Draw Media

سەردەشت و ساڵیادێكی جیا

سەردەشت و ساڵیادێكی جیا

2019-05-04 13:01:25


هۆشیار عەبدوڵا    

رەنگە ئەمساڵ كولانەوەی برینی ساڵیادی تیرۆری سەردەشت عوسمان لە ساڵانی تر جیا بێت ، لانیەكەم لەبەر هۆیەك كە نائومێدی ئێستای شەقام و تاریكی تابلۆكەیە.

لایەنێكی هەرە دیاری تیرۆری سەردەشت ئەوە بوو كە جوڵەی شەقامیی بەدوای خۆیدا هێنا، جوڵەیەكی نارەزایی گشتگیر كە جۆرێك لە ئومێدی گەراندەوە ناو كۆمەڵگە .. بەداخەوە ،ئەمساڵ كاتێك یادی سەردەشت دەكەینەوە كە ئەو ئومێدەبە تەواوی لە دونیای ئێمەدا لاواز و داكشاوە.

تیرۆری سەردەشت ، غەدری لە ناوبردنیی ، مەهزەلەی لیژنە تەحقیقیەكەی،دیزە بە دەرخۆنە كردنیی مەلەفەكەی،ئازاد سوڕانەوەی بكوژانیی، بەڵكو بە دێو بونی زیاتری جەلادەكانی ، هەمو ئەو ئیهانانەی سەرباری تیرۆركردنی لەلایەن دەسەڵاتەوە ئاراستەی رۆحی سەردەشت و خیزانەكەی و كۆمەلگەی كوردستانیی كرا ، قەت بیرناچنەوە بەڵام شتێك كە هەمو ئەوانەی كەمێك ئەهوەن كردبوو ئەو ئومێدە بو كە دوای جوڵەی شەقام بۆ سەردەشت سەرپێكەوتن ، جوڵەیەك كە بە زویی بێ نوزە كراو و ئەوەشبو وایكرد چەندین قەڵەمیی تر گەنج و رۆژنامەنوسی تر شەهید و خەڵتانی خوێن بكرێن.

ئەمساڵ لە دۆخێكدا یادی سەردەشت دەكەینەوە كە هیچ روئیا و ستراتیژێكی گۆڕانكاری لە ئارادا نیە، ئێستاكێ هیچ دونیابینیەكی جدی بۆ بەرگرتن لە ئەجێنداكانی دەسەلات لە ئارادا نیە ، ئەگەر تا دوێنێ دەمانگوت ئەجێنداكانی (پارتی) بۆ حوكمڕانی مەترسیدارن و دەبنە شكست بۆ ئێستا و ئایندەی هەرێم  ، لە ئێستادا ئیعجاب هەیە بە مۆدێلی پارتی بۆ حزبایەتی و ئیدارەدان،ئەو ئیعجابەش هی حزبیك و دوان نیە ، هیی كەسێك و دوان نیە بەڵكو ئیعجابی ئەو نەوە شۆرشگێرەیە كە بە حساب لە رابردودا بۆ مۆدێلێكی جیا لە (پارتی)تێكوشاوە لە ئێستادا دەیەوێت و مەمنونە لەو بچێت.

پێچەوانەی ئەوانەش باسیی شكستی دەسەڵات و ئۆپۆزسێۆن پێكەوە دەكەن ، پێم وایە ئەوەی لە هەردولا شكستی خواردوە نەوەیەكی سیاسییە كە شەرعیەتی شاخی هەیە و هەتا ئەم لەحزەیە پرۆژەیەكی سیاسیی جدی لە دەرەوەی ئیرادەی ئەم نەوەیەی شاخ نە لە دەسەڵات و نە لە ئۆپۆزسێۆن نەهاتۆتە دەرەوە یا ئەسڵەن وجودی نەبوە.

خوێنی سەردەشت لە توانایدا بو دونیای سیاسیی و كارگێری هەرێم بە ریشەیی بگۆرێت بەڵام تێروانینی تەقلیدی بۆ سیاسەت و چونەوە سەر هەمان ئاوازی ئەو نەوە سیاسیەی كە لە یەك كاتدا لە دەسەڵات و ئۆپۆزسێۆنیشدا كارا و قسەگۆ و بریاردەر بون وایكرد جوڵەی شەقام بۆ سەردەشت بە ئەنجامێكی بەرچاو نەگات.

بە كورتەیەكەی چۆن ئەو نەوەیە لە دوای ۹۱ ەوە بەرپرسی هەمو شكستەكانە بەرپرسیی شكستی دامركانەوە و بێ بەرهەمبونی جولەی شەقامیشە بۆ سەردەشت عوسمان ، جا كەی نەوەیەكی سیاسی تازە و جیا لەدەرەوەی ئیرادەی (پاسەوانی كۆن)لە هەمو حزبەكان(بێگومان بە نەوەی تازەی ناو یەكیتی وپارتیشەوە) دێتە دەرێ نازانم ، بەلام لەوە دڵنیام كە لە نەودەكانەوە چەندین نەوەیان لەگەڵ خۆیاندا پیر و بێ چارە كرد و هێشتاش بەردەوامن و كۆی یاریەكانی سیاسەت و دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە.

هەڵبەتە مانای ئەوە نیە ، سەردەشت وئازایەتیەكەی ، سەردەشت و بێمنەتیەكەی ، بتشكێنی و پەیامەكەی ئێستا و ئایندەش لە دڵی هەزارن قەڵەم و گەنجدا نە درەوشیتەوە و بە زیندویی و نەمێنێتەوە.

هەرگیز بەمانای ئەوە نیە ، چەندین توانا و روئیای جیا وسەركەوتو لە ناو خودی كۆمەڵگەكەدا لە ناو یەكیتی و پارتی و گۆڕان و ئیسلامیەكان و هیزەكانی تریشدا نەبێت كە جیا بێت لەوەی ئەمڕۆ (دەسەڵات و ئۆپۆزسێۆن)، (حزب و حكومەت)ی قۆرغكردوە.

خوێنی سەردەشت خوێنی قەڵەمە، خوێنی چەك و شاخ نیە ، ئەمە دەلالەتی گۆرینی زەمەن و شەرعیەتە ، بەڵام كەی شەرعیەتی قەڵەم و خەباتی مەدەنیی دەچێتە جێگە ی شەرعیەتی شاخ ئەوەیان پرسیارێكی بەردەوام ئامادەی بەردەم كۆمەڵگەی ئێمەیە هەتا جێگۆركێی نیوان ئەم دو شەرعیەتەش نەكرێت ولات و خەڵكی ئێمە ناحەسێتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand