جارێکی تریش سەردەشت عوسمان
2019-05-04 07:46:52
مەریوان وریا قانع
لە مێژووی ھاوچەرخی ئێمەدا کەم شەھید ھەیە ھێندەی سەردەشت عوسمان ڕووخسارە ھەرە ناشیرین و ھەرە دزێوەکانی کوردبوونمان نیشاندبات. ھێما بۆ ئەو دیوە نەخۆش و تاریکانەی کوردبوون بکات کە وەک تارماییەکی گەورە بۆ کوشتن و وێرانکردن ئامادەیە. کە بیر لە مەرگی سەردەشت دەکەینەوە بیر لە جوڵەی عەقڵیەتێک دەکەینەوە لە سەدە تاریکە کۆنەکانەوە ھاتوە و لە سەدەی بیست و یەکەمدا ھەم بازرگانیی و سیاسەتی بەیەکتری تێکەڵکردوە، ھەم کوشتن و پایەکاانی دەسەڵاتدارتێتی. لەم ئاستەدا مەرگی سەردەشت عوسمان، شوناسی ئەو عەقڵیەت و سەردەم و دەسەڵاتدارێتییە درۆزنە کەشفدەکات کە ساڵانێکی درێژە حوکمڕانیی نیشتیمانێکی بریندار دەکات و قوربانی بە دوای قوربانیدا و کارەسات بەدوای کارەساتدا بەرھەمدەھێنێت. بە دەیەھا شێوازی جیاوایش کۆمەڵگا پارچەپارچە و وردوخاش دەکات، بڕێکی گەورە نائومێدیی و ڕەشبینیی تیایدا دەچێنێت.
دیوی ئەودیوی مەرگی سەردەشت ھێما بۆ ڕووکارە ڕووناک و بەرپرس و ئەخلاقییەکانی کوردبوون دەکات، ڕووکارە خوێندەوار و ڕەخنەیی و چەقنەبەستوەکانی کوردبوون، لە سەردەمێکدا پارەی دزراوی نەوت خەونی ئەوە دەبینێت و پلانی ئەوەی ھەیە ھەموو خانەیەکی ئەو کۆمەڵگایە، وەک دەسەڵاتدارەکانی، پیس و بۆگەن بکات. سەردەشت نوێنەری ئەو نەوە خوێندەوارە ئازا و بەرپرس و ئەخلاقییەیە کە لە.داڵانە تاریکیەکانی ئەو دونیایەدا لەدایکدەبێت و گەورەدەبێت و بیردەکاتەوە و دەنووسێت. نەوەیەک خەون بەوەوە دەبینێت دەسکاریی ئەو تاریکاییە گەورەیە بکات، ڕوخسارێکی ئینسانیی بەخۆی و بەو کۆمەڵگایە ببەخشێت کە تیایدا دەژیی، شتێک لە کەرامەت بۆ ژیانی خۆیان و ژیانی ھاونیشتمانییەکانیان، بگەڕێننەوە. سەردەشت عوسمان نوێنەری ئەو دیوە ڕووناکەی کوردبوونە کە پڕە لە ئومێد و وزە و خەون، پڕە لە خواستی دەسکاریکردن و دروستکردنی دونیایەکی نوێ، دونیایەک جیاواز لە دونیای سیاسییە بازرگانەکانی دونیای دوای ڕاپەڕین کە لەشکرێک پیاوکوژیان بۆ پاراستنی خۆیان و منداڵ و منداڵی منداڵەکانیان دروستکردوە.