وەهمی گۆرانکاری لەم سەردەمەدا .... !
2023-02-22 18:04:03
چیا عەباس
لەم پانتاییە زۆر بچوکەی زەویدا کە ئێمە بە باشوری کوردستان پێناسەی دەکەین هزری گۆرانکاری وەک زۆربەی پرسەکانی تری کۆمەڵگا بەناخی زەویدا براوە، لەبری ئەوەی بۆ خۆشگوزەرانی و پێشکەوتنی کۆمەڵگا و سیستەمی فەرمانرەوایی بەکار بهێنرێت بۆتە ئامرازێک بۆ ململانێی سیاسی و تێکدان و پاشەکشە و گەندەڵی و لەباربردنی خودی هزرەکەش.
ئەم واقعە سیاسی و فکری و کۆمەڵایەتیە لە پرۆسەی گۆرانکاری لە کۆمەڵگای خۆمان زەمینەیەکی لەباریشی خۆشەکردوە بۆ هێزەکانی دژ بە گۆرانکاری تا لە سایەیدا خودی هزرەکەش پوچەڵ و بێ بەها پیشان بدەن.
گەرچی بەرگی سیاسی گۆرین لە کۆمەڵگاکەمان بە رابەرایەتی نەوشیروان مستەفا بە بزوتنەوەی گۆڕان سەری هەڵدا، بەڵام ئەو هەڵمەتە گونجاو نەبو لە گەڵ بنەما و رێسا بنەرەتیەکانی هزری گۆرانکاری ئەرێنی، چونکە لە مەقامی یەکەمدا پۆشاکە سیاسیەکە گەلێک پەڵە و پینە و پەرۆ و رەنگی نەگونجاو و کەرەستەی بەسەرچوی لەخۆ گرتبو، هاوکاتیش ناوەرۆکێکی فکری و سیاسی نادیار قوماتەی کردبو، سەرەرای ئەمەش خەڵک بەخەستی بەدەنگیەوە هات چونکە پاش نزیکەی ١٦ ساڵ لە حوکمرانی هێزە کلاسیکە موحافزکارەکان تامەزرۆی گۆرانکاری بون.
کاک نەوشیروان و بەندە هاورێی نزیکی یەکتر بوین، باس و تاوتوێی چەندین پرسی هەستیارمان کردوە و خوالێخۆشبوش لە دوا قۆناغی ژیانی بە دڵێکی فراوان و راشکاوانە زۆربەی گەنجینەی سیاسی و فکری خۆی بۆ باسکردم و ئاماژەشی دەدا بە موعانەتەکانی خۆی لەو پرۆسەیەدا، بەندەش وەک دڵسۆزێکی ئەو مرۆڤە مەزنە بەوردی گوێم لێدەگرت، تێگەیشتم لە هەڵسەنگاندنیدا بۆ هزری گۆرانکاری دو کەرەستەی بنەرەتی هزرەکەی تێکەڵاو کردبو، ئەوانیش:
ئیحساس و وەعی، لەو باوەرەدا بو ئیحساس بەتەنیا دەتوانێت هاندەر بێت بۆ گۆرانکاری . چەندین جار دەیگوت: مرۆڤ کە سەرمای بێت بەدوای گەرمیدا دەگەرێت و کە گەرماشی بێت بەدوای فێنکیدا دەگەرێت، بەمجۆرەش دیدگای بۆ بزوتنەوەی گۆڕان و هزرەکەش دارشتبو، بە هەڵسەنگاندنی خۆی ئەو تەوژمە بەرفراوانەی کە لە سەرەتادا بەدەنگی هزری گۆرانکاریەوە هاتن زادەی ئەو هاوکێشەیە بو. بۆ خۆم زەمینەی ئەم هەڵسەنگاندنەم لە پرەنسیپە رەسەنەکانی ئاین و فەلسەفە بەهادارەکانی مرۆڤایەتیدا دەبینیەوە: ململانێی ئەزەلی نێوان چاکە و خراپی مرۆڤ بەئاگا دەهێنێتەوە و دەیبزوێنێت. ئاینەکان سەرچاوەیەکی نەگۆریان بۆ هەڵسەنگاندن و تێرامان هەیە و ئایندارانیش بەردەوام لە پرسەکاندا بۆی دەگەرێنەوە. پرسیارەکە ئەوەبو ئایا ئەم هاوکێشەیەی ئیحساسکردن کافیە بۆ دارشتن و بونیاتنانی گۆرانکاری سیاسی فرە ئاراستە و سەرچاوە؟
هەرچەندە کاک نەوشیروان هەوڵێکی جدی و بەردەوامی دا بۆ دانانی خاڵ لەسەر وشەکانی گۆرانکاری، وەک: گۆرانکاری ریشەیی لە سیستەمی حوکمرانی، سەروەری یاسا، شەفافیەت، بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی، چاکسازی حزبی و ....تاد، بەڵام ئەو هەوڵانە بێجگە لە گۆرینی هاوسەنگی هێز لە ناوچەیەکی گەمارۆدراو و تەنراو بە چەندین ئەنتاگۆنیزم و ململانێی و بەرژەوەندی جیاوازی دژ بەیەکتر و چاوکردنەوەی خەڵک و سەرئاو کەوتنی چەند هزرێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی شتێکی کۆنکرێتی جەوهەری لێنەکەوتەوە، دواتر لە بەشداربونی گۆڕان لە حکومەت و هەڵوێست و کرداری توندی پارتی بەرامبەری ئەو راستیەیانەیان سەلماند.
لە دوای کۆچی دوایی و بەدواداچونێکی وردی تەمەنی بزوتنەوەی گۆڕان تێگەیشتم کە هزری گۆرانکاری بزوتنەوەکە لە پرۆسەیەکی سیاسی ئاڵۆزدا چەقی بەستبو و وەک ئامرازێک بو بۆ ئاواتە تایبەتیە سیاسیەکانی کاک نەوشیروان لە گۆرەپانێکی سیاسیدا کە زۆر بێ وەفا بو بەرامبەر بەخۆی.
لە دوا قۆناغەکانی ژیانیدا زۆرجار گوتویەتی: لە گەڵ هاورێ دێرینەکان زۆر ماندوبوم و لە بەشێکی بەرچاوی گەنجەکانیش بێئومێد بوم. گومانی جدیشی لا دروستبوبو کە سیستەمی پەرلەمانی لای خۆمان توانای گۆرانکاری گەورەی هەبێت. درەنگ ئەم واقعە تاڵەی بینی، لەلایەک تەمەن و نەخۆشی و هیلاکبون کۆسپی بەردەم گۆرینی ئەو واقعە بون و لەلاکەی تریشەوە، وەک لە نامە بەناوبانگەکەیدا دەڵێت چەندم پێکرا بۆ..... کردم، لە گەڵ دروستکردنی گروپی راوێژ، بۆخۆم لە گەڵیدا خاڵە نەرێنەکانی ئەو بریارەیم باسکردوە، هەستم دەکرد کە گەیشتبوە ئەو قەناعەتە زەرەر لە نیوە بگەرێتەوە باشترە، بۆیە هزری گۆرانکاری بەنیوەچڵی بەجێهێشت لە کەش و هەوایەکی نەگونجاوی ناو بزوتنەوەکەدا.
دواتر گەیشتمە ئەو باوەرەی کە هزری گۆرانکاری بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ سەرهەڵدانیدا لەسەر یەک پێ وەستابو، ئەو پێیەش خودی کاک نەوشیروان خۆی بو کە بە پشتگیریەکی بەرفراوانی کۆمەڵگا کاری دەکرد.
پاش نزیکەی شەش ساڵ لە وەفاتی کاک نەوشیروان کرۆکە سیاسیەکەی هزری گۆرانکاری بزوتنەوەی گۆڕان نەک تەنها چەقی بەستوە بەڵکو داماو و کروزاو وەک پاشکۆیەکی بێ ئیرادەی لێهاتوە، هاوکاتیش لە حوکمرانیدا بۆتە دەسەکەلایەک بەدەست ئەم و ئەوەوە سواوە. لەم کەین و بەینەدا پاش شەش ساڵ دو کورەکەی کاک نەوشیروان بێدەنگیان شکاند و لە هەوڵدانیکدان بۆ بوژاندنەوەی بزوتنەوەکە نەک وروژاندنەوەی دروستی هزری گۆرانکاری.
ئەوانەی لە دڵسۆزیەوە یاخود بە هاندەری تریش سەرقاڵی هەستانەوەی گۆڕانن تەنها گردەکە و دەوروبەری بە مۆڵگەی گۆرانکاری دەبینن، لەمەشدا زۆر هەڵەن چونکە هیچ کەرەستەیەکی نوێیان پێ نیە کە جەماوەری تورەی گۆڕان باوەریان پێبکات، ئەوەی هەیە و نیە مێژوی کاک نەوشیروان و ساڵە هیوابەخشەکانی گۆڕانە، مەخابن هەر خۆیان و نیشتەجێبوانی گردەکەش مێژوی دامەزرێنەری گۆڕانیان لە جوانیەکانی داتاشی و ساڵە جوانەکانیش، کە زۆربەشیان لەکەدار کراون، وەک لاپەرە گەشەکانی مێژو دەمێننەوە.
ئەمەی دەیکەن وەهمی گۆرانکاریە، بۆ خۆم و بەئاگاشم چەندین گروپ و ئاراستە نارازیەکانیش، ناچنە ناو پرۆسەیەکی لەوجۆرە، کورد وتەنی: مانگەشەو سەر لە ئێوارەوە دیارە، لە گەڵ ئەوەشدا هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.
نوسینی: چیا عەباس