توركیای دوای بومەلەرزەكە

2023-02-22 18:07:59
سەلاح خدر
زیانەکانی دواین هەرسێ بومەلەرزە گەورەکانی تورکیا و باکوری کوردستان، دەتوانرێت بە لێدانێکی مەزن لە شادەماری ئابووری تورکیا بەناو بکرێت، بەو پێیەی لەمەودای جوغرافیایەکی ٣٠٠ کیلۆمەتریدا زیانی گەورەی بەسەرخان و ژێرخانی ئابووری وڵاتەکە گەیاندووە.
ئەگەرچی حکومەتی ئاکەپە - مەهەپەی تورکیا لە دیدێکی سیاسیەوە و بۆ درێژەدان بە تەمەنی دەسەڵاتداری خۆیان هەوڵی شاردنەوەی ڕاستی زیانەکان لەڕایگشتی دەدەن، بەڵام کارەساتەکە لەوە گەورەترە بتوانرێت بشاردرێتەوە.
لەگەڵ سانسۆرەکانی سەر میدیا و دەزگاکان و لەمپەرەکانی بەر بڵاوکردنەوەی ئەنجامەکان، ئەم بەدواداچوونە جیاواز لە زیانە گیانی و مەعنەوییەکان لەبەر ڕۆشنایی ڕاپۆرتە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکاندا لەسەر زیانە ئابووریەکانی بومەلەرزەکان ئامادەکراوە.
قەبارەی زیانەکان
ڕاپۆرتەکان زیانی هەرسێ بومەلەرزەکەیان بەنزیکەی ١٠٠ ملیار دۆلار خەمڵاندووە، بەڵام بەهۆی دواین بومەلەرزە کە شەوی ٢٠ لەسەر ٢١ی شوبات لە ناوچەی ئوزونباخی سەربە هاتای ڕوویدا و چەند باڵەخانەی دیکەی ڕووخان و زیانی گیانی لێکەوتوەتەوە ژمارەکە بەرزتر بووەتەوە، ئەوەش زەبرێکی کوشندەیە لە کۆڵەکەی ئابووری ئەو وڵاتە کەوتووە، چونکە ئەو کارەساتە لە کاتێکدا ڕوویداوە کە لەم ساڵانەی دواییەدا تورکیا بەقەیرانێکی سەختی ئابووری و داڕمانی بەهای دراوەکەیدا گوزەر دەکات.
ئەوەش ئاشکرایە کە بەهەموو ئەو هاوکارییانەی لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتان و کۆمەڵگای جیهانییەوە بۆ تورکیا نێردراوە قەرەبووی لەسەدا ١٠ی ئەو زیانانە ناکاتەوە کەلەئەنجامی کارەساتەکەدا بەری کەوتووە.
زیانەکانی بیناسازی
بەپێی ڕاپۆرتێکی دەزگای بلومبێرگی ئەمەریکی لەبڕی ئەو ١٠٠ ملیار دۆلار زیانەی لەئەنجامی بومەلەرزەکاندا کەوتووەتەوە، نزیکەی ٨٠ ملیار دۆلاری زیانی کەرتی نیشتەجێ و بیناسازییە و ئەوی دیکەی زیانی داهاتە نەتەوەییەکان و هێزی کارە.
لە کۆی ١١ پارێزگا و شاری بەرکەوتووی بومەلەرزەکە زیاتر لە ١٠٠ هەزار بینا زیانی گەورەیان بەرکەوتووە لەسەدا ٧٠ی خانوو و باڵەخانەکانی هەردوو پارێزگای مەڕەش و ئەنتاکیا بەرزیانی مەزن کەوتوون، بەشێوەیەک کە لەسەدا ٥٠ی خاپوور بوون و ئەوی دیکەشیان چیدی کەڵکی ژیان یان ئەمنیەتی ژیانیان تێدا نەماوە، بەو هۆیەشەوە زیاتر لە ١٥ملیۆن مرۆڤ زیانمەند بوون و زۆربەیان بێ کار و بێ جێ و وار ماون.
ئەوەش دابینکردنی خانوو ماڵ و گەڕانەوەی ملیۆنان کەس بۆ ژیانی ئاسایی خۆیان ساڵانێک و بودجەیەکی قەبەی دەوێت.
ژێرخانی ئابووری
لەمەودای چەندین کیلۆمەتردا لە هەرێمەکانی بومەلەرزە زیان بەر ڕێگاوبانەکان کەوتوون و هاتن و چونی زەحمەت کردووە، تۆڕەکانی ئاو و کارەبا تێکچوون و چەندین نەخۆشخانە و خوێندنگا و دەزگای خزمەتگوزاری کاول بوون.
لەزۆربەی ناوچەکانی بومەلەرزە، خزمەتگوزارییەکانی ئاو و کارەبا تێکچوون، بریندار و نەخۆشەکان گواستراونەتەوە شارەکانی دیکە یاخود لەنەخۆشخانەی گەڕۆکدا چارەسەریان بۆ دەکرێت.
بەندەری ئەسکەندەروون کە دەرگایەکی گرنگی ئابووری و هەناردە و هاوردەی تورکیا بووە بەهۆی زیانەکانی بومەلەرزەوە و مەترسیەکانی دواتری کارەساتەکە هەموو چالاکیەکی بازرگانی تێدا وەستاوە.
فڕۆکەخانەکانی مەڕەش، عەنتاب، هاتای، ماڵاتیا و ئادیامان زیانی گەورەیان بەرکەوتووە و بەتایبەت فڕۆکەخانەکانی مەڕەش و عەنتاب و هاتای بۆ چەند ڕۆژ لە جموجۆڵ داخران و ئێستاش بەشێوەیەکی ڕێژەیی کار دەکەن.
زیانی کشتوکاڵ و پیشەسازی
ناوچەی بومەلەرزەکان لەسەدا ١٤،٣ی بەرهەم کشتوکاڵی و لەسەدا ١١ی پیشەسازی و لەسەدا هەشت و نیوو هەناردەکردنی لەڕێگەی فڕۆکەخانە و بەندەری ئاوییەوە لێیە، جگە لە ڕاو و دارستان.
زۆربەی زەویە کشتوکاڵیەکان زیانیان بەرکەوتووە و هەندێکیان بەهۆی شەق بوونی زەویەوە کاریان تێدا ناکرێت.
لەناوچەکانی موش و هاتای چەند سایلۆ و عەمباری گەنم کاول بوون بەتایبەت سایلۆی کەیری خان کە هەزاران تۆن گەنمی تێدا هەڵدەگیرا بەتەواوی خاپوور بووە.
بەرلە سێهەمین بولەمەرزەکەی ٢٠ی شوبات یەکێتی کارگە و کاری تورکیا زیانەکانی بە ٨٤ ملیار دۆلار ڕاگەیاند.
ئەو زیانانەش لەسەدا ٥،٤ی دەچێتە سەر بودجەی گشتی تورکیا، بەشێوەیەک بومەرلەزەکان لەمساڵدا زیانێکی گەورە بە گەشەی ئابووی تورکیا دەگەیەنێت و لانی کەم نزیکەی لەسەدا سێی گەشەی ئابووری ئەو وڵاتە دادەبەزێنێت.
چەندین کارگە و پڕۆژەی گەورەی ئابووری کاول بوون و چەندینی تر داخراون، پارێزگای عەنتاب کە پشکی گەورەی لە زیانی بومەلەرزەکە بەردەکەوێت وەک پێنجەمین ناوەندی مەزنی پیشەسازی تورکیا ناسراوە زیاتر لە هەزار و ٢٠٠ کارگەری گەورەی لێیە کە زۆربەیان بەر زیانی بومەلەرزە کەوتوون، هەندێکیان تەواو خاپوور بوون و ئەوانی دیکەش لەکار وەستاون، کەمترینیان لە ئێستادا کار دەکەن.
عەنتاب و شارەکانی دیکەی کارەساتەکە وەک ناوچەی ئاژەڵداری ناسراون، بەڵام ئێستا هەموو بازرگانی و جموجۆڵێکی ئاژەڵداری وەستاوە و خاوەن ئاژەڵەکان ڕانەکانیان هەرزان فرۆش کردووە.
زیانەکانی کەرتی گەشتیاری
بەهۆی ئەوەی هەرێمەکانی هەرسێ بومەلەرزەکە کەمتر هەرێمی گەشتیارین بەڕێژەیەکی کەم زیانی ئەو کەرتەیان بەرکەوتووە.
سەرمایەی بیانی لە تورکیا
بەپێی ڕاپۆرتێکی بانکی ئەوروپایی بۆ گەشە و ئاوەدانکردنەوە، سەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوە و بیناسازی لەناوچەی بومەلەرزەکاندا زیانێکی مەزن و دوورمەودا لە چالاکی ئابووری تورکیا دەدات.
تورکیای دوای بومەلەرزەکە زۆرترین پێویستی بە عوملەی بیانییە، بەڵام بەهۆی سیاسەتەی گەندەڵی و قۆرخکاری و نادادی ئەردۆغان دەستگرتن بەسەر تەواوی کەرتی ئابووری و سەرمایەی وڵاتەکەدا لەڕێی بنەماڵە و کەسە نزیکەکانیەوە، ساڵانێک پێش ئێستا زۆربەی سەرمایەدار و بەرهەمهێنەرە بیانییەکان و بانکەکان چالاکییە بازرگانی و ئابووریەکانی خۆیان لە تورکیا ڕاگرت و بەشێکی زۆریان کشانەوە، ئەوەش هۆکارێکی دیکە بوو بۆ قەیران و هەڵاوسانی ئابووری لە تورکیا.
بۆیە جارێکی تر گەڕانەوەی سەرمایەی بیانی لەدۆخی ناڕۆشنی تورکیا و نائەمنی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی هەنوکەیی دا مەحاڵە.
بڵاوبوونەوەی نەخۆشی
ڕاپۆرتێکی ناوەندی ئەوروپی بۆ کۆنتڕۆڵکردن و پێشگیری لە نەخۆشییەکان، مەترسی خۆی لە بڵاوبوونەوەی مەترسیداری نەخۆشی و پەتای ڤایرۆسی لەهەرێمەکانی بومەلەرزەی تورکیا نیشانداوە.
ناوەندەکە ئاماژەی بەبڵاوبونەوەی نەخۆشیە گواستراوەکانی کۆئەندامی هەناسە بەتایبەت کۆلێرا و نەخۆشییە ڤایرۆسییەکان کردووە، ئەوەش بەهۆی دەسڕانەگەیشتن بە کەلوپەلی خاوێنکردنەوە و خراپی کوالێتی کۆگاکانی خواردن و پیسبونی ئاو و هەوا و خۆراک.
دابەزینی پلەی گەرمی هەوا هۆکاری سەرەکین بۆ بڵاوبوونەوە و تەشەنەکردنی ڤایرۆسە مەترسیدارەکان.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندە ئەوروپییەکە نەخۆشییەکانی وەک سورێژە، هەوکردنی مێشک، ئاوڵە، ئیفلیجی منداڵ زیاد دەکەن.
ئەنجام و چارەنوسی ئەردۆغان
رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا داوای کردووە یەک ساڵ مۆڵەتی پێبدەن تا هەرێمە زیانبەرکەوتووەکانی بومەلەرزەکان ئاوەدان بکاتەوە لە کاتێکدا چەندین ساڵ بۆ ئاوەدانکردنەوەیان پێویستە.
هەموو شرۆڤە سیاسیەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پێدەچێت بومەلەرزەکانی شوباتی ٢٠٢٣ کۆتایی بەحوکمڕانی بیست و یەک ساڵەی ئەردۆغان بهێنێت، وەک چۆن بومەلەرزەکەی ئاگۆستی ١٩٩٩ی مەڕمەڕە حکومەتەکەی بوڵەند ئەجەویدی ڕوخاند.
بەرلە بومەلەرزەکەی شەشی شوباتی ئەمساڵ زۆربەی ڕاپرسیەکان ئەو ئەنجامەیان دەرخست هەڵبژاردنی داهاتووی تورکیا کە بڕیارە لە مانگی پێنجی ئەمساڵدا ئەنجامبدرێت یاخود بەهۆی دۆخەکەوە بۆ چەند مانگ دواخرێت، کۆتایی حکومڕانی ئەردۆغانە.
بەڵام ئایا ئەردۆغان بەشێوازێکی ئاشتی و دیموکراتی ئامادەیە دەستاودەستی دەسەڵات بکات؟
یاخود پشتئەستوور بەهێزی (سادات) و خلوسی ئاکاری وەزیری بەرگری و هاکان فیدانی سەرۆکی دەزگای ئیستغباراتی تورکیا - میت و هەزاران چەکی ون بوو و شاردراوەی کودەتاکەی ٢٠١٦ هەمان سیناریۆی ترامپ لە تورکیا دووبارە دەکاتەوە؟.
