ئاسایشیی و سەربازی بە سودبێت. بەڵام عێراقی بێ ئەمریکا عێراقێکی داڕماوی هەژاری پڕ لە قەیران دەبێت. ئەمەش بە سودی ئێران نیە.


مەجید ساڵح «1»  لەوکاتەی ئیمپراتۆریەتی رۆمانی لەوپەڕی شکۆی ئابوری و سەربازی و سیاسی خۆیدا بوو، حەزرەتی مەسیح دەرکەوت، وەک ئاماژەیەک بۆ ونبوونی لایەنی رۆحی و فکری لە ناو دەسەڵاتدارانی ئەو سەردەمە وتی «مرۆڤ تەنھا بە نان ناژی». پاش یەک دوو سەدە لەو قسەیە، پاپاکان بە ناوی مەسیحەوە بوون بە بڕیاردەری ئەوڵ و ئاخر و قەیسەر و پادشاکانی ئەوروپا بەبێ  ئەوان دەستیان نەدەکرد بە ئاودا، بەڵام خەڵکەکە لەوپەڕی برسێتی و لە بێدەرەتانیدا دەژیان بۆیە چەندین بیرمەند و فەیلەسۆف دەرکەوتن و قسەکەی مەسیحیان پێچەوانە کردەوە و وتیان «مرۆڤ تەنھا بە بەڵێنی چوونە بەھەشت ناژی» و «ميژووی مرۆڤایەتی بریتیە لە ململانێی گەڕان بە دوای ناندا»، دەبێ  ئەم سیستەمە ئاینییە تیوەکراسییە بگۆڕێن بۆ دیموکراسی و خەڵک خۆیان  بڕیار لە سەر حاکمەکانی خۆیان بدەن و دوای یەک دوو سەدە لە تێکۆشان ئێستا  وڵاتە ئەوروپیە مەسیحییەکان بە شێوەیەک نان و ئازادی تیایاندا بەرقەرارە، خەڵکی لە هەر چوارلای دنیاوە حەوت کێو و حەوت دەریا دەبڕن بۆ ئەوەی  لە سایەی بەهەشتی حوکمی ئەواندا بژین. «2» سەدەی 21 لە ناو رێکخراوی ئیخوان موسلمیندا کە لە لە زۆر وڵاتی عەرەبی و ئسلامیدا خەریکی کاری سیاسی و دەعەوی بوون و ببوون بە ئۆپۆزسیۆنی نهێنی و ئاشکرادا وڵاتەکانی خۆیان، ئاراستەیەکی فیکری سەری هەڵدا پێیان وابوو «ناتوانین مرۆڤەکان بگەڕێنینەوە بۆ پرەنسیپەکانی ١٤٠٠ پێش ئێستایان بەسەردا بسەپێنین»... بڕیاریاندا لەگەڵ دنیای لیبرالیزم و سەرمایەداری نوێ و دیموکراسیدا خۆیان بگونجێنن ... بۆ ئەم مەبەسەتە دەیان کتێب و کۆڕ و کۆبوونەوە کرا. خەڵکی جیهانی عەرەبی و ئیسلامی، کە ئەم جۆرە بیرکردنەوەیان بینی، باوەڕیان پێیان کرد و لە شۆڕش و هەڵبژاردنەکاندا پشتیوانیان لێ کردن و لە هەندێ وڵاتی وەک تورکیا و میسر و تونس و لیبیا، هاتنەسەر دەسەڵات. بەڵام ئەوان پاش ماوەیەک لە بەڵێنەکانیان پەشیمان بوونەوە و گەڕانەوە بۆ جێبەجێکردنی شەریعەت و حوکمی ئیسلامی...  لە تورکیا ئەردۆغان وەک ميردەزمە سواری کۆمەڵگای تورکیا بوو و نەخشەی گەڕانەوە بۆ سەردەمی سوڵتانی عوسمانی دانا.. لە میسر و تونس هەمان میکانیزم پەیڕەو کرا و لە جیاتی نان و ئازادی بەڵێنی چوونە بەهەشتیان بە خەڵکدا. ئەمانە  بوون بە بیانوو بە دەست عەسکەرەوە لە سەر کورسی دەسەڵات بیانهێننە خوارێ، جگە لە بەشيک لە رێکخستنەکانی خۆیان نەبێ، زۆرینەی خەڵک بێ دەنگ بوون، چونکە دەیانزانی «مرۆڤ تەنھا بە بەڵێنی چوونە بەھەشت ناژی...» ئێستا زۆربەی وڵاتانی بەهاری عەرەبی گەڕاونەتەوە بۆ سەردەمی عەسکەر... «3» هەر لە سەرەتاکانی سەدەی ٢١دا لە هەناوی وڵاتە کۆمەنیستیەکاندا جوڵانەوەیەکی نوێ سەری هەڵدا و وتیان «مرۆڤ تەنیا بە ئایدۆلۆژیا ناژی و پێویستی بە نان و ئازادیە»... بۆیە لە شەپۆلێکی دیموکراسیخوازیدا زۆربەی وڵاتانی بلۆکی رۆژهەڵاتی بە ناو کۆمەنیزم هەرسیان هێنا و بە حسابی خۆیان رویان کردە لیبرالیزم و دیموکراسی... چەند ساڵێک دوای ئەو شۆڕشانە هەڵبژاردن کرا و کۆمەڵێک لە کۆنە شیوعییەکانی وەک (پۆتین  و علييف و رەحمانۆف ... ) بە هەڵبژاردن هاتنە سەر دەسەڵات. وا چەندین ساڵە لە کورسی دەسەڵات نایەنەخوارێ و نە نانیان هێنا و نە ئازادی، دۆخی وڵاتەکانیان گەلێک خراپترە لەسەردەمی کۆمۆنیزم... ستالین و خرۆشۆف بە حەوت ئاو شۆراونەتەوە لە چاو دەسەڵاتدارانی ئيستادا..!! راستە مرۆڤ تەنها بە نان ناژی، بەڵام بە بەڵینی چونە بەهەشت و ئایدۆلۆژیاش ناژی.. بۆیە تاکە چارە لاسایی کردنەوەی ئەوروپایە کە لە پێشدا (نان) و  ئینجا (ئازادی) فەراهەم دەکات و وڵاتەکانیان دەکەن بە (بەهەشت)ی راستەقینەی سەر ئەرز، بەهەشتێک کە جێگەی خەونی مرۆڤەکانە...


مەریوان وریا قانع کۆرۆنا لە ھەرێمی کوردستاندا ڕووی لە ھەڵکشانێکی گەورە و خێرایە، ھێدی ھێدی نەخۆشخانەکان پڕ لە نەخۆشی کۆرۆنا دەبن، ژمارەی ئەوانەش بەھۆی کۆرۆناوە دەمرن ڕووی لە زیادبوون و ھەڵکشانە، کەچی بەشێکی ھێجگار گەورەی خەڵک تەواو بێباک و بێخەمن و نایانەوێت خۆیان بکوتن. بە دەیان شێوە ئەرگومێنت بۆ خۆنەکوتان دەھێننەوە. لەناو ئەوانەدا ھەندێک لەو کەسە نزیکانەی من ڕۆژانە دەیانبینم و لەگەڵیاندا ھەڵسوکەوت دەکەم. لەناو بازاڕ و شوێنە گشتییەکانیشدا خۆپاراستن لە کۆرۆنا یان بە تەواوی غائیبە، یان کەسانێکی کەم، ھێجگار کەم، لە خەمی خۆپاراستندان.  لە ئەوروپا دۆخەکە تەواو جیاوازە، نەک تەنھا زۆرینەی ھەرەزۆری خەڵکی وڵاتە جیاوازەکانی ئەوروپا خۆیان دەکوتن و خۆیان کوتاوە، بەڵکو ھەندێک لە حکومەتەکان پلانی ئەوەیان ھەیە خۆکوتان بکەن بە ئیجباری و خەڵک ناچاربکەن خۆیان بکوتن. ھەر دوێنێ لە فەرەنسا یاسایەک بۆ سەپاندنی خۆکوتان دەرکرا و زۆرینەی ھەرەزۆری کۆمەڵگای فەرەنسیش ئەو یاسایەیان قبووڵە. لەبەرامبەر ئەم بە ئیجباریکردنی خۆکوتاندا بە یاسا تەنھا نزیکەی ١٦٠ ھەزار کەس لەو وڵاتەدا چوونە سەر شەقامەکان بۆ ناڕەزاییدەربڕین. ئەم ژمارەیە لە پەیوەندیدا بە کۆی ژمارەی دانیشتوانی وڵاتەکەوە ژمارەیەکی ھێجگار کەم و پەراوێزییە، زۆرینەی ھەرەزۆری خەڵکی فەرەنسا پاڵپشتی یاساکە دەکات. ژمارەی دانیشتیوانی فەرەنسا  نزیکەی ٦٦ ملیۆن مرۆڤە، ڕێژەی ئەوانەی تا ئێستا دووجار خۆیان کوتاوە 44,4% دانیشتوانە، کە دەکاتە نزیکەی ٣٠ ملیۆن مرۆڤ . لە دانیمارک کە دانیشتوانەکەی نزیکەی ٦ ملیۆن کەس دەبێت، زیاد لە نیوەی دانیشتوانی وڵاتەکە، ڕێژەی 50,6%، کە دەکاتە سەرو سێ ملیۆن مرۆڤ، دووجار خۆیان کوتاوە. خەڵکی وڵاتەکە کێشەیەکی ئەوتۆیان لەگەڵ بڕیارێکدا نییە ھەمویان ناچاربکات خۆیان بکوتن، لە دانیمارک کەمترین ناڕەزاییدەربڕین بەرامبەر بە بڕیاری خۆکوتینی ئیجباری ھەیە.  لە بەلجیکا کە ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی ١٢ ملیۆن مرۆڤە، ڕێژەی  54,1% دانیشتوانی وڵاتەکە خۆیان دووجار کوتاوە، کە دەکاتە نزیکەی ٦ ملیۆن و نیو  مرۆڤ. لە بەلجیکا پسوڵەیەکیان بۆ ئەو کەسانەی دووجار کوتراون دروستکردوە کە ڕێگایان پێئەدات بتوانن بچنە ئاھەنگە کراوە و داخراوەکانەوە. بڕ و ڕادەی ناڕەزاییدەربڕین بەرامبەر بە دروستکردنی پسولە و ناسنامەی تایبەت بۆئەوانەی کوتراون و لەوێشەوە ھەبوونی مافی زیاتر بۆ سەردان لە ئاھەنگ و شوێنەگشتییەکان کەمەکێک زیاتر لە دانیمارک ڕووبەڕووی ناڕەزاییدەربڕین بوەتەوە.   لە ئەڵمانیاشدا کە ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی ٨٤ ملیۆن مرۆڤە، ڕێژەی 49,5% دانیشتوانەکەی دووجار کوتراون، کە دەکاتە نزیکەی ٤٢  ملیۆن مرۆڤ. لە ئەڵمانیا دەوڵەت دانیشتوانەکەی ناچارنەکردوە خۆیان بکوتن و بیر لە دەرکردنی یاسایەکی لەو بابەتەش ناکانەوە. بەڵام ھاوکات ئەوانەی کە خۆیان کوتاوە ئازادیی زیاتریان ھەیە لە سەردانی شوێنە گشتییەکان و ئاھەنگ و بۆنە  گشتیە جیاوازەکاندا. لە بریتانیاش، کە ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی ٦٨ ملیۆن مرۆڤە، ڕێژەی زیاد لە 55% دانیشتوانی وڵاتەکە، کە دەکاتە زیاد لە ٣٧ ملیۆن مرۆڤ، دووجار خۆیان کوتاوە. بریتانیا تا ئێستا خۆکوتانی نەکردوە بە کردەیەکی ئیجباریی،  بەڵام بیر لە دروستکردنی پسولە یان شوناسێکی تایبەت دەکاتەوە بۆ ئەو کەسانەی کە کوتراون، تا بتوانن ئازادتربن لە جوڵە و چوونەدەرەوەیاندا لەوانەی کە خۆیان نەکوتاوە.   لە ئیتالیا کە ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی ٦١ ملیۆن مرۆڤە ڕێژەی ئەوانەی دووجار خۆیان کوتاوە 48,4% دانیشتوانە، ئەمەش نزیکەی ٣٠  ملیۆن مرۆڤە. لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئیتالیدا خەڵکانێکی زۆر گوێیان بە ڤایرۆسەکە نەئەدا و فەیلەسوفێکی وەک ئاگامبن یش سڵی لەوە نەکردەوە ڤایرۆسەکە وەک ئامرازێک ببینێت بەدەستی دەوڵەتەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی زیاتر و فراوانتری کۆمەڵگا و سنووردارکردنی ئازادییەکان. ئەوەبوو ڤایرۆسەکە دۆخی تەندروستیی ئیتالیای تەواو وێرانکرد و ئەو وڵاتەی کرد بە یەکێک لە وڵاتە ھەرە زیانلێکراوەکانی جیھان. بەڵام لە ئێستادا ناسنامە و پسولەی تایبەت بۆ ئەو کەسانە دروستدەکرێت کە خۆیان کوتاوە بۆئەوەی ئازادتر بن و بتوانن بچنە شوێنە گشتییەکان، تەنھا کەمینەیەکی زۆر بچووک دژایەتی دروستکردنی ئەمجۆرە پسولەن. لە ئیتالیادا. ڕێژەی ئەوانەی ناوی خۆیان بۆ کوتان دەنووسن لە زیادبوونێکی گەورەدایە.  ھەرچی ھۆڵەندایە، ژمارەی دانیشتوانەکەی زیاد لە ١٧ ملیۆنە و تا ئێستا ڕێژەی 59% دانیشتوانەکەی کە دەکاتە نزیکەی ١٠ ملیۆن و نیو کەس دووجار خۆیان کوتاوە. دەوڵەتی ھۆەڵندی کوتانی نەکردوە بە ئیجباری. بەڵام شارەزایانی ئەم بوارە قسە لەوەدەکەن کە ڕەنگە کەسانی ناو ھەندێک کەرتی تایبەت لە وڵاتەکەدا ئیجبار بکرێن خۆیان بکوتن، بۆ نموونە، ئەوانەی ڕۆژانە لە نەخۆشخانە و سێنتەرەکانی تەندروستیدا کاردەکەن و بەرکەوت و پەیوەندیان لەگەڵ نەخۆشدا ھەیە، بۆئەوەی مەترسی گواستنەوەی کۆرۆنا بۆ نەخۆشەکان بنبڕبکەن ڕەنگە ئەمانە ناچاربکرێن خۆیان بکوتن. ئەم ژمارە زۆرەی دانیشتوانی وڵاتە ئەوروپییەکان خۆیان دووجار کوتاوە و زۆریش لەو ڕێژە و ژمارانە گەورەتر یەکجار خۆیان کوتاوە، بەبێ ئەوەی ئەو قسە و باسانە بکەن کە خەڵکێکی زۆر لە کوردستاندا دەیکەن. مەسەلەی کوتانی دووجارەی تەواوی دانیشتوانیش مەسەلەی کاتە، لە چەند ھەفتە و مانگی داھتوودا ئەم دۆخە مەیسەردەکرێت. لە ئەوروپادا سێ گروپی زۆر بچووک و پەراوێزیی خۆیان ناکوتن و گومانیان بەرامبەر بە ڤایرۆسەکە و فاکسینەکانی دژ بە ڤایرۆسەکە، ھەنە. یەکەمیان گروپە دینییە توندڕەوەکانن کە پێیان وایە ھەم بەڵاکە خوادا ناردویەتیی و ھەم خودا خۆشی بڕیارئەدات کە کێ بمرێت و کێ نەمرێت. ئەمانە بە تایبەتی گروپە دینییە مەسیحییەکانن. دووھەمیان گروپی چەپگەرە پەڕگیر و ڕادیکاڵەکان، ئەوانەی باوەڕیان وایە دەوڵەت دەیەوێت لەڕێگای ئەم ڤایرۆسەوە ئازادییەکانیان لێبسێنێتەوە و کاپیتالیزم لەوەدا سەربەکوێت ھەمووان بکات بە کۆیلە. سێھەمیان گروپی ڕاستڕەوە پەڕگیرەکانن کە بەردەوام باس لە تیورەی موئامەرە و پیلانگێڕیی دەرەکیی و ناوەکیی دەکەن. بەڵام ھەر سێ گروپەکە گروپی بچووک و کەم کاریگەریی و پەراوێزین.  بەڵام لە کوردستاندا زۆرینەیەکی گەورە بێباکانە بەناو ھەڕەشەی کۆرۆنا لە تەندروستیی تاکەکەسیی و گشتییدا تێدەپەڕن و وەک ئەوە ھەڵسوکەوت دەکەن ھیچ ھەڕەشەیەک لەئارادا نەبێت. بێباکیی و گوێنەدانێکی کەم وێنە لائارادایە. کاتی ئەوە ھاتوە چارەسەرێک بۆ ئەم گوێنەدان و بێباکییە بدۆزرێتەوە. 


عەبدولڕەزاق شەریف پێشتر و لە دەیان وتارو قسەوباسی راگەیاندنەکاندا، خەڵکی (هەرێمی کوردستان و پارێزگای سلێمانی)مان لە رێکكەوتنی ئەنقەرەی نێوان عێراق و ئێران و تورکیا ئاگادار کردەوەو مەترسی جێبەجێکردن و لێکەوتەکانیمان باسکرد، ئەو رێکكەوتنەی کە ئێرانیەکان پێش چونیان بۆ ئەنقەرە هاتنە لای سەرانی حیزبە کوردستانیەکان و بە ڕاشکاوی و ڕاستگۆیی پێیان وتن:(گەر ریفراندۆم نەکەن، لە کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان بمێننەوەو ئێمە پشتیوانتان ئەبین و خۆشمان ئاڵای کوردستان لە حەمرین هەڵئەکەین ! خۆ ئەگەر ئەنجامیشی بدەن ئێمە ناچار ئەبین برۆین لەگەڵ تورکیاو عێراق رێکبکەوین بۆ ئەوەی لە کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان دەرتان بکەین و بچینە ژێر داواکاریەکانی دەوڵەتی تورکیاشەوە)، من وەک شایەتحاڵێکی ناو روداوەکان و گفتوگۆی ئەو سەروەختەی ئێرانیەکان بۆ مێژو ئەڵێم کە بە تکاوە بە ئێمەیان وت (هەرچۆنێ بێت ئەم ریفراندۆمە مەکەن! ئێمە ناچار مەکەن تەنازول بۆ تورکیا بکەین و شەڕی کوردی دۆستمان لە کەرکوک بکەین)، پێم سەیر بو باسی شەڕی سەربازو تفەنگیان کردو ئەمویست بڕوایان پێ بهێنم کە ئەوە مومارەسەی مافێکی سادەی میلەتەکەی ئێمەیە بەڵام ئەوان زۆر بە ڕاشکاوی وتیان (ڕابەر قسەی تێدا کردوەو وتویەتی نابێت بکرێت) ئەوەی شارەزای سیستەمی حوکمداری جمهوری ئیسلامی ئێران بێت لە فەرمانی رابەر تێدەگات، بەڵام سەرانی حیزبە کوردستانیەکان لێی تێنەگەیشتن..! راستە ئەوکات و ئێمە وەک بزوتنەوەی گۆڕان پێگەمان هی ئەوە نەبو بتوانین رێگری لە پرۆسەی ریفراندۆم بکەین، بەڵام ئەوانیش هەمو تەماحێکیان خستە بەرمان کە بتوانین ئەو رێگرییە بکەین ! تەرحی جیاکردنەوەو پشتیوانی هەرێمی سلێمانیشیان بۆ کردین بە کەرکوک و خانەقین و ناوچە دابڕاوەکانیشەوە، (لەو کاتەیا دەستیان لە بارزانی شتبو دڵنیابون کە ئەو ریفراندۆم ئەنجام ئەیا) مەترسیەکانی رەتکردنەوەشیان نیشانداین. ئەو سەروەختەو لە کۆبونەوەکانی ناوخۆی بزوتنەوەکەدا من بە ئاشکرا پشتیوانی پێکهێنانی (هەرێمی سلێمانی) بوم، مەترسیەکانی سەر کوردو کوردستانم لەپێش چاو بو ... گەیشتە ئەو ڕادەیەی حەمە تۆفیق رەحیم لە کۆبونەوەیەکداو لەبەرچاوی دەیان کەس پێی وتم (ئەو فکرانەی تۆ ئەجندای وڵاتێکی ئەقلیمیە)، سەید عومەری رێکخەری گشتی بزوتنەوەکەش لەجیاتی بیرکردنەوەو گفتوگۆ و پلاندانان بۆ چارەسەر، پێی وتم (ئێرانیەکان چۆن ئەم شتانە لای تۆ باس ئەکەن !!)، بێئاگا لەوەی کە من بەرەسمی و بە فەرمانی کاک نەوشیروان ئەرکی مەلەفی پەیوەندیەکانی ئێرانم خرابوە ئەستۆ و دەیانجار بەجیا یان خۆم و خۆی لەسەر ئاستی باڵا کۆبونەوە و گفتوگۆمان لەگەڵیان کردبو ... لە کاردانەوەی گەمژەیی ئەو سەرکردایەتیەدا، هەر ئەوکاتە نامەی دەستلەکارکێشانەوەم لەو ئەرکە پێشکەشی خانەی راپەراندن کردو تەنیا کەسێکیان پابەندی پرەنسیپ و کاری رێکخراوەیی بو، ئیمزای لەسەرکرد، وەڵامی دامەوە، کاک عوسمانی حاجی مەحمود بو. ئاشکرایە تورکیا، لە سەردەمی دەسەڵاتی عوسمانیەوە ئاخ و داخ بۆ سەرزەمینی نفوزی دەسەڵاتداریە کۆنەکەی هەڵدەکێشێ، هەرکاتێکیش کۆبونەوەو رێکكەوتن لەگەڵ عێراق و ئێران و سوریا کردبێت، نەخشە کۆنەکان و رێکەوتنە کۆنەکانی دەرهێناوە، لەسەر بنەمای پەیماننامەی ئەرزەرۆمی پێش دوسەد ساڵ داوای پێگە و پاوانی خۆی کردوە ! ئەو پەیمانەی بە چاودێری و موبارەکەی ئینگلیزو روسەکان کراوەو لەماوەی ئەم دوسەد ساڵەدا، چەندینجار لە ساڵانی جیاوازدا، لەگەڵ ئێرانیەکان و عێراقیەکان هەموار کراوەتەوە، دواجاریش هەر لەسەر بنەمای ئەو پەیمانە ئێرانیەکان شەڕیانکردین و خەتی مونزریە بۆ سامەراو کەرکوک و تەلەعفەریان بۆ خۆیان و هاوپەیمانە شیعە عێراقیەکانیان وەرگرت و ئیمزاشیان بۆ تورکەکان کرد کە وەک جاران و زیاتریش ئەتوانن لە باکوری سوریاو باکوری عێراق لە ناوچە سونە نشین و کورد نشینەکاندا، بارگەو بنەی سەربازی خۆیان بخەن و چۆن و بەچ رێگەیەک ئەیانەوێ دژی نەیارەکانیان و پشتیوانی لە دۆستەکانیان رەفتار بکەن. رێکكەوتنی ئەنقەرە وەک نوێکردنەوەی پەیماننامەی ئەرزەرۆم بە چاودێرو ریعایەی هێزی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا کرا، مەسعود بارزانی بە خشکەیی لێی دەرچو ... بەڵام هەر زوو پارتی و سەرکردایەتیەکەی کەوتنە گفتوگۆ و سازش و رێکكەوتن، لە زمانی نێچیرڤان و مەسرور بارزانیەوە داوای عێراقێکی بەهێز و پابەندبونیان بە عێراقی بونەوە راگەیاندو دیفاکتۆی رێکكەوتنەکەی ئەنقەرەیان قبوڵکرد، باسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان لای ئەوانەوە لە کولەکەی تەڕیشدا نەما. ساڵی پارو جارێکیتر پرۆژەی بەهەرێمکردنی پارێزگای سلێمانیم نوسی و بە پشتیوانی هەندێ لە هاوڕێکانمان داوامان لە خەڵک و هێزە سیاسیەکان و کەسانی دڵسۆز کرد بۆ رێگریکردن لە مەترسی فەوتی ژیانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی حوکمڕانی هەرێم پشتیوانیمان بکەن، ئەهلی بازاڕو عەوامی خەڵک لە بەرپرسیارێتی و مەترسی قۆناغەکە تێگەیشتبون و توانیمان سەدوپەنجا هەزار ئیمزا بەناوی سیانی و ئەدرەس و ژمارەی تەلەفۆن کۆبکەینەوە بەڵام بەداخەوە سەرکردایەتی حیزبەکان لەپێناوی بەرژەوەندی حیزب و بنەماڵە و خێزانە سیاسیەکانیان دژایەتیان کردین و لە بەغداوەو لە رێگەی پەیوەندیەکانیانەوە کارەکانی بەهەرێمکردنی پارێزگای سلێمانیان ڕاگرت ! ئێمە لە هەوڵەکانمان بۆ ڕێگری ئەوان بەردەوامین و کۆڵمان لێنەداوە و ئێستاش پێمانوایە تەنیا ڕێگەی رزگاربون لە مەترسیەکانی ئایندە لەم کاتەدا، پرۆژەی بەهەرێمکردنی ( پارێزگای سلێمانی )ە. خۆ ئەگەر نا ! ئاماژەی روداوە سیاسیەکانی دوای هەشتی تەموزیش لەم هەرێمە هەمان ئەو ئاماژانەن کە پەیمان و جێبەجێکردنی رێکكەوتنی ئەرزەرۆمی یەکەم و دوەمی لێکەوتەوە . بە دڵنیاییەوە ئەنجامەکەشی هەمان ئەنجامی ئەو رێکكەوتنەیە و چۆن دوسەد ساڵ پێش ئێستا کورد بۆ هەتاهەتایە مەملەکەت و دەوڵەتی خۆی لەدەستدا، ئەمجارەش بۆ عەقدێکی زەمەنی نادیار هەرێمی کوردستان ئەچێتەوە ژێر هەژمونی تورکیا و جلخوارەکانی دۆست و هاوپەیمانە تازەکانیەوە.


رێبوار کەریم وەلی رەنگبێ کەس بە قەدەر ئەھالیی ئینفیساڵی دڵیان بەو وەزعەی یەکێتی خۆش نەبێ، بەس کێشەکە ئەوەیە سەریان لە وەزعەکە دەرناچێ و ئەوەی بە حیساب کودتاکەی کردووە، لە ئەساسدا ئەکبەر ئۆکتۆبەرچییە. بۆیە خۆشییەکە وەک پۆستەکانی فەیسبوک(کاتییە!). * گوایە بە فیعلی ھەیبەتی لاھوری شێخ جەنگیان شکاندووە، بەڵام نەک خۆیان ھیچ ھەیبەتێکیان پێ پەیدا نەکردووە، بگرە بۆ دەستخۆشییەکی سارد و سڕ و، وەك بەیتارێکی ناشی ددانی حزبەکەی خۆیان کێشاوە. لێبڕینی موچە نەما و پێویست بە ددان گڕکردنەوە و لێک سووین نەما... * ئەگەرچی تا ئێستا نە کەس براوەیە و نە کەسیش دۆڕاوە و، ھێشتا تاڵە مووی معاویەیان نەپچراندووە، بەڵام حزبەکە بووەتە دوو دەوام؛ بەیانیان تا نیوەڕۆ دەوامی رەسمی لە(کوردستانێکی بەھێز) و پاشنیوەڕۆش بە بندیوار لە (چەپکە گوڵە ژاکاوەکەی) مام جەلال! * نەفیرعامی سیاسیی لاھوری شێخ جەنگی بە کۆکردنەوەی نەیارەکانی پارتی، ھەڵە و غروری سەرکەوتن، حیساب نەکردن بۆ ئەولاد و ئالی ئیبراھیم و جەلال، ھەموویان بوونە فاکتەری ئەوەی کە لە ٨ ی تەمموز رووی دا. ھا لە ئۆکتۆبەر ھا لە تەمموز! ئەو جارەیان ئیمزای شوێنێکی دیکەی پێ بوو. * ئیتر شیرازەی یەکێتی لەبەر یەک ھەڵوەشاوە، نە حزبی کەسە و نە حزبی مێژووە. مارکێتێکی سیاسییە کە ئەوەی پارە دەکات رابردووی حزبەکەیە کە ئێستا بە داھاتووەوە بە داشکاندنەوە ھەڕاج کراوە. * "وەزعەکە چی لێدێت؟" ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەپرسێت! * شکاندنی مەرجەعییەتی سیاسیی ناو یەکێتی و پارچە پارچەکردنی ئەو حزبە نەک سلێمانی ناخاتە ژێر رکێفی پارتییەوە، بگرە دەرئەنجامی زۆر ترسناکتری دەبێ لەوەی کە تەسەوڕیان دەکرد بە لامەرکەزییەتی ئیداری و مالی تووشیان دەبێ! * لە سیاسەتی کوردستاندا، خەڵک تا ئەو شوێنە خاوەنی ھێلکەیە کە نەخرابێتە سەبەتەی پارتییەوە، دوایی بەس دەتوانێ شانازی بە بۆنی ھێلکەوڕۆنەکە بکات! * گرفت ئەوە نییە کە لەو زۆنە خەڵک باوەڕیان بە دژایەتیی کردنی پارتی ھەبێت، کارەسات ئەوەیە کە خەڵک باوەڕی بە ھیچ نەمێنێت، تەنانەت دژایەتیکردنی پارتیش! * ماڵی یەکێتی یەک جامی ساغی پێوە نەماوە، کەچی دراوسێ ھەر بەردەفڕکەیەتی، پەندەکە بۆ ئێرە نایخوا، بۆیە ئەگەر سەرەکان لە مەنجەڵی دراوسێ نەکوڵان مانای وایە لە ھی تۆش ناکوڵێ...لە ناو پارتیش ھەمان مەنجەڵ لەسەر ئاگرە. * پەرەگرافی ئەخیر تەرجومەی نییە.


د. كامەران مەنتك 1 ئەفغانستان سەرەتا خاڵی ئەو نیوكەوانەیە، كەوا درێژ دەبێتەوە تا ئێراق و لەرێگای كوردستانەوە سنوورەكانی باشووری روسیا ئابڵووقە دەدات، كاتێك ئەمریكا وناتۆ لەساڵی 2002 ئەفغاستانیان داگیركرد، هەر ساڵیك دوای ئەوە ئێراقیشیان داگیر كرد، بەم چەشنە دروستكردنی نیوكەوانەكەیان تەواو كرد، هاوكات ئەفغانستان بۆ روسیا ئەو دەروازەیەیە دەیگەنێتە ئۆقیانووسی هیندی، كاتێك لە حەفتاكانی سەدەی بیستەمدا، دوای ئەوەی كۆمەڵێك رژێمی لایەنگیری رۆژئاوا هاتنە سەر دەسەڵات، یەكێتی سۆڤیەت بۆ كردنەوەی ئەو دەروازەیە سەرەڕۆییەكی جیۆپۆلەتیكی ئەنجامداو پەلاماری ئەو وڵاتەی دا، كە ئەمە قوڕ ولیتەیەكی سەخت بوو بۆ سۆڤیەت ئامادە كرابوو نەیتوانی لێی دەربچێت تا ئەو كاتەی هەڵوەشایەوە. دوای داگیركردنی ئەفغانستان لەلایەن ئەمركیا وناتۆوە، روسیا شیلگیرانەتر كەوتە كار بۆ كردنەوەی ئەو دەروازەیە، تەنانەت وەك سەرۆكی روسیا راشكاوانە رایگەیاند، بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشانە ئامادەیە چەكی ئەتۆمیش بەكاربێنێت، دوای ئەو هەنگاوە ململانێكانی روسیا و رۆژئاوا لەهەموو سنوورە جیۆپۆلەتیكیەكانی روسیا قووڵترو چرتر بووەوە، هەر لەناوچەی باڵكانەوە تا دەگاتە ئەوروپای رۆژهەڵات ودواتریش ئۆكرانیا، دوای ئۆكرانیاش ململانێیەكە لەسالی 2015 پەڕیەوە سوریا.  ئەم هەڵوێستە توندەی روسیا رادەیەكی بۆ هەژموونی ئەمریكا دانا، لەساڵی (2017) بەشێوەیەكی كردەیی شەڕێكی تری سارد لەنێوان ئەو دوو بەرەیەدا داگیرسایەوە، كە بووە هۆی پاشەكشەی سیستەمی تاكجەمسەری ئەمریكا، بەشێوەیەك لەئێستا هەنگاوی پاشەكشەی جیۆپۆلەتیكی ئەمریكا وناتۆ بەكردەیی دەستیپێكردووە، بۆ نمونە دوای نزیكەی بیست ساڵی لەداگیركردنی ئەفغانستان ئەو وڵاتەی دایەوە دەست بزووتنەوەی تاڵیبان، كە بە بزووتنەوەیەكی بەتیرۆرریستی ناساندبوو!  ئەمركیا بەم هەنگاوە دەوێت دۆخەكە بگەڕێنێتەوە بۆ هەشتاكانی سەدەی بیستەم ولەجیاتی ئەوەی ئەو هەموو توانایەی خۆی لەو ناوچەیە بە هەدەر بدات، دەخوازێت لەرێگای وەكیلەكانیەوە (تاڵیبان) هەمان كێشە بۆ روسیا دروست بكاتەوە، بەتایبەتیش ئەگەر ئەوەمان زانی ئەفغانستان هاوسنوورە لەگەڵ كۆمەڵێك دەوڵەتی ئیسلامی لە ئاسیای ناوەڕاست، كە زۆرینەی موسڵمانن وروسیا وەك خاڵی بێهێزی خۆی لەو ناوچەیە سەیریان دەكات! لەسەر ئەو بنەمایە، ئەگەر كۆی كەوانە جیۆپۆلەتیكیەكەی نێوان ئەفغانستان وكوردستان وەربگرین، ئەوە دەبێت لەماوەیەكی كەمی داهاتوودا، كە رەنگ بێت زۆر لەساڵێك تێپەڕ نەكات ئێراق و كوردستانیش جێبهێڵێت. ئەمریكا ئەو ناوچەیە بۆ كێ جێدەهێڵێت؟ ئەگەر لەسەر بنەمای هەمان هەنگاوی ئەفغانستانەوە خویندنەوە بۆ دۆخی ئێراق بكەین، یەكێك لە ئەگەرەكان زیندووكردنەوەی داعش و هێنانە سەر دەسەلاتی هێزیكی سووننەی توندڕە و دەبێت، بۆئەوەی بەرەو رووی ئێرانی بكاتەوە. ئەم هەنگاوە لەگەڵ بەرژوەندیەكانی توركیاش یەكدەگرێتەوە، لەبەرئەوەی تا ئێستاش رێكخراوی داعش وەك هێزی سەربازی عوسمانیە نوێیەكان سەیر دەكرێت! كەواتە باكووری ئێراق بۆ توركیا جێبهێڵرێت وناوەڕاستیش بۆ سوونە بۆ ئەوەی رووبەڕووی هەژموونی ئێران ببێتەوە لەناوچەكە، هێندەی پەیوەندی بەباكوورەوە هەیە، توركیا لەرووی سەربازیەوە داگیركردنی ئەو ناوچانەی تەواو كردووەو لەسەر سنوورەكانەوە تا دەگاتە ناوچەی زینی وەرتێ، كەناوچەی ناوبڕە لەنێوان قەڵەمڕەوی ئێران وتوركیا، قەڵای لە لوتكە شاخە بەرزو ستراتیژیەكان دروست كردووەو خەریكە بۆ دەڤەری سەوزیش دەپەڕێتەوە، ئەو ململانێیەی ئێستا لەناو یەكێتی نیشتمانی روودەدات بەشێوەیەك لە شێوەكان دەرهاویشتەی ئەو گۆڕانكاریانەیە... 2 دۆخەكە بەرەو كوێ دەچێت؟ وەك ئاماژەی پێكرا، یەكێك لە ئامانجەكانی كشانەوەی ئەمریكا لە ئەفغانستان دروستكردنی كێشەیە لە ئاسیای ناوەڕاست، واتە لە ئایندەیەكی نزیكدا ئاڵۆزی وشەڕو شۆڕ دەكەوێتە وڵاتە ئیسلامیەكانی ئەو ناوچەیە، كە ئەمەش لەلایەك فشار دەبێت بۆ سەر روسیا، لەلایەكی تر دەبێتە هۆی بەهێزكردنی ئیگۆرە موسڵمانەكان لەچین! بە واتایەكی تر ئەو فشارەی ئەمریكا تەنیا روسیا ناگرێتەوە، كە ئەمەش چین وروسیا زیاتر لەیەكتر نزیك دەكاتەوە، وەك وەزیری دەرەوەی روسیا (سێرگی لاڤرۆڤ) گوتی پەیوەندیەكانی روسیاو چین گەیشتۆتە ئاستێك، كە پێشتر وێنەی نەبووە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت هەڕەشەی ئەمریكا چین وروسیا زیاتر بەیەكەوە كۆدەكاتەوە، كە ئەمە كۆسپی گەورە بۆ ستراتیژی ئەمریكا لەو ناوچەیە دروست دەكات. هەرچەندە ئەمریكا لەسەر ئەو تەوەرە كار دەكات، كە ئەو ناوچەیە ناوچەی رووبەڕووبوونەوەی هەژموونی روسیا وچینە دەیەوێت بەرژەوەندیەكانی ئەو دوو وڵاتە لەو ناوچەیە رووبەڕووی یەكتر بكاتەوە وكێشەیان بخاتە نێوانەوە، بەڵام ئەگەر بۆ ماوەیەكیش بێت، لەپێناو وەستانەوە بەرووی مەترسیەكانی ئەمریكا، ئەو دوو وڵاتە بەشێوەیەك لەشێوەكان بەرژەوەندیەكانی خۆیان لەو ناوچەیە رێكدەخەن بەر لە دروستبوونی گرژی دەگرن!. ستراتیژی ئەمریكا لەكشانەوەی لە ئەفغانستان بە هەر مەبەستێك بێت، ناتوانێت ئەوە بشارێتەوە، كە ئەمریكا لەرووی هێزەوە گەڕانەوە دواوەیەكی گەورەی بەخۆیەوە بینیوەو سیستەمی تاكجەمسەری ئەمریكی ئەگەر بەكۆتاش نەهاتبێت لە قۆناغەكانی كۆتایی نزیك بۆتەوە. بۆیە ململانێیەكان لە هەردوو دیوی كەوانەی ئەفغانستان و كوردستان چڕ دەبێتەوە، كە دەكاتە ئاسیای ناوەڕاست و قەوقازو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، واتە كێشەكان لە قیزگزستانەوە، كە هاوسنوورە لەگەڵ چین وئەفغانستان درێژدەبیتەوە بۆ ئۆزبەگستان و توركمانستان ناوچەی حەوزی قەزوین و ئازەربایجان وگورجستان تا دەگاتە سەر دەریای رەش، بەمەش ئەمریكا دەیەوێت فشارەكانی لەسەر تاكە دەروازەی دەریایی روسیا لەسەر دەریای رەش لە نیمچە دورگەی كریم زیاتر بكات، هەرچی لە دیوی خوارەوەیە، واتە باشووری نیوكەوانەكە، ئەوە لە ئەفغانستانەوە درێژ دەبێتەوە بۆ ئێران و دواتر بۆ توركیا. بەم چەشنە كوردستان لە رووی جیۆپۆلەتیكیەوە دەكەوێتە چەقی ئەو ململانێیە جیهانیە، كە لەدواجاردا بەشێكی زۆر لەو ململانێیانە لەسەر خاكی كوردستان یەكلایی دەكرێتەوە!. ئەوەی ئێستا لە باشووری كوردستان دەگوزەرێت زەمینە خۆشكردنە بۆ كردنەوەی گۆڕەپانێكی نوێی شەڕ لە كوردستان، كە ئامانجی ئەو پڕۆسەیە لەلایەك پڕۆسەیەكی داگیركاری نوێ وراستەوخۆ دەبێت لەلایەن هەردوو دەوڵەتی توركیا ئێران، لەلایەكی تر دەستپێكردنەوەی گەڕێكی تر دەبێت لەشەڕیكی ناوخۆ، بەڵام ئەمجارەیان چوارچێوەی ئەو شەڕە باشووری كوردستان تێدەپەڕێنیت و رۆژئاوای كوردستانیش دەگرێتەوە!. لیدوانێكی (ئاڵدار خەلیل) بەرپرسیكی رۆژئاوای كوردستان بە توندی پاڵپشتی ئەو خویندنەوەیەمان دەكات، كاتێك گوتی ئەگەر پارتی دیموكراتی كوردستان لەپاڵ توركیا بچێتە ناو شەڕ دژی پارتی كرێكارانی كوردستان، ئەوا ئەوانیش لە رۆژئاوای كوردستان بێدەنگ نابن ودەستەوەستان نامێننەوە، بۆ هەموو كەسێكیش روونە، كە پارتی ئێستا بەتەواوی لەلایەن توركیا بە بارمتە گیراوەو ئیرادەی سیاسی خۆی لە دەستداوە، بۆیە چوون یاخود نەچوونی بۆ ناو هەر شەڕێك دژی پارتی كرێكارانی كوردستان بەهیچ شێوەیەك لە دەستی ئەودا نەماوە، بەڵام بۆئەوەی لەبەرپرسیاریەتی مێژوویی رابكات وبەتەنیا ئەو بەرپرسیاریەتیە هەڵنەگرێت، دەیەوێت وەكو نەوەدەكانی سەدەی بیستەم یەكێتی نیشتمانی كوردستان وئەگەر بۆی كرا حزبەكانی تری باشووریش پەلكێشی ئەو شەڕە بكات و لەژێر ناوی حكومەتی هەریمەوە شەرعیەت بەو شەڕە بدات!. كەواتە لەو ماوەیەی دادێت گۆڕانكاریەكان گەرمتر وخێراتر دەبێت، پێویستە كورد خۆی لەو شەڕە بپارێزێـت، چونكە كوردستان دەكەوێتە چەقی ئاژاوەیەكی یەكلایكەرەوەی هەرێمی فراوانەوە، كە رەنگ بێت لە كۆتایی مانگی هەشت وسەرەتای مانگی نۆی داهاتوو، واتە بەر لەدەستپێكردنی هەڵبژاردنەكان دۆخەكە لە بەغدا بتەقێتەوە وئەو ئاژاوەیە دەستپێبكات! كشانەوەی حزبی شیوعی و هێڵەكەی سەدر لە هەڵبژاردنەكان ئاماژەیەكی روونە بۆ ئەو پێشهاتانە، كاتێك بەغداش دەكەوێتە ئاژاوەوە، ئەو كاتە دەرفەت بۆ رێكخراوی داعش دەڕەخسێتەوە، كە ئێستا خەریكی كۆكردنەوەی خۆیەتی، سەرلەنوێ وەك یاریزانێكی سەرەكی بێتەوە سەر تەختەی شانۆی سیاسی و سەربازی ئەو ناوچەیە، ئەمەش واتای ئەوەیە سنوورەكانی باشووری باشووری كوردستان لەلایەن داعشەوە ئابڵووقە دەدرێت، بەڵام رووبەڕووبوونەوەی هەرێم لەگەڵ داعش پێدەچێت تۆزێك دوا بكەوێت تا ئەو كاتەی چارەنووسی بەغدا یەكلایی دەبێتەوە، بەڵام سنوورەكانی باكووری باشووری كوردستان، واتە لە سنوورەكانی ئیرانەوە تا دەگاتە سنوورەكانی سووریا، دەبێتە شانۆی رووداوەكان، رەنگ بێت توركیا لە قۆناغی سێیەمی ئەو هێرشەی دەستی پێكردووە، لەلایەك بە هاوبەشی پارتی دیموكراتی كوردستان پەلاماری شەنگال بدات، بۆئەوەی رۆژئاوای كوردستان ئابلووقە بدات و بە تەواوی بیخنكێنێت، لەلایەكی تر بە پاڵپشتی حكومەتی هەرێمەوە پەلاماری قەندیل بدات، هەوڵدان بۆ پاككردنەوەی دەنگە نارازیەكانی ناویەكێتی، بەشێكە لەو گەمە ستراتیژیەی ئێستا لەناوچەكە بەڕێوە دەچێت، كە دەبێت كورد زۆر وردبینانە تر سەیری ئەو رووداوانە بكات و لێیان تێبگات، لەبەرئەوەی سەرلەبەری ئەو گۆرانكاریانەی لەناوچەكە روودەدات، گۆڕانكاری پیلان ئامێزن و هەموو ئەو گؤرانكاریانەی لەسەر ئاستی هەرێمی وجیهانیدا روودەدات هەرگیز لەبەرژەوەندی كورد دا نیە، بۆیە دەبێت كورد تا بۆی دەكرێت هەوڵی مانەوەی خۆی بدات.


كارزان سه‌باح هه‌ورامی پارتی دیموكراتی كوردستان، هێشتا سه‌یری بارودۆخه‌كه‌ ده‌كات، هیچ بریاری له‌باره‌ی پرسه‌كانه‌وه‌ نه‌داوه‌، به‌نمونه‌ گۆرانكاریه‌كانی ناو یه‌كێتی و تێكچونی دۆخی عێراق، ره‌نگبێت پارتی به‌هه‌ستیاری مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌ بكات و نه‌یه‌وێت خۆی له‌ناو گرفته‌كان یه‌كلا بكاته‌وه‌، به‌ڵام ئاسته‌نگی گه‌وره‌ی له‌به‌رده‌مه‌ به‌تایبه‌ت له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كه‌ بریاره‌ 10ی 10 ئه‌نجام بدرێت، پارتی له‌ سنووری كه‌ركووك كاندید و كادیرو ئه‌ندامانی له‌ژێر هه‌ره‌شه‌ی دۆخی ئه‌منی ئه‌و شاره‌دان، له‌ شه‌نگال به‌هۆی هه‌بوونی حه‌شد و په‌كه‌كه‌وه‌ و ئاواره‌بوونی سه‌دان هه‌زار كه‌س له‌ كه‌مپه‌كان دۆخه‌ له‌وێش باشی ناڵێت، له‌م لاوه‌ له‌ موسڵ و دیاله‌ و خانه‌قین و ناوچه‌كانی دیكه‌وه‌ به‌هۆی هه‌بوونی حه‌شده‌وه‌ هیچ كات پێشبینی بۆ هه‌ڵبژاردن به‌ باشی ناكرێت، ئه‌مه‌ جیاله‌وه‌ی دۆخی سلێمانی دیار نییه‌ دوای گۆرانكاریه‌كانی ناو یه‌كێتی به‌ره‌و كوێوه‌ ده‌روات،تادێت هه‌ژوونی حه‌شد به‌سه‌ر حكوومه‌تی عێراق زیاتر ده‌بێت، له‌و رۆژه‌وه‌ كه‌ حه‌شد په‌لاماری كۆشكی سه‌رۆك وه‌زیرانیان دا و نمایشی سه‌ربازیان له‌ ناوچه‌ی سه‌وزكرد ترسێكی زۆر له‌ناو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و نێرده‌ دیبلۆماسیه‌كان دروست بووه‌ كه‌ هیچ گه‌ره‌نتیه‌ك نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق به‌ دروستی به‌رێوه‌ بچێت، به‌ كورتی هه‌ڵبژاردن بۆ دیاریكردنی چاره‌نووسی گه‌لێكه‌، به‌ڵام له‌ عێراق هه‌ڵبژاردن بكرێت و نه‌كرێت هیچ له‌ هاوكێشه‌كه‌ ناگۆرێت، چونكه‌ ده‌سه‌ڵاتی حه‌شد گه‌وره‌تره‌ له‌ كۆی دامه‌زراوه‌كانی عێراق به‌په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌، كۆی ئه‌م بابه‌تانه‌ ده‌مان خاته‌ به‌رده‌م پرسیاری گرنگه‌وه‌، كورد چۆن به‌شداری له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ ده‌كات؟، هاوشێوه‌ی پێشوو به‌ 50 بۆ 60 كورسییه‌وه‌ به‌بێ ده‌سه‌ڵات له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌مێنێته‌وه‌ ؟ یان تاكتیكی نوێی ده‌بێت بۆ ئیداره‌دانی عێراق له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی دیكه‌ی عێراقدا، باشترین بژارده‌ ئه‌وه‌بوو كه‌ پارتی له‌گه‌ڵ لیستی سه‌در له‌دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق هاوپه‌یمانی بكردبایه‌ بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت، كه‌ به‌ ئاسانی ده‌یان توانی كۆی پرسه‌ هه‌ڵواسراوه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن، چونكه‌ هه‌ردوو هێز له‌ ئاستی مه‌رجه‌عی سیاسی و پابه‌ند بوونی جه‌ماوه‌ریه‌وه‌ وه‌ك یه‌كن، موقته‌دا سه‌در، له‌ بریارێكی چاوه‌روان نه‌كراودا له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان كشایه‌وه‌، به‌ڵام له‌ كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق رێكاره‌كانی نه‌گرتوه‌ته‌به‌ر، واته‌ ته‌نیا بریاری سیاسییه‌، دوای ئه‌و حزبی شیووعی عێراقیش كشایه‌وه‌، ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ مه‌یدانه‌كه‌ به‌به‌هێزی كاری خۆی ده‌كات پارتی دیموكراتی كوردستانه‌، به‌بۆچونی من (ئه‌گه‌ر دۆخه‌كه‌ له‌وه‌ی ئێستا خراپتر بێت)كشانه‌وه‌ی پارتی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ره‌نگه‌ ببێته‌ ئه‌گه‌رێكی كراوه‌یه‌، چونكه‌ به‌پێی هه‌موو پێوه‌ره‌كان نه‌ ئاماده‌كاری كراوه‌ بۆ ئاسایی كردنه‌وه‌ی دۆخی ناوچه‌كه‌ نه‌ گه‌ره‌نتیش هه‌یه‌ هه‌ڵبژاردنی پاك و بێ گه‌رد به‌رێوه‌ بچێت. باوای دابنێین پارتی له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌كشێته‌وه‌، دۆخی عێراق چی لێدێت؟ له‌ هه‌رێمی كوردستان چۆن ده‌بێت؟ چونكه‌ دوای كشانه‌وه‌ی سه‌در ساردوسریه‌كی زۆر ده‌بینرێت به‌ پرۆسه‌كه‌وه‌، بێ گومان به‌كشانه‌وه‌ی پارتیش پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ عێراق ته‌واو ئیفلیج ده‌بێت، ئه‌گه‌ر كۆمسیۆن نه‌یتوانیبێت ئاماده‌كاری بكات بۆ پاكردنه‌وه‌ی لیستی ده‌نگدان و نه‌توانێت له‌ ناوچه‌ دابرێنراوه‌كان پرۆسه‌كه‌ به‌باشی به‌رێوه‌ بچێت و هه‌ره‌شه‌ی میلیشیاكان به‌سه‌ر حكوومه‌تی عێراق هه‌بێت، به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ دووباره‌ كردنه‌وه‌ی كه‌مو كورتیه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی 2018ی عێراقه‌. كه‌وایه‌ نه‌كردنی باشتره‌، و به‌شداری پارتی به‌كۆی ئه‌و كه‌موكورتیانه‌وه‌ كه‌ كۆمسیۆن و حكوومه‌تی عێراق هه‌یانه‌ باش نابێت، به‌تایبه‌ت بریار بوو كه‌ رێككه‌وتنی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق بكرێت بۆ ئیداره‌دانی كه‌ركووك و ناوچه‌كانی دیكه‌، رێككه‌وتن هه‌بوو بۆ شه‌نگال نه‌چوه‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌ ئه‌مانه‌ گرفتی گه‌وره‌ن ده‌رئه‌نجام هه‌رێمی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌من له‌و پرۆسه‌یه‌، یان باشتره‌ بریار بدرێت كه‌ ده‌نگدان له‌و ناوچانه‌ به‌رێوه‌ نه‌چێت، چونكه‌ ناكرێت به‌شێكی زۆری ده‌نگده‌ری كورد له‌و ناوچانه‌ نه‌توانن ده‌نگ بده‌ن، به‌شێكی زۆریان له‌دوای 16ی ئۆكۆتبه‌ر روویان له‌ هه‌ولێرو به‌شێكیان روویان له‌ سلێمانی كردووه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی كۆمسیۆن گرفته‌كانی چاره‌سه‌ر كردبن، ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ كورد به‌سه‌رجه‌م هێزه‌كانیه‌وه‌ ئاسته‌مه‌  له‌ كه‌ركووك 6 كورسی به‌ده‌ست بهێنێت، له‌كاتێكدا عه‌ره‌ب و توركمان له‌و شاره‌ كێبركێ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌كه‌ن 6 كورسیه‌كه‌یان زیاتر بكه‌ن بۆ 7 و 8. كه‌وایه‌ گرنگی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ بۆ كورد چی ده‌بێت؟ ئه‌وه‌ی گرنگه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان بریار بدات به‌ مانه‌وه‌ی عێراق به‌م دۆخه‌وه‌ به‌شداری هه‌ڵبژاردن نه‌كات، ئه‌و كاته‌ به‌بێ هیچ دوو دڵ یه‌ك سه‌رجه‌م هێزه‌كانی دیكه‌ش پاشه‌كشه‌ ده‌كه‌ن له‌ پرۆسه‌كه‌، حه‌قو حساب ئه‌و كاته‌ ده‌ست پێ ده‌كات، یان ده‌بێت حكوومه‌تی عێراق ناچار بكرێت به‌كۆی ئه‌و رێككه‌وتنانه‌دا بچێته‌وه‌ كه‌ كردوویه‌تی له‌گه‌ڵ كوردستان، یان ده‌بێت گه‌ره‌نتی نێوده‌وڵه‌تی بدرێت له‌وه‌ی ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن له‌ عێراق یاری پێوه‌ ناكرێت، به‌تایبه‌ت كورسییه‌كانی حه‌شد له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كه‌ ئێستا (ته‌حه‌كم به‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانه‌وه‌ ده‌كه‌ن). دۆخی عێراق تادێت ئاڵۆزتر ده‌بێت ئه‌گه‌ر شه‌ری شیعه‌ و شیعه‌ و ئه‌گه‌ری خۆپیشاندانی سه‌رتاسه‌ری و كوده‌تای سه‌ربازیهه‌موویان پێشبینی كراون، ئه‌م جاره‌ دۆخه‌كه‌ له‌ عێراق له‌كۆنترۆڵ ده‌ربچێت به‌هیچ هێزێك ئاسایی ناكرێته‌وه‌، چونكه‌ نه‌ زه‌مینه‌ی سیاسی له‌باره‌ بۆ چاكردنه‌وه‌ی نه‌ زه‌مینه‌ی ئه‌منی و دیاریش نییه‌ له‌ ده‌رئه‌نجامی گفتووگۆكانی واشنتۆن و به‌غدا چی رووده‌دات ئایا ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق ده‌كشێته‌وه‌؟ ئه‌گه‌ر كشایه‌وه‌ چی؟ گروپه‌ چه‌كداره‌كان به‌مه‌وه‌ده‌وه‌ستن یان پرۆژه‌ی دیكه‌یان ده‌بێت سه‌رجه‌م ئه‌مانه‌ ئه‌گه‌ری كراون و كورد ده‌بێت خۆی بۆ عێراقی نوێ ئاماده‌ بكات كه‌ بزانرێت دۆخه‌كه‌ به‌چ ئاراسته‌یه‌كدا هه‌نگاو ده‌نێت.


د. سەردار عەزیز  زیاتر لە دەیەیەک لەمەوپێش ڕوداوێکی سیاسی گرنگ لە مێژوی سیاسی کورددا ڕویدا. هاتنە ئارای هێزێکی نوێ، جیاواز لە هەموو هێزەکانی تری پێشوو لە مێژوی کورددا. گۆڕان لە چەندین ئاستدا جیاوازبوو لە هێزەکانی تری کوردی لە مێژودا. یەکەم، هێزێکی کوردی بوو، بەو مانایە لەناو ژینگەی کۆمەڵگای کوردییەوە سەرچاوەی گرتبو بۆ گۆڕانکاریی و چارەسەری پرسی کورد بوو. ئەم فۆکەسە لە سەر کوردبونی ئەم هێزە، جودای دەکاتەوە لە هێزەکانی تر کە لە ڕێگای ئایدەلۆژی و باوەڕ و جیوپۆلەتیکیەوە پەیوەندییان بە دەرەوەی کوردستان هەیە. ئەم پەیوەندییە هەمیشە لە قاڵبی داون و ئاراستەیان دەکات، بە جۆرێک لە بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵگای کوردییان دادەبڕێت. دووەم، گۆڕان خوازیاری ئەوەبوو کە کۆتایی بە نەریتێکی سیاسی کوردی بهێنێت کە چەک و هێزی دەرەکی و یەکتر سڕینەوە و شەڕی ناوخۆ دارێژەری بنەماکانی بوون، نەک خەڵک و داخوازیی و خزمەتگوزاریی و بونی جیاوازی و دەستاودەست و ئایدیا. سێیەم، لە هەناوی هێزە کوردییە تەقلیدییەکاندا حوکمداری یانی دەستگرتن بە سەر سەرتاپا جومگەکانی ئابوری و دارایی و دیپلۆماسی، گۆڕان ئامانجی ئەوەبوو ئەم بوارانە ئازاد بکرێن و لە قۆرغکاری ڕزگاربکرێن و بوارێکی وەک دیپلۆماسی بکرێت بە بواری حکومەت نەک دەستەبژێری حیزب. چوارهەم، گۆڕان بڕوای بە بونیادنانی دەوڵەت هەبوو، دەوڵەت نەک، تەنها، بە مانای ڕاگەیاندنی دەوڵەت؛ حوکمداریی دەوڵەتیی: دروستکردنی سوپایەک بۆ پاراستنی کوردستان، نەک هێزی چەکداری سەر بە کەسە سیاسییەکان. دوورخستنەوەی چەک لە سیاسەت، تەنها پرسێکی سەربازی نیە، بەڵکو لە ئەمرۆی کوردستاندا پرسێکی ئابوری و حوکمڕانی و پەرتەوازەییە. لە هەمانکاتدا هەمیشە حوکمی چەک بە ناشەرعی دەمێنێتەوە. جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و پێدانی دەسەڵاتی تەواو پێیان. هەبونی چاودێر بە سەر حکومەتەوە. بە دیموکراسی کردنی پۆستی حکومی و ئیداریی.  پێنجەم، لە سەردەمی پەنجا بە پەنجاوە، ڕۆڵی خەڵک لە سیاسەتی کوردیدا نەما،  دەسەڵات خۆی وەک نوێنەری خەڵک نابینێت. ئەم بێئاگاییە لە نوێنەرایەتی وەک کۆڵەکەی دیموکراسی وەهای کردوە کە حوکمداری خەڵک بەبێ ڕەزامەندی خەڵک بەڕێوە بچێت. گۆڕان ویستی ئەم پرسە کۆتایی پێبهێنێت.  بەڵام لە سەروی هەموو ئەمانەوە گۆڕان بەرهەمێنی ئایدیای نوێ بوو بۆ حکومداریی و هەروەها سودی دەبینی لە ئەو ئایدیانەی کە لە ناو کایەی ڕۆشنبیری کۆمەڵگادا بەرهەم دەهات.  دیارە بێگومان ئەمانە ئایدیالن. هێنانە ئارایان کارێکی خێرا و ئاسان نابێت. بەڵام لە واقیعیدا گۆڕان کوردستانی پاراست لە ئەو دۆخەی کە بەهاری عەرەبی لە زۆر وڵاتی ناوچەکە دروستی کرد. خەڵکی کردە یەکەیەکی سەرەکی لە سیاسەتی کوردستاندا. بەها و ڕەونەقی هێزە تەقلیدییەکانی کۆتایی پێهێنا.  ئەمەشە هۆکاری ئەوەی کە هێزێکی وەها دەبێت نەیاری و دوژمن و ڕکەبەری زۆربێت و هەوڵبدرێت لە ناوەوە و دەرەوە فشاری بخرێتە سەر، هاوشێوە بکرێت، بەها سیمبولییەکان و ئایدیالەکانی لێوەربگیرێتەوە. هەوڵی دوبارەکردنەوەی بدرێت. لە هەمانکاتدا بۆ ئاوڕدانەوە و هەڵسەنگاندی بزوتنەوەی گۆڕان دەبێت جیاکاری بکەین لە نێوان، گۆڕان وەک دید و ئایدیا، گۆڕان وەک جەماوەر، هەروەها گۆڕان وەک نوخبەیەکی سیاسی. کاتێک ١٢ ساڵ لە مەوپێش گۆڕان وەک بزوتنەوەیەک و وەک دیدێک بۆ داهاتوو هاتە ئاراوە، توانی لە گەڵ زۆرینەی خەڵکی کوردستاندا بدوێت. بەڵام ئەم دروستکردنی زمانی نوێی سیاسی مەرج نیە لە لایەن ئەو زۆرینەوە بە یەک شێوە پێشوازی لێبکرێت.  لە کاتێکدا خواستی هەنوکەیی و ڕۆژانەی خەڵک هەیە، بەڵام لە هەمانکاتدا پرۆسە و دۆخێکی مێژوی یان کۆمەڵایەتی و سیاسی هەیە کە دەبێت بگۆڕێت. پێکەوەگرێدانی ئەم دوانە، هونەری سیاسەتکردنە. دۆخی هەنوکەیی خەڵک لە دواکارییەکانی وەک دادپەروەری، شەفافیەت، حکومەتێکی نزیک لە خەڵک بوون. بەڵام فەراهەمکردنی ئەمانە تەنها لەوەدا نەبوو کە ئەم داواکارییانە جبەجێبکرێت، بەڵکو پێویستی بە گۆڕانی ڕیشەیی پرۆسەی حوکمڕانی هەبوو لە کوردستان. ئەمە بنەمای ئەو بەریەککەوتنەبوو لە گەڵ دژە گۆرانەکاندا دروست بوو. وەک چۆن شۆرش هەمیشە دژە شۆرشی خۆی بەرهەم دەهێنێت، فشار بۆ گۆڕانکارییش دژە گۆڕانکاریش بەرهەم دەهێنت. ئەوەی سیاسەتی کوردی پێویستی پێیەتی دابرانە لە ئەو بنەمایانەی کە ڕێگرن لەوەی کە حوکمداریی بە شێوەیەکی سەردەمیانە بکرێت. گۆڕان فشاری دەکرد بۆ بەرجەستەکردنی ئەم خواستە. ئێستا گۆڕان چەند ئەزمونێکی هەیە، دەتوانێت سودیا لێوەربگرێت بۆ پلانی داهاتوی خۆی. گۆڕان هەمیشە دەبێت خۆی وەها ببینێت کە چۆن جودابێت لە ئەوانی تر. نەبێت بە هێزێک بۆ ئەجیندای شەخسی هیچ کەسێك، ململانێی ناوەکی وەها ڕێکبخات کە بەهێزی بکات نەک پەرتی بکات. بۆ ئەنجامدانی ئەمانە گۆڕان پێویستی بە ئەوە هەیە کە ڕەخنەییانە ئاور لە خۆی بداتەوە، ئەو بوارانە دەستنیشان بکات کە وەهای لێکردوە لە هێزەکانی تر بچێت.  جاران نەوشیروان مستەفا بە هۆی کەسایەتییەوە دەیتوانی ئایدیاکان وەربگرێت و تەرجەمەیان بکات بۆ سیاسەت. پاش ئەو ئەم بوارە پەکی کەوت. قەیرانی کاریزما ئەوەیە کە دوبارە نابێتەوە.


ئاری محەمەد هەرسین بوونی هێزەکانی ئەمەریکا لە هەر کوێیەکی دونیا لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندی نیشتیمانی خۆیانە. هێزی ئەمەریکیش تەنیا لە ژمارەیەک سەرباز و فڕۆکەو و هەلیکۆپتەری جەنگی و لۆجستی پێک نەهاتوە. کۆمپانیا بازرگانیەکان و بە تایبەتی کۆمپانیاکانی نەوت بەشێکی گرنگن لەو هێزە. بۆیە بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، کۆتایی بە چالاکیەکانی ئەو کۆمپانیایانەش دێت و دەکشێنەوە. بەداخەوە لە ڕابوردودا زۆر جار ئیدارەی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا و زلهێزانی دیکە پەیڕەویان لە سیاسەتی (نیشتیمانی خۆم ئەمن و ئەمان بێت و بازاڕ باش لە گەڕدابێت، ئیتر برسێتی و شەڕو شۆڕ و پێشێلکردنی مافی میللەتان کێشەی من نیە) کردوە. ئەم جۆرە سیاسەتە زۆر جار لایەنە لاوازەکانی خۆی نیشان داوە و هەندێک جاریش وەک بۆمبێکی چێنراو، بەدەم و چاوی خۆیاندا تەقیوەتەوە. ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکانی بزوتنەوەی ڕزگاری خوازی فەلەستین لە دەیەکانی حەفتا و هەشتا لە ئەوروپاو، هێرشەکەی ١١ سێپتەمبەر دوو نموونەی بەرەنجامی ئەم سیاسەتەن. بەواتایەکیتر بە هەزاران کیلۆمەتر دوور لە نیویۆرک، لە گوندێکی ئەفغانستان نەخشەی لێدانی دوو تاوەرە بازرگانیەکە دادەڕێژرێت. وەک چۆن لەماڵێکدا و لەگەڕەکێکی غەززە یان بەیروت بەرنامەی کوشتن، ڕفاندن یان تەقینەوەکان لە ئەوروپا دادەڕێژران. بە تێڕوانینێکی سەرپێیی ئاشکرایە کە عاقیبەتی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە چاوتروکاندنێکا لە ئەفغانستان چۆن بوو. ئەم کشانەوەیە دەبێتە هۆی شەڕێکی ئەهلی و تائیفی لە ئەفعانستان کە تەنانەت هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکەشی بە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ تێوە دەگلێن. ژێرخانی ئابوری ئەفعانستان دادەڕمێت، کە ئەوەش دەبێتە هۆی بڵاوبونەوەی هەژاری و تێکچونی شیرازەی کۆمەڵایەتی و کۆچی بەکۆمەڵ بەرەو وڵاتانی دراوسێ و ئەوروپا. بە کورتی جیهان شاهێدی پوکانەوەی ئەفعانستان دەبێت. نەبوونی مەرجەعیەتێکی (سیاسی یان مەزهەبی) شیعەکانی عێراقی پەرتەوازە کردوە. گروپە سوننەکان بەهەمان شێوە هەر یەکە و لە ئاوازێک دەخوێنن و، ئەمەش وایکردوە متمانە بە یەکتر لە نێوان عەرەبی عێراقدا نەماوە. دام و دازگاکانی دەوڵەتی عێراق هەتا بیناقاقایان بە گەندەڵیدا ڕۆچوون.  ژێرخانی ئابوری ناوچەی عەرەب نشین داڕماوە. پێگەی عێراق لە پەیوەندە نێودەوڵەتیەکاندا لە سفر نزیک بۆتەوە. بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، نەک وڵاتەکە بارودۆخی لە ئەفعانستان باشتر نابێت، بەڵکو وێرانتر دەبێت. ئەو تێکهەڵقژانە تائیفی و مەزهەبیەی ئێستا هەیە فراوانتر و قوڵتر دەبێتەوە. وڵاتانی ناوچەکە و دەرو دراوسێ ئەگەر بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانیشیان بێت بێدەنگ و بێلایەن نابن. هەرچی هەڵبژاردن و حوکمی مەدەنیە هیچ بەهایەکی لە عێراقدا نامێنێت. تەنانەت ئینقیلابێکی عەسکەریش فریای عێراق ناکەوێت، چونکە ئینقیلابی لەو جۆرە پشت بە سوپایەکی ڕێکخستوو دەبەستێت، کە لە ئێستادا عێراق خاوەنی سوپایەکی مەبدەئی و ڕێکخستوو نیە.  بۆ ئێمە لە هەرێمی کوردستان لەوانەیە چیرۆکەکە تۆزێک جیاواز بێت. فراوانی پانتای جموجۆڵی دیپلۆماسی هەرێمی کوردستان جوڵە دیپلۆماسیەکانی سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران لایەنی بەهێزی ئێمەن و، سەلمێنەری ئەو ڕاستیەن کە ئێمە لەو موئامەرانەی لە ڕابوردو لێمان کراوە شت فێر بووین. ئێمە چیدی یەک تاکە قولاپ ناهاوژینە ناو گۆمەکە، پشتمان بەیەک دەرگا قایم نیە و، پەیوەندیەکانمان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەشی دوو لایەنەو چەند لایەنەیە. بەڵام سەرەڕای ئەمانەش، گەورەترین مەترسی لەسەرئێمە ئەوەیە کە نەکەوینە خۆمان و یەکڕیزی و کۆدەنگیەکی مەبدەئی مسۆگەر نەکەین. ئەوکات ئێمەش دەبینە بەشێک لەو تێکهەڵقژانە خوێناویەی کە دەربازبوون لێی ئەستەم دەبێت. بۆیە لە ئێستادا لە هەموو شت گرنگتر ئەوەیە کە ئێمەی لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان کۆ ببینەوە و لەگەڵ یەک و پێکەوە، خۆمان بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادە بکەین. چونکە مەبدەئی عێراقکی سەقامگیر ویەکگرتوو دوورە لە هەموو مەنتیقکی عەقڵانی و سیاسیەوە و لە وەهم زیادتر هیچیتر نیە.


د. شێركۆ جەبار رووداوو لێكەوتەكانی 8ی تەمموز، چ بۆ ئێمەی كادرو ئەندامانی یەكێتی، چ بۆ چاودێرانی سیاسی لە دەرەوەی یەكێتیدا، هیچ پاساو بیانویەكی لۆجیكی نەهێشتۆتەوە بۆ پەردەپۆشكردن و تەبرییەكردنی هەڵەو كەموكوڕییەكانی نوخبەی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە ئیدارەدانی كاروباری ناوخۆیی حزبیدا لە پاش بەستنی چوارەمین كۆنگرەی خۆیدا لە 21/11/2019. ئاراستەی گۆڕانكارییەكان بە چ بارێكدا بێت، لەگەڵ لێكەوتە ئەرینی و نەرێنییەكانی ئەم رووداوە، ناكرێ ئەوە لە بەرچاو نەگرین كە رۆڵی یەكێتی نیشتمانی كوردستان وەك هێزێكی سیاسی خاوەن هەژموون لە پانتاییەكی فراوانی كوردستانی باشوورو پارچەكانی دیكەی كوردستاندا، پێداویستیەكی خوازراوە لە خوڵقاندنی هاوسەنگی سیاسی چ لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و چ لەسەر ئاستی عێراقی فیدراڵ و هەرێمایەتیدا، ئەمە سەرباری رۆڵی یەكێتی لە پێكهاتەی پەیكەری ئیداری لە دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا. بۆیە بەهەر پاساوو كلۆجێك بێت، قسەنەكردن و نەخوێندنەوەو بێدەنگبوون لە پرسی رێكخراوەیی و ژیانی سیاسی ناوخۆیی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بەتایبەتی بۆ ئەندامان و كادرانی هزرو قەڵەمی یەكێتی جگە لە بێدەربەستی و بێ هەڵوێستی و بەتەنگەوە نەهاتن بۆ پرس و قەیرانە ناوخۆییەكان، هیچ ماناو واتایەكی دیكە هەڵناگرێ. عەرەب ووتەنی ئەڵێ (أهل مكە أدری بشعابها). توانای بیركردنەوەو ئیرادەی ئازادو دونیابینی كادری حزبی ئەو كات ئیفلیج دەبێت، كە توانستەكانی ئۆرگانەكانی حزب نادادپەروەرانەو ناهاوتا لە كارامەیی ئەندامانی دابەشدەكرێن، ئەوجا درۆكردن و نیفاق و موبالەغەكردن و ترس، سەرتاپای ئەخلاقیات و نەریتی دروستی ژیانی حزبی دادەپۆشێ. كەواتە بوونی منی كادر جگە لە مشەخۆرێك و هەلپەرستێت چ واتایەك هەڵدەگرێ لە ئان و ساتێكدا كە حزبەكەم لە ئەوەجی قەیراندا بێت منیش دەستەوەستان وەك تەماشاكارێك لە رووداوەكان ڕامێنم؟!. نوخبەی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەبێت باش ئەو پەندە سیاسیە ئەزبەر بكات كە لە پاش و پێش كۆنگرەی چوارەمدا دركیان پێنەكردوە، یان دركیان پێكردوەو غافڵگیربوون لە ئاستیدا، ئەوەش غیابی دەسەڵاتی دەستەجەمعی و راوێژكاریی لەسەر ئاستی ئیدارەدانی كاروبارەكانی ناوخۆی ژیانی حزبیدا، دیاردەی نیفاق و تەمەلوقكردن بۆ سەركردەی یەكەم و خاوەن هێزو پارە خوڵقاند، لێكەوتە نەنگی و نەرێنیەكانی ئەم دیاردەیەش لە كات و ساتی ئەدای سیاسی حزبیدا بەدەردەكەوتن. یەكێكێك لەو هۆكارانەی كە یارمەتیدەری هەڵایسانی قەیرانن لە ژیانی حزبی یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا وەك حزبێكی سوشیال دیموكرات، غیابی مومارەسەی دیموكراتی و هەڵبژاردنە لە ئۆرگانەكانی حزبیدا لەكات و ساتی خۆیدا كە لە پەیڕەوەی ناوخۆدا جێگیركراوە، هەر سیستمێكی بەركاری سیاسی لە هەر حزبێكدا بێت، گەر باوەڕی بە مومارەسەی دیموكراتی و راوێژكاریی نەبێت لە دروستكردنی بڕیاردا، واتای دووركەوتنەوەیە لە فرەیی و فەرامۆشكردن و پەراوێزخستنی بیروڕای جیاوازدا، لەم هاوكێشەیەدا، ئەندامانی حزب ناچاردەكرێن پەنا بۆ ریاییكردن و خۆبردنەپێشەوە بۆ سەركردەی یەكەم و خاوەن هەژموون بەرن، دەرەنجام هەیكەلی حزبی ئەتەنرێت بە ئەندامانی ریاییكەرو نزیك لە سەركردەی یەكەم، ئەوان دەبن بەجێی باوەڕو متمانەی سەركردە، لەبەرامبەردا دەنگ و رەنگە جیاوازەكان كە رەخنەگەرو خاوەن ئەزموون و مەعریفەی سیاسی و حزبین پەراوێزو لە كەنارگیر دەخرێن. ئەندامی بوێرو ئازادو خاوەن ئیرادە ئەو كەسەیە كە هەمیشە تەوقی بێدەنگی و دۆخی بەستەڵۆك و چەقبەستوو بشكێنێ، ئەندامی ئازاو ئازاد لە حزبدا خووڕەوشتی لەگەڵ رامكردنی كوێرانەو گوێڕایەڵێتی رەهایانەدا ناگونجێ، بۆیە هەمیشە لە رێكخراوی سیاسی سەنتراڵیزمیدا، ئەندامانی خاوەن ئیرادەو رەخنەگری بونیادنەر ناتوانن جێگەی متمانەو دڵنیایی سەركردەكان بن، بگرە هەمیشە هەوڵ ئەدرێت ئەم جۆرە ئەندامانە لە وێستگە چالاك و كاراكانی ئۆرگانەكانی حزب دوور بخرێنەوە. لێكەوتەكانی وونبون و غیابی مەبدەئی راوێژكاری و ئازادی گفتوگۆكردن و بەشداریكردن لە وەرگرتنی بڕیار لە ژیانی حزبی یەكێتیدا، لە هەمانكاتدا مەترسی بوون بۆ سەر یەكێتی لە دەرەوەی پەیكەرو رێكخستنی حزبایەتیدا، یەكێتی بە ئەزموون لەگەڵ ئەم حاڵەتە نەخوازراوانەدا ژیانی كردوە بەتایبەتی لەدوای جیابوونەوەی جێگری سكرتێری گشتی لە ساڵی 2009دا، ئەم لێكەوتانەش بریتی بوون لە: دووركەوتنەوەی جەماوەر لە یەكێتی، ساردبوونەوەو ناكارایی ئەندامانی یەكێتی لە چالاكیە جۆراوجۆرەكاندا، لە دەستدانی دەنگدەر لە كاتی هەڵبژاردنەكاندا، خولقاندنی كەشوهەوای بێمتمانەیی جەماوەریی، لە دەستدانی كارتێكردن و كاریگەری لەسەر كۆمەڵگە بەهۆی وونبونی لێكبەستی متمانە لە نێوان حزب و جەماوەردا. ئەوەی ئەمڕۆ خوازراوە لە نوخبەی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، درككردن و دانپێنانە بەهەڵەكان، پاشان بە ئاگایی و ووریایەوە مامەڵە لەگەڵ هەڵەكان بكات، پێویستە تێڕوانینی جەماوەر لەمەڕ فەشەلبوونی سیاسی لەخۆی دووربخاتەوە. تەنها چارەسەری دەستبەجێ و دەمودەست بۆ گەڕانەوەی متمانەی جەماوەریی لەم كاتەدا، پراكتیزەكردنی چەند رێكارو رێوشوێنێكی دەسبەجێیە وەك: لێپرسینەوە لە گەندەڵكاران لە كاتێكی پێوانەییدا، پابەندبوون بە كارڕاییە یاساییەكان لە حەسمكردنی ئەو كردەوە یاساغانەی كە نوخبەیەك لە سایەو سێبەری یەكێتی ئەنجامیداون، ئاشكراكردنی ئەو سێكتەرانەی كە گەندەڵی تێدا كراون، گۆڕانكاری لە تەواوی پلە تایبەتەكانی پۆستی حكومی و ئیداریدا، رێكخستنەوەی هێزەكان لە ژێر فەرماندەیی فەرماندە سەربازییە ئەكادیمیەكاندا.       


مەریوان وریا قانع گەڕانەوە بۆ خاڵی سەرەتا: دەسەڵات و لێپرسینەوە دەسەڵات، ھەموو دەسەڵاتێک، بە دەسەڵاتی دایک و باوکیشەوە لەناو خێزاندا، بەردەوام  پێویستیی بە چاودێریکردن و لێپرسینەوە و بەرپرسیارکردن ھەیە. دەسەڵات بەبێ چاودێریکردن و بەرپرسیارکردن و لێپرسینەوە دەسەڵاتێکی ترسناکە، دەشێت تاوانی گەورە و ھەمەجۆر ئەنجامبدات، لە تاوانی ڕۆژانەیی و سادەوە تا بە کوشتنی دەستەجەمعی دەگات. لە پەیوەندیدا بە حوکمڕانیی و دەوڵەتدارییەوە ئەم لۆژیکی لێپرسینەوە و چاودێریکردنە لە پێداویستییە ھەرە سەرەتایی و بنەڕەتییەکانە. تەنھا لێپرسینەوە و بەرپرسیاررکردن و سزادانی یاسایی و دەزگایی دەتوانێت ڕێگە لە خراپەکاریی ڕەھای دەسەڵاتداران بگرێت.  دەسەڵاتدار بەبەردەوامی پرۆژەی دروستبوونی بوونەوەرێکی ترسناکە کە دەتوانێت خراپەکارێکی گەورە و کەموێنەی لێدەربچێت، کەسێک بدزێت و ببڕێت و بکوژێت. ئەوەی دەتوانێت ڕایبگرێت و سنوورێک بۆ تاوانکارییەکانی دابنێت، توانا و کردەی لێپرسینەوە و بەرپرسیارکردنە، تا بە سزادان و گرتن و لابردن دەگات. ھەموو ئەمانەش ھەم پێویستیان بە یاسا ھەیە، ھەم بە توانای پیادەکردنی ئەو یاسایانە، ھەم  بە چەندان دەزگای تایبەت  کە توانای ئەو چاودێریکردن و لێپرسینەوەیان ھەبێت. وەکچۆن پێویستیان بە توانایەکی یاسایی بەھێزی سزادان ھەیە، لە لابردن و گۆڕینی دەسەڵاتدارانەوە بۆ زیندانیکردن.  دەسەڵاتداران بە دەستەواژەی ”ئینسانی باش“ و ”بەڕەوشت“ و ”خاوەن وژیدان“ ناناسرێتەوە، بەوەش نا ئایا دیوانە شیعریەکەی مەولانەیان لەبەرە، کتێبەکانی ھیگڵ و سارتەریان خوێندۆتەوە، یان تۆماس مان و گابرێل گارسیا مارکیز دەناسن. دەسەڵات خۆشی بە دەستەواژە ئەخلاقییەکان پێناسەناکرێت. ئەوەی پێویستە شوێنی ئەم زمانە ئەخلاقییە بگرێتەوە گەشەدانە بە زمانی دروستکردنی  توانا و میکانیزمە تایبەتەکانی لێپرسینەوە و چاودێریکردن، زمانی بەرپەرسیاربکردن و سزادان بەرامبەر بەو بڕیارانەی ئەدرێن و بەو کردەوانەی پیادە دەکرێن. ئەوەی دەسەڵاتدار دیندارە یان بێدین، خوێندەوارە یان نەخوێندەوار، قوتابخانەی فرانکفۆرت دەناسێت یان نا، شەقاوەیە یان نەرم و نیان، بەڕەوشتە یان بەدڕەوشت، لەوە ڕزگاریناکات ببێت بە بوونەوەرێکی تەواو ترسناک و وێرانکەر، کوشتنی مرۆڤ و کوشتنی مێشولەیەکی لا وەک یەکبێت. ئەوەی ڕۆحی شەڕانگێز و تەماحە گەورەکانی ناو دەسەڵات کۆنترۆڵ و چاودێردەکات، دین و شیعر و ئەدەبیات و فیکر و ئەخلاق نییە، بەڵکو بوونی میکانیزمی کۆنکریتی لێپرسینەوە و بەرپرسیارکردن و سزادانە.  بەحکومی ئەوەش کە دەسەڵات بە بەردەوامی ھێزی ڕێکخستن و داڕشتن و دروستکردن و تێکدانی لە کۆمەڵگادا ھەیە، بۆیە زەرورەتی گەمارۆدانی بە میکانیزمەکانی لێپرسینەوە و بەرپرسیارکردن، وانەی یەکەمی قسەکردنە لەسەر دەسەڵات.  ئەوەی لە ئەزموونی سی ساڵەی حوکمڕانیکردنی ھەرێمدا غائیبە ئەم توانای چاودێریکردن و لێپرسینەوە و سزادانەیە لە دەسەڵاتداران، تەنانەت لە سادەترین شێوەشدا. ئەوەی غائیبە ئەو زمانە سادەیەی لێپرسینەوە و سزادانە لە قسەکردندا لەسەر دەسەڵات و دەسەڵاتداران. لە ئێستاشدا ئەوەی دەیبینین درێژەپێدان و بە کەماڵ گەیشتنی پرۆسەی بە خێزانی و بنەماڵەییکردنی دەسەڵاتە لە غیابی تەواوەتی ھەر توانایەکی لێپرسینەوە و بەرپرسیارکردن و سزاداندا. لەمەش ترسناکتر ھێنانەپێشەوەی قسەوباسێکی بێبنەما و پڕمەترسییە لەسەر ”دروستکردنی مەرجەع“ بۆ دەسەڵات.  ”مەرجەع“ مانای بەخشینی دەسەڵاتێکی ڕەھا، دەسەڵاتی ناو دەسەڵاتەکان، بە کەسێک، بەبێ ئەوەی ھیچ بوونەوەر و یاسا و دەزگایەک توانای ئەوەی ھەبێت لە سادەترین بڕیار و کردەوەکانی ئەو کەسە بپرسێتەوە. ئەمەش پرۆژەی دروستکردنی مەترسییەکە لە شێوە و بە قەبارەی مەترسیی گێژەڵوکە و لافاو و بورکانە وێرانکەرە سروشتییەکان. دروستکردنی مەرجەع پرۆسەی بە تسونامیکردنی تواناکانی دەسەڵاتە لە کردەی وێرانکرندندا.  سلێمانی ٢٣-٧-٢٠٢١


د. شێركۆ كرمانج  لە دوایین چاوپێکەوتنی (لێپێچینەوەی) لەگەڵ ئەندامانی کۆمیتەی کاروباری دەرەوە لە کۆنگرێس، ڤکتۆریا نۆلاند، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری سیاسی، گوتی ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی کوردانی سوریاو یەپەگە. هاوکات، گوتیشی ئەمریکا مکوڕە لەسەر ئەوەی کە تورکیا دەبێت دەستبەرداری موشەکی S-400 بێت کە لە ٢٠١٧ لە ڕوسیای کڕیوە. لە دوایین قسەکانی دەسەڵاتدارنی تورکیاش وادەردەکەویت کە ئەوان بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری موشەکە ڕوسییەکان نابن. تورکەکان دەڵێن ئەوان تەنیا ئامادەن هەندێک زانیاری لەسەر موشەکەکان بدەن بە ئەمریکییەکان‌و نەهێڵن ڕوسەکان زانیاری لەسەر فڕۆکە ئەمریکییەکان، کە تورکیا بەکاریان دێنێت، بەدەستبێنن. ئەمەش لای ئەمریکییەکان تا ئێستا قابیلی قەبوڵ نیە، بۆیەش ساڵێک زیاترە لە بەرنامەی دروستکردنی فۆڕکەی F-35 تورکیایان وەدەرنا. دیارە دەبێت ئەوە بزانین لەکاتی لێپێچینەوە لە کۆنگرێس نوێنەرانی حکومەتی ئەمریکا زیاتر جەوهەری سیاسەتی پەیڕەوکراوی ئەمریکا دەخەنەڕوو لەوەی لەکاتی قسەکردن بۆ ڕۆژنامەنوسان دەیکەن. بۆیە ئەو قسانەی ڤیکتۆریا نولاند دەبێت بە هەند وەربگیرێن. ئەوە بەو مانایە نیە کە سیاسەتی ئەمریکا ئیدی ئەوەیەو تەواو چونکە سیاسەتی ئەمریکا کۆنکریت نیە، هەمیشە لە گۆڕان دایە. بەڵام بە بنەما لەسەر هەڵسوکەوت‌و جوڵەکانی تورکیا پێناچێت کە ئەمریکا جارێکی دیکە بە ئاسانی بتوانێت تورکیا لە باوەش بگرێتەوەو ئاستی پەیوەندییەکانیان وەک جاران لێبکەنەوە، لانیکەم تا ئەردۆگان لەسەر حوکم بێت‌‌و لە پەلاهاوێژییەکانیشی بۆ ناوچەکە، لە لیبیاو لە ئازەربایجان‌و لە قوبرس‌و لە دەریای سورو لە دەریای ناوەڕاست بەردەوام بێت. بۆیە مانەوەی ئەردۆگان‌و سەرکێشییەکانی لە قازانجی کورد دایە، ئەوە ئەگەر هێرشی ڕاستەوخۆ نەکاتە سەر ڕۆژاڤا یان باشور.  لەو لێپێچینەوەیەی کە لە ٢١ جولای لە کۆنگرێس کراوە، ئەندامانی هەر دوو حیزب، دیموکرات‌و کۆماری، ناڕەحەتی خۆیان لە سیاسەتەکانی تورکیاو ئەردۆگان دەربڕیوەو ڕاستەوخۆ باسی مامەڵەکردنی تورکیایان لەگەڵ سیاسەتوانە کوردەکان‌و هەدەپە کردوەو ناڕەزاییان دەربڕیوە. بەڕادەیەکیش لە سیاسەتەکانی دیکەی تورکیا نیگەرانن کە باسیان لە دانانی سزای زیاتر بەسەر تورکیادا کرد. ئەوەی تا ئێستا وای لە ئەمریکا کردوە کە تورکیا قاونەدا ترسی ئەمریکایە لە سەرەڕۆییەکانی ئێران لە ناوچەکەو زیادبوونی نفوزییەتی لە عێراق‌و سوریاو لوبنان‌و یەمەن. هاوکات هاتنی ڕوسیا بۆ ناوچەکە ئەمریکای نیگەران کردوە، ئەمەش پێگەی تورکیای بۆ ئەمریکا گرنگ هێشتۆتەوە، ئەمریکا بەو هیوایەیە کە تورکیا بەخۆیدا بچێتەوەو بگەڕێتەوە باوەشی ڕۆژائاوا.  ئەو خەون‌و خەیاڵەی ئەمریکا زۆر دوورە لە واقیع. تورکیا مەترسییە لەسەر ئەمریکا نەک لەبەر ئەوەی ڕوسیا گەڕاوەتەوە ناوچەکە یان ئێران هەژموونی بەسەر ناوچەکەدا کێشاوە بەڵکو تورکیا خۆی بووە بە هەڕەشە لەسەر بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوا. تورکیای سەدەی بیست‌و یەک تورکیا سەدەی بیست نیە. تورکیا ئێستا خۆی وەک زلهێزێکی ناوچەیی وێنادەکات خۆیا وەک خاوەنی ئەسڵی دڤەرەکە دەبینێ‌و پێیوایە تەنیا لەڕێگەی هێز، نەرم‌و ڕەق، زەوی‌و دەریایی، دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ ڕۆژگارەکانی پێشوتر. بۆیە ئەمریکاو ئەوڕوپا لەلایەک‌و تورکیا لەلایەکی دیکە زۆر سەختە ببنەوە هاوپەیمان چونکە بەرژەوەندییەکانیان‌و خەونەکانیان یەکتربڕن نەک یەکترتەواوکەر، ڕێک پێچەوانەی ڕۆژگاری جەنگی سارد.   


سەعد هەمەوەندی رەخنە جوانترین ڕێگایە بۆ  راستکردنەوەی ھەڵسوکەوت ، چونکە بنیادەم قورسە بەبێ رەخنەو ئاگادار کردنەوە ھەموو ئاکارو گوفتارێکی دروست بێت. رەخنە بریتیە لە دەربڕینی کەسێک بەرامبەر کەسێکی تر یان کۆمەڵە کەسێک یان لایەنێک ، رەخنەگر  دیاری کردنی لایەنی باش و خراپی بابەتەیی پیشەیەتی، بۆ ئەو کەسەی باسی دەکات  یا بۆ ئەو ئامانجەی مەبەستیەتی ، کەئەمەیش لە رەنگدانەوەی دەربینی رەخنەگر  چ بەگوتن بێت یان نووسین ، دەکرێت پاش دیاری کردنی لایەنەکانی، پێشنیاری ئەو چارەسەرانەش بکات کە پێی وایە گونجاوە بۆ ئەو لایەنە خراپانەی  باسی دەکات. رەخنەگرتن چەند جۆرێکی ھەیە، گرنگترینیان :  ١ - رەخنەی دروستکەر یان زانستی ، ئەم جۆرە رەخنەیە لەوەدا خۆی دەبینێتەوە کە رەخنەگر  شی کردنەوەی ئەو بابەتەی مەبەستیەتی و دیاری کردنی لایەنی باش و خراپی، ھەروەھا دەست نیشان کردنی خاڵی لاواز و بەھێز و پێشکەش کردنی ئامۆژگاری و رێنمایی دروست بۆ چاکردنی خاڵە لاوەزەکان ، ھیچ بەرژەوەندیەکی تایبەتی نیەو  تاکە بەرژەوەندی کە لە هزریدا هەیە، نیەتی چاک کردنەوەی کارەکەو سەرکەوتنیەتی .  لەکوردستان ئەم جۆرە رەخنەگرانە زۆرن ، دەبێت حکومەت و لایەنە سیاسیەکان لەخۆیان نزیکیان بکەنەوەو سوود  لە ئامۆژگاری و رێنماییەکانیان وەربگرن و رێزیان لێ بگیرن،  بەڵکو پەرە بەبۆچوونەکانیشییان بدرێت بۆ ئەوەی ھانگاوی باش بھاوێژرێت بەرەو حکومەتێکی بەھێزو چاکسازیخوازو کۆمەڵگەیەکی تەندروست  .  ٢- رەخنەی تێکدەر ، ئەم جۆرە رەخنەیە باسی ھەموو لایەنەکانی بابەتەکە  ناکات و ناتەواوە و  روو لە رووخاندنە ، ئەمیش دەبێتە دووبەش  — رەخنەی تاک لایەن ، کە رەخنەگر جەخت لەسەر لایەنە خراپەکان دەکاتەوە بەبێ ناوھێنانی لایەنە باشەکان ، وە بابەتەکە ئەوەندە گەورە دەکات کۆمەڵگا بەرەو نائومێدی و چەواشەکاری دەبات . ئەم رەخنەگرانە لەکوردستان زۆرن بەتایبەت لەزۆنی سەوز، کە پارەیەکی زۆر و خەیاڵییان بۆ تەرخان کراوە، ئەگەر نیوەی ئەم پارەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی ناحەزو دوژمنان بەکار بھاتبا و بۆ بەرژەوەندیە بەرزەکانی ولات تەرخان کرابا، ئێستا ھەرێمی کوردستان  لەپێگەیەکی بەرزترو باشتر دەبوو .  —رەخنەی لێڵ ، ئەمیش رەخنەگر جەخت لەسەر پێداھەڵگوتن و گەورەکردنی کەسەکان دەکەن، بەبێ  دیاری کردنی ھەڵەکان کە تەنھا بۆ گەیشتن بەپلەو پایەو بەرژەوەندی تایبەتی، خودی رەخنەگرەکەیە.!  ئەم رەخنەگرانەش زۆرن بەتایبەت لەدەوروبەری بەرپرس و کاربەدەستەکان، کە زەرەرێکی زۆر دەگەیەنن بەکۆمەڵگا لەبەر ئەوەی ناھێڵن باشەو خراپەکان وەک خۆی بگات .  ٣ - رەخنەی تۆڵەسەندنەوە، یان دوژمن کاری، ئەم جۆرە رەخنەیە ، کەسی رەخنەگر ئامانجی سەرەکی تۆڵە سەندنەوە، یان دوژمنکاری کردنی کەسی رەخنەلێگیراوە ، لە رێی دەربڕینەکانی، یان نووسین هەوڵی کەم کردنەوەی کەسایەتی یان دروست کردنی ناوو ناتۆرەی خراپ، یان جوێندان و قسەی ناشیرین بەکاردێنێت،  نەک بۆ چاک کردنی یان بەدیار خستنی ناشیرنەکان، بەڵکو تەنها بۆ تۆڵەسەندنەوە یان بۆ دوژمنکاری دەیکات. ئەم رەخنەگرانە لە کوردستان دووبەشن، بەشێکیان پارەیەکی زۆری تەرخان کردووە بۆ خەڵکانێک بەشێوەی دەمامکدار و بەناوی تر  یان لەدوورە وڵات  بەشێوەی راستەوخۆ ، جوێن و ووشەی نەشیاوو بابەتی بێ ناوەرۆک دەخەنە روو  تا  دوژمنکاری بەرامبەریان بکەن، لەم  بەشەدا ماڵی بارزان پشکی شێریان بەرکەوتووە کە ناحەزەکانیان بەمەبەستی تۆڵە سەندنەوە یان دوژمنکاری، یا لاوازکرنیان ھەوڵی رووخانیان دەدەن ، بەشەکەی دی دوژمن بە راستەوخۆ کاری نەشیاوو بێ بنەما دەخاتە پاڵ دوژمنەکەی بەبێ هیچ بناغەیەکی زانستی،  تەنھا بۆ دامرکاندنی ھەستی تۆڵەسەندنەوەو دوژمنایەتی . جۆری یەکەم رەخنەگری راستەقینەیە ، دووەم و سێیەمیش ھیچ پەیوەندیان بەرەخنە نیە تەنھا دەکرێ بڵێین بەکرێ گیراوو قین ھەڵگرن.


یاسین تەها  بۆ دووەمجار لەماوەی حەوت ساڵی رابردوودا موقتەدا سەدر بڕیاری كشانەوەی لە پرۆسەی سیاسی راگەیاندو كاری دەستەی سیاسی رەوتەكەشی هەڵپەسارد. هەنگاوی ئەمجارە كە سێ مانگ بەر لە هەڵبژاردن بڕیاری لێدا، لەكاتێكدایە لەماوەی رابردوودا سەدرییەكان هەڵمەتێكی بەرفراوانی پێشوەختەو شۆیەكی گەورەیان كرد كە سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق كە دەبێ سەدری بێت‌و لە هەڵبژاردندا كەمتر لە 100 كورسی بەدەستناهێنن. كشانەوەی موقتەدا سەدر لەكاتێكدایە كە خۆی و رەوتەكەی دووچاری كێشەو قەیرانی زۆر بوونەتەوە؛ لەناوخۆی رەوتەكەیدا كێشمەكێشی زۆر هەبوو لەسەر خۆ بەربژێركردن‌و چۆنییەتی بەشداریكردنی هەڵبژاردن لەچوارچێوەی پرۆژەی (البنیان المرصوص)، لەماوەی رابردووشدا زۆر باس لەوەدەكرا كە هەندێك لە كادرەكانی پەنایان بۆ خۆ بەربژێركردنی سەربەخۆ بردووە، چونكە لیستەكەی پڕبووەو ئەمەش یەكڕیزیی ناسراوی سەدرییەكان دەخاتە بەردەم مەترسی. جگە لەوەش پەیوەندی سەدر لەگەڵ هێزە مەدەنییەكانی تشرینی 2019 هێشتا هەر گرژەو هەندێك لە خۆپیشاندەران دەمیان تاڵە لێی‌و لە بكوژەكان جیای ناكەنەوە، هەرچەندە ماوەیەكی زۆریش پێكەوە هاوپەیمان بوون. دۆستایەتی ئەمانەش یەكێك بوو لە شانازی‌و جیاوازییەكانی سەدرو تێكچوونی پەیوەندییەكەیان بێزاری كردووە. لەلایەكی دیكەوە دوو وەزارەت كە لەسەر سەدرییەكان ئەژمار دەكرێن (كارەباو تەندروستی) كارێكی زۆر خراپیان هەبوو لەم هاوینە، بەتایبەت پاش داڕمانی كارەبای نیشتمانی‌و سوتانی نەخۆشخانەكانی ئیبن خەتیبی بەغداو حوسێنی زیقار، ئەمەش سەدری لە سەروكاری چاكسازی “راعی الإصلاح”ەوە كردە ئامانج‌و جێگەی رەخنەو ناڕەزایی. شانبەشانی ئەم هۆكارانەش، لەسەرچاوە ئاگادارەكانەوە بڵاوە كە سەدرییەكان پێشبینی بەدەستهێنانی 30 كورسییان كردووە بۆ هەڵبژاردنی 10ی تشرینی داهاتوو، ئەمەش خەونی سەدر بۆ كۆنترۆڵكردنی حكومەتی ئایندە دەخاتە مەترسی‌و بەدوور نازانرێت هانی بدات كە هەوڵی دواخستنی هەڵبژاردن بدات یان بیەوێت رێساكانی یارییەكە بەجۆرێكیتر بگۆڕێت كە دووچاری ئەو پاشەكشەیەی نەكەن. چونكە سەدر لە هەموو ئەو هەڵبژاردنانەی كراون هەمیشە پێشەنگی هێزە شیعەكان بووەو بەبێ هاوپەیمانی، هەمیشە دەوروبەری 30%ی دەنگەكانی جەماوەری شیعەی بەدەستهێناوە. هەرچەندە كشانەوە لە هەڵبژاردن وەك پرسێكی ناوخۆیی سەدری دێتەبەرچاو، بەڵام كێشەو گیرگرفتی زۆر بۆ سەرجەم پرۆسەی سیاسی عێراق دروستدەكات. لە راگەیاندنی بڕیاری كشانەوەدا لە هەڵبژاردن، سەدر ئاڵای سوپای مەهدی‌و لیوای “الیوم الموعود”ی هەڵكردبوو (دوو میلیشیای سەدری بوون) كە دەشێت وەك هەڕەشەی گەڕانەوە بۆ ساڵانی شەڕی تایفی‌و “موقاوەمە” لێكبدرێتەوە كە دۆخێكی نەخوزراوەو عێراق دەباتەوە چوارگۆشەی یەكەم. بەتایبەت كە مەترسی كشانەوەی هێزە ئەمریكییەكانیش لە ئارادایە. هەروەها بەبێ سەدر مەترسی ئەوە هەیە شیعەكان زۆرینەی خۆیان لەنێو ئەنجومەنی نوێنەرانی داهاتوو لەدەستبدەن یان سەنگ‌و قەبارەی پێكهاتەی شیعە پاشەكشە بكات، بەوپێیەی لەهیچ خولێكدا قەبارەی سەدرییەكان لە 30 كورسی كەمتر نەبووەو ئێستاش 52 كورسییە. ئەمەش بۆ سەرجەم پێكهاتەی شیعە هێڵی سورە كە هەمیشە گرێی زۆرینەو كەمینەیان هەیە. جگە لەمانەش هەڵبژاردنی پێشوەختەو یاساكەی‌و دابەشكردنی كورسییەكانی وەك كراس بەبەری باڵای رەوتی سەدردا دوراون‌و بەشی زۆریشی بەپێداگری‌و لەسەر داوای ئەوان داڕێژراوەو، هێزە شیعەكانی دیكە وەك ئەوان بەدڵیان نەبووە. ئەگەر ئەم رەوتە جەماوەریی عەقیدەیییەش لە هەڵبژاردنی نوێ بكشێنەوە، هێندەی دیكە سارو سڕی دەكات‌و رێژەی بەشداری دەخاتە مەترسییەوە كە بەردەوام لە عێراقدا لە پاشەكشەدایە، ئەمەش لەكاتێكدایە كە بەشێكی بەرفراوان لە هێزە نوێیەكانی پاش خۆپیشاندان بایكۆتی هەڵبژاردنیان كردووە، چونكە پێیانوایە، مەرج‌و دەرفەتی كێبركێكردنی تەندروستی تێدا نییەو هەژموونی چەك‌و پارەی سیاسی‌و بەكارهێنانی دەزگاكانی دەوڵەت لە بەرژەوەندی هێزە باڵادەستەكان، بەسەریدا زاڵە. مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران، لە تویتێكدا دەڵێت “ناكرێت تەسەوری بەشدارینەكردنی سەدرییەكان لە هەڵبژاردن بكرێت”، ئەم دەربڕینە هەرچەندە لەچوارچێوەی داوای پاشگەزبوونەوەو موجامەلەی سەدرییەكان خراوەتەڕوو بەتایبەت بەشی زۆری هێزی كازمی لە سەدرەوەیەو هیوای بە ئەویش هەیە بۆ خولی داهاتوو، بەڵام بەدیوەكەی دیكەدا باوەڕێكی زاڵی نێو ناوەندی سیاسییە كە ناكرێت سەدر لە دەرەوەی پرۆسەی سیاسی‌و هەڵبژاردن بێت، بەتایبەت لەبەر زۆر هۆكار كە گرنگترینیان پێویستیی پاراستنی باڵە چەكدارەكەیەتی (سرایا السلام) بە روپۆشێكی سیاسی‌و پەرلەمانی. لەم نێوەندەشدا سەدر ئەزمونێكی تاڵی پێشووتری هەیە لە ساڵانی 2007و 2008 كاتێك بڕێك لە دەسەڵات دوور بوو، چەكدارەكانی كەوتنە بەر گورزو زەبری حكومەت كە نوری مالیكی سەرۆكایەتی دەكردو رەتەكەی دوچاری سەركوتكردنی زۆر بووەوە. جگە لەوەش سەدر خۆی شانازی بەوەوە كردووە هیچ حكومەتێكی عێراق لە دوای 2003 بەبێ پرس‌و رای ئەو دانەنراوە، ئێستاش سەدرییەكان لە سەرجەم جومگەكانی دەوڵەتدا هەن‌و هەرچەندە ژێرخانی جیابوونەوەو دوركەوتنەوەیان هەیە، بەڵام قورسە بڕوا بەوە بكرێت كە بتوانن لە دەرەوەی دەسەڵات هەڵبكەن بەتایبەت ئێستا كە جگە لە ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیران، بانكی ناوەندیی عێراقیشیان بەدەستەوەیەو لەپاش بڕیارەكەی سەدریش بۆ كشانەوە هەروەك خۆیان ماونەتەوە. سەدر زۆر شۆی سیاسی هەبووە كە دواتر پاشەكشەی لێكردووە، هەر لە مانگرتن‌و خۆپیشاندانەوە تاوەكو دەگاتە كشانەوە لە حكومەت‌و پەرلەمان. هەندێكجاریش گەیشتووەتە بەجێهێشتنی عێراق لەلایەن خۆیەوە، بەڵام دواتر یان لەژێر گوشاری جەماوەرەكەی یان تكاو داوكاری هێزە سیاسییەكانی دیكە یان لەبەر بەرژەوەندی رەوتەكەی پاشەكشەی لێكردووە. باوەڕێكی زاڵیش هەیە كە ئەمجارە بەهەمان شێوەی جارانی دیكە بگەڕێتەوە بۆ نێو پرۆسەكەو هێندە هەیە بەم هەنگاوە رەخنەو ناڕەزایی‌و كێشە ناوخۆییەكانی سەر رەوتەكەی هەناردە كرد بۆ دەرەوەو، ئەوەی بەرەو ئاقاری خۆ خۆشەویستكردن‌و تكای گەڕانەوە بۆ یارییەكە گۆڕی، كە هەندێكیان لە ركابەرەكانی‌و هەندێكی دیكە لەو لایەنانەن كە پێیانوایە چەپڵەی هەڵبژاردن بەدەستێك لێنادرێت‌و بەبێ سەدر پرۆسەكە بەباشی بەڕێوەناچێت.  


د. نیاز نه‌جمه‌دین   پێمان ئەڵێن: دەنگهەڵبڕن! ئاخر بە پشتی كێ قسە بكەین؟ شاری رۆشنبیریی و شت نەما. هەمان بوو نەمان بوو ئەو چەند شاعیر و رۆماننوس و شانۆكارەمان هەبوو سومعەیەكیان بۆ شارەكە دروست كردبوو، ئەمڕۆ بە هەموویان چوار هەزار لایكیان پێ كۆناكرێتەوە چجای ئەوەی دنیا بگۆڕن، یان حسابیان بۆ بكەن؟ شاری رۆشنبیریی چی؟ بووە بە شوێنی تەراتێنی موخابەراتی هەموو دنیا، شەو نییە جەیش نەجوڵێنن. بەشی زۆری خەڵكەكەشی دابەشبوون بەسەر ئەم هێز و ئەو هێزدا و هەر رۆژەی بەیعەت بە كەسێك دەدەن. فێربوونی زانست و تەكنۆلۆجیا بۆ گەشەپێدان و پسپۆڕیی و زانستی ئابوریی و كۆمەڵناسیی و ئەو شتانە لە ئارادا نییە. وانەكانی ژیان لێرە بریتین لە شتی لەم چەشنە: "هەر ئەوە گرنگ نییە ماستاو بكەیت، ئەوەش گرنگە كە كردت ماستاو بۆ بەقوەتەكەیان بكەیت، یعنی بۆ ئەوەیان كە مسۆگەر بە باڵادەستی دەمێنێتەوە ". شاری شانۆ و شیعری چی؟ هەر رۆژەی زەلامێك تیایا هەڵدەتۆقێ و رۆژی دواتر دەبێت بە هەڵم. شاری رۆشنبیریی ئێستاكە بووە بە شوێنێكی سەیر. سەرۆكی سەلەفیی ناوچەكە لێرەیە. خاوەنی گەورەترین تەكێخانە لێرەیە. جا كێ لێرە نییە و كێ باڵادەست نییە؟ تەنها زانستكاران و زانست. خۆ بە تەما نیت خۆت گێل بكەیت و ناوی بنێیت: شاری فرەرەهەند! داوای شۆڕشم لێ دەكەیت؟ پەنجا ساڵە پێمان ئەڵێن: شۆڕش بكە.. راپەڕە... بكوژە و ببڕە... دانیشە نەگبەت، حاڵمان زۆر جوانە بەدەست شۆڕشەوە؟ ژیانمان بۆیە فەوتا بیرمان لە هەنگاوی دووەم نەكردەوە. ئەڕوخێنین، بەس نازانین چی لە شوێنیدا بینا بكەینەوە؟ ئەڕۆین، بەس نازانین چیمان بەسەر دێت، هەموو شتەكانی دیكەشمان هەروا كرد. جا بە رای من و دوای فەشەلی تەواوی پێشنیارەكانمان، ئەمەی خوارەوە دەخەمەڕوو بەڵكو هیچ نەبێت یەكێكیان سودێكی هەبێ بۆ كەسێك: ئەوەی گەنجە یان تەمەنی بەدەستەوە ماوە و بۆی ئەكرێت بە پلانێكی عاقڵانە بڕوات هیچ عەیبێكی نییە. بەڵام ئەوەیان نا خۆت بەیتە دەست قاچاخچی و چارەنوسی نادیار و لەوسەرەوە بە قوڕبەسەركراویی خۆو بكەیتەوە بە ماڵا و بێیتەوە، ئینجا لەگەڵ هاوڕێكانتدا دەستكەیتەوە بە خواردنەوە و نێرگەلەكێشان. ئەوەی ئەمێنێتەوە، تا مەجالی هەبوو هاوسەرگیریی دوا بخات، تەنهایی هەرچۆنێكە باشترە لەوەی خێزانت هەبێت لە وڵاتێكدا كە رۆژ نییە خێزانەكەت بەشێوەیەك لە شێوەكان نەكەوێتە ئەزمەیەكەوە. ئەوەی ناتوانێت هاوسەرگیریی دوا بخات، تا دوا ئەندازە مناڵ دروستكردن دوا بخات. ئینجاش یەك یان دوو دانە بەسە. بەقورئان یەك دانەش بەسە. مناڵ بۆ كێ دروست دەكەیت؟ بۆ بارەگاكانی حزب و موخابەراتی ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانیی؟ یان بچێ بۆ قەندیل لەوێ شەڕ بكات؟ ئەوە جەوە توخوا؟ ئينجا تا ئیشێكی دەستدەكەوێت رۆحی هەنجن هەنجن دەبێت، ناچاریشی ئەكەن بەشێك لە كەرامەتی تەسلیم بكات. سەرمایەداری زەخم بەدەست ئەم وڵاتەوە داماوە، ئاخۆ مناڵەكەی تۆ چۆن بێت؟ قوربان گیان بۆت كرا سەردانی هەندێك شوێن مەكە، زۆر ناشیرین و ناخۆشە با مەزاجت تێك نەچێ. مەسەلەن لە دنیایا نەبووە شێت و سەگ و پشیلەی داماوی كۆڵان و سواڵكەر و جەیش و خەڵكی ئاسایی هەموویان پێكەوە لە چایخانەیا دانیشن بۆ جەو وەرگرتن. عەرزت بكەم، روبەری پەیوەندییەكانیشت سنوردار بكە تا كەمتر ماندوت بكەن. خۆ ئەوەی بوناسێ ئەڵێ بچینە دەرەوە پیاسەیەك بكەین؟ لەوێش هەر دەردە دڵەكەیە. تێی هەڵە لە هەولێر و دهۆكیش. ئێرە فەوزا و ئەوێش سەركوتكاریی. هەردووكیان دوو پارچەی یەك وێنەن و یەكتر تەواو دەكەن و یەكتر بەرهەمدەهێننەوە. تێی هەڵە لەم ژیانەی ئێمە ژیاین. ئەوەی حورمەت بێت لای دەسەڵاتداران نیمانە. لێرە زۆر ئاساییە تەواوی كەرامەت و سەنگ و پلان و بگرە ژیانت بخەنە قۆنەرەی پێی چەند بەرپرسێكەوە كە خۆیان قۆنەرەی ئەم وڵات و ئەو وڵاتن.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand