Draw Media

كه‌ركوك له‌ ناو گه‌نده‌ڵی و نادادیدا 

كه‌ركوك له‌ ناو گه‌نده‌ڵی و نادادیدا 

2022-02-04 08:28:44


له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج 
هیچ كات هێنده‌ی ئێستا كوردی كه‌ركوك له‌ ده‌سه‌ڵاتی نه‌وتمژ و تاڵانچی كوردستان توڕو بێزار نه‌بووه‌، ئه‌گه‌ر سه‌یری  به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌ین تێده‌گه‌ین كورد چه‌ند توڕه‌ن ، ئیتر ره‌نگه‌ پێویست به‌ هیچی تر نه‌كات ، له‌ مه‌ودای چوارده‌ ساڵی ده‌سه‌ڵاتی ره‌های كوردا هه‌ره‌ زۆری به‌رپرسان خه‌ریكی ڤێللاو ته‌لارو چێشخانه‌و به‌نزینخانه‌و بزنس بوون و كه‌سیان خه‌به‌رداری كه‌ركوك نه‌بوون ، ئه‌م په‌تاو دزیه‌ به‌شێك له‌وانه‌شی گرتبوه‌وه‌ كه‌ گوایه‌ دژی گه‌نده‌ڵین ، هه‌یه‌ هه‌زاران مه‌تر زه‌وی له‌ كه‌ركوك تاڵانكردوه‌و ده‌یان خانوی فرۆشتوه‌ ، به‌ڵام خێری فلسێكی قه‌ڵبی بۆ كه‌ركوك نه‌بووه‌ ، مێژوو هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌ رۆژی خۆیدا ئاشكرا ده‌كات ، له‌ گه‌رمه‌ی شكستی سوپای عیراقیدا به‌رانبه‌رداعش عه‌ڕابه‌كانی كوردایه‌تی خه‌ریكی تاڵانی چه‌ك  ئۆتۆمبیلی سه‌ربازی و دزی سه‌ربازگه‌كان بوون ، ئێستا خۆیان وه‌ك فریشته‌ نمایش ده‌كه‌ن ، ئێستا كه‌ كه‌ركوك له‌ به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌دایه‌ به‌رپرسی یه‌كه‌می ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ به‌رله‌وه‌ی كه‌سی تر بێت كورد خۆیه‌تی ، 14 ساڵ نه‌وتی كه‌ركوكیان تاڵانكرد ، زه‌ویان ته‌خشان و په‌خشانكرد ، له‌ سه‌ر پۆستی به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌یه‌ك شه‌ڕی یه‌كتریان كرد ، یه‌كتریان به‌ دز ، خائین ، خۆفرۆش و تاڵانچی له‌ قه‌ڵه‌مدا ، نه‌یانهێشت خزمه‌تگوزاری و پاڵاوگه‌ی نه‌وت و پڕۆژه‌ی باش له‌ كه‌ركوكا دروستبكرێت ، جارێكیان بینیم یه‌كێك له‌ به‌رپرسه‌كانی كه‌ركوك خه‌ریكی دروستكردنی كۆگایه‌كه‌ له‌ سه‌ر ئه‌رزی حه‌رام ، وتم تۆ بۆ ، وتی بۆ داهاتوی خۆم كه‌ س ماوه‌نه‌یكات ، با ناوی به‌رپرسه‌كه‌ بمێنێ‌ بۆ مێژوو.
ئێستاش به‌رژه‌وه‌ندی به‌شێك له‌ دزو گه‌نده‌ڵان وه‌ك خۆیه‌تی له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا رۆژ به‌ رۆژ كه‌ركوك به‌ره‌و دواوه‌ ده‌چێت ، له‌ یه‌كدوورۆژی رابردودا سه‌ردانی زیندانی گرتن و گوازتنه‌وه‌ی كه‌ركوكم كرد ،هه‌ڵبه‌ت له‌ ده‌رگاوه‌ تا ناو زیندان له‌ زبڵخانێكی گه‌وره‌ زیاتر نیه‌ ، پیس و ناشرین و وێران ، خه‌ڵك بۆ سه‌ردان ده‌چێت شوێنی نیه‌ بۆ دانیشتن ، زیندانیه‌كان له‌ پشت دووته‌لبه‌ندی تاریك و چڕه‌وه‌ ته‌نانه‌ت ده‌م و چاویشیان باش نابینرێت ، له‌ سه‌رده‌می به‌عسیشا زیندانی ئه‌بو غرێب و شوێنه‌كانی تر به‌و جۆره‌ نه‌بووه‌ ، چه‌ند ناشرینه‌ كورد 14 ساڵ حوكمی ئه‌و شاره‌ی كردبێت و ئه‌وه‌ دۆخی شاره‌كه‌ بێت ، له‌ كاتێكا به‌رپرسه‌كان كێبڕكێ‌ و شه‌ڕی ئه‌وه‌یان بوو هه‌موو گرده‌كانی ناو شار بكه‌ن به‌ ته‌لارو ڤێی بۆ خۆیان ، ئێوه‌ بڕوانن خه‌ڵك هه‌یه‌ له‌ سه‌ر روبه‌رێكی فراوان  زه‌وی داگیركراو چێشتخانه‌یه‌كی مۆدێرن و پڕ ته‌نته‌نه‌و روناكی دروستكردوه‌، به‌ڵام گوێی له‌وه‌ نیه‌ چوار ده‌وری چێشخانه‌كه‌ی له‌ دیوی ده‌ره‌وه‌ زبڵخان و پیسیه‌ ، ئاماده‌ نیه‌ سه‌نتێك بۆ پاككردنه‌وه‌ی شار ببه‌خشێت ، به‌ڵام به‌رتیل و هاوكاری به‌رپرسانی سوپاو هه‌ندێك به‌رپرسی باڵا ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی چاو له‌ دزی و گه‌نده‌ڵیه‌كه‌ی بپۆشن .
به‌رپرسێكی دۆست به‌ به‌رپرسێكی تری هاوڕێی وتبوو ، ئه‌رێ‌ به‌س نیه‌ ، له‌ وه‌ڵامدا پێی وتبوو ئه‌وه‌ی پاره‌و دۆلاری نه‌بێت پیاو نیه‌ ، بۆ ئه‌و گرنگ نیه‌ چۆن پاره‌و دۆلار كه‌ڵه‌ك ده‌كات ، بۆ ئه‌و گرنگه‌ هه‌یبێت ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌ كه‌رامه‌ت و شه‌ره‌ف فرۆشتنیش بێت ، ره‌نگه‌ ته‌نها ئه‌م چیرۆكه‌ به‌س بێت بۆ ئه‌وه‌ی بڵێین له‌ 14 ساڵدا چی له‌ كه‌ركوك كراوه‌ چیرۆكی تێكدانی حه‌مام عه‌لی به‌گ و گۆڕستان و شوێنه‌كانی تر با بمێنێ‌ بۆ جارێ‌ تر .

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand