كێ سەرۆكی پەرلەمانی داهاتووە ؟
2018-11-03 20:50:51
■ هێمن غازی
گرنگە هەموو هاوڵاتییەكی هەرێمی كوردستان وەڵامی ئەوەیان لەبەردەستبێت كە ئاخۆ لە گەڕی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان كێ دەبێتە سەرۆكی ئەو پەرلەمانەی كەبریارە لەم هەفتەیە یەكەم كۆبونەوەی خۆی بكات و ئەندامەكانی سوێندی دەست بەكاربوون بخۆن. بە ئیستیحقاقی هەڵبژاردن بێت ئەو پشكەكە بەر یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەكەوێ هەرلەبەرئەوەش لایەنەكانی دی كەمتر چاویان لەو پۆستەیە بەڵكو ئەوان وەك بینەر چاوەڕێن لەیەكەم دانیشتنی خولی پێنجەمدا ئەو پۆستەو دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان یەكلابێتەوە بە تایبەت پارتی كە براوەی یەكەمی ئەم هەڵبژاردنەیە دەیەوێت دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان لەیەكەم. دانیشتن دابنرێت و بەوەكالەت نەبێت و بتوانێت بەخێرایی هێزی براوە بۆ دروستكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان رابسپێردرێ ، چونكە فشارە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان لەدوای پەیوەندییە تەلەفونییەكەی نێچیرەڤان بارزانی و ئیمانیۆل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا بەو ئاراستەییە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەماراسۆنی و هاوشێوەی حكومەتەكەی عەبدولمەهدی لە بەغداد بێ قڕە دروستبكرێ و هەرێمی كوردستان نەكەوێتە تەنگەژەی سیاسیەوە ،
لە ئێستادا بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان باس لە دوو كەسایەتی ژن دەكرێت كە هەریەكەیان خاوەن تایبەتمەندی سیاسین و ئەزموونی كاری پەرلەمانیان لە پێشتر هەبووە ، ( بێگەرد تاڵەبانی و رێواس فایەق ) ئەو دوو بەر بژێرەی یەكێتین كە ئێستا لە قۆناغی ماراسۆنی سیاسی و دیپلۆماتین تا چامپیۆنزلیگی گەیشتن بەكورسی سەرۆكی پەرلەمان لەبەرژەوەندی خۆیان یەكلا بكەنەوە ، هەرچەندە ئاراستەی رایگشتی و قاعیدەی جەماوەری یەكێتی و تەنانەت لایەنە بەرهەڵستكارەكانی یەكێتی چاویان لەسەرئەوەیە كە بێگەرد تاڵەبانی وەك كارەكتەرێكی سیاسی ژن بێتە سەرۆكی پەرلەمانی داهاتووی كوردستان و كارە تەواو نەبووە كانی خولی پەكەوتوی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان تەواو بكات و لایەنەكان بەوە رازیبكات كە چیتر سەرۆكێك نابێت كە واقیعە سیاسییەكانی هەرێم نەخوێنێتەوە و تەنگەژەی سیاسی و قانوونی لەهەرێمی كوردستان دروستبكات ، پێدەچێت بێگەرد تاڵەبانی تایبەت مەندی راگرتنی باڵانسی سیاسی زۆرتر تێدابێت هەرلەبەرئەوەش چاوەكان زۆرتر لەسەر ئەون ،
هەردوو بەربژێرەكەی یەكێتی ، سەرباری ئەوەی ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتین ، سەر بەدوو ئاراستەی سیاسی جیان ، رێواس فایەق نزیكە لە كۆسرەت رەسول و لە تەنگەژە سیاسییەكانی بگرەوبەردەی نێوخۆی حزب سەرسەختانە داكۆكی لەو باڵە كردووە كە دەڵێن كۆسرەت رەسول سەرۆكایەتی دەكات ، هەرلەبەر ئەوەش ئێستا زۆرتر وەك كاندیدی جێگری یەكەمی سكرتێریی گشتی لە میدیاكان باسی لێوەدەكرێت ، بەڵام بەپێچەوانەوە بێگەرد تاڵەبانی زۆرتر كەسێكی دیسپلینی حزبییەو پابەندی زیاتر بە بڕیارەكانی حزبەوەهەیە ، هەر ئەوەش وایكرد لە ماوەی رابردوو وەك تاقانە ژنێك ببێتە ئەندامی دانوستاندنی حزبەكەی لەگەڵ نەیارەكانی ، تەنانەت باس لەوەش دەكرێت لە سەروبەندی رێككەوتنی یەكێتی و گۆڕان لە رابردوو ، نەشیروان مستەفا بۆ سەرۆكایەتی فراكسیۆنە یەكگرتووەكەی هەردوو حزب بێگەرد تاڵەبانی بە شایستەی وەرگتنی ئەو پۆستە زانی بوو ، لە دوای پەك كەوتنی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان و بەگەڕ خستنەوەی ئەو خولە لە دەستەی نوێدا بێگەرد تاڵەبانی دەچێتە لای راستی سەرۆكی پەرلەمان و زۆركاتیش باسیان لەوەدەكرد كە كۆتای ئەم خولە زۆرتر هاوسەرۆكی بووە و بێگەرد تاڵەبانیش لە هەندێ دۆخدا بەهۆی چالاكی و بزێوی سیاسییەوە زۆرتر وەك سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دەركەوتووە ، هەرلەبەر ئەوەش ئەزموونی كاری پەرلەمانی و ژیری سیاسی و پابەندی دیسپلینی حزبی زۆرتر شانس بە بێگەرد تاڵەبانی دەدات كە بازی دەسەڵات لەسەر شانی بنیشێتەوە و ببێتە یەكەم ژن كە شەرەفی بەڕێوەبردنی پەرلەمانی كوردستانی پێبڕابێت .