Draw Media

میدیای بێزارکەر

میدیای بێزارکەر

2019-05-02 14:08:24


كەمال چۆمانی 

میدیا لەبری ئەوەی ببێتە جێی یەکلاییکردنەوەی ململانێ ناوخۆیییەکانی حیزبەکان، پێویستە خۆی قسەی هەبێت لەسەر ململانێکان؛ لەبری ئەو هەمو گرنگیدانە بە ململانێ ناوخۆیییەکان، پێویستە قسە لەسەر سیاسەتەکانی حیزبەکان بکات؛ لەبری ئەوەی دو ئەندام پارلەمانی نەخوێندەوار لە دو فراکسیۆنی جیاواز میوانداریی بکرێن و قسە لەدژی یەکتر بکەن، پێویستە میدیا پرسیار لە خۆیان بکات کە چەندە بە ئەرکی پارلەمانتارییان هەڵساون؛ لەبری ئەوەی ئەندام پارلەمان لەسەر سیاسەتی ناوچەکە قسەبکات، پێویستە کەمێک خۆی پەروەردە بکات بزانێت سیاسەت و ئایدیۆلۆژیای -ئەگەر هەیەتی- چییە؛ لەبری ئەوەی رۆژانە دەیان بەرپرسی حیزبی لە دەزگاکان قسەبکەن، پێویستە دەزگاکانی راگەیاندن هەواڵ و بەدواداچون بکەن بۆ کاروباری حکومەت و دەزگاکان؛ لەبری ئەوەی ئەندامێکی مەکتەب سیاسیی بانگبکەن لەسەر کێشەکانی حوکمڕانیی قسەبکات، وەزیرێک بانگبکەن کە لەسەر سیاسەتی وەزارەتەکەی قسەبکات؛ لەبری ئەوەی بەیاننامەی حکومەت بڵاوبکەنەوە لەسەر رۆژی کرێکاران، میدیا دەبێ لە حکومەت بپرسێ چەندە مافەکانی کرێکارانی دابینکردوە....
ئەو لەبری و لەجیاتییانە زۆرن و لیستەکە درێژ دەبێت، بەس بە راستی ئینسان ماندو دەبێت هەر کاتێک هەر ماڵپەڕێک دەکەیتەوە بەرپرسێکی حیزبییە و قسەیکردوە. تەلەفۆنکردن بۆ بەرپرسێک و وەرگرتنی لێدوانێک، ئاسانترین کارێکە کە رۆژنامەنوس دەتوانێت بیکات بۆ خۆدزینەوە لە کاری جدیی. میدیا پێویستە حکومەت و حیزب و کۆمپانیاکان بێزاربکات لەڕێی راپۆرت و بەدواداچون و هەواڵ و ستونی جدیی نەک خوێنەرەکانی.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand