■ توانا ئەمین شارەکان بەرد و چیمەنتۆ نین... هەر وەک چۆن ڕۆحیان ھەیە، دڵیشیان ھەیە؛ ھەیانە دڵ ناسک وەک (ڤارنا)... ھەیانە دڵ ڕەق وەک (بەغدا)... ھەیانە بوغزاویی وەک (تاران)... ھەیانە شیرین وەک (سۆفیا).... هەیانە نیان وەک (ئیستانبوڵ)... هەیانە دڵتەڕ وەک (ستۆکهۆڵم)... ئەوان غیرە دەکەن.. توڕە دەبن... خەون دەبینن... فریو لە شارەکاندا عارفێکە ئیبلیس، مفستۆفێڵسێکە لە بەرگی پەریا... شارەکان جادوو لەسەرنشینەکانیان دەکەن، جادووەکانیان کەمتر لە کۆڵان و لارێ و ماڵەکانیاندا دەردەکەوێ، ئەم تەلیسمە ئەو کاتە دەمانگرێ کە شارەکان جێ دەھێڵین. دروست جادووی شارەکان وەک جادووی خودی جادووکەرەکان وەھایەک؛ جادووی سپییان ھەیە... سیحری ڕەش... ھەیانە سەرساممان ناکەن، ھەیانە کاری نەکردە نییە، بەڵام ئێمە ناتوانین بیکەین، ھەیانە ئێجگار سەرسوڕھێنەرە -بۆ من فرانکفۆرت ئەمەی دواییان بوو-. شارەکانیش ھەروان، بەو جیاوازییەی ئەمان ھەموویان کۆکن لەسەر ئەوەی پاش جێھێشتنیان؛ سیحرەکەت لێ بکەن! ئەگەر دڵتان نەیەشێ، دەبێ ڕێگەم بدەن بڵێم؛ ئەم سلێمانییە، شارێکی (خوار)ـە، ئەم ھەڵکەوتە جیۆگرافییەشی هەمیشە کاریگەرییەکی ڕۆحیی بەشێوەیەکی ئاسۆیی و (ڕێک)ی لەسەر ھاوشارییەکانی هەبووە و ھەیە... سلێمانی شارێکە حورمەتی کوڕوکچە باشەکانی ناگرێت... مناڵەکانی خۆی دەکاتە دەرەوە... بۆ ئەوەی لەم دێڕە بگەیت؛ دەبێ بچی مێژووی بخوێنیتەوە... سەیری شارپێچۆڵکردنی مەولانا خالید بکەیت... سەیری سەرهەڵگرتنەکەی نالی و گۆڕونبونی لە غەریبیی، سەیری... هیچ هەر لێی گەڕێ.. سەرەنجام سلێمانی، تەنها شاری دونیایە کە دڵڕەق و خوێنشیرینە پێکەوە! .
■ئارام سەعید وەک جاری پێشوو باسمان کرد هەردوو لێکۆڵەری زانکۆی هارڤارد سێ سیناریۆیان داناوە بۆ سەردەمی ترەمپ و ئەگەرەکانی دوای ترەمپ و دەرئەنجامەکانی سیاسەتی ترەمپ کە تەنها پەیوەست بە ئەمریکا نیەو ئەو تەوژمە دەمێ سالە کاری بۆ دەکرێت و ئەوروپاش بێبەری نیە لەو سیاستە ، ئەم تێکستە تێگەیشتنی هەردوو نوسەرە بۆ ئەگەرەکان وبەپێی توانا لە کتیبەکەوە وەرگێڕاوە، هیوادارم خویندنەوەیەکی باش بیت بۆ تێگەیشتن لە ئێستاو داهاتوی دیموکراسی لە جیهاندا: فەسلی نۆهەم Saving Democracy لە کتێبی فۆرمە دیموکراسیەکان چۆن لەناودەچن بە گەڕانەوە بۆ وڵاتەکەی خۆمان(ئەمریکا ) ، سێ ئەگەر بۆ داهاتوودەبینین بۆ ئەمریکای دوای ترەمپ. یەکەم و گەشبینترینیان، چاکبوونەوەیەکی خێرایە. لەم سیناریۆیەدا، سەرۆک ترەمپ سیاسییانە شکست دەهێنێت: یان متمانەی گشتی لەدەست دەدات و دووبارە هەڵنابژێرێتەوە،یان تاوانبار دەکرێت و زۆری لێ دەکرێت تا دەست لە کار بکێشێتەوە.. داڕمانی سەرۆکایەتی ترەمپ و سەرکەوتنی بەرخودانی دژە ترەمپەکان وزە بە دیموکراتەکان دەدات، کە دواتر دێنە دەسەڵات وهەموو ئەو سیاسەتە ئابڕوبەرانەی ترەمپ قلپ دەکەنەوە. ئەگەر سەرۆک ترەمپ ئەوەندە بە خراپی شکست بهێنێت، بێزاری گشتیی دەتوانێت ئەو ریفۆرمانە بجوڵێنێت کە دەبێتە هۆی باشتر کردنی کوالیتی دیموکراسی، وەک ئەوەی کە لە دوای دەست لەکار کێشانەوەکەی ریچارد نێکسۆن لە ساڵی ١٩٧٤ ڕوویدا. سەرکردە کۆمارییەکان، باجێکی قورس دەدەن لە ئەنجامی ئەوەی کە لەگەڵ ترەمپ هاوهەڵوێست بوون ،کە لەوانەیە کۆتاییان بە موغازەلەکردنی سیاسیە توندرەوەکان بێت. لەم داهاتووەدا ناوبانگی ئەمریکا لە جیهاندا زۆر بە خێرایی دەگەڕێتەوە، سەردەمی ترەمپ لە خوێندنگەکاندا دەخوێنرێت، دەکرێتە فیلم، لە کارە مێژووییەکاندا باس دەکرێت وەک سەردەمێکی هەڵەی تراژیدی کە لە کارەساتەکان رزگاری بوو ، ئەوکات دەڵێین دیموکراسی ئەمریکا ڕزگار کرا. ئەمە بە دڵنیاییەوە ئەو داهاتووەیە کە زۆربەمان ئاواتی پێ دەخوازین. بەڵام خەڵک پێی خۆش نییە. ئەوەمان لە یاد بیت کە هێرشی دریژخایەنی سەر بنەماکانی دیموکراسی و بناغەی جەمسەرگیری و دەست پێکردنی ئەو هێرشانە پێش ئەوە بوو کە دۆناڵد ترەمپ بچێتە کۆشکی سپی سەرۆکایەتییەوە. دیوارە پتەوەکانی دیموکراسی ئەمریکا دەیەها ساڵ دەبێت لاواز کراوە، لابردنی ترەمپ هەروا بە ئاسانی نابێتە هۆی گەڕانەوەی دیموکراسی موعجیزە ئاسا. هەرچەندە سەرۆکایەتییەکەی ترەمپ وا دەبینرێت کە ببێتە هۆی لادانێکی کاتی و تەنها تەنها چەند چێ پێیەکی کەم لە دامەزراوەکان جێبهێڵێت، کۆتایی هێنان بە ترەمپ لەوانەیە بەس نەبێت بۆ بەدەست هێنانی دیموکراسییەکی تەندروست.. دووەم، داهاتوویەکی تاریکتر ئەوەیە کە ترەمپ و کۆمارییەکان بەردەوام بن لە سەرکەوتن لە مەسەلەی سپی پێستەکان. لەسایەی ئەم سیناریۆیەدا، پارتی گەورەی بەتەمەن ( GOP) دوای ترەمپ سەرۆکایەتی بەدەست دەهێنێت، لە ئەنجامدا هەردوو خانەی کۆنگرێس و زۆرینەی زۆری ئەنجومەنی یاسادانان زۆرینە لە دادگای باڵا بەدەست دەهێنن. دواتر تەکنیکێک لە دامەزراوەکاندا کەوەک تۆپی دەستی دەستوریی بەکاری دەهێنن بۆ دروستکردنی زۆرینەی دەنگدەرانی سپی پێست. ئەمە دەتوانرێت بکرێت لە ڕێگەی دیپۆرتکردنەوەی ژمارەیەکی زۆرلە کۆچبەران، کۆت وبەندی کۆچبەرەکان، پاک کردنەوەی لیستی تۆماری دەنگدەران، و بەپشتبەستن بە یاسای توندی ناسنامەی دەنگدەران. بەم شێوەیەش دوای نوێکردنەوەی سیستمی هەڵبژاردن دەست دەگرن بەسەر ئەوتوانایەی کەمینەی سیناتۆرەکان هەیانە بۆ پاراستنی سیناتۆرە کەمینەکان وکۆماریەکان بە زۆرینەیەکی کەم ئەجندای خۆیان دەسەپێنن. ئەم بۆچونە رەنگە جۆریک لە توندڕەوی تێدا بێت، بەڵام ئیدارەی ترەمپ بیری لێکردۆتەوە. ئەو هەوڵانەی دەدریت بۆ پشتگیری پارتی کۆمارییەکان بە ئەندامیتی زۆرینەیەکی سپی پێستی نوێ، بە دڵنیاییەوە، بە تەواوی بە قووڵی دژی دیموکراتی دەبێت، بە شێوەیەک پێوانەکان دەبێتە سەرهەڵدانی بەرگریەکی بەرفراوانی هێزەکان، لەناویاندا پێشکەوتوخوازەکان، گروپە کەمینەکان، و هەندێک لە کەرتە تایبەتەکان. ئەم بەرگرییە دەکرێت بگات بەبەرزبونەوەی ڕێژەی ڕووبە ڕووبوونەوە تەنانەت توندوتیژی لە پێکدادانەکاندا، لە کاتێکدا، دەتوانێت ڕێژەی سەرکوتکردن لەلایەن پۆلیسەوە زیاد بکات وئاگاداری تایبەت بڵاو بکاتەوە، بە ناوی "یاسا و فەرمان"ەوە بۆنیشاندانی ئەوەی چۆن سەرکوتکردنی تەواو دەکرێت ، تەماشای کۆتا ڤیدۆیۆکانی یەکێتی نیشتمانی بۆ تفەنگ( NRA ) بکە یان گوێ لە کەسایەتییە سیاسییە کۆمارییەکان بگرە کە باسی کێشەی ڕەشپێستەکان دەکەن. سێیەم، و لە ڕوانگەی ئێمەوە ، کە زۆر نزیکە ، داهاتوو دوای ترەمپ دیاری کراوە بە جەمسەرگیری. بەجیهێشتنی زیاتری لە رێکەوتنە سیاسیە نەنوسراوەکانەوە یان بەرز بوونەوەی ناکۆکی نێوان دامەزراوەکان ، بە شێوازێکی کە، دیموکراسی بێ شورایەکی بەهیز. سەرۆک ترەمپ وترەمپیزم لەوانەیە لەم سیناریۆیەدا شکست بهێنێت، بەڵام شکستەکە کاریگەری کەم دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی کەلێنی نێوان حیزبەکاندا یان پاشگەزبونەوە دروستدەکات لەو رەتکردنەوەیەی بۆ لێبوردن و ئارامگرتن هەبوو لە سەردەمی ترەمپ.
■ رێبین عومەر بۆ ساڵی 2018 پەنجا شاری دنیا ناسێنراوە كە زۆرترین تاوان و كوشتنی تیا ئەنجامدراوە ، پێگەی (valuewalk) لە راپۆرتێكیدا باسی لەوە كردووە كە بەهۆی رەق و تۆڵە و جەنگ و بوونی چەك لە دەستی خەڵكی سڤیل و بوونی باندە بازرگانییە نایاساییەكان زۆرترین تاوانی كوشتن رویداوە ، ئەمریكای لاتین و ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناوەراست لە پێشسەوە ئەو جێگایانەن كە لەم راپۆرتەدا بەووردی باسی لێوەكراوە كە ئاماژەبەوە كراوە شارەكانی ( بیلیم و فۆرتالیزا و ناتال لە بەرازیل و جوایان و كاراكاس لە فەنزویلا و فیكتوریا و لوسكابوس و ئەكابولكو و لاباز و تیوانا لە مەكسیك ) لەو دە ناوچەی جیهانن كە بەهۆی ناجێگیری دۆخی سیاسی و ئابوری و بازرگانی نایاسایی زۆرترین تاوانیان بۆ ساڵی 2018 تێدا ئەنجام دراوە . كوشتن و تۆڵە لە هەرێمی كوردستان ؟ رۆژانە لە میدیاكانەوەی گوێبیست دەبین كە حاڵەتی كوشتن رویداوە ، زۆرترین ئەو حاڵەتانەی كە كوشتنی لێكەوتۆتەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە چەك لەدەستی هاوڵاتیاندایە هەرلەبەر ئەوەش بێ گەڕانەوە بۆ تەرازووی دادوەری لە كوردستان دیاردەی تۆڵەكردنەوە و كوشتن خەریكە دەبێتە حاڵەت ، هەرچەندە ئاماری روون و دان پێدراو بەردەست نییە بەڵام ئەگەر سەرنجێك لەماوەی كەمتر لە هەفتەیەك بدەین دەبینین لەسەر 25 هەزار دیناری عێراق و لەسەر گرتنی سەرچوۆپیوو لە سەربینینی منداڵێك لە لایەن باوكییەوە لە شاری كۆیە كە تازەترین تاوانی كوشتنە لەم هەفتەیە گەنجێكی 31 ساڵ بەدەستی مامی كە خەزوری كۆنی بووە ، لەناو ماڵەكەی خۆی دەكوژرێت ، ئەم جۆرە لە تاوانی كوشتن دەری دەخات كە گرفتێكی گەورە هەیە و حكومەت دەبێت رووبەڕووی بۆستێتەوە تا ئاسایشی كۆمەڵگە بە ئاقارێكی خراپ و لاڕێ نەڕوات . دیاردەی تەقەكردن و چەك داری ؟ لە كوردستان وەختێك لەهەر كەسێك دەپرسی كە ئاخۆ بۆ چەكت هەڵگرتووە و پەنات بۆ ئەو ئامرازە توندە بردووە دەڵێت : بۆ خۆپارێزی و پاراستنی خۆ ، ئەم جۆرە لە دیدگا بۆ تاك لەناو كۆمەڵ وەختێك لە دایك دەبێ كە ئاسایشی ووڵات لە ئارامی و ئۆقرەی نەبێت ، جگەلەوەش بێمتمانەی و لاوازی دەزگاكانی رووبەڕووی دیاردە ناشارستانییەكان وایكردووە كە رۆژ بەرۆژ كوشتن لە ناو فەرهەنگی كۆمەڵگە خۆی نوێ بكاتەوە ، رەگی قوڵی دیاردەی چەكداری لە كوردستان بە زۆری دەگەڕێتەوە بۆ ئەو نائارامیەی كە لەم ووڵاتە بەردەوام هەبووە و شەڕ و جەنگ بە بەردەوامی بۆتە بەشێك لەژیانی خەڵك و پێكهاتەی كۆمەڵایەتی وایكردووە كە بەردەوام چەك لەدەستی تاك حزوری جدی هەبێ . ئەوەی جێگەی باس و هەڵوەستە كردنە كە دەسەڵاتی دادوەری و تەشریعی و تەنفیزی هەنگاوی جدیان تا ئێستا نەناوە لەسەر ئەم جۆرە دیارەدە قێزەونەو بەریان بەو دیاردەیە پێ نەگیراوە ، ئێستا رۆژانە چیرۆكەكانی كوشتن و تۆڵەكردنەوە بۆتە فاكێكی قێزەون كە ژیان و ئاسایشی كۆمەڵگەی خستۆتە مەترسییەوە .
■ جان دوندار وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: کەمال چۆمانی رۆژی ٢٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٨، جان دوندار، رۆژنامەنوسی بەناووبانگی تورک و سەرنوسەری پێشوی رۆژنامەی جومهورییەت، میوانی دیداری دامەزراوەی کۆربەری ئەڵمانیی بو لە هامبۆرگ. لە ئێلبفیلهارمۆنیی هامبۆرگ وتارێکی لەژێر ناوی “رۆژەکانی مەنفا” پێشکەشکرد. دوندار ئێستا لە بەرلین دەژیێت بە هۆی ئەوەی کەیسی ناردنی چەکی لە تورکیاوە بۆ داعش ئاشکراکرد. ئەمەی خوارەوە دەقی وتارەکەیەتی: بەڕێزان، گەیشتمە ئەڵمانیا و هێشتا بۆنی باڕوتی هەوڵی تیرۆرکردنەکەم دەکەم. لەسەر چاکەتەکەم، سوتماکی کتێبە سوتێنراوەکانم… لە گوێکانمدا، دەنگی داواکاری گشتیی داوای زیندانی تا مردنی دەکرد. لە پێستمدا، شێداریی کونجی زیندان. لەپێش چاوەکانم مۆبێک لە خەڵک هاواریان دەکرد “خیانەتکارەکان هەڵبواسن!” دڵم شەقدەبات لە بیری خۆشەویستان کە لەدوای خۆم بەجێماون… هیچ لەو نیشانانە نابینیت چونکە لەناو مێشکمدا قفڵدراون.. هەمویان لەپشتی روخسارێکی بەبزەوە دەشارمەوە… لە هەناوی بومەلەرزەیەکی بەگوڕەوە دێم… هەندێکمان لەژێر داروپەردوەکە بەجێماین، ئەوانیتر هێشتا هەوڵدەدەن رێگایەک هەڵکرێنن تا لێی دەربازببن. ئەوانەی وڵات جێدەهێڵن، خەم بۆ ئەوانە دەخۆن کە ناتوانن. ئایا چاوەڕوانیی رۆژێکی وا بوین؟ نەخێر. ئێستا رونتر دەتوانین ببینین کە زۆربەی ئەو بەڵگانە پێشتریش هەبون. پێنج ساڵ پێش ئێستا، هێشتا وامان بیردەکردەوە کە دەتوانین ئەو تاریکایییە تێکبشکێنن کە بە روناکیی ئێمەی دەخنکاندین. رۆشنبیرەکانمان کە ئێمەیان لە نزیکبونەوەی مەترسییەکە ئاگادارکردەوە، یەک-دوای-یەک سەربڕدران. گڵاسەکانمان تێکشكێنران. ئەو گەنجانەی لە پێناو پاڕكێک دەنگیان هەڵبڕی تەقەیان لێ کرا. زۆربەیان چاویان پێکرا… نەمانتوانی چیتر ببینین. ئێوە دەربارەی بۆقی کوڵاو دەزانن. ئێمە لەناو مەنجەڵێکدا کوڵیندراین، پلەی گەرمییەکەی وردەوردە بەرزکرایەوە تا دەستبەجێ هەستیپێنەکەین… زۆر درەنگ بو، کاتێک تێبینییمان کرد. ئێمە وەک چێشت سوردەکراینەوە… ئەهریمەن خۆی لە بۆسە دانابو. لە قەفەسێکدا چاوەڕوانیی ساتی هێرشەکەی دەکرد، ئامادە بە نێزەوە، بە ترسی گوناهـ، هی “شەرمەزاریی”. بایەکی رەش هەڵیکرد و قفڵەکەی شکاند. ئەهریمەن بەرەڵا بو، خەڵاتکرا، هاندرا. “خراپترینەکە” بوە نمونەی باڵا. ئەوەی تا دوێنێ گوناهـ و شەرمهێن بو، بو بە نۆرم. بەم شێوەیە حوکمڕانیی ئەهریمەن دەستیپێکرد. “چاکەکە” تێدەکۆشا بۆ ئەوەی سەرەتا قبوڵینەکات. هەرکەسێک دژایەتیی کرد لە قەفەسەکە ئاخنرا، ترسنۆکەکە جێیهێشتبو. ئەوانەی مانەوە، خرانە گۆشەیەکەوە. لە ماوی پێنج ساڵدا لە خاکی خۆماندا بوینە نەفیکراو. هەر بەرهەڵستکارێک لە واقیعدا مەنفایەکە. مەنفابونت لەو چرکەساتەوە دەستپێدەکات کە ئالنگاریی گوتاری باو دەکەی کە باوەڕی کۆمەڵایەتییە، ئەو چوارچێوەیە کە لەلایەن دەوڵەتەوە کێشراوە، یان بەگشتیی نۆرمە قبوڵکراوەکانن… تۆ وەک “خیانەتکارێک” نیشاندەکرێیت ئەو ساتەی کە دەڵێیت “نا”. ئەگەر لە بەشێکی دونیا بژیت کە تێیدا بەربەستێکی نزمی لێبوردەیی و ویستێکی بەرز بۆ تاکڕەویی هەیە، تۆ دەزانی کە پێویستە خۆت ئامادەبکەیت بۆ دادگاکان، پەراوێزدەخرێیت، سوکایەتییت پێدەکرێت، هەڕەشەت لێدەکرێت، جوێنت پێدەدرێت، دەچیتە زیندان، تەنانەت بۆ ئەبەد بێدەنگ دەکرێیت- زنجیرەیەک سزا و تەنیاییەکی قوڵ و کەمەرشكین. ئەم زانیارییە، هەندێک کەس ناچاری بێدەنگیی دەکات، هەندێک زیندان یان تەنانەت گۆڕستانیش… هیرانت دینک، یەکێک لە دوا نوێنەرەکانی خەڵکێک کە خراپترین ئازاری مەنفایان چەشت لە سەدەی رابردو داوای دادگەریی کردبو بەر لەوەی تیرۆر بکرێت. “کەی نەمامێک دەچێنین بۆ ئەوەی میوەکەی بخۆین؟” ئەو میوەیە وای لە هەندێک کەس کرد واز لە فیکرەکانی خۆیان بێنن نەک نیشتیمان. ئەوەش دیسان قوڕسە. هەرگیز ناتوانی رێزی خودی خۆت بگێڕیتەوە تەنانەت دوای ئەوەی کە دەتوانی بشگەڕێیتەوە. ئەوانیتر نیشتیمانەکەیان جێدەهێڵن کە ناتوانن دەستبەرداری فیکرەکانیان ببن. موراپان مونگان مێشکی نەفیکراو لە چەند وشەیەکدا پوختەدەکات: “بە راستی ئەو کەسەی کە کۆچدەکات ئەو کەسە نییە کە جێدەهێڵێت، بەڵکو زیاتر ئەوەی کە لەدوای خۆی دەمێنێتەوە…” مەنفییەکی تر، پیۆدۆر ئەدۆرنۆ، پێناسەی “مەنفای عەقڵ” دەکات بە… “هەست بە ماڵی خۆت نەکەیت لەناو ماڵی خۆتدا..” ئێستا بۆ ساتێک خەیاڵ بکە کە کاتێک لەم هۆڵە دەڕۆیتەوە دەرەوە هیچ ماڵێکت نییە بۆی بڕۆیت. هەموشتێکت کە پێکەوە گرێداوە و ئارەقەت بۆی رشتوە بۆ رزگارکردنی ژیانت لێت سەنراوەتەوە.. چیتر کورسیی حەسانەوەت، ژوری نوستنت، کتێبەکانت، پشیلەکەت یان سەگەکەت، نەماون. دەبێت هەمویان لەدوای خۆت جێبهێڵیت و بەرەو بۆشایییەکی بێ بن بڕۆیت. ئەمە ئەو باجەیە کە تۆ تەنها لەبەرئەوەی بژاردەی ریسکی نەیاربونت هەڵبژاردوە لەجیاتی ئاسودەیی تەسلیمبون دەبێت بیدەیت… ئایا ملکەچدەکەیت بۆئەوەی ئەو باجە نەدەیت؟ تراژیدیاکەی ئێمە بە هۆی وەڵامی ئێمەوەیە… “نەخێر!” رەشوڕوت بە پڕوپاگەندەی حکومەت گۆشکراون. ئازایەتیی دەوێت بۆ ئەوەی ئاگاداریان بکەیتەوە: “ئەمە هەموی درۆیە. ئێوە نافڕن؛ ئێوە وا دەکەونە ناو خەرەندەوە.” ئەمە دەبێتە هۆی سزادان، تەنیایی و مەنفا.” یەکەم شت گوێت لێ دەبێت ئەمەیە: “تۆ خەڵکی ئێرە نیت.” بەداخەوە، ئەوە رێک چاوەڕوانییەکەیە بۆ تۆ لە مەنزڵی خۆشتەوە. ئینجا زو دەستدەکەیت بەوەی بڕوابکەیت کە تۆ کەسێکی هەمیشە نامۆی. ئینجا دێیتە لای رستەکەی ستێفان زوێیگ: “من هی هیچ شوێنێک نیم.” بەهاری رابردو چومە پێشانگایەک لەسەر ستێفان زوێیگ لە لوکسەمبۆرگ. لە دەروازەی چونەژورەوە چاوم بە هەندێک کارتۆنی ناڕێکخراو کەوت… یەکەمجار وامزانی پیشانگاکە تەواودەبێت؛ دواتر تێگەیشتم: ئەو سندوقانە بوخچەکانی نوسەرێکی مەنفیکراو بون کە ناچارکرابو جار دوای جار بوخچەکانی بپێچێتەوە. ئێستاش لە پیشانگاکە دانراون بۆ یادکردنەوەی ئەوی. زوێیگ ئەنجامگیرییەکی بەم جۆرە لە یادەوەرییەکانی خۆی دروستدەکات:: “بوخچەکەم پێچاوەتەوە و ئامادەم. )…( ئەوڕوپا، ماڵمان، )…( کاولکارییەکی چەشتوە… ئێستا ئێمە بەڕاستی بێماڵین.” مەنفا ژیانی کۆنت دەبات، هەروەها فیکرە سانسۆرکراو و هونەرە قەدەغەکراوەکانیشت. وشەی تورکیی لە بەرانبەر مەنفا “سورگون”ە. واتا “لێدانێکی نوێ.” مەنفاکان لەوانەیە کەشێکی میهرەبانتر بدۆزنەوە ئەو شوێنەی کە مەنفاکان دەڕۆن، کەشێک کە رێ بە نەفیکراوەکان دەدات کە خونچە بکەن؛ بەڵام، وەک هەر نەمامێکی هەڵکەنراو و دابڕێنراو لە ئاو و ژینگە سروشتییەکەی، ئەگەری ئەوەی کە جارێکی تر لە شوێنی تر رەگ دەگرێتەوە، وەهمێکە. ئایا میوە دەگرێتەوە یان وشک دەبێت. مێژو دەوڵەمەندە بە هەردو نمونە… گەورەترین شاعیری تورک نازم حیکمەت ناچوربو وڵاتەکەی بەجێبهێڵێت دوای بەسەربردنی چەندان ساڵ لە زیندان. ناسنامە نیشتیمانییەکەی لێ سەنرایەوە. لە مەنفادا مرد، بە حەسرەتی ماڵەوە. گەورەترین دەرهێنەری سینەمایی تورکیا یەڵماز گۆنای ناچاربو وڵاتەکەی بەجێبهێڵێت دوای بەسەربردنی چەندان ساڵ لە زیندان. ناسنامە نیشتیمانییەکەی لێ سەنرایەوە. لە مەنفادا مرد، بە حەسرەتی ماڵەوە. یەکێک لە بەناووبانگترین مۆسیقارەکانی تورکیا ئەحمەد کایا ناچاربو وڵاتەکەی بەجێبهێڵێت دوای ئەوەی وەک “خیانەتکار” دانرا. لە مەنفادا مرد، بە حەسرەتی ماڵەوە. هەرسێکیان ئێستا لە وڵاتی خۆیاندا بەڕێزەوە یادیان دەکرێتەوە… شیعرەکانیان، فیلمەکانیان و گۆرانییەکانیان لە هەمو شوێنێکن… تورکیا بەهرەیەکی تایبەتی هەیە لە بەنەفرەتکردنی منداڵە یاخییەکانی خۆی، ناشتنیان لە خاکەکانی تر و هەڵواسینی مەدالیای پاڵەوانێتیی لەسەر ئەو گۆڕە دورانە. ئایا ئەوە هەمان شت نییە بۆ تۆماس مان رویدا کە ناسنامە ئەڵمانییەکەی لێ سەنرایەوە لەلایەن نازییەکانەوە؟ ساڵی رابردو بیرم لەو دەکردەوە کاتێک شۆفێرێکی لۆریی تورک هەواڵی لە خێزانەکەی خۆیدا لەسەر “سوکایەتیکردن بە ئەردۆغان.” کە مان دەربارەی حەزی خۆی نوسی بە دیتنی شکستی هێزە ئەڵمانییەکان لە شەڕدا، دانیشی بەوە دانا: “ئەوەی کە کوڕەکانم ناچاردەکرێن کە هەواڵ لەسەر من بدەنە حیزبی نازییەکان هەرکاتێک ئەو وشانە ببینن بەسە بۆ ئەوەی رادەی کارەساتی خۆمان تێبگەین.” ئەهریمەن نەخۆشییەکە کە دەتوانێت توشی نزیکترین و ئازیزترین کەست بێت… بەدوات دەکەوێت تا کۆتایییەکانی زەویی. هەروەک بەرانبەر زوێیگ کردی. ترسی ئەهریمەن ئەوی تێكشکاند لە دورترین ئەو شوێنەی کە دەیتوانی بۆی بڕوات. با جارێکی تر بگەڕێمەوە لای زوێیگ: هەشت مانگ بەر لەوەی ژیانی خۆی کۆتایی پێ بێنێت ئەو ئەم وشانەی خوارەوەی نوسی: “…سواستیکا (سیمبۆلی نازیزم) لەسەر تاوەری ئیڤل شەپۆل دەدات، هێزی پیادەی رەشەبا بە ئیستیفزازەوە بەناو شەقامی شامپس ئێلیسێزی ناپلیۆندا نماییشدەکەن (…) ژیان چیتر شایانی ژینکردن نییە… من نزیکەی پەنجا و نۆ ساڵم. ئەو ساڵانەی پێشم زۆر غەمگین دەبن. بۆچی لەگەڵ ئەو هەمو بێڕێزیکردنە هەڵبکەم؟” ئێوە دەتوانن خەیاڵی ئەوە بکەن ئەو وشانە چەندە روخێنەرن بۆ کەسێکی وەک من: نزیکەی پەنجا و نۆ ساڵ، کەلوپەلەکانی لەناو سندوقە کارتۆنییەکاندا، بە چاوی خۆی تەماشای گەشەی ئەهریمەن دەکات لە خاکی خۆی و لە سەرانسەری جیهاندا. تراژیدیای زوێیگ وانەیەکی باشمان پێ دەبەخشن ئەمڕۆ: مەنفا هیوادەخوازێت کە ئازادیی و ئاشتیی بدۆزیتەوە بۆ ئەو کەسەی کە بۆی دەچێت. پاشماوەکانی گوللە لەبەردەم ماڵەکەی جێنامێنن، یان هەڕەشەکانی پۆلیس. هیچ زنجیرێک لە قەڵەمەکەی نائاڵێنرێت، هیچ ئەڵقەیەکیش لە زمانی نابەسترێت… بەڵام ئەوە ئەوە نییە کە رودەدات: ئەو هەورانەی لە خاکەکەی فرمانتەوە بەرزدەبنەوە وەدواتدەکەون، و لەکوێ بیت رۆژەکە دادەپۆشن. بەڵام هەندێکجار لە ناخەوە دەتڕوخێنن. یەکێک لە زنجیرەکانی پێکانت هەمو ئەو شتانەیە کە لەدوای خۆتەوە بەجێتهێشتون. هەر رستەیەکی ئازایانە کە تۆ دروستیاندەکەی دڵخۆشت دەکەن بەڵام خۆشەویستانت لە دورەوە توشی کێشە دەکەن. ریشەکانی ئەو خۆشەویستانە لاپەڕەکانی بایۆگرافیی مەنفای تێكشکاوی بێسنور نیشاندەدەن. یەکێکی تر لە ئەڵقەکانی سەر زمانت هیواکانتە بە گەڕانەوە. هەر وشەیەکی ئۆپۆزسیۆنیی نەیاریی، ئەو هیوایە زیاتر دوردەخاتەوە، لە نیشتیمانی لەداییکبونت دادەبڕێت، رستە بە رستە…. هەندێک هەڵە، بێدەنگیی یان تەسلیمبون بۆ ئەوەی بتوانی دەروازەکانی گەڕانەوە بکەیتەوە. تەنانەت ئەگەر بشگەڕێنەوە، هیچ شتێک وەک خۆی نابێت: ئەو خاکەی بۆی دەگەڕێیتەوە هەمان ئەو خاکە نییە کە جێتهێشت، ئەو کەسەشی دەگەڕێتەوە هەمان ئەو کەسە نییە کە بەجێیهێشت. بە کورتی، وەک قسەیەکی پێشینانی تورکیی هەیە دەڵێت: “بڕۆ، و لەوانەیە هەرگیز نەگەڕێیتەوە؛ بگەڕێوە، و لەوانەیە هەرگیز نەیبینیەوە.” ئێ کەوایە بۆ کوێ دەڕۆیت… مەنفا بۆ کوێ دەڕوا، لوغزێکە. تۆ هیچ فیکرەیەکت نییە بە کوێدا بۆ لوتکە سەربکەویت و بە کوێدا لەناو قوڕەکەدا گیر بخۆیت. زمانت جیاوازە، ناتوانی داوابکەیت. بەئازارترین بەش سەقامگیربونە هەر کە برینە نوێیەکانی خۆت دەلێسیەوە. پێویستە شەڕی حەسرەت بۆ ماڵ بکەیت لەلایەک، لەلایەکی تریش شەڕی خاکێکی نامۆ چونکە وەک گەڵایەکی ژاکاوت لێهاتوە کە دەکەوێتە خوارەوە. نامۆبون حەتمییە، ئێشێکە بۆ ئاسودەیی پەیوەستبون. لەبەرئەوەی تۆ لێرەش بێگانەی، هەروەک چۆن لە خاکی یەکەم کە بەجێتهێشتوە بێگانە بوی. مەحاڵە ئۆقرە بگری؛ هەمو شتێک کاتییە. تۆ خەمباری چونکە تۆ لە دەرەوەی کۆمەڵگا دایت، هەست بە شەرمەزاریی دەکەیت چونکە تۆ جیاوازی، نەویستراو چونکە تۆ بەبێ ویستی خۆت هاتویت. خەمباریی سەردەکێشێت بۆ پەرێشانیی. بەڵام پەنابەر هیچ مافێکی نییە بۆئەوەی خەمبار یان رەشبین بێت، یان نەخۆش بکەوێت. پێویستە ئازاری خۆت هەڵبگری، هەمو شتێک لە سفرەوە دەستپێبکەیت، تا بەسەر نیشتیمانی نوێدا زاڵ ببیت، بۆ ئەوەی ژیانێکی نوێ دروستبکەیت، گەدەت پڕ بکەیت، ئاو بێنیت لە وڵاتی خۆتەوە و چارەسەرییەکان بدۆزیەوە بۆ کەسوکارت لە وڵاتی خۆت. ئەگەر پەیوەندییەکی نزیک بهێڵێتەوە لەگەڵ نیشتیمانی خۆتدا، توشی ریسکی پێكدادان دەبی وەک ئەو شۆفێرەی کە بەبەردەوامیی تەماشای دیمەنی ئاوێنەی دواوە دەکات. ئەگەر تەماشای دواوە بکەیت، لە بۆشایییەکی تاریک دەچیت کە رەگ و ریشەت هەڵدەوەشێتەوە. وەک شۆفێرێکی باش، پێویستە هەمو کات چاوەکانت بخەیتە سەر رێگاکە و بپشکنی کە چیش لەدواوە هەیە.. .لە راستییدا لە شوێنێکی ناشارەزا بەتەنها خۆت ئەمە بکەیت قوڕسە، و لە هەر هەڵەیەکدا بە نەفرەت دەکرێیت. هەندێک لە دۆخێکی بێچارەسەریی میلانکۆلییدا نوقم دەبن و هەرگیز هەنگاوێک بۆ دەرەوە نانێن. هەندێک خەریکە لە توڕەییدا تاوان دەکەن. زۆر کەم لەو تڕافیکە بویژدانەدا بە پێوە دەمێننەوە. سەدەی بیستەم بەکردار ئەو هێزی کێشکردنەوەی لەناوبرد کە ئێمە بە زەویی دەنوسێنێت. بەشەریەت فڕێدرایە ناو چوار باوە وەک سەدەفێکی بێماڵ کاتێک پەتەکە دەپسێت. ئەو رەشەبایە مەترسیدارە هەندێک لە ئێمەی فڕێدایە خاکی ترەوە و هەندێکی تریشی خستنە بۆشایییەوە. ئەو میراتە دێوەزمەیە تەنها لە سەدەی بیستویەکەم گەشەیکردوە. ژمارەی ئاوارەکان - بە هۆی شەڕەکان، توندوتیژیی و هۆکارەکانی دیکەوە- گەیشتۆتە ٦٥ ملیۆن کەس… لە هەر سێ چرکەیەکەدا، یەکێک ناچاردەکرێت وڵاتی خۆی جێبهێڵێت. نیوەی کۆچبەران منداڵن. لە سەدا هەشتا و چواری کۆچبەران لە وڵاتانی تازە-گەشەسەندون. واتا نەک لێرە، لە ئەوڕوپای دەوڵەمەند. ئەوڕوپا چەک دەفرۆشێت، خەڵک لەو شەڕانە رادەکات کە ئەو چەکانەی تێدا بەکاردەهێنرێت ئەوڕوپا دەیانفرۆشێت… خەڵکیش لەپشتی دیوارەکانەوە بەتەنها جێدەهێڵرێن… ئەوڕوپا دەروازەکان دادەخات و ئاساییشی خۆی دەپارێزێت. پارەش دەداتە کەسانی وەک ئەردۆغان تا لە خاکی دورەوە کامپیان بۆ دروستبکرێن. ئەوڕوپا خۆی کوێرکردوە لە بەرانبەر ئەو پەنابەرانەی کە ئەردۆغان وەک بارمتە و کارتی مامەڵەکردن بەکاریاندەهێنێت. لە هەمان کاتدا، ئەو پەنابەرانەی کە توانیویانە بگەنە ئەوڕوپا وا نیشاندەدەنرێت کە گۆڕانکارییەکی گەورە لە کیشوەری پیر دروستدەکەن. لەهۆشخۆچون کە کارەکانیان، شار و ستایلی ژیانیان لەژێر هەڕەشە دایە، ئەو خەڵکانە خڕدەکرێنەوە لەژێر باڵی پەیمانی دیواری بەرزتر. ئەگەر پارتیی ئەلتەرناتیڤی ئەڵمانیی [حیزبێکی راستڕەوە و دژ بە پەنابەرانە] سبەینێ حکومەت پێکبهێنێت، لەوانەیە ئەو کۆچبەرانە بگەڕێنرێنەوە وڵاتەکانیان؛ بەڵام ئێوە دڵنیابن کە زۆربەتان لە وڵاتی خۆتاندا هەستەکانتان وەک پەنابەران دەبێت. هەروەک ئێمە کە نەفیکراوین لە خاکی خۆمان لە تورکیا. مەنفا کێڵگەیەکی ئەڵغامە. دەکرێت گۆڕستانت بێت یان حەڕشت. دەکرێت بتخاتە بێدەنگییەوە یان زمانت بکاتەوە. دورکەوتنەوە لە هاوشارییانت لەوانەیە بتخاتە بۆشایییەکی تاریکەوە - یان لەوانەیە بتکاتە کەسێکی جیهانیی… لەوانەیە تەنیاتر بیت - یان قەرەباڵغتر… لەوانەیە ببیتە هەڤاڵانی قوربانییانی خاکی نوێت؛ بەڵام مەترسیی پەیوەستکردنی باسکەکانیش هەیە لەگەڵ حکومڕانەکان. ئێلیا کازان، یەکەم نەوەی ئەمریکیی، نیوەی ژیانی لە تەوبەکاریی بەسەربرد بۆ پەیوەندیکردن بە راوی جادوگەران لە ١٩٥٠کان لە خاکی نوێی خۆیدا. ئەلێکساندەر سۆلژێنیتشاین هێندەی بۆ رەخنە توندەکانی لە گولاگ ئاڕشیپێلاگۆ یادیدەکرێتەوە بەو رادەیەش بۆ ئیدانەکردنی زو کشانەوەی ئەمریکا لە ڤیێتنام… لە لاکەی ترەوە، قوتابخانەی فڕانکفۆرت، بەرهەمێکی پڕبەهای مەنفا بو لە راکردن لە ئەڵمانیای نازیی. یەکێکی تر لە مەترسییەکانی سەر نوسەری مەنفا گۆڕینیەتی بۆ فیگەرێکی سیاسیی کە پڕ بوە لە توڕەیی و توندیی لە زنجیرکردنی ئازادییەکان و فیکرەکانی. سیاسەت دەچیتە ناو خوێنتەوە، وات لێ دەکات نەتوانی دەربارەی هیچی تر بنوسیت. ئافراندن هەموکات بە هۆی توڕەیییەوە دەرناکەوێت -کە هەندێکجار وەک کفنە بۆی. مەنفا دەوردەدرێت بە شەڕێک لەگەڵ تەورێک کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ خاک توندکردون؛ ئەوەی حەساس و بە هەمان رادەش گرانە ئەوەیە کە ئەو شەڕە بگوازیتەوە بۆ فیکر، بۆ هونەر، بۆ ئەدەبیات. نەفیکراوەکان ناتوانن ئەمە رێکبخەن، ناتوانن توڕەیی و هەستی تۆڵەیان لە خۆیاندا دابکوتن و دواجار وەک “نەیاری سیاسیی لە مەنفا”دا دەمرن. ئینجا ئەوانە هەن کە دەگەڕێنەوە چونکە جارێکی تر ناتوانن لە وڵاتی خۆیاندا جێگیر ببنەوە. چیڕۆکی ئەوان تراژیدیایەکە بۆ خۆی. وەک برونۆ ئالفرێد دۆبلین کە نەیتوانی کەشێکی کەلتوریی بدۆزێتەوە کە لە ئەڵمانیا بەدوایکەوتبو، دەبوایە بگەڕێتەوە فەڕەنسا کە لەوێدا پەنابەر بو لە ماوەی شەڕدا. . ئایا تاکە ئەزمونێکی پاڵەوان نییە؟ بێگومان هەیە. با لە بەدواکەوتنی ئەو هەورە رەشانە دوربکەوینەوە و نیگایەکی ئەرێنییانە لە مەنفا بکەین. رێمبدەن یادی ئێرنست رۆیتەر بکەمەوە لەم ساتەدا. قائیمقامی ماگدیبۆرگ دەستگیرکرا و نێردرا بۆ کەمپێکی کۆکردنەوەی جوەکان لە ١٩٣٣ بە هۆی دژایەتیکردنی نازییەکان. لەوێدا لێیدرا، سوکایەتیی پێکرا و ئەشکەنجەدرا. لە ١٩٣٥ خۆیی و تەنها جانتاکەی، پاسپۆرتەکەی کە هێشتا لێی زەوت نەکرابو و پارەیەکی ئاسایی لە گیرفانیدا ئەڵمانیای بەجێهێشت. هەر کە ئەوێی بەجێهێشت بە هاوڕێکانی گوت: “لەوانەیە ئێمە بەرەو بیابانێک بڕۆین بۆ دە ساڵان، بەڵام رۆژێک دەگەڕێینەوە.” ئەو نەچوە هیچ بیابانێکەوە؛ ئەوێ تورکیا بو کە باوەشی بۆ کردەوە و بەخێرهاتنی کرد. هەروەک خۆی پێشبینییکردبو، بەشداریی کرد لە بونیادنانەوەی تورکیا بۆ دە ساڵان، ئەو تەنانەت خەباتیشی دەکرد بۆ ئازادکردنی خاکی خۆی. ئەو نەخشە-ڕێگایەکی داڕشت بۆ ئەڵمانیای دوای شەڕ. لە گەڕانەوەیدا بو بە قائیمقامی بەرلینی ئازاد و بەشدارییکرد لە سەرخستنەی وڵاتەکەی خۆیدا. بە خوێندنەوەی چیڕۆکەکەی، ئەو هیوای پێبەخشیم؛ منیش کاتێک گەیشتم تەنها خۆم و یەک جانتا، پاسپۆرتەکەم کە هێشتا لێم زەوت نەکرابو و هەندێک پارەی ئاسایی لە گیرفانمدا. بەڵێ، مەنفا وەک بێماڵیی، بێماڵبون و لەدەستدانی دایک و باوک قوڕسە. بەڵێ، مەنفا هەوڵێکی پڕئازار و ئەزمونێکی غەمگینە. بەڵام مەنفا دەرگاش بۆ نوسەران، هونەرمەندان، ئەکادیمییان، رۆشنبیران و سیاسەتمەداران دەکاتەوە. ٨٥ ساڵ دوای رۆیتەر، ئەکادیمییەکان لە تورکیا کە لە کارەکانیان دەرکران لە بەرانبەر ئیمزاکردنی دەستپێشخەرییەک بۆ ئاشتیی، هاتنە ئەڵمانیا. ئەوان کۆچکردنی سەدەیەک ئاوەژودەکەنەوە و لێرە وەبەرهێنان لەسەر داهاتویان لە خاکی ئەڵمانیا و خاکی خۆیان دەکەن. ئەو رۆژنامەنوسانەی لە تورکیا ناتوانن بەرگریی لە راستیی بکەن، لێرە دەنگیان هەڵدەبڕن… کارێکی مەزنی نوسەرانی دەرکراو نیشانیدەدات کە ئازار خۆراکی ئافراندنی گەورەیە - پێی دەگوترێت “ئەدەبی مەنفا.” هیچ گومانێک نییە لەوەی کە شەپۆلی کۆچکردن کە مۆری خۆی لەسەر گەردون بەجێهێشت لە دەیەی رابردو دەبێتە هۆی لەداییکبونی نەوەیەکی نوێ لە نوسەران و ئەدەبی مەنفا. “مەنفایی” بەردەوامدەبێت بۆ ئەوەی ببێتە یەکێک لە پڕبەرهەمترین زمانەکانی نوسین لەبەرئەوەی ئەدەبی مەنفا لەو قەڵەمانە دەڕژێت کە بە ئازار تیژکراون. هێژایان، وانەبێژی ئازیزم ئونسال ئۆسکای زۆر تامەزرۆی دوبارەکردنەوەی قسەکەی ئەدۆرنۆ بو “ژینی هەڵە بە راستی ژیان ناکرێت”… کاتێک لە وڵاتی خۆماندا جێمان نابێتەوە و هەمو نەیارەکان زیندانیی دەکرێن، دەتوانین لە دو شت یەکیان بکەین: بۆ ئەوەی ئەوە بپارێزین کە هەمانە، دەتوانین بچینە ناو رێککەوتنی پیسەوە لەگەڵ خاکێک کە تێیدا گەورە بوین - هەرچەندە کە ئازاری ویژدانیشمان دەدات - یان چاوەکانمان دابپۆشین و بایەخ بە هیچ شتێک نەدەین. ئەوکات ئەوانە هەن کە ناچارکراون وڵاتیان جێبهێڵن. وەک نوسەری جو جێڵی ساچش کە لە ١٩٤٠ ئەڵمانیای بەجێهێشت… یەکەم شت کە هاوڕێکانی گوتیان کاتێک گەیشتە ستۆکهۆڵم ئەوە بو: “لەمەودوا زمان تاکە شتە تۆ خاوەنیت.” ئەو تەنها سامانە وای کرد خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیات لە ١٩٦٦ی پێببەخشرێت. ئەدۆرنۆ دڵخۆش نییە بەو رۆشنبیرانەی بژاردەی “مانەوە لەسەر لێوارەکە؛ هەڵدەبژێرن ئەگەر لە دۆخێکدا بن “تەنیایی” و “پەرستشی کۆمەڵایەتیی” هەڵبژێرن. ئەدۆرنۆ دەڵێت “نوسین دەبێتە نشینگەی بێماڵ. دروستکردنی نیشتیمانێک لە نوسین… چارەسەرییەک بۆ رەشبینیی زوێگ “من سەر بە هیچ شوێنێک نیم”… رەشبینیی کە تۆماس مان روبەڕوی دەبێتەوە بە گەشبینیی خۆی: “لە هەرکوێیەک بم، ئەڵمانیا لەوێیە.” بون بە “باڵۆنێکی باش-نەبەستراو” وەک بەرهەمهێنانی بۆ نوسەران، سیاسەتمەداران، ئەکادیمییان پڕ ریسکە. پڕ ئازارە لە ماڵ داببڕێیت، بەڵام رۆحیشت ئازاد دەکات. مەنفا لە نۆرمە دامەزراوەکان، کینە کوشندەکان، فشاری بێتام، پەیڕەوکردنی دابونەریت بۆ خۆدورگرتن لە مەترسیی و راستییە هەڵبەستراوەکان بۆ پاراستنی دیکتاتۆرەکان دەتپارێزێت: “پاراستن لە بەرژەوەندیی نیشتیمانیی.” مەنفا دەرفەتی ئەوەت پێدەبەخشێت رێگا دامەزراوەکان بەجێبهێڵیت بۆ ئەوەی رێگای خۆت بنەخشێنیت - و ئەوە ئەو شوێنەیە کە تۆ بە خۆت ئاشنا دەبیت، تا ئەوکات نەتدەناسی. ئەو تیپەی لەسەر زمانت دابو نامێنێت، هەروەک چۆن ئەو زنجیرانەی بە ئەژنۆکانتەوە بون و ئەو پەڕۆکانەی چاوەکانتی داگرتبو. ئێستا تۆ تەنهای، بەڵام سەربەخۆشی. بەجێهێشتنی ماڵی ئاسودەی خۆت بۆ دوبارە دروستکردنەوەی خۆت لە گەردونێکی دیکە بەرخۆدانێکی بەئیرادەیە. وەک دایڤکردن بە ناو ئاوی سارددا، سەرەتا لەوانەیە خۆت کرژ بکەیت، بەڵام هەست بە بەهێزیی، نوێبونەوە، بەئیرادەبون و ئازادیی دەکەیت. بەردەوامیدان بە هەنگاوەکانت، وەستان لەسەر پێی خۆت، لە هەمو دۆخێک، رەتکردنەوەی کەوتنە داوی گوتاری باوەوە بێگوێدانە ئەوەی ئەنجامەکانی چی دەبن و خۆت بەتەنها بەردەوامیی پێدەدەیت لە هەمو شوێنێک و دژی هەمو کەسێک؛ هەمو ئەمانە بەخۆباوەڕییت بەهێزدەکەن. مەنفا هەروەها هەلی ئەوەشت پێدەبەخشێت لێهاتویییەکانی خۆت تاقیبکەیتەوە و وا بکەیت زمانت، پرسەکانت و جەنگەکانت لەودیوی سنورەکانی خۆتەوە ببیسترێن. هەروەک چۆن دونیابینیی نوێش دەبەخشێتە مەنزڵی نوێت. ئایا نوسەری ئەمریکیی-فەڵەستینیی ئێدوار سەعید دونیای رۆژئاوای فێرنەکرد کە سەلەفیەت تەنها ماڵی ئیسلام نییە، بەڵکو مەسیحیەت و جوش ڤێرژنی خۆیان هەیە؟ ئەڵمانیا، بەناووبانگ بە ماڵی کۆچەران، بە وزەی ئەو بیانییانە گەشەی سەند کە لە باوەشی گرتن و بوە هێزێکی زەبەلاحی جیهانیی وەک ئەمریکا کە هەمان شتی کردبو. ویستی کردنەوەی دەرگا بۆ کۆچبەران سەرنجڕاکێش بو. هەرچەندە تۆقیوم بە گەشەکردنی ئەوانەی دەیانەوێت کۆچەران دەربکەن، بەڵام دڵخۆشیی خۆم دەدەمەوە بە هاوسۆزیی خۆپیشاندەران و دروشمەکانیان کە دەڵێن: “پێویستە رق تێکبشکێنی!” هەروەک چۆن هاوڕێ ئەڵمانییەکانم شان بە شانی ئێمەن لە شەڕ بۆ ئازادیی لە تورکیا، منیش لەگەڵیاندا هاوشانیان دەڕۆم دژی نەژادپەرستیی. ئەوە پرەنسیپڵەکانمان/مەبدەئەکانمانن کە ئێستا دابەشمان دەکەن نەک وڵاتەکانمان. هاوسۆزییمان بۆ پڕەنسیپڵەکانمان سنور ناناسێت. ئێمە بۆ بەرزڕاگرتنی خۆشەویستیی شەڕەدەکەین نەک بۆ رق کە دیوارەکانی روخێندران - بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین لە میوەی ئەو نەمامانە بخۆین کە چاندنمان. کاتیەتی قبوڵبکەین کە ئێمە لە جیهانی کۆچەراندا دەژین. زۆر لە ئێمە لەوانەیە هەرگیز نەگەڕێتەوە ئەو خاکەی تێیدا لەداییکبوین. هەرگیز ئەو شارانە نەبینینەوە کە تێیاندا لەداییکبوین، ئەو رێگایانەی پیاسەمان پێیاندا کرد، ئەو دەریایانەی مەلەمان تێیاندا کرد. شتومەکەکانمان لەگەڵمان سەفەر دەکەن و لەناو بوخچەی قەبارە گەورە پێچراون. ماڵ لەناو بۆنی باڕوتی گوللەکان لەناو جلەکانمان، لەسەر سوتوی سەر چاکەتەکان، لە شێداریی سەر پێستمان و خۆشەویستیی خۆشەویستانمان بەردەوام دەبێت. ئەگەر کۆچەرێکی دەم-بە-خەندەت بینی کاتێک ئەو بینایە جێدەهێڵیت، بیر لەو ئازارە بکەوە لە پشتی خەندەکەوەیە. گوێ بۆ ئەزمونەکانیان بگرە کە لەوانەیە هەرگیز تۆ ئەو ئازارە بەو شێوەیە نەچێژیت. بڕیارەکە هی خۆمانە کە دژی ئەو ئازارە بوەستینەوە و تێکیبشکێنین. پێویستە بەردەوامبین لە نوسین بەئازادیی لە خاکی نوێماندا، لە خاکی نوێی ئەدەبیاتمان. بۆ هەرکەسێک کە دەڵێت من زۆر دورم لە تورکیا، رێمپێبدەن ئەو رستەیەی تۆماس مان وەربگرم: “لە هەرکوێیەک بنوسم، تورکیا لەوێیە.” - فۆتۆ: کلاودیا هۆهنە، دامەزراوەی کۆربەر
■ خالید هەركی لەم چەند رۆژانە لێدوانەكەی ماكرۆنی سەرۆكی فەرەنسا بۆتە مایەی مشتومڕ، لە لێدوانێكیدا ماكرۆن داوای دامەزراندنی سوپایەكی یەگرتوو بۆ ئەوروپا دەكا، كە سەرجەم وڵاتە ئەوروپیەكان لە خۆ بگرێ، ئەم داوایەی ماكرۆن گوایە لەبەر مەترسیەكانی یەكێتی سۆڤیەت و ئەمریكا وچین دێت، بۆئەوەی ئەوروپا لەم مەترسیانە بپارێزێ و وەكو جاران بەهێزەوە بێتە مەیدان، ئەم لێدوانەی لە كاتێكی ناگونجاو بوو, چونكە چەند رۆژێك بەر لە یادی سەد ساڵەی كۆتایی هاتن بە جەنگی یەكەمی جیهان بوو كە لە فرەنسا بە ئامادەبونی سەرۆكی ٧٠ ولات لە ١١/١١ یادی كرایەوە، ئەو جەنگ كە سەرەتا لە ئەوروپا سەری هەلدا سەرجەم دونیای تێوە گلاو بونە هاوبەشی ئەوروپا لەو جەنگە بۆ دەبێ ئێستا و لەم ساتە ئەوروپا بانگەوازێكی لەم جۆرە بكا؟ دیارە هەندێك لەو ئامادە بوانەش لەم داوایەی ماكرۆن نارەحەت بون لەسەروی هەمویانەوە ئەمریكا، كۆتایی هێنان بەو جەنگە لەكاتژمێر یانزەی رۆژی ١١/١١ لە ١٩١٨ لە رۆژهەلاتی فرەنسا واژۆ كراوەو كۆتایی بەو شەرە مالوێرانیە هێنراوە كە چوار ساڵی خایاند، سەری سێ ئیمپراتۆری خوارد بە كوژرانی ٣٦ ملیۆن كەس و ئاوارەو دەربەدەری دەیان ملیۆن كەس و گۆرینی نەخشەی ئەوروپاو رۆژهەلاتی ناوەراست بە دابەش كردنی كوردستانەوە، ئەو رێككەوتنە بۆ مالئاوایی شەر بو بەلام چونكە داد پەروەرانە نەبوو رەچاوی مافی گەلان نەكرابو دوای بیست و شەش سالێك دوبارە دەبێتەوە. لەگەڵ بەیەك گەیشتنی ئەو سەركردانە چەندین چالاكی نارەزایی لەلایەن رێكخراوە مەدەنیەكان بەرێوە چون، دروشمەكانیان ئاماژەیان بەوە دەكرد كە ئەم سەرۆكانەی ئامادەن ولاتەكانیان دەستی لە نەهامەتی و مالوێرانی ئەوكاتی دونیا هەبوە نابێ بەم شێوە پێشوازی بكرێن، روداوە سەرنج راكێشەكان كە رۆژنامەكانی فرەنسی جەختیان لەسەری كردەوە، ترامپ ئامادە نابێ سەردانی گۆری سەربازانی ئەمریكی بكا كە لە جەنگی یەكەمی جیهانی بونە قوربانی، بە بیانوی خەراپی كەش وهەوای باراناوی و تەم و ژمژەوە، بەلام ئەوكاتەی ئەمان بونە قوربانی لە جیات باران گولە تۆپ و هاونیان بۆ باریوە. لێدوانەكەی ماكرۆنی سەرۆكی فرەنسا لە سات و وەختێكی ناسكدا بو كە داوای سوپایەكی یەكگرتوی ئەوروپا دەكا، هەرچەندە ئەم داوا كاریەی ماكرۆن لە سەرەتای هاتنی بۆ سەرۆكایەتی فرەنسا ئاشكەرای كردوەو مێژینەی ئەم داواكاریەش لە سەردەمی دیگۆلەوە دێت كاتێك لە جەنگی دوەمی جیهانی سەردەكەون ئەلمانیای زەبەلاح لەو شەرە بە دۆراوی دەردەچێ فرەنسا چاوی لە كوێخایەتی ئەوروپا دەبێ، پاشخان و هۆكاری ئەم داواكاریە دەكرێ وه كو پركردنه وه ی كه لینی دەرچونی بەریتانیا لە یەكیتی ئەوروپا بێ كە بەهۆیەوە سیمای لاوازیی لێ بەدەر كەوتوە، هەریەك لە مێركل و پۆتین پشتگیریان لەم داوایەی ماكرۆن كردبە دامەزراندنی سوپایەكی یەكگرتوی ئەوروپا، بەلام هەریەكەو بۆ مەرامی خۆی، مەرامەكانی پۆتین لانی كەم بۆ دەرچونی ئەوروپا لە ژێر هەژمونی ئەمریكاو هەلوەشانەوەی هاوپەیمانی ناتۆ كە ئەمریكا تێیدا ئەندامە، بۆ مێركلیش گرنگە بەم رێگایە بتوانێ ئەو ٤٠ هەزار سەربازەی ئەمریكی كە تا ئێستا لەسەر خاكی ئەلمانیان بچنە دەر،هەرچۆنێكی بێ دەبێ ئەم هەنگاوەی ئەوروپا هەولێك بێت بۆ هاتنەوە سەرپێی ئەوروپاو دەست هەبون لە پرسە نێو دەولەتیەكان و لەخۆ گرتنی ولاتە ئەوروپیە بچوكەكانی كە تا ئێستا ئەندام نین لە یەكێتی ئەوروپا یا هاوپەیمانی ناتۆ و دواجاریش دەركردنێكی ئابرومەندانەی توركیا لە پرسی هاتنە ناوەوەی ئەوروپاو هاوپەیمانێتی ناتۆ، بۆ هەمو لایەك گرنگە.
■ تانیا کورد میرزا وەک چۆن هەمیشە لەکار و لە بوارەکەی خۆیدا سەرتۆپ، دادپەروەر و یەکجار دەوڵەمەندبووە بە زانیاری یاسایی بەهەردوو بواری تیۆری و پراکتیکەوە ئاواش لە ویست بۆ گۆڕانکاری و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا دەنگێکی زەلال و بڵند بووە، ئێستاش بەم دەستلەکارکێشانەوەیەی بووە سەرکردەی شۆڕشێکی نوێ لە دەسەڵاتی دادوەریدا. ئەو دکتۆر و دادوەری بەڕێز شێخ لەتیفە، دەستلەکارکێشانەوەی بەڕێزیان تەنیا نوسینەوەی وشەی “ نا” نییە بەڕووی ئەو قۆرخکارییەی کە لە دەسەڵاتی دادوەری و دادگاکاندا هەیە کە تا بەرلووت هاتووە و زۆرینەی یاساییەکان و دادوەران و فەرمانبەرانی یاسایش بە هۆیەک و دەیانیتر لێی بێدەنگن، بەڵکو دەستلەکارکێشانەوەی حاکم لەتیف بە پراکتیککردنی “ نەخێر” ە و گۆکردنیەتی لە بوارێکی سەرەکی و حوکمڕانیدا لە کوردستان کە دەسەڵاتی دادوەرییە. لە پرێس کۆنفراسەکەیدا ڕایگەیاند؛” دادوەری پەیامە، نابێت لە موچەدا بچووکبکرێتەوە و بۆ من دادوەری لە هەمووشت گرنگترە”. بۆ منیش و سەدانیتری وەک منیش کە بەڕێزیان مامۆستام بووە و ئێستاش لەپاش ئەزمون لە دەرەوەی کوردستان هەر بە سەرتۆپی کەسانی یاسایی لێهاتوو ماوەتەوە لەلام و هەر مامۆستامە” هەڵبەت ئەگەر بەڕێزیان ئێستاش بە تەلەبەی خۆیان قبوڵمان بکەن”. قورسایی ئەو دێڕە دەزانین، بەڵێ دادوەری پەیامە، پەیامێک کە نابێت هیچ کام لە دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن و یاسادانان خۆیانی تێهەڵبقورتێنن چ جای کار بەوە گەیشتووە کە لە ئۆرگانەکانی حیزبەوە دادوەرەکان دیاری دەکرێن. حاکم لەتیف دژ بە گەندەڵی و دەستی درێژ و زمانی حیزب لە دادگاکاندا دەستی لەکارکێشاوەتەوە نەوەک لەبەر بەرژەوەندی خۆیی، بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین ئەگەر دادوەرێک جا ناوی “شێخ لەتیف” بێت یان هەر کەسێکیتر، خزمەتی ساڵانە و پلە و ئەزمونی بەشی بەرزکردنەوەی پۆست و پلەی بکات دەبێت شەڕ بکات لەسەر ئەوەی بگات بەو پۆستە چونکە شایستەیە، بەمە هەم خۆی بە مافی خۆی دەگات و هەمیش زیاتر خزمەت دەکات بۆیەش ئەگەر بەڕێزیان لەبەر ئەوەی نەخراوەتە جێیەک دەستی لەکارکیشاوەتەوە هەر جێگەی ئافەرینە چونکە بێدەنگ نەبوون لەسەر ناهەقی واجبە نەوەک پێچەوانەکەی. ڕەنگە ئەم هەڵوێستەی بەڕێزیان لەلای هەندێک گەرچی بازێکی گەورە و نوێیە بەڵام پێیان وابێت کە مادەم حاکم بەتەنیایە چ کاریگەرییەکی نابێت، بەڵێ ڕەنگە دەمودەست و ئەمڕۆ و سبەیش دەسەڵات خۆی ڕانەپسکێنێ بەڵام بێشک هەڵوێستەکەی بووە بناغەیەکی یەکجار پتەو و ڕێک کە هەڵوێستیتر لەسەر خۆی هەڵدەچنێ! خۆ ئەگەر ساڵانێک لەوەوبەر هەر مامۆستایەکی زانکۆ کە لەسەر هەڵوێستی جیاوازی دەرکرا، هەر فەرمانبەرێک کە پلەکەی هێنرایە خوارەوە، هەر مامۆستایەک کە لەناو شارەوە لەبەر ئەرێ نەکردنی بۆ دەسەڵات هەڵدرایە لادێیەکی دوورە دەست هەمان هەڵوێستی کاک حاکمیان ببوایە و بۆ قوتی ڕۆژانەیان پەنایان بۆ کارێکیتر ببردایە ئێستا لە قۆناغێکی تردا دەبووین. بەبێ زیادەڕەوی ئەم هەڵوێستە جدی و پڕەی حاکم لەتیف یەک لەو ڕوداوانەیە کە ساڵانێکە ڕووی نەداوە و گڵۆپێکی یەکجار ڕووناکە لە جۆری ناڕەزایی و خەباتی مەدەنیدا لە کوردستان کە وەخت بوو لە کزیدا ئەکوژایەوە. گەرچی بەڕێز حاکم لەتیف ئەمە یەکەم هەڵوێستی نییە و بۆمنیش هیچ موفاجەئە نەبووە لە کەسایەتی بەڕێزیان.
■ ئارام سەعید لە کاتێکدا پارتی و یەکیتی خاوەنی زۆرترین کورسین ، مەرج نیە بۆ ئەوەی بەرەنگاری سیاسەتەکانیان بیتەوە هەمان ژمارەی کورسیت هەبێت، هەلویست و رەفتاری ئۆپۆزیسیۆنبونی راستەقینە گرنگە نەک قەبارە، بۆیە زۆر لەوانەی دەڵین فلان حزب ئەوەندە کورسی هەبووە هیچی پێنەکراوە چۆن بە ئێوە دەکریت؟ زۆر پرسیارمان لا دەوروژێنێت، کە رەنگە هەندێکی تا ئێستا ئاماژەمان پێنەکردوە، زۆر کات ئەو پرسیارە روبەڕوی نەوەی نوی دەکەنەوە و بۆیە ئەم وەلامە دەدەمەوە، باشە بۆ بەس سەیری ژمارەی کورسی دەکەن؟ بۆ سەیری هەڵویست و کارکردنیان ناکەن؟ بۆ سەیری ناشەفافی و ریکەوتنی ژێر بەژێر و نەبونی هەڵوێست و تیپەراندنی یاسای دژی بەرژەوەندی خەلک ، دوور کەوتنەوە لە خەڵک و جەمسەرگیری لەگەل دەسەلات ،ناکەن؟ یان ووردبینی بکەن لە هەموو ئەوهەلانەی ترکە کراون؟ لیرەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەی ئەوەی زیان دەگەیەنیت بە سیاسەتکردن و سیاسەت لە کوردستاندا و ئابروی ئەو چالاکیە گرنگەی لاواز کردوە، دیارە پشکی زۆری بۆ دەسەلاتە بەڵام بەشێکی ئەو بەرپرسیاریتیەش دەکەوێتە سەر کاری ئۆپۆزیسیۆنی سەیروسەمەری تێکەڵی لە نێوان دەسەڵات ئۆپۆزیسیۆن، کە لە کوردستاندا باوەو لەسەر راگەیاندنەکان ئۆپۆزیسیۆنن و لەژیرەوە پشک و سەرمایەگوزاریان هەیە لەگەڵ دەسەلات لە شاریک ئۆپۆزیسیۆن و لەوی تر دەسەلات. بەڵام ئەوەشمان لە یاد نەچێت کە یان ئەو قسەیە تەنها لەبەرئەوەیە کە یان لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی تەقلیدی پێیان نەکراوە و نایانەوی کەسی تر بیکات! یان دەسەلات ئەم پرۆپاگەندەیە دەکات بۆ بێ ئومێدکردنی خەلک! زۆر گرنگە ئەوەمان لە یاد بیت پارتی سیاسی چ ئۆپۆزیسیۆن یان دەسەلات ئەو کاتەی ناسنامەی خۆی لەدەستدەدات روبەروی قەیرانی گەورە دەبیتەوەو ئەو هاوڵاتیانە لەدەست دەدات کە دەنگیان بەو ناسنامەیە داوە. ئەو کاتەی سەرکردەیەکی ئۆپۆزیسیۆن کارێکی نارەوای دەسەڵات یان حکومەت دەبینیت یەکەم هەڵویستی دەبیت دژی بوەستێتەوە، ئەبیت چاوی تیژ بیت لە ئاست هەلەو کەموکورتیەکنی دەسەلات و سیاسەتەکانی. ئەمە ئەو کارکردنەیە کە جوانیی دیموکراسی دەردەخات، ئەوکاتەی دەسەڵات ناتوانیت بڕیارەکانی بە ئاسانی تێپەرێنێت، چونکە ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێز هەیە کە دژی رادەوەستیتەوە. کەواتە ئۆپۆزیسیۆن بەدیلی حوکمڕانەکانە و روبەروی سیاسەتەکانی دەبێتەوە و دەرئەنجام سیاسەتێکی جیاواز دەخاتە روو لەوەی دەسەلات هەیەتی. بۆیە ئەرکی ئۆپۆزیسیۆن بوون قورسە و پێویستە هەمیشە نزیک بیت لە خەلک و داواکاریەکانی. بەگوێرەی ئەم پێناسەیە دەبێت پێداچونەوەیەک بە چوار ساڵی رابردووی ئۆپۆزیسیۆن بوون بکەین! ئایا ئەمانەیان کردوە؟ وەک بەدیلی حکومەت خۆیان نمایش کردوە؟ رێگر بوون لە دەرچونی بڕیارەکان یان هاوکار بوون؟ ئەوکاتەی هاوکار بوون چی رویداوەو و ئەوکاتی دژ بوون چی رویداوە؟ تا چەند نزیکی هاوڵاتی و داواکاریەکانیان بوون؟ لە چەند خۆپیشاندان و ناڕەزایی هاوڵاتیان و تویژە جیاوازەکان بەشدار بوون؟
■ دانا سۆفی برایم زهمهن له رۆیشتنی خۆی بەردەوامە ، دۆخەكانیش بۆ ههندێك لهباره و بۆ ههندێكیش نالهباره به تایبهتی بۆ ههندێك لەو هێزانەی دەیانەوێت شوناسی ئۆپۆزسیۆن هەڵگرن. پرسیارێك كە ئێستا بۆ خهڵكی كوردستان دێته پێشهوه ئەوەیە: ببیین به چی ؟یان بچینە سەر چ ئاوازێك؟ ببیین به پارتی؟ پارتیبوونی چی ؟ كه باسی پارتی لای خەڵك ئەكەیت رێك وشەی كۆیلە ودهبێت ببیت بەسێبەرو بەڵێكەری مالباتی بارزانی و ریفراندۆم چیان لەسەر دەمه لای بەشێكی خەڵكی هێزی دڵسۆزن و لای بەشێكیش خیانەتكارن! ببیین به یهكیێتی؟ كام باڵ و كام ماڵ؟! رۆژ نییه له تیڤیەكانەوه ٥ جار پێان نەوترێت باڵێكی خیانتكار و باڵێكی دژی سەربەخۆی، ئەم حیزبەش وای لێكراوه لەگەلی بیت پیاوی باشیت و لەگەڵی نەبیت پیاوی خراپیت! ببیین به گۆران؟ كام گۆڕانە ،ئەمەی ئێستا ؟ ئهمانه كاتی بانگهشه ئهیان وت هێزی گۆرانكارین نهمام زانی گۆرانكاری لە كیلۆنهكان دەكەن.بۆ ئێستا كاك نەوشیروان گۆڕان دەناسێتەوە؟ هەموو دەنگە توڕەكانی كۆكردەوە ،ئهمانهی ئێستا ههر جاره و لهسهر پهتێكن له گردهوه رهخنه له گرد ئهگرن بههۆی پارهی گردێكی تر، وا مۆمەكە بەدەستی سەركردەكانی خۆیان فووی لێدەكرێت. ئیتر گۆڕانی چی؟ ببیین به نهوهی نوێ؟ چی نەوەی نوێ؟ئهمانه جوڵەی دروستكراون، ئهمانه بازرگانی سیاسین و كورسی دهفرۆشن بۆ ڤێلایێك، ئهمانه له جیاتی پاره بلیت دهدهن ،ئەمانە سیاسەت بە تایقكردنەوەی شیرینی تێگەیشتوون ،كاتێك دەڵێن تاقیمان. بكەنەوە، ببیین به كۆمهڵی ئیسلامی؟ ئهوانه كهس تێیان ناگات پێشگری ئیسلامین و جیاوازیێكی واشیان نییه لهگهل دهسهلاتدارهكانی باسیان دهكهن، ئهڵێن ئهوانیش وهك هێزه فهرمان رهواكان بنهمالهیین... ببین به یهكگرتوو؟ ئەمە دەبێت قاقایەكی گەورەت بۆ لێبدەین ،دەزانی بۆ؟ باسیان مهكه جارێ شۆكن ئهلێن سهریان لێشێواوه 5 كورسی و دونیایێك متمانهیان دۆڕاندووە، ئهلێن كهس تێیان ناگات شهریكن لهگهل گورگ گۆشت دەخۆن لەگەڵ شوانیش شین دەكەن ببیین به هاوپهیمانی؟ كام فەرعەیان ئەوەی بەغدا یان ئەوانەی کوردستان؟ كهس تێیان نهگهیشت هاودیدی یهكیێتی بوون و رۆیشتنهوه ههر وهرزێك بوون وهك موبهریده(فێنككهرهوه) ههڵیانگرتهوه، نانا ئاگات لێ نییه ماون، نا كاكه نهماون ههر تۆزێكی تر دهمێنهوه ، ئهگینا ئهوانیش دهرۆنهوه له ئێستاوه كهس به كهسیان نهماوه بوون بە ٤چوار فەرعەوە، بەغدا ، نەمسا ، هەولێر ، سلێمانی... ببیین به پەكەكه و یهپهگه و پەیەده؟ پەكەكە و یهپهگه و پەیەده چی, بەس ماوه پێمان بلێن ئاپۆ چی و ئەمریكا ١٢ میلیۆنمان دۆلارمان بۆ تەرخان بكات بۆ كەشفی شوێنمان...! پرسیارهكه ئهوهیه باشه ببیین به چی و به كام رهنگه؟ چۆن سەرمان لێ شێواوه ؟ هیچییان؟ بهڵی هیچییان؟ بهینی خۆشمان بێت تۆش یان پاراستنی یان زانیاری یان میتی یان ئیتلاعاتی...یان حەشد پارەت بۆ دەنێریت...!
■ مەلا بەختیار لەهەفتەی رابردودا، دوای ساڵەها لە كێشەی بچوكو گەورەی نێوان ئەمریكاو توركیای ئەندامانی ناتۆ، سەرەنجام، سێ سەركردەی پەكەكە (موراد قەرەیلان، جەمیل بایكو دوران كالكان) بە تیرۆریست ناسرانو ملیۆنەها دۆلاری مۆڵیش بۆ قەپڵاندنی سەریان، دیاریكرا. ئەم بڕیارە، لەم دۆخەدا، چاوەڕوانەكراو بوو. بەڵام ئەمەش ئەنجامی بەرژەوەندی زلهێزەكانە. سیاسەتی زلهێزەكان لەدوای سایكس پیكۆوە (1916) دەریدەخات، رەشەبای بەرژەوەندیان كە هەڵیكرد، پرنسیپ، دۆستایەتی، فەلسەفە، ئازادیو مرۆڤایەتی دەكەنە پێخۆر!! ئەمریكا، لەدوای جەنگی دوەمەوە، بەپشتیوانیكردنی مافی چارەنوسی گەلانی رۆژهەڵاتی ئۆروپا، دوای جەنگی سارد، گەورەترین سەركەوتنی بەدەستهێنا. كە ئومێدی فراوانكردنی دیموكراسی دەبەخشی. بە روخاندنی رژێمی سەدام، باشوری كوردستان، بۆ یەكەمین جار، پشتیوانی گەورەی بۆ پەیدا بوو. بەناو بەهاری عەرەبیش، پانتایی ئازادی هێنایە ئارا، دیسان ئەمریكا، هەڵوێستی بۆ پشتیوانی خەڵكی راپەڕیو، باشبوو. داعشیش كە سەریهەڵداو بەرژەوەندیەكانی ئەمریكاو رۆژئاواش كەوتنە مەترسیەوە، ئەمریكا رۆڵی هەرە كاریگەری لە دژایەتی داعشو پشتیوانی پێشمەرگەو بەشێك لە هێزەكانی تری دژی داعش، دەگێڕا. ناوبەناویش، كە هەڵوێستی ئەمریكا دژی دوژمنانی دیموكراسیو پێشێلكردنی مافی مرۆڤ، رادەگەیەندرا، سیاسەتی ئەمریكای باشتر خۆشناو دەكرد. هەروا.. تائێستا، ئەمریكا بەرگری لە حكومەتی ئەسەدی سوریا نەكردوەو، دژایەتی كۆماری ئیسلامی ئێرانی رانەوەستانەوەو، فشاری لەسەر توركیاش كەم نەكردەوەو، لە بەرپەرچدانەوەی هێزی چەكداری تایفەگەری عێراقیش، سیاسەتی رۆشنە! هاوكێشەكانی سوریاش، كە كەوتنە ناو گێژاوی جەمسەرە نێودەوڵەتیو ئیقلیمیەكانو روسیا هێزی داگرتە شەڕگەكان، ئەمریكاش رۆژئاوای كوردستانی داڵدە دا. قسەش لەوەدەكرا، كە (پەكەكە) لە لیستی تیرۆر دەربهاون. كەچی.. لەپڕ، بۆ چارەسەری قەیرانی نێوان توركیاو ئەمریكا، سێ سەركردەی (پەكەكە) كرانە عەرەبونی ئاشتبونەوەی ئەمریكاو توركیا. ئەم بڕیارە، دیارە پەلوپۆی نهێنی زۆرن. ئەوەی لای من لەهەموو بابەتێكی دیكە گرنگترە، ئەوەیە، ئایە ئەم بڕیارە، خزمەتی ستراتیژی دیموكراسی، ژیانی مەدەنی، ئازادیو مافی مرۆڤ دەكات، كە ئەمریكا ستراتیژەكەی لەجیهاندا، لەسەر بنەمای ئەو چەمكانە رۆناوە؟! ئەگەر بەڕاستی خزمەتی دەكات، كەواتا ئەمریكا، بڕیارێكی بەجێی داوە. ئەگەر نا، بێگومان بڕیارێكی هەڵەیە. لەمبارەوە، بۆئەوەی تەمومژ لەسەر گوتارەكەم لەلایەن توركیا، یان هەر ناوەندو لایەنێكی تر، بڕەوێنمەوە، بەپێویستی دەزانم رونیبكەمەوە كەوا: لەدوای جەنگی ساردو لەم سەردەمەی جیهانگیرییەدا، هەمیشە گوتومە: ئایدیۆلۆژیەتی پەكەكەو ستراتیژی خەباتی چەكداری بۆ رزگاری، قۆناغەكەی بەسەرچووە. تەنانەت سیستەمی حیزبایەتی پەكەكەش، رەخنەم لەسەری هەیە. هەڵبەتە لەگەڵ چەك فڕێدان، یان داماڵینی چەكیش نیم. رێكو رەوان، لەگەڵ چارەسەری ئاشتیو خەباتی مەدەنیو هەڵبژاردنو فراوانكردنی خەباتی دیموكراسیم. كە (هەدەپە)ش (80) كورسی هێنا، پەیامی خۆمم گەیاندۆتە قەندیلو دیاربەكر، كە بچنە ناو حكومەت باشە. كە شەڕیان گواستەوە ناو شارەكانیش، بەبڕیارێكی مەترسیدارم دەزانی. بەڵام، ئەمە ئەوە ناگەیەنێ، تەواوی پرسی (دیموكراسی-نەتەوەیی) باكورو رۆژئاوای كوردستان، لەو گۆشانەوە تەماشا بكرێ. گریمان، پەكەكە، لەو كێشانە زیاتریشیان هەیە، جێی خۆیەتی بپرسین، ئەی حكومەتی توركیا، هەڵەی كەمتری هەیە؟ -ئایە؛ لەناوچەكەو توركیا كێشەی كەمە؟ -ئایە؛ باری ئابوری توركیا، پاشەكشە، یان سەركەوتنی بەدیهێناوە؟ -ئایە؛ زیندانەكانی توركیا، جێگەی رۆژنامەنوسو سیاسەتمەدارو مەدەنیخوازی تری تیادا دەبنەوە؟ -ئایە؛ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، توركیا بۆ لە یەكێتی ئۆروپا قبوڵ ناكرێ؟ -ئایە؛ رێژەی بێكاریی زیادیكردووەو كۆمپانیاكان پاشەكشەیان كردووەو ئاستەنگی ئابوری قوڵە، یان تەنكە؟ -ئایە؛ سوپای توركیا بۆ كودەتای كرد، ئەگەر سوپایەكی پرۆفیشناڵی نیشتمانیی دەستورپارێز بوو؟ هەرچی چۆنێ بەراوردی كێشەكانی توركیاو هەڵەكانی پەكەكە بكرێ، توركیا دەیان بەرامبەر لەدۆخی توركیاو لە پرۆسەی دیموكراسیو ئازادیە مەدەنیەكان بەرپرسیارترە. كەچی، ئەمریكا، كە لە چركەساتێكدا، سەدان ملیۆن وشە زانیاری دەگاتە پنتاگۆنەكەیو لە ئانو كاتیشدا وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەی ئاگادار دەكرێتەوە لەو زانیاریانە، هەتا بەهەڵە نەچێ، بەبێ ئەوەی گوێ بداتە سەرجەم كێشەو هاوكێشەكان، دوای رزگاركردنی قەشەكەیان، بڕیاری لەم چەشنە دەداتو توركیاش چەشە دەبێ، هەتا پێی لێهەڵبڕێ. دۆخەكەش وا بەردەوام بێ، دوور نیە لەرۆژئاوای كوردستانیش، ئەمریكا پاشەكشە بكات. بەدڵنیاییەوە، بە تیرۆریست زانینی سێ سەركردەی پەكەكە، كە تەمەنی خۆیان لەسەر رێبازەكەیان داناوە، هەرگیز، نە خزمەتی ئامانجە ستراتیژیەكانی ئەمریكا لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەكاتو نە توركیاش، لە قەیرانە هەمەچەشنەكانی رزگاردەكات. چارەسەر ئەوە نییە، پشتیوانی توركیا بكرێ، كە پاشەكشەی لە دیموكراسی كردووە، هەتا بەردەوام بێ لەسەر سیاسەتی بێبەشكردنی گەلی باكوری كوردستان، لە مافە دیموكراسیو مەدەنیەكانی. هەروا، پەكەكەش ناتوانێ بە سوربون لەسەر ستراتیژی خەباتی چەكداری، چۆك بە توركیا دابدات. چارەسەرێكی سیاسی وەكو ئاشتەواییەكەی (كۆلۆمبیا) باشترە، لە سەركوتی عەسكەری توركیاو بەردەوامیی خەباتی چەكداری پەكەكە. لەكۆتاییشدا جێی خۆیەتی بیگێڕمەوە كە: سێ مانگ لەمەوبەر، رێكەوتی (12/8/2018) بەڕێز (ستیڤن فەیگەن) قونسڵی نوێی ئەمریكا لەهەرێمی كوردستان، سەردانی كردین. رەخنەی لە پەكەكە گرت، منیش وەڵامم دایەوە كە: ئەمریكا لەسەر قەشەیەك، گەمارۆی ئابوری خستە سەر توركیا. بەڵام (13 هەزار) كورد گیراونو زیاتر لە (20 ملیۆن) كوردی توركیا مافی خوێندنی زمانی زگماكیان نییە، چۆن خەباتی دیموكراسی ناكەن؟ قونسڵ پێكەنیو منیش دڵم تەنگ بوو لەو قسەیەی كردی.
■ شۆڕش خدر چەمكی دەسەڵات یەكێكە لە بابەتە هەرە سەرەكیەكانی ناو هزری سیاسی،بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی دەسەڵات لەگەڵ ئەو ژینگەیەی تێیدا ژیاوە خۆی گونجاندووە فۆرمی جیاوازی وەرگرتووە.هەر لە سەردەمی یۆنانی كۆنەوە بۆ سەدەی ناوەڕاست تاكو ئەم ئێستایەی تێیدا دەژین پێیدەوترێت دونیای مۆدێرن،دەسەڵات بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی خۆی لە هەر قۆناغێك و سەردەمێك تەكنیك و میكانیزمی جیاوازی بەكارهێناوە،بە شێوەیەك كە بتوانێت هەیمەنەی هەبێت كاریگەری لەسەر سایكۆلۆژیای كۆمەڵگا دابنێت كۆنتڕۆڵیان بكات. لە قۆناغی كۆمەڵگای تەقلیدیدا هێزی دەسەڵات لەدەست سەرۆك خێڵ و پادشا و پیاوانی ئاینیدا بەرجەستە دەبوو ،بەشێوەیەك لە ڕێگای نۆرم و بەها ئەخلاقی و كەلتوریەكاندا هەوڵی ڕێكخستن و ئیدارەدانی چالاكییە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكانی دەدا.بەڵام لە دونیای مۆدێرنەدا ئەم مۆدێلە لە دەسەڵات گۆڕنكاری گەورە بە خۆوە دەبینێت،بە تایبەتی دوای سەرهەڵدانی دەوڵەت نەتەوە وەك بونەوەرێكی زیندوو لە دایك دەبێت ،هەر لەو سەردەمەوە ئەركی دەسەڵاتیش لە ڕیگای دەزگا یاسایی و شەرعیەكانەوە بە سیستەم دەكرێت گۆڕانی بەسەردادێت،هەر ئەم دەزگایانە بۆ خۆشیان دەبن بە بەشێك لەمیكانیزمەكانی كۆنتڕۆڵكردن و چاودێریكردنی ڕەفتار و هەڵسوكەتەكانی ناوكۆمەڵگا. دەتوانم بڵێم ئەمانە هەموو هۆكارگەلێكبوون وادەكەن چەمكی دەسەڵات وەك بابەتێكی فكری و فرە ڕەهەند چەندین میتۆد و تێزی جیاوازی دژ بەیەك لەخۆبگرێت، قۆناغ لەدوای قۆناغ لەناو گروپ و كۆمەڵگا جیاوازەكاندا لە كایە سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتییەكاندا چەندین خوێندنەوە و شیكاری جیاوازی بۆ بكرێت. ئەوەی من مەبەستمە زیاتر قسەی لەسەر بكەم تێگەیشتنی چەمكی دەسەڵاتی مۆدێرنەیە لە دیدی(میشێل فۆكۆ)وە.هەروەها پیادەكرنی شێوازەكانی دەسەڵاتی دسیپلینكەرە لەم سەردەمەی كە تێیدا دەژین.فۆكۆ ئاگادارمان دەكات لەوەی چۆن دەسەڵات لەسەردەمی مۆدێرنەدا دەست و پەنجەی تێكەڵ بە كایە سیاسی و ئابووری و كۆمەڵاییەكان دەكات؟چۆن لە ڕێگەی دەزگا و ئۆرگانە جیاوازەكانی دەوڵەتەوە پەیوەندی دروست دەكات بێ ئاگایانە لەناو هەموو كۆر ِو كۆبوونەوەكاندا ئامادەگی دەبێت گوێمان لێدەگرێت؟فۆكۆ پێماندەڵێت چۆن دەسەڵاتی دیسپلینكەر كار لەسەر بەرهەمهێنانی كۆمەڵگایەكی كۆنتڕۆڵكراو مرۆڤێكی دەستەمۆ دەكات؟فۆكۆ پێماندەڵێت چۆن دەسەڵات لەم سەردەمەدا دەیەوێت بە شێوازێكی سیستماتیك(خود)ێكی ئازاد بگۆڕێت بە (خود)ێكی بێ بەرگری و گوێڕایەڵ؟چۆن دەسەڵات لە دونیای مۆدێرنەدا شێواز و تەكنیكی كۆنتڕڵكردن بەرهەمدێنێت؟ چۆن بە شێواز و كەرەستەی جیاواز تەحەدای چینەكانی ناو كۆمەڵگا و هێزەكانی دەروەی خۆی دەكات؟ فۆكۆ پێیوایە لە دونیای مۆدێرنەدا مرۆڤەكان بەهۆی دەسەڵاتی دیسپلینەوە خەسڵەتی سروشتی خۆیان لەدەست دەدەن ناتوانن وەك بونەوەرێكی گەردوونی و خاوەن عەقڵ و ماف هەڵسوكەوت بكەن،مرۆڤەكان لەم زەمەنەدا گۆڕانكاری بەسەر سروشتیان دادێت، لە بونەوەرێكی ئازاد و ئەكتیڤ دەبن بە مرۆڤێكی دەستبەسەر و پاسیڤ !لە كەسێكی خاوەن مەعریفە و ئومێدبەخش دەبن بە كەسێكی بێ مەعریفە و بێ ئومێد!لەم سەردەمەدا فۆكۆ ئینسانەكان وادەبینێت،بەهۆی سەرقاڵیان بە چاودێریكردنی دەوروبەریان ئەركە ئەخلاقیەكانیان بیردەچێتەوە ناتوانن بەرگری لە مافەكانیان بكەن ژیانیان بگۆڕن. پێموایە ئەو ئێستایەی كۆمەڵگای ئێمەی تێدا دەژی دروست ئەو سەردەمەیە كە دەسەڵاتی دسیپلین خەونی پێوەدەبینێت،لە ئێستادا دەسەڵات وەكو تۆڕێكی ئاڵۆز و گشتگیر هەموو ڕووبەرەكانی ژیانی ئێمەی داگیركردوە، لە هەموو كات و شوێنێكدا ئامادەگی هەیە.لەم سەردەمەدا كاری هەرە سەرەكی دەسەڵات بەرهەمهێنانی مرۆڤێكی جۆشكراوە بە مەعریفەی دونیای مۆدێرن،لە هەوڵی بەرهەمهێنانی ئینسانێكە جیاواز لە سەردەمەكانی پێش خۆی،دەسەڵات لە ئێستادا سەرقاڵی خستنەبازاڕی جەستەی ڕۆبۆتێكی ڕوحلەبەرە،خەریكی كۆپیكردنی مرۆڤێكی پڕۆگرامكراوە بە میكانیزمەكانی كۆنتڕۆڵ وچاودێریكردن،لە ئێستادا كاری دەسەڵات دروستكردنی لەشكرێكە لە میدیای حزبی و ڕِۆشنبیری ئاڕاستەكراو بۆ نەهێشتن و پچوكردنەوەی ئەو پانتاییە گشتییەی كەوا هێزەكانی فشار و كۆمەڵگای مەدەنی دەیانەوێت گەمەی سیاسی تێدا ئەنجام بدەن. لە كۆتاییدا فۆكۆ ئاگادارمان دەكات لەوەی ستراتیژ و تەكنیكەكانی دەسەڵات لە دونیای مۆدێرنەدا زیاد لە دەموچاوێكیان هەیە پێماندەڵێت دەسەڵاتی مۆدێرن فرە شێوە و فرە ئەركن،لە هەر شوێنێك مەبەستیانبێت سروشتی خۆیان دەگونجێنن.بۆیە فۆكۆ پێیوایە بۆ بەرگریكردن و بەگژداچوونەوەی ئەم دۆخە مەترسیدارە،دەبێت كۆمەڵگاش شێوازەكانی خەباتكردنی فرە شێوە و فرە شوێن بێت،ئەوەش لە ڕێگای بڕوا بەخۆبوون و بە بنیاتنانی (خود)ێكی ئازاد و خاوەن مەعریفە ئەنجام دەدرێت.
■ ئادەم ئاودەڵ بەدرێژایی ٢٧ ساڵەی حکومرانی کوردی لە باشوری کوردستان ، ھیچ کابینەیەک ھێندەی کابینەی ھەشتەمی حکومەتی ھەرێم پرکێشە و سەرئێشە نەبووە ، کە دەرئەنجامی پێکھێنانی حکومەتی بنکە فراوان بوو . ھەم لێوانلێو بوو لە قەیرانی دارایی و ھەمیش تەژی بوو لە کێشمە کێشمی سیاسی و سەرباری ھەموو ئەوانەش قەیرانێکی قوڵی ئەمنی بەدوای خۆیدا ھێنا کە شەری داعش بوو. یەکێک لە بنەماکانی بەھێزی حکومەت لە ھەر وڵاتێک بە تایبەت وڵاتانی مۆدێرن ، بریتیە لە بونی ئۆپۆزسیۆنێکی کارا و جدی ، کەھەم چاودێرێکی باشی حکومەتە و ھەمیش رۆلێکی کاریگەر دەبینێ لە ھۆشیاری و ئاگادار کردنەوەی ھاوڵاتیان . کابینەی ھەشتی حکومەتی ھەرێم لەمە بێ بەری بوو ، بەناوی حکومەتی بنکەفراوانەوە رێچکە دیموکراسیەکەیان لەق کرد ، کە ئەمەش رێگە خۆش کەر بوو بۆ ھەنێ قەراری سیاسی و ئابوری کە لە غیابی ھێزی بەرھەڵستکار بدرێ .ئەگەرچی سالێ ٢٠٠٩ سەرەتایی ئۆپۆزسیۆنێکی کارا و جدی بوو لە ھەرێم ، بەڵام لە جیاتی برەودان بەوجۆرە سیاسەت و ململانێیە لە کابینەی ھەشت ، کەشتی ئۆپۆزسیۆن بوون لەنگەری گرت کە زەرەرێکی زۆری لە پرۆسەی دیموکراسی ناوچەکەدا. ئەگەرچی نەبونی ئۆپۆزسیۆن لە کابینەی ھەشت عەیبەیەکی گەورەبوو ، لەوەش گەورەتر بونی ھەندێک ھێزبوو کە قاچێکیان لە حکومەت و قاچەکەی تریان لە دەرەوەی حکومەت بوو ، کە ئەمە لە ھیچ شوێنێکی سیاسەتی دونیادا جێگەی نابێتەوە ، ئەمەش ھێندەی تر حکومەتی ھەرێمی ئیفلیج و لاوازترکرد. لە ئێستادا خەریکە تای ھەڵبژاردنی حیزبەکان کۆتایی دێت و ھێدی ھێدی نزیک بونەوە بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێ بەدی دەکرێ ، لە حیزبی یەکەمەوە بۆ دووەم و ....ھتد. خواستی ئێستای ھاوڵاتیان و تەنانەت بەشێکی حیزبە سیاسیەکانیش ئەوەیە ، حکومەتی ئەمجارە جیاوازبێ لە ھی پێش خۆیی و ئەو میکانیزم و ئالیەتانەی پێشو گیرانە بەر ھەرگیز دووبارە نەبنەوە ، کە لە پێشی ھەموشیان بونی ئۆپۆزسیۆنە کە کۆڵەکەیەکی سەرەکی بەرێوەبردنی ھەر وڵاتێکی دیموکراسییە. لە ئێستادا لە شەش لایەنە سەرەکیەکەی ھەرێم دوو لایەنیان ھەلوێستی رونی خۆیان راگەیاندووە کەبەشداری ئەم کابینەیە ناکەن و تەنھا چوار لایەن ماوە کە نیەتیانە لەم کابینەیە بەشداربن یاخود پشکیان ھەبێ ، ھەرچۆنێک بێ ئێستا روون بۆتەوە کە لەم کابینەیە ئۆپۆزسیۆنمان دەبێ ، بەڵام چ ئۆپۆزسیۆنێک،،، ؟؟؟؟ ئەوانەی کە بە راست و چەوتی ئەم وڵاتە قەڵسن و نە رەش نە سپی ئەم وڵاتەیان قبوڵ نیە ؟؟؟ یاخود ئۆپۆزسیۆنێک کە نیوەی لە دەسەڵات و ئەوەی تری بەرھەڵستکارە ؟؟؟ یانیش ئۆپۆزسیۆنێک کە بەھەموو بریارەکانی دەسەڵات رازییە( وەک لە کابینەی پێشو بینیمان)؟؟؟ ھەنوکە لای تاکی کورد پرسێکی روون بونی ھەیە کە ئەویش ئەوەیە ، بۆئەوەی ریفراندۆمێکی نەخەمڵیوی تر دووبارە نەبێتەوە و بۆ ئەوەی دیسان نیوەی خاکی کوردستان لەدەست نەدەین و جارێکی تر ئاوارە و دەربەدەر نەبین ، پێویستیمان بە ئۆپۆزسیۆنێکی چالاک ھەیە.
■ مەجید ساڵح ئێستا لە جاران زیاتر کادیرەکانی یەکێتی و پارتی دەڵێن: نابێ حزبێک بێتە حکومەت "بەڕۆژە لە حکومەت و بەشەو لە ئۆپۆزیسۆن بێت". بە زۆری ئەم قسانەش رووبەڕووی بزوتنەوەی گۆڕان دەکرێتەوە. ئەم بۆچوونە چەندە هەڵگری ماکی راستیی بێت، هێندەش تێ نەگەیشتنە لە دۆخی سیاسی و ئابوری و ئیداری کوردستان و بەد حاڵی بوون بۆ پرۆژەکانی کاک نەوشیروان بۆ چارەسەر کردنی ئەو دۆخە. راستە، چونکە لەو وڵاتانەی کە دیموکراسی تێیدا چەسپاوە و لە دوای هەڵبژاردنەکان ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لە نێوان حزبەکاندا بە نەرمی و بێ کێشە تێدەپەڕێ. حزبی حاکم بە نەفەسی ئۆپۆزیسۆن رەفتار ناکات و ئۆپۆزیۆنیش لە رێگەی پەرلەمان و میدیاکارانیش لە رێگەی کەناڵەکانیانەوە چاودێریی کاری حکومەت دەکەن.. ناڕاستە بۆ دۆخی کوردستان، کە حزبەکانی دەسەڵات و سیاسەتمەدارەکانیان وا لکاون بە کورسییەکانیانەوە نە بەدەنگدان و نە بە یاسا لێی نابنەوە و چی رێگەی ناشەرعییە بەکاری دەهێنن بۆ مانەوەیان لە سەر کورسییەکانیان بەبێ ئەوەی زەڕەیەک بەرپرسیارێتیان بەرامبەر بە خەڵک و نیشتمان جێبەجێ بکەن.. لە ساڵی ١٩٩٢ەوە نەوشیروان مستەفا کە تاکە سەرکردەی کوردە زانستی سیاسی و حوکمڕانی بە ئەکادیمی خوێندوە، بەلەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی کوردستان خەریکی ریفۆرم کردنە لەم شیوازی بەڕێوەبردنەی کوردستان (جارێکی دیکە تەماشای گرتە ڤیدۆییەکەی خۆی و مامۆستا عوسمان عەبدوڵعەزیز بکەنەوە لە ساڵی ١٩٩٢).. دوای دامەزاندنی بزوتنەوەی گۆڕان و بوون بە ئۆپۆزیسۆن لە ساڵی ٢٠٠٩ەوە، نەوشیروان مستەفا بەلەبەرچاوگرتنی دۆخی کوردستان، دروشمی روخاندنی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانی بەرز نەکردوە، بەڵکو لە گەڵ حزبەکانی (کۆمەڵ و یەکگرتوو)، چەندین پاکێجی ئیسڵاحیان دا بەهەردوو حزبی دەسەڵاتدار، کە ئەمە لەوڵاتانەی دیموکراسین هەرگیز رووی نەداوە، ئۆپۆزسیۆن پاکێجی ئیسڵاحی بدات بە حزبی دەسەڵاتدار.. کە ئەم حزبانە چوونە دەسەڵاتیشەوە نەدەکرا بە هەمان نەفەسی یەکێتی و پارتی کار بکەن و چاو لە ئاست کەموکوڕییەکان داخەن، چونکە گەر وایان بکردایە هیچ جیاوازییەک نەدەما. هەر لەبەر ئەوە بوو پەرلەمانتارەکانی گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو، لە پەرلەمان بە واجبی خۆیان هەڵدەستان و چاودێریی حکومەتیان دەکرد، بە وەزیرەکانی خۆشیانەوە، لە حەقیقەتدا دەبوو پەرلەمانتارەکانی یەکێتی و پارتیش وا بکەن، چونکە ئەرکی پەرلەمانتارییان وا دەخوازێ.. جگە لەوە لە میدیاکانیانەوە رەخنە و پێشنیار و داخوازی خەڵکیان دەخستەڕوو، چونکە ئەرکی میدیا ئەوەیە و دەبوو میدیاکانی یەکێتی و پارتیش وا بکەن. بەڵام بەداخەوە، هەم پەرلەمانتارەکانی یەکێتی و پارتی و هەم میدیاکانیشان قڕوقپیان دەکرد لە ئاست کەموو کوڕییەکان و ئەمەش وای کرد حکومەت بێ باک بێ لە چاودێری پەرلەمان و میدیا.. حەقیقەت ئەوەیە دۆخی شێواوی کوردستان وادەخوازێ حزبەکان (گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو) وەک چۆن لە ئۆپۆزیۆن بووندا لە پاڵ رەخنەکانیان، پاکێجی ئیسڵاحیان دەدا بە حکومەت، درێژە بەو نەفەسەی خۆیان بدەن کە چوونە حکومەتەوە لە رێگەی پەرلەمانتار و میدیاکانیانەوە "بەرۆژ لە دەسەڵات و بەشەو و رۆژییش ئۆپۆزسۆن بن" و تەسلیم بەو ئیرادیە نەبن کە داوای قڕوکپ بوونیان لێ دەکات.. گۆمی مەنگی دەسەڵاتدارێتی کوردستان گەر لە رێگەی پەرلەمان و میدیاوە نەشڵەقێ، بۆگەن دەکات..
■ سەلام عەبدوڵڵا ئێستا كە حكوومەتی نوێی عێراقیش هاتۆتە سەر ئەو ڕایەی كە چارەسەری كێشەكانی نێوان عێراق و هەرێم هەر دەبێت لە بەر رۆشنایی جێبەجێكردنی دەستووردا بێت و دەستوور زامنی بكات كە لایەنی كوردیش هەر لەسەر ئەو بڕوایە كە دەستوور دەتوانێت مافی هەموو لایەك دەستەبەر بكات. هۆكاری ئەو ناكۆكییانە ، ئەگەر هەندێك دەستتێوەردانی لابەلای لێدەربكەین، هەر دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سیاسەتە چەوتەی حكوومەتەكانی عێراق دوای پەسەندكردنی دەستوور كە پێشێل و پشتگوێی دەخست، بۆیە نەتوانرا لەو ماوە زۆرەدا بەشێوەیەكی ئاشتیانە و بەپێی بڕگەكانی دەستوور كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر بكات. بەڵام ئێستا پرسیار ئەوەیە، كام لا هۆكاری سەرەكی بوون بۆ چارەسەرنەكردنی كێشەكان كە مادەیەك ئاشكرا و روون بە نێوی مادەی (140)ی بۆ تەرخانكرابوو، هەروەك ئالییەتی جێبەجێكردنیشی بۆ دانرابوو كە دیارە بە دانپێدانانی خۆیان لایەنی دەسەڵات بوو لە عێراق كە لەلایەن نوێنەرەكانییەوە كە بۆ ئەو مادەیە دانرابوو، پشتگوێ دەخرا و لەمپەری لە بەردەم دادەنرا كە بە روونی لەسەر شاشەكانی تەلەفزیۆن و بە شانازییەوە دەیانگوت كە ئەوان خۆیان بوون كە لە ماوەی ئەو چەندین ساڵەدا، بە هەموو توانایانەوە كاریان بۆ ئەوە كردووە كە ئەو مادە دەستوورییە جێبەجێ نەكرێت. بەڵام پرسیار ئەوەشە، ئایا ئەمانە كارێكی شەخسی بوون یان بە فەرمان ئەو كارەیان كردووە و ئەوامری بەغدایان جێبەجێ كردووە، چونكە ناكرێ حكوومەت لەو كارانە بێ ئاگا بووبێ. بۆیە لەم خولەی پەرلەماندا ئەوە دەبێ كاری سەرەكی ئەندام پەرلەمانەكانی هەرێمی كوردستان بێت لە بەغدا كە ئەو بابەتە بخەنە ئەجێندای پەرلەمانەوە و داوای لێپێچینەوە بەتایبەتی لە سەرۆكوەزیران عەبادی بكرێ، چونكە لەكاتی حوكمڕانی ئەودا كار گەیشتە ئەوەی كە بە سوپا و حەشدی شەعبی – بەپێچەوانەی دەستوور كە دەڵێ نابێ سوپا بۆ یەكلاییكردنەوەی پرسە سیاسییەكان بەكاربهێنرێت ــ هێرش بكاتە سەر ئەو ناوچانەو بە زەبری هێز داگیریان بكات، چونكە دوای ئەو پێشێلكردنە رێگەخۆشكرا بۆ پرۆسەیەك كە لە ئەنفال بەدناوتر و قێزەونتر بوو، ئەویش پاكتاوی رەگەزی بوو لە دووز و داقوق و دەوروبەری كەركووك كە لەمەودوا پارێزگاری داسەپاو ئەو هەلەی قۆستەوە و بە ئارەزووی خۆی پرۆسەی تەعریبی لە كەركووك و دەوروبەری زیندوو كردەوە كە دەبێ ئەویش هەروەك تاوانبارێكی جەنگ بدرێتە دادگا و پەرلەمان و حكوومەتی نوێی لێ ئاگادار بكرێتەوە، ئەمەش لە پێناو ئەوەی جارێكیتر كەس نەتوانێت دەستوور پێشێل بكات، بۆیە ئەمە دەبێت ببێتە سەرەكیترین كاری ئەندامانی پەرلەمان لە بەغدا.
■ مەریوان وریا قانع ١١ نۆڤێمبەر، سەد ساڵ بەسەر کۆتایی جەنگی جیھانی یەکەمدا تێدەپەڕێت. جەنگێک کە زیانێکی گیانیی و ماڵی گەورەی بە بەشێکی گەورەی دونیا گەیاند. لەناو ئەوروپا و لە دەرەوەی ئەوروپادا. لەو ناوچەیەی ئێمەدا دەبێتە ھۆکاری ڕوخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیی، ھاتنی کۆلۆنیالیزم و دروستکردنی دەوڵەتیی-نەوەیی مۆدێرن لەناوچەکەدا، ھاوکات دەبێتە سەرەتای دروستبوونی بزوتنەوە دژە کۆلۆنیالیزم و بەھێزبوونی ناسیۆنالیزم و ھاتنەکایەی ئایدیۆلۆژیا گەورەکانی تری سەدەی بیستەم لە ناوچەکەدا، لە ناویاندا لیبرالیزم و سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم و ئیسلامیزم و بەشێوەیەکی زۆر کەمتر فاشیزم. لە جەنگی جیھانی یەکەمدا ژمارەیەکی ھێجگار گەورە لە سەرباز و کەسانی مەدەنی کوژران. جەنگە بەسەریەکەوە ٤ ساڵ و ٣ مانگی خایاندا، بەڵام لەو ماوەیەدا نزیکەی ١٠ ملیۆن سەرباز و ١٠ ملیۆن خەڵکی مەدەنیی کوژران. چەندەھا شاری گەورە لەناو ئەوروپا خۆیدا بەتەواوی وێرانکران، ژمارەیەکی زۆری خەڵک بریندار و بێماڵ و بێجێگا بوون. دوای جەنگەکەش پەتایەکی گەورە بەناوی ”پەتای ئیسپانیی“ەوە بە ئەوروپادا بڵاودەبێتەوە کە بەسەریەکەوە نزیکەی ٢٠ ملیۆن مرۆڤ دەکوژێت، ئەم پەتایە بە گەورەترین پەتای ناو مێژوو دەزانرێت و بەقەد ژمارەی کوژراوەکانی جەنگەکە خەڵک دەکوژێت. ئەو ھێزە ئەمریکاییانەش کە ھاتبوون بۆ ھاریکاریی ەئوروپییەکان، ١٠٠ ھەزار کەسیان لێ مرد، نیوەیان بەو پەتا ئیسپانییە مردن. بە کورتییەکەی لەماوەی چەندساڵێکی کەمدا جەنگ و پەتا نزیکەی ٤٠ بۆ ٥٠ ملیۆن مرۆڤ دەکوژن. ئیمزاکردنی ڕێکەوتنی کۆتاییھێان بە جەنگەکە لەناو واگۆنی شەمەدەفەرێکدا بوو لە دارستانێکدا پەنجا کیلۆمەتر لە دەرەوەی پاریس دا. دواتر فەرنسییەکان مۆزەخنایەکی تایبەتیان بەدەوری ئەو واگۆنەدا دروستکرد وەک سیمبۆلی سەرکەوتنی خۆیان بەسەر ئەڵمانییەکان و سوکایەتیکردن بە داگیرکەرە ئەڵمانایەکە ھێشتەوە. لەو ڕێکەوتننامەیەدا ئەڵمانییەکان ناچاردەکرێن پارەیەکی ھێجگار زۆر بە فەرەنسا و بریتانیا و زیانلێکەوتوەکانی تری جەنگەکە بدەن، دواھەمین پشکی ئەو پارەیەی ئەڵمانیا بە فەرەنسای ئەدات لە ساڵی ٢٠١٠ کۆتاییپێدێت.. ئەو مەرجانەی براوەکانی جەنگی جیھانی یەکەم بەسەر ئەلمانیادا دەیسەپێنن ھێندە قورس و ئیھانەکەر بوو، گەرای بەرپابوونی جەنگی جیھانی دووھەمی لەناو خۆیدا ھەڵگرتبوو. کاتێکیش جەنگی جیھانی دووھەم دەستپێدەکات و ھیتلەر لە ماوەیەکی کەمدا فەرەنسا داگیردەکات. لەناو ھەمان واگۆندا کە مەرجە قورسەکان بەسەر ئەڵمانیادا دەسەپێنرێت، فەرەنسییەکان ناچاردەکت تەسلیمبوونی خۆیان بە ئەڵمانیا ئیمزابکەن. وەکچۆن فەرەنسییەکان لەناو ئەو واگۆنەدا سوکایەتیی بە ئەڵمانیا دەکەن، بەھەمانشێوە ئەڵماناکان لەناو ھەمان واگۆندا ھەمان سوکایەتیی بە فەرەنسا دەکەنەوە. کاتێکیش ئەڵمنیا لەوە نزیکدەبێتەوە جەنگی جیھانی دووھەمیش بدۆڕێنێت، ھیتلەر ئەمر بە چەند ئەفسەرێک لە ئەفسەرە نزیکەکانی خۆی دەکات کە بچن واگۆنەکە وێرانبکەن، نەکو سەرلەنوێ بەکاربھێنرێتەوە بۆ سوکایەتیکردن بە ئەڵمانەکان. جەنگی جیھانیی یەکەم بۆ میلەتی ئێمە دوو دەرەنجامی زۆر سەرەکیی و تراژیدیی ھەبوو. یەکەمیان ”بەکەمینەکرنی کورد“ لەناو چوار دەوڵەتی تازە دروستکراوی ناوچەکەد، بە ئینگلزیی minoritization. دووھەمیان بە ”ئاسایشکردنی“ مەسەلەی کورت، واتە کورتکردنەوەی مەسەلەی میلەتێک بۆ کێشەیەکی ئەمنیی و مامەڵەکردنی وەک ھەڕشەی ئەمنیی، بە ئینگلزیی Securitization. ئەم دوو پرۆسە تازەیە ژێرخانی ئەو مێژووە خوێناویی و ترسناکەیە کە لەدوای جەنگی جیھانی یەکەمەوە مێژووی ئێمەی تێکەوتوە.
■ سەركۆ یونس ڕۆژی هەینی (2-11-2018) پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران قۆناغێكی ئاڵۆزتری بەخۆیەوە دی، ئیدارەی ترەمپ گەڕاندنەوەی قۆناغی دووەم و كۆتایی سزاكانی سەر كۆماری ئیسلامی ئێرانی ڕاگەیاند، بڕیارە لە ڕۆژی دووشەمە (5-11-2018) سزاكان بچنە بواری جێبەجێكردنەوە. بەگوێرەی بڕیارەكانی ئیدارەی دۆناڵد ترامپ سزاكانی ئەمجارە بوارەكانی بازرگانی و دارایی و تەنانەت وەرزشیش دەگرێتەوە، لە ناویشاندا ئەو كەرتە ئابورییانە دەكەونە ناو سزاكانەوە كە زیاتر ئابوری ئێران بەرەو هەرەسهێنان دەبن و گرفتی ئابوری و دارایی زیاتر بۆ ئابووری ئەو وڵاتە دروستدەكەن. وەك كەرتی نەوت و كەرتی دارایی. ئارەزوی ئەمریكا بەرامبەر بە ئێران لە كەرتی نەوتدا ئەوەیە كە كەرتی نەوت لەو وڵاتەدا بەتەوای ئیفلیج بكات، هەناردەی نەوت و گازی سروشتی ئێران بگاتە سفر. ئەمەش بەمانای ئەوە دێت كە ئەمریكا نیازی پەروێزخستنی ئێرانی هەیە بەتایبەت لە بواری ئابوری و داراییدا، چونكە بەم سزا ئابوری و داراییانە ڕاستەوخۆ ئێران دەكەوێتە بەر مەترسییەوە. بەهۆی ئەوەی كە ئابوری هەرێمی كوردستان تاڕادەیەكی زۆر پشتی بەستوە بە ئابوری ئێران، بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ هەر سزایەك بسەپێنرێت بەسەر ئێراندا ئەوا كاریگەری بە چەند ئاستێكی جیاواز دەردەكەوێـت. لە ئێستادا ئەوەی گرنگە كە هەرێمی كوردستان ڕەچاوی بكات كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی سزاكانی سەر ئێرانە لەسەر هەرێمی كوردستان، هەروەها پێویستە بە شێوەیەكی لۆژیكی مامەڵە لەگەڵا ئەو دۆخە ئابورییەدا بكات. ئەمە باوردۆخێكی ئابوری و دارایی و سیاسی ئاڵۆزە چونكە هەرێم دەكەوێتە ناو دوڕیانێكی سیاسی ئاڵۆزەوە، لەلایەك ئێران كە وڵاتێكی هەرێمی ناوچەكەیە و خاوەنی هەیمەنەیە لە بواری ئابوری و سیاسیدا، لەلایەكی ترەوە ئەمریكا كە ئەمڕۆ باڵادەستە. هەرێمی كوردستان لە چەند لایەنێكەوە لە دەرئەنجامی ئەو سزایانەدا توشی گرفت و تەنگژەبێت بەتایبەتی لەم لایەنانەدا: 1 – هەرێمی كوردستان لەدوای ساڵی (1991)ەوە، لەڕووی ئابورییەوە تاڕادەیەكی زۆر پشتی بەستوە بە ئێران، لەئێستادا زیاتر لە (%70)ی كاڵا و شمەكی ناوبازاڕەكانی هەرێم ئێرانین و زیاتر لە (2000) جۆر كاڵای ئێرانی هاوردە دەكرێت، بەمانایەكی دیكە ئابوری ئێران هەرێمی داگیركردوە. هەرێم لەدوای چین و توركیا زۆرترین مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێراندایە. بێگومان دوای جێبەجێ كردنی سەرجەم سزاكان ئابوری هەرێم زەرەرمەندترین لایەن دەبێت بەتایبەتی لەڕووی سەبەتەی خۆراك و میوە و كەلوپەلی بەرهەمهێنانی بیناسازی و گەلوپەكی مامناوەندی بۆ بەرهەمهێنان 2 – كەمبونەوەی بەرچاوی كاڵا ئێرانییەكان بەگشتی، بەتایبەتی مادە خۆراكیەكان لەبازاڕەكانی هەرێمدا. زۆرینەی ئەو كاڵایانەی كە هەرێمی كوردستان پێویستی پێیانە دەكەونە لیستی ئەو كاڵایانەی كە لە ناولیستی سزا ئابوری و بازرگانییەكاندان، بۆیە پێویستە هەرێمی كوردستان لە ماوەیەكی كەمدا ئەڵتەرناتیفی بۆ بدۆزێتەوە، بەپێچەوانەوە گەر لەماوەیەكی دیاری كراودا هەرێم جێگرەوەی ئێران نەدۆزێتەوە بەجۆرێك كاڵاكان كەم دەبنەوە وئەمەش ئەبێتە هۆی زیاد بوونی خواست و سەرەنجام نرخ بەرز دەبێتەوە و دیاردەی هەڵاوسان لەبازاڕەكانی هەرێمدا دروست دەبێ و هەرچەندە ئەمە ڕاستەوخۆ ڕوونادات بەڵكو كات و ماوەیەكی دەوێ زیاتر لە سێ مانگ 3- یەكێكی تر لە زیانەكانی ئەم سزایانە بۆ ئابوری هەرێم زیاتر بوونی ڕێژەی بێكاریە هەرێمی كوردستان چونكە (3) مەرزی سەرەكی و نێودەوڵەتی و چەندین خاڵی سنوری لاوەكی و هەندێكی قاچاغ لەگەڵ ئێراندا هەیەـ ئەم مەرزانە هەلی كاریان بۆ هەرێمی كوردستان خولقاندوە و بە دەیان كرێكار و شۆفێر كاری تێدا دەكەن و بژێوی ژیانی سەدان خێزانی هەرێمی لەسەری ئەم كەرتانەیە. بەڵام بەدڵنیاییەوە لەپاش سزاكان كاركردن لە سەر ئەم سنورانەدا نامێنێت و ڕێژەی بێكاری بەرزدەبێتەوە. دەرئەنجامی ئەو سزایانە گەلێك زیاترە، چونكە هەرێمی كوردستان تاڕادەیەكی زۆر پشتی بەئابوری ئێران بەستوە، دەكرێت دەرئەنجامە نێگەتیفەكانی ئەم سزایانە بە ئاشكرا لەتەواوی كەرتە ئابوورییەكانی هەرێمی كوردستان دەربكەوێت. سەرەنجام باری ئابوری هەرێم بەهۆی ئەو پاشكۆیەتییە ئابورییەوە بەرەوخراپتردەچێت. ئەوەی كە گرنگ بێـت لەم قۆناغەدا هەرێمی كوردستان لە ڕوی ئابورییەوە ڕەچاوی بكات، پێویستە بەوردی لەسەر ئەم خاڵانە ڕابمنێت، بەم شێوەیە پەستانی سزاكان لەسەر هەرێمی كوردستان ڕەنگە سوكتربێت. 1 –یەكەمین هەنگاو كە پێویستە حكومەتی هەرێم بیهاوێت، هەوڵدانە بۆ ڕكخستن و بوژانەوەی ئابوری هەرێم بەگشتی و كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی بە تایبەتی چونكە لەئێستادا بارودۆخەكە گونجاوەـ كاتێك كەلوپەلی پیشەسازی و كشتوكاڵی ئێرانی نەگاتە بازاڕەكانی هەرێم ئەوا هەرێم دەتوانێ هەنگاوی جدی بنێ بۆ هەستانەوە و بوژانەوەی كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی، بەتایبەتی ڕەگەزەكانی ئەم دوو كەرتە گرنگ و ستراتریژییە لەناوخۆی هەرێم بەردەستن و دەتوانین شاری پیشەسازی تایبەت دابنرێت و هەنگاو بەهەنگاو هەوڵ بدرێت ئەم كەرتانە گەشەی پێ بدرێت . 2 – پێویستە حكومەتی هەرێم بەرلە گەیشتنی گاریكەریەكانی سزاكان بەزووترین كات جێگرەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران بكاتەوە، باشترین جێگرەوە دەوڵەتی توركیایە چونكە هاوسنوری هەرێمە و نرخی گواستنەوەی كەلوپەلەكان بەكەمترین تێچون ئەنجامدەدرێت و پێشترو ئێستاش ئەزمونی بازرگانی لەگەڵ توركیا تاقیكراوەتەوە و هەروەها بەهۆی نزمی بەهای لیرەی توركی بەرامبەر دۆلار و تەنانەت دیناری عێراقی، بەم شێوەیە هەرێمی كوردستان دەتوانێت تاڕادەیەكی باش خۆی لەو قەیران و تەنگژانەی ئێران دوربخاتەوە. 3 - لەئێستادا كە سەروەختی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتداین، پێویستە لەم كاتەدا كابینەیەكی ئابوری پێكبهێنرێت، وەزارەتە گرنگ و ئابورییەكانی وەك دارایی و وەبەرهێنان و بازرگانی و پیشەسازی و كشتوكاڵی بەكەسانی شارەزا و ئەكادیمی پڕبكرێنەوە و پلانێكی ستراتیژی ئابوری دابنرێـت كە لەماوەیەكی دیاریكراودا بتوانێـت تەواوی ئەو دەستكەوتانەی كە گرنگن بۆ ئابوریەكی بەهێز فەراهەمی بكات. نەك كابینەیەكی سیاسی بێت و ئامانج ڕازی كردنی لایەنە سیاسیەكان بێت. 4 – كەرتی تایبەت پێویستە ڕۆڵی گرنگ و ستراتیژی بگرێت لەم قەیرانەداـ بەچەشنێك بتوانێت بەڕاستەوخۆ بەشداربێت لە پاراستنی بارودۆخی ئابوری و دارایی هەرێمی كوردستاندا و ڕۆڵا و كاریگەری زیاتربێت، بەمانایەكی تری كەرتی تایبەت بتوانێت ببێتە تەواوكەری كەرتی گشتی. 5 – پێویستە كۆی یاساكانی بواری ئابوری و دارایی و وەبەرهێنان هەمواربكرێتەوە و دوبارە بەشێوەیەكی ورد دابڕێژرێتەوە، بە كرداری لەبەرژەوەندی كۆی جوڵە و بزاوتە ئابورییەكانی هەرێمدا بێـت و بتوانێت بەئاڕاستەی چالاكردنی كۆی كەرتەكاندا كاربكات. 6 – دەستەی وەبەرهێنان دەبێت لەو بارەی ئێستا دەربكرێت و ببێـتە سەنتەرێكی بەهێزی بزاوت و جوڵەی ئابوری، بگرە پێویستە دەستەی وەبەرهێنان بەئاڕاستەی بوژاندنەوەی كەرتە ئابورییەكان كاربكات، بەتایبەتی كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی، هەموو ئاسانكاری و هاوكاریەك پێشكەش بە كۆمپانیاكان بكەن تا بەكەمترین ماوە هەوڵ بدرێت پڕۆژەكان جێ بەجێ بكەن . بەچەشنێك دەبێت كابینەی داهاتوی حكومەتی هەرێم لەسەر بەگەڕخستنی عەقڵی ئابوری بكات، كابینەیەكی ئابوریی بەگەڕبخات. بەم چەشنە نەبێت ئەوا هەرێمی كوردستان لە ناو موعادەلە ئابورییە ئاڵۆزەكانی ئێستادا ناتوانێت هەڵكات. گەرچی لە ڕابردودا حكومەتی هەرێم لەسەر بنەمای پلانی ئابوری كاری نەكردوە، ئێستاش خەریكی دانەوەی باجی ئەو هەنگاوانەیە كە بەبێ پلان و عەقڵی ئابوری وەگەڕی دەخستن. بەم چەشنە ڕەنگە بتوانێت ئەم بارودۆخە هەرێمییە بەسوود و كەڵكی خەڵك و حكومەتی هەرێم بشكێتەوە و بەكەمترین زیان لێ ی دەرباز بێت. بەمانایەكی دیكە دەكرێت حكومەتی هەرێم لێرەوە خاڵی بنیات نانەوە و خۆڕكخستنەوەی ئابوری دیاریبكات. *ئابوریناس