Draw Media

گڕی گومان ..!

گڕی گومان ..!

2018-11-01 15:56:03


■ بەشدار عوسمان

کاتێک ژێر زەمینی ئەنجومەنی وەزیران لەهەولێر دەسوتێت و هەرچی دۆسیەی چەند ساڵی رابردووی سەرۆکایەتی حکومەت و فرۆشتنی نەوتە گڕ دەگرێت،کاتێک ژووری مەلەفەکانی پەرلەمان لەقاتی سێیەم لە رۆژێکی پشوودا گڕ دەگرێت و هەرچی مەلەفی سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانە دەبێت بە خۆڵەمێش،کاتێک بازاڕی لەنگە لەنێو جەرگەی شاری هەولێر چەندین کەڕەت گڕ دەگرێت و دواتر بەمەرجی گواستنەوەی شوێنەکەیان گڕەکە دەوەستێت و شوێنەکەشیان بە هاوبەشی دەدرێت بەیەکێک لە سەرمایەدار و دەسەڵاتدارانی شار،کاتێک رۆژنامەنوسێک لەنێوجەرگەی شار و بە بەرچاوی سەدان خەڵک و پۆلیس بەئاشکرا دەڕفێندرێت پێشتر لەلایەن دەسەڵاتدارانی شارەوە لەسەر هەڵوێست و نوسینەکانی هەڕەشەی لێکرابوو،دواتریش کەیسەکەی ئاوەژوو دەکرێتەوە،کاتێک کچێکی جوان و ژیکەڵە و پارێزەرێک بەیانیەکەی پێش چوونە دەرەوەی لەماڵ خۆی دەڕازێنێتەوە،بەڵام لاشەکەی بە گڕگرتووی دەدۆزرێتەوە و گوایە خۆی کوشتوە،کاتێک دارسنۆبەرەکانی چەند شوێنێکی ئەو شارە ووشکیان کرد و دواتر دەرکەوت شەوان نەوتیان رژاندوە بۆ ئەوەی ووشک بکرێت و دواتریش کرا بە ڤێلای بزنسی یەکێک لە دەسەڵاتدارەکان،کاتێک هۆڵێکی هونەری ئەم شارە دەڕوخێندرێت بەمەبەستی چاککردنەوە،بەڵام دواتر لەلایەن حزبەوە دەستیبەسەرادەگیرێت….،دەیان و سەدان کەیسیتر پێمان دەڵێت ئیتر گومانێک نەماوەتەوە دەستێکی بەهێز لەپشتەوەی برسیکردن و دەستبەسەراگرتن و بێدەنگککردنی خەڵکە،هێزێکی رێکخراو تاوانەکان ئەنجامدەدات و هەموو دەزگاکانی ئەمن و ئاسایش و دەسەلاتی قەزائیش لەهەوڵی بردنە پێشەوەی پلانە ئاگرینەکانن،ئیتر ڕەشەبای عەقڵ و مەنتق و پلان و سیناریۆ قێزەوەنەکانی تریان شەقێک لە گڕی گومان هەڵدەدات و هەمووان بەئاسانی ڕووی تاوانباران دەناسینەوە و ئامانجی پشتەوەی هەوڵەکانیان بۆ هەمووان رۆشنە .
لە سوتاندنی جارێکیتری بازاڕی لەنگەی هەولێر،هەمووان بە ئاسانی لە پەیامی پشتەوەی گڕی ئاگرەکە گەیشتن و لەماوەی دوو رۆژی سەرەتادا کاسبکار و دوکاندارەکان بەدەنگێکی بەرز لەسەر دار و بەردی سوتاوی دوکانەکانیان گوتیان چۆڵی ناکەین و دەیانەوێت لێمان داگیربکەن ! دەسەڵاتدارانیان ناچار کرد واز لە پلانەکانیان بهێنن،بەڵام بەداخەوە لەم نێوەندەدا سەدان خێزان و هەزاران کاسبکار بەگیرفانی خاڵی هاتنە دەرەوە و بوونە قوربانی چاوچنۆکی دەسەڵاتی نەوتی و سەرمایەداری کوردستان .
دەسەڵاتدارانێک سات و سەودا بە چارەنوسی خەڵکەکەی بکەن و هەرماوەیەک دەست لەگەڵ هێز و وڵاتێک تێکەڵ بکەن و ژیان و چارەنوسی هەمووان بخەنە بەر رەحمەتی دەبابە و ناقیلەی میلیشیاکان بۆ دەستکەوتنی نەوتی زیاتر،کەسانێک شەق لە ناو گەڵی مامۆستا و فەرمانبەر هەڵبدەن تەنها لەبەر ئەوەی داوای کرێی رۆژانەی کارەکەی کردووە،هێزێک گوڵڵە بنێن بەنێو دەمو سینگی رۆژنامەنوسان و گەنجانی تەنها لەبەر ئەوەی ناڕازییە و دەنگ هەڵدەبڕێ و دەنوسێ دژی ستەم و بێدادی و نایەکسانی،باکی بەوە نەبێت دارکاری کەمئەندامان بکات و گەورەترین بێ رێزی بە پیر و پەککەوتە و خانەنشینان بکات و ناچار بە پاروویەک نانیان بکات،فیرعەونەکانی کوردایەتی دادگا و دەسەڵاتی قەزائی بکاتە گاڵتەجاڕ و مافیا و دز و پیاو کوژ و ژنکوژەکان لە شەقامەکان بەئاشکرا بسوڕێنەوە،ئاساییە تەماعیشیان لە زەوی دەستفرۆش و کاسبکارانێک بێت و هیچ هەستێکی ئینسانی ئازاریان نەدا لە سوتاندنی شیری هەزارەها مناڵ و نانی پیر و پەککەوتەکان. 
پلانی تێکدان و چۆڵکردنی بازاڕە میللیەکان،درێژکراوەی پلانێکە کە دەسەڵاتی نەوتی و سەرمایەداری کوردستان چەند ساڵێکە دەستی داوەتێ لە بەتایبەتیکردنی کەرتە خزمەتگوزارییەکانی وەک پەروەردە و تەندورستی و ئاو و کارەبا و زیادکردنی باج و رسومات دەستی پێکرد،تاگەیشت بە دەستبەسەراگرینی هەرچی بازاڕ و شوێنی ستراتیژ و تاپۆکردنیان بەسەر کەسە نزیکەکانی خۆیان و دەرهێنانیان لەدەستی کاسبکارانێک بەدرێژایی ژیانیدا رەنجیداوە بۆ بەدەستهێنانی.
ئەو هەزاران کاسبکار و دوکاندارەی بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر،کە شەرەفمەندانە و ئازایانە بەبێ ئەوەی چاویان لەدەستی رێکخرا و ناوچە و کۆمیتەکان بێت بۆ دامەزراندن و کارکردن وتەسکیەی حزبی،ساڵانێکی زۆرە نانی خۆیان و خێزانەکانیان پەیدا دەکەن،هەر بەو ڕۆحیەتە بەرزەشیانەوە لەدژی پلانی پشتەوەی گڕی ئاگرەکە وەستانەوە و شکستیان بە پلانەکەیان هێنا لەگواستنەوەی شوێنی کارەکانیان و دەستبەسەراگرتنی وەکو بەشێکی زۆری شوێنەکانیتر،ئەرکی هێزی ئازادیخوازی کۆمەڵگایە پاڵپشت و هاوکاریان بێت و فەشەل بە پرۆژەیەک بهێندرێت کە ئامانج تەنها زیاتر برسیکردنی خەڵک و بەرزکردنەوەی کۆنتۆ و خەزێنەی چەند کەس و خێزانێکی دەستڕۆیشتوی کوردستانە . 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand