Draw Media

ئێرانێکی چۆنمان بینی ئەمڕۆ ؟

ئێرانێکی چۆنمان بینی ئەمڕۆ ؟

2021-08-05 18:16:55


ئاسۆ عەبدوللەتیف 

ئێران بەدەر لە ڕەهەندە دینی و مەزهەبیەکەی حوکمڕانییەکی ستراتیژیی قوڵی حەوزەی دەستەبژێر پەیڕەو دەکات. بەرمەبنای ئەو توراس و ترادیسیۆنە کلاسیکە هەزار ساڵەی ڕابردوو، هیچ پێی شەرم نیەو بگرە ئەوە بە هێزو ماکی مانەوەی خۆی دەزانێت و سەرباری ئەو هەموو قەیرانەی هەیەتی وەک خەڵک سالاریی وێنای دەکات.

ئەمڕۆ ئیبراهیم رەئیسی لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی وەک سەرۆک کۆماری نوێ، بە وێنەی مۆدێلێکی تازەی سیاسەتکردن و حوکمڕانیی خۆی مانیفێستکرد کە گوزارشت بوو لەو ئێرانە قەدیمییە، ئەمریکاش وەک ڕکابەری سەرەکی ئەم دەوڵەتە خوازیاری ئەوەیە ئێران نەڕوخێ و میتۆدەکەی ئاوا بگۆڕێت بەرەو ڕەچەڵەکە کلاسیکییە کۆنەکەی، نەک ئێرانەکەی ئێستای شیعیزمیی نوێ کە هەڕەشە بێت بۆ ئازادی و دیمەکراسی و بەرژەوەندی هەندێک دەوڵەت و بزوتنەوەی توندڕەو، ئێران بەو هێزە میحوەرییەی کە هەیەتی لەناوچەکە یەك جولەكەو ئەوروپایی و کریستیانێک لەخۆی توڕە ناکات و نەیکردوە، هەموو مەعبەدو پەرستگاو دێر و کڵێساکانیشیان دەپارێزێت، هەموو وەزیرەکانی ئەم کابینەیە باکلاس و قسەزان و سەربە تەریقەت و کەلتوریی ڕۆژئاوایی و مەدرەسە هاوچەرخەکانن، ڕەنگە ئێران ئیتر خەریکی چاککردنەوەی هەموو پەیوەندیە دەرەکیە شکاوەکانی بێ و باشتر فۆڕمەڵەی خۆیان بکەنەوە کە بگونجێت لەگەڵ گوتاری سەردەم و بەتایبەت سەروەری وڵاتان و هاوسێکانی و تیمی دانوستانکاری جۆبایدن.

ئێران ئەمرۆ سەنگ و پێگەی راستینەی گەڕاندەوە بۆ هەرێمی کوردستان بە ڕێزگرتن و بەرزکردنەوەی پەرچەم و ئاڵای کوردستان لە ئێستاو سەردەمی کۆماری مهاباد، ئەوە گۆڕینی میتۆدەو ڕوانگەیەکی جدییە بەرەو تۆلێرانس و کرانەوەو گەڕانەوە بۆ ژێر چەتری ئیمپراتۆریەتی ئێرانی کۆن و دەستگرتن بە فرە کاڵچەریی و فرە نەتەوەیی و ئازادیی نەژادیی، بۆیە هەرێمی کوردستان با بچوک و بێ دەوڵەت بێ ئەو وەک دەوڵەت مامەڵەی لەگەڵ دەکات و دێتە پێشوازی پرۆتۆکۆلیی و شەرەفیانەی سەرۆکەکەی، ئێران هەمیشە هەرەشە دەکات لێ هەڕەشەکان دەلالەتی زمانی و مەجازییان هەیەو میمبەری تەرخان کردوە بۆ گوتاریی زبری میدیایی و مەیدانەکانیش بۆ دیبلۆماسیەتی نەرم و سیاسەتکردن و ئاهەنگ و گفتوگۆو دانوستانی ئاشنایان. 

کاتی خۆی كۆتایی خێڵی بەنی قورەیزەی جولەكە لە ساڵی پێنجی كۆچی لەلایەن قورەیشییەكانەوە، شیعە نەك خۆی لێ بێ بەری دەكات بەڵكو تا ئێستاش ئەهلی سوننەو جەماعەی پێ تاوانبار دەکات، شیعە هەڕەشە دەکات وەلێ نایباتەسەر، ئەوەش عەقڵانیەت و ستراتیژیی حوکمڕانییە، سوننە بەبێ هەڕەشە ڕەشەکوژو چاوترسێنت دەکات، ئەوە جیاوازیەکەی شیعەی ئێرانییە لەگەڵ سوننەو شیعەکانی عێراق و ناوچەکە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand