Draw Media

صباح هەرێم هەڵدەوەشێنێتەوە یان ؟!

صباح هەرێم هەڵدەوەشێنێتەوە یان ؟!

2023-02-19 17:15:59


د.بەختیارشاوەیس

جارێکی تر پرسی هەڵوەشانەوەی قەوارەی هەرێم هاتەوە ناوباس و خواستی میدیا و بەردیدەی خوێنەران.
ئەوەی ئەمجارە لەدوای وتارەکەی رۆژنامەی سەباح ی زمانحاڵی حکومەتی عیراق بوو ، کەڕۆژنامەکە پشتی بەراپرسیەک بەستوە کەدیسانەوە ئەمەیشتان جێگەی مشتومڕە و میسداقیەتی زانستی و شێواز و کات و شوێنی ڕاپرسیەکە قسەهەڵ دەگرێ.

پێشتر لێرەو لەوێ ، لەهەندێک بۆنە و دیداری جیاجیادا لەلایەن هەندێک لایەن و کەسایەتی مەسەلەی هەڵوەشانەوەی هەرێم جوڵێنراوە. بەڵام هۆکاری ئەوەی کەئەمجارە کار و کاردانەوەی زیاتری بەدوای خۆی هێنا وابەستەیە بەو رۆژنامەیەی کەڕاپرسیەکەی بڵاودەکاتەوە کەئەویش رۆژنامەی صباح ی زمانحاڵی حکومەتی عیراقیە. ئەگەرنا ماوەیەک لەمەوپێش لەناو جەرگەی پایتەختی هەرێم بەئامادەبوونی سەرۆک حیزب و سەرکردەی زۆربەی لایەنە سیاسیەکان جنین بلاسخارت نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەعیراق زۆر بەرۆشنی ووتی: وامەزانن ئەم قەوارەیەی ئێستا هەتا سەر بەردەوام دەبێت. یان ئەوەی کە سادقی زیبا کەلامی کەمیوانی تایبەتی سەرۆکی هەرێم بوو ووتی: دوای ٣٢ ساڵ لەحوکمرانی لەبری بونیادنانی پەروەردە و بایەخدان بەنەوەکانی داهاتوو ، دەبینم لەهەولێر بایەختان بە بەرزکردنەوەی بیناو کۆشک و تەلار داوە. کەئەم دوو نمونەیە و زیاتریش مشتێکە لەخەرواری ئەو ئاماژەو زەنگانەی لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان دەدرێت.
کاربەدەستانی حکومەتی هەرێم هەر کاتێک کەئەم مەسەلەیە دەجوڵێنرێ، وەک ئەوەی کەوەک شیعر لەبەریان کردبێ کۆمەڵێک قسە دووبارە دەکەنەوە کەهەموومان وەک خشتەی لێکدانی سەردەمی منداڵی دەرخمان کردوە، ئەوانیش؛
هەرێمی کوردستان ، هەرێمێکی دەستووریە. یان هەرێمی کوردستان بەخوێنی شەهیدان و رەنج و قوربانی خەڵکی کوردستان دروستبووە. یان هەرێمی کوردستان هەرێمێکی دیفاکۆتۆیە لەناوجەرگەی ناوچەکە... هتد
هیچ کوردێکی هۆشیار نیە ئەم راستیانە نەزانێ ، هەر وەک هیچ کوردێکی دڵسۆزیش نیە لەهەر شوێنێکی دونیا بێت حەز بکات بەهەڵوەشانەوەی قەوارەی هەرێم. ئەوانەی کەحەز بەوە دەکەن زۆڵە کوردن. بەڵام لەپەیوەندیدا بەم پرسەوە کۆمەڵێک حەقیقەتی پراگماتیکی هەیە کەپێویستە تیشکیان بخەینەسەر؛

١- قەوارەی هەرێم جیاوازە لەدەسەڵاتە حیزبیەکەی . قەوارە ئەو پانتاییە جوگرافی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و کلتووری یە کە خاوەنی مێژوویەکی تایبەت بەخۆیەتی و جگەلە حاڵەتە واقعیەکەی دەستووری هەمیشەیی عیراق دانیپێداناوە و ماناوە و هەڵوەشانەوەی ئەم قەوارەیە وابەستەیە بەدەستکاریکردن و هەڵوەشانەوەی خودی دەستوورەکە و ئەمەش یەکسانە بەدەستکاریکردنی ئەو چەمکەی کەپێی دەوترێت (عیراقی نوێ)
هەر لەم دیدەوە، شتێکی زەحمەتە قەوارە دەستووریەکەی هەرێم هەڵوەشێتەوە و مێکانیزمی هەمواری دەستوور کەلەمادەی ١٤٢ ی دەستووردا دیارکراوە بەلایەنی کەمەوە لەم ئان و ساتەدا ، ئەگەر مەحاڵ نەبێت ئەوا قورسە ئەنجام بدرێ.
بەڵام خۆ لەناو دەستووردا شتێک نەهاتوە باسی دەسەڵاتی حیزبی هەرێم بکات، یان هاوکار بێت بۆ ئەوەی دەسەڵاتی حیزبی هەتا رۆژی مەحشەر نابێ هەڵبوەشێتەوە و پیرۆزە. کەواتە جیاوازی نەکردن لەنێوان قەوارەی هەرێم و دەسەڵاتە حیزبیەکەی زۆر جار هەڵە و لێکدانەوەی ناواقعی خولقاندوە. بەرەی دەسەڵات و دژە دەسەڵاتی هەرێم هەریەکەیان بەویستی خۆیان و لەبەرژەوەندی خۆیان مەسەلەکەیان تەفسیر کردوە.

٢- لەلایەکی دیکەوە، ئەگەر وردتر بۆ مەسەلەکە بروانین، خۆ هەر خودی دەسەڵاتدارانی سیاسی ئێستای هەرێمن کاتێک کەباس لەکێشەکانی خۆیان لەگەڵ بەغداد دەکەن ، بەردەوام ئەوە دەڵێنەوە کە حکومەتی عیراق پێشێلی دەستووری کردوە و بودجەی هەرێمی بریوە، یان لەپرسی کێشەی نەوت دەڵێن نادەستووری بریار لەسەر هەرێم دەدات. وە لەچەندین شوێندا باس لەوە دەکەن کە بەغداد ٥٥ مادەی دەستووری پێشێلکردوە بەمادەی ١٤٠ ەوە. هەر بۆیە دەکرێ ئەم تێروانینەی هەندێک لەبەرپرسانی هەرێم بکرێتە وەڵامی خودی دەسەڵاتدارانی هەرێم بەوەی ئەگەر ئەوان لەچەندین شوێندا دەستوور پێشێل دەکەن ئیتر بۆ لەمەسەلەی هەڵوەشانەوەی قەوارەی هەرێم ناگەرێنەوە بۆ هەمان لۆژیک و تێڕوانینی سیاسی؟

٣- ئەو هەرا ئیعلامیەی کە صباح ناویەتیەوە، بەتەنها وابەستەی رۆژنامەی صباح و سەرنووسەرەکەی نیە، بەڵکو شتی دیکە لەپشت پەردە دیارە. هەر لەبریارەکانی دادگای ئیتحادی لەشوباتی ساڵی رابردوو سەبارەت بەنادەستووری مەلەفی نەوتی هەرێم و بریاری راگرتنی پارە بۆ هەرێم ، وە ئەوەی کەدەوترێ نوسینگەی سەرۆک وەزیران درەنگانی شەو بریاریداوە بەبڵاوکردنەوەی راپرسیەکە تادەگاتە ئەو گرژیە سیاسیەی کەلەنێوان پارتی و یەکێتی هەیە.

ماوەتەوە بڵێم:
قەوارەی هەرێم بەرۆژنامەیەک و بەراپرسیەک و بەلێدوانێک هەڵناوەشێتەوە. بەڵام دەسەڵاتی سیاسی و حیزبی هەرێم بەهاوڵاتی ڕەش و رووت و فەرمانبەری بێمووچە و ماڵی بێ نەوت و کۆڵانی بێ خزمەتگوزاری و نەخۆشخانەی بێ دەرمان و بانکی بێ پارە و زیندانی پڕ لەگیراوی رۆژنامەنووس لەهەر ئان و ساتێکدا ئەگەری ئەوەی هەیە کە هەڵبوەشێتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand