Draw Media

هه‌ولێر هاوپه‌یمانی (ناتۆ) بۆ ئه‌مه‌ریکا زیندوو ده‌کاته‌وه‌

هه‌ولێر هاوپه‌یمانی (ناتۆ) بۆ ئه‌مه‌ریکا زیندوو ده‌کاته‌وه‌

2021-08-05 18:13:55


کارزان سه‌باح هه‌ورامی 

گه‌ری چواره‌می گفتووگۆی ستراتیژی ئه‌مه‌ریکا و عێراق ده‌ستی پێکردووه‌ گفتووگۆکان له‌باره‌ی کشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا تادێت باس و خواستی زۆرتری ده‌بێت، ویستی عێراق ئه‌وه‌یه‌ هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا بکشێته‌وه‌، ئه‌مه‌ریکاش نیگه‌رانه‌ له‌وه‌ی میلیشیاکانی عێراق بنکه‌ و باره‌گاکانی ئه‌وان ده‌که‌نه‌ ئامانج و شه‌ری به‌وه‌کاله‌ت ده‌که‌ن له‌ئه‌گه‌ری کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا بێ گومان ده‌بێت پلانی نوێ هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی ته‌واوی عێراق و ئه‌فغانستان راده‌ستی قه‌ده‌رێکی نادر نه‌کرێت، له‌ئه‌گه‌ری کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا له‌ عێراق و کوردستان بیر له‌وه‌ ده‌کرێته‌وه‌ که‌ ژماره‌ی هێزه‌کانی ناتۆ له‌ عێراق بۆ ٨ به‌رانبه‌ر زیاتر بکرێت، له‌ئه‌گه‌ری کشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا به‌خێرا ئه‌و پرۆسه‌ ده‌چێته‌ بواری جێبه‌جێکردنه‌وه‌ و بنکه‌یه‌کی ناتۆ له‌ هه‌ولێر به‌فراوانی ده‌کرێته‌وه‌،  مانگی ٣ی ئه‌مساڵ ''یەنس ستولتبریگ''، ئەمینداری گشتیی هاوپەیمانیی باكووری ئەتڵەسی ڕایگەیاند، ژمارەی ڕاهێنەر و ڕاوێژكارە سەربازییەكان لە عێراقدا هەشت بەرانبەر (لە 500 بۆ 4000) زیاد دەكەن و، كاری ئەم ڕاهێنەر و ڕاوێژكارانەش لە دەرەوەی بەغدا دەبێت، ڕاشكاوانەتر لەو بنكە سەربازییانەی هاوپەیمانانیی نێودەوڵەتی دژی تیرۆریستانی داعش دەبن كە یەكێكیان لە عەین ئەسەدی پارێزگای ئەنبارە و ئەوی دیكەشیان لە هەولێرە.

دوومه‌به‌ست له‌م پرۆسه‌یه‌ هه‌یه‌، یه‌که‌م هه‌ولێر چه‌قی سیاسه‌تی هاوپه‌یمانانه‌ له‌ عێراق و ناوچه‌که‌ و نایانه‌وێت به‌ته‌نیا به‌جێی بهێڵن. چونکه‌ دوای کشانه‌وه‌ی ئه‌وان نایانه‌وێت گروپه‌ میلیشیاکان و له‌یاسا ده‌رچووه‌کان کۆنترۆڵی ته‌واوی ناوچه‌که‌ بکه‌ن.

دووه‌م: ئه‌مه‌ریکا ده‌یه‌وێت به‌ م پرۆسه‌یه‌ دووباره‌ له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانی باکووری ئه‌تڵه‌س بمێنێته‌وه‌ و رۆڵیان هه‌بێت له‌ عێراق و ئه‌فغانستان ئه‌مه‌ش سیاسه‌تی نویی ئه‌مه‌ریکایه‌ بۆ ناوچه‌که‌ که‌ تاراده‌یه‌کی زۆر له‌ کۆنگرێسی ئه‌مه‌ریکا پشتیوانی کراوه‌ و له‌ ئاستی شه‌قامی ئه‌مه‌ریکاش قبولکراوه‌.

لێره‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ به‌هۆی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر شاری هه‌ولێر، دووباره‌ ئه‌گه‌ری زیندووكردنه‌وه‌ی به‌هێزی هاوپه‌یمانیی ئه‌مه‌ریكا و (ناتۆ) هه‌یه‌، یه‌كێك له‌ ئه‌گه‌ره‌كان ئه‌وه‌ی كه‌ (ناتۆ) ژماره‌ی سه‌ربازه‌كانی له‌ هه‌ولێر و بنكه‌ی (عین ئه‌سه‌د) له‌ ئه‌نبار زیاتر بكات. ده‌توانین بڵێین ڕووداوه‌كانی هه‌ولێر ئاراسته‌ی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیشی گۆڕی، له‌ 19ی ئابی 2021 له‌ كۆنفرانسی میونشن بۆ ئاسایش و به‌رگری له‌ ئه‌ڵمانیا، جۆ بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا به‌ پێچه‌وانه‌ی دۆناڵد ترامپ قسه‌ی كرد، چونكه‌ ترامپ پێشووتر باسی له‌وه‌ كردبوو كه‌ ده‌كشێنه‌وه‌ له‌ هاوپه‌یمانیی ئه‌تڵه‌سی باكوور (ناتۆ) و چاو ده‌خشێننه‌وه‌ به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیان، به‌ڵام بایدن ڕایگه‌یاند: ''جارێكی دیكە ئه‌مه‌ریكا دەگەڕێتەوە بۆ پشتگیریی ناتۆ و بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی ترانس ئەتڵەتیك''. لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەیدا بایدن پشتگیریی بۆ زیادكردنی هێزەكانی ناتۆ لە عێراقدا دەربڕی و بە كارێكی گرنگی لە قەڵەم ڕایشی گه‌یاند: ''به‌پێی مادده‌ی 5ی په‌یمانی ناتۆ ''هێرش بكرێتە سەر هەر ئەندامێكی ناتۆ، هێرشكردنە بۆ سەر كۆی دەوڵەتانی ناو هاوپەیمانییەكە، ئێمە لەبیرمانە چۆن دوای هێرشەكانی 11ی ئەیلوولی 2001 هەموو ناتۆ پشتگیریی ئەمەریكای كرد بۆ ڕووخاندنی ئیمارەتی تاڵیبان لە ئەفغانستان''.

ئه‌وه‌ی گرنگه‌ له‌و ناوچانه‌ی كه‌ پێی ده‌ڵێن سنووری مادده‌ی 140 ده‌بێت پێشمه‌رگه‌ی لێ جێگیر بكرێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌، ئه‌و ناوچانه‌ ده‌بنه‌ ئامانج و له‌وه‌ش مه‌ترسیدارتر سه‌نته‌ری شاره‌ گه‌وره‌كانیش ده‌بنه‌ ئامانج، بۆیه‌ گرنگه‌ به‌ هه‌رشێوه‌یه‌ك بێت، پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق ئیداره‌ی ئه‌و ناوچانه‌ بكه‌ن، چونكه‌ دۆخه‌كه‌ به‌ره‌و ئاڵۆزی ده‌ڕوات، ئه‌مه‌ریكا و ئێران گرژییه‌كانیان زیاتر بووه‌ و ئه‌مه‌ریكاش ته‌نازولی نه‌كردووه‌ له‌سه‌ر پرسه‌كانی ئێران. ئێرانیش به‌رده‌وامه‌ له‌سه‌ر سیاسه‌تی خۆی و ئه‌مه‌ وای كردووه‌ كه‌ دۆخی ناوچه‌كه‌ ئارام نه‌بێت كاردانه‌وه‌كان به‌رانبه‌ر به‌ هێرشه‌كه‌ی هه‌ولێر جیاوازه‌، به‌شێك له‌ شرۆڤه‌كارانی سیاسی باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ده‌بێ هه‌ولێر وه‌ك ناوه‌ندێكی به‌هێزی دیپلۆماسی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت، چونكه‌ تاكه‌ شوێنه‌ له‌ عێراقدا دیپلۆماتكارانی تێدا پارێزراوە، به‌شێكی دیكه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ حكوومه‌تی عێراق كه‌ پرسی میلیشیاكان چاره‌سه‌ر بكات، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ڕه‌نگه‌ ببنه‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر ئاسایشی عێراق، بۆ ئه‌م پرسیاره‌ش، ده‌بێت سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق وه‌ڵام بداته‌وه‌ كه‌ ئایا ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی هه‌یه،‌ یان.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand