Draw Media

دەربەندیخان: لە چاوەڕوانی ئاودا

دەربەندیخان: لە چاوەڕوانی ئاودا

2023-02-15 08:56:46


سه‌ردار عه‌زیز

نزیکەی دە ساڵ لەمەوپێش- بەپێی ئەو نوسراوەی کە لە بەردەستمدایە- بەهرۆز محه‌مه‌د ساڵەح پارێزگاری ئەوکاتەی سلێمانی، بۆ كۆتاییهێنان به‌ گرژی و خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی ده‌ربه‌ندیخان، به‌تایبه‌ت گرتنی ڕێگه‌ی ده‌ربه‌ندیخان- كه‌لار كه‌ تێیدا سه‌رنجی خۆپیشانده‌ران له‌سه‌ر ڕێگریكردن بوو له‌ ڕۆشتنی ته‌نكه‌ره‌كانی نه‌وت به‌ره‌و مه‌رزی په‌روێزخان، چه‌ند بڕیارو به‌ڵێنێك ده‌دات:

یەکەم، پرۆژەی ئاوی یوکەی فلتەر کە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار گرێبەستی لەگەڵ کردووە لەماوەی سێ مانگ و نیودا تەواو بکرێت. گرێبەستەکە لەگەڵ کۆمپانیایەکی تورکیدا ئەنجامدراوە. وەک له‌ خاڵی یەکەمی نوسراوەکە دەڵێت. له‌ خاڵی دووەمدا، دەنوسێت، هەتا تەواوبونی پرۆژەی یوکەی فلتەر، لە ڕێگای تەنکەرەوە ئاوی پاک بە ماڵاندا دابەش بکرێت.

دە ساڵی دورودرێژ بەسەر ئەو خۆپیشاندانه‌و به‌ڵێنه‌كانی پارێزگاری سلێمانیدا تێپەڕیووە. بەپێی ئەم نوسراوە زیاتر لە دەیەیەکە خەڵکی شاری دەربەندیخان داوا دەکەن، ناڕەزایی دەردەبڕن، پەیمانیان پێدەدرێت، دەستی دەستییان پێدەکرێت، تەنها لەبەرئەوەی ئاوی پاکیان هەبێت. شایانی باسە دەربەندیخان لەسەر دەریاچەیەکەو ساڵێكیشه‌ بەنداوێکی تری بچوکتریش لەنزیک شارەکە دروستكراوه،‌ به‌نداوی دێوانه‌، کە ئه‌ویش به‌هه‌مان گرفته‌وه‌ جێهێڵراوه‌، گرفتی تێكه‌ڵبوونی ئاوی زێراب، ئه‌مجاره‌ ئاوه‌ڕۆی ده‌ربه‌ندیخان خۆی. بەم پێیە دەربەندیخان کێشەی نەبوونی ئاوی نییە، بەڵکو کێشەی پاڵاوتن و پاککردنەوەی هەیه. ئەوەی من دەمەوێت لێرەدا بە دوایدا بگەڕێم ئەو پرسیارە سادەیە: ئایا بۆچی ئەم پرسە پاش چەندین ساڵ و چەندین ناڕەزایی و چەندین وەعدو پەیمان، هێشتا بەبێ چارەسەر ماوەتەوە؟ بەپێی داتاکان ئاوی بەنداوی دەربەندیخان بە کۆمەڵێك ماددەی قورس ژەهراویی بووەو بەکەڵکی بەكارهێنان نایەت. لەڕاستیدا ئەم دەستنیشانکردنە ترسناکە، چونکە ئاوێک بە کەڵکی خواردنەوە نەیەت بەتایبەتی لەبەر بوونی ماددەی قورس تیایدا، ئەوا بە کەڵکی کشتوکاڵ و ئاژەڵداریش نایەت. ئەمە مانای وەهایە کە ڕوباری سیروان ڕوبارێکی ژەهراوییە. دیارە شارو شارۆچکەی تر لەسەر ڕوبارەکەن، بەڵام هەتا ئێستا نقەیان لێوە نایەت؟! پێده‌چێت له‌به‌رئه‌وه‌ بێت كه‌ ئاوی تانجه‌ڕۆ كه‌ به‌شی هه‌ره‌زۆری له‌ ئاوه‌ڕۆی سلێمانی پێكدێت كه‌وتۆته‌ دامێنی ئه‌وانه‌وه‌، ئاوه‌ڕۆی ئه‌و ناوچانه‌ی خوارووی سلێمانیش دیسان هه‌ر ده‌چێته‌ ده‌ریاچه‌كه‌وه‌، بۆیه‌ ته‌نیا به‌ڕاسته‌وخۆی زیانه‌كه‌ی به‌ر ده‌ربه‌ندیخان ده‌كه‌وێت. خەڵکی شاری دەربەندیخان هەموویان ئەو هەموو پەیمان و خۆپێشاندان و ناوی کۆمپانیاو سەردانی بەرپرس و فشەی بانگەشەیان لە یادە، ئەمەش مایەی زیاتر توڕەبوونیانە.

سەرەتا چەند دراوێکی سەرەتایی ئاماژە پێدەدەم. یەکەم، چارەسەرکردنی پرسەکە مەحاڵ نییە. دووەم، کێشەکە پێویستی بە تێچویەکی زۆر نییە. سێیەم، پرسێکی لاوەکی نییە، بەڵکو ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ژیانی هەزاران کەسەوە هەیە. لەبەر روناکی ئەم دراوانە، دەگەینە ئەو وەڵامە سەرەتاییە، کە چارەسەر نەبوونی ئەم پرسە نەبوونی خواستە بۆ چارەسەرکردنی. بۆچی نیەت نییە بۆ چارەسەرکردنی لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە؟ ئەوەی لە سەرەتادا دەبێت بیزانین کە چاره‌سەرکردنی پرسێک یان پشتگوێخستنی لە کوردستان نە پەیوەندی بە بودجەوە هەیە، نە ئیدارە، نە نەبوونی توانا، بەڵکو هەموو پرسەکان ڕاستەوخۆ سیاسی و حیزبین.

لەم ڕوەوە چەند تیورەیەک هەیە: یەکەم، حکومەتی هەرێم بەگشتی حکومەتێکی خزمەتگوزار نییە، بۆیە زۆربەی شارو شارۆچکەکانی کوردستان بە دەست نەبوونی خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنن. کاتێک حکومەت خزمەتگوزار نییە، ئەوا بە پچڕ پچڕ بە هۆکاری جیاواز لە جێگای جیاواز پرۆژە، ئەنجام دەدات. بێگومان ئەم تیورەیە برێکی زۆری لە ڕاستی تیادایە، چونکە لە حکومەتی حیزبیی هەرێمی کوردستاندا هێشتا زۆری ماوە کوردستان وەک یەکەیەک ببێتە جێگایەک کە بیر لە چۆنێتی حوکمکردنی بکرێتەوە، چۆن بەڕێوەببرێت یان ئیدارە بدرێت، لەسەر بنەمای پێداویستی ناوخۆیی و بوژانەوەی ئابوری و کۆمەڵایەتی هەرێمەکە. بۆ نموونە نەبوونی بودجە نیشانەی ئەوەیە کە پلانێکی گشتی نییە، بۆ دابەشکردنی داهات و پرۆژەو پلان. دەکرێت بە زمانێکی گشتی بڵێین، حکومداریی لەسەر کۆمەڵێک بنەمای تر بەڕێوەدەچێت، وەک بوونی کەسی باڵای حیزبی، بایەخی دەنگدان، گرنگی ئابوریی لەگەڵ جێکەوتەی مایکرۆ-رجیوپۆلەتیکی. شایانی باسە ئەم تیورەیە یەکێتی و پارتی وەک یەک دەبینێت.

تیورەی دووەم، جیاوازی دەکات لەنێوان یەکێتی و پارتیدا. بەگشتی پاش بە پایتەختبوونی هەولێر، وەها دەبینرێت کە پارتی سیاسەتی خزمەتگوزاری بەرامبەر سیاسەتی هەیە. کە بەشێکە لە سیاسەتی ڕەیعی و لە زۆر رووەوە دەچێتە سەر مۆدێلی چینی: گەشە بەبێ سیاسەت. دەکرێت بەپێی ئەزموون یەکێتی وەها ببینرێت کە حیزبێکە توانای حوکمڕانی نییە، چونکە، پێش ئەوەی بیپەرژێتە سەر حوکمڕانی ئەوانی تر، بە دەست قەیرانی حوکمڕانی خۆیەوە دەناڵێنێت. بەڵام لە هەمانکاتدا ئەوەی لەم دیدەدا کێشەیە، دۆخی جێگاکانی تری دەرەوەی هەولێرە لە سایەی پارتیدا. بۆ نمونە دهۆک زۆر ناڕازین.

تیورەی سێیەم، زیاتر جەخت لە سەر بایەخ و گرنگی ناوچەکان دەکاتەوە. پێنجوێنییەکان سەرکەوتووبوون چونکە مەرزیان هەیەو نەک هەر خۆیان بگرە ئێرانیش فشاری دەکرد بۆ چارەسەری کێشەکە لەپێناو کردنەوەی مەرزەکە، وەک دەنگۆکان دەڵێن. ئەگەر سەرچاوەی سەرەکی داهات مەرزو نەوت و غازبن، ئەوا مەرز لە هەموویان باشترە، چونکە کەمتر دەبێتە مایەی پیسبوونی ژینگە، دەرفەتی کار ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی زیاتر دابین دەکات و سودی بۆ ناوچەکە زیاتر دەبێت، بە بەراورد بە کێڵگەی نەوت. بەپێی ئەم تیورەیە، داهات بڕبڕەی پشتی حوکمڕانییە. بەڵام ئەگەر حوکمڕانی بەو مۆدێلە بێت کە ئەو جێگایانەی کە داهاتیان هەیە خزمەتگوزاری بکرێن و ئەو جێگایانەی کە داهاتیان نییە خزمەتگوزارییان نەبێت، ئەوا کێشەیەک لە مۆدێلی حوکمڕانیدا هەیە. چونکە کرۆکی حکومڕانی بریتییە لە هاوسەنگکردن و پلانڕێژی بۆ سودمەندنی هەمووان و هەوڵدان بۆ دابینکردنی سەرچاوی داهاتی تر لە جێگاکانی تر.

تیورەی چوارهەم، پرسی سزای سیاسییە. ئایا ئەو شارانەی کە دەنگ بە لایەنێکی تایبەت نادەن، یان دەنگ بە لایەنێک دەدەن وەک ناڕەزایی لە ئەنجامدا ڕاستەوخۆ کاریگەری دەبێت لەسەر خزمەتگوزارییەکانیان. هەرچەندە ئەم تیورەیە گشتگیر نییە، بەڵام لەبەر حیزبی بوونی سیستەمی حوکمڕانی هەرێم، بێگومان بەشێکی زۆر لە ڕاستی تیادایە.

ئێستا ئەگەر بگەڕێینەوە سەر پرسیاری ئەوەی بۆچی دەربەندیخان ئاوی پاکی نییە؟ دەکرێت یەکێک یان چەندێک لەم هۆکارانەی سەرەوە بێت. بەڵام رەهەندێکی تر هەیە دەبێت لەبەرچاو بگیرێت، ئەویش میکانیزمی داواکاری و فشارە لەناو کایەی سیاسی هەرێمی کوردستاندا. وەک لە نامەکەی دە ساڵ لەمەوپێش دەردەکەوێت، خەڵکی دەربەندیخان دەیەیەکە لە هەوڵی گەیاندنی داواکەیانن لە ڕێگای خۆپێشاندان و ناڕەزاییەوە. ئەم خۆپێشاندانە، لە ئاستێکی سنورداردا ماوەتەوە، گەرچی پرسکە پرسی هەمووانە بەبێ جیاوازی، بەڵام هەمووان وەک یەک ناجوڵێنێت، ئه‌م بە جەماوەری نەبوونە خاڵی لاوازییە. دووەم، لە میانەی پرۆسەی دەنگداندا، خەڵکی دەربەندیخان نەیانتوانیوە نوێنەرێکی ڕاستەوخۆی خۆیان بۆ پەرلەمان بنێرن کە زۆرینەی کاتی خۆی بۆ ئەم پرسە تەرخان بکات. ئەم دیاردەیە لە ئەدەبیاتی سیاسیدا پێی دەڵێن .single-issue voter گەرچی ڕەنگە بڵێن ئەم شێوازە کاریگەری نابێت، بەڵام ئەگەر ڕووبدات چەند خەسڵەتێکی دەبێت، بۆ نمونە، خۆپێشاندان، هەر چەند ساڵێک جارێک بۆ چەند ڕۆژێک ڕودەدات، بەڵام پاش ئەوە دادەمرێکێتەوەو بەهۆی ڕوودانی قەیرانی زۆرە دەچێتە خانەی بیرچوونەوەوه‌. هەرچەندە لە میانەی دواندنی چالاکوانان ئەوان نەک یەک نوێنەر، بەڵکو هەردوو ڕێواس فایەق و عەلی حەمە ساڵەحیش بە نوێنەری خۆیان دەزانن، بەڵام هیچ لەو دووانە نوێنەری تاک پرس نین، هەروەها خۆیان تەنها بە نوێنەری دەربەندیخان نازانن.

کۆمەڵێک خەسڵەتی تر هەن لە کردەی خواست و سیاسەتدا لە کوردستان لەبەر نوێیەتی خەڵکی کوردستان لە کایەی دیموکراسیدا هێشتا زیاتر تێگەیشتنی سایکۆلۆجی کۆمەڵایەتییان هەیە لە بڕی سیاسی. خەڵک ئەگەر جارێک هەوڵێکیانداو سەرکەوتوو نەبون، ئیتر زوو نائومێد دەبن بە دوای لایەنێکی تردا دەگەڕێن، دیارە گەڕان بە دوای بژاردەی نوێدا کارێکی باشە، بەڵام دەبێت ستراتیژ هەبێت بۆ گەیشتن بە ئامانج، مەرجی سەرەکی سەرکەوتنی هەر کارێک توانای بەردەوامییە. نەبوونی ئاوی پاک دیاردەیەک نییە، ناوە ناوە سەرهەڵبداتەوە، بەڵکو پرسێکی ڕۆژانەی هەموو خەڵکە، وەک چۆن پرسەکە بەردەوامە بەهەمانشێوە خواستەکانیش.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand