Draw Media

لەبەرداشی دو بژاردەی خراپدا

لەبەرداشی دو بژاردەی خراپدا

2023-02-22 19:18:34


ستەم کامیل

بڵاوبونەوەی ئەنجامی ڕاپرسیەکەی ڕۆژنامەی "الصباح" ی زمانحاڵی حکومەتی عێراقی، سەبارەت بە  هەڵوەشانەوەی هەرێمی کوردستان و گەڕانەوەی دەسەڵاتەکانی بۆ سەر حکومەتی فیدڕاڵی، مشتومڕ و جەدەلێکی زۆری دروست کردوە. گفتوگۆکە بەگشتی لە نێوان دو کەمپی دژ بەیەکدایە. کەمپی یەکەم، حکومەتی هەرێم و زۆرینەی دەسەڵاتدارانە، کە بە پاساوی "گوتاری شەهیدان" و "ستەمکاری دەوڵەتی عێراق" وەڵامی ڕاپرسیەکەیان دایەوە، کەمپی دوەمیش، وەک پەرچەکرداری حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتدارانی، خۆشحاڵ و پشتگیری ڕادیکاڵی ئەنجامی ڕاپرسیەکە ئەکەن و تەرویج بە گوتاری گەڕانەوەی دەسەڵاتەکان بۆ ناوەند ئەکەن. گرفتی سەرەکی ئەم دو کەمپە ئەوەیە کە هەر دوکیان هەمان هەڵە ئەکەن، هەر دوکیان هاوڵاتیان ئەخەنە ناو بەرداشی دو بژاردەی خراپەوە و بە سەختی بەرگری لێ ئەکەن. ڕەخنەی سەرەکی لەم گفتوگۆیە ئەوەیە کە بۆ ئەبێت ئازادی هەڵبژاردن و ئازادی بیرکردنەوە لە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان زەوتبکرێت و  تەنها دو بژاردەی خراپیان لەبەردەستا بێت بۆ بڕیاردان؟ بۆ ئەبێت هاوڵاتیەک سەرپشک بکرێت لە نێوان بژاردەی ڕازیبون و قبوڵکردنی حوکمڕانی هەرێم یاخود گەڕانەوەی دەسەڵاتەکان بۆ سەر حکومەتی فیدڕاڵی؟ لەم نوسینەدا، ئێمە ڕامان وایە بژاردەی سێهەم ئەبێت وەک خاڵی دەرچون بێت لەم گفتوگۆ ڕەش و سپیە، وەک بەدیلی ئەم دو بەرداشە خراپە. 

بەرداشی یەکەم: قبوڵکردنی واقیعی پڕ لە نادادی لە هەرێـم
دەنگدانی زۆرینەی خەڵک لە ڕاپرسیەکەدا بە هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی کوردستان بەمانای ئەوە دێت کە هاوڵاتیانی هەرێم ناڕەزای و نا ئومێدیەکی زۆریان لە شێوازی بەڕێوەبردنی ژیانی گشتی، لە نا دادپەرورری ئابوری و سیاسی، لە بەداشکردنی نایەکسانی سامانی گشتی، لە شێوازی ئیدارەدانی دامودەزگا گشتیەکان، لە نەبونی لایەنی کەمی خزمەتگوزاریەکان هەیە. تاکی کورد، لەم سی ساڵەی ڕابردودا، زۆر شێوازی دەربڕینی ناڕەزایەتی تاقیکردۆتەوە. تا ناڕەزایی و ڕەخنەکانیش زۆرتر بن، دەسەڵات بێباکانەتر مامەڵەی لەگەڵدا ئەکات. چەندین شێوازی جیاوازی بەخۆیەوە بینیەوە. سەرەتا، هەر ڕەخنەی ڕۆژنامەوانی و میدیایەوە بیگرە، تا دروستبونی ئۆپۆزسیۆن و پاشان بۆ هاتنەسەر شەقامی خەڵک لە ١٧ ی شوباتی ٢٠١١، بەرەو  سەرهەڵدانی دیاردەی بایکۆت لە هەڵبژاردنەکانی ئەم چەند ساڵەی دوایدا. ڕێژەی بەرزی بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییانەدا، زەنگێکی ئێجگار مەترسیداربو بۆ گوێی کاستی سیاسی لە هەرێمی کوردستان. بێدەنگی و بەشدارینەکردنی سیاسی ئاستێکی مەترسیداری دەربڕینی ناڕەزایەتیە کە بەردەوام دەسەڵاتە بێباکەکان لە پەیامە قوڵ و شاراوەکانی تێناگەن. دەسەڵاتی کوردی تەنها لە دەنگەدەنگ و خۆپیشاندان ئەترسێت، لە کاتێکدا مەترسیە گەورەکە لە بێدەنگی و نا ئومێدی خەڵکدایە. لە بێدەنگی و بایکۆتدا، خەڵک بە تەواوی کۆی ئەو ڕێسا و یاسایانەی یاریەکە ڕەتدەکاتەوە کە دەسەڵاتداران یاری لەسەر ئەکەن و وەک کەرەستەی بەردەوامیدان بە مانەوەی خۆیان بەکاری ئەهێنن. بێدەنگی و نائومێدبونی خەڵک هەرگیز بەمانای قبوڵکردنی واقیعی  نایەت، بەڵکو ئەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕاستیەی کە مافی هەڵبژردن و گۆڕانکاری لە خەڵک زەوت کراوە. 

بەرداشی دوەم: ڕادەستکردنی دەسەڵاتەکان بە حکومەتی ناوەند
لە پەرچەکرداری شێوازی خراپی ئیدارەدانی ئێستای هەرێمی کوردستاندا، بە هاندان و لە پەرچەکرداری سیاسیدا، بینینی گەڕانەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان بۆ حکومەتی فیدڕاڵی وەک بەدیلێک، بەرەو هەڵکشان و پشتگیری زیاتری کۆمەڵایەتی ئەچێت. کێشەی سەرەکی ئەم تێگەشتنە ئەوەیە ڕادەستکردنی ئەم دەسەڵاتانە بە بەغداد، چارەسەر نیە، بەڵکو ئەنجامدانی هەڵەیەکە لە پەرچەکرداری هەڵەی یەکەمدا. بەمانایەکی تر، شێوازی ئیدارەدان و حوکمڕانی لە بەغداد زۆر هاوشێوەی ئیدارەدانی حکومرانیە لە هەرێمی کوردستان. کێشەی نەبونی سەروەری یاسا، کێشەی نە پاراستنی کەرامەتی تاکی عێراقی، پشک پشکێنەی حزبی و تائیفی، دابەشکردنی نا یەکسانی داهات و دەرفەتەکان، لاوازی و خراپی ئاستی خزمەتگوزاریەکان، کێشەی پارێزراو نەبونی مافی ژیانی ئینسانی عێراقی بەرامبەر گروپە چەکدار و بە‌هێزەکانی تر، کێشەی بێکاری گەنجان، سەربەخۆنەبونی دامودەزگاکان لە تەداخولاتی حزبی و دەرەکی، وەک هەرێمی کوردستانە بە ئاڵۆزی زیاترەوە. ئەو دیدگایەی کە ڕای وایە چارەسەرەکە ئەوەیە کە لە ژێر سایەی حوکمڕانیەکی خراپەوە ڕابکەین بۆ ژێر سایەی حوکمڕانیەکی تری خراپ. هەمیشە ئەبێت بژاردەی بەدیل و جێگرەوە، بژاردەیەکی باشتر بێت بۆ خەڵک، نەک لە خراپێکەوە بۆ خراپێکی تر بگوێزینەوە. 

ڕێگا ڕاستەکە، ڕێگا قورسەکەیە
بیرکردنەوەی دروست لێرەدا ئەوەیە کە هاوڵاتییانی هەرێم لە یەککاتدا پێویستە دو "نا" ی گەورە بدات بە هەر دو تێگەشتنەکە. "نا" ی یەکەم پێویستە بۆ کەمپی کاستی سیاسی باڵا دەستی هەرێمی کوردستان بێت، کە پێیان وایە هاوڵاتیان ئەبێت واقیعی هەرێمی کوردستان بە ڕەهایی قبوڵ بکەن و ڕازی بن بە ژیانێکی کەم و دەیان شێوازی نا دادی، "نا" ی دوەمیش پێویستە بۆ ئەو پەرچەکردارە بێت کە بۆ هەڵهاتن لە دۆزینەویە چارەسەرێکی دروست و ڕاستەقینە، دەیەوێت دەسەڵاتەکانی هەرێم بدات بە مۆدێلێکی خراپ و شکستخواردی هاوشێوەی هەرێم. بە مانایەکی تر، چارەسەری ڕاستەقینە ئەوەیە کە هاوڵاتی نە پێویستە واقیعی خراپی هەرێم  قبوڵ بکات، نە دەسەڵاتەکانی رادەستی حکومەتی فیدڕاڵی بکاتەوە. بەڵکو، ئەو  بژاردەی کە شایەنی ماندوبون و قوربانی بۆ دانە ئەوەیە کە هاوڵاتی هەوڵی هێنانە ئارای حوکمڕانیەکی باش بدات لە هەرێم و ئەو قیعە سەپێندراوە پڕ لە نا دادپەروەریەی ئێرە دەستکاری بکات، لە هەمان کاتیشدا، دەسەڵاتەکانیش لە دەستی خۆیدا بهێڵێتەوە و ڕادەستی حکومەتی ناوەندی نەکات، چونکە گلەی ژمارە یەکی زۆرینەی هاوڵاتیانی هەرێم ئەوەیە کە کاستی سیاسی گوێ لە داخوازیەکانی ناگرێت و نایخوێنێتەوە و نای بینێت. 
بۆ دروستبونی سەرەتایەکی نوێش، بۆ گەڕان بۆ بەدیلی ئەو دو بەرداشەی سەرەوە، تەنها گەڕانەوە و بەرگریکردنە لەو ڕاستیەی کە ئەوە تەنها ئینسانی کوردە ئەبێت بڕیاردەری سەرەکی بێت لە ژیان و داهاتوی خۆی، نە کاستی سیاسی هەرێم، نە کاستی سیاسی بەغداد، ناتوانێت نوێنەرایەتی ژیان و بەرژەوەندی و داواکاریەکانی ئینسانی ئێمە بکات. سیاسەتیش، بە مانا ئەخلاقی و پیشەییەکەی، بە مانا فەلسەفی و زانستیەکەی هەر ئەمەیە. کرۆکی سیاسەت لە یۆنانی کۆنەوە تا مۆدێلە سیاسیە سەرکەوتوەکانی ئێستای دنیا، بریتیە لەوەی هاوڵاتی بەشدار و کارەکتەری سەرەکی بێ لە ڕەنگڕێژکردنی ژیانی سیاسی و ئابوری و کلتوری و کۆمەڵایەتی خۆی، ئازادبێ لە دەنگ هەڵبڕین و جوڵەکردن لە پانتاییە گشتیەکاندا، خۆی کارەکتەری سیاسی سەرەکی بێت، هەمو لێخۆشبونێک لە مافی ژیان و بەشداری سیاسی و ڕادەستکردنی توانای بڕیاردان بە ئەوی تر، هەڵەیەکی کوشندەیە. بەدیهێنانی ژیانێکی باشتر لە هەرێم، دروستکردنی مۆدێلێکی سیاسی کە هاوڵاتی سەنتەری بێت، کارێکی قورسە، بەلام ئەستەم نیە. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand