Draw Media

کێ یەکڕیزی تێکدا، پارتی یان یەکێتی؟

کێ یەکڕیزی تێکدا، پارتی یان یەکێتی؟

2022-01-28 18:37:29


 ئاسۆ حاجی

کە باسی ئەو لێکترازانە توندەی ئێستای یەکێتی و پارتی دەکرێ، یەکسەر ئاماژە بۆ رووداوەکانی یەکەمین دانیشتنی خولی نوێی پەڕەلەمانی عێڕاق دەکرێ، بەڵام راستیەکەی بەر لە دانیشتنەلە لێکترازانەکە روویدا، کاتێک ئەندامانی شاندی هاوبەشی کوردستان(پارتی و یەکێتی) ژوانی کۆبوونەوەیان هەبوو لەگەڵ لایەنێکی عێڕاقی، بەڵام بۆ کۆبوونەوەکە ئەندامانی یەکێتی بە سەرۆکی شاندە هاوبەشەکەوە کە عیماد ئەحمەد بوو، بەبێ ئاگادار کردنەوەی لایەنی پارتی بەغدا بەجێدەهێڵن و دەگەڕێنەوە سلێمانی و تەلەفۆنەکانیشیان قەپات دەکەن.
دواتر ئادگاری لێکترازانەکە زیاتر وەدیار کەوت، کاتێک یەکێتی خۆی لە بەرەی چوارچێوەی هەماهەنگی(میلیشیاکانی سەر بە ئێران) یەکلایی کردەوە و هەموو لایەنە کوردستانیەکانیان لە هۆڵی پەڕلەمان بەجێهێشت و دەنگی بە بەربژێری کوردستان(پشکی پارتی) نەدا، لەوێوە وێنەکە تەواو روون بوویەوە کە یەکێتی ناتوانێ لە بازنەی بەرژەوەندیەکانی ئێران دەربەچێ و ئەوەی لە رێگای سەرکردەکانی حەشدی شەعبیەوە داوایان لێ دەکرێ دەبێ جێبەجێی بکەن.
دروست کردنی ئەو فەوزایە میدیایە و گەڕانەوە بۆ گوتاری هەڕەشەکردن، درێژکراوەی ئەو داوایەیە کە یەکێتی دەبێ جێبەجێی بکات، هەر چەندە دەزانێ ئەو شتانە ناتوانن شتێک لە ئەنجامە چاوەڕوان کراوەکە بگۆڕن، چونکە پرسی یەکلایی کردنەوەی پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار نە بە گوتاری میدیایە و نە بەهەڕەشە وەرناگیرێ بەڵکو بە رێکەوتنی سیاسی و گفتوگۆ وەردەگیرێ کە یەکێتی ئەو کارتەی لە دەستی خۆی سوتاند و شانسەکەی دۆڕاند.
سەرکردایەتی یەکێتی داوا لە پارتی دەکەن کە بەربژێرەکەی خۆی پکشێنێتەوە، لە کاتێکدا یەکێتی دوو کاندیدی هەیە، بەرهەم سالح کاندیدی سەرکردایەتی یەکێتی، لەتیف رەشید کاندیدی هاوبەشی بنەماڵەی جەلال تالەبانی - بنەماڵەی ئیبراهیم ئەحمەد، کە بێگومان لەتیف رەشید شانسی بوونە سەرۆکی (تا ئێستا کە ئەو چەند وشەیە دەنووسم) زیاتر لە بەرهەم سالح، باشە سەرکردایەتیەک نەتوانێ کاندیدێکی خۆی پاشەکشە پێبکات کە پارێزبەندی ماڵی ئیبراهین ئەحمەدی هەیە، چۆن دەتوانێ پاشەکشە بە کاندیدی حیزبێکی رکابەر بکات!

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand