Draw Media

رێككەوتنی (نەوت بەرامبەر بنیادنان)

رێككەوتنی (نەوت بەرامبەر بنیادنان)

2024-11-23 12:05:58


 
(درەو):
چین یەكەم هەنگاوی رێككەوتنی "نەوت بەرامبەر بە بنیادنان"ی لەگەڵ عێراق جێبەجێكرد، لەكۆی 1000 خوێندنگە (790) خوێندنگەی تەواوكرد.
محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ بەشێوەی ئۆنلاین بەشداریكرد لە كردنەوەی (790) خوێندنگەی نمونەیی لە پارێزگاكان.
پرۆژەی دروستكردنی ئەم خوێندنگانە لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی نێوان (عێراق) و (چین)دایە كە ناوی لێنراوە رێككەوتنی "چوارچێوەیی چین"  یاخود رێككەوتنی "نەوت بەرامبەر بنیادنان" دروستكردنی (1000) خوێندنگە لەخۆدەگرێت.
سودانی پیرۆزبایی تەواوكردنی خوێندنگەكانی كرد، وتی: دروستكردنی هەزار خوێندنگە لە پرۆژە گرنگەكانە كە حكومەتەكانی عێراق كاریان لەسەركردووەو بە دیزانینی نمونەیی هاوچەرخ دروستكراون، ئەمە رۆڵی دەبێت لە چارەسەری كێشەی قەرەباڵغی و سێ دەوامیی لە خوێندنگەكان.
لەكۆی (1000) خوێندنگە (790) خوێندنگە تەواو بووەو سەرۆك وەزیرانی عێراق ئومێدەوارە لە ماوەی دوو مانگی ئایندەدا (210) خوێندنگەی تر تەواو بكرێن.
"ئەم حكومەتە كاتێك پرۆژەی هەزار خوێندنگەكەی وەرگرت، ئاستی جێبەجێكردنی پرۆژەكە نزیكەی 18% بوو، بۆیە خستمانە ئەولەویەتی كاری كەرتی پەروەردەو فێركردنەوەو گەرەنتی ئەوەكرا بەشێوەیەكی دروست دابەشبوونی جوگرافی لەم پرۆژەیەدا بكرێت" سودانی وا دەڵێ.
هەر بەگوێرەی قسەی سودانی، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق نزیكبووەتەوە لە ئیمزاكردنی گرێبەستێك لەچوارچێوەی سندوقی گەشەپێداندا بۆ دروستكردنی (400) خوێندنگە لە بەغدادو پارێزگاكانی تر، ئەم پرۆژەیە لەلایەن كەرتی تایبەتەوە جێبەجێ دەكرێت و لەماوەی گرێبەستەكەدا دەبێت كەرتی تایبەت نۆژەنیان بكاتەوە، وەكو ئەو دەڵێ كێشەی كەمی خوێندنگە لە عێراق چارەسەردەكرێت كە زیاتر لە (8 هەزار) خوێندنگەیە.
رێككەوتنی عێراق- چین بۆ یەكەمجار لەسەردەمی سەرۆك وەزیرانی پێشووتر (حەیدەر عەبادی) راگەیەندرا، كاتێك عادل عەبدولمەهدی پۆستی سەرۆك وەزیرانی وەرگرت، لە ئەیلولی 2019دا سەردانی (پەكین)ی كرد رێككەوتنەكە فراوان كرا بۆ ئەوەی بوارەكانی (وزە+ ئاوەدانكردنەوەو پرۆژەی پردو پرۆژەكانی نیشتەجێبوون و پرۆژەی تر) لەخۆبگرێت، بەڵام یەكەمین هەنگاوی كردەیی بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە بە دروستكردنی 1000 خوێندنگە لە ساڵی 2022دا دەستیپێكرد.
پێشترو ئێستاش چەندین لێكدانەوەی جۆراوجۆر بۆ ئەم رێككەوتنە دەكرێت، هەندێك دەڵێن بەم رێككەوتنە عێراق نەوتی خۆی وەكو بارمتە خستوەتە دەستی چینەوەو ئەمە سەرەتای تەواوكردنی پرۆژەی (رێگای ئاوریشم)ە كە چین كاری لەسەر دەكات، هەندێكی تر گومانیان هەیە رێككەوتنەكە تاكۆتایی وەكو خۆی جێبەجێ بكرێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand