■ شادمان مەلا حەسەن دواین رژێمی نەخوازراو بەلای بزوتنەوەی سیاسی كورد رژێمی بەعس بوو .بەعس بەحیساب دووژمنی كورد بوو ,ئەوانەی كە دژایەتی بەعسیان دەكرد و دەبوونە پێشمەرگە و رێكخستنی حزبە كوردیە دژبەرەكانی بەعس ژمارەیان زۆر زۆر كەمتر بوو لەوانەی كە پیاوی بەعس و جاش و نۆكەر و چڵكاو خۆری بوون .ئەوانەی دژایەتی بەعسیان دەكرد لەسەر ناعەدالەتی دارایی و دزی نەوت و خراپی خزمەتگوزاری نەبوو ,بەلكو لەسەر ئەوە بوو ئازادی بەرقرارنیە و مافی كورد پێشێل دەكات .دژەكانی بەعس زۆریان سەریان چووە قوڕ ئەوانەی بە دلسۆزی كردیان .ئەوانەی جاش و پیاوی بەعس بوون قازانجی گەورەیان كرد ,چونكە بۆ ئەوان هەر جاشایەتی و چلكاوخۆری بوو هی بەعس نا هی دەسەلاتی كوردی .بەلام چی روویدا بەعس لەچاو دەسەلاتی كوردی و حكومەتی ئێستای عێراق باشترین سیستەمی كارگێڕی هەبوو . بۆ ئازادیەكەش ئێستا دەسەلاتی كوردی ئەویشی ئەوەندە بەرتەسك كردۆتەوە بەشێوەیەك سە نتەرێكی رۆشنبیری بچكۆلەی وەك ستاندار ناتوانێ لە پایتەخت كۆبوونەوەیەك رێك بخات یان شوقەیەك بەكرێ بگرێ ,كەواتە وەكو میللەت هەردووكی دۆڕاند هەم سیستەمە كارگێڕی و خزمەتگوزاریەكەی بەعسی دۆڕاند هەمیش ئازادی و دادپەروەری كوردی بەدەست نەهێنا ,ئێستا هەرچی رۆشنبیر و چالاكوانی خەمخۆری كورد و عێراق هەیە هەوڵدەدات هیچ نەبێ سیستەمە كارگێڕی و خزمەتگوزاری و سەروەری یاسا بەقەد نیوەی زەمەنی بەعسی لێبێتەوە چش لە ئازادی و دیمۆكراسیەتەكە .بەعس ئەوەی دووژمنی با دەیكوشت ئەوەی لەگەلی با و ئەوەی بێلایەن بوایە رێزی لێدەگرت .بەلام ئەوانەی كورد و ئەوانەی عێراق بەس خۆیان دەوێ ئەگەرنا ئەویتر هەمووی دووژمنە لايان,
■ مەریوان وریا قانع ھەموومان دەزانین پەرلەمانی کوردستان لە ڕۆژی دروستبوونییەوە ھەرگیز تیپی یەکەمی سیاسەتکردن نەبووە لە ھەرێمدا. ھەموو کەسایەتیی و گروپە خاوەن دەسەڵاتەکانی ناو ھەرێم بەردەوام لەدەرەوەی پەرلەمان و زۆربەی جاریش لەدەرەوەی حکومەتەدا بوون. بەڵکو بەشێکبوون لە ”دەسەڵاتێکی تەریب“ کە ھیچ کەس و لایەنێکی فەرمیی نەتوانێت لێیان بپرسێتەوە، مەکتەبی سیاسییەکان وەک نموونە. ھەرزوو ئەم مۆدێلە سیاسییە دۆخێکی دروستکرد تیایدا پەرلەمان ببێت بە جۆرێک لە ”دیکۆری سیاسیی“ و کاری سەرەکیی ئەوەبێت ڕەوایەتییەکی درۆزنانە بە ھێز و دەسەڵاتی ھەموو ئەوانە بدات کە دەسەڵاتدارانی ڕاستەقینەی ھەرێمەکە بوون، بە تایبەتی دەسەڵاتی دوو بنەماڵە سوڵتانییەکە و مەکتەبی سیاسییەکان و ھەندێک لە ئەندامانی سەرکردایەتی دوو پارتە حوکمڕانەکە. جگە لەمە پەرلەمان وێنەیەکی بە جیھانی دەرەوە نیشانئەدا کە سیستمە سوڵتانییەکەی وەک سیستمێکی پەرلەمانی پلورال نمایشدەکرد. بۆ ھەموو ئەمانەش پەرلەمانتاران ھەم مووچەیەکی زۆر بەرز و ھەم کۆمەڵێک ئیمتیازاتی زۆری تریان بۆ دابینکرا. لەگەڵ دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕان و ھاتنەکایەی ئۆپۆزسیۆندا گۆڕانێک بەسەر ڕۆڵ و ئەرکی پەرلەماندا ھات. ئەگەرچی گۆڕانیش تیمێکی بۆ پەرلەمان نارد کە تیمی یەکەمی سیاسەتکردنی نەبوو، بەڵام ئەندام پەرلەمانەکانی ئەم ھێزە و ئەوانی ئۆپۆزسیۆنیش، لە درێژەی کارکردنی ڕۆژانەی خۆیاندا، توانیان پەرلەمان لە ”دیکۆرێکی سیاسیی“ەوە بگۆڕن بۆ ”ھێزێکی پەراوێزیی“ خاوەن ”دەسەڵاتێکی پەراوێزیی“. کێشەکە لەوەدایە ئەو سیستمە سوڵتانییەی دەسەڵاتادارانی ھەرێم لەسەر پێگەی خراپ بەکارھێنانێکی بەردەوامیی دەسەڵات و گەندەڵییەکی کەموێنە و قۆرخکردنێکی ترسناکی دەسەڵاتەکان دروستیانکردوە، بەرگەی ھیچ میکانیزمێکی سیاسیی کۆنترۆڵنەکراو و ھیچ شێوازێک لە چاودێریی و لێپرسینەوەی یاسایی ڕاستەقینە ناگرێت. ئەمە وایکردن بۆشاییەک لەنێوان دەسەڵات و پەرلەماندا دروستببێت کە پڕکردنەوەی ھەمیشە ئاسان نەبێت. پەرلەمان زۆرجار لە پێگەی پەراوێزیی خۆیەوە دەیتوانی کێشە و قەیرانی گەورە بۆ سیستمە سیاسییەکە و بۆ پەیوەندییە باڵاکانی دەسەڵات، دروستبکات. تا ئەو سنوورەی لە ھەندێک ساتدا سیستمە سیاسییەکە گیری بە دەستی ئەو دەسەڵاتە پەراوێزییەی پەرلەمانەوە دەخوارد، تا کار گەیشتە ئەوەی مەسعود بارزانی، بەرزترین سێنتەری دەسەڵات لە ناو سیستمەکەدا، لەسەر یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم، کە پەیوەندیی بە کورسییەکەی خۆیەوە ھەبوو، دەرگاکەی دابخات و پەرلەمانتارەکان بنێرێتەوە ماڵەوە. لەدوای داخستنی پەرلەمانیشەوە دەسەڵاتدارانی ھەرێم، بەتایبەتی پارتی، کەوتنە پرۆسەی بێنرخ و ناشیرنینکردنێکی سیستماتیک و بەرفراوانی پەرلەمانەوە، بەسەدان شێوە کەوتنە گاڵتەپێکردن و شکاندنی پەرلەمان و پەرلەمانتاران. لوتکەی ئەم بێنرخکردن و شکاندنە لە دواھەمین ھەڵبژاردندا لە کاندیدکردنی چەندەھا کەسدا دەردەکەوێت، کە ھیچ سیفەتێکی وایان تێدا نییە ببنە ئەندامی دەزگایەکی سیاسیی وا گرنگەوە. مەسەلەی ئەم ملیۆنەھا دینارەی ئێستاش ھەڵقەیەکی ترە لە شکاندنی شکۆی تەواوەتی پەرلەمان وەک دەزگایەک و پەرلەمانتاریش وەک بکەرێکی سیاسیی بەرپرسیار و خاوەن کەسایەتیی. کێشەکە لەوەدایە ئەمجارە زۆرینەی ھەرە زۆری پەرلەمانتارکان خۆیان، بەوانەی ئۆپۆزیسیۆنیشەوە، بەشدارن لەم بێنرخکردنەی خۆیان و دەزگاکەیان. لە ئێستادا دۆخێک لە ھەرێمدا دروستبووە تیایدا لە چاوی ھاوڵاتیانەوە پەرلەمان بووە بە سوکترین دەزگای سیاسیی ناو مێژووی سیاسیی ئێمە و پەرلەمانتارانیش بە سوکترین کەسایەتی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی. ئێستا پەرلەمان لەوە کەوتوە کە ڕۆڵێکی دیکۆریش بگێڕێت، بەڵکو بووە بە دەزگایەک ناشیرنتر لە دەزگا سیاسییەکانی تر.
■ ئومێد جاف لە عێراق ئازادی پێکهێنانی پارتە سیاسیەکان یان پەیوەندی پێوەکردنیان پارێزراوە لەبەر رۆشنایی ئەحکامی ماددە (٣٩/یەکەم) دەستوری هەمیشەی عێراق. ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە یاسا ژمارە (٣٦ی ساڵی ٢٠١٥) دامەزراندن و پەیوەندی حزبەکان لە فەرمانگەی ئەحزاب کە لە ژێر سەرپەرشتی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رێکدەخرێت. هەروەها بەپیی یاساکە حزبەکان لە بودجەی گشتی عێراق میزانی بۆ دیاری دەکرێت. رێژەی (٢٠%) دابەش دەکرێت لەسە بنەمای تۆمار بوونی حزبەکان لە فەرمانگەی ئەحزاب. رێژەی (٨٠%) دابەش دەکرێت بەسەر ئەو حزبانەی کە کورسیان هەیە لە کۆی (٣٢٩) کورسیەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق. ئەم دیاریکردنە لەسەر بودجەی سیادی عێراق دیاری دەکرێت بۆ سەرجەم حزبە سیاسیەکانی عێراق. بەگەشتنی بەشە بودجەی هەرێم لە حکومەتی فیدراڵ لەگەڵ داهاتی ناوخۆی هەرێم رێژەی (١%) یەک لەسەد دەروات بۆ حزبەکوردستانیەکان کە بە یاسای ژمارە (١٧ ساڵی ١٩٩٣) هەمووارکراو دامەزراون. لە ئێستادا حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یاسای پێدانی بودجەی حزبەکانی هەرێمی کوردستان ژمارە (٥ی ساڵی ٢٠١٤) لە بەرواری (٤/٩/٢٠١٤) بە دواوە سەدان ملیار دیناری حزبە کوردستانیەکان قەرزارە. کە بە یاسا نابێت دووجار لە بودجەی گشتی هاوکاری حزبەکانی کوردستان بکرێت. پارێزەر/ ئومێد حمەرشید جاف
■ كارۆخ عوسمان بەنداوێك تەواوی ھەرێمی كوردستانی دەرباز دەكرد لەكێشەی نەبوونی كارەبا, ھەولێرو نیوەی ئەو زەویانەی دەكەونە ناو ئیدارەی پارێزگای دەھۆك و دەوروبەری موسڵی بەراو دەكردو كشتوكاڵ دەچووە قۆناغێكی پێشكەوتوو. دەبوو بەگرنگترین سەرچاوەی دابین كردنی ئاوی خواردنەوە, سەدان پڕۆژەی گەشتیاری بەھۆیەوە دروست دەكران. سامانی ماسی دەگەیشتە ئاستێكی بەرز, كاریگەری باشی دەكردە سەر كەش و ھەوای ناوچەك, دەتوانرا بەشێك لەو ئاوە بەتۆڕێكەوە ڕابكێشرێتە ھەوڵێرو بەنداوی بچووك بچووكی پێ دروست بكرێت، بۆ جوانكردنی سیمای شار. ئاخر بۆچی لەساڵی ٩١ كە لەشاخ دابەزین گشت مەكائینی پڕۆژەكەیان دزی؟ ئەگەر ئەمە چەتەبازی نەبێت ئەی چ ناوێكی لێدەنرێت؟ گریمان ئەوە دزراو تێپەڕی و بوو بەمێژوو، ھەڵەیەك بوو كراو بەسەرچوو. بەڵام ئاخر بۆچی لێ نەگەڕان دوای ٢٠٠٣ حكومەتی ناوەندی عێڕاق ئەو پڕۆژەیە تەواو بكات؟ وەختێ لەساڵی ٢٠١٣ دەیویست ئەو پڕۆژەیە بەگوژمەیەكی زەبەلاحی ٣ ملیارو نیو دۆلار پڕۆژەی گلدانەوەی ئاوی بێخمە دەست پێ بكاتەوە!!! بۆچی لێنەگەڕان بۆ؟ گریمان بۆپێش گرتن بەژێر ئاوكەوتنی ئەو ٣٠٠ گوندەی سنوری قەزای مێرگەسۆرو سۆران بوو كە گوندی بارزان یەكێكیانە, بەڵام خۆ ئەگەر پڕۆژەكە تەواكرابا دەتوانرا ئاوەكە بەجۆرێك گل بدرێتەوە لەجیاتی ٣٠٠ گوند ٣٠ گوند ژێر ئاو بكەوێت. بەمەش یەك لەسەر چواری ئامانجەكە دەپێكرا، ئەوكاتیش گوندی بارزان و مەزاری لات و عوززا ژێر ئاو نەدەكەوتن. ئاخر بۆچی لێ نەگەڕان؟ یان وەك ڕەتكردنەوەی ھەرپڕۆژەیەكیتر لێی ڕوانرا كە خزمەت بەخەڵكی ئەم وڵاتە بكات؟ بێگومان لەئایندەدا ھەرێمی كوردستان بەھەر جۆرێك بێت دەبێت ئەم پڕۆژەیە وەگەڕبخاتەوە, جگە لەبەنداوی (بێخمە)ش دەبێ كاربكرێت بۆ پێشگرتن لەبەفیڕۆچوونی ئاوی سازگاری وڵات، بەنداوی بچووك بچووك لەسەر ڕوبارەكان دروست بكرێن، بۆ سود لێوەرگرتنیان لەبواری كشتوكاڵ و ئاوی خواردنەوەو وێستگەی كارەبای محەللی. ئێستا با خەڵكی كوردستان بزانێت، لەپێناو چەند گوندێك كە زێدی سەرگەورەكانی سوڵتەی داسەپاوی ھەرێمە پڕۆژەی بەنداوی بێخمە ھەڵوەشێنرا. خۆ ئەگەر حوكم بگۆڕێت یەكەم كار كەئەنجام بدرێت دەبێ گوندەكەی بارزان تەخت بكرێت و ببێت بەزێدی ماسی و قڕش و قڕژاڵ، تاكو ھیچیتر دكتاتۆر بەنازناوی (بارزانی) دروست نەبن. كەواتە تەنھا لەپێناو گلدانەوەی ئاو نیە ئەو تێڕوانیە، بەڵكو لەپێناو لەگۆڕنانی عەقڵیەتی دەست بەسەرداگرتن و تیرۆرو خیانەتكاریە.
■ سەلام عەبدوڵڵا تەعریب، جارێكی تر، لە كەركووكو دەوروبەری، بەترسناكترین شێوە بەردەوامە، چونكە ئەمجارە هەم حكوومەتو هەم عەرەبی هاوردەو ناهاوردەش خۆیان بەسەركەوتوو دەزاننو وەك پاداشتی سەركەوتن سەیری دۆخی بەردەوام بوونی تەعریب دەكەن. سەدامو رژێمەكانی پێشوو هەوڵی خۆیاندا بۆ تەعریبی كەركووكو دەوروبەری، چونكە دەویسترا بەگۆڕینی دیموگرافیا كەركووك بعەرەبێنرێتو كورد وەك كەمایەتی نیشان بدرێ، دیارە هیچ حسابێكیش بۆ توركمان نەدەكرا، چونكە حكوومەتی ئەوسای عێراق بەهیچ شێوەیەك دانی بە توركمانەكاندا نەدەدەناو بە عەرەبیان لەقەڵەم دەدان. پاش رووخانی رژێمو بەشداری كورد لە حكوومەت لە بەغدا، كورد چاوەڕوانی زۆری لە حكوومەتی نوێ هەبوو كە بتوانێت بەزوویی ئەو هەموو زوڵم و زۆرەی لە كورد كرابوو بەیاسا كۆتایی پێبهێنێتو ماف بگەڕێنێتەوە بۆ بەرەی مافخوراوانو لەوپێناوەشدا بەپێی دەستووری نوێی عێراقی كۆمەڵێك خاڵو بڕگە بۆ چارەسەری ئەوكێشەیە دەستنیشان كرا، بەڵام هەر زوو دەركەوت كە ئەمانیش لەسەر هەمان رێچكە دەڕۆنو بەردەوامی بەتەعریبو گۆڕینی دیموگرافیا دەدەن، لەگەڵ ئەوەشدا هەر نەیانتوانی، هەرچەند ڕێگرییەكی سەختیان لەجێبەجێكردنی بڕگەكانی دەستوور داناو لەمپەریان خستەبەردەم، بەڵام نەیاندەتوانی بەردەوامی بەتەعریب بدەن. لەشانزەی ئۆكتۆبەرەوە حكوومەتی عێراقی وەك سەركەوتووی جەنگ مامەڵە لەگەڵ دۆخی كەركووكدا دەكات، هەر بەدانانی بریكاری پارێزگارو پێدانی هەموو دەسەڵاتەكانی پارێزگار كە ئێستا بەئارەزووی خۆی دژی كورد بەكاری دەهێنێت تا گێڕانەوەی هەموو عەرەبە هاوردەكان كە قەرەبووش كراونەتەوەو تا دەگاتە دەركردنی كورد لە گوندەكان وزێدی خۆیان تا ئەوەی كە بەفەرمانی بریكاری پارێزگار ئێستا هیچ یارمەتیەك بە كوردانی ئەو ناوچە كوردیانە نادرێ، سەرباری ئەوەش حكوومەت سەبارەت بەپێدانی پێداویستی كشتوكاڵ بەهەموو شێوەیەك پشتگوێیان دەخات، ئەویش هەر لەبەر ئەوەی نەتوانن زەویەكانیان بەكاربهێنن و لەمەودوا چۆڵی بكەن. ئێستا بەسەدان هەزار دۆنم زەوی كشتوكاڵی كورد لەژێر مەترسی لە ناوچووندایە كە دەبێتە مایەی ئاوارەبوونی تێكڕا خەڵكەكەی. رژێمی سەدام ملیۆنێك دۆنم زەوی كوردی لە كەركووك زەوتكرد و بەخشیی بە عەرەبی هاوردە، ئێستا پارێزگاری بەوەكالەت لەكەركووك پەیوەندی بەسەرەكهۆزە عەرەبیە هاوردەكراوەكانەوە دەكات كە بگەڕێنەوە سەر-بەحساب- زەوییەكانیانو بەوپێیەش كورد جارێكی تر لەزێدی خۆی ئاوارەبكرێ، ئەمەش یەكێكە لە "خێر و بێری" شانزەی ئۆكتۆبەر كە داڕێژەرانو پشتیوانان و بێدەنگەكانی نێو خۆیان هەموو ئەو ماڵوێرانییە دەگۆڕنەوە بەتەنها پارێزگارێك كەسەر بەخۆیان بێت و هیچی تر.
■ هیڤیدار ئەحمەد وەختی خۆی لە خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان 4 ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان، کە گۆڕان لە قیمەی ئۆپۆزیسیۆنی خۆیدابوو، دوای دوو ساڵ لە کارکردنییان وەکو ئەندامی پەرلەمان کە هەر چوارییان پێیان دەگوترا (دکتور) دەستییان لە ئەندامەتی پەرلەمانییان کێشا. باش لە بیرمە یەکێک لە خالە سەرەکییەکانی دەستلەکارکێشانەوەیان خانەنشینبوونی پەرلەمانتار و وەرگرتنی 48 ملیۆن دینارەکە بوو. بەلام دواتر بە دزی وەریانگرت تاوەکو لەسەریان ئاشکرا بوو... مەبەستم باسکردنی چوار ئەندامەکەی گۆڕان نییە. ئەوەتا کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتووی ئیسلامی و یەکێتی و ئەندامانی پارتیش لە نێو پەرلەمان هەموو جارێ خانەنشین بوونە و 48 ملیۆن دینارەکەیان وەرگرتووە. ئەوەی سەیرە ئەندامانی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتوو دەڵێن ئیمزایان لەسەر وەرگرتنی 48 ملیۆنەکە لە هی ئەندامانی پارتی و یەکێتی تۆختربووە! بەهەر حال، خانەنشینکردنی پەرلەمانتاران دوای چوار ساڵ بە شەش ملیۆن دینار، کارێکی قیزەونە و ناشرینە. چەند خۆشە، من لە شوێنی ئەو پەرلەمانتارانە نیم، کە ئیمزایانکردووە بۆ وەرگرتنی ئەو بڕە پارەیە و مووچەی خانەنشینی شەش ملیۆن دیناری. تۆ بڵێ دوای ئەم هەموو قسەو نفرین و قسەی ناشرین لەسەرییان چێ بڵێن؟ لەگەڵ خۆیان چەندە مورتاحن، ئایا ویژدانیان هەیە؟ تەبعەن تەنیا پەرەمانتار نا، وەزیر، زۆر لە پەرلەمانتار زیاتر وەردەگرێ و خەرج دەکات و وەنەشەی چاکییان هەیە، تکایان لێ دەکەم ئەوەی ئەندامانی پەرلەمانیان کرد ئێوە نەکەن، ئەگەر نا، لێتان خۆشنابین و باسی ئێوەش دەکەین. یەکەم کارکردنی ئێمە لە پەرلەمان لەنێو بردنی بندیوارەکان و هەڵوەشاندنەوەی مووچەی خانەنشینی شەش ملیۆنی پەرلەمانتارانە، کە نابێ نە خولەکانی پێشتر و نەخولەکانی داهاتوو ئەو پارەیە وەربرگن. ئەم یاسایە لە بنەڕەتەوە هەڵدەوەشێنین و ئەوەی دژ بێ بە ئاشکرا ناویان دەهێنین. ئەمە پارەی میللەتە و رێگە نادەین خەڵک بەناوی پەرلەمان کەیف و سەمای پێ بکەن.
■ هێمن غازی گرنگە هەموو هاوڵاتییەكی هەرێمی كوردستان وەڵامی ئەوەیان لەبەردەستبێت كە ئاخۆ لە گەڕی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان كێ دەبێتە سەرۆكی ئەو پەرلەمانەی كەبریارە لەم هەفتەیە یەكەم كۆبونەوەی خۆی بكات و ئەندامەكانی سوێندی دەست بەكاربوون بخۆن. بە ئیستیحقاقی هەڵبژاردن بێت ئەو پشكەكە بەر یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەكەوێ هەرلەبەرئەوەش لایەنەكانی دی كەمتر چاویان لەو پۆستەیە بەڵكو ئەوان وەك بینەر چاوەڕێن لەیەكەم دانیشتنی خولی پێنجەمدا ئەو پۆستەو دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان یەكلابێتەوە بە تایبەت پارتی كە براوەی یەكەمی ئەم هەڵبژاردنەیە دەیەوێت دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان لەیەكەم. دانیشتن دابنرێت و بەوەكالەت نەبێت و بتوانێت بەخێرایی هێزی براوە بۆ دروستكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان رابسپێردرێ ، چونكە فشارە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان لەدوای پەیوەندییە تەلەفونییەكەی نێچیرەڤان بارزانی و ئیمانیۆل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا بەو ئاراستەییە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەماراسۆنی و هاوشێوەی حكومەتەكەی عەبدولمەهدی لە بەغداد بێ قڕە دروستبكرێ و هەرێمی كوردستان نەكەوێتە تەنگەژەی سیاسیەوە ، لە ئێستادا بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان باس لە دوو كەسایەتی ژن دەكرێت كە هەریەكەیان خاوەن تایبەتمەندی سیاسین و ئەزموونی كاری پەرلەمانیان لە پێشتر هەبووە ، ( بێگەرد تاڵەبانی و رێواس فایەق ) ئەو دوو بەر بژێرەی یەكێتین كە ئێستا لە قۆناغی ماراسۆنی سیاسی و دیپلۆماتین تا چامپیۆنزلیگی گەیشتن بەكورسی سەرۆكی پەرلەمان لەبەرژەوەندی خۆیان یەكلا بكەنەوە ، هەرچەندە ئاراستەی رایگشتی و قاعیدەی جەماوەری یەكێتی و تەنانەت لایەنە بەرهەڵستكارەكانی یەكێتی چاویان لەسەرئەوەیە كە بێگەرد تاڵەبانی وەك كارەكتەرێكی سیاسی ژن بێتە سەرۆكی پەرلەمانی داهاتووی كوردستان و كارە تەواو نەبووە كانی خولی پەكەوتوی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان تەواو بكات و لایەنەكان بەوە رازیبكات كە چیتر سەرۆكێك نابێت كە واقیعە سیاسییەكانی هەرێم نەخوێنێتەوە و تەنگەژەی سیاسی و قانوونی لەهەرێمی كوردستان دروستبكات ، پێدەچێت بێگەرد تاڵەبانی تایبەت مەندی راگرتنی باڵانسی سیاسی زۆرتر تێدابێت هەرلەبەرئەوەش چاوەكان زۆرتر لەسەر ئەون ، هەردوو بەربژێرەكەی یەكێتی ، سەرباری ئەوەی ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتین ، سەر بەدوو ئاراستەی سیاسی جیان ، رێواس فایەق نزیكە لە كۆسرەت رەسول و لە تەنگەژە سیاسییەكانی بگرەوبەردەی نێوخۆی حزب سەرسەختانە داكۆكی لەو باڵە كردووە كە دەڵێن كۆسرەت رەسول سەرۆكایەتی دەكات ، هەرلەبەر ئەوەش ئێستا زۆرتر وەك كاندیدی جێگری یەكەمی سكرتێریی گشتی لە میدیاكان باسی لێوەدەكرێت ، بەڵام بەپێچەوانەوە بێگەرد تاڵەبانی زۆرتر كەسێكی دیسپلینی حزبییەو پابەندی زیاتر بە بڕیارەكانی حزبەوەهەیە ، هەر ئەوەش وایكرد لە ماوەی رابردوو وەك تاقانە ژنێك ببێتە ئەندامی دانوستاندنی حزبەكەی لەگەڵ نەیارەكانی ، تەنانەت باس لەوەش دەكرێت لە سەروبەندی رێككەوتنی یەكێتی و گۆڕان لە رابردوو ، نەشیروان مستەفا بۆ سەرۆكایەتی فراكسیۆنە یەكگرتووەكەی هەردوو حزب بێگەرد تاڵەبانی بە شایستەی وەرگتنی ئەو پۆستە زانی بوو ، لە دوای پەك كەوتنی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان و بەگەڕ خستنەوەی ئەو خولە لە دەستەی نوێدا بێگەرد تاڵەبانی دەچێتە لای راستی سەرۆكی پەرلەمان و زۆركاتیش باسیان لەوەدەكرد كە كۆتای ئەم خولە زۆرتر هاوسەرۆكی بووە و بێگەرد تاڵەبانیش لە هەندێ دۆخدا بەهۆی چالاكی و بزێوی سیاسییەوە زۆرتر وەك سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دەركەوتووە ، هەرلەبەر ئەوەش ئەزموونی كاری پەرلەمانی و ژیری سیاسی و پابەندی دیسپلینی حزبی زۆرتر شانس بە بێگەرد تاڵەبانی دەدات كە بازی دەسەڵات لەسەر شانی بنیشێتەوە و ببێتە یەكەم ژن كە شەرەفی بەڕێوەبردنی پەرلەمانی كوردستانی پێبڕابێت .
■ ئالان بەرزنجی 48 ملیۆنی پەرلەمانتارەکان زۆری هێناوەتە قسە، بەس هیچی سودی نیەو ڕەخنەکانیش لە جێی خۆی نین، من و تۆش پەرلەمانتار بوینایە بێ سێ و دوو وەرماندەگرت و مەمنونیش بوین. ئەی ئەوانەی دەتوانن ڕای گشتی دروست کەن ئەگەر ڕاست دەکەن و خەمی نیشتمانتانە با داوا بکەین کە: 1. یاساکان بە جۆرێ بن دادپەروەری تێدا بێت و ئەم هەمو ستەم و جیاکاریەی تێدا نەبێت. 2. با لیستی هەڵبژاردن داخراو بێت و تا ئەو هەمو ناشایستەو موهەریجانە نەبنە پەرلەمانتار. 3. ناکرێ بە ناوی کۆتاو کەمەنەتەوەکانەوە کە بە هەمویان دەنگی کورسیەکیان نەهێناوە 11 کورسی بەرن. 4. زۆرتر لە زۆرینەی پەرلەمانتارەکان عەرەبی نازانن و یاساکانیش بە زمانی عەرەبی لە پەرلەمانی کوردستان دادەنرێن ئەمە گاڵتەجاڕیە نەک 48 ملیۆنەکە. یەک دنیا عەیب هەیە کە ئاسان چارەسەر دەکرێت بەڵام ئێمە قسە لەسەر شتێ دەکەین کە سودی نیە. یاخوا 48 ملیۆنەکەتان عافێت بێت نەکەن بە قسەی فەیسبوک بیبەخشن بەخوا بەشێکی ئەوانەی قسەتان پێدەڵێن بتانبینن سێڵفیتان لەگەڵ دەگرن
■ یاسین تهها باوهڕ وههایه میرهكانی ئال سعود و وەچەكانیان له ئێستادا دەوروبەری 25 هەزار كەس ببن، بهڵام له سعودییه مهرج نییه ههركهس میر بێت باڵادهست بێت، بهڵكه لهو ژمارهیه دەوروبەری 200 كهسایهتیی كاریگەر و دەوڵەمەندیان دهستیان بهسهر پۆست و جومگە گرنگه سیاسی و ئابوورییهكانی وڵاتدا گرتووه كه یەكێكه لە دەوڵەمەندترین وڵاتەكانی دونیا و بهتهنها 267 ملیار بهرمیل نهوتی خاوی یهدهگی ههیه. دهسهڵاتی بهرفراوانی ئال سعود تەنها بۆ زۆریی ژمارهیان ناگهڕێتهوه كه شهش ههزاریان میری چالاكن، هەروەها كاریگەرییان تەنها لەوەدا نییە كە كۆی سامانی تایبەتی بنەماڵەكەیان خۆی لە ترلیۆنێك دۆلار دەدا [بەپێی هەندێ ڕاپۆرتی ڕۆژئاوایی]، بەڵكە بەشی سەرەكیی تواناو هێزی ئەم بنەماڵەیە لەو پێگە ئاینییەوە سەرچاوە دەگرێت كە ساڵانێكی زۆرە وهك پشتیوانی قوتابخانهی سهلهفی و دهسهڵاتداری ههردوو حهرهمه پیرۆزهكهی ئیسلام ههیانه كه مهككهو مهدینهی قیبلهی ملیارو نیوێك موسوڵمانه. كۆكردنەوەی دین و دونیا لەلایەن ئال سعودەوە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەركەوتن و ریسككردنیان لە شاری درعیە وەكو بنەماڵەیەكی سەرتەڵ و حوكمڕان له سهدهی ههژدهی زاینی، لەم قۆناغەدا كە میرنشینێكی بچووكیان هەبوو بەپێی "گەڵاڵەنامەی درعیە" هەرچی دەسەڵاتی ئاینی هەیە [فەتوا و ئەوقاف] دایان بە محەمەدی كوڕی عەبدولوەهاب كه ڕێبەری بانگەوازی سەلەفییه [1745 ز]، لەبەرانبەریشدا هەرچی دەسەڵاتی دونیا هەیە تاپۆ كرا لهسهر محەمەد بن سعودی سهركردهی دهوڵهتی سعودییهی یهكهم. بهم جۆرهش بو به یهكێك له گرنگترین و بهناوبانگترین هاوپهیمانێتی و گەڵاڵەنامەكانی نێوان ڕێبەرانی دین و دهوڵهت له مێژووی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. پەیوەندیی توندوتۆڵی ئال سعود و ئال-شێخ [محمد بن عبدالوهاب] تەنها ڕێككەوتنی فهرمی دابهشكردنی دهسهلات نییه، بەڵكە پەلیكێشاوە بۆ دروستكردنی خزمایەتی و ژن و ژنخوازیی و كورێكی محەمەد بن سعود، بووهتە زاوای محەمەد بن عەبدولوەهاب، بەم هۆیەشەوە هەم دەسەڵاتە خێڵگەرییەكەی بن سعود ناوەڕۆكێكی ئاینیی بەهێزی لە نیوە دورگەی عەرەبدا پەیدا كردوە، هەم بیروباوهڕهكانی محەمەدی كوڕی عەبدولوەهابیش بووە بە خاوەنی پشتیوان و سوپا و دەسەڵات و هێز. لە تەمەنی محەمەد بن عەبدولوەهابیدا [1792 کۆچی دوایی کردووە] زاواكەی كە كوڕی محهمهد بن سعودە و ناوی عەبدولعەزیزە، وەكو جێگرەوەی باوكی چووەتە سەر تەختی شاهانەی سعودیە و لەبەر پابەندییە سەلەفییەكەی و هۆگریی به رێبزای خەزووریی نازناوی "ئیمام" ی پێ بهخشراوه، لە سەردەمی عەبدولعەزیز و 10 ساڵ پاش مەرگی محەمەد عەبدولوەهاب لەشكری سعودیە هاتونەتە ناو شاری كەربەلای عێراق [1802 ز] و جگە لە كوشتاری شیعەكان تەخت و تاراجی مەزارگەی ئیمام حوسێنیشیان تێكداوه. ئهو هێزه مادی و مهعنهویانهی له چنگی ئال سعوددا كۆ بوونهتهوه یارمهتی داون هۆزه ڕكابهرهكانیان تێك بشكێنن وهك [ئەشراف، هاشمییەكان، ئال رەشید]، ههندێك لهوانهشیان دهرپهڕاندوه ئوردن و شام و عێراق[هاشمییهكان] لەوەش گرنگتر مەككە و مەدینە شیان خستە ژێر كۆنترۆڵی خۆیان و لەساڵی 1932زز لەسەردەستی شا عەبدولعەزیز ئال سعود "میرنشینی عەرەبی سعودیە" یان بهم فۆرمهی ئێستا ڕاگهیاند. بۆ پاراستنی ئەم دەوڵەتە نوێیەش كە بەناوی بنەماڵەكەیانەوە ناونراوە شا عەبدولعەزیزی دامەزرێنەر ژمارهیهكی زۆر هاوسەرگیریی لەگەڵ كچانی سەرۆك هۆزە عەرەبییەكان كردووه و لەبەرهەمی ئەم زهماوهندانهش كه ژمارهیان له 45 زیاتره له كاتی جیاجیادا، بووه بەخاوەنی 36 كوڕ و 27 كچ كە تائێستا یەك لەدوای یەك دەبنە پادشا و جێنشین و بڕیار بهدهست له وڵات [45 كوڕی ههبووه _ AFP]. لە سەردەمی "دەوڵەتی سعودیەی یەكەمەوە" دەسەڵات لەناو بنەماڵەی ئال سعود پشتاوپشتە، پۆستی موفتی گشتی وڵات و بانگەواز ئەوقافیش بەهەمان دهستوری جاران بۆ ئال _ شێخه، كە ئەمەی دوایی زیاتر دەسەڵاتگەلێكی ڕۆحی و ڕەمزین و چاویان لەدەستی ئال سعوده. لەم ساڵانەی دواییشدا ئەم نەریتە بە یاسا ڕێكخرا بەجۆرێك لە یاسای بنەڕەتی وڵاتدا كە لە 1992 دهرچووه مەرجە بەهەمیشەیی پادشای سعودیە لەوەچەكانی عەبدولعەزیز ئال سعودی دامەزرێنەر دیاریی بكرێن، هەر لەم مەرسومەشدا جەخت لەوە كراوەتەوە كە "ئهو بانگهوازه ئیسلاحییهی له سعودیهدا سهریههڵداوه ـ مهبهست بزووتنهوهی سهلهفییه ـ پایهی حوكمڕانی وڵاته. ساڵی پار به هاتنی محهمهد بن سهلمان بۆ پێگهی شازادهی جێنشین له كاتێكدا كه باوكه ههشتا ساڵهكهی نهخۆشییهكانی پیریی ههیه [زهایمهر]، دهسهڵاتی ڕهها له كوڕانی عهبدولعهزیزهوه گواسترایهوه بۆ وهچهكان و له ناو ئهوانیشدا بۆ بن سهلمانی تهمهن 33 ساڵ كه ئێستا فهرماندهی تاقانهو ڕههای ئێستای سعودیهیهو به بێ بوونی پەرلەمانێك و لەغیابی هەموو چەشنە چاودێرییەك و بهبێ سیستمێكی قەزایی یان رێكخراوهكانی چاودێریی، خۆی بكوژو ببڕی سعودییهو پشتیوانی گهورهشی لهم تاكڕهوییه دۆناڵد تڕهمپی سهرۆكی ئهمهریكاو لۆبییه بههێزهكانی ئهمهریكان. محەمەد بن سەلمان له پهنا شهڕی یهمهن و گهمارۆی قهتهردا لەماوەى ساڵێکدا هەنگاوى زۆر گەورەو مێژویی ناوه له سعودییه لەبوارهكانی نوێگهریی و پەرەپێدان و خهریكبوو وەک باوكی عەرەبستانى نوێ و مۆدیرن ناو دهربكات شان بهشانی باوک و دامەزرێنەرى یەکەم کە باپیرەیەتى [عبدالعزيز آل سعود]. بەپێى خەمڵاندنە ئەمەریکییەکان 70% ئەو سعودیانەى تەمەنیان لە 30 ساڵدا بوو، گومانى ئەوەیان لێدەکرا بچنە ریزەکانى داعش و ئەلقاعیدە، لەڕووى ئابورییەوە 87% داهاتى عەرەبستان لەسەر فڕۆشتنى نەوتەو 80% هەلەکانى کاریش لەو وڵاتە هى کەرتى گشتى و وەزیفەى حکومی بوون، ئەمە جگە لەنزمى ئاستی فەرمانبەرەکان و کۆنى سیستمى بەرێوەبردن و کێشەو گرفتەکانیترى وەک هەڵکشانى سەیرى رێژەکانى قەڵەوى و شەکرە لەوڵات بەهۆى تەمەڵی و نهجوڵانهوه، بەڵام بن سهلمان پلانێکى گشتگیری راگەیاند کە تا 2030 هەموو ئەمانە بخاته بهردهم پێداچوونهوهو گۆڕان. له چوارچێوهی دیدگای 2030 دا بن سهلمان، بەخێرایی دەرگاى کردەوە ژن سەیارە لێبخوڕن و کۆتایی بەمشتومڕێکى ئاینی كۆمهڵایهتی چهندین ساڵه هێنا، بۆ یهكهمجار سینهمای كردوه له سعودیه، رێگهی به ژنان دا بچن بۆ یاریگاكان و ببهنه هاندهری تیپه وهرزشییهكان، چهندین سەیرانگاى کردەوە کە بەناوبانگترینیان بودجهكهی 500 ملیار دۆلاره لەڕۆخى دەریاى سوورەو چوار دەوڵەت بەیەکترەوە دەبەستێت [نیوم] بۆ ئەوەى سعودییەکان پارەکانیان نەبەنە دەرەوەى وڵات بۆ کەیف و سەفاو لەناوخۆدا خەرجى بکەن، لەگەڵ زۆر هەنگاویترى ئابوورى بەئامانجى گۆڕینى شکڵ و شێوازى دەوڵەت لەڕەگ و ریشەوە. سهرهڕای ئهم دهسكهوتانه له ئێستادا بههۆی كوشتنی ڕۆژنامهنووس جهمال خاشقچی و شوێن بزركردنی تهرمهكهی به مشارو تێزاب له ناو كونسوڵخانهی سعودیه له توركیا، بن سهلمان و ههموو سعودییه دووچاری ئیحراجییهكی زۆر بوونهتهوهو كه ڕهنگه دوای 11 سێبتهمبهری 2001 گهورهترین ڕووداوی پهیوهست به سعودییه بهێت كه دهرفهتی ڕهخساندوه بۆ ڕكابهر و وڵاتانی تهماعكار له پێگهو سامانی سعودیه كه ههوڵ بدهن بهم كارته شازاده بكهنه یاریچهی دهستی خۆیان، بهڵام له ئێستادا ئال سعود له ههوڵی گێڕانهوهی شكۆی جاران و نینۆككردنی بن سهلماندان و بۆ ئهو مهبهستهش میر ئهحمهدی برا بچووكی شا سهلمان له لهندهنهوه گهڕاوهتهوه بۆ ڕیاز، بهڵام هێشتا ڕوون نییه تڕهمپ و جارید كۆشنهری زاوای و له پشت ئهوانیشهوه نهتانیاهۆ ڕێگه به سزادانی شازاده دهدهن كه زیاتر توركیا و ئێران لێی سودمهندن یان نا؟!
■ شاناز ئیبراهیم ئهحمهد سوپاس بۆ كوردساتی ئازیز كه لەڕێی دراماكانییەوە ئاشنای كردین به مێژوی كۆریا ، لەچەند ساڵی ڕابوردودا درامایەكمان نەبینی كه باس له كۆمەڵێك كەین و بەین و خڕی مڕی و موئامەرە و خیانەت و دانوستان و سازان و قەیران و حەیرانی سەیروسەمەرە و سەرسوڕهێنەر نەکات چ له ناو كۆشكەكاندا و چ لەدەرەوەی كۆشكەكان ، بێ گومان ململانێ و یەكتر لەناوبردن له پێناو بەدەستهێنان یان دەستگرتن بەسەر دەسەڵاتدا شتێكی تایبەت به كۆریەكان و دراما كۆرییەكان نیه و به درێژایی مێژو هەر روویداوه بەڵام ئەوەی كه له دراماكاندا بەرچاومان ئەکەوێت دەرخەری ئەو ڕاستییەیە كه نەک هەر مێژوو سەدباره بووەتەوە بەڵکو هیچ شانشین و دەسەڵات بەدەستێک دەرسی لەو مێژووە وەرنەگرتووە ، بۆیە پیلانگێڕییەکان بەردەوامن لەناو کۆشکی پاشاکان لەنێوان خاوەنشکۆ و جێنشینەکان و شازاده دوورخراوەكان و شاژن و دایكی شاژن و دایكی پاشا و کەنیزەکەکان و سەرپەرشتیاری چێشتخانەی شاهانە و پاسەوانەکانی کۆشک و وەزیر و گزیر وهۆز و ویلایەتەکاندا..!! کاتێک تەماشای کێشەکانی بایکجی و شیلا و گۆگۆریۆ و جۆسۆن ئەکەیت هەر ئەڵێیت هەرێمەکەی خۆمانە بەجیاوازی کات و شوێن و جل و بەرگەوە..!! لەملاوە کابرا خەریکی ژەهرخواردکردنی پاشایە و لەولاوە کڕنوشی بۆ ئەبات .!! ئەوەی باسی چاکسازی ئەکات تا تەپڵی سەری نوقمی گەندەڵییە .!! کەتنکەر ئەکرێتە سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە .!! تێکدەر ئەرکی ڕێکخستنەوەی ڕیزی پێئەبەخشرێ .!! ئەوانەشی لەکۆتایدا باجی بڕیارە میزاجییەکانی ئاغاکان ئەدەن ژێردەستە و کۆیلەکانن ..!! ئەوەی بەتاوانی خیانەت دوورئەخرێتەوە بۆ دوورگەی جیجۆ لەناکاو بەقودرەتی قادر ئەگەڕێندرێتەوە و پۆستی خاوەنشکۆی پێ ئەبەخشرێ .!! بەحساب لەپێناو بەرژەوەندی گشتیدا..!! ئەوەی ئەمڕۆ لەبەرەی نۆڕۆنە سبەی کە بەرژەوەندییەکانی کەوتە مەترسییەوە لەدژی بەرەی نۆڕۆن ئەوەستێتەوە و دوو سبەی کە زانی وەزعەکە ڕووی لەباشییە ئەبێتەوە کەواسووری بەرلەشکر و دەمڕاستی بەرەی نۆڕۆن .!! ئەم کودەتا دژی ئەو ئهکات و ئەو دژی ئەوەی تر ، هەمووانیش باس لەشکۆمەندی و پاراستنی یەکڕیزی و دادپەروەری و باشکردنی بژێوی خەڵک ئهکەن..!! ئەم باس لەپاراستنی شکۆی نەتەوەیی و پاشایەتی ئەکات لەقەڵەمڕەوییەکەیدا و ژێربەژێریش لەگەڵ ( مینگ ) پلان بۆ داڕمانی دائەڕێژێت .!! ئەوەی بڕیارەکەی بەناوی خاوەنشکۆوە دەرکردووە لەخاوەنشکۆ ئەپاڕێتەوە بەبڕیارەکەیدا بچێتەوە..!! ڕاستە هەرێمەکەی ئێمە لەگەڵ کۆریاکان گەلێک لێک جیاوازن لەڕووی جوگرافیا و کلتوور و داب و نەریتەوە بەڵام بەراوردێک بکەن بزانن چەند لەیەکتر ئەچن ! چەند خاڵی هاوبەشمان هەیە..!! سبحان اڵلە لای ئەوانیش چاوچنۆکی زاڵ بووە بەسەر هەستەکانی تردا ، لەدیوەخانەکانی ئەوانیش باس باسی پشت شکاندنی یەکتر و چۆنیەتی خۆدەوڵەمەندکردن و قۆرخکردنی بازاڕ و داگیرکردنی زەوی و بازرگانی ( جینگ سینگ ، سۆیا ، قاچی ورچ ، دەنوکی کەڵەشێر و ناوکی ماسی ئاڵتونی) کراوە ، لای ئەوانیش ڕاوکردن بۆ ملپانەکان ڕەوا بووە ..!! بەس بنیام قسەیەکیش بۆ خوا بکات لای ئێمە جۆری بازرگانییەکە جیاوازە لای خۆمان بازرگانی بە جگەری مریشک و دووگی مەڕی بەستوو و دەرمانی ئێکسپایەر و حەب و مەبی کریستاڵی و نەوتی دزراوەوە ئەکرێت..!! ئەوەی جێگەی داخە چیرۆکی ئەو درامایانە ئەگەڕێتەوە بۆ پێنج سەد تا ههزار ساڵ پێش ئێستا کەچی ئێمە وا لەکۆتایی ٢٠١٨ لهملاوه خاوەنشکۆ ژەهرخوارد ئەکەین و لەولاوە کڕنووشی بۆ ئەبەین ، تازە شانازی بەگەڕانەوەی بەرەی نۆڕۆن ئەکەین لەدوورگەی جیجۆوە و تازە خیانەت کردن لە بەرامبەر خاوەنشکۆ و شاژن بەسەرکەوتن دائەنێین و تازە کودەتای ناو کۆشک و گردەکان بە نوێبوونەوە لەقەڵەم ئەدەین و تازە پێڵاوی نوێنەرانی (مینگ) ماچ ئەکەین لێمان خۆش بن ، تازە بە تازە خەڵکی بێتاوان بە تەقەی خۆشی شکستەکانمان ئەکوژین ، تازە خەڵک چەپڵە بۆ هەردوو ئەو بەرەیە ئەکوتێ کە( باج کەم ئەکەنەوە و باج زیاد ئەکەن )…… تێبینی ؛ بۆ ئەوەی ئەم بابەتەش وەک بابەتی سەمای مەیموونەکان نەبێتە جێگەی پرسیار و وەڵام هەرکەسێک ئازادە چۆن ئەیبڕێ و ئەیدورێ و لەبەری ئەکات ..!! وەک ئەڵێن ؛ هەموو کەس لەفیکەی خۆی باش تێئەگات. ٣-١١-٢٠١٨
■ مەجید ساڵح (1) جاران لە کاتی هەرزەکاریدا کە تازە خەریکی فێربوونی ئەلفوبێ مارکسیزم بووین، چیرۆکی حاجییەکیان بۆ باس دەکردین کە بەرەو مزگەوت دەچێ و (100) فلسی لێ دەکەوێت و زۆر دەگەڕێ نایدۆزێتەوە، ئەو حاجییە لەو رۆژەوە بەدواوە هەرکە دەگاتە شوێنی ون بوونی پارەکەی، ماوەیەک چاو دەگێڕێ بەوناوەدا بەوهیوایەی 100 فلسەکەی بدۆزێتەوە.. جا کۆمێنتی ئێمەی تازە مارکسیش ئەوە بوو: (حاجی دوای ئەو هەموو ماوەیە هەربە تەمای 100 فلسەکەیتی، نازانێ دەسەڵاتداران رۆژانە بە ملیۆنها دیناری لێ دەدزن و ئەمیش بێ خەبەرە و نقەی لێ نایەت!!). (2) ئەو کەمپینەی خەستە هەمەلایەنەی ئەم چەند رۆژە لەسەر پارەی پەرلەمانتارەکان دەکرێ، ئەگەر لەسەر ناشەفافی داهاتی نەوت و دیار نەمانی داهاتی ناوخۆی کوردستان بکرایە ئێستا، نە پاشەکەوتی موچە هەبوو، نە دۆخی ئابوری بەم شێوەیە دەبوو... ئەگەر بەم نەفس درێژییە لە کاتی داخستنی دەرگای پەرلەماندا بکرایە، گومان لەوەدا نییە تاماوە هیچ لایەنێک بیری لە کاری لەو شێوە نەدەکردوە.. تێبینیم کردوە بەشی زۆری ئەوانەی قسە لە سەر ئەو 49 ملیۆنەی پەرلەمانتاران دەکەن، لایەنگرانی حزبەکانی دەسەڵاتن و هێندەی بۆ شکاندنی پەرلەمانتارانی لایەنەکانی ترە نیو هێندە بۆ ئەوە نییە ئەو پارەیە بەگەڕێتەوە بۆ سەر داهاتی گشتی.. (3) گومانم لەوەدا نییە هیچ ویژدانێک ئاسودە نییە لەم دۆخە خراپەی ئابورییدا ئەو پەرلەمانتارانە ئەو پارەییان بدرێتێ، بە خودی ئەو پەرلەمنتارانەشی کە وەریدەگرن.. بۆیە کاری راست و رەوان ئەوەیە ئەو پەرلەمانتارانە بەو پارەییەی کە یاسا بۆیانی دابین کردوە هەستن بە دروستکردنی پرۆژەیەکی هاوبەش کە خزمەتی زۆرینەی خەڵک بکات.. ئەم کارەیان هەم متمانە بۆ پەرلەمان و پەرلەمانتار دەگەڕێننەوە، هەمیش دەبنە سەرمەشق بۆ کاری باش و خزمەتگوزار و هەتاهەتایە بەباشی باس دەکرێن.. حەقیشە چالاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بە هەمان نەفەسی ئەم کەمپینە، کار بکەن بۆ نەهێشتنی هەموو ئەو دەردە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوریی و کلتوریانەی کە کۆمەڵگاکەمانی تەنیووەتەوە..
■ ئیدریس عەبدوڵڵا کەی ڕەوایە جیاوازی نێوانمان هێندە زۆربێ کەچی هەردوکیشمان یەک دەنگ و یەک ڕەنگ و یەک نەتەوەو یەک ئاین بین، هەرتۆنەبوی چەندمانگێ لەمەوپێش بۆسواڵی دەنگ دەرگا بەدەرگا ئەکڕوزایتەوە، بەبەڵێنی باق و بریق فڕوفیشاڵی هەڵبژاردن ئێمەت فیرو ئەدا، ئەی چۆن ویژدانت ڕێگەت پێ ئەدا منێکی کەم ئەندام مووچەکەم 150 هەزار دیناربێ و وەرزانە وەریگرم، تۆش چوارساڵی ڕەفاهیەت مانگانە 8 ملیۆن دینارمووچەت بێ و جگە لەڤێلاو وەنەوشە و خانووی چەندقات،کەی ڕەوایە منی کرێ نشین نەتوانم سەری مانگ کرێی خانوویەکی 100 متری بدەم لەم پایزی سەرماو سۆڵەداخاوەن خانوو خۆم و مناڵ و بوزگوڕەکانمی فڕێ داوەتە کۆڵان، تۆش ئاواشاهانەبژی، کەی ڕەوایە دایکی شەهیدکەلەپێناوی ڕزگاری نیشتیمان جگەرگۆشەکەی کردەقوربانی، ئێستا بەدوومانگ ڕووبعە مووچەی شەهیدانەکەی وەرگرێ و تۆی ئەندام پەرلەمان مووچەکەت چواراردە هێندەی ئەوبێ، کەی ڕەوایە لەکام ئاین لەکام ئایەتی قورئان باس کراوە، منی پێشمەرگە لەم شەوی ئەنگوستەچاوە بەتفەنگێکی ژەنگاویەوە لەساتری پێشەوەی سەنگەری بەرگری لەپێناوی نیشتمان لەسەرماتەزیوم بەدیار لولەی جاسوسی کڵاشینکۆفەکەمەوە ڕۆژ دەکەمەوە، بەدوومانگ جارێ 501 هەزاردینار وەرگرم، تۆی مەلای ئاینی بەمەندیلێکی سپیەوە لەپەرلەمان لەدوای چوارساڵی ڕەفاهیەت و ڕابواردن، 48 ملیۆن دیناربەریتەماڵەوە؟ کەی ڕەوایە منی مامۆستا هەمووڕۆژێک وانەی ئەدەب فێری قوتابیەکانم دەکەم بۆ ئەوەی نەوەی دواڕۆژ بۆ خزمەتی نیشتیمان بەرهەم بێنم لەدوای 20 ساڵ خزمەت ساڵم سێ وەرزبێ و بەدوومانگ ڕوبعە مووچەیەک وەرگرم، تۆی ئەندام پەرلەمان بەیەک دەست هەڵبڕین 48 ملیۆن دیناری ئیکرامی وەرگری، ئای چەند قوتابیەکی سپڵەی لەئاست خزمەتی منی مامۆستا نامەردووبێ سفەت دەرچووی، کەی ڕەوایە لەوڵاتێکدا خەڵکی هەژار لەبرساندا دزیبکا بۆدابین کردنی شیری مناڵەکەی 11 ساڵ حوکم بدرێ، بەڵام تۆی پەرلەمانتار لەشوێنی دەرچونی یاسا حەق بەخۆت دەی 48 ملیۆن دینار وەک پاداشت وەرگری، ئای چەند دنیایەکی سەیرە ئەوانەی ڕۆژگارێک لەپێناوی نیشتیمان خۆیان کردەقوربانی ئێستا نەوەکانیان داماو کەوتوون، ئەودڵسۆزانەی لەپێناوی نیشتمان سەری خۆیان هەڵگرد ئێستا گۆڕ غەریبن.
■ سەرتیپ وەیسی كەریم هێشتا به تهواوى ڕوون نییه له دهستهى سهرۆكایهتى پهرلهمانى كوردستان سهرۆك یاخود جێگرى یهكهم بهر یهكێتیى نیشتمانى كوردستان دهكهوێت، بهڵام بهو پێیهى یهكێتیى هێزى دووهمه له دواى پارتى، ههربۆیهش ئهگهرێكى زۆرى ههیه سهرۆكى پهرلهمان بۆ یهكێتیى بێت، به تایبهت ئهگهر پارتى لهماوهى گفتووگۆكان نهرمى بهرامبهر یهكێتیى بنوێنێت و هێزى سێیهم و چوارهم نهیهنه نێو حكومهت. ئهوهى تاوهكو ئێستا ڕوونه له دهستهى سهرۆكایهتى پهرلهمانى كوردستان كاندیدهكانى یهكێتین بریتین له ههریهك له (بێگهرد تاڵهبانى و ڕێواس فایهق)، جگه لهو دوو كهسه هیچ كهس چانسى نییه ئهو پۆسته وهرگرێت. بێگهردو ڕێواس جگهلهوهى ههردووكیان ئافرهتن و ئهندامى خولى ڕابردووى پهرلهمانن، له ههمانكاتدا ئهندامى سهركردایهتى یهكێتین، بێگهرد تاڵهبانى له كۆنگرهى ڕابردووى ئهو حزبه دهنگى زیاتر هێناوه، لهبهرامبهردا ڕێواس فایهق بووه ئهندامى یهدهگى سهركردایهتى، دواى وازهێنانى عارف ڕوشدى و ئازاد جوندیانى پارساڵ بووه ئهندامى سهركردایهتى. بێگهر تاڵهبانى سهر به كوتلهى ماڵى مام جهلاله، ڕێواس فایهقیش كهسێكى نزیكه له كۆسرهت ڕهسوڵ على و، لهسهر تهكهتولى ناوبراو ههژماردهكرێت و پاڵپشتێكى باشى له لایهن ئهو خانهوادهوه ههیه. خاڵێكى بههێزى بێگهرد تاڵهبانى ئهوهیه له خولى ڕابردووى پهرلهمان له دواى ئهوهى هیچ كهس له فراكسیۆنى یهكێتیى، ئامادهنهبوون بچنه دهستهى سهرۆكایهتى پهرلهمان، بههۆكارى ئهوهى چوونیان بۆ ئهو شوێنه دهیانشكێنێت و ڕووبهرووى قسهو تانهى خهڵك و لایهنه سیاسییهكان دهبنهوهو ناوبراو ئهو پۆستهى وهرگرت و گوێڕایهلى بڕیارى حزبهكهى بوو، بۆیه بێگهر تاڵهبانى دهتوانێ له نێو سهركردایهتى و مهكتهبى سیاسى ئهو حزبه ئهمه بقۆزێتهوه له بهرژهوهندى خۆى. ههرچهنده بڕوانامهى زانكۆیى ڕێواس فایهق، كه له بوارى یاسایه بهرزتره له بڕوانامهى بێگهرد تاڵهبانى، بهڵام پێناچێت ئهو پێوهره ببێته هۆى سهركهوتنى ناوبراو، چونكه بهپێى ئهزموونى خولهكانى پێشووترى پهرلهمان، ههریهك له (جهوههر نامق و عدنان موفتى) بهبێ ئهوهى خاوهنى بڕوانامهیهكى بهرزیان ههبێت، بهراورد به بهشێك لهسهرۆك و جێگرهكانى دیكه سهركهوتووتربوون. لهبهرئهوهى قوباد تاڵهبانى ئهگهرى زۆره بچێته سهرۆكایهتى حكومهت ، بهپێى ئهو عورفهى له نێو سهركردایهتى یهكێتیى ههیه، ئهگهر یهكێك له ماڵى تاڵهبانى بچێته سهرۆكایهتى حكومهت، لهبهرامبهر پێویسته پۆستى سهرۆكایهتى پهرلهمان یهكێكى نزیك بێت له ماڵى كۆسرهت ڕهسوڵ، بهڵام بهوپێیهى ئهمجاره قوباد تاڵهبانى به شهخسى خۆى زۆرترین دهنگى هێناوه كه لهسهرووى 182 ههزار دهنگه، دهوترێ بۆ یهكلایكردنهوهى پۆستهكان ئهمجارهیان بهدهستهێنانى پۆستى سهرۆكى حكومهت له لایهن قوباد تاڵهبانى، هیچ پهیوهندییهكى به ماڵى مام جهلال و مهكتهبى سیاسى ئهو حزبه نییه، ههربۆیهش وهرگرتنى ئهو پۆسته ناچێته نێو خانهى تهكهتولى ماڵى مام جهلال و كۆسرهت ڕهسوڵ، بۆئهوهى ڕێككهوتنى لهسهربكهن. بێگهرد تاڵهبانى له خولى چوارهم و خولى پێنجهمى پهرلهمان لهڕووى بهدهستهێنانى ڕێژهى دهنگهوه له پێش ڕێواس فایهقهوه بووه، ئهوهش یهكێك له خاڵه بههێزانهى كه ڕهنگه بیباته سهرۆكایهتى پهرلهمان و جگهلهوهش ناوبراو پێیوایه ئهزموونى ئهو زیاتره. له ماوهى چهند مانگى ڕابردوو تهبایى و یهكڕیزى له نێو سهركردایهتى و مهكتهبى سیاسى یهكێتیى تاڕادهیهكى زۆر له ئاستێكى باشدایه، بهپێى ئهو زانیاریانهى ههن یهكلایكردنهوهى پۆستى سهرۆكایهتى پهرلهمان له نێو سهركردایهتى ئهو حزبه بێ تهوافوق، تاڕادهیهكى زۆر كاریگهرى دهبێت لهسهر دروستكردنى تهشهنوج ململانێى نێو باڵهكان، كه ماوهیهكه بهرهو ئارامى و كاڵبوونهوه ڕۆیشتووه. له دواى دانیشتنى ڕۆژى سێشهممهى داهاتوو ( 6ى تشرینى یهكهم )، دواى ئهوهى پهرلهمان یهكهم دانیشتنى ئهم خوله ئهنجامدهدات و دانیشتنهكه به كراوهیى دهمێنێتهوه، ئیتر سهركردایهتى و مهكتهبى سیاسى یهكێتیى دهبێ ئهو پرسه یهكلایبكهنهوه، بهڵام ئهوهى تاوهكو ئێستا ڕوونه هیچ كام لهدوو ئافرهته، دیار نییه كامهیان دهچێته دهستهى سهرۆكایهتى پهرلهمان، بههۆى نزیكیان له ڕووى ئهزمونى پهرلهمان و پلهى حزبی و دابهشبوونیان بهسهر باڵهكانى نێو یهكێتیى.
■ كمال محمد راستە كەدەڵێن بۆرژوازی كێشەی چینایەتی قورستركردوە هەروەك هەوڵەكانی دەسەڵات بۆپەرلەمان لەم هەرێمەدا بەتایبەتی ! هەوڵەكان و رێگرییەكانی دەسەڵات بۆ پەرلەمان. و كاری پەرلەمانی ئەوەیەكەواپەرلەمان وپەرلەنماتارنەتوانێت وەك كارەكتەرێكی سیاسی و ئەخلاقی گرەنتی خۆی بكات بۆئەوەیهیچ كات نەتوانێت بەواتاراستەقینەكەی خۆی بگات كەڕەوایەتی دانە بەدیموكراسی و نەهێشتنی كۆمەڵگایەكی چینایەتی و هێنانەدی گۆڕانكاری! ئەوەی پەرلەمانتارو و پەرلەمان و یاساو دەسەڵات پێڕەوی ئەكەن لەم هەرێمە هەنگاونانە بەرەو كۆمەڵگایەكی چینایەتی ،بێگومان ئەمەش بەهۆی زۆرترین كورسی پەرلەمانییەوەكە بێبەش نییە لەساختەی دەنگ و ئیرادە! دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمەچەندین توێژی كۆمەڵگایان بۆخۆیان كردوە بە ئامراز و تەنانەت چینێكی هەرەزێدە كۆمەڵگاو هاوڵاتیانیان خستۆتە دۆخی پركێشەوە ! پەرلەمانی كوردستان لەماوەی چوارساڵی رابردوداجگە لەچوارچێوەیەكی رەشنوسی گەڵاڵەكراو لەلایەن حیزبەكانەوە نەیتوانیوە بەرجەستەكردنێكی گرنگ و بایەخداربهێنێتە ئاراوە لەبواری كرداریدا !چون لەراستیدائەوە بزاڤ و دەزگایەكی پێشەنگ نییە تەنهالەبەرامبەرهەژمونگەرایی سەرمایەداری حیزبەكان و پەرلەمانتارەكانیان سەری هەڵدابێت،بەڵكوپەرلەمان بۆئەوەیە خودی ڕۆڵی كۆمەڵگابون ببینێت ئەمەش راستترین و ئەخلاقیترین و سیاسیترین رێگای رزگاربونە لەقەیرانی سیاسی و ئابوری و چینایەتی و ......هتد . خواست دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە ئەوەیەپەرلەمانێك بنیادبنێین كەتوانای تاوتوێنەكردنی پرۆژەیاساكانی نەبێت لەخزمەتی گەلدابەهۆی رێگرییەكانیان و تەنانەت كارگەشتە ئەوەی دەرگای پەرلەمان بەروی پەرلەمانتارانەوە دابخرێ و پەرلەمانتاران ئاودیوی بەشەكەی دیكەی دەسەڵات بكرێت ،لێرەدا پەرلەمان ئەبێ چ بەهاوگرنگییەكی هەبێت كاتێك سیستەمی حكومرانی لەناوزۆرترین نایەكسانیدایە،بەهۆی سیاسەتەكانی دەسەڵاتەوەبۆئەوەی كە ئەم دامەزراوەیە روبەروی لەناوچون بكاتەوەوبێكاروبێ ڕۆڵ بكرێت و بڕزێنریت تادەسبەرداری تەواو لە بەهاوئەركە سەرەكییەكانی خۆی ببێت ،هەروەك بەخشینی ئیمتیازات و بودجەوموچەیەكی زەبەلاح بۆ ئەندام پەرلەمانەكان بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە كە بێگومان مەبەست لەم كارەكەوتنە ژێرهەژمونگەرایی بەهێزترین دامەزراوەی یاسادانانە لەژێردەسەڵاتی خۆیانداكەئەمەش یەكێكەلەرێگاكان بۆكەلێن خستنەناوكاری خەباتی پەرلەمانی و هاوڵاتیاندا،بۆئەوەی چیدیكەهاوڵاتیان بڕوایان بەم دامەزراوەیە كاڵ ببێتەوەولەم رێگایەوەنەتوانرێت قەیرانی كۆمەڵگاوەكوماناوبونیادێكی نوێ دەربازبكرێت ،بۆیەكەلەگەل هەمووئەمانەشدا تەواوی هێزورەنگەكانی پەرلەمان بەكارئەهێنرێت وەك ئەوەی بلێی هاوتاویەكسانن ! ئەوەی جێگای هەڵوەستەلەسەركردنەئەوەیە كەسەرەرای هەوڵەكانی لەكارخستن ئەم دامەزراوەیە لەلایەن دەسەڵاتەوە لەماوەی ٢٧ ساڵی رابردودائایا خەلكی بەش مەینەت و دەنگە ناڕازییەكان دەنگیان بە ئۆپۆزسیۆن داوە بۆ ئەوەی جیاوازی چینایەتی نەهێڵن و سەروەری بۆ یاساودامەزراوەسیاسییەكان بگەڕێننەوە یان جیاوازی خۆیان وەك هێزی دژەسیستەم و پەرلەمانتارانی دەسەڵات نەهێڵن و وەك ئەوان هەوڵی خۆژیاندن بدەن ؟بەڵام ئەوبەهەڵەداچونەودرێژەدان بە خۆژیاندنەیان نایان كات بە هێزێكی واقعی و راستەقینە بۆداهاتو .
■ بەشدار عوسمان کاتێک ژێر زەمینی ئەنجومەنی وەزیران لەهەولێر دەسوتێت و هەرچی دۆسیەی چەند ساڵی رابردووی سەرۆکایەتی حکومەت و فرۆشتنی نەوتە گڕ دەگرێت،کاتێک ژووری مەلەفەکانی پەرلەمان لەقاتی سێیەم لە رۆژێکی پشوودا گڕ دەگرێت و هەرچی مەلەفی سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانە دەبێت بە خۆڵەمێش،کاتێک بازاڕی لەنگە لەنێو جەرگەی شاری هەولێر چەندین کەڕەت گڕ دەگرێت و دواتر بەمەرجی گواستنەوەی شوێنەکەیان گڕەکە دەوەستێت و شوێنەکەشیان بە هاوبەشی دەدرێت بەیەکێک لە سەرمایەدار و دەسەڵاتدارانی شار،کاتێک رۆژنامەنوسێک لەنێوجەرگەی شار و بە بەرچاوی سەدان خەڵک و پۆلیس بەئاشکرا دەڕفێندرێت پێشتر لەلایەن دەسەڵاتدارانی شارەوە لەسەر هەڵوێست و نوسینەکانی هەڕەشەی لێکرابوو،دواتریش کەیسەکەی ئاوەژوو دەکرێتەوە،کاتێک کچێکی جوان و ژیکەڵە و پارێزەرێک بەیانیەکەی پێش چوونە دەرەوەی لەماڵ خۆی دەڕازێنێتەوە،بەڵام لاشەکەی بە گڕگرتووی دەدۆزرێتەوە و گوایە خۆی کوشتوە،کاتێک دارسنۆبەرەکانی چەند شوێنێکی ئەو شارە ووشکیان کرد و دواتر دەرکەوت شەوان نەوتیان رژاندوە بۆ ئەوەی ووشک بکرێت و دواتریش کرا بە ڤێلای بزنسی یەکێک لە دەسەڵاتدارەکان،کاتێک هۆڵێکی هونەری ئەم شارە دەڕوخێندرێت بەمەبەستی چاککردنەوە،بەڵام دواتر لەلایەن حزبەوە دەستیبەسەرادەگیرێت….،دەیان و سەدان کەیسیتر پێمان دەڵێت ئیتر گومانێک نەماوەتەوە دەستێکی بەهێز لەپشتەوەی برسیکردن و دەستبەسەراگرتن و بێدەنگککردنی خەڵکە،هێزێکی رێکخراو تاوانەکان ئەنجامدەدات و هەموو دەزگاکانی ئەمن و ئاسایش و دەسەلاتی قەزائیش لەهەوڵی بردنە پێشەوەی پلانە ئاگرینەکانن،ئیتر ڕەشەبای عەقڵ و مەنتق و پلان و سیناریۆ قێزەوەنەکانی تریان شەقێک لە گڕی گومان هەڵدەدات و هەمووان بەئاسانی ڕووی تاوانباران دەناسینەوە و ئامانجی پشتەوەی هەوڵەکانیان بۆ هەمووان رۆشنە . لە سوتاندنی جارێکیتری بازاڕی لەنگەی هەولێر،هەمووان بە ئاسانی لە پەیامی پشتەوەی گڕی ئاگرەکە گەیشتن و لەماوەی دوو رۆژی سەرەتادا کاسبکار و دوکاندارەکان بەدەنگێکی بەرز لەسەر دار و بەردی سوتاوی دوکانەکانیان گوتیان چۆڵی ناکەین و دەیانەوێت لێمان داگیربکەن ! دەسەڵاتدارانیان ناچار کرد واز لە پلانەکانیان بهێنن،بەڵام بەداخەوە لەم نێوەندەدا سەدان خێزان و هەزاران کاسبکار بەگیرفانی خاڵی هاتنە دەرەوە و بوونە قوربانی چاوچنۆکی دەسەڵاتی نەوتی و سەرمایەداری کوردستان . دەسەڵاتدارانێک سات و سەودا بە چارەنوسی خەڵکەکەی بکەن و هەرماوەیەک دەست لەگەڵ هێز و وڵاتێک تێکەڵ بکەن و ژیان و چارەنوسی هەمووان بخەنە بەر رەحمەتی دەبابە و ناقیلەی میلیشیاکان بۆ دەستکەوتنی نەوتی زیاتر،کەسانێک شەق لە ناو گەڵی مامۆستا و فەرمانبەر هەڵبدەن تەنها لەبەر ئەوەی داوای کرێی رۆژانەی کارەکەی کردووە،هێزێک گوڵڵە بنێن بەنێو دەمو سینگی رۆژنامەنوسان و گەنجانی تەنها لەبەر ئەوەی ناڕازییە و دەنگ هەڵدەبڕێ و دەنوسێ دژی ستەم و بێدادی و نایەکسانی،باکی بەوە نەبێت دارکاری کەمئەندامان بکات و گەورەترین بێ رێزی بە پیر و پەککەوتە و خانەنشینان بکات و ناچار بە پاروویەک نانیان بکات،فیرعەونەکانی کوردایەتی دادگا و دەسەڵاتی قەزائی بکاتە گاڵتەجاڕ و مافیا و دز و پیاو کوژ و ژنکوژەکان لە شەقامەکان بەئاشکرا بسوڕێنەوە،ئاساییە تەماعیشیان لە زەوی دەستفرۆش و کاسبکارانێک بێت و هیچ هەستێکی ئینسانی ئازاریان نەدا لە سوتاندنی شیری هەزارەها مناڵ و نانی پیر و پەککەوتەکان. پلانی تێکدان و چۆڵکردنی بازاڕە میللیەکان،درێژکراوەی پلانێکە کە دەسەڵاتی نەوتی و سەرمایەداری کوردستان چەند ساڵێکە دەستی داوەتێ لە بەتایبەتیکردنی کەرتە خزمەتگوزارییەکانی وەک پەروەردە و تەندورستی و ئاو و کارەبا و زیادکردنی باج و رسومات دەستی پێکرد،تاگەیشت بە دەستبەسەراگرینی هەرچی بازاڕ و شوێنی ستراتیژ و تاپۆکردنیان بەسەر کەسە نزیکەکانی خۆیان و دەرهێنانیان لەدەستی کاسبکارانێک بەدرێژایی ژیانیدا رەنجیداوە بۆ بەدەستهێنانی. ئەو هەزاران کاسبکار و دوکاندارەی بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر،کە شەرەفمەندانە و ئازایانە بەبێ ئەوەی چاویان لەدەستی رێکخرا و ناوچە و کۆمیتەکان بێت بۆ دامەزراندن و کارکردن وتەسکیەی حزبی،ساڵانێکی زۆرە نانی خۆیان و خێزانەکانیان پەیدا دەکەن،هەر بەو ڕۆحیەتە بەرزەشیانەوە لەدژی پلانی پشتەوەی گڕی ئاگرەکە وەستانەوە و شکستیان بە پلانەکەیان هێنا لەگواستنەوەی شوێنی کارەکانیان و دەستبەسەراگرتنی وەکو بەشێکی زۆری شوێنەکانیتر،ئەرکی هێزی ئازادیخوازی کۆمەڵگایە پاڵپشت و هاوکاریان بێت و فەشەل بە پرۆژەیەک بهێندرێت کە ئامانج تەنها زیاتر برسیکردنی خەڵک و بەرزکردنەوەی کۆنتۆ و خەزێنەی چەند کەس و خێزانێکی دەستڕۆیشتوی کوردستانە .