دوای نۆ ساڵ لە شەهیدکردنی سەردەشت، تیرۆر کۆتایی هاتووە؟
2019-05-05 07:47:02
بێریڤان محەمەد
لە باشوری کوردستان دوو حەقیقەت هەن کە لە لەناو شەڕی بەردەوامدان دژ بە یەکتیر ئەویش (حەقیقەتی کۆمەڵگا و حەقیقەتی دەسەڵات)ە.
لە حەقیقەتی کۆمەڵگادا ئەو مرۆڤە ڕاستگۆ و شۆڕشگێر و ئازادیخواز و تێکۆشەرانە هەن کە دژ بە ستەم و نادادی و خراپەکاری دەسەڵات تێدەکۆشن و هەردەم لەشەڕدان بۆ پاراستنی شکۆی مرۆڤ و شکۆی نەتەوە و ویژدان و ئەخلاق، لەگەڵ هەموو تیرۆر و هەڕەشە و گرتن و ئەشکەنجە و برسیکردن و ڕاوەدونان ئەوان لەپێناو پاراستنی بەها بەرز و پیرۆزەکاندا لەبەرخۆدان دان.
شەهید سەردەشت و شەهیدانی دیکەی قەڵەمی ئازاد و شەهیدانی ڕێی ئازادی و دیموکراتی حەقیقەتەکانی کۆمەڵگان، ئەوان پێشەنگ و نرخەکانی کۆمەڵگان، لە کەسایەتی ئەواندا هەردەم هێڵی تێکۆشان دژ بە تەسلیم بون بەدەسەڵات گەشە دەکات و پێشدەکەوێت.
لە حەقیقەتی دەسەڵاتدا هەموو زاڵم، ستەمکار، گەندەڵ، بەڵتەجی و جەلادەکان دەگەنە یەک، ئەوان کە دەکەونە نێو ئەم بەشەوە، لەڕێی تیرۆر و تۆقاندن و هێزی چەکداریەوە دەستیان بەسەر وڵاتدا گرتووە، ئەوان هەمیشە ڕوبەڕووی تێکۆشەرانی ڕێگەی ئازادی بونەتەوە، ئەم هێزە دەسەڵاتپەرستانە بەدرێژایی مێژویان لەپێناو مانەوەیان و لەپێناو کورسی و پارە لەشەڕدا بوون دژ بە حەقیقەتی کۆمەڵگا، بۆ بەردەوامیدان بە دەسەڵاتداری بنەماڵە و مافیا و خێڵەکیان، بەردەوام دەستیان لەدەستی داگیرکەرانی نەتەوەی کوردا دەرنەهێناوە، لەپاڵ ئەوەشدا هەزاران ئازادیخوازی گەلی کوردیان تیرۆرکردووە.
تیرۆرکردن و شەهیدکردنی سەردەشت عوسمان حەقیقەتی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان زیاتر ئاشکرا کرد، چیرۆکی تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان هاوشێوەی ئەو چیرۆک و سیناریۆیانەیە کە دکتاتۆریەتی بەعس ئازادیخوزانی پێ تیرۆر دەکرد، ئەمەش نیشانی دەدا کە زهنیەتی دەسەڵاتداری لە هەرێم درێژکراوە هەمان مۆدێل و زهنیەتی دیکتاتۆرەکانی پێشخۆیەتی.
مادام هێشتاش دکتاتۆریەت حاکمە، تیرۆر و سەرکوتی ئازادی بەردەوامە، ئەوا ئەمڕۆ تێکۆشانی ئازادی دژ بەو دیکتاتۆریەتە خۆجێیە، لەهەموو کات پیویستترە، سەردەشت و کاوە وسۆران و ویداد و هەڤاڵانیان هێڵی تێکۆشانی دیموکراتین لە پێناو ئازادی و دادپەروەردا.
بەخاوەنداریکردن لە ڕێبازی سەردەشت و هاوڕێکانی، دەتوانرێت ئەو شۆڕشە کۆمەڵاتییە دروستبیت کە پێویستی کۆمەڵگای باشوری کوردستانەِ، دەبێت ئەو شۆڕشە لەبەرامبەر سستەمی ناسستەم و ناعەدالەتی و دەسەڵاتی دژە ئازادی و دژە دیموکراتی پێشبکەوێت و سەربکەوێت.
مادام تیرۆر بەردەوامە ئەوا لەم قۆناغەدا کە بەهۆی ستەمی دەسەڵات تێکۆشانی ئازادی کۆمەڵگا لاواز بووە، ڕێبازی سەردەشت و هەڤاڵانی ڕۆشنترین ڕێگای پێشخستنی ئەو تێکۆشانەیە.