پەیكار عوسمان ئەگەر "ئەرك" دڵی مرۆڤبوونبێ، "ماف" دڵی مرۆڤایەتییە. "مرۆڤبوون" بە مانای بوونە تاکانەکەی ئینسان و "مرۆڤایەتی" بە مانای بوونە گشتییەکەی ئینسان. "مرۆڤ" چیرۆکە گەورەکەی خۆیەتی و ئەو چیرۆکێکی لە خۆی گەورەتری نیە. ئەفسانەو ئایین و زانست و ئایدۆلۆژیاکان، چیرۆکی زەبەلاحی مرۆڤن، بەڵام دواجار مرۆڤ بە هەموو چیرۆکەکانی تریشەوە، هەر ئەبێ ببێت بە خۆی، یەعنی بە مرۆڤ و ڕێگایەکی تری نیە. مرۆڤ لەوێوە ئەبێت بە مرۆڤ، کە دوو بوونی هەبێت. بوونێکی تاکانەو بوونێکی گشتانە. بوونە تاکانەکەی مرۆڤ، خۆتەکاندنە لە هەر شتێکی پێشوەختەی دەرەوەی خۆی، کە ئینسانی پێ ئەچێتە دۆخی مێگەل و ناچاریی. یەعنی وەرگرتنەوەی عەقڵی خۆت، لە عەقڵی جەمع و وەرگرتنەوەی ئیرادەی خۆت، لە ئیرادەی جەمع و جیاکردنەوەی بوونی خۆت لە بوونی جەمع. لێرەدا ئیتر تۆ هۆشیاریت بەوەی کە لەدەرەوەی بوونە کۆییەکان، بوونێکی سەربەخۆت هەیەو چیتر ئەوە سیاسی و مەلاو کۆمەڵگاو حیزب و دەوڵەت نین کە ئاڕاستەت ئەکەن، بەڵکو بوونی خۆت، بەرپرسیارێتی ئەخاتە سەر شانت و تۆ هەر بەوەی کە مرۆڤیت، ئیتر بە ئەرکی خۆتی ئەزانیت، کە شتانێك بکەیت و نەکەیت. یەعنی مرۆڤ، مرۆڤە بەوەی کە تێیدایە، نەك بەوەی کە تێ ی ئەکرێ. مرۆڤ مرۆڤە "بە خۆی"، نەك بە ئیملائاتەکانی کۆمەڵگاو فەزای دەرەوە. بوونە گشتانەکەش ئەوەیە کە، کاتێك مرۆڤ خۆی لە تاکێتیدا ناسی، ئیتر خۆی لە گشتێتیشدا ئەناسێ و هۆشیار ئەبێ بەوەی کە مرۆڤ، هەر تەنیا تاقانەیەکی ئازاد نیە، بەڵکو ئەو یەکسانیشە بە تاقانەکانی تر. ئا ئەم یەکسانییەش مافی یەکەم و دایکی هەموو مافەکانی ترەو ئا لێرەشەوە ئەچینە قۆناغی گشتی و "مرۆڤایەتی"! یەعنی ڕێگای ماف و مرۆڤایەتی، بە مرۆڤبووندا تێئەپەڕێ و مرۆڤبوونیش قۆناغی ئەرکە. تۆ ئەو کاتەشی کە ئەچیتە ناو سیاسەت و فەزای گشتی، هەر لەوێوەیە کە وەکو مرۆڤێك بە ئەرکی ئەخلاقی خۆتی ئەزانیت، کە بۆ حەق و عەدالەت تێبکۆشیت. لە ئەنجامی ئەم ئەرکە فەزیلەتمەندانەیەی تاکیشەوە، ئەچینە قۆناغی مرۆڤایەتی و ماف! مەسەلەن بۆچی کوردو فەلەستینی و جەزائیریی.. خەبات و قوربانییەکی زۆریش ئەدەن و دواتریش ناگەنە قۆناغی ماف، وەكئەوەی کە ئەوروپییەکان گەیشتن؟ چونکە جەزائیر لە خەباتێکی "مێگەلانەدا" ملیۆنێك شەهید ئەدا، بۆیە ناکەوێتە ناو ماف و عەدالەت و ئەچێتەوە ناو ستەم. بەڵام ئەوروپییەکان لە خەباتێکی "ڕۆشنگەرانەدا" قوربانییەکانی خۆیان دا، بۆیە هەنگاوی گەورەیان نا لە بواری ماف و عەدالەتدا. یەعنی ئەوە زیندوێتی و فەزیلەتمەندی تاكە، کە بنەمای دەوڵەت و کۆمەڵگایەکی نمونەیی و زیندووەو ئەمەش خەیاڵ و یۆتۆپیا نیە. بەڵکو بە خەیاڵزانینی ئەوە، بیانووە بۆ خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی تاك و درێژەپێدانی قۆناغی مێگەلیی "بێ مافیی"! لەناو مافەکاندا، مافی نەخۆش، یەکێکە لە هەستیارترین و ناسکترین مافەکان. چونکە لێرەدا جگە لەوەی مرۆڤێكمان هەیە کە شایستەی هەموو مافەکانی مرۆڤە. دۆخێکی تایبەتیشی هەیە، کە لە سەرو مافەوە، نازیشی ئەداتێ! جا ئەم بەزمەی خەستەخانەی هیوا، بەسەرهاتێکی بیرهێنامەوە. ئەڵێن ڕۆژێك عەبدولکەریم قاسم، ئەچێتە نانەواخانەیەك، ئەبینێ ڕەسمێکی گەورەی خۆی هەڵواسراوەو نانەکانیش زۆر بچوکن. ئیتر بە کابرای نانەوا ئەڵێ، ڕەسمەکەی من بچوك بکەرەوەو تۆزێ نانەکەت گەورەبکە. جا هەر لەسەر ئەو ڕیتمە، بە "یەکێتییە نوێکە" بڵێن، شەڕە پەیج و جنێوەکانی لەگەڵ پارتی کەمبکاتەوەو تۆزێ خزمەتەکانی ناوچەکەی خۆی زیاد بکات. کاتێك کە هەموومان شاهیدی ستەم و فەسادی پارتین، ئەبوو ئیتر سیاسەت بریتی بێت لە کردنی ئەو چاکانەی کە پارتی نایکات و لە نەکردنی ئەو خراپانەی کە پارتی ئەیکات. نەكئەوەی سیاسەت بریتی بێت لە جنێودان بە پارتی و لە پشتی ئەمەشەوە کردن و نەکردنی هەمان ئەوەی کە پارتی ئەیکاو نایکا! کاتێ مۆدێلی یەکەمی ئێمە پارتییەو شتەکەش هەر لەوێوە خراپبووە، ئیتر سیاسەتی ئێمە لە جیاوازبوون لە پارتییەوە چاكئەبێتەوە، نەك لە دژایەتی پارتییەوە. ئەسڵەن کە لە پارتی جیاوازبوویت، هەر ئەوە خۆی، لێدانە لە پارتی و ئیتر پێویستت بە شەڕکردن نیە لەگەڵیدا. پارتی عەنتەری نێوان کۆپییەکانی خۆیەتی. ئەگەر ئەتەوێ هەم خزمەتێکی گشتی بکەیت و هەمیش پاشەکشێ بە پارتی بکەیت، شەڕەکانت لەگەڵ پارتی زیاد مەکە، لێکچوونەکانت لەگەڵی کەمکەرەوە. کاتێ لەبەردەم دەسەڵاتێکدایت کە ئەرکی خۆی نازانێت، ئیتر چارەسەر هاتوهاوارو چەلەحانێ ی زیاتر نیە، چارەسەر ئەوەیە کە ئیتر تۆ ئەرکی خۆت بزانیت. تا ئینسانەکان شان نەدەنە بەردەم ئەرکی خۆیان، کۆمەڵگا ناگاتە مافەکانی خۆی. بۆیە نابێ چیتر دانیشین بە دیار دەسەڵاتی گەندەڵ و موعارەزەی قسەوەو هەر خەریکی گێڕانەوەی چیرۆکی ئەو شتانەبین، کە حکومەت نایکات. بەڵکو ئەبێ ئیتر ئینسانەکان بچنە ناو ئەرك و بەرپرسیارێتی خۆیان و هەرکەس خۆی، ئەوەبکات کە پێویستە بیکات. بارەکەش لێرەوە ڕاست ئەبێتەوە، نەك لەوێوە کە هەریەك بە مشتێ قسە، ئەرکەکە هەڵئەداتە سەر شانی ئەویترو ئیتر کەس هیچ نەکات. بەرگریکردن لە نەخۆش، پێشئەوەی کردەیەکی دەزگایی بێت و پێویستی بە دەسەڵات و موعارەزەبێت، کردەیەکی ئەخلاقییەو پێویستی بە مرۆڤە. مرۆڤیش مەبەستم کەسێکە کە فەزیلەتمەندەو حەقی مرۆڤبوونی خۆی ئەداو ئەرك و بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ ئەکات، نەك جەماعەتی "سواڵ و تیجارەتی بەخشین" کە ئەوەش هەر جۆرێکی تری فەسادە. بە حیزب و حکومەت و کۆمپانیاو مافیاکان بڵێن، شتانێك هەیە کە ناکرێ ببێتە گیرفان بۆ پارەکانی ئێوە. مەسەلەکەش کەرتی گشتی و تایبەت نیە، مەسەلەکە کەرتی چەتەیی و چاوچنۆکییە، کە تەنانەت تەماعی لە سەرەتانیشدا هەیە! ئاخر ئەو جۆرە کەسانە لە نێوان ژیان و مالئاواییدان و ئەو نێوانەش شوێنی دڵڕاگرتن و گرنگیپێدانە نەك شوێنی تیجارەت و قازانج. ئاخر ئەوان لە لیواری مەرگدان و ئەو لێوارەش، شوێنی خێراکردنی ژیان و خاوکردنەوەی مردنە، نەك بە پێچەوانەوە. ئاگاداربە ئێستا، جگە لە ململانێکانی پێشوو، ململانێیەکی تریشمان هەیە، لەنێوان بەرەی قەیوان و بەرەی دژەقەیوان، کە هەریەکەیان کۆمەڵێك حیزب و بنەماڵەو باڵ و پەیج و ڕاگەیاندن و دەزگای لە پشتەوەیە. کە ئەمەش لە هەردو لاوە هەر ململانێ ی چەتەکانەو پێویست ناکا بکەوینە ناوی. مرۆڤی هۆشیار، کێشەکەی لەگەڵ کۆی چەتەگەرییدایە، نەك لەگەڵ بەشێكی. بەرگریکردن لە نەخۆشخانەی هیواش، ئەبێ لە ئەرك و بەرپرسیارێتی مرۆڤانەی خۆمانەوەبێ بەرامبەر بە مافە گشتییەکان و شتێکی گەورەتربێ لە ململانێی ناوخۆی چەتەکان و شەڕی قەیوان و ناقەیوان.
ئوسامە جەمیل عەلی لەگەرتەها کێشکەکوژی منداری یەک گەڕەکی بووین ، مارەکی زۆر کم بوو ، بیست و چار سعات دارلاستیقی پێبوو ، ئەو وەختی کێشکەشی پێنەکووشتبا بەملی وەدەکرد ، کەدەڕۆیی هەردوو بەڕکی شەرواری زڕوهۆڕی بوو ، لایەکی پڕی بەرد بوو ، لایەکیشی پڕی کەلا ، مار نەمابوو لەگەڕەکێ جامی پەنجەرەکی بەدەستی تەهای نەشکابی ، ئەوجە ئەو بیژیە پتی چەند ڕاست بوو ، ئەو دارلاستیقەی وەکی کەورەکەی برند دەکردو لەبەینی هەردوو چاوی ڕایدەگرت ، بەرد دەچوو بەتەپلی سەری کێشکەی دەکەت ..! چونکە جستانانیش لەماری دانەدەسەکناو هەر لەدەرێ بوو ، ئەو سێ مانگەی جستانێ و مانگ و نیوەکی بەهارێشی باوێ سەرێ ، تەها کۆخەو پەسیوی لێبوو ، هەموو دەمێ هەردوو کوونەکەپووی پڕی چرم بوو ، ئەوجە چرمە کەسکە پیسەکانیش ، لاکراس و بلوزە شینەکەی دایم بریقەی دەداوە هەنکی چرمی پێ بستڕی ، وەکی وەختی جەمێ دەهاتە مارێمە ئەمن میزاجم دەگیراو مەعییدەم دەستی بە برقەبرقێ دەکرد ، ئاخر بڕوا بکەن ناهەق نەبووم ، بنیادەم ئەو مەنزەرەی لەپێشبی کوو نانی پێدەخورێ ..! داکی تەهای لۆ ئەوەی تەهای لەکۆرەخۆ بکاتەوە دەیناردە مەکتەبێ ، تەها هەربەو شکل و شێوەی دەهاتە مەکتەبێ ، دارلاستیقەکەی دەهاویشتە ناو شەرواری و لەبەینی گەرو گونی دەیشاردەوە ، تەها تەلەبەکی زۆر زیرەك بوو ، پێتان عەنتیکە نەبی ، مەخسەدم لە دەرسی سرودیە ، ئەو بەندانەی تەها کێشکەکوژ دەیگۆ ، هەر دوازدە پۆلی مەکتەبێ گێیان لێدەبوو ، ئەو مارە کمە هاوینان پانکەی پۆلی دەشکاندو جستانانیش سۆبەکەی سەراوبن بەعاردی دادەدا ، خۆ ئەگەر هێوارانیش باین لەمەکتەبێ ، وەکی دنیا تاریکبا دەچوو دەبلی کارەبای دەکوژاندەوە ، ئیدی دەبووە هەراو مەکتەب پایدۆستی لێدەکرا ..! مامەستایەکان هەر بێزار بان ، لەڕێز بوونی تەهایان دەهینا دەرێ و گۆرانی فستق بە مەللارەوەو خشەی دێت و مشەی دێیان پێدەگۆ ..! سەری سارێ کارتمان وەرگرتەوە ، کارتی تەهای لەسەرێڕا هەتا خوارێ هەمووی خەتی سۆری لێدرابوو ، بەس لەدەرسی سرودی نۆهەتیان دابوێ ..! تەها خەفەتی دەخواردو دەیگۆ غەدریان لێکردیمە دەنا لەسرودی هەقی سەتم هەیە ..! حەمەد حەیرانی بابی زانی تەهاو خیندنیان نەگۆتیە ، هینایە دەرێ و بردی کردیە شاگردی پرێمزچیەکی ، تەها بەینەکی لەوێ ڕایکێشا ، دوایێ لەگەر وەستایەکەی لێیان بووە قڕەقڕو دەریکرد ، تەها دەیگۆ لەوی زیرەکتر بووم و ترسا دوکانەکی دانێم و ڕزقی ببڕم لۆیێ دەریکردم ، پلکە بەسێی داکی لەکن داکم گۆتبووی : وەڵلا لەسەر خۆڕیاتی دەریانکرد ، ڕۆژەکی ژنەکی جوان و نازدار دەچتە دوکانی ، پرێمزی چاکاتەوە ، تەهای سەرکەسە دەستەکی لۆ قوونی درێژ کردبوو ، ژنە لە زیڕژنی دابوو ، عومەرە قووتەی پرمێزچی سێ چار پێلەقەی مستەهەقی لە تەها کێشکەکوژی دابوو ، ئەوجە لەدوکانێش دەریکردبوو ..! سەرتان نێشینم تەها دنیای بەفشە دەبردە سەری ، نیوڕانان وەکی خەرك پاری دەداوە ئیسراحەتەکی بکا ، تەهای ماری کم تۆنترەقەی دەتەقاندو دەستی بەڕمبەڕمبێ دەکرد ، جیران هەمووی شێت و هار دەبوون و هەتا بەخۆی ڕادەگا ، هەزار جونیان لۆ ئەژدادو ئابائیشی دەنارد ..! شەش حەفت سارەك تێپەڕی ، ئەمە چووینە ئامادەیی و چاومان لەوەیبوو دەرەجەکی باشبینین و لەجێیەکی باش وەربگیرێین ، تەهاش ناوی عەسکەری هات و چووە عەسکەری ، هەندەی نەبرد شەڕی قادسیەی بەسەرداهات و تەها فیراری کرد ، دوایێ لەکن خزمەکیان بووە جاش ، چونکە سەگە خیندەواریەکی هەبوو کردبوویانە موساعید کاتب ، تەها دەبانچەکی دەبەست و دوو قەرەمیشی لەسەر بەڕکی دادەنا ، ڕسمەکی سەددامیشی بە سینگی وەکردبوو ، دوو قسەی بکردبا ئی سێیەمیان دەیگۆ سەیدلڕەئیس خوا بیپارێزی بابی میللەتیە ، کەس نەدەوێرا لەترسی تەهای بجولێتەوە ، ئەو ڕاپۆرتی ئەو دەینووسی ئەگەر حکومەت ڕەحمی پێکردبای ئەوە ئیعدامی دەکردی ..! دنیا ڕۆیی و ئەمریکا لە سەددامی داو میللەت ڕا(پەڕی) ، تەها بزربوو ، کەس نەیزانی چیلێهات ، هەندەک دەیانگۆ کووشتیتیان ، هەندەک دەیانگۆ هەراتیتە موسرێ ، هەندەکی دەیانگۆ ممکینە چووبیتە خاریج ، داك و بابی دەیانگۆ وەتێدەگەین لەکەرکوکێ شەهید بووبی ، چوونکە لەگە پێشمەرگەی هجوومی کرد لۆ کەرکوکێ و هەتا معەسکەر خالیدی نەگەڕاوە ، داک و بابی هەر لەڕێی موستەشارەکەی تەها لەکنی جاش بوو تانیان بەشەهیدی بنووسن و مانگانە معاشەکیان وەردەگرت ..! ڕۆژەکی لەماری تەهای بووە قیژو هۆڕ ، غارماندا چووین ، دیتمان بەسێی داکی تەهای کارەبا گرتیتی و حەیاتی لێبڕایە ، کفن و دفن کراو تازیە داندرا ، خوشک و برایەکانی تەهای هەتا بابیان ژنێ نەینیتەوە ، هەستان خانیەکەیان بەبابیان فرۆشت و باریان کرد ، ئیدی بەو بارکردنەی هیچ ئاگامان لە دەنگ و باسی تەهاو ماری تەها کێشکەکوژی نەما ..! دەسارەك بەسەر ئەو وەزعەی تێپەڕی ، پێرێ ئەلبومی منداریم دەرینا ، لەناو ڕەسمەکان ڕەسمەکی ڕەش و سپی خۆمم دیتەوە لەگەر تەهای ، ئەمن لەکن دارەکی ڕاوەستابووم ، تەها لەپشتەمن ڕاوەستابوو ، بەهەردوو دەستی دارلاستیقی برند کردبوو ،لاقەکیشی برند کردبووە عاسمانێ و دەویشی گڕ کردبۆوە..! زۆر بەڕەسمەکەی پێکەنیم و یادگاریەکانی منداریم بەبیرهاتەوە ، ئەلبومەکەم پێوەداو تەلەفزیۆنەکەم پێکرد ، دیتم پانێلەکی زۆر مهیمە لەسەر بەرەو پێشبردنی ئابوری هەرێم و چۆنیەتی زاڵبوون بەسەر قەیرانەکان ، تەماشام کرد کابرایەک قسان دەکاو شکلی غەریب نیە ! خوایە ئەوزەلامەم لەکێ دیتیە ، دەبی لەگە من لە کولیەی نەبووبی ، دیقەتم دایێ قاتەکی دەرەجە ئێکی لەبەربوو ، هۆقە ڕونەکی لە پرچی دابوو ، لێوی بۆینباخەکەی هەند تیژ بوو مەڕی سوریت پێ سەربڕیبا ، زۆر بە ئەتەکێت قسەی دەکردو دەنگی زۆر نەرم و نیان بوو ، سمێری پاك تراشیبوو ، بەران سیم کارتەکی لەکن چەنەگەی بەردابۆوە ، دەیگۆ وڵاتانی دنیا بۆ ئەوەی پێشکەون زەرورە چاو لەو ئەزموونەی مە بکەن ..! تەماشام کرد لە خوارێی شاشەی تەلەفزیۆنی نووسرابوو : د : تەها حەمەد کوردستانی ، ڕاوێژکاری حکومەت بۆ کاروباری ئابوری و پڕۆژەکان ..!
بەیار عومەر نەبونی دەوڵەت و کیانێک بۆ ٤٠ ملیۆن کورد، پاساویداوە بە هەبوونی جوڵانەوەیەک بە ناوی کوردایەتیەوە. بەڵام ئەو کوردایەتیەی کە ئێستا پارتی نوێنەرایەتی دەکات، لە ناو زۆرینەی خەلکی کوردستانی عێراقدا بێزراو و ناشرین بووە؟! بۆچی؟! ١-لە ژێر ناوی کوردایەتیدا، مانگی زیاد لە ١٠٠ ملیۆن دۆلار لە داهاتی نەوت دەچێتە گیرفانی پارتی ودۆستەکانیەوە لە حیزبەکانی تر. ٢-لە ژێر ناوی کوردایەتیدا، مانگی زیاد لە ١٠٠ ملیۆن دۆلار لە داهاتی نەوتی کوردستان دەچێتە سەر حسابی حکومەتی تورکیا و کۆمپانیا و بانکەکانیانەوە و ئەوانیش بەکاری دەهێنن بۆ لێدان لە پەکەکە و کوردانی باکور و هاوکات داگیرکردنی باشور و بڕینەوەی دارستانەکانی. ٣-لە ژێر ناوی کوردایەتیدا، زیاد لە ٣٠ بنکەی سەربازی و هەواڵگری تورکیا لە زۆنی زەردا هەیە و بە قوڵایی ٤٠ کیلۆمەتر خاکی کوردستانیان داگیرکردوە بۆ لێدانی پەکەکە و کوردانی باکور و هاوکات دابڕاندنی کوردانی هەر چوار پارچەکە لەیەکتری. ژمارەی هێزەکانی تورکیا لە ناو خاکی هەرێمدا نزیکەی ٤ هەزار ئەفسەر و سەرباز و جەندرمەیە. هەروەها چەندین فڕۆکە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تانک و زرێپۆش و چەکی قورس لەو بنکانەدا هەن کە لە ناوچە سنوریەکانی دهۆک و هەولێردان. سەرباری ئەوەی چەندین ساڵە پارتی میوانداری سوپای تورکیای کردوە بۆ لێدان لە پەکەکە و کوردی باکور، کەچی لە کاتی هاتنی داعشدا، ئامادە نەبوون هاوکاری پێشمەرگە بکەن بۆ پاراستنی هەولێری پایتەخت؛ نەک هێزی زەمینیان نەجوڵاند، تەنانەت هێزی ئاسمانیشیان بەکارنەهێنا. ناچار پەکەکە و یەکێتی فریای مەخمور و هەولێری پایتەخت کەوتن. بەڵام بەداخەوە وەزارەتی پێشمەرگە کە ئێستا وەزیرەکەی یەکێتیە بەیاننامە دژی پەکەکە دەردەکات و ئاگری شەڕی ناوخۆ خۆشدەکات، بۆ دڵڕازیکردنی پارتی. واتە ڕیسەکەی خۆیان دەکەنەوە بە خوری. تورکیا بە بیانوی پەکەکەوە دەیەوێت قەندیل داگیربکات و کوردی هەر چوار پارچەکە لەیەک داببڕێت و چیتر کوردی هەر پارچەیەک نەتوانێت پشت بە پارچەکانی تر ببەستێت و ئەوەی پێیدەوترێت قوڵایی ستراتیژی نەتەوەی کورد نەیهێڵێت. دواجار ئەو سنورە پڕ بکات لە تیرۆریستە بەکرێگیراوەکان هاوشێوەی لیبیا و سوریا. ئەمەش ئەمن و ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەخاتە مەترسیەوە. دوا فێڵی پارتی و تورکیا بۆ داگیرکردنی هەرێمی کوردستان، سیناریۆیەکە بە ناوی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە؛ دەیانەوێت لە ژێر ناوی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەدا، هێزەکانی ٧٠ ی یەکێتی بخەنە ژێر ڕکێفی خۆیان و هیچ ڕکابەرێکیان نەمێنێت و بە تەواوی حوکمی دیکتاتۆریانەی خۆیان بەسەر ناوچەکانی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕیندا بسەپێنن. هەروەها بنکەی سەربازی سوپای تورکیا ومیتیش بهێننە ئەم دەڤەرە بۆ لێدانی زیاتری پەکەکە. هێزێک ئامادە بێت هێرش بکاتە سەر ئەندام پەرلەمان و ئامادە نەبێت تاوانباران بدات بە دادگا و لە ژێر فشاردا تاوانباران دەرباز بکات بۆهەولێر؛ ئایا هێزێکی وا سەرکوتکەر دەتوانێت سوپای بێلایەن و نیشتیمانی دروستبکات؟! هێزێک چەندین ڕۆژنامەنوسی بێتاوان لە بادینان لەسەر ئازادی ڕادەربرین زیندانی بکات، و بە ساختە کەیسەکەیان بکات بە تیرۆر؛ ئایا دەکرێت هێزێکی لەم چەشنە باوەڕی بە سوپا و دامەزراوەی نیشتیمانی هەبێت؟! لەم قۆناغەدا یەکنەگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە باشترە لەوەی کە هەمووی بچێتە ژێر کۆنترۆڵی پارتیەوە و ئەوانیش لە ژێر ناوی کوردایەتیدا سوپای تورکیا بێنن بۆ پەلاماردانی پەکەکە و کوردانی باکور، و چەوساندنەوە و کۆیلەکردنی کوردانی باشور.
رێبوار محەمەد هەرێم و ناوەند دوای زنجیرە دانوستانێکی ماوە درێژ دواجار گەیشتن بە جۆرە تێگەشتنێک و ئەمەش خرایە نێو چواچێوەیەکی یاساییەوە، بەمەش شتێک نەماوەتەوە پێی بوترێ رێکەوتنی هەرێم و ناوەند یاخود جێبەجێ کردنی رێکەوتن، بەڵکو ئەوەی ئێستا بەرکارە یاسای بودجەی گشتی عێراقە بۆ ساڵی ٢٠٢١ ، کە دەبێ هەردوولا ( هەرێم و ناوەند ) ئەو ئەرکە یاساییە داراییانە جێبەجێ بکەن کە بە پێی یاسای ناوبرا و خراوەتە ئەستۆیان . ئەرکە یاساییەکانی هەردوولا ( هەرێم و ناوەند ) لە یاسای ناوبراودا دیاری کراوە و باسی چۆنیەتی جێبەجێ کردنیشی کراوە، و بەشێوازێک رێکخراوە کە دەبێت یەکمجار حکومەتی هەرێم ئەرکە یاساییەکانی خۆی جێبەجێ بکات، خۆ ئەگەر هاتوو هەرێم ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ نەکرد ئەوا بۆی نیە داوای بەشە بووجە لە ناوەند بکات ، هەربۆیە ئێمە پێمان وایە ، (بەپێچەوانی بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراقەوە)، ئەگەر حکومەتی هەرێم پێش جێبەجێکردنی ئەرکەکانی سکاڵا لەسەر ناوەند تۆمار بکات بەزیانی خۆی دەشکێتەوە . لێرەدا کورتەی ئەرکە یاساییە داراییەکانی هەرێم و ناوەند لە چەن خالێکدا دەخەینە روو بەو شێوازەی لە یاسای بووجەدا هاتووە : یەکەم / حکومەتی هەرێم پابەند دەبێت بە بەرهەمهێنانی رۆژانەی ( ٤٦٠ ) هەزار بەرمیل نەوتی خاو ، وە پاش دەرکردنی بری پێویست بۆ انتاج و نقل و تشغیل و بری پێویستی بەکارهێنانی ناوخۆیی ، دەبێت ئەو بڕەی دەیدات بە ناوەند لە بڕی نرخی ( ٢٥٠) هەزار بەرمیلی رۆژانە بەنرخی سۆمۆ کەمتر نەبێت ، ئەمەش بەهەماهەنگی نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی هەرێم جێبەجێ دەکرێ ئەمەش بەپێی مادەی ( ١١/ پانیا / ٢) لەیاسای بووجە، ئەم خاڵەش لە رابردوودا پرسی سەروەری فرۆشنی نەوتی هەرێمی ووروژاند و ئەمەش بۆچوونی تر هەڵدەگرێ و ئێرە شوێنی باسکردنی نیە . دووەم / حکومەتی هەرێم پابەندە بە تسلیم کردنی داهاتە نا نەوتیەکان بە خەزێنەی گشتی عێراق، ئەم حوکمەش بە رەهایی هاتووە و هەموو داهاتە نا نەوتیەکان دەگرێتەوە پشت بەست بە بنەمای ( المگلق یجری علی اگلاقە ) ، بەڵام جێبەجێ کردنی ئەم التزامە کاتێک بەدیدێت و پەسەند دەکرێت کە دیوانی چاودێری دارای عێراق هەستێ بە ووردبینی کردنی سەرجەم ئەو بەیاناتانەی کە پەیوەندیدارن بە داهاتە نا نەوتیەکانەوە ، ئەمەش بە هەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارای هەرێم، لە ئێستادا ئەم پرۆسەیە هەنگاوەکانی دەستی پێکردووە . سێیەم/ حکومەتی هەرێم قەرزاری بانکی بازرگانی عێراقیە ( بانکێکی هاوبەشە لە نێوان کەرتی گشتی و تایبەت ) دا ، ئەم قەرزە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە لە پشکی هەرێم دەبردرێت بەشێوەیەکی مانگانە ، بەشێوازێک کە دەبێت لە ماوەی حەوت ساڵدا بدرێتەوە ، واتە لە ( ٢٠٢١ – ٢٠٢٧ ) دەخایەنێت ، ئەمرۆش یەکەمین هەنگاونرا بۆ دانەوەی ئەو قەرزە . چوارەم/ لە پاش جێبەجێ کردنی سەرجەم ئەو ئەرکە یاساییانەی حکومەتی هەرێم کە ئاماژەی پێ درا ، حکومەتی ناوەند هەڵدەستێ بەناردنی پشکی هەرێم لە بووجەی عێراق دوای لێدەرکردنی سەرجەم خەرجیەسیادییەکان ، ئەم خاڵەش لە بێمتمانەیی نێوان حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێمەوە سەرچاوەی گرتووە ، واتە دەبێت حکومەتی هەرێم لە پێشدا نیەتپاکی خۆی بسەلمێنێت و ئەرکەکانی جێبەجێ بکات ، بەمانایەکی تر التزامی حکومەتی ناوەند دروست نابێت تاکو حکومەتی هەرێم التزاماتەکانی جێبەجێ دەکات. پێنجەم / حکومەتی هەرێم پابەندە بە پێدانی زانیاری تەواو لەسەر میلاکاتی فەرمانبەرانی هەرێم بە ناوەند لە هەردوو بەشی شارستانی و سەربازییی لە ماوەیەکدا کە لە ( ٣٠ / ٦ / ٢٠٢١ ) تێپەرنەکات . شەشەم / حکومەتی هەرێم پابەندە بە خەرجکردنی شایستەداراییەکانی مووچەخۆران لەو پارەیەی لە حکومەتی ناوەندەوە دەنێردرێت ، پێش هەر خەرجکردنێکی تر . لە دوای خستنەرووی ئەرکە داراییەکانی هەرێم و ناوەند بەپێی یاسای بووجە کە باس کرا، دەتوانین بگەینە ئە ودەرئەنجامەی کە ناردنی پارە لەلایەن ناوەندەوە بۆ هەرێم لەم کاتەدا ئەگەرێکی زۆر قورسە، و حکومەتی ناوەند دەخاتە بەردەم لێپرسینەوەی پەرلەمانی ، چونکە وەک باسکرا حکومەتی ناوەند کاتێک التزامی ناردنی پارەی لەسەر دروست دەبێ کە حکومەتی هەرێم سەرجەم ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات ، بەڵام لە ئێستادا هەرێم زۆرێک لە ئەرکەکانی جێبەجێ نەکردووە. *مامۆستای زانکۆ
جهانگیر سدیق ئهو 200 ملیارهی كه بڕیاره بهغدا مانگانه بینێرێت بۆ ههرێم، نه مینحهو بهخشینه نه پشك و بهركهوتهی ههرێم؟ نه دهرهنجامی مهقاسهو جێبهجێكردنی یاسای بودجهیشه، بهڵكو تهنها پێشینهیه (السلفه)و دهبێ بهپێی 4 مهرجهكهی خاڵی دوهمی مادهی یازدهی یاسای بودجه پاكتاو بكرێت، ئهمه لهچهند ڕویهكهوه كارێكی ئهرێنیهو ههنگاوێكه بۆجێبهجێكردنی یاسای بودجه، بهڵام مهرج نییه لهئهنجامدا لهڕووی داراییهوه لهبهرژهوهندی ههرێم بێت. یهكهم: بۆچی ههنگاوێكی ئهرێنیه؟ 1- بهبێ پێدانی پێشینه ئهستهمه مادهی یازدهی یاسای بودجه جێبهجێبكرێت، ئێمه پێشتر لهوتاری پێشومان ئهوهمان بهوردی ڕونكردوهته، ئهو بابهته بۆ زۆربهی فهرمانگهكانی عێراقیش بهههمانشێوهیه، وهزارهتی دارایی عیراق تهنها لهسهرهتای ئهمساڵهوه زیاتر له15 ترلیۆن دینار پێشینهیداوه بهفهرمانگهكان تاكو پاشتر پاكتاویان بۆ بكرێت. 2- ههرچهنده لهڕوی ڕێساو پرهنسیپهوه ئهو ههنگاوه ئهركه لهسهر حكومهتی فیدراڵی، بهڵام لهئێستادا دهكرێ وهك دهستپێشكهریو ههنگاوێكی ئهرێنی لێك بدرێتهوه، چونكه لهساڵانی 2014- 2017 سهرهڕای شهڕی داعش و ئهو دۆخه سهختهدا، پاشتریش له2020 حكومهتی بهغدا ههنگاوی لهو شێوهیهی نهگرتهبهر. 3- پێدانی ئهو پێشینهیه كارێكی نایاسایی نییهو تهنانهت یهكێكه لهرێكاره بنهڕهتیهكانی جێبهجێكردنی بودجه، ههریهك له بابهتهكانی پێشینهو ئهمانات حیساباتی دهرهوهی موازهنهنو لهیاسای بودجهدا ئاماژهیان بۆناكرێتو لهدهسهڵاتو تایبهتمهندی حكومهتو وهزارهتی دارایین بۆ جێبهجێكردنی بودجه. بۆیه ههرچهنده لهوانهیه لهڕوی سیاسیو میدیاییهوه ئهم ههنگاوه دژی حكومهتی بهغدا بهكاربهێنرێت، بهڵام لهڕوی یاساییهوه كارهكه دروسته. دوهم: بۆچی مهرج نییه لهبهرژهوهندیی ههرێم بێت؟ 1- یهكێك لهئهگهرهكان ئهوهیه كه پاڵنهری پشت ئهم ههنگاوهی بهغدا بریتی بێت لهبهرزبونهوهی نرخی نهوتو پێشبینیه گهشبینانهكان لهوبارهیهوه، چونكه ئهگهر نرخی نهوت بۆ سهروی 75 دۆلار بهرزبێتهوه ئهوا بهپێی یاسای بودجهو لهئهنجامی حسابكردنی ئهركو پابهندیهكانی ههردوولا پێویستدهكات ههرێم پاره بنێرێت بۆ بهغدا نهك بهپێچهوانهوه، چونكه تهرخانكراو بۆ پشكی ههرێم لهیاسای بودجهدا جێگیره، ئهویش ئهگهر بهقۆستنهوهی دهستهواژهی خهرجیی فیعلی لهمادهی (10) كهمتریشی نهكهنهوه، بهڵام پابهندیی ههرێم پهیوهسته نرخی نهوتو داهاتهكانی ترهوه، بۆیه لهكاتێكدا كهنرخی نهوت نزم بێت ئهوه دهكرێت جێبهجێكردنی یاسای بودجه لهقازانجی ههرێم بێت وهك چهند مانگی ڕابوردو كه بهداخهوه جێبهجێنهكرا، بهڵام ئهگهر نرخی نهوت بهرزبێت ئهوكات جێبهجێكردنی لهقازانجی بهغدایه وهك مانگهكانی داهاتوو، پێدهچێت یهكێك لهپاڵنهرهكانی ئهم ههنگاوهی بهغدا ئێستا ئهوه بێت. 2- بهرژهوهندیی ههردولا تهنها بهو بڕهپارهیه لێك نادرێتهوه، پێویسته ههرێم بهردهوامبێت لهجێبهجێكردنی یاساكه، ئهگهر لهڕوی داراییهوه زیانیش بكات، بهڵام بهمهرجێك بنهما یاساییو دهستوریو داراییهكان لهبهرچاو بگیرێن، ئهگهر تهنها قهرزهكانی بانكی بازرگانیی پاكتاوبكرێن بهپێی خشتهبهندیهكه لهسودی ههرێمهو وهك ئهوهیه داهاتی بۆ هاتبێت، چونكه مانهوهی ئهو قهرزهو ئهگهری كهڵهكه بون سوو (فائده) لهسهری كێشهیه بۆ ئێستاو ئایندهی ههرێم. سێیهم: خاڵه جهوههریهكان: 1- ئهگهر ههرێم داهاتو خهرجیهكانی رێكنهخاتهوهو چاكسازیی گهروهیان تێدا نهكات، ئهوا هیچ شتێك ڕۆڵی ئهوتۆی نابێت بۆ چارهسهری كیشهكانی. 2- ههریهك لهههرێمو بهغدا جگه لهكێشهی بودجه چهندین كێشهی ئاڵۆزی تریان ههیه ههربۆیه زۆر چاوهڕوانكراوه ههموو بابهتێكی ساكار بكرێته كێشهیهكی ئاڵۆز. 3- عێراق نه بهعهقڵیهت نه بهزهمینهی سیاسیو یاساییو دامهزراوهیی نه بهپهیكهربهندیی كارگێڕی دهوڵهتێكی فیدراڵی نییهو بڕوایشی پێیی نییه بۆیه ئهبێت ههمیشه چاوهڕوانی كێشهی یهك لهدواى یهك بین. 4- بهغدا زۆربهی ویسته سیاسیهكانی به یاسا ڕوپۆش دهكات، ههرچهنده لهو بارهیهوه كۆڵهواریهكی زۆر بهحكومهت و پهرلهمانیانهوه دیاره، بهڵام بۆشایی لایهنی كوردی لهو ڕوهوه گهورهتره، پێویسته ههرێم تهنها پشت بهئامرازی سیاسی نهبهستێت، حیساب بۆههمو یاساو ههمو بڕگهو دهستهواژهیهك بكات، چونكه ویستی سیاسی چ به ئهرێنی یان نهرێنی ههمیشه پێویستی به ڕوپۆشی یاسایی ههیه، عادل عبدالمهدی له ساڵی 2019 سهبارهت بهپشكی ههرێم بهردهوام بهوه بهرپهرچی نهیارهكانی دهدایهوه كه یاسای بودجهی جێبهجێكردوه.. زۆر و زۆر بابهتی تر ههن كه پێویستی دهكهن لهسهر ههرێم بهتهواوی بهخۆیدا بچێتهوه، بهتایبهتی لهڕێكهوتن و پهیوهندیه دارایهكانی لهگهڵ بهغدا و له یاساكانی ئهو بوارهدا.
ژوان ئەحمەد كۆمپانیایەك دواجار سلێمانی تەلبەند دەكات هیچ حیكایەتو سەرگوزەشتەی درێژی ناوێ، داخستنی نەخۆشخانەی هیوا حەتمیەو ئەمڕۆش نەبێ سبەی هەر دەیكەن. ئەوەی ئێستا چەند مانگ جارێك دەیبینین لە: - نەبونی دەرمان - خەرج نەكردنی بەدەل عیادە - خەرج نەكردنی پارەی كارمەندان - سزادانی هەندێك لەو نەخۆشخانەیە گشت ئەوانە پلانی نەخۆشە بۆ داڕێژراون تا كە نەخۆشخانەكە داخرا، ئیدی كەس بەلایەوە سەیر نەبێ. بۆچی داخستنی هیوا حەتمی یە ؟ هاوكێشەكە سادەو سانایە - كۆمپانیایەك نەخۆشخانەیەكی تایبەتی دروست كردوە تایبەت بە شێرپەنجە - گەورەترین پزیشكەكانی نەخۆشخانەكەی بردوەو لە نەخۆشخانە تایبەتەكە كاری پێ دەكات - هەر یەكێكی نەخۆشخانەكە دەڕوات، راستەوخۆ لەو نەخۆشخانە تایبەتە شوێنی هەیە - بەشێكی زۆری بەرپرسانی حزبیو حكومی لە ڤێلاو شوێنە زۆر تایبەتەكانی كۆمپانیاكە دەژینو چاوبەرەوژێری ئەو كۆمپانیایەن ئەم كۆمپانیایە ئێستا لە هەموو سێكتەرەكان قۆرخكاری دەست پێ كردوە: - رێگاوبان - پەروەردە - بیناسازی - برنج - دایبی - كلێنس - ساغكردنەوەی گەنمی جوتیاران - دەرمان - زەویوزار چەند ساڵێكی تر نابات كۆمپانیاكە تەلبەندێكی بەحورمەت بەدەوری سلێمانیدا دروست دەكات، چونكە هەموو سێكتەرەكانی گرتوە، دەمی هەموو بەرپرسانی داخستوە، شەریكی حزبەكانیشە.. تەنیا دانیشتوانەكە ئەمێنێ، ئەوانیش ئەبن بە كرێچی ئەم كۆمپانیایە. یەكێتی چی ئەكات؟ نازانم یەكێتی چی دەكات؟ ئەم نەخۆشخانەیە دیاری مام جەلالە بۆ نەخۆشەكانو دانیشتوانی سلێمانی، هەمووجارێكو لە هەموو بۆنەیەك باسی ئەوەی دەكرد سلێمانی بكرێتە شاری گەشتوگوزاری تەندروستیو پزیشكی، بەڵام ئەمڕۆ دەبینین، یەكێتی لە ئاستی وێرانكردنی ئەو نەخۆشخانەیە بێدەنگەو رێگەشی داوە ئەو كۆمپانیایە تەواوی سلێمانی داگیر بكات. كەی یەكێتی دەنگ دەكات؟
ئەبوبەكر كاروانی هەر هێندەی راگەیەنرا ئەنجومەنی وەزیانی عێراق، بڕیاری ناردنی بڕێك پارەی بە هەرێم داوە، دەستبەجێ چەندین بەرپرسی حیزبیو حكومی كەوتنە كێبڕكێكردن، بۆ راگەیاندنیو مزگێنیدانو باسكردن لەوەی كە ئەوەی وەدیهاتووە، بەرهەمی هەوڵو تێكۆشانی حیزبو سەركردەكانی ئەوان بووە.؟!! لەكاتێكدا ئەگەر دەسەڵات بەكردەوە لە حكومەتدا بەرجەستە بوایە، وە هاوپەیمانی حكومیو بەرپرسارێتی هاوبەش واتای خۆی وەربگرتیایە، جوان وەك ئەوەی پێویستە، لە حوكمڕانی تێبگەیشتینایە، دەبوو قسەكەر بەناوی حكومەتەوە، یاخود ئەوپەڕی لەگەڵ قسەكەرێك بەناوی وەفدی گفتوگۆكارەوە، هەواڵەكەیان بەناوی حكومەت وەك دەسەڵاتی راپەڕاندن رابگەیەندایە، نەك هەر كەسەو لای خۆیەوە دەستبكات بەلێدوانو مافێكی سادەمان لێبكەن بە دەستكەوفێكی گەورە! چونكە ئەم هەموو لێدوانە بەوجۆرە، هەرێم بێ هەیبەتتر دەكات، پرسیاری زۆرتر دەخاتە سەر عەقڵی حوكومڕانیمان، سەرۆك وەزیرانی بەغدا لەبەردەم خەنیمەكانی، ڕوداماوتر دەكات ؟! شایانی وەبیرهێنانەوەیە، هەموو ئەمە لەكاتێكدایە كە: ١- ئەزموونی رابردوو پێمان دەڵێت: كە دەستەبەری جێبەجێكردنو تاسەر بڕكردنی ئەم جۆرە بڕیارانە تاسەر لەئارادا نیە، هێزە ناڕازییەكان هەركاتێك ویستیان، دەتوانن لەڕێی پەڕلەمانو دادگاو میكانیزمی ترەوە، كێشەی بۆ دروستبكەن. ٢- بڕیارێكی لەوجۆرە جێگەی ئەو هەموو شانازیو هەلهەلە بۆكێشانە نیە. چونكە: ا- ئاماژەیە بەبچوككردنەوەی خەونی مرۆڤی كوردو قەتیسدانی لەئاستی موچەو هێنانی هەندێ پارە لەبەغدا بۆ هەرێم، بۆ ئەوەی حكومەت بتوانێت موچە لەكاتی خۆیدا بدات؟!! ب- ئەم دۆخی هەست بەزەلیلیو خۆبچوككردنەوە، دیارنەبونی چوارچێوەی چەسپاو و درێژمەودای كاركردنو رێككەوتنو گیرخواردنی هاوكێشەكە لەنێوان سازشكردنی گرەنتینەكراو بۆ بەغداو قەیرانی داراییو موچە، بەرەنجامی بێ پارەیی نیە، هەروەك لە لوتكەی دەسەڵاتەوە گوزارشتی لێدەكرێتەوە، بەڵكو بەرەنجامی ناكۆكی سیاسیو گەندەڵیو حەرامخۆریو رووننەبونی سەرچاوەكانی داهاتە. مادام بێموچەییو قەیرانی ئابوریو خۆبچوككردنەوەی سیاسیشمان بەپلەی یەكەم، بەهۆی ئەو هۆكارانەی سەرەوەیە، بۆ كەس جێی شانازی نیە خۆی بەبڕیارێكو دڵخۆشكردن بەناردنی هەندێ پارە لە بەغداوە هەڵبكێشێو شانەخڕێی بێت بۆ ئەوەی بەناوی ئەو یاخود حیزبەكەیەوە تۆماربكرێت. لەبەرئەوەی راستی سەرەوە پێمان دەڵێت: دڵخۆشكردنەكە لەقوڵایدا بۆ باشتربوونی ژیانو گوزەرانی موچەخۆرانو كەمكردنەوەی قەیرانی ئابوریو چاكەی گشتی نیە، بەڵكو بۆ ئەوەیە ئەو گەندەڵیەی دەیكەنو ئەو پارەی لە سنورەكانو ناوخۆو نەوت دەیبەن، لەسایەی دانی موچەو دابەزینی ئاستی چاوەڕوانی هاوڵاتی لە نوخبەی حوكمڕان، بێكێشەتر بیخۆنو بیخەنە سەر حسابە بانكییەكانیان!!! بۆئەوەی دواتر وەك ماڵی سیاسیو شێوازی تر گەندەڵە سیاسیەكەشی پێ قوڵتر بكەنەوە. بەڕێزان شانازی بەچیەوە دەكەن كە ناكۆكیو گەندەڵی ئێوەو حیزبەكانتان هۆكاری پشت نەدانی موچەیە؟ تەنانەت پەیوەندی لەرزۆكو ناجێگیر لەگەڵ بەغداش لەناكۆكی نێوانتانو ئیدارەكردنی بەشێك لە ملمانێكانتان دژبەیەك لەوێوە، بەدەر نیە. بۆیە هیچی تر بەم زمانە، كە سوكایەتی بۆ هاوڵاتیان تێدایە قسەمەكەن، ئەركی ئێوە وەك نوخبەی حیزبی بەتایبەتیش هی دوو حیزبەكە دیارە: . پارە تاڵانكراوەكانی خەڵك بگێڕنەوە بۆ خەزێنەی گشتی. سنورێك بۆ گەندەڵیو خرپ بەكارهێنانی دەسەڵات دابنێن. . كۆتایی بە ناكۆكیە نانیشتیمانیەكانتان بێنن. . كۆتایی بەدابەشبوونی كوردستان، فرەدەسەڵاتی، زۆنی حیزبیو دوبەرەكیو لەشكرو هێزی حیزبی بێنن. . دەستورێكی هاوچەرخ بۆ هەرێم گەڵاڵە بكەن، سازانی نیشتیمانی لەسەر دروست بكەن، ژیانی سیاسی لەم بێ حەوشەییە ڕزگاربكەن. . بڕوا بەبێ لایەنیو سەربەخۆیی دەسەڵاتی داوەریو دادگاو سەروەری یاسا بێنن. . ستراتیژێكی هاوبەشی نیشتیمانی دابڕژنو تەوافوقی لەسەربكەن، بۆ چۆنیەتی مامەڵەكردن لەسەر ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم كە خەریكە لەدەستدەچن، بەغدا، دەرودراوسێ، پارچەكانی كوردستان، مەسەلەی كوردستان لەسەر ئاستی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستو جیهان بەگشتی. . زۆرینەی گەلەكەتان ئاشت بكەنەوە، كە گەندەڵی سیاسیو دارایی، ساختەكردنی هەڵبژاردن، ناكۆكی هەوانتەو جارسكەر، قەیرانی ئابوری، نائومێدیان كردووەو متمانەیان بە پرۆسەی سیاسیو دەستەبژێری حیزبیی حوكمڕان نەهێشتووە. شەهامەتی ئەوەتان تێدا بێت، واز لە ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكاندا بێنن، كۆتایی بەفۆڕمێ لە ئەخلاقی سیاسیو حوكمڕانی بێنن، كە ناكارایی، خراپیو داڕوخاویی سەلما. بیركردنەوەو بەرەو پیرچونی ئەم ئەركانەو دوبارە بیناكردنەوەی سیستمو هەرێمێكی یەكگرتوو، بەهێز، دیموكراتو خاوەن ستراتیژو هوشیار بە ئەركە نەتەوەیی، سیاسیو ژیارییەكانی، شایستەی كەسانێكە بەخۆیان ڕەوا دەبینن پێیان بوترێت: سیاسەتمەتدار، لێپرسراو، پیاوی دەوڵەتو نیشتیمانپەروەری مەزن لەناو گەلێكی گەورەی جەزرەبە چەشتوی نێو مێژوی نوێی خۆهەڵاتی ناوەڕاستو خاوەنی تراژیدیای ئەنفالو هەڵەبجەو كیمیابارانو سەدان هەزار شەهیدو ملێۆنان مرۆڤی پێخوستكراو و بێ بەشكراو لە كەرامەتی مرۆیی خواپێدراو. ئەمە ئەركتانە، نەك خەریكبوون بە كێبڕكێوە بۆ شانازیكردن بەهەندێ شتی بچوك چارەسەری كاتیەوە، كە خۆتان بەدانپیانانی خۆتان سەبەبكاری سەرەكی كێشەكەن.
سەهین موفتی ئەگەر لە بەیاننامەو گوتاری سیاسیەکانی کوردستان بنۆڕی، جگە لە پارتییەکان..! هەموان بەشێوەیەک وێنا دەکەن کە پارتی خوازیاری شەڕی کوردو خوێنڕشتنە، لە کاتێکدا کە سەرۆکی پارتی لەمێژە شەڕی کوردو کوردی حەڕام کردووە. بێجگە لە شەهید بوونی پێنج پێشمەرگە لە چەند رۆژی رابرد لە چیای مەتینا، پاشان رفاندنی دوو پێشمەرگەی دی لە سنووری شەنگال، ئەمجار شەهید بوونی پێشمەرگەیەکی دی بە قەناس...! کەچی تا ئێستا پارتی شەڕی را نەگەیاند...! ئەوەی تا هەنووکە پارتی، کە دوو دامەزراوەی بڕیار بەدەست و بەهێزی وەک سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتیکردنی حکومەتیشی لە بەر دەستەو داوای دەکات هێندەیە" پارتی کرێکارانی کوردستان رێز لە سەروەری هەرێمی کوردستان بگرێت و خەباتی خۆی لەم ناوچەیە بگوازێتەوە"، راگەیەندراوەکانی وەزارەتی پێشمەرگەش هەمان شێوە دەخوازێت پەکەکە سنوورێک بۆ چالاکییەکانی دابندرێت..! ئێستێ، تەواوی دژە پارتیییەکان( ئۆکتۆبەرچییەکان، بێدەنگبوانی بەردەم حەسەن پلایس، کەمپینچییەکان، شیڕە لێدەرەکان، قەڵەمە بوێرەکانی دژی پارتی و هیچ نەدیدەی زۆنی سەوزو بێدەنگەکانی پەروێزخان، کپ بوونەکان لەبەردەم کەیسی باخان، وڕو کاسەکانی دووسێ ساڵ لەوەو پێش کە یەکێتی راوە راوی ئەندامانی تەڤگەر بوو، پاشان داخستنی بارەگاکانیان، و خستنە زیندانی ئەندامانییان، بێ جورئەتەکان، کە بە بەرچاوییانەوە زانیاری درا بە فڕۆکەو لە سەر شاخی ئەزمڕ گەریلاکانییان دەهاڕین،هتد..) ئەمانە هەموویان خەریکی لێدانی دەهۆڵ و تەپڵن و بانگڕادێرن کە پارتی شەڕی دەوێت دەگەڵ پەکەکە...! لە کاتێکدا پارتی، ئەوەی بیری لێ دەکاتەوە تەنێ هێندەیە کە : پارتی کرێکارانی کوردستان، بیر لە ئازادبوونی بستێک خاکی کوردستان بکاتەوە کە لە سنووری وڵاتی تورکیایە.
د. محەمەد كیانی فازل میرانی دەڵێ شەڕ و شتێكی تر بەدەست ئینسان نییە كەبو دەبێ. فازل ناوی شتەكەی تری نەهێنا كە شتێكی بێ زیانە، ئەگەر ئەو شتە بكەی ئیسراحەت دەكەی. بەڵام ئەو شەڕە بكەن بۆ ئێوە خۆكوژییە. ئەمە پرسێكی ستراتیجی گەورەی بەڵانسی هێز و هەبونی پارسەنگ لەخۆ دەگرێ. لە قسەكەی دیارە، شەڕەكە بەدەستی خۆیان نییە و توركیا بڕیاری بۆ داون. ئەوانیش وەك هێزێكی وابەستە دەبێ بۆ توركیا ئەو شەڕە هەر بكەن. لە هەڵسوكەوت و ئاماژەكانیان، وا دیارە پارتی هیچ بڕیارێكی چارەنوسسازی لەدەستدا نەماوە و سەركردایەتیەكەی ئیرادەی حیزبەكەیان و گەلی كوردیان لە باشور تەسلیم بە توركیا كردوە. كارێكی دورستە و لە بەرژەوەندی خۆیانە ئەو ڕاستیە بەبیری سەركردایەتی پارتی بهێندرێتەوە، كە لە كردنی ئەو شەڕە چاوەڕوانكراوەی پارتی و پ ك ك، پارتی دۆڕاوی یەكەم دەبێت، هەتا ئەگەر گریمان پ ك كەشیان تێكشكاند، كە پێیان ناكرێت. لە حالەتی كردنی شەڕ پارتی گەورەترین كارتی فشاریان بەرامبەر بە توركیا لەدەست دەدەن كە ئەمە خەتەری لێككەوتەی ستراتیجی گەورەی دەبێت بە دژی خۆیان. ئەگەر لەو شەڕە سەركەون، توركیا بە شێوەیەك لە شێوەكان پەلوپۆی پارتی دەكات و تێكیان دەشكێنێ، لە جیاتی دەستخۆشی و پاداشت. چونكە بەهێزبونی هەر لایەنێكی كوردی بۆ دەوڵەتی توركیا قابیلی قبوڵ نییە تەنها لە كاتی بەكاربردنی نەبێت وەك تاكتیكێكی كاتی لە دژی هێزە ئازادیخوازەكانی كوردستانی باكور. پرسێكی ستراتیجی نەگۆڕە بە لایەن توركیاوە كە كورد نابێ قەوارەیەكی بەهێزی هەبێت لە هیچ شوێنێك. وە ئەگەر پارتی دۆڕا لە شەڕەكەی لەگەڵ پ ك ك، كە ئەمە ئەگەرێكی بەهێزە، ئەو كات نمودیان نامێنێ و توركیا زیاتر بە قێزەوە سەیرتان دەكات وەك هێزێكی فشۆلی بێكاریگەر و دۆڕاو. ئەگەر سەركردایەتی پارتی یەك تۆسقاڵ ئیرادەی مابێت دەبێ بە ژیرانە بیربكاتەوە و كار بكات و گوێ لە مەنتیقی عەقڵ بگرێت و ئەو شەڕە بۆ توركیا نەكات چونكە شەڕێكی خۆ بەزێنە (.....) بە هەردوو لایەنی سەركەوتن و ژێركەوتن لەگەڵ پ ك ك. پارتی دەبێ بێگومان بێت بۆ مانەوەی پێگە و نەختێك هەیبەت و كاریگەری بۆ خۆتان گەلێك باشترە دوركەونەوە لە هەڵگیرساندن و بەڕێوەبردنی ئەو شەڕە بریكاریەی بۆ توركیای دەكەن. كارتی فشاری بونی پ ك ك پرسێكی ژیانیی ستراتیجییە بۆ پارتی. لەدەستدانی ئەم كارتە ستراتیجییە ڕوتكردنەوەی پارتیە لەو پاسەنگە بەهێزانەی دەبێ لەدەستیدابن بەرامبەر بە هەڵگەڕانەوەی توركیا لێیان وە یان ویستی زیاتر فراوانكردنی بازنەی هەژمون و كۆنتڕۆلكردنی هەرێم و سامانە سورشتیەكانی و بەكارهێنانی كورد بۆ فراوانكردنی بەرژەوەندیە ستراتیجیەكانی لە سنوری ویلایەتی موسڵی عوسمانی و سەرجەم عێراق. بەلایەن توركیا پارتی یان پ ك ك بشكێن جیاوازی نییە، سەركەوتنە بۆ ئەوان. وەك دەڵێن، بۆ تورك گرنگە سەگی ڕەش و سەگی بۆر تێكبەرببن، كامیان بتۆپێ بۆ تورك هەر قازانجە.
زكری موسا ساڵانێكی دوورودرێژە هەموو حزب و لایەنە كوردستانییەكان پەكەكە باش دەناسن و، ئاشنای پلان و بیر و ئایدۆلۆجیا و كردەوەی نكۆلیكاری ئەو حزبەن. هەمووان زۆر چاك ئاگاداری ئەوەن، دژایەتیكردنی هەرێمی كوردستان و دامودەزگای هەرێم بەشێكی نەگۆڕی سیاسەت و جیهانبینیی پەكەكەی پێكهێناوە. بەڵام سەیر لەوەدایە هەر كە چەكدارانی پەكەكە دەستیان دایە شەڕفرۆشتن و نانەوەی گرفت لەگەڵ هەرێمی كوردستان، هەندێ میدیا و باڵ و لایەنی سیاسیی كوردی خێرا پارتی بەوە تۆمەتبار دەكەن كە بیر لە شەڕی ناوخۆیی دەكاتەوە یانیش نەخشە بۆ شەڕی كورد و كورد دادەڕێژێت. لێرەدا پرسیار ئەوەیە پارتی چ پەیوەندییەكی بە ڕەفتاری نابەجێی و شەڕخوازانەی پەكەكەوە هەیە؟ كە ئەمە نەهج و سیاسەتی پەكەكە بێت پارتی چ تاوانێكی هەیە و بۆچی دەبێ بەوە تاوانبار بكرێت كە بیر لە شەڕی ناوخۆی و كوردكوژی دەكاتەوە؟ ئایا پارتی شەڕی دەستپێكردووە یان ئەوە پەكەكەیە كە پێشمەرگەی شەهید كردوون؟ لە هەموو گەڕەكانی دەستپێكردنی شەڕفرۆشی و ئاڵۆزی لە لایەن پەكەكە بە كردەوە زاڵمانەكەی چیای مەتین لە پێنجی حوزەیرانیشەوە، ئەوە چەكدارانی پەكەكە بوونە بێباكانە پێشمەرگەیان شەهید كردووە و هەر ئەوان بوونە هێزەكانی ئاساییشی هەرێمیان كردۆتە ئامانج و كردەوەی ڕفاندنیان ئەنجام داوە. ئەگەر پێشمەرگە و ئەو هێزانەی ئاساییش و پاراستنی هەرێمیان لەسەر شانە و سەر بە دامودەزگەی هەرێمن لە لایەن پەكەكەوە شەهید بكرێن بۆچی نابێ بەرپرسیارێتی بخرێتە سەر شانی پەكەكە و هەر دەبێ پارتی تۆمەتبار بكرێت؟ جێگەی داخە كە لەم چەواشەكاری و ناحەقیەدا بەشێكی یەكێتییش بەشدارە و، ئەگەرچی ڕاستییەكان باش دەزانن بەڵام چاوپۆشی لە دەستدرێژیەكانی پەكەكە دەكەن و بێشەرمانە پارتی بە شەڕی كورد و كورد تۆمەتبار دەكەن. ئەوان و هەندێ لایەنی تریش لەسەر ئەوە ڕاهاتوون كە لەپێناو ئازاردان و نانەوەی گرفت بۆ پارتی هەموو شتێك بكەن و دەست بۆ هەموو جۆرە هەڵوێست و كردەوەیەك ببەن تەنانەت ئەگەر بە زیانی هەرێمی كوردستان و خودی خۆشیان بێت. لە بەرانبەر شەڕفرۆشی و تاوان و كارە نابەجێكانی پەكەكە لەدژی هەرێمیش بەردەوام لەڕێی موزایەداتەوە پاساو بۆ كردەوە و تاوان و خۆسەپاندنەكانی پەكەكە دەهێننەوە و بەو هەڵوێستەیان بێڕێزی بە خوێنی ئەو پێشمەرگە شەهیدانە دەكەن كە لەسەر خاكی خۆیان لە لایەن پەكەكەوە بە زوڵم شەهید كراون. كە سەیری بەشێك لە مێدیاكانی هەندێ لایەن و تاقمی كوردی دەكەی و موزایەدات و لێدوان و هەڵوێستیان دەبینی ئەو هەستەمان لا دروست دەبێ كە لە دڵەوە حەز بەوە دەكەن پارتی لە كێشە و گرفت و شەڕ تێوەبگڵێندرێت و كاریشی بۆ دەكەن. ئەوە حەزێكی گڵاو و نانیشتیمانی و قێزەوەنە و ڕادەی بێباكی و نابەرپرسیارێتیان دەخاتە ڕوو و، خەڵكی كوردستانیش لێیان تێگەییشتووە. دەبێ ڕۆژێك بێت بە خۆیان بێنەوە و دەستبەرداری ڕقی كوێرانە لەبەرانبەر پارتی بن و باشیش بزانن ئەو حەزەیان هەرگیز ناهێتە دی كە پارتی تووشی شەڕی كورد و كورد بكرێت.
هاوڕێ تۆفیق بونی دەستور بۆ کوردستان زۆر پێویستەو کۆڵەیەکی گرنگی پایەی سەروەری ھەرێمە. خۆی لە راستیدا ھەقوابوو پێش رووخانی سەددامی دیکتاتۆر ،کوردستان دەستوری خۆی ھەبوایەو بەو ھۆیەوە کورد پێگەی بەھێزتر ئەبوو، بەڵام شەڕی براکوژی زۆر خوێنی لەجەستەی کورد ڕژاندو خەونی نوسینەوەی دەستوریش وەکو زۆر خەونی تر بوون بە مۆتەکە! ئێستا دووبارە باسی نوسینەوەی دەستور ھاتۆتەوە مەیدان، لەڕاستیدا دەستورێکی نیمچەئامادەکراو ھەیە،کە پێشوترلەلایەن لیژنەیەکی فرەڕەنگی پەرلەمانی کوردستانەوە نوسراوە. ئەتوانین بڵێین لە ئێستایا لە خاڵی سفرەوە دەست پێناکەین ، ئاشکرایە لە کاتی خۆیا گرێکوێرەی تەواونەکردنی پرۆژەی دەستور پەیوەندی بە مەسەلەی شێوازی ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێمەوە ھەبوو، رای گشتی و سیاسیەکان دابەشبون بەسەر دوو بەرەدا. سەرۆک لەلایەن پەرلەمانەوە ھەڵبژاردنی بۆ بکرێت؟ یان راستەوخۆ لەلایەن گەلەوە ھەڵببژێردرێ؟ راستر ململانێیکە بەپلەیەکی نایاب حزبایەتی بوو ،کەمتر ململانێیەکی دەستوریی و سیاسی بوو. راستە لەرووی عورفی دەستورییەوە ئەو وڵاتانەی کە پەرلەمانین، سەرۆک لەلایەن پەرلەمانەوە ھەڵئەبژێردرێ، بەڵام ئەم بنەمایە بەشێوەیەکی رەھایی نیە، بەڵکو جەوھەری سیستەمی پەرلەمانی بریتیە لە دابەشکردنی دەسەلاتەکانی بەسەر دامەزراوەکانی دەوڵەت لەلایەک و چاودێریی و لێپرسینەوەی پەرلەمانی لەلایەکی تر، ھەرەھا مەسەلەی ھێزە چەکدارو داودەزگا ئەمنیەکان خاڵی لێکجیاکەرەوەی سیستەمی سەرۆکایەتی و پەرلەمانیە، لە یەکەمیاندا سەرۆک ھەموو ھێزی چەکدارو دەزگای ئەمنی لەژێر چنگدایەو لە دووەمدا بە تەنیا لەلای سەرۆک نیە و لە نێوان سەرۆک و سەرۆک وەزیران و باقی دامەزراوەکانی تردا بەشکراوە. کێ دەستور بنوسێتەوە؟ لە ھەموو دونیا دەستور پرۆژەی ھێزی دەسەلاتدارە، جا ئەو دەسەلاتدارە فەرمانرەوایەکی خۆسەپێنی دیکتاتۆربێت، یان دەسەلاتدارێک کە مافی دەسەلات وەرگرتنی لە رەوایی گەلەوە لە رێگای ھەڵبژادنەوە بەدەستھێنابێت، بە گشتی لە زانستی دەستوردا چ لە کۆن و تازەدا چەند رێگایەک بۆ نوسینەوەی دەستور ھەیە یەکەم؛ لیژنەی دەستەی دامەزرێنەر ئەم لیژنەیە لەھەموو رۆڵەکانی گەل پێک ئەھێنرێت بە تەمەن ورەگەز و ئایین و بیروباوەری جیاوازەوەو لەلایەن پەرلەمانەوە دەپاڵێودرێن و پاشان گەل لە رێگای دەنگدانی گشتیەوە ھەڵیان ئەبژێرێ، ھەتاوەکو لە بری گەل، ئەوان پرۆژەی دەستور ئامادە بکەن و پاشان گەلپرسی بۆ بکرێ . دووەم:لەرێگای دەسەڵاتی جێبەجێکردنەوە ، لەم رێگایەدا حکومەت سەرۆک کۆمار بێت ،یان پاشا یان ھەر ناوێکی تری ھەبێت، دەسەڵاتدار خۆی پرۆژەکە ئامادە دەکات و پاشان گەلپرسی بۆ ئەمجام ئەدرێ. سێیەم: لیژنەی پەرلەمانی،بەپێی توێژێنەوەیەکی زانکۆی برنستین ی ئەمریکی کە لەسەر دەستوری١٩٤ وڵاتی ئەنجامیداوە لە نێوان ساڵانی ١٩٧٥ ھەتاوەکو٢٠٠٣نۆ ڕێگا بۆ نوسینەوەی دەستور ھەیە ، باوترین رێگایان نوسینەوەی پرۆژەی دەستورە لەلایەن لیژنەیەکی پەرلەمانیەوە بەپێی توێژینەوەکە٨١ دەستور کەدەکاتە ڕێژەی لە٪٤٢ دەستورەکانی وڵاتان بەو شێوەیە نوسراوە.وەکو تورکیا، بەڕازیل،ئیسپانیا، پۆڵەندا، بولگاریا، چیک،یۆنان و ھتد. رەھەندی دەستوریی؛ ئاشکرایە بونی دەستور بۆ کورد مەسەلەیەکی زۆر جیاوازە لە ھەر نەتەوەیەکی تر، کورد میللەتێکی بێ دەوڵەتە، ئەم دەستورە نرخێکی مێژوویی گرنگی ھەیە، ھەڵەیەکی گەورەیە تەنھا بەدیدێکی وشکی قانونیی و دەستوری سەیری دەستور بکەین و قوڵاییە ئەخلاقیی و فەلسەفییەکی فەرامۆش بکەین، دەستور ئاوێنەیەکە بۆ پیشاندانی ھێزی ئەخلاقیی و عەقڵی نەتەوەیەک، ھێڵە گشتیەکانی دەستور ھێڵی فەلسەفیی و ئەخلاقین،لەم روەوە چیرۆکێکی ئەرستۆ ھەیە، لەکاتی خۆیدا خوێندکارەکانی لە ئەرەستۆیان پرسی، دەستورێکی نمونەیی و بوێنە بنوسە؟ لە وەڵامدا ووتی، بەس پێم بڵێی ئەو گەلەی دەستورەکەی بۆ بنوسم چین؟ ھەلومەرجی سیاسی و ئابوریی و کۆمەلایەتیان چۆنە؟ کەواتە دەستور ئاوێنەی کلتوریی و ژیاری نەتەوەیەکە خاڵێکی تری جەوھەری کەکەس باسی لێ ناکات مەسەلەی ڕەگەزی زمانە، راستە ھەتاوەکو ئێستا یەک زمانی یەکگرتویی کوردیمان نیە، بەڵام ھێزی زمان لە ھێزی نوسینەوە سەرچاوە ئەگرێ، ئەوەی سەرنجی زمانەوانی پرۆژەی دەستور بدات ،پرۆژەکە بە زمانێک نوسراوە کە زمانێکی ناخۆش و شکێنراوە، ئەم بەڵگەنامە گرنگە دەستورییە بۆ مێژووی کورد لەپاڵ نرخە دەستوریی و سیاسیەکەی ئەبێتە بنچینەیەکی شارستانی و زمانەوانی بۆ مێژووی کورد زمانی دەستور بەقەدەر خودی دەستور خۆی گرنگە. چەند ڕاو وسەرنجێک ئەخەینەڕوو؛ یەکەم؛ لە پاڵ بوونی لیژنەی پەرلەمانی کە کاریان ئامادەکردنی دەستورە بۆ ئەوەی بخرێتە راپرسی خەڵکەوە، چەند لیژنەیەکی تر لە دەرەوەی پەرلەمان پێکبھێنرێت لە کەسانی ڕۆشنبیر و خاوەن پیشەی جیاواز لە ھەموو چین و توێژەکان. دووەم؛ بە ڕەسمی داوای ھاوکاری و یارمەتی لە نەتەوەیەکگرتوەکان بکرێ بە ناردنی تیمی شارەزاو و پسپۆر لە بواری دەستوریدا، ئەمەش جگە لەوەی ئەبێتە ھۆیەک بۆ وەرگرتنی سودو ئەزمون و شارەزایی بۆ نوسینەوەی دەستور لەلایەکی تر تارادەیەکیش جۆرە پشتیوانییەکی یاسایی و نێودەوڵەتی ئەبێ بۆ دەستوری کوردستان بەھەمان شێوەو بۆ ھەمان مەبەست داوا لە یەکێتی ئەوروپاش بکرێ. سێیەم؛ کۆمڵێک گۆرانکاری بنچینەیی بخرێتە ناو دەستورەکەوە کە بۆ ھۆیەوە ژێرخانی ژیانی سیاسی و دەوڵەتداری ئەگۆڕێ. ١: پەرلەمانی کوردستان لەم سیستەمە یەک ئەنجومەنییەی ئێستایەوە بگۆردرێت بۆ پەرلەمانی دوو ئەنجومەنی، ئەنجومەنی یەکەم نوێنەران بێت و لەسەر بنچینەی ژمارەی دانیشتوان ژمارەی نوێنەر دیاریبکرێت، دووەمیان ئەنجومەنی ھەرێم بێت کە لەسەر بنچینەی پارێزگاکان بێت بێ گوێدانە کەمیی و زۆری ژمارەی دانیشتوان بە یەکسانی ژمارەی نوێنەریان بۆ دابنرێ. ھاوشێوەی کۆنگرێسی ئەمریکی، ئەمە ئەبێتە سەرچاوەی چەسپاندنی دادپەروەری جوگرافی و لامەرکەزییەت. ٢: ئەنجومەنی باڵای نیشتمانی سەربازی دروست بکرێ، ئەم ئەنجومەنە سەرپەستیاریی ھێزی چەکداری ھەرێم بکات و بەرگێکی مەدەنی بەبەرابکرێ. ٣: سەرۆکی ھەرێم لەلایەن پەرلەمانەوە ھەڵببژێردرێت. ٤: دەستەی فرۆکەوانی مەدەنی ھەرێم بە ھەمئاھەنگی لەگەڵ دەستەی فرۆکەوانی مەدەنی فیدراڵ دروست بکرێت، بەمەش نیمچەسەروەرییەکی ئاسمانی ھەرێم مسۆگەر ئەکرێ. ٥: گەلی کورد لە ھەرێمی کوردستان بەشێکە لە نەتەوەی گەورەی کورد. ٦: ھەڵبژاردنی پەرلەمان بۆ ماوەی چوار ساڵ بێت و ھاوشێوەی ئەمریکا وادەکەی بەدەستوری دیاری بکرێ بۆ ئەوەی کەس نەتوانی تەمەنی پەرلەمان درێک بکاتەوە، بۆ نمونە بنوسرێت یەکەم ڕۆژی مانگی(٦) مەی.
(هەڵە) کێشەی هەڵە لە کردنیدا نیە، لە ڕاست نەکردنەوەیدایە. ئاخر زۆر شت، لەناو مومارەسەو "لە کردندا" دەرئەکەوێ کە هەڵەیە. ئا لێرەشدا هەڵە نەك کێشە نیە، بەڵکو خزمەتی بەردەوامیی ژیان و پێشخستنی مەعریفەی ئینسان ئەکاو نەزانراوێکی بۆ ئەکات بە زانراو. بەڵام کاتێ ئەم "هەڵە زانراوە" ڕاست ناکرێتەوە، ئیتر ئەمە کێشەیەکی ڕوخێنەرەو وەکو هەڵەی یەکەم نیە، کە کێشەیەکی دروستکەرە. بەڵێ یەکەمیان ژیانەو دروستکەرە، چونکە ڕۆشنکەرەوەی حەقیقەتێکەو دووەمیان مەرگەو ڕوخێنەرە، چونکە ئینکاری حەقیقەتێکە! ئایا بەردەوامیی ئێمە لەسەر شۆڕشی چەکداریی، ژیانەو بیناکەرە، یان مەرگەو ڕوخێنەرە، بەڵام ئینکاری ئەم حەقیقەتە ئەکەین؟ (حەقیقەت) یەعنی کێشەکە لە "هەڵە" خۆیدا نیە، بەڵکو پەیوەستە بە ڕاستییەوە. ڕاستییش شتێکە، کە لەناو بووندا دەرئەکەوێ، بۆیە "بوون" هەیە. لەناو ژیاندا دەرئەکەوێ، بۆیە پێویستە ڕاستەوخۆ لەگەڵیدا بژین و "خۆمان" بەریکەوین. لەناو خۆتدا ڕۆشنئەبێتەوە، بۆیە تۆ هەیت و بەرپرسیاریت. لەناو ئاگاییدا ئەدرەوشێتەوە، بۆیە ناگایی، خیانەتە لە ڕاستی. (دابڕان) یەعنی ڕاستیی چەقەو تۆ بۆ ئەوەی، دایمە شەبەکەو هەبێ و کونێکت بیت لەگەڵییدا، نابێ لێگەڕێ ی هیچ شتێك، لە "ڕاستەوخۆیی" داتبڕێ و لەڕێگەی ئەوەوە پەیوەندی لەگەڵ ڕاستییدا بگریت. بوونی شتێك لەنێوان تۆو ڕاستیدا، یەعنی پچڕان و نەمانی پەیوەندی تۆ بە ڕاستییەوە. گەڕانەوەی تۆ بۆ "بڕیاری پێشوەختە"، یەعنی پچڕانت لە "ئێستا". ڕاستییش هەمیشە فرێشەو لە ئێستادایە. ئەوەشی کە لە تۆدا "فرێشە و ئێستایە"، ئاگاییەو تۆ ئەبێ عاقڵانەو ئاگایانە، لەگەڵ ڕاستیی خۆیدا ڕووبەڕوو ببیتەوە، نەك مەستانەو نائاگایانە، لەگەڵ پێناسە کۆنەکەی دوێنێیدا! (مێگەل) بۆ ئەوەشی هەست نەکەیت، کە لە ڕاستی دابڕاویت، حیزبەکان و ئایدۆلۆژیاکان، ڕاستی بەدیلت بۆ دائەتاشن و لێرەوە، لە بوونی ئاگایانەی خۆت، داتئەبڕن و ئەوخەنە ناو بوونی مێگەلانەوە. ئیتر لەبری (خۆت و ڕاستەوخۆیی و ئێستا)، (مێگەلەکەو دوێنێ و پێناسە پێشوەختەکە) بەر ڕاستی ئەکەوێ و ئیتر خۆت هەرگیز بەری ناکەویت! (ئازادی) کاتێکیش حیزب و ئایدۆلۆژیا، (پێناسەی پێشوەختەو بتی ڕاستیی) ئەخاتە بەردەمت، بۆئەوەیە کە بیپەرستی و مەستانە تەسلیمی ببیت و دەمارگیرانە بەرگری لێبکەیت. بەڵام کاتێ خۆت ئەکەویتە ناو ڕاستییەوە، ئیتر ئازادانەو ئاگایانە، بە ئیرادەی خۆت دەستی پێوە ئەگریت، نەكئەوەی بەشێکبیت لە جەستەی مێگەلێك و لەوێوە ئاڕاستەبکرێیت! (بەرپرسیارێتی) یەعنی تۆ، بۆ ئەوە هەیت، کە ئاگابیت و ئازادانە بەرپرسیارێتی حەقیقەت هەڵگریت. چونکە ئا بەوە ئەکەویتە ناو مرۆڤبوونی خۆتەوەو ئەگەر وانەکەیت خیانەتت لە بوونی مرۆیی خۆت کردوە. بەڵام لەناو مێگەلدا هەرگیز تۆ ناکەویتە ناو بوونی مرۆڤانەی خۆت، چونکە لەوێدا ئاگایی و ئازادییت نیە، کە پێشمەرجی مرۆڤبوونتەو لێرەدا تەنیا ئەداتێکی شەڕەکانی مێگەلەکەیت و هیچی تر. ئەوەشی کە لەناو مێگەلدا ئەیکەیت، لە ئیرادەی خۆتەوە نیە، بەڵکو لە جوڵاندن و ئاڕاستەکردنی مێگەلەکەوەیە، کە تۆش بەشێکیت لێ ی. (شەڕ) یەعنی تۆ، کە پێشوەخت بڕیارت یاوە، کە هەمیشە پارتی ڕاستەو ئەویش کە پێشوەخت بڕیاری یاوە، کە هەمیشە پەکەکە ڕاستە،، ئیتر لەڕاستیدا ئەم شەڕە هی ئێستا نیەو هی ئەو ساتە ناهۆشیارییەیە کە بڕیارە هەڵەکەت تێیدا داوە. تاکو راستیشی نەکەیتەوە، هەر لەوێدایت و شتەکانیش هەر دووبارە ئەبنەوەو ئەمجارەش نەبێ، جارێکی تر، شەڕەکە هەر ڕووئەدا. لەڕاستیدا ئەوەی هەیە، پەیوەندی بە دوژمنیشەوە نیە، بەڵکو پەیوەندی بە دوو عەقڵیەتەوە هەیە، کە دووان نیەو هەر یەكێکە. مەسەلەکەش ئەوەنیە کە ئەم دوو فۆڕمە مێگەلییە (خێلەکی و ئایدۆلۆژییە) کامیان ڕاستن. مەسەلەکە ئەوەیە کە مێگەل خۆی هەڵەیەو ناتوانێ ڕاست بێت. چونکە کەرەستەی گەیشتن بە ڕاستیی ئەکوژێت، کە عەقڵ و ئازادیی ئینسانەو ئەیخانە ناو گرێ و وەهمی بڕیارە پێشوەختەکانەوە. بەم شێوەیە، ئیتر هەمووی لە بڕیارە پێشوەختەکەی دوێنێدایەو کەس نایەتە دەرەوە بۆ ناو عەقڵ و بۆ ناو ئێستاو بۆ ناو ڕاستی. هەمووی لە شوێنێکدایە، کە ئەوێ ڕێك یەعنی جەهل و دەمارگیری و "شەڕ". ئیتر دوژمنیش نەبێ، شەڕەکە خۆی هەیەو هەر ڕووشئەدا. (چەقین) ڕۆژێ لەگەڵ ساواك و شاو خومەینی، ڕۆژێك لەگەڵ دەبابەی بەعس، ڕۆژێك لەگەڵ میت و سوپای تورکیا.. بۆچی پارتی، بەردەوام خیانەتەکانی دووبارە ئەکاتەوەو بە کوردایەتیش ئەیفرۆشێتەوەو کڕیاریشی هەیەو مێگەلێك هەر ئافەرینی بۆ ئەکات؟ ڕۆژێك بە کاولدانی سوری ئامەدو جزیرەو شێرناخ، ڕۆژێك بەکاولدانی شارێکی ڕۆژئاوا، ڕۆژێ بەکاولدانی گوندێکی باشور.. بۆچی پەکەکە بەردەوام هەڵەکانی دووبارە ئەکاتەوەو بە شۆڕشیش ئەیفرۆشێتەوەو کڕیاریشی هەیەو مێگەلێك هەر ئافەرێنی بۆ ئەکات؟ شەڕەکانی ناوخۆ، گەندەڵی و تاڵانییەکان، خۆخۆریی و خیانەتەکان.. ئەمانە بۆچی بەردەوام دووبارە ئەبنەوە؟ کورد بۆ ناتوانێ پرسیار بخاتە سەر شۆڕش و گرێ ی چەك بکاتەوە؟ بۆ ناتوانێ گرگنییە کەسی و خێلەکی و حیزبی و ئایدۆلۆژییەکانی تێپەڕێنێ و بگاتە شتە باڵاو گشتییەکان؟ وەڵامەکەی زۆر سادەیە،، چونکە هەموو ئەوانە بە عەقڵ ئەکرێ و کاتێ مێگەلەکان و حیزبەکان و ئایدۆلۆژیاکان، ڕێك مەکینەی گەورەی لەکارخستنی عەقڵن، ئیتر کورد پرسیارەکانی بەچی بکات و هەڵەکانی بە چی ڕاست بکاتەوە؟ (چارەسەر) کێشەی کورد، دوژمنەکانی نیە، مێگەلەکانیەتی. چارەسەر پێنانی هەر یەکێکە بە مێگەلەکەی خۆیداو پێنانی هەمووشمانە بە کۆی مێگەلەکاندا. ئێمە تەنیا بەوە باڵائەکەین و بەرزئەبینەوە، کە پێ بنێین بە گرگنییەکانی خۆماندا. کورد لە وجودی بتەکانی و گرێکانی و دۆگماکانی و مێگەلەکانیدا، ناتوانێ لە دوژمنەکانی ڕزگاریی ببێت. کورد لەناو عەقڵی بیرکەرەوەو ڕەخنەییداو لە وجودی تاکە هۆشیارەکانیدا، ئەکەویتە ناو خۆی و ناو ئێستاو ناو ئازادی. دواجاریش ئا ئەمانەن کە ئەتوانن گفتوگۆو کاری پێکەوەیی بکەن و شتێك بە شتێ بکەن، نەك وەهم و مژدەو فشەی پەرتەکان و هەر مێگەلێك بەجیا. (کراسەکە) چارەسەری کورد گەڕانەوەیە بۆ عەقڵ، نەك دروستکردنی مێگەلی زەبەلاحی هەژموونگەراو تاكڕەهەند، کە دواجار ئەم مێگەلانە هەر ئەدەنەوە بە یەکداو هەر ئەچنەوە قازانجی دوژمن. ئەو کراسی دەوڵەتەی کە پارتی بە قیاسی خۆی بۆ هەمووانی ئەدوورێ و ئەو شۆڕشەی کە پەکەکە بە قیاسی خۆی بۆ هەمووانی ئەدوورێ و ئەو دەستورو چاکسازییەی کە هەر یەك بە بەری خۆی بۆ هەمووانی ئەدوورێ.. ئەمانە هەمووی هەر گرگنییەو هیچی باڵاو ڕاستەقینە نین. ڕێك بەعەکسەوە، وازهێنان لەو نەزعە گرگنانەیەی کە کاڵای خۆت بکەیت بە بەری هەموواندا، ئا ئەوە چارەسەرەکەیەو شتە باڵاو ڕاستەقینەکانی لێوە دێت. (حووت و ماسی) چارەسەر یەکترقبوڵکردن و داننانە بە یەکترداو ئەوەی کە پارتی پەکەکەی پێ هەزم ناکرێ و ئەوەی کە پەکەکە پارتی پێ هەزم ناکرێ، نە مەسەلەی خیانەتەکانی پارتییەو نە مەسەلەی هەڵەکانی پەکەکەیە. ئەمانە تەنیا بیانووە، بۆ دوو حووت، کە هەریەکەیان ئەیەوێ هەر چوار پارچەکە قووتبداو هیچیان نایەوێ تەنیا ماسییەكی ناو ئاوەکە بێت. ئەمیان ئەیەوێ هەموو کوردی دنیا بکات بە غوڵام و نوکەری بنەماڵەیەك و ئەویان ئەیەوێ هەموو کوردی دنیا بکات بە عەسکەرو ڕۆبۆتی ئایدۆلۆژیایەك. (نمونەیەك) کۆمەڵەو دیموکرات، زۆرجار گاڵتەیان پێئەکەین، بەڵام لەڕاستیدا پیویستە سوپاسیان بکەین! ئەگەرچی ئەوانیش، بۆ ڕۆژهەڵات، هەر حووتن و دنیایەك خەلەل و کەموکوڕی و کێشەیان هەیە، بەڵام بۆ سێ پارچەکەی تر، نەبوون بە حووت و لەهیچ پارچەیە فەرعیان نەکردۆتەوە ململانێ ناوخۆییەکانی ئەوێ گەرم بکەن. کوڕو کچی هیچ پارچەیەکی تریان نەداوە بە کوشت.. گرنگە کۆنگرەیەکی نەتەوەییمان هەبێ، "ئا لەم ڕەهەندەوە" نموزەجی کۆمەڵەو دیموکرات، بکاتە نموزەجی هەر چوارپارچەکەو سیاسەتی (هەژمنگەرایی حووتیی) تەحریم بکاو پارتی و پەکەکەش، هەردوکیان بخاتەوە ناو دۆخی ئاسایی خۆیان، کە دۆخی ماسیبوونە. لەڕاستییدا کوردستان ئەگەر ئازادیشبێ و چوار دوژمنەکەش لەئارادانەبن، تەنیا وجودی حووتەکان و سیاسەتی حووتیی، بەسە بۆ ئەوەی کورد ئەوکاتیش ئیسراحەت نەکات. وەکچۆن دوای ڕاپەڕین، لە حووتەکەی بەغدا نەجاتمانبوو، بەڵام هەر نەحەواینەوەو گیرۆدەی دوو حووتەکەی خۆمان بووین! (خولاسە) تا حووتەکان نەبنەوە بە ماسی، کێشەی کورد لەناوەوە چارەسەر نابێ و تاکو لەناوەوەش چارەسەر نەبێت، لە دوژمنەکانی دەرەوە ڕزگاری نابێت. حووتەکانیش خۆیان لەخۆیانەوە نابنەوە بە ماسی و تا بۆیان بلوێت هەر وا لێیئەخوڕن. حوتەکان لەوێوە ئەبنەوە بە ماسی، کە ئیتر تۆ ببیتەوە بە خۆت و چیتر دۆخی مێگەلیی قبوڵنەکەیت و چەپڵەلێدەرێکی هەمیشەیی کەس نەبیت. بەڵکو خاوەنی بۆ و نا و ڕەخنەو پرسیاری خۆت بیت و ئەگەریش بۆت قورسە دەستت لە حیزبەکەت بەرببێت، کێشە نیە، چ حیزبێکیت هەر ئەوەبە، بەڵام هەر هیچنەبێ ڕەخنە لە دۆخە حووتییەکەی بگرەو تەنیا ستایشی دۆخە ماسییەکەی بکە.
ئاری محەمەد هەرسین نێوانی ئێمە و پەکەکە ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو دژوارتر دەچێت. هەندێک لە برادەرانی یەکێتی خەریکن خۆیان ئەکەن بە مامۆستای ڕێنمایی ئاشتیی و تەبایی و خێری زیندە. کەسانێک کە هیچ باجێکی شەڕی نەگریسی براکوژیان نەداوە، خۆیان لە ئێمە کردۆتە باڵوێزی ئاشتی. وەک ئەوەی ئەم بەڕێزانە هەمویان ئاشتیخواز بن و، تاکە شەڕخوازی مەیدان پارتی بێت. ئێمە نە حەزمان لە شەڕی براکوژیە و نە موبادەرەی هەڵگیرسانیشی ئەکەین. بەڵام عەنتەریش لەکەس قوبوڵ ناکەین. تەنانەت ئەگەر ئەو کەسە براکەمان بێت، کە پەکەکەیە. پەکەکە کوردە و برای ئێمەیە. بەڵام برایەتی مانای ئەوە نیە کە لایەک خۆی بە مودیر و مەسئولی نیشتیمان بزانێت و هیچ حسابێک بۆ دەستکەوتەکانی براکانی تری نەکات و، تەنانەت بیەوێت وەک مشەخۆر خۆی بێتە سەر سفرەی حازر و ماڵی براکەشی بەناوی دڵسۆزی و شۆڕشگێڕیەوە وێران بکات. دوو خاڵی گرنگ وەک مەسجێکی زۆر ڕاشکاوانە و ڕوون گرنگە پەکەکە لێی تێبگات. یەکەم: ئەگەر پەکەکە کوردی عێراقی خۆش ئەوێت و پێی خۆشە بارە قورسەکەی سەر شانیان کەم بکاتەوە، ئەبێت کوردستانی عێراق بەجێ بهێڵێت. چونکە پەکەکە بوەتە بارگرانی بۆ حکومەتی هەرێم. حکومەتی هەرێمیش تاپۆ نیە لەسەر پارتی دیموکراتی کوردستان و، یەکێتی و گۆڕان و لایەنەکانی تریش تێیدا بەشدارن. بۆیە ئەبێت پەکەکە لەو ڕاستیە تێبگات کە کێشەی ئەو لەگەڵ ئێمەی پارتی نیە بەتەنیا، بەڵکو لەگەڵ هەموو کوردستانی عێراقە. دووهەم: ئەگەر پەکەکە لە بادینان جێی پێ لێژ بوبێت، ئەوە مانای ئەوە نیە لە دەڤەری پژدەر، شارباژێڕ، شارەزور و هەورامان بە ئاسانی ئەتوانێت دەست لە هەڤاڵانی ئێمە بوەشێنێت. بۆیە ئەگەر بێت و بە هەر بیانویەک هێرشی سەربازی بکرێتە سەر تاکە کەس، یان بارەگاکانمان، زۆر بە توندی و بە گورزی سەربازی وەڵام ئەدەینەوە. هەمان شت بۆ هێرشکردنە سەر بارەگاکانمان بە نمایشی خۆپیشاندانی مەدەنیش کە پەکەکە خەڵکی سیڤیل بۆ مەرامی خۆی بەکار بهێنێت ڕەوایە و، وەڵامی توندمان ئەبێت. چونکە وەک سەرۆک مام جەلال فەرمویەتی، وتار بە وتار و فیشەکیش بە فیشەک وەڵام ئەدرێتەوە. ئێمەش وا ئەکەین. خۆپیشاندان بە مەبەستی سوتاندنی بارەگاکانی پارتی و پانکردنەوەی سەری کادرانمان بە بلۆک ووتار نیە، بەڵکو هێرشێکی سەربازیە. هیوادارین پەکەکە زیاتر سەری بە کێشەی کورد لە تورکیاوە بیەشێنێت و واز لە ئاژاوە نانەوە لە کوردستانی عێراق بێنێت. هیوادارین پەکەکە تۆزقاڵە زەڕڕەیەک هەست بە بەرپرسیارێتی بکات و ئەم شەڕە نەگریس و ناشرینەمان لێ لابات، چونکە هیچ نەبێت برامانن. ئێمە حەزمان لە کوشتنی برای خۆمان نیە، مەگەر هیچ ڕێگایەک نەمێنێت و ناچار بین لە پێناو خۆپاراستن، پەنجەی سەر پەلەپیتکەی تفەنگەکانمان ببزوێنین.
ئەحمەدی مەلا میللەتان تا بوون بە نەتەوە، بە پرۆسەی دوور و درێژی کەوتن و هەڵسانەوەدا تێپەڕییون، هەندێکیان کەوتنە بەر لێشاوی سڕانەوە و لە مێژوودا تەنها بە ناو ماون، هەندێکیشیان رەگیان داکوتی و مانەوە. لەم سەروبەندەدا، میللەتی ئێمە لە پەنجا شەست ساڵەی دوایی تووشی چەندین نوشست و نسکۆ هات، لاواز بوو، کەچی لە ناو نەچوو، بەڵام ئێستا بە وەرچەرخانێکی مێژووییدا تێدەپەڕێ، کەس ناتوانێت حاشا لە سیاسەتی تورکیا بکا، سەرباری رەنگە جیاوازەکانی سیاسەتی ئەم پەنجا شەست ساڵەی دوایی لە تورکیادا، کەچی هیچ کرانەوەیەکی لەبەرچاو لە ئارادا نییە بۆ ئەوەی ئەم میللەتە لە بەشی باکووری بگات بە کەمترین مافە نەتەوایەتەکانی، وەکو ناساندنی زمانی کوردیی و جوگرافیا و تایبەتمەندییە کەلتوورییەکانی خۆی. بە پێچەوانەوە، کوردبوون لە تورکیادا بووە بە تاوان و لەسەر کەمترین داواکردنی ئەو مافە گەردوونییانەی کە لە جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤدا هەن، مرۆڤ پەلکێشی زیندانەکان دەکرێت. دەیان نموونە گەواهیین بۆ قسەکانمان. ئێستا، ئەم قەیرانە سیاسییانە گەیشتوونەتە قۆناغێکی زۆر ترسناک، لەشکرکێشی تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێم و بەزاندنی سەروەرییەکانمان، زەنگێکی پڕ مەترسییە، مەترسییەکی وجودییە نەک تەنها بۆ هەرێم، بەڵکو بۆ تەوایی میللەتی کورد. رەنگە ئێستا ئەو کاتە بێت بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ ئەم لەشکرکێشییە بکرێت و هەوڵی بە دەوڵەتکردنی مەسەلەی کورد بدرێت ببێ بە نەخشەرێگەیەک کە هەرێم بتوانێت لە هەموو ئاستەکاندا کاری لەسەر بکات. چونکە ئەمە تەنها رێگەیە کە هەم هەرێم لە لاوازکردن بپارێزێت هەم دنیا ئاوڕێکی جیدییتر لە مەسەلەی کورد لە تورکیا بداتەوە. چونکە، بە بێ هیچ گومانێک، مەرامەکانی ئەم لەشکرێشییە دواتر هەرێمیش دەگرێتەوە و بە تەواویی دەیخاتە نێو دوو کەوانی وردەوە، ئەگەر بە تەوایی نغرۆشی نەکات، بە تەواویی دەیحەجمێنێ. هەمیشە نەتەوەکان لە چرکەساتە هەستیارەکاندا هەستاونەتەوە، یا لە چرکەساتە هەستیارەکاندا بۆ هەتاهەتا کوژاونەتەوە. لەم دوورێیانە ئەگەر هەرێم قسەی خۆی نەبێت دەبێتە بژاردەیەکی هەڵەهەڵگری ستراتیژی لەم مێژووە پڕ هەڵبەز و دابەزەی ئێمە.
ئاسۆ حاجی تورکیا هەموو عێڕاق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک بەشێک لە خاکی خۆی تەماشا دەکا و لە لێدوانی سیاسی و سەربازیەکانیان لە شیعر و گۆرانیەکانیان، لە بزاڤە ئابوری و سەربازی و کلتوری و سیاسی و ئەمنیەکانیان ئەوەیان نەشاردۆتەوە، تورکیا لە سۆمالەوە بگرە تا لیبیا و قەتەڕ و سوریا و عێڕاق و ئەزەربایجان بوونی سەربازی هەیە و وەک خاوەن ماڵ هەڵسوکەوت دەکا نەک وەک خۆسەپێن. ئەو گوتارەی تورکیا خەڵکی خۆی پێ گۆش دەکات و زۆرجاریش بە گوێی کۆمەڵگەی نێودەوڵتی دەدات، ئەوەیە کە لە ساڵی 1918 لە رۆژانی کۆتایی ئیمپڕاتۆریەتی ئۆسمانی و بە گوێرەی رێکەوتنی ئاگربەست کە بە رێکەوتنی(مۆندڕۆس) بەناوبانگە، تورکیا و بەریتانیا رێکەوتوون کە هێلی ئاگربەست 50 کیلۆمەتر لە سەنتەری هەولێر دووربێ، بەڵام بەریتانیا ئاگربەستی شکاند و سنووری ئێستای دەوڵەتی عێڕاقی نەخشاندووە و تورکیا بە ناچاری لە رێکەوتنی لۆزان 1923 بەو واقیعە سەپێندراوە قایل بووە کە شاری موسڵیشی خستە سەر دەوڵەتی عێڕاق. ئەو رێکەوتنە بۆ ماوەی 100 ساڵە و دوو ساڵی ماوە کۆتایی بێت. لە ساڵی 1926 حکومەتی تورکیا و بەریتانیا دەربارەی نەوتی کەرکوک رێکەوتن بەوەی بەریتانیا بڕی 5 ملیۆن و 500 هەزار پاوەندی ئیستەرلینی بداتە تورکیا، بەڵام تەنها 3 ملیۆن و 500 هەزار پاوەندی داوەتە تورکیا، بۆیە رێکەوتنەکە بە جێبەجێنەکراو هەژماردەکرێ. تورکیا بەگوێرەی ئەو رێکەوتنە کە بەریتانیا شکاندی خۆی وەک خاوەنی کەرکوک بە نەوتەکەیەوە دادەنێ. لە ساڵی 1946 تورکیا و عێڕاق رێکەوتنی هاوسێیەتی باش ئیمزا دەکەن، رێکەوتنەکە دەربارەی چۆنیەتی دابەشکردنی ئاوی دیجلە و فوڕاتە و بە گوێرەی ئەو رێکەوتنە هەردوولایەن وێكڕا بڕیار دەدەن کوێ و چۆن سوودی لێو وەربگیرێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، هەروەها تورکیا پێویستە زانیاری بە عێڕاق بدات دەربارەی هەر پڕۆژەیەک کە دەیەوێ لە سەر هەردوو رووبار یان ئەوانەی تێیان دەڕژێن دروست بکات. ئێستا تورکیا ئاوی کردۆتە چەکی وشک کردن و تینو کردنی عێڕاق و بە بەێ گوێدان بە مافی عێڕاق و ئەو رێکەوتنە مامەڵە لەگەڵ ئاوی هەردوو رووبارەکە دەکات. لە ساڵی 1982 کە پەکەکە لە یەکەمین کۆنگرەی خۆی لە بیقاعی لوبنانی بڕیاری دا دەست بە خەباتی چەکداری بکات، پارتی دیموکراتی کوردستان لە نێو بارەگاکانی خۆیان جێگەیان بۆ چەکدارانی پەکەکە کردەوە و لە رووی لۆجستی و چەکدارکردنیان هاوکاریان کردن و لە ناوچەی لۆلان یەکەمین سەربازگەیان بۆ دامەزراندن. تورکیا بەوە شلەژا و لە ساڵی 1983 لەگەڵ سەدام حسێن یەکەمین رێکەونی ئاسایشیان مۆرکرد کە بەگوێرەی ئەو رێکەوتنە سوپای تورکیا بۆی هەیە 10 کیۆمەتر سنووری عێڕاق ببەزێنێ و خاڵی سەربازی تێدا جێگیر بکات هەروەها بە قووڵایی 35 کیلۆمەتر دەتوانێ هێز بجولێنی بەڵام دەبێ لە ماوەی 72 کاتژمێر بگەڕێتەوە سنووری خۆی. لە ساڵی 2007 کە رەوانشاد جەلال تالەبانی سەرۆک کۆماری عێڕاق بوو، نوری مالیکی سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێڕاق لە سەردانێکی دا بۆ تورکیا لەگەڵ ئەردۆغان رێکەوت بۆ نوێکردنەوەی رێکەوتنەکە و لە رۆژی 26/9/2007 رێکەوتنەکە لەلایەن جەواد پۆلانی وەزیری ناوخۆی عێڕاق و بەشیر ئەتەلایی وەزیری ناوخۆی تورکیا رێکەوتنەکە ئیمزا کرا کە ماف بە تورکیا دەدات لە جیاتی 10 کیلۆمەتر 20 کیلۆمەتر بێتە ناو سنووری عێڕاق و پرسی 35 کیلۆمەترەکەش هەر وەک خۆی مایەوە و ئەو رێکەوتنە هەر هەموارکردنەوەی هەمان رێکەوتنی سەردەمی سەدام حسێن بوو و بۆ ماوەی 10 ساڵ درێژکرایەوە. لە سالێ 2017 حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێڕاق بۆ کۆکردنەوەی هێز لە دژی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، قایل کردنی تورکیا بۆ چوونە ناو بەرەی ئێران و عێڕاق بۆ رێگری کردن لە ئەنجامدانی ریفراندۆم، رێکەوتنێکی دیکەی لەگەڵ تورکیا ئیمزا کردوە و بۆ ماوەی 10 ساڵ درێژکراوەتەوە، کە خۆی لە هەموارکردنەوەی رێکەوتنەکەی ساڵی 2007 دەبینێتەوە کە ماف بە سوپای تورکیا دەدات لە رێگای وشکانی و ئاسمانی لە هەر شوێنێک پەکەکە بوونی هەبێت دەتوانێ هێز بەکاربێنێت. تورکیا بە گوێرەی ئەو رێکەوتنە گەورەترین سەربازگەی خۆی لە باشیک(بەعشیقە) کردۆتەوە کە تەنها 12 کیلۆمەتر لە سەنتەری موسڵ دوورە، هەروەها بە پشتن بەستن بەو رێکەوتنە کەی بیەوێ کەمپی مەخمور بۆردومان دەکا و فڕۆکەکانی لە دەڤەری سلێمانی چەندین جار چەندین ئامانجیان بۆردوومان کردووە، هەموو رۆژیش لە سەر زاری بەرپرسانی تورکیا ئەوە دوبارە دەکرێتەوە کە هێرشی سەر شنگال دەکەن. ئەوەی تورکیا دەیکات جێبەجێکردنی ئەو رێکەوتنانەن کە لەگەڵ حکومەتی عێراق ئەنجامی داون، بۆیەشە حکومەتی عێڕاق لە هەندێک لێدوانی لاواز زیاتر هیچ هەڵوێستێکی نەبووە، تەنانەت یاداشتێکی نەداوەتە ئەنجوومەنی ئاسایش و لە رێگەیەوە داوای نەکردووە کە فشار لە سەر تورکیا دروست بکرێ. بەرپرسانی عێڕاقی و زۆرجاریش بەشێک لە بەرپرسانی کوردستان و ژمارەیەک میدیا پرسی بێ هەڵوێستی حکومەتی عێڕاق بەوە دەبەستنەوە کە عێڕاق دەستی بەو شوێنانە ناگات کە سەربازی تورکیای لێیە ئەگەرنا قبوڵی نەدەکرد، هەر ئەوەش بە هۆکاری جێبەجێنەکردنی بڕیاری ساڵی2016 پەڕلەمانی عێڕاق دادەنێن کە بڕیاری دەرکردنی سوپای تورکیای داوە، بەڵام دەکرێ بپرسین خۆ ئەگەر ناوچە سنووریەکان بۆ سوپا و حکومەتی عێڕاق دوورە دەستن، ئەوە گەورەترین سەربازگەی تورکیا لە بەعشیقەیە کە لە ژێر کۆنتڕۆلی حەشدی شەعبی و سوپا و حکومەتی عێڕاقدایە.
