عەبدوڵا مەلا نوری ئەسڵ ئەوەیە دەستڕۆیشتوانی گۆڕان کە رەخنەیان لێدەگیرێت خۆیان بێنە ناو کۆڕوکۆبونە جەماوەری و سەر شاشەکان و، بە دۆکۆمێنت و گفتوگۆی عەقڵانی داکۆکی لە هەڵوێست و کارەکانیان بکەن و وڵامی رەخنەکان بدەنەوە. وەلێ ئەمانە بە مەبەست دۆخێکیان دروست کردوە، ئەوەی رەخنەیان لێ بگرێ روبەروی شەپۆلێک لە هێرش و تۆمەت و ناوزڕاندن دەبێتەوە. ئەوەی تا دوێنێ وەک هەڵسوڕاوێکی پاک و پاڵەوان و دڵسۆز پێیداهەڵدەدرا لە شەو و رۆژێکدا وەک ناپاک و ئەهریمەن پیشان دەدرێ. ئەم چەکە ژەهراویەی کە بۆ تەسفیەکردنی دەنگی ناڕازی و کپکردنی رخنە لە ناو گۆڕان لە چالاکیدایە، جگە لەوەی شوێن پێ هەڵگرتنی چەپەڵترین و ئاست نزمترین کلتوری دەسەڵاتە، کە بەرامبەر بە دەنگی ئازاو جیاواز بە کاریان دەهێنا، هاوکات بۆ دروستکردنی سەرلێشێوان و گومانە لە سەر هەر بۆچون و پرس و بابەتێک، کە بیەوێت رێگا و روی راستی پێشهات و روداوەکان بۆ رای گشتی رون بکاتەوە. ئامانجی دورتریشیان تۆراندن و بێهیواکردنی خەڵکە لە هەموو دەنگ و رەنگێک. لە پاڵ ئەو هەوڵانەی بۆ بێ بایەخکردن و ناشرینکردنی خەڵکانی رەخنەگرو ناڕازی دەدرێت، دەنگێک هەیە بە نیازپاکی بێت یان بە پێچەوانەوە، دەپرسێت: بۆ فڵان کەس تا لە ناو گۆڕاندا بو، رازی بو رخنەی نەبو؟ بۆ تا بەرپرس بو، یا نزیکی بەرپرسەکان بو بێ دەنگی لە کێشەو کەموکورتیەکان کرد؟ ئەمە تا ئەو کاتەی پرسیاری چاودێران و هاوڵاتیان و دەنگدەران بێت بێ چەندوچون پەسەندە. بەڵام کاتێک پرسیاری هەڵسوڕاوێکی گۆڕان بێت ئیدی دەبێ رونکردنەوەی لە بارەوە بدرێ. لێرەدا قسەی من بۆ هەڵسوڕاوانە. لە حیزبدا بەرنامەی سیاسی و دەستور (پەیڕەوی ناوخۆ) هەیە، پابەندی و سنورو چوارچێوە هەیە، ئەوەی پیی دەوترێت دسپلین. بۆ گەیاندنی هەر بەڵگەو پێشنیازو پرۆژەو رەخنەیەک دەبێت لە رێگەی ئۆرگانەوە بێت. ئەرکی ئۆرگانی بەرپرسە بەدوداچونی هەبێ، وڵام بداتەوە. ئەگەر لادان و سەرپێچی و کەمترخەمی هەبو، دەبێ راستکردنەوەو سزادان هەبێ. دسپلین ئەرکێکی پلەبەندی و بۆهەموانە، چۆن کادرێکی خوارەوە دەبێت پابەندی هەبێ، تا پۆست و بەرپرسیارێتی باڵاتربێت پابەندی زیاتر دەبێ. لە حیزبی کوردیدا پابەندی بۆ کادرانی خوارەوەیە، بەرپرسانی باڵا و دارودەستەو ناو بازنەی تەکتولەکانیان لە سەروی لێپرسینەوەن و حسانەیان هەیە. لە گۆڕاندا لە رابردودا تا دەگات بە ئێستا بە رێژەو ئاستی جیاجیا پێشێلکردنی دەستورو بەرنامەی سیاسی، پشتگوێ خستنی رۆڵی دامەزراوە، هەڵگەڕانەوە، لادان، کەمتەرخەمی، تەکتول، درۆکردن لە گەڵ خەڵک، بەرپرسی گەندەڵ، نا شەفافی دارایی، خۆدەوڵەمەندکردن، کۆبونەوەی ژورە تاریکەکان هەبووەو هەیە. بۆ هەریەک لەمانەش بەڵگەو نمونەی تەواو هەن. لە ئاست ئەمانەدا لە هەنگاوی یەکەمدا ئەرکی هەڵسوڕاو ئەوەیە بە دسپلین سەرەتا لە ئۆرگانەکانەوە رخنەو گللەیەکانی بە سەروی خۆی بگەینێت و هەوڵ بدات بە بێ دەنگی لە ناوخۆی حیزبدا کێشەکان چارەسەر بکرێن. لەم سۆنگەیەوە دەیان پرۆژە، پێشنیاز، بەڵگە، رەخنە لە سەر هەریەک لە لادان و کێشەکانی ناو گۆڕان لە هەندەرانەوە، لە ناوخۆی کوردستانەوە بە ئارامی، بە رێوشوێنی حزبی، بە تەلەفۆن، بە نوسین، بە قسە، لە کۆبونەوەی کراوەو داخراوەکاندا، لە شوێنە رەسمی و نارەسمیەکاندا خراوەتە بەردەم دەسەڵاتدارانی گۆڕان، بەڵام بۆ جارێکیش نەیانتوانی و نەیانویست دەست بۆ چارەسەری تاکە کێشەیەکی جدی ببەن (دەیان کۆنوس و نوسراوی واژۆکراو و تۆماری تر هەن راستی ئەم قسانەم دەسەلمێنن)، چون لە گۆڕانیشدا دەستڕۆیشتوان و دڵخوازەکانی ئەوانن، کە سەرکێشی و هەرزنفرۆشیان بە پرۆژەی گۆڕانەوە کردوەو دەیکەن و خەریکی شتی تایبەتن. لێرەدا پرسیار ئەوەیە؛ دوای سەدان هەوڵی دڵسۆزانەی بێ ئەنجام، دەبێ چی بکرێت؟ ئایا کۆڵ بدەیت و، خۆت رادەستی ئەمری واقیع بکەیت؟ یان بە بێ دەنگی بڕۆیتە ماڵەوە لێی دانیشی؟ حیزب دامەزراوەیەکی گشتیە، هی تاقمێک نیە تا لێگەڕیی بە کەیفی خۆیان ئاڕاستەی بکەن. کاتێک سەدان هەزار کەس بەشداربون لە دروستکردنی گۆڕاندا، مافی خۆیانە لە وردو درشتی ژیانی ئەم حیزبە بپرسنەوە. بە تایبەت لە دۆخێکدا بە ئاقاری لادان و هەڵگەڕنەوەدا ببرێت، ئا لەم ساتەدا ئەرکی ئەخلاقی ئەوەیە دەنگ هەڵبڕی، رەخنە بگری، راستیەکان بە خەڵک بڵێی. سەرنج لەم هاوکێشەیە بدەن؛ پاش گوێ نەگرتن و چارەسەرنەکردنی کێشەیەکی هەستیار لە رێگەی ئۆرگانەکانەوە، کە ئەم راستیە لە کات و ساتی خۆیدا دەخەیتە بەردەم دەنگدەران و هەڵسوڕاوان و لە مەترسیەکان ئاگاداریان دەکەیتەوە هەندێک دەڵێن: نەدەبو لە میدیاکاندا ئەم قسانە بکەی! خۆ کاتێک درەنگ وەخت ئەم راستیە دەدرکێنی هەندێکی تر دەڵێن: بۆ لە کاتی خۆیدا باست نەکرد؟! لە سەر ئەو قسەوباسانەی سەرەوە دەمەوێ ئاماژە بە نمونەیەکی زیندو بکەم: ئەوەی لەم سەروەختەدا بە ناوی رێکەوتنی پارتی-گۆڕانەوە لە سەر پرسی سەرۆکایەتی هەرێم کراوە دەستبەرداربونی سیستمی پەرلەمانی هاوشێوەی بەغدایە کە کرۆکی بەرنامەی سیاسی گۆڕان پێک دەێنێت. ئەوەی دەکرێت سیستمی پەرلەمانی نیە، ئەسڵەن هیچ جۆرە سیستمێک نیە، بەڵکو دەقیق جێبەجێکردنی ئەجێندای پارتی و ئاوا کردنی سیستمی دڵخوازو داهێنراوی بنەماڵەیە. ئەوەی دەکرێت دەرئەنجامی سەرکەوتنی لۆبی پارتیە بە سەر لۆبی گۆڕاندا لە گردەکەی قڵای گۆڕانکاری، وەک چۆن ساڵانێکە لە ناو سەرکردایەتی یەکێتیدا ئەم دیاردە سەیرە دەیبینین. ئەوەی دەسڕۆیشتوانی گۆڕان دەیکەن هەمان رۆڵگێڕانی یەکێتیە لە ناو ئەجێنداو سیاسەت و سیناریۆی پارتیدا، بەڵام بە نرخێکی زۆر هەرزانتر. ئەوەی لە رۆژانی داهاتودا بە ناوی کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی هەرێمەوە لە پەرلەمان دەکرێت ٣٠ حوزیرانێکی ترە. ئەو پۆستانەی دەدرێن بە گۆڕان هیچ نیە جگە لە بەرتیلێکی بێ بەها لای پارتی لە بەرامبەر دەستبەرداربونی گۆڕان لە لوبی خەباتی گٶڕان و نەوشیروان مستەفا کە خۆی لە گۆڕینی سیستمدا دەبینیەوە. لە ماوەی رابردودا بە بێ دەنگی و لە ناو ئۆرگانەکانەوە هەوڵی زۆر درا تا رێگە بەم هەرزانفرۆشیەی گۆڕان نەدەرێ، دوا جار لە ٢٦ی ٣ی ٢٠١٩ بە ناوی دەیان هەڵسوڕاوی دیار و باڵاوە بە فەرمی بڕایاربەدەستانی گۆڕان لەوە ئاگادار کرانەوە کە ئەوەی دەیکەن هەڵگەڕانەوەیە لە گۆڕان، داوایان لێ کرا هەنگاوەکانیان راگرن، بەڵام سودی نەبو. ئەمە تازەترین نمونە بو بۆ ئەوانەی کە دەڵێن:"لە ناو ئۆرگانەکانەوە قسەکانتان بکەن"، هەروەها بۆ ئەوانەش کە دەڵێن: "بۆ لە کاتی خۆیدا قسەتان نەکرد؟". وائێستا قسەمان کرد، با بزانین چی دەبێ، باقی قسەکان بۆ رۆژگارێکی تر...
رێبین هەردی منیش وهك ئێوه ئهم ماوهیه سهیری و گوێم له شتهكان دهگرت...چاوهرێش بووم شتهكان ڕوون ببنهوه و بزانین چی روویداوه...شتهكه ئهوهنده قورس و ئالۆز نیه پێوستی بهم ههموو ههرایه ههبێت ..كهسانێك دهڵێن ههڕهشهمان لێكراوه و بهو ههڕهشانه داوای پاشگهزبونهوهیان لێكردوین له كۆمهڵێك شت..هیچ ئهم ههرایهی ناوێت ئهوه ژمارهی تهلهفونهكان و كێن لێپرسینهوهیان لهگهل بكرێت..بنهمای ههموو تۆمهتێكیش له ههموو دنیایه ئهوهیه تۆمهتبار بێ تاوانه تا ئهو كاتهی تاوانهكهی دهسهلمێت..نهك تۆمهتبار تاوانباره تهنانهت گهر نهش سهلما. بهلام ئهمهی ههنوكه روودهدات هیچ پهیوهندی به لێكۆڵینهوهی یاسایی لهم كهیسه نیه..ئهمهی روودهدات نزیك دهبێتهوه له ئیرهاب و تۆقاندنێك كه هیچ پاساوێكی نیه رقێكی سیاسی قوڵ نهبێت له كۆمهڵێك شتی سیاسی كه هیچ پهیوهندی بهم كهیسهوه نیه...ئهم ههلكوتانه سهر ئهندامانی نهوهی نوێ بهو شێوه رهق و تونده، دهستدرێژیهكی گهورهیه كه ههموو شتێكی ژێر پێ خستووه. عهقل و مهتق دهڵێن كێ داواكراوه به فهرمی داوابكرێت و گهر خۆی نهچوو دهزگاكانی پۆلیس دهستگیریدهكهن..تازه خهلكانێك بهردهوام و رۆژانه دهستگیر دهكرێن كه هیچ دیار نیه پهیوهندیان بهم كهیسهوه چیه. ئهم ئیرهابه بێ پاساوه راوهستێنن و فهرمون لێكۆڵینهوهی فهرمی خۆتان بكهن..ئێمهش وهك ههموان حهز دهكهین راستیهكان دهركهون..بهلام نهك به ئیرهاب و تۆقاندن و بهلاڕێدا بردنی بۆ توڵهی سیاسی له هێزێك كه گوتارهكانی به دڵی تۆ نیه. ههلكوتانه سهر بارهگای حیزبی بهو شێوهیوه دلرهقانهیه و سوكایهتی كردن بهههركهسێك دێته بهردهستیان و تهنانهت ئازاردانیان(وهك دهبیتسین)، كارێكی ئهوهنده قێزهون و ناشرینه كه تهنیا رووی ئهو هێزانه رهش دهكات كه ئهنجامی دهدهن. لهوه دهچێ برادهران تا ئێستاش بۆیان ههرس نهبووێت كه ئێستا حوكمرانی دهكهن و له شاخ و دۆخی شۆڕشدا نین ، ههنوكه دادگا و پۆلیس و دنیایهك بهشی لێكۆڵینهوهتان ههیه كه هیچ پێویستان بهم ئیرهاب و توقاندنه نیه..رێگه یاسای و ئاساییهكه بگرن و كهسیش لهمڕوهوه گلهییتان لێ ناكات، نهك بهمشێوهیه ههررۆژه و ههلكوتنه سهر ئهم و ئهو وبهشێوهیهكی زۆر دڵرهقانه وهك ئهوهی خهلییهكهی داعشتان گرتبێت، ئهم و ئهو بگرن. من وای دهبینم ئهمهی ههنوكه ڕوودهدات پێشێلكاریهكی یهكجار گهورهیه كه گهر ئهمرۆ یهخهی ئهو برادهرانهی گرتووه، سبهی یهخهی خهلكی تریش دهگرێت. بێ مانایه له ولاتێكدا كه كۆی دهزگا فهرمیهكانی لێكۆڵینهوه لهبهردهست خۆتدان، دادگا و پۆلیست ههیه، بهمشێوازه رهفتار لهگهڵ شكاتێكدا بكهیت كه هێشتا بۆ كهس دیار نیه چهندی راسته و چهندی ناراست، كێ كردوێتی و تاوانهكه خۆی چیه...مرۆڤ بهراستی ئهو پرسیارهشی به گهورهی لا دروست دهبێت..ئهرێ ههڕهشه به مۆبایل و سایتهكان یهكهمهجاره رووبدات و كه رووشیداوه ههروا رهفتای لهگهڵ كراوه. ئهم دۆخه بۆستێنن...لێگهڕێن شتهكان به ڕێڕهوی ئاسایی و یاسایی خۆیدا بڕوات،،ئهوهتان لهبیر بێت ئێوه ههنوكه حوكمرانن و له شاخ ناژین كه هیچ دهزگا ه دهرفهتێكتان نهبێت بۆ لێكۆڵینهوهی وورد..یهكهم شتی ڕاستیش ئهوهیه ئهم ههلكوتانه سهر و دڵڕهقیه رابگرن.
عەبدولڕەحمان رەزگەیی كردنەوەی دەروازەیەكی سنوری نوێ لە نێوان عێڕاق و توركیا بە ناوی (دەروازەی سنوری ئۆڤاكۆی) لە ئێستادا بۆتە پرسێكی جدی لە نێوان ھەردوو وڵاتدا و سەرچاوە فەرمیەكانی ھەردوو وڵاتیش چەند جارێك باسیان لە گرنگی ئەم پرسە كردۆتەوە، بە پێی ھەواڵێكی (ئاژانسی ئەنادۆڵ) ی توركیا و ھەروەھا وەزیری دەرەوەی توركیا (مەولود چاوش ئۆغڵۆ) كە لە تویتێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر باسی كردووە، كە ئامانجی سەرەكی لە دواین سەردانی بۆ عێڕاق و ھەرێم بۆ ئەم مەبەستە بووە و بۆ ئەم پرسەش لەگەل بەرپرسانی عێڕاق و ھەرێم كۆبۆتەوە، باسی لە جێبەجێكردنی كردارێ پڕۆژەكە كردووە لەماوەیەكی نزیكدا، نەخشە ڕێگای جێبەجێكردنیش لەلایەن توركیاوە ئامادەكراوە. ناوچەی ئۆڤاكۆی لە ڕووی جیۆگرافیەوە بایەخێكی گرنگی ھەیە بۆ ھەردوو وڵاتی توركیا و عێڕاق كە دەكەوێتە سەر سنوری عێڕاق، ھەرێم و توركیا، لەگەل عێڕاق ھاوسنورە لەگەل شارۆچكەی تەل-ئەعفەر لەگەڵ توركیا ھاوسنورە لەگەڵ شاری سلۆپی و لەگەڵ ھەرێم ھاوسنورە لەگەل شارۆچكەی زاخۆ بەدووری ١٢ كیلۆمەتر لە باشووری خۆرئاوای دەروازی سنوری پێشخابوور ، ھەرچەندە ئەم ناوچەیە لە دیوی عێڕاق لە ژێر كۆنتڕۆڵی ھێزی پێشمەرگەدایە، بە دوری ٣٠ كیلۆمەتر لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی مەركەزیەوە دوورە و بە بێ ڕەزامەندی حكومەتی ھەرێم كارێكی ئاسان نابێت، لە ١٦ ی ئۆكتۆبەر سوپای عێڕاق ھەوڵیدا لە ڕێگەی شەڕەوە دەست بەسەر ئەم ناوچەیەدا بگرێت، بەڵام سەركەوتوو نەبوو، بەڵام لە ئێستادا توركیا و عێڕاق سورن لەسەر ئەوەی كە دەبێت پێشمەرگە ئەو ناوچەیە ڕادەستی ھێزەكانی پۆلیسی فیدڕاڵی بكات و بە پێی ھەندێك سەرچاوەش وەزیری دەرەوەی توركیا ئەم پرسەی لەگەڵ سەرۆكی حكومەتی ھەرێم باسكردووە و داوای كردووە ڕێگری نەكەن لە كردنەوەێ ئەم دەروازەیە. ئامانجەكانی توركیا لە كردنەوەێ ئەم دەروازەیە و كۆمەڵێك مەترسی گەورەی دوور مەودا لەسەر ھەرێم و ڕۆژئاوای كوردستان دروستدەكات:- - توركیا ھیچ سنورێكی جیۆگرافی لەگەڵ عێڕاقدا نیە ئەگەر لە ڕێگەی ھەرێمەوە نەبێت، ئەمەش لە ڕابردوودا بۆتە ھۆی ئەوەی توركیا نەتوانێت بازرگانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ عێڕاقدا بكات، كردنەوەێ ئەم دەروازەیەش گرێیەكی گەورەی مێژوویی بۆ توركیا دەكاتەوە و لەم ڕێگەیەوە دەتوانێت بازرگانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ عێڕاقدا بگات، ئەمەش دەبێتە ھۆی پەراوێزخستنی ھەرێم و وەك بەدیلێك بەكاریدێنێت بۆدەروازەی سنوری ئیبڕاھیم خلیل جوڵەی بازرگانی لەم دەروازەیە سنوردار دەكات، و لە ھەمان كاتدا نیگەرانیەكانی عێڕاق دەڕەوێنێتەوە لە ھەمبەر كرینی نەوت لە ھەرێمی كوردستان. - توركیا لەوە تێگەشتووە بە بازرگانی كردن لەگەڵ عێڕاق داھاتێكی زیاتری دەست دەكەوێت وەك لەگەڵ ھەرێم، چونكە سەرەڕای ئاڵوگۆڕكردنی كەلو پەلی بازرگابی، ئێستا ھەرێم ڕۆژانە ٣٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردەی توركیا دەكات، بەڵام عێڕاق دەیەوێت تێكڕای بەرھەم ھێنانی نەوت لە كەركوك بۆ ١ ملیۆن بەرمیل بەرزبكاتەوە لە چەند ساڵی داھاتوودا و تەواوی ئەو نەوتەش لەڕێگەی توركیاوە ھەناردە بكات، ئەگەر ھەیە ئەوكات توركیا ڕازی نەبێت چیتر نەوت لە ھەرێم بكڕێت بەمەش ھەرێم بە تەواوی پەراوێزبخەن ھەرێم ناچاربێت تەواوی نەوتەكەی ڕادەستی بەغدا بكات، ئەمەش ھەنگاوێك دەبێت بۆ دوبارە بە پارێزگا بوونەوەی ھەرێم. - توركیا ھەمیشە ڕیسكی ئەوەی ھەیە لە جیھانی ئیسلامی و عەڕەبی داببڕێت، بەتایبەت دوای كۆنتڕۆڵكردنی بەشێكی زۆری باكوری سوریا لەلایەن ھێزەكانی سوریای دیمۆكرات، بۆیە توركیا ھەوڵدەدات زیاتر بەڕووی جیھانی ئیسلامی و عەڕەبیدا بكرێتەوە و لە چوارچێوەی ئەو خەونە صوڵگانیزمیە نوێیەی كە ئەردۆغان ھەیەتی، بەتایبەت ئەو ناوچانەی موصڵ و كەركوك كە زۆرینەی دانیشتوانەكانی ھەم سوننەن و ھەمیش لە ڕووی ئیتنیكیەوە ژمارەیەكی زۆر توركمان لەو ناوچانەدا دەژین، سەرەڕای ھەموو ئەانەش توركیا ھیچ كات سازشی لەسەر ئەم ناوچانە نەكردووە و وەك بەھایەكی مێژوویی لە دەستچوو سەیریان دەكات بۆیە ھەوڵدەدات پەویوەندیەكی كرداری لەگەڵ ئەو ناوچانەدا دروستبكات، ئەمەش مێسجێكە بۆ ئەوەی بڵێت كە توركیا ھەرگیز دەستبەرداری ئەو ناوچانە نابێت ھەم لە ڕووی سیاسی و ھەم ئابوریەوە پشتگیری ئەو ناوچانە دەكات. - ئامانجێكی تری ستراتیژی توركیا ئەوەیە ھەرێمی كوردستان و ڕۆژئاوای كوردستان لەیەكتر داببڕێت ئەگەر ئەم ھەڵەش سەربگرێت دەتوانێت ھەرێم و ڕۆژئاوای كوردستان بە دووری ٣٠ كیلۆمەتر لەیەكتر دوور بخاتەوە ئەمەش گورزێكی گەورەی مێژوویی دەبێت كە لە پرسی كوردی دەدات. - توركیا ماوەیەكی زۆرە لەڕێگەی عێڕاقەوە ھەوڵدەدات ھەژموونی ھێزەكانی پەكەكە لە شەنگال و ناوچەكانی تر كۆتایی پێبێنێت، بۆیە پێدەچێت ئامانجێكی تری توركیا ئەوەبێت كە دەستوەردانەكانی لە ناوچەكانی شەنگال زیاتربكات بۆ كەمكردنەوە و نەھێشتنی ھەژموونی پەكەكە لەو ناوچانە بەتایبەتی و فراوانكردنی شەڕیش لەدژی پەكەكە بەشێوەیەكی گشتی، چونكە بە نزیكبوونەوە لەم ناوچانە دەتوانێت ئاسانتر یارمەتی لۆجیستی بگەیەنێتە سوپاكەی و چاودێری جموجۆڵەكانت پەكەكە بكات. سەرەنجام ئەگەر كردنەوەی ئەم دەروازەیە سەربگرێت كۆمەڵێك لێكەوت و درەنجامی نێگەتیڤ لەسەر داھاتووی ھەرێم و ڕۆژئاوای كوردستان دروستدەكات، حكومەتی ھەرێمیش ھەستی بەو مەترسیە كردووە و ھەوڵەكانی چڕكردۆتەوە بۆ ڕێریكردن لە كردنەوەی ئەم دەروازەیە، ھەر لەسەر ئەم پرسەش وشیار زێباری لە لێدوانێكیدا بۆ كەناڵی ڕووداو بیرۆكەی كردنەوەی ئەم دەروازەیەی وەك پلانگێڕی دوبارەكردنەوەی ھەمان سیاسەتی ڕژێمی سەدام حسێن وەسفدەكات، باس لەوش دەكات كە ئەستەمە ھەرێم ڕێگەبدات، بەڵام پێناچێت ھەرێم بتوانێت ڕێگری بكات، یان ئەگەری زۆر ھەیە بە دانوستان یان لە بەرامبەر كۆمەڵێك دەستكەوتی مادی تەسلیم ببن.
د.شوان ئادەم ئەیڤەس پێدەچێت لەئێستاوە وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی ھەرێمی کوردستان؛ د.یوسف گۆران بەڵێنی دانانەوەی لەکابینەی نۆیەمدا پێدرابێت وا دەبێژێت: «تا ساڵی ٢٠٢٣ ھیچ زانکۆیەک نامێنێت متمانەی نێودەوڵەتی بەدەست نەھێنابێت». ئەگەرچی خەونەکەی گۆران؛ خەونی من و سەدانی ئەکادیمیی دیکەی ئەم ھەرێمەیە، بەڵام پێمخۆشە منیش ئەمە بکەمە دەرفەتێک تاوەکو ھەندێ پێشنیاز بخەمەروو؛ بەشکو ببێتە خەون و کارنامەی کابینەی وزاریی نوێ، چونکە سیڤییەکەی خۆم بۆ وەزیریی ھێشتا «خزمەتی حزبیی و پاساتی نێوان تەکەتولەکان»ی کەمە و وەرناگیرێت. وەگەرنا نەک ھەر بەڵێن، بەڵکو بە چڕیی کارم لەسەر ئەم پێشنیازانەی خوارەوە دەکرد: ١. لەخۆگرتن و دەستنیشانکردنی فەلسەفە و سیستمێکی روون و ئاشکرا بۆ کایەی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی لەھەرێمی کوردستانی بندەستی عێراقدا. بۆنمونە؛ دیموکراسی، لیبراڵی، دیکتاتۆری، ...تد. بەبێ دیاریکردنی فەلسەفە و سیستمێکی روونی نووسراو؛ ھەمان ئەزموونی ٢٨ساڵی رابردوو دووبارە دەبێتەوە کە میزاج و زەوق و سەلیقەی کەسەکان بڕیار لەسەر یەکلاکردنەوەی پرسەکان دەدات، نەک پلانی پێشوەختەی دیراسەتکراو. ٢. گەڵاڵەکردنی پرۆژە یاسایەک بۆ ھەڵوەشاندنەوەی پێکھاتەی کارگێڕیی، دارایی و زانستیی ئێستای وەزارەت و جێگرتنەوەی ئەنجومەنێکی نیشتمانیی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی؛ بەجۆرێک دەسەڵاتی جێبەجێکردنی ئەوەی ھەبێت کە کار لەسەر رێکخستنەوە و بەرزکردنەوەی کواڵتی زانکۆ و پەیمانگاکان و نێوەندە ئەکادیمییەکانی دیکە بکات یان دایان بخات. ٣. قۆناغ بە قۆناغ ھەڵوەشاندنەوەی ھەموو نێوەندە ئەکادیمییەکانی حکومەت و سەربەخۆکردنیان لەرووی ئەکادیمی، کارگێڕیی و داراییەوە. بۆئەوەی ھەریەکەیان بکەونە کێبرکێ؛ ئەو بەش و کۆلیژ و سەنتەرانەی ھیچ پێویستیی و بەشدارییەکی راستەقینەیان نییە رێکبخرێنەوەو سەرلەنوێ بە ناو و ناوەڕۆکی نوێ کە ھاوشان بێت لەگەڵ پێداویستیی بازاڕی کاردا دابڕێژرێنەوە. ٤. جیاکردنەوەی ئەرک و بەرپرسیارێتی زانستیی لەھەریەک لە کارگێڕیی و دارایی لەنێوەندەکانی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییدا. ھەڵەیەکی گەورەیە؛ تاقەکەسێک دەسەڵاتی بڕیاردانی یەکلاکەرەوەو جێبەجێکردنی لەھەرسێ پرسی زانستی، کارگێڕیی و داراییدا ھەبێت و بەھیچ فلتەرێکی چاودێریی و لێپرسینەوەدا نەڕوات. بۆنمونە ، ئێستا لەھەندێ «زانکۆی حکومیی ھەرێمی کوردستاندا» نەک ھەر ئەنجومەنی زانکۆکان بێدەسەڵات و فەرامۆشکراون، بگرە شۆفێری تایبەتیی سەرۆکی زانکۆ؛ بەبێ بڕوانامە و لەکاتێکدا خوێندکاری زانکۆیە دەکرێتە بەڕێوبەری بەشی خزمەتگوزارییەکانی زانکۆ و لەھەندێ پرس و بارودۆخیشدا، شۆفێر و بەرپرسی نووسینگە تایبەتییەکەی سەرۆکی زانکۆ لەیاریدەدەر شکڵییەکانی دەسەڵاتییان زیاترە! ٥. تاوەکو دە ساڵی دیکەش، زۆر زۆر پێویستە لە چوارساڵ زیاتر رێگە بەھیچ سەرۆک زانکۆ، راگری کۆلێژ و پەیمانگا، سەرۆک بەش، یاریدەدەران و بەڕێوبەرانی خوارتر نەدرێت لەیەک پۆستدا بمێننەوە، چونکە ئەوانەی زۆرتر لەپۆستێکدا دەمێننەوە، زووتر بۆگەن دەکەن و لەسەر گەندەڵیی کڕدەکەون. بەچەشنێک ئێستا سەرۆکی ھەندێ زانکۆ؛ ئەگەر پرۆژە بازرگانییەکانیان لەپرۆژە ئەکادیمییەکانیان زیاتر نەبێت، ئەوا لەگەڵ ھەندێ دەڵاڵی دیکەدا بەشی ئەوە دەکات کە بازرگانیی دەرمان، یەکەی نیشتەجێبوون، یانەی شەوانە و رێستورانتی پێبکەنەوە! ٦. جێبەجێکردنی پلانی درێژەدان بەخوێندنی باڵا، بەجۆرێک ئەوانەی دبلۆمی دووساڵەی پەیمانگاکان تەواودەکەن رێگەیان پێبدرێت بەردەوام بن لە کۆلیژەکانداو لەساڵی سێیەمەوە درێژە بەخوێندن بدەن و بڕوانامەی بەکالۆریۆس بەدەست بھێنن. لەوەش گرنگتر ئەوەیە کواڵتی خوێندنی پەیمانگاکان بەجۆرێک بەرزبکرێنەوە کە خاوەن بڕوانامەیەکی دبلۆم رووبەڕووی ھیچ گرفتێک نەبێتەوە؛ کاتێک بیەوێ لەساڵی سێیەمی زانکۆدا درێژە بەخوێندنی زانکۆیی بدات. ٧. ھەڵسەنگاندنی ساڵانەی ستافی ئەکادیمیی زانکۆ و پەیمانگاکان، بەچەشنێک ئەوەی ماستەر و دکتۆرا یان یەکێکیانی نەبێت و لەخولی رێگەکانی وانەوتنەوەدا دەرنەچووبێت، رێگەی وانەوتنەوە و سەرپەرشتیکردنی «توێژینەوەی دەرچوون»ی پێنەدرێت. ئەمەش ئاسانکاریی دەکات بۆئەوەی کێبرکێ دروست بێت، تاوەکو تەمەڵیی فەرمانبەری ھەمیشەیی نەمێنێت و لەسەر بنەمای ھەڵسەنگاندنی دادوەرانەی ساڵانە، گرێبەستی کارکردن تازە بکرێتەوە، چونکە ئێستا گاڵتەجارییەکە بەجۆرێکە، لەھەندێ پەیمانگای حکومییدا خوێندکاری زانکۆ؛ دەکرێتە مامۆستا! ٨. سوودوەرگرتن لەوانەی لەم ساڵانەی دواییدا، خوێندنی ماستەر و دکتۆرایان لەوڵاتانی ئەوروپا وخۆرئاوادا تەواوکردووە؛ بەئامانجی گواستنەوەی ئەزموونی خوێندن و کارگێڕیی دەرەوە بۆ ناوخۆی کوردستان. ٩. چاکسازییکردن و گۆڕانکاریی ریشەیی لە شێوازی «تاقیکردنەوە» و «توێژینەوەی دەرچوون» لەپەیمانگا و زانکۆکانەوە تاوەکو بەماستەرو دکتۆرا دەگات. ١٠. رەخساندنی زەمینەی ئازادی دەربڕین و کارکردنی ئەکادیمیی ھاوشان لەگەڵ دروستکردنی گیانی کێبرکێی لیبراڵ لەنێو ستافی ئەکادیمیی و کارگێڕیی زانکۆ و پەیمانگاکاندا بۆ وەرگرتنی پۆست و پێگەی جیاواز، نەک پەراوێزخستنی ستافی خانەخوێ و سواڵکردنی ستاف لەزانکۆ و پەیمانگای دیکە. ھاوکات رێگریکردن لە دیاردەی وەکالەت و وەرگرتنی دوو پۆست و سێ پۆست لەلایەن یەک کەسەوە، چونکە ئەوە دەیسەلمێنێت؛ یان پۆستەکان بچووک و بێبایەخن یاخود ئەوانەی وەریدەگرن؛ ئەڵقەلەگوێ و کاسەلێسی سەرووترن!
مهریوان وریا قانع و ئاراس فهتاح بەشی پێنجەم ئەوەی لەناو کایەی سیاسیی ھەرێمدا ڕوودەدات پرۆسەی چەسپاندنی تەواوی بەخێزانیکردنی دەسەڵات و بنجبهستكردنی سیستهمی سوڵتانیزمی سیاسییە. ئەوەی ئێمە دەیبینین لەناوچوونی بەشی ھەرە گەورەی ئەو بەرگریییە سیاسیی و فیکریی و ئەخلاقییانەیە کە لە ھەرێمدا لەبەردەم پرۆسەی بەخێزانیبوونی دهسهڵات و بەسوڵتانیبوونی دەسەڵاتدارێتییدا بوونیان ھەبوو. دواھەمین بەرگرییەکی خاوەن قورسایی لەبەردەم ئەم پرۆسهیهدا پرۆژە سیاسییەکەی بزوتنەوەی گۆڕان بوو، بەڵام لە ئێستادا خودی ئەم بزوتنەوەیەش بەرەو بەخێزانیبوونی دهسهڵات و بەسوڵتانیکردنی سیستهمی سیاسیی لهههرێمدا، ههنگاودهنێت. لهمڕۆدا بکەری ژمارە یەک و سەرەکیی چەسپاندنی سوڵتانیزمی سیاسیی لە ھەرێمدا نەوەی دووھەمی خێزانە سیاسییەکانن، ئەو منداڵانەن کە لە چەند ساڵی ڕابوردودا و بە خێرایەکی گەورە ھاتنە ناو کایەی سیاسیی ھەرێمەوە و لە ئێستاشدا خەریکی مۆنۆپۆڵکردنێکی تەواوی پێگە سەرەکیی و بنەڕەتییەکانی ناو ئەو کایەیەن. ئێمە تا ئێستا زیاد لە جارێک باسمان لە ھاتنەکایەی نەوەی دووھەمی خێزانە سیاسییەکانی ھەرێم کردوە و پرۆسهی بەخێزانیکردنی دەسەڵاتمان ھەم بە دیاردەیەکی سیاسیی ترسناک و ھەم بە یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی سیستهمی سوڵتانی لە ھەرێمدا ناوبردوە. لەم ڕووەوە ئێمە ھەم ئێستا و ھەم ئایندەی سیستهمە سیاسییەکەی ھەرێم زۆر بە مەترسیدار دەزانین و پێمانوایە کۆمەڵگای ئێمە بە ئاقارێکی تەواو ترسناکدا تێدەپەڕێت. بەڵام سوڵتانیزم چییە و کامەیە؟ ئاکارە سەرەکییەکانی کامانەن؟ سوڵتانیزم ئەو مۆدێلەیە لە دەسەڵاتدارێتیی کە تیایدا فۆرمی سەرەکیی دەسەڵات فۆرمێکی شەخسیی و تاکەکەسییە، تەوهره سەرەکییەکانی سیستهمە سیاسییەکە بەدەوری كهسی یهكهمدا دروستدەکرێت و ئەو کەسەش وەک سێنتەری سیستمەکە کاردەکات. کە ئەمە دەڵێین مەبەستمان نییە وای نیشاندەین کە سیستمە سیاسییەکە کورتدەبێتەوە بۆ ئەو تاکەکەسە، چونكه ئەم وێناکردنەی دەسەڵات لە دونیای مۆدێرندا وێناکردنێکی نادروست و نازانستییه. سیستهمی سوڵتانیی ھەموو میکانیزمەکانی کۆنترۆڵ و دیسپلینکردنی دەسەڵاتی مۆدێرنی لەبەردەستدایە و ھەموو تواناکانی ئەو میکانیزمانەش بۆ سەپاندنی ئەو مۆدێلی دەسەڵاتدارێتییه، بەکاردەھێنێت. بەم مانایە دەسەڵاتدارێتی سوڵتانیی ھەم ماشێنێکی بیرۆکراسی گەورە، ھەم پارتی سیاسیی، ھەم میدیا، ھەم دەزگاکانی پیادەکردنی توندوتیژیی، ھەم سیستهمی داوەریی و ھەم سیستهمی خوێندن و ھەم پێگە ئابورییە سەرەکییەکانی لەبەردەستدایە بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی. ئهوەی ئەم مۆدێلە له دهسهڵات، چ لەناو حیزبدا و چ لەناو دهزگاكانی حكومڕانیی و دەوڵەتدا، لەوانیتر جیادەکاتەوە، بوونی ”ناوكێكی رهقە“ كه وەک بازنەیەکی داخراو کاردەکات و هیچ كهس و گروپێكی تری دهرهوهی خێزانه سیاسییهكه ناتوانێت بەو ناوکە بگات و ببێت بهئهندامی ئهو بازنهیە. ئەم ”ناوکە ڕەقە“ نە ناوکێکی ئایدیۆلۆژییە، نە ناوکێکی سیاسیی، نە ناوکێکیشە لە پەیمانێکی کۆمەڵایەتیی دیاریکراوە دروستبووبێت، بەڵکو بازنایەکی داخراوە کە پەیوەندیی خوێن و پهیوهندارێتیی خێزانیی و ئینتیما بۆ بنەماڵەیەکی دیاریکراو دروستیکردوە. ههروهكو پێشتر لهچهندین وتاردا شیكارمان کردوە، حیزب لهم جۆره مۆدێلهدا له فۆرمی پیازێكدایه كه ناوكهكهی شهخسی سهرۆكه و ئهوانی تر بهپلهی جیاواز وهك توێژاڵ بهدهوری ئەو سەرۆكەدان. گهر توێژاڵی یهكهم منداڵهكانی سەرۆک بێت، توێژاڵی دووههم منداڵی منداڵهكانێتی و پاشان بهپلهی جیاواز خزمی دوور و نزیك و هاوڕێ و ئهندام و غوڵامه سیاسییهكانی تر دێن. بهکورتیی،سوڵتانیزم فۆرمێكه له دهسهڵاتدارێتی كه لهسهر بناغهی خزمگهرایی و مهحسوبییهت و وەلای ڕەھا بۆ خێزانێکی سیاسیی دادهمهزرێت و بهپێی دوورو نزیكیی و بڕ و ڕادەی وەلا و خزمایهتییش له سهرۆك و خێزانی دهسهڵاتدارەوە، پێگەی ئەوانیتر دەستنیشاندەکرێت و بهشیان له دهسهڵات و داهات و ساماندا دهبێت. وەلائی سیاسیی بۆ ئەم دەسەڵاتە شەخسییە، وەلائێکی ئایدیۆلۆژیی و فیکریی نییە، چونکە ئەم مۆدێله له دەسەڵات ھەر لە بنەڕەتەوە نوێنەرایەتیی ھیچ ئایدیۆلۆژیایەک ناکات. خۆی بە بەرگریکەر لە ھیچ فەلسەفە و دونیابینییەکی سیاسیی نازانێت، لە خەمی دروستکردنی کۆمەڵگا و مرۆڤێکی نوێدا نییە کە فیکرێکی دیاریکراو ھەندەسە کۆمەڵایەتییەکەی نیشانبدات، وەلائەتیش پەیوەست نییە بە بوون یان نەبوونی بەرنامەیهکی سیاسیی دیاریکراوەوە، ھتد... بهڵكو خزمگهرایی و مەحسوبییهت، واته Clientelism ،Nepotism فۆرمی پهیوهندییهكانی گروپی دهسهڵاتدار لهناو خۆیدا و لهگهڵ دهرهوهی خۆیدا، واتە لهناو دهزگاکانی حیزب و لەناو دهوڵهتدا دیاریدهكات. وەلائی سیاسیی لهم جۆره سیستهمهدا لەسەر دوو کۆڵەکە وەستاوە. یەکەمیان ترس و سزادانه. ئەمەش لەڕێگای حیزب و دەزگاکانی بەکارھێنانی توندوتیژییەوە پیادەدەكرێت بە جۆرێک پەنابردن بۆ توندوتیژیی دەبێتە یەکێک لە خهسڵهته سهرهكییهکانی سیستمە سیاسییەکە. دووھەمیان پاداشت و خەڵاتکردنە لهناو كایهكانی دهسهڵاتی ئابووریی و ئیداریی و سهربازیی و رۆشنبیرییدا. لەیەکەمیاندا دوژمن و خائین بە لێشاو دروستدەکرێت و ھەوڵی لەناوبردنیان دەدرێت، لە دووھەمیاندا پاڵەوان و دڵسۆز و کەسانێک دروستدەکرێن کە بەردەوام ستایش دەکرێن و بە زیندویی پەیکەریان بۆ دروستدەکرێت. سیستهمی سوڵتانیی سزای ھەموو نەیارەکانی مۆدێلە خێزانییەکانی دەسەڵات دەدات، پاداشت و خەڵاتی ھەموو ئەوانەش دهكات گوێڕایەڵن و وهك غوڵامێكی سیاسیی ئامادەی بەیعەتدانێکی ئاشکرا یان ناڕوونن، بۆ سەرۆك و خێزانە سیاسییەکەی. ئەم دەسەڵاتە شەخسییە دەسەڵاتی تاکەکەسێک یان خێزانێک نییە کە لە شوێنێکی بچووکی سیستهمەکەدا جێگیربن، بە پێچەوانەوە ئەوان دەستیان لەناو ھەموو کایەکان و دەزگاکاندایە و بەشی ھەرە گەورەی میکانیزمەکانی کارکردنی ئەو کایە و دەزگایانەش ئاراستەدەکەن. ئەوەی ئەم کارەیان بۆ مەیسەردەکات نەبوونی هیچ ڕێگرێکی یاساییە کە بتوانێت سنوورێک بۆ دهسهڵات و بڕیاری سهرۆك و منداڵەکانی دابنێت. یان ھیچ سیستهمێکی ئەخلاقیی، یان ئینتیما بۆ ئایدیۆلۆژیایەک، یان سیستهمێکی داوەریی سەربەخۆ، یان سوپایەکی بێلایەن ھتد.، کە بتوانن ڕێگربن لەبەردەم دەسەڵاتی ئەو خێزانە سوڵتانیانەدا. ھیچ یەکێک لەمانە یان بوونیان نییە، یان گەر ھەشبن بەجۆرێک کۆنترۆڵ و ئاراستەکراون كه ناتوانن سنوور بۆ چۆنیەتی پیادەکردنی ئەو دەسەڵاتە دابنێن. بە کورتییەکەی لەم سیستمەدا كایهو پێگه سهرهكییهكانی دهسهڵاتی یاسادانان و دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دادگاکان لهلایهن خودی سهرۆك و خێزانه سیاسییهكهوه كۆنترۆڵ دهكرێن و بکەرە سەرەکییەکانی ناویشیان ستنیشاندهكرێن. ئەمە جگە لە کۆنترۆڵکردنی کایەی ئابوریی و میدیا و بەشێکی گەورە و گرنگیی کۆمەڵگای مەدەنیش. بهم چهشنه ئەوەی لەناو سیستهمی بیرۆکراسیی سوڵتانییدا ڕوودەدات، پەیوەندیی بە یاسا و بەھا و نۆرمە عهقلانییهكانی بیرۆکراسییەتەوە نییە، بەڵکو راستهوخۆ وابەستەی سایكۆلۆژیا و قازانج و خواستی ئەو دەسەڵاتە شەخسییەیە كه سهرۆك و منداڵەکانی ههیانە. کەسانی نزیک لە کەسی یەکەمەوە، بە تایبەتی کەسانی ناو خێزانەکەی خۆی و ھاوڕێ و دۆستە گوێڕایهڵ و ھەرە نزیکەکانی، پێگە سەرەکییەکانی ناو جیھازە بیرۆکراسییەکە و لەشکر و ئاساییش و ههواڵگریی و میدیا و دەزگا گرنگەکانی تری حوکمڕانیی، وەردەگرن. بەدەستھێنانی ئەو پێگانەش پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە پلە و ڕادەی دوور و نزیکیی و گوێڕایەڵیی بۆ خێزانە سوڵتانییەکەوە ھەیە. لەم سیستهمەدا جگه له پهرواێزێكی زۆر بچووك، ھیچ دەزگا و ناوەندێک بوونێکی سەربەخۆ و واقیعییانەی نییە لە دەرەوەی خواست و ئیرادەی خێزانه سیاسییهكهوه بێت؛ ھەرھەموویان بە خواست و ویستی ئهو بازنه داخراوهی دهسهڵاتهوه گرێدراون و بە شێوازی جیاواز بە ئابوریی و میدیا و ھێزی سەربازیی و ھەواڵگریی ئەو خێزانانەوە پەیوەستن. دەرەنجامێکی لۆژیكیی دروستبوون و ئیشکردنی ئهم فۆرمه له سیستهمی سیاسیی و ئابووریی و سهربازیی سوڵتانیی، ھاتنەکایەی گەندەڵییەکی گەورە و ھەمەلایەنە، سەرەتا لەناو دەزگاکانی حوکمڕانییدا و دوای ئەوەش دابەزین و تهشهنهكردنی بۆ ناو ڕیزەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا. وهرگرتنی پێگهی سیاسیی، ئیداریی، سهربازیی، میدیایی، ئابووریی، دەرکەوتن و دەرنەکەوتنی بكهره سیاسیی و ئابووریی و میدیاییهكان، وابهستهی توانا و لێهاتوویی كهسهكان نییه، بهڵكو وابەستەی ئاستی خزمایهتیی و گوێڕایهڵیی ئەوانە بۆ سهرۆك و بکەرە خێزانییەکانی ناو سیستهمه سوڵتانییهكهوه. بێگومان ئەو وێنە گشتییەی سەرەوە بۆ سوڵتانیزمان کێشا، ھەمان ئەو وێنەیەیە کە ماكس ڤێبهر به”ئایدیال تایپ“، واتە بە ”نموونەیەکی ئایدیالی“ی ناویدەبات. ”ئایدیال تایپ“ وێنەیەکی گشتییە کە دەرکەوتەکانی لە واقیعدا ھەمیشە بڕێک جیاوازییان لەگەڵ وێنە گشتییەکەدا دەبێت. ئەم حاڵهتهش وادەکات وێنە گشتییەکە لەناو رەوتە مێژوویی و ژینگە سیاسیی و کۆمەڵایەتییە جیاوازەکاندا، بە شێوازی جیاواز دەربکەوێت. وێنەی سیستهمە سوڵتانییەکە لەمڕۆکەی دونیای ئێمەدا وێنەی سیستهمێکی خێزانییە کە لە ئێستادا نەوەی دووھەمی خێزانە سیاسییەکان گەشەی پێدەدەن و ئاراستەیدەکەن. نەوەیەکی منداڵ، کە بەشی زۆریان زۆربەی ژیانیان لە دەرەوەی کوردستاندا بردۆتەسەر و پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ واقیعی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگیی دونیای ئێمەدا نەبووە. ماكس ڤێبهر سوڵتانیزم به”فۆرمێكی توندڕهوی تهعهسوفیی، بهندنهكرا و كۆنترۆڵنهكراوی دهسهڵاتدارێتی تاکەکەسێک“ پێناسدهكات كهسهرچاوهی شهرعییهتهكهی ترادیسیۆنهو لهسهر بناغهی و خزمگهرایی و دابهشكردنی داهات و سامان بهسهر كهسه نزیكهكانی، وهلائهتی سیاسی ئهم گروپانه بۆ خۆی دهكڕێت و زامندهكات. ئەوەی ئێمەش ساڵانێکە بەرگری لێدەکەین ئەوەیە، کە مۆدێلی دهسهڵات و فۆرمی دەسەڵاتدارێتی لە ھەرێمی كوردستاندا فۆرمێکی سوڵتانییە. ئەم مۆدێلهی دهسهڵاتیش لەناو پارتیدا لە ھەمووان جێگیرترە و لە پارتیشەوە بۆ ناو ھێزەکانی تر گواستراوەتەوە و بهههمووشیان فۆرمێكی دهسهڵاتدارێتی سوڵتانییان بنیاتناوه. ئەوەی لهكۆمهڵگای سیاسیی ئێمەدا ھەیە لە چەند ڕوویەکەوە لەو مۆدێلە ئایدیالییە جیاوازە کە ماکس ڤێبەر باسیدەکات. لهكۆمهڵگای ئێمەدا سیستهمە سوڵتانییەکە پشتی بە حیزبێکی لینینی گەورە، بە چەندان دەزگای میدیایی ئاراستەکراو، بە ھێزی چەکداریی تایبەت و بە مۆنۆپۆڵکردنێکی تەواوی ئابوریی نەوت و بە فۆرمێک لە ھەڵبژاردن بەستوە كه دهرئهنجامهكهی پێشوهخت دهسنیشانكراوه. ئەم مۆدێلەش لە واقیعی ئێمەدا وێنەی دەسەڵاتێکی خێزانی وەرگرتوە، کە سهرۆك تیایدا پاترۆنێکی سیاسییهو دهسهڵات تیایدا لە باوکەوە بۆ کوڕ، یان بۆ نێرەکانی تری ناو ھەمان خێزان دەگواسترێتەوە و لەوانیشەوە بۆ نەوەکانی تری ناو ھەمان خێزان و خزم و هاوڕێكانیان. بەبێ ئابوریی نەوت و بەبێ ئەو تێکەڵکرنە ھەمەلایەن و ترسناکەی سیاسەت و ئابوریی بەیەکتری، ئەگەری ژیانی ئەم سیستمە بەم شێوەیەی ئەمڕۆکەی گەورەنەدەبوو. وەک وتمان ئەوەی ئەمڕۆ لەناو کایەی سیاسیی ھەرێمدا ڕوودەدات پرۆسهی جێگرتنەوەی تەواوی منداڵە سیاسییەکانە بۆ باوکە سیاسییەکان. ئەمە ھەم لەناو خێزانە سیاسییەکاندا ڕوودەدات و ھەم لەناو سەرکردایەتی ھێزەکانیشدا. نەوە کۆنەکان کەنارگیردەکرێن و شوێنیان بەو منداڵانە دەگیرێتەوە کە لەناو خێزانە سیاسییەکانەوە بۆ ترۆپکی دەسەڵاتی سیاسیی بازدەدەن. ئەم فۆرمە لە جێگۆڕکێکی دەسەڵات دیسانەوە سەرەتا لەناو پارتی دیموكراتی كوردستاندا دروستبوو، لهژێر ههیمهنهی بنهماڵهی بارزانیشدا وهك مۆدێلێك لهژیانی سیاسیی ئێمەدا چەسپی. لە دوای ڕاپەڕینیشەوە ئەم مۆدێلە ھەنگاو بە ھەنگاو، بەڵام بەشێوەیەکی سیستماتیکیی، بۆ ناو یەکێتی نیشتیمانی كوردستان گواسترایەوە. مێژووی ئهزموونی بهسوڵتانییكردنی دهسهڵات لەناو یەکێتیدا پرۆسهیهكی ئاڵۆزترە تا لهناو مۆدێلهكهی پارتیدا، چونكە تا ئەم ساتەش لەناو یەکێتیدا زیاد لە خێزانێکی سیاسیی ئامادەیە و لە دوای كۆچی دوایی تاڵهبانیشەوە بە ئاشکرا، سێ خێزانی سهرهكیی سیاسیی دەبینین كه جڵەوی ئەم ھێزەیان لەدەستە و چهندین تهكهتولیان لهناو دهزگای حیزب و میدیا و ئابووریی و هێزی چهكداردا دروستکردوە. ئەو خێزانانەش بریتین لە خێزانی تاڵەبانیی و خێزانی ئیبراھیم ئەحمەد و خێزانی کۆسرەت ڕەسوڵ. ھەریەکێک لەم خێزانانە، بە تەماحێکی سوڵتانییەوە، ھەم لەگەڵ یەکتردا و ھەم لەگەڵ خێزانە سیاسییەکانی دەرەوەی یەکێتیدا، لهسهر كۆنترۆڵكردنی داهات و سێنتەرەکانی دەسەڵات، لە دهسهڵاتی سیاسیی و ئابووریی و ئیداریی و سهربازییهوه بیگرە بۆ دەسەڵاتی میدیایی، له ململانێدان. ئەوەی لەم ساتەدا تازەیە دروستبوونی ھەمان دیاردەی خێزانی سیاسییە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا. ھەمووان دەزانن یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی دروستبوونی بزوتنهوهی گۆڕان رهتكردنهوهی مۆدێلی تەوریسی سیاسیی و پرسی بەخێزانیکردنی دەسەڵات بوو، بهڵام ههر لە دوای تاپۆکردنی سەرجەمی موڵک و ماڵی ئەم بزوتنەوەیە لەسەر کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا، ئیتر پهتای سوڵتانیزمی سیاسیی ئهم حیزبهشی گرتهوه. لهمڕۆدا بزوتنهوهی گۆڕانیش بهخێراییهكی سەرنجڕاكێش بهرهو تهوریسی ڕاستەوخۆی سیاسیی و دروستبوونی خێزانێکی سوڵتانیی نوێ ههنگاودهنێت. بزوتنەوەی گۆڕان یهكێك بوو لهو ھێزە کاریگەرانەی کە بەگژ سوڵتانیزمی سیاسییدا دەچووەوە و دژ بهتێكەڵكردنی ویراسهت و سیاسهت و ئابووریی و حیزب بوو بەیەکتری، کەچی خۆی لهئێستادا بە ھەردوو پێوە لەناو ھەمان مۆدێلی سوڵتانیزمی سیاسییدا جێگیرە. ههروهكو چۆن كۆنترۆڵی سهرچاوهی داهات و لەوێشەوە میدیا یهكێك بوو له هۆكاره سەرهكییهكانی بهخێزانییكردنی دهسهڵات لهناو دوو حیزبه سیاسییه باڵادەستەکەی ھەرێمدا، ئاوهاش تهملیككردنی داهات لهناو بزوتنهوهی گۆڕاندا بوو بهوهرچهرخانێكی گهورهی سیاسیی بۆ بەھێزکردنی پێگەی سیاسیی کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا لەناو ئەو بزوتنەیەدا و ھاتنەکایەی پرۆسهی سوڵتانیزمی سیاسیی لهناو ئهو رێكخراوەدا. لهناو جوڵانهوهی نهوهی نوێشدا پرۆسهی بهخێزانییبونی دهسهڵات ھەم ئامادەیە و ھەم ئهگهرێكی كراوهو بەھێزە، خودی شاسوار عهبدولواحید خۆشی وهكو سوڵتانێكی نیولیبرال لهگهڵ حیزبهكهی و ئهندامهكانی و دهزگاكانی ههڵسوكەوت دهكات، چونكه سهرچاوهكانی داهات و میدیا موڵكی شەخسی خۆیهتی و ڕاستهوخۆ لهلایهن خۆی و ههندێك له كهسه نزیكهكانیەوە ئیدارهی میدیا و سامانی جوڵاندنەوەکەی دهدرێت. بە کورتی ئەمڕۆکە سوڵتانیزمی سیاسیی مۆدێلی بێڕکابەری سیاسیی ھەرێمە. ئەوەی کۆمەڵگای ئێمە لە ساڵانی داھاتوودا چاوەڕوانی دەکات بریتییە لە دەرەنجامە کارەساتاوییەکانی ململانێ و بەریەککەوتنی منداڵی خێزانە سیاسییەکان لەناو خۆیاندا و لەگەڵ یەکتردا.
بێریڤان محەمەد لە باشوری کوردستان دوو حەقیقەت هەن کە لە لەناو شەڕی بەردەوامدان دژ بە یەکتیر ئەویش (حەقیقەتی کۆمەڵگا و حەقیقەتی دەسەڵات)ە. لە حەقیقەتی کۆمەڵگادا ئەو مرۆڤە ڕاستگۆ و شۆڕشگێر و ئازادیخواز و تێکۆشەرانە هەن کە دژ بە ستەم و نادادی و خراپەکاری دەسەڵات تێدەکۆشن و هەردەم لەشەڕدان بۆ پاراستنی شکۆی مرۆڤ و شکۆی نەتەوە و ویژدان و ئەخلاق، لەگەڵ هەموو تیرۆر و هەڕەشە و گرتن و ئەشکەنجە و برسیکردن و ڕاوەدونان ئەوان لەپێناو پاراستنی بەها بەرز و پیرۆزەکاندا لەبەرخۆدان دان. شەهید سەردەشت و شەهیدانی دیکەی قەڵەمی ئازاد و شەهیدانی ڕێی ئازادی و دیموکراتی حەقیقەتەکانی کۆمەڵگان، ئەوان پێشەنگ و نرخەکانی کۆمەڵگان، لە کەسایەتی ئەواندا هەردەم هێڵی تێکۆشان دژ بە تەسلیم بون بەدەسەڵات گەشە دەکات و پێشدەکەوێت. لە حەقیقەتی دەسەڵاتدا هەموو زاڵم، ستەمکار، گەندەڵ، بەڵتەجی و جەلادەکان دەگەنە یەک، ئەوان کە دەکەونە نێو ئەم بەشەوە، لەڕێی تیرۆر و تۆقاندن و هێزی چەکداریەوە دەستیان بەسەر وڵاتدا گرتووە، ئەوان هەمیشە ڕوبەڕووی تێکۆشەرانی ڕێگەی ئازادی بونەتەوە، ئەم هێزە دەسەڵاتپەرستانە بەدرێژایی مێژویان لەپێناو مانەوەیان و لەپێناو کورسی و پارە لەشەڕدا بوون دژ بە حەقیقەتی کۆمەڵگا، بۆ بەردەوامیدان بە دەسەڵاتداری بنەماڵە و مافیا و خێڵەکیان، بەردەوام دەستیان لەدەستی داگیرکەرانی نەتەوەی کوردا دەرنەهێناوە، لەپاڵ ئەوەشدا هەزاران ئازادیخوازی گەلی کوردیان تیرۆرکردووە. تیرۆرکردن و شەهیدکردنی سەردەشت عوسمان حەقیقەتی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان زیاتر ئاشکرا کرد، چیرۆکی تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان هاوشێوەی ئەو چیرۆک و سیناریۆیانەیە کە دکتاتۆریەتی بەعس ئازادیخوزانی پێ تیرۆر دەکرد، ئەمەش نیشانی دەدا کە زهنیەتی دەسەڵاتداری لە هەرێم درێژکراوە هەمان مۆدێل و زهنیەتی دیکتاتۆرەکانی پێشخۆیەتی. مادام هێشتاش دکتاتۆریەت حاکمە، تیرۆر و سەرکوتی ئازادی بەردەوامە، ئەوا ئەمڕۆ تێکۆشانی ئازادی دژ بەو دیکتاتۆریەتە خۆجێیە، لەهەموو کات پیویستترە، سەردەشت و کاوە وسۆران و ویداد و هەڤاڵانیان هێڵی تێکۆشانی دیموکراتین لە پێناو ئازادی و دادپەروەردا. بەخاوەنداریکردن لە ڕێبازی سەردەشت و هاوڕێکانی، دەتوانرێت ئەو شۆڕشە کۆمەڵاتییە دروستبیت کە پێویستی کۆمەڵگای باشوری کوردستانەِ، دەبێت ئەو شۆڕشە لەبەرامبەر سستەمی ناسستەم و ناعەدالەتی و دەسەڵاتی دژە ئازادی و دژە دیموکراتی پێشبکەوێت و سەربکەوێت. مادام تیرۆر بەردەوامە ئەوا لەم قۆناغەدا کە بەهۆی ستەمی دەسەڵات تێکۆشانی ئازادی کۆمەڵگا لاواز بووە، ڕێبازی سەردەشت و هەڤاڵانی ڕۆشنترین ڕێگای پێشخستنی ئەو تێکۆشانەیە.
د. سەنگەر سەیدقادر لە دوای ئەوەی دوێنێ دوو سەرباز و ئەفسەرێكی ئیسرائیلی بە قەناسی چەكدارانی حەماس كوژران، دوابەدوای ڕووداوەكەی دوینێ لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ وە تا ئێستا ئیسرائیل زیاتر لە ٢٣ ئامانجی لە ناو كەرتی غەزە بە ٦٣ موشەك بۆردومان كردوە لەبەرامبەردا بزوتنەوەی حەماس و جیهادی ئیسلامی ١٥٠ موشەكیان ئاراستەی شارەكانی عەسقەلان بئر سبع و اسدود و ئیلات كردوە و لەو هیرشانەدا تەنها هاوڵاتیەكی ئیسرائیل برینداربوە كەرتی غەزە كەرتی غەزە ڕووبەرێكی بچوكی داخراوە كە تەنها ٣٦٥ كیلۆمەتر چوار گۆشیەوە بەتەواوی دابڕاوە لە فەلەستین و لە باكوریەوە هاوسنوری شاری ئەشكەلونە و لە ڕۆژهەڵاتیشەوە هاو سنوری شاری بئیر سبع ی ئیسرائیلە و لە باشوریشیەوە سنورێكی كەمی لەگەڵ شارۆچكەی رەفەحی میسردا هەیە. ئایا ئیسرائیل بۆ كەرتی غەزە داگیر ناكات؟ زۆر جار پرسیاری ئەوە دەكرێت كە سوپای ئیسرائیل بەو هەموو توانا سەربازیەوە بۆ چی نەیتوانیوە كەرتی غەزە داگیر بكات ؟ لە ساڵی ٢٠١٨ لە كاتی كۆنفرانسی زانستی زانكۆی تەلئەبیدا یەكێك لە ئامادەبوان ئەو پرسیارەی لە شمعون نافیەی گەورە لێكۆڵەری ستراتیژی ئیسرائیل كرد لەوەڵامدا شەمعون گوتی ( زۆر بە كورتی ئیسرائیل دەتوانێت لە چەند ڕۆژێكدا دەست بەسەر غەزەدا بگرێت بەڵام ئیسرائیل نایەوێت ئەو كارەبكات چونكە خۆكوژیە و زیانی زۆری دەبێت بۆ ئیسرائیل ) وەڵامەكەی شەمعون دروست بوو بەڵام ڕوونكردنەوەی نەدا، بۆیە لێرەدا بەكورتی هۆكاری ڕاستەقینەی داگیرنەكردنی كەرتی غەزە دەخەمەڕوو كە پەیوەندی بە بەهێزی بزوتنەوەی حەماس و جیهادی ئیسلامیەوە نیە كە خاوەنی چەند هەزار سەربازێكن، بەڵكو چەند هۆكارێكی ترە كە گرنگترینیان بریتیە لە : ١-دانیشتوانی غەزە عەرەبی مسوڵمانن لە ئەگەری داگیر كردنی غەزەدا ژمارەی دانیشتوانی عەرەبی مسوڵمان لە ناو ئیسرائیلدا بۆ لەسەدا ٣٠% بەرز دەبێتەوە و ئەمەش مەترسیە بۆسەر ئاسایشی نەتەوەی ئیسرائیل بەتایبەت بە هۆی دەسەڵاتی ٣٢ ساڵەی حەماسەوە دانیشتوانی كەرتی غەزە بە فكری جیهادی دژە ئیسرائیل بارگاوی كراون. ٢- هۆكاری دووەم بریتیە لەوەی ئیسرائیل دەیەوێت چاو لەسەر قودس لابدات وەك چەقی ململانێی (ئیسرائیل-فەلەستین. و ئیسرائیل -عەرەب) لە بەرامبەدار كەرتی غەزە بكات بەچەقی ململانێكان و لەمەشدا سەركەوتووبوو. ٣- مانەوەی كەرتی غەزە لەژێردەستی حەماسدا لەلایەك ناكۆكی نیوان حەماس و جیهاد و بزوتنەوەی فەتحی قوڵتر كردوەتەوە، لە لایەكی ترەوە هەڵوێستی وڵاتانی عەرەبی لەبەرامبەر كێشەی فەلەستیندا لاواز كردوە و دابەشی كردوون بەسەر دووبەرردا كە بەرەی ئیمارات و سعودیە دژی حەماسن بە هۆی باگراوەندە ئیخوانیەكەی و پەیوەندی لەگەڵ ئێران و توركیادا ٤- یەكێكی تر لە هۆكارەكانی داگیر نەكردنی غەزە مەترسی كۆمەڵكوژی و زیانی گەورەی مادی و بەشەریە كە ناوبانگی ئیسرائیل لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ناشیرین دەكات و كاریگەری خراپی دەبێت لە سەر پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكانی ئیسرائیل بۆ خۆپاڕاستن لەو مەترسیانە ئیسرائیل دەیەوێت بە پلانێكی ستراتیژی و بەهاوكاری ئەمەریكا كۆتایی بە كێشەی كەرتی غەزە و فەلەستین بهێنێت لە چوارچێوەی ڕێكەوتنی سەدە دا( صفقە القرن) كە بڕیارە دوای ٣ ساڵ لە ئامادەكاری لەدوای مانگی ڕەمەزانەوە لە لایەن گارید كۆشنەری زاواو ڕاوێژكاری ترەمپەوە ڕابگەیەنرێت. ئەگەرنا نە حەماس ئەوهێزەیە بتوانێت ڕووبەڕووی ئیسرائیل بێتەوە، نە ئیسرائیلیش ئەو هێزەلاوازەیە كە نەتوانی لە ماوەی چەند ڕۆژێكدا كۆتای بە حەماس بهێنێت، لەكاتێكدا ٥٢ ساڵ پێش ئێستا ئیسرائیل توانی سوپای ٥ دەوڵەتی عەرەبی تێكبشكێنت و بەشێكی خاكی سوریا و لوبنان و میسر و ئەردەن و فەلەستین داگیربكات.
هۆشیار عەبدوڵا رەنگە ئەمساڵ كولانەوەی برینی ساڵیادی تیرۆری سەردەشت عوسمان لە ساڵانی تر جیا بێت ، لانیەكەم لەبەر هۆیەك كە نائومێدی ئێستای شەقام و تاریكی تابلۆكەیە. لایەنێكی هەرە دیاری تیرۆری سەردەشت ئەوە بوو كە جوڵەی شەقامیی بەدوای خۆیدا هێنا، جوڵەیەكی نارەزایی گشتگیر كە جۆرێك لە ئومێدی گەراندەوە ناو كۆمەڵگە .. بەداخەوە ،ئەمساڵ كاتێك یادی سەردەشت دەكەینەوە كە ئەو ئومێدەبە تەواوی لە دونیای ئێمەدا لاواز و داكشاوە. تیرۆری سەردەشت ، غەدری لە ناوبردنیی ، مەهزەلەی لیژنە تەحقیقیەكەی،دیزە بە دەرخۆنە كردنیی مەلەفەكەی،ئازاد سوڕانەوەی بكوژانیی، بەڵكو بە دێو بونی زیاتری جەلادەكانی ، هەمو ئەو ئیهانانەی سەرباری تیرۆركردنی لەلایەن دەسەڵاتەوە ئاراستەی رۆحی سەردەشت و خیزانەكەی و كۆمەلگەی كوردستانیی كرا ، قەت بیرناچنەوە بەڵام شتێك كە هەمو ئەوانەی كەمێك ئەهوەن كردبوو ئەو ئومێدە بو كە دوای جوڵەی شەقام بۆ سەردەشت سەرپێكەوتن ، جوڵەیەك كە بە زویی بێ نوزە كراو و ئەوەشبو وایكرد چەندین قەڵەمیی تر گەنج و رۆژنامەنوسی تر شەهید و خەڵتانی خوێن بكرێن. ئەمساڵ لە دۆخێكدا یادی سەردەشت دەكەینەوە كە هیچ روئیا و ستراتیژێكی گۆڕانكاری لە ئارادا نیە، ئێستاكێ هیچ دونیابینیەكی جدی بۆ بەرگرتن لە ئەجێنداكانی دەسەلات لە ئارادا نیە ، ئەگەر تا دوێنێ دەمانگوت ئەجێنداكانی (پارتی) بۆ حوكمڕانی مەترسیدارن و دەبنە شكست بۆ ئێستا و ئایندەی هەرێم ، لە ئێستادا ئیعجاب هەیە بە مۆدێلی پارتی بۆ حزبایەتی و ئیدارەدان،ئەو ئیعجابەش هی حزبیك و دوان نیە ، هیی كەسێك و دوان نیە بەڵكو ئیعجابی ئەو نەوە شۆرشگێرەیە كە بە حساب لە رابردودا بۆ مۆدێلێكی جیا لە (پارتی)تێكوشاوە لە ئێستادا دەیەوێت و مەمنونە لەو بچێت. پێچەوانەی ئەوانەش باسیی شكستی دەسەڵات و ئۆپۆزسێۆن پێكەوە دەكەن ، پێم وایە ئەوەی لە هەردولا شكستی خواردوە نەوەیەكی سیاسییە كە شەرعیەتی شاخی هەیە و هەتا ئەم لەحزەیە پرۆژەیەكی سیاسیی جدی لە دەرەوەی ئیرادەی ئەم نەوەیەی شاخ نە لە دەسەڵات و نە لە ئۆپۆزسێۆن نەهاتۆتە دەرەوە یا ئەسڵەن وجودی نەبوە. خوێنی سەردەشت لە توانایدا بو دونیای سیاسیی و كارگێری هەرێم بە ریشەیی بگۆرێت بەڵام تێروانینی تەقلیدی بۆ سیاسەت و چونەوە سەر هەمان ئاوازی ئەو نەوە سیاسیەی كە لە یەك كاتدا لە دەسەڵات و ئۆپۆزسێۆنیشدا كارا و قسەگۆ و بریاردەر بون وایكرد جوڵەی شەقام بۆ سەردەشت بە ئەنجامێكی بەرچاو نەگات. بە كورتەیەكەی چۆن ئەو نەوەیە لە دوای ۹۱ ەوە بەرپرسی هەمو شكستەكانە بەرپرسیی شكستی دامركانەوە و بێ بەرهەمبونی جولەی شەقامیشە بۆ سەردەشت عوسمان ، جا كەی نەوەیەكی سیاسی تازە و جیا لەدەرەوەی ئیرادەی (پاسەوانی كۆن)لە هەمو حزبەكان(بێگومان بە نەوەی تازەی ناو یەكیتی وپارتیشەوە) دێتە دەرێ نازانم ، بەلام لەوە دڵنیام كە لە نەودەكانەوە چەندین نەوەیان لەگەڵ خۆیاندا پیر و بێ چارە كرد و هێشتاش بەردەوامن و كۆی یاریەكانی سیاسەت و دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە. هەڵبەتە مانای ئەوە نیە ، سەردەشت وئازایەتیەكەی ، سەردەشت و بێمنەتیەكەی ، بتشكێنی و پەیامەكەی ئێستا و ئایندەش لە دڵی هەزارن قەڵەم و گەنجدا نە درەوشیتەوە و بە زیندویی و نەمێنێتەوە. هەرگیز بەمانای ئەوە نیە ، چەندین توانا و روئیای جیا وسەركەوتو لە ناو خودی كۆمەڵگەكەدا لە ناو یەكیتی و پارتی و گۆڕان و ئیسلامیەكان و هیزەكانی تریشدا نەبێت كە جیا بێت لەوەی ئەمڕۆ (دەسەڵات و ئۆپۆزسێۆن)، (حزب و حكومەت)ی قۆرغكردوە. خوێنی سەردەشت خوێنی قەڵەمە، خوێنی چەك و شاخ نیە ، ئەمە دەلالەتی گۆرینی زەمەن و شەرعیەتە ، بەڵام كەی شەرعیەتی قەڵەم و خەباتی مەدەنیی دەچێتە جێگە ی شەرعیەتی شاخ ئەوەیان پرسیارێكی بەردەوام ئامادەی بەردەم كۆمەڵگەی ئێمەیە هەتا جێگۆركێی نیوان ئەم دو شەرعیەتەش نەكرێت ولات و خەڵكی ئێمە ناحەسێتەوە.
مەریوان وریا قانع لە مێژووی ھاوچەرخی ئێمەدا کەم شەھید ھەیە ھێندەی سەردەشت عوسمان ڕووخسارە ھەرە ناشیرین و ھەرە دزێوەکانی کوردبوونمان نیشاندبات. ھێما بۆ ئەو دیوە نەخۆش و تاریکانەی کوردبوون بکات کە وەک تارماییەکی گەورە بۆ کوشتن و وێرانکردن ئامادەیە. کە بیر لە مەرگی سەردەشت دەکەینەوە بیر لە جوڵەی عەقڵیەتێک دەکەینەوە لە سەدە تاریکە کۆنەکانەوە ھاتوە و لە سەدەی بیست و یەکەمدا ھەم بازرگانیی و سیاسەتی بەیەکتری تێکەڵکردوە، ھەم کوشتن و پایەکاانی دەسەڵاتدارتێتی. لەم ئاستەدا مەرگی سەردەشت عوسمان، شوناسی ئەو عەقڵیەت و سەردەم و دەسەڵاتدارێتییە درۆزنە کەشفدەکات کە ساڵانێکی درێژە حوکمڕانیی نیشتیمانێکی بریندار دەکات و قوربانی بە دوای قوربانیدا و کارەسات بەدوای کارەساتدا بەرھەمدەھێنێت. بە دەیەھا شێوازی جیاوایش کۆمەڵگا پارچەپارچە و وردوخاش دەکات، بڕێکی گەورە نائومێدیی و ڕەشبینیی تیایدا دەچێنێت. دیوی ئەودیوی مەرگی سەردەشت ھێما بۆ ڕووکارە ڕووناک و بەرپرس و ئەخلاقییەکانی کوردبوون دەکات، ڕووکارە خوێندەوار و ڕەخنەیی و چەقنەبەستوەکانی کوردبوون، لە سەردەمێکدا پارەی دزراوی نەوت خەونی ئەوە دەبینێت و پلانی ئەوەی ھەیە ھەموو خانەیەکی ئەو کۆمەڵگایە، وەک دەسەڵاتدارەکانی، پیس و بۆگەن بکات. سەردەشت نوێنەری ئەو نەوە خوێندەوارە ئازا و بەرپرس و ئەخلاقییەیە کە لە.داڵانە تاریکیەکانی ئەو دونیایەدا لەدایکدەبێت و گەورەدەبێت و بیردەکاتەوە و دەنووسێت. نەوەیەک خەون بەوەوە دەبینێت دەسکاریی ئەو تاریکاییە گەورەیە بکات، ڕوخسارێکی ئینسانیی بەخۆی و بەو کۆمەڵگایە ببەخشێت کە تیایدا دەژیی، شتێک لە کەرامەت بۆ ژیانی خۆیان و ژیانی ھاونیشتمانییەکانیان، بگەڕێننەوە. سەردەشت عوسمان نوێنەری ئەو دیوە ڕووناکەی کوردبوونە کە پڕە لە ئومێد و وزە و خەون، پڕە لە خواستی دەسکاریکردن و دروستکردنی دونیایەکی نوێ، دونیایەک جیاواز لە دونیای سیاسییە بازرگانەکانی دونیای دوای ڕاپەڕین کە لەشکرێک پیاوکوژیان بۆ پاراستنی خۆیان و منداڵ و منداڵی منداڵەکانیان دروستکردوە.
عەبدوڵای مەلا نوری هەمو بیرمانە کاک نەوشیروان بە نامەیەک چەند پەرلەمانتارێکی گۆڕانی دەرکرد، لە بەر ئەوەی واژۆیان لە سەر نوسراوێک کردبو خانوەکانی پەرلەمانیان لە سەر تاپۆ بکرێت، ئەمە نەک بە خوڕایی بەڵکو بە نرخی خۆی، بەڵام بە قیستی درێژ خایەن. ئێوارەیەکی درەنگ عەدنان عوسمان، کاردۆ محەمەد، من لە هەولێرەوە کەوتینە رێ بۆ سلێمانی بۆ لای کاک نەوشیروان بۆ ئەوەی داوای لێبکەین پەلە نەکات لە بڕیارەکانی لە ئاست ئەو پەرلەمانتارانە، تا وا دەکەین پاشگەز ببنەوەو داوای لێبوردن بکەن. وڵامی کاک نەوشیروان ئەوە بو دەبێ بە رون و راشکاوی دان بە هەڵەکەیاندا بنێن و داوای لێبوردن لە خەڵک و گۆڕانخوازان بکەن. سەرئەنجام لە بەر ئەوەی بە سیغەیەکی نارون و درنگ وەخت داوای لێبوردنیان کرد دەرکران. سەرنج بدەن عەبدولرەزاق شەریف ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بە رون و راشکاوی دەڵێت: وەزیری کۆچوکۆچبەرانی پێشوی عێراق (دکتۆر دەرباز محەمەد) دۆسیەی گەندەڵی لە سەرە، تا ئاستی ئەوەی دەتوانرا وەک وشیار زێباری متمانەی لێوەر بگیرێتەوە! بە راشکاوی دەڵێت: ئارامی شێخ محەمەد ئاگای لە دۆسیەی گەندەڵیەکەیەتی! هەروەها ئەوەش دەڵێت: وەزیری ناوبراو لەو گەندەڵیە بەشی گۆڕانی داوە! سەرنج بدەن چ کارەساتێکە، چ بێدەنگیەکی کوشندەیە، لەم پرسەدا ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانی باسی گەندەڵی وەزیرێکی گۆڕان لە عێراق دەکات، بە ئاگاداری و شایەتی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، هەروەها دەڵێت گۆڕان شەریکی گەندەڵیەکەیە! کەچی ئەوە وتارەکەی عەبدولرەزاق شەریف بو بە رابردو، وەلێ لە نزیکەی ۱۳٠ ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی و گشتی یەک کەس قسەیەکی جدی نەبوو نیە، نە رەد دەکرێتەوە، نە رونکردنەوەیەک بە خەڵک دەدرێت؟! لەوە کارەسات بار تر نە هەڵسوڕاوێک نە دەنگدەرێک، نە پەرلەمانتارێکی کوردستان، نە عێراق قسەیەکی نیە. ئاخر بێ دەنگی و دیزە بە دەرخۆنە کردن، پینەو پەرۆکردن، بەرنامەی گۆڕان کلتوری نەوشیروان مستەفا نەبو! لەم پرسەدا بۆ من دو شت گرنگ بو:ـ یەکەم: لە پرسێکی لەم جۆرەدا بەدواداچون و لێکۆڵینەوە دەبێت بکرێت بۆ خستنە روی راستیەکان بۆ هاوڵاتیان. دوەم: هەرکات ئەندام و لایەنگرانی حیزب لە پرسە هەستیارەکان بێ دەنگ بون ئیدی بە دەستی خۆیان خەرمانی رەنجی خۆیان دەسوتێنن.
سەردەشت عەزیز گهر گهڕانێك بهناو ئینتهرنێت بكهیت بهشێكی زۆری وتاری داهێنهران و كهسه سهركهوتوهكانی جیهان بۆ خوێندكارانی زانكۆیه بهتایبهت لهئاههنگی دهرچووندا، زۆر قورسه بۆ خوێندكارێكی زانكۆ لهدرهوهی زانكۆكهی دهستی بگاته بهو كهسه سهركهوتوانه بهڵام زانكۆكهی بۆی دههێنێته ناو هۆڵی خوێندنهكهی ، زانكۆكانی جیهان كهسه سهركهوتوهكان دهخهنه بهردهم خوێندكارهكانیان تا پێیان بڵێین ئێوهش وهك ئهمان دهتوانن. ئهی زانكۆكانی كوردستان ساڵانه لهئاههنگی دهرچوون چیدهكهن؟ بێجگه گۆرانیبێژ، ئێوه كێتان بینیوه قسهبكات؟ لێره ههموو كهس دهچێته ناو زانكۆكانمان بۆ قسهكردن و گۆرانی وتن تهنها كهسه سهركهوتوهكان نهبێت. خوێندكار كهخوێندن تهواو دهكات لهههر بوارێكدا بێت پێویستی بههاندان و بهرچاو ڕوونی ههیه لهلایهن كهسانی سهركهوتووی بوارهكانی خۆیان. زانكۆی ئێمه هیچ نابهخشێته خوێندكار، وه خوێندكاریشمان هیچی ناوێت، ههربۆیه ئهم ساڵانهی پێشوو هیچ شوێن و دهزگایهك هێندهی زانكۆكانمان خهڵكی بێ بهرههمیان نهخستوهته ناو كۆمهڵگاوه. تۆ كاتێك بانگهێشت دهكرێیت بۆ ئاههنگی دهرچوون چیت بیردهكهوێتهوه؟ ئایا وهك زانكۆكانی دهرهوه ههستدهكهیت ئهمڕۆ وانهیهكی گهوره فێردهكرێیت یان بیرت لای ئهوهیه گۆرانیبێژهكه كێیه یان چی بهرپرسێكی نهزان قسهدهكات. ئێمه بایی ئهوه خهڵكمان ههیه قسه بۆ خوێندكار بكات، بۆ نمونه ماوهی پێشوو كه كۆچهر بیركار هاته كوردستان، لهبری ئهوهی ببرێته كۆلێژی زانست و ئهزمونی خۆی بۆ خوێنكاران باسبكات، كۆچهر قسه بۆ سهرۆكی حكومهت و جێگرهكهی دهكات كه هیچ ئارهزوویان لهبیركاری نیه، یاخود لهبری ئهوهی خوێندكارانی زانكۆ پرسیاری ئاڕاسته بكهن دهزگاكهی كوڕی سهرۆكی حكومهت پرسیاری ئاڕاسته دهكات.
هێمن عەبدولقادر شێخی سەعدی ئەفەرموێ :- یەکێک لە پاشایانی کۆن دارو دەستەکەی حیکایەتی (لەیل و مەجنون)ی بۆ ئەگێڕنەوە ، کە چۆن ڕووی لە سەحرا ناوە و تەرکی ئاوەدانی کردووە ، جڵەوی ئیختیاری لەدەست نەماوە ، پاشا ئەمری کرد (مەجنون)یان هێنا و کەوتە لۆمەکردنی و سوکایەتی زۆری پێ کرد و پێی ووت لە (ئێمە چ زەرەرێکت دیوە وا خوی دەعبات گرتووە و تەرکی رەفیقانی خۆت و ئاوەدانیت کردووە)، ئەوجا پاشا فەرمانی کرد کە (لەیلا) ببینێ تا بزانێت چ ڕوخسارێکی هەیە وا ئەم بەد بەختەی سەرگەردانی سەحرا کردووە ، دەست و پێوەند گەڕان و (لە یل)یان هێنا بۆ کۆشک ، پاشا کە مەجنونی بینی بەلایەوە زۆر ناشیرین بوو وا بیری دەکردەوە کە تەنانەت خزمەتکارەکانی کۆشک لە لەلیلا جوانتر بوون بۆیە دووبارەوە کەوتەوە سەر زەنشتی ، مەجنون زۆر لە سەر خۆیی ووتی پاشای گەورەم :- (تۆ لە چاوی خۆتەوە سەیری مەجنونت کردووە بۆیە لەلات جوان نیە ، ئەگەر لە چاوی منەوە دەیبینی تۆش وەکو من دەکەویتە کێو و سەحرا) .......................... (تا بجای ترنج در نڤرت ... بی خبر دستها برید ندی) ئەوانەی کە تەنها ڕووکەشانە سەیری بابەتەکان دەکەن و لێیان دەڕوانن ، هەمیشە لۆمەی خەڵکی دەکەن ، ئاخر خۆ ئەوانەی کە لە کاتی پاککردنی سێودا دەستی خۆیان دەبڕن ، خۆ ناکرێت لۆمە بکرێن بەڵام ئەگەر لە چاوی ئەو ژنانەی کە دەستیان بڕدرا دیمەنەکە ببینن قەت لۆمەی کەس ناکەن ، چونکە مەعلومە ئەوان لە کاتی سێو پاککردنەکەدا جوانی (یوسف)یان بینیوە بۆ یە ئازاری بڕین دەچێژن ................................ لە مانۆڕی (شۆفێری)دا شتێک هەیە پێی دەڵێن ناوچەی کوێر یان ناوچەی نە بینراو ، ئەم ناوچەیە بە ئاوێنە نابینرێت ، ئیلا هەر ئەبێت زۆر بەووردی ئاوڕ بدەیتەوە و بەخێرایی تەرکیز بکەیت ئەم بینینی ناوچەی نەبینراوە پێویستی بە لێهاتوویەکی زۆر هەیە ، شۆفێری بەسەلیقە دەتوانێت ئەم کارە بکات لە ژیانی هەمووماندا ناوچەیەکی (کوێر) یان نەبینراو یان تاریک هەیە ، هیچ کات ناتوانین ڕوداوەکان وەک خۆیان ببینین ئیلا یان دەبێت بەوردی ئاوڕ بدەینەوە یان لە چاوی ئەوانەوە دیمەنەکان ببینین ............................................ ئەگەر خەڵکی لە چاوی ئەوانی ترەوە دنیای بدیتبا رەنگە ئەم دنیا هێندە پڕ نەبوایە لەم هەموو لۆمە و سەرزەنشتکردنە ، (گفتن از زنبور بی حاصل بود) باس کردنی ئازاری پێوەدانی زەردەواڵە بێ فایدەیە ، ئیلا ( خورد ناخوردە نیش) مەگەر تەنها ئەو کەسەی کە پێوە درابێ. عیشق ، ڕێز ، خۆشەویستی ، لێبوردن ، بێ دەنگی ، توڕە نەبوون ، بڕیار نەدانی پێش وەخت پێویستی بە (بەصیرەتی دڵ) هەیە نەک بینی چاو ناوچەی نەبینراو نوقتە سەری دێڕ ......
هیوا سەید سەلیم خۆكوشتن دیاردەیەكە زۆر جار تاكەكەن وەك كاردانەوەیەك لەبەرامبەر رووداوێك یان دیاردەیەك پەنای بۆ دەبەن، لە هەرێمی كوردستان زۆربەی جار خۆكوشتنەكان بە هۆی كێشە كۆمەڵایەتیەكان بووە، جا لە برسیەتی و بێكاری بگرە تا كێشە خێزانیەكان، بەڵام جارجاریش دەبیستین خەڵك بەهۆی بێ زاری لە دۆخی سیاسی و ئابووری پەنای بۆ خۆكوشتن بردوە، یان هەڕەشەی خۆ كوشتنی كردووە، جا ئەو هەڕەشەیە لەسەر ئاستی تاك بوویێت یان بە كۆمەڵ. ساڵی 1994 لە دەستپێكی شەڕی ناوخۆ و بۆ رێگری و پرۆتستۆكردنی شەڕی ناوخۆ، ژمارەیەك كەسایەتی و نووسەر و رۆژنامەنووس لە هەولێری پایتەختی كوردستان هەڕەشەی خۆسوتاندنیان كرد، كە ئەگەر پارتی و یەكێتی وەك دوو حزبی سیاسی حاكمی كوردستان شەڕ لە نێوانیان هەڵبگیرسێێنن، كەچی شەڕە هەڵگیرساوە هەڕەشەكانی ئەوان كەس گوێی بۆ شل نەكرد. دوا ڕوداوی خۆكووشتنیش ئەو ڕووداوە بوو كە لە بادینان حاكم گۆران، پەنای بۆ برد كاتێك خواستەكانی لە (چاكسازی و یەكڕیزی و سەربەخۆیی) نەهاتەدی، دوای ساڵێك لە پەناگیری لە شاخ دوای ڕوداوی ریفراندۆم، سەرەنجام لە بەرنامەیەكی ڕاستەوخۆی تۆڕی كۆمەڵایەتی فێسبووك، بەدەستی خۆی كۆتایی بەژیانی هێنا، وەك خۆی ووتی لە پێناوە ئەو درووشمانە گیانی خۆی كردە قوربانی. حاكم گۆران، كێ بوو یان بۆچی قەناعەتی وابوو كە ریفراندۆم سەربەخۆیی بەدواوە دێت؟ ئەوە پێویستی بە لێكۆڵینەوەی زیاترە وە كەسانی نزیك لەخۆی دەتوانن روونكردنەوەی لەسەر بدەن، بەڵام ئەوەی ئێمە مەبەستمانە قسەی لەبارەیەوە بكەین هەڵوێستی ئەو دەسەڵاتەیە لەبەرامبەر ئەو جۆرە ناڕەزایانە و رووداوی حاكم گۆران بە نموونە. چەندین مانگە حاكم گۆران وەك كەسێكی دابڕاو لەو گۆمەڵگایە لە شاخ ماوەتەوە، هۆكاری مانەوەشی ئەو هەڵوێستە بوو كە لە ریفراندۆم وەریگرت بوو، كە ئەویش خەونی بەدیهێنانی سەربەخۆیی كوردستان بوو لە چوارچێوەی ریفراندۆم، كە خەونەكەی نەهاتەدی و ریفراندۆم ئەوەی لێنەكەوتەوە كە حاكم گۆران بیری لێدەكردەوە، دەبوو ئەو كەسە لە تەنیایی نەهێڵدرێتەوە تا ژیانی بەو تراژیدیە كۆتایی پێبێت. خۆكوشتنی حاكم گۆران، ئەوەمان پێدەڵێت كە ئەو دەسەڵاتە هێندە بێ باكە نەك گیانی مرۆڤەكان، بگرە بیر لە لێكەوتەی ئەو ڕووداوانەش ناكاتەوە كە كاریگەریان بۆ پێكەی ئەودەسەلاتە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی كوردستان دەبێت، ئەگینا نەدەبوو روداوی لەو شێوەیە هەرگیز ڕووبدات. هەر بۆیە نابێت هەرگیز تاكی كورد وەك ئامرازێك بۆ دەنربڕینی ناڕەزایەكانی لەبەرامبەر نادادی و گەندەڵی و زۆرێك لە دیاردە قێزەونەكانی هەرێمی كوردستان بیر لە خۆكشتن بكاتەوە ، چونكە سەرنجام قوربانیەكە خۆی دەبێت و كەسیش لەوانەی هۆكاری ئەو دۆخەن مێش میوانیان نابێت.
سالار مەحمود پێشهاتی نوێ چاوەڕێی عیراق و هەرێمی کوردستان دەکات. کێشەی نێوان هەردوو وڵات کاریگەری کردۆتە سەر دۆخی سیاسی لەعیراقدا، هەریەکە لە ئێران و ئەمریکا دەیانەوێ عیراق بەلای خۆیاندا پەلکێش بکەن، عیراقیش دەیەوە بێ لایەن بێ و ناوەڕاستی تەرازووەکە بگرێ. کرانەوە بە رووی وڵاتانی دراوسێ و جوڵەی دیبلۆماسی لە دژواری دۆخەکە کەمناکاتەوە، بەقەد ئەوەی لەناوخۆدا ئیرادەی کرداریی بۆ رووبەڕووی مەترسیە کوشندەکەی عیراق دروست نەکرێت. هەڕەشەی گەورە لەئێستادا گەندەڵیە، کە دەیان جۆر گەندەڵی دارایی و کارگێڕیی و سیاسی لە وڵاتدا بوونەتە مەترسی سەرەکی لەسەر چارەنووسی بەڕێوەبردن. ئاڵنگاری گەورە بەکرداریکردنی میکانیزمەکانی رووبەڕووبونەوەی دیاردەی گەندەڵیە. هەمان ئیرادەی سەرکەوتن بەسەر تیرۆری داعش پێویستە، بۆ سەرکەوتن بەسەر گەمارۆدانی گەندەڵی و سەرخستنی هەوڵە نوێکانی کەمکردنەوەی. عیراق و هەرێم لە گەمارۆدانی گەندەڵی دەتوانن هێز وەرگرن و لەتوانایاندایە دەرباز ببن لە ململانێی نێوان ئەمریکاو ئێران و دوورخستنەوەی گۆڕەپانی بەریەککەوتنەکانی نێوانیان. ئەشێ ئەو پرسیارە دروست ببێ کە بابەتی گەندەڵی و خۆ پاراستن لە دەستێوەردانی وڵاتان دوو کەیسی جیاوازن بەڵام بۆ هێزی ناوخۆیی و یەک گوتاری و هەستانەوە بەڕووی هەردوو مەترسیەکەدا یەکتر تەواوکەرن. یەک گوتاری و یەک سیاسەتی هاوبەشی دەسەڵاتەکانی عیراق و هەرێم بەرامبەر بە ئەمریکاو ئێران پێویستە بۆ ئەمەش دروستکردنی ژووری عەمەلیاتی هاوبەش بە پێویست دەزانرێ بەر لە هەڵکردنی گەردەلولی ناکۆکیەکانیان. یەک ئاراستەی کار دروست نەبێت ئەوا بە ئاسانتر دەستێوەردان لەسیادەو سامان لایەن هەردوو وڵاتی ناکۆکەوە دروست دەبن و، وڵات دەبێتە پێخۆری شەڕی بەرژەوەندیەکانیان. هاودەنگی دەسەڵاتەکان و کاربەدەستان بەپێی دەستور گرەنتی سود وەرگرتن لە بەردەوامی ئارامی سیاسی و کۆمەڵگایی، دەرفەتی زیاتر دەدەن بۆ ئایندەیەکی باشتر لە ئێستای پڕ دڵەڕاوکێ و، واش دەکات لایەنە دەرەکیەکان سڵ بکەنەوە لەدەستێوەردان و بیرکردنەوە لەوەی وڵاتەکە بە هەرێمەوە بکەنە گۆڕەپانی شەڕی بەرژەوەندیەکانیان لەسەر حیسابی خەڵک و سامانەکەی. پەلەکردن لە بەجێگەیاندنی بەڵێنەکان و بەکردار کردنیان توڕەیی شاراوەی شەقام لە گەرمای هاوینی چاوەڕوان کراو سارد دەکاتەوە. تێوەگلانی بەشێک لەدەسەڵاتداران لەگەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات، سەرمایەیەکی لەحساب نەهاتووی بەفیڕۆ داوەو یەک گوتاری نەهێشتوەو کارتەکانی تێکەڵکردوە. لەبەر ئەوە شەڕی گەندەڵکاران و تۆڕی جاڵجاڵۆکەی بەرژەوەندیخوازان شەڕێکی یەخەگرتووی سەختەو، چیتر دواخستن هەڵناگرێ. هەر لەم سۆنگەیەوە لەبەرپاکردن و سەرکەوتنی شەڕی گەندەڵیدا دەتوانرێ عیراق بكەوێتە دەرەوەی بەرداشی نێوان ئەمریکا ئێرانەوە نەک لەنێوان بەرداشیاندا بهاڕدرێ. .
كەمال چۆمانی میدیا لەبری ئەوەی ببێتە جێی یەکلاییکردنەوەی ململانێ ناوخۆیییەکانی حیزبەکان، پێویستە خۆی قسەی هەبێت لەسەر ململانێکان؛ لەبری ئەو هەمو گرنگیدانە بە ململانێ ناوخۆیییەکان، پێویستە قسە لەسەر سیاسەتەکانی حیزبەکان بکات؛ لەبری ئەوەی دو ئەندام پارلەمانی نەخوێندەوار لە دو فراکسیۆنی جیاواز میوانداریی بکرێن و قسە لەدژی یەکتر بکەن، پێویستە میدیا پرسیار لە خۆیان بکات کە چەندە بە ئەرکی پارلەمانتارییان هەڵساون؛ لەبری ئەوەی ئەندام پارلەمان لەسەر سیاسەتی ناوچەکە قسەبکات، پێویستە کەمێک خۆی پەروەردە بکات بزانێت سیاسەت و ئایدیۆلۆژیای -ئەگەر هەیەتی- چییە؛ لەبری ئەوەی رۆژانە دەیان بەرپرسی حیزبی لە دەزگاکان قسەبکەن، پێویستە دەزگاکانی راگەیاندن هەواڵ و بەدواداچون بکەن بۆ کاروباری حکومەت و دەزگاکان؛ لەبری ئەوەی ئەندامێکی مەکتەب سیاسیی بانگبکەن لەسەر کێشەکانی حوکمڕانیی قسەبکات، وەزیرێک بانگبکەن کە لەسەر سیاسەتی وەزارەتەکەی قسەبکات؛ لەبری ئەوەی بەیاننامەی حکومەت بڵاوبکەنەوە لەسەر رۆژی کرێکاران، میدیا دەبێ لە حکومەت بپرسێ چەندە مافەکانی کرێکارانی دابینکردوە.... ئەو لەبری و لەجیاتییانە زۆرن و لیستەکە درێژ دەبێت، بەس بە راستی ئینسان ماندو دەبێت هەر کاتێک هەر ماڵپەڕێک دەکەیتەوە بەرپرسێکی حیزبییە و قسەیکردوە. تەلەفۆنکردن بۆ بەرپرسێک و وەرگرتنی لێدوانێک، ئاسانترین کارێکە کە رۆژنامەنوس دەتوانێت بیکات بۆ خۆدزینەوە لە کاری جدیی. میدیا پێویستە حکومەت و حیزب و کۆمپانیاکان بێزاربکات لەڕێی راپۆرت و بەدواداچون و هەواڵ و ستونی جدیی نەک خوێنەرەکانی.