کۆچی گەنجان 

2021-07-31 22:16:50



یادگار مەحمود


  مرۆڤ ناتوانێت بە تەنیا، دوور لە مرۆڤ و لە دەرەوەی کۆمەڵگا بژی و هەموو پێداویستیەکانی خۆی دابین بکات، لەبەرئەوە لە پێناو مانەوەی خۆیدا لە یەک شوێندا و لە گروپدا دەژی،ئەو گروپەش پێیدەوترێت کۆمەڵگا، واتە بە کۆمەڵایەتی بوونی مرۆڤ . بە پێی وێناکردنەکەی ئەفلاتۆن بۆ کۆمەڵگایەکی سادە کە پێیوایە کۆمەڵگا لە دابەشبوونی کارەوە دروست دەبێت ومرۆڤەکان پێویستیان بە یەکتر و توانا و شارەزایی یەکدییە، ئەمڕۆ کە کۆمەڵگاکان چیدی سادە نین، ئەوا ئەو پێویسستیە بە یەکدی زۆرڕوونتر بەدەر دەکەوێت. لە کۆمەڵگایەکی لەمەڕ ئەمەی خۆماندا و بەگشتی لە هەموو کۆمەڵگایەک گەنج یەکێکە لە هەرە پێداویستیەکانی کۆمەڵگا، چونکە گەنجە مانەوەی نەتەوەکان مسۆگەر دەکات و کلتور و زمان دەگوێزێتەوە بۆ نەوەی دوای خۆی. ئەم پێداویستیە  بە گەنج بۆ ئێمەی کورد یەکجار گرنگە، مێژوومان پڕە لە کارەساتی بە کۆمەڵککوشتنمان بە مەبەستی نەهێشتنمان وەک نەتەوە، هەربۆیە لەو پێناوەدا کۆچی گەنجان دەبێت ببێت بە جێی سەرنج و گرنگیپێدان لە لایەن دەسەڵات و کۆمەڵگاشەوە.
 هەرچەند کۆچ هەمیشە هەبووە و مێژوو باس لە کۆچی گەورەی مرۆڤەکان دەکات لە قۆناغە جیاجیاکاندا. لە مێژووی نزیکدا بە نمونە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کۆچبەر دروستی کرد. لەم سەردەمەشدا کۆچ هەرهەیە بە هۆکاری جیاواز، بەڵام ئامانج و مەبەستی کۆچ  بە گشتی هەرهەمان ئامانجی کۆنە کە ئەویش مسۆگەرکردنی ژیانێکی باشترە لە ڕووی ئابورییەوە.  نەبوونی دیموکراسی، ڕژێمی داپڵۆسینەر و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤیش هۆکاری ترن بۆ کۆچکردنی مرۆڤەکان و بەجێهێشتنی زێدی بابوباپیرانیان.
کۆچی گەنجی کورد مەترسیە و دەبێت لە دەرەوەی  کۆچی میللەتانی تر، فرەڕەهەندی لێیبڕوانین و بەدوای چارەسەری بنەڕەتیشدا بگەڕێین. بۆ گەیشتن بە بنبڕکردنی کۆچی گەنجەکانمان یان هیچ نەبێت کەمکردنەوەی بەشیوەیەکی بەرچاو گرنگە بزانین هۆکاری کۆچی گەنجی کورد چی یە .  لە میدیا و سۆسیال میدیادا وا بڵاوە کە کۆچی بەلێشاوی گەنجان دەستی پێکردۆتەوە و چەند داتایەک دەخەنە ڕوو، هەرچەند سەرچاوەی ئەو داتایانەی کە ئاماژەی پێدراوە  نەزانراوە،بەڵام داتاکان جێی هەڵوێستەکردنە. لە سۆسیال میدیادا ئەم بابەتەش کراوە بە بابەتی ململانێی حزبی و کەرەستەی دژایەتیکردنی دەسەڵات، چونکە تەنها  ئاماژە بە دەسەڵات دەدەن وەک هۆکار بۆ کۆچی گەنجان. 
بەڵێ ڕێگەگرتن لە کۆچی گەنجان  ئەرکی دەسەڵاتە کە دەبێت بە ئاستێک بڕوانێتە ئەو کێشەیە لە چوارچێوەی بەرژەوەندی باڵا و ئاسایشی نەتەوەییدا، لە هەمان کاتدا گەنجیش دەبێت درک بە بەرپرسیارێتی خۆی بکات و لەو ئاستەدا بیر بکاتەوە، گەر دەسەڵات بە باوکیش پێناسە بکات ئەوا ئەرک و بەرپرسیارێتیەکە دەبێت دوولایەنە بێت، نەک وەک کەسێکی بێ توانا، بێ ئیرادە لە چاوەڕوانی باوکدا بێت، چونکە هەندێکجاریش تواناکانی باوک سنوردارە. گەنج بەپێی ئەو وزەیەی کە هەیەتی چاوەروان دەکرێت خولقێنەر، داهێنەر بێت، نوێگەری و دروستکەری ستایڵی ژیانی نوێ و کلتوری نوێ بێت، جیاواز، باشتر، پێشکەوتووترلە ستایڵی ژیانی باب و باپیرانی، لەبەر ئەم هۆیەیە دەڵێن " خوێنی نوێ" و بۆ بردنی " هونەر، ئەدەب، وەرزش، زانست، ژیان" بۆ ئاستێک باڵاتر. هەژاری و نەبوونی هەلی کار، گەندەڵی وەک هۆکار ناودەبرێن بۆ کۆچی گەنجان. هەژاری هیچ وڵاتێک بەراورد ناکرێت بە هەژاری وڵاتێکی دی، واتە هەژاری ڕێژەییە، هەژاری گەنجێکی کورد بۆ نمونە توانای هاوسەرگیری و پێدانی کرێخانووی نی یە، یان ناتوانێت ببێتە خاوەنی خانووی خۆی، خەرجی نەخۆشخانەش کێشەیەکە کە کێشەی هەموو کۆمەڵگایە، بەڵام گەنجێکی ئەوروپی ئەو کێشەیەی نی یە، کەواتە پێویستە دەسەڵات بەرەنگاری ئەو جۆرە هەژەارییە بێتەوە کە گەنجی کورد دووچاری بۆتەوە. بوونی گەندەڵی وەک هۆکار بۆ کۆچی گەنجان، هۆکارێکە کە دەبێت زۆر جدی و بە هەستیارییەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، چونکە کاریگەرییەکانی گەندەڵی مەترسیدارن و بووە بە هۆکاری کۆچی گەنجانیش. گەندەڵی بەگشتی و بەتایبەتی گەنجان بێ ئومێد دەکات لە بوون و دروستکردنی دواڕۆژێکی گەش بۆ خۆی، نائومێد بوونی گەنجە لە دەرفەتی یەکسان بۆ بەگەڕخستنی تواناکان و هێنانەدی خەونەکانی. هۆکاری گەندەڵی و جۆری گەندەڵیش زۆرن... ڕۆڵی نەرێنی میدیا و سۆسیال میدیاش نابێت نادیدە بگرین کە باری دەرونی گەنج دەشێوێنێت و وەک هاندەر و پاڵنەرێکیش رۆڵ دەبینێت. هۆکارێکی تر بۆ کۆچی گەنجان لە ناو هاناوی خودی کۆمەڵگادایە کە کلتور و فەرهەنگکەکەیەتی.  بە پێی سۆفیستەکان، وەک " ئەنتیفۆن" سەرچاوەی دووەمی مرۆڤ ئەوەیە کە مرۆڤ بوونێکی کلتورییە و توانای مرۆڤ و ئەنجامی بیرکردنەوەی ئەوە کە یاسا و ئایین و نۆڕمەکان دادەنێت لە پێناو بەرژەوەندی ژیانی خۆیدا، بەڵام  لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا بێجگە لە ململانێی زلهێزەکان و بەرژەوەندییەکانیان لەم ناوچەیەدا کە بووە بەسەرچاوەی نائارامی ئەم کۆمەڵگایانە و هۆکارێکی ترە گەر هۆکاری سەرەکی نەبێت بۆ کۆچی گەنجان، چونکە بەگشتی خەڵک چاوەڕوانی شەڕ و پێکدادانی توند و خوێناوی دەکەن بە بەردەوام، هەروەها ئاین و مەزهەبیش بوون بە سەرچاوە و هۆکاری هەڵگیرسانی شەڕ و پێکدادان.
دەستگرتن بە نەریتە کۆنە هەڵەکانەوە لە ژیر پاساوی ڕەسەنایەتی، نەبوونی مەیل بۆ دیموکراسی و بەهاکانی کە زیاتر وەک دژەدین و دژەنەریتی خۆیان لێیدەڕوانن دەرئەنجام کۆمەڵگایەکی داخراوی بەرهەمهێناوە و ژینگەیەکی خولقاندووە کە مرۆڤەکان لەم کۆمەڵگایانەدا خۆشبەخت نین، تاک لەم کۆمەڵگایانەدا  وەک تاک بوونی نی یە ، ئازاد نی یە تەنانەت لە پۆشینی جل وبەرگیشدا. هەندێک  لەنەریت و پارادایمەکانمان هۆکارن کە  هەندێک " ئیش" دەبێتە جێی شەرمەزاری  بە ڕادەیەک کە ئاستەنگ بۆ هاوسەرگیری دروست دەکات. یاسا و ڕێسای هاوسەرگیری لە ڕووی ئابورییەوە سەختە و دیسان دەبێتە ئاستەنگ لەبەردەم هەندێک گەنجدا. بوونی چاودێری لەلایەن کۆمەڵگاوە بەشێوەیەکی خنکێنەر هۆکارگەلێکی ترن کەپاڵنەرن بۆ کۆچی گەنجانمان. نەریتپارێزی، چاودێری چڕی کۆمەڵگا کە تەنانەت لە رووکەشی دەرەوەی ماڵەکانیان و دیکۆری نێوماڵەکانیشدا ڕەنگی داوەتەوە مرۆڤ  لە کۆمەڵگایەکی لەو جۆرەدا تێیدا خۆشبەخت نی یە و وەک زیندان لێیهەڵدێت.  تاک لە کۆمەڵگای هیواخواز، داخراو، تاکێکی تێکشکاو و لاواز لە ئیرادەدا دروست دەبێت، زوو نائومێد و یاخی دەبێت، بڕوای بە حوکمی یاسا و توانای خۆشی نابێت، هەمیشە لە دەرەوەی خۆی دەگەڕێت بەدوای چارەسەر و مسۆگەرکردنی داخوازییەکانی بە بەروارد بەو کۆمەڵگایانەی کە لە سەردەم و واقعدا دەژین و بڕوایان بە توانا و کارکردنی بێ وچان هەیە و بەرهەمهێنەرن. یاسایەکی سروشتی و نەنوسراوە کە پێشکەووتن و خۆشگوزەرانی و دادپەروەری و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤیش لە کۆمەڵگای کراوەدا مسۆگەر دەبێت و گەنجی ئازاد و دیموکراتخواز دروستکەری ئەو کۆمەڵگا پێشکەوتووە خۆشگوزەرانە بەختەوەرەیە، نەک...... بە تێگەیشتنی ئەفلاتۆن بڕوانین لە چۆنێتی کارکردنی کۆمەڵگا کە چوویاندوویەتی بە جەستەی مرۆڤ ( سەر، دڵ، ئیشتیها)  ئەوا لەو تێروانینەوە تێدەگەین کە هەموو کۆمەڵگا لەگەڵ دەسەڵاتدا دەبێت هەماهەنگ بن بۆ دروستکردنی ماڵێکی پڕ بەختەوەری و شکۆدار بۆ هەمووان، چونکە دواجار دەبێت بگەین بەو دەرئەنجامە کە بێجگە لە دەسەڵات، هەروەها بارودۆخی سیاسی وڵات و ناوچەکەش، کۆمەڵگاش بەرپرسیار و هۆکارە لە کۆچی گەنجان.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
ڕیکلام

جەندرمە لەناوخاكی هەرێمدا
خۆراسانی گەورە و داعشی خۆراسانی لەبەندۆڵی تاڵیبان و ئێراندا

بەشداری هەڵبژاردنی داهاتوو دەكەیت.؟

بەڵێ
نەخێر
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand