پێویستە کاری خۆبەخش لە هەرێمی کوردستان بە یاسا ڕێکبخرێت
2021-09-08 09:41:56
د. سیروان عهلی
بێگومان کۆمەڵگا بەختەوەر تر دەبێت بە هەماهەنگی نێوان تاک و ڕێکخراو و فەرمانگە و دەزگا و دەستەکان بە تایبەتی رێکخراوەکانی کۆمەلگەی مەدەنی و ئەوانەی کار بۆ قازانجی مادی ناکەن. بەڵام ئەوەی لە کۆمەڵگەی ئێستای ئێمە دیارە کاری خۆبەخشی بەرەو لارێیەکی مەرتسیدار دەروات. بە گشتی کاری خۆبەخش بەهایەکی پیرۆز و چالاکیەکی کۆمەڵایەتی پیرۆزە، لە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکاندا بووە بە دیاردەیەکی شارستانی بە ئامانجی هاوکاری و پشتیوانی مرۆیی سەرجەم سێکتەرە گرنگەکانی ژیان بە بێ قازانجی مادی بەڵام لە چوارچێوەی یاسایەک ڕێکخراوە. ناکرێ مافی خۆبەخش پێشێل بکرێ و کاری خۆبەخش ببێتە بەدیلی دامەزراندن وەکو ئەوەی لە هەرێمی کوردستان دەبینرێت. ئەوەتا دەبینین و دەبیستین هەندێ بەڕێوەبەر و سەرپەرشتیار و کاربەدەستی ناڕەسەن هەڕەشە لە کارمەندەکانیان دەکەن: "ئەگەر بە دڵم نەبیت بەڕێت دەکەم و خۆبەخشێک دێنمە شوێنەکەت بە پارەیەکی کەمتر".
دوای دروستبوونی قەیرانی بودجە لە نێوان هەرێم و دەولەتی فدرال لە ناوەراستی دەیەی رابردوو تاوەکو کاتی ئەم نوسینە، کە نزیک دەبێتەوە لە هەشت ساڵ، دامەزراندنی گەنجان سستی تێکەوتووە و تا رادەیەک وەستاوە. هەرچەندە پێشتریش دامەزراندن وەکو پرۆسە تا رادەیەکی زۆر بێ پلان و هەر ڕەمەکی بوو، بەڵام ئیفلیج نەبوو. دەرئەنجامی ئەم ئیفلیجی یە بوو بە مەیدانێکی فراوان بۆ کاری خۆبەخشی بە ناچاری، هاوکات زۆربەی گەنجانی ناچارکرد دەسبەرداری مافی دامەزراندن ببن و کار گەیشتە ئەوەی واسیتە و دەستماچکردن بێتە ئاراوە تاوەکو دەرچوویەکی زانکۆ کارێکی خۆبەخشی دەستەبەر بکات. لە لایەکی ترەوە هەندێ فەرمانگەی حکومی و رێکخراوی نێوخۆیی ئەم هەلەیان قۆستۆتەوە و تواناکانی گەنجان بەکاردێنن بە ناوی (هیوایەکی کز بۆ دەمەزراندن) یا خود بەرامبەر بڕە پارەیەکی زۆر کەم گەنجانی ئەم وڵاتە بخەنە خزمەتی خۆیانەوە. رۆژ بە رۆژیش ئەم هیوایە بەرەو کزی دەروات و دیاردەکەش فراوانتر دەبێ و چاوەروان دەکرێ شوێنی دامەزراندن بگرێتەوە بە بڕە پارەیەکی زۆر کەمتر لە دامەزراندن، سەرباری تێکشکانی باری دەروونی نەوەیەک بە نا هومێد کردن و مەحرومکردنیان لە سامانی نیشتمانی و بە کەم زانینی خۆیان و تواناکانیان.
کارکردن بۆ بەدی هێنانی یاسای ڕێکخستنی کاری خۆبەخشی لەم هەرێمە ئەرکی لە پێشینەی هەموو حیزبەکانە بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە چونکە کاری خۆبەخش چۆتە قۆناغێکی پر لە مەترسی. ئەرک و مافەکانی خۆبەخش تێکەڵ کراوە و هیچ هاوسەنگیەکی پێوە دیار نی یە، پاراستنی خۆبەخش لە دەست درێژی بۆ سەر کەرامەت و سوکایەتی پێکردن پێویستی بە هۆشیاری یاسایی هەیە. بەدواداچوون و چاودێریکردنی یاساکەش پێویستی بە سەندیکایەک یا کۆمەڵەیەک هەیە کە توانای داکۆکیکردن و بەرگریکردنی هەبێت لەو هەزاران گەنجە بەشخوراوانە.
هەندێک سەرچاوە پێیان وایە سەرەتاکانی کاری خۆبەخشی لە وڵاتە پێشکەوتووەکان وەکو شێوازێک بووە بۆ بەسەربردنی کات بە تایبەت خواپێداو و خانە نشینەکان. هەریەکە و بە پێی کاری پێشووتری دەگەڕایەوە سەر کارەکەی و خزمەتی دەکرد و هاوکات ئارامی و ئاسودەییش بوو بۆ خودی خۆبەخشەکە. لەگەڵ ڕۆژگارا ئەم بۆچوونە گۆڕانکاری بەسەرداهات و گرنگی زیتری پێ درا. شارەزایان و توێژەران داوایان کرد کاری خۆبەخشی پێناسە بکرێ و ڕێزی زیاتر لە خۆبەخش بگیرێ. چونکە کاری خۆبەخش گەیشتە قۆناغێکی پێشکەوتووتر، بۆیە لە چەندین ڕووی کۆمەڵایەتی و دەروونی و کارگێڕی و کەلتوری بوو بە بابەتی توێژینەوە. ئەنجامی هەوڵەکان سەلماندیان کە کاری خۆبەخشی دەکرێتە چوارچێوەی سامانی نیشتمانی و سەرچاوەیەکی مرۆیی گرنگ بۆ بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگە، تاوەکو لە سەر ئاستی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێ کردن کاری جدی لە سەر کرا.
بە داخەوە کاری خۆبەخشین، کە وەکو چەمکێکی کەلتوری بۆنی هاوکاری و مرۆڤدۆستی لێ دێت، لە هەرێمی کوردستان گەیشتۆتە قۆناغی خوێنمژینی گەنجەکان. چونکە خۆبەخشین پێناسە و پێوەری تایبەتی خۆی هەیە پێویستە ئەرک و مافەکانی بە وردی شیبکرێنەوە و بەرژەوەندی هەردولا ڕەچاو بکرێ. لە کۆنەوە کاری خۆبەخشی لەناو کۆمەڵگەی کوردی بە خێر پێناسە کراوە، واتە پاداشتەکەی لای رب العالمین بوو چونکە خۆبەخشەکان خەڵکی خواپێداو بوون. بۆیە ناکرێ ناچارکردنی گەنجی گیرفان بەتاڵ بۆ خزمەتکردنی سەرمایەداری چاوچنۆک یا فەرمانگەی بە ناو حکومی بە کاری خۆبەخشی لە قەڵم بدرێ. هاوکات سودمەندیش نەبێت و وەکو پێویست ڕێزی لێ نەگیرێ و بە کەمیش سەیر بکرێ.
پاڵنەری سەرەکی کاری خۆبەخشی لە بنەرەتدا چەند جۆرێکە: لە کەلتوری هەموو گەلاندا باوە کاری خۆبەخشی لە پێناو مرۆڤایەتی یاخود لە پێناو خودا. دووەم، کاتێک تاک بۆ خودی خۆی و ناوبانگی کەسایەتی خۆی بڕیاری کاری خۆبەخشی دەدات. سێ یەم، هاونیشتمانی یەک خۆی بە بەرپرسیار بزانێ لە بوارێکدا وەکو ئەرکی نیشتمانی. چوارەم، هاونیشتمانی یەک بە خەمی بەرژەوەندی گشتی بێت کاری خۆبەخشینەکەی کاریگەری نێگەتیڤی لەسەر ژیان و گوزەرانی نەبێت، یاخود بەشدار بێت لە هەڵمەتی نیشتمانی بۆ ئەرکێکی دیاریکراو. وەکو ئەو هەڵمەتە نیشتمانی یەی لە کۆتایی هەشتاکان دەوڵەتی عێراق ئەنجامی دا بۆ بنیاتنانی قوتابخانە. زۆربەی خەڵکی کاسب و موچەخۆری ناچار کرد بەشدار بن بە پێی توانا، ئەوەبوو کەسایەتی دیاری شاری سلێمانی خوالێخۆشبوو علی بۆسکانی پێشنیاری کرد بە تەنها خۆی قوتابخانەیەک بینا بکات. هەروەها ئەو خێرخوازانەی لە کاتی سەرهەڵدانی پەتای کورونا بڕیاریان دا نەخۆشخانە بینابکەن. بۆیە کاری خۆبەخشی لە هەرێمی کوردستان وەکو چەمکێکی خێرخوازی و مرۆڤدۆستی کەوتۆتە ژێر پرسیارەوە و ڕێکخستنی بە یاسا ئەرکێکی نیشتمانی و مێژویی یە.
لەم نوسینە کورتە چەند نمونەیەک باس دەکەین بە هیوای هۆشیاری زیاتر و وروژاندنی بابەتەکە لە سەر ئاستی کۆمەڵگە و لایەنە پەیوەندیدارەکان و هێزە سیاسی یە بەشداربووەکانی هەڵبژاردنەکان. هەروەها ڕۆژنامەنوسان و خوێندکارانی زانکۆ بە تایبەتی بەشەکانی کۆمەڵناسی و دەروونناسی و کارگێڕی و دارایی و سەرچاوە مرۆیی یەکان دەتوانن رۆڵی بەرچاو بگێرن بە توێژینەوەی زانستی بابەتەکە دەولەمەند بکەن و سەرەتایەکیش بێت بۆ سازدانی کۆنفرانسی تایبەت بە کاری خۆبەخش لە کوردستان. وردبوونەوە لە چەند نمونەیەک بەرچاو روونی زیاترمان دەداتێ لەم بوارە.
لە میرنشینی دوبەی یاسای ژمارە (٥) ی سالی ٢٠١٨ تایبەتە بە رێکخستنی کاری خۆبەخشی، مادەی (١٥) ئاماژە بە مافەکانی خۆبەخش دەکات. بەپێی یاساکەش هەشت خاڵی دیاری کردوە بۆ شیکردنەوەی مافەکانی خۆبەخش لە چوارچێوەی کەلتوری میرنشینەکەدا، گرنگترینیان ڕێزگرتنە لە خۆبەخش پاراستنی خۆبەخشە لە هەر بێڕێزیەک. لە زۆربەی وڵاتە دراوسێکان و ووڵاتە عەرەبیەکانی ناوچەکە یاسای تایبەت بە کاری خۆبەخشی و پاراستنی مافەکانی خۆبەخش هەیە و کارێکی زەحمەت نی یە. هەروەها لە ولاتە پێشکەوتوەکان نەک تەنها پاراستن و رێزگرتن بەڵکو مافی زیاتری بۆ دیاریکراوە و هەر ڕێکخراو و فەرمانگەیەک لە چوارچێوەی دەسەڵاتی خۆی پاداشتی خۆبەخش دەکات. بۆ نمونە ڕێکخراوی سەینت جۆن ۆف گادSt. John of God ، کە ڕێکخراوێکی تەندروستی ئوسترالی یە، لە دوای (٣) مانگ کاری خۆبەخشی لە کاتی پێویست ئامبولانسی بێ بەرامبەر دابین دەکات بۆ خۆبخش و سەرجەم ئەندامانی خێزانەکەی. جگە لەوەی یاسایەکی تایبەت بە پاراستنی مافەکانی خۆبەخش هەیە لە ئوسترالیا بە ناوی یاسای پاراستنی خۆبەخش ساڵی ٢٠٠١. هەروەها وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا یاسایەکی هاوشێوەی هەیە بە ناوی یاسای پاراستنی خۆبەخش ساڵی ١٩٩٧. بۆیە داڕشتنی یاساکە دەبێ کاری لە پێشینەی پەرلەمان بێت چونکە بۆ سەردەمی ئێستا ژمارەی خۆبەخشی ناچاری بە شێوەیەکی بەرچاو روو لە زیاد بوونە.
* دكتۆرا له زمان و كهلتورناسی