بۆچی ئیسرائیل نایەوێت كەرتی غەزە داگیربكات ؟
2019-05-05 05:39:28
د. سەنگەر سەیدقادر
لە دوای ئەوەی دوێنێ دوو سەرباز و ئەفسەرێكی ئیسرائیلی بە قەناسی چەكدارانی حەماس كوژران، دوابەدوای ڕووداوەكەی دوینێ لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ وە تا ئێستا ئیسرائیل زیاتر لە ٢٣ ئامانجی لە ناو كەرتی غەزە بە ٦٣ موشەك بۆردومان كردوە
لەبەرامبەردا بزوتنەوەی حەماس و جیهادی ئیسلامی ١٥٠ موشەكیان ئاراستەی شارەكانی عەسقەلان بئر سبع و اسدود و ئیلات كردوە و لەو هیرشانەدا تەنها هاوڵاتیەكی ئیسرائیل برینداربوە
كەرتی غەزە
كەرتی غەزە ڕووبەرێكی بچوكی داخراوە كە تەنها ٣٦٥ كیلۆمەتر چوار گۆشیەوە بەتەواوی دابڕاوە لە فەلەستین و لە باكوریەوە هاوسنوری شاری ئەشكەلونە و لە ڕۆژهەڵاتیشەوە هاو سنوری شاری بئیر سبع ی ئیسرائیلە و لە باشوریشیەوە سنورێكی كەمی لەگەڵ شارۆچكەی رەفەحی میسردا هەیە.
ئایا ئیسرائیل بۆ كەرتی غەزە داگیر ناكات؟
زۆر جار پرسیاری ئەوە دەكرێت كە سوپای ئیسرائیل بەو هەموو توانا سەربازیەوە بۆ چی نەیتوانیوە كەرتی غەزە داگیر بكات ؟
لە ساڵی ٢٠١٨ لە كاتی كۆنفرانسی زانستی زانكۆی تەلئەبیدا یەكێك لە ئامادەبوان ئەو پرسیارەی لە شمعون نافیەی گەورە لێكۆڵەری ستراتیژی ئیسرائیل كرد لەوەڵامدا شەمعون گوتی ( زۆر بە كورتی ئیسرائیل دەتوانێت لە چەند ڕۆژێكدا دەست بەسەر غەزەدا بگرێت بەڵام ئیسرائیل نایەوێت ئەو كارەبكات چونكە خۆكوژیە و زیانی زۆری دەبێت بۆ ئیسرائیل )
وەڵامەكەی شەمعون دروست بوو بەڵام ڕوونكردنەوەی نەدا، بۆیە لێرەدا بەكورتی هۆكاری ڕاستەقینەی داگیرنەكردنی كەرتی غەزە دەخەمەڕوو كە پەیوەندی بە بەهێزی بزوتنەوەی حەماس و جیهادی ئیسلامیەوە نیە كە خاوەنی چەند هەزار سەربازێكن، بەڵكو چەند هۆكارێكی ترە كە گرنگترینیان بریتیە لە :
١-دانیشتوانی غەزە عەرەبی مسوڵمانن لە ئەگەری داگیر كردنی غەزەدا ژمارەی دانیشتوانی عەرەبی مسوڵمان لە ناو ئیسرائیلدا بۆ لەسەدا ٣٠% بەرز دەبێتەوە و ئەمەش مەترسیە بۆسەر ئاسایشی نەتەوەی ئیسرائیل بەتایبەت بە هۆی دەسەڵاتی ٣٢ ساڵەی حەماسەوە دانیشتوانی كەرتی غەزە بە فكری جیهادی دژە ئیسرائیل بارگاوی كراون.
٢- هۆكاری دووەم بریتیە لەوەی ئیسرائیل دەیەوێت چاو لەسەر قودس لابدات وەك چەقی ململانێی (ئیسرائیل-فەلەستین. و ئیسرائیل -عەرەب) لە بەرامبەدار كەرتی غەزە بكات بەچەقی ململانێكان و لەمەشدا سەركەوتووبوو.
٣- مانەوەی كەرتی غەزە لەژێردەستی حەماسدا لەلایەك ناكۆكی نیوان حەماس و جیهاد و بزوتنەوەی فەتحی قوڵتر كردوەتەوە، لە لایەكی ترەوە هەڵوێستی وڵاتانی عەرەبی لەبەرامبەر كێشەی فەلەستیندا لاواز كردوە و دابەشی كردوون بەسەر دووبەرردا كە بەرەی ئیمارات و سعودیە دژی حەماسن بە هۆی باگراوەندە ئیخوانیەكەی و پەیوەندی لەگەڵ ئێران و توركیادا
٤- یەكێكی تر لە هۆكارەكانی داگیر نەكردنی غەزە مەترسی كۆمەڵكوژی و زیانی گەورەی مادی و بەشەریە كە ناوبانگی ئیسرائیل لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ناشیرین دەكات و كاریگەری خراپی دەبێت لە سەر پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكانی ئیسرائیل
بۆ خۆپاڕاستن لەو مەترسیانە ئیسرائیل دەیەوێت بە پلانێكی ستراتیژی و بەهاوكاری ئەمەریكا كۆتایی بە كێشەی كەرتی غەزە و فەلەستین بهێنێت لە چوارچێوەی ڕێكەوتنی سەدە دا( صفقە القرن) كە بڕیارە دوای ٣ ساڵ لە ئامادەكاری لەدوای مانگی ڕەمەزانەوە لە لایەن گارید كۆشنەری زاواو ڕاوێژكاری ترەمپەوە ڕابگەیەنرێت.
ئەگەرنا نە حەماس ئەوهێزەیە بتوانێت ڕووبەڕووی ئیسرائیل بێتەوە، نە ئیسرائیلیش ئەو هێزەلاوازەیە كە نەتوانی لە ماوەی چەند ڕۆژێكدا كۆتای بە حەماس بهێنێت، لەكاتێكدا ٥٢ ساڵ پێش ئێستا ئیسرائیل توانی سوپای ٥ دەوڵەتی عەرەبی تێكبشكێنت و بەشێكی خاكی سوریا و لوبنان و میسر و ئەردەن و فەلەستین داگیربكات.