خه‌ڵك بۆ نیگه‌ران و تووره‌یه له (حكومه‌ته‌كه‌ی) ؟!
2022-01-27 16:28:50
د.یه‌حیا عومه‌ر رێشاوی
هه‌میشه حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاته سیاسیه‌كان به پێوه‌ری جۆراوجۆر هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌دائی باش و ئه‌دائی خراپیان بۆ ده‌كرێت، دیاره پرۆسه‌ی هه‌ڵسه‌نگادن و فیدباك له‌سه‌ر ئه‌دائی حوكمرانیی ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسی (یان هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێكی تر) له‌م سه‌رده‌مه‌دا ته‌نها په‌رله‌مان و ده‌زگا فه‌رمییه‌كان و رێكخراوه‌كان و ناوه‌نده زانستییه‌كان ئه‌نجامی ناده‌ن (ئه‌گه‌رچی ئه‌وه كاری له‌پێشینه‌ی ئه‌وانه)، به‌ڵكو هاوڵاتییه‌كی ئاسایی زۆر به ساده‌یی ده‌توانێت نمره بداته حكومه‌ته‌كه‌ی و ئه‌گه‌ر ده‌مارگیریی حزبیی به‌ری چاوی نه‌گرێت، ئه‌و هاوڵاتییه (ئه‌گه‌ر بیه‌وێت) به ئاشكرا ده‌توانێت راستییه‌كان وه‌ك خۆی ببینێت و دواجاریش پرۆسه‌ی (هه‌ڵسه‌نگاندن) ئه‌نجام بدات و ویژدانی خۆی ئاسووده بكات، به تایبه‌ت له‌گه‌ڵ گه‌شه‌كردنی ته‌كنه‌لۆجیای سه‌رده‌م و زیادبوونی سه‌رچاوه‌كانی مه‌عریفه و زانیارییه‌كان، كه رۆژانه داتا و راستییه‌كان ده‌خاته به‌ر دیدو هزری هاوڵاتیان و وه‌ك پیازی پاككراو (باش - خراپ)یان ده‌خاته به‌رده‌ست.
پێوه‌ره‌كان روون و ئاشكران و ره‌نگه بۆ به‌كارهێنان و د‌رك پێكردنیان توێژینه‌وه‌ی زانستیی و بیركردنه‌وه‌ی زۆر قووڵیان نه‌وێت، بۆ نموونه: پێوه‌ری سه‌روه‌ریی یاسا، ئاستی خزمه‌تگوزارییه‌كان، چۆنیه‌تی رووبه‌رووبونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كان، ئاڵوگۆری ئاشتیانه‌ی ده‌سه‌ڵات و ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی بێگه‌رد، شه‌فافیه‌ت له داهات و خه‌رجییه‌كان، میدیای ئازاد و بوونی فه‌زای ره‌خنه‌گرتن و ناره‌زایه‌تی و خۆپیشاندان، پشت به‌ستن به داهاتی ناوخۆ‌و گه‌شه‌دان به كه‌رتی ئابووری و كشوكاڵ و سه‌رچاوه خۆماڵییه‌كان، جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان، به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی داهاتی تاك و هه‌ستكردن به خۆشگوزه‌رانیی، ئه‌مانه و چه‌ندین سێكته‌ر و بواری تر پێوه‌رن بۆ ئه‌وه‌ی به حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتێك بڵێی باش یا خراپ، سه‌ركه‌ووتوو یا شكستخواردوو، جێگه‌ی دڵخۆشیی و شانازیی یا مایه‌ی خه‌شم و توره‌یی ؟!
له‌و پێوه‌رانه‌ی ئاماژه‌یان پێدرا، ته‌نها چه‌ند پێوه‌رێك به‌سن بۆ ئه‌وه‌ی نمره‌ی كه‌وتن و شكست بده‌ینه ئه‌م حكومه‌ته و ده‌سه‌ڵاته سیاسییه‌ی هه‌رێمی كوردستان، ته‌نها هه‌ردوو پێوه‌ری (ئاستی خزمه‌تگوزاریی و چۆنیه‌تی رووبه‌روونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كان) ده‌مانگه‌یه‌نێته هه‌ڵسه‌نگاندێكی دروست و تا راده‌یه‌ك زانستیانه بۆ ئه‌و ئه‌دائه، به راستی مایه‌ی پێكه‌نینێكی پر له توره‌ییه پاش سی ساڵ له حوكمرانی هاوڵاتی له چله‌ی زستاندا و له نێو زوقم و سه‌رمادا (حكومه‌ته‌كه‌ی) نه‌توانێت ده‌به‌یه‌ك نه‌وتی بۆ دابین بكات! له وڵاتێك هه‌ر بستێكی به‌رمیلیلێك نه‌وتی له‌ژێڕ خۆیدا حه‌شار داوه! زۆر جێگه‌ی پرسیار و سه‌رسورمانی پر له نیگه‌رانیه هه‌موان شه‌وو رۆژ به باسی بوتڵه غاز و كاره‌بای نیشتیمانیی و جۆزه‌ی موه‌لیده بكه‌ینه‌وه! له كاتێكدا ئه‌و غاز و كاره‌بایه وه‌ك میرات به‌ملاولادا ده‌فرۆشرێت و ده‌به‌خشرێته‌وه ؟! خه‌مێكی گه‌وره‌یه بۆ ماوه‌ی چوار ساڵ و زیاتر هه‌واڵی به‌په‌له‌ی سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆن و سایته ئه‌لیكترۆنیه‌كانمان باس و خواسی واده‌ی دابه‌شكردنی مووچه بێت و له هه‌زاره‌ی سێهه‌مدا هاوڵاتیان به ده‌ستیی موچه‌كانیان وه‌رگرن و بانكه‌كان به فه‌رده‌و عه‌لاگه پاره ته‌سلیم به فه‌رمانگه‌كان بكه‌ن !
هه‌ربۆیه سته‌مێكی گه‌وره‌یه و مردنی هه‌ست و ویژدانه كاتێك كه‌سێك، رۆشنبیرێك، ئه‌كادیمییه‌ك له نێو جه‌رگه‌ی ئه‌م كێشه و ناسۆری وقه‌یرانه قووڵانه‌دا، كه رۆژانه به‌رۆكی هاوڵاتیانی گرتووه و به هه‌زاره‌ها گه‌نجی ناچار به به‌جێهێشتنی وڵات كردووه، ده‌یه‌وێت له روانگه‌ی چه‌ند باڵه‌خانه و شه‌قامێكه‌وه وێنای حوكمرانیی بگرین و گه‌ره‌كی بێت تێمان بگه‌یه‌نێت، كه ئه‌و نیگه‌رانیی و تووره‌ییه‌ی خه‌ڵك به هاندانی كه‌سان و لایه‌نێكه و تابووری پێنجه‌م و شه‌شه‌مه و مه‌به‌ست لێی تێكدانی (ئه‌زموونه‌كه‌یه)!!، ده‌نا حكومه‌ت پرۆسه‌ی چاكسازیی ده‌ست پێكردووه و هه‌میشه له خه‌می هاوڵاتیاندایه!!، به‌راستی به‌هه‌موو پێوه‌رێك ئه‌م كابینه‌یه نه‌یتوانی له ئاست داخوازیه‌كانی خه‌ڵكدا بێت و هیچكام له به‌ڵێنه‌كانی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی جێبه‌جێ نه‌كرد. هه‌ربۆیه كه نیگه‌رانیی و توره‌یی خه‌ڵك له نێو فه‌زای تۆره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و به‌رنامه راسته‌وخۆكانی كه‌ناڵه میدیاییه‌كان و كۆر و كۆبوونه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا ده‌بینیت، ده‌بێت پرسیار له حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی بكه‌یت له‌و نیگه‌رانیی و مانگرتن و خۆپیشاندانانه، نه‌ك تۆمه‌تباركردن و دادگاییكردنی خوێندكار و هاوڵاتیه‌كی ئاسایی، كه نازانێت داخۆ سبه‌ی ده‌ژی یان مردنێكی هێواش چاوه‌روان و به‌شیه‌تی؟!