Draw Media

دەروازەی سنوری ئۆڤاكۆی‌و مەترسییە جدییەكانی

دەروازەی سنوری ئۆڤاكۆی‌و مەترسییە جدییەكانی

2019-05-05 16:15:11


عەبدولڕەحمان رەزگەیی
كردنەوەی دەروازەیەكی سنوری نوێ لە نێوان عێڕاق و توركیا بە ناوی (دەروازەی سنوری ئۆڤاكۆی) لە ئێستادا بۆتە پرسێكی جدی لە نێوان ھەردوو وڵاتدا و سەرچاوە فەرمیەكانی ھەردوو وڵاتیش چەند جارێك باسیان لە گرنگی ئەم پرسە كردۆتەوە، بە پێی ھەواڵێكی (ئاژانسی ئەنادۆڵ) ی توركیا و ھەروەھا وەزیری دەرەوەی توركیا (مەولود چاوش ئۆغڵۆ) كە لە تویتێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر باسی كردووە، كە ئامانجی سەرەكی لە دواین سەردانی بۆ عێڕاق و ھەرێم بۆ ئەم مەبەستە بووە و بۆ ئەم پرسەش لەگەل بەرپرسانی عێڕاق و ھەرێم كۆبۆتەوە، باسی لە جێبەجێكردنی كردارێ پڕۆژەكە كردووە لەماوەیەكی نزیكدا، نەخشە ڕێگای جێبەجێكردنیش لەلایەن توركیاوە ئامادەكراوە.

ناوچەی ئۆڤاكۆی لە ڕووی جیۆگرافیەوە بایەخێكی گرنگی ھەیە بۆ ھەردوو وڵاتی توركیا و عێڕاق كە دەكەوێتە سەر سنوری عێڕاق، ھەرێم و توركیا،  لەگەل عێڕاق ھاوسنورە لەگەل شارۆچكەی تەل-ئەعفەر لەگەڵ توركیا ھاوسنورە لەگەڵ شاری سلۆپی و لەگەڵ ھەرێم ھاوسنورە لەگەل شارۆچكەی زاخۆ بەدووری ١٢ كیلۆمەتر لە باشووری خۆرئاوای دەروازی سنوری پێشخابوور ، ھەرچەندە ئەم ناوچەیە لە دیوی عێڕاق لە ژێر كۆنتڕۆڵی ھێزی پێشمەرگەدایە، بە دوری ٣٠ كیلۆمەتر لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی مەركەزیەوە دوورە و بە بێ ڕەزامەندی حكومەتی ھەرێم كارێكی ئاسان نابێت، لە ١٦ ی ئۆكتۆبەر سوپای عێڕاق ھەوڵیدا لە ڕێگەی شەڕەوە دەست بەسەر ئەم ناوچەیەدا بگرێت، بەڵام سەركەوتوو نەبوو، بەڵام لە ئێستادا توركیا و عێڕاق سورن لەسەر ئەوەی كە دەبێت پێشمەرگە ئەو ناوچەیە ڕادەستی ھێزەكانی پۆلیسی فیدڕاڵی بكات و بە پێی ھەندێك سەرچاوەش وەزیری دەرەوەی توركیا ئەم پرسەی لەگەڵ سەرۆكی حكومەتی ھەرێم باسكردووە و داوای كردووە ڕێگری نەكەن لە كردنەوەێ ئەم دەروازەیە.

ئامانجەكانی توركیا لە كردنەوەێ ئەم دەروازەیە و كۆمەڵێك مەترسی گەورەی دوور مەودا لەسەر ھەرێم و ڕۆژئاوای كوردستان دروستدەكات:-
- توركیا ھیچ سنورێكی جیۆگرافی لەگەڵ عێڕاقدا نیە ئەگەر لە ڕێگەی ھەرێمەوە نەبێت، ئەمەش لە ڕابردوودا بۆتە ھۆی ئەوەی توركیا نەتوانێت بازرگانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ عێڕاقدا بكات، كردنەوەێ ئەم دەروازەیەش گرێیەكی گەورەی مێژوویی بۆ توركیا دەكاتەوە و لەم ڕێگەیەوە دەتوانێت بازرگانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ عێڕاقدا بگات، ئەمەش دەبێتە ھۆی پەراوێزخستنی ھەرێم و وەك بەدیلێك بەكاریدێنێت بۆدەروازەی سنوری ئیبڕاھیم خلیل جوڵەی بازرگانی لەم دەروازەیە سنوردار دەكات، و لە ھەمان كاتدا نیگەرانیەكانی عێڕاق دەڕەوێنێتەوە لە ھەمبەر كرینی نەوت لە ھەرێمی كوردستان.
- توركیا لەوە تێگەشتووە بە بازرگانی كردن لەگەڵ عێڕاق داھاتێكی زیاتری دەست دەكەوێت وەك لەگەڵ ھەرێم، چونكە سەرەڕای ئاڵوگۆڕكردنی كەلو پەلی بازرگابی، ئێستا ھەرێم ڕۆژانە ٣٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردەی توركیا دەكات، بەڵام عێڕاق دەیەوێت تێكڕای بەرھەم ھێنانی نەوت لە كەركوك بۆ ١ ملیۆن بەرمیل بەرزبكاتەوە لە چەند ساڵی داھاتوودا و تەواوی ئەو نەوتەش لەڕێگەی توركیاوە ھەناردە بكات، ئەگەر ھەیە ئەوكات توركیا ڕازی نەبێت چیتر نەوت لە ھەرێم بكڕێت بەمەش ھەرێم بە تەواوی پەراوێزبخەن ھەرێم  ناچاربێت تەواوی نەوتەكەی ڕادەستی بەغدا بكات، ئەمەش ھەنگاوێك دەبێت بۆ دوبارە بە پارێزگا بوونەوەی ھەرێم.
- توركیا ھەمیشە ڕیسكی ئەوەی ھەیە لە جیھانی ئیسلامی و عەڕەبی داببڕێت، بەتایبەت دوای كۆنتڕۆڵكردنی بەشێكی زۆری باكوری سوریا لەلایەن ھێزەكانی سوریای دیمۆكرات، بۆیە توركیا ھەوڵدەدات زیاتر بەڕووی جیھانی ئیسلامی و عەڕەبیدا بكرێتەوە و لە چوارچێوەی ئەو خەونە صوڵگانیزمیە نوێیەی كە ئەردۆغان ھەیەتی، بەتایبەت ئەو ناوچانەی موصڵ و كەركوك كە زۆرینەی دانیشتوانەكانی ھەم سوننەن و ھەمیش لە ڕووی ئیتنیكیەوە ژمارەیەكی زۆر توركمان لەو ناوچانەدا دەژین، سەرەڕای ھەموو ئەانەش توركیا ھیچ كات سازشی لەسەر ئەم ناوچانە نەكردووە و وەك بەھایەكی مێژوویی لە دەستچوو سەیریان دەكات بۆیە ھەوڵدەدات پەویوەندیەكی كرداری لەگەڵ ئەو ناوچانەدا دروستبكات، ئەمەش مێسجێكە بۆ ئەوەی بڵێت كە توركیا ھەرگیز دەستبەرداری ئەو ناوچانە نابێت ھەم لە ڕووی سیاسی و ھەم ئابوریەوە پشتگیری ئەو ناوچانە دەكات.
- ئامانجێكی تری ستراتیژی توركیا ئەوەیە ھەرێمی كوردستان و ڕۆژئاوای كوردستان لەیەكتر داببڕێت ئەگەر ئەم ھەڵەش سەربگرێت دەتوانێت ھەرێم و ڕۆژئاوای كوردستان بە دووری ٣٠ كیلۆمەتر لەیەكتر دوور بخاتەوە ئەمەش گورزێكی گەورەی مێژوویی دەبێت كە لە پرسی كوردی دەدات.
- توركیا ماوەیەكی زۆرە لەڕێگەی عێڕاقەوە ھەوڵدەدات ھەژموونی ھێزەكانی پەكەكە لە شەنگال و ناوچەكانی تر كۆتایی پێبێنێت، بۆیە پێدەچێت ئامانجێكی تری توركیا ئەوەبێت كە دەستوەردانەكانی لە ناوچەكانی شەنگال زیاتربكات بۆ كەمكردنەوە و نەھێشتنی ھەژموونی پەكەكە لەو ناوچانە بەتایبەتی و فراوانكردنی شەڕیش لەدژی پەكەكە بەشێوەیەكی گشتی، چونكە بە نزیكبوونەوە لەم ناوچانە دەتوانێت ئاسانتر یارمەتی لۆجیستی بگەیەنێتە سوپاكەی و چاودێری جموجۆڵەكانت پەكەكە بكات.
سەرەنجام ئەگەر  كردنەوەی ئەم دەروازەیە سەربگرێت كۆمەڵێك لێكەوت و درەنجامی نێگەتیڤ لەسەر داھاتووی ھەرێم و ڕۆژئاوای كوردستان دروستدەكات، حكومەتی ھەرێمیش ھەستی بەو مەترسیە كردووە و ھەوڵەكانی چڕكردۆتەوە بۆ ڕێریكردن لە كردنەوەی ئەم دەروازەیە، ھەر لەسەر ئەم پرسەش وشیار زێباری لە لێدوانێكیدا بۆ كەناڵی ڕووداو بیرۆكەی كردنەوەی ئەم دەروازەیەی وەك پلانگێڕی دوبارەكردنەوەی ھەمان سیاسەتی ڕژێمی سەدام حسێن وەسفدەكات، باس لەوش دەكات كە ئەستەمە ھەرێم ڕێگەبدات، بەڵام پێناچێت ھەرێم بتوانێت ڕێگری بكات، یان ئەگەری زۆر ھەیە بە دانوستان یان لە بەرامبەر كۆمەڵێك دەستكەوتی مادی  تەسلیم ببن.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand