جیهان لەبەردەم شەڕەکانی بایۆلۆجی و سایبەر و درۆنەکاندا .

Draw Media

2021-08-02 06:50:28



بەختیار نامیق و سەرکەوتی جیهاز .

ئەگەر قۆناغەکانی ململانێ و شەڕەکانی جیهان بە چەند قۆناغێک پۆلێن بکەین ، ئەوا دوای هەردو شەڕی جیهانی و شەڕەکانی تر و شەڕی سارد جیهان کەوتوەتە بەردەم کۆمەڵێ شەڕی ترەوە کە دەکاتە پێشکەوتنی تەکنەلۆجیای سەربازی شەڕی ناوکی و بایۆلۆجی کە دەتوانین بڵێین ململانێکان و شەڕە وردەکان و نمایشە سەربازییەکان ئەوەمان پێ دەڵێن کە جیهان لەبەردەم سێ هۆکاری شەڕی زۆر پێشکەتو وێرانکەردان ، ئەوانیش شەڕی بایۆلۆجی و سایبەر و درۆنەکانە ، لە پەنای ئەمانەدا بونی چەکی ئەتۆمی کە بە پلەی سەرەکی دێت یەکێکە لەو ململانێیانەی کە وڵاتان هەوڵی بەدەست هێنانی دەدەن وفۆکسی سەرەکی لەسەر دەست گەشتنە بە چەکی ناوەکی ، ئەگەرچی ئەم چەکە تا ئاستێک ڕێککەوتنێکی جیهانی لەسەرە نەهێڵن هەندێ وڵات جگە لە بواری پزیشکی دەستیان بگات بە چەکی ئەتۆمی بەڵام لە پەنای ئەمەدا دەست گەشتن بە هۆکارەکانی شەڕی بایۆلۆجی و سایبەر و درۆنەکان تا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێکی جیهانی لەسەر نیە کە بتوانرێ وەک ڕێنماییەکان و بەرگرتنەکانی چەکی ناوەکی ڕێ لەم چەکانە بگیرێت ، ئەمە دەکاتە ئەوەی لەبەردەم گۆڕانکاری و پێشکەوتنی درۆنەکان و شەڕی سایبەر و ئەگەری زیاتری شەڕی بایۆلۆجی جیهان بە دۆخێکی ترسناکدا تێدەپەڕێ ، کە دەکرێت هەمو وڵاتانی دنیا لەسەر مێزی گفتوگۆ و ترسی هاوبەش کۆبکاتەوە. 
لێرەوە دەتوانین یەک بە یەک قسەی سەرەتایی لەسەر بکەین :
شەڕی بایۆلۆجی :
ئەگەر چی ئەم جۆرە شەڕە ماڵوێرانکەر دەبێت بۆ ئەو وڵاتەی کە هەڵدەسێت پێ ی خۆشی دەگرێتەوە ، بەڵام جیهان لەبەردەم هەڵکشانی ململانێ و بەرکەوتنی بەرژەوەندیەکاندا بەدەر نیە لەم ترسە ، یەکەم شەڕی بایۆلۆجی مەغۆلەکان پێ ی هەڵسان کاتێک سەربازەکانیان توشی تاعون بون لاشەکانیان فڕێ دایە ناو شاری دوژمنەکانیان و لەوێوە بە هۆی مشکی سەر لاشەکان تاعون بڵاو بویەوە و هەمو جیهانی گرتەوە و ناسرا بە تاعونی ڕەش ، لە ئێستادا جیهان بە ترسەوە چاودێری شەڕی بایۆلۆجی دەکات بە تایبەت ململانێ ی نێوان چین و ئەمریکا لە دوای بڵاو بونەوەی سارس و کۆرۆنا ، ئەگەر چی چین و ئەمریکا یەکتر تاوانبار دەکەن بەڵام هێشتا جیهان دوای کۆرۆنا بەدەر نیە لە هەڕەشەی جۆرەکانی تری شەڕی بایۆلۆجی بەتایبەت ئەگەر گروپە ئیرهابیەکان دەستیان بگاتە ڤایرۆسەکان و بڵاوبونەوەیان ، وەک ئەوەی ئەیمیەن زەواهیری لە چاوپێکەوتنێکیدا دەڵێ چەند ملێون دۆلارێکت پێ بێت دەتوانی لە بازاڕی ڕەشی ئاسیا ڤایرۆسی بایۆلۆجیت دەست بکەوێ ، ئەم بازاڕی ڕەشانە کە بە جۆرێک زل هێزەکانی بە قاچاخ تێدایە ئەگەری هەڕەشەی گەورەن لە داهاتوی جیهان ، ئالێرەوە ململانێکانی چین و ئەمریکا و ئەگەری شەڕی بایۆلۆجی ئامادەیە کە لە کۆڤید ١٩ دەدا یەکتریان تاوانبار دەکرد ئەگەری ئەوەی هەیە جارێکی تر جیهان توشی نەخۆشیەکی تری وەک تاعونی ڕەش بکاتەوە ، بۆیە بونی سیستەمێکی تەندروست لەهەر وڵاتێکدا بونی بەرگریە بەرامبەر بە ئەگەری شەڕی بایۆلۆجی و بڵاوبونەوەی ڤایرۆس.
شەڕی سایبەر :
شەڕی سایبەر کە بەشەڕی نێوان کۆمپیتەرەکان ناسراوە یەکێکە لەو شەڕانی کە لە ئێستادا بوە بە ئەولەویەتی ململانێی نێوان ئەمریکا و چین و ڕوسیا ، ئەم هاککەرانە لە ڕێی ئەنتەرنێت و کۆدەکانەوە هێرش دەکەنە سەر یەکتر و کۆنتڕۆڵی بەرامبەریان دەکەن بە شێوەیەک دەتوانن سیستەمی بانکی و تەکنەلۆجیا پێشکەوتوەکانی وڵاتانی بەرامبەر بوەستێنن یان کۆنتڕۆڵی بکەن ، لە ئێستادا شەڕی سایبەر لە ئەولەویەتی شەڕی ئەمریکایە بەرامبەر نەیارەکانی وەک چین و ڕوسیا و ئێران ، تا ئەو ئاستەی سوپای سایبەریان دامەزراندوە کە  کار لەسەر درۆنەکان و کۆدەکان دەکات ، ئەمریکا لە زاری بایدنەوە ڕوبەڕوبونەوەی شەڕی سایبەری ڕاگەیاند ، ئەوەی پێشتر بە جەنگی ئەستێرەکان ناوزەند دەکرا تا ئاستێک سەرەتاکانی دەرکەوتوە ئەویش لەبەر ئەوەی سایبەرپێویستی بە تێچوی زۆر نیە تەنها شەڕی نێوان کۆمپیترەکانە لە ڕێگەی ئەنتەرنێتەوە ئەوەی پێویستی پێیەتی تەنها عەقڵە و ئەزمون و دۆزینەوەی دەروازەکانی کۆدی بەرامبەرە ، چی تر ئەم شەڕە لە شەڕی وشکانی و دەریایی و ئاسمانیەوە دەگواسترێتەوە بۆ شەڕی ئاسمانە بەرزاکان  بە شەر نەوەی پێنجەم دادەنرێت ، سایبەر زۆربەی بوارەکانی شەڕ و ململانێ دەگرێتەوە لە ئێستادا تورکیا و ئێران دو دەوڵەتن خاوەنی سوپای سایبەرن و پەرەی پێ دەدەن ، خۆ ئەگەر کوردیش کاری لەسەر بکات ئەوا دەتوانێ لە داهاتودا بچێتە ناو شەڕی سایبەرەوە بەتایبەت لە ئێستادا عێراق خەریکی بونیاد نانی سوپای سایبەرە .
شەڕی درۆنەکان :
وردە وردە لە بونی سوپایەک کە قەبارەی گەورەی کلاسیکی هەبێت دەگۆڕدرێت بۆ سوپای پشکەوتوی تەکنەلۆجیای سەربازی لەگەڵ بونی شەڕی سایبەر و شەڕی درۆنەکان ، بوەتە سەرەکی ترین تەکنەلۆجیا و وڵاتە زل هێزەکان زۆر بەخێرایی کار بۆ دروستکردنی درۆن لە بچوکترینەوە بۆ گەورەترین دەکەن ، شەڕی ئێستا و ئەم بیست ساڵەی پێشتریش ناسرا بو بە شەڕی درۆنەکان کە ئەمریکا لە شەڕی ئەفغاستاندا بەکاری هێنا و دواترینیان تورکیایە لە لیبیا و قەرەباخ بەکاری هێنا ، لێرەوە شەڕی درۆنەکان ئێستا بوە بە سەرەکی ترین هەواڵی هێڕش و ململانێکان ، لە ڕوی بەرهەمهێنانی درۆنەکانەوە وڵاتە گەورەکان لە هوڵی فرۆشتنی ئەم درۆنانە بە هەمو جۆرەکانیەوە بە وڵاتاکانی تری دنیا ، کە بوە بە سەرباسی میدیا جیهانیەکان ، هەرێمی کوردستانیش بەردەوام لە بەردەم شەڕی درۆنەکاندایە و دەبێت هەرێم ببێتە خاوەن درۆن و سیستەمی بەرگری تەکنەلۆجیای پێشکەوتو بۆ بەرپەرچدانەوەی درۆنەکان ، بەڵام تا ئێستا نەک ناتوانێ ببێتە خاوەن درۆنەکان بەڵکو وەک پاشکۆی وڵاتانی ناوچەش لە هیچ هێرشێکی درۆن ناپارێزرێ و بگرە بوە بە شوێنی بەریەککەوتنی درۆنەکانی وڵاتانی دژ بە یەک لەم ناوچانەدا ، ئەگەری ترسی زیاتری هەیە بە تایبەت کە درۆن بکەوێتە دەستی گروپە ئیرهابیەکانەوە .
کۆتایی:
جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەمو شوێنێکی ئەم دنیایە لەئەگەری بونی هەر یەک لە شەڕەکانی بایۆلۆجی و سایبەر و درۆنەکان بەدەر نابێت ، جا کەوتوەتە سەر دامەزراوەیی و بونی سوپایەکی تەکنەلۆجی و تەندروستیەکی بەهێزی خۆپارێزی بۆ مانەوە و بەردەوامی دانی خۆی لەبەرامبەر ئەم شەڕانەدا ، بە گشتی جیهان لەبەردەم جۆرێکی ترە لە پێشکەوتن و جۆری شەڕی ماڵویرانکەر کە ڕەسمی بیرۆکەی دەوڵەت و کۆمەڵگاش دەگۆڕێ.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand