باچاوەڕێبین، بەڵام ...
2022-01-30 07:32:24
د. محهمهد عهلی
یەکەم: جێبەجێبکردنی دە داواکارییەکەی نەوەی نوێ، پێویستیان بەبڕیاری حکومەت و دەسەڵاتی ھەرێمە کە لە پارتی و یەکێتی و گۆڕان پێکدێت. گریمان ھەرسێ حیزب بەتایبەتی پارتی و یەکێتی پێکەوە بڕیاریاندا ئەو دە خواستە جێبەجێبکەن، لەو دۆخەدا، دەنگی نەوەی نوێ بۆ کاندیدەکەی پارتی دەبێ یاخود یەکێتی؟ چونکە بەبێ ڕازیبونی ھەردوولا، جێبەجێبکردنی ئەو دە داوایە، نامومکینە.
دوەم: ھەرسێ سەرۆکایەتی ھەرێم و پەرلەمان و حکومەت ڕادەستی سەرۆکی نەوەی نوێ و ئەنجومەنەکەی بکەن، ناتوانن زۆربەی زۆری ئەو دە داواکاریە جێبەجێبکەن لەو فەترە زەمەنیەدا.
سێیەم: بەڕاست کێشەی کوردو کەرکوکییەکان کەمی خزمەتگوزاری و گەندەڵییە یاخود شارەکەیان بگەڕێتەوە سەر ھەرێم یان نا؟ لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا، جارێکیان وتەبێژی جوڵانەوەکە وتی "دۆخی کەرکوک دوای ڕیفراندۆم باشترە".!
چوارەم: نەوەی نوێ ئیدیعای ئەوەی دەکرد "بۆیە کاندیدمان ھەیە بۆ سەرۆکی کۆمار، چونکە خۆمان بە بەدیلی پارتی و یەکێتی دەزانین". ئەی ئەم ھەڵوێستەیان دژنیە بەو لێدوانە؟ ھێشتا کاندیدەکەی خۆیان بۆ سەرۆکایەتی کۆمار نەکێشاوەتەوە، بەڵام داواو خواستیان لەھەردوو حیزب ھەیە. بۆ لێناگەڕێن چارەنوسی کاندیدەکەتان ببینین؟
پێنجەم: مەسەلەی سەربەخۆنەبونی دەسەڵاتی دادوەری و پێشێلکردنی یاساو فەزاحەتی دەستگیرکراوانی بادینان، بەمەبەست لەو داواکاریانەدا غائیبن.
بەکورتی ئەوەی ئەمڕۆ بینیمان پۆپۆلیزمە بەپلەی ئیمتیاز:
ناکۆکی و دژیەکی لە ھەڵوێست و گوتاردا، جیاوازیەکی گەورە لە ھەڵوێستەکانی ڕابردوو و ئێستادا، داواکاری و بەڵێن و خواستت ھەبێ، بەڵام دڵنیابیت نەک بەوانی تر جێبەجێنابن بەڵکو خۆشت ناتوانی جێبەجێیان بکەیت، دژیەکی لەگوفتارو ڕەفتاردا و یاریکردن بەسۆزی جەماوەر نەوەک خستنەروی گوتارو داواکاری عەقڵانی و واقیعی.