بەزاتی خوا ڕێک ئەڵێی دراما کۆرییەکانە..!!
2018-11-03 18:16:07
■ شاناز ئیبراهیم ئهحمهد
سوپاس بۆ كوردساتی ئازیز كه لەڕێی دراماكانییەوە ئاشنای كردین به مێژوی كۆریا ، لەچەند ساڵی ڕابوردودا درامایەكمان نەبینی كه باس له كۆمەڵێك كەین و بەین و خڕی مڕی و موئامەرە و خیانەت و دانوستان و سازان و قەیران و حەیرانی سەیروسەمەرە و سەرسوڕهێنەر نەکات چ له ناو كۆشكەكاندا و چ لەدەرەوەی كۆشكەكان ، بێ گومان ململانێ و یەكتر لەناوبردن له پێناو بەدەستهێنان یان دەستگرتن بەسەر دەسەڵاتدا شتێكی تایبەت به كۆریەكان و دراما كۆرییەكان نیه و به درێژایی مێژو هەر روویداوه بەڵام ئەوەی كه له دراماكاندا بەرچاومان ئەکەوێت دەرخەری ئەو ڕاستییەیە كه نەک هەر مێژوو سەدباره بووەتەوە بەڵکو هیچ شانشین و دەسەڵات بەدەستێک دەرسی لەو مێژووە وەرنەگرتووە ، بۆیە پیلانگێڕییەکان بەردەوامن لەناو کۆشکی پاشاکان لەنێوان خاوەنشکۆ و جێنشینەکان و شازاده دوورخراوەكان و شاژن و دایكی شاژن و دایكی پاشا و کەنیزەکەکان و سەرپەرشتیاری چێشتخانەی شاهانە و پاسەوانەکانی کۆشک و وەزیر و گزیر وهۆز و ویلایەتەکاندا..!!
کاتێک تەماشای کێشەکانی بایکجی و شیلا و گۆگۆریۆ و جۆسۆن ئەکەیت هەر ئەڵێیت هەرێمەکەی خۆمانە بەجیاوازی کات و شوێن و جل و بەرگەوە..!!
لەملاوە کابرا خەریکی ژەهرخواردکردنی پاشایە و لەولاوە کڕنوشی بۆ ئەبات .!! ئەوەی باسی چاکسازی ئەکات تا تەپڵی سەری نوقمی گەندەڵییە .!! کەتنکەر ئەکرێتە سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە .!! تێکدەر ئەرکی ڕێکخستنەوەی ڕیزی پێئەبەخشرێ .!! ئەوانەشی لەکۆتایدا باجی بڕیارە میزاجییەکانی ئاغاکان ئەدەن ژێردەستە و کۆیلەکانن ..!! ئەوەی بەتاوانی خیانەت دوورئەخرێتەوە بۆ دوورگەی جیجۆ لەناکاو بەقودرەتی قادر ئەگەڕێندرێتەوە و پۆستی خاوەنشکۆی پێ ئەبەخشرێ .!! بەحساب لەپێناو بەرژەوەندی گشتیدا..!!
ئەوەی ئەمڕۆ لەبەرەی نۆڕۆنە سبەی کە بەرژەوەندییەکانی کەوتە مەترسییەوە لەدژی بەرەی نۆڕۆن ئەوەستێتەوە و دوو سبەی کە زانی وەزعەکە ڕووی لەباشییە ئەبێتەوە کەواسووری بەرلەشکر و دەمڕاستی بەرەی نۆڕۆن .!! ئەم کودەتا دژی ئەو ئهکات و ئەو دژی ئەوەی تر ، هەمووانیش باس لەشکۆمەندی و پاراستنی یەکڕیزی و دادپەروەری و باشکردنی بژێوی خەڵک ئهکەن..!!
ئەم باس لەپاراستنی شکۆی نەتەوەیی و پاشایەتی ئەکات لەقەڵەمڕەوییەکەیدا و ژێربەژێریش لەگەڵ ( مینگ ) پلان بۆ داڕمانی دائەڕێژێت .!! ئەوەی بڕیارەکەی بەناوی خاوەنشکۆوە دەرکردووە لەخاوەنشکۆ ئەپاڕێتەوە بەبڕیارەکەیدا بچێتەوە..!!
ڕاستە هەرێمەکەی ئێمە لەگەڵ کۆریاکان گەلێک لێک جیاوازن لەڕووی جوگرافیا و کلتوور و داب و نەریتەوە بەڵام بەراوردێک بکەن بزانن چەند لەیەکتر ئەچن ! چەند خاڵی هاوبەشمان هەیە..!!
سبحان اڵلە لای ئەوانیش چاوچنۆکی زاڵ بووە بەسەر هەستەکانی تردا ، لەدیوەخانەکانی ئەوانیش باس باسی پشت شکاندنی یەکتر و چۆنیەتی خۆدەوڵەمەندکردن و قۆرخکردنی بازاڕ و داگیرکردنی زەوی و بازرگانی ( جینگ سینگ ، سۆیا ، قاچی ورچ ، دەنوکی کەڵەشێر و ناوکی ماسی ئاڵتونی) کراوە ، لای ئەوانیش ڕاوکردن بۆ ملپانەکان ڕەوا بووە ..!! بەس بنیام قسەیەکیش بۆ خوا بکات لای ئێمە جۆری بازرگانییەکە جیاوازە لای خۆمان بازرگانی بە جگەری مریشک و دووگی مەڕی بەستوو و دەرمانی ئێکسپایەر و حەب و مەبی کریستاڵی و نەوتی دزراوەوە ئەکرێت..!!
ئەوەی جێگەی داخە چیرۆکی ئەو درامایانە ئەگەڕێتەوە بۆ پێنج سەد تا ههزار ساڵ پێش ئێستا کەچی ئێمە وا لەکۆتایی ٢٠١٨ لهملاوه خاوەنشکۆ ژەهرخوارد ئەکەین و لەولاوە کڕنووشی بۆ ئەبەین ، تازە شانازی بەگەڕانەوەی بەرەی نۆڕۆن ئەکەین لەدوورگەی جیجۆوە و تازە خیانەت کردن لە بەرامبەر خاوەنشکۆ و شاژن بەسەرکەوتن دائەنێین و تازە کودەتای ناو کۆشک و گردەکان بە نوێبوونەوە لەقەڵەم ئەدەین و تازە پێڵاوی نوێنەرانی (مینگ) ماچ ئەکەین لێمان خۆش بن ، تازە بە تازە خەڵکی بێتاوان بە تەقەی خۆشی شکستەکانمان ئەکوژین ، تازە خەڵک چەپڵە بۆ هەردوو ئەو بەرەیە ئەکوتێ کە( باج کەم ئەکەنەوە و باج زیاد ئەکەن )……
تێبینی ؛ بۆ ئەوەی ئەم بابەتەش وەک بابەتی سەمای مەیموونەکان نەبێتە جێگەی پرسیار و وەڵام هەرکەسێک ئازادە چۆن ئەیبڕێ و ئەیدورێ و لەبەری ئەکات ..!!
وەک ئەڵێن ؛
هەموو کەس لەفیکەی خۆی باش تێئەگات.
٣-١١-٢٠١٨