ئایندەی قەوارەی هەرێمی كوردستان بەرەو كوێ؟!
2023-02-20 05:27:22
ساڵح ژاژڵەیی
لە ئێستادا قەوارەی هەرێمی كوردستان لە خراپترین دۆخی سیاسیدایەو ئەگەر بارودۆخەكە هەر ئاوا بەردەوام بێت و چارەسەرێكی بۆ نەدۆزرێتەوە، كۆی قەوارەی سیاسی هەرێم لەبەردەم مەترسی لەناوچوندا دەبێت. زۆر زەحمەتە لەم نوسینە كورتەدا جێگای ئەوە ببێتەوە كە بە درێژی باسی هەموو ئەو هۆكارانە بكەم كە بوونە هۆكاری دروستبوونی مەترسی گەورە بۆسەر قاوارەی سیاسی هەرێمی كوردستان. بەڵام زۆر بە كورتی هەوڵدەدەم ئاماژە بۆ گرنگترینیان بكەم:
یەكەم: هۆكاری سەرەكی ئەو مەترسیانەی ڕوبەڕوی هەرێمی كوردستان دەبنەوە ناكۆكییەكانی نێوان یەكێتی و پارتییە. ڕەگی ناكۆكییەكانی ئەو دوو حیزبەش دەگەڕێتەوە بۆ ناكۆكییەكانی نێوان مەلا مستەفاو باڵی مەكتەبی سیاسی لە شۆڕشی ئایلولدا كە لە ساڵی 1964 ڕویداو لە ئەنجامی ئەو ئەو ناكۆكیانە بەرەی جەلالی و مەلایی دروستبوو. دوای ئاشبەتاڵ و دەستپێكردنەوەی شؤڕشی نوێ لەساڵی 1976 ناكۆكیان بوهون بە ناكۆكی نێوان پارتی و یەكێتی و لەئێستاشدا ناكۆكییەكان بوون بە ناكۆكی ڕاستەقینەی نێوان هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵهبانی.
تێكەڵبوونەوەی بەرەی جەلالی لەگەڵ پارتی لە ساڵی 1970و ئاشبەتاڵی ساڵی 1975 نەك كۆتایی بە كێشەكانی نێوان ئەو دوو بەرەیە هێنا، بەڵكو دوای دەستپێكردنەوەی شۆڕشی نوێی گەلەكەمان لەلایەن یەكێتی نیشتمانیەوە لە ساڵی 1976، ناكۆكی و شەڕو یەكتركوشتن بەشێوەیەكی زۆر خراپترو گەرموگوڕتر دەستیپێكردەو ئەو ناكۆكیانە تائێستاش هەر بەردەوامەو بەو هۆیەوە بە دەیان هەزار هاوڵاتی كورد بوونە قوربانی. كارەساتی هەكاری ساڵی 1979و شەڕی نێوان یەكێتی و پارتی لە ساڵی 1996 نمونەی ئەو كارەساتانەن. لێرەدا خاڵێكی زۆر گرنگ هەیە كە دەمەوێت ئاماژەی بۆ بكەم ئەگەر ناكۆكییەكانی ڕابوردوی نێوان باڵی مەكتەبی سیاسی و مەلا مستەفا بەدیوێكی تردا ناكۆكییەكانی نێوان یەكێتی و پارتی لەئێستادا، لەسەر خەبات و تێكۆشان و بەدەستھێنانی مافەكانی گەلی كوردو سەربەخۆیی كوردستان بوبێت و هەریەكەیان ئەوی تریان تۆمەتبار كردبێت بەوەی دژ بە بەرەی گەلەو وابەستەی وڵاتانی دژ بە كوردەو بۆ بەرژەوەندی خۆی كاردەكات و خوێنی هاوڵاتی كورد دەڕێژێت، ئێستا هەرێمی كوردستان ڕزگاری بووەو سەربەخۆیەو خاوەنی حكومەت و پەڕلەمان و پارەی زۆریشە.
كەواتە با پرسیاریان لێ بكەین ئەی شەڕو ناكۆكییەكانی ئێستایان لەسەر چییە كە كە قەوارەی هەرێمی كوردستان لەبەردەم مەترسی لەناوچوندایە. هەموومان دەزانین كە نوێنەری نەتەوە یەكگرتوەكان جێنبن پلاسخارت چەندینجار هۆشداری داوەتە یەكێتی و پارتی و بەئاشكرا پێی ڕاگەیاندون ئەگەر كۆتایی بە ناكۆكییەكانیان نەهێنن و هێزی پێشمەرگە یەكنەخەن، هەرێمی كوردستان بەمشێوەیەی ئێستا نامێنێتەوە. واتە لەناودەچێت. بەڵام دەسەڵات و پارە یەكێتی و پارتی كوێر كردووە.
كەواتە هەر لە سەرەتاوە ناكۆكی ئەمانە لەسەر دەسەڵات و پارە بووە بەڵام بەهۆی ئەوەی لە ساڵانی پێش ڕاپەڕیندا نەدەسەڵاتی حوكمڕانیان هەبووەو نه پارەو سامانی زۆرێش لەبەردەستدا بووە، كێشەو ناكۆكیەكانی خۆیان خستۆتە ناو قاڵبی نیشتمانپەروەری و خەباتی نیشتمانی و لەم ڕێگایەوە خەڵكیان خەڵەتاندنەوەو شەرعیەتیان داوە بە ڕشتنی خوێنی لاوانی كوردو دڕێژەدان بە شەڕی بڕاكوژی.
دووەم: لەدوای ڕاپەڕین و دروستبوونی حكومەتی هەرێم و بەردەوامبوونی شەڕی نێوانیان، چەندین حزب و لایەنی سیاسی تر لە ئەنجامی ناكۆكییەكانیان و بێزاری خەڵك لەهەردوو حیزبی دەسەڵاتدار دروستبوون لەشێوەی دوكانی سیاسیدا. دواجار ئەمانە لەلایەك بوونە بارێكی قورس بەسەر بودجەی هەرێمی كوردستانداو لە لایەكی تریشەوە بوونە سەرچاوەی كێشە چونكە ئەم حیزبانە بەردەوام یارییان دەكرد لەنێوان یەكێتی و پارتی و بەدوای بەرژەوەندی خۆیانەوەبوون نەك بەرژەوەندی گەل و نیشتمان. لەئێستادا دەسەڵاتی حوكمڕانی تەنها لە دەستی پارتی و یەكێتیدایەو پارتیش باڵادەستی یەكەمە. ئەو دوو لایەنە خاوەنی هێزی تایبەتی خۆیانن و دەستیان گرتووە بەسەر سامان و داهاتی ئەم هەرێمەدا. حیزبەكانی تر ئەگەرچی لەناو پەڕلەماندا هەن و بزوتنەوی گۆڕانیش بەشدارە لە حكومەتدا، هیچ كامێك لەوانە كاریگەریان لەسەر گۆڕینی پڕۆسەی سیاسی نییەو تەنها وەكو ناو هەن. بەردەوام ڕەخنە دەگرن و قسەی خۆیان دەكەن، بەڵام كەس گوێیان لێ ناگرێت و وەكو ئەوە وایە هەر نەبن.
مەترسییە گەورەكانی سەر ئایندەی هەرێمی كوردستان
یەكەم: هەرچەندە هەموو ئەو حیزبانەی دەرەوەی دەسەڵات خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن دەزانن، بەڵام ئەو حیزب و لایەنانە نە بەتەنها خۆیان هیچیان بۆ دەكرێت و نە دەشتوانن لە بەرەیەكدا یەكبگرن و ڕوبەروی دەسەڵاتی پارتی و یەكێتی ببنەوە. دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕان ئومێدێكی گەورە بوو بۆ ئەوەی ئۆپۆزسیۆنێكی بەھێز لە گۆرەپانی سیاسی هەرێمی كوردستاندا دروست ببێت بەرامبەر یەكێتی و پارتی. بەڵام سەد مەخابن ئەو ئومێدە نەهاتە دی و دواجار بوو بە بڵقی سەر ئاو. ئێستا بەڕواڵەت نەوەی نوێ بۆتە جێگرەوەی بزوتنەوەی گۆران، بەڵام دواجار حاڵی نەوەی نوێش لە حاڵی بزوتنەوەی گۆڕان باشتر نابێت و ئەویش دوای ماوەیەكی تر دەبێتە بڵقێكی ئاوی گەورە چونكە خاوەنی هیچ بەرنامەو ئەجیندایەكی سیاسی نییەو لە ئەنجامی ناڕەزاییەكانی خەڵك لە پارتی و یەكێتی دروستبووە. كەواتە بوونی ئەم حیزبانە لە مەیدانەكەدا كە یەكێكیان ڕووی لە شامەو ئەوی تر لە شیراز هیچ بەرهەم ناهێنن و ئەگەر هەموو ساڵێكیش هەڵبژاردن بكرێت، بارودۆخەكە هەر وەكو ئێستا بەردەوام دەبێت.
دووەم: لە هەموو دونیادا نوخبەی ڕۆشنبیرو كەسانی نیشتمانپەروەرو دلسۆز ڕۆڵ و كاریگەری بەرچاویان هەیە لەسەر وشیاركردنەوەی جەماوەر بۆ گۆڕینی سیستەمی حوكمڕانی و بەرەوپێشبردنی پڕۆسەی سیاسی و دێموكراتی. بەڵام لەبەر ئەوەی هەموو حیزبە كوردییەكان بە ئەوانەی خاوەنی دەسەڵاتن و ئەوانەشی خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن دەزانن بونە كۆمپانیای بازرگانی و شوێنی دۆزینەوەی كارو وەرگرتنی پلەو پۆستی باڵاو دەسكەوتی تایبەتی، بەوهۆیەوە بەرژەوەندی حیزبی و تاكە كەسی جێگەی بەرژەوەندی نیشتمانی گرتۆتەوە. لەهەموی خراپتر ئەوەیە هەموو حیزب و دوكانە سیاسییەكان بوونە حیزبی بنەماڵەو تاكە كەسی ئەجیندای نیشتمانیان زۆر لاواز بووە. پارتی و یەكێتی و بزوتنەوەی گۆڕان و حیزبی سۆسیالیست بەتەواوی بوونە حیزبی بنەماڵە. ئەگەر بە وردیش سەرنج بدەین حیزبە ئیسلامیەكانیش بەشێوەیەك لە شێوەكان بوونە حیزبی كەسانی تایبەت كە ئەوەش شێوەیەكە لە بنەماڵهیی.
سەیركەن ئەوەتەی یەكگرتوی ئیسلامی و كۆمەڵی دادگەریی و بزوتنەوەی ئیسلامی هەن هەر سەركردەكانیان نەگۆڕاون و هەمان كەسن. ئەگەر بەوردی سەرنجیان بدەی دەبینی ئەوانەی لە سەركردایەتی حیزبدان و بەردەوام ئاڵوگۆڕی پۆستیان بۆ دەكرێت وەكو وەزیرو ئەندام پەڕلەمان ژمارەیكی دیاریكراون. پرسیارێكی تر ئەوەیە: ئایا ئەگەر ئەم حیزبانە دەیانەوێت لە پێگەی ئیسلامییەوە پڕۆسەی سیاسی بگۆڕن بۆچی نابنە یەك حیزب، یان هیچ نەبێ لە بەرەیەكی یەكگرتودا كۆببنەوە بۆ ئەوەی كاریگەریان بەهێزتر بێت. كەواتە لێرەدا بەرژەوەندی حیزبی و تاكە كەسی دەكەوێتە پێش بەرژەوەندی گشتی و نیشتمانی لەبەرئەوە بەردەوام لە بازنەیەكی داخراودا دەمێننەوە.
مەترسییە گەورەكە لێرەوە دەستپێدەكات كە بەهۆی ئەو دابەشبونە زۆرەی ناو كۆمەڵگای كوردی بەسەر ئەم حیزب و لایەنانەدا بەرژەوەندی نیشتمانی لەناو كۆمەڵگادا غائیب بووەو بەرژەوەندی شەخسی جێگەی گرتۆتەوە. ئەگەر سەیر بكەین زۆرینەی خەڵكی ڕۆشنبیرو دڵسۆزو خاوەن بڕوانامەی بەرز هەریەكەیان بەپێی بەرژەوەندی خۆیی و چۆنی بۆ لوابێت و لەكوێ دەسكەوت و بەرژەوەندییەكانی مسۆگەر بوبێت، لەوێ گیرساوەتەوە. سەیركەن دادوەرو مامۆستای زانكۆو كەسانی ڕۆشنبیرو نیشتمانپەروەر دابەشبوون بەسەر ئەو حیزب و لایەنانەداو بەچاك و خراپ بەرگری لەو لایەنە دەكەن كە دەسكەوتی تایبەتیان بۆدابین دەكەن. زۆرترین لەدەوری پارتی و یەكێتی كۆبونەوە چونكە پاروە چەورەكە زۆرتر لای ئەوانە.
كەسێك دەبێتە لایەنگری حیزبە ئیسلامییەكان و بزوتنەوەی گۆڕان و نەوەی نوێ لەسەر حسابی ئەوان دەبێتە ئەندام پەڕلەمان یان وەزیر یان بەڕێوەبەری گشتی و لێرەوە ئەجیندای نیشتمانی ون دەبێت. سەیركەن خاوەن بڕوانامەیەكی دكتۆرا دەبێتە لایەنگری نەوەی نوێ بۆ ئەوەی ببێتە ئەندامی پەڕلەمان. ئاری سامی حوسەین نازم، كە باوكی گەورەترین ڕۆشنبیری ئەم شارەو زۆرترین خزمەتی بە سلێمانی كردووەو خۆشی باشترین و بهناوبانگترین دكتۆری مێشك و دەمارەو كەسێكی بەناوبانگەو لێرەوە دەتوانێت گەورەترین خزمەت بە خەڵك بكات، بیر لەوە دەكاتەوە ببێتە ئەندامی پەڕلەمان لەسەر حسابی لایەنێك. ئەمانە هەموی مەترسین و كارەساتن بۆ سەر ئایندەی ئەم نیشتمانە.
ڕۆشنبیرو نیشتمانپەروەرە دڵسۆزو بێلایەنەكانیش هەرچی بڵین و باسی بكەن و داوابكەن و بنوسن كەس بە قسەیان ناكات. كەسانی ڕۆشنبیرو دڵسۆزو نیشتمانپەروەر نوسینەكانیان و بۆچونەكانیان بۆ ئەوەیە دەسەڵات ئاگادار بكەنەوە لەو هەڵەو كەموكوڕیانەی هەیە. بەڵام ئەم دوسەڵاتەی كوردیە بە حوكمی دەسەڵاتی دارستان كار دەكات و گوێ بۆ كەس ناگرێت.
بەكورتی كەرتبوون و دابەشبوونی تاكی كوردی بەسەر حیزب و لایەنەكانداو پەڕتەوازەی و یەكنەگرتنی حیزبەكانی دەرەوەی دەسەڵات بۆ ڕوبەڕوبونەوەی دەسەڵاتی یەكێتی و پارتی كە سامانی ئەم وڵاتە بەتاڵان دەبەن بۆ خۆیان، گەورەترین مەترسین لەسەر ئایندەی هەرێمی كوردستان.
كەواتە مەترسییەكانی سەر جەماوەرو پێنەدانی موچە لەكاتی خۆیداو ئەنجام نەدانی خزمەتگوزاری و نەمانی دێموكراسیەت و زۆربوونی كێشەی كۆمەڵایەتی و توندوتیژی بەرامبەر بە ئافرەتان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لە زۆربووندا دەبێت و كۆی كۆمەڵگای كوردی ڕوبەڕوی بێ ئومیدبون دەبێت لەم دەسەڵاتە كوردیەو خوازیار دەبن بچنەوەوە ژێر دەسەڵاتی حكومەتی مەركەزی و ئەوەش مانای كۆتاییهاتنی قەوارەی هەرێمی كوردستانە.
سێیەم: گەورەترین مەترسی لەسەر ئایندەی هەرێمی كوردستان ئەوەیە تائێستا هەرێم نەبۆتە خاوەنی هێزێكی پێشمەرگەی نیشتمانی یەكگرتوو. هەرچەندە بە ڕواڵەت یەكەكانی 70ی یەكێتی و 80 پارتی گوایە ئەمانە هێزی نیشتمانی و لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە سەرپەرشتی دەكرێن، بەڵام تائێستا ئەوە هەر وەكو ناو وایەو ئەو هێزانە لەژێر فەرمانی یەكێتی و پارتیدان. واتە هێزی پێشمەرگە تائێستا ھێزی دوو حیزبەو ئێستا بەتەواوی بۆتە هێزی دوو بنەماڵەو بەو هۆیەوە هەمو كاتێك مەترسی پێكدادان هەیە.
مەترسییەكە هەر ئەوە نییە، ئەوەتا پارتی هێزی دژەتیرۆری سەربەخۆی هەیە دەزگای پاراستن و ئاسایشی خۆی هەیەو لەبەرامبەردا یەكێتی هێزی دژە تیرۆری خۆی و دەزگای زانیاری و ئاسایشی خۆی هەیە. ئەم هێزانە زیاتر بۆ چاوەدێری لەسەر جموجۆڵی یەكتری لەلایەك و ئەندامانی حیزبەكانی خۆیان لەلایەكی ترەوە بەكار دێنن. واتە ئەم هێزانە زیاتر هێزی حیزبی و بنەمالةیین نەك نیشتمانی. لەلایەكی ترەوە زوربەی بەرپرسەكانی نێوان هەردوو حیزب خاوەنی هێزی تایبەت بە خۆیانن وەكو فەوج و لێوا.. كورت و كرمانجی لەئێستا تەنها یەك حكومەت نییە لەناو حكومەتێكدا بەڵكو چەندین حكومەت هەن لەناو ئەم بەناو حكومەتە درۆینەی هەمانە. كەواتە بوونی ئەم هەموو فرەكۆێخاییە نەك ناتوانێت ئاسایش و سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان بپارێزێت، بەڵكو بەردەوام دەیخاتە بەردەم مەترسی دەستتێوەردانی دەرەكی دواجار لەناوچوونەوە.
لە هەموو ئەمانە خراپتر ئەوەیە كە ناكۆكییەكانی نێوان هەردوو بنەماڵەی دەسەڵاتدار گەیشتۆتە ئاستی ئەوەی وەكو سەردەمی بەعس چۆن ئەفواجی خەفیفەی هەر لە كورد خۆی دروستكردو شەڕی كوردیشی پێدەكردن. ئێستا دەسەڵاتدارانی كورد ئەمە دووبارە دەكەنەوە بەرامبەر بە یەكتری. بۆ نمونە سەرۆكی دەزگای زانیاری یەكێتی ڕادەكات بۆ هەوڵێرو ئەوانیش پشتیوانی لێ دەكەن. لەولاوە هێزێك بۆ عەبدوڵای كوێخا موبارەك دروست دەكەن. پار ساڵ پارتی ھێزێكی بۆ حەمەی حاجی مەحمود دروستكردو ئەوەتا ئەمساڵێش هێزێكی هەزار كەسی بۆ دروست دەكات.
لەكاتێكدا ساڵانە دەیان هەزار خوێندكاری زانكۆ خوێندن تەواو دەكەن تەنها یەكەم و دووەم و سێیەمەكانیش دانامەزرێنن، بەڵام پارتی دێت لەسەر بودجەو قوتی خەڵك، بە هەزاران كەس بۆ ئەم و دەكاتە موچەخۆر دژی یەكێتی. هەر لەسەرەتای دروستبوونی حكومەتەكەی مەسرور بارزانیدا باسی چاكسازی و بڕینی موچەی پلە بەرزەكان كەمكردنەوەی خەرجییەكان دەكرا. بەڵام ئەگەر بەدواداچونێكی ورد بكرێت دەبینی خەرجییەكانی حكومەت بەردەوام لەزیادبووندایە بەهۆكاری ئەوەی هێزی تایبەت بۆ ئەم ئەو دادەمەزرێنن ژمارەی ھێزەكانی دژەتیرورو هەردوو دەزگای ئاسایش و دەزگای زانیارو پاراستن زیاد دەكەن بۆ دژایەتی یەكتری.
لە كاك شۆرش ئیسماعیلیان پرسی ئەوكات كە وەزیری پێشمەرگە بوو ئایا ئەو هێزەی بۆ عەبدوڵای كوێخا موبارەك دروستكراوە لای ئێوە تۆمار كراون و موچە وەردەگرن؟. لەوەڵاما وتی من ئاگاداری ئەوانە نیم. ئەی كەواتە كێ موچەی ئەمانە دەدات و بۆ چ مەبەستێك دروستكراون ؟. بۆ ھێزەكەی حەمەی حاجی مەحمودیش هەمان پرسیار ڕاستە. لە كاتێكدا پارتی و یەكێتی ئەمە نێوانیان بێت و هاوپەیمانانیش بەردەوام داوابكەن هێزی نیشتمانی دروستبكەن و كێشەكانتان چارەسەر بكەن ئەمانیش لەسەر ناكۆكییەكانیان بەردەوامبن. دەبێ هەمومان چاوەڕوانی مەرگی حكومەتی هەرێم و لەناوچوونی قەوارەی هەرێمی كوردستان بین.
دوای ئەم هەموو ساڵانەی خەباتی میللەتی كورد بۆ ئازادی و سەربەخۆیی و دوای ئەوەی باشترین دەرفەتمان بۆ ڕەخسا بۆ ئەوەی ئازادو سەربەخۆبین، بەڵام ئەوەتا خەریكە ناكۆكییەكانی نێوان دوو بنەماڵەی قین لە دڵ بەرامبەر بە یەكتری هەموو ئەو ڕەنجە بە بادەدەن، ئایا ڕۆشنبیران و دڵسۆزان و خەمخۆران و نیشتمانپەروەرانی ئەم گەلە چی بكەن لەم قۆناغە هەستیارەدا؟. باشترین كار ئەوەیە هەموان لە یەكتری نزیك ببنەوەو لەسەر پڕۆژەیەك ڕێك بكەون كە لە دواڕۆژدا ئەم پڕۆژەیە ببێتە هەوێنی دروستبوونی ئۆپۆزسیۆنێكی بەهێزی جەماوەری بۆ ڕوبەڕووبونەوەی یەكێتی و پارتی و هەرێمی كوردستان لە مەترسی لەناوچوون بپارێزن. لەئێستادا من هاتومە سەر ئەو ڕایەی كە باشترە بۆ ئایندەی نیشتمان و بۆ تاكی كوردیش كە زۆرینەمان پشتیوانی لە لایەنێك بكەین كە بەتەنها ببێتە خاوەن بڕیار بۆ ئەوەی لەم دابەشبوونەی ناو خۆمان ڕزگارمان ببێت و چی دەبێت ئەگەر ئەم ڕێگایەش تاقیبكەینەوەو بزانین ئەنجامی چۆن دەبێت. یان هەر بهردەوام بین لەسەر ناكۆكی و یەكتركوشتن. ئەگەرهەریەكێكمان بەتەنها پاڵەوانێك بین، هیچمان پێ ناكرێت ئەگەردەست نەخەینە ناودەستی یەك و پشتی یەكتری نەگرێن قسەمان یەك نەخەین. تا ئێمە پەرتەوازەو دوور بین لەیەكتری، بەقازانجی ئەم دەسەڵاتەیە. بەردەوامبوونی ئەم دەسەڵاتەش بەمشێوەیەی ئێستا، بە واتای مەرگی قەوارەی هەرێمی كوردستانه.