سەرتیپ جەوهەر بیستم هەفتەی داهاتوو بڕیارە لەچەند شوێنێكی هەرێمی كوردستان خۆپێشاندان بكرێت، بەڵام جیاواز لەوانی دیكە، بەئاڵای عیراقەوە خەڵك بێنە سەر شەقام و داوای ماف و بەركەوتەی قانونی خۆیان بكەن لە موچەو بژێوی ژیانیان. ئەم خۆپێشاندانەی خەڵك "ئەگەر بكرێت!" مێژوو یان بزوتنەوە چەكدارییەكانی كوردمان بیردەخاتەوە لەرابردوو كە سەرەتا لەژێر ناوی بزوتنەوەی رزگاریخوازیی بوون، بەڵام دواتر گۆڕاون بۆ كانتۆناتی چەكداریی و سەرچاوەی بێزاریی و ئاڵۆزكردنی ژیان، خەڵك سەد خۆزگەیان بەكفن دز خواردووە. من پێموایە لە رابردوو كورد هیچ شۆڕشێكی نەكردووە، چونكە هیچ گۆڕانێكی ریشەیی كۆمەڵایەتی دروستنەكردووە، بەڵكو ئەوەی هەبووە بزوتنەوەی چەكداریی بوون، تەنها پێشەواو سەركردەكانی ئەو بزوتنەوانە لێی سودمەند بوون. خەڵكە رەشوڕەتەكەش سۆتەك و قوربانی گەورەی ئەو بزوتنەوە چەكدارییانە بوون. ئەگەر لەحوكمدارییەكەی مەلیك مەحمود (1918-1923) بپرسین دەبێ چیرۆكی لەخەوما-ی جەمیل ساییب و شیعرەكانی حەمدی ساحێبقڕان بخوێنینەوە. گەندەڵیی و ناعەدالەتیی و ستەمكارییەكانی حكومداری كوردستان شاعیر‌و نوسەرانی هێناوەتەگۆ. چیرۆك و شیعری ناڕەزاییان لەبارەی ئەو ستەمكاریی و پاشەگەردانیە نوسیوە. شێخ لایەكی وڵاتەكەی لەسەرخۆی تاپۆكردووەو خزم و كەسوكارەكەی خۆشنود بوون و ئەویدیكە قوڕبەسەر. وەك ئەوانەی ئێستا دەیویست ببێت بە رابەری نەتەوەیی و سەرمەشقی سەربەخۆیی، كەچی لەژێر سایەو سێبەری حوكمڕانیەكەی ناعەدالەتی و گەندەڵی خەڵكی كوێر كردبوو! بۆیە كە ئینگلیز هات خەڵكێكی زۆر لەرقی حوكمدارییە خراپەكەی شێخ هاوكاری ئینگلیزیان كرد. لەكۆمارەكەی قازی محەمەد دا لەنێوان 1945 بۆ كۆتایی 1946 بەشێك لەفەرماندە سەربازییەكان لەپای گەندەڵیی و چەوساندنەوەی خەڵك، خۆیان و خزم و كەسوكارەكانیان زۆر دەوڵەمەند بوون، لەوە خراپتر، لەهەندێ ناوچە گوشارێكی زۆریان لەسەر خەڵكی ناوچەكان دەكردو هێزەكانیان لەسەر حیسابی خەڵك دەژیان و پارەیان كۆدەكردەوە. لەهەندێ ناوچە فەرماندەكان خەڵكیان بەند دەكردو پارەیان لێوەردەگرتن و دەستیان بەسەر زەوی و زارەكانیاندا دەگرت!! هەربۆیە بۆیە لەگەڵ پەلاماری محەمەد رەزا شا بۆ روخاندنی كۆماری مهاباد، بەشێك لەخەڵكی ناوچەكان لەبری مقاوەمەت، هاوكاری رژێمی شای ئێرانیان كرد، بۆنمونە لە (سەقز و دەوروبەری) چونكە بێزاربوون لەئیدارەدان و هەڵسوكەوتی فەرماندەكانی سوپای كۆمارەكەی قازی محەمەد. لەماوەی بزوتنەوەی چەكداریی ئەیلولدا، لەسەرەتا تا ناوەڕاستی حەفتاكانی رابردوو (1970 – 1975) بەشێك لەفەرماندەو كاربەدەستانی كورد لەشارەكانی كوردستان ببونە ئاگر بەگژ خەڵكیدا دەچوونەوە، جگە لەكوشتن و دەست بەسەرداگرتنی زەوی و زاری خەڵك، قاچاخچێتی ماددە بێهۆشكەرەكانیشیان دەكرد! ئەمە ببوە جێی ناڕەزایی و بێزاری خەڵك، بەجۆرێك وەك جەرجیس فەتحوڵڵا كە كەسایەتییەكی دیاریی ئەو بزوتنەوەیە بوو، دەڵێت لەگەڵ پەلاماری رژێمی بەعس بۆسەر ئامێدی، لەبری مقاوەمەت و بەرگریكردن لەشارەكە لەبەرامبەر سوپای داگیركەر، خەڵك بەهەلهەلەو چەپڵە رێزان پێشوازییان لە هێزی رژێمی بەعس كرد. لەناوەڕاستی هەشتاكانی رابردوو لەسەر رێگەی هەولێر مەخمور لەنزیك گوندی پیرداود، سەڵاح شینە و مەفرەزەكەی كە دواتر تەسلیمی رژێم بویەوەو كۆمەڵێك پێشمەرگەی شەهید كرد، رێگە بەئۆتۆمبێلێك دەگرن ژن و پیاوێكی عەرەب و دوو منداڵیان دەبن. بۆ خاتری دزینی ئۆتۆمبێلەكە، ژن و پیاوەكە لەسەرجادەكە دەكوژن و هەردوو منداڵەكانیان كە چەند ساڵێك بوو تەمەنیان بەسەر تەرمی دایەو بابەیان هاواریان دەگەیشتە كەشكەڵانی ئاسمان. ئەوەی سەرەوە كە باسی دەكەم دیوی هەقیقیەكەی بزوتنەوەی سیاسی و چەكداریی كورد بووە كە لەبەر هەرهۆكارێك بێت لەنەوەی نوێ دەشاردرێتەوە یان ناخوازرێ بزانرێت! ئەوەی ئێستا دەیبینین لەحوكمڕانیی كوردستان درێژكراوەی ئەو مێژوویە كە بەهەموو شێوەیەك دەیانەوێ ماكیاژی بكەن و رەنگورووی جوان بكەن. ئێستاش بەهۆی ئەو زوڵم و ستەمكاریی و ناعەدالەتییەی حوكمڕانی كورد لەماوەی زیاتر لە 30 ساڵی رابردوو! بەهۆی ئەغزكردنی بژێوی و ژیان و موقەدەراتی ئەم میللەتە، خەڵك لەداهاتووی خۆی پەشیمانبۆتەوەو لەبری هەوڵدان بۆ گەیشتن بەسەربەخۆیی و ئەو ئامانجەی كە بزوتنەوە چەكدارییەكانی كورد وەك دروشم بەرزیان كردۆتەوە، ئێستا خەڵك بەئاڵای عیراقەوە خۆپێشاندان دەكات! لەچەند ساڵی رابردووش، خەڵك هیوای سەرە ئۆپۆزسیۆن بەتایبەت كاك نەوشیروان هەڵچنی بوو، كەچی بەر لە وەفاتی گردەكەو موڵك و ماڵی بەهاسان وەدەستهاتی لەسەر كوڕ‌و كچەكانی تاپۆكرد! هەموو خەڵكی لەئۆپۆزسیۆن بوون بێئومید كرد. ئەم دیمەنە، گەلێك تراژیدیە! میللەتێك سەدان هەزار شەهید و قوربانی لەرێگەی رزگاریی نیشتیمانیی دابێت، كەچی ئێستا بەهۆی خراپی حوكمڕانیی و ئەو حوكمڕانانە سەد خۆزگە بەحوكمڕانیی داگیركەران بخوازێت؟ ئەمە پرسیارێكە وڵامەكەی لای ئێمە نییە، بەڵكو لای ئەوانەیە كە لەیەك مانگدا بای یەك تریلیۆن و نیو نەوتیان فرۆشتووە، كەچی تەنها لە 40% بۆ ئەم خەڵكەیەو ئەویدیكەی دیزەبەدەرخۆنە دەكرێت! ئێستا بەهەموو شێوەیەك و بەو هەموو ماكینە ئیعلامییەی بەردەستیانەو بەپارەی ئەم میللەتە تەغزیەیان دەكەن، وەك چومسكی دەڵێت دەیانەوێ هەقیقەتمان لێ ئاوەژوو بكەنەوەو ستەمكارمان بۆ بكەنە فریاد رەس، دزو گەندەڵكارانمان بۆ بكەنە حاتەمی تائی! ئەوەی ئێستا دەیبینین دوبارەبونەوەی ئەو مێژووەیە كە ئێستا بەرەبەرە بەشێك لە راستییەكانی دەخرێتە روو، ئەو جوانیەی خەڵك قوربانی بۆ دەدا، ئێستا شەهیدەكان زیندوو بونایە بەدڵنیاییەوە تێگەیشتنێكی دیكەیان دەبوو، خۆیان نەدەكردە قوربانیی حوكمڕانییەك كە ئێستا جگە لەكوڕو كچ و كەسوكاری بەرپرسان، كەسی دیكە لەژێر سایەی ئیسراحەتی نەكردووە. هەقیقەتێكی تاڵە كە جگە لەكەمینەیەك كە ناكرێت لە قوربانیدان و لەخۆبردوییان بۆ مێژووی كوردستان نادیدەیان بگرین، ئەوەی دیكە كە ئێستا دەیانبینین ئەو سەركردایەتی و مەكتەب سیاسیانەی ئێستا كە مەگەر نەوەی نوێ بزانێ چ رەنگوڕوێكی ناشرینیان هەیە! هەموویان بوونەتە مەڵتی ملیاردێر، ئێستا‌و داهاتوویان لەم میللەتە ئەغز كردووە. كچ و كوڕ‌و كەسوكارەكانیان بوونەتە فیرعەون و دەستیان بەسەر چارەنوس و موقەدەراتی ئەم نیشتیمانەدا گرتووە. ئەوەی دەیبینین مێژووە راستەقینەكەی سەركردایەتی سیاسی كوردستانە، گەندەڵیی و ستەمكارییان زۆر لەوە زیاترە باسی بكەین، عەرەب وتەنی (ماخفي كان اعظم). بەدڵنیاییەوە هەقیقەتی ئەو مێژووە نافەوتێت. ئەگەر جاران مێژوونوسان و بەشێك لەسیاسیەكان لەیاداشتەكانیاندا مێژوویان تۆماردەكرد، ئەوا ئێستا هەموو تاكێكی كۆمەڵگا بەدەنگ و رەنگ دەتوانێت ئەم مێژووە تۆماربكات.
یونس جاف جه‌نگ زاراوه‌یه‌كه له هه‌ر زاراوه‌یه‌كیتر پتر ئاشنایه به گوێچكه‌ی مرۆڤایه‌تی، چونكه به‌شێوه‌یه‌كی كرداری و به‌رده‌وام له‌گه‌ڵیدا ده‌ژین و له ته‌واوی ناوچه و وڵاتانی جیهاندا به‌شێوه‌و فۆڕمی جیاواز نمایش ده‌كرێت و به‌رده‌وامی پێده‌درێت له دێر زه‌مانه‌وه، له قۆناغی ئه‌فسانه كۆنه‌كانه‌وه چه‌مكه‌كانی (ترس، هێرش، به‌رگری، ویستی مانه‌وه له ژیان) تێكه‌ڵبوونه به بوونی مرۆڤ، به‌ڵام به‌پێی مێژوو و گۆڕانكارییه‌كانی ژیان واتا‌و به‌های ئه‌م چه‌مكانه‌ش گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه. له ئێستادا مرۆڤایه‌تی له ئان و ساتێكی هه‌ستیاردا ده‌ژی ئه‌ویش به‌هۆی هێرشی به‌رفراوان و فره واتای (ڕووسیا) بۆ سه‌ر (ئۆكراینا). لێره‌دا ده‌پرسین: ئایا مرۆڤایه‌تی له‌به‌رده‌م ئان و ساتی ڕوودانی جه‌نگی حیهانی سێیه‌مدایه؟ یاخود ئه‌م جه‌نگه‌ش یه‌كێكه له‌و ورده جه‌نگانه‌ی له دوای جه‌نگی دووه‌می جیهانی (1939-1945ز)ه‌وه، هه‌ر چه‌ند ده‌یه جارێك ڕوویانداوه؟ ئه‌م جه‌نگه جیاوازی له‌گه‌ڵ جه‌نگه‌كانی تری دوای جه‌نگی جیهانی دووه‌م چیه؟ بێگومان واقیع و فاكتی له ئارادابوو پێمان ده‌ڵێت لایه‌نی سه‌ره‌كی ئه‌م جه‌نگه بریتیه له ڕووسیا-ئه‌مریكا (ناتۆ)، نه‌ك (ڕووسیا-ئۆكراینا). له كاتێكدا له مه‌یدانی جه‌نگدا هیچ سه‌ربازێكی (ئه‌مریكی) یان هێزه‌كانی (ناتۆ) بوونی نیه‌و ته‌نانه‌ت (ناتۆ) ڕایگه‌یاندووه كه نیاز‌و پلانیان نیه به‌شێوه‌یه‌كی پراكتیكی به‌شداری شه‌ڕه‌كه بكه‌ن، ئه‌مه‌ش به‌هاو واتایه‌كی تری به جه‌نگه‌كه به‌خشیووه‌و به‌رته‌سكی كردۆته‌وه بۆ جه‌نگێكی ناوچه‌یی. له دوای قۆناغه‌كانی جه‌نگی جیهانی دووه‌م و لاوازبوونی (سۆڤیه‌ت) و هه‌روه‌ها دابه‌شبوون و كۆتایی هاتن به هه‌ژموونه‌كه‌ی له ساڵی (1991)وه، (ئه‌مریكا) و (خۆرئاوا) به گشتی وه‌ك تاكه هێزی جیهانی مانه‌وه‌و به‌هێزبوون، به‌ڵام دووباره‌و هێدی هێدی گه‌شه‌كردن و به‌هێزبوونه‌وه‌ی (ڕووسیا) جارێكی تر هزرو بیركردنه‌وه‌ی سیاسیانه‌ی (ئه‌مریكی) و خۆرئاواییه‌كانی ئاڵۆز كرده‌وه، ئه‌مه‌ش پتر تۆخ بووه‌وه‌و بووه جێی مه‌ترسی كاتێك سه‌ركرده‌و سیاسیه‌كی وه‌ك (ڤلادێمیر پۆتن) ڕابه‌رایه‌تی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ی ده‌كرد، ڕۆژ به ڕۆژ كێرڤ و توانای سیاسی ڕووی له هه‌ڵكشان بوو تا گه‌یشت به‌و ئاسته‌ی بوو به كاریزمایه‌ك بۆ ڕووسه‌كان و به‌شێك له هاوپه‌یمانه‌كانی. ڕووداوه‌كانی (11)ی سێپتێمبه‌رو دواتر ڕووخاندنی حكومه‌ته‌كانی (ئه‌فغانستان و عیراق) هۆكاربوو بۆ ده‌ركه‌وتنی جوڵه‌و نمایشه‌كانی ڕووسه‌كان، ئه‌ویش له په‌نا ئه‌و بۆشاییه‌ی یان سه‌رقاڵبوونه‌ی ئه‌مریكی و ئه‌وروپیه‌كان به كێشه‌كانی عێراق و ئه‌فغانسانه‌وه. ئه‌نجامی ئه‌م گه‌شه‌كردنه‌ش پتر له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌كانی (به‌هاری عه‌ره‌بی) و دروستبوونی كێشه‌كانی (سوریا) ده‌ركه‌وتن، كاتێك (ڕووسیا) به ڕابه‌رایه‌تی (پۆتن) توانی هێزو توانای خۆی له (سوریا) تاقیبكاته‌وه‌و وایكرد حكومه‌تی سوریا (ئه‌سه‌د) له‌سه‌ر ته‌ختی فه‌رمانڕه‌وایی بمێنێته‌وه‌و نه‌یارانی (ئۆپۆزیسیۆنی سوریا-سوپای ئازاد)، له هێزێكی باڵا ده‌سته‌وه كه پشتیوانی خۆرئاوا‌و توركیایان هه‌بوو به خێرایی هه‌ڵوه‌رێت و زۆربه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی كۆنترۆڵیان كردبوو لێیان وه‌رگیرایه‌وه. ئه‌مه بۆ (ئه‌مریكا) تاقیكردنه‌وه‌یه‌ك بوو تا ئاستێك هێزو توانای ڕووسیایان بۆ ده‌ركه‌وت كه لایه‌نی كه‌م له‌وه تێگه‌یشتن كه له ئێستادا (ڕووسیا) ئه‌و هێزه‌یه كه له توانایدایه زیانی گه‌وره به به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی (ئه‌مریكا و خۆرئاوا) بگه‌یه‌نێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته (ئه‌مریكا) له‌سه‌ر حسابی لایه‌نه‌كانی تر، پێویستی به پلانێكی خێرا هه‌بوو بۆ كه‌م كردنه‌وه‌ی هێزو توانای (ڕووسیا) یان دروستكردنی به‌ربه‌ست له به‌رده‌میدا. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته به دوای ڕێگای پراكتیككردنی ئه‌و پلانه‌یدا گه‌ڕا، (ئۆكراینا)ش باشترین بژارده بوو بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی پلانه‌كه، كه ئه‌ویش له ڕاكێشان و تێوه‌گلاندنی (ڕووسیا) له جه‌نگێكی درێژخایه‌ندا خۆی ده‌بینێته‌وه، كه تێیدا كایه‌كانی (ئابووری، سه‌ربازی، مرۆیی، دیبلۆماسی) ڕووسیا ده‌كرێنه ئامانج و لاواز ده‌كرێن. ئه‌مه‌ش له كاتێكدایه (ڕووسیا) ده‌وڵه‌تێكه ئابووریه‌كه‌ی و ژێرخانی سوپاكه‌ی به‌و ئاسته به‌هێزنیه كه بتوانێت له ئاست (ئه‌مریكا و خۆرئاوا) بێت، هه‌روه‌ها ئاستی ئابووری و خۆشگوزه‌رانی هاونیشتمانیانی لاوازه‌و چه‌ندین ملیۆن (ڕووسی) له خوار هێڵی هه‌ژاریه‌وه ده‌ژن. ئه‌مریكا ده‌ستپێكی پلانه‌كانی له‌وه‌وه ده‌ستپێكرد كه له ڕێگای (ناتۆ)وه به هاوكاریكردنی زیاتری (ئۆكراینا) هه‌وڵی وروژاندن و هه‌راسانكردنی (ڕووسیا)ی ده‌دا، ئه‌گه‌رچی (ڕووسیا) زۆر دانی به‌خۆیدا ده‌گرت، خۆی ده‌پاراست له كاردانه‌وه‌و په‌رچه‌كردار، به‌ڵام دواجار نیازی (ئه‌مریكا) بۆ ڕاكێشانی (ئۆكراینا) بۆ ناو (ناتۆ) و دانانی موشه‌كه دوورهاوێژه‌كان و چه‌كه ئه‌تۆمیه‌كان له‌سه‌ر خاكی (ئۆكراینا) به ته‌واوی هۆكار بوو بۆ ئه‌وه‌ی (ڕووسیا) چیتر دان به‌خۆیدا نه‌گرێت. چونكه (پۆتن) هۆشیاره‌و له‌وه تێگه‌یشت كه به ئه‌ندامكردنی (ئۆكراینا) له (ناتۆ) به واتای به ئه‌مریكاییكردنی خاكی ئۆكراینایه، چونكه ئه‌مریكا له جوڵه پێكردنی هێزو چه‌كه‌كانی له‌سه‌ر خاكی وڵاتانی ئه‌ندام له (ناتۆ) ئازاده، بێگومان له‌م ڕێگایه‌وه (ئه‌مریكا) ده‌یتوانی له ڕێگای (ناتۆ) و هاوپه‌یمانه‌كانی به ته‌واوی گه‌مارۆیی ئاسمانی، ئاوی و وشكانی (ڕووسیا) بدات و بچوكترین جوڵه‌كانی ڕووسیا كۆنترۆڵ بكات. بۆیه ئه‌مریكا له دیاریكردنی (ئۆكراینا) وه‌ك مه‌یدانی ململانێ له‌گه‌ڵ (ڕووسیا) له‌وه دڵنیابوو كه ئه‌گه‌ر ڕووسیا كاردانه‌وه‌ی هێز به‌كاربهێنێت زیان ده‌كات و ئه‌گه‌ریش بێ كاردانه‌وه بێت و ڕێگا بدات (ئۆكراینا) ببێته ئه‌ندام له (ناتۆ) ئه‌وا له‌م لایه‌نه‌شه‌وه هه‌ر زیان ده‌كات، چونكه (ئه‌مریكا) به‌بێ هیچ به‌ر به‌ستێك ئه‌چێته سه‌ر سنووره‌كانی ڕووسیا. دواجار ڕووسیا به ناچاری بڕیاری هێرش و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ئه‌و پلانه‌یدا كه له دژی داڕ‌ێژرابوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له ده‌ستپێكی هێرشه‌كه‌وه (ڕووسیا) چاوه‌ڕوانی ده‌كردو پلانی بۆ دانابوو وا ده‌رنه‌چوو، كه ئه‌ویش بریتی بوو له كۆنترۆڵكردنی وڵاتی ئۆكراینا و ده‌ستگرتن به‌سه‌ر پایته‌ختدا له ماوه‌ی كه‌متر له دوو شه‌و و ڕۆژدا. لێره‌دا پێویسته ئاماژه به‌و هه‌ڵمه‌ته میدیاییه بكه‌ین كه چه‌ند ڕۆژێك پیش جه‌نگ ده‌زگا موخابه‌راتیه‌كانی (خۆرئاوا) به‌ڕێوه‌یان ده‌برد و بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان ده‌كرد (ڕووسیا) له ماوه‌ی شه‌و رۆژێكدا یان له‌وه‌ی 96 سه‌عاتدا ته‌واوی ئۆكراینا داگیر ده‌كات، ئه‌مه‌ش به‌شێك بوو له پرۆسه‌ی هاندان و ڕاكێشانی ڕووسیا، بۆیه دوور نیه (پۆتن) كه‌وتبێته ژێر كاریگه‌ری ئه‌و بانگه‌شه میدیاییه‌و وایدانابێت به ئاسانی ئه‌توانن ئامانجه‌كانیان بپێكن. به‌ڵام ته‌نیا یه‌ك ڕۆژ دوای هێرشه‌كان له (سێ) ڕووه‌وه ڕووسیا له‌وه تێگه‌یشت كه له‌گه‌ڵ (ئه‌مریكا و خۆرئاوا) چووه‌ته شه‌ڕ نه‌ك ئۆكراینا، یه‌كه‌میان دوای دوو ڕۆژ له شه‌ڕ ڕووبه‌ڕووی به‌رگری و به‌په‌رچدانه‌وه‌ی توند و كاریگه‌ر بوو كه خۆی له به‌گری زه‌مینی و هه‌روه‌ها به‌كارهێنانی دژه فرۆكه‌و دژه تانكی كاریگه‌ردا ده‌بینیه‌وه، كه بێگومان سه‌رچاوه‌كه‌یان ئه‌مریكا و خۆرئاوان، كه به ئاشكراش بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كه‌ن ڕۆژ به ڕۆژ چه‌كی زیاتر ئه‌ده‌ن به‌و وڵاته. دووه‌میان خۆی له كاردانه‌وه‌ی به كۆمه‌ڵی وڵاتانی جیهانیدا ده‌بینێته‌وه به تایبه‌تی له‌و هه‌ڵمه‌ته به‌رفراوانه‌ی سزا دارایی و ئابووریه‌كان كه به‌سه‌ر ڕووسیادا دران و به‌رده‌وامیش ده‌بن. سێیه‌میان، له ده‌ستپێكی ئه‌م جه‌نگه‌وه‌كه‌وه به‌پێی ئه‌م دوو خاڵه‌ی سه‌ره‌وه (ڕووسیا) له‌وه تێگه‌یشت كه ئه‌م جه‌نگه درێژه ده‌كێشێت، كه بێگومان ئه‌مه‌ش له به‌رژه‌وه‌ندی ڕووسیادا نیه‌و هۆكار ئه‌بێت بۆ ماندووبوونی هێزی ڕووسیا و هه‌روه‌ها به‌فیرۆدانی داراییه‌كی زۆر له خه‌رجی جه‌نگ و سوپا. ئه‌نجامی ئه‌م سێ خاڵه وه‌ك شۆكێكن بۆ ڕووسیا، بۆیه له ئێستادا (ڕووسیا) له‌ناو گێژاوێكی تونددا ده‌ژی و هاتنه ده‌ره‌وه لێی كارێكی ئاسان نیه‌و ته‌نانه‌ت ئه‌سته‌مه. له ڕوانگه‌ی ڕووسیاوه ئۆكراینا به‌شێكه له زه‌وییه‌كانی ڕووسیای مه‌زن، بۆیه ئه‌م جه‌نگه ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ی یه‌كلا كرده‌وه كه هه‌تا ئێستاش فه‌رمانڕه‌وای سیاسه‌تی جیهانی ئه‌مریكایه، چونكه توانیویه‌تی له چوارچێوه‌ی قه‌ڵه‌مڕه‌وی هێزو له‌ناو سنووری ڕووسیای مه‌زندا (پۆتن) بخاته ناو جه‌نگێكه‌وه كه توانای به‌سه‌ریدا نیه‌و هۆكاره بۆ پاشه‌كشه‌ی سیاسی و ئابووری و دیبلۆماسی روسیا. به واتایه‌كی تر له‌م جه‌نگه‌دا پاشه‌كشه و لاوازبوونی (ڕووسیا) به واتای دووباره گه‌ڕانه‌وه‌یه‌تی بۆ ئه‌و ڕه‌وشه‌ی له ساڵانی نه‌وه‌ده‌كان تێیدا ژیاوه، به‌ڵام به ڕێژه‌و فۆڕمی جیاوازتر. ئه‌م جه‌نگه ڕاستیه‌كی تری تاڵی بۆ ڕووسه‌كان و (پۆتن) ئاشكرا كرد، ئه‌ویش به‌هێزی ده‌زگای موخابه‌راتی ئه‌مریكی و خۆرئاوایه له قوڵایی ده‌زگای موخابه‌راتی ڕوسیدا، چونكه پێش ڕوودانی جه‌نگ چه‌ندین جار (پۆتن) و وته‌بێژی كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی ڕووسیا نكوڵیان له ئه‌نجامدانی هێرش ده‌كرد، به‌ڵام ئه‌مریكا به‌شێوه‌یه‌كی ڕه‌هاو یه‌كلاكه‌ره‌وه باسیان له كاتی هێرشه‌كه‌و شێوازی هێرشه‌كه ده‌كرد، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌وان خۆیان له‌ناو پلانی داڕشتنی هێرشه‌كه‌دا بووبن. له كۆتایشدا هه‌مان ئه‌و شێوازه بوو كه ئه‌وان له ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه باسیان لێوه ده‌كرد. له‌لایه‌كی تره‌وه به‌م جه‌نگه (ئه‌مریكا) توانی پتر واقیعیه‌ت و ڕه‌وایه‌تی به ده‌وڵه‌تبوونی ئۆكراینه‌كان بسه‌پێنێت و چه‌ند هه‌نگاوێكیتر له (ڕووسیا) دووری خستنه‌وه. له ئێستادا ئۆكراینه‌كان به چه‌كی (ناتۆ) و به پشتیوانی ئه‌مریكا شه‌ڕو به‌رگری ده‌كه‌ن، به‌ڵام هه‌موو ئه‌و به‌گریه له‌به‌رده‌م ویژدانی مرۆڤایه‌تی بۆ ئۆكراینه‌كان هه‌ژمار ده‌كرێت و ئه‌وان وه‌ك پاڵه‌وان سه‌یر ده‌كرێن، چونكه له هه‌مانكاتدا وێنه‌ی قوربانیان هه‌یه، بۆیه‌ش مرۆڤایه‌تی سۆزی بۆ ئه‌وان هه‌یه نه‌ك ڕوسه‌كان. به‌رده‌وامیان له به‌رگری و پاشه‌كشه‌كردن به ڕوسه‌كان وا ده‌كات چه‌ند هه‌نگاوێكی زیاتر له جاران په‌لبهاوێن و هه‌وڵی زیاتر بده‌ن بۆ سه‌لماندنی خۆیان. كه‌سایه‌تی (پۆتن) و ئه‌و غرووره سیاسیه‌ی (ڕووسیا) هه‌یه‌تی، ئه‌گه‌ر به هه‌ر باج و زیانێك بێت هه‌وڵده‌ده‌ن كۆنترۆڵی ته‌واوی خاكی (ئۆكراینا) بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ڕوونه ئه‌وه‌یه ئه‌و داگیركارییه له دوور مه‌ودادا به زیانێكی مه‌زن له بواره‌كانی (ئابووری، سه‌ربازی و دیبلۆماسی) بۆ ڕووسیا ته‌واو ده‌بێت تا ده‌گات به‌و ئاسته‌ی كه ڕووسیا توانای هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌ربازی گه‌وره‌ی نه‌مێنێت. لێره‌دا دێینه سه‌ر وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی كه ئایا ئه‌م جه‌نگه هێمایه بۆ ڕوودانی جه‌نگی جیهانی سێیه‌م؟ یاخود ئایا مرۆڤایه‌تی له‌به‌رده‌م ئان و ساتی ڕوودانی جه‌نگی حیهانی سێیه‌مدایه؟ ئایا زلهێزه‌كانی جیهان ئه‌و به‌رپرسیارێتیه هه‌ڵده‌گرن كه جه‌نگه‌كه نه‌گات به‌و ئاسته؟ ئه‌وه‌ی ڕوونه ئه‌وه‌یه كه هه‌ر چه‌نده شه‌ڕه‌كه دژوار بێت، ناگات به‌و ئاسته‌ی له‌لایه‌ن ڕوسه‌كانه‌وه چه‌كی ئه‌تۆمی به‌كاربێت، چونكه به‌پێی ئه‌و هاوكێشه‌یه‌ی باسمان كرد، ئه‌نجامی ئه‌و شه‌ڕه ئه‌وه‌یه كه (ڕووسیا) تێیدا لاواز ده‌بێت، له دۆخی لاوازیشدا ناتوانێ په‌نا ببات بۆ به‌كارهێنانی چه‌كی ئه‌تۆمی، له‌لایه‌كی تریشه‌وه (ئه‌مریكا و ناتۆ) له‌گه‌ڵ (ڕووسیا) له ڕووی شه‌ڕی پراكتیكیه‌وه ناچنه ئه‌و ئاسته كه (ڕووسیا) ناچار بێ یان به‌هانه‌ی ئه‌وه‌ی بكه‌وێته ده‌ست ئه‌و چه‌كه به‌كاربهێنێت، به پێچه‌وانه‌وه ڕێگاكانی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ (ڕووسیا) ته‌نیا له دوو چه‌مسه‌ردا ده‌هێڵنه‌وه، كه یه‌كه‌میان بریتی ده‌بێت له شه‌ڕی به وه‌كاله‌ت كه له ئێستادا به ئۆكراینه‌كان سپێردراوه‌و له درێژه‌ی شه‌ڕه‌كه‌شدا گروپ و لایه‌نی تر ده‌رده‌كه‌ون كه ئه‌و شه‌ڕه به وه‌كاله‌ته‌یان پێده‌سپێردرێت، بۆ نموونه (چیچان)یه ئیسلامیه توندڕه‌وه‌كان كه له ئێستادا له (چیچان) ده‌ركراون و (ئه‌مریكا) لای خۆی پاراستوونی بۆ كاته پێویسته‌كان. دووه‌میان به‌رده‌وامیدانه به‌و سزا ئابووری و داراییه بانكییه گشتگیرانه‌ی كه به‌شێوه‌ی گه‌له‌كۆمه‌كی له هه‌موو لایه‌كه‌وه ئاراسته‌ی ڕووسیا ده‌كرێن و قورسترن له‌و جه‌نگه‌ی كه (ڕووسیا) له واقیعدا به‌ڕێوه‌ی ده‌بات. ئه‌مه به‌و واتایه‌یه كه ئه‌مریكا زۆربه‌ی سه‌ره‌داوه‌كانی جه‌نگه‌كه‌ی له‌ژێر ده‌ستدایه و تا ئه‌و شوێنه درێژه‌ی پێده‌دات كه پێویسته و له خزمه‌ت لاوازكردنی ڕووسیادایه، ئه‌و پلانه‌ی ئه‌مریكا له پێناوی ئه‌وه‌دا بوو كه ئه‌وه‌ی ڕووسیا له (سێ ده‌ی)ه‌ی ڕابردوودا كۆیكرده‌وه‌و هه‌وڵی خۆ به‌هێزكردنه‌وه‌یدا له‌م جه‌نگه‌دا وه‌ك میزڵدانێكی فوتێكراو به‌تاڵبكرێته‌وه. به‌مه‌ش چه‌ند ئامانجێك ده‌پێكێت كه سه‌ره‌كیتریان بریتیه له ته‌نها هێشتنه‌وه‌ی (چین) له مه‌یدانه‌كه‌دا، چونكه دواجار ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌و هێزه‌ی (چین) ده‌یه‌وێ له دژی ئه‌مریكا بیخاته مه‌یدان، دواجار به‌شێكی زۆری پشت ئه‌ستوورو پشت به‌ستووه به هه‌یمه‌نه و توانای سیاسی و سه‌ربازی ڕووسیاوه، به‌ڵام كاتێك ڕووسیا له‌م ڕووانه‌وه په‌لوپۆ ده‌كرێت، ئه‌وا به واتای بڕینی ده‌مارێكی جه‌سته‌ی هێزو ئابووری (چین)ه. ئامانجێكی تری بریتیه له لاوازكردنی (ڕووسیا) تا ئه‌و ئاسته‌ی كه چیتر نه‌بێته هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر (یه‌كێتی ئه‌وروپا)، كه خۆیان به نه‌ته‌وه‌ی ڕێزلێگراو و خاوه‌ن شكۆ‌و خاوه‌ن شارستانیه‌ت ده‌زانن، به‌ڵام له‌م دوو ده‌یه‌یه‌ی ڕابردوو گیریان خواردبوو به ده‌ست سه‌ركێشی و هه‌ڕه‌شه‌كانی ڕووسیاوه. له كۆتایداو له‌و شوێنه‌دا كه جه‌نگه‌كه درێژه ده‌كێشێت و به زیانی (ڕووسیا) ته‌واو ده‌بێت، ئه‌مریكا به هه‌مووان ده‌ڵێت هێشتا زووه بۆ گره‌و كردن له‌سه‌ر مه‌رگی (ئه‌مریكا) و (سیسته‌می سه‌رمایه‌داری)، به‌ڵكو پێویسته هه‌مووان بزانن بنه‌ماكانی ئه‌م سیسته‌مه به جۆرێك داڕێژراون كه له ڕێگه‌ی خۆ كوشتن و خۆ له‌ناو بردنی نه‌یارو دوژمنه‌كانیه‌وه درێژه به مانه‌وه‌و به‌هێزبوونی خۆی ده‌دات. *ماسته‌ر له فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی
د. كامەران مەنتك 1\ 3\2022 گومانی تیا نیە، كە گەلی ئۆكرانیا زەرەمەندی یەكەمە لەو شەڕەی دایساوە، ئەوان خوێنیان دەڕژێ وئازارەكان دەچێژن ودەربەدەر دەبن وماڵیان وێران دەبێت، ئەوە كرۆكی ئەو شەڕەیە، كە میدیاكان دەیڕازێننەوە وبەشان وباڵی هەڵدەدەن، ئەو شەڕە نەگریسە لەبەرژەوەندی هەموو كەسێك دا بێت لەبەرژەوەندی گەلی ئۆكرانیا نییە، ئەو فرمێسكەی رۆژئاواییەكان بۆ گەلی ئۆكرانیای دەڕێژن فرمێسكێكی تیمساحیە، لەسەرەوە بۆی دەگریەن ولەژێرەوە ئاگرەكەی خۆش دەكەن!. ئەوان هانی ئەو شەڕە دەدەن، بۆئەوەی بارزگانی وماشێنی پیشەسازی شەڕی ئەوان باشتر وەرچەرخێت، ئەوان چەك دەدەنە خەڵكی ئۆكرانیا، یارمەتی داراییان دەدەن، بۆئەوەی لەپەنای بەرگری لە نیشتمانەوە باشتر بكوژرێن وباشتر بكوژن، گەرمكردنی ئاگری ئەو شەڕە لەلایەن میدیاكانی رۆژئاواوە، تەنیا بۆئەوەیە شەڕەكە زیاتر بكێشێت وبەرژەوەندیە داراییەكانی ئەوانیش باشتر مسۆگەر بێت وقازانجی زیاتر بەدەست بێنن. ئەوەی جێگای سەرسامیە سەرباری ئەوەی خەریكە شەڕ هەموو خاكی ئۆكرانیا دەگرێتەوەو رۆژ بەرۆژ رووبەڕەكەی فراوانتر دەبێت وخەریكە تەڕو وشك بەیەكەوە بسووتێنێت، كەچی هیچ بەرژەوەندیەكی بازرگانانی شەڕ، بازرگانە ئەوروپیەكان نەكەوتۆتە مەترسیەوە، تاوەكو ئێستا ژێرخانی ئابووری ئۆكرانیا بەهەموو شێوەیەك خاپوور دەكرێت، تەنیا ئەو بۆڕیانە نەبێت، كە گازی روسی بۆ وڵاتانی ئەوروپا دەگوازێتەوە، بەرژەوەندی روس وئەوروپیەكان لە پاراستنی ئەو بۆڕیە گازانە یەكدەگرێتەوە، ئەگەر روسیا شەپۆڵی گازی خۆی بۆ ئەوروپا رابگرێت، ئەو كاتە پیشەسازی وبازرگانی وتەنانەت ژیانیش لەئەوروپا زەرەمەند دەبێت، ئەگەر ئەوروپاش چیتر گازی روسیا نەكڕێت، ئەوە گەورەترین سەرچاوەی دارایی روسیا وشك دەبێت ورەنگ بێت ببێتە هۆكارێك بۆ راگرتنی شەڕ، بۆیە هەردوو لاباسی هەموو شتێك دەكەن، باسی ناردنی بۆمب وتانك وپارەو هەموو شتێك دەكەن، بەڵام هەرگیز خۆیان لەقەرەی باسی بۆڕیە گازەكان نادەن، ئەوەیە بێ ئەخلاقی ئەوەی پێی دەڵێن زلهێزەكان وكۆمەڵگای نێودەوڵەتی، دەبوایە سیاسەتمەدارەكانی ئۆكرانیا زوو دركیان بەو راستیە بكردبوایە، هەرچەندە رەنگ بێت وەك سیاسیەكانی لای خۆمان دركیشیان پێكردبێت وبەڵام ئەوانیش ئیرادەیان لەدەست خۆیان نەبووبێت، یاخود نەمابێت!.
ئەمین بەكر ئەمڕۆ مسرور بارزانی دەڵێت دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق نادەستورییە!! دەسەڵاتدارانی هەرێم كە نازانن چۆن‌و بەچ بیانویەك لەژێر باری بەرپرسیارێتی پابەند نەبوون بەبڕیارەكەی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراقی تایبەت بە ندەستوریبوونی گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێم خۆیان رزگاربكەن، ئێستا پەشیمان بونەتەوەو تانە لەدەستوریبوونی دادگای باڵای فیدڕاڵی ئەدەن، كە بەڕێككەوتنی خۆیان دووبارە پێكهاتەوە!! رەنگە من لەبابەتی ئەوەی كە دادگاكە بەوشێوازەی ئێستای دەستوری نییە، هاوڕابم، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئەگەر دەسەڵاتدارانی هەرێم دەیانزانی دەستوری نییە بۆچی كاتی خۆی لە ئەنجومەنی نوێنەران ڕازی بوون لەسەری‌و دەنگتان پێدا، فراكسیۆنەكەتان كە جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجومەن ه‌ی ئێوە بوو رێككەوتنتان لەسەر كرد‌و ڕازی بوون پێی، لەگەڵ فراكسیۆنی یەكێتی‌و بەشێكی تریش لە پەرلەمانتارانی كوردی فراكسیۆنەكانی تر دەنگتان پێدا. سەرەتا دەبێت بزانین بەپێی بڕگەی ۲ ی مادەی ۹۲ دەستوری ئێستای عێراق، دەبوایە لەدوای دەركردنی دەستور، یاسایەكی تایبەت بە دادگای فیدڕاڵی دەربكرایەو پێكهاتەی دادگاكەو ئەركەكانی بەوشێوەیە رێكبخستایە كە دەستور لەمادەی ۹۲ و۹۳دا دیاریكردووە، و هەر بەپێی دەستوریش بۆ دەركردنی ئەو یاسایەش دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەن پێویست دەبێت. واتە دەبوایە لەدوای دەركردنی دەستورەوە ئەو دادگای فیدراڵییەی كە لەسەرەتاكانی ساڵی ۲۰۰٥ی پێش ڕاپرسی لەسەر دەستور، بە فەرمانی ژمار ۳۰‌ی دەسەڵاتی ئیئتیلاف دروستكرابوو، هەڵبوەشایەتەوەو یاسایەكی نوێ بەپێی دەستوری نوێ دەركرابا، ئەوە بوو لەساڵی ۲۰۰۷ەوە پرۆژەیاسایەك بۆ پێكهێنانی دادگای باڵای فیدراڵی نێردرایە ئەنجومەن، بەڵام هێزو لایەنە سیاسییەكان بەگشتی‌و پێكهاتەكان نەدەگەیشتنە رێككەوتن لەسەری، بەمشێوەیەش دادگاكەی پێشوو بەردەوام بوو لەكاركردن و، بێجگە لەهەندێك بۆڵەبۆڵ كەس نەیدەوت ئەم دادگایە نادەستوریە كە دەبوایە بەجدی بوترایە، ئەو خاڵانەی كە رێگربوون لەدەركردنی یاساكەو جێگای ناكۆكی بوون، لەوەی پێكهاتەكان بگەنە رێككەوتن لەسەری، بەشێوەیەكی گشتی دوو خاڵ بوون: یەكەمیان: شێوەی دەنگدان‌و بەشداری پێكهاتەكان، بەتایبەت كورد داوای زۆرینەیەكی ڕێگر یاخود دەسەڵاتی ڤیتۆی دەكرد بۆ ئەندامە كوردەكانی ئەو دادگایە لەو بابەتانەی پەیوەندیان بەهەرێمەوە هەیە، شیعە بەتایبەت‌و هێزە عەرەبییەكان بەگشتی ئەو داوایەیان رەتدەكردوە. دووەمیان: پێكهاتەی دادگاكە بوو كە وەك لە دەستور دیاریكراوە، دەبێت شارەزای ئیسلامی‌و شارەزای یاسایی تێدابێت، بێجگە لە دادوەرەكان، شیعەكان بەتایبەت‌و هێزە ئیسلامییەكان بەگشتی داوایان دەكرد هەبن‌و هێزەكانی تر كە ئیسلامی نەبوون، ڕەتیان دەكردەوە لە كورد‌و سونەو شیعەش. بەمشێوەیە ئەو یاسایە هەموو دەورەیەكی هەڵبژاردن دەهاتە ئەنجومەن‌و گفتوكۆی زۆری لەسەر دەكراو دەرئەنجام پێكهاتەكان نەدەگەیشتنە رێككەوتن لەسەری، بەتایبەت لەبەرئەوەی پێویستی بەدەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەن بوو، نەدەتوانرا بەبێ رێككەوتن لەنێوان هەرسێ پێكهاتەكە، ئەو یاسایە تێپەڕێت‌و بەمشێوەیەش دادگاكەی سەردەمی پۆل بریمەر بەردەوام بوو لەكار. لەساڵی ۲۰۱۹ دادگاكە بەهۆی خانەنشینبوونی یەكێك لە ئەندامەكانی‌و كێشەی نێوان سەرۆكی دادگای باڵای فیدراڵی‌و سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەریی عێراق‌و دواتریش مردنی یەكێكی تری ئەندامانی دادگای فیدراڵی، بەتەواوی لەكاركەوت، بۆ چارەسەری ئەو بابەتە لایەنە شیعەكان بیرۆكەیەكیان هێنایە ئەنجومەن كە پێشتر كەس زاتی نەدەكرد شتی وابڵێ، ئەویش وازهێنان بوو لەدەركردنی یاسایەكی نوێی تایبەت بەدادگای باڵای فیدراڵی‌و لەبری ئەوە تەنها هەمواری بڕیاری دەسەڵاتی ئیئتلافی كاتی بریمەری ژمارە ۳۰‌ی ساڵی ۲۰۰٥ بكەنەوە، وە ئیدعای ئەوەیان دەكرد كە گوایە ئەو هەموارە پێویستی بەجێبەجێكردنی مەرجە دەستورییەكان نییە، واتە نە دوو لەسەر سێی دەنگی دەوێت‌و نە مەرجە شارەزایانی شەرع‌و یاساش ببنە ئەندامی دادگاكە، ئەوكات ئێمە وەك دەستەیەك لە راوێژكاران گفتوگۆی ئەو پرۆژەیەمان كرد هەستم كرد تەوافقێكی شیعی سوننی لەسەرە، بۆیە من زۆر بەحەماسەوە دژی وەستام‌و باسی ئەوەم كرد كە ئەوە پێچەوانەی دەقی ئاشكرای بڕگەی ۲ی مادەی ۹۲ی دەستورەو تەنانەت بەڵگەی ئەوەشم بۆ هێنانەوە كە بەپێی بڕیارێكی پێشووتری دادگای باڵای فیدراڵی كە پێشتر لەوەڵامی پرسیارێكی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سلیم الجبوری دابووی، ((بۆ هەر هەموارێك یاخود دەنگدان لەسەر هەمواری هەر بڕگەیەكی یاسایی دادگای باڵای فیدراڵی، مەرجە دەنگی دوولەسەر سێ هەبێت))، واتە بەپێی ئەو بڕیارەش بێت هەر هەموارێك نادەستورییە، ئەوكات پرۆژەكە بێدەنگەی لێكرا، تا ئەوە بوو لەكاتی خۆئامادەكردن بۆ هەڵبژاردنی ئەم خولەی ئێستای ئەنجومەنی نوێنەران، دووبارە ئەم بابەتەیان هێنایەوە پێش، بەتایبەت كە دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان بەپێی بڕگەی ۷ی ماددەی ۹۳ی دەستور پێویستی بە پەسەندكردنی دادگای باڵای فیدراڵی دەبێت، بۆیە ئەمجارە لەبری ئەوەی كورد سود لەو دەرفەتە ببینێت‌و بیكاتە مەرج یاساكە بەپێی دەستور دەربكرێت‌و شێوازی دەنگدانی بەوشێوەیە بوایە كە گرەنتی پاراستنی مافە دەستورییەكانی هەرێم بێت، بەپێچەوانەوە هات سازشی كرد‌و ڕازی بوو بەوەی یاسای ژمارە ۲٥ی ساڵی ۲۰۲۱ی دادگای فیدراڵی بە نادەستوریی‌و بەزۆرینەی ئاسایی تێپەڕێنرێت‌و پێكهاتەی دادگاكەو، شێوازی دەنگدانیش بەوشێوەیە بمێنێتەوە كە پێشتر هەبووە، لەبەرامبەریشدا دوو دادوەری كورد یەكێكیان پارتی‌و ئەوی تریان یەكێتی كاندیدیان بكات‌و ببنە ئەندامی دادگاكە، و پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانیش دەنگیان پێدا. واتە ئەوە پارتی‌و یەكێتی بوون كە ئەوكات زۆرینەی پەرلەمانتارانی كوردیان پێكدەهێنا وازیان لەو مافە دەستورییە هێناوە، و ئێستاش كاتێك گڕی ئاگرەكە گەیشتوەتە بەرژەوەندییە تایبەتییەكانیان دادگاكە بە نادەستوری دادەنێن.
خه‌ڵات عومه‌ر به‌شى یه‌كه‌م گرنگترین ئه‌وپرسیاریانه‌ى كه‌ڕه‌هه‌ندى ژیارى وفه‌لسه‌فیان هه‌یه ئه‌وپرسیارانه‌ن كه‌ڕاسته‌وخۆ بایه‌خیان بۆژیانى مرۆڤ هه‌یه. زاراوه‌ى ((ژیانى مرۆڤ)) به‌و واتایه نا كه‌مرۆڤ چه‌قى به‌هاو بوونى گه‌ردوونه، به‌ڵكو به‌و واتایه‌ى كه مرۆڤ له ژیانى دا به‌شداره له ژیاریكردن له‌ناو گه‌ردوون و له‌سروشتیشدا. یاخود به ده‌ربڕینێكى تر" مرۆڤ له‌گه‌ڵ بوونه‌وه‌ره‌كانى تر‌و له‌گه‌ڵ كۆیى سروشتدا، گه‌ردوون پێك ده‌هێنێت" ئه‌گه‌رچى تێزه زانستیه‌كان ده‌یسه‌لمێنن مرۆڤ ئه‌قڵدارترین بوونه‌وه‌ره‌كانه، به‌ڵام لێره‌دا باپرسیارێكى گوماناوى تۆماربكه‌م و ئاڕاسته‌ى مرۆڤى بكه‌م. " باشه ئه‌گه‌ر مرۆڤ ئاقڵترین بوونه‌وه‌ره‌كانه، ئه‌ى بۆچى له‌گه‌مژه‌ترین بوونه‌وه‌ره‌كان زیاتر زیانى به سروشت گه‌یاندووه"؟! له‌ڕاستیدا هیچ كه‌سێك وه‌ڵامى ئه‌م پرسیاره‌ى من ناداته‌وه له‌به‌رئه‌وه‌ى بیركردنه‌وه‌ى مرۆڤپه‌روه‌رانه به‌جۆرێك له خۆپه‌رستى و فاشیزم بارگاوى بووه و، له‌ناو جوغزێكدایه كه نه باكى به بوونه‌وه‌ره‌كانى تره وه هه‌یه‌و، نه باكى به‌سروشته‌و، نه‌باكى به‌هه‌مووگه‌ردوونه! نامه‌وێت بابه‌ته‌كه له‌تۆى خوێنه‌ر ئاڵۆزبكه‌م، له‌وانه‌م كه بۆباسكردنى بابه‌تى ئاڵۆز‌و سه‌خت ده‌مه‌وێت چه‌ند له ده‌ستم بێت ئاسانكارى بكه‌م. ڕایه‌كى ((هاشم ساڵح))ى بیرمه‌ندى عه‌ره‌ب هه‌میشه سه‌رسامم ده‌كات كه‌ده‌ڵێت "یه‌كێك له‌كێشه‌ى ڕۆشبیران و خوێنده‌وارانى عه‌ره‌ب ئه‌وه‌یه كه به‌زمانێك قسه‌ده‌كه‌ن، كه خه‌ڵك لێیان تێ ناگات، له‌كاتێكدا مه‌لاو پیاوانى ئاینى بۆیه گره‌ویان بردۆته‌وه به‌زمانى ساده‌وساكارى خه‌ڵك قسه‌ده‌كه‌ن"! بابه‌تى ((شێوازى ژیان)) له‌م سه‌رده‌مه‌دا زۆرساده‌كراوه‌ته‌وه، به‌ڵام له خۆى دا بابه‌تێكى پڕگرنگه، ئاڵۆزوسه‌خته‌و پێویستى به‌كۆڵین وشرۆڤه و لێدوان هه‌یه. بابه‌تێكه زانستى بازڕكرد ساده‌ى ده‌كات، بۆئه‌وه‌ى بڵێت كێشه‌یه‌كى گه‌وره له‌گۆڕى نیه، له‌ڕاستیدا گه‌وره‌ترین كێشه له گۆرێیه، به‌ڵام بۆئه‌وه‌ى ده‌رهه‌ق كێشه‌كه‌بێین پێویسته به قوڵى، به‌قوڵاییدا بچین و به‌ساده‌ى قسه بكه‌ین و ڕ‌ونى بكه‌ینه‌وه. بڕوانه له‌م سه‌رده‌مه‌دا ((شێوازى ژیان))ى باش ونمونه‌ییت چۆن بۆباس ده‌كه‌ن "بڕۆ بۆ هۆڵه‌كانى وه‌رزش، ئه‌لكهول به‌كارمه‌هێنه و جگه‌ره مه‌كێشه، شه‌ش مانگ جارێك تاقیكردنه‌وه‌یه‌كى پزیشكى ئه‌نجام بده، ئه‌و ده‌رمانانه‌ى پزیشك بۆت ده‌نووسێت له‌كاتى خۆیاندا بیخۆ" باتۆزێك به‌یارمه‌تى پزیشكه‌كان كه دڵنیام هه‌موویان بازرگان نین و تێیاندایه حه‌كیمن و كارێكى پیرۆزده‌كه‌ن، له سه‌ر ئه‌م شێوازه نمونه‌ییه‌ى ژیان كه هه‌ڵیان بژاردووه چه‌ند سه‌رنجێك تۆماربكه‌م. یه‌كه‌م؛ بچۆ بۆ هۆڵه‌كانى وه‌رزشكردن، مه‌چۆ! بۆچى ؟! ئامێره‌كانى هۆڵى وه‌رزشكردن له چى پێكهاتوون؟ له‌لاسایكردنه‌وه‌ى پێچه‌وانه‌ى كارى جومگه‌و ماسولكه‌كانى تۆن! شۆڕشى پیشه‌سازى كه‌بریتیه له گه‌وره‌ترین پێشكه‌وتنى مرۆیى لاسایى كردنه‌وه‌ى باسك و جه‌سته‌ى تۆیه، ئامێرى دروستكردنى هه‌ڵم كه كارگه‌و شه‌مه‌نده‌فه‌رو دینامكیه‌ت دروست ده‌كات بۆ جوڵه‌ى به‌رده‌وام لاساییكردنه‌وه‌ى جه‌سته‌ى تۆیه، ئه‌مانه‌ن به‌رده‌وامى دروست ده‌كه‌ن و جوڵه دروست ده‌كه‌ن و به‌رهه‌م وبه‌رده‌وامى دروست ده‌كه‌ن. ئه‌م ئامێرانه، ئه‌م جوڵه پیشه‌سازیه به‌ماشێن وزۆر له‌هۆكاره‌كانى تر‌ى به كارگه‌كردن وگواستنه‌وه، هه‌موویان بوون به‌هۆى ئه‌وه‌ى تۆ جوڵه‌ت كه‌م ببێته‌وه، ماسولكه‌كانت بپوكێنه‌وه وجومگه‌كانت نه‌خۆش بكه‌ون و كێشت زیادبكات وته‌نت لاوازبێت وده‌رده‌داربیت، ئه‌مه‌ش له‌ڕوى ده‌رونى وساغڵه‌مى ئه‌قڵیه‌وه بارت گران بكات. بۆچى ده‌چى بۆهۆڵه‌كانى وه‌رزش؟! بۆئه‌وه‌ى كێشت داببه‌زێت و چه‌وریه‌كانت بكه‌ى به‌ماسولكه‌و كالۆرى بسوتێنیت و سه‌غاڵه‌مى ده‌رونیت چاك بێته‌وه‌و ته‌ندروستبیت، له‌هۆڵه‌كانى وه‌رزش چى ده‌كه‌یت؟ ئامێره‌كانى تۆ به‌كاریان ده‌هێنیت چیت بۆده‌كه‌ن ؟! ئه‌وئامێرانه‌ى به‌كاریان ده‌هێنیت، له‌سه‌ربنه‌مایى به‌كارهێنانى جه‌سته وبه‌هێزكردنى ماسولكه‌كانت بنیات نراون و لاسایى كردنه‌وه‌ى ئه‌و دۆخه‌سروشتیه كه ئه‌گه‌ر ماشێن و شه‌مه‌نده‌فه‌رو هۆكاره‌كانى گواستنه‌وه نه‌بێت تۆ خۆت به شێوه‌یه‌كى ئاسایى به‌كاریان دێنیت! ده‌توانیت ئه‌وه‌ى یه‌كه‌میان نه‌كه‌یت و پێویستت به‌وه‌ى دووه‌م وهۆڵه‌كانى وه‌رزش نه‌بێت! پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه ئایه هیچ پزیشكێك پێت ده‌ڵێت، زۆر ئۆتۆمبێل و شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌كارمه‌هێنه؟ زۆر خواردنى دروستكراوى كارگه مه‌خۆ؟! ئایا پێت ده‌ڵێت ئه‌وشێوازه ژیانه‌ى كه‌به‌سروشتى پێڕه‌وت كردوه بیكه، وپێویستت به‌هۆڵه‌كانى وه‌رزش نابێت؟! بێگومان نایڵێت! دووه‌م؛ ئه‌لكهول مه‌خۆره‌وه وجگه‌ره مه‌كێشه، لێیان ته‌والابه‌و دوربه، هه‌ردوویان ده‌ردو دوون، به‌ڵام ئه‌و ڕاستیه‌ش بزانه هه‌ردوویان بۆ ته‌نى مرۆڤ و مێشك وساغڵه‌مى ده‌روونى به‌بڕى زۆركه‌م سودیان هه‌یه، ڕه‌نگه هه‌ردووكیان پێكیشه‌وه زۆربه‌كارهێنانیان نه‌ت كوژێت، به‌ڵام نان وشه‌كركه له‌وان خراپترن ئه‌گه‌رى تیانیه ده‌تكوژن، به‌ڵام چه‌ند پزیشك ئه‌م ڕاستیه‌ت پێ ده‌ڵێن؟! خوێ بخۆ، تێر كۆڕستڕۆڵیش بخۆ، به‌ڵام نان وشه‌كرو برنجى له‌گه‌ڵ مه‌خۆ، چونكه ئه‌وانن زیانت پێى ده‌گه‌ێنن نه‌ك چه‌ورى وخوێ! چ پزیشێك ئه‌مه ده‌زانێت ، یان ئه‌مه‌ت پێ ده‌ڵێت؟! سێیه‌م؛ شه‌ش مانگ جارێك تاقیكردنه‌وه‌یه‌كى پزیشكى بكه. به‌هه‌موو پێودانگه زانستیه‌كان ساغڵه‌مى ده‌رونى وئه‌قڵى پارسه‌نگى ڕاگرتنى ته‌نى باش و له‌ش ساغیه، بۆ نموونه تۆ ئه‌گه‌ر پێت بڵێن نه‌خۆشى دڵته، یان شێرپه‌نجه‌ته له ڕ‌وى ده‌رونیه وه‌به شێوه‌یه‌ك ده‌ساكێیت و ساغڵه‌مى ده‌رونیت تێك ده‌چێت، كه‌ڕه‌نگه ئه‌گه‌ر ئه‌و نه‌خۆشیه‌شت نه‌بێت پاش ماوه‌یه‌ك تووشى ببیت، یان ئه‌گه‌ر هه‌شت بێت زووتر له‌و واده‌یه بمریت كه‌هه‌رنه‌ت زانیووه. باشى ئه‌وه‌ى كه‌نه‌ت زانیوه ئه‌وه‌یه كه تۆنه‌ت زانیوه به‌و نه‌خۆشیانه نامریت و ئاگات له هیچ نیه‌و له‌ناكاو ده‌مریت،ساڵێك ژیانى ساغڵه‌مى له ده‌ساڵ ژیانى نه‌خۆشانه باشتره! جه‌سته خۆى ئاماژه‌ى نه‌خۆشیت پێده‌دا، ئامه‌ژه‌ى ناساغیت بۆده‌نێرێت، بۆ له‌وه ده‌پشكنى كه نیه‌و ده‌یكه‌یته ده‌ردوودووى ده‌رونى بۆئه‌وه‌ى ته‌نتى پێ نه‌ساغ بكه‌یت؟! چواره‌م؛ ده‌رمانه‌كانت له‌كاتى خۆیدا بخۆ! مه‌یخۆ! له‌سه‌دا بیستى ئه‌وده‌رمانانه‌ى بۆ ده‌ردودوى فشارى خوێن و‌دڵ ده نوسرین فڕیان به‌ڕاستیه‌وه نیه! هه‌تا ئێستا زانست نه‌یدۆزیوه‌ته‌وه هۆكارى ڕاسته قینه‌ى فشارى خوێن چیه، كاكى دكتۆر چۆن له‌خۆته‌وه ڕه‌چه‌ته بۆ خه‌ڵك ده‌نووسیت؟!!! تۆ ده‌رمان بۆ له‌سه‌دا بیست ده‌نووسیت و له‌سه‌دا هه‌شدا ده‌كوژت! ده‌رمانه‌كانت مه‌خۆ! ده‌رمان ده‌ت كوژێت! شێوازى ژیان ئاڵۆزوه‌و به جۆرى تریش ساده‌و ساكاره، كورد به تایبه‌تمه‌ندى خۆیان شێوازێكیان هه‌یه به‌زموونى چه‌ند هه‌زارساڵه هه‌ڵیان بژاردووه، پێڕه‌وى بكه‌یت عه‌یب و عارت نیه، ئاو له‌دووى بێڵم هات، بۆت باس ده‌كه‌م! ئه‌م شێوازى ژیانه كوردیه هه‌رهه‌مووى حیكمه‌ته! نیوه‌ى ته‌منم به‌هه‌رداو نه‌م ده‌زانى و ئێساتا پاش ئه‌وه‌ى به‌فرى پیرى له‌سه‌رسه‌رم داى كردووه، ده‌ڵێم خه‌نى له خۆم كه فێرى ئه‌وه‌بووم تۆزێكى لێ فێربم! له‌و تۆزه‌ش تۆزێك بۆ تۆش باس ده‌كه‌م . شێوازى ژیان ! خه‌ڵات عومه‌ر به‌شى دووه‌م ((شێوازى ژیان)) ده‌سته‌واژه‌و زاراوه‌یه‌كى پڕئاڵۆزه، چونكه هه‌موو ئاینه‌كان، هه‌موو خورافه‌ته‌كان و هه‌موو بیروباوه‌ڕه‌كان پێكه‌وه گرد ده‌بنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ى به‌واتایه‌ك بگه‌ن، یان پێناسه‌یه‌ك بدۆزنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ى ناودێرى بكه‌ن. هێندێك جارهه‌مووشیان پێكه‌وه به‌م شێوازى بازاڕكردنه‌ى ئێستاى جیهان و به‌م سیستمه‌شه‌وه كه زانستیشى ڕامكردووه ئامبازى نابن! له‌ڕاستى دا پێناسه‌كه به‌قه‌باره‌ره‌ى ئاڵۆزیه‌كه‌ى ساده‌و ساكاره. ئاینه‌كان و خوره‌فه‌ته‌كان و فه‌لسه‌فه‌كان وڕێناماییه زانستى وپزیشكیه‌كان خوازیارن شتێك به‌مرۆڤ ببه‌خشن بۆ ئه‌وه‌ى ژیارى بگوزه‌رێنێت. ده‌ره‌نجام هه‌ریه‌كه‌و ڕێنمایى خۆیان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن. ده‌ره‌نجام ؛ مه‌بڕه و مه‌كوژه، ڕاستبه چاكبه پاكبه، تاوان مه‌كه، ئازارمه‌ده، بێزاركه‌رمه‌به‌و، ده‌ره‌نجام چاكه بكه‌و خراپه مه‌كه! هه‌مووان چیرۆكى ئه‌و زانایه‌تان بیستووه كه به‌دیار كتێبخانه‌یه‌كى گه‌وره‌وه ڕاوه‌ستابوو و، لێیان پرسى" ئه‌رێ تۆ ئه‌م هه‌موو كتێبه‌ت خوێندۆته‌وه"؟! وه‌ڵامى ئه‌وه‌ى پرسیویه‌تى ئه‌وه‌بووه" به‌ڵێ " بووه. به‌ڵام پرسیاركه‌ر كه هیچى نه‌خوێندۆته‌وه وتوویه‌تى "من ده‌زانم ده‌ره‌نجام ده‌ڵێت چاكه‌بكه‌و خراپه مه‌كه"! له‌ڕاستى دا ئه‌وه‌ى هه‌موو كتێبه زۆر‌و گه‌وره‌كان و ئه‌و كتێبخانه‌یه‌و كتێبخانه‌ى سه‌د هێند گه‌وره‌تریشى خوێندۆته‌وه به هیچ حیكمه‌تێك سه‌باره‌ت به شێوازى ژیان ناگات له‌وكه‌سه‌ى به‌و حیكمه‌ته ده‌گات كه ده‌ڵێت " چاكه‌بكه‌و خراپه مه‌كه"! هه‌واڵى خۆشت پێ بده‌م ده‌زانى چى یه ؟! ئه‌وه‌یه ئه‌م حیكمه‌ته‌یه‌كه ده‌ڵێت" چاكه بكه‌و چاكه و، خراپه مه‌كه خراپه ومه‌یكه،ئه‌مه‌ش حیكمه‌تێكه ڕه‌گ وڕیشه‌كه‌ى كوردیه"! به‌ڵگه نامه مێژوو یه‌كان ده‌یسه‌لمێنن ((كورد)) هه‌ژارن له نووسینه‌وه‌دا، له‌وه‌دا نووسراوو كتێبى گه‌وره تۆماربكه‌ن، به‌ڵام ده‌وڵه‌مه‌ندن له زاراوه‌وهونه‌رى زاره‌كى دا . بالێره‌دا سه‌رنجێك تۆماربكه‌م" كورد به‌هۆیى زمانیانه‌وه ماون ، زمانیشیان هه‌رئه‌وه نیه نووسراووه، به‌ڵكوو ئه‌وه‌یه قسه‌ى پێده‌كه‌ن"! زمانى زیندووى كورد ئه‌وه‌یه كه كه قسه‌ى پێده‌كه‌ن، پێى ده‌خافن و ئه‌مه كرمانجیه‌كه‌یه‌و پێى ده‌دوێێن سۆرانیه‌و،((دوین)) ى هه‌رامانى وگۆرانیه ! ده‌وڵه‌مه‌ندى به‌كارهێنان، له ده‌وڵه‌مه‌ندى به‌كارنه‌هێنان باشتره! عه‌ره‌ب بیستوو دوو ده‌وڵه‌تن و به‌عه‌ره‌بى فوسحا كارناكه‌ن، كورد دابه ش و په‌رت وبڵاون، به‌چه‌ندین شێواز ده دوێن! جارێكیان له ((عه‌مان)) ى پایته‌ختى ((ئوردن)) به‌شدارى كۆڕبه‌ندێك كرابووم سه‌باره‌ت زمانى ((عه‌ره‌بى)) وتم" ئه‌م زمانه‌ى ئێوه‌و توشى ده‌ردوو دوو بووه" وتیان چۆن وتم ؟! "به‌زمانێك قسه‌ده‌كه‌ن كه زمانى نووسین نیه، به‌زمانێكیش ده‌نووسن كه‌زمانى قسه‌كردن نیه، ئه‌رێ به‌ڕاست ئێوه‌ى عه‌ره‌ب كه‌من تیاندا غه واره‌م چۆن مامه‌ڵه‌تان له‌گه‌ڵ بكه‌م"! دكتۆر((عه‌لى ئه‌لوه‌ردى )) گه‌وره لێكۆڵێره‌وه‌ى ئێراقى ڕایه‌كى هاوشێوه‌ى هه‌یه به‌گیرو گازیان هێنام و ووتم " ئه‌رێ پێم بڵێن كامتان له‌م بیست و دوو ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بیه به‌زمانى قورئان قسه‌ده‌كه‌ن كه زمانى عه‌ره‌بیه"! ده‌چیته وڵاتى ((تونس )) عه‌ره‌بیان وه‌ك عه‌ره‌بى ئێراق نیه، له‌شام عه‌ره‌بیان، وه‌ك ((تونس)) نیه، میسریه‌كانیش وه‌ك عه‌ره‌بى كه‌نداونیه، ئێمه‌تان سه‌رلێشێوندووه، گیانم به‌وه‌یه ئه‌م عه‌ره‌بیه‌ى ده‌ى زانین و زاناكانتان كه ((نه‌حوو سه‌رفیان)) بۆداناوون، هه‌موویان كوردن ، ئه‌گینا زمانى خۆشمانتان له‌بیرده‌بردنه‌وه! ئه‌وانه‌ى ده‌وروبه‌رم هه‌موویان عه‌ره‌بى قه‌ومچى و نه‌ته‌وه‌چى بوون وتیان "ئه‌مه هه‌رقسه‌یه‌كى عه‌جه‌میه" دۆستێكى عه‌ره‌بم به‌ده‌وره‌وه بوو وتى " لێت قه‌وماوه‌و وه‌ڵامت نیه، به‌فریات ده‌كه‌وم به‌ڵام ئه‌مه‌ت بۆڕۆژى ڕه‌ش بۆهه‌ڵده گرم، كه‌لێم قه‌وما تۆش هه‌قم بۆ بكه‌ره‌وه " ووتم " خۆت ده‌زانى كورد به‌مروه‌تن چاكه‌یان له‌گه‌ڵ بكه‌یت ده‌هێندت له به‌رامبه‌ردا بۆده‌كه‌نه‌وه " مروه‌تى هاوڕێ عه‌ره‌به‌كه ئه‌وه‌بوو ڤیدیویه‌كى ((سه‌دام حسێن))ى سه‌رۆك كۆمارى ئێراقى پیشان دام كه‌ده‌ڵێت چۆته سه‌رقوتابخانه‌یه‌كى ئێراقى و له ڕۆژگارى ده‌سه‌ڵاتداریه‌تى دا باس له‌وه ده‌كات كه كورد له هونه‌رى ((نه حوو سه‌ڕف)) دا شاره‌زان، چه‌ند ئاخ هه‌ڵده‌كێشێت كه‌عه‌ره‌ب سه‌باره‌ت زمانى خۆیان، چ نازانن!!! له‌م ده‌مه‌دا زۆرگه‌ڕام هاوڕێ عه‌ره‌به‌كه‌م كه فریام كه‌و تبوو و به‌هناوه‌مه‌و هات ڕاستى كرد كه ((سه‌دام حوسێن)) باس له له شاره‌زایى كورد ده‌كات له زمانى عاره‌بى دا! پێش ئه‌وه به‌چه‌ند ڕۆژێك له‌وڤیدیوێیه‌ى هاوڕێ عاره‌به‌كه‌م ناردى دۆستێكى ترم له خۆرهه‌ڵاتى كوردستانه‌وه‌ى به‌هۆى سۆشیال میدیاوه گرته‌یه‌كى ڤیدیۆیى بۆناردم سه‌باره‌ت لێدوانێكى ((عه‌لى خامه‌نه‌ئیى)) رابه‌رى كۆمارى ئیسلامى ئێرانه سه‌باره‌ت به پله‌و پایه‌ى مامۆستا ((هه‌ژارى موكریانى))، وه‌ى ئه‌گه‌ر پشكه فارسیه‌ك بزانن، ده‌زانن چۆن وه‌سفى ده‌كات وباڵاگه‌ردانى ده‌بێت كه چۆن ((ئیبن سینا))عاره‌بى به‌فارسیه‌كى ڕه‌وان كردووه ! هێندێك جار شتى خۆمان لابچوكه وشتى بچوكمان لا گه‌وره‌ومه‌زنه . داخم ناچێت كه ((نه‌وشیروان مسته‌فا)) كه‌لامان زۆرگه‌وره‌بوو له‌به‌ر به‌ندوو باووى حیزبایه‌تى ((هه‌ژارى موكریانى)) لابچوك كردینه‌وه و كه‌چى ئه‌و زاته چه‌ند مه‌زن وگه‌ه‌وره بوو! نه‌وشیروان مسته فا كه خۆشى كه‌م نه‌بوو له‌ڕێگاى گۆڤارى ((ڕزگاری)) یه‌وه به‌وتاره به‌ناوبانگه‌كه‌ى سه‌باره‌ت ((هه‌ژارى موكریانى شایه‌رى ده‌ربارى بنه‌ماڵه‌ى بارزانى )) هه‌موومانى كردبوو به دوژمنى ((هه‌ژار)) ،كه‌چى ئێستا كه ((هه‌مبانه بۆرینه)) ده‌خوێنیته‌وه ده‌زانى ئه‌م زاته چى بۆكلتورو فه‌رهه‌نگى نه‌ته‌وه كردووه !!! كه ((هه ژارى موكریانى)) ده‌خوێنیته‌وه‌و چاوانت پڕده‌بێت له به‌رهه‌مه‌كانى، ئه‌گه‌ر چاوانت پرَبێت له زانین، ده‌زانى ئه‌م جه‌وهه‌ره پڕگه‌وهه‌ره كوردیه چۆن بۆ ئه‌وه‌ى شێوازێكى ژیانى كوردى وه‌ك ڕستى ملوانكه‌یه‌ك بهۆنێته‌وه، چى كردووه بۆئه‌وه‌ى بۆنه‌ته‌وه‌كه‌یى و بۆمێژووى مرۆڤایه‌تى !!! نازانیت چى بڵێێیت جگه له‌وه‌ى شێوازى ژیانى كوردى شایه‌نى ئه‌وه‌یه لاسایى بكرێته‌وه و، پێڕه‌و بكرێت و خه‌ڵك پێیدا هه‌ڵ بده‌ن! له‌ڕاستى دا لایه‌نگرى پێدا هه‌ڵدان ولاسایكردنه‌وه نیم، به‌ڵام كه له جیهانێكدا خراپترین و ناشینترین شێوازى ژیان لاسایی بكرێته‌وه، ئه‌گه‌ر نمونه‌یه‌كى چاك هه‌بێت بۆ هانده‌ر نه‌بین بۆئه‌وه‌ى به‌لاى كه‌مه‌وه وه‌ك باشترین نمونه له‌نێو خراپه‌كاندا به‌هاى پێبدرێت و به‌لاى كه‌مه‌وه به هێند وه‌ربگیرێت! شێوازى ژیان ئه‌گه‌ر خراپ نه‌بێت ، ڕه‌نگه شێوازێكى باش بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر شێوازێكى زۆرباش ونمونه‌یش نه‌بێت، له م شێوازه‌باشتربێت، ئه‌گه‌رنه‌شڵێم شۆڕه‌شه، به‌شێك له چاكه‌یه‌كه، كه‌له‌خراپه باشتره! باشتر له‌خراپه چاكه‌یه و، جاچاكه خراپه‌ى چیه؟!
فەرمان ڕەشاد كاتێك ڤۆڵتێر دەچێتە بۆرسەیەك لە لەندەن دەبینێ مەسیحی و جولەكە و مسوڵمان پێكەوە بێ كێشە مامەڵە لەگەل یەك دەكەن، قسە بەناوبانگەكەی دەكات كە دەلێت كە باسەكە دێتە سەر پارە هەمووان لەسەر یەك دینن، بێ دینیش تەنها ئەوانەن موفلیسن. ئینجا ئەو حیزبانەی خۆشمان پێشتر یەكێك لە دادگای فیدراڵی دەخوێند، ئەوی تر پشتگیری دەكرد، یەكێك دەیگوت سەربەخۆیە، یەكێك دەیگوت كرێگرتەن، هەردوو لا دژ بەیەك هانایان بۆی دەبرد، بەڵام دواجار كە گەیشتە هێلی سورییان كە پارە و نەوتە، ئیتر بونەوە هاوسەنگەر و قەوانە كۆنەكەی یەكڕیزیان لێدایەوە، سبەی چوارشەممەش بریارە پێكەوە لە پەرلەمانی كوردستان دژ بە بریارەكەی دادگای فیدراڵی پرۆژە بریارێك پەسەند بكەن، پەرلەمانێك (بەتایبەت سێ فراكسیۆنەكەی پێكهێنەری حكومەت) كە خۆیان گرێبەستە نەوتیەكانیان نەبینیوە، هیچ شتێكی ئەوتۆش جگە لە راپۆرتەكانی دیلۆیت لەبارەی هەناردە و داهاتی نەوت نازانن، ئەو یاسایەی لەبارەی نەوت و گاز لەو پەرلەمانە دەرچوە حكومەت كەمترین پابەندی پێوە هەبوە، كەچی بەبێ مەرج دەنگ لەبەرژەوەندی بریارەكەی حكومەت دەدەن دژ بە دادگای فیدراڵی، لانی كەم دەبوو بیكەنە مەرج كە پێویستە گرێبەستەكان لەپەرلەمانی كوردستان ئاشكرابكرێن، وەڵامی ئەو پرسیارەی خەڵك بدەنەوە كە بۆچی سەرەرای ئەوەی نەوت گران دەبێت كەچی مووچە زیاتر دوادەكەوێت؟ بۆ خەڵكی روون بكەنەوە و بیسەلمێنن بۆری نەوتی كوردستان لە بەرژەوەندی خەلكە بەسەربەخۆیی بەردەوام بێت، كارەكانی وەزارەتی سامانە سروشتیەكانیش بەگوێرەی یاسا و رێساكانی پەرلەمانە، بۆ ئەوەی ڕووتان بێت بەخەڵك بڵێن بۆچی بەرگری لە حكومەت دەكەن و دژی دادگای فیدراڵی دەوەستنەوە. ئەو دەنگدانەی سبەی و شایەتیە بۆ مێژووتا دەمێنێتەوە، چونكە دوای ئەوە ئەگەر دۆخەكە بەو شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت، رەنگە دیسان مووچە و باری دارایی خەڵك بخاتە تونێلێكی تاریكەوە، ئێوەش بەشێك دەبن لە هۆكارەكانی ئەو دۆخە.
یادگار سدیق گەڵاڵی وزە و سەرچاوەکانی تری سامانی سرووشتی هۆکاری سەرەکییە لە لاوازی هەڵوێستی وڵاتانی ڕۆژئاوا بەرانبەر ڕوسیا، چۆن ؟ ▪ روسیا گەورەترین هەناردەکەری گازە بۆ جیهان کە ساڵانە ٧٦١ ملیار مەترسێجا گاز بەرهەم دەهێنێت و ١/٣ی پێداویستی ئەوروپا لە گاز دابین دەکات، لەهەمان کاتدا بە نرخێک کە زۆر هەرزانترە لە کێبڕکێکارەکانی هەریەک لە قەتەر و ئەمەریکا، یەکەیەکی گەرمی گازی ڕوسی بە ٤ دۆلار دەگاتە ئەڵمانیا بەڵام گازی شل LNG یەکەیەکی نزیکە ٢٥ دۆلاری تێ دەچێت. کەواتە جێگرەوەی گازی ڕوسی بە گازی شلی قەتەری دەبێت کە لەگەڵ ئەوەی ئاستی بەرهەمەکەی بەئەندازەی گازی ڕوسی نییە لەگەڵ ئەوەشدا تێچووەکەی زۆر زیاترە. ▪بەرهەمی نەوتی ڕوسیا بریتییە لە ١٠.٦ ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی و هەناردەی نزیکەی ٦.٦ ملیۆن بەرمیلە. لەم بڕە ٤.٦ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو وە ٢ ملیۆن بەرمیل بەرهەمە نەوتییەکانە. - زۆربەی بەرهەمی ڕوسیا بۆ ئەوروپا دەچێت کە بڕی ٢.٧ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی ڕۆژانەیە. - هاوردەی بەرهەمە نەوتییەکان لە ڕوسیاوە بۆ ئەوروپا بریتییە لە بڕی ١.١ ملیۆن بەرمیل و هەندێ جار بەرزدەبێتەوە بۆ ١.٥ ملیۆن بەرمیل. ▪گەنم : بەرهەمی جیهان لە گەنم ساڵانە بریتییە لە نزیکەی ٧٣٤ ملیۆن تەن. پشکی روسیا لە بەرهەمی گەنم بریتییە لە ٧٢ ملیۆن تەن و پلەی سێهەمی هەیە لە جیهاندا و ئۆکرانیا ساڵانە نزیکەی ٢٥ ملیۆن تەن دەبێت و پلەی هەشتەمی هەیە لە جیهاندا. بۆیە تائێستا دەبینین وڵاتانی ئەوروپا ناتوانن فشاری زیاتر بکەن لە ئیدانەکردن تێنەپەڕیون وە ئەو گەمارۆیەی کە ئەمریکاش ڕایگەیاندووە لە سەر کەسایەتییەکانە نەوەک کۆمپانیاکانی وزە و کۆمپانیا گەورەکانی تر. تەنانەت کاتێک بەرپرسانی ئەمەریکا داوایان کرد ڕوسیا لە سیستەمی سویفتی جیهانی دەربکرێت، سەرەتا هەریەک لە ئەڵمانیا و ئیتالیا دژی وەستانە وە ئێستاش دیارنییە خۆن جێ بەجێ دەکرێت و ئایا کۆمپانیاکانی وزە دەگرێتەوە؟ پێشتریش کاتێک راوێژکاری ئەڵمانیا لە ئەمەریکا پرسیاری مامەڵەنەکردنی ئەڵمانیا لەگەڵ ڕوسیا لێ‌کرا سەبارەت بە هێڵی گازی نۆرد ستریم ٢، بەشێوەیەکی دیبلۆماسی وەڵامی دایەوە و وتی ئێمە لەگەڵ سیاسەتی ناتۆ داین، بەڵام راستەوخۆ نەیوت کە ئێمە مامەڵەی لەگەڵدا ناکەین ، لەگەڵ ئەوەی بەکارهێنانی نۆرد ستریم ٢ بۆماوەیەک دواخراوە. ئەمە ئەوەمان پێدەڵێن تەنانەت وڵاتانی یەکێتی ئەورووپاش لەئێستادا لەگەڵ توندکردنی گەمارۆ نین لەسەر ڕوسیا چونکە چەندە کاریگەریی هەیە لەسەر ڕوسیا بەهەمان ئەندازەش ئابوری وڵاتانی ئەوروپا و جیهانیش زیانی بەردەکەوێت. راستە ئەوروپا چەندین ساڵە بەدوای جێگرەوە و بەدیلی گاز و نەوتی ڕووسیادا دەگەڕێن، بەڵام ئەمە لە چەند ڕۆژ و مانگدا ڕوونادات بەڵکو لەماوەی مامناوەند و درێژخایەن دا دەکرێت ئەنجامی هەبێت بەڕاکێشانی بۆری گاز لە قەتەربۆ تورکیا و لەوێشەوە ئەوروپا ئەمە چەندین ساڵی دەوێت ئەگەر گرفتی نەیەتە پێش (ئێران یەکێکە لە بەرهەڵستکارەکانی ئەم بیرۆکەیە و دەتوانێت کێشەی بۆ دروستبکات) . ئەگەر گەمارۆ سەکتەری وزە بگرێتەوە چی ڕوو دەدات؟ ١- جیهان ٦.٦ ملیۆن بەرمیل نەوتی لێ دەبرێت. تەنها پشکی ئەوروپا ٤ ملیۆن بەرمیل دەبێت لە نەوتی خاوی ڕوسی و بەرهەمە نەوتییەکان. ٢- بێ بەشبونی ئەوروپا ساڵانە لە ١٠٤ ملیار مەتر سێجا گاز ، کە دەکاتە یەک لەسەر سێی پێداویستییەکانی هەندێک وڵاتی ئەوروپی ١٠٠٪ پشتیان بە گازی روسی بەستووە و ئەڵمانیاش بەرێژەی ٤٩٪. ٣- جیهان بێ بەش دەبێت لە نزیکە ١٠٠ ملیۆن تەن گەنم لە ساڵێکدا کە دەکاتە نزیکەی ١٣٪ ی هەموو پێویستی جیهان. هەندێک دەڵێن بە ڕێکەوتنی ئێران لەگەڵ ئەمەریکا و لابردنی گەمارۆ لەسەری و زیادکردنی بەرهەمی وڵاتانی ئۆپیک دەتوانرێت پێداویستی بازاڕ و بۆشایی بەرهەمی ڕوسیا پڕ بکرێتەوە، ئەم بۆچونەش دیسان زۆر دەقیق نییە، بۆ؟ ▪چونکە ڕاستە ئێران دووەمین بەرهەم هێنی گازی سرووشتییە بەڵام ئەوەمان لەبیر نەچێت ئێران لەبەرەی ڕوسیایە لەهەمان کاتیش‌دا توانای بەرهەمی گازی ئێرانی لەباشترین کاتدا لە ٣٠٪ ی بەرهەمی ڕوسیا تێپەڕ ناکات. ئاستی بەرهەمی نەوتیشی هێندە نابیت و کاتیشی پێویستە تاوەکو ئاستی بەرهەمی بگەیەنێتە پێش گەمارۆدانی سەری هەروەها نرخی نەوتە کەشی لە نرخی نەوتی ڕوسی گرانتر دەبێت بۆ ئەوروپا. ▪سەبارەت بە زیادکردنی بەرهەمی وڵاتانی ئۆپیک، ئەویش ڕوبەڕوی کێشەی تەکنیکی دەبێتەوە. ئێستا وڵاتانی ئۆپیک ناتوانن ئاستی بەرهەمیان بگەیەنن بەو ئاستەی بۆیان دیاری کراوە چ جای ئەوەی ئاستی بەرهەمیان زیادبکەن بۆ پڕکردنەوەی پشکی ڕوسیا. بۆ یە لەکاتی گەمارۆ خستنە سەر بەرهەمی گاز و نەوت و کۆمپانیاکانی وزە، زەرەرمەندی یەکەم ئەوروپا دەبێت بۆیە لە ئێستادا زیاتر وەکو تەماشاچی دەبینرێن و ناتوانن لە ئیدانەکردن و هەندێ گەمارۆ لەسەر کەسەکان و هەندێ دامەزراوە زیاتر چی تر بکەن، ڕووسیاش ئەمە باش دەزانێت..
ژوان ئەحمەد سەعید نزیك بە شەست ساڵە، ناكۆكی دوو رەوتی سیاسی ئەم میللەتە دەهاڕێت، هەر سەردەمێكیش بە فۆرمێكی نوێ ناكۆكیەكان سەرهەڵدەدات و سەردارانیشی فیگەرێكی نوێن.. لەم شەست ساڵەدا، دوو شۆرشی گەورە كراوە، كورد بە هەوراز و نشێوی زۆردا رۆیشتوە، بەشێكی بچوك لە ئامانجی شۆڕشەكان بەدیهاتوە، بەشی گەورەی هێشتا لە بەردەمدا ماوە ، بەداخێكی گەورەشەوە، هێشتا ئومێدی بەدیهێنانیان زۆر كەمە، ئەگەر ئەستەمیش نەبێت. ئەمرۆ یادی كۆچی دوایی مەرحوم مەلا مستەفای بارزانی یە، بەڵام مەلا مستەفا لە هەموان زیاتر وەتاق كەوتوە، خەریكە یادەوەریەكانی شۆرشەكەشی هێند لە یەك گۆشەوە باس دەكریـَت، هەر لەبیر دەچنەوە. مەلا مستەفا بە هەموو خاڵە گەش و خامۆشەكانیەوە، سەركردایەتی شۆڕشێكی گەورەی كردوە، سیمبوڵی شۆڕش بوە لە رابردودا، ئێستاش لەجێی حەقی خۆیەتی. سەركردە تەنیاكان هەر بە تەنیا مەلا مستەفا نیە كە تاك و تەنیا ماوە، جگە لە پارتیەكان نە كەس باسی دەكات و نە كەس سەردانی گڵكۆكەی دەكات و نە كەسیش ئەیەوێ نەوەكانی لەبارەی سەربوردەی مەلا مستەفاوە هیچ ببیستن. ئێستا سەركردەكانی تریش بونەتە ڕێبواری ئەو رێگایەی كە مەلا مستەفای پیا رۆیشتوە، خەریكە هەمویان وەتاق دەكەون و لە سایەی دەسەڵاتی نەوەكانیانەوە، لەبەرچاوی خەڵك خراپ دەكرێن. دوێنێ و ئێستای میراتگرەكانی، سەركردە گەورەكانی شۆرشیان زێدە ناشرین كردوە ، ئێستاش دەكرێ، بە پێخۆری دنەدانی ناكۆكیەكان. تائێستاش وازییان لێناهێنن ناو‌و روحیان ئاسودە بێت، هەندێك پێیان وایە دەتوانن بە جوڵەی سیاسی ئەم پیاوانە بكەنە فیگۆری تاك و تەنهای شۆرش‌و بەرخودان. لەكاتێكد فیگەری گەورە میللەتە كە ئێستا زویر بوە لە میراتگرەكانی مەلا مستەفا و مام جەلال و نەوشیروان مستەفا. بهێڵن خەڵك ناوە گەورەكانی شۆڕشی خۆش بوێ.. بهێڵن یەكێتیەك مەلا مستەفای لەبەر شۆرشەكەی پارتیەك مام جەلالی لەبەر خەباتەكەی ئەوانی دیش نەوشیروانیان لەبەر قەڵەم و مێژووەكەی خۆش بوێ. خۆش ویستنی مەلا مستەفا و مام جەلال و نەوشیروان مستەفا، بە یادكردنەوە و پەیكەر دروست كردن و وێنە دانان و شاباش كردن‌و سەپاندن و دروست كردنی جۆرەها چیرۆك نابێ، بەڵكو بە حوكمڕانیەكی جوان و خزمەتگوزار دەبێت. خەڵك ئەوانەی بەو جۆرە خۆش دەوێ كە: مەسعود بارزانی خاڵی كۆكەرەوە بێت نەك گومڕایی و ناكۆكی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەموو هەرێم بێت، نەك باوكێكی جوان و دەوڵەمەند بێ بۆ كوڕە نازدارەكەی مەسرور بارزانی نەوەی مەلا مستەفا خزمەتی خەڵك بكات، نەك خەمی یەكەم و كۆتایی دروست كردنی كورەكەی خۆی بێت بافڵ تاڵەبانی، سەری كردە بێت بۆ یەكێتی و بۆ زۆنی سەوز، نەك شەیدای دەنگی زوڕنای ستایشی ماستاوچیەكان و دەهۆڵ لێدەرە چاپلوسەكان بێت، ئەو پاشخانە گەشە پێ بدا كە تاڵەبانی باوك جێیهێشتوە. قوباد تاڵەبانی كوڕی مام جەلال لە خزمەتی خەڵكدا بێت، هەموو هەفتە و مانگێك بازاڕ بەسەربكاتەوە و بزانێت لە بازار چ باسە، نەك تەنیا لە بانگەشەدا بیری ئەوەی بكەوێتەوە. كورانی نەوشیروان مستەفا، گۆڕان دەربێنن لەو بازاڕە سیاسیەی تیایا بوە بە دوكانێك لاچەپەك كە جۆرەها سەودای گوماناوی تیا دەكرێت. ئەمرۆ درەنگە بۆ ئەوەی وابكەن خەڵك باوك و باپیرتانی خۆش بوێ، ئەمە تەنیا بۆ باوك‌و باپیرتان نیە، بەڵكو بۆ ئەوەیە خۆشتان وەك ناوێكی جوان بچنە ناو لاپەرەكانی مێژوەوە، نەك وەك كاربەدەستێكی شكستخواردو و ناوتان بنوسرێت‌و خەڵك رقی لە ئێوەو باوكیشتان بێت.. كارەكە ئاسانە، بەڵام لەخۆبوردوویی گەرەكە بیرتان بێت بە هەرسێ خێزان و حزبەكە، جێی متمانەی لەسەدا 25 ی خەڵكی كوردستان نین، بەڵام هێشتا سەردارن.. تێ دەگەن، یان چاوەروانی تێگەیشتنی ترن!!؟؟
سەهین موفتی چەند رۆژی رابرد، روسیای ئێستێی پۆتن هێرشێکی چڕی دەستپێکرد لەبۆ یۆکڕاینییەکان، چی روویدا، چەندان قوربانین لە هەردوو لا، کێ براوە دەبێت، کامییان دەقوڕێدا دەچێتە خوارەوە، ئەمانە بۆ ئێمەومانان، لەوەیە زۆر گرنگ نەبێت، چونکێ پڕوشکی دوکەڵ و ئاگر، لێمانەوە دوورە! لێ، ئەمن بەوپێیەی گەڕیدەی هەردوو وڵاتان بوویمە، زێدەتر روسیا! دۆستی هەردوو زێد هەن، بەردەوام لێییان دەپرسمەوەو زۆریش منەتییان پێیەو بەم رووداوەش وەک خود، پشتیوانی زوڵم لێکراوێمە، واتە یۆکڕاینییەکان! وانەکە: - هاووڵاتیانی یۆکڕاینی، هیچ هاوسۆزییەکییان دەگەڵ حکومەت و سەرۆکەکەو دەسەڵاتی جێبەجێکردن نەبوو، لێ لەودەمەی هێزی داگیرکەر رووی تێکردن، بە ئۆپۆزیسیۆن و خەڵکی سادەی نەیاری دەسەڵاتیشەوە، یەک دروشم و یەک بڕیار‌و یەک وەستاندنەوەیان کردە هەوێنی وڵاتەکەیان! کە دەبێت بەرگری بکەن. - مێدیا، کە لە یۆکڕاین بە سیاسی و کۆمەڵایەتی و کاتکوشتن و مۆدێلەوە، نێزیک سی، بۆ سی و پێنج کەناڵی فەڕمی هەن، هەموان یەکییان گرتەوەو بوون بە یەک سەرچاوە. - هاوڵاتییانی یۆکڕاینی کە لەدەرەوەی وڵاتەکەیان دەژین، واتە رەوەندن و لە وڵاتانی دیکەن، تێکڕاو پێکڕا، بەبێ ئەوەی هیچ هێزو لایەنێکی سیاسی وڵاتەکەیان، یا حکومەتەکەیان داوایان لێبکات، خێرا خەریکی لۆبی دروستکردن و گەیاندنی پەیامی کەس و کارییان بوون، کە لە ژێر رۆکێتەکانی داگیرکەرانییانن. ئیدی، باسی پیرەژن و پیرەمێردو مێردمنداڵانییان ناکەم، کەچۆن بوتڵی ئاگرینییان چێکرد، بەبێ ئەوەی فێر بکرێن! تانک و زرێپۆشی داگیر کەرانییان بسووتێنن! باسی ماڕکێت و دوکان و فرۆشگاکانیش لێدەگەڕێم، کە چڵۆن چڵۆنی لە سەربازو خۆبەخشەکانییان وێردیان دەکردو هەقی کڕینییەکانییان رەتدەکردەوە! نەک وەک خودان ئەو خانوانەی کە پێشمەرگەکانی ئێمە لە شەڕی داعشی تێرور بوون و داوای کرێییان لێدەکردن! سڵاڤا، یۆکڕاینیسکا، ئی کوردستان.
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج 1 حه‌زم ده‌كرد ئه‌م نامه‌و ده‌رده دڵ‌و نووسینه له‌كوردستانی نوێ‌دا بڵاوبكه‌مه‌وه، به‌ڵام كوردستانی نوێیه‌كه‌ی ئێستا وه‌ك یه‌كێتیه‌كه‌ی ئێستا، وه‌ك سلێمانیه‌كه‌ی ئێستا، هه‌رگیز كوردستانی نوێ‌و یه‌كێتی‌و سلێمانی رۆژگاری به‌رێ نین: میحنه‌ت ئه‌وه‌نده زۆره، دڵم هێنده ته‌نگ بووه دوودی هه‌ناسه‌یی سه‌حه‌رم هه‌وری گرته‌به‌ر به‌ئومێدم له‌و دێڕه شیعره‌ی حه‌زره‌تی عه‌بدولڕه‌حمان به‌گی ساحێبقڕان "سالم" بگه‌ن، ئه‌وه خێره سلێمانی دوێنێ له‌سلێمانی ئێستا باشتر بوو، گه‌لۆ ئه‌م له‌شاری خستنه له‌پای چی، خۆ یه‌كێتی بڕیاربوو ڕووی له‌خانوه قوڕه‌كان بێت، ئێستا پشتی كردوه‌ته شاره حه‌یاته‌كه‌ش، ده‌یسا ئه‌گه‌ر ده‌سته‌ی یه‌كه‌می یه‌كێتی مابان ئێستا واده‌بوو، ئایه برایم ئه‌حمه‌د، جه‌لال تاڵه‌بانی، نه‌وشیروان مسته‌فا، عومه‌ر ده‌بابه زۆری دیكه مابان شار‌و وڵات هه‌رواده‌بوو. داخوا خه‌ونی شه‌هید ئارام، ئازاد هه‌ورامی، خه‌ونی بینینی ئه‌م ڕۆژه بوو؟؟. 2 به‌رله‌وه‌ی دیداری یه‌كێتی به‌ڕێبخه‌ن، له‌بارودۆخێكی نیشتمان بپرسن، باخ‌و پارك‌و ئاوه‌دانی پڕه له‌خار، له‌خۆڕا نییه ده‌ڵێی بۆ ئه‌مڕۆی وتوه حه‌زره‌تی مه‌حوی كه ده‌ڵێت: ئه‌وه‌نده ته‌نگ‌و ناخۆشه له‌دنیا خۆشه ده‌رچون ئه‌گه‌رچی بۆ سه‌قه‌ر چین ئه‌وه كێ وایكردووه كه مرۆڤی كورد به‌و جۆره ئومێدی ده‌رچوون بخوازێت، ئێ دیاره ئێره له‌سه‌قه‌ریشی تێپه‌ڕاندوه، له‌بری دیداری یه‌كێتی پیاسه‌یه‌كی گه‌ڕه‌كه بێنازو په‌رپوته‌كانی زۆنی سه‌وز بكه‌ن، سه‌رێك له‌هه‌ڵه‌بجه‌و كفری‌و چه‌مچه‌ماڵ‌و قه‌ڵادزێ‌و شوێنه‌كانی تر بده‌ن، ده‌خیله ده‌مپێچتان له‌بیرنه‌چێت با بۆنی زبڵ كاستان نه‌كات، پوره گوڵه، گوڵه سوتاو ته‌نها سۆران‌و گۆرانی هه‌بوو له‌حزبه‌كه‌ی باوكی ئێوه، هه‌ردوك شه‌هیدبوون، گه‌ڕه‌كه قوڕینه‌كه‌ی پوره گوڵه كه به‌ناوی بێكه‌سی شاعیره‌وه ناوی بێكه‌سی لێنراوه خه‌ریكه ده‌بێته وێرانه، له‌ولاشه‌وه ته‌خشان‌و په‌خشانی زه‌وی ئه‌وه‌تا جوانی سلێمانی ده‌كاته زه‌مهه‌ریر. 3 له‌تیف هه‌ڵمه‌تی شاعیر، لای من‌و زۆری دی، شاعیرێكی كه‌ونیه، چه‌ند به‌ئازاره له‌ڕیزی موچه‌ی خانه‌نشینیدا بوه‌ستێ‌و له‌پڕ بڵێن بانك پاره‌ی تیانییه، ئاخر مامۆستا له‌تیف هه‌ڵمه‌ت ناهه‌قی نییه كه ده‌ڵێت: به‌حه‌زره‌تی مرێم بڵێن بێزارنه‌بوو له‌شین‌و زار ئێستا ڕۆژی هه‌زار هه‌زار عیسا ده‌درێن له‌په‌ت‌و دار نه‌خوا ئاگای لێیه نه‌شار چه‌ند ناشرینه خانه‌نشینانی كورد دوای 30 بۆ 40 ساڵ ڕه‌نج‌و ئازار، له‌هه‌فته‌یه‌كدا چوارجار له‌به‌رده‌م بانكه‌كان كۆببنه‌وه‌و پۆلیسێك به‌شه‌رمه‌وه پێیان بڵێت پاره‌نییه، له‌كوێی دنیا ئه‌م سوكایه‌تیه به‌خانه‌نشینان ده‌كرێت، كه تێیاندایه هاوڕێ‌و دۆستی باوكتان بووه، دڵنیام شێركۆ بێكه‌س مایا ده‌یگوت ئێستا كچیش نیشتمانی من نییه، له‌به‌رئه‌وه‌ی كچه‌كانیشتان له‌خاچدا. 4 سێ‌و پێگه‌ی نه‌هاتی كه لیمۆ زه‌رد بوو مه‌یه لیمۆ زه‌رد بوو نه‌هاتی كاتی گیان كێشان مه‌یه داوای بوردن له‌تێكدانی تێكسته جوانه‌كه ده‌كه‌م، به‌ڵام چی ماوه تێكنه‌درێت، ئێستا كه كه‌س نییه شار نیشانی ڕه‌جه‌ب بدات، هۆكاره‌كه نه‌مانی شاره نه‌ك شتی تر، له‌دیداره‌كه بگه‌ڕێن‌و په‌نجه‌ره‌یه‌ك له‌سه‌ر برینه‌كانی نیشتمان بكه‌نه‌وه، ئێوه ئاگاتان له‌ئه‌تككردنی نیشتمانه، ئاگاتان لێیه به‌خه‌یاڵی دۆلار له‌م وڵاته نه‌وتی‌و غازیه‌وه ده‌برێته دوبه‌یی‌و توركیا‌و شوێنگه‌لی دیكه‌و كه‌چی موچه‌ی پاكه‌وانه‌كان نادرێت، 20 ڕۆژه پایته‌خته‌كه‌ی شه‌هیدان زبڵی فڕێنه‌دراوه. ئه‌گه‌ر هه‌موو ئه‌ركی پاكردنه‌وه‌و خوێندن‌و ده‌رمان‌و په‌روه‌رده‌و ئاو‌و كاره‌باو ڕێگه‌وبان‌و ژینگه‌و هه‌رچی هه‌یه‌و نییه له‌سه‌ر خه‌ڵك بێت‌و خه‌ڵكیش به‌و جۆره موچه‌ی بدرێتێ، ئیتر حكومه‌تی چی، فایه‌قی كه‌لارو حه‌مه ئیزاعه‌ی چه‌مچه‌ماڵ‌و مه‌لا مه‌ڕوانی خورماڵ زۆر باشتری به‌ڕێوه ده‌به‌ن، ئێ فه‌رمانده‌و ئه‌حه ته‌په‌ڕه‌شی‌و عه‌به مه‌خموری چانیه ده‌توانن دڵی مرۆڤ خۆشبكه‌ن‌و مرۆڤ بخه‌نه پێكه‌نین. 5 گه‌رچی تائێستا نه‌چوومه‌ته ده‌باشان‌و نازانم داخوا كتێبخانه‌كه‌ی مام جه‌لالتان له‌وێ جێكردوه‌ته‌وه یان نا، به‌ڵام هه‌ر ڕۆژێك چووم چامه وه‌ڵامه‌كه‌ی سالمی بۆ حه‌زره‌تی بۆ ده‌خوێنمه‌وه: جێی توركه‌كانی ڕۆمه ده‌رو ژوری خانه‌قا غافڵ هه‌موو له‌جایی موریدانی با خه‌به‌ر ئه‌و حه‌وزه پڕده‌بوو كه وه‌كو چاوه‌كانی ئه‌و ته‌غییره ئاوی وه‌ك دڵی مه‌ردانی پڕ كه‌ده‌ر ئه‌و ده‌شته جایی یاریی یارانیی حوجره بوو یه‌كسه‌ر مه‌قامی ڕۆمییه هه‌روه‌ك ته‌هی سه‌قه‌ر سوتا دڵم به‌حاڵه‌تی جۆباری سه‌رچنار لێڵاوه چه‌شمه ساری وه‌كو چاوی بێ به‌سه‌ر ڕه‌نگه ئه‌وه‌ی سالم كه‌مبێت، تا خۆرئاوا نه‌بووه بیرێك له‌نیشتمان بكه‌نه‌وه. 6 ئه‌گه‌ر دیداری یه‌كێتی دیداری هه‌ستانه‌وه‌و چاكسازیی‌و چاره‌سه‌ره، ئه‌رێ پرسیاری ئه‌وه ده‌كه‌ن بۆ مه‌كته‌ب سیاسی‌و سه‌ركردایه‌تی له‌خه‌ڵكی خواره‌وه زیاتر ده‌خزێن، ئاخر قوربان سیاسه‌ت‌و بازرگانی‌و بزنس تێكه‌ڵكران‌و وڵات هه‌ڕاجكرا، حزبی ئاكار قاته‌و ئێستا حزب حزبی پاره‌و گیرفانه، چاكسازیی‌و هه‌ستانه‌وه هه‌رنا به‌وه‌ده‌كرێت ده‌رگای ئاشتبوونه‌وه‌ی گشتی بكه‌نه‌وه‌و ئه‌وانه‌ی ناوتاننابوون ده‌ركراوه‌كان بكه‌نه‌وه به‌خاوه‌ن ماڵ، ئه‌مه بچوكترین هه‌نگاوه، ده‌نا قسه‌ی تر زۆر ماوه‌و وڵاتیش له‌حه‌وسه‌ڵه‌یدا نه‌ماوه. شێخ حه‌سیب قه‌ره‌داخی ده‌ڵێت: بیرێكی نه‌وت كه هه‌ڵكه‌نرا بزانن كێی له‌ناودایه بیرێكی كه كه هه‌ڵكه‌نرا بزانن چی له‌چاودایه بیرێكی كه هه‌ڵئه‌كه‌نرێ ئه‌ژده‌هاك دێ خۆیی‌و ماری جه‌جاڵیش دێ خۆی‌و كه‌رو كورتانه‌كه‌و ده‌ست‌و داری ڕێگه‌ی كۆچی شه‌یداكانیش ئه‌كه‌ن به‌كلكه نه‌وتینه ئاشتی‌و شۆڕش به‌یه‌كه‌وه له‌چاڵێكدا سه‌رئه‌بڕن بیرێكی كه هه‌ڵئه‌كه‌نن بۆ ئه‌یلولی ڕه‌شی تازه گردی زه‌عته‌ر ته‌خت ئه‌كه‌ن له‌گه‌ڵ "ئه‌حمه‌دی زه‌عته‌ر" نه‌وته‌وانی ئه‌م جیهانه حه‌ز به‌گردو چیا ناكه‌ن شه‌قام‌و ڕێی ته‌ختیان ئه‌وێت به‌له‌نجه‌و لاری مارسدیس جێگای پان‌و پۆڕیان ئه‌وێت بۆ هه‌ڵپه‌ڕكێی نه‌وتینه‌كان بۆ چاوڕه‌ش‌و بۆ چاو سه‌وزو بۆ چاوكاڵ‌و چاوشینه‌كان
ئەردەڵان عەبدوڵڵا هەفتەی پێشوو فلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا جەنگێکی گەورەی لەدژی ئۆکرانیا هەڵگیرساند، بەمەش تەواوی جیهانی تووشی دڵەڕاوکێ و نائارامی کرد. هەندێک چاودێری سیاسیی پێیان وایە کە پوتین بەم کارەی، ئاشتی جیهانی خستە مەترسییەوە، چونکە شەرعیەتی بە هێزی سەربازی دا‌و لەمەولا دەنگی عەقڵ و ئاشتی نابیسترێت و دەوڵەتە گەورەکان، وڵاتە لاواز و بچووکەکان داگیر دەکەن. هەندێکی تریش ئەم جەنگە بە بەشێک بە لە جەنگی نێوان ئەمریکا و روسیا دادەنێن، لەمەشدا خاکی ئۆکرانیا بۆتە مەیدانی جەنگی نێوان ئەم دوو زلهێزەی جیهان و گەلی ئۆکرانیاش قوربانی دەدات. جگەلەمەش کۆمەڵێک پرسیار رووبەری جیهان بۆتەوە، لەپێش هەمووشیانەوە ئایا چیتر ئەم سیستمەی کە ئەمڕۆ جیهان بەرێوە دەبات، دەتوانێت چارەسەری کێشە زۆرەکانی مرۆڤایەتی بکات؟ بۆ سەدەی نوێ، سیستمی نوێی جیهان چۆن دەبێت؟ چارەنووسی گەلان و دەوڵەتە بچووکەکان چی لێ دێت؟ پەیوەندیی نێوان زلهێزەکانی جیهان چۆن دەبێت؟ بەڵام با سەرەتا بپرسین بۆچی پوتین ئەم جەنگەی هەڵگیرساند؟ بۆچی پوتین ئەم جەنگەی هەڵگیرساند؟ زۆرێك لە چاودێرانی سیاسیی شرۆڤەی ئەم کارەی پوتینیان کردووەو بەشێکی زۆریان لەسەر ئەوە کۆکن، کە چەند خاڵێک هۆکاری سەرەکی ئەم جەنگە بوون. یەکەمیان: کشانەوەی ئەمریکا بەوشێوە خراپەی لە ئەفغانستان، کە شكۆی ئەمریکا و ناتۆی لە تەواوی جیهاندا شکاند. دووەم: گۆڕینی ستراتیژی ئەمریکا لە ئەوروپاوە بۆ ئاسیا و دانانی چین وەکو رکابەری سەرەکی ئەمریکا، چونکە پێشتر روسیا رکابەری سەرەکی بوو. سێهەم: پوتین لەرێگەی ئەم جەنگەوە، پێگەی جەماوەری خۆی بەهێزکرد، خۆی وەکو سەرۆکێک پێشاندا کە دەیەوێت دووبارە شکۆمەندی جاران بۆ روسیا بگەڕێنێتەوەو خەونی دروستکردنی ئیمپراتۆریەتی روسیای، لەناو مێشكی روسەکان زیندوو‌و کردەوە، بەمەش ماوەی چەندین ساڵی تر دەمێنێتەوەو دەنگی نەیارانیشی هێندەی تر کپ دەکات. هەروەها دەتوانێت مەرجەکانی بەسەر ئەوروپا و ئەمریکا بسەپێنێت، سنوورێک بۆ فراوانکردنی سنوورەکانی ناتۆ دابنێت. بەڵام خۆ تەنها پوتین و روسیا سوودمەند نەبوون بگرە ئەمریکاش سوودمەند بوو. ئەمریکا زۆرینەی خەڵکی بەسەرۆکی ئۆکرانیاشەوە لەو باوەڕەدان، کە ئەمریکا و خۆرئاوا خیانەتیان لە ئۆکرانیا کرد، ئەوان بوون دنەی ئۆکرانییەکانیان دا کە دژی مۆسکۆ بوەستنەوە، کەچی کاتێک لەلایەن سوپای روسیاوە پەلاماردران، وەکو سەرۆکی ئۆکرانیا وتی: بەتەنها جێیانهێشتن جەنگی روسیا بکەین. بە بڕوای زۆرێك لە چاودێرانی سیاسی، ئەمریکا سوودمەندی سەرەکی بووە، ئەمەش لەبەر کۆمەڵێک هۆکار. یەکەمیان: ئەمریکا هێندەی تر روسیای کردە دوژمنی ئەوروپا و لەتەواوی جیهانیشدا روسیا وەکو هێزێکی ئیمپریالیستی و داگیرکا‌ر دەرکەوت. دووەم: بەم جەنگە دەستی کرایەوە بۆئەوەی سزای قورسی سیاسی و ئابووریی و فەرهەنگی زۆر بەسەر روسیادا بسەپێنێت، چونکە پێشتر هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی دوودڵ بوون لە سەپاندنی سزای توند بەسەر روسیادا. سێهەم: هێدەی تر ئەوروپا دەچێتە باوەشی ئەمریکاوە، چونکە بۆ هەموویان دەرکەوت، کە ئارامیی و ئاسایشی ئەوروپا، بەبێ ئەمریکا ناکرێت، بەمەش کۆتایی بە خەونی سوپای ئەوروپای یەکگرتوو هێنا، کە بەدڵی ئەمریکا نییە. چوارەم: هێندەی تر چەکوتەقەمەنی بە وڵاتانی ئەوروپا دەفرۆشێت. لاوازی ئەوروپا خاڵێکی گرنگی تری ئەم جەنگە ئەوە بوو، دووبارە لاوازی وڵاتە ئەورپییەکانی پیشاندا، بەتایبەتی فەرەنسا و ئەڵمانیا، ماوەی چەندین ساڵە ئەم دوو وڵاتە بەوپەڕی نەرمییەوە مامەڵە لەگەڵ روسیا و پوتیندا دەکەن، هەروەکو رۆژنامەی بیلدی ئەڵمانیا لە راپۆرتێکیدا دەڵێت: ئەو سیاسەتە نەرمونیانەی ئەڵمانیا لەماوەی چەند ساڵی پێشوودا بەرامبەر پوتین، هۆکاری ئەم جەنگە بوو. لەلایەکی ترەوە بۆ هەموویان دەرکەوت کە روسیا توانای سەرکێشی هەیە، ترسیشی لە سزاکانی ئەوان نییە. هەروەها دووبارە ئەوروپا ناچارکرایەوە،کە بچێتەوە ژێر دەواری ئەمریکا. هەربۆیە زۆرکەس لەو باوەڕەدان، لەپاش ئۆکرانییەکان، ئەوروپییەکان زەرەرمەندی سەرەکی ئەم جەنگەن. دەرئەنجام بەدڵنیاییەوە گەلی ئۆکرانیا بە پلەی یەکەم زەرەرمەندی سەرەکی دەبن لە جەنگەدا، چونکە خاکی ئەوان بووە مەیدانی جەنگەکە، ئەوە خانووبەرەو گێڵە و ژێرخانی ئابووری ئەوانە کە وێران دەبێت، منداڵ و ژن و پیاوی ئەوان دەکوژرێت و بریندار دەبێت. گەلی ئۆکرانیا بۆ ئازادیی خۆیان ناچار دەبن کە جەنگێکی ماڵ‌وێران و درێژخایەن لەگەڵ زلهێزێکی گەورەدا بکەن. لەهەمانکاتیشدا گەلی روسیش زەرەرمەند دەبن، بەتایبەتی لەرووی ئابوورییەوە، چونکە ئەوان باجی یەکەمی ئەم جەنگە دەدەن نەک دەسەڵاتداران. لەکۆتایشدا تەواوی جیهان زەرەرمەندە، چونکە ئەم جەنگە دەبێتە هاندەرێک بۆ دەوڵەتە گەورەکان، کە وڵاتە لاواز و بچووکەکان داگیر بکەن، بەم شێوەیەش ئاشتی جیهان دەکەوێتە مەترسییەوە. هەتا ئێستاش دیار نییە سیستمی نوێی جیهان چۆن دەبێت، ئایا تەنها دەنگی تۆپ و فڕۆکە دەبیستێت یاخود دەنگی ویژدان و عەقڵ و یاساکان؟
د. كامەران مەنتك ئەو دەوڵەتانەی شوێنێكی جیۆپپۆلەتیكی هەستیاریان هەیە، دەبێت وردتر سیستەمە سیاسیەكانیان هەڵبژێرن وبەئاسانی نەكەونە ژێر كاریگەری شەڕی نەرمەوە، بەواتایەكی تر واز لەدروشمە بریقەدارەكان بێنن وبەمۆدێڵی سیستەمی سیاسی دەولەتانی تر فریو نەخۆن وبنەما لەسەر رەهەندە جۆپۆلەتیكیەكانەوە سیاسەتی ولاتەكانیان وشێوازی سیستەمە سیاسیەكانیان دابڕێژن، لەبەرئەوەی هیچ دەوڵەتێك بە تەنیا ناژیت وكاریگەری لەسەر ولاتانی دەوروبەری، تەنانەت لەهەندێك كاتدا سیاسەتی جیهانی دەبێت ودەكەوێتە ژێر كاریگەری ئەو سیاسەتەشەوە، بۆیە ئازادی لەبڕیاردانی سیاسەتی دەرەوە، چەمكێكی فریودەرەو لەو بوارەدا، ئەوە سیستەمی سیاسی نیە بڕیار لەسەر شێوازی سیاسەتی دەرەوە وپەیوەندیە نیودەوڵەتیەكانی دەدات، بەلكو ئەوە جیۆپۆلەتیكە جۆرە سیاسەتێكی لەسەر دەسەپینێت، كە لەزۆربەی كاتدا بێدەستی خۆی وبەناچاری دەبێت پیادەی بكات! سیاسەتی دەرەوەی سەركەوتوو ئەو سیاسەتەیە، كە خۆی لەگەڵ دۆخەكە جیۆپۆلەتیكیەكە دەگونجێنێت وهەرگیز ركابەری لەگەڵ ناكات وملی لەبەر ملی نانێت، چونكە مێژووی سیاسەتی جیهانی ئەو راستیە دەسەلمێنیت، كە گرتنەبەری ئەو جۆرە سیاسەتە دادی ئەو وڵاتانە نادات ولەكۆتایدا دەبنە قوربانی ولەژێر پۆستاڵی بەرژەوەندی زلهێزەكانی تردا دەپلیشێنەوە. سیستەمی سیاسی ئۆكرانیا زۆر درەنگ، لە بایەخی پێگەی جیۆپۆلەتیكی وگرنگیەكەی بۆ روسیا تێگەیشت، كاتێك تێگەیشت پایتەختی وڵاتەكەی كەوتبووە ژێر هەڕەشەی داگیركاری روسەوە وژێر خانی سەربازی تا رادەیەكی زۆر وێران كرابوو، ئەوان بەدروشمەكانی ئازادی ومافی مرۆڤ ودادپەروەری كۆمەڵایەتی ناتۆ وولاتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا فریویان خوارد، ، پێیان وابوو، رۆژئاوا ئامادەیە بۆ بەرگریكردن لێیان خۆی بخاتە شەڕیكی جیهانیەوە لەگەڵ روسیا! سیاسەتمەدارە هەرزەكارەكانی ئۆكرانیا نەیانزانی، كە وا رۆژئاوا وەك بوكەڵەیەك بۆ تاقیكردنەوەی ئیرادەی روسیا بەكاریان دێنێت ولەچركە یەكلاییكەرەوەو چارەنووس ئامێزەكاندا بەتەنیایان جێدەهێڵێت، ئەمە بووە هۆی ئەوەی لە پەیامە جدیەكانی روسەكان تینەگەن وهەمان هەڵەی گورجیەكان لەساڵی (2008) دووبارە بكەنەوە ویاری بە دەروازە جیۆپۆلەتیكیە گرنگەكانی روسیا بكەن. هیچ زلهێزێك ئەوە قبووڵ ناكات، كە هێزیكی تری ئەتۆمی لەسەر سنوورەكانی وئەوان وئەو دەروازەیەی بەئەوروپا، بازاڕی گەرمی خۆیانەوە دەبەستیتەوە، دروست بكرێت وشەڕەكان بگوازرێتەوە ناو ماڵی ئەو! بۆیە لە جیاتی ئەوەی ئۆكرانیا ناوماڵی روسیا بكاتە گۆڕەپانی شەڕی رۆژئاوا وروسیا، روسیا ئۆكرانیای كردە بەرەی پیشەوەی ئەو شەرە ونەك بەتەنیا ئەو ولاتە داگیر دەكات، بەلكو هەڕەشە لە ولاتانی ئەوروپای رۆژهەڵات، كە لەرووی جیۆپۆلەتیكیەوە بەكلیلی ئۆراسیا هەژماردەكرێن ووڵاتانی بالتێك، تەنانەت ولاتە گەورەكانی ئەوروپاس دەكات. جێگای داخە، تا ولاتەكەی بە كردەیی رووبەڕووی هێرشی روسیا نەبووەوە، سەرۆك وسیستەمی سیاسی ئەو ولاتە دركی بەگەورەیی مەترسیەكان نەكرد لەوە نەگەیشت، كە رۆژئاوا جێگەی متمانە وپێشت پێبەستن نیە، كاتێك دركی پێكرد، ولاتەكەی داگیر كرابوو وئەو كاتە لەجیاتی دانوستانەوە، سەرۆكی ئۆكرانیا بەنوزانەوە رایگەیاند، كە بە تەنیا لەگۆرەپانی شەرەكە جێھێڵران! ئەوەیە بایەخی زەمەن لەتێگەیشتنی رووداوەكاندا، ئەو دەستپێشخەرییەی ئەمڕۆ ئۆكرانیا بۆ دانوستانی لەگەڵ روسیا كرد‌و ئامادەیی خۆی نیشان دا وەك دەوڵەتێكی بێلایەن بمێنیتەوە نەبێتە ئەندام لە هاوپەیمانی باكووری ئەتلەسی (ناتۆ)، ئەگەر دوو رۆژ بەر لەئێستا ئەو بڕیارەی بدابوایە، بەسەر بەرزی لە قەیرانەكە دەردەچوو، لەجیاتی ئەوەی روسیا بكاتە دو‌ژمنێك، پەلاماری بدات، دەیتوانی بیكاتە دۆستیك ولەجیاتی تۆپ وئاگربارانكردن، دەستی یارمەتی بۆ درێژ بكات!. كاتی ئەوە هاتووە میللەتان چیتر بە هێزی نەرم وئەو پروپاگەندانەی بۆ شێوازێك لەشیوازەكانی سیستەمی سیاسی دەكرێت فریو نەخۆن ولەگەڵ دۆخە راستەقینەكە مامەلە بكەن، سیستەمی سیاسی هەر چۆنێك بێت، ناتوانێت لەكەموكوری بەدەر بێت، هەموو سیستەمێكی سیاسی لایەنی ئەرێنی ونەرێنی خۆی هەیە، بۆیە گرنگترین شت لە سیستەمدا ئەوەیە بتوانێت سەقامگیری بسەپێنێت وخۆشگوزەرانی بۆ خەڵكەكەی دابین بكات، لەبەرئەوەی خۆشگوزەرانی وڵاتان لە دروشم وئایدیۆلۆژیاكاندا نیە، بەڵكو لە مانەوە وسەقامگیری وبەردەوام بوون وپاراستنی ئاشتیدایە، پێشكەوتن وخۆشگوزەرانی، لەئاشتی وسەقامگیری دانەبێت هەرگیز نایەتی دی!
گوڵاڵه سدیق پاشئەوەی نرخی نەوت لە ساڵی ٢٠٢٠ دابەزی، بەمەش کاریگەری راستەوخۆی کردەسەر ئەو دەوڵەتانەی بۆ دابینکردنی بودجە پشتیان بە فرۆشتنی نەوت بەستووە، بێگومان دەوڵەتی عێراقیش یەکێکە لە خراپترین ئەو دەوڵەتانەی کە هیچ کاڵاو شمەکێمی ناوخۆیی نیە، هەتا لەو رێیەوە بتوانێت سودی لێ وەربگرێت بۆ دابینکردنی بودجە، ئەوەی کە تەنها پشتی پێ دەبەستێت، نەوتە. ئەم دابەزینی نرخی نەوتە بەجۆرێک کاریگەری هەبوو بۆ سەر عێراق بووەهۆی کەمبونەوەی یەدەکی نەختینییەکەی کە بۆ ئاستێکی زۆر مەترسیدار روو لە کەمبونەوە بوو. ئەمە جگە لەوەی عێراق کەتوەتە نێوان دوو بەرداشی ترسناکەوە، ئەویش قەرزە کەڵەکەبوەکانی بە قەرزی دەرەکی و ناوخۆییەوە لەگەڵ ئەو ژمارە زۆرەی لە موچەخۆر لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ خزێنراونەتەوە ناو لیستی موچەوە بە شەرعی و غەیرە شەرعی، کە بەپێی ئامارەکان ژمارەی موچەخۆری عێراقی (بە موچەخۆرو خانەنشین و چاودێری کۆمەڵایەتی)، نزیکەی ٨ ملێون موچەخۆری هەیە. لەلایەکی ترەوە لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ بەرپرسە عێراقییەکان بە کورد‌و سونەو شیعەوە هەستان بە کردنەوەی ژمارەیەکی زۆر لە بانکی ئەهلی، کە هیچ خزمەتگوزارییەکی بانکیی پێشکەش بە هاوڵاتیان نەکرد، تەنها ئیشیان ئەوەیە رۆژانە دەچنە مەزادی بانکی ناوەندییەوەو لەڕێیەوە رۆژانە قارانجێکی زۆر لە کڕین و فرۆشتنی دۆلار دەکەن جگە لەوەی بەناوی بازرگانیکردن و هێنانی کاڵاوە رۆژانە چەندین گوژمەی گەورە لە دۆلار دەبەنە دەرەوەی وڵات، بێ ئەوەی بەئەندازەی ئەو پارە رۆشتووە کاڵا هاوردە بکەن، لەرێگەی فاتورەی تەزویرکراوەوە کارەکانیان بەڕێ دەکەن بێ ئەوەی هیچ لایەنێکی چاودێریکردن توانای لێپێچینەوەی هەبێت لەم بانکانە (چونکە هەموو هێزە سیاسییەکانی سەر گۆڕەپانی عێراق لەم سپیکرنەوەی پارە بەشدارن، هەر لەبەرئەوەیە بەرژەوەندی یەکتر دەپارێزن)، ئەوەی ئاشکراکراوە لە ساڵی ٢٠٠٣ هەتا ئێستا نزیکەی ١١٢ ملیار دولار براوەتە دەرەوە، کە بەم بڕە پارەیە دەتوانرا عێراق لەم گێژاوی و بێ‌کاری و بێ خزمەتگوزاری و بێ کشتوکاڵ و بێ پیشەسازی رزگار بکرایەو عێراقێکی پێشکەوتوو بونیاد بنرایە. هەموو هێزە سیاسییەکان بێ جیاوازی لە ساڵی ٢٠٢٠ دەنگیاندا بە بەرزبونەوەی نرخی دولار بەرامبەر دیناری عێراقی، بەڵام لە ئێستادا هەندێک هێزو ئەشخاس موزایەدەو بانگەشەی ئەوە دەکەن بۆ ئەوەی بەهای دینار بچێتەوە ئاستی جارانی. کاتێک ساڵی ٢٠٠٧ بەهای دیناری عێراقی بەبێ هیچ پاڵپشتی و گەشەسەندنێکی ئابوری و هیچ دیراسەکردنێک نرخی ١٠٠ دولار لە ١٥٠ هەزار دینارەوە دابەزێنرا بۆ ١٢٠ هەزار دینار لێرەوە کێشەکە سەریهەڵدا، چونکە هەر گۆڕانکارییەک لە بەهای دراوی نیشتمانی بێ پشتبەستن بە گەشەسەندی ئابوری نیشتمانی هیچ ئامانجێک ناپێکێت. لە ئێستادا موقتەدا سەدرو کوتلەکەی داوای ئەوە دەکەن نرخی دولار دابەزێنرێت، پێویستە خەڵک بزانێت موقتەدا سەدرو کوتلەکەی هەمیشە خەریکی جوڵاندنی هەستی خەڵکن، موقتەدا ئەو سیاسییە نیە کە پشت بە لێدوان و قسەکانی ببەسترێت، ئەگەر یەک دوو ساڵێک بگەڕێینە دواوە لەکاتی خۆپشاندانەکانی ٢٠١٩ موقتەدا زۆر بەگەرمی هاتە ناو خۆپشاندانەکان، بەڵام هەرئەوەندەی وڵاتی ئێران چاوسورکردنەوەکەی لێکرد بە جددی، موقتەدا وتی دەچمە قوم و ئعتیکاف دەکەم! وە لەڕووی گەندەڵیشەوە، موقتەداش وەک هەریەکە لە سیاسییە گەندەڵەکانی تر پشکی شێری بەرکەوتووەو بەرژەوەندییە دارایی و سیاسییەکانی هەمیشە پارێزراوە، بەڵام هەتا ئێستا توانیویەنی بە وتار‌و لێدوانی پۆپۆلستی زۆرترین کورسییەکانی کۆتا هەڵبژاردن بۆ کوتلەکەی بپچڕێت. ئەگەر تەنها یەک نمونە لە گەندەڵی و بەرژەوەندییەکانی کوتلەکەی موقتەدا بهێنینەوە، کاتێک پڕۆژەی بەندەری فاو بۆ عێراق دەرچوو کۆمپانیا چینییەکان ئامادەییان تێدابوو لە ماوەیەکی کەمترو بە تێچویەکی کەمترو کواڵتییەکی باشتر پڕۆژەکە ئەنجام بدەن، بەڵام چونکە پارێزگاری بەسرەو قاعیدەی جەماوەری بەسرە ه‌ی سەدرییەکانە، پڕۆژەکە درا بە کۆمپانیایەکی کۆری کە بەماوەیەکی درێژترو تێچویەکی زیاتر‌و کواڵتییەکی کەمتر پڕۆژەکە چووە بواری جێبەجێکردنەوە، بە پێدانی بڕی ١٠٠ ملێون دولار بە سەدرییەکان! هەر کوتلەیەک لە ئێستادا بانگەشەی ئەوەی کرد ئەوان لەگەڵ خەڵکن و داواکاری ئەوان داواکاری نیشتمانییە، ئەم قسانە هیچی لە باکگراوندێکی ئابورییەوە نەهاتووە تەنها مەبەستیان موزایەدەکردن و شێواندنی بازاڕە، چونکە هەمیشە دز بازاڕی شێواوی دەوێت، بەم لێدوانانە خەڵکی کەمدەرامەت ئەو دۆلارە کەمەی لەماڵەوە هەیەتی دەگۆڕێتەوە بە نرخێکی کەمتر لەجاران (بەو ئومێدەی لەداهاتوو بە هەرزانتر بیکڕێتەوە)، هەر شەبیحەکانی ئەم سیاسیانە بە موقتەداشەوە لەبازاڕ چەتەئاسا خۆیان مەڵاسداوە بۆ کڕینەوەی ئەو دولارانە بەهەرزان. ئەوەی پەیوەستە بە بڕیارە نێودەوڵەتییەکانەوە بۆ نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی، لەسەرەتادا، هەریەکە بانکی نێودەوڵەتی و سندوقی نەقدی نێودەڵەتی ئامۆژگارییان بۆ عێراق ئەوەبوو کە نرخی دولار زیاتر بێت لە ١٤٥٠ دینار بۆ هەر دولارێک، چونکە ئابوری عێراق بەتەواوەتی داتەپیوەو عێراق پابەندە بە دانەوەی قەرزێکی زۆری کەڵەکەبوو، لە خۆشبەختی تاکی عێراقی نرخی نەوت بەرزبوەتەوە، ئەگەر نرخی نەوت بەو ئاراستە نەڕۆشتایە ئەوا دەوڵەتی عێراق ناچار دەبوو نرخی دولار زیاتر بەرزتر بکاتەوە. زۆر بەراشکانەوە پێویستە دان بەو راستیەدا بنێن، دروسترین بڕیار دەوڵەتی عێراق دابێتی بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار بووە، راستە هەمومان زەرەرمەندین بەهۆی ئەم بڕیارەوە، بەڵام سەرئەنجام عێراق وەک دەوڵەت لەڕووە دارییەکەوە قازانج دەکات، گەر عێراق خاوەنی سیاسی پاک و کەسانی ئیداری پاک بێت، ئەوا دەتوانرێت لە ماوەیەکی زۆر کورت‌دا سود لەم بەرزبونەوەی نرخی دۆلارە وەربگرێت بۆ گەشەسەندنی ئابوری. موقتەداو هەموو ئەم کوتلانە داوای دابەزینی نرخی دولار دەکەن (کە لەئێستادا ئەمە مەحاڵە) دەتوانن لەبری ئەوە داوای داڕشتنەوەی هەڕەمی هاوکاری حکومەت بکەن بۆ کاڵاو شمەک و خزمەتگوزارییەکان، بەتایبەت بۆ توێژی هەژارو کەمدەرامەت، لەگەڵ داواکاری کەمکردنەوەی باج لەسەر خۆراک و کەرەستە پزیشکییەکان و دەرمان و ئەو مادە خامانەی لە پێشەسازی ناخۆی و بەرهەمی ناوخۆی بەکاردەهێنرێت، لەگەڵ داخستن و لێپێچینەوەی ئەو بانکانەی کە بوون بەهۆی نەزیفی دولار لە عێراقدا. جگە لەم داواکارییانە هەر داواکارییەکی تر بۆ دابەزینی نرخی دولار هیچ رەهەندێکی نیشتمانی نییە، چونکە عێراق جگە خراپی دۆخی دارایی و ئابوری پابەندیشە بە بڕیارە نێودەوڵەتییەکان.
په‌یكار عوسمان - چ ڕووداوی سروشتیی وەکو بورکان و تۆفان بێت، یان جەنگەکان و تاوانی کەسیی.. دواجار "شەڕ" وەکو عەکسەکەی "خەیر"، بوونی هەیەو ئەمەش لە کایەی فەلسەفەدا بۆتە پرسیارێك لەسەر خودا. ئەگەر خودایەکی خەیری ڕەها بوونی هەیە، ئەی بۆچی شەڕ هەیە؟ ئەگەر خودایەکی کامڵ بوونی هەیە، ئەی بۆچی خەلەل و نوقسانی بوونی هەیە؟ - لەبری ئەوەی بە "خێر‌و شەڕ" تاقیبکرێینەوە، بۆ هەر لەناو خێردا تاقینەکراینەوە بە "خێر‌و خێرتر"؟ ئەگەر بوونی زیاد لە ئەگەرێك پێویستی و پێشمەرجی ئازادی و ئیرادەو ئیختیار بێت، ئێ با دووانێتی و فرەییەکە هەر لەناو خێر خۆیدابووایە، شەڕی بۆچیبوو؟ پاداشت و سزاکەش با بەهەشت و بەهەشتتربووایە، دۆزەخ بۆ؟.. ئەم نەوعە پرسیارانە، کە بە خەیاڵی نوقسانی مرۆڤدا دێت، بۆ بە عیلمی کەماڵی خودایا نەهات؟ - بۆ وەڵامیش، ئاڕاستەیەك بەرەو ئەوە ئەڕوا، کە بوونی شەڕ و نوقسانی دنیای مادی، بەڵگەی نەبوونی خودایە، لانیکەم بەو کەماڵ و مواسەفاتەی دینەکان بانگەشەی بۆ ئەکەن.. ئاڕاستەیەكیش پێیوایە بەپێچەوانەوە، خودی نوقسانیی شتەكان، نیشانەی تەنزیهو کەماڵی خودایەو ئەگەر نوقسانیی نەبێت، ئەسڵەن فیکرەی کەماڵ، هەر دروستنابێ تاکو بیدەیتە پاڵ خودا. ئەگەر فرەیی و دوانێتی نەبێت، ئەسڵەن فیکرەی یەکێتی دروست نابێ. ئەگەر هەلاك و کۆتایی شتەکان نەبێت، ئەسڵەن فیکرەی بەقاو ئەبەدییەت دروست نابێ.. کە ئەمانەش دروستنەبوون، ئیتر خواناسییش ئیمکانی نابێ و تۆ ناتوانی خودایەك بناسیت بەو مواسەفاتانەو ئەوانەی بدەیتە پاڵ! - لە خودا گەڕێ، با بیێنەوە لای مرۆڤ. لەڕاستییدا هەر وجودی تاوان و شەڕو کوشتارو یەکلاکردنەوەی ململانێکان بە هێز، نیشانەی ئەوەیە، کە مرۆڤ ئاژەڵێکی دواکەوتووەو بەم هەموو عیلم و مەعریفەت و فەلسەفەو هونەرو تەکنەلۆژیاو دینەوە.. هێشتا لە قۆناغی کەرێتییدایە، هەڵبەتە لەگەڵ ڕێزما بۆ ئەو مەخلوقە جوانەی کە ناوی کەرە. - هەواڵە ناخۆشەکە ئەوەیە کە مرۆڤ وایەو هەواڵە خۆشەکە ئەوەیە کە مرۆڤ ئەتوانێ وا نەبێت. یەعنی "ئاشتی" مومکینە. یەعنی مرۆڤێکی سەرکەوتوو بەسەر ئیرادەی هێزو حەزی زاڵێتیدا، موستەحیل نیە. یەعنی جۆرێکی تری جیاوازی و ململانێ، کە بگاتە هاوکاریی و نەگاتە شەڕ، ئەشێ ببێت. ئەمانە کە دێتە ناو زمان و ناو خەیاڵ و ناو ئارگۆمێنت، ئەکرێ بشپەڕێنەوە بۆ واقع و ببن بە ژیانێکی جوانتر. یەعنی مرۆڤ لەناو سروشتی خۆیدایە، بەڵام دیلی سروشتی خۆی نیەو ئەتوانێ سروشتی خۆی بخاتە ژێر پرسیارەوە. - هەر ئەونەی کە مرۆڤ زاتەو ئەتوانێ خۆی بکات بە مەوزوعی خۆی، کەواتە ئیمکانی خۆناسی زیاتر‌و ئەپدەیتی بەردەوامی هەیەو هەمیشە ئەکرێ باشتربێ لەوەی کە هەیە. تەنانەت ڕەشبینترین دیدی مرۆڤ بۆ خۆی، هەر بوارێکی تری خۆناسین و تێگەیشتنە، نەكئەوەی کۆتایی مرۆڤ و مێژوو بێت. مەسەلەن، ئەگەر زانستی دەمارناسی، دواجار بشگاتە ئەوەی کە مرۆڤ، هەر ئەوەیەو حەلی نیە، دەی ئەوکات زانستەکە خۆی ئەبێ بە حەل و لەڕێگەی دەسکاریکردنی مێشك و دەمارەوەو مرۆڤ بە شێوەیەکی باشتر خۆی دروستئەکاتەوە! - یەعنی سەت ساڵی تربێ و ملیۆنێ ساڵی تربێ.. بە سروشتی بایۆلۆژی و عەقڵی ئێستامانبێ، یان بە زیرەکی دەستکردو هێنانە ناوخۆی تەکنەلۆژیا.. دوای تەجروبەکردنی جەنگێکی تری جیهانیی بێ، یان پێش ئەوەبێت.. دواجار مرۆڤ، هەر لەسەر ڕێگای زیاتر عاقڵبوونەو ئەمە گەڕانەوەی نیە، ئەگەرچی ڕێگاکە بەردەوام پاشەکشێ و لادان و چاڵوچۆڵیشی تێئەکەوێ. - جا تاکو ئەو کاتەو وەکو هەنگاوی سەرەتا، پێویستمان بە پێناسەکردنەوەی شەڕو ئاشتییە. چیتر مرۆڤ ئەبێ تێبگات لەوەی کە، خیتابی دوژمنکاری و زاڵمییەت، چەنێك ناڕەواو کاولکەرە، خیتابی بەرگیریکاری و مەزڵومیەتیش، ئەونە ناڕەواو کاولکەرەو نیوەکەی تری یارییەکەیە. مرۆڤ ئەبێ تێبگات چەپڵەی شەڕو ئاشتی، بە دەستێك لێنادرێ و هەموو شەڕێك دوو دەستی هەیە نەك یەکێك. تا ئەو کاتەشی هەردوو دەس ئەبن بە دەستی ئاشتی، لانیکەم ئەبێ یەکێکیان نیوەکەی تری شەڕەکە نەبێت و چەپڵەکە تەواو نەکات! - لەڕاستیدا ڕوسیا هەر نیوەی شەڕەکەیە، ئۆکرانیا نیوەکەی تریەتی و لەم شەڕەدا ئۆکرانیا خۆی، بێگوناح و بێ تاوان نیە! لەڕاستیدا سەرۆکی ئۆکرانیا، هەر بەقەت پۆتین نا، بەڵکو بڕێك زیاتریش تاوانبارە! چونکە تا ئەوکاتەی کە تەرەفی بەهێزو زاڵم، دێتە سەر عەقڵی عەدالەت و ئاشتی، پێویستە تەرەفی لاواز‌و مەزڵوم، هەر بەشەکەی خۆی نا، بەڵکو بەشەکەی ئەویش عاقڵبێ و بەقەت هەردولا "لاشەڕبێ"، نەكئەوەی خۆی کلکەقنێ ی بدا‌و شەڕو کاولکاریی کێشکاتە سەرخۆی! - لە ڕووکەشدا وا دیارە کە بەرگری ڕەوایەو دیوە جوانەکەی وێنەکەیە، بەڵام ئەمە تەنیا پاساو و فریوە بۆ تەواوکردنی نیوەکەی تری شەڕ. مرۆڤ بڕێك قووڵتر سەیرکات، بەرگری دەسەکەی تری شەڕەو هەردوکی ناشرین و ناڕەوایە. ئەوەی کە ڕەوایە تەنیا ئاشتی و لاشەڕییە. ئەگەر کورد لەبری عەقڵی بەرگری و شۆڕش، عەقڵی خۆلادان و لاشەڕیی هەبووایە، حاڵی زۆر باشتربوو لە ئێستا‌و قوربانی و کارەساتەکانیشی زۆر کەمتر بوون. مەبەستم ئەوەنیە داعش بێت و تۆ بڵێ ی فەرموو، مەبەستم ئەوەیە خۆت کلکەقنێ ی سەدام و ئەردۆگان نەدەیت و دواییش دەسبکەیت بە لوشکەلوشك و کڕوزانەوە! - ئەگەر "لاشەڕیی" فەزیلەتبێ، ئەی فەزیلەتی ئازایەتی ئەکەوێتە کوێوە؟ وەڵامەکە ئەوەنیە کە ئیتر دنیا ئەبێ بە شامی شەریف و شەڕ نامێنێ، وەڵامەکە ئەوەیە کە، فەزیلەتی ئازایەتی ئەکەوێتە شەڕێکەوە، کە خۆت نیوەکەی تری شەڕەکە نەبیت، بەڵکو بەشە بەرپرسیارێتییەکەی خۆتت لە نەبوونیدا ئەداکردوەو کەچی هەر بووە! - ئەوپەڕی ئازایەتی، ئەوەبوو سەرۆکی ئۆکرانیا، بە کۆمەڵێ تەنازولیشبێ، وڵاتەکەی خۆی لەو شەڕە بپارێزێ، نەك بەو حاڵەی بەرێت. ئەو ئەڵێ دنیا بەتەنیا بەجێیهێشتین! ئێ دنیا بهاتایە، ئەبوو بە شەڕی جیهانیی، یەعنی ئەم ڕەشەوڵاخە، هەر وڵاتەکەی خۆی نا، بەڵکو کێشەی نەبوو، ئەگەر تەواوی جیهانیش لە شەڕەوە بگلێنێ! لەکاتێکا بەرپرسیارێتی ئەو، ئەوەبوو، کە هەر بەشی کەرێتی خۆی نا، بەڵکو بەشی ڕەواندنەوەی کەرێتی پۆتینیش عاقڵ بێت! هەر بەشی پاراستنی ئۆکرانیا نا، بەڵکو بەشی پاراستنی جیهانیش حیکمەتی هەبێت. - فەزیلەت ئەوەبوو هەڵەبجە لە کیمیایی بپارێزیت، نەك پێش پاسداری ئێران بکەویت و شارێك بیخەیتە بەر غەزەبی عێراق. ئازایەتی ئەوەبوو، بە هەنێ تەنازولیشبێ بۆ ئەنکەرە، شەڕەكە لە عەفرین لادەیت، نەك شارەکە بڕوا‌و ڕاکەی تەنازولەکە بۆ دیمەشقیش بکەیت و سودیشی نەبێت. لەڕاستییدا "ئەدەبی بەرگریی"، خراپترین و نائەخلاقییترین داهێنانی مرۆڤەو لێرەدا ئەوە تەنیا سەرکردەکانی شۆڕش نین، کە ئەبێ دوای لێبوردن بکەن، بەڵکو سرودبێژو شاعیرەکانیش! ئەوە تەنیا جاشەکان نین کە ئەبێ پەشیمان بن، بەڵکو پێشمەرگەکانیش! ئەوە تەنیا تەقوتۆقەکەی مامەڕیشە نیە کە ئەبێ پیاچوونەوەی پیابکەین، بەڵکو دەنگەدەنگەکەی فەرهاد سەنگاوییش! - لەڕاستییدا ئەوە هەر داگیرکەر نیە، کە شایەنی قسە لەسەرکردنە، بەڵکو داگیرکراویش. لەڕاستییدا تاکو بە هەمان ئەندازەی زاڵمیەت، مەزڵومیەتیش نەخەینە ژێر پرسیارەوە، ماڵی شەڕ هەر وا گەرم و ئاوەدان ئەبێت. ئێمە ئەبێ تێبگەین، توجاری شەڕو خوێن و ڕق، هەر لەوبەرەوە نیە، بەڵکو نیوەکەی تری کاسپی و بازاڕەکە لەمبەرە! باشترین نمونەش بۆ کورد، کورد خۆیەتی و لەڕاستیدا خوێنمژی ئێمە، هەر دوژمن نەبوو، بەڵکو شۆڕشیش! کاتێ سیاسییەکان، دوو وڵات بەرەو شەڕ ئەبەن، چارەسەر ئەوەنیە خەڵکی هیچ لایەك، تێبکەوێ و پشتگیری بانگەشەی وڵاتەکەی خۆی بکات، چارەسەر ئەوەیە خەڵکی هەردولا بێنە سەر جادە دژی هەردولای شەڕەکەو لەپێناوی ئاشتی! - نوکتەیەك هەیە، ئەڵێ مونتەخەبی کوردستان و ئەرجەنتین یاری ئەکەن، مۆدەریبی ئێمە، چوار یاریزان دائەنێ بەس بۆ ئەوەی میسی بگرن، ئێ فیعلەن ئەشیگرن، بەڵام لەولاوە دیفاعێکی خۆمان، سێ گۆڵ لەخۆمان ئەکات! ئیتر مودەڕیبە ئیمانی نامێنێ هاوار ئەکا، کاکە میسی بەردەن ئەو هەتیوەی خۆمان بگرن.. لە دۆخێکی وەکو ئەوەی ئۆکراینیشدا، ئەبوو ئۆکرانییەکان، پۆتین بەردەن، زیلینسکی بگرن! بەڵام کە ململانێ ی ناوخۆ گەیشتە بنبەست و جەمسەرگیریی، ئیتر عەقڵ میوان نیەو یان ئەبیت بە ستایشکاری دوژمن، یان ئەبیت بە بەرگیریکاری هەڵەی ناوخۆ، کە ئەمە هەردوکی کارەسات و بەفیڕۆدانی وڵاتەو کۆمەڵگای ئێمەش ڕێك لەم دۆخەدایە! - بۆچی بەرگری نەکرا؟ چونکە پرسیاری پێشتر ئەوەیە، کە ئەسڵەن بۆچی شەڕەکە کرا؟ کاتێ ڕۆحە هاوبەش و گشتییەکی کۆمەڵگا، لەناوەوە ئەکوژرێ و وڵات دابەشی کۆمەڵێ ئاڕاستەی سیاسی پەڕگیرو پچڕا‌و ئەبێت، کاتێ عینادی سیاسی ئەگاتە ئەوەی کە بێباکانە موجازەفە بە خەڵك و وڵاتەوەکەوە بکرێت.. ئیتر بەرگری ناکرێ. چونکە بەرگری لەسەر دوو پایە دائەمەزرێ: یەکەم حیکمەتی ئەوەی کە خۆت بەشێك نەبیت لە ستەمکاری و خۆت شەڕەکەت کێش نەکردبێتە سەر خۆت. دووەمیش حیکمەتی ئەوەی کە سیاسەت کۆکەرەوەبێ و خۆی کۆمەڵگای پەرت نەکردبێ! - مرۆڤ کائینێکی نەخۆشە، پێش شەڕەکە، حەزئەکا بزانێ کێ ئازایەو ئەیباتەوە.. بیری ئەوەی نیە کە شەڕ، کوشتارو ئاوارەیی و برسێتی و کاولبوونە.. کە شەڕەکە ڕووئەداو وێنەی کارەساتەکە ئەبینێ، ئینجا عاتیفەی ئەجوڵێ و بیری ئەکەوێتەوە کە شتەکە حەماقەتەو نەئەبوو ببێ. مرۆڤ هێشتا عاتیفەی دوای ڕووداوی، زۆر بەهێزترە لە عەقڵی پێش ڕووداو. ئەو خرۆشانە ویژدانییەی کە عادەتەن دوای ڕووداوەکان هەیە، ئەگەر پێش ڕووداوەکان هەبووایە، زۆرێك لە کێشەکان ڕوویان نەئەدا. مرۆڤ هێشتا گا ناناسێ، بەڵکو بە گونا ئەیناسێتەوە، مرۆڤ هێشتا شەڕ ناناسێ، بە خوێن و کارەساتەکەی دوای ڕوودانیدا ئەیناسێتەوە! - کاتێ واقع بۆگەن ئەکات، چارەسەر گەڕانەوەیە بۆ خەیاڵ. خەیاڵ ئەوەنیە کە ئیمکانی نیەو نابێت، خەیاڵ ئەوەیە کە سەرچاوەی ئیمکانەکانەو بەبیانووی واقعەوە خۆمان لێدزیوەتەوە. واقعیش ئەوەنیە کە هەر ئەوەیەو ناگۆڕێت، تەنیا کاتێك وای لێدێ و ڕەق ئەبێت، کە مرۆڤ خاڵیبۆتەوە لە خەیاڵ. پێئەچێ هێشتا مرۆڤ عەقڵی سێیەمی دانەهێنابێ و ئەوەی کە هەیە، چەنێك دوور ڕۆشتبێ، دواجار لە توولەڕێیەکەوە، یان ئەچێتەوە ژێر عەباکەی ئەفڵاتوون، یان ئەچێتەوە ژێر عەباکەی ئەرستۆ. جا کە یەکێکیان زاڵئەبێ و خەریکە دنیا قووتبدا، ئا لەو کاتەیا ئاوڕدانەوە لەویتریان خراپ نیە.
ئومێد حەمەعەلی لەڕاستیدا كێشەی گەورە لە بیركردنەوەی بەشێكی مرۆڤی ئێمە دا پاساوهێنانەوە و ئەرگۆمێنتسازكردنە بۆ بە حەقیقەت ناسینی واقیعی ملكەچی، پاڵپشتیكردن و بە ئایدۆلۆژیاكردنی دۆخی گوێڕایەڵی و سەربەئەویتربوونە یان لە ژێر پاساوی تێپەڕاندنی ناسیۆنالیزمدا ئەم پرۆسەی بیانو هۆنینەوەیە بەڕێدەچێت، یان بە بیانوی ناواقیبوونی یاخیبوونەوە بانگەشەی بۆ ئەكرێت، یان بە بیانوی ساختەچێتی و كێشەی جەوهەری كۆمەڵێك هێز و كەسی سیاسی ناڕەسەنەوە، دەكەونە دژایەتی هەر جۆرە هەڵگەڕانەوەیەكی مرۆڤ و كۆمەڵگە جیاوازەكانی دونیا لە ئاست ئەویتری داگیركەری خۆیاندا. ئەم بیركردنەوە بەئایدۆلۆژیكراوەی ستایشكردنی ملكەچی هیچ دەرفەتێك لە دەست نادات بۆ ئەوەی شەڕی هەر جۆرە ئازایەتی و بوێرییەكی میللەتانی تریش بكات، كە خواستی یاخیبوون لە داگیركەر و خەونی سەروەربوون بەسەر خۆیاندا بیانجوڵێنێت. ئەم نەزعە ترسناكەی بیركردنەوە لە دونیای ئێمەدا هێندە دژی خۆیەتی بەواتا فەلسەفییە بوونەوییەكەی، كە ئامادەیە لە پرۆسەیەكی ترسناكی وەك كێشەی ئۆكرانیاشدا بۆ ڕەوایەتی ملكەچی و واقیعیبوونی دەسەڵاتی ئەویتری داگیركەر و ناواقعیبوونی سەر-بە-خۆیی نیشتمان و میللەتێكی دیاریكراو بگەڕێت. بەئایدۆلۆژیكردنی ملكەچی دەردی كوشندەی بیركردنەوەی ئەو مرۆڤانەیە كە دۆخی زەلیلبوون و داڕمانی شكۆمەندی وەك مرۆڤایەتی و شارستانێتی و پێكەوەژیانی جیاوازییەكان تێدەگەن. لە ڕاستیدا ئەم پاساوهێنانەوە و ستایشكردنەی ملكەچی لە ڕیشەوە كاراكتەری بكوژی جیاوازییەكانە و، بە زمانێكی لاكانییانە ئەتوانین بڵێین پاساوهێنانەوەیە بۆ ڕەوایەتی و توانەوە لە بوونی باوكی ڕەمزی، یان ئەویتری گەورەدا. ئەگەر قەراربێت مرۆڤ هەموو واقعێك بە حەقیقەت بزانێت، بەر لەوەی بیر لە بیانو هێنانەوە و هۆنینەوەی ستایشی ملكەچی بكاتەوە، پێویستی بەوەیە دەستبەرداری خودی پرۆسەی بیركردنەوە ببێت. چونكە تەسلیمبوون بەوەی واقیع حەقیقەتە ڕاستەوخۆ تەسلیمبوونە بە ئایدیای مرۆڤ و كۆمەڵگەی كۆیلەكان. جەوهەری ئەم كێشەیە لە ئاستێكدا پەیوەستی بە ئایدۆلۆژیكردنی ملكەچی و عیشقە بۆ ئەویتری سەروەر، لە ئاستێكدا گرێدراوی ئەوەیە لە دونیای ئێمەدا بیركردنەوە لە لاوازترین و تراژیدیترین دۆخی خۆیدا ئەژی بەتایبەت لە پەیوەست بە تێگەیشتن و گەڕان بۆ ئەڵتەرناتیڤی جیاوازەوە بۆ ژیان بە گشتی، بۆ ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی. ئەگەر وەها بیركردنەوەیەكی تیژ و قووڵ لەئارادا بوایە لەبری گەڕانەوە و پاڵپشتی لە سیستمە دیكتاتۆری و تۆتالیتارییەكانی ئێستا و ڕابردوو، جا لە وڵاتەكانی خۆمان، یان وڵاتانی تری جیهاندا بێت، پێویستبوو هۆشیارانە سەرنجی ئەوە بدرایە كامە ئەڵتەرناتیڤی سیاسی و شارستانی لە جیهاندا سازگارترە لەگەڵ شكۆ و ئازادی مرۆڤدا. هەر ئەم نەبوونی و كێماسییەی بیركردنەوەیە لە دونیای ئێمەدا هەر كات كێشەیەكی ناخۆیی دێتە ئاراوە لەبری هەوڵدان بۆ دروستكردنی جێگرەوەیەكی سیاسی و ئەخلاقی جیاوازی دیموكراتی، شەپۆلێك لە خۆزگەخواستن و شتایشكردنی دیكتاتۆرەكان و سیستمە تۆتالیتارییە پێشینەكان دێتەوە ناو زمانی گشتییەوە؛ هەر ئەم شێوازە بیركردنەوە ڕووكەشی و ناسازگارە لە كێشە جیهانییەكانیشدا بەبێ بیركردنەوە لە كرۆكی ئەلتەرناتیڤی جەمسەرەكانی شەڕ و ململانێ لە وڵات و ناوچەكانی خۆیاندا، بەبێ تێگەیشتن لەمەترسی زاڵبوونی ئەو ئەڵتەرناتیڤانە بەسەر دونیا دا، هەمان پرۆسەی ستایشی ملكەچی و گەڕانەوە بۆ ئەڵتەرناتیڤە چەوسێنەر و فاشیستییەكان بە زەقی لە نوسین و بیركردنەوەدا دەردەكەوێتەوە.