Draw Media

جەواد سەعید   دوای نەخۆشکەوتنی مامجەلال و ڕەوانکردنی بۆ ئەلمانیا، یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، پێی نایە ناو قۆناغێکی سەختی ساغکردنەوەی خاوەنداریەتی، هیچکام لە جەمسەرەکانیش، بۆ ئەو مەبەستە، پڕۆژەی بەڕێوەبردنی یەکێتییان نەخستە سەر مێزی گفتوگۆکانیان بۆئەوەی یەکێیتی بەرەو ئاراستەیەکی تەندروست و هاوسەنگ ببەن، بەڵکو هەریەکە لە دیدی بەرژەوەندییەکانی خۆیەوە، یەکێتییان بەکاردەهێنا. مامیش لە دوورەوە، لە شاری بەرلین لەسەر تەختی نەخۆشخانە بێ ئاگا لەوەی لەناو یەکێتیی چی دەگوزەرێ و چۆن ناو و پێگەکەی بەکاردێت بۆ یەکلایکردنەوەی ململانێکان.  دواجار بەبێ چارەسەکردنی کێشەکان، یەکێیتی، بڕیاری بەستنی گۆنگرەی دا، کۆنگرەیەک کە هیچ کام لە جەمسەرەکان نەیانتوانی خاوەنداریەتی یەکێتی بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن بەڵکو لە دەرەوەی جەمسەرەکان گەنجێک بە خۆی و کامیرەیەکەوە و بە دروشمی دژایەتی پارتیی دیموکراتی کوردستان، بەکاری فلیم سازای لەبری چاکسازی زۆرینەی دەنگەکانی ئەندامانی کۆنگرەی بۆ خۆی مسۆگەر کردو بەڕەکەی لەژێر پێی هەمووان دەرهێنا.  کاری تۆمارکردنی ژیانی شەخسی نەیارو ئەندامانی حزب، قێزەونترین کاری حزبایەتییە، ئەگەرچی ئەنجامی هەبوو و کۆنترۆلی تەواوی ئۆرگانەکانی پێکرد، بەڵام بەمە هیچ مەبدەئو ئینتیمای حزبی و نەتەوەییی و نیشتیمانیی نەهێشت جگە لە وەلائی شەخسی و کۆیلایەتی نەبێت. دروشمی دژایەتی پارتییش لە چوارچێوەی جنێو دەرنەچوو، بە عەمەلی هیچی لێ سەوز نەبوو جگە لە کولاندنەوەی برینە کۆنەکان، هەنگاونان بەرەو لەتکردنی کوردستان و بەهێزتربونی پارتیی نەبێت. دوای کۆنگرە، جەمسەری ماڵی مامجەلال و جەمسەری هاوڕێکانی مام، پەراوێزخران. جەمسەری هاوڕێکانی مام خۆگونجاندن و بێدەنگیان هەڵبژارد، کوڕانی مامیش بەگلەیی و گازاندەو ڕەتکردنەوەی بەشێک لە بڕیارەکانی حزب، لەگەڵ وەزعەکە دەڕۆیشتن، تاکو گوێیان لە دەنگی شکاندنی ئێسکیان نەبوو، بەخەبەر نەهاتن، بۆیە لەکاردانەوەیەکی توند و خێرادا هەموو دەسەڵاتەکانی یەکێتییان خستە ژێر دەستی خۆیان و تەواوی دەسەڵاتی سیاسی، ئابوری و ئیدارییان لە ئامۆزاکەیان سەندەوە. ئامۆزاکەشیان بێ هیچ کاردانەوەیەک ئاڵای سپی هەڵکرد، تەنانەت بە دانیشتنیش وەکو هاوڵاتییەکی ئاسایی سوپاسگوزار بوو! ئەبێ لاهور شێخ جەنگی چی کردبێ ئاوا بەبێ دەنگی وازی هێنا؟ ئایا هەر دەستبەسەرداگرتنی داهاتی سلێمانی و قۆرخی بازاڕ و کۆنتڕۆلکردنی دەزگا ئەمنییەکان و ئۆڕگانەکانی یەکێتیی بوو، یان شتیتر؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە خەڵکی کوردستان و بەتایبەتی یەکێتییەکان چاوەڕوانی وەڵامەکەی دەکەن. لە ئێستادا تەواوی دەسەڵاتەکان لای باڤل تاڵەبانی ( کوڕە گەورەی مام) کۆبۆتەوە و هیچ بەربەستێک لە بەردەمی نەماوە تاکو ئەوەی بییەوێ نەتوانێت بیکات، ئامۆزاکەشی جگە لە سۆزی هەندێک جەماوەرو کادیر چیتری بەدەستەوە نەماوە. هەنوکە، کوڕانی مام، لەبەردەم قورسترین کێشەو تاقیکردنەوەدان، پیویستە چی بکەن؟ ئیدیۆمێکی ئینگلیزی دەڵێ (Either you make it or break it) واتە یان چاکی دەکەی یان تێکی دەدەی.  چاککردنی ئەو دۆخە بەندە لەسەر هەڵوێست و هەنگاوە پرراکتیکەکانیان. ئەگەر چی لەدوای ٨ی مانگەوە لەیەکەم کاردانەوەدا، قوباد تاڵەبانی، لەگەڵ بازرگانانی سلێمانی بەڵێنی ئەوەیدا کە چیتر بازار قۆرخ ناکرێ و قاچاغچییەتی ڕێگەپێدراو نییە، دوابەدوای ئەوەش وتی هێزە ئەمنییەکان بۆیان نییە بەشداربن لە ململانێ سیاسییەکان بەڵکو ئەرکی ئەوان پاراستنی شارو سەروماڵی هاوڵاتیانە. ڕۆژێک دوای بەڵێنەکانی قوباد تاڵەبانی، باڤڵ تاڵەبانی وتارێکی لەسەر گۆڕی باوکی بڵاوکردەوە کە لە ناوەڕۆکدا وتارێکی بەرپرسیارانەو کلیلی چارەسەری کێشەکانی ناو یەکێتیی بوو. بەجێبەجێکردنی ناوەڕکی ئەم وتارەو بەڵێنەکانی براکەی سەرکەوتنیان بەسەر کێشەکانی ناو یەکێتیی مسۆگەر دەکات و کوردستان بەرەو دۆخێکی باشتر دەبات. تەنیا ئەوانە بەس نین بۆ ئەوەی سیستەمێکی حوکمڕانی تەندروست و خزمەتگوزار بنیادبنرێت، ئازادی ڕۆژنامەگەری و دادپەروەری و یەکسانی کۆمەڵگا دەستەبەر بێت و ژیانێکی لایەق و خۆشگوزەران بۆ خەڵکی کوردستان دابین بکرێت، لەتەک ئەمانەشدا پیویستە داوا لە پارتیش بکەن قۆرخی بازاڕ ڕابگرن و چیتر ڕێگا بە دزی و تاڵانی نەدەن و موڵکی گشتی هەراج نەکەن. پێویستە پەیامێکی فەرمییان هەبێت بۆ بارزانی، کە ئیتر، لەمەودوا با کۆیلایەتی و برسیکردنی کۆمەڵگا بەس بێت، یەکتر شکاندن بۆ باڵا دەستی حزب کۆتایی پێبێت، دزەکان و گەندەڵکارانی ناو حزب و حکومەت دوربخرێنەوە و ژیان و کەرامەت بۆ کۆمەڵگا بگەڕێتەوە. دۆخی ئێستای یەکێتیی بە دڵی پارتییە، پارتیی پێیوابوو، نائارامی، نەبوونی یەک هەڵوێستی کورد، کێشەی مووچەو..هتد، خەتای ئەو کەسەیە کە ئێستا لەناو یەکێتیی دەسەڵاتی نەماوە، جا با بزانین پارتیی ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت یان هەر خۆی دەقی بە دروستکردنی کێشەو ئەم جۆرە حوکمڕانییەوە گرتووە تا بەهۆیەوە کۆتایی بە هەموومان دێت؟ لەسەردەمی ئیمارەتی بابان، ئەورەحمان پاشا، داوای لێکرا ببێتە والی بەغدا، لە وەڵامدا وتی “ ئاوی سازگاری کوێستانەکانی کوردستان بە دنیا ناگۆڕمەوە”، بەڵام چارەنوسی ئیماراتەکەو کوردستانیان بەیەکتر شکاندن و کوشتنی براکانەوە گۆڕیەوە! لە ئێستاشدا والی بەغدا بە ڕەزامەندی کورد دادەنرێ بەڵام لەناو خۆماندا لەبەر خەریکی یەکتر شکاندن والییەکی حەکیممان بۆ دیاری ناکرێ. لە حالی ئێستادا، بارزانی بەتەنیاو دوور لە هاوڕێ دێرینەکانی سەیری ڕووداوەکان دەکات، دۆخی کوردستانیش تا دێت بەرەو خراپتر دەچێت. جا ئایا بارزانی لەمەودوا هەر سەیرکەر دەبێت یان چارەسەرکەر؟ ئایا دەچێتە لای براو برازاکانی بۆ تەگبیرێک لە حاڵی کوردان یان چاوەڕی دەکات تا ئەزمونی کوردستانیش بەهەمان دەردی ئیمارەتی بابان ببرێت؟


سەردار عەزیز   مەکگۆرک هات، مەکگۆرک نەهات. ئەم چاوەڕوانییە، چەندین ڕەهەندی کەلتوری و دەرونی هەیە کە پەیوەندی کورد بە خۆیی و زلهێزەکانەوە دیاری دەکات. مەکگۆرک لە کاتێکدا دێت، کە ماڵی کوردی لە ئەوپەڕی شپرزیدایە. بەڵام ئەم هاتنە تەنها هیوایەکە، کە بە تراویلکە تەواو دەبێت. مەکگۆرک تارماییە، هەیە و نیە. ئەم تارماییە ئەو هێزە گەورەیەیە کە کورد چاوەڕێی دەکات، پێویستی پێیەتی، هەتا هەڕەشەی لێبکات، فشاری لێبکات، جەستەی برینداری سارێژبکات. مەکگۆرک بێت یان نا، هەمیشە لێرەیە، ئەو تەنها یەکێکە لە ڕوخسارە زۆرەکانی ئەو تارماییە. جاران قاسم سلێمانیش بوو، ئێستا کەسانی تریشە. کاتێک کورد حەز دەکات کە تارمایی زلهێزێک بێت بۆ ناو ماڵی شپرزی، دەرخەری گرێی خۆم بە کەمزانین و خۆ بە گەورەزانە لە هەمانکاتدا. زلهێزەکان گرنگی بە ئێمە دەدەن. ئێمە جێگای بایەخی زلهێزەکانین. ئێمە گەورەین بۆیە زلهێزک بایەخمان پێدەدات. ئێمەی بچوک نوێنەری گەورەترین هێز کێشە بچکۆلەکانمان چارەسەر دەکات. ئەمە کرۆکی خودێکی کۆلۆنیالکراوە. خودێک کە لە هەموو گوناهێکیدا بە دوای هێزێکی گەورەدا دەگەڕێت بۆ هۆکار، لە سەرهەڵدانی هەموو قەیرانێکە چاوەڕیی زلهێزێکە بێتە ناو ماڵی و چارەسەری بکات. ئەم سفربونی خودە مانای ترسە لە بون، لە بەرپرسیارێتی، لە لێپرسینەوە. ئێمە کە دێینە ناو دونیاوە بە شوێن پێی کێدا دەڕۆین، ناچار دەکرێین بە شوێن پێی کێدا بڕۆین، حەز دەکەین بەشوێن پێی کێدا بڕۆین؟؟؟ مەکگۆرک کە نایەت هەر لێرەیە، چونکە ئەو تارماییە. کە دێت ئەو لێرە نیە، چونکە ئێمە وەک تارمایی و بان-مرۆڤ دەیبینین. چەند گوناهین ئێمە کە دەستبازی و دڵداری لە گەڵ تارماییەکاندا دەکەین


چیا عەباس   روداوە گرژ و ئاڵۆزیەکانی ناوچەکانی سلێمانی و دەوروبەری کە لە ناکۆکی و ململانێ توندەکانی نێوان دو هاوسەرۆکەکەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەریان هەڵداوە تەنها بە کێشە و ناکۆکی نێو حزبێکی دەسەڵاتداری باشور پێناسە ناکرێن، بەڵکو پرسەکە زۆر لەوە گەورەتر و قوڵتر و مەترسیدارترە، چونکە وڵات و هێزە ئیقلیمیەکان، تایبەت تورکیای ئەردۆگان کە دەمێکە رق و کینە و تورەیی خۆی بەرامبەر بە دەڤەری سلێمانی دەربریوە، تایبەت کاتێک سلێمانی لە سەردەمی هێرشە درندەکانی داعش بە پشتیوانی ئەردۆگان بۆ سەر کۆبانێ جدی و دلێرانە بە دەنگی کۆبانی ەوە هاتن، زیادە بۆ ئەمەش لوتکەی دەسەڵاتی حوکمرانی لە بەغدا بە بەشە کوردیەکەشەوە و ئەوانەی هەولێریش رۆڵێکی گرنگیان لە خۆشکردنی زەمینە و هاندان بۆ دروستبونی ئەم کێشە مەترسیدارە بینیوە، بۆیە ئەم روداوانە مەترسیەکی جدی لەسەر ئارامی و ئاسایش و گوزەرانی هاوڵاتی لە دەڤەرەکانی سلێمانی و دەورەبەری و سەرجەم باشوری کوردستان دروستکردوە، مەبەستێکی سەرەکی شاردراوەش سەرکوتکردنی ئەو ئازادیە تەنکەیە لەو ناوچانەدا هەیە و کپکرنی دەنگی خۆراگران و یاخیبوانیشە بەرامبەر بە دەسەڵاتی هەرێم.  ئەرکی نیشتمانی هەمو هێز و رێکخراو و کەسایەتیەکی دڵسۆزە کە بێدەنگی بشکێنێت و راشکاوانە هەڵوێستی هەبێت و ئەوەی پێویستە بۆ رێگریکردن لەم پلانە جەهەنمیە بکات، لە بنەرەتەدا کار بکەن بۆ هێورکردنەوەی ئاڵۆزی و رەوینەوەی گرژیەکان بۆ رێگریکردن لە تەشەنەکردنی ئەم وێرانکەرە فابرەکە کراوە. ناشێت خوێندنەوەی ئەم دۆخە بێبەری بکرێت لە خوێندنەوەیەکی واقیعی وردی گەمەکەرە سەرەکیەکان و رۆڵی هەر یەک لێیان لە رابوردودا و لە ئێستاشدا، بەم شێوازە دەکرێت خاڵ لە سەر وشەکان دابنرێن نەک کاڵفام یاخود بە مەبەستی تایبەت فیشەک بە تاریکیەوە بنرێت و بەیەک چاو سەیری هەموان بکرێت.  روکەشانە دو کورەکەی مام جلال لە گەڵ ئامۆزاکانیان لەم روداوانەدا رۆڵی سەرەکی دەبینن، یەکێکیان لە گەڵ شێخ لاهوری ئامۆزای لە کۆنگرەی یەكێتیدا  ( ئێستا چ جۆرە یەکێتیەک و هەڵوەرینی چەپکە گۆڵەکەی مام بەدەست و پەنجەی بەشێک لە خانەوادەکەی)  بۆ سەرکردایەتی حزبەکەیان هەڵبژێردراون، ئەوی تریان هەر لەبەر ئەوەی کوری خوالێخٶشبو مام جلال ە بە قودرەتی قادر کرا بە جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم و لەو ساتەوەش تا ئەم چرکەیە لە سێبەری دەسەڵاتی فیعلی هەولێردا دەگوزەرێت. بە تەنیشت ئەم کاراکتەرانەوە چەند هەڵپەرست و خۆپەرستی ناو یەکێتی کە دەمێکە ناسنامەی یەکێتیبونیان ئەوەندە کاڵبۆتەوە کە بە جۆکەری سیاسی پێناسە دەکرێن رۆڵی تێکدەرانە بە حەزافیرەوە جێبەجێ دەکەن. بە تەنیشت ئەم کاراکتەرانەوە چەندین دەنگی دلێری یەکێتیە رەسەنەکان دەربارەی ئەم دۆخە سەدای گەورەی خۆی هەیە. کەسانێکی تری کاسەلێسیش کە سەرتاپایان لە تاوان دژ بە مرۆڤایەتی و دزی و چەتەیی و کوشتنی خۆپیشاندەران تێوەگلاوە وەک پیشەی ئاساییان غولام و مسکێنی ئەو ئاغایانەن کە دەم و گیرفانیان چەور دەکەن. ناشێت باس لەوە نەکەین کە پارتیەکان لە لوتکەی حزبی و حوکمرانیدا بە خەستی تورە و دڵگرانن لە شێخ لاهور، بۆیە بە لاوازکردنی پێگەی زۆر دڵخۆش دەبن.   لە لاکەی ترەوە شێخ لاهور و گروپەکەی بونیان هەیە، بۆ خۆم زنجیرەیەک وتارم بە ناونیشانی " شێخ لاهور، ئەگەر و ئەستەنگەکانی بەردەمی" بڵاوکردۆتەوە و تێیاندا چاوەروانی ئەم رۆژەم کردوە، هاوکاتیش باسم لە کارە قێزەوەنەکانی ئەم گروپە کردوە کە بۆ خودی شێخ لاهور باجێکی زۆری دەبێت. بەشێکی بەرچاوی حوکمرانی و سیاسەتکردن لەم هەرێمەی کوردستانی گەورە کە رێژەی دانیشتوانی پشکێکی بچوکی هاوڵاتیانی کوردستانی گەورەیە بۆتە بازرگانی، گەندەڵی،  تاوان، نادادپەروەری و زۆر کاری ‌قێزەوەنی تر، ئەمە لە گەڵ تێکشکاندنی تەونە کۆمەڵایەتیەکان پێوەرە رەسەنەکانی کوردایەتی و سیاسەتیان بە شێوازێک شێواندوە کە چاوەروانی هەمو شتێکی لێدەکرێت، هەروەک شاعیری گەورەی کورد حەمە ساڵح دیلان دەڵێت: " گورگ پاسەوان و شوان دانی لە گۆشت جیرە".  لە کەش و هەوای ماوەی رابوردودا شێخ لاهور کۆمەڵیک هەڵەی گەورەی بەسەردا تێپەریون و بێ باکانە چاوی لێ پۆشیون. ئەمە کۆتایی چیرۆکەکە نیە، کورد وتەنی ئەو نانە لە نانە ئەمرۆ لە خوانە، ئەم زاتە، لە بەر هەر هۆکارێک بێت، هاتوە تەحەدای دۆخی سیاسی و حوکمرانی لە هەولێر دەکات. ئێستا پاش فشاری دەرەکی دۆخەکە تا رادەیەک هێوربۆتەوە. تەرەفە سەرەکیەکان، تایبەت شێخ لاهور بە سەبر و هێمنانە مامەڵەی روداوەکانی کردوە، ئەوەی لێرەدا شایستەی گومان و پرسیارە ئەو ئیجرائاتانەی بەرامبەر شێخ لاهور کران بە ناوی حکومەتێکی لاوازی نوقمبو لە بێ یاسایی و گەندەڵیدا کراون، هاوکات چاوپۆشی لە گەندەڵی و مرۆڤ کوژ و کارە قێزەوەانەکانی تر دەکەن، بۆیە ئەم هەڵوێستەی ئێستایان بژاردەیەکی مەقسودە و نیەتی تر لە پشتیەوەن.    بۆ خۆم گرنگترین پرس شکستهێنانە بە هەوڵەکان بۆ بێدەنگکردن و دەستەمۆکردنی دەڤەرەکانی ناوچەی سڵێمانی تا هاوشێوەی چەند دەڤەرێکی تری باشوری کوردستانی لێبکەن، بەدیهێنانی ئەم مەبەستە کوشتنی رۆحە رەسەنەکەی یاخیبون و خۆراگری ئەم سەردەمەی باشوری کوردستانە، بە واتایەکی ترکوشتنی ئایندەیەکی گەشە. ئەگەر شێخ لاهور بتوانێت رێگری لەم ئایندە رەشە بگرێت پشتگیری سەدان هەزار و بگرە زۆتریش لە هاوڵاتیان بەدەست دەهێنێت، گەر پێشی نەکرێت با واز لە هەمو پۆست و پلە بهێنێت یاخود هەستێتە سەرپێ و وەک درەختێک بە وەستانەوە بمرێت باشترە لەوەی تەسلیم بەو واقیعە بێت. دو کورەکەی مام جلال بەبیر دەهێنمەوە کە ئێوە سلێمانی باش ناناسن، زۆربەی ژیانتان لە دەروەی کوردستان بەسەر بردوە، خوالێخۆشبو ئیبراهیم ئەحمەدی باپیرتان و خاتو هێرۆ خانی دایکتان لە کەسایەتیە رەسەنەکانی سلێمانین، خوالێخۆشبوی باوکتان بە پشتگیری بەردەوامی سلێمانی توانی ئەو پێگە مێژوییە بەهێزەی لە بزافی کوردایەتیدا بەدەست بهێنێت و ببێتە یەکێک لە سەرکردە ناودارەکانی کورد، هەر بۆیە بەردەوام سلێمانی بە " شارە حەیاتەکە " وەسف دەکرد، داوای خەڵک لێتان ئەوەیە پێگەی گەورەی ئەو سەرکردە ناودارەی کورد و باپیر و دایکتان بەم کارانەتان نەشێوێنن و کارێک نەکەن شارە حەیاتەکە بکرێت بە شارێکی بێ رەونەقی دەستەمۆکراوی بێ ئیرادە لەسایەی تۆقاندن و ترسدا، دڵنیاش بن لەو حاڵەتەدا و لە دوا مەتافدا سلێمانی لێتان قبوڵ ناکات. دوا قسەشم لە ئێستادا ئەمەیە: نزیکەی شەست ساڵە لە بزافی کوردایەتیدا کاردەکەم، لە گەڵ سەرکردە مەزنەکان خوالێخۆشبوان مەلا مستەفا، مام جلال و کاک نەوشیروان کارم کردوە، لەو دەیان ساڵەدا یەک پرەنسیپی رەسەن فێربوم و تا قەبریش لە گەڵ خۆم دەیبەم، ئەویش: هەر دەنگ و رەنگێک بیت کوری میللەتەکەت بمێنەوە. چیا عەباس  


هەردی مەهدی میکە هەستی کاریزمابوون و خۆبەپاڵەوانکردن لە هەموو سیاسییەکدا، هەیە و دەبێت هەبێت تا لەپێناوئامانجەکانیدا (کەسی و گشتی) بجەنگێت، بەڵام هەرکات ئەم هەستە عەقڵی سیاسییەکی داگیرکرد دەبێتە وەهمی سیاسیی، ڕەنگە تا جێیەک بڕ بکات و سەرکەوتنی کاتیی و ڕووکەشانە بەدەست بهێنێت بەڵام لە کۆتاییدا و لە شۆکێکدا سەری ساحێبەکەی دەخوات. مەرج نییە ئەوەی دەربار لە مەزن¬نمایشکردنی سەرکردەکەیدا هەمووی ڕاست بێت، بەڵام مەرجە سەرکردە باوەڕ بەهەمووی نەکات. هەموو دەروێشە پێشین و پاشینەکانی عەبدولقادری گەیلانی بە شێخەکەیان دەوت: نەوەی پێغەمبەر و غەوز و قوتب و بەرماڵگەڕاو بەسەرئاودا، بەڵام ئەو خۆی چاک دەناسی و ڕێگەی لە زاڵبوونی ئەو وەهمە بەسەر دڵیدا دەگرت و بەخۆی دەوت: "بەندەی حەقیر"، لە هیچ دەستنووسێکیشیدا نەیووتووە من نەوەی پێغەمبەرم (چونکە نەبووە). شێخی ڕاستەقینە ئاوایە، بۆیە ناوەکەی بۆ ئەبەد مایەوە.  سێبەرەکانی خوداش دۆڕان شەیبەک خانی ئۆزبەکی(1451-1510)، دامەزرێنەری دەوڵەتی شەیبانی بوو، هاوسێی سەفەویان بوو، لە دەمارگیریی سوننەگەراییدا سنووری نەبوو، وەهمی پشتیوانی و هەڵبژێردراوی خوا مەستی کردبوو، دەربارەکانی شەیبەکییان کردبوویە سەرکردەیەکی ئەفسانەیی و ڕەچەڵەکییان بەستبوویەوە بە تەیمووری لەنگ و جەنگیزخانەوە، تا وای لێهات پێی وابوو هەرگیز ناشکێت و خودای لەگەڵدایە. لەشکری سەفەوییانی بە کەم دەگرت و لەگەرمەی جەنگدا بەڕابواردنەوە نامەی بۆ شا ئیسماعیلی سەفەوی دەنووسی: باشترە درێژە بە پیشەکەی باوکت بدەی نەک ئەوەی دایکت (ئاخر باوکی شێخ سەفی بوو موریدی تەریقەتی شێخی گەیلانی بوو، بەڵام لەسەری دایکییەوە دەچوویەوە سەر بنەماڵەی ئاق قۆینلو و ئۆزۆن حەسەن). تا ئەوەی لەشکی قزڵباشانی سەفەوی دای لەدەرگا و لە پێچی مێزەرەیەکدا شەیبەکییان گرت و کەللەیان کردە کاسەی شەرابی شا ئیسماعیل و تا مرد لەوەدا شەرابی دەنۆشی. گرنگە لە سیاسەتدا، بەرلەوەی وانە لە دەربار و دۆستەوە وەرگریت لە دوژمن و ڕەقیبەکانتەوە کراسێک دادڕیت، چونکە سەرئەنجامی هەڵەی نەیار هەم هەلی سەرکەوتنت دەداتێ و هەم ڕێگەیەکی ئەزموونکراوی شکستخواردنیشت نیشاندەدات، ئیتر پێویست ناکات جارێکی دیکە تاقی بکەیتەوە.  شا ئیسماعیلی سەفەوی(١٤٨٧-١٥٢٤)یش هیچ وانەیەکی لە تەوەهومەکانی نەیارەکەی وەرنەگرت و سەرکەوتن بەسەر شەیبەکدا مەغروورتر و وەهمگەرای کرد، ئەو بیری چوو کە مناڵێک بوو دەروێشان کردیانە پادشا و لەبری تێگەیشتن لە واقیعی دەرودراوسێ و نەیاران، هەڵنانی ماستاوچییان و چەواشەکارانی دەرباری لێبووە ڕاست. خۆی لێبووە "سێبەری خودا"، لەنامەیەکیشیدا دەربارەی خۆی نووسیبووی: ئیمامێکم لە دوانزەکەی شیعە، کوڕی فاتمە و عەلیم، عیسای کوڕی مەریەمم، من بینەری تۆفانی نوحم ئەزەلیم، گەوهەری هەقیقەتم، زاتی عەلیم، سوڵتانی شکستنەخواردووم، دەشیووت ئایەتی "وَاذْكُرْ فِي الْكِتَابِ إِسْمَاعِيلَ إِنَّهُ كَانَ صَادِقَ الْوَعْدِ وَكَانَ رَسُولًا نَّبِيًّا" مەبەستی منە و نایشم ئیسماعیلە! ئەم وەهمەی درێژەی کێشا، تا ئەوەی سوڵتان سەلیمی عوسمانی لە ١٥١٤ و لە جەنگی چاڵدێراندا لە خەو و مەستی وەهمەکانی ڕایپەراند. تەنانەت لە جەنگی چاڵدیراندا وەهم بەرینەدابوو، داوای دانوستاندنی سوڵتان سەلیمی ڕەتکردەوە، لە کاتێکدا لەشکری عوسمانی دووبەرابەری سەفەوی بوون(١٤٠٠٠٠چەکدار). عوسمانیەکان تازە گەیشتبوونە مەیدانەکە، دووکەس لەدەرباری دڵسۆز بەشائیسماعیلیان وت: گەر ئێستا لێیان نەدەین لەناومان دەبەن، بەڵام شا باوەڕی بە شکت نەبوو و پێشنیاری درمیش خان¬ێکی دەرباری وەرگرت کە دەیووت: "شا ریسالەی غەیبی هەیە و شکست ناناسێت و خوای لەگەڵە، بۆیە چاوەڕی دەکەین و هیچ ناکەین، تا قووەتێکی پەنهای لەخۆی دەرکات و... "! بۆیە بە لەشکرێکی شپرزەوە بێ هیچ جووڵەیەکی ڕێگر لە نمایشی عوسمانی، هێواش هێواش بە شێوەی کەوانەیی دەوری سوپاکەی شاسمایل گیرا و لە یەکەمین پەلاماردا شکا، ئینجا تێگەیشت مرۆڤێکی ئاساییە و قابیلی شکستە، نەک پایتەختەکەی، ژنەکەشی داگیرکرا و درایە سەردارێکی سوپای عوسمانی. شا ئیسماعیل تا مرد دەردی ئەو وەهم و شکستەی پێکەوە بۆ حەلنەکرا و لە دە ساڵی کۆتایی ژیانیدا، وازی لەسەرجەم دەسەڵاتە سەربازییەکانی هێنا و دەستی دایە مەینۆشیی و مەستیی و ڕابواردن. وەنەبێت ئەو وەهمگەرایی تەنها لەمێژووی هاوجەرخدا نەبێت، هەیە بەڵام بە ڕووخساری مۆدێرنەوە. هەر لەو ئێرانەدا، محەمەدرەزاشای پەهلەوی دووەمیش تا ئەو ڕۆژەی فیشەک نەیدا لە دیواری ماڵەکەی(١٩٧٩)، باوەڕی نەدەکرد شای شاکان (شاهەنشا) نییە، ئەویش هەر راپۆرتی هەڵە و ماستاوی هوەیدا و عەلەم و دەزگاکانی وەک ساواک و جەماعەتی بەڵێ قوربانەکان، تووشی وەهمیان کردبوو. سەددام حوسێنیش هەروا بوو، وایدەزانی ناکەوێت و دواڕۆژەکانی سەکۆماریی لە جادەکاندا بەسەردەبرد، ئەویش ئەوەی کوێری کردبوو، سەحافەکان و جاشە کوردەکان و ماستاوچییە شیعەکان بوون کە "بیڕوح و بیدەم"یان بۆ دەکرد و وەهمێکیان بۆ سازکردبوو کە پێنجەم سوپای جیهانە و ناکەوێت، بەڵام دوو هەفتەیەکی نەخایاند کەسی بەدەورەوە نەما و چارەنووسی لە چارەنووسی پەهلەوی و شاسمایل و شەیبەک ڕۆشنتر نەبوو. کاریزمای زۆر و شۆک و شکستی زەوەندە! لە مێژووی هاوچەرخی کوردستانیشدا، (بە حسێبی دەرباران) ئەوەی زۆرە سەرکردە و کاریزمایە! لەو زۆرتریش شۆک و شکستە غافڵگیرەکانی شۆڕشە! دەی چۆن دەبێت خاوەنی هەردووکیان بین پێکەوە! دیارە یەکێکیان ڕاستە. شکستەکانمان کە ئینکار ناکرێن، بەڵام بۆ هەبوونی سەرکردە دەبێت گومان بکەین. سەرکردەکانمان دەرباران وەهمێکیان بۆ سازدەکەن و پاشان خۆیان لێدەبێتە ئەو پاڵەوانەی کە بۆیان بەرهەمهێناوە. ئاخر لە مێژووی جیهاندا و لە لێکۆڵینەوەکانیشدا، بەوانە دەوترێت کاریزما کە سەرانسەرین، توانای کۆکردنەوەی نەتەوەیەک، یان ئاینێک و مەزهەبێک، یان کۆمەڵە خێڵێک یەکدەخات و بۆ ئامانجێک ڕابەرایەتییان دەکات. دەی ئەگەر وابێت، کورد کوا لەمێژوویدا سەرکردەیەکی وای هەبووە؟ کام حزب و سەرکردەیە توانیوویەتی نیوەی کوردیش وەک گوتار و وەک سیاسەت یەکبخات و ئامانجەکەی حزب یان ناوچەیەک یان بنەماڵەکەی نەبووبێت؟! من ئێستا کە ئەمە دەنووسم غەمبارم و لە تازێبارییەوە دەینووسم نەک لە خۆشحاڵییەوە، خۆزگە هەبووایە و فریادڕەسی ڕاستینەمان بوونایە، بەڵام کە نەبێت با خۆمان و مێژوومان چەواشە نەکەین، ئەوەی  کوردستان کۆدەکاتەوە، قوربانی و ستەمی هاوبەش و داگیرکاریی زەینی و خاکیەتی، ئەوەی یەکی دەخات جینۆسایدە و دەبێت لێی تێبگەین، خۆ هەر نەتەوەی ئێمە نییە کە کاریزمای نییە زۆر هەن، بەڵام ئەوان لەبری کاریزما ئیرادەی هاوبەش و تێگیەشتن لە قوربانی و داگیرکاریی هۆشیاریی ڕاستینە دەکەنە ڕیبەر. لەوە تێدەگەن لەئاسمانەوە سەرکردە نابارێت و باڵۆنەکانیش هەرگیز بە پڕی نامێننەوە. پۆپۆلیزم و وەهم ڕووداوەکان ئەنجامی جوڵەی کۆمەڵایەتی ڕاستەقینەن، بەڵام شۆک تەنها بۆ ئەوانەیە کە لە دنیای واقیع تێنەگەیشتوون یان وەهمێکی بەڕاست¬کراو بەرچاوی گرتوون، بۆیە لە دنیای ئێمەدا شۆک زۆرە، چونکە میدیاسازیی دەستەدوو و قووتدانی میدیای ڕاستەقینە، ڕای گشتیی چەواشەکارانە لەبری دەرکەوتنی ڕای ڕاستەقینەی بێعوقدە، نوخبەی موزەیەف و عوقدەیی و بازرگانیی تازەپیاکەوتوو و ڕاوێژکاریی سەرسام و هەلپەرست، دنیایەکی سایبەری و ناواقیعی بۆ سەرکردەکان دەسازێنن، ڕێگەنادەن واقیعبین و خۆبین بن.  پۆپۆلیزم بەدوای پرسیاری"خەڵک چیی دەوێت و حەزی لەچییە؟"ەوە، بەڵام هێز و سەرکردەی ڕاستەقینە بەدوای پرسیاری "کۆمەڵگە چی پێویستە و دەسەڵات ئەرکی چییە؟"ەوەیە، وەڵامی یەکەم چەپڵەڕێزان و پاڵەوان و کاریزمای وەهمی و دڵخۆشی ڕاگوزەر دروست دەکات، سەرکردە و پەرلەمانتاری "درۆزان و جەماوەریی" دروست دەکات، چونکە هەرچی دەکات "بۆ خەڵک و بەدڵی خەڵکی دەکات" نەک  "لەبەر خەڵک و بەرژەوەندییان". بەڵام وەڵامی پرسیاری دووەم حکومەت و هێزی بەرپرسیار و سەرکردەی واقیعی دروست دەکات.  وەڵامی پرسیاری یەکەم (کە پۆپۆلیستەکان بەدوویدا دەگەڕێن) ئامرازەکانی تەزویر و تۆڕی کۆمەڵایەتی و وەعز و دروشمگەرایی و بەڵێنی زۆری بێکردار و بەرزکردنەوەی سەقفی تەوەقوعی خەڵکە و خەڵکیش تەمەڵ دەکات و دەیانکاتە زەڕنەقوتەی چاو لە مشتی حکومەت. بەڵام ئامرازەکانی وەڵامی پرسیاری دووەم: میدیای ڕاستەقینە و ئاماری دروست و ڕۆشنبیری بەرپرسیار و چینی ناوەند و بازرگانیی ڕاستەقینەن، لەوەش زیاتر خەڵك هاوبەشی سیاسەت و بەرپرسیار دەکات لەچارەسەر و تێیان دەگەیەنێت کە گەندەڵی تەنها بە یاسا و پۆلیس ڕێی لێناگیرێت گەر کولتووری بەرپرسیارێتیی خەڵکیش هاوکار نەبێت. ساڵێک لەمەبەر - ڕێک ساڵێک و ٢٥ ڕۆژ لەمەوبەر (٢٣/٦/٢٠٢٠) لەمەوبەر ئەم پەرەگرافەم نووسی کە بەشێک بوو لە وتاری "لەنێوان زڕمام و مامی بچووکدا"، کە زۆرێکی توڕە کرد و تاڕادەی هەڕەشە و سوکایەتی بە خۆم و کەسووکارم گەیشت، دۆستانێکی زۆرم بەهۆی منەوە ڕووبەڕووی گلەیی بوونەوە ئێستا ئیتر هەموو شتێک ڕوونبوویەوە، دەرکەوت ئەو ناکۆکییەی من باسم کرد هەم ڕاست بوو، هەم ئەو دەزگای هاوسەرۆکییەی وەک چارەسەر نمایش دەکرا بەشێک بوو لەکێشە و سەری ساحێبی خوارد. دانی پێدا دەنێم، وتارەکم کەمێک توند بوو، بەڵام گەر بەڕاستی گوێی لێبگیرایە، ڕۆژی دۆستان بەم ڕۆژە نەدەگەیشت. لە منێکی ناحزبی وەک ئامۆژگارییەکی خۆڕایی لێیان وەرگرتمایە، چارەسەریی دەبوویە میکانیزم نەک فشار و دەرپەڕاندن. ئێستا با جارێکی تر دێڕەکانی بخەمەوە خزمەتی خوێنەر:-  "...دوو دیدگا لە یەکێتیدا لە کاردایە یەکێک دەیەوێت دەزگایی و لە چوارچێوەی ئادابی سیاسەتدا بەرپرسیارێتی خۆی هەڵگرێت، دیدی دووەمیش بارگاوی بەو کولتوورەی ڕابردووی ناوچەی نفوزی خۆی، فرسەتخواز و پۆپۆلیستانە هەم لەسەر سفرەی مەعاویە بێت و هەم لە پشتەسەری عەلیشەوە نوێژ دابەستێت. کە دیارە دیدگای یەکەمیان ساڵانێکە هەم لای پارتی و هەم لای دیدگای دووەم لە نێو یەکێتیدا بەردەوام دەبێتە قوربانی، بە زیانی خەڵک و هەم بەزیانی دامەزراوەییکردنی دەزگاکان دەشکێتەوە... دەرکەوت دەزگای هاوسەرۆکی یەکێتی سەرۆکایەتی نییە و نیوسەرۆکییە، گەرنا چ مانایەک  دەبەخشێت هاوسەرۆکێک لەگەڵ تیمی حکومەتی یەکێتیدا بێت و نیوەکەی دیکە ڕەتکەرەوەی... دواجار بەم تویتە دژە مەکتەب سیاسیەی هاوسەرۆک، دەرکەوت "زڕمام" تەنها لە ئایندەی خۆی نیگەرانە و تەنها لەگەڵ "هاوسەرۆکەکەی دیکە" و "مامی بچووک"دا لە ململانێی شاراوەدایە و نەک ململانێ دەرەکیە ڕووخسارییەکانی و بگرە ئەوانیشی لە خزمەتی دژبەری ڕکابەرە ناوخۆییەکانێتی... گەرنا بەم تووشکردنەی یەکێتی (بەم دژیەکییەی لێدوانەکان)، هەم پارتی و هەم مەسروور بارزانی سەرۆکی حکومەتی لە لۆمە و تەڵەزگە و توڕەییەکانی مووچەخۆران دەرباز کرد". ئەوکات ئەوەم نووسی بەڵام هاوشێوەی "درمیش خان"ەکانی دەوروبەری  شا ئیسماعیل زۆر بوون و نەیانهێشت. ئەڵبەت کۆی ئەم نووسینە وەنەبێت تەنها کراسێک بێت بۆ بەری یەکێتی، لە مێژووی هێزەکوردییەکاندا، هەم ڕوویداوە و هەم بەتوندیش لە ئایندەیەکی نزیکدا لە ڕوودەدەنەوە، ئەوەی مێژووی پارتی و ئیسلامییەکان و سۆسیالیست بخوێنێتەوە، بۆی دەردەکەوێت ئەو ململانێیەی هاوسەرۆکانی یەکێتی خستەبەرامبەر یەکەوە، مەدەنیترینیانە و بە کەمترین زیان بۆ خەڵک و هەواداران لێی دەرچوون، گەرنا ئەوانەی پێشتری حزبەکان هەم کوڕی خەڵکیان بەکوشتدا و هەم زیانی کوشندەی بە بزوتنەوەی ڕزگارییخوازیی کوردستان چەند بەرامبەر بوو. واباشترە هێزەکانی دیکەی ڕکابەری یەکێتی کراسێک دادڕن و ئەوانیش لەوەهمی پارێزراوی دەرچن، گەر هەر تێشنەگەیشتن با وەک ئەمان ڕاستەوخۆ و بێتوندووتیژی و خوێنڕێژی خۆیان ململانێکە بەڕێوەبەرن نەک کوڕی خەڵک بکەنە قوربانی و خۆیان لەسەر مێزەکان پشکپشکێنە بکەن.  


مەریوان وریا قانع ئەوەی لە ڕۆژانی ڕابردودا و لەناوی یەکێتی نیشتیمانی کورستان دا ڕوویدا، لە زمانی سیاسیدا، پێیدەگوترێت ”کودەتای ناو کۆشک“. کودەتای ناو کۆشک کودەتای کەسانێکی ناو کۆشکی حوکمڕانیین کە خودی حوکمڕانەکە لادەبەن و خۆیان دەچنە شوێنەکەی. لەم جۆرە کودەتایانەدا ئەوەی وەک سەرۆک ئامادەیە و کاردەکات لەلایەن ئەو کەسانەوە کە لەگەڵ ئەو سەرۆکەدا کاریانکردوە، لادەبرێت. زۆرجار ژەنەراڵێک ژەنەڕاڵێکی تر، یان جێگرەوەی سەرۆکێک سەرۆکەکە، یان کوڕێک باوکی، یان ھاوڕێ و ھاوخەباتێک، ھاوڕێ و ھاوخەباتێکی تر لادەبات خۆی دەچێتە شوێنەکەی. ئەم جۆرە کودەتایانە زۆربەی جار کودەتای بێخوێنن، ھەندێک جار سەرۆکە لابراوەکە دکوژرێت، ھەندێکجار شاربەدەر دەکرێت، ھەندێک جاری تر زینداندەکرێت. ھەندێکجاریش تا دەمرێت دەسبەسەر دەبێت.  بە دەگمەن نەبێت ئەم جۆرە گۆڕانکارییانە ھیچ شتێکی قابیلی باسکردن و لەسەروەستان ناگۆڕن، درێژە بە ھەمان دونیا و بە ھەمان ھێڵی حوکمڕانیی دەدەن کە پێشتر ھەبووە. ھەندێکجاریش دۆخەکە بەرەو خراپتر دەبن و لە پاڵ کێشە کۆنەکاندا کێشەی نوێ دروستدەکەن. ڕوخسارێکی ناسراو دەڕوات و ڕوخسارێکی تر دەچێتە شوێنەکەی. لە مێژووی ئەم ناوچەیەدا ”کودەتای ناو کۆشک“ دەرەنجامێکی پۆزەتیڤی نەبووە، کە سەدام حوسەین ئەحمەد حەسەن بەکری لەناو حیزب و سیستمی حوکمڕانیادا لابرد، دونیایەکی تەواو تۆقێنەرتر و خوێناویتری دروستکرد. کە بن عەلی لە تونس بۆرقێبەی لابرد، سەردەمێکی گەندەڵتر و نابوتتری دروستکرد کە بەھاری عەرەبی کۆتاییھات، کە بن سەلمان لە سعودیە ئەمیرەکانی تری پاشەکشەپێکرد، دونیایەک کێشەی ناوەکیی و دەرەکیی لە سعودیەدا و بۆ سعودیە دروستکرد، بەرچاوترینیان ئەو جەنگە عەبەسییە خوێناوییە لە یەمەن کە ژیانی ملیۆان مرۆڤی وێرانکردوە.  ”کودەتای ناو کۆشک“ کودەتای ناو ”کۆشک“ە. ”کۆشک“ بە کۆشکی و” لۆژیکی کۆشک“ وەک ”لۆژیکی کۆشک“ دەمێنێتەوە و ئەوەی دەگۆڕێت ڕوخساری شازادە کانە، جێگرتنەوەی ئەم شازادەیە بۆ ئەویتریان..


رێبوار علی (چەلەبی ) ھەبوونی فرەیی و جیاوازی دیاردەیەکی گەردونیە .لە بواری ھزر و ڕامیاریشدا ئاماژەی پێشکەوتن و مەبەستێکی سەرەکی ژیانی شکۆمەندانەیە. شاری سلێمانی ھەرلە سەرەتاکانی دروستبوونیەوە،لەسەر بنەمای جیاوازیی دروستبوو. ھەردوو رێبازی سۆفیگەری (قادری-نەقشبەندی) و بوونی دوو رابەری وەک (شێخ مارفی نۆدێیی-مەولانا خالیدی شارەزوریی) و پاشان ململانێکانیان بەڵگەی ئەو راستیەن کە خەڵکی شار ھەمیشە دوو بژاردەیان لەبەر دەمدابووە. سەردەمی فەرمانڕەوایی شێخ مەحمودی حەفید ،رۆشنبیران رەخنەیان لێگرتووە و بیروڕای جیاوازیان دەربڕیوە،(حەمدی و جەمیل سائیب و شوکری فەزڵی و جەلال تەقی و پیرەمێرد) نمونەی ئەو ناڕازی و رەخنەگرانە بوون. لەسەردەمی شۆڕشی ھاوچەرخدا ، ھەردوو باڵی (بارزانی- بلەیی)یاخود مەلایی و جەلالیی دیاردەی ململانێ و جیاوازی حاشا ھەڵنەگربوون. باڵادەستی پارتی دیموکراتی کوردستان  و پاشان ئاشبەتاڵەکەی ساڵی1975 لەناو شاری سلێمانیدا کۆمەڵەی رەنجدەران و پاشان یەکێتی نیشتمانی کوردستان دروستدەکات. لە سەرەتای ساڵی 1980 دا بیروباوەڕی چەپ  و مارکسی دەگاتە چڵەپۆپە،لەسلێمانی بزافی ئیسلامی سەرھەڵدەدات. یەکێتی لەسلێمانی باڵادەست دەبێت و بەدەر لە ھێڵی ھزریی حیزبەکە بەرەو ئەقڵیەتی سیاسی بنەماڵەیی ملدەنێت،لەساڵی 2009 بزوتنەوەی گۆڕان و بەدوایدا ھاوپەیمانی نیشتمانی و نەوەی نوێ دروست دەبێت.  تائێستا شار دیاردەی جیاوازی لێنەبڕاوە،سەرکردەی سەلەفی و رابەری سۆفی لەشارەکەدا،ئازادیی بیروڕایان ھەیە. چەپ و راست و لیبڕاڵ و سۆشیالدیمکرات،نمایشی خۆیاندەکەن. لەشاردا چەند رەفتاری تاکڕەوی و ئەقڵی دیکتاتۆری و دەوروونی نێرگسی(نەرجسی)ھەبێت ،لەبەرامبەردا بیروڕای ئازادیخوازی و گیانی سەرچڵی و دەوروونی تەندەروست و ئەقڵی کۆمەڵیی بوونی ھەیە. بە کورتی ئەوە شارو جیاوازیییەکانی،ئەوە گوزەران و باش و خراپەکانی ،ئەوە ملمملانێ و ئەوە ئەنجامەکانی! گرنگ ئەوەیە ڕەوڕەوەی ژیان ناوەستێت و دواجار جوڵان و بزافەکانی گۆڕانکاریی ناوەستن و بەرەو ئەو ئاراستەیە دەڕۆن،کە مرۆڤە ژیرو کاریگەرەکان کاری لەسەردەکەن...


رامان مجید فقی بە روانین لە کاری حیزب و بە تایبەت چەند سالی  رابردوی کاری یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەکرێت بلێین گەر ئەم حیزبە  دەیەوێت لە پێش خۆی نەچێت و هەمووان ئاشت بکەنەوە ئەم گۆرانکاریانەی لەم ماوەی رابردوو رووی دا ئاقیبەت خێر بوو.  پێویستە سەرەکانی ئەم حیزبە و بەتایبەت تر کورانی مام جلال دەبێت کاری لە پێشینەی سیاسیان. ئەم هەنگاوانەی خوارەوە بێت ئەگەر نا بە دلنیایەوە ئەوە دەسپێکی شکستێکی گەورە ی ئەم حیزبە و ناشرین کردنی مێژووی مام جلال و دورکەوتنەوەی بۆ هەمیشەی خودی خۆیان دەبێت. چونکە ئەوە فرسەتێکی باشی کورت مەودایە لە پێناو راست کردنەوەی هەڵەکانی رابردوو کە بیسەلمێنن ئەوان دەتوانن رێبەرایەتی کۆنگرە و قۆناغی دوای مام بکەن. هیچ پاساوێکیش نەماوە لە پێناو ئەنجام نەدانی ئەم کارانەی خوارەوە  1-ماوەیەکە یەکێتی ناشیرین کراوە کە دەگوترێت کاری  قاچاغچیەتی لە سنورەکەی دەکریت. کۆنترۆل کردنی بابەتی قاچاغچیەتی 2-سنورەکان  کۆنترۆل بکرێت  بەو جۆرەی کە لە خزمەت کۆمەڵانی خەلک بەکار بێت  3-مناوەرەی سەربازی و شەرە تەقە و تێهەلدانی خەلک بە چەکدار بە تەواوی بنەبڕ بکرێت. بە جۆرێک هەر کەسێک ئەم کارە بکات بە ئاشکرا قورسترین سزا بدرێت تا خەلک هەست بە ئارامی بکات 4-پشتیوانی کردن لە بازاری ئازاد و کێبرکێی بازرگانی نەک وەرگرتنی پشکی زوری پرۆژەکان بۆ کەسایەتی یان کۆمپانیای حیزبی بە بێ رەچاو کردنی پێوەرکانی وەرگرتن 5-پەیرەو کردنی ئازادی و ئازادی رۆژنامەگەری و پشتیوانی کردنی نوسەر و رۆژنامە نوسی راستەقینە ئەگەر رەخنەگری توندیش بن لە یەکێتی.  6-ئاشتکردنەوە و بەشداری پێکردنی هێزە سیاسیەکان و گرنگی دان و پشتگیری کردنی کەسایەتی و رێکخراوی کۆمەلگای مەدەنی بە بێ بیرکردنەوە لە کرینی وەلایان 7-گەراندنەوەی رێز و شکو و راوێژ کردن بە سەرکردە کۆنەکان. هاوبەشی راستەقینە کردن بە سەرکردە نوێکان و بە مەرجی هێشتنەوەی دەسەلاتەکان لای سەرۆک 8-دارشتنەوەی پەیکەری حیزب لە سەرەوە بە جۆرێک بۆنی تەکەتول و پیاو پیاوێنەی لێ نەیەت بەلکو پێویست بوون پێوەر بێت 9-گەراندنەوەی ئیرادە و زیندوکردنەوەی ئۆرگانەکانی حیزب کە شیاستە بە کاری حیزبی و حیزی مۆدێرن و ئەم سەردەمەی حیزبایەتی بێت 10-خزمەت کردنی هەمەلایەنەی دەڤەری سلێمانی و هێنانەوەی قورسایی چەقی ململانی بۆ هەولێری پایتەخت 11-لە ئەستۆ گرتنی هەرچی کەم و کوڕی و کەم تەرخەمی دەڤەری سەوزە بە بێ هێنانەوەی پاساو   12-پاراست و پێشەوایەتی کردنی ململانێی دروست  و راستەقینە لەگەل کۆنە نەیار کە پارتیە 13دور کەوتنەوەی کۆپی بونی سیستەمی بنەماڵەیی حوکم رانی کردن. بەو شێوازەی کە پارتی ئیدارەی حیزب و   حکومەتی پێ دەکات  14-قول کردنەوەی گیانی جیاوازی لەگەل سەرجەم حیزبەکان و بە تایبەت پارتی بە بێ  مزایدە و سیاسەتی پۆپۆلیستی.بەلکو بینینی ئەم سیاسەتە بە کردار لای هەموو کەس. بەبێ ئەوەی بیگەێننە مریشکە رەشە لەگەل دژەکان 15-پشتوانی و سیاسەتی حەکیمانە لە کاتی پێویست و کۆمەکی کردنی حیزبە کوردیەکانی پارچەکانی.تر.بە بێ دەست خستنە کاروباریان و دوور کەوتنەوە لە هەر جۆرە رێکەوتنێک لە گەل دەولەتانی دەورو بەر کە بە زەرەری بزوتنەوەی رزگاری خوازی ئەم پارچەیە تەواو بێت. بە بێ هێنانەوەی پاساوی بارودۆخ یان هەر هۆکارێکی تر. هەروەها هاندانی حیزبەکان تا بە ئاشتی و گفتو گو  چارەسەری کێشەکان و دەست خستنی مافە رەواکانیان بکەن  


  هیوا سەید سەلیم لە ماوەی تەنیا هەفتەیەکدا، هەریەک لە پەرلەمانی وڵاتانی (هۆڵەندا و بەلجیکا)،  کۆمەڵکوژی ئێزیدیەکانیان وەک تاوانی جینۆساید ناساند، بڕیاری پەرلەمانی ئەو دوو وڵاتە گرنگەی ئەورپا بەرهەمی تێکۆشانی دۆستانی گەلی کورد و ڕەوەندی ئێزیدیە لە ئەورپا بە تایبەت هەوڵە کەسیەکانی  (نادیە مورد)ی کچە رزگاربووی دەستی داعش بووە.  تاوانی کۆمەڵکوژی ئێزیدیەکان کە لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ لە لایەن رێکخراوی تیرۆرستی داعش ئەنجامدراوە،  قوربانیەکەی بریتی بوو لە کووشتنی بە کۆمەڵی هەزاران کەس لە دانیشتوانی قەزای شەنگال و دەوروبەری، ڕاگواستنی خەڵکی ئێزیدی ئەو ناوچەیەوە، جیاکردنەوەی ژن و کچەکانیان و مامەڵەکردن پێێان وەک کەنیزەک و فرۆشتنیان لە شارەکانی ژێر دەسەڵاتی تیرۆرستانی داعش و ولاتانی عەرەبی دیکە، هەروەها چەکدارکردنی منداڵانی ئێزیدی و بەکارهێنانیان لە کردەوە تیرۆرستیەکان. ئەو تاوانانەش کە گروپێکی تیرۆرستی ئەنجامی داون کە ئامانج لێی لەناوبردنی پێکهاتەیەکی نەتەوەیی و ئاینی بووە،  بە هەموو یاسا و ڕێساکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ و ڕێکەوتننامە نیودەوڵەتیەکان لە ناویاندا ڕێکەوتنامەی جنێفی ١٩٤٩، دەچێتە چوارچێوەی جینۆساید، هەر بۆیەشە دۆستانی بیانیمان کاریان لەسەر ئەو پرسە گرنگە کردوو،  پەرلەمانی وڵاتەکانیان ڕاسپارد کە تاوانی کۆمەڵکوژی ئێزیدیەکان بە جینۆساید بناسێنێت. زۆر نزیکە کە بڕیاڕی پەرلەمانی هۆڵەندا و بەلجیکا ببێتە سەرەتایەک کە پەرلەمانی وڵاتانی دیکەی ئەندام لە یەکێتی ئەورپا چاو لە ئەو دوو وڵاتە بکەن،   ئەوانیش پرسی جینۆسایدی ئێزیدیەکان بخەنە کارنامەی پەرلەمانی ولاتەکانیان. شایانی باسە پرسی کۆمەڵکووژی ئێزیدیەکان لە ناوخۆی کوردستان لە کاتی خۆیدا مقۆمقۆی زۆری لێکەوتەوە، بەوەی کەمتەرخەمی هەبووە لە رێگریکردن لەو تاوانە، هەر بۆیە لە ئاستی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان  بڕیار لەسەر پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە درا، تا ئەگەر خەڵکانێک هەبن کەمتەرخەمیان کرد بێت لە پاراستنی ئەو ناوچەیە لە بەردەم پەلاماری دڕندانەی تیرۆرستانی داعش سزا بدرێن. وەک بینرا لێژنەی لیکۆڵینەوە لە تاوانی کۆمەلکوژی ئێزیدیەکان نەک هیچی نەکرد،  بگرە تا ئەمڕۆشی لەگەڵ دابێت ئەو کەیسە لە ئاستی ناوخۆیی کراوەتە قوربانی ملمڵانێی حزبی.   خەلکی ئەو ناوچەیە نەک مافە کانیان لە سزادانی تاونبارانی جینۆساید، ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیان لێکەوتوەکەیان، گەڕانەوەی ئاوارەکانیان بۆ نەگەڕاوەتەوە،  بگرە هێشتان شەنگال و ناوچەکانی ئێزیدی نیشین لەبەردەم مەترسی فەرمانێکی دیکە دایە.   ئیزیدیەکان هێشتان هەڕەشەی پاشماوەی ڕێکخراوی داعشیان لەسەرە، لە لایەکی دیکە  تورکیا بە بیانووی هەبوونی هێزەکانی نزیک لە PKK ناوناوە ئەو ناوچەیە بۆردومان دەکات،  و گەفی داگیرکردنی ناوچەکە دەکات، بەدەر لە هەڕەشەکانی تورکیا،  هێزەکانی حەشدی شەعبیش کە دوای ئازادکردنی ئەو ناوچەیە لە ژێر چەپۆکی داعش هاتونەتە ئەو ناوچەیە بە پلان هەوڵی گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکە دەدەن. بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەو مەترسیانی ئاماژەمان پێدان، و دوا بە دوای بڕیاری بە جینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژی ئێزیدیەکان لە لایەن هەندێک ناوەندە جیهانیەکان،  باشترین رێگاچارە بۆ ئەوەی لەوە زیاتر ئەو ناوچەیە نەکرێتە قوربانی زیاتری ناکۆکیە ناوخۆیەکان، و پارێزراوبێت لە هەڕەشە دەرەکیەکان،  وا باشە ئێزیدیەکان داوی  پاراستنی نێودەولەتی بکەن. لە ئاستی دەرەوەش دەبێت ئێزیدیەکان بەدواداچوون بۆ لێکەوتە یاسایەکانی دوای بڕیاری بە جینۆساید ناساندنی کەیسەکەیەن بکەن، لۆبی زیاتری بۆ بکەن تا لە ئاستی وڵاتانی دیکەی وەک (ئەمەریکا و بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا...هتد) ئەو تاوانە بە جینۆساید بناسرێت، لەوبارەیەوە دەبێت ئەزموونی ئەرمەنیەکان کەلکی لێوەر بگیرێت تا جیهان بۆ ئەو پرسە بێتە سەر خەت. لە کۆتاییدا دەڵێین دەرکەوت دۆستەکانی کورد بۆ پرسێکی وا هەستیاری وەک جینۆسایدی ئێزیدیەکان زۆر بە پەرۆشترن لە ئێمەی کورد، ئەوان کاری جدییان بۆ ئەو پرسە کرد، وە لەسەریشی بەردەوامن، لێرەش تا ئێستا کارێک نەکراوە کە برینی قوڵی ئێزیدیەکانی پێ سارێژ بکرێت، هەر ئەوەش وا دەکات لێرە لەوێ دەبیستین کە بەشێکی  ئێزیدیەکان لە کورد بوونی خۆیان پەشیمانن.  


رێبوار كەریم وەلی عاجباتییە ئەگەر شتێك لەو دنیایە روو بدات"بە دڵی پارتی بێت‌و دەستی پارتی تێدا نەبێ!" * لەوش عەجیبتر ئەوەیە كە خەڵك وا بزانێ ئەوەی لەناو یەكێتی رووی داوە هەمووی لە بن سەری بافڵ تاڵەبانی بێت... * هەمووی چەند هەفتەیەك پێش ئێستا، قوباد تاڵەبانی‌و تیمی حكومەتی یەكێتی رێستیان بۆ سەركردایەتیی یەكێتی كێشا، تەنانەت كاك قوباد بە توڕەییەوە كۆبوونەوەی بەجێهێشت‌و دوایی خۆی چوو لە دوكان كۆبوونەوەی پێكردن‌و دڵنیایی دا كە ئەو بڕیار لەسەر مان‌و نەمان لەناو حكومەتدا دەدات. * لە سەرەتاشەوە هەموو تەنازول‌و بگرەو بەردەكە لەپێناوی ئەوە بوو كە پێگەی مامی بچوك لە حكومەتدا پارێزراو بێت. * مامی بچوك كە ئێستا زۆر لێزانانە ئیدارەی قەیران دەدات‌و زۆر جار وەك نێوەندگیریش دەردەكەوێ، تا ئەم دەقەیە براوەی هاوكێشەكەیە؛ دەستێك چاكەتوپانتۆڵی حكومەتیشی پێیە كە لەكوێ پێویست بوو دەتوانێ بیكاتە بەر هەموو بڕیارەكانی بنەماڵەكەی. * ئەوە قەراری حكومەتەو تەواو... * دەركەوتنی لەگەڵ بەرپرسەكانی دەزگای دژە تیرۆرو زانیاری (كە تا ئێستا سەرۆكی حكومەت شتی وای نەكردووە) بە هیچ شێوەیەك عەرزی عەزەڵات نییە! چونكە هێزە ئەمنییەكان نابێ لە ململانێی سیاسیدا بەكار بهێندرێن!  * قوباد تاڵەبانی یارییەكی زۆر زیرەكانەی كرد؛ هەم بۆ پێگەی خۆی‌و هەم بۆ پوكاندنەوەی ئەو رەوتە دژە حكومەتەی لە سلێمانی هەبوو. * ئەو خۆی ویستی سەركردایەتیی دانوستانەكانی بەغدا بكات‌و بەوەش بۆ پارتی بووە واجیهەیەك كە دۆڕان‌و بردنەوەی قازانج بوو. * بۆ خۆیشی كارتی بەغدای لە دەست هاوسەرۆك دەرهێناو گوریسی شۆڕكردنەوەی دەستەڵاتەكانشی بۆ ناو بیری ناكۆكییە بنەماڵەییەكەی یەكێتی لە پارتی وەرگرت...شۆڕی كردەوە.. * قوباد تاڵەبانی پێگەی لە هەولێر مسۆگەرە. ئەگەر لەو قومارەی ئێستا بافڵ تاڵەبانی كردویەتی واش دەرنەچن كە تێكڕای یەكێتی كۆنتڕۆڵ بكەن، ئۆباڵەكە دەخرێتە ملی براكەی‌و وەك ململانێیەكی خێزانی وێنای دەكات. لێرەش لە شكست‌و بردنەوەدا، هەر قوباد تاڵەبانی براوەیە. * كورت‌و موختەسەر، عەڕابی ئەو وەزعەی ئێستای ناو بەرەبابی تاڵەبانی‌و برایم ئەحمەد، مامی بچوكە.  


دڵشاد ئەنوەر  کەمێک لەمەوبەر، میدیای فەرمی یەکێتی بڵاویکردەوە، لە دەباشان سیخوری سەر بە هاوسەرۆک دەستگیرکراوە، یەکەمجارە لە میدیای فەرمی و بە ئاشکرا و لە دوای ڕووداوەکانی ڕۆژانی ڕابردوو، هاوسەرۆک بەزەقی تۆمەتبار بکرێت. تۆمەتبارکردنی هاوسەرۆک بە دانانی سیخور لە دەباشان، دوای چەند هەنگاوێک دێت، کە بریتی بوو لە: لێوەرگرتنەوەی دەزگای ئەمنی، دەستگرتن بەسەر ڕاگەیاندن و تەنانەت دیوە ئابوریەکەشیدا. دوای تۆمەتبارکردن ! تۆمەتبارکردنی فەرمی و لە میدیای فەرمیەوە، مانای گەورە و قوڵی هەیە، یانی گرتنەبەری ڕێوشوێنەکان بەرامبەر هاوسەرۆک ناوەستن، نەک درێژەی دەبێت، بەڵکو قوڵتر دەبنەوە. یاخود بەمانایەکی تر، تۆمەتەکان کە وردەکاری زۆری لەگەڵدایە ، شەرعیەت دەدەن بە دوورخستنەوەی هاوسەرۆک لە یەکێتی و تەنانەت گرتنەبەری ڕێوشوێنی تریش، دەبنە هۆی ڕازیکردنی سەرکردایەتی حیزبەکەش بەرامبەر ڕێوشوێنەکان، بەتایبەت ئەوێ تاکە شوێنە، هاوسەرۆک داوای بردنی کێشەکان دەبات بۆی،  بڵاو کردنەوەی لە ئێستادا، لەکاتێکدایە باس لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتی دەکرێت. بەکورتی تۆمەتبارکردنی هاوسەرۆک لە میدیای فەرمیەوە، یانی هیچ دەرفەتێک نەما بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، جگە لە بەجێهێشتن یاخود دوورخستنەوەی هاوسەرۆک، واتە هەموو شت لەمبارەوە بڕێنراوەتەوە. مانەوەی لاهور شێخ جەنگی بەتەنها ! ڕووداوەکانی ڕۆژانی ڕابردوو، سەلماندیان کە هاوسەرۆکی یەکێتی تەنهایە لەم کێشمەکێشەدا، بەشێکی زۆری ئەم تەنهاییە، پەیوەندی بە هەڵەی خۆیەوە هەیە. لە سەر ئاستی ناوخۆی حیزب، هەموو سەرکردە کۆنەکان دۆخەکەیان پێخۆشە، چونکە ئەو بە هۆکاری بێ ڕۆڵ کردنیان دەزانن، ئەم قیادانە جگە لە چەند دانەیەکیان، کەسیان ڕۆڵیان لە یەکلایی کردنەوەی ململانێکەدا نەبوو، تەنها خۆشحاڵن. پارتیش وەکو حیزبێک کە زۆرترین شەڕە دەنوکی لەگەڵ هاوسەرۆک هەبوو، خۆشحاڵە بە دۆخەکە، بەڵام دەستوەردانی فەرمی و زەقی نەبوو لە یەکلایی کردنەوەی هاوکێشەکەدا، بەڵام ناراستەوخۆ ڕەخسێنەری زەمینەکە بوو. تورکیا وەکو وڵاتێکی هەرێمی دراوسێ و خاوەن پێگە، بەهۆی جوڵە زەق و دیارەکانی هاوسەرۆک، بەتایبەت لە دەعمکردنی لایەنە نزیکەکانی پەکەکە، هێندە توڕەبوو، گەر ئەمە ڕووینەدایە، ڕەنگە سەری یەکێتیشی بخواردایە. سیاسی خاوەن ئەزموون، لە ژێرەوە ئیش دەکات، چی لایەکی خۆش بوێ لە پشتەوە دەعمی دەکات و لەسەرەوەش نکۆڵی دەکات، ڕەتیدەکاتەوە دەعمی کردبێ، بەڵام پشتیوانیکردنی هاوسەرۆک بۆ لایەنە نزیکەکانی پەکەکە زۆر زەق بوو، ئەمەش لە ژیانی سیاسیدا هەڵەیەکی گەورەیە، بەو ڕوونیە، سەنگەر لە دووەم هێزی ناتۆ بگری. من سیاسی نیم، هیچ پێگەیەکی فەرمیم نیە، بەڵام ئەو جوڵانەی هاوسەرۆکم لە مێژە پێ سەیرە، ئایا ڕاوێژکاری نەبوو یاخود چی؟ گەر ڕاوێژکاری وردی هەبایە، دەعم کردنی لایەنە نزیکەکانی پەکەکەی بە نهێنی دەهێشتەوە و نکۆڵی لێدەکرد، چونکە ڕاستە ئێمەی کورد، هاوزمانی و هاونەتەوەیمان لەگەڵ پەکەکە، وایکردووە سۆزمان بۆی هەبێ، بەڵام لەدەرەوە هاوکێشەکە جۆرێکی ترە. ئێرانیش وەکو وڵاتێکی خاوەن ڕۆڵ لەناوچەکە، هەم لە ڕووی مێژویی، هەم لە ڕووی جوگرافیا و دراوسێیەتی، هەم لە ڕووی ئەمنی و ئابوریشەوە، بەرژەوەندی لەگەڵ یەکێتی یەکانگیرە، دەبێت ڕوونیش بێت، تا ئەم وڵاتە خاوەن هێز و پێگە بێت، ناهێڵێ یەکێتی و عایلەی تاڵەبانی بکەون. سەبارەت بە هاوپەیمانانیش، هەرچەندە ئەم کێشانە لۆکاڵی و محەلین بەنیسبەت ئەوانەوە، بەڵام چاویشیان لەسەریەتی، ڕەنگە زۆر کێشەشیان لەگەڵ ڕووداوەکانی سلێمانیدا نەبێت. دەکرێت بپرسین بۆ ؟ هاوپەیمانان لەگەڵ سەقامگیری هەرێمن، لەگەڵ ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتین، لەگەڵ یەکخستنەوەی پێشمەرگەن، بەڵام خیتابی سیاسی ئیعلامی هاوسەرۆک، لێرەشدا پێچەوانەی خواستی ئەوان بوو. هەمان هەڵەی گۆڕان ! بزووتنەوەی گۆڕان کاتێک دروستبوو، لەسەر ئاستی ناوخۆ هێندە بەهێز بوو، هێندە پشتیوانی جەماوەری هەبوو، یەکێتی و پارتی گیر هێنابوو، بەڵام دواجار سەرکەوتوو نەبوو. گۆڕان ڕاستە لە ناوخۆ پشتگیری جەماوەری بەهێز بوو، بەڵام پەیوەندیە دبلۆماسی و نێو دەوڵەتیەکانی لاواز بوو، نەیتوانی دەرەوە قەناعەت پێ بکات، کە بەدیلێکی باش دەبێت  بە لانی کەم بۆ یەکێتی،. بۆیە ئەمە خاڵێکی گرنگی شکستەکەی بوو، گەرچی هۆکاری تریش زۆرن، وەک کۆچی نەوشیروان مستەفا و زۆری تریش. لاهور شێخ جەنگیش هەمان هەڵەی گۆڕانی دووبارە کردەوە، بایەخی بە ناوخۆ و سۆشیال میدیا و زۆری تر دەدا، لە کاتێکا جوڵە زەقەکانی، دەرەوەی کردبووە نەیاری. لە کوردستانیشدا، هەر هێز و گروپ و لایەنێک بیەوێ باڵادەست بێت، دەبێت چەند بایەخ بە پێگەی ناوخۆیی بدات، دوو هێندە بە وڵاتانی دەوروبەر، بەوەی بەلانی کەم نابێتە مایەی مەترسی لەسەر بەرژەوەندیەکانیان.


گەشاوە جاف   کاتێک تۆ دەتەوێ بەهەموو بوونتەوە، لەژێر پەردەی مۆدێربوون و پێشکەوتندا خۆت دەشاریتەوە، لەسەر ستەیجی شانۆ بەدەیان سیناریۆی مرۆڤبوون نمایش دەکەی، هەر ئەوکات، دژە مرۆبوون بەیان دەکەی. مەبەستم ئەو ژن و پیاوانەیە کەمنداڵ درووست دەکەن و دەشیانەوێ لەژیانی تایبەتی خۆیاندا بژین لەپێش بەناو هاوسەرو هەروەها منداڵەکانیانەوە!. ئەم دیاردەیە بۆتە مۆدە لەئەمڕۆی کۆمەڵگای کوردی، پێش بەناو هاوسەرەکەت بیرت لە منداڵەکانت کردەوە چ کارەساتێکی دەروونیان ڕووبە ڕوودەکەیتەوە؟ بیرت لەڕووخانی کەسایەتی ئەندامانی خێزانەکەت کردوە یان چێژ بووە هۆی ئەوەی هەموو ئەولایەنانە وەلابنێیت و بێ ترس ئەوەبکەیت کە بە بۆچونت نیشاندانی ئازادی و ڕۆشنبیریتە لەسەر حسابی منداڵەکانت پێش هەموو کەس !!  بە بۆچوونی من ، هەرچیت دەوێ ئازادی بیکە بەڵام کاتێک جەسورانە بڕیاری وەلانانی خێزانەکەت دابێ بە جیابوونەوە زۆر شەرەف مەندانەترە وەک لەم گەمەنەگریسەی کە زۆر کەسی پێوە ماندوودەکەنو دەسوتێنن.........بۆیە هەمیشە دەیڵێم و دەیڵێمەوە هەرکەس منداڵی بوو مەرج نیە ناوبانگی دایک و باوکی پێ ببەخشرێت چون بەخشینەوەی ئەو نازناوە زۆر لەم جۆرە مرۆڤانە ناگرێتەوە بەداخەوە.... کاتێ چێژ باڵادەست دەبێت ، ئەوەی بیری لێناکرێتەوە منداڵە هەرزەکارەکانن بەتایبەتی لە و خێزانانەی مۆڕاڵیان داڕماوە و نە دایک دایکە لەبەر دۆستەکەی و نەباوکیش باوک لەبەر کار و چوونە دەرەوەکانی ، ئەمەش دەبێتە هۆکاری سەرەکی درووست بوونی بۆشاییەکی ڕووحی کە ژنەکان دەکاتە ڕاوچی ئەو پیاوانەی کە دەبنە هەڵگری هەست و نەستیان چون خودی خۆشیان لە بۆشاییەکی ڕووحی بەزۆر درووست کراودا دەژین . لەکاتێکدا منداڵێکی هەرزەکار ، بە کردەوەکانی یەکێک لە باوان کە ناپاکی بەامبەر ئەوی دی کردوە دەزانێ چ کارەساتێک ڕوودەدات، دوور لە ناووناوبانگ و کۆمەڵگا. دەبێتە برینێک هەمیشە خوێنی لێ دەچۆڕی بە تایبەتی لە گۆمەڵگای کوردی دا وە هەمیشە پیاوەکان چێژ و سەرکەوتنیشی تێدا بەدی دەهێنن . برسێتی بۆ سێکس مرۆڤەکان دەکاتە دڕندەترین جانەوەر گەر نەتوانن بەسەر هەستیان دا زاڵبن ، لەوەیە بڵێن سێکس وەک خواردن وایە بەڵێ هاوڕام بەڵام نەوسنی بۆ سێکس شتێکی دیکەیە بە بڕوای من ، هەر ئەوەشە وای لە هەندێ تاکی کۆمەڵگا و بەتایبەتی نووخبەکان کردوە بکەونە ژێر هەژموونی برسێتی نەک ڕاستگۆیی . نەفس گەر بیگری مشتێکە و بەری دەی دەشتێکە . ئازادی و ئازایەتی ڕۆشنبیری لەوەدانیە کەبەدگومانی بکەیت. جا چ ژن بیت یان پیاو مرۆڤەکان  گەر دڵنیابن لە هەنگاوێک کە بە درووستی ناویانە ، هەرگیز ناتوانن خۆیان بشارنەوە.وبێ دەنگی لێ بکەن ...هەموو مرۆڤێک بەر پرسیارە لە هەڵهێنانی هەنگاوەکانی . جا ڕووە و ئەرێنی یان نەرێنی یەکان بێت لە ژیان دا .هەرگیز هەنگاوێ مەنی لە پاش دا ببێتە هۆی پشیمانیت!!! ، چونکە  جێگای ئەو پەشیمانیە وەک برینێک لە ناختا هەڵدەکۆڵرێت ئەگەر بەڕووکاری دەرەوەشتەوەیان بە هیچ شوێنێکتەوە نەمێنێ دڵنیابە بە قووڵی بەسەر  ڕۆحتەوە دیار  دەبێ . و دەمێنێتەوە.....   لەندەن  


رێبوار كەریم وەلی كورد دەڵێ جام بشكێ، بەڵام نەزرینگێ! * ئەوەی ٨ تەمموز روی دا، رێك وەك هەڵبژاردنە مەحەلییەكانی پێش كۆنگرەی سێی یەكێتیی بوو، تاڵەبانی، نەوشیروان مستەفای پەڕوباڵ كردو چاوەڕێ بوو دوای ئەوە وەكو تەیرێكی مەعقولی دەستەمۆ لەناو یەكێتیدا بەردەوام بێت. * جامەكەی نەوشیروان مستەفاش زرینگا. * هەمووی چوار ساڵی نەبرد، لە هەڵبژاردنەكانی ٢٠٠٩ تەپڵی بە یەكێتیی ناو یەكێتی لێداو نەك جام، دەرگاو پەنجەرەی بە یەكێتییەوە نەهێشت. ئەوجا نۆرەی ئەو بوو كە تێكڕای یەكێتی بكاتە تەیرێكی مەعقول! * ئەوەی روی داوە كودتایەكە كە دەبوایە رۆژێك یەكێك لە هاوسەرۆكەكان بەسەر ئەوی دیكەدا هەر بیكات. كوڕەكانی تاڵەبانی پێگەی خۆیان لە هەولێر بەكار هێناو دەسەڵاتیان بردەوە ناو بازنەی بچوكی خێزانی. * لە هیچ شوێنێك ئەگەر باوك میراتگرێكی هەبێ، رێگەی نەداوە ئامۆزاكەی لەسەر ئەو میراتە دانیشێت! * كوڕەكانی تاڵەبانی ئێستا سەركەوتوون، بەڵام پێناچێ ئەوە درێژخایەن بێت. بە لابردنی (هاو) كەس نەبووە بە (سەرۆك) چونكە بەو (هاو)ەوە سەرۆك بوو! * ها لێرە بەدواوەش چی پۆخڵەواتی جیهازی ئەمنی سلێمانییە ئیتر دەبێ لە ئەستۆی بگرن‌و كەس ناتوانێ خۆی لە قاچاغی‌و سەرانەستاندن بێبەری بكات. * ئەوی كراوە لە كورت ماوەدا، رەنگبێ بە دڵی پارتیش بێت، بەڵام نەوشیروانەكەی ناو یەكێتی زۆر لە نەوشیروانەكەی سەر گردەكە بۆ پارتی باشتر بوو. بە هەموو لایەك نەوشیروانێكی كەللە رەق‌و سیاسییەكی تاڵەبانی ئاساتان لە خۆتان قیت كردەوە. * لێرە بەدواوە رەنگبێ (من) لەناو یەكێتیدا جێم ببێتەوە، بەڵام پێناچێ جێی لاهوری شێخ جەنگی ببێتەوە.  


عەدنان عوسمان چەند بەڕێزێک بەناوی ' تێکۆشەرانی دێرینی ئاڵای شۆڕش' کە نازانرێت ئەمە گروپە یا کەسە یا رێکخراو، لە وەڵامی ئەوەی ئاڵای شۆڕش خەنجەری ژەهراوی نەبوە، هیچ درێغیان نەکردوە لە زوڵمکردن و هێرش کردنە سەر گۆڕان و دامەزرێنەرەکەی. من وەک ئەندامێکی دێرینی ئاڵای شۆڕش، کە مایەی شانازیمە، ئەو بەرگریەی ئەو تێکۆشەرانەم لەسەر ئاڵا قبوڵەو ئێمەو مانانیش هەر بەو مەبەست و نیازە بەشدار بوین لەو جوڵانەوەیەدا. بەڵام ئەو هێرشە ناڕەواو بێپاساوەیان بۆسەر گۆڕان، دوبارەکردنەوەی هەمان نەفەس و عەقڵییەتی ناشرینکردنی ئاڵایە. بەکورتی ئەمەوێ بڵێم: یەکەم: نازانم ئەم بەڕێزانە چۆن مافیان بە خۆیان داوە بەناوی هەمو تێکۆشەرانەوە قسە بکەن؟ لانی کەم ئەبوایە یا ئاماژەیان بەناوی خۆیان بدایە وەیا بنوسرایە بەشێک لە تێکۆشەران. دوەم: من وەک هەڵسوڕاوێکی بەشداربوو لە دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕان و پاش نزیک بە دە ساڵ کارکردن تیایدا کە مایەی شانازیمە، سەرتاپای ئەو بوختانەی ئەو بەڕێزانە رەد ئەکەمەوەو پێم وایە گۆڕان، لانی کەم تا پێش مەرگی کاک نەوشیروان، جوڵانەوەیەکی سیاسی ئیسڵاحی کاریگەر و خاوەن دیدگا بوە. ئێستا لە چ پێگەو بەرەیەکە ئەوە پەیوەندی بە منەوە نیە. سێیەم: تەمەنی ئاڵای شۆڕش لە ۱۹۹۲ کۆتایی پێ دێت. گۆڕان لە ۲٠٠۹ دروست ئەبێت بە بەشداری سەدان سەرکردەو کەسایەتی ناسراوی کۆنە ئاڵای شۆڕش و خەڵکی تر. سەیرە لە ئێستادا بەناوی رێکخراوێکەوە کە نزیک بە سی ساڵە کۆتایی هاتوە، بڕیاری سیاسی لەسەر جوڵانەوەیەکی تازە بدەیت، بەبێ هیچ رێزگرتنێک لە هەستی ئەو سەدەها ئاڵای شۆڕشەی بەهەمان نییەتی جارانەوە بەشداریان لەم بزوتنەوەیەش کرد. دواجار ئەڵێم نە ئاڵا خەنجەری ژەهراوی بوو، نە گۆڕانیش بۆ لوشین و کەرتکردنی یەکێتی دروست بوو. ئەم جۆرە ئەحکامانە یەک سەرچاوەیان هەیە کە بڕوانەبونە بە بیروڕاو دیدگای جیاواز.


بەهرە حەمەڕەش   دەگێڕنەوە، رۆژێک لویسی شانزەیەم/ 1754 ــ 1793 لە حەوشەی کۆشک پیاسەی دەکرد. سەربازێکی بینی لێی پرسی: کاری تۆ چییە؟ سەربازەکە بە پەشۆکاوی وەڵامی دایەوە: قوربان نازانم. ئەفسەری گارد پێی گوتم، کە لێرە پاسەوانی بکەم. ئەفسەریان بانگکرد، کە بۆچی ئەم سەربازە لێرەدانراوە؟ ئەفسەری کۆشک گوتی: کاتێک من گواسترامەوە بۆ ئێرە بەرپرسی گاردی کۆشکی، ئەو کاتە خشتەی دابەشکردنی ئەرکەکانی پێدام ئەوەبوو، کە سەربازێک لێرە ئەرک ببینێ. دایکی لویس، کە گوێی لەم باس و خواستە بوو گوتی: کوڕم وازبێنە، من دەزانم هۆکارەکەی چییە. ئەو کاتەی تۆ سێ ساڵان بووی باوکت ئەو دیوار و کورسییانەی بۆیاخ کرد. فەرمانیکرد پاسەوانێک لێرە دابنێن تا تۆ لێرە دانەنیشی و جلەکانت بۆیاخاوی نەبن. واتە لەو کاتەوە نزیکەی چل ساڵ تێپەڕیوە، بەڵام هەموو بەیانییەک سەربازێک لە وێدا ئەرک دەبینێت، بەبێ ئەوەی بزانێت بۆچی لەوێیە؟ بەرهەمی چییە؟ کێ سود لەم رۆتینە دەبینێت؟ ئەمە وەک دەسەڵاتی تاک و رەها کاتێک مرۆڤەکان لە ناویدا دەچەوسێنرێنەوە و ئەرکی بێ ئامانجیان پێدەسپێردرێت. لە سەردەمی زوودا، خەڵک سودی لە حوشتر و وڵاخ بۆ هات و چۆو بازرگانیکردن بینیووە. کاتێک ویستوویانە لە شارێکەوە بڕۆن بۆ شارێکی تر چەندین رۆژیان پێچووە، عەقڵێک هات ئۆتۆمبیلی دروستکرد بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر ئەم کات و رۆتینەی گەشتکردنی کورتکردەوە، بەڵام مرۆڤایەتی هێشتا پێیوابوو، پێویستی بە کورتکردنەوەی سنوری نێوان وڵاتانە. بۆ ئەوە فڕۆکەی داهێنا و ئێستا بووەتە ئاسانکاری بۆ هەموو مرۆڤایەتی. لە کاتێکدا وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، خۆیان لەم تەکنەلۆژیا خێرایەی، کە سنوری نەهێشتووە سودمەندن، بەڵام بۆ هێشتنەوەی خەڵک لە ناو بازنەی دواکەوتوویی و سەرقاڵکردنیان بە رۆتین بۆیە چوونت بۆ ناو دەزگایەکی ئاسایی، بە قەد چوونت بۆ فڕۆکەخانە و بڕینی سەدان کیلۆمەتر سەختترە، چونکە ئەو عەقڵیەتە روکەشییەی، کە بەڕێوەبردنی دراوەتە دەست، گەورەیی و خۆسەپاندن لەم سەختگیرییەدا دەبینێتەوە و کەموکورتی ناواخنی پێ پڕدەکاتەوە. رۆتین لە وڵاتانی دواکەوتوو لە رێکخستنی کارەوە، بووەتە کات کوشتن و کات بەسەربردنی بێ ئامانج. لە بەرهەمی کارەوە بووەتە رواڵەتی بێ سود. لە کاتێکدا عەقڵیەتی پێشکەوتوودا، سەرنچ لە سەر کەمترین تێچوو لە رووی کات، شوێن و ماددە وە بۆ زۆرترین بەرهەم چڕکراوەتەوە. سود لە تەکنەلۆژیا وەک کەمکردنەوەی خەرجی، کورتکردنەوەی رێگاکان و خێرایی لە بەرهەمهێنان بینراوە. بە پێچەوانەوە لە وڵاتانی دواکەوتوو و لە ناوبازنەی عەقڵیەتی چەقبەستوو ــ رۆتین، وەک پیشاندانی هێزی بازوو و دەسەڵات شکان بەسەر دەوروبەردا رەفتاری پێوە دەکرێت. تەکنەلۆژیا بەهۆی رۆتینەوە، کەڵکی ئاوەژووی لێوەرگیراوە و بووەتە هۆکارێکی دیکەی کات کوشتن و رێوشوێنی ناپێویست، چونکە لە بنەمادا ئەو عەقڵیەتەی، کە دەیەوێ درێژە بە رۆتینی بێ ئامانج بدات، بێ ئاگایە لە پێشکەوتنی دنیا لە رووی ناواخن و بەرهەمەوە، لە رواڵەتەوە بۆ رواڵەت دەڕۆن و دەشیانەوێ هەر لە رواڵەتدا بمێننەوە. ئەمەش لە عەقڵی بەرەو پێشەوە، دەچێتە عەقڵیەتی ناوبازن و لە دۆخێکدا دەخولێتەوە. ژیانی بێ پڕۆژە و نەخشەرێگا، جۆرێکە دەکەوێتە ناو جەستەی رۆتین. توانای کەسەکان لە چوارچێوە دەدرێت بە جۆرێک، کە ئەوەی لە سنوری عەقڵیەتی رۆتین تێپەڕێ بە مەترسی دەزانرێت. هەڵبەتە کارکردن سەرچاوەی نەهێشتنی رۆتینە، کە مرۆڤ ئامانجی بەرهەمهێنان بێت، هەموو عەقڵەکان بۆ بەرهەمهێنان و پەرەدان بە پێگەیشتن و پەروەردەکردنی مرۆیی دەخرێنە گەڕ، بەڵام ئەو کۆمەڵگایانەی، کە تەنیا لە سەر سامانی سرووشتی/ موچە دەژین، دامەزراندن و موچەش تەنیا لە پێناو موچە وەرگرتن بێت، لێرەوە کات نرخی خۆی لە دەستدەدات. لە دروشمی(هەموان کار بکەن بۆ ژیانێکی باشتر)ەوە، دەبێتە (هەموان کار مەکەن بۆ باشترکردنی ژیانی چەند کەسێک). ئەمجۆرە کۆمەڵگایانە، هەمیشە کات وەک کراوە دەهێڵێتەوە کاتێک باس لە وادەی تەواوبوونی پڕۆژەیەک یان بنیاتنان و ئەنجامدانی کارێک دەکرێت دەڵێن (کاتێکی تر، ماوەیەکی تر هتد...)، لە جیاتی ئەوەی بڵێن (سی رۆژی تر، کاتژمێر چوار، چوار ساڵیتر) ئەمجۆرە لە وادە دانان دەکەوێتە ناو جەستەی بەرەڵڵا واتە کات، کار، رۆژ گرنگ نییە. تێنەگەیشتن لە فەلسەفەی بەڕێوەبردنی کار لە کاتی گونجاو، ناتوانێ درک بەوە بکات، کە ئەگەر کاتژمێر، ساڵنامە و ناوی رۆژانی هەفتە نەبوایە، چۆن دەمانتوانی رەفتار بکەین و لە گەڵ یەکتر بژین و کارەکانمان رایی بکەین؟ بۆ کۆمەڵگەیەک، کە لە سەر رۆتین دەژیت، ئەم سێ پێکهاتەیە تێکەڵ و بێ واتا دەبن، لێرەوە کارەکان دەبنە رۆتین و دەچنە قۆناغی متبوون. ئەو مرۆڤانەی، کە ئیش دەکەن و لە سەر بەرهەمی کاری خۆیان دەژین، بۆ پێشخستن و داهاتی کارەکە هەمیشە گرنگی بە چاککردن و راستکردنی نەخشە رێگای ئیشەکە دەکەن، بەڵام لای ئێمە زۆربەی خەڵک لە سەر داهاتی بەرهەمی کەسیی خۆی ناژیت، بەڵکو لە سەر موچە و داهاتی جیاواز/ سامانی سروشتی دەژیت، کە بەرهەمی عەقڵی خۆی نییە. ئەمەش دەبێتە بارگرانییەکی تر بۆ کۆمەڵگە. کاتێک لە شاردا، کە کارگە و کرێکار پەیدابوون، دووشت گرنگبوون، جلی ئیش و سەعاتی کار، بەڵام لە شوێنێک، کە نە کرێکار و نە کارگە هەبێت لێرەدا، کە ئیشی دەست کەمبوو کار لە سەر ئیشی عەقڵ دەکات، بۆیە رۆتینی دەست و مێشک تێکەڵ دەبن. تا دەگاتە کۆمەڵگەیەکی بێ کەڵک و تەمبەڵ. تاکێک لە وەها کۆمەڵگەیەک، کە مێشکی بۆ پلانی کار و دەستی بۆ جێبەجێکردن نەبێت، دەست و مێشک لە بوار و ئامانجی هەڵە بەکاردێنێت. بۆ نموونە (کاتێک لە بێ ئیشی دەچینە ناو ژیانی یەکتر و شتی سەیر و سەمەرە لە بواری کار داواکەین). ئەم بیرکردنەوە پاسیڤە لە تاکەوە تا دەگاتە کۆمەڵگەیەکی پاسیڤ بەرهەم دێنێت. ئەمەش وادەکات، کە لە مجۆرە کۆمەڵگەیە سیمبول، پیرۆز و ئینتیما بۆ خاک و دۆز نەمێنێت، ئەمەش دەکەوێتە ناو گەندەڵی پرەنسیپ و هزر. ئەم مێشکە خاوە، تەنیا هزر و داهات و بەرهەمی ئامادەکراو دەکات قبوڵ دەکات. لێرەوە ئەو هزر و مۆدێلانەی، کە دێن چەند کۆنن یان لە خزمەتی کێن، کەس پێی گرنگ نییە، سەرمایەی مرۆیی دەکەوێتە چ دۆخێک لەم رەوشە گرنگ نییە، خۆراکی بەسەرچوو بۆ کەس گرنگ نییە، ئەمەش وادەکات لە کۆمەڵگەیەکی بەشداری ئەکتیڤ، بگەیەنێتە بینەرێکی تەمبەڵ. ئەوەی ئەمڕۆ لە کوردستان دەبینرێت، بە داخەوە لە چوارچێوەی ئەم تابلۆیەی کە باسمان کرد دەخولێتەوە. لێرەوە لە جیاتی خەڵک پڕۆژەی هەبێت بۆ چاککردنەوە هزری تێکدەر بڵاو دەکەنەوەو عەقڵیەتی پاسیڤ دەیەوێت جۆرێک لە مۆدیکی کۆیلایەتی بەرهەم بهێنێتەوە. بەشێکی تری خەڵک لە جیاتی رەخنە لە کەموکورتییەکانی دەسەڵات بگرێت، پینە و پەڕۆی بۆ دروست دەکات، لە کاتێکدا ئەوە خزمەت بە خودی دەسەڵاتیش ناکات و وای لێدێت بەرەو چاڵەکە بیبات. لێرەوە خەڵک لە جیاتی بۆ ژیان بژیت، بۆ مردن دەژیت. کەواتە وزەی رەش سەردەستی وزەی گەش و دوارۆژ دەبێت. ئەمەش کۆمەڵگەیەک دروست دەکات، کە بێ ناونیشان و ئامانج دەبێت. پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە، کە ئەم رەوشە ئێمە باسی دەکەین شایستەی ئەوەنییە، کە ناوەندی لێکۆلێنەوە و ستراتیژی بۆ دروست بکرێت بۆ گەڕان بەدوای رێگاچارەیەک، کە بۆ راگرتن و گەشەپێدانی ئەم رەوشە، کە بەداخەوە بەرەو بێ هودەیی دەچێت. یەکەم هەنگاوی چارەسەرکردنی کێشەکە راستکردنەوەی دسپلین و پرەنسیپەکانە. ئەو عەقڵانەی، کە بیر دەکەنەوە بە داخەوە بە حەز یان ناحەز زانان یان نازانا زۆربەی هەرە زۆریان پەراوێز خراون و دەرگا لە هزر و عەقڵ و بیر ناکرێتەوە،، ئەمەش وادەکات، کە مرۆڤی ناشایستە شوێنی شایستە بگرێت. بۆیە زۆر بێهودەیی دەبێت، کە چاوەڕوانی بەرهەم و ئەنجامی باش لە وەها دۆخێک بکەین، بێ ئەوەی لە شوێنێکەوە کار بۆ چاککردنەوە بکرێت. بە پێچەوانەوە دەبێ بڵێێن هەر ئەمساڵ خۆزگەم بە پار.


جەواد سەعید   ئەگەرچی ژیانی سیاسی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان پڕە لە ململانێی و ئینشیقاق، هیچ کۆنگرەیەکی بێ کێشەو تەکتول بەڕێنەکردووە، بەشێکی زۆریش لە کێشەکان جیاوازی فکرو فەلسەفەی سیاسی لە پشتەوە بوون. لە کۆنفرانسەکانی کۆمەڵەو کۆنگرەکانی یەکێتیی کادری بەتوانا و نەوعی بەشدارییان تێدا دەکردو گفتوگۆی جدیش لەسەر کۆی تەوەرەکان دەکرا، گەرچی دەردەکانی یەکێتییان پێ چارەسەر نەدەکرا بەڵام بەهێشتنەوەی هەیبەت و براندی خۆیەوە کۆنگرەی ئەنجامدەدا. کۆنگرەی چوار، کۆنگرەی بێ مامجەلام (روحی شاد بێت)، کۆنگرەیەک بوو هیچ پرنسیپ و بنەماکانی کۆنگرەی تێدا بەدینەکرا، تاکە کۆنگرەش بوو لە مێژوی یەکێتییدا بەبێ گفتوگۆ تێپەڕێت و پارسەنگی هێز ئاوا بە ڕەهایی بەلای لایەکدا بشکێتەوە. بەشی زۆری ئەندامانی کۆنگرەی چوار نەک هەر بێ تەجروبە بوون ئینتیمای نیشتیمانی و حزبییان لە دەستدا بوو، هەندێکیان لە بازاڕی کڕینی ویژدانەوە هێندرابوون. بەشی زۆریان تەنیا ڕستەیەکیان دەزانی یەکێیتی نوێ دەکەینەوەو پڕۆ پارتییەکان دەردەکەین، بێ ئەوەی بزانن میکانیزمی نوێبونەوەی حزب چۆن و چییە، بۆیە ئەو سەرکردایەتییەیان پێکهێنا کە لەماوەی هەژدە مانگدا جگە لە زیادکردنی موچەی خۆیان پەنجەیان لەسەر برینێکی یەکێتیی دانەنا وشەیەکیشیان لەسەر سیستەمی حوکمڕانی و ژیانی حزبایەتی و گوزەزەرانی خەڵک باسنەکرد. ئەوکات پێچەوانەی هەڤاڵەکانم پێموابوو ئەم کۆنگرەیە ئایندەی یەکێتیی و کوردستان بەرەو دۆخێکی مەترسیدار دەبات، برینەکانی جەستەی کورد دەکولێنێتەوە و کێشەکانی یەکێتییش زیاتر دەبن. یەکێک لە دروشمەکانی پێش کۆنگرەو پاش کۆنگرە، دژایەتی پارتیی بوو، وەکو ئەوەی پارتیی ڕێگر بێت لەبەردەم گەشەی یەکێتیی، ئاخر چۆن دژایەتی پارتیی بە هەمان کەرەستەی پارتیی دەکرێ؟ بۆچی لەبری دروشمی دژایەتی، دروشمی ئازادی و دیموکراسی و خزمەت نەبێت؟ ئەم دروشمە ڕەنگە تەنیا لەناو میللەتانی دوواکەوتوو و پڕلە کێشە مابێت! دەنا چۆن حزبی سیاسی لە ڕێگای خوێنڕشتنەوە گەشە دەکات؟ حزبی سیاسی لە ڕێگای ململانێی تەندروست و پلان و پڕۆژەی خزمەتگوزاریەوە گەشە نەک داهێنانی ڕق، لە ڕێگای دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانی تاکی کۆمەڵگا گەشە دەکات نە لە ڕێگای دروشمی ڕووت، لەڕێگای باشکردنی سیستەمی پەروەردەو تەندروستی گەشە دەکات نەک دواکەوتویی و کۆیلایەتی، بۆیە ململانێ لەگەڵ پارتییدا تەنیا بەدابینکردنی خزمەتگوزاری باشترو دروستکردنی کۆمەڵگایەکی خۆشگوزەران و یەکسان دەکرێت. گەورەترین هەڵەی یەکێتیی لە کۆنگرەی چواردا داهێنانی سیستەمی هاوسەرۆکی و هەڵبژاردنی ئەو سەرکردایەتییەو ئەو زۆری و بۆریە بوو، سروشتی دوو سەرۆک لەدواجاردا دوو ئاراستەی جیای لێدەکەوێتەوە، سەرکردایەتییەکی زۆرو بۆر هەر ئەوە ئەنجامەکەی دەبێت کە بینیمان. لە هەمووی سەیرتر ئەوە بوو کە هەندێکیان دەیانوت ( لەسەر ڕێبازی مام بەردەوام دەبین) بێ ئەوەی نە وشەیەک لە (مامجەلال)وە فێربوبن و نە بزانن ڕێبازی مام چییە. مام بەدرێژایی ژیانی سیاسی عەیبەیەکی شەخسی هاوڕێکانی بڵاونەکردەوە کەچی ئەمانە لە ڕێگای هەڕەشەو بڵاوکردنەوەی شتی شەخسی هاوڕێکانیانەوە سەرکەوتن، مام هەمیشە دەیگوت تا کوردێک مابێت کەرکوک خاکی کوردە و کوردستانییە کەچی ئەمانە دەڵێن خۆ کەرکوک کوردستانی نییە، مام کەشێکی ئارامی لە کوردستان دروستکردبوو کەچی ئەوانە ئەوەشیان تێکدا!! مام هەمیشە بەوەفا بوو لەگەڵ هاوڕێکانیدا، هەرگیز هاوڕێ تێکۆشەرەکانی پەراوێز نەدەخست، سەرباری هەموو ناکۆکییەکان، لەگەڵیاندا هەڵی دەکردو بەرپرسیاریەتی پێدەسپاردن، کەچی ئەمانە هەموو هاوڕێ تێکۆشەرەکانی مامیان وەلا ناو یەکێتییان داماڵی لە تێکۆشەرەکان. ئەمانە هەموو جولەی ناسیاسی و بەهەند وەرنەگرتنی واقیعی ناو یەکێتیی و کوردستان بوو. ئەگەر ئەم سەرکردایەتییەی بەرهەمی کۆنگرەی چوار دۆخی ناو خۆی یەکێتیان باشبکردابایە، ئەمنییەتی سلێمانیان باشتر بکردابایە کە چەقی هێزی ئەوانە، عەدالەتی و دیموکراسییان بۆ ناو حزب دەستەبەر بکردایە و هاوسەنگییان لەگەڵ تێکۆشەرەکان دروستبکردایە ئەوا ئەوەی ٨ی ئەم مانگە ڕوویدا، ڕووی نەدەدا. لەدوای کۆنگرە، بێسەروبەری و قاچاغچییەتی لە سلێمانی ڕووی لە هەڵکشان کرد بەجۆرێک کە تیمی یەکێتیی لە حکومەت ئیحراج کردبوو، تاکار گەیشە ئەوەی کوڕە بچوکی مامجەلال لە یادی باوکیدا، وتی باوکە گیان دۆخی کوردستان زۆر خراپە، دزو قاچاغچییەکان ناڵێن چاکسازی بکەین. پرسیارە جدییەکە ئەوەیە ئایا لە ئێستادا کوڕانی مام هاوسەنگی لەگەڵ جەمسەرەکانی ناو یەکێتیی دروستدەکەن، خەڵکانی دڵسۆزو پاک و بەتوانا لە ناو حزب و حوکمڕانیدا بەشداری پێدەکەن، خەڵکە تێکۆشەرو بە تەجروبەکان دهێننەوە ناو کایەی سیاسی، چاکسازی و پاکسازی لە حزب و حکومەتدا دەکەن و ژیان و گوزەرانی خەڵک خۆش دەکەن یان هەمان سیناریۆی پێشتر دووبارە دەکەنەوە و لە هەمان بازنەی پڕ لە کێشە دوخولێتەوە؟



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand