ناسیونالیزم و رەگوڕیشەکانی یان بنەماو پایەکانی
2022-01-27 19:19:40
عەتا قەرەداخی
(٢-٥)
دەشێت ئایین ببێتە پایەیەکی ناسیونالیزم، بەڵام ئایا سروشتی ئەو ناسیونالیزمە چۆن دەبێت کە ئایین وەکو بیرێکی داخراو ببێتە پایەیەکی سەرەکی و چالاک و کارا تێیدا؟ ئایا ئەو دەوڵەتانەی کە بەرهەمی ناسیونالیزمی ئایینین، یان ئایین پایەیەکی بەهێزی ناسیونالیزمەکەیانە لە رووی دیموکراسی و ماف و ئازادیەکانەوە چ جۆرە دەوڵەتێکن؟
ئەوەی بە ناوی دەوڵەتی ناسیونالیزمی ئایینیەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەندێ شوێنی تر دەبینرێت، ئەوە دەوڵەتی نەتەوەیی رووپۆشکراون بە ئایدیۆلۆجیای ئایینی و هەردوو رگەزی ئیتنیک و ئایین بە داخراوی مامەڵەیان لەتەکدا کراوەو فاشیزمی نەتەوەیی ئایینیان بەرهەمهێناوە. بەگشتی دەوڵەتانی عەرەبی ئەگەرچی پێشتر هەندێکیان ئیدیعای عیلمانیەتیان دەکرد، بەڵام لە سەرەتای دەیەی دووەمی سەدەی بیست و یەکەوەو لە ئەنجامی ئەو خۆپیشاندانانەی کە ناوی بەهاری عەرەبییان لەخۆیان نابوو، هەندێ لە دەسەڵاتەکانیان گۆڕی، بەڵام لە خراپترەوە بۆ خراپترین و ئەو رووکەشە بەناو عیلمانیەش نەماو بەتەواوی بوون بە دەوڵەتی ناسیونالیزمی ئیتنیکی ئایینی، کە ئاشکرایە کۆکردنەوەی دوو رەگەز یان دوو پایەی وەکو ئیتنیک و ئایین پێکەوە خراپترین جۆری داخستن پێکدەهێنێت بە تایبەتی لەو کۆمەڵگایانەدا کە بە پیشەسازیکردن و بەشاریبوون بە سرووشتی دروستنەبوون. لە راستیدا ناسیونالیزم لە دوو سەرچاوەوە درووستبووە، یەکەمیان سەرچاوەی خێڵ، واتە خوێن و دەمار کە گەوهەری داخراوی ئیتنیکن، لەگەڵ پایەی دووەم کە گەیشتنی هەست و ئایدیۆلۆجیای ناسیونالیزمە بەم کۆمەڵگایانە لە رێگای داگیرکردن و کۆڵۆنیالیزمی رۆژئاواوە.
هەروەک گەیشتنی کۆڵۆنیالیزمی رۆژئاواو هەژموونکردنی بەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە مێژوویەکی درەنگتردا لەچاو گەیشتنیدا بە ئەمەریکاو ئەفریقا و تەنانەت رۆژهەڵاتی ئاسیادا، دەوری هەبووە لەسەر سروشتی دەرکەوتنی ناسیونالیزم لەم رووبەرە جوگرافیەدا بە کوردستانیشەوە. لەبەرئەوە کۆڵۆنیالیستی ئەوروپی زووتر گەیشتە ئەمەریکا، هەم شۆڕشی پیشەسازی لە ئەمەریکا زووتر روویداو، هەم ناسیونالیزمی ئەمەریکی پێش ناسیونالیزمی ئاسیایی و ئەفەریقایی دروستبوو، دەرکەوت. کۆڵۆنیالیزمی بەریتانی لە ئاسیادا زووتر گەیشتە هیند، ناسیونالیزمی هیندی زووتر لە چاو وڵاتانی تری ئاسیادا گەشەی کرد. واتە هۆکارێکی تری سەرەکی دەرکەوتنی ناسیونالیزمێکی نەبەکام لە ئاسیاو ئەفریقادا رۆڵی کۆڵۆنیالیکردنی ئەم وڵاتانە بوو لە لایەن ئەوروپاوە.
وەکو پێشتر ئاماژەمان بۆ کرد، ناسیونالیزمی ئایینی دوژمنی سەرسەختی دەوڵەتی نەتەوەیە، ئەگەر ئەو دەوڵەتە نەتەوەییە بەرهەمی شۆڕشی پیشەسازی و دەرکەوتنی چینی ناوەند بێت، چونکە یەکێک لە بەرهەم و هەم هۆکارە سەرەکیەکانی شۆڕشی پیشەسازی دەرکەوتنی چینی ناوەند و دروستبوونی دەوڵەتی نەتەوەییە. لە راستیدا دەرکەوتنی کۆڵۆنیالیزم و کۆڵۆنیالیست پەیوەندیەکی رەتنەکراوەی بە دروستبوونی دەوڵەتی نەتەوەوە هەیە لە رۆژئاوا. واتە کۆڵۆنیالیزم دەرئەنجامی دروستبوونی دەوڵەتی نەتەوەیە. واتە پرۆسێسی کۆڵۆنیالیزم لە دوای دەرکەوتنی دەوڵەتی نەتەوەوە دەست پێدەکات لە پێناوی فراوانکردنی هەژموون و دەسەڵات و دۆزینەوەی سەرچاوەی ئابووریدا.
ناسیونالیزم وەکو ئایدیۆلۆجیای دەوڵەتی نەتەوە یان وەکو دڵسۆزی و خۆتەرخانکردن بۆ بەرژەوەندییەکانی نەتەوەو دانانی ئەو بەرژەوەندییانە لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکی ترەوە پێناسەکرا. لەگەڵ رۆیشتنی کاتدا لە سەرهەڵدانی ناسیونالیزمەوە، رەهەندو مەودای پەرەسەندن و پتەوبوونی ناسیونالیزم وەکو چەمکێک زیاتر فراوان بووەو مانای دیارو ئاشکرای وەرگرتووە. لەم بارەیەوە ئەنتۆنی دی سمیس دەڵێت: ناسیونالیزم پرۆسێسی پێکهاتن یان گەشەکردنی نەتەوەیە، بەها، یان هوشیاری سەربە نەتەوە بوونە، زمان و سیمبۆلیزمی نەتەوەو بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی و سیاسی بەناوی نەتەوەوەو بیروباوەڕ، یان ئایدیۆلۆجیای نەتەوە، لە هەردوو ئاستی گشتی و تایبەتیدا دەگرێتەوە(٩). ئەگەر سەرنجی ئەم مانایانە بدەین کە ئەنتۆنی دی سمیس باسیان دەکات، ئەوا بەلایەنی کەمەوە ناسیونالیزم لە سەدەی نۆزدەیەمەوە ئەم مانایانەی وەرگرتووە، کە بە ئاشکرا دەبینرێت کۆی ماناکانی ناسیونالیزم پەیوەستن بە نەتەوەوە. لە ئاستی یەکەمدا وەکو گرنگترین مانایەک کە ناسیونالیزم وەریبگرێت کە وەکو ئەرکی سەرەکی ناسیونالیزمیش لە روانگەی مۆدێرنیتەوە دیاریکراوە، پێکهاتنی نەتەوەیە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت یەکێک لە خاسێتە سەرکی و یەکەمەکانی ناسیونالیزم بنیادنان و پێکهێنانی نەتەوەیەو بەدوای ئەوەشدا گەشەپێدان و پەرەپێدانی نەتەوە دێت. هەروەک مانایەکی تری گرنگ کە ناسیونالیزم وەری دەگرێت ئامادەکردن و پەرەپێدانی ئاستی هوشیاری ئەندامانی کۆمەڵ، یان نەتەوەیە بۆ ئاستی گەیشتن بە دروستبوونی پەیوەستبوونی بەهێز بە نەتەوەوە کە ئەوەش بە سەربەنەتەوەبوون یان ئینتیمای نەتەوەیی ناودەبرێت. ناسیونالیزم وەکو ئایدیۆلۆجیایەک کە سەرئەنجام ئایدیۆلۆجیایەکی جەماوەریە، بەتەواوی بارگاوی دەبێت بە مانای سەربە نەتەوە بوون، کە ئەوەش لە ئاستی قوڵدا مانای بوونی هێزێکی پتەوە بۆ بەکردارکردنی پرۆسێسی سەربە نەتەوە بوون و گواستنەوەی لە تەنیا رایەڵەیەکی مەعنەویەوە بۆ پەیوەستبوونێکی پیادەکراوی واقیعی بینراو. ناسیونالیزم هەرچۆن جەخت دەکاتە سەر زمانی دایک و سیمبوڵ یان هێمای نەتەوە، لە هەمان کاتدا مانای ئەم رەگەزانە لە خۆیدا کۆدەکاتەوە. هەروەها ناسیونالیزم وەکو چەمک و وەکو زاراوە مانای بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی و سیاسی وەردەگرێت. هەروەها لە خۆیشیدا، لە روویەکی ترەوە وەکو ئایدیۆلۆژیای بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی سیاسی جەماوەریی سەیر دەکرێت و هەر لەو رووەشەوە ناسیونالیزم چۆن وەکو ئایدیۆلۆجیای دەوڵەتی نەتەوە سەیردەکرێت، بە هەمان شێوە مانای ئایدیۆلۆجیای نەتەوەش لەخۆیدا کۆدەکاتەوە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ..ناسیونالیزم بە مانا نەتەوەییەکان و بە بیرو بە مەعریفەی نەتەوەیی بارگاویی کراوە(١٠).
سەرباری مەترسی ئەوەی کە ناسیونالیزم بگۆڕێت بۆ رەگەزپەرستی و فاشیزم، بەڵام روانینی تریش هەیە کە بە ئاراستەیەکی تەواو پێچەوانە سەیری ناسیونالیزم دەکات و پێێوایە کە رۆڵی گرنگ دەبینێت لە بنیادنانی کۆمەڵگەی باش و تەنانەت کاریگەری لەسەر رەفتاری تاکەکان دەبێت بە ئاراستەی باش. بێندینکت ئەندرسۆن لە گفتوگۆیەکیدا باسی ئەوە دەکات کە.. ئەو ناسیونالیزمی بەلاوە پەسەندە چونکە ئەم چەمکە وەکو دیدو وەکو ئایدۆلۆجیا بەشداری دەکات لە پێکهێنانی کۆمەڵگەیەکی باشداو وا لەخەڵک دەکات باشتر رەفتار بکەن چونکە ئەوان دەبنە ئەندام لە کۆمەڵگەیەکدا (١١). لێرەدا ناڕاستەوخۆ و لە پشتی ئەم بۆچوونەوە ئەو تێروانینە ئامادەیە کە ناسیونالیزم رۆڵ دەبینێت لە پێکهێنانی کۆمەڵگەدا، کۆمەڵگەیەک کە سەربەبوون یان پەیوەستبوونی تاکەکانی بە سیستێمی ئەو کۆمەڵگەیەوە پتەوو بەهێزبێت و هەڵسوکەوتی ئەندامانی کۆمەڵگە لە چوارچێوەیەکی رێکخراودا بێت و بە پێی رێساو نەریتی کۆمەڵایەتی ئەو کۆمەڵگایە بێت. دیارە ئەو کۆمەڵگایەی ناسیونالیزم وای لێ بکات ببێتە کۆمەڵگایەکی باش، کۆمەڵگای دوای دروستبوونی دەوڵەتی نەتەوەیە، کە ئەویش دەبێ بەلایەنی کەمەوە بووبێتە کۆمەڵگایەکی پیشەسازی و لەگەڵ ئەوەشدا کەلتوری ئەو کۆمەڵگایە دروست بووبێت. هاوشانی بەپیشەسازیبوون دەبێ بەشاریبوون گەیشتبێتە ئەنجام، کە ئەویش لەگەڵ خۆیدا کەلتوری کۆمەڵگەی شار دروست دەکات، کە کەلتوری دروستبوونی تاکەکەسی خاوەن شوناسە. ئەو کۆمەڵگایەی لە دوای دەرکەوتنی ناسیونالیزم و بنیادنانی دەوڵەتی نەتەوەو دروستکردنی نەتەوە دەبینرێت، ئەگەر بەم شێوە سروشتیە درووست بووبێت، ئەوا کۆمەڵگایەکی خاوەن شوناسی مەدەنیە بە کۆی خاسێتەکانی کۆمەڵگای مەدەنیەوە. بۆیە بە پێویست دەبێت کۆمەڵگایەکی باش بێت و تاکەکانی دەگەنە ئاستێکی هوشیاری ئەوتۆ لە رووی کۆنەستەوە، وابەستە دەبن بە نەریت و رێساکانی کۆمەڵگاکەیانەوە، کە یاساو رێسای کۆمەڵگایەکی خاوەن شوناسە لەو رووەوە کە خاوەنی سەروەری خۆیەتی و پارێزراوە.
لە پێناسەی ناسیونالیزمدا دوو ئاراستە دەردەکەوێت، کە دیارە ناسیونالیزم زیاتر لە پێناسەیەکی بۆ کراوە، بەڵام کۆی ئەو پێناسانە دابەش دەبن لە نێوان دوو ئاراستەدا، ئاراستەی بابەتی و ئاراستەی نابابەتی، کە یەکەمیان بێلایەنی پێوەدیارەو وەکو دیاردەیەک سەیری ناسیونالیزم دەکات، کە ئەوەش لەو پێناسانەی سەرەوەدا دەبینرێت، بەڵام لەبەرامبەر ئەوەدا پێناسەی نابابەتیش هەیە کە زۆر بە خراپی دەڕوانێتە ناسیونالیزم و لەباشترین باریدا وەکو فاشیزم و نازیزم و کۆمۆنیزمی نەتەوەیی سەیری دەکات و بە دوژمنی مۆرڤایەتی دەزانێت. واتە لە روانگەی نابابەتیەوە، دەشێت ناسیونالیزم وەها سەیر بکرێت کە هاوبەشە لە ئایدیۆلۆجیای فاشیزم و نازیزم و لە ئایدیۆلۆجیاو دیدی شێوەکانی کۆمۆنیزمدا کە بەگشتی ئەمانە، واتە ئەم سیانە فاشیزم و نازیزم و کۆمۆنیزم دەسەڵاتیان بەسەر مێژووی سەدەی بیستدا کردووەو بێجگە لەوەی کە لە دوو جەنگی جیهانی گەورەدا بەشێکی زۆری مرۆڤایەتیان لەناوبردووە، دیسان لە سنووری دەوڵەتەکانی خۆیشیاندا وەکو خراپترین شێوەی سیستێمی ستەمکار بێ پەروا مرۆڤیان کوشتووەو مرۆڤایەتیان لەناو بردووە. بەشێک لە توێژەرانی بواری کۆمەڵناسی و مێژوو، ناسیونالیزم بە ئایدیۆلۆجیای دەوڵەتی فاشی و رەگەزپەرست دەزانن و لەو روانگەیەوە پێیانوایە فاشیزم و نازیزم و دەوڵەتی کۆمۆنیزمی نەتەوەیی لە نموونەی باڵای ناسیونالیزمن.
بێگومان بەگشتی روانینی ئەنارکیزم بۆ نەتەوەو ناسیونالیزم و دەوڵەت ئەوەیە کە نەتەوەو ناسیونالیزم بەڵاو بەدبەختین بۆمرۆڤایەتی، چونکە ئاشکرایە ئەنارکیزم لە روانگەی ململانێی چینە کۆمەڵایەتیەکانەوە سەیری دنیا دەکات و بڕوای بە ململانێ و جیاوازی ئیتنیکی نیەو وەکو دروستکراوی دەستەو چینی دەسەڵات و دەوڵەت سەیری دەکات، بۆ درێژەدان بە ستەمکاری. واتە ئەنارکیزم وایدەبینێت کە نەتەوە بوونێکی راستەقینە یان واقیعی نیەو دروستکراوی خەیاڵە و ئەوەی بوونی راستەقینەو واقیعی هەیە چینە کۆمەڵایەتیەکانن و هەر لەبەر ئەوەش ململانێی راستەقینەو خەباتی راستەقینەش بە روانینی ئەو ململانێ و خەباتی چینایەتیە دەزانێت نەک نەتەوایەتی. ئەوەش لەبەر هۆکارێکی زۆر سادە کە پێیانوایە لەناو پێکهاتە کۆمەڵایەتیە فرە چینایەتیەکاندا شتێک نیە پێی بگوترێت بەژەوەندی هاوبەش، چونکە ناشێت بەرژەوەندی هاوبەش لە نێوان کرێکارو بۆرژوادا، لە نێوان هێزی کارو خاوەنی کاردا هەبێت، بەڵكو بەرژەوەندی هاوبەش لە نێوان ئەندامانی چینێکی کۆمەڵایەتیدا هەیەو هەر ئەو بەرژەوەندییانەش یەکێتی چینایەتی دروست دەکەن. بەڵام پێکهاتەی نەتەوە کە لە چینی جیاواز پێکهاتووە نەک بەرژەوەندی هاوبەش لە نێوانیاندا نیە، بەڵکو بەرژەوەندییەکانیشیان دژی یەکترە. هەربۆیە هەرگیز یەکێتی نەتەوەیی دروست نابێت، چونکە لەناو ئەو پێکهاتەیەدا هەر چینێکی کۆمەڵایەتی بەدوای بەرژەوەندییەکانی خۆیەوەیە. هەر لێرەوە بە بۆچوونی ئەنارکیزم ئەو دروشم، یان ئەرکە سەرەکیەی کە ناسیونالیزم دەبێ بیگرێتە ئەستۆ و دروستی بکات کە یەکێتی نەتەوەییە، بێجگە لە خەیاڵ هیچی تر نیە. بۆیە ئەنارکیزم وایدەبینێت کە ناسیونالیزم بێجگە لە وێرانکاری هیچی تری بۆ مرۆڤایەتی نەهێناوە. بۆ دەرخستنی روانینی دژە ناسیونالیزم، ئەلبێرت ئەنیشتاین دەڵێت: ناسیونالیزم نەخۆشی ئیفلیجیە، سورێژەیە بۆ مرۆڤایەتی. هەروەها بێرتراند رەسڵ دەڵێت: نیشتیمانیبوون( ناسیونالیزم) ئامادەبوونە بۆ کوشتن یان بۆ کوژران لە پێناوی ئامانج یان هۆکاری پڕوپووچدا. دان فرێد دەڵیت: ناسیونالیزم وەکو ئەلکحول- خواردنەوە- وایە، سەرەتا مەستت دەکات، پاشان کوێرت دەکات، لە کۆتایدا دەتکوژێت(١٢). ئەمەی سەرەوە تێڕوانینی دژە بۆ ناسیونالیزم، کە ئێمە بە تیڕوانین یان ئاراستەی نابابەتی ناومان برد. راستە ناسیونالیزم وەکو دیاردەیەکی بەهێز لە سەدەی هەژدەیەمەوە دەرکەوتووە، بەڵام هەم رێگری هەبووەو هەم خۆیشی ئەگەر بە وریایی مامەڵەی لەگەڵدا نەکرێت دەبێتە دیاردەیەکی دزێو و ناشیرین و سیستێمی فاشیزم و تۆتالیتار بەرهەم دەهێنێت.
جۆناسان هێرن باس لەو شێوازانە دەکات کە ناسیونالیزم لەخۆیی دەگرێت و ناسیونالیزمیان پێ دەناسرێتەوەو کۆی ئەو شێوازانەش لەناو پرۆسێسی گەشەکردنی ناسیونالیزم و کارکردنی ناسیونالیزمدا بۆ گەیشتن بە ئامانجی سەرەکی پێکدێن و پەرەدەسەنن. ئەوانیش بریتین لە: هەستکردن، شوناس، ئایدیۆلۆجیا، بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی و پرۆسێسی مێژوویی، کە ئەمانە هاوکات روودەدەن(١٣). بێگومان ئەو شێوازانەی هێرن باسیان دەکات دابڕاونین لە کۆمەڵگاو لە راستیدا پەیوەستن بە شێوەی گەشەو پەرەسەندنی کۆمەڵایەتیەوە لە هەر کۆمەڵگایەکدا، یان لە چوارچێوەی هەر پێکهاتەیەکی ئیتنیکی یان نەتەوەییدا. هێرن "هەستکردن"ی لە یەکەمدا داناوە، ئەوەش دەستپێکی پرۆسێسی دەرکەوتن یان بەرەو دەرکەوتنی ناسیونالیزمە. هەستکردنی هەر گروپێکی کۆمەڵایەتی بەخۆی و بە دەوروبەری، کە ئەوەش بەرەو شێوازی دووەم دەڕوات کە پرسی شوناسە. پرسی شوناس لە سادەترین شێوەیدا، پرسیارکردنە دەرباری خۆ، کە ئەویش لەوەدا بەرجەستە دەبێت کە " من کێم، ئێمە کێین، تۆ کێیی، ئێوە کێن، ئەویتر کێیە، ئەوانی تر کێن؟ تۆ و ئیوە و ئەو و ئەوانی تر پەیوەندیتان بە من یان بە ئیمەوە چیە؟" کە ئاشکرایە بنەمای سەرەکی بۆ دیاریکردنی شوناس جیاوازیە. ئەمەش ئەو قۆناغەیە کە تیایدا هەر گروپ و پێکهاتەیەکی ئیتنیکی یان کۆمەڵایەتی لە پرۆسێسی بەرەو پێکهاتندا ئەم پرسیارانە لە خۆیی دەکات.
ناسیونالیزم کاتێ دەگاتە شێوازی گەڕان بە داوی شوناسدا، مانای وایە لە قۆناغی تەنیا هەستکردن تێپەڕیووەو بەرەو قۆناغی هوشیاری دەچێت، کە لەوێشەوە ئایدیۆلۆجیا پێکدێت. ناسیونالیزم وەکو ئایدیۆلۆجیایەکی جەماوەریی کە لەسەر بنەمای هەستکردن و هوشیاری و بەئاگابوون لەوەی کە ویستەکانی نەتەوە چین و چۆن بە ئاراستەی گەیشتن بەو ویستانە دەجوڵێت، پێکدێت. گەیشتنی ناسیونالیزم بەم ئاستە لەسەر ئاستی کۆمەڵگا یان نەتەوە بنەماکانی یەکبوون نەخش دەکات و شێوەی لەیەکتر نزیکبوونەوەی تاکەکان و هەستکردن بە بوونی یەک بەرژەوەندی دەردەکەوێت، کە بەرژەوەندی هەموویانە، واتە بەرژەوەندی نەتەوە. لەم دۆخەدا بەرژەوەندی نەتەوە لە دایک دەبێت و هەموو لە دەوری ئەو بەرژەوەندیە کۆدەبنەوەو ئامانجی پاراستنی ئەو بەژەوەندیە هاوبەشە جۆرێک لە رێکخستنی کۆمەڵایەتی دروست دەکات، کە لەگەڵ رۆیشتنی کاتدا دەبێتە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی سیاسی و ئامانجی سەرکی دەردەکەوێت، کە دروستکردنی دەوڵەتی نەتەوەیە. دروستکردنی دەوڵەتی نەتەوەش بە مانای قۆناغێک دێت کە تیایدا پرۆسێسی بنیادنابی نەتەوە دەستپێدەکات کە پرۆسێسێکی مێژووییە و بە گوێرەی هەر نەتەوەیەکیش گرنگترین قۆناغە چونکە قۆناغی دروستبوون و بنیادنانە. راستە لە رووکەشدا جۆرێک لە ریزبەندی لەم چۆنێتی گەشەکردن و شێوازوەرگرتنەی ناسیونالیزمدا هەیە، بەڵام لە راستیدا کۆی شێوەکان بەناو یەکتردا چوون و لە رووی روودانیشیانەوە وادەردەکەوێت هاوکات رووبدەن. پاڵنەرو جوڵێنەری هەموو ئەم شێوانەی گەشەکردن بۆ دروستبوون و دەرکەوتنی ناسیونالیزم لەناو خودی کۆمەڵگاوە بەرهەمدێن و هێزو وزەی جوڵاندن لە پایەو بنەماکانی بەرهەمهینانی ناسیونالیزمەوە وەردەگرن.