Draw Media

زەمینە مێژویی و سیاسیەکانی روداوەکانی هەشتی تەموز

زەمینە مێژویی و سیاسیەکانی روداوەکانی هەشتی تەموز

2021-07-30 10:36:58


د. چیا عەباس 

روداوەکانی ٨ ی تەموز کە تا دێت بەشێوازی جیاجیا مەبەست و لێکەوتەکانی سەر ئاو دەکەون کارتێکردنی گرنگیان لە سەر ئایندەی حوکمرانی و دۆخی سیاسی و پرسە نەتەوەییە هەستیارەکان دەبێت.
لە رابردوی دور و نزیکدا کورد گەلێک ئەزمون و رەفتاری تاڵی لەو جۆرە روداوانەی بینیوە، هۆکاری گرنگ بون کە دۆست و لایەنگرانی کوردیان ناچار کرد چاوخشاندنەوەیەکی جدی بە سیاسەت و هەڵوێستیان بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان و دەرحەق بە کوردی باشور بکەن.
هاوکات ئەو روداوانە پاساوی بەهێزیشیان دا بەدەست دوژمن و نەیارانی کورد لە ناوچەکە، تایبەت تورکیا و عەرەبە ناسیۆنالیستەکان کە بەگوێی ئەمریکا و هاوپەیماناندا بخوێنن کە کورد توانای حوکمرانی خۆماڵی نیە و حکومەتێکی بەهێز لە بەغدا پێویستە بۆ بەشداریکردن لە پاراستنی ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە و یەکپارچەیی خاکی عێراق کە دۆخی سیاسی و حوکمرانی هەرێم بۆتە مەترسی لە سەر ئەو پرسانە.
ئەم سەردە کورتەی مێژوم بە پێویست زانی بۆ ئاگاردکردنەوەی ئەقڵیەتی سیاسی تازە هەڵکەوتو لە هەرێم کە بە پاساوی جیاجیا هەروەڵە دەکات بۆ خۆشەکردنەوەی زەمینەی دەسەڵاتی بە دوبارەکردنەوەی بەشێکی ئەو مێژوە تاڵە، بێگومان ئەم دیاردەیە لە لوتکەی دەسەڵاتی نوێی یەکێتیدا بەزەقی دیارە. 
بۆچی ؟ بۆچی حزبی شەهیدان و شۆرشی هەڵسانەوە و خاوەنی هەزاران شەهید و دەیان هەزار قوربانی و رابەری راپەرین و فیدرالیزم و .... بە دەستی خۆی خۆی بە تەڵەیەکی مەترسیداری تاقیکراو دەداتەوە؟ 
ئاوردانەوەیەک
یەکێتی دوای راگرتنی شەری ناوخۆ، تایبەت دوای روخاندنی سەدام، هێدی هێدی بە مێژوی خەبات و قوربانی و سەروەریەکانی خۆی نامۆ دەبو. دو سەرکردەی کاریگەری ئەو سەردەمەی یەکێتی، خوالێخۆشبوان مام جلال و کاک نەوشیروان، هەر لە ساتی دارشتنی روشنوسی دەستوری هەمیشەیی عێراق جیاوازی بەرچاویان دەربارەی ئایندەی کورد و یەکێتی و حوکمرانی و پرسە گرنگەکانی تر بەرچاوکەوتن.
هەرچۆنێک بێت بۆ پاراستنی یەکگرتویی ناو یەکێتی و ریزەکانی کورد گەلێک پرسی هەستیاریان بە نیوەچڵی بەرێکرد، لە ئێستادا هاوڵاتیانی هەرێم، تایبەت لە دەڤەرەکانی دەسەڵاتیان و ئیرسە سیاسیەکانیشیان باجەکەی دەدەن.  
مام جلال لە گەڵ بونی بە سەرۆک کۆمار و لە حزوری بەهێزی ئەمریکا لە عێراق و پەیوەندی توند و تۆڵی لە گەڵ ئێران و زیادە بۆ ئەمەش نزیکبونەوەی لە تورکیا هەنگاوی جدی گرتەبەر بۆ پێرەوکردنی کارنامەیەکی سیاسی و حزبی نوێ. خوالێخۆشبو هەستی بە بەهێزبون و تۆکمەیی پێگەی خۆی دەکرد، بۆیە مافی بەخۆی دا دەستکراوەتر لە جاران هەڵوێست وەربگرێت و کاریش بکات، چ لە سیاسەت و چ لە حوکمرانی و چ لە ناو یەکێتیشد، لە ئەزمونی رێکخراوەیی پارتیشەوە باش تێگەیشتبو کە دەسەڵاتی تۆکمەی بنەماڵە لە ناو حزب و حوکمرانیدا، تایبەت هێزێکی وەک یەکێتی کە بە چەپکە گوڵ و فرە منبەر وەسفی کردوە، زەمانەتی مسۆگەری بەردەوامبونی نەک خۆی بەڵکو خانەوادەکەشی لە دەسەڵاتدا دەکات، بۆ بەدەستهێنانی ئەم خواستانە پێویست بو بەرامبەرەکەی کە مسعود بارزانی بو رازی بکات و دڵگرانی نەکات، بۆیە سەرپشکی کرد لە حوکمرانی و دەسەڵات لە هەرێم، بۆ زۆرتر چەسپاندنی ئەمە رێکەوتنی ستراتیژیشی لە گەڵدا واژۆ کرد.
کاک نەوشیروان لە ساڵی ٢٠٠٤ ەوە چەند جارێک مام جلال ی لە مەترسیەکانی ئەم سیاسەتە ئاگادار کردۆتەوە، گەیشتە ئەو ئاستەی لە گەڵ هاوکارەکانی لە یەکێتی، کۆسرەت رەسوڵ و عومەر سەید عەلی، یاداشتێکی توند ئاراستەی بکەن. مەخابن تا کار لە کار نەترازا مام جلال گوێی لێ نەگرت، لە گەڵ ئەم روداوانەشدا تا دەهات دۆخی ناوخۆی یەکێتی بەهۆی جەمسەرگەری و بەرژەوەندیە جیاکان و گەندەڵیەوە لاوازتر و پەرتەوازەتر دەبو، لە دوا مەتافدا کاک نەوشیروان یەکێتی جێهێشت و گۆڕانی دروستکرد، بەمەش دۆخی یەکێتی زیاتر ئاڵٶز و قەیراناوی بو.
لە دوا ساتەکانی پێش نەخۆشکەوتنی خەستی مام جلال جارێکی تر گەرایەوە بۆ کاک نەوشیروان و رەزامەندی خۆی لە سەر زۆربەی بۆچونەکانی کاک نەوشیروان کە دوای روخاندنی سەدام هەیبو دەربری، مەخابن نەخۆشکەوتنی مام جلال و دواتر کاک نەوشیروان رێگەیان نەدا و دەرفەتیشیان نەرەخساند بۆ جێبەجێکردنی بۆچونە هاوبەشەکانیان. 
سەرەاری لێتگێەیشتن و رێکەوتنی دەباشان بەڵام لە غیابی هەردوکیاندا دۆخی سیاسی و حوکمرانی هەرێم و ئایندەی گۆڕان و یەکێتی کەوتە بەر رەحمەتی قەدەر و روداوی چاوەروان نەکراو، زۆنی کەسک و نیللیش بێ مەرجەعی گەورە و بریاردەر و پلانی تۆکمە مایەوە، جەمسەرە بچوک و لاواز و بەرژەوەندخوازەکانی هەر دولای یەکێتی و گۆڕان چەندین گەمەی بێسەروبەر و بە ناوەرۆکی نەتەوەیی لاواز لە گەڵ یەکتر و لە گەڵ پارتی و هێزەکانی تریشیان دەکرد، زۆربەیان مەبەستیان زامنکردنی پێگە و دەسەڵاتیان بو لە سایەی دەسەڵاتی رەهای پارتیدا. گۆران زو چۆکی دادا و لە ناو یەکێتیشدا، تایبەت بەشێکی بەرچاوی سەرکردە دێرینەکانی، سەریان بۆ رازیکردنەوەی پارتی دەخورا.
کورەکانی مام جلال دوای وەفاتی مام جلال و کاک نەوشیروان بە سودوەرگرتن لە پێگە و ناو ناوبانگی باوکیان دەستیان بە کار کرد بۆ پرکردنەوەی بۆشایی سیاسی و حوکمرانی و مەعنەوی و ئەمنی ناوچەکانی دەسەڵاتیان، مسعود بارزانی مامەڵەی تایبەتی لە گەڵیان دەکرد، قوباد تالەبانی ساڵانێک بو لە گەڵ دەسەڵاتی رەهای پارتیدا لە سیاسەت و فەرمانرەواییدا شارەزا و راهاتبو و کێشەی ئەوتۆی نەبو، هەرچی باڤڵی برای بو لە سەرەتادا بچێک دورەپەرێز و موحافزکار بو. 
باڤڵ تالەبانی ئەزمونی کەمی لە حوکمرانی هەرێم و کۆدە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان هەبو، بە پێچەوانەی قوبادی برای کە داخراو و کەم دوێ و هێمنتر دەردەکەوت ئەم بزێو و گورج و گۆڵ و هەڵچو کەوتەخۆی، بەسود وەرگرتن لە ئیرسە مەعنەوی و سیاسی و مادیەکانی مام جلال توانی لە ماوەیەکی کورتدا پێگەیەکی بەهێز بۆ خۆی لە دەسەڵاتی خانەوادەی تالەبانی لە ناو یەکێتیدا دابین بکات. 
کۆنترۆڵکردنی ناوخۆی حزب و حوکمرانی دو روی دراوە بەناوبانگەکەی دەسەڵاتی بنەماڵەیە لە سەرانسەری دنیا و ئەزمونەکاندا.
سەرچاوە نزیکەکان لە خانەوادەی مام جلال چەندینجار وتویانە نەخۆشکەوتنی هێرۆ خان زەمینەی بۆ کورەکانی زیاتر خۆشەکرد کە دەستکراوەتر بن لە مامەڵەکردن لە گەڵ هێزەکانی تر و حوکمرانیدا بەمەبەستی  مسۆگەرکردنی دەسەڵاتی رەها لە ناوچەکانی نفوزی یەکێتی و سودوەرگرتنیش لە پرۆسەی حوکمرانیدا. تایبەت سەرچاوەی سەرەکی دەسەڵاتی ئەم نەوە سیاسیە تازەیەی ئەم سەردەمە لە ئیرسی سیاسی و مێژویی و مادی باوک و مام و باپیرەکانیان بۆیان بەجێ ماون، بە حوکمی جوگرافیا و ئەزمونیش فێربون چۆن وڵات و هێزە ئیقلیمیەکان بە دەسەڵاتی بەغداشەوە رازی بکەن. پێدەچیت ئەمان بیریان چوبێت کە باو و باپیرانیان لە دۆزەخی سیاسی و سەربازی و ئەمنی سەردەمی خۆیان خەباتیان بۆ کورد کردوە و لە ئەشکەوتە تاریک و لەسەر تاشە بەردە رەقەکان بەبرسیەتی و لە سەرما و بەستەڵەکدا هەزاران شەویان بەرێکردوە، نەک وەک ئەم نەوەیەی ئێستا لە کۆشک و پێخەفی گەرم و نەرم و نیاندا و بە پاسەوانی دەیان حەسحەس و بەردەست رۆژ دەکەنەوە و وەک سەرکردە و بەرپرسی ناو بلاگەکان دەگوزەرێن. 
با واز لە سیاسەت و خەبات و چاکسازی ئەم توێژە لە سایەی رەفاهیەت و نیعمەتدا بهێنین و بچینە سەر لایەنەکەی تری روداوەکە، ئەویش شێخ لاهوری ئامۆزایانە، سەرەتا پێویستە بڵێم ئەمیش نامۆ نیە بە کەش و هەوای نیعمەت و رەفاهیەت لە سیاسەتکردندا.
پێشتریش نوسیومە پێگەی شێخ لە ناو یەکێتیدا پەیوەندی راستەوخۆی بە تەوریسی سیاسیەوە نەبوە، ئەو پێگەیەی بەدەستی هێناوە زۆری بەروبومی کارەکانیەتی لە دەزگا ئەمنی و دژە تێرۆرەکانی یەکێتیدا و رۆڵی لە هاریکاریکردنی کاریگەر بۆ خەباتی رۆژئاوا دژ بە وەحشەکانی داعش و بەکرێگیراوەکانی تورکیا، تایبەت لە کۆبانێ. 
کەس ناتوانێت نکۆڵی بکات لەوەی دەوروبەرەکەی شێخ و نزیکەکان لێی کاری نایاساییان کردوە، هەروەک زۆربەی سەرکردایەتیە موخەزەرمەکانی هێزەکانی کوردستان و بەشێکیش لە نەوەکانیان  کەسیان بێبەری نابێت لەو ئۆقیانوسە لە کاری نایاسایی و گەندەڵی کە لە ناو حزب و حوکمرانیدا کراون. 
لەو دۆخە ئاڵٶز و بێسەروبەرەدا یەكێتی کۆنگرەی چوارەمی بە دروشمی نوێبونەوە بەست، پاش کێشمە و کێش و ئازاری زۆر توانرا سیغەیەکی تازە بۆ کار و هەیکەلی رێکخراوەیی پەسند بکرێت. 
ئەوانەی ئێستا، تایبەت لە بەرپرسە دێرینەکانی یەکێتی، فرمێسکی تمساح دەرێژن و زاریان گەرمە و رەخنە و تانە لە بەرێوەچونی کۆنگرە و ئەنجامەکانی دەگرن و دەدەن شینەکەیان بۆ هەریسەکەیە، پێویستبو و ئێستاش پێویستە لەو راستیە تێبگەن کە یەکێتی تەنها موڵکی ئەوان نیە، بەڵکو سەرەرای بەرزنرخاندنی خەبات و قوربانیەکانیان لە خەباتی رابوردودا، تایبەت سەردەمی خەباتی شاخ، دەمێک بو کاتی ئەوە هاتبو هێدی هێدی یەکێتی بە ئیرادە و خوێنی گەش و گەرم نۆژەن و ریفۆرم بکرێتەوە، مەخابن ئێستاشی لە گەڵدا بێت ئەم یاسا سروشتیەی سیاسەتکردنیان پشتگوێ خستوە و تەنها مێژویان کردوە بە پێوەری سەرەکی بۆ مانەوەی خۆیان و زەوتکردنی دەسەڵاتی حزبی و حوکمرانی.
هەڵبژاردنی شێخ لاهور لە گەڵ باڤڵی ئامۆزای بۆ دو هاوسەرۆکی یەکێتی هەنگاوێک بو چاوەروانی ئەرێنی لێدەکرا.
دەبوا هەر دوکیان بەیەکەوە دوای کۆنگرە کاریان بۆ بەدیهێنانی ئەو دیاردە سروشتی و ئاساییە بۆ نوێببونەوەی یەکێتی بکردایە، وێرای ئەوەی بە رێزەوە مامەڵەیان لە گەڵ زۆربەی سەرکردە دێرینەکان کردوە، بەڵام ئەوان داوای بەشێک لە دەسەڵاتی حزبی و حوکمرانیان دەویست بە رێزلێنانیشەوە.
هەرچی لایەنی شێخ لاهورە دەوروبەرەکەی  بە براو و خزم و نزیکەکان لێی تەنی، زەنگێکی مەترسیدار بۆ لایەنی دوەم و بەرپرسە دێرینەکان، هاوکاتیش شێخ لاهور راشکاوانە رایگەیاند کە ماڵئاوایی لە شەراکەتی لاسەنگ و پاشکۆیەتی لە گەڵ پارتیدا دەکات، سەرەرای هەوڵێکی زۆری هێز و کەسایەتیەکان بۆ نزیکبونەوەی لە مسعود بارزانی، بەڵام شێخ لاهور پێویستی بە زەماناتی تۆکمە و جێگیر هەبو کە لەو حاڵەتەدا ئەزمونە تاڵەکانی پێشتر لە گەڵ پارتی دوبارە نەبنەوە.
کاری حوکمرانی هاوبەشی یەکێتی و پارتی لە هەولێر و بەغدا بەرێژەی هاوتەریب لە گەڵ ژمارەی کورسیەکانیان لە پەرڵەمان یەکێک بوە لە کۆڵەکە بنەرەتیەکانی دورخستنەوەی تارمایی شەر و دابینکردن ئارامیەکی رێژەیی، هاوکاتیش هەمان هاوکێشە زەمینە بەهێزەکەی قۆرخکاری و گەندەڵی و پێشێلکردنی بنەماکانی پرۆسەی بە دیموکراتیزەکردن و سەروەری یاسا و مافەکانی رادەربرین و ئازادی هاوڵاتیان بوە. 
لە دۆخی چەند دوا ساڵی هەرێمدا ئەم چەمکە پارادۆکسە خەستە پێویستی بە دارشتنەوە و گۆرانکاری هەبو تا کرۆکی حوکمرانی لە موڵکی حزب و بنەماڵەوە هێدی هێدی بۆ موڵکی هاوڵاتی بگۆرێت. 
ئەوەی بەرچاو کەوتوە و بیستراوە دو هاوسەرۆکی یەکێتی لەم خاڵەدا زۆر جیاواز و ناکۆک بون، باڤڵ تالەبانی بە زمانێکی دیبلۆماسی مسعود بارزانی بە مەرجەع و مامی خۆی وەسف کردوە، لاهور شێخ جەنگی ئامادە نەبوە هەروا لە گەڵیدا دابنیشێت. 
کورەکانی مام جلال خۆیان بە جێگرەوەی سیاسی و رێکخراوەیی باوکیان دەزانن، کێشەیان لە گەڵ شێخ لاهوری ئامۆزایان لەوەوە سەرچاوەی کردوە کە ئامۆزاکەیان دراوەکەی دەسەڵاتی بنەماڵەی لە حزب و حوکمرانیدا تەنها بە موڵکی دو ئامۆزاکەی نەبینیوە و نەشی ویستوە.  
بەشێکی بەرچاوی سەرکردە دێرینەکانی یەکێتی ئەم دۆخەیان بە دڵ نەبو، رۆڵی سەرۆک کۆماری بەناو یەكێتی لەم روداوەدا و بە پشتگیری خانەوادەی تالەبانی و رازیکردنی پارتی بۆ زیادکردن چانسیەتی بۆ هەڵبژاردنەوەی بۆ سەرۆک کۆمار لە دۆخێکی ئاڵۆز و نادیاری عێراقدا، تورکیای ئەردۆگان دەمێکە تورەن لە شێخ لاهور بۆ ئەو هاریکاریە گرنگانەی تێكۆشەرانی رۆژئاوای کردوە، لە سەروی ئەمانەشەوە لاوازبونی پێگەی شێخ لاهور و هەوادارانی پارتی زۆر دڵخۆش دەکات. 
گومانیش نیە کە لیستی هاوبەشی یەکێتی و گۆڕان بە سەرۆکایەتی شێخ لاهور بۆ هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی بەغدا نیەتە سەباتبوەکانی بەخەبەر هێنایەوە، گورج و گۆڵ وەک قارچکی بەهاران هەڵتۆقینەوە و کەوتنە توندکردنەوەی پشتێنە خاوبوەکانیان.
ئەمە بەشێکی گرنگی زەمینەی روداوەکانی هەشتی تەموزە، لە دور و نزیکەوە هیچ پەیوەندی بە چاکسازی و نوێبونەوە نیە، چونکە دەمێکە چاکسازی و نوێبونەوەی نەک یەکێتی بەڵکو زۆربەی حزبەکانی کوردستان بونەتە مەحاڵ، تەنها بۆ چەواشەکردنی خەڵک وەک نوشتە و دوعا لەسەر لارێگاکانی رواداوەکاندا دەچەقێنرێن، کوردی باشور سەدان جار گوێبیستی چرینەوەی ئەم قەوان و ئاوازانە بوە. 
ئەو هەڵمەتەی بەناوی چاکسازیەوە بەرێدەکرێت کە لە دەرکردن و دەستگیرکردنی چەند بەرپرسێکی حزبی و ئەمنیدا نمایش دەکرێت گەر بنەمای یاسایی دروستیان هەبێت کارێکی زۆر باشە، بەڵام مایەی سەرنجە کە هەواڵەکان ئاماژە دەکەن بەوەی زیاتر تەسفیەی هەوادارانی شێخ لاهورە، وەک ئەوەی هەوادارانی خۆیان فریشتە بن و لە ئاوی زەمزەم هەڵکێشرابن، تێیاندایە ئارەزومەندانە هاوڵاتی نارازی خۆپیشاندەری بە رۆژی نیوەرۆ و بە بەرچاوی خەڵکەوە خەڵتانی خوێن کردوە، بزانین ئەم دەسەڵاتە تینوەی " سەروەری یاسا و چاکسازی " لەم بارەیەوە چی دەکات؟
هیواخوازم پێش زیاتر ئاڵۆزبونی دۆخەکە هەر دو لا بەرێگەی حزبەکەیانەوە بگەنە لێکتێگەیشتن و چارەی دروست، هاوکاتیش لێکۆڵینەوەی ورد لەسەرجەم ئەو تۆمەتانە بکرێت کە لەم روداوەدا باسکراون. شایستەی ئاماژە پێکردنە ئەو حزب و هێزانەی لە سەر ئەم روداوانە بێدەنگن گوناهێکی گەرە دەرحەق بە راستیەکان و نەتەوەکەیان دەکەن، چونکە ئەم روداوانە زۆر قوڵتر و گەورەترن لەوەی کێشەی ناوخۆیی حزبێک بێت. 
با چاوەران بین تا ژێر ئاوەکان زیاتر سەر ئاو دەکەون.  
 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand