Draw Media

پانتایی گشتی لە کوردستاندا له‌نێوان بوون و نەبووندا

پانتایی گشتی لە کوردستاندا له‌نێوان بوون و نەبووندا

2023-02-14 11:55:22


* کاوە مەحمود

گەڵاڵەبوونی چەمکی پانتایی گشتی بۆ سەرەتاکانی سەدەی هەژدەهەم لە ئەوروپادا دەگەڕێتەوە کە هەلومەرجێکی ئەوتۆ ڕەخسا ناوەندێکی ڕۆشنفیکر لە چینی بۆرژوای گەشەکردووی ئەو کاتە، ڕێگای یانە ئەدەبییەکان و گردبوونەوە کۆمەڵایەتییەکان و لەچوارچێوەی مافە مەدەنییەکان، گفتوگۆکانیان سەبارەت بە پرس و گرفتەکانیان بکەن. ئەم چەمکە لە بواری هزریدا لەلایەن کانت (1724ـ 1804) لەدەقێکدا کە یەکێکە لە بنەماکامی مۆدێرنەو وەڵامی پرسیاری (ڕۆشنفیکری چییە؟) دەداتەوە باسکراوەو، تیایدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە (مرۆڤ ئازادەو دەبێ سەروەری کەس لە سەر عەقڵی نەبێت و بێ فشاری دەرەکی بیرکردنەوەی خۆی هەبێت).

لە پێناسەکردنی چەمکی پانتایی گشتی ئاماژە بۆ بوونی پەیوەندی ئۆرگەنیکی ئازادی بیرکردنەوە و، ئازادی ڕادەڕبڕین کرا. بوونی پانتایی گشتی پێویست دەکات تاک لەگەڵ کەسانی دیکەداو لەنێو ناوەندێکی کۆمەڵایەتی و خەڵکانی دیکە بیرکاتەوە.

بەم جۆرە ئازادی بیرکردنەوە و ڕادەڕبڕینی تاک لەگەڵ لە ناوەندێکی خەڵکداو جەختکردن لەسەر بنەمای عەقلانیەت و دەربازکردنی ڕای گشتی لە هەژموونی دەقی ئاینی و نەریتی کۆمەڵایەتی فیوداڵیزم مەرجە بۆ دروستبوونی پانتایی گشتی، بەڵام سەرجەم ئەمانەش بێ بوونی عەقلانیەت کە سەرچاوەی ڕۆشنفیکرییەو بەکارهێنانی لە بیرکردنەوەی تاک بەشێوەیکی ئاشکراو ڕوون پانتایی گشتی دروست نابێت.

گرنگی بوونی پانتایی گشتی پەیوەندی بە چەمکی شەرعیەتی ئەو قانون و رێسایانە هەیە کە لە کۆمەڵگادا دادەڕێژرێت و، دەبێتە بنەمایەکی گەڵاڵەبوونی چەمکی (دیموکراسی تشاوری) کە جەخت لەوەدەکاتەوە قانونی شەرعی و ڕەوا ئەو قانونەیە کە لە ئاکامی گفتوگۆی بە کۆمەڵی پانتایی گشتی دابڕێژرێ نەک ئیرادەی گشتی دەسەڵاتی یاسادانان.

بوونی پانتایی گشتی زەمینەی دروستبوونی ڕای گشتییە کە لەبواری فەلسەفیدا کە هاوڵاتیانی ئازادو یەکسان لە ڕێگای گفتوگۆی عەقلانی و بەکۆمەڵ دوور لە ململانێی و پێکدادن پێی دەگەن و، جۆرێک لە ڕەوابوونی سیاسی لەخۆدەگرێت.

بۆچوونەکانی کانت سەبارەت بە پانتایی گشتی لەلایەن قوتابخانەی رەخنەگرانەی فرانکفۆرت و هزرمەندی ئەڵمانی هابرماس (1929ـ) پەرەیپێدراو، تا گەیشتە گەڵاڵەکردنی (تیۆری پەیوەندی) کە بنەمایە بۆ پانتایی گشتی و ڕوبەرێکە خەڵکی ناکۆک لە ڕێگای گفتوکۆی عەقلانییەوە هەوڵی گەیشتن بە ڕاستی و بەرژەوەندی گشتی دەدەن.

هەرچەندە هابرماس پێی وایە مۆدێرنە پرۆژەیەکە کۆتایی نەهاتووە یان تەواو نەبووەو زیندووکردنەوەی مۆدێرنە پەیوەندی بە زیندووکردنەوەی پانتایی گشتییەوە هەیە، پێناسەو مەرجەکانی بۆ پانتایی گشتی شێوازێکی پێوەریی وەرگرتووە، بەڵام نەک تەنیا لە هەلومەرجی ئێستادا بەڵکو لە سەرەتایی گەڵاڵەبوونی چەمکی پانتایی گشتی و تەنانەت ڕایگشتی، کرۆک و ناوەڕۆکی ئەم چەمکانەو بوونی دیاردەی پانتیی گشتی لە دەرەوەی بوونی سەروەری سەرمایەداری و بوونی هەژموونی شوناسی چینایەتی سەرمایەداری لەسەر سەرجەم چەمکەکان بەدەر نەبووە.

گرفتەکانی چەمکی پانتایی گشتی هاوکات بووە لەگەڵ سەرهەڵدانی چەمکەکەو بۆیە ئەمڕۆ پرسیار لە بوون یان نەبوونی پانتایی گشتی لە ئاستی جیهاندا دەکرێت.

ئەم پرسارانە کۆمەڵێک خاڵی گرنگ دەگرێتەوە لەوانە:

ــ سەرجەم چەمکەکانی گشتگیری و یەکسانی و ئازادی چەمکی ئایدیۆلوجین لە کاتێکدا بەشێک لە بیرمەندانی قوتابخانەی ڕەخنەگرانەی فرانکفۆرت پێیان وایە ئایدیۆلۆجیا وەهمێکی پێویستی کۆمەڵایەتییەو هەندێکیش پێیوایە بیروبۆچونێکی چەواشەکەرانەیە بۆ هاندانی خەڵک و مانەوەی هەژموون.

ــ هەر لە سەرەتایی بوونی چەمەکی پانتایی گشتی ناوەندێکی خوێندەوارو دەوڵەمەند لە بۆرژوای گەشەسەندووی ئەو سەردەمە تیایدا بەشدار بوون و، توێژی هەژاران و ژنان لەبوار پانتایی گشتی دوورخرابوونەوە.

ــ بە شێوەیکی کردەیی پانتایی گشتی لە سایەی سەرمایەداریدا بواری پاراستنی بەرژەوەندی سەرمایەدارن و ئاراستەی بەکاڵابوونی هەموو شتێکە.

ــ گۆڤارو دەزگاکانی ڕاگەیاندن و بوارەکانی پانتایی گشتی بوون بە کۆمپانیای سەرمایەداری مەزن یان سێبەری بەرژەوەندی دەسەڵات و کۆمپانیاکان و بەرهەمەکانیان لەچوارچێوەی کەلتووری بەکاربەرەیی و هۆشمەندی چەواشەکەرانە دەرباز نەبوو. بەم جۆرە ڕاگەیاندن نەبوو بە دەسەڵاتی چوارەم بەڵکو هێزو دەسەڵاتی ئابووری بۆ سەروەری و هەژموونی سەرمایەداری، هەروەکو چومسکی دەڵێت: ڕاگەیاندن میکانیزمێکە لە میکانیزمەکانی کۆنتڕۆڵکردن و دەسەڵاتبوون.

ــ بوونی هەژموونی جیاواز لەسەر ڕایگشتی بە جۆرێک کە ئەو پانتاییە ئەرکی ڕەخنەگرانەی خۆی ئەنجام نادات و ئەمەش کاری لەسەر شوناسی پانتایی گشتی دەکات کە بۆتە گۆڕەپانێکی ململانێی چینایەتی بۆ ئاراستەکردنی ناکۆکی و پێکدادانەکان.

لە خوێندنەوەی سەرجەم ئەم خاڵانەی سەرەوە وای دەبینم کە خودی پانتایی گشتی چەمکێکی چینایەتییەو هۆکارێکی سەره‌کییە کە سیستمی سەرمایەداری و لیبراڵی بۆ کۆنتڕۆڵکردن بەکاریدەهێنێت، بەڵام لەهەمان کاتدا بوارێکی بۆ پرۆژەی ئەنتی سەرمایەداری و تێکۆشەران بۆ پرۆژەکانی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و ئاراستەی عەدالەتی کۆمەڵایەتی دەرەخسێنێت وەک گۆڕەپانێکی ململانێ بێ ئەوەی شوناسە چینایەتییەکەی بەهەند وەرنەگیرێت.

پانتایی گشتی وەک هەر چەمکێکی دیکەی بواری سۆسیۆلۆجی لە دۆخی وەستان نییە. بۆیە دوور لە تێڕوانینە کلاسیکییەکی کانت و بۆچونەکانی هابرماس، فەیلەسوفی ئەڵمانی حنە ئەرندت (1906ــ 1975) ئاماژە بۆ بابەتێکی گرنگ لە بواری پانتایی گشتی دەکات کە پەیوەندی بە بوارو پانتایی فرەبوون و هەمەجۆری دەربڕین و دابینکردنی ماف جیاوازوە هەیە. بەم جۆرە بیرۆکەی فرە ئاسۆیی هاتەپێشەوە بەو مانایەی کە لە دید گۆشەنێگای جیاوازەوە تەماشای هەمان بابەت بکرێت.

ئەم بۆچونەی حنە ئەرندت جەختکردنەوەیە لەسەر فرەیی و هاوبەشی و بەم جۆرەش ماف هەیە کە جیاواز بین بەڵام لە جیهانێکی هاوبەشدا. بەم جۆرە چەمکی پانتایی گشتی و رایگشتی مۆرکێکی جیهانی وەردەگرێت، بەڵام بە بۆچوونی من شوناسی دوو فاقی هەیە و، دەمێنێتەوە لە سایەی سیستمێکی جیهانی سەرمایەداری ئامرازێکی نێودەولەتییە دەسەڵاتدار بۆ هەژموونی کەلتووری خۆی بەکاریدەهێنێت، لەهەمان کاتدا بۆ هەڵگرانی پرۆژەکانی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی، گۆڕەپانێکی ململانێیە.

دوای خستنەڕووی ئەم پاشخانە بۆ چەمکی پانتایی گشتی ئایا دەکرێ باس لە بوونی پانتایی گشتی لە کوردستاندا بکەین؟

ئەگەر تەنیا پێوەرەکانی ئازادی بیرکردنەوەو ڕادەربڕین و گفتوگۆی عەقلانی دوور لە هەژموونی دەقی ئاینی و پاشماوەکانی پەیوەندییەکانی پێش سەرمایەداری لەبەرچاو بگرین، ئاسان نییە بڵێن لە دیدی پێوەرییەوە مەرجەکانی پانتایی گشتی هەیە، چونکە لایەنەکانی پانتایی گشتی لە کوردستاندا کە دەسەڵاتە خاوەنی پرۆژەی مۆدێرنەو عەقلانیەت نییەو، هێزی پارێزگاریخوازو سەلەفییە کە جگە لە پۆپۆلیستی و لەکەدارکردن و تەکفیری بەرامبەر لۆجیکی عەقلانی لە گوتارەکانیاندا نییەو، باوەڕی بە ئازادی بیرکردنەوەو ڕادەربڕین نییەو ئەم دوو هێزە بەرژەوەندییان لەگەڵ هێزی مەدەنی و مۆدێرن و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی کە باس لە ڕۆشنفکیری دەکەن نییەو، بەم جۆرەش لەچوارچێوەی پانتایی گشتی بە مانا کلاسیکییەکی کۆنابنەوە.

بەم جۆرە سەرجەم یاساکانی گۆڕانکاری لە کوردستان و سەرجەم جیهاندا لە دەرەوەی ناکۆکی و ململانێی چینایەتی نییە.

* سكرتێری حزبی شیوعی كوردستان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand