100 فلسەکەی حاجی و 49 ملیۆنەکەی پەرلەمانتارەکان
2018-11-03 14:12:25
■ مەجید ساڵح
(1)
جاران لە کاتی هەرزەکاریدا کە تازە خەریکی فێربوونی ئەلفوبێ مارکسیزم بووین، چیرۆکی حاجییەکیان بۆ باس دەکردین کە بەرەو مزگەوت دەچێ و (100) فلسی لێ دەکەوێت و زۆر دەگەڕێ نایدۆزێتەوە، ئەو حاجییە لەو رۆژەوە بەدواوە هەرکە دەگاتە شوێنی ون بوونی پارەکەی، ماوەیەک چاو دەگێڕێ بەوناوەدا بەوهیوایەی 100 فلسەکەی بدۆزێتەوە.. جا کۆمێنتی ئێمەی تازە مارکسیش ئەوە بوو: (حاجی دوای ئەو هەموو ماوەیە هەربە تەمای 100 فلسەکەیتی، نازانێ دەسەڵاتداران رۆژانە بە ملیۆنها دیناری لێ دەدزن و ئەمیش بێ خەبەرە و نقەی لێ نایەت!!).
(2)
ئەو کەمپینەی خەستە هەمەلایەنەی ئەم چەند رۆژە لەسەر پارەی پەرلەمانتارەکان دەکرێ، ئەگەر لەسەر ناشەفافی داهاتی نەوت و دیار نەمانی داهاتی ناوخۆی کوردستان بکرایە ئێستا، نە پاشەکەوتی موچە هەبوو، نە دۆخی ئابوری بەم شێوەیە دەبوو... ئەگەر بەم نەفس درێژییە لە کاتی داخستنی دەرگای پەرلەماندا بکرایە، گومان لەوەدا نییە تاماوە هیچ لایەنێک بیری لە کاری لەو شێوە نەدەکردوە..
تێبینیم کردوە بەشی زۆری ئەوانەی قسە لە سەر ئەو 49 ملیۆنەی پەرلەمانتاران دەکەن، لایەنگرانی حزبەکانی دەسەڵاتن و هێندەی بۆ شکاندنی پەرلەمانتارانی لایەنەکانی ترە نیو هێندە بۆ ئەوە نییە ئەو پارەیە بەگەڕێتەوە بۆ سەر داهاتی گشتی..
(3)
گومانم لەوەدا نییە هیچ ویژدانێک ئاسودە نییە لەم دۆخە خراپەی ئابورییدا ئەو پەرلەمانتارانە ئەو پارەییان بدرێتێ، بە خودی ئەو پەرلەمنتارانەشی کە وەریدەگرن.. بۆیە کاری راست و رەوان ئەوەیە ئەو پەرلەمانتارانە بەو پارەییەی کە یاسا بۆیانی دابین کردوە هەستن بە دروستکردنی پرۆژەیەکی هاوبەش کە خزمەتی زۆرینەی خەڵک بکات.. ئەم کارەیان هەم متمانە بۆ پەرلەمان و پەرلەمانتار دەگەڕێننەوە، هەمیش دەبنە سەرمەشق بۆ کاری باش و خزمەتگوزار و هەتاهەتایە بەباشی باس دەکرێن..
حەقیشە چالاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بە هەمان نەفەسی ئەم کەمپینە، کار بکەن بۆ نەهێشتنی هەموو ئەو دەردە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوریی و کلتوریانەی کە کۆمەڵگاکەمانی تەنیووەتەوە..