لێكهوته كانی شانزه ی ئۆكتۆبهر
2018-11-04 10:10:27
■ سەلام عەبدوڵڵا
تەعریب، جارێكی تر، لە كەركووكو دەوروبەری، بەترسناكترین شێوە بەردەوامە، چونكە ئەمجارە هەم حكوومەتو هەم عەرەبی هاوردەو ناهاوردەش خۆیان بەسەركەوتوو دەزاننو وەك پاداشتی سەركەوتن سەیری دۆخی بەردەوام بوونی تەعریب دەكەن.
سەدامو رژێمەكانی پێشوو هەوڵی خۆیاندا بۆ تەعریبی كەركووكو دەوروبەری، چونكە دەویسترا بەگۆڕینی دیموگرافیا كەركووك بعەرەبێنرێتو كورد وەك كەمایەتی نیشان بدرێ، دیارە هیچ حسابێكیش بۆ توركمان نەدەكرا، چونكە حكوومەتی ئەوسای عێراق بەهیچ شێوەیەك دانی بە توركمانەكاندا نەدەدەناو بە عەرەبیان لەقەڵەم دەدان.
پاش رووخانی رژێمو بەشداری كورد لە حكوومەت لە بەغدا، كورد چاوەڕوانی زۆری لە حكوومەتی نوێ هەبوو كە بتوانێت بەزوویی ئەو هەموو زوڵم و زۆرەی لە كورد كرابوو بەیاسا كۆتایی پێبهێنێتو ماف بگەڕێنێتەوە بۆ بەرەی مافخوراوانو لەوپێناوەشدا بەپێی دەستووری نوێی عێراقی كۆمەڵێك خاڵو بڕگە بۆ چارەسەری ئەوكێشەیە دەستنیشان كرا، بەڵام هەر زوو دەركەوت كە ئەمانیش لەسەر هەمان رێچكە دەڕۆنو بەردەوامی بەتەعریبو گۆڕینی دیموگرافیا دەدەن، لەگەڵ ئەوەشدا هەر نەیانتوانی، هەرچەند ڕێگرییەكی سەختیان لەجێبەجێكردنی بڕگەكانی دەستوور داناو لەمپەریان خستەبەردەم، بەڵام نەیاندەتوانی بەردەوامی بەتەعریب بدەن.
لەشانزەی ئۆكتۆبەرەوە حكوومەتی عێراقی وەك سەركەوتووی جەنگ مامەڵە لەگەڵ دۆخی كەركووكدا دەكات، هەر بەدانانی بریكاری پارێزگارو پێدانی هەموو دەسەڵاتەكانی پارێزگار كە ئێستا بەئارەزووی خۆی دژی كورد بەكاری دەهێنێت تا گێڕانەوەی هەموو عەرەبە هاوردەكان كە قەرەبووش كراونەتەوەو تا دەگاتە دەركردنی كورد لە گوندەكان وزێدی خۆیان تا ئەوەی كە بەفەرمانی بریكاری پارێزگار ئێستا هیچ یارمەتیەك بە كوردانی ئەو ناوچە كوردیانە نادرێ، سەرباری ئەوەش حكوومەت سەبارەت بەپێدانی پێداویستی كشتوكاڵ بەهەموو شێوەیەك پشتگوێیان دەخات، ئەویش هەر لەبەر ئەوەی نەتوانن زەویەكانیان بەكاربهێنن و لەمەودوا چۆڵی بكەن.
ئێستا بەسەدان هەزار دۆنم زەوی كشتوكاڵی كورد لەژێر مەترسی لە ناوچووندایە كە دەبێتە مایەی ئاوارەبوونی تێكڕا خەڵكەكەی.
رژێمی سەدام ملیۆنێك دۆنم زەوی كوردی لە كەركووك زەوتكرد و بەخشیی بە عەرەبی هاوردە، ئێستا پارێزگاری بەوەكالەت لەكەركووك پەیوەندی بەسەرەكهۆزە عەرەبیە هاوردەكراوەكانەوە دەكات كە بگەڕێنەوە سەر-بەحساب- زەوییەكانیانو بەوپێیەش كورد جارێكی تر لەزێدی خۆی ئاوارەبكرێ، ئەمەش یەكێكە لە "خێر و بێری" شانزەی ئۆكتۆبەر كە داڕێژەرانو پشتیوانان و بێدەنگەكانی نێو خۆیان هەموو ئەو ماڵوێرانییە دەگۆڕنەوە بەتەنها پارێزگارێك كەسەر بەخۆیان بێت و هیچی تر.