شیلان رۆوف ئەنگێلا مێرکل (ژنی ئاسنین) یەکێکە لەو سیاسییە مێینانەی کە جێ سەرنج وتێڕامان بووە لام هەر وەک چۆن جێگەی سەرنج وگرنگی تایبەتی بەشێکی بەرچاوی دانیشتوانی ئەم زەمینەیە بەتایبەتتریش ئەو کەسانەی تاقەت وحەوسەڵەی بابەتە سیاسیەکانیان هەیە، بەڵام ڕاشکاوانە دەڵێم بەدرێژایی ساڵانی سەرکردایەتیکردنی ئەڵمانیا لەلایەن ئەم خانمەوە هاوتەریب لەگەڵ سەرکردایەتیە سەرکەوتووەکەیدا بۆ دەوڵەتەکەی ونەتەوەکەی، ئەوەی زیاتر جێ سەرنجی من بووە ئەوەیە مێرکل هەرگیز مێینەبوونی خۆی نەکردە ئامڕاز بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی لەبواری سیاسی ودەوڵەتداریدا، هەرگیز ڕوخسار ولەش ولار نەبوونەتە ئامڕازی دەستی بۆ جێکردنەوەی لەنێو دڵ ومێشکی دانشتوانی دەوڵەتە مەزنەکەیدا. ڕاستی مێرکل بوون پەروەردەکردن وخۆپەروەردەکردن وخۆدەوڵەمەندکردنە بە ڕۆشنبیری ومەعریفە، تێڕامانە لەفەلسەفەی حکومداری وخزمەتکردن ولەئەستۆگرتنی ئەرک وپۆستی گشتی، تێڕامانە لەئامانجی ئەرک وپۆستی گشتی، ئەوپەڕی تێگەیشتنە لەوەی دەسەڵاتدارەکان تەنها ئامڕازن بۆیە ئەم ئەڕوات وئەوی دی دێت. ئەدی کە دەسەڵاتدار ئامڕاز بێت چی ئامانجە؟ دامەزراوە ئامانجە، ناوبانگی دامەزراوە ئامانجە، خزمەتی گشتی ئامانجە، چاکەی گشتی ئامانجە ..... . هەر بۆیە: ئەگەر لەو فەرمانڕەوا (دەسەڵاتدار، ڕابردوو یان ئێستا)یانەی کە: شوێنی نیشتەجێبوونت شوێنی نیشتەجێبوونی هاوڵاتی ئاسایی نییە. خاوەنی ڤێلا وباخ وسەروەت وسامانی بێشوماری بێ ئەوەی ئارەقت بۆ ڕشتبێت. چەندەها پاسەوانی ئاشکرا وشاراوەت هەیە سەرباری ئەوەش پێنج خولەک بوێری گوزەرکردنت نییە بەشوێنێکی میللی‌دا. لەسۆپەرمارکێتەکەی نزیکی ڤێلاکەشت کاڵایەک ناکڕیت. ڕێز لەیاساکان ناگریت کەپەرلەمانتارانی حیزبەکەی خۆت پشکی شێریان هەبووە لە دەرچواندنیدا. کە بەسەر شەقامە گشتییەکاندا دەڕۆیت خەڵک کۆنابنەوە وتامەزرۆی بینینت بن وبەچەپڵەڕێزان پێشوازیت بکەن، بەڵکو کاروانی ئۆتۆمبێلەکانت تەنگ بەبەکارهێنەرانی شەقامە گشتییەکە هەڵئەچنن تا ڕێگە خێراکەت بۆ چۆڵبکەن وزوو تێپەڕیت، ئەمە لەباشترین حاڵەتدا دەنا دەکرێت ڕۆنگ ساید بڕۆیت وئەم سەرپێچییەشت لەڕێگەی لایەنی پارێزگاری یاساکانی هاتوچۆوە ئەنجامبدەیت. متمانەت بەوە نییە لەڕێگەی هەڵبژادنەوە کورسییەکەت بەدەستبێنیتەوە هەر بۆیە کە ویلایەتەکەت نزیکی تەواو بوون ئەبێتەوە هەر بە زۆر کورسییەکەت چۆڵ ناکەیت وئەگەڕێن بەدوای چەندین فێڵی یاسایدا بۆت تا مانەوەت مسۆگەر بکەن. خێر‌و بێری دەسەڵات تەنها خۆتی نەگرتۆتەوە بەڵکو چەندین پشتی دوای خۆشت بێبەش نەکردووە. نەخۆشخانەکانی مەملەکەت جێگەی چارەسەرت نییە. قوتابخانە وزانکۆکانی مەملەکەت جێ متمانەت نییە. گونجاوترین وسادەترین بژاردە لەلات بەکارهێنانی چەک وهێزی چەکدارە ...... . ئەوا مافی سەیرکردنی مێرکلت نییە وەک ڕابەرێکی ناوازەی سیاسەت ودەوڵەتداری وگۆرانی وتن بەباڵایدا. ئەگەر لەو فەرمانبەسەردا کراوانەی کە: لەجێگای خۆت بێ دەنگ وبێ هەڵوێست دانیشتویت وتوانا وبوێری داواکردنی مافی گشتی وتەنانەت مافە تایبەتییەکانی خۆشت نییە. هێندە بەهێز دەستت بەکڵاوەکەی خۆتەوە گرتووە تەنانەت ئەگەر یەکە یەکە بەبەرچاوتەوە مافەکانیشت قوت بدەن دەستت لەکڵاوەکەت نابێتەوە وبگرە بەهێزتر دەستی پێوە ئەگریت تا "با" نەیبات، کە دڵنیابە نۆرەی کڵاوەکەی تۆش دێت وئەو "ڕەشە با"یە هەر لێت ئەڕفێنێت. ئەوا مافی سەیرکردنی مێرکلت نییە وەکو نموونەی باڵا. ئەگەر لەو سیاسیە مێینانەی کە: مێینەبوونت کردۆتە ئامڕاز بۆ گەیشتن بەئامانجەکانت. نازکردن وخۆناسکردنەوەت کردۆتە چەکی دەستت. جل دووبارەکردنەوەت کردووە بە یاساغی ژیانت. کە پۆست وپلەشت وەرگرت پڕۆژە چاکسازیەکانت لەچاکسازیکردن لەڕووخسار ولەش ولارتەوە دەست پێئەکەیت. ئیدی بوارت نامێنێتەوە بۆ ماڵ ومنداڵ وچێشت لێنان وبەڕێوەبردنی ماڵ ومیوانداری وخزمەتکارەکانت لەبری تۆ ئەم ئەرکانەت بۆ ئەنجامدەدەن وتەنانەت ئەوانیش منداڵەکەت ئەبەن بۆ شوێنەکانی تایبەت بەیاری منداڵان وجەوی پێئەگۆڕن. ئەوا مافی باسکردنی مێرکل وبەشان وباڵ هەڵدانیدات نییه وهەرگیز ڕێگەی بەراوودکاری بەخۆت مەدە لەنێوان خۆت ومێرکلدا. ئەگەر لەو ئەکادیمییە سیاسییانەی کە: پشتت کردۆتە هەموو ئەو بیردۆز وبنەما وبەهایانەی کەساڵانێک وەکو وانە بەفێرخوازانت وتۆتەوە یان لەخۆپیشاندان وبۆنە وکۆبونەوەکاندا هاوارتکردووە بۆیان وداوای پابەندبوونت کردووە پێیانەوە، بەڵام کە پۆست وپایە وپلەت وەرگرت واتکرد خەڵک گومان بخاتە سەر خودی ئەو بیردۆز وبنەما وبەها جوانانە. ئەوا مافی باسکردی مێرکلت نییە وەکو ئەکادیمییەکی دەوڵەتمەداری سەرکەوتوو. لەکۆتاییدا گوتەی یەکێک لەخوێندکارەکانم لەپارساڵی خوێندندا وەکو نموونەیەک بۆ تێڕامان وهەڵوەستە لەسەرکردن ئەخەمە بەردیدی خوێنەری بەڕێز، کە دڵنیام گوزارشتە لە واقیعی بینراو وبەرجەستەکراوی ژیانی کەسی سیاسی ودەوڵەتمەداری ڕۆژهەڵاتی بەگشتی وەکوردستانیش وەکو بەشێکی ئەو پێگە جوگرافییە. پارساڵی خوێندن (2019-2020) بەئامانجی ناسینی (ئەنگێلا مێرکل) وجوڵاندنی بیری خوێندکارانی قۆناغی یەکەمی زانکۆ بۆ بەراوردکارییەک لەنێوان مێرکل وفەرمانڕەوایانی پێگە جوگرافییەکەی خۆماندا، دوو وێنەی جیاوازی مێرکلم بۆ نمایشکردن لەسەر شاشەی هۆڵی خوێندنەکە، ئامانجم ناساندنی بوو بەئەوانەیان کە نایناسن یان دەرفەتیان بۆ نەڕەخساوە وە باشتر ئاشناکردنیشی بوو بەئەوانەیان کەئەیناسن، خوێندکارەکانم بەشێوەی گروپ دابەش کرد وهەندێک لەژیانی مێرکلم پێخوێندنەوە وەکو بەشێکی کتێبی: "الوجه اڵاخر لزعما‌و حكموا العالم/گاهر شلبی"، دواتر داوام لێکردن هەر تیم وگروپێک بەجیا دوای دەردەشەکردنی بابەتەکە لەنێوان خۆیاندا بەپێی تێگەیشتنی خۆیان ناوەڕۆکی ئەوەی خوێندیانەوە پێمانبگەیەننەوە، ئەوەی لەم چیرۆکە گرنگە ئەوەیە لەو کاتەی بەرەو کۆتایی گفتوگۆکردن ئەڕۆیشتین دەربارەی مێرکل، یەکێک لەخوێندکارەکان بەشداریکردوو وتی: مامۆستا "سیاسی" چۆن وا ئەبێت بۆ خاتری خوا!!! بەڕاستی ئەم ئازیزە بەتەواوی مافی شۆکبوونی هەبووە وهەیە، چونکە دەوڵەتمەداری وای نەبینیووە لەم پێگە جوگرافییەی ژیانی تیادا ئەگوزەرێنێت.
فەرحان جەوهەر دەسەڵات هەرلە بەرەبەیانی مێژووە تا ئەمڕۆ، یەک لەهەرە پرسە ئاڵۆز‌و مەترسیدارەکانی ژیانی مرۆڤایەتییە و زۆرترین پانتایی ئیش‌کردنی بیرمەندانیش بووە ، هەروەها یەک لە هەولە سەرەکیەکانی مرۆڤیش بووە بۆ گەیشتن و دۆزینەوەی باشترین شێوازی دەسەڵات کردن ، هەموو شارستانییەکان بە کۆن و نوێ وە لە گەڕاندا بوونە بۆچارەسەرێک بۆ ئەم پرسە ، تا دواجار شارستانییەتی رۆژئاوا بە هەردوو بزووتنەوەی رێنیسانس و رۆشنگەری، توانیان ئەم پرسە ئاڵۆزە لە رێی دیموکراسیەوە چارەسەر بکەن ، هەرچەندە دیموکراسی وەک میراتی هەموو مرۆڤایەتی لێکدەدرێتەوە ، بەڵام زۆرتر رەگەکانی و گەشەکردنی بۆ یۆنانی کۆن دەگەڕێتەوە ، بۆیە بە بەشێک لە داهێنانی شارستانیەتی رۆژئاوا حسێب دەکرێت ، تەنها لە و وڵاتانەش بەشێوەیەکی باش پڕاکتیزە دەکرێ کە سەر بەو شارستانیەتەن ، باقی وڵاتانی تر بە تایبەتی رۆژهەڵات نەیتوانیوە ئەم پرسە چارەسەربکات ، بەشێوەیەک کە ببێتە جێگای رەزامەندی و خۆش گوزەرانی خەڵکەکەی ، یان گروپێک یان کەسێک هەمووی بۆ بەرژەوەندی خۆیان قۆرخ دەکەن و خەڵک ملکەچی خۆیان دەکەن ، یان دەبێتە فەوزاو بێ یاسایی و بێ ئاسایشی. ئەوەی تا ئەم ساتە لە وڵاتانی رۆژهەڵات دەگوزەرێ ئەم دوو بژاردەیە ، نەیانتوانیووە دیموکراسی وەک میکانیزمێک بۆچارەسەی پرسی دەسەڵات بەکاربێنن ئەوەی پەیوەستە بە ئێمەی کوردەوە کە بەشێکین لە رۆژهەڵات ولە زۆربەی گەلانی ناوچەکەش دواکەوتووترین ، بە حوکمی کۆمەڵێک هۆکار کە جێی ئەو باسەی ئێمە نییە ، هەندێک جیاوەزترە چونکە کورد دەوڵەت نییە ، تا بێمنەت بێت و خۆی چۆنی ویست وا دەسەڵات بەڕێوە ببات ، ناچارە بۆ ئەوەی مافەکانی و پاڵپشتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەدەست بێنێت ، هەرنەبێت دیموکراسیانە بیربکاتەوە ، زۆر لە چاودێرانی سیاسی پیانوابوولە پرسی دیموکراسی کورد جیاوازتر لە رۆژهەڵاتییەکان و کوولتورەکە خۆی هەنگاو دەنێت ، چونکە بەرژەوەنییە نەتەوەییەکانی لێی دەخوازێ . دوای سەرکەوتنی هێزی هاوپەیمانان لە جەنگی یەکەم و دووەم ، دیموکراسی وەک چەمک گەیشتۆتە ناوچەکەی ئێمە ، بزوتنەوەی رزگاریخوازی کوردیش وەک بەشێک لە چارەسەر بۆ کێشەکەی کردوویە بە ئامانج ، لە گەڵ ئەو وڵاتانەی خاکەکەی داگیر کردووە . هەرچەندە لە سەتەی رابردوو بە حوکمی باڵادەستی ئایدۆلۆژیای مارکسی لە رۆژهەڵات ، کەمترین ئاوڕ لە دیموکراسی دراوەتەوە ، چونکە مارکسیەت دژی دیموکراسیەو پێیوایە بە شێکە لەسیستەمی سەرمایەداری و ئەبێ توڕ بدرێت . دوای سەرکەوتنی بزووتنەوەی کوردایەتی لەو بەشەی کوردستانی عیراق ، بە هۆی خەبات و قوربانیدانەکەی و پاڵپشتی ئەو وڵاتانەی کە بەر لە سەت ساڵ هەر خۆیان خاکەکەیان دابەش کردوە ، هەرێمی کوردستان بۆ بەردەوامی خۆی و سەرنج راکێشانی ئەوان ، واتە وڵاتانی رۆژئاوا لە نێویاندا وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ، باشترین دڵداری لە گەڵ ئەم چەمکەدا کردووە ، تا ئێستاشی لەگەڵ دابێت سەرەکی ترین دروشمی هەموو حیزبە کانە ، بە جیاوازی ئایدۆلۆژیانەوە لەو پەڕی چەپ بۆ ئەو پەڕی راست لە ئیسلامیەکانە و بگرە تا پارێزگارەکان ، هیچیان لە رووی تیۆرییەوە کێشەیان لەگەڵ دیموکراسی وەک چارەسەرێک بۆ پرسی یەکلاکردنەوەی دەسەڵات نییە ، بەڵام لەسەر ئەرزی واقع ناتوانن خۆیان لە پێستی رۆژهەڵاتیانە دەربێنن و هەرکاتێ با‌و و بۆڕان دەستی پێ‌کرد ، دەچنەوە ناو فەڕووە رۆژهەڵاتییەکەیان . کورد بۆ دەستخستنەوەی ماف و خاکە دابەش کراوەکەی ، لێی دەخوازرێ رێگەی دیموکراسی بگرێ ، پێموایە رێگەیەکی نزیک تر‌و باشتر لەمەی نییە ، چونکە کێشەی کورد تەنها و تەنها لە رێگەی پاڵپشتی کردنی وڵاتانی رۆژئاواوە نەبێت ، ناتوانێت خۆی بەتها خاکە داگیر کراوەکەی دەست بکەوێتەوەو پرسەکەی چارەسەربکات ، بۆ وەدەستهێانی پاڵپشتی ئەوانیش بۆ کێشەی کورد ، جگەلە دیموکراسی رێگایەکی تری نییە ، کە زامنی مانەوەو سەرکەوتنی هەموو بزووتنەوەی کوردایەتی لە هەموو پارچەکان بکات ، ئایا کورد ئەم رێگایە دەگرێت و بەردەوام دەبێت لەسەری ، یان دەبێتەوە کوڕە رۆژهەڵاتییەکە ، سیگناڵەکان خرابن .
سه‌نگه‌ر رسول یه‌كێك له‌كێشه سه‌ره‌كییه‌كانی حوكمڕانی كوردستانی باشوور، دروستكردنی وێنه‌ی درۆینه‌یه بۆ پێگه‌و حوكمڕانییه‌كه‌یان. هه‌روه‌ك ره‌وانشاد نه‌وشێروان مسته‌فا، قسه‌یه‌كی جوانی هه‌بوو له‌باره‌ی سیاسه‌ته‌كانی یه‌كێتی وبریاره‌كانی، ئه‌و پێیوابوو یه‌كێتی له‌سیاسه‌تدا سه‌روو هه‌ڵسه‌نكاندن و ژێر هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌یه، بۆ نمموونه حزبى ئه‌لیف بێ مسته‌واو بێ كه‌ڵك بووه، به‌ڵام به‌هۆی سیاسه‌تی سه‌روو هه‌ڵسه‌نگاندنه‌وه زۆرترین گرنگی پێداوه! له‌كاتێكدا حزبی با‌و گرنگ و به‌كه‌ڵك بوو بۆ هاوپه‌یمانی، ئه‌وا به‌هۆی سیاسه‌تی ژێر هه‌ڵسه‌نگاندنه‌وه ئه‌وا كه‌مترین بایه‌خی پێداوه، كه له‌كۆتاییدا ئه‌و جۆره سیاسه‌تكردنه هه‌م به‌زه‌ره‌ری خودی یه‌كێتی و هه‌میش به‌زیانی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی شكاوه‌ته‌وه! به‌داخه‌وه ئه‌و وێنه‌یه‌ی سیاسه‌تی سه‌روو هه‌ڵسه‌نكاندن و ژێر هه‌ڵسه‌نگاندن به‌ته‌واوه‌تی له‌سیاسه‌ت و ستراتیژییه‌ته‌كانی حوكمرانی هه‌رێم ره‌نگی داوه‌ته‌وه‌و له‌وه‌ش زیاتر رۆشتن و دۆنكیشۆتانه خه‌یاڵ پڵاوی عه‌نتیكه‌و سه‌یرو سه‌مه‌ره‌یان بۆ خۆیان و پێگه‌ی هه‌رێم دروست كردووه. ئه‌گه‌ر دیققه‌ت بده‌ن، له‌شێوه‌ی پێشوازیكردن و گوتاره دیبلۆماسییه‌كانیان وا خۆیان وێناكردووه كه ئه‌ڵمانیای رۆژئاوای سه‌رده‌می شه‌ری ساردن و یه‌كێكن له‌و بلۆكه گرنگانه‌ی كه هه‌موو رۆژئاواییه‌كان موحتاجی هه‌رێمن! هه‌رچه‌نده پێگه‌و رۆڵی هه‌رێم، هه‌م له‌رووی جوگرافیای سیاسی و هه‌میش له‌ناوچه‌ی سه‌رچاوه‌ی ووزه‌ی ره‌ش بێ كاریگه‌ر نییه، به‌ڵام ئایا ئه‌وه گره‌نتی ئه‌وه ده‌دات كه به‌هه‌مانشێوه‌ی سعوودییه چاوپۆشی له هه‌رێم بكرێت؟ وه‌ك ئه‌و كاره نامرۆییه‌ی شازاده‌ی سعودیه به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نووس خاشووقچی كردییان؟ وه‌ك وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌كیش، ئایا ئێف شانزده‌و چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی رۆژئاواییه‌كان (ئه‌مریكاو ئه‌ڵمانیاو به‌ریتانیاو هاوپه‌یمانه‌كانی دیكه)، بۆچی پێداگربوون له‌پاراستنی هه‌ولێر و هه‌رێم له‌داعش و هه‌ره‌شه‌كانی دیكه؟ چما ئه‌وه له‌به‌رچاوی ره‌شی كوردان بوو یان له‌به‌ر نه‌وته‌كه‌ی؟ نه‌خێر نهێنییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كۆی عیراق هیوایه‌كی كه‌م هه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی دیموكراسییه‌تی لێ دروست بكرێت. هه‌ر چه‌نده به‌رژه‌وه‌ندی رۆژئاواییه‌كان جگه له‌دیموكراسییه‌ت شتی دیكه و ئه‌جێندای دیكه له‌خۆ ده‌گرێت به‌ڵام نهێنی یه‌كه‌م پشتگیركردنه له‌حوكمێكی دیموكراسییانه؟ ئه‌دی ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌شت به‌یه‌كجاری له‌گۆرنا؟ بروا ناكه‌م كۆنگرێسی ئه‌مریكی و په‌رله‌مانی فیدراڵی ئه‌ڵمانی و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی فه‌ره‌نسییه‌كان رازی بنى به‌ناشتنی دیموكراسی و به‌رده‌وام به‌هه‌مان حه‌ماسه‌وه پشتگیریت لێ بكه‌ن! جگه له‌وه كێ ناڵێ دوو رۆژی دیكه ده‌نگده‌رانی ئه‌و وڵاته رۆژئاواییانه بیكه‌نه هه‌ڵاو بڵێن چۆن ده‌بێ له‌پاره‌ی باجه‌كانی ئێمه یارمه‌تی حوكمه‌تی تاكره‌وی بدرێت؟ ئه‌وه‌ی قات له‌به‌ره‌كانی هه‌رێم له گۆشه‌یه‌كی بچووكی دیبلۆماسی و په‌یوه‌ندی نێوان زلهێزه‌كان تێناگه‌ن، ئه‌وه‌یه كه واده‌زانن سیاسه‌تی كتوپڕ له‌سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی بوونی هه‌یه! نه‌خێر، له‌په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا سیاسه‌ت و بریاره‌كان پارچه پارچه‌و به‌ش به‌ش دێنه بوون، تۆ ئه‌مرۆ كارێك ده‌كه‌ی وه‌ك سزادانی رۆژنامه‌نووسانی ئازادیخواز به 6 ساڵ به‌بێ دادگه‌ریی، ئه‌وا یه‌كێك ده‌بێت له‌و پارچانه‌ی دوایی بۆت لێكده‌ده‌ن له‌گه‌ڵ پارچه‌كانی دیكه‌ت و زه‌مانێك دێ وێنه‌ی راسته‌قینه‌ی خۆتت پێده‌ده‌نه‌وه! كێشه‌و خه‌می من دیتنی دۆرانی ئێوه نییه، به‌ڵكو داروخان و باجی گه‌وره‌ی گه‌لی كوردستانی باشووره به‌هه‌موو پێكهاته‌كانییه‌وه! چونكه وه‌ك چۆن دوای هیتله‌ر و روخانی ئیمپراتۆرییه‌تی ژاپۆنی، ئه‌وا زیاتر گه‌له‌كه‌ی بۆ چه‌ند نه‌وه‌یه‌ك باجی كاولكارییه‌كانیان دا! هه‌رچه‌نده ئه‌وان به به‌خت بوون، ره‌گی نه‌مامی دیموكراسی وحوكمرانی باش له‌كۆمه‌ڵگاكه‌یاندا شینبۆوه‌و چه‌كه‌ره‌ی كرد، خه‌می من ئه‌وه‌یه له‌ره‌گه‌وه كۆمه‌ڵگای كوردیتان تووشی ووشكبوونه‌وه‌و سه‌دان نه‌خۆشی كردووه!
كارزان سه‌باح هه‌ورامی كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ئه‌فغانستان قۆناغێكی نوێی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست هێناوه‌ته ئاراوه، له‌گه‌ڵ كشانه‌وه‌كه‌ی له ئه‌فغانستان، رێكخراوی قاعیده ده‌ستی به جوڵه‌كردووه و پێشره‌وی زۆری كردووه به ئاراسته‌ی وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌فغانستان، هه‌واڵه‌كان له‌و باره‌وه دڵخۆشكه‌رنین، به‌تایبه‌ت دوای خۆرێكخستنه‌وه‌ی قاعیده و پاشه‌كشه‌ی سوپای ئه‌فغانستان، له هه‌ر ئه‌گه‌رێكدا مه‌ترسی ئه‌وه‌هه‌یه كه قاعیده ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوی بكه‌وێته ده‌ست, ئه‌و كاته ره‌نجی ئه‌مه‌ریكا له دووباره بونیادنانه‌وه‌ی ئه‌فغانستانی نوێ له گۆرده‌نرێت، ده‌ریش كه‌وت دوای چه‌ند ساڵ له ئازادكردنی ئه‌و وڵاته هێشتا به‌بێ ئه‌مه‌ریكا ئه‌فغانستان نه‌یتوانیووه له‌سه‌ر پێی خۆی راوه‌ستێت، مه‌ترسی كه‌وتنی ئه‌فغان له كاتێكدایه كه ئه‌مه‌ریكا هه‌ره‌شه‌ی كشانه‌وه‌ی له عێراقیش ده‌كات، له ئه‌گه‌ری كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له عێراق ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر ئه‌فغانستان دێت سیناریۆكه‌ی له عێراق خراپتر ده‌بێت، چونكه ده‌سه‌ڵاتی حكوومه‌تی عێراق ته‌نیا به‌ناو ماوه‌ته‌وه گروپی میلیشیاكان و حه‌شد و گروپه چه‌كداره‌كان ته‌واوی جومگه‌كانی عێراقیان گرتوه‌ته ده‌ست، هه‌ڵكوتانی حه‌شد بۆ سه‌ر باره‌گای ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و گه‌مارۆدانی ماڵی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق به‌هۆی ده‌ستگیركردنی سه‌ركرده‌یه‌كی حه‌شده‌وه ته‌واو ئه‌و راستیه‌ی سه‌لماندووه كه سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كه‌سێكی ته‌واو لاواز و بێ ده‌سه‌ڵاته، زۆرینه‌یه‌ك له عێراق دروستكراوه بۆ ئه‌وه‌ی فشار له‌سه‌ر ئه‌مه‌ریكا بكه‌ن له عێراقدا بكشێته‌وه، به‌ئامانج گرتنی بنكه‌و باره‌گاكانی ئه‌مه‌ریكا له به‌غدا پاشان موشه‌كبارانكردنی باره‌گاكانی هاوپه‌یمانان و ئه‌مه‌ریكاش له هه‌ولێر ده‌رخه‌ری ئه‌و راستیه‌یه كه فشار بۆ ده‌ركردنی ئه‌مه‌ریكا له عێراقدا ته‌نیا له‌به‌غداوه نییه, به‌ڵكو له‌سه‌رتاسه‌ری عێراقه‌وه ئه‌و فشاره هه‌یه و پێشووتر فشاره‌كان سیاسی بوون، به‌ڵام قۆناغی ئێستا بۆ فشاری سه‌ربازی گۆراوه،پێویسته كوردستان شیمانه‌و گریمانه‌ی دۆخه‌كه به‌باشی بكات، و بۆ قۆناغی داهاتووی عێراق باش خۆی ئاماده بكات، یه‌كێك له ئه‌گه‌ره‌كان ئه‌وه‌یه كه كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له عێراق ته‌واو گروپه میلیشكاكان ده‌ستیان ئاوه‌ڵا ده‌كات بۆ هێرشكردن و سه‌پاندنی هه‌ژوونی خۆیان له ناوچه‌كه، دیار نییه دوای كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا دۆخی عێراق به‌ره‌وكوێ هه‌نگاو ده‌نێت، به‌هێزترین ئه‌گه‌ره‌كان باس له شه‌ری ناوخۆیی یان په‌راوێزخستنی سوننه و ده‌ست به‌سه‌راگرتنی ناوچه سونییه‌كان له‌لایه‌ن گروپه چه‌كداره‌كانه‌وه هه‌یه جیاله‌وه‌ش گریمانه‌ی فشار خستنه سه‌ر كوردستان له‌رێگا جیاوازه‌كانه‌وه هه‌یه، ئه‌مانه ده‌بێت به‌وردی دیراسه بكرێن ده‌بێت كوردستان بۆ قۆناغی داهاتوو باش خۆی ئاماده بكات. به‌شێك له‌و مه‌ترسیانه‌ی كه هه‌یه ئه‌وه‌یه كه دووباره قاعیده له عێراق و ئه‌فغانستان له غیابی ئه‌مه‌ریكا خۆیان به‌هێز بكه‌نه‌وه و به‌شێوه‌یه‌كی رێكخراو كاربۆ كۆنترۆڵكردنی ناوچه‌كه بكه‌ن، گرفت له‌وه‌دایه سنووری كوردستان راسته‌وخۆیه له‌گه‌ڵ میلیشیا و گروپه چه‌كداره‌كان وه‌ك جاران نییه كه سوننه دیواری نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراق بێت, ئه‌م جاره هه‌ر مه‌ترسییه‌ك له‌سه‌ر عێراق هه‌بێت راسته‌وخۆ مه‌ترسیه له‌سه‌ر كوردستان، كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیش بێهیوابووه له‌وه‌ی عێراق و ئه‌فغانسات بتوانن له‌سه‌ر پێی خۆیان راوه‌ستن، حكوومه‌تی عێراق حكوومه‌تێكی ته‌واو لاوازه و توانیا ئیداره‌دانی خۆی نییه، ئه‌مه نیگه‌رانی سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستانیشی لێ كه‌وتوه‌ته‌وه، كه پێیان وایه دانانی مسته‌فا كازمی, به‌شێك له گرفته‌كان چاره‌سه‌ر ده‌كات، به‌ڵام ده‌ركه‌وت كازمی نه‌ك توانای چاره‌سه‌ری گرفته‌كانی نییه ، به‌ڵكو نه‌یتوانی رێككه‌وتنی شه‌نگال و كه‌ركووك و رێككه‌وتن له‌سه‌ر بودجه بخاته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه, بۆیه هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان له‌به‌رده‌م دارووخانی پرۆسه‌ی سیاسی عێراق هه‌یه، له ئه‌گه‌ری رووخانی سیسته‌می سیاسی ئه‌فغانسات سیسته‌می سیاسی عێراقیش گۆرانكاری به‌سه‌ر دێت، باڵانسی هێز له ناوچه‌كه ده‌گرێت، پێش ئه‌وه‌ی ئێران ته‌واوی عێراق كۆنترۆڵ بكات، ده‌بێت ئه‌مه‌ریكا خۆی له‌به‌رنامه‌یه‌ك ببینێته‌وه كه جارێكی دیكه هیچ رۆڵ و پێگه‌یه‌كی نابێت له ناوچه‌كه بۆیه كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له عێراق ئه‌گه‌ر به‌دیراسه و به‌رنامه نه‌بێت ته‌واوی ناوچه‌كه ده‌كه‌وێته مه‌ترسییه، دوورنییه عێراق تووشی دارووخانی ته‌واوی پرۆسه‌ی سیاسی نه‌بێته‌وه. ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه ئه‌وه‌یه كه پلانی واشنتۆن بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست به‌تایبه‌ت عێراق چییه؟ گرنگه روونكردنه‌وه بدرێت به هاوپه‌یمانانی ئه‌مه‌ریكا كه داهاتووی ناوچه‌كه به‌چ ئاراسته‌یه‌ك ده‌بێت، له‌كاتێكدا تادێت گروپه چه‌كداره‌كان به‌هێز ده‌بن چه‌كێكی زۆری ئه‌مه‌ریكا له‌ده‌ست ئه‌و گروپانه‌یه كه له ئه‌گه‌ری به‌كارهێنانیان مه‌ترسی گه‌وره دروست ده‌كات جیاله‌وه‌ش رێكخراوی قاعیده وه‌ك ساڵانی 2004 و 2005 مه‌ترسی ده‌كرێت لق و پۆی له عێراق و سوریا زیاتر بكات, ئه‌و كاته هه‌مان سیناریۆی 2014 دووباره ده‌بێته‌وه، گرفته‌كه له‌وه‌دایه كه حكوومه‌تی عێراق پلانی نییه له‌دوای كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له وڵات چی ده‌كات. ئاسایشی خۆی چۆن ده‌پارێزێت مادام وایه سه‌رجه‌م ئه‌مانه ده‌بێت له هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌كاریان بۆ بكرێت, گرنگه به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك هه‌یه فشار له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی بكرێت كه په‌له بكه‌ن له جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنی ناوچه گه‌رمه‌كان و هه‌وڵ بدرێت هێزی ناتۆ له سنووره‌كانی عێراق دابنرێت بوونی هێزی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی گه‌ره‌نتی زیاتر ده‌دات له مانه‌وه‌ی دۆخه‌كه و تێك نه‌چوونی، بابه‌تێكی دیكه گرنگه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه هه‌رێمی وكردستان رانه‌كێشرێته شه‌رێكی به‌وه‌كاله‌ته‌وه كه ئێستا هه‌وڵ ده‌درێت كوردستان بخه‌نه به‌ره‌یه‌كه‌وه، گرنگه كوردستان هاوسه‌نگی خۆی بپارێزێت خۆی یه‌كلا نه‌كاته‌وه بۆ هیچ به‌ره‌یه‌ك، مه‌ترسی جدی له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان هه‌یه ناكرێت ئه‌م مه‌ترسیانه به‌هه‌ند وه‌رنه‌گیرێت، به‌رده‌وام موشه‌ك بارانكردنی هه‌ولێرو نیه‌تی به‌عه‌ره‌بكردنی ناوچه كوردستانییه‌كان و برینی قوتی كوردستان و په‌راوێزخستنی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و حساب نه‌كردنی بۆ كوردستان ده‌رئه‌نجامی ئه‌و مه‌ترسیانه‌ن كه له‌سه‌ر داهاتووی عێراق هه‌یه.
عەبدولقادر ساڵەح ماوەیەكی زۆرە مشتومڕێكی توند هەیە لە نێوان فراكسیۆن و ئەندامانی پەرلەماندا كە دەبێت پەرلەمانی بڕیار بدات بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری لێبرینی (21%) مووچەی فەرمانبەران، رەنگە پێشتریش لەم بارەیەوە كۆمێنتمان هەبووبێت بەڵام جێگەی خۆیەتی كە لەم ئان و ساتەدا چەند سەرنجێك تۆمار بكەین : یەكەم: بڕیاری لێبڕینی مووچە بڕیارێكی حكومەتە و تەنها حكومەتیش دەتوانێت ئەو بڕیارە هەڵوەشێنێتەوە و پەرلەمان ناتوانێت بەبریارێكی تەشریعی هیچ لە دۆخەكە بگۆریت تەنانەت ئەگەر بریاریش بدات بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو بریاری لێبرینە . دووەم: لە بنەڕەتدا حكومەت سەرپێچی یاسای مووچەی كردووە ، كاتێكیش حكومەت مل بە یاسایەك نەدات كە لە دەسەلاتی یاسادانانەوە دەرچووبێت، ئەوا بێگومان مل بە بڕیارێكیش نادات كە لەو دەسەلاتەوە دەردەچێت. ئیتر دەركردنی بریار هیچ جەدوایەكی قانونی نابێت. سێیەم: ئەوەی پەرلەمان دەتوانێت بیكات ، بەلام بە هۆی پێكهاتەی پەرلەمانەوە دەستەوسانە لە كردنی بریتییە لە لێوەرگرتنەوەی متمانە لە حكومەت ، كە ئەمەش ئەگەرێكی زۆر لاوازە و هەرگیز پەرلەمان ناتوانێت بەم پێكهاتەی ئێستایەوە هەنگاوێكی لەم چەشنە هەڵبگرێت. چوارەم: ئەنجامدانی كۆبونەوە لەگەل تیمی حكومەت و پرسیاركردن و وەڵامدانەوە هیچ لە دۆخی هاولاتیان ناگۆریت و دەركەوت ئەندامانی پەرلەمانیش وەك هاولاتییەكی تەنها دەتوانێت دەردە دڵ بكات و خەفەت بخوات . بۆیە بەبروای من باسكردن لەم بابەتە جگە لە هەڵایەكی میدیایی و موزایەدە هیچی دیكەی نیە، لەبەر ئەوەی پەرلەمان هەم لەرووی یاسایی و هەم لەرووی واقیعیەوە هیچی پێ ناكرێت و چیدی پێویست ناكات شەقامی كوردی بەم بابەتەوە سەرقاڵ بكرێت.
بەهرە حەمەڕەش کاتێک پرەنسیپ و دسپلین لاوازبوو یان بەرەو نەمان چوون، بە تایبەتی ئەگەر ببێتە کەشی گشتی کۆمەڵگە، دەبێتە دیاردە چونکە لە رێگەی کەشی گشتی دیاردە دروستدەبێت و کاریگەری لە سەر دەکاتە سەر خەڵک. بەپێی خوێندنەوەکان لە ساڵانی شەست تا هەشتاکان، هزری چەپ و بزووتنەوەی رزگاری نەتەوەیی وەک کەشی گشتی سەردەستی کۆمەڵگە بوو، ئەمە وایدەکرد، کە گەنجەکان روو لە شاخ و شۆڕش بکەن. بەدوای خوێندنەوەی کتێب و پەیداکردنی سەرچاوەبوون لە سەر ئەم دوو بیروباوەڕە. ئەوانەی لە ناو شاریش بوون، روویان دەکردە رێکخستن و کاری هوشیارکردنەوەی کۆمەڵگە، بۆیە ئینتیما بۆ خاک و نەتەوە لە ئیستا پتەوتربووە. چەندین کەس ئامادەی گیان بەختکردن بوون لە سەر مافەکانیان، بەڵام بەداخەوە دوای سەرهەڵدانی ساڵی ١٩٩١ بە تایبەتیش پاشەکشێی بزووتنەوەی نەتەوە و هزری چەپ وایکرد، کە هزری کۆنە پەرستی و جۆرێک لە بەرەڵایی هزر سەردەستی کۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی بە گشتی و لە ناویشیدا کۆمەڵگەی کوردی بێت. لە گەڵ کرانەوەی کەشێک، کە هەموان پیی نامۆبوون ئەویش گوزارشت بوو لە بیروڕای سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری بۆیە گەڕەلاوژەیەک دروستبوو، کە تا ئێستاش بە فۆرمی جیاواز بەردەوامە. ئەم عەقڵە کۆنەی، کە لە سایەی حزبە خۆماڵییەکان پەرەی سەند، سودی لە مێژووی خەبات و ژێردەستەیی وەرنەگرت، تەنیا یەک دەنگ و رەنگ دەناسێت و نەک تەنیا رەنگەکانی دیکە قبوڵ ناکات بەڵکو دژیشیان دەوەستێتەوە. ئەمەش جۆرێک لە ناکۆکی لە نێوان عەقڵی کۆن و هێرشی پێشکەوتن و تەکەنەلۆژیادا دروستکرد. هەروەها هێزەکانی تری نەتەوەیی و سیکۆلار یان مۆدێرن، دابڕانێکیان لە نێوان هێزەسیاسییەکان و بەرەی رۆشنبیری و هزر دروستکرد. لە جیاتی ئەوەی، کە رۆشنبیر رۆڵی هەژمون ببینێت و سیاسی رۆڵی دەسەڵات، لە ئەنجامدا سیاسی هەردوو رۆڵی مۆنۆپۆلکرد، لێرە رۆڵی ئەستاتیکا لاواز بوو. لە بەرامبەردا عەقڵیەتی توندڕەو سەردەست بوو، وەک قاعیدە، داعش و هێزەکانی تر، چونکە کە سیاسی نەیتوانی هێز بداتە رۆشنبیر- رۆشنبیریش زمانی نەدا بە سیاسەت. بۆیە حزبەکانی تری سیکۆلار و مۆدێرن، تەنیا بواری هێزیان بینی، بەرە بەرە گروپی رۆشنبیر لە حزبەکان و سیاسەت دوور کەوتنەوە، لە کۆمەڵگەیەکی سەربازی یان جەنگەڵی دروستبوو، کە تێیدا بەهێز بێهێز دەخوات و لۆژیک رۆڵی نییە. ئەمە وایکرد، کە ئەو عەقڵەی دەتوانێ بیر بکاتەوە لە جیاتی بەشداری دیمەنی سیاسی بکات، بووە بینەرێکی تەمبەڵ و جۆرێک لە بەرەڵڵایی هزر لە ناو حزبەکان و دیمەنی سیاسی دروستبوو. رەوشێکی هێنایە ئارا، کە مرۆڤەکان لە دوو رووییەکی کوشندەدا خۆیان بینییەوە، کە بووە هۆکاری نامۆبوون لە کاراکتەری مرۆڤدا، خەڵک دەبینێت، کە دوێنێ چ ستەمێکی بینی و بۆچی تێدەکۆشا، ئەمڕۆ چی بەسەردێت؟ دەپرسێت ئایا ئێمە بۆ ئەوە بەرگەی ئەو هەموو ترس و تۆقینەمان گرت؟ لەو کاتەوە زانیمان، کە ئەلتەرناتیڤی نەتەوە پەروەری و خزمەتکردن بووەتە گیرفان، جۆرێک لە بێهیوایی و بێهودەیی لە ناو خەڵك چەکەرەی کرد، تا گەیشتە کەشی گشتی، ئێستا زۆرینە بێباوەڕە بەم رەوشە و بە دوارۆژیش. کاتێک دەبینین، کە ئەم فتبۆڵە بەرگەی ئەم هەموو فشارە هەواییە ناگرێت و لە کات و شوێنی خراپ‌دا دەتەقێت. سەرباری دەستوەردانی دەوروبەر، پەتای کۆرۆنا، ناسەقامگیری سیاسی و ئابوری، ناسەقامگیری کۆمەڵایەتی گەیشتووەتە لوتکە، دیمەنێکی رەشبینی هەموانی گرتووەتەوە تەنیا ئەوانە نەبێ، کە سەریان لە ئاخوڕەکەدا گیری کردووە. لەم رەوش و کاتەدا ئەگەر پارتەکانی باشور بیانەوێ شتێ چارسەربکەن، دەبێ ئاوڕێک لە رۆشنبیری ئۆرگان/ بەشداری چالاک و رۆشنبیری کلاسیک/ بینەری تەمبەڵ بدەنە‌وە، نەک رەوشی ئێمە بەمشێوەیە بەردەوام بێت، چونکە بەربەرە نائومێدی و بێهودەیی، مرۆڤەکان و کۆمەڵگەی ئێمە داگیردەکات، کە نەگونجاوە لە گەڵ گۆڕانکارییە ناوخۆیی و ناوچەییەکانیشدا. خاڵێکی تر، کە بێهودەییەکانی زیاتر و خەستترکردووە، جۆرێک لە کڕین و فرۆشتنی کادر لە ناو حزبەکاندا دروستبووە. ئەمەش دەرئەنجامی ناکۆکی ناتەندروستە لە نیوان پارت و پێکهاتە کوردییەکان، ئەوانەی دوێنێ باسی مەدەنیەت و کۆمەڵگەی دیموکراسییان دەکرد ئەمڕۆ خەریکی دامەزراندنەوەی دیوەخان و عەقڵیەتی عەشیرەتگەرین. پەرلەمان لە جیاتی وەک دامەزراوەیەکی مەدەنی و دیموکراتی کاربکات پەرلەمانتاری وەک ئیمتیاز دەدرێت بە کوڕی عەشیرەت و ئاغا و کوێخا، گرنگی بە تەکیە، خانەقا، شیێخ و مورید دەدرێتەوە. بۆیە بێهودەییەکی کوشندەتر لەوەی پێشوو دێتە کایەوە، چونکە ئێمە دەمانویست رووی مەدەنی خۆمان پیشانی جیهان بدەین. بەم هەڵسوکەوتەی حزبەکانی ئێمە، لە ئامانجە نەتەوەیی و کوردستانییەکان دوورکەوتووینەتەوە. لە بەرئەوەی، هەرگیز عەقڵیەتی خێڵ ناتوانێ کار لەسەر نەتەوە سازی و پەرەدان بە هزری نەتەوە بکات، بەمەش خەباتی سەدساڵەی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردی لە گۆڕ دەنێن. داخێکی گەورەتر، لە بە دیوەخانکردنی پەرلەمان و دەزگا حکومی و حزبییەکان، زانکۆکانیش بوونەتە شوێنی بەرهەمهێنانەوەی عەقڵیەتی سواو و دیوەخانی، لە کاتێکدا ئەرکی زانکۆ دروستکردنی ئێلیتە/ نوخبەیە و ئیشی نوخبە ئەوەیە، کە چۆن بتوانێت کەشێکی گشتی دروستبکات. ئەم کەشە گشتییە چۆن خەڵک پەروەردە و ئاراستە بکات. بە پێچەوانەوە بووە شوێنی نمایشی سامان، واستە، واستەکاری و مامۆستایانی حزبی بێ زانست. لە ئەنجامدا کەشێکی پڕ لە بەرەڵڵایی و دوورووی گشتی دروست دەبێت، ئەمە سەرەتا لە ناو هزر دەستپێدەکات و لە بەرژەوەندی و گیرفان پڕکردن و تاڵانی کۆتایی پێدێت. ئێستا لە هەرکاتێک زیاتر پێویستمان بە بلۆکێکی هزرییە، کە بتوانێت خەڵکێک لە خۆی کۆبکاتەوە، مەرجەکانی خەڵکێکی بەتوانای هەبێت، کە سەر بە پارتەکان یانیش سەربەخۆ بن بۆ ئەوەی ئەم بلۆکە بیر لە نەخشەرێگا و رێگاچارەیەک بکاتەوە، چونکە ئەگەر کۆمەڵگە لە هزروبیروباوەڕدا شکستی خوارد. ئەوە ئەم کۆمەڵگەیە، ئەمڕۆ یان بەیانی تووشی چارەنوسێکی رەش دەبێت و لە بێهودەییدا دەخولێینەوە.
نەجات نوری نەیار و دووژمنەكانی نەوشیروان مستەفای كۆچكردوو، تا خۆی لە ژیاندابوو هیچ كاتێك دەرەقەتی ئەوە نەدەهاتن وەڵامی بدەنە‌وە و لەژێر زۆر وێنەی بێ بنەمادا بتوانن تێكی بشكێنن، بەڵام زۆربەداخەوە ئێستا لە سایەی هەڵەی دۆستە نزیكەكانیدا بە بەرنامە دوژمنەكانی دوێنی هاتوون لە ئەمڕۆدا خەریكی تێكشكاندنی هەموو بەها و شتە بەنرخەكانی ئەم پیاوەن، بە بەرنامە دەیانەوێت شكۆی لەناو خەڵكدا بشكێنن چونكە دۆستەكانی ئەو تا دێ لە پاشەكشەیەكی زۆر خێرادان، هاتوون لەسایەی وەزیر و پەرلەمانتارەكانی گۆڕاندا خەریكن دوا خنجەری خۆیان لە گۆڕی نەوشیران مستەفا دەدەن و بۆ هەمیشە لەناو خەڵكدا دەیسڕنەوە. ئێستا كاتێتی لە بەڕێز عومەری سەید عەلی و وەزیر و پەرلەمانتارەكان و بەرپرسەكانی تری گۆڕان بپرسین: لە پێناو چیدا واتان لە شكۆی نەشیروان مستەفا كرد لەناو خەڵكدا؟ ئەمە بۆ ئێوە گرنگە كە نەتانزانیوە كە ئیتر ڕۆحی ئەم پیاوە بەرگەی هەڵەكوشندە و بێ بنەماكانی ئێوە ناگرێت، ناكرێت ئێوە ئاوا بە خەباتی كەسێك بكەن كە هەموو تەمەنی بۆ ڕزگاری گەلەكەی بوو، نەك لە ژێر ناوی ئەودا ئێوەش لەگەڵ پارتی و یەكێتیدا ڕۆژانە گەمە بە ژیانی خەڵك بكەن. لە سایەی هەموو بێ بەرنامەی و هەڵەكانی ئێوەدا ئیتر خەڵك سەرزەنشتی ڕۆحی نەوشیروان مستەفا دەكەن نەك ئێوە، چونكە ئێوە هێجگار خراپتر لە دووژمنەكانی بوونە هۆكاری ئازاردانی ڕۆحی نەوشیروان مستەفا. ئێوە لە خۆتان پرسیوە نەیارەكانی ئەم پیاوە ئێستا لە ژێر ناوی ئەوەی ئێوە چوونە حكومەتێكی هێجگار خراپەوە، چۆن چۆنی هاتوون لەناو خەڵكدا تەمەنی ئەم پیاوەیان لە سایەی هەڵەكانی ئێوەدا خستۆتە ناو لێشاوێك لە ڕق و نەفرەتیەوە، چونكە گۆڕان بەشدارە لە هەموو ئەو ئازارانەی ئێستا بەسەر ڕۆح و ژیانی خەڵكدا دێت، ئێوەیەك كە بێ خەبەرن دووژمنەكانی لە ئێستادا زیرەكانە هاتوون هەموو نەهاتیەكانی ژیانی خەڵكیان بەستۆتەوە بەوەی كە گۆڕان بەشدارە لە حكومەتدا، دوژمنەكانی بەمە خەڵك هاندەدەن كە ئەوە گۆڕانەكەی نەوشیروان مستەفایە ئاوا بۆتە كارەسات بۆ ژیانی خەڵك نەك خۆیان، بەمە ئێوە لە كوێدا بێ ئاگایانە دەستان گرتووە بە كڵاوی بێ دەنگیتانەوە و هەستناكەن كە چیتان بە ڕۆحی ئەم پیاوەكردووە لەم ساڵانەدا كە هاتوونەتە شوێنی؟ لە خۆتان پرسیوە پێناو چیدا ئێوە هەست بەم گەمە تۆقێنەرانە ناكەن كە دژی ئەم پیاوە بەرپاكراوە، تەنیا لەپێناو ئەوەی كە دەستان داوەتە بێدەنگیەكی ترسناك تا لە حكومەت دەرنەكرێن، ئێوەیەك كە ئەگەر نەوشیروان مستەفا نەبوایە دڵنیام لە كۆمیتە و بارەگانی جارانتاندا دەمردن... هاوتایی ئەمەی كە كردووتانە دژ بە گیانی ئەم پیاوە، زۆر جێگەی داخە كە تا دێ لەسایە هەڵەی ئێوەدا كە نەدەبوو هیچ كاتێك ئاوا بكەن، مەودای شكاندنی شكۆی ئەم پیاوە لەناو خەڵكدا تادێ بە هاندانی نەیارەكانی گەیشتۆتە لوتكە. نەوشیروان مستەفا تا لە ژیاندا بوو بۆ ئازارەكانی خەڵك وەڵامی هەبوو، دەهاتە دەنگ، هیوای خەڵك بوو لە شەوەزەنگی نەهاتیدا، بەرنامەی هەبوو بۆ هەموو ئەزمەكان و پێشهاتەكان، دەیزانی لە كوێدا دێتە دەنگ و ئومێد دەكاتەوە بەری خەڵكدا، بەڵام لە ئەمڕۆدا لە سایەی هەڵەی هاوڕێ و دۆستەكانیدا كە لە گردی زەرگەتە خڕبوونەتەوە، نەك وەڵامیان پێ نییە بۆ ئەو هەموو نەهاتیانەی ڕووی كردۆتە ژیانی خەڵك، نەك هیچ ناڵێن بۆ بێكاری و بێ ئاوی و بێ نانی و بێ مووچەی و گەندەڵی و تاڵانی نەوت و سەرگەردانی لاوەكان و ئەو ڕۆژە تاریكانی ڕویكردۆتە ژیانی نوسەران و ڕۆژنامەنوسان و ئەدیبان... گەیشتوونەتە بەشداریكردنێكی تۆقێنەرانە لەم نەهاتیانەدا، ئێوەیەك لە خۆتان پرسیوە كە ئەوەتی چوونەتە ناو ئەم دەسەڵاتەوە كام گۆڕانكاری و كام ئاوەدانی و كام هەلی كار و كام دەستور و كام چاكسازیتان پێ كراوە؟ ئایا بێدەنگی و كاری ئاوا هەڵەی گەورە و پیشەی نەوشیروان مستەفابووە؟ نەوشیروان مستەفا ئەمەی لە ئێوە دەویست كە بێن درێژە بە تەمەنی خۆیان بدەن لە سایەی دەسەڵاتێكدا كە بۆتە ماڵوێرانی بۆ ژیانی هەموو چین و توێژەكان لە ئێستا؟ ئایا ئەمە بەرنامەكانی ئەوبوو؟ دەزانم ئەمە بۆ ئێوە گرنگ نییە، دەبێت پێتان بڵێم ئێوە لەناو خەڵكدا دوا بزمار لە تابووتی تەمەنتان دراوە. بەڵام داخەكە لەوەدایە كە ئێوە خراپ بوونەتە هۆكاری شكاندنی شكۆی پیاوێك كە هیچ كاتێك نەیدەزانی ئاوا پێدەكەن، هەڵەكەیش بەشێكی دەگەڕێتەوە بۆ خودی ئەم پیاوە تا لە ژیاندابوو، دووجار كە تازە گۆڕان دروستببوو جارێك لە ژوورەكەی مام ڕۆستەم و جارێكیش لە ژوورەكەی بەڕێز عومەری سەید عەلی، دوای گفتوگۆیەكی توند، پێم وت: كاكە مەیەڵە ئەم سەركردایەتی و مەكتەب سیاسیانەی یەكێتی بێنە ناو گۆڕانەوە، ئەمانە بۆ گۆڕانكاری نایەن، بۆ هەڵهاتن لە توڕەی خەڵك دێنە لات نەك بۆ شتێكی تر... پێم وت: ئەمانە دەبنە بەڵا لە ئایندەدا بۆ گۆڕان... هەڵەكەشی ئێستا گەیشتە جێ، ببینن بانگەوازی دۆستەكانی بۆ گۆڕانكاری لە كوێدا شكستی خواردووە و چۆن چۆنی بەشدارن لەم ئازارانەی كە ڕووی كردۆتە ژیانی خەڵك. ببینن كە تادێ ژیانی خەڵك لە مەرگەسات نزیك دەبێتەوە، كەچی گۆڕان پشتی كردە ئیرادە و خەونەكانی نەوشیروان مستەفا‌و لە بێدەنگیدا نوقووم بووە، بۆ خواستی چەند وەزیرێك و پەرلەمانتارەكانی و چەند پۆستێك تر بەشدارە لەو گەمە تۆقێنەرانەی كە دژ بە ژیانی هاوڵاتیانە. لەگەڵ ئەمەدا كە كەس هۆكار نییە جگە لە هاوڕێ و دۆستەكانی لە گردی زەرگەتە، شكۆی نەوشیروان مستەفا لە ناو خەڵكدا تادێ بە بەرنامە دووژمنەكانی دوێنی لە ئەمڕۆدا بەرەو داخزانێكی مەترسیداری دەبن، بەبێ ئەوەی كەس هەبێت لەم گەمە تۆقێنەرە بۆ بەرگرتن لەمە لە ناو گۆڕاندا لە پێناو پۆست و پارەدا بێتە دەنگ. بۆیە دەڵێم تكایە هاوڕێ بەوەفاكانی ئێوە بێدەنە دەنگ و ئیتر مەیەڵن ئاوا بە ژیان و شكۆی ئەو پیاوە بكرێت كە كەس بەقەدەر ئەو خەمی ژیانی خەڵكی نەبوو.
ئارام سەعید زۆربەی خەڵک متمانەیان بە حزبی سیاسی نەماوە، رەنگە حزب یەکێک بێت لەو دامەزراوانەی کەمترین متمانەی هەبێت لە کۆمەڵگادا، کەئەمەش پەیوەندی بەوە هەیە کە حزبەکان لە نوێنەرایەتیکردنی خەڵک و وەڵامدانەوەی کێشەکانی هاوڵاتیان سەرکەوتونەبون، گەندەڵیی کارێکی کردوە هەندێک تویژی کۆمەڵگە تەواو پشتگوێ بخرێن، پارتی سیاسی دوو رۆلی سەرەکی هەیە یەکەم وەڵامدەربێت و دووەم سەرکردە بێت لە کێشەکاندا و چارەسەری هەبێت. ،بەڵام ئەوان سەرقاڵی پارێزگارین لە تیم و ئەندامانی حزبەکەیان لەجیاتی بیرکردنەوە لە کێشەکانی هاوڵاتیان و گوێگرتن لێیان. ئەم بێزاری و خەمساردیەی هەبوو بەرامبەر حزب خولیایەکی گەورەی کاک نەوشیروان بوو، هەربۆیە لەسەرەتای دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕانەوە یەکێک لەقۆناغە قورسەکانی دانانی پەیڕەوی ناوخۆی بزوتنەوەکە بوو، پاش دەستنیشانکردنی رەنگ و ئاڵا‌و دروشمەکان پەیڕەو بووە خولیایەکی گەورەی کاک نەوشیروان، هەرچەندە خودی خۆی شارەزایی گەورەی لە پێکهاتەی حزب و پەیرەودا هەبوو بەڵام نیگەرانیەکی گەورەی هەبوو کە چۆن پەیڕەوێک دابنی دوو سیفەتی گەورەی تێدابێت، یەکێکیان بزوتنەوەکە قۆرخ نەکرێت لەلایەن چەند سەرکردەیەکەوەو دووەم بودجەیەکی زەبەلاحی پێویست نەبێت بۆبەڕێوەبردن تا بتوانێت بەردەوام بێت ئەگەر بودجەشی کەم بوو. ئەوەنیگەرانیەکە لەهەموو حزبیکی تازەدا هەیە چی بکەن لەوانی تر نەچن؟ لەهەموو لایەکەوە پێشنیار و بۆچونیی پێ ئەگەیشت بەڵام زۆربەی خاوەن پێشنیارەکان لەوە نەگەیشتبوون کەئەو چی دەوێت، چۆن دەیەویت سەرەرای هەیکەلی حزب تەنانەت وشەکانی ناو پەیڕەویش تازە بن و پێکهاتەی نەچیتەوە سەر لق و مەڵبەند، وەک چۆن وشەکانی مەکۆ و رایەڵە و بازنەو ..هتد داهێنا. زۆرن ئەو پەیرەوانەی دیراسەی کردن و زیاتر بۆ بەرنامەی ئەو پارتە سیاسیانە دەگەڕا کە حزبی دەنگدەرن نەک دابینکردنی موچەی کادر و ئەندامانی زۆر، دەیویست بەشێوەیەک بێت بەژمارەیەکی کەمی کادری موچەخۆر و ژمارەیەکی زۆری خۆبەخش بەڕێوەبچیت، ئەوە خولیای بوو کەبەو شیوەیەو جیاواز لە پارتی و یەکێتی بێت،هەڵبەت گوشاریکی زۆریشی لەسەر بوو لەلایەن بەشێک لەکادرە کۆنەکانەوە کە رێکخستنێکی تەقلیدی بێت. دواتریش خانەی راپەراندنیان بۆ راگرتنی ئەو هاوسەنگیە پێکهێنا ، راوێژی بەهەموو کەس دەکرد یار و نەیاری بۆچونەکانی خۆی، چونکە هەندێک لەو سەرکردانەی پێشتر مەکتەبی سیاسی بوون پێیان زەحمەت بوو لەپاڵ گەنجێک دانیشن و هەمان دەسەڵات و مافی ئەوانیان هەبێت. ئەم مۆدێلەی خولیای کاک نەوشیروان بوو هەموو قۆناغەکانی بڕی و بەهیوابوو بەرەوگۆڕانکاری گەورە هەنگاو بنێت، لەرووی هەیکەلەوە سەرکەوتوو بوو کە مۆدێلێکی تازەی پێکهێنا، لەهەڵبژاردندا پێگەی جەماوەری بەهێزبوو، بەڵام سەرەرای ئەم گۆڕانکاریە گەورەیە نەیتوانی بەخەباتی مەدەنی گۆڕانکاری دروست بکات، لە پارلەمان ستراتیژی گۆڕانی خستە کار بۆگوشارکردن، بەڵام پارلەمان داخرا! کۆمەڵی نیودەوڵەتی و لەناوخۆی هەرێمیش کاردانەوەیەکی دەنگیی نەبێت هیچ رووینەدا. دواتر قۆناغی حکومەتی بنکەفراوان بوو، بەڵام دیسان گۆڕران بەر دیواری ئەستوری پارتی و یەکێتی کەوت کەئەوان رێگە نادەن بەدەستکاریکردنی ئەو مۆدێلەی دروستیاننکردوە. بەڵام ئایا خوێندنەوەی کاک نەوشیروان بۆ دۆخەکە لاوازبوو؟ یان جگە لەدەسەڵات وڵاتانی دراوسێ و کۆمەڵی نێودەولەتیش پشتگیری ئەو رەوتە تازەیەیان نەکرد؟ یان ئۆپۆزیسیۆن خۆیان پەرتەوازەبون و ستراتیژێکی روونیان نەبوو بۆ بەرەنگاری؟ لەکۆتاییدا هەرهێزیک یان هاوپەیمانیەک لەدوای گۆڕان و هاوپەیمانی ئۆپۆزیسیۆنی رابردوو دروست بێت و بیەویت ببێتە هێزێکی کاریگەر ئەوا رووبەروی ئەرکێکی قورس دەبێتەوە، ئەرکی یەکەمی دۆزینەوەی ئەو رێگاچارەیە کەهەمان هانگاوی رابردو هەڵنەگریتەوە، گرنگە خوێندنەوەیەکی قوڵیی هەبێت بۆ دۆخی ئێستا و خەباتی رابردووی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن و مامەڵەی دەسەڵات. هەروەها وەڵامی ئەوە باتەوە بۆخەباتی پارلەمانی نەگەیشتە ئەنجام؟ چی وایکرد؟ بۆ بەشداریکردن لەحکومەت ئەنجامی باشی لێدەرناکەوێت؟ ئەگەر خوێندنەوەی نەبێت بۆمێژووی سی ساڵی رابردوی هەرێمی کوردستان و بیەویت بەهەمان شێوە خەبات بکات ئەوا چارەنوسی هەروەک بزوتنەوەی گۆڕان و ئەو هێزانەی تری ئۆپۆزیسیۆنی لێدێت کەلەناو بازنەی پۆستەکانی حکومەت دەسوڕینەوە بەلاوازیی.
عەلی کەریمی خەریکە تابوتی دەسەڵاتی قەرەقووش و خێڵکی حکومەتەکەی هەرێم یان باشترە بڵێم گەر یەکێتی و گۆڕان عاجز نەبن حکومەتەکەی ماڵی بارزانی، بزمار ڕێژ دەکرێ و بە زبڵدانی مێژوو دەسپێردرێت. رەوشتی دیکتاتۆرەکان هەر وایە، دەگەنە ئاستێک ئیتر "شەلم کوێرم هیچ ناپارێزم" دەبێتە کەڵکەڵەی هۆش و زکریان و تەر و وشک بەیەکەوە دەسوتێنن. خۆیان باش تێدەگەن لە هەیبەتی ئاگری ڕق و تورەیی خەڵک چ ناگرێ بەرگە و لە ناویان دەبەن. سیمای سیاسی ئەمڕۆی هەرێم، ڕێک بۆنی ئەوەی لێ دەکرێ، دەبێ هەرچی زووە غەدار، دیکتاتۆر، دزەکان و تاڵانچییەکانی میللەتی مەزلووم و غەدر لێکراوی نەنفالکراو و کیمیابارانکراو، بێنەوە هۆش خۆیان و چارەیەک بۆ خۆیان و رۆژی لێقەومانیان بکەنەوە. مێژوو بەتایبەت مێژووی ئەم ٤٠ ساڵی رابردووی ناوچەکەمان و دەر و دراوسێ، ئەزموونی زۆر روون و زەقی تێدایە لە چارەنووسی ئەم دەسەڵاتە سەرەڕۆ و بێمنەتانە، لە ئاخردا کونجی زیندان، بەدارەوە هەڵاوەسران و یان هەڵاتن و پەنا بردن بۆ وڵاتانی بێگانە، ئاخر لاپەڕەکانی مێژووی سیاسی و کۆمەڵایەتییان بۆ تۆمار کردوون. ئەمڕۆ لە میدیاکانی کوردستان چاوم بە ژن و مناڵی گیراوەکان و حوکمدراوەکانی بادینان کەوتەوە، روخسارگەلێکم دی هەمان روخساری ژن و مناڵەکانی نۆگرە سەلمانی سەدەی رابردوو و زیندانەکانی سەدام حوسێنی تینوو بە خوێنی کوردان! قین، تورەیی، برسێتی، ناعەدالەتی، زمانبرێن، دزی و تاڵان، بێ هیوایی، نەبوونی خزمەت و وەدەرکەوتنی فەریکە تازە فێرعۆنەکان لە هێلکە، سەرئەنجام رێ دەبا بۆ هەڵچوونی کۆمەڵانی خەڵک و ئیتر ئەم ڕۆژە کە گەڵ هەڵدەچێت و خوێن پێش چاوی دەگرێ، ئیتر نە لە هیچ خۆش دەبێ و نەهیچ بەرەنگاری دەبێتەوە. ئەوان بە خەیاڵی خۆیان چاکیان دەست پێکردووە و ئەم زەبر و زەنگی تایبەت بە دیکتاتۆرەکانیان، لە ناوچەکەی کە پێیان وایە لە سەتاسەت ئی خۆیانە و بێ ڕیسکە دەست پێ‌کرد، ئەوەیان بۆ ئەوە نەکردووە کە پێیان وابێ بەڕاستی ئەم گیراوانە تاوان و جاسوسی و خیانەتیان کردووە و دەبێ جەزا بدرێن، نا ئەوان ئەوەیان کرد تاقی کەنەوە لە دژەکرداری جەماوەر و گەر زانیان لە لای هاوڵاتییانی بادینان ئیشەکەیان مەقبووڵ و ئاساییە، ئەوجار گەشەی پێ بدەن بۆ هەموو کوردستان و هەموو ناوچەکان بە زەبری تۆقان و زیندان و زمانبڕین بە تەواوی بهێنە ژێر چۆکی خۆیان و ئیتر دەسەڵاتی بنەماڵە بۆ چل پەنجا ساڵ بۆ نەوەکانیان مسۆگەر کەن و هەڵسەنگاندن بۆ میللەت بکەن کە ئاخۆ هەموو شت قبووڵ دەکەن؟! حەق وایە پەلەی بکەن و ئەم سیاسەتە هەرچی زووە بگوازنەوە بۆ سەری مارەکە و سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجە و ناوچە یاغییەکان. ئاخر بەڕاست کوا خەڵکی ئارام و لەسەرخۆی بادینان موستەحقی ئەوەیە پێش سلێمانی ئاوا جەزرەبە بدرێن؟! بۆیە دەڵێم با هەرچی زووە دەسەڵات پەلەی بکا و پەل باوێژێتە ئەو شوێنانەی کە هەرگیز بۆی دەستەمۆ نەکراوە، دەنا بەڕاست ئەوەی ڕۆژانە لە لایان نوخبە و ڕۆژنامەنووس و چالاکە بوێر و ئازاکانی ئەم ناوچانە پێیان دەگوترێ و لێیان لە قاو دەدەن خۆ بێتە لانێکی ئەم گیراو و بێتاوانانەی بادینان لە سەدا یەکیشیان نەکردووە دژ بە دەسەڵاتیان. هەر شەوانە بڕوانە تی ڤی کان ئەمجار دەزانن کە ئەو بوێرانە شەو و ڕۆژ بە نووسین و گوتن چیان پێدەکەن؟! دەست بردنی ئاوا بێ چاوەڕوویانە، بۆ شارەکانی دیکەی هەرێم، باش بزانن هەڵچوون و تەقینەوەی بەدوادا دێ و ئیتر ئەم کاتەیە بە یەکجاری میللەت رزگاری دەبێ لە زۆرداری و داگیرکاری دەسەڵاتی خۆماڵی! خۆ بێتوو لە بەرامبەر ئەم زوڵمە گەورەی دەرحەق بە رۆژنامەنووس و گیراوەکانی بادینان دەکرێ شارەکانی دیکە بێدەنگی پیشە بکەن ئەوە ئیتر دڵنیا دەبم حوکمی ڕەشی خۆماڵی بەسەر هەموو کوردستاندا زاڵ دەبێ و هەزار ڕەحمەت بە کفندز دەخوازینەوە!
جیهانگیر سدیق گوڵپی ئه‌ڵێن له وڵاتی به‌حره‌ین و له بۆنه‌یه‌كی ساڵیادی شه‌هیدبونی ئیمام حسیه‌ینی كوڕی عه‌لی (ڕ.خ)، وتاربیژ و سیاسیه‌كان كۆبونه‌وه و ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی چی بوترێت و چی نه‌وترێت تاكو هیچ لایه‌ك نیگه‌ران نه‌بێت و كێشه‌ی گه‌وره دروست نه‌بێت، هه‌موان كۆك بون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه: نابێت وتاربیژه‌كان بڵێن ئه‌مه‌ویه‌كان ئیمامیان شه‌هید كردوه نه‌وه‌ك سورییه‌كان نیگه‌ران بن، نابێت بڵێن سوننه‌كان شه‌هیدیان كردوه نه‌وه‌ك ببێته هۆی زیان گه‌یاندن به‌یه‌كگرتویی نیشتیمانی، مه‌سیحسه‌كانیش تۆمه‌تبار نه‌كه‌ن نه‌وه‌ك ببێته هۆی جیاكاری ئاینی، یه‌هودیه‌كانیش تۆمه‌تبار نه‌كه‌ن نه‌وه‌ك یه‌هودیه‌كانی به‌حره‌ین به‌دژایه‌تی سامیه‌كان لێكی بده‌نه‌وه. سه‌ره‌نجام بڕیاریاندا كه له‌وتاره‌كاندا بوترێت ئیمام كاره‌با گرتویه‌تی و به‌هۆی شۆكی ته‌زوی كاره‌باكه‌وه گیانی له‌ده‌ستداوه . ئیدی هه‌مو ووتاره‌كان به‌وشێوه‌یه پێشكه‌شكران، له‌كاتێكدا كه زۆرینه‌ی خه‌ڵك سه‌ره‌تاو كۆتایی چیرۆكه‌كه‌ی ده‌زانی. چه‌ندین ساڵه زۆربه‌ی خه‌ڵكی هه‌رێم خۆی به‌ته‌واوی هۆكاری دواكه‌وتن و لێبرینی موچه‌و لیك و لێچونی داهاتی هه‌رێم و به‌هه‌ده‌ردانی خه‌رجیه‌كانی حكومه‌ت ده‌زانێت و ڕێگە چارەکەیش ئەزانێ، كه‌چی لایه‌نه به‌رپرس و فه‌رمیه‌كان به‌تایبه‌تیش له حكومه‌ت به‌جیاوازیی ئاراسته حیزبیه‌كانیانه‌وه له‌پێناوی نیگه‌ران نه‌بونی یه‌كتری و ئاڵۆزتر نه‌بونی په‌یوه‌ندیه سیاسیه‌كان و تێك نه‌چونی به‌رژه‌وه‌ندی و سه‌فه‌قاتی ئابوریی و سیاسیاندا، به‌رده‌وام یان بێده‌نگی هه‌ڵده‌بژێرن یان ناڕاسته‌وخۆ پێمان ده‌ڵێن موچه‌و داهاتاكانتان كاره‌با گرتویه‌تی و چارەسەری نیە. به‌شی زۆری په‌رله‌مانتارانیش یان بێده‌نگن یان به‌رده‌وام سه‌رقاڵی موزایه‌ده و هه‌رای میدیایی و تۆمه‌تباركردنی لایه‌نی به‌رامبه‌رن. به‌رده‌وامیدان به ده‌ربڕینی ده‌سته‌واژه و ڕسته‌ی لاستیكی و ناڕون بۆ پاساوی بابه‌ته‌كه و تۆمه‌تباركردنی یه‌كتری له هه‌رلایه‌كه‌وه بێت نه وتنی ڕاستیەکانە و نه هه‌نگاونانه بۆ چاره‌سه‌ر.
ئاری محەمەد هەرسین ئینسان خۆی لەسەر هەر یەک لە ئۆردوگای عەلمانی و ئیلاهی ساغ کردبێتەوە، ناکرێت هەندێک لە سەرە تاکانی پێویستی بوون (وجود) بەرچاو نەگرێت. گەر ئینسان بڕوای بە خوای گەورە هەبێت و نەبێت، ژیانی بە گۆی زەویەوە بەستراوەتەوە. کەس ناتوانێت عەسکەریەکی عەنتەر بێت، فەلسەفە بنوسێتەوە، سیاسەتمەدار بێت یان دەروێشێکی خانەقا، پێویستی بە ئۆکسجین و خواردن و خەو نەبێت، کە هەرسێکیان نیعمەتن. بۆیە شوکرانەی نیعمەتەکان وەفاو ئەرکی ئەخلاقیە، یان بەرامبەر بە خوا، یانیش سروشت. لەم وشکە ساڵیەی ئێستادا کەم ئاوی بەرۆکی هەموو ماڵەکانی گرتۆتەوە. هۆکاری سەرەکی وشکەساڵی کەمتەرخەمی ئینسانە بەرامبەر بە ژینگەی خواکرد. بە کورتی ئێمە ژینگە ی زەوی پیس دەکەین، زەویش بە ئوسلوبی خۆی تۆڵەمان لێ دەکاتەوە. ئێمەی ئینسان هەر لە چیرۆکەکانی تەورات و ئینجیل و قورئانەوە مەوجودێکی لاسارین. تاقانە درەختێک کە لێمان قەدەغە کرابو (بە پێی چیرۆکەکان) دەستمان بۆ برد، وامان زانی ئەو ئەتوارە مان یاخیبونێکی شۆڕشگێڕانەیە، کەچی قوڕی کرد بەسەرمانا و بەشەق لە بە هەشت کردینیانە دەرەوە (دیسان بە پێی چیرۆکەکان). حکومەت بەرپرسیارە لە ئیدارەی کۆمەڵگە و بەڕێوە بردنی لە سەر بنەمای عەدالەتی کۆمەڵایەتی و، ئازادیە خواکرد و بنەڕەتیەکانی ئینسان. لەم حاڵەی ئێستادا حکومەت بەرپرسیار نیە لە وشکەساڵی، بەڵام بەرپرسیارە لە دروستکردنی بەنداو و خەزانی ئاو. حکومەت بەرپرسیارە لە دانانی تۆڕێکی ئاوداری ماڵان کە لە ڕێگەی پێوەری زیرەک سنور بۆ شێوازی بەکارهێنانی ئاو لە کۆمەڵگەدا دابنرێت. بەڵام حکومەت ئایین نیە تا بتوانێت ئەخلاقی کۆمەڵگە ڕێک بخات. هاوڵاتیش بەرپرسیارە. ئایا لەم وشکە ساڵیەدا حەوشەو ئۆتۆمبێل شتن بەرپرسیارێتیە؟… بۆچی وا ئەکەین؟… تۆڵە لە کێ ئەکەینەوە، لە حکومەت؟… خۆ ئەم وڵاتە موڵکی حکومەت نیە و، موڵکی خۆمانە، ئینسان چۆن کانی گوندی خۆی وشک ئەکات؟… ئەو دڵۆپە ئاوەی توینیەتی ئینسانێکی پێ بشکێت زۆر پیرۆزترە لەو سەدان لیترە ئاوەی بەردەرگاو ئۆتۆمبێلی پێ ئەشۆرێت، یان حەوزێکەو مەلەوانی تیا ئەکرێت. ئاساییە لە حکومەت توڕەبین یان بێزار بین لە لێبڕینی مووچە و دواکەوتنی. ئاساییە ڕقمان لە بەرپرسی گەندەڵ و خەڵکانی کاربەدەستی نا مەسئول بێت. بەڵام ئاسایی نیە لە حاڵەتی وشکەساڵیدا کە زۆر وڵاتی سەر گۆی زەوی گرتۆتەوە، ڕێز لە نیعمەتی ئاو نەگرین. وەک حیزب حیزبێنە پەرتەوازەو وێرانی کردوین، با هیچ نەبێت خۆمان و ئاژەڵ و ڕوەکی خاکی پیرۆزی کوردستان لە توینیا نەخنکێین، با لەپێناو سوپاسگوزاری خوا‌و نیشتیمان دەست بە ئاوەوە بگرین.
د. نیاز نەجمەدین ئەوەی پارەت نەبێت كێشەیەكە، بەڵام ئەوەی كرێدت نەبێت (باوەڕت پێ نەكرێت) دووجار كێشەیە. مەرج نییە هەبوونی پارە كرێدتت بۆ بێنێت، بەڵام هەبوونی كرێدت پارەت بۆ دەهێنێت. سەرهەڵدان و ئاوابوونی هێزێك یان زلهێزێك لە دروستكردنی كرێدت یان لەدەستدانی جیا ناكرێتەوە (بۆ تاكەكانیش، بەدەستهێنان و دەستكەوتنی كرێدت زۆر لە ژیانیان باشتر یان خراپتر دەكات). ئەگەر دەتەوێت زیاتر لە رۆڵی كردێت لە مێژووی گەشە و قەیرانی نەتەوەكان و سەرهەڵدان و ئاوابوونی ئیمپریالیزمدا تێبگەیت، كتێبی "پارە"ی یوڤاڵ هەراری دەكرێت یەكێك بێت لە بژاردەكانت. حكومەتی هەرێم تەنها كێشەی نەبوونی پارەی نییە، بەڵكو كێشەی كرێدتی هەیە. لەدەستدانی كرێدتە (واتە متمانەیە، یان باوەڕپێبوونە) وایكردووە زیاتر مایەپوچ ببێت. لەبەر ئەمەش، وەك مەلەوانە درۆزنەكە هەرچەند هاوار بكات كە وا خەریكە دەخنكێت، كەس باوەڕی پێ ناكات با راستیش بكات. مەسەلەی قەرزیش یەكێكە لەو ژمارانەی جێی گومانە. رەنگە یارییەك بەو ژمارەیەشەوە بكرێت لەلایەن هەندێک دەسەڵاتدارەوە، وەك زۆر ژمارەی دیكەش (بۆ نمونە ژمارەی كارمەند و موچەخۆری حكومەت، ژمارەی كورد و عەرەب لە ناوچە كێشە لەسەربووەكاندا ،هتد). شتێكی باشە قەرزكۆكراوەتەوە و راگەیەنراوە. بڕی قەرزەكەش زۆرە و ئینكاری ناكرێت، بەتایبەت بۆ هەرێمێك كە لە ناوخۆ و دەرەوەیدا كرێدتی لە دەست داوە. بەڵام قەناعەتت هێنا بەوەی قەرز لە رادەیەكی زۆر گەورەی مەترسیداردایە، قەناعەت بەوەش دەكەیت كەرتی گشتیی هەرزانفرۆش بكرێت، نەخۆشخانە و قوتابخانە و بەش و كۆلێجی حكومیی و زەوی دیكە تاڵانفرۆش بكرێت، باجت لەسەر زیاد بكرێت، موچەت نەچێتەوە شوێنی خۆی، هتد. ئەوەی گومانەكەم تۆختر دەكاتەوە ئەوەیە بۆچی لای كەم پاكتاوی قەرزەكە ناكرێت؟ ئەمەی خوارەوە نمونەیەكە. حكومەت پارەی لای منە. منیش پارەم لای حكومەتە. گریمان قەرزی من زیاترە لای ئەو. ئێ بۆ نایەی پاكتاوی بكەین، ئەو كاتەش قەبارەی قەرزەكە بچوكتر دەردەكەویَت؟ من دڵخۆش ئەبم بەوەی بڕێك قەرزم لە كۆڵ بۆتەوە، راستەوخۆ رەفتارم وەك بەكاربەرێك دەگۆڕێت و قەیناكە با باقیاتەكەی لات بێت. دەشێت یەكێكیان ئەوە بێت خەرجییەكانم زیاد بكەم، كە ئەمە پێویستییەكی ئابوریی ئێستامانە. بچوككردنەوەی قەبارەی قەرزەكەش متمانەی زیاتر بە حكومەت دروست دەكات لای بەكاربەریش و لای وەبەرهێنی ناوخۆ و بیانییش. بەڵام كە قەرزاری حكومەتم، لە ئێستاوە ئیحتیاتی خۆم ئەخەم. خەڵكی لەم چەشنە تەنها گروپێكن. گروپی تر هەن بەس حكومەت قەرزی لەلایانە. باشە بۆ نایەی سوڵحیان لەگەڵ بكەیت؟ سوڵحەكە ئاسانە. سەیری ئەم نمونەیە بكە: - ئەوەی كۆی قەرزەكەی بداتەوە، لە 20%ی خۆش دەبین. - لە 70% بۆ كەمتر لە 100% بداتەوە، لە 15% خۆش دەبین. - 50% بۆ كەمتر لە 70%، لە 10% خۆش دەبین. بە قسەیان نەكردیت، با غەرامەی دواكەوتن هەبێت. دوای ئەم قۆناغە، حكومەت دەتوانێت رایبگەیەنێت كە ئامادەیە (یان دەكرێت یەكسەر لێرەوە دەست پێ بكەیت): 1- ئەوەی كەمتر لە 10 ملیۆن قەرزی لەلا بێت، مانگانە تەنها 50 هەزار دینار بداتەوە. 2- زیاتر لە 10 ملیۆن تا 20 ملیۆن، مانگانە نزیكەی 100 هەزار دیناری قەرزەكەی بداتەوە. 3- زیاتر لە 20 ملیۆن، بۆ 30 ملیۆن، مانگانە 150 هەزار دینار. ئیدی بەو شێوەیە تا كۆتایی بڕۆ (ئەمە تەنها نمونەیە). سیاسەتەكە لە گروپێك بۆ گروپێك جیاوازە و دەبێت هەنگاو بە هەنگاو بێت. من داتای وردم لەبەردەستدا نییە تا چڕوپڕتر پلانی بۆ دانێم، بەڵام ئایدیاكە ئەمەیە: دانەوەی قەرزەكە هێواش بكەرەوە، با ماوەیەكی درێژخایەن بێت زۆر باشترە لەوەی پارەی كاشت نەیەتەوە دەست یان بەهۆی رێژەی هەڵئاوسانەوە بەهای خۆی لە دەست بدات كاتێك دێتەوە دەستت. تەبعەن زۆر ناشیرینە ئەگەر حكومەت قەزر لە خەڵك وەرگرێتەوە و قەرزەكانیان نەداتەوە، ئەمە هێندەی دیكە كرێدتی حكومەت كەم دەكاتەوە. دانەوەی قەرزی خەڵك و لایەنەكان هەنگاوێكی گرنگی دروستكردنەوەی كرێدتە. ئەمیش زۆر قورس نییە، دەكرێت سوڵحیش لەگەڵ ئەو كەس و لایەنانە بكرێت كە قەرزیان لای حكومەتە و دەست بكرێت بە دانەوەیان. ئەوەی وتم چارەسەری ئەزمە ناكات، تەنها دەرمانێكە لەناو دەیان دەرمانی دیكە كە دەكرێت بدرێت بە جەستەی نەخۆشی حكومەت و كەمێ رێزی لەلای خەڵك بۆ بگێرێتەوە، پاڵێكیش بە تراكتۆری چەقیوی ئابوورییەكە بنێت لە قوڕەكە بیهێنێتە دەرەوە.
دییە عەلی کۆبونەوەی ۲۸ و ۲۹ـ٦ـ۲٠۲۱ پەرلەمانی کوردستان کۆبونەوەیەکی جیاوازبوو لە هەموو کۆبونەوەکانی پێشتر، بۆ یەکەمجار بوو پارتی دیموکراتی کوردستان هێرشێکی توند بکاتە سەر بەرپرسانی حوکمەت، بەڕادەیەک کە هەریەک لە وەزیری دارایی و وەزیری سامانە سروشتیەکان و وەزیری هەرێم بۆ کار و باری دانوستان پرسیار باران بکرێن وەک ئەوەی ئۆپۆزسیۆن بن ئەمەش وایکرد کە پەرلەمان شێوەیەکی جیاواز وەربگرێت لەوەی پێشتر کە هەبوو. دەبوو لایەنەکانی حکومەت بەتایبەتی یەکێتی و گۆڕان پێشتر ئاگاداری ئەوە بونایە یان لەوە تێبگەیشتنایە کە پارتی دیموکراتی کورستان زۆرینەی پەرلەمان و حکومەتی بەدەستە، ئەگەر شتێک پارتی نەیەوێت هیچ لایەنێک ناتوانێت تێی پەڕێنێت وە هەرشتێکیش پارتی بیەوێت بە ئاسانی تێیدەپەڕێت، بۆیە واباشتربوو یەکێتی و گۆڕان دانوستانیان لەگەڵ پارتی بکردایە و بیانزانیایە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم هێزەدا دەکەن کە هێزی یەکەمی کوردستانە،چونکە لە ماوەی ڕابردوودا هەریەکە لە یەکێتی و گۆڕان درێخیان نەکردوە لە ئیستیفزازکردنی حکومەتی هەرێم بەگشتی و بە تایبەت وەزیرەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بەدیاریکراوی مەلەفی نەوت چیان لەدەست هاتبێت دژی ئەم مەلەفە کردویانە، بئ ئاگا لەوەی کە پارتی زۆرینەیە و ئەگەر پارتی کێبرکێیان بکات بێگومان هەردوو لایەنی یەکێتی و گۆڕان بە دۆڕاوی دەردەچن، چونکە ئەمە مەسەلەی دیموکراسیە و زۆرینە و کەمینە حوکم ئەکات لە هەرێمی کوردستان وە دیموکراسی لە کوردستان وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیموکراسی زۆرینەو کەمینەیە نەک دیموکراسیەک بێت بەپێی کەلتوری دیموکراسی و یەکتر قەبوڵکردنی تەواوەتی هێزەکان. پارتی کە زۆرینەی پەرلەمانی هەیە و هێزی یەکەمە هەمیشە ئاراستەکان ڕوو لەون و ئەو بڕیاری سەرەتا و کۆتای دەدات. هەرچەندە پەرلەمانی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی لای هاونیشتیمانیان بوەتە شوێنی موزایدەکردنی کۆمەڵێک خەڵک و کەمترین بەدواداچونیانکردوە وەک ئەوەی کە ڕێواس فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بە دروستی بە پەرلەمانتارانی وت ئەو ئامارانەی کە لە بەردەستیاندایە زیاتر لە هەزار پرۆژەی حوکمەت ۲٦ پرۆژە بە دواداچونی بۆ کراوە کە لە کاتێکدا ئەمە ئەرکی سەرەکی پەرلەمانتارە کە بەدواداچونی جدی بۆ پرۆژەکانی حوکمەت بکات وە چاودێری وردی حوکمەت بکات بە داتا و زانیاری قسە بکات نەک هەر بە وتی وتی و قسە فڕێدان، چونکە ئەمانە دوا جار شتێک بۆ هاونیشتیمانیان ئیزافە ناکەن. ئۆپۆزسیۆن هەرچی بکات یان هەرچۆن ڕەخنە بگرێت ڕەنگە کارێکی ئاسایی بێت چونکە ئەو لە ئێستادا هیچ شتێکی بەدەستەوە نیە ڕەخنە نەبێت وە ناکرێت ئۆپۆزسیۆن لۆمەبکرێت لەسەر ڕەخنەکانی وە ناشبێت ئۆپۆزسیۆن تەنها قسە بکات، بەڵکو پێویست بوو لە دانیشتنی ۲۸ و ۲۹ مانگی ڕابردوو ئۆپۆزسیۆن بەدواداچونی جدی هەبوایە تاوەکو بەڵگەی پێویست و ڕاست و دروستی بخستایەتە ڕوو، بەڵام ئەوەی گوێمان لێ‌بوو هەموو قسە سواو و دووبارەکانن کە ڕۆژانە دووبارە و دەبارەی دەکەنەوە بۆیە نەیانتوانی شتێکی گەورە زیاد بکەن لە دانیشتنەکە و ئەو هەلە بقۆزنەوە کە چۆن ڕوو بە ڕووی حوکمەت ببنەوە، بە پێچەوانەوە حوکمەت زۆر سەرکەوتوانەتر و ڕاشکاوانەتر وەڵامی دانەوە توانی بە باشی گرەوەکە بباتەوە. هەرچەندە گومان لەوەدانیە ئۆپۆزسیۆن لەم خولەدا زۆر دەست و پێ سپین و بەجۆرێک کە هیچ کەسێک ناتوانێت ئیعتیمادیان لەسەر دروست بکات، چونکە پەرتەوازەیی ئۆپۆزسیۆن و نەبوونی گوتارێکی ڕون وە نەبوونی ئیرادەیەکی بەهێز و ناکارایی کادیرەکانیان بوە بە کۆسپێکی گەورە لەبەردەم پرۆژەی ئۆپۆزسیۆندا بۆئەوەی بتوانن هەم ببنە بەدیلی دەسەڵات هەم بتوانن ڕووبەڕووی دەسەڵات ببنەوە بیانەوێت دۆخی کوردستان بگۆڕن بە ئاراستەیەک لە سود و قازانجی هاوڵاتیان بێت. ،کاتێک سەیری ئۆپۆزسیۆن دەکەیت گوتارەکانیان دەبینیت هەست بەوەدەکەیت کە ئەم ئۆپۆزسیۆنە چەندە داما و دەست و پێسپیە زەحمەتە بتوانێت هیچ شتێک زیادبکات بۆ هاونیشتیمانیان، دواجار دەگەینە ئاستێک کە خەڵکی هیچ متمانەیەکیان بە ئۆپۆزسیۆن نامێنێت. هەرچەندە دانیشتنەکەی پەرلەمان زیاتر لە چواردە کاتژمێری خایاند و ۹۷ پەرلەمانتار قسەی خۆیانکرد کە ماوەیەکی زۆر زۆر بوو بەڵام و زۆرێک لە قسەکان دووبارە بوون و وە جوینەوەی هەمان قسەی هاوڕێکانی پێش خۆیان بوو وە زۆربەشیان بەبێ بەدواداچونێکی ورد و بەبێ هیچ داتا و زانیاریەک وەهەندێجار بڵاوکردنەوەی هەندێک داتا و زانیاری ئێجگار هەڵە لەکاتێکدا ئێمە لە زاری وەزیرەکانەوە گوێمان لێی بوو کەچۆن هەڵەکانیان بۆ ڕاست ئەکردنەوە بۆمان دەرکەوت کە ئەو پەرلەمانتارانە چەندە دەست و پێ سپین لە ئاستی پیشەکەی خۆیاندا، هەروەها نەیانتوانیوە مامەڵەیەکی دروست لەگەڵ پیشەکەی خۆیاندا بکەن و بەجدی نوێنەرایەتی خەڵکی هەرێمی کوردستان .بکەن گرنگە هەرسێ لایەنی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان، بەرپرسیاریەتی هەڵبگرن، چونکە هاونیشتیمانیان چاویان لە ئایندەیەکی باشترە لانی کەم چاویان لەوەیە کە چۆن لێبڕینی موچە کۆتای بێت و هەموو مانگێک مووچە کانیان لەکاتی خۆیدا وەربگرن و پرۆژەکان پەرەپێدەدەن وە بەردەوام بن، هەروەها چاویان لەوەیە هەلی کار بڕەخسێت بۆ گەنجانی بێکار و ئەو ژمارە زۆرەی دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان. گرنگە ئەم سێ لایەنە بچنە پای بەرپرسیاریەتی و واز لە موزایدە بهێنن و هاونیشتمانیان ئەم سێ لایەنە بە خاوەنی سەرەکی حوکمەت دەزانن هەر کەم و کوڕیەک و هەر ئیشکالێک هەبێت لە ئەستۆی ئەم سێلایەنەیە ئەوانیش بەپێی قەبارە و جیاوازی و بەرپرسیاریەتییان، بەڵام هیچ لایەکیان بێ بەری نین لەوەی کە لەحکومەتدا ڕوودەدا، بۆیە واباشترە لەبری موزایەدە خۆیان کۆبکەنەوە بۆ کار و بەرنامەی جدی و خزمەتی هاوڵاتیان.
رێبوار کریم وەلی وێستگەی یەکەم: ھەموو چەند ھەفتەیەک بەر لەوی دکتۆر بەرھەم ساڵح لە ١٩ ئەیلولی ٢٠١٨(بە رەسمی) و بە بەڵێنی نووسراو سەبارەت بە کردنی بە سەرۆککۆماری عێراق، بگەڕێتەوە ناو یەکێتی، ئیمزای خستە سەر مەحزەرێکی چارەنووسساز. * کۆبوونەوەی گۆڕان، ھاوپەیمانی، کۆمەڵ و یەکگرتوو. * بابەتی کۆبوونەوە تەزویری یەکێتی لە ھەڵبژاردنەکانی ٣٠ ئەیلولە و تێیدا دەگوترێ کە یەکێتی بەتەمای تەزویرکردنی ٢٠٠ ھەزار دەنگە. ھەمووان ئیمزای دەکەن. ھەر ئەوەش بوو کە وایکردبوو کاک بەرھەم بیانوو بۆ بەشدارینەکردن لە ھەڵبژاردنەکان بێنێتەوە و قەوارەکەی نەخاتە ھەڵبژاردنەکانی ٣٠ ئەیلولەوە. * ھێشتا زۆری ماوە بۆ ھەڵبژاردنەکان، بەڵام مەحزەری ئیمزا کراو زۆری پێنەچوو کەوتە دەست پارتی. * ھەموو دەڵێن کە یەکێتی بەتەمای تەزویرە، بۆیە پارتی چەند سەعاتێکی ماوە بۆ ھەڵبژاردن، لە رێگەی کۆمیسیۆنەوە بە حازرییەکی تەواوەوە مەرجی ھەبوونی رەگەزنامەی باری شارستانی بۆ دەنگدان فەڕز دەکات! تەق... تازە دە رۆژە کە کاک بەرھەم وەک جێگری سکرتێری گشتی بە تاقی تەنیا گەڕاوەتەوە ناو یەکێتی! * پارتی کەتنی خۆی کرد. یەکێتی دەمودەست رایانگەیاند کە دان بە ئەنجامەکاندا نانێن... * مەحزەری ئیمزاکراو بە ئیمزای جێگری سکرتێری گشتی و کاندید بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق، خرایە بەردەم ماڵباتی تاڵەبانی! دوای دوو سەعات ئەنجامەکەیان قەبوڵ کرد. * زۆرینەی پەرلەمانی تەسلیمی پارتی کرا، قابیلە فازڵ میرانی بکەنە سەرۆکی حکومەت!؟ * وێستگەی دووەم: ئێ ئەوەیان چوو، ئەدی ئەوەیان؟ ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانە لە پەرلەمان. یەکێتی بە ھەموو لایەکەوە نێچیرڤان بارزانی دەناسن و دەزانن چەندیش گرنگە کە بە چەند دەنگ لە پەرلەمان ببێ بە سەرۆک. * سەرۆکوەزیرانی داھاتوو دیارە کە کێیە و کەمتازۆریش داھاتووی پەیوەندییەکان دیارە. بەڵام دیسان خەتێک ژێر بەژێر لە بەغداوە لە دەرەوەی سیاسەتی یەکێتی ھەوڵی شکاندنی نێچیرڤان بارزانی و دڵخۆشکردنی ھەندێکی دیکە دەدەن. نابێ نێچیرڤان بارزانی زۆرینەی رەھای دەنگەکان بێنێ! * پەرلەمانتارانی یەکێتی ھەر بۆ فشە، بایکۆتی دەنگدان بە سەرۆکی ھەرێم دەکەن و دوای دەنگدانیش وەک نە بای ھاتبێ نە باران دەچنەوە پەرلەمان! کەچی رۆژی دەنگدان بەم حکومەتەی ئێستا، یەک کەسیشیان غایب نییە و ھەمووشیان دەنگ دەدەن! * ئێستا کێ قوربانییە و کێ جەللاد؟ ھەموو رووتان لە سەرۆکی ھەرێمە! * چاوەڕێی پارتی بن، شۆڕی دەکاتەوە...
کارزان سه‌باح هه‌ورامی دوای هێرشه‌که‌ی سه‌رشاری هه‌ولێر که له ٢٦/٦ له نزیک کونسوڵخانه نوێیه‌که‌ی شاری هه‌ولێر که‌وته خواره‌وه، ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌کرێت هێرشی ئه‌مجاره بۆ سه‌ر هه‌ولێر هه‌م ئاراسته‌ی جیاواز بوو، واته دووربوو له ناوچه گه‌رمه‌کانه‌وه، هه‌م شێوه‌ی هێرشه‌که که درۆنی پێشکه‌وتووبوو له‌گه‌ڵ کاته‌که‌ی که نزیک بوو له هه‌ندێک نمایشی سه‌ربازی میلیشیاکانه‌وه، کاردانه‌وه‌ی ئه‌م جاره حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستانیش جیاواز بوو، سه‌رۆکی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، له به‌یاننامه‌یه‌کدا ئاماژه به‌وه‌ده‌کات که سوپاسی هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه ده‌کات که سه‌رکۆنه‌ی هێرشه‌که‌یان کردووه، به‌ڵام سه‌رکۆنه کردن به‌س نییه، پێویسته وه‌ڵامی ئه‌م کاره تێکده‌رانه بدرێته‌وه، به‌وپێیه بێت قۆناغی هه‌ڵوێست وه‌رگرتنی کوردستان گۆڕاوە، ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی به ئارامی کوردستان و پاراستنی گیانی خه‌ڵکی کوردستانه‌وه هه‌یه، که به‌لای حکوومه‌ته‌وه هێڵی سووره، دوای ئه‌م هێرشانه وه‌ک وه‌ڵام دانه‌وه‌یه‌ک و ئاماده‌کاریه‌ک له‌بنکه‌ی ئاسمانی (ئێگلن)له رۆژئاوای فلۆریدا وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریکا-پنتاگۆن سیسته‌مێکی تاقیکرده‌وه که فرۆکه‌ی بێفرۆکه‌وان له ئاسمانه‌وه ده‌هێنێته خواره‌وه، به‌رنامه‌ی پارێزگاری هێزی جوڵاوی سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریکاش رایگه‌یاندووه که سیسته‌می دژه فرۆکه‌ی بێفرۆکه‌وانیان به‌سه‌رکه‌وتووی تاقیکردوه‌ته‌وه. جوڵانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا له‌م ئاسته‌دا خۆئاماده‌کردنه بۆ قۆناغێکی نوێی رووبه‌رووبونه‌وه‌ی گروپه میلیشیاکان، تادێت شه‌ری گروپه‌کان به‌رانبه‌ر به‌ئه‌مه‌ریکا و هاوپه‌یمانه‌کانی قۆناغی جیاوازتر ده‌برێت، باشترین نمونه‌یان شه‌ره‌کانی دوایی حه‌ماس بوو له‌دژی ئیسرائیل، خێرا راگه‌یاندنی ئه‌م سیسته‌مه پێشکه‌وتنه‌ی ئه‌مه‌ریکا له کاتێکدایه که هێرشی فرۆکه‌ی بێفرۆکه‌وان (درۆن) تادێت له‌دژی ئه‌مه‌ریکا له عێراق به‌تایبه‌ت له هه‌رێمی کوردستان زیاتر ده‌بێت، جاری یه‌که‌م له نزیک فرۆکه‌خانه‌و ئێستاش له نزیک کونسوڵخانه بۆ ئه‌مه‌ریکا په‌یامێکی جیاوازه، پێیان وایه هه‌ره‌شه‌کانیان له به‌به‌غداوه گوازراوه‌ته‌وه بۆ ئارامترین شوێنی عێراق ئه‌ویش هه‌رێمی کوردستانه، بۆ واشنتۆن ئه‌وه‌ی جێگای ترسه که شه‌ری ئه‌م جاره بۆ ده‌رکردنیان له عێراق له گوشاری سیاسییه‌وه ده‌رچووه بۆ هێرشی سه‌ربازی، ئاستی تاکیتکی هێرشه‌کان له ده‌ره‌وه‌ی پێشبینی واشنتۆن بووه، له هێرشی رابردوو جۆرێک فرۆکه‌یان به‌کارهێناوه که له‌گه‌ڵ هێڵی ئاسمانی مه‌ده‌نی تێکه‌ڵ کرابوو که ئاسته‌م بوو پێشی لێبیگرێت بۆ هێرشه‌که‌ی دوایش جۆرێک له درۆنی زۆر پێشکه‌وتوو به‌کارهاتووه. جوڵه‌ی چه‌کداره نایاسایی و میلیشاکان له سنووری کوردستان زۆر بووه، دوای ١٦ی ئۆکۆتبه‌ر مه‌ترسی زۆر گه‌وره له‌سه‌ر ئارامی کوردستان هه‌یه، به‌جۆرێک ٦٠ گروپ و چه‌کداری میلیشیا له سنووری کوردستان په‌رشوبڵاو بوون و به‌شێکیان ته‌واو نزیکن له سه‌نته‌ری شاری هه‌ولێر، پێشووتر سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی پینتاگۆن DARPA رایگه‌یاندبوو که سیسته‌مێکی نوێی دژه فرۆکه‌ی بێفرۆکه‌وان ده‌خه‌نه‌کار که ئامانج لێی پارێزگاریکردنه له دیپلۆماتکار و سه‌ربازه‌کانیان که له‌ناوچه‌که هاتوو چۆ ده‌که‌ن، له‌به‌یاننامه‌که‌ی واشنتۆنیش ئه‌گه‌ر تێبینی بکرێت، به‌روونی ئاماژه به خاڵێک دراوه ده‌لێت: سه‌رکۆنه‌ی ئه‌و هێرشه ده‌که‌ین و ئه‌مه ئاماژه‌یه‌کی روونه بۆ پێشێلکردنی سه‌روه‌ری خاکی عێراق. واته ئه‌گه‌ر لێکدانه‌وه بۆ ئه‌و قسه‌یه‌بکرێت ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه که ئاماده‌کاریه‌کان هی ده‌ره‌وه‌ی خاکی عێراقن و ئامانجی یه‌که‌میان لێدانه له پێگه‌و مه‌کانی ئه‌مه‌ریکا له ناوچه‌که به‌تایبه‌ت هه‌ولێر. ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه ئه‌وه‌یه که سێ بژارده له‌به‌رده‌م ئه‌مه‌ریکایه بۆ کۆتایی هێنان به‌و هێرشانه بژارده‌کانیش ئه‌مانه‌ن: یه‌که‌م: ئه‌مه‌ریکا له‌رێگای جێگریکردنی سیسته‌می پارێزگاری دژه فرۆکه‌ی بێفرۆکه‌وان و سیسته‌می پاتریۆت له کوردستان رێگه له هێرشه‌کان بگرێت و بتوانێت پشتیوانی له دۆسته‌کانی بکات له کوردستان چونکه روونه ئه‌و هێرشه زیاتر به ئامانج گرتنی پێگه‌ی ئه‌مه‌ریکایه به‌س گرفته‌که ئه‌وه‌یه که خاکی کوردستان ده‌کرێته ئامانج و سه‌روه‌ری کوردستان کراوه‌ته ئامانج. دووه‌م: هاندانی حکوومه‌تی عێراقه و گوشارخستنه سه‌ریان بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رچی زووه سه‌رجه‌م گروپیه میلیشیا و چه‌کداره نایاساییه‌کان له سنووری کوردستان دووربخرێنه‌وه و رێککه‌وتنی هه‌ولێرو به‌غدا له‌باره‌ی ئیداره‌دانی ئه‌و ناوچانه بخرێته واری جێبه‌جێکردنه‌وه، به پێچه‌وانه‌وه هیچ گه‌ره‌نتیه‌ک نییه بۆ وه‌ستاندنی ئه‌م هێرشانه. سێیه‌م: ئه‌مه‌ریکا دووباره پێویستی به پێداچوونه‌وه‌ی جدی هه‌یه له ئاستی مانه‌وه و کاری دیپلۆماسی له عێراق و کوردستان پێش ئه‌وه‌ی بیر له ئارامی خۆی بکاته‌وه له عێراقدا ده‌بێت بیر له‌وه بکاته‌وه که هه‌وڵ بدات هێزه عێراقییه‌کان له چوار چێوه‌ی سیسته‌مێکی به‌هێز کۆبکاته‌وه و کاربکات بۆ ئه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه پرچه‌ک بکات و هاوکاری زیاتریان بکات بۆ یه‌کگرتنه‌وه له چوار چێوه‌ی یه‌ک هێزی یه‌کگرتوو. ئەوەی گرنگە ئەمەریکا گرفتی خۆی لەگەڵ میلیشیاکان چارەسەر بکات و ھەولێر نەکەنە مەیدانی جەنگ ره‌نگ بێت به‌لای ئه‌مه‌ریکاوه مه‌ترسی گه‌وره له‌وه‌دابێت که تادێت گروپه شیعه چه‌کداره‌کان لق و پۆپیان لێ ده‌بێته‌وه، پێشووتر هه‌مان حاله‌ت له‌ناو هێزه سوننه‌کان هه‌بوو گرفتی گه‌وره‌ی نه‌ک بۆ ئه‌مه‌ریکا بۆ هه‌موو جیهانیش دروست کردبوو، ئیستا له‌ناو هێزه شیعه‌کان سه‌ری هه‌ڵداوه ئه‌م جاره مه‌ترسیه‌که گه‌وره‌تره چونکه ئه‌م گروپانه ده‌سه‌ڵاتی حکوومه‌تی عێراقیان به‌ده‌سته‌وه‌یه و له‌ماوه‌ی رابردوو نزیک بوونه‌وه له کوده‌تا به‌سه‌ر سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق و لادانی له پۆسته‌که‌ی و ئه‌نجامدانی نمایشی سه‌ربازی له‌به‌غدا که حکوومه‌تی عێراقی ته‌واو خستوه‌ته به‌رده‌م پرسیاره‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌مه چاره‌سه‌ر نه‌کرێت دواجار نه‌ک ئه‌مه‌ریکا پێگه‌ی دیپلۆماتکاری سه‌رجه‌م جیهان له عێراق و کوردستانیش ده‌که‌وێته به‌رده‌م مه‌ترسییه‌وه، به‌شێکی دیکه‌ش ده‌که‌وێته سه‌ر واشنتۆن که پلانی درێژخایه‌نی بۆ پارێزگاری له خۆی له ناوچه‌که چییه به‌تایبه‌ت که سه‌رجه‌م پێشبینیه‌کان وای بۆ ده‌چن ئه‌مه‌ریکا له عێراق ده‌مێنێته‌وه.