Draw Media

عەدالەت عەبدوڵڵا  ئەگەرچی تا سەر وا نامێنێ و رۆژێک دێ کە بۆ رای گشتی ئاشکرا ببێت، بەڵام، بەگشتی، کێشەی نەبوونی زانیاری و نا شەفافییەت لەئاست زۆر دۆسیەو بابەتدا کە بەرپرسن لە زیادبوونی نا دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و یاساشکێنی، وایان کردووە کە، دیاردەی واتەوات(إشاعات) لەناو خەڵکدا، بەخێرایی پەرەبستێنێ و ببێتە حیکایەتی رۆژانە.   ئەم دیاردەیە، کەم و زۆر، لەھەموو کۆمەڵگەیەکدا ھەیە. زانایانی بواری زانستە مرۆڤایەتییەکان، وەک دەرکەوتێکی ژیانی کۆمەڵایەتیی و پێویستییەکی دەروونی مرۆڤ، لێی دەڕوانن. ئەوان بەلایانەوە دیاردەیەکی نامۆ نییە، چونکە ھەم گرێدراوی فۆرمی سیستەمی سیاسییە، ھەم دۆخی کۆمەڵایەتی، ھەم وابەستەی زانیاری و زانین و رۆشنبیریشە لەلای مرۆڤ. دیاردەکە لای ھەموو کەس و گروپێکیش چوونیەک نییە، بەڵام ھۆکاری سەرەکیی تەشەنەکردنی دەگەڕێتەوە بۆ ونکردنی فاکت، یان چەپاندن و شاردنەوە، یان ترس و تیرۆر، یان غیابی ململانێی شەریفانە، یان بەرچاونەخستنی بەڵگەو زانیاریی پێویست بۆ رای گشتی.  لەواقعی کوردستاندا، ئەو چینە کۆمەڵایەتییەی کە زۆرجار بڕێکی زۆری ئەم دیاردەیەیان رووبەڕوو دەکرێتەوە، چینی بەرپرسە دەوڵەتی و حزبییەکانن. ئەوان لەکۆمەڵدا کەوتوونەتە ژێر مایکرۆسکۆبی ھاووڵاتیانەوە، وایان لێھاتووە تەواوی ھەڵسوکەوت و جموجوڵیان خراوەتە ژێر چاودێرییەوە، بەشێک لەماسمیدیاشیان بەخۆوە سەرقاڵکردووە، بەتایبەتی کە ئەرکێکی میدیا خۆی بەدواداچوونە بۆ پرسەکانی رۆژ و ئەو باسانەی کە لەناو کۆمەڵدا ھەن. لەم بوارەدا، ئەگەر میدیا زانیاری و بەڵگەی بەردەست نەکەوێت، یان لاشی بێ و نەتوانێ و نەوێرێ بڵاویان بکاتەوە!، ئەوا ئیتر بە ئاسانی دەرگای گەورە بۆ پڕوپاگەندەو واتەوات ئەکرێتەوەو تەڕو وشکیش پێکەوە دەسوتێن!.  بەمانایەکی تر، ئەمڕۆ سەروەت و سامانی بەرپرسان: لەڤێلا و کۆشک و تەلاریان بێت، یان کۆمپانیاو کارگەکانیان، یان کاری بازرگانیی ھەمەجۆریان، یان مۆڵدانی پارە لەبانکە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، یان مەزرەعەو دۆنمە زەویان، یان سەفەر و گەشتی بەردەوام بۆ دەرەوەی وڵاتیان، یان غەسل و بەنزیخانەو ریزە دووکانیان، یان فرە ئۆتۆمبێلی خۆیان و ماڵ و مناڵیان، یان پزیشک و قوتابخانەی تایبەتیی وەچەکانیان، یان شوێنی سپێشەڵی خواردن و ریستۆرانت و یانەکانی شەوانیان، یان قومارکردن و قاچاخچێتی سەر سنورەکانیان، یان تەخشان و پەخشانی پارەو ئیشکردن بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی لەسەر حسابی سامانی گشتی و نەسریەی حزبەکانیان، یان ئاستی خوێندەواری و تەمومژی بڕوانامەکانیان، یان پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و شەخسییەکانیان چ لەگەڵ دەوروبەر و چ لەگەڵ رەگەزی مێینان، یان کاری رۆتینی و ئیدارییان چ لەگەڵ ھاووڵاتی ئاسایی و چ لەگەڵ خزم و کەسوکارو ئەحبابیان!، یان غروری ماڵ و مناڵیان لەناو خەڵکداو زۆر لایەنی تری رەفتارو ئەتواریان، ھەر ھەموو، تێکڕا، بۆتە شوێنی پرسیارو جێی ناڕەزایی و تووڕەیی ھاووڵاتیان. رەنگە سەرەتاییترین پرسیاریش لەکۆمەڵگەی ئێمەدا، زۆر بەسادەیی، ئەوە بێ کە ئەپرسن: ھەر بە راستی، ئەم ھەموو ناشیرینییە بۆ؟ ئەو ھەموو سامان و تێروپڕییەتان لەکوێ بوو؟ ئەگەر بەمووچەیە، دەلیلی نادادپەروەرییە، ئەگەر بە نەسریەو بودجەی وڵاتە، دەلیلی ئیختیلاس و تاوانە، ئەگەر بە بازرگانیکردنە، دەلیلی نائەھلییەت و بەدبەختی ئەم نەتەوەیەیە کە ئێوەی کردۆتە کاربەدەست و دەمڕاست لەناو حزب و دەوڵەتدا!.    بێگومان، پێشوەخت، دوو راستی ھەن دەبێ بیریان بخەینەوە بۆ ئەوەی ئێمەش کۆمەکی کەلتوری ئیشاعات و پڕوپاگەندە نەکەین:-  یەکەمیان: مەرج نییە ھەموو بەرپرسێک لە کۆی ئەو ناز و نیعمەتانەدا بژی کە ئاماژەمان پێکردن، بەڵام دەبێ ئەو پەیامەشیان پێگەیشتبێت کە لەناو خەڵکدا بەڕێژەیەک لەم سەڵتەنەتە ناسروشتی و دەوڵەمەندبوونە فاحیشانەیە، کە بە بەرچاوی خەڵکەوە ئەگوزەرێ، تۆمەتبارکراون.  دووەم: ئەو بەرپرسانەی کە ھەستدەکەن بێگوناھن و بە ناھەق لەگەڵ ئەوانیتردا حەشرکراون، بگرە ئەوان بەو ھەلومەرجە ناڕازین و دەستیان تێیدا نییە، ئەوا لەسەریانە دەستپێشخەربن لەرووبەڕووبوونەوەی دیاردەکەدا، یا لانیکەم، لەخستنەڕووی شەفافییەت و سەرچاوەکانی داھات و سامانیان.  ئەوان، بەداخەوە، نەھاتوون لەبەردەم ئەو لێشاوە لەپڕوپاگەندە، بە بەڵگەو زانیاری و راستگۆییەوە، بەرگری لەخودی خۆشیان بکەن!، بۆیە دەبینی لەدواییدا ھیچ سەرەتایەکی جیاواز دەست پێناکرێت، نە بۆ شەفافییەت و نە بۆ فشار خستنەسەر گەندەڵی و نە بۆ کۆتاییھاتن بە دیعایە و تۆمەتە پشت ڕاستنەکراوەکانیش، بەڵکو ئەم پرسانە، لەناو واقعی ئێمەدا، ھەر درێژە دەکێشن و زیاتر پەرەدەستێنن.    لەوەش زیاتر، ئەمڕۆ تووڕەیی خەڵک لە لێپرسراوان فراوانتر بووە، بەتایبەتی لەسەروەختی قەیرانەکان و خراپبوونی ژیان و گوزەرانی بەشێکی بەرچاوی ھاووڵاتیان. بەرپرسان، ئەوانەیان کە خۆیان بە دەستپاک دەزانن، تا ئێستا نەھاتوون، لانیکەم، بۆ نێوبانگی خۆیشیان بێ، دەنگیان لێ بەرز ببێتەوەو لەدژی ئەو دۆخە کە لەھەرێمدا ھەیە شتێک بڵێن!، بەڵکو ئەوەی تا ئێستا کردویانەو ھەیەو نییە، یان پاساوھێنانەوەیە بۆ قەیرانەکان، یان پێچاندنەوەیانە بە ململانێیەکی حزبایەتیی بێ ماناوە کە ھیچی لەژیانی ناھەمواری خەڵک نەگۆڕیوەو جۆرێکیشە لە دوو ڕوویی و ھەڵھاتن لەبەرپرسیارێتی، بەتایبەتی بۆ ئەو حزبە سیاسییانەی کە لەحکومەت و دەزگاکانی فەرمانڕەواییدان.     ئەوان ئەگەر، بە راستی، تێوەگلاو و سوودمەند نین، دەبێ بچنە ململانێوە لەگەڵ بەرپرسانی گەندەڵ و تێوەگلاودا، دەبێ دژی ئەو دۆخە ترسناکە لە نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی بوەستنەوە کە تەنانەت لەخودی حزبەکانیشیاندا دروستیان کردووە نەک تەنھا لەناو کۆمەڵگەو دەوڵەتدا. دەبێ ھەموو ئەو بەرپرسانەش بەرکەنارو لەکار بخەن کە لە رابردوودا دەستیان لەبەرھەمھێنانی ئەو ھەلومەجە خراپەدا ھەیە، نەک ساڵ بەساڵ و خول بۆ خولی دەزگا دەوڵەتییەکان ئیمتیازات و پایەو پۆستیی زیاتریان پێ بدەن و بیانکەنەوە بە دەستڕۆیشتوو و ئاغا!.      سەرکردەو کاربەدەستی نەزیھـ دەست بە کڵاوی خۆیەوە ناگرێ!،  بێدەنگ نابێ و مووچەو نەسریەو ئیمتیازات بخواو لەولاشەوە نیوەی خەڵکی وڵاتەکەی لەخراپترین باری گەوزەراندا بژی!. ئەمە ھەڵوێستی بەرپرسی نەزیھـ نییە، ئەمە رەوشت و مۆراڵی ئینسانی جوامێرو مەرد نییە، جا لەھەر پارتێکی سیاسیی فەرمانڕەوادا بێ، ئەمە ھیچ نییە جگە لە جۆرێک لەبرابەشی لەگەڵ تێوەگلاو و گەندەڵکاراندا، بەڵام لەفۆرمێکی داپۆشراو و دەمامککراودا.  


هونەر تۆفیق لە تەموزی ١٩٩١ دا دەوڵەتی عێراق ، دەزگا ئیداریەکانی لە سنووری ئێستای هەرێمی کوردستان کشانەوە ، بۆشایی ئیداری بەمەبەستی خولقاندنی فەوزا لەناوچەکەدا دروستکرد . بەرەی کوردستانی بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئیداریە بڕیاری هەڵبژاردنی مەجلیسی تەشریعی - پارلەمان - دا . ساڵی ١٩٩٢ بە پێکهێنانی مەجلیسی تەنفیزی -حکومەت - ئەو بۆشاییە پڕکرایەوە . لەوکاتەوە جیاوازی لەسەر چۆنیەتی داڕشتنی سیستەمی ئیداری هەرێم بەردەوامە . تا ئاستی ڕوودانی شەڕی ناوخۆ ، ناکۆکی و ململانێ لەسەر چۆنیەتی سیستەمی بەڕێوەبردن جیاوازی لەنێوان بۆچوونەکاندا هەیە . هەر لەسەرەتاوە ئەو سیستەمە ئیدارەیە بەجۆرێک لە ئیدارەی تەفویچی ( دەستەڵاتی تەخویلکردن ) بەڕێوەچووە . سەرۆکی حکومەت - پارتی ، تەفویچی جێگرەکەی - یەکێتی کردووە ، بڕیاری ئیداری لەسەر ناوچەکانی ژێردەستەڵاتی حیزبەکەی بەدەستەوەبێت ، ئیدارەی تەفویچی لە وەزیرەوە تا پلەکانی خوارتریش پەیڕەوکراوە . ئەم جۆرە ئیدارە ( نەمەرکەزی و نەلامەرکەزیەی ) یە ، لەهەرێمی کوردستاندا هەبووە ، تا کۆچی دوایی تاڵەبانی وەک خۆی مایەوە . پارتی دیموکراتی کوردستان لەئەنجامی بردنەوەی زۆرینەی دەنگی ناو پارلەمان لە ٢٠١٨ دا ، هەروەها غیابی ڕەمزەکانی ململانێ لەسەر چۆنیەتی ئیدارەی هەرێم ، سیاسەتی بەڕێوەبردنی بەرەو شێوازی ئیدارەی حیبری ئەعزەمان pontifex دەبات . کەهەنوتیانە بارەگای بارزانی دەکاتە مەرجەعی باڵا . قۆناغی ئیدارەی تەفویچی بەرەو کۆتایی دەبات . لێرەوە ئیشکالیەتی داواکاری لامەرکەزیەت سەرهەڵدەدات . داواکاری لامەرکەزی لەخۆیدا هەڵگری نەزعەیەکی شۆرشگێڕانەیە لەهەر شوێن و وڵاتێکدابێت . لە دیدی هەموو دەستەڵاتە مەرکەزیەکانەوە پەیامی ڕوخێنەر و تێکدەرانە لەناو ئیدارەی لامەرکەزیدا هەیە . بۆیە بەچاوی گومانەوە لێ ی دەڕوانن . بەپێ ی مادەی ١١٦ ی دەستوری هەمیشەیی عێراق ، ئیقلیم و پارێزگاکان دەبێت لامەرکەزی بن . ئۆتۆنۆمی ئیداری و مالی خۆیان دەبێت . لێرەوە ئەو دوو بۆچوونەی کە لەناو هەرێمدا هەیە ، بەریەکدەکەونەوە . بۆچوونی لامەرکەزی پێ ی وایە ، لەبەرئەوەی لامەرکەزی پارێزگاکان بەپێ ی دەستور ڕێگەپێدراوە ، دەبێت لەناو هەرێمی فیدرالیشدا هەمان لامەرکەزیەت پەیڕەو بکرێتەوە . بەڵام بۆچوونێکی حیبر ئەعزەمانەش هەیە کە ئەو لامەرکەزیەتەی دەستوری عێراقی بۆ ئیقلیم ناکاتە لامەرکەزی پارێزگاکان . چونکە ئەگەر پارێزگاکانی هەرێم لەناو خۆدا لامەرکەزی بن یەکڕیزی نەتەوەیەیی لەبەین دەچێت . لەمەوە بۆچوونی سیاسی بۆ یەکڕیزی زاڵ دەکرێت بەسەر بۆچوونی ئیداری و مالیدا . بەرزکردنەوەی دیدێکی سیاسی بەسەر دەقێکی دەستوریدا بۆهەردوو بۆچوونە سیاسیەکە مایەی ناکۆکیە . لەبۆچوونی داخوازی لامەرکەزیدا پرسی یەکڕیزی توشی سڵەمینەوە و ناڕوونیان دەکات لە چۆنیەتی جێبەجێکردنی لامەرکەزیەتدا ، ئایا داوای تەفویچ ( دەستەڵاتی مخەوەل ) دەکەن ؟ یان وردکردنەوەی کۆی دەستەڵاتی ئیداری لە وەزارەتی مەرکەزیەوە بەسەر یەکە ئیداریەکانی خوارەوەدا ؟ یان ئەو دەستەڵاتەی دەستوری عێراق بۆی دیاری کردوون ؟ لە گوتاری داخوازی لامەرکەزیدا ڕوونیە کامیان دەوێت ، ئەمەش خاڵی لاوازی داخوازیەکەیانە . لەبۆچوونی دژە لامەرکەزیەتیشدا هەرکامێک لەو سێ ئەگەرە جێبەجێ بکات یەکەم لە پرۆژەی دەستەڵاتی کەهەنوتی حیبر ئەعزەم کەمدەبێتەوە ، دووەمیشیان پێ ی وایە بە ڕازیبوون بەو داخوازیە لە پێگەی سیاسی حیزبەکەیان لە ناوهەرێم و بەغدا کەمدەکاتەوە . دەستەڵات و پێگە لە ئایدیۆلۆژیای ئەو حیزبەوە لە سەردەمی ناکۆکی مەکتەب سیاسی و سەرۆکی حیزبەوە بایەخی مان و نەمان بووە بەلایانەوە . مەلا مستەفا بەڕوونی بە مەکتەب سیاسی گوتووە : من نامەوێت وەک پادشای بەریتانیا ، مەلیکێکی ڕەمزی و بێدەستەڵات بم .


  وەهاب عەبدوڵا  ئەفسانەکە وا دەگێڕێتەوە کابرایەک قازێکی هەبوو، هەموو ڕۆژێک هێلکەیەکی ئاڵتوونی دەکرد. پاش ماوەیەک کابرا بیری کردەوە کە باشتر وایە ورگی قازەکە هەڵدڕێت و هەرچی هێلکەی تێدایە بە یەکجار دەری بهێنێت، نەک چاوەڕوانی بکات ڕۆژانە هێلکەیەکی بۆ بکات. ئەم ئەفسانەیە دەربارەی چاوچنۆکی، بۆتە پەندێک لە زمانی ئینگلیزیدا و ئیدیۆمی "کوشتنی ئەو قازەی هێلکەی ئاڵتونی دەکرد" بۆتە ئاماژە بۆ کورتبینی و لەناوبردنی سەرچاوە بەبەهاکان بەهۆی چاوچنۆکییەوە.  ئەگەر ئەمە ئەفسانە بێت، ئەوا ئەو کارەی مرۆڤ لەسەر ڕووی زەوی ئەنجامی دەدات (بە تایبەتیش لە دوای شۆڕشی پیشەسازییەوە) ئەفسانە نییە و بە ئاشکرا دەبینرێت کە مرۆڤایەتی بەهۆی چاوچنۆکییەوە بە دەستی خۆی ماڵی خۆی وێران دەکات.  هەسارەی زەوی، بە سەرچاوە سرووشتییە سنوردارەکەیەوە، ئەو قازەیە کە دەتوانێت ڕۆژانە هێلکەیەکی ئاڵتوونی بۆ مرۆڤ بکات و ژیانێکی ئاسودەی بۆ دابین بکات. لێ چاوچنۆکیی مرۆڤ لێناگەڕێت سروشت بە نەزمی ئاسایی خۆی کاربکات و لە مێژە دەستی بە هەڵدڕینی ورگی هەسارەکە کردووە.  مرۆڤ وا لەم هەسارەیە دەڕوانێت کە سەرچاوە سرووشتییەکانی بێسنوورن، هەر بۆیە سەدان ساڵە دەستی بە هەڵکۆڵینی کردووە و لە هەر شوێنێکی سەر ڕووی زەوی کانزا و سەرچاوەی سرووشتی هەبێت، ئامێرەکانی دەخاتە گەڕ و داروبەردی هەڵدەگێڕێتەوە و دەیکاتە وێرانە. لە ئەنجامیشدا خاک و ئاو و هەوا پیس دەکات و ڕێگە بۆ سەرهەڵدانی سەدان نەخۆشی و دەرد و پەتا خۆش دەکات. ئەمە لە کاتێکدا مرۆڤ هێندەی پێویستی بە دارستان و خاکی بەپیت و هەوای پاک هەیە، هێندە پێویستی بەو بەرهەمە زۆروزەوەندانە نییە کە کارگەکان ڕۆژانە بەرهەمی دەهێنن و پاش ماوەیەک، ڕزگاربوون لە پاشماوەکانیان دەبێتە دێوەزمەیەک و بەرۆکی زەوی دەگرێت.  سەدان ساڵە لەناوبردنی دارستانەکان، کە بە سییەکانی زەوی ناسراون، بەردەوامە و بەپێی ئامارەکان ڕۆژانە بە لایەنی کەمەوە (٣٢،٣٠٠) هێکتار دارستان لە سەر ڕووی زەوی لەناودەبرێت یان لەناودەچێت و ون دەبێت.١ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی زەوییش بە ئاستێکی مەترسیدار لە هەڵکشاندایە و بەپێی دوایین لێكۆڵینەوەکان لە ماوەی ٥٠ ساڵی داهاتوودا پلەی گەرما بە ڕادەیەک بەرز دەبێتەوە، گەرمای زۆرێک لە ناوچەکانی ئەفەریقا و ئاسیا و ئەمەریکای باشور و هەندێک ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش لە تەحەمولی مرۆڤدا نامێنێت و ساڵی ٢٠٧٠ زیاتر لە ٣ ملیار مرۆڤ دەکەونە ژێر ڕەحمەتی گەرمای تاقەتپڕووکێنەوە.٢ لە بەرامبەر ئەم دۆخە ترسناکەدا، بژاردەکانی بەردەم مرۆڤ دیاریکراون و لەوەدا خۆ دەبیننەوە کە دنیای سەرمایەداری دەستبەرداری پلانە لەمێژینەکانی خۆی بێت و دەست لە وێرانکردنی سرووشت هەڵگرێت. لە دۆخی ئێستادا و لە سەرەتای ئەمساڵەوە پەتای کۆرۆنا ئەم چارەسەرەی بە ناچاری بەسەر مرۆڤدا سەپاندووە. قەدەغەکردنی هاتوچۆ و خاوبوونەوەی پێچکەی پیشەسازی و کارگەکان، ڕێژەی دەرهاویشتنی گازە ژەهراوییەکانی کەم کردۆتەوە و ئاهێکی بەبەر سرووشتدا هێناوەتەوە. باجی ئەم گۆڕانکارییە پۆزەتیڤەش هێوربوونەوەی پێچکەی ئابوورییە کە لە بنەڕەتدا بە خێراییەکی شێتانە دەسوڕێتەوە. ئەمەش مانای کەمبوونەوەی بەرهەمە بە گشتی و لەنێو ئەوانەشدا بەرهەمە خۆراکییە سەرەکییەکان، کەمبوونەوەیەک کە هێندەی تەرازووی سرووشت ڕادەگرێت، هێندە زیان بە مرۆڤ ناگەیەنێت.   لێرەوە زەرورەتی سەرهەڵدانی مینیماڵیزم و ژیانی سادە وەک فەلسەفە و شێوە ژیانێکی دوای قۆناغی پەتا دەردەکەوێت. مینیماڵیزم واتە ڕازی بوون و قەناعەتکردن بە کەمترین (کەمترین خواردن، کەمترین کەلوپەل، کەمترین ڕابواردن، کەمترین نەوەخستنەوە و  هتد...)، نەک هەر ئەوەش بەڵکو خۆبەخشانە هەڵبژاردنی 'کەمترینەکان'. دەیان ساڵە چەمکی ژیانی سادە و هەڵهاتن لە سیستمی بەکاربردن لە هەندێک ناوچەی دنیادا سەری هەڵداوە و هەڵبژاردنی ئەو جۆرە ژیانە بۆتە داڵدەیەک بۆ ئەو مرۆڤانەی هەست بە بێهوودەیی چاوچنۆکی و دنیای بەرهەمی بێسنوور و کولتوری بەکاربردن دەکەن. مینیماڵیزم مرۆڤ لەوە ئازاد دەکات کە تەنها ئامێرێکی بەکاربردن بێت و سەرگەردانێکی ڕێگەی تێرکردنی ئارەزووە هەنووکەییەکانی بێت، هاوکات بوارێک بۆ لایەنی ڕۆحی و بەها باڵاکان ئاوەڵا دەکات.  مرۆڤی ئەم سەردەمە، ئەگەر خۆی لە گێلی نەدات، زۆر بە ڕوونی ئەوە دەبینێت کە چاوچنۆکی و زێدەڕۆیی لە بوارە جیاوازەکاندا کوشندە و وێرانکەرن. زێدەڕۆیی لە خواردندا یەکێکە لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکانی نەخۆشی و دەرد و ناڕەحەتی و بەدبەختییەکان. قەڵەوی کە دەرەنجامی زۆرخۆری و شێوە ژیانی بەکاربەرانەی نائاساییە، سەرچاوەی زۆربەی نەخۆشییە درێژخایەن و کوشندەکانە. هاوکات زێدەڕۆیی کردن لە بەکارهێنانی کەلوپەلە جۆراوجۆرەکاندا بە فریای مرۆڤ ناگات و هیچ لە بەدبەختی و چارەڕەشییەکەی کەم ناکاتەوە، بەڵکو سەرچاوە سرووشتییەکان دەڕەتێنێت و ژینگە وێران دەکات.   لەمێژیشە گەلە دووربینەکانی دنیا فەلسەفەی مینیماڵیزم لە بواری نەوەخستنەوەدا جێبەجێ دەکەن. گومانی تێدا نییە کە هەژارترین و نەخوێندەوارترین کۆمەڵگاکان، ئەوانەن کە زۆرترین منداڵ دەخەنەوە. پێچەوانەکەشی هەتا ڕادەیەکی زۆر ڕاستە. لەڕووی پراکتیکییەوە منداڵی دووەم و سێیەم و (هتد...) لە خێزانێکدا، مافی منداڵی یەکەم دەخۆن لە خۆراک و کەلوپەل و خۆشەویستی و گرنگیپێدان و هەلی بەرەوپێشچوون لە ژیاندا. مرۆڤیش لە دێر زەمانەوە پەی بەم ڕاستییە بردووە؛ مێژووی کۆنترۆڵکردنی منداڵخستنەوە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٥٥٠ی پێش زایین٣ کە میسرییە کۆنەکان هەندێک ڕێگای سەرەتاییان بۆ ڕێگەگرتن لە سکپڕی بەکارهێناوە. تەنها تێچووی سکپڕییەک، لەگەڵ چاودێریکردنی منداڵە تازە لەدایکبووەکە، لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بڕی ٢١ هەزار دۆلارە. ئەمە جگە لە تێچووی قۆناغەکانی دواتری پەروەردەکردنی.  دواجار ئەگەر مینیماڵیزیم شێوە ژیانێکی ناچاری بێت کە دۆخی دوای قەیران و پەتا سەپاندبێتی، ئەمە هیچ لەوە کەم ناکاتەوە کە ئەم شێوە ژیانە چارەسەرێکی بنەڕەتییە بۆ گۆڕانکارییە کارەساتئامێزەکانی ژینگە و چەکێکی کاریگەریشە لە بەرامبەر چاوچنۆکی و فەلسەفەی بەتاڵی بەکاربردندا. ماری کۆندۆ لە کتێبی (جادووی خۆکۆکردنەوە، هێزێک کە توانای گۆڕینی ژیانی هەیە)دا دەڵێت: ئەو کاتەی شتگەلێکی کەمترمان هەیە، هێندە بە گرنگییەوە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەین وەک ئەوەی ڕۆحلەبەر بن.  سەرچاوەکان: ١.  https://rainforests.mongabay.com/0801.htm. ٢.   https://www.bbc.com/news/science-environment-52543589. ٣. https://en.wikipedia.org/wiki/Birth_control#Effects.


دڵشاد عەبدولڕەحمان  دوای ڕاپەڕین ،ماوەیەک بەرەی کوردستانی حوکمی کوردستانی کرد ،لەوماوەیەدا ھەرێمی کوردستان نوقمی کێشەی دارایی وکارگێڕی وفەرھودو ئاودیوکردنی ھەرشتێک ببوو کەلەئێران پارەی بکردایە.دۆخەکە بەشێوەیەک خراپ بوو ،ھاوڵاتیان تەواو بێزاربوون لەحوکمی بەرە ،ھەرلەوسەردەمەدانوسەرێکی دیاری وەک بەڕێز حەمەسەعید حەسەن لەوتارێکدا بەناوی (بەرەی کوردستانی پاشای عەرشی کەلاوە)حەشری بەحوکمی بەرەکردبوو . کاتێک باس لەھەڵبژاردن ھاتەپێش ،ئیدی حزبەکان ،ئومێدێکیان حستە ناودڵی خەڵکی ،وایان تێگەیاندن کە ھەر پەرلەمان ھەڵبژێردرا ئیتر کوردستان دەبێ بەشامی شەریف وخێروبێر ڕوو لەخەڵکی دەکا.بەکورتی پەرلەمانیان وەک عەسایەکی سیحری پیشانی خەڵک دا.کات ھاتوڕۆیشت پەرلەمان ھەڵبژێردراو حکومەتیش پێکھات ،کەچی نەک ھەر کێشەکانی خەڵک چارەنەبوون بەڵکو نادادپەروەری لەدامەزراندن ودابەشکردنی ئەوداھاتەکەمەی کەھەبوو ،قۆرخکردنی دەسەڵات لەلایەن پارتی ویەکێتی خەڵکی نا ئومێدکرد ئەمە جگە لەقۆرخکاری ودەستگرتن بەسەر داھاتی گومرگەکان وتاوایلێھات لەسایەی پەرلەمان وحکومەتی کوردیدا نەگریسترین شەڕ کەشەڕی ناوخۆ بوو ھەڵگیرساوبەشێک لەخودی پەرلەمانتارەکان بوون بەسەرکردەی ئەوشەڕانەو،پەرلەمان خۆشی خۆی پێ قوتارنەکرا چ جای خەڵکی . لەئێستاشدا باس باسی لامەرکەزیە ،کەبێگومان من لامەرکەزی کارگێڕی ودارایی بەسیستەمێکی زۆرباش وگونجاودەزانم ،کەدام ودەزگا خزمەتگوزاریەکان، کاراتردەکات وڕۆتینی زیادلەپێویست کەم دەکاتەوەو ھەستی بەرپرسیارێتی بەرانبەر ئەرکە پێسپێردراوەکان زیاد دەکا.بەڵام سەرەڕای ئەوانەش ئەگەر لامەرکەزی وەک بەشێک لەسیستەمێکی حوکمڕانی دروست نەبێ ئەوە ڕەنگە زیانی زۆرتربێ لەقازانجی،بۆنمونە ئەگەر شەفافیەت لەداھاتی ئەوفەرمانگانەی کەداھاتیان ھەیەنەبێ ،ئەوە دەشێ خراپ بەکارھێنانی داھاتەناوخۆییەکان زیادبکات ،وەئەگەر دەزگاولایەنەبەرپرسەکانی چاودێری دارایی چالاکانە نەکەونە چاودێریکردنی کاری فەرمانگەکان ئەوادەشێ بەردەوام گوێبیستی حکایەتەکانی گەندەڵی وبەھەدەردانی داھاتی ناوخۆیی بین .خۆ ئەگەر لامەرکەزی زۆربەباشیش جێبەجێکرا ئەوەھێشتا کێشەوگیروگرفتێکی زۆری تردەمێنێ کەبەرۆکی ھاوڵاتیان بگرێ لەدەرەنجامی نەبوونی حوکمی ڕەشید لە پایتەختدا .کەواتە با مەسەلەی لامەرکەزی وەک پەرلەمانەکە لێ نەکەین کە بەداخەوە لەئێستاداخەڵک ھێندە لێی بێ ئومێد بوە کە بەشێکیان نەبوونی بەباشتردەزانن لەبوونی و وەک دەزگایەکی زیادەوبارلەسەر بودجەی گشتی سەیری دەکەن . لەوچوارچێوەیەدا لەئێستاداکە باس لەلامەرکەزی دەکرێ سەرەڕای پشتگیریکردنی ،گرنگە ھێندەی قەبارەی خۆی سەیربکرێ نەوەک لەئایندەدا خەڵک لەوەش نائومێدبێ .


هیوا سەید سەلیم دواجار کابینەکەی مستەفا کازمی ئامادەکرا بۆ ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر بدات، بەڵام هەر لە نیوەی ڕێگا بەشێک لە کوتلە شیعیەکان لە ناویاندا دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالکی و کوتلەکەی ئەیاد عەلاوی لێی پەشیمان بوونەوە، و بڕیاریاندا دەنگ بە کابینەکەی نەدەن، هیشتاش ماوە تا بزانین ئیدیکەش لێی هەڵدەگەڕێنەوە یان نا؟ کازمی، کە سێیەمین راسپێردراوە بۆ جێگرەوەی عادل عەبدولمەهدی رادەسپێردرێت، شانی داوەتە بەر ئەرکێکی قورس، ململانێ نێوخۆیەکانی عێراق لە نێوان شیعە و سوونە لەلایەک و کوردو بەغدا لە لایەکی دیکەوە، دەستوەردان و هەژموونی وڵاتان بەسەرعێراق، بە تایبەت ململانێی باڵادەستی و دەستوەردانی ئێران و ئەمەریکا، و پرسی سەرهەڵدانەوەی تیرۆرستانی داعش و قەیرانی ئابووری، کە لێکەوتەی دوای ڤایرۆسی کۆرۆنایە بەهۆی دابەزینی بەهای نەوت، کە لە ئێستادا کۆڵەکەی سەرەکی ئابووری عێراقە، هەموو ئەو ئاڵنکاریانەن کە ڕووبەڕووی کابینەکەی مستەفا کازمی دەبنەوە. بەدەر لە هەموو ئەوانەی باسمان لێوەکردن،  کورد کێشەیەکی دیکەیە لەبەردەم ئەو کابینەیە، چونکە هێشتا یەکلانەبۆتەوە کە تەواوی پەرلەمانتارە کوردەکان دەنگ بەو کابینەیە دەدەن یان نا؟ ئایا پەرتەوازەیی نێو لایەنە کوردستانییەکان کاریگەری لەسەر یەکهەڵوێستیان دەبێت بەرامبەر ئەو کابینەیەش یان هەموویان لە بەغدا یەک قسەیان دەبێت؟ ئاماژەکان ئەوەمان پیدەڵێن کە بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و زەقبوونەوەی کێشەکان لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان کاریگەریان لەسەر ئەو یەکهەڵوێستییە دەبێت، بە تایبەت پرسی نامەرکەزی لە نێوان پارێزگاکانی ئەولا لەگەڵ هەولێر، و شەڕی ساردی نێوان پارتی و یەکێتی، دواجاریش پرسی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر چەند پەرلەمانتارێکی کوتلە جیاجیاکان لە پەرلەمانی کوردستان، هێندەی دیکە نێوماڵی کوردی بەرەوە ترازان بردووە. لەگەڵ هەموو ئەو کێشانەشدا، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا لە سێ پێکهێنەرە سەرەکیەکەی حکومەتی هەرێم پێکهاتووە، بەڵام ئەو شاندە هیچ کاریگەری لەسەر دەنگی پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا نابێت. دوای راسپاردنی مستەفا کازمی لەلایەن سەرۆک کۆمار، پارتی و یەکێتی لە زاری بەرپرسە باڵاکانیان بەر لەهەر لایەنێک پیرۆزبایی خۆیان لەکازمی کرد.  ئەو پەلەپەلی ئەوان لە پشتیوانیکردن لەکازمی، وایکرد لەدوا ساتەکانی دەسەڵاتی کابینە کاربەڕێکەرەکەی دۆستە کوردەکەمان (عادل عەبدولمەهدی)، مووچەی مووچە خۆرانی هەرێمی کوردستان ڕاگرێت. هەموو ئەوانە پێمان دەڵێت کە سیاسەتی پارتی و یەکێتی لە پیرۆزبایی پێشوەختە لەکازمی، هەڵەیەکی زەقبوو، باجەکەشی خەڵکی کوردستان دایان، جا بیانووی دیکەی بۆ دێنەوە، ئەوە زەمەن ساغی دەکاتەوە، کە ئایا پاتریۆت مووچەی راگرت یان ئەو هەڵەیەی کە پارتی و یەکێتی کردیان؟ دواجار دەڵێین بۆ ئێستای هەرێمی کوردستان گرینگ بوو بەیەكهەڵوێستی مامەڵە لەگەڵ ئەو کابینە تازەیە بکات، بۆیە نەدەبوو ئەو هەموو کێشانە  درووست بکرێن، بە تایبەت پرسی لێسەندنەوەی متمانە لەپەرلەمانتارەکانی کوردستان،  کە هەڵوێستی پەرلەمانی کوردستان بەسەر دوو بەرەی دژ بەیەک دابەش دەکات، کە بە دڵنیاییەوە کاریگەری لەسەر پەرتەوازەیی کورد لە بەغدا دەبێت. سەرنجام ئەو پەرتەوازەیە دەبێتە هۆی ئەوەی  لایەنی بەرامبەر بە لاوازیەوە مامەڵە لەگەڵ  داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان بکات، و بیقۆزێتەوە بۆ سەپاندنی مەرجی زیاتری ناوەند بەسەر هەرێمی کوردستان.  


عەزیز ڕەئووف لە ساڵی 2015 پارتی دەرگای پارلەمانی داخستووە، پۆلیسێک لە پردێ ڕێگری لەسەرۆکی پارلەمان کردووە، لەناو پارلەماندا پارلەمانتاری داوەتە بەر بۆکس، کەچی دوای پێنچ ساڵ داوا دەکەن پارێزبەندی لەسەر پارلەمانتاران هەڵگیرێت. پارتی کۆی دامەزراوەکانی کۆنترۆڵ کردووە و دادگا و دادوەر و کۆی یاسا و ڕێسای ئەم وڵاتەی لەبەردەستە، کەچی داوا دەکەن کە یاسا سەروەر بێت. بەڕاستی تەراجوعی گەورە لە دنیای ئێمەدا ڕوویداوە. پێنچ مانگی ساڵی نوێ یەک موچەی موچەخۆران نەدراوە، کەچی قسەکەرانی سەر شاشە و مزایەدەی سەر تەلەفزیۆن جورئەت ناکەن یەک کەسیان نە لە حکومەت نە لە پارلەمان بکشێننەوە، ئێستا کۆی داخوازیەکانیان لەسەر پارێزبەندی پارلەمانتارێک کورت کردۆتەوە و کۆی داخوازیەکانی خەڵکی کوردستانیان فەرامۆش کردووە.  دوای ئەوەی زۆرینەی خەڵکی کوردستان پشتی کردە هەڵبژاردن و زانیان پارلەمان و کاری پارلەمانتاری جگە لە مەهزەلەیەک زیاتر چیتر نیە، دوای ئەوەی کە یەک هێزی ئۆپۆزسیۆن ئامادە نەبوون لە شەقام و لەگەڵ خەڵکی کوردستان کۆببنەوە، دەیانەوێت بە ورگ لەگەڵ دەسەڵات بن و بە دەم ڕەخنە بگرن، ئێستا حکومەتێک بەمانای کەلیمە شکستی ئابوری و سیاسی و ئەخلاقی خواردوە، پارلەمانێکی گاڵتەجاڕ توانای نیە یەک وەزیر بێنێتە ناو پارلەمان لەم دۆخەیا، ئێستا زۆر کۆمیدیانە دوای سیناریۆیەکی پارتی کەوتوون و کۆی کێشە ئابوری و سیاسیەکانی کوردستانیان لەبیر خەڵک بردۆتەوە.  بەڕاستی من پێم سەیرە ئەم برادەرانە لە پارلەمان (سەرباری قسەی ڕاستی و جەرائەتی هەندێکیان)، هەر ماونەتەوە لەم دامەزراوە خراپ و بێ دەسەڵاتەدا. بەڕاستی پێم سەیرە یەک پارلەمانتار لەم دۆخە خراپەدا ئامادە نەبوو بێتە دەرەوە، کەچی پارتی پاڵیان پێوە دەنێ بۆ دەرەوە ئەوان لە دەرەوە پاڵ بە پارلەمانتارەوە دەنێن بمێنێتەوە لە دامەزراوەیەکەوە کە هەم سەرۆکی پارلەمانەکە شکۆی یەکێتی شکاندووە ئەوەندە بێدەسەڵاتە، هەم پارتی و خانمێکی تورکمان کۆی دەسەڵاتی ئەم دامەرزاوەیەیان بەدەستە.  ئەوەی ئەم دۆخەی خراپتر کردوە چەندە یەکێتی و پارتین بارتەقای ئەوەش هێزگەلێکی بێدەسەڵاتن کە بە سیناریۆی بێتام و بە ململانێی بێسود خەڵکی کوردستانیان لە کۆڵان و سەر شەقامەکان جێهێشتووە و پارتی پاڵیان پێوە دەنێت ئامادەنین دەسبەرداری دامەرزاوەی لاوازی پارلەمان بن. لە ئێستادا پارتی حکومەتێکی شکستخواردو سەرۆکایەتی هەرێمی بێدەنگ و بێدەسەڵات و بێ ڕوئیای لەبەردەستە و لە لاوازی سەرۆکی پارلەمان کە هی یەکێتیە، پارلەمانیشیان بەدەستە. ئێستا کۆی دامەزراوەکانی هەرێم لەبەردەستی پارتیدایە کەچی خەڵکی کوردستانیان سەرقاڵ کردووە بەوەی کە پارلەمانتارێک دەردەکرێ، کە دەبوو خۆیان پێش ئەوەی پارتی دەریان بکات، پارلەمانیان جێبهێشتایە و بهاتنایەتە بەردەم دەنگدەران و خەڵک و بیانوتایە ببورن نەماتوانی پارلەمان بکەین بە پارلەمان.


بێریڤان محەمەد  پێویستە پەرلەمان هەر ئەمڕۆ ئەو بابەتە بخاتە گفتوگۆوە و پارێزبەندی لە سۆران عومەر و کازم و شیرین و ئەوانەی وەک ئەوان قسە دەکەن وەرگرنەوە و هەر وەک چۆن پەرلەمانیان بەڕووی دکتۆر یوسف سەرۆکی ئەو کاتەی پەرلەمان داخست، هەر ئاوا ئەم پەرلەمان لەم پەرلەمانتارانەش حەرام بکەن. هەر مرۆڤێکی سادەی ئەم کۆمەڵگایە کە هیچ لەسیاسەتیش تێنەگات دەزانێ کە ئەمەی ناونراوە پەرلەمان لەم هەرێمی کوردستانە لە ئێستا و لە ۲٨ ساڵی ڕابردوشدا تەنها وەک دەزگایەک بۆ دورینی بەرگی یاسا بەبەر دزی و گەندەڵی و ڕەوایەتیدان بە دەسەڵای بنەماڵەیی و ڕێگریکردن لە هاتنە پێشەوەی هێزی نوێی دیموکراتیخواز و ناڕەزایی شەقام و ئازدیەکان دامەزراوە. ئەم پەرلەمانە نەک نەبۆتە دامەزراوەی نیشتیمانی و نەتەوەیی و لەدووساڵی ڕابردوودا هیچ هەڵوێستێکی نیشتیمانی و نەتەوەیی لێ بینراوە، ئەو تۆزە هەوڵەشی کە بۆ چەند بابەتێکی کەم کراوە ڕەنجی چەند پەرلەمانتارێکی خولەکانی پێشوو بووە کە نەک دەسەڵات هەر نەیهێشت سەر بەو پەرلەمانەدا بکەنەوە بەڵکو گوێی حزبەکانیشیانی بادان. پەرلەمان لە ساڵی ۱۹۹۲ کە یەکەم بڕیاری دژ بە لێدانی پەکەکە دەرکردن، تا ئێستاش کە لە خزمەتی کۆمەڵێک بازرگانی سیاسی و بەتایبەتیش پارتی و بنەماڵەی بازانی تەرخانکراوە، ئەمەش دەریدەخات ئامانجی دەسەڵاتی هەرێم هاوشێوەی ڕژێمەکانی دەوروبەر لەم پەرلەمانە چیە و دەیانەوێ پەرلەمان بەهیچ شێوەیەک لەئەجێندای ئەوان دەرنەچێت، ئەم پەرلەمانە لەسەر هەڵبژاردنی ساختە و هەندێک کەسایەتی ناپاک دانراوە، لەگەڵ ڕێزێکی زۆرم بۆ چەند مرۆڤێکی خاوەن بەها و پرەنسیپ کە ئەمڕۆ و سەردەمانێک جێگەیان تێداگرتووە. بەکورتی ئەم پەرلەمانە نە بۆ مرۆڤی ڕاستبێژە و نە بۆ کەسانێکی دڵسۆزە، لەگەڵ تێبینیەکانم لەسەر ئەدای ئەم پەرلەمانتارانە بەڵام تەسلیم نەبوون و ڕادیکاڵ بونی سۆران عومەر و چەند پەرلەمانتارێکی دیکە تا ئەو ئاستەی پارتی هاوشێوەی ڕژێمەکەی ئەردۆغان هەوڵی دەرکردنیان دەدات، پیلانێکی چاوەڕوانکراوە و لەوادەی خۆی دواکەوتووە و دەبوو لە سەردەمی عەبدوڵای مەلا نوری و شێرکۆ حەمەئەمین و هەندێ پەرلەمانتاری دیکە بکرایە و پارێزبەندیان لێ سەندنایە، چونکە سروشتی ئەم دەسەڵاتە لە پەرلەماندا ئەمەیە و خۆ ناکرێ لە ڕاستی خۆی لابدات لەکوێ بووە ڕژێمێکی دکتاتۆر باوەڕی بە پەرلەمان هەبووبێت؟ ئەو پەرلەمانتارانە دەبێ دەرکرێن گەر بیر لەوە بکەنەوە گەندەڵی و دزی و ڕێکەوتنە نهێنیەکانی لەگەڵ داگیرکاران و دژی گەل ئاشکرا بکەن. بەڕای من بوونی ئەو پەرلەنتارانە لەناو خەڵکدا باشترە، چونکە لەوە زیاتر چاوبەست ناکرێن و هیوا بەبێ هیوایی هەڵناواسن و لانی کەم خۆیان هەوڵدەدەن ئەڵتەرناتیڤێک ئاوا بکەن کە ژیان و کەرامەتیان تیایدا پارێزراو بێت.


  ئاسۆ حاجی پرسی هەڵگرتن و هەڵنەگرتنی پارێزبەندی لە سەر ئەندامانی پەڕلەمان پرسێکی یاساییە و هەق نیە بە سیاسی بکرێ و ئەوەشیان بکرێتەوە کەرستە تۆخکرندەوەی ناکۆکی و بەگژ یەکداچوونەوە،بە پێچەوانەوە باشترە بە شێوەیەکی یاساییانە مامەڵەی لەگەڵ بکرێ و دەرفەت بدرێ یاسا و رێکارە یاسایەکان رێڕەوی خۆیان وەربگرن و هەر کەسە مل کەچی یاسا بێ و لە ڕێگەیەوە بە مافی خۆی بگات. چونکە هەرێمی کوردستان خاوەنی دەستووری نیە کە کێماسیەکی گەورەیە ئەوە لە کاتی هەبوونی گومان و لێکدانەوەی جیاواز بۆ دەقی یاسایەک وەک باوە بۆ دەستووری هەمیشەیی عێڕاق دەگەڕێنەوە،وەک ئەوەی ئیستا ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی پەنای بۆ دەبات لە پرسی لامەرکەزی کردنی ئەو پارێزگایە،بۆ دەکرێ لەو پرسەش بۆ دەستووری عێڕاقی بگەڕێنەوە. لە دەستووری عێڕاقیدا لە مادەی (٦٣)باسی پرسی پارێزبەندی و بەکارهێنانی ئەو مافە لەلایەن پەڕلەمانتارانەوە کراوە هەروەها چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵیان لە پرسە یاسایەکاندا،ئەو مادەیە ماف بە پەڕلەمانتاران دەدا بە ئازادانە لە ماوەی خولەکانی پەڕلەمان و لە ناو هۆڵی کۆبوونەوەکانی پەڕلەمان بۆچوونی خۆیان بڵێن بەبێ ئەوەی لەسەر دەربڕین و پێشکەشکردنی ئەو بۆچوونانە روبەڕوی سزای یاسایی ببنەوە،ئەوەش بۆ ئەوەیە پەڕلەمانتار دوور لە ترس و فشار بتوانێ دەربارەی پرسەکان بە ئازادانە بۆچوونی بڵێ و زانیاریەکان ئاشکرا بکات. دەستووری عێڕاق بەهیچ شێوەیەک رێگری ناکا بۆ پەلکێشکردنی پەڕلەمانتاران بۆ بەردەم دادگا و لێپێچینەوە لێیان ئەگەر تاوانێکیان کردبێ وەک ئەوەی لە یاسای ژمارە (١١١) یاسای تاوانەکانی عێڕاقی ساڵی ١٩٦٩هاتووە،لەو مادەیەیە دەستوور لە بڕگەی (ج) ئەوەش هاتووە کە لەکاتی ئەنجامدانی تاوان یان ساغبوونەوەی تاوانەکە پەڕلەمانتارەکە لە سزادان نابوێردرێ یان نابەخشرێ بەهۆی بەهبوونی پەرێزبەندی. لە شەڕە قسەی ئەو چەند رۆژە و لێدوان و راگەیەندراو و دەربڕینی هەڵوێسەکان لەلایەن فڕاکسیۆن و حیزبە بەشدارەکانی پەڕلەمان بە تەواوی ئەوە بەدیار دەکەوێ کە بوونی حیزب لە بوونی قانون باڵاترە و زیاتر هەوڵی بەسیاسی و حیزبی کردنی پرسەکە دەدرێ نەک مامەڵە لەگەل کردنی وەک پرسێکی یاسایی ئەوەش بۆ ئەو راستەقینە تاڵەمان دەبات کە بەهێزترین دامەزراوە لە کوردستان دامەزراوەی حیزبە و رای گشتی هێشتا گچکەکراوەی بەردەستی حیزبە. زۆرینەی ئەوانەی لەگەڵ هەڵنەگرتنی پارێزبەندین لە سەر پەڕلەمانتاران بە هەلە لە پرسی پارێزبەندی تێگەیشتوون بەوەی کە پەڕلەمانتار هەرچی بکەن و بڵێن ئەگەر نایاسایش بن و بچنە خانەی تاوان ئەوە نابێ لێپێچینەوەی لەگەڵ بکرێ و بانگهێشتی دادگا بکرێ،بەڵام پێچەوانەی ئەو لێکدانەوانە راستە وەک ئەوەی لە یاسای تاوانەکانی عێڕاق دا هاتووە کە هەموو کەسێک بە پەڕلەمانتارانیشەوە لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکرێ کە تاوانێک ئەنجام دەدەن جا ئەو تاوانە (کردار – فعل بێت یان گوتە – اقوال). ئەوەی ئێستا سەرۆکی حکومەت دەیکا و ئەو رێکارانەی دەیانگرێتە بەر بە ئاراستەی بەهێزکردنەوەی دامەزراوەی دەوڵەتە(قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان)کە کۆمەڵگە بە ئاراستەی سەروەربوونی یاسا و مل نەدانە بۆ دامەزراوەکانی دیکە کە کۆمەڵگە دابەش و پارچە دەکەن و بە ئاراستەی یاسا شکێنی هانیان دەدەن. لابردنی پارێزبەندی نە کەمکردنەوەی مافی پەڕلەمانتارانە و نە تاوان بارکردنیانە بەڵکو رەخساندنی دەرفەتە بۆ ئەو کەس و لایەنانەی کە هەست دەکەن تاوانیان بەرامبەر کراوە و ئەوان دەیانەوێ بە یاسا و لە دادگا مافەکانیان وەدەست بێنەوە.


د. ئیسماعیل نامیق هەولێرییەک لەگەڵ کەسێکی سلێمانی دەبێت بەشەڕی، کابرای هەولێری بەکابرای سلێمانی دەڵێت: کەپۆت دەشکێنم، کابرای سلێمانیش پێی دەڵێت بیشکێنە بەس بۆ ئەوەی بزانم کەپۆ چیە. پارێزبەندیی پەرلەمانتار ئایەتی قورئان نیە نەتوانرێت دەستکاریی بکرێت، چونکە لەبنەڕەتدا پارێزبەندیی خۆی بۆ ئەوە نیە پەرلەمانتار لەسەروی یاساوە بێت، بۆ ئەوە نیە هەرچی وویست بیڵێت و بیکات، بۆ ئەوەش نیە پارێزراو بێت لەهەر جۆرە بەرپرسیارێتیەک، بەڵکو تەنها بۆ ئەوەیە بتوانێت کارەکانی بەئازایانە وئازادانە ئەنجامبدات، ئەرکەکانی جێبەجێ بکات بێئەوەی روبەڕووی رێگریی وسوکایەتی پێکردن بێتەوە. کەواتە، هەڵگرتنی پارێزبەندیی تاوان نیە وبابەتێکی تەواو یاساییە، بەرای من نابێت ئەوەندەش بەرامبەری هەستیار بین، بەڵام بەڕێز سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کەفعلەن دەتانەوێت یاسا سەروەر بێت! فەرموون سکاڵاکەتان لەدادگایەکی سلێمانی یان هەر دادگایەکی دیکەی دەرەوەی ناوچەی قەڵەمڕەویی حیزبەکەتان تۆماربکەن. وە بیریشتان نەچێت شانبەشانی تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر پەرلەمانتاران، سکاڵا لەسەر من وزۆربەی خەڵکی کوردستانیش تۆمار بکەن، چونکە ئێمەش رامان وایە، بەرێزت وسەرۆکی هەرێم وجێگری سەرۆکی حکومەت وبەشێکی زۆر لەکاربەدەستانی حکومەتەکەی ئێستای جەنابت وحکومەتەکانی پێشووی ئامۆزاکەت، بەرژەوەندیی بازرگانی ناشەرعی وبانک وکۆمپانیا وگرێبەستی بازرگانیتان هەبووە وهەیە، جا بەناوی خۆتان بێت، یان بەناوی خوازراوەوە. سادەترین نموونە، خەڵک گومانی هەیە وپرسیار دەکات لەوەی کێ پارە بۆ ( K24 ) و (RUDAW ) دابین دەکات؟ چۆن؟ لەکوێی دەهێنێت؟ بەمووچە یان بەچی؟ کارێکی باشە ئەگەر بەڕێزت یان هەر بەرپرسێکی حکومی بیر لەوە بکەنەوە بەئامرازە مەدەنییەکان مافەکانی خۆی وەربگرێتەوە. ئەگەر ئەمە دەرئەنجامی گۆڕانی بیرکردنەوەو دروستبوونی قەناعەت بێت بەیاسا ودادگا، شایانی پشتگیریی کردن ودەستخۆشیە، خۆ ئەگەر تەنها بەکارهێنانی یاسا ودادگا بێت بۆ ترساندن وکپکردن وخۆسەپاندنی زیاتر دڵنیابن ئەنجامی باشی نابێت. جا وەکو دەستپێک ئەگەر بڕواتان بەسەروەریی یاسا وسەربەخۆیی دادگاکان هەیە بەرای من سکاڵا نەک لەسەر پەرلەمانتار بەڵکو لەسەر هەموو ئەو خەڵکە تۆمار بکەن کە رۆژانە لەراگەیاندنەکانەوە بەروونی وراشکاویی باس لەگەندەڵی وکۆمپانیا وبەرژەوەندییە بازرگانیەکانی کاربەدەستانی حکومی وحیزبی دەکەن، بۆ ئەوەی بسەلمێنرێت، ئایا میللەت راستگۆیە یان ئێوە؟ خۆ ئەگەر دەشتانەوێت بەیاسا رێگری بکەن لەقسەو پرسیار وگومانەکانمان، دەتوانن فەرمان بەوەزیری ناوخۆ بکەن بۆ هەتاهەتایی میللەت کەرەنتینە بکات! یاخود فەرمان بە دادگا وداوەرەکانتان بکەن، حوکمی لەسێدارەدان یان زیندانی هەتاهەتایی بۆ هەموو ئەوانە دەربکەن کە قسە ئەکەن یان گومانیان لەپاکی ئێوە هەیە!! بۆیە لەهەموو حاڵەتێکدا گرتنەبەری رێگەی دادگا بەلای منەوە باشە، چونکە ئەگەر دادگا سەربەخۆ ویاسا سەروەر بێت، حەقیقەتی ئێوە بۆ خەڵک دەردەکەوێت، ئەگەر سەربەخۆش نەبێت ئەوا حەقیقەتی دادگا زیاتر بۆ خەڵکی رون دەبێتەوە. جا خوائەکا ئێوە باوەڕتان بەیاسا ودادگا ئەبێت، فەرموون لەرێگەی دادگاوە کەپۆمان بشکێنن!!


 مەحموود یاسین کوردی بە هۆی ئەو زۆرینە تەزویرەی لەخولی ئەمجارەی پەرلەمانی كوردستان هەیە ئەم دامەزراوە رۆڵێكی كاراو كاریگەری نەماوە لە زۆربەی بابەتەكانی پەیوەست بە چارەنووسی خەڵكی كوردستان و قوت و بودجەو نانی رۆژانەی خەڵك قسەو دەنگی نەبووە بەڵكو وەكو پاشكۆ و خزمەتكارێكی گوێراڵی حكومەت و خودی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران دەردەكەوێت. بۆیە پرسی لابردنی حەسانەی یاسایی لە پەرلەمانتاران شتێكی چاوەڕوانكراوە، توشی شۆك نەبووم لەوەی لە سەر داوای سەرۆكی حكومەت حەسانەی یاسای لە سەر پەرلەمانتاران هەڵدەگیرێ‌. بەس ئەوەی زۆر جێگای سەرنج بوو سەرۆكی حكومەت سكاڵای لە سەر پەرلەمانتارێك تۆماركردووە كە گوتوویەتی: سەرۆكی حكومەت كۆمپانیاو بانكی هەیە. هیچ گومانی تێدا نییە هیچ كۆمپانیاو دامەزراوەیەكی ئابووری راستەوخۆ بەناوی بەرپرسانی گەورەی هەرێمی كوردستان نییە بەڵكو هەمیشە لە رێگای كەسانی سێبەر و سەركار بزنس و پرۆژەكانی خۆیان بەرێوەدەبەن، بۆیە دڵنیام هیچ كەسێك ناتوانێت بسەلمێنی كە بەرێز مەسروور بارزانی خاوەنی كۆمپانیای ستێرگروپ و ئاڕتی بانكە، بەڵام ئەمریكییەكان دەمێكە ئەوەیان سەلماندووە كە كۆمپانیای ستێر گروپ كە زۆربەی بازاڕەكانی زۆنی زەردی قۆڕخكردووە هی بەرێز مەسروور بارزانییە، بە پێی بەڵگەنامەیەكی ماڵپەڕی جیهانی ویكیلیكس ئەو كۆمپانیایە هی سەرۆكی ئێستای حكومەتە ئەمەش لە رێگای نامەیەكی نهێنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا كە ئاراستەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكای كردووە، لە دوو شوێن بە پشت بەستن بە دوو سەرچاوە دەسەلمێنێ‌ ئەو كۆمپانیایە كە قۆرغكاری گەورەی كردووە بە تایبەتی بە بواری دڵناییی كە ناهێڵی هیچ كۆمپانیاو كەسێك كار بكات ئەو گۆرەپانەی كۆنترۆڵكردووە. بە پێی ئەو بەڵگەنامەیە كە لینكەكەی لە خوارەوە، تیمی ئاوەدانكردنەوەی عێراق كە شوێنێك راستەوخۆ دەڵی ئەم كۆمپانیایی هی بەرپرسی هەواڵگری پارتی و بنەماڵەی بارزانی مەسرور بارزانییە لە شوێنكی دیكە دەڵی: سەرچاوەیەك دەڵی ئەم كۆمپانیایە هی كۆڕێكی سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانییە بەڵام ئاماژەی پێنەداوە كامە كۆڕی!. دڵنیام كاك مەسروور لە هەموو پەرلەمانتارەكان ئاگاداری ئەو راپۆرتەی ویكیلیكسە، ئەو ماڵپەڕەش میدیاكانی كوردستان نییە تا ئێوە بەبێ‌ بنەماو بێ‌ متمانەی رەتیبكەنەوە، تاوەكو ئێستا هیچ وڵات و دامەزراوەیەكی گەورەی جیهانی بە خودی ئەمریكاوە نەیتوانیوە بیسەلمێنی كە ئەو زانیاریانە ناراستن. بۆیە لە كۆتایی 2008 ئەم پەیامە لە بەغداوە ئاراستەی واشتن كراوە كە ئێوە خاوەندارییەتی ئەو كۆمپانیایە دەكەن كە سەرمایەكەی ملیارەها دۆلارە بە شێوەیەكی قۆرغكاری بەبێ‌ ركابەری سەدان پرۆژەی گەورەی ئەو وڵاتەی وەرگرتووە دڵنیام باجیش نەداوە بەڵكو لە زۆر باج بووراوە جگە لەوەی لە هەموو سێكتەرەكان كار دەكات تەنانەت لە بواری هێنانی نەوتی قاچاغیش لە رۆژئاوای كوردستان و هێنانی گەنمی جوتیارانی سووریا بۆ نێو سایلۆكانی هەرێمی كوردستان كار دەكات. 12 ساڵ پێش ئەمریكییەكان ئاشكرایان كردووە ئەو كۆمپانیایە هی جەنابتە نازانم حكومەت لە چیدایە جەنابت لەم بارودۆخە ئاڵۆزە پەنا بۆ لابردنی حەسانەی پەرلەمانتاران دەبەی لە سەر دووبارەكردنەوەی قسەی ئەمریكای هاوپەیمانیانتان.   لینكی بەڵگەنامەی ماڵپەری ویكیلیكس كە دەیسەلمێنی كە ئەو كۆمپانیایە هی سەرۆكی حكومەتە. https://wikileaks.org/plusd/cables/08BAGHDAD4042_a.html?fbclid=IwAR3GqIoPRoJC7l86hC6WOy_Syg942XXWyXUM9elAEVkW0MCJUEcwKBg334Y    


بەیار عومەر عەبدوڵا ئەگەر حکومەتی هەرێم داهات و دەسەڵات نەدات بەم سنورە و بەردەوام بێت لە سزادانی، ئەوا یەکێک لە رێگەچارەکان پەنابردنە بۆ فیدرالیەتی پارێزگاکان. پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین ئەگەر بۆ ماوەیەکی دیاریکراویش بێت دەکرێت ببن بە هەرێمێک و لە ڕوی سیاسی و ئیداری و ئابوریەوە ببوژێنەوە. دوای چەند ساڵێک کە ویستیان لەگەڵ ئیدارەی هەولێردا یەکبگرنەوە، ئەمجارە بەو مەرجەی وەک دوو هاوبەشی یەکسان یەکبگرنەوە؛ واتە ئەم سنورە هەموو دەسەڵات و داهاتەکانی خۆی تەسلیمی هەولێر نەکات. عەرەب ٢٢ وڵاتیان هەیە، ئێمەش با بۆ ماوەیەکیش بێت ٢ هەرێممان هەبێت. لەم قۆناغەدا پێویستمان بەوەیە ماوەیەک دوورکەوینەوە لە سیاسەتە ستەمکاریەکانی پارتی و لە ژێردەستەیی و هەژاری ڕزگارمان ببێت. دواتر کە بەهێزبوینەوە وەک دوو هاوبەشی یەکسان یەکبگرینەوە. بۆ ئەو مەبەستەش، دەکرێت سود لە دەستوری عێراق وەربگرین، کە لە ساڵی ٢٠٠٥ دا بە ئامادەبوون و ڕەزامەندی نوێنەرانی کورد (نەوشیروان مستەفا لە یەکێتی و مەسعود بارزانی لە پارتی) نوسراوە و دواتر لە ڕاپرسیەکی گشتیدا ٨٠% ی گەلی عێراق بە کوردیشەوە دەنگی بۆ داوە. بەپێی مادەکانی ١١٧ بۆ ١٢٠ ی دەستوری عێراق، کە تایبەتە بە پێکهێنانی هەرێمەکان، هەرێم دەکرێت لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا پێکبهێنرێت، کە پارێزگایەک یان زیاتر بێت. ئەمەش بە دوو ڕێگە دەکرێت. ڕێگەی یەکەم: یەک لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا داوای بکەن (پارێزگای سلێمانی ٣٢ ئەندامی هەیە، دەکرێت ١١ ئەندام داوای بکەن). ڕێگەی دووهەم: یەک لەسەر دەی دەنگدەرانی هەر پارێزگایەک داوای بکەن. واتە لە کۆی ١.٢ ملیۆن دەنگدەری پارێزگای سلێمانی، ١٢٠ هەزار کەس داوای بکەن. ئەم بژاردەیەیان بۆ ئەو حاڵەتە باشە کە ئەگەر حزبەکان لەبەر بەرژەوەندی حزبی و شەخسی و وەرگرتنی چەند پۆستێکی وەزاریی، گوێیان نەدا بە بەرژەوەندی هاوڵاتیان، ئەوا خەلکی پارێزگای سلێمانی خۆیان دەتوانن بەبێ حیزبەکان ڕاستەوخۆ داوای بکەن. دواتر ڕاپرسی لەسەر دەکرێت. دەبێت ٥٠+١ ی دەنگدەران دەنگی بۆ بدەن (واتە زیاد لە ٦٠٠ هەزار کەس). ئەگەر دەنگیشی نەهێنا دوای ساڵێک دەتوانرێت ڕاپرسی بکرێتەوە. لەو حاڵەتەدا ئێمە چیتر باجی هەڵە و فەرهودەکانی پارتی و پاشکۆکانیان نادەین لە ناو حزب و لایەنەکانی تردا، و بەغدا مانگانە مووچەی فەرمانبەران دەنێرێت. هەورەها بە پارەی پەترۆدۆلار و پەترۆگاز دەتوانین چەندین پرۆژەی ستراتیژی بنیادبنێین وەک ڕێگاوبانی خێرای نێوان شارەکان و ناو شارەکان. هەروەها چەندین بەنداوی گەورە و بچوک دروستبکەین، کە ئاو و کارەبامان بۆ دابینبکەن. هەروەها پەرە بە کەرتەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ بدەین. سەرەنجام هەم هاوڵاتیانی ئەم سنورە دەبوژێنەوە، هەم پارتی چیتر ناتوانێت بە ناوی کوردایەتی و ئابووری سەربەخۆوە، نەوت و گازی ئەم سنورە تاڵان بکات و بیخاتە حسابە بانکیەکانیەوە لە تورکیا و خەلکی ئەم سنورەی لێبێبەشبکات (حکومەتەکەی پارتی ١٢ ملیار دۆلاری دۆڕاندوە بە دانەگازی ئیماراتی بۆ ئەوەی گازی چەمچەماڵ لە خاڵی بەهێزەوە بگۆڕێت بۆ خاڵی لاوازی سنورە). دواجار تەسلیمبون بە ئەجێندای تورکیا و دژایەتی پەکەکە و دۆزی ڕەوای گەلی کورد لە باکور بە نرخی کوردایەتی و سەربەخۆیی بە خەلک بفرۆشێتەوە. بۆ مەسەلە نەتەوەیەکەش، کەی ویستمان وەک دوو هاوبەشی یەکسان یەکدەگرینەوە، نەک بەم شێوە لاواز و شەرمهێنەرەی ئێستا (داهات و دەسەڵات و خزمەت و خۆشگوزەرانی موڵکی ئەوان بێت، بەڵام لە کاتی کێشە و ئیفلاسی سیاسی و ئابوری و شەڕدا بمانکەن بە شەریک).


"بەختیار عەلی" ھەندێک سەردەم هەیە، بە تاوانێکدا دەناسرێتەوە. نا لە بەرئەوەی ئەو تاوانە دەشێت گەورەتر بێت لە تاوانەکانی تری دونیا. بەبڕوای من هەموو تاوانەکان وەکو یەک گەورەن دەمێک پەیوەندیان بە ژیانی مرۆڤەکانەوە هەبێت. بەڵام لە ناکاو مردنێک وەک سەمبولی هەموو ئەو شتانەی لێ دێت کە کۆمەڵگایەک تیادەژی یاخود لێی دەترسێت، وەک سەمبولی تاوانێک کە ڕاستەوخۆ یان مەجازی دەبێتە ئاماژە بۆ کۆی تاوانەکانی تریش. لێرەوە کوشتنی سەردەشت تەنیا هەڵگری ئاماژە نییە بۆ ژیانی تاکە کەسێک بەڵکو زنجیرە مانایەکی گەورەتر لە خۆدەگرێت، خاڵێکە تێیدا کۆمەڵە دیاردەیەکی دەرونی و کۆمەڵایەتی و سیاسی بەیەک دەگەن، واتە پەنجەرەیە بە مانا هەرە راستەقینەکەی بۆ سەر ڕووبەرێکی گەورەتر لە خۆی. یەکێک لەو شتانەی کە سەرنج ڕادەکێشێت ئەوەیە بۆ کوشتنی سەردەشت هەمووان تووشی شۆکێکی گەورە دەکات؟ بۆ ئەو شۆکە دەگاتە ئەو رادەیەی هەندێک باوەڕ بە مردنەکەی ناکەن؟. پێش سەردەشت و دوای سەردەشتیش کۆمەڵگای ئێمە هەمیشە کۆمەڵگایەکی مرۆڤکوژ بووە. کوشتن بەشێکی دانەبڕاوی کولتووری سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێمەیە، هیچ هێزێکی سیاسی و سیاسییەکی چالاک لە مێژووی ئێمەدا نییە دەستی بە خوێن سوور نەبووبێت. کەواتە هۆی چییە، مردنی سەردەشت بەوجۆرە شۆکمان دەکات؟ چ تایبەتمەندییەک لەم تاوانەدا هەیە وادەکات وەک تاوانێکی هەرە ترسناک لە خەیاڵماندا نیشتەجێ بێت و ئاسان لەبیر نەبرێتەوە؟. ئاخۆ هۆکەی ئەوەیە یەکەم تاوانی گەورەیە دوای دروستبوونی ئۆپۆزسیۆنێکی ئۆرگانیزەکراو، یان وەک پارتییەکان دەڵێن مەبەست لە گەورەکردنی تەنیا دژایەتی پارتییە... هەر دوو تەفسیرەکە لای من زۆر سیاسی و ڕووکەش و لاوازن، بەرهەمی ئەو دەردە کوردییە ئەزەلییەن کە تەنیا سیاسەت بە سیاسەت تەفسیردەکاتەوە. شتێک لە تاوانەکەدا هەیە کە زۆر ترسناک دەریدەخات، شتێک وادەکات بیر نەچێتەوە، خسوسییەتێکی دەداتێ جیایدەکاتەوە لە هەموو تاوانە ناشیرینەکانی دیکەی مێژووی ئێمە، شتێک ترسێکی قووڵ و ناوەکی لە ناخی هەر یەکەماندا زیندوو دەکاتەوە. مرۆڤ دەتوانێت لە زۆر ڕووەوە لەم نهێنییە نزیک ببێتەوە، لێرەدا هەوڵدەدەم شتێک لەو هۆکارانە ڕوونبکەمەوە، کە وادەکەن کوشتنی سەردەشت تاوانێکی ناوازە بێت و ئەو هەموو مانا و ڕەمزانە لە خۆی بگرێت. سەرەتا شتێکی ڕۆمانسی قووڵ لە کاراکتەری قوربانیی و چیرۆکی لە ناوبردنی سەردەشتدا هەیە. سەردەشت «گەنجە، بێگوناهە، لاوازە، دەیەوێت ببێتە نوسەر، سەر بە بنەماڵەیەکی ئاساییە، خوێندکارە، خەونی هەیە ... هتد»، واتە هەموو ئەو سیفەتانەی تێدایە کە دەشێت پاڵەوانێکی ڕۆمانسی پێویستی پێ بێت تا لەساتی مردنیدا سروشتێکی ئەفسانەیی وەربگرێت. دواتر تاوانەکە گەرچی کەس نەیبینیوە، بەڵام هەموو کەس دەتوانێت فلیمی ڕووداوەکان بهێنێتە پێشچاوی خۆی، واتە تاوانێکی ڕوونە، تەماوی نییە، بەجۆرێکی ترسناک شەفاف و بینراوە. ئەم سیفەتانە کاراکتەرێکی تایبەت هەم بە سەردەشت و هەم بە مردنەکەی دەبەخشن. بە کورتی ڕاستە مێژووی ئێمە مێژووی کوشتنە، بەڵام سەردەشت وێنەیەکی تایبەت بە خۆی هەیە و ئاسان ناخرێتە ناو ئەو مێژووەوە. ئەو سەر بە نەوەیەکی ترە، وەک ئەوەیە بە کاراکتەری و خەسڵەتەکانی تەعبیر لە کەسایەتی گەنج بکات، گەنجێک کە هەموو گەنجێکی دی بەشێک لەو لەخۆیدا دەبینێتەوە. ڕوخساری گوزارشتە لە نەوەی دوای ڕوخانی سەدام حوسەین، لە نەوەی دوای جەنگی ناوخۆ، نەوەیەک جیاواز لە هەموو نەوەکانی پێشووتر پەیوەندییەکی توندی بەو ڕابوردووەوە نییە کە تا ئێستا لە یادەوری زۆربەماندا دەژی. لە پەنجا ساڵی ڕابوردوودا مێژووی خەباتی سیاسی ئێمە، هەمووی بە ناوی زامنکردنی پاشەڕۆژەوە بووە بۆ نەوەکانی داهاتوو، هەموو شەڕ و کوشتارەکان بۆ ئەوەبوون گوایە نەوەکانی داهاتوو باشتر بژین و ئازاد و خۆشبەختت تر بن. سەردەشت سەمبولی ئەو نەوەیە بوو کە دەبوو ئیتر لەبەری ئەو مێژووە بخوات، کوشتنی وەک کوشتنی داهاتوو وەهابوو، وەک ئەوەی یەکێک بڵێت داهاتوو جارێ گەلێک دوورە، ئەو نەوانەشی کە دەبێت لە بەرهەمی ئەو داهاتووە بخۆن هێشتا لەدایک نەبوون، کوشتنی سەردەشت دواخستنی هەتاهەتایی داهاتوو بوو. بکوژانی سەردەشت پەیامێکی ترسناک دەدەن بە گوێماندا، کە ئێمە هێشتا لە ڕابوردوودا دەژین... هیچ داهاتوویەک نییە و بەمزوانەش نابێت. جەستەی سەردەشت نمایشکردنی لاشەی کوژراوی پاشەڕۆژ بوو، بەجۆرێکی سەمبولی لە سەر شانۆی ئێستا. ەڵام ئەمە تەنها هۆ نییە کە وادەکات تاوانەکە بەوجۆرە بە مێژوو و بە یادەوریمانەوە بنوسێت. گەر ورد بڕوانین دەبینین، وێنەی سەردەشت وەک وێنەی قوربانییەکانی تری مێژووی ئێمە نییە... قوربانییەکانی تر بەشی هەرە زۆریان قوربانی جەنگ یان ململانێی حیزبی یاخود شەڕی ناوخۆن. هەر یەکەیان بە جۆرێک لە جۆرەکان مۆرکێک و شوناسێکی سیاسیان هەیە، مرۆڤ دەتوانێت بەزۆریش بووە خانەیەکیان بۆ بدۆزێتەوە و بیانخاتە ناو ئەو خانەیەوە. لای زۆرینەی کوژراوەکانی تری مێژووی ئێمە حیزبێک لە پشت بکوژ و کوژراوەکەوە هەیە، قوربانییەکان هەمیشە شەهیدی لایەنێکی سیاسیین، شوناسێکی ئایدۆلۆژییان هەیە. بەڵام لەگەڵ سەرەتای سەدەی بیست و یەکدا، نەوەیەک لە کوردستانی باشوور هاتۆتە دونیاوە کە کەم تا زۆر حیزبی نییە، گەنجانێک هاتوونە سەر شانۆ کە تەعبیر لە سەرهەڵدانی دنیایەکی نوێ و سەردەمێکی تازە دەکەن و دەیانەوێت هەموو شتێکی ژیانمان بەوجۆرە کۆنترۆڵ نەکرابێت و لە ڕکێفی دەسەڵاتێکی تەسکبیندا نەبێت. ئەمانە بوونەوەری بێ حیزبن، وەک خەڵکی سەردەمەکانی پێشووتر عەشرەتێک نییە شوناسی هەڵگرن، حیزبێک نییە ببن بە شەهیدی، بەڵکو گوزارشتن لە ساتی تاکبوونەوەی مرۆڤی کورد، ساتێک نەوەیەک تێیدا لەدایکدەبێت دەیەوێت لەو شوناس و ئینتیما کۆنانە پاکبێتەوە و دونیا بە جۆرێکی تر بژی. واتە جۆرە مرۆڤێکی تازەن، جۆرە مرۆڤێکن هێشتا بۆ شوناس دەگەڕێن، بۆ زمان دەگەڕێن، بۆ ئایدیا دەگەڕێن. هێشتا پاکی ساتەکانی یەکەمی خولقاندن دەژین. سەردەشت تەعبیرە لەو نەوەیەی کە لەو مێژووە جیابۆتەوە. نەوەیەک هێشتا تەواو نەبۆتە نەوە و کامڵ نەبووە و دونیای ئەزموون نەکردوە، هێشتا ڕۆحێکی نادیارە و تاک و تەرا لێرەو لەوێ لە هەندێک کەسدا وەک خواست، وەک ئایدیا، وەک خەون بەرجەستە دەبێت، نەوەیەک نایەوێت ئەو مێژووە دووبارەبکاتەوە، نوێنەری دابڕانێکە لە ڕابوردووی ئێمە. ھەموو هێزێکی تازە کە لە هەناوی مێژوودا لە دایکدەبێت، ساتەوەختییەکی پاکیی ڕەها و قووڵی هەیە، ساتەوەختێک هەستدەکات ئەو هەڵگری گوناهەکانی پێشوو نییە، هەستدەکات دەیەوێت ئەو پاکییەی لە مێژوو و سیاسەت زەوتکراوە دووبارە بیگێڕێتەوە. ئەم ساتە خواستی هەموو نەوەیەکە پێیوابێت دەتوانێت پەیامێکی هەبێت، هەموو نەوەیەک بۆ ئەوەی بتوانێت گوزارشت لەسەرەتایەکی تازەبکات، هەستێکی نوێی پاکی و بێتاوانی لە گەڵ خۆیدا دەهێنێت، سەرەتا جگە لەو پاکییەش شەرعییەتێکی دیکەی نییە. ساتی کوشتنی سەردەشت ساتی یەکەمی ئەو هەستەیە، هەوڵی یەکەمی گەڕانەوەیە بۆ ئەو پاکییە، نەوەیەکی نوێ کە هێشتا نازانێت یادەوەری سیاسی ئێمە و خەیاڵی سیاسی نەوەکانی پێشووتر بە چ جۆرێک ئیشدەکەن و بە چ توانایەکی ترسناکی تاوان بارکراون، نەوەیەکە هێشتا دونیا لە خۆیەوە دەبینێت، دەیەوێت لەگەڵ ئەودا جۆرە ئازادییەک بێتە کایە بارنەکرابێت بە هەموو بارگە پێشینەکانی خوێن و ترس. لەگەڵ نەوەی سەردەشتدا تەواوی کۆمەڵگای ئێمە خەون بەسەرەتایەکی تازەوە دەبینێت، بە مێژوویەک تارماییەکانی رابوردوو تێیدا کاڵ ببنەوە، قۆناغێکە شەڕی ناوخۆ دوایی هاتووە، سەدام حوسەین ڕوخاوە، ئۆپۆزسیۆن لەدروستبووندایە... واتە زەمینەی خەون بینین بە شتێکی تازە و نوێوە لە هەموو کاتێک ڕەواتر و سروشتیترە، سەردەشت تەعبیرە لەو ساتەوەختە، تەعبیرە لەو خەونە کە هێشتا نەیتوانیوە تەواو شێوەی خۆی بدۆزێتەوە. لێرەوە کوشتنی سەردەشت، کوشتنێکە هەڵگری چەندین ڕەهەندی ڕەمزییە، هەم کوشتنی ئەو پاکییەیە کە ئەم نەوە تازەیە هەڵیگرتووە، هەم کوشتنی ئەو توانا تازەیەیە لەسەر ئومێد و گۆڕان و خەونبینین کە کۆمەڵگای ئێمە دەیەوێت تاقیبکاتەوە. واتە کوشتنێک نییە وەک هەر کوشتنێکی تر، بەڵکو کوشتنێکە لێکترازانی دوو زەمەن و دوو نەوە و دوو جۆرە هەستکردن لە یەک بەرجەستەدەکات. مێژووی ئێمە پڕە لە کوشتن، بەڵام کەم کوشتنی تێدایە بەو ڕوونییە هێڵی جیاکەرەوە بێت لە نێوان دوو سەردەمی جیاوازدا. کاریگەریی گەورەی تاوانەکە لەوەدایە کە تاوانێک نییە دژ بە کەسێکی دیاریکراو، بەڵکو تاوانێکی سەمبولییە دژ بەو ساتە سەرەتایی و پاکەی کە تێیدا ئەگەرێکی نوێ دێتە پێشێ. سەردەشت لە زیاد لە گۆشەنیگایەکەوە ڕەمزی ئەو پاکییە زەوتکراو و ئەتککراوەیە. کاریگەریی تاوانەکە لەسەر هەمووان ترسناک و گەورەیە چونکە لە ساتێکدایە کە هەمووان تینووی گەڕانەوەی پاکین بۆ سیاسەت، خەونێکی گەورە هەیە لە ناخی زۆربەی مرۆڤەکانی کورددا کە ئەم گەڕانەوەیە کارێکی ئەفسانەیی نییە، ڕیفۆرم و گۆڕانکاری بە شێوەیەکی سروشتی و ئاشتیخوازانە ئاسایی و چاوەڕوانکراو دەنوێنێت، کەس لەو باوەڕەدا نییە هێزێک هەبێت وەها ئاسان دەست بۆ شکاندنی ئەو خەونە گەورەیە بەرێت. كوشتنی سەردەشت وەک دانانی خاڵی کۆتایی دێت، بۆ ئەو هیوا و پلانانەی لە ساتێکدا تەواوی کۆمەڵگایەک لەدەرەوەی بازنەی دەسەڵات و لە نیهادی خۆیدا پەروەردەیاندەکات. لاشەکەی ئەو ئاماژەیە بۆ ئەو فاسیلەیەی کەوتۆتە نێوان خەونی کۆمەڵگا و خەونی دەسەڵاتەوە، کەوتۆتە نێوان ڕابوردوو و داهاتووەوە. لاشەکەی سەردەشت جێگایەکی تەواو ڕەمزییە. شوێنی پێکدادانی ڕۆحی پیر و گوناهباریی کۆمەڵگایە لەگەڵ ڕۆحی گەنج و بێتاوانی نەوە نوێکانیدا، ساتی بەریەککەوتنی ئەوپەڕی دڕندەییە لەگەڵ ئەوپەڕی پاکی، ساتی بەگەڕکەوتنی مەکینەیەکی سیاسی و عەسکەری و میدیایی ترسناکە دژ بە بوونەوەرێکی تەنها و لاواز و بێپاڵپشت، ساتی لێکترازانی تەواوەتی ئەوەیە کە هەموو شتێکی هەیە، لەگەڵ ئەوەی هیچ شتێکی نییە، واتە ساتی بەریەککەوتنی دەسەڵاتی موتڵەقە، لەگەڵ بێدەسەڵاتییەکی موتڵەقدا. ساتی جیابوونەوەی تاوان و کوشتنی مەنتیقییە لە کوشتنی نامەنتیقی... بە کورتی ساتی زەقبوونەوەی هەموو دیوە ناکۆک و پارادۆکسەکانی کۆمەڵگای ئێمەیە لەسەر جەستەی بچوک و لاوازی تاکە کەسێکدا. ھەر کاتێک سەیری مردنی سەردەشت بکەین، تەنیا لاشەی ئەو نابینینەوە، تەنیا کوشتنی ناهەقی گەنجێک نابینینەوە، بەڵکو ساتێکی مێژوویی بە هەموو ماناکانی دەبینینەوە. ئیدی سەروکارمان تەنیا لەگەڵ مردندا نییە، بەڵکو سەروکارمان لەگەڵ ئاوێنەیەکی گەورەدایە کە جگە لەوەی بکوژەکان دەموچاوی خۆیانی تێدا دەبیننەوە، تەواوی مێژووش بە هەموو ناکۆکی و ئەگەرە کوژراوەکانی خۆیەوە تێیدا دەردەکەوێت... بە کورتی لاشەی سەردەشت تەنیا لاشەی خۆی نییە، بەڵکو کایەیەکی دەلالی فرە دیو و پڕ ئاماژەیە کە جەمسەرەکانی مێژووی کۆنی ئێمە بەمڕۆوە دەبەستێت. ئیدی هێندەی کەسێک باس لە مردنی خەونێکی خۆی دەکات، لاشەی سەردەشت وەک شانیشانە بۆ هەموو مردنەکان دێتەوە یادمان و دەکەوێتەوە سەر زارمان. لاشەی سەردەشت ئەو نیشانەیەیە کە ئیدی لە ڕێگای مانای مردنی ئەوەوە، مەرگەکانی دی بۆ نیشانە و مانای خۆیان دەگەڕێن. ئەو مردنەیە کە بە جۆرێک لە جۆرەکان هەموو مردنەکانی تر خۆیانی پێدا هەڵدەواسن، تا لەودا وێنەی خۆیان بدۆزنەوە. ئەوەش دەیکات بە مردنێک بەردەوام بکرێت لە هەموو سیاق و ناوکۆییەکدا زیندوو ببێتەوە. بە کورتی لاشەی سەردەشت چیتر تەنیا لاشەیەک نییە کە پێناسەی خۆی دەکات، بەڵکو ئەو مردنەیە کە لە ڕێگایەوە مەرگ دووبارە بەجۆرێکی نوێ خۆی پێناسەدەکاتەوە. واتە ئەو ڕەمزە گەورەیەیە کە مەرگ لە کۆمەڵگای ئێمەدا پێویستی پێیەتی بۆئەوەی خۆی لە دووبارەکردنەوەی فۆرمە کۆنەکانی بپارێزێت... مەرگە دەمێک مەرگ دەموچاوێکی نوێ و ڕوخسارێکی تر بۆ خۆی دەدۆزێتەوە. بە واتایەکی تر و ڕوونتر مردنی سەردەشت فراوانکردنی ڕەهەندە سەمبولییەکانی مردنە... وشەی مردن چیتر تەنیا لەسنووری ئاماژەدا بۆ مەرگی جەستەیی ناوەستێت، بەڵکو گرێدەدرێتەوە بە کایەیەکی مەجازی گەورەوە، واتە کە باس لە مردنی سەردەشت دەکەین بەجۆرێکی مەجازی باس لە مردنێکی مەجازیانەی ژیانی خۆمان و خەونی کۆمەڵایەتییمان دەکەین، وەک مردنی هیوا، مردنی گەنجێتی، مردنی پاکی، مردنی خەونی گۆڕان، مردنی فەردانییەت، مردنی پاشەڕۆژ ... هتد. واتە مەسەلەکە هەر ئەوە نییە کە لاشەیەک هەیە و دەبێت بە ڕەمزی هەموو نائومێدییەکانمان، نا بەڵکو هەموو نائومێدییەکانمان، هەموو تێکشکانە گەورەکانمان لەم بیست ساڵەی ڕابوردوودا، پێویستیان بە لاشەیەک هەیە، پێویستیان بە دەموچاوێک و سەمبولێک هەیە... سەردەشت تەنیا لاشەیەک نییە کە دەبێتە ڕەمز، بەڵکو پێچەوانەکیشی ڕاستە، سەردەشت ڕەمزێکە کە لە مێژە بۆ لاشەیەک دەگەڕێت و لە سەردەشتدا خۆی دەدۆزێتەوە. لێرەدا مرۆڤ دەبێت تەواو لە تەفسیری «لاکان ـ لاکلاو»ـەوە بۆ چەمکی «دال» نزیک بێت، تا لە مانای ئەو ئاوەژووبوونەوە گرنگە تێبگات. لێرەدا دەبێت سێ جۆر لە مامەڵە لەگەڵ مردنی سەردەشتدا جیابکەمەوە، کە دووانیان زۆر باو ، بەڵام زۆر ترسناک و تەقلیدیین و سەردەشت دەبەنەوە ژێر خانەی هەمان مێژوو کە لێی هەڵدێت. یەکێکیان لاشەکەی سەردەشت، وەک لاشەیەکی قانونی سەیردەکات، لاشەی کوژراوێک کە دەبێت وەک هەر کوژراوێکی دیکە مانای خۆی لە پرۆسێسێکی قانونیدا وەربگرێت و لەویادا بکوژ و کوژراو جیابکرێنەوە. پێم وایە ئەم تەفسیرە ناتوانێت مانای کوشتنی سەردەشت تێبگات و لە کوشتنەکانی دیکەی جیابکاتەوە... دیارە ئەمە بەو مانایە نییە بڵێم نابێت دادگا و یاسا لەم مەسەلەیەدا ڕۆڵ بگێڕن، تەفسیری وەها بێمانا و گەمژانەیە، بەڵکو مەبەستمە بڵێم هیچ دادگایەک ناتوانێت پێمان بڵێت بۆ کوشتنی سەردەشت وەها کاریگەرییەکی گەورەی هەیە و بەردەوام لە ژیانی سیاسی و خەیاڵماندا دەنگدەداتەوە، ئەمە لە خەیاڵی هەموو قازی و یاسایەک تێدەپەڕێت و دەچێتە ناو هەرێمێکی تری تەفسیرەوە کە ئەوان دەستیان پێیدا ڕاناگات. تەفسییری دووەم، سەردەشت دەبەستێتەوە بە مێژووە تەقلیدییەکەی شەهادەتەوە لە دونیای ئێمەدا، پێی وایە سەردەشت شەهیدێکی دی ناو قافڵەی شەهیدانە، کەسێکە لە کاروانی شەهیدانی ئێمەدا جێگای خۆی گرتووە، قوربانییەکی تری ڕێگای ڕزگارییە. ئەمە بە بڕوای من لاشەی سەردەشت دەباتەوە سەر ئەو جێگایەی کە لێی هەڵهاتووە، بەزۆر دەیخاتەوە ژێر هەمان ئەو سیستمە ڕەمزییە تەقلیدیی و سەتحی و مردوەی کە سەد ساڵە ئیشی پێدەکرێت. ئەمە خوێندنەوەی مەرگێکی نوێیە بە کەرەستەی کۆن. لێرەدا سەردەشت بوونەوەرێکی سیاسی و ئایدۆلۆژی ڕووتە کە خەڵکێکی دیاریکراو، وەک هەموو شەهیدەکانی تر مۆری سیاسی خۆیانی لێدەدەن و دەیکەن بە موڵکی خۆیان... ئەم تەفسیرە سەردەشت دەگێڕێتەوە ژێر باری ئەو خانە خانە حیزبی «یان تاقمگەرایە» کە نەوەی سەردەشت بە گشتی دەیەوێت لێی دەرچێت. تەفسیری سێهەم کە من باوەڕم پێیەتی و کەم تا زۆر لەسەرەوە بەرگریم لێکرد، بریتییە لە سەیرکردنی مردنی سەردەشت، وەک «کوشتن» بە هەموو مانا فراوانەکانی، کوشتن کە دەبێت بە خەتی جیاکەرەوە لە نێوان تاوان و پاکیدا بەجۆرێکی ڕەها، دەبێت بە سەمبولی قوربانی بە مانا هەرە فراوانەکەی، قوربانییەک کە سەردەمێک لە سەردەمێکی دی جیادەکاتەوە. کوژراوێک هەمووان پێویستیان بە لاشەکەیەتی بۆ ئەوەی شوێن و جێپێی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆیان دیاریبکەن. مەرگێک تەنیا ئاماژە بۆ تاوانێکی سیاسی دیاریکراو ناکات، بەڵکو ئاماژەیە بۆ تاوان بە مانا هەرە ڕەها و گەورەکەی، تاوان لە دیوە مەجازی و فەنتازییەکەشیدا... واتە لاشەی سەردەشت گرێدەدرێتەوە بە هەموو هەست و بیرکردنەوە و عاتیفە کوژراوەکانمانەوە. گرێدەدرێتەوە بەو مافانەی کە نابێت بکوژرێن و دەکوژرێن، بە هەر شتێک کە باوەڕمان وایە نابێت ڕووبدات و ڕوودەدات، با ناماقوڵ و نەشیاو و بێمانا لە مێژووی ئێمەدا ... لێرەدایە لاشەکە وەک ئاماژەیەکی ئەبەدی لێدێت بۆ نائومێدی، نوشوست، دڵشکان ... بۆ ستەم بە مانا هەرە موتڵەق و پەتییەکەی، ستەم ساتێک ئیدی هیچ دەمامکێک هەڵناگرێت و دەموچاوە گێلەکەی خۆی وەردەگرێت یان وەک هانا ئارێنت ناویدەنێت «گەمژەیی خراپە»مان وەک خۆی بە یادا دەهێنێتەوە.


د،كامه‌ران مه‌نتك قوربانیدان له‌ پێناو سووك بوون.. له‌ چاوه‌ڕوانی ته‌قنیه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ریدا !!!   ئه‌و وانه‌یه‌ی ده‌كرێت، له‌ دۆخی ئه‌مڕۆی كوردستانی هه‌ڵێنجین، ئه‌وه‌یه‌، كه‌ به‌ته‌نیا قوربانیدان به‌س نیه‌ بۆ بونیاتنانی وڵاتێك، چونكه‌ ئه‌گه‌ر به‌ قوربانیدان بوایه‌ ئه‌وا هیچ میلله‌ته‌ێك هێنده‌ی كورد به‌ناوی كوردایه‌تی و بزووتنه‌وه‌ی رزگاریه‌وه‌ قوربانی نه‌داوه‌، به‌ڵكو گرنگ ئه‌وه‌یه‌ قوربانیه‌كه‌ بۆ چی ده‌درێت و كێ رابه‌رایه‌تی ئه‌و قوربانیدانه‌‌ ده‌كات!. جێگای داخه‌ به‌رهه‌می ئه‌و قوربانیدانه‌ی كورد له‌ كاتی ئێستا له‌ ده‌ستدانی خاك و برسیی بوون و رووبه‌ڕووی سوكایه‌تی بوونه‌وه‌و بێ رێزیه‌ به‌رامبه‌ری، ئه‌و هه‌موو قوربانیه‌،‌ ئه‌نجامه‌كه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی كۆمه‌ڵێك كه‌س و بنه‌ماڵه‌و ریسوابوونی میلله‌تێكه‌، تاوانێكی ئێجگار گه‌وره‌یه‌ ده‌رحه‌ق به‌و میلله‌ته‌ ده‌كرێت، كه‌ ئه‌و هه‌موو قوربانیه‌ ده‌دات و سیاسه‌تمه‌داره‌كانی به‌و شێوه‌یه‌ به‌ری خه‌باتی بێ نرخ و سووك ده‌كه‌ن و له‌ به‌غدا هه‌ڕاجی دكه‌ن!. دوای چندین ساڵ قوربانیدان، برسی بوون، سوكایه‌تی پێكردن، تازه‌ به‌ تازه‌ وه‌ك تاوانبارێك خۆیان ده‌خه‌نه‌وه‌ كۆشی به‌غداو ئه‌ویش وه‌كو تاوانبارو یاخیه‌ك مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كات، زۆر سه‌یره‌ به‌ ده‌یان و به‌ سه‌دان ملیار دۆلار هاتبێته‌ كوردستان و باسی ده‌وڵه‌تی كوردی و خوێنی شه‌هیدان و ....هتد بكه‌ن، كه‌چی بۆمووچه‌ی خه‌ڵك بكه‌ونه‌ سواڵ و خۆیان بخه‌نه‌ به‌ر كه‌وشه‌كه‌ی غه‌وسی به‌غدایێ، ئه‌مه‌ سیاسه‌ت نیه‌، ئه‌مه‌ سه‌رلێشێواویه‌، كه‌ له‌دواجار ده‌بێته‌ بنه‌مایه‌ك بۆ راپه‌ڕینێكی گه‌وره‌ له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا. میلله‌تان ره‌نگ بێت زۆر شت قبوڵ بكه‌ن، به‌ڵام كاتێك ده‌گاته‌ قۆناغی سووكایه‌تی پێكردن ئه‌وا ده‌ته‌قنه‌وه‌، ره‌نگ بێت ئه‌و بۆچوونه‌ رووبه‌ڕووی زۆر ره‌خنه‌ بێته‌وه‌، به‌ناوی ئه‌وه‌ی كورد هه‌رگیز هووشیار نابێته‌وه‌، به‌ پێچه‌وانه‌ی زۆر كه‌س پێم وابێت ئه‌و بێده‌نگ بوونه‌ درێژه‌ ئه‌نجامی هوشیاری و هه‌ولدان بووه‌‌ بۆ پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كانی، نه‌ك به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی ساویلكانه‌ شرۆڤه‌ی بۆ ده‌كرێت، بۆیه‌ له‌ ئێستادا كاتێك ده‌یانه‌وێت هه‌موو شتێك ته‌سلیمی به‌غدا بكه‌ن و وه‌ك هێسترێكی چه‌موش له‌ بن ئه‌و باره‌ خۆیان هه‌ڵدێرێنن، لێره‌ خاڵی كۆتایی داده‌نرێت و ده‌بێت چاوه‌ڕوانی ته‌قینه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری گه‌وره‌ بكه‌ین له‌ هه‌رێمی كوردستان، چاوه‌ڕوانی په‌رته‌وازه‌یی و لێكترازانێكی گه‌وره‌ی نێو مالی كورد بكه‌ین!. به‌داخه‌وه‌ چاوه‌ڕوانی دابه‌شبوونێكی كرده‌یی و یه‌كجاره‌كی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌م، گۆڕان و یه‌كیتی له‌ په‌نای لامه‌ركه‌زیه‌وه‌ ده‌یانه‌وێت ته‌سلیمی به‌غدا ببنه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و ته‌سلیم بوونه‌وه‌یه‌ له‌ 16 ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ ده‌ستیپێكردووه‌و شتیكی نوێ نیه‌، پارتیش له‌ په‌نای دروستكردنی ده‌سه‌ڵاتێكی یه‌كگرتوو ده‌یه‌وێت به‌شه‌كه‌ی تری هه‌رێم بداته‌وه‌ ده‌ست توركیا، له‌راستیدا ئه‌وه‌ی پارتی به‌كوردی كردووه‌ له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایدا، سیاسه‌تێك بووه‌، كه‌ هیچ هێزێكی خاوه‌ن ئیراده‌ نایكات، هه‌موو شتێك له‌ پیناو خۆی، مه‌غروری و سه‌ره‌ڕۆیی خۆبه‌زلزانینی پارتی، داروبه‌ردی كرده‌ دوژمنی كوردو یه‌كێتی كوردانی له‌ره‌گه‌وه‌ هه‌ڵته‌كان، ئێستاش سیاسه‌تی نا ته‌ندروستی پارتیه‌، هێزه‌كانی تر ناچار ده‌كات په‌نا بۆ به‌غدا ببه‌ن، ئه‌و سووكایه‌تی و رێزنه‌گرتنه‌ی پارتی به‌رامبه‌ر لایه‌نه‌كانی تر پیاده‌ی ده‌كات، ئه‌و مه‌ترسیه‌یه‌، كه‌ له‌ دوای كۆنگره‌ی ویستیڤالیاوه‌ له‌سه‌ر ئاستی نیوده‌وڵه‌تی قێزه‌ون كراوه، ‌" هه‌رگیز سووكایه‌تی به‌هێزه‌كانی تر مه‌كه‌ن، چونكه‌ ده‌بێته‌ هۆی سه‌رهه‌ڵدانی رق و تووڕه‌یی و دواتریش تۆڵه‌ كردنه‌وه‌"‌، بۆ نمونه‌ سوكایه‌تی كردن به‌ ئه‌ڵمانیا دوای جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی، بووه‌ هۆی دایسانی جه‌نگی دووه‌می جیهانی، بێ منه‌ت كردنی هێزه‌كانی تر، یه‌كێك بووه‌ له‌ هۆكاره‌ مه‌ترسیداره‌كانی ئه‌و قۆناغه‌، كێشه‌ی پارتی ئه‌وه‌یه‌ سه‌نگی راسته‌قینه‌ی خۆی نابینێت و هه‌میشه‌ له‌ روانگه‌یه‌كی دۆنكیشۆتانه‌وه‌ سه‌یری خۆی ده‌كات، ئه‌گینا خۆی له‌ دۆخێكدا نیه‌ شایه‌نی ئێره‌یی پێبردن بێت، ته‌نانه‌ت له‌ناو زۆنی زه‌ردیش گرنگترین شوێنه‌ ستراتیژی و سه‌ربازیه‌كانی له‌ ده‌ستداوه‌و كه‌وتۆته‌ ده‌ست توركیا، بۆیه‌ له‌ دواجاردا ده‌كرێت ته‌نیا چاوه‌روانی ئه‌وه‌ بن، كه‌ له‌ شوێنێكی توركیا وه‌ك په‌ناهه‌نده‌یه‌ك وه‌ربگیرێن. كه‌واته‌ ئێستا به‌ جدی كار له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌رێم ده‌كرێت، گومانی تیانیه‌ ئه‌و كاره‌ چه‌ند ساڵێكه‌ ده‌ستپێكردووه‌و له‌ژێره‌وه‌ دام و ده‌زگاكانی هه‌رێم ورده‌ ورده‌ به‌ به‌غدا به‌ستراونه‌ته‌وه‌، وه‌لێ ئێستا كاره‌كه‌ خێراتر و ئاشكراتر به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، زه‌مینه‌ی ده‌روونی خه‌ڵكی كوردستانیش بۆ ئه‌م هه‌نگاوه‌ خۆشكراوه‌، وایان له‌ خه‌ڵك كردووه‌ هه‌موو كێشه‌ ستراتیژیه‌كان و ئاینده‌ی خۆی به‌ چاوی گه‌ده‌وه‌ ببینێت، "خه‌ڵك ده‌ته‌قێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر مووچه‌ نه‌درێ"، ئه‌م بیكردنه‌وه‌ خۆی له‌ خۆیدا گه‌وره‌ترین سووكایه‌تیكردنه‌ به‌ خه‌ڵك و به‌رپرسیار كردنی خه‌ڵكه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌موو شكست و خیانه‌ی ئه‌وه‌ ده‌سه‌لاته‌ كردوویتی، راسته‌ خه‌ڵك له‌ ته‌قینه‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆی مووچه‌ نا به‌ڵكو به‌هۆی ئه‌و سووكایه‌تیه‌ی ئه‌و خیزانه‌ به‌ وڵاته‌كه‌ی ده‌كه‌ن، له‌ هه‌موو راستیه‌كان راستتر ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و دوو بنه‌ماڵه‌یه‌ ئیفلاسیان كردووه‌و ده‌یانه‌وێت هه‌ریمی كوردستان تێك بده‌ن، وه‌ك سه‌دام كاتێك گوتی ئه‌وه‌ی دوای من دێت ده‌بێت حوكمی وڵاتێكی وێران بكات، ئێستا ئه‌وانه‌ هه‌مان دروشم دووباره‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، دوای ئێمه‌ ده‌بێت كوردستان سووتماك بكرێت و بدرێته‌وه‌ ده‌ست داگیركه‌ران، مل بۆ هه‌موو كه‌سێك و هه‌موو داگیركه‌رێك كه‌چ ده‌كه‌ن و سازش له‌سه‌ر هه‌موو پیرۆزیه‌ك ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئاماده‌نین سازش بۆ یه‌كتر بكه‌ن، ئه‌و بیركردنه‌وه‌ خێله‌كیه‌، واتای بچووك بوون و هیچ نه‌بوونه‌، نه‌ك گه‌وره‌یی!. گرنگ ئه‌وه‌یه‌ له‌و قۆناغه‌ هه‌ستیاره‌دا ئه‌وه‌ی كاری بۆ ناكرێت ئه‌و ئامانجه‌یه‌، كه‌ ده‌یان ساڵه‌ كورد خه‌باتی بۆ ده‌كات، هه‌ردوو سیناریۆ(ته‌سلیم بوونه‌وه‌ به‌ به‌غداو ئه‌نقه‌ره‌) له‌ خزمه‌تی كورد دانیه‌، چونكه‌ له‌ دواجاردا ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته‌ له‌ چوارچێوه‌یه‌كی هه‌رێمیدا په‌یوه‌ندیه‌كانیان رێكخستووه‌و به‌ هه‌ردوولایان رووبه‌ڕوی كورد ده‌بنه‌وه‌، به‌داخه‌وه‌ سه‌ركردایه‌تی كورد له‌ ئێستادا باكی به‌ میلله‌ت نه‌ماوه‌و خه‌ریكه‌ له‌ناو له‌ناو ده‌می ئه‌ژدیهادا به‌جێیدێڵێت بۆیه‌ ئه‌گه‌ر خه‌ڵكی كوردستان هه‌موو ئه‌و زوڵمانه‌ی رابردووی له‌پێناو هیوایه‌كی دیماگۆكیدا قبووڵكردبێت، ئه‌وا ئێستا چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ین په‌رده‌ی شانۆكه‌ دابخرێته‌وه‌، ده‌بێت چاوه‌ڕوانی ته‌قینه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری بكه‌ین، نه‌ك به‌هۆی مووچه‌ به‌ڵكو به‌هۆی له‌ده‌ستدانی هه‌موو شتێك و ئه‌و سووكایه‌تیه‌ گه‌وره‌ی به‌چاره‌نووسی ئه‌و میلله‌ته‌ ده‌كرێت، ده‌بێت چاوه‌ڕوانی گۆڕانكاری ئیجگار گه‌وره‌و مه‌ترسیدارو چاره‌نووس ئامێز بكه‌ین له‌ ناوچه‌كه‌دا...


چیا عەباس لەم فرە قەیرانەی یەخەی هەرێمیان گرتۆتەوە، گەلێک شێکردنەوە و هەڵسەنگاندن و بۆچون و تێرامانی جیاواز بۆ هۆکار و چارەکان  بەرچاو دەکەون، بەشە حزبی و عەقائیدیەکان لێیان دۆی خۆیان بە ترش نازانن و ئەوانی تریش لە روانگای بێلایەنی و خەمخۆریەوە جۆرەها  هەڵسەنگاندن بەیان دەکەن. ناشێت خۆمان غافڵ بکەین لە راستیەک کە مێژوی ململانێ و شەر و بەرژەوەندیە تایبەتە جیاکان کرۆکی بەشێکی ئەم هەڵسەنگاندنانەیان داگیر کردوە. کەسێک نادۆزیتەوە خەستی و ئاڵۆزی قەیرانەکان ومەترسیەکانی لەسەر ئایندەی نمونەی نیمچە سەربەخۆیی و حوکمرانی دوا سی ساڵی کیانی کوردی لە باشور نەبینێت و هەستیان پێنەکات. لە سەر ئاستی ناوخۆ پشکی شێری بەرپرسیاریەتی ئەم دۆخە لە ئەستۆی پارتی و یەکێتی و پاشکۆکانیاندایە.  وردکردنەوەی ئەم دۆخە چەند راستیەکی واقیعی ئێستامان بۆ دەسەلمێنن: یەکەم: پارتی هێزی یەکەمە و جومگە بنەرەتیەکانی حوکمرانی بەدەستەیەوە، پارتی لە دوا مەتافدا هێزێکی هۆمۆجینی هەرەمی و دیسیپلیندارە و خاوەنی ژێرخانێکی گەورەی ئابوری و پەیوەندی دەرەکی و سەربازی و هەواڵگریە. مێژوی پارتی لە دوای راپەرینەوە دەیسەلمێنێت بۆ پاراستنی پێگە و بەرژەوەندیەکانی سڵ لە زۆر کار و رەفتار ناکاتەوە. دوەم: یەکێتی مام جلالی نەماوە، ئێستاشی لە گەڵدا بێت هێزێکی پەرتەوازەیە و خاوەن دیدگا و سیاسەتی یەکگرتو نیە، هێزێکە ئاستی جەماوەری و سەربازی و دەسەڵاتی لە ناوچەکانی نفوزیدا زۆر کاریگەر و بێ رکابەرن. پێگەی یەکێتی لە حکومەتی هەرێمدا شایستەی ئەوە نیە حەسودی پێببەیت، لەلایەک بەناو شەریکە لە گەڵ پارتی و لە لاکەی تریشەوە لەم دۆخەدا بە هەڵمەتێکی راگەیاندنی ئاراستەکراو مەبەستیەتی خۆی لەو شەراکەتە لە رابوردو و ئێستادا بێبەری بکات.   سێیەم: دوای وەفاتی نەوشیروان مستەفا پێگەی گۆڕان و هێزەکانی تری ئۆپزسیۆن ئەوەندە داکشاوە کە شتێکی ئەوتۆی کاریگەرداریان پێنەکراوە و ناشکرێت، تایبەت گۆڕان وەک پاشکۆیەکی بێدەنگ چاوبازی لە گەڵ هەمو دەکات. چوارەم: کارتەکانی بەغدا نەک تەنها لە بەرژەوەندی کوردا نین، بەڵکو چاوەروانی مەترسی گەورەشیان بۆ سەر باشوری کوردستان لێدەکرێت. لەم نەخشە سیاسی و هاوسەنگی هێزەدا هیچ لایەنێک ناتوانێت ئەوی تر بسرێتەوە، هەر هەوڵێکی لەو جۆرە کارەساتی زۆر گەورەی لێدەکەوێتەوە. لەم دۆخەدا پاراستنی حوکمرانی کورد مەبەستی بنەرەتی و یەکەمە، لە دەستدانی ئەو حوکمرانیە یاخود لاوازبونی بەرچاوی دەمان گەرێننەوە بۆ سەرەتای دوای راپەرین. حوکمرانی پارتی و یەکێتی، شەری ناوخۆ و دو ئیدارەیی، رێکەوتنی ستراتیژی نێوانیان، بەشدار بونی هێزە ئیسلامیەکان و گۆڕان لە حکومەتدا هەمویان تاقیکراونەتەوە، دوا ئاکامی ئەم رۆژەیە کە تێی کەوتوین. هۆکارەکان فرە رەگ و سەرچاوەن و شاردراوەش نین، هەر هێز و کەسایەتیەک بە رێژەی خۆی بەرپرسە. زیاتر لە دە ساڵ لەمەوپێش بە چەند نوسینێکی ئاشکرا هەواداری هەرێمێکی سەربەخۆی سلێمانی و هەڵەبجە و چەند ناوچەیەکی تر بوم، ئێستاشی لە گەڵدا بێت گەر دۆخی نێودەوڵەتی و ناوچەکە و عێراق و کوردستان گونجاو بن بە هەنگاوێکی گەورەی دەزانم بۆ سەقامگیری و بەرەوپێشچونی باشوری کوردستان. ئێستا زۆر ئەستەمە، چونکە حکومەتی عێراق باڵادەستە و چاوەروانی خێری لێ ناکرێت، ئەو گرژیانەی نێوان بەغدا و هەولێر لە مەقامی یەکەمدا پەیوەستن بە شەرکردن لە سەر پشكیان لە داهاتی نەوت، بەغدا ورد و کەوەرجنین ئاسا کورد دەدۆشێت، کاتێک خێریشی تێدا نەما پێمان پێدەکەنێت، لەوە نزیکبۆتەوە چونکە هەر ئەوانە بون لە سەردەمی ئەنفال و کیمیاباراندا بۆ یەک چرکەش بیریان لە تەسلیمبون بە بەغدا نەدەکردەوە  ئێستا دەسەڵاتدارانی هەرێم بەهۆی کەمی پارەی نێردراو لە بەغداوە، کە خۆیان هۆکاری سەرەکین، دەڵێن ئامادەن هەمو نەوت بە خۆشیانەوە تەسلیم بە بەغدا بکەن. ئەمریکا لە ماوەی ٢٤ سەعات دوای ریفراندۆم کرۆکی پێکهاتەی سیاسی هەرێمی گۆری و لە نزیکەوە چاودێری و کارئاسانی بۆ کارەساتەکانی ئۆکتۆبەر کردوە. هەرێمێکی سەربەخۆی سنوردار لە گەڵ ئێران کە بەشێکی بەرچاوی پێکهاتە سیاسیەکانی دۆستی نزیکی ئێران بن لە ئێستادا بۆ ئەمریکا هیڵی سورە، ئەو تەرکیزی لە سەر دروستکردنی پێگەیەکی بەهێزی سەربازی و هەواڵگریە لە کوردستان و بۆ ئەو مەبەستە پشتئەستوریشە بە پێگەی پارتی لە حوکمرانیدا.  چەمکی لامەرکەزیەت تەوەرێکی کۆنە و کارکردن لەسەری بچێک لە کێشەکانی هەرێم هێور دەکاتەوە.        ئێستا لەم دۆخەدا لەو باوەرەدام بیر لە گۆرینی شێوازی حوکمرانی بکەینەوە و ئەزمونێکی نوێ لە بری ئەم ئەزمونە سواو و ئیفلیجە بگرینەبەر. دروستکردنی حوکمرانی طەوارئ بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بەم شێوەیەی خوارەوە: یەکەم: ئەنجومەنی باڵای هەرێمی کوردستان دروست بکرێت، پێکدێت لە: - نوێنەرانی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەرێژەی ژمارەیان، - پارێزگارەکانی هەرێم و بەرپرسانی ئیدارەکانی گەرمیان و راپەرین، - چوار نوێنەری ئەنجومەنی وەزیران لە سەر ئاستی وەزیر یا جێگری وەزیر، - جێگرێکی سەرۆکی هەرێم و نوێنەرێکی تری سەرۆکایەتی هەرێم، - چوار نوێنەری فراکسیۆنەکانی کورد لە بەغدا و شەش نوێنەر لە کوردستان، - ژمارەیەک نوێنەرانی بێلایەنی کەرکوک و ناوچە زەوتکراوەکانی تری کوردستان، - ژمارەیەک لە کەسایەتی ئاینی و رۆشنبیرو و نیشتمانپەروەری بێلایەن، - چەند نوێنەرێکی بێلایەنی رەوەندی کوردی.  دەسەڵاتەکانی ئەم ئەنجومەنە بێجگە لە چاودێریکردنی حکومەت و پەسندکردنی بریارەکانی بەرێژەی ٦٠-٦٥% ی دەنگی ئەندامانی، بە تەشاور لە گەڵ حکومەتی هەرێم سیاسەتی هەرێم بۆ پەیوەندیەکان لە گەڵ حکومەتی بەغدا دیاری دەکەن. سەرۆکی ئەم لیژنەیە کەسایەتیەکی بێلایەن بێت، جێگرێکی کەسایەتی ئاینی سەربەخۆی هەبێت، ئەنجومەن نێوان خۆیان رێکدەکەون لە دروستکردنی دەستەی سکرتاریەتی ئەنجومەن و رێکخستن و دابەشکردنی ئەرک و دەسەڵاتەکان.    دوەم:  پەرلەمانی کوردستان، هەڵپەساردنی ئەرکەکانی چاودێری و لێپرسینەوەی پەرلەمان، سەبارەت بە پرۆژە یاساکان دەبێت ئەنجومەنی باڵاش پەسندی بکات، لە حالەتی جیاوازیدا رێگا یاساییەکان بۆ یەکلاییکردنەوە بگیرێتە بەر. سێێەم:  لە ئەنجومەنی باڵا گڤتوگۆ و باسکردنی چروپر دەرباری شێوازی بەرێوەبردن و چاودێریکردنی وەزارەتی پێشمەرگە و ئاژانسی هەواڵگری بە هەماهەنگی لە گەڵ حکومەتی هەرێم بکرێت.  دەزانم ئەم پرۆژە پێشنیازکراوە بێ کۆسپی گەورەی یاسایی و سیاسی و حزبی   ناچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەرچۆنێک بێت بۆچونێکە بۆ هەوڵێکی قورتاربونی دەستەجەمعی لەم دۆخە و چەندیش رزگار دەکرێت رزگار بکرێت. بەدیلەکانی ئەم دەستەجەمعیە بەهێزە جیابونەوە ، راپەرین. گەرانەوە بۆ دو ئیدارەیی و شەری ناوخۆیە.  


زانا توفیق بەگ  بێگومان لە دوای ئەوەی کە هەرێمی کوردستان بۆ جارێکی نوێ بەرەو قۆناغێکی تری قەیرانی دارایی هەنگاو دەنێت وە تواناکانی حکومەتی هەرێم بەرەو کەم بوونەوە دەڕوات ،  بەتایبەتی لە پێدانی مووچەی فەرمانبەران و کەرتەکانی بەڕیوەبردن و خزمەتگوزاری گشتی دا. لەم قۆناغە دا سەرۆکی حکومەت  باشترین هەلی چارەسەرکردنی دۆخی دارایی هەرێم بۆ ڕەخساوە کە سەرلەنوێ بەدروستکردنەوەو داڕشتنەوەی هەیکەلی سیستەمی بەڕیوەبردنێکی تۆکمە وزانستی  بەتایبەتی لە بواری مووچەو بڕینی مووچەی نایاسای گەڕانەوە بۆ خەزێنەی حکومەت لەڕێگای چاکسازی لە کۆی گشتی کەرتەکانی بەڕیوەبردنی دەزگاکانی حکومەتدا ،  وە سەرلەنوێ دروستکردنی سیستەمێکی بانکی و دارایی کە لەگەڵ شێوازەکانی سیستەمی بەڕێوەبردنی دنیای پێشکەوتوودا بگونجێ ، وەهەموو فەرمانبەرێك بەپێی  یاسا مووچەو دەرماڵەکانی دەستنیشان بکرێت وە لابردنی ئەو سیستەمە گەندەڵەی ئێستا کە زۆر بێکەڵک و بی مانایە بۆ پێدانی مووچەو کۆکردنەوەی باج و دەرامەتەکانی حکومەتی هەرێم کوردستان.  بۆیە پێویستە زۆر بەڕاشکاوی هاوار بکەین بلێن ئیتر لێرەدا پێویستە سەرۆکی حکومەت بەبێ گوێدانە پلەو ئاستی بەرپرسیارێتی هەرکەسێ لەناو هەر گرۆپ و دەسەڵاتێکی حیزبی و تەنانەت حکومیدا بێت  دەست بکرێت بە بڕینی ئەو مووچە ناشایستانەیەی ئەو کەسانە  کە بۆتە هۆی دروستکردنی نایەکسانی لە پێدانی مووچەدا و جارێکی تر سەرلەنوێ هەوڵی فۆڕمەلەکردنی سیستەمی ئیداری هەرێم بدرێت وە شێوازی مووچە لەسەر بنەمای کەفائەت و شارەزایی و خزمەتکردن بەرامبەر بە دەزگاکانی دەوڵەت و هاووڵاتیان بێت . وە سەنگی مەحەك بۆ وەرگرتنی مووچە لە هەرێمی کوردستان دا بە کۆمەڵی پێوەری زانستی و ائیداری بێت نەك لەسەر بنەمای دڵسۆزی بۆ دەسەڵاتی سیاسی. بەڕێز جەنابی سەرۆک وەزیران، بەڕاستی ئەوە مەحاڵە هاووڵاتاین  بڕوا بەوە بکەن  کاتێك کە وەزارەتی دارایی دەڵێت بوجە نیە بۆ پێدانی مووچە بەڵام  لەبەرامبەر ئەوەدا سەفەرو و خۆشگوزەرانی و مووچەی های لایڤ بۆ  وەزیر و وەکیل وەزیر بەڕێوەبەرە گشتێکان  بەرپرسە حیزبێکان و خوا پێداوەکانی ناو دەزگاکانی بەشێك لە حیزب و حکومەت بە جۆرێكە ،کە زۆر جیاوازتر نیە لەو  خەڵکە ملیونێرانەی  ئەوروپا کە لە ئەنجامی ئێش و کارکردن و خوێندن و دانی باج بە دەوڵەت بەشێوەیەکی یاسای  دەوڵەمەند بوون بە پارەی عارەقەی ناوچەوانی خۆیان . هەروەها تەماشاکە لە جیاوازی بڕی ئەو مووچانەی کە کۆمەڵی خەڵك بە شێوەیەکی نایاسای وەریدەگرن لە ژێر تایتڵی پلەی وەزیفی ئیداری یان سەربازی کە تەنها رۆژێك کاربەدەستی حکومەت نە بوون هیچ سودێکی گشتیان نە بووە یان بڕی ئەو پاسەوانانەی کە بەناوی جیاجیاو لەسەر میلاکی ‌هێزەکانی پێشمەرگە مووچەی بندیوار وەردەگرن وە هیچ سودێکی گشتیان نیە . بۆیە من بڕوام بە  توانای بەڕێزت زۆرە کە بتوانی بە کۆمەڵی بڕیار و ڕێنومایی بەتایبەتی جارێکی تر بە پرۆژەیەکی قانونی چاکسازی فراوانتر لەوی پێشتو تر یان  دروستکردنی دەزگاکایەکی تایبەتی کە بەڕیزت خۆت سەرپەرشتی بکەیت یان  سەربە نووسینگەی بەڕێزت بێت بڕیاری کەم کردنەوەی هە موو ئەو مووچانە بدەیت کە بوونەتە جێگای ناڕەزایی خەڵکی کوردستان. جگەلە کەم کردنەوەی مووچەی دەزگا سیادێکان  لەگەڵ  بەرپرسانی سیاسی بەڵکو پێداچوونە بە مووچەی دەسەڵاتی دادوەری و پزیشکەکان ودەزگاکانی تری سەربە ئەنجومەنی وەزیران دا بکرێت یان لە بەرامبەر ئەو مووچە زەبەڵاحە کە پێان ئەدرێت باج و ئەرکی زیاتریان بخرێتە ئەستو بۆ یەکسان کردنەوەی مووچەکانی تری فەرمانبەرانی ئاستەکانی خوارەوە و مووچەی شەهیدان و کەم ئەندامان . من بروام وایە ئەم قۆناخە تازەیەی دوای کڕۆنا باشترین دەرفەتە بۆ بەڕێزت  لە کابینەی نۆیەمدا کە بتوانی بێ دوودڵی   بڕیارێکی کۆنکرێتی بدەیت سەبارەت بەو نایەکسانیەی کە لە سیستەمی بەڕیوەبردنی حکومەت و تەنانەت سیستەمی سیاسی هەرێم دا پەیڕەو دەکرێت بۆ سەرلەنوێ گەڕانەوەی متمانەی حکومەت لای هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان چۆنکە ئەوەی لە ئێستادا خەڵکی داوای دەکەن لە کابینەکەی بەڕێزت  لە  دابینکردنی مووچە بۆ فەرمانبەران کە ئەمە مافێکی سروشتی و یاسای هەر کاربەدەستێکی حکومەتە .  بە بڕوای من بۆ چارەسەرکردنی  لایەنی کەمی دابینکردنی مووچە دە بێت  لایەنی پەیوەندار بە زووترین کات بڕیاری   گەڕانەوەی کۆمەڵی داهاتی نایاسای  کابینەکانی پێشوتر بدات بۆ کەم کردنەوەی  بەشێك لە موعاناتەکانی هاووڵاتی و هاوکات  هەستکردن بە جدێتی بەڕێزت بۆچارەسەرکردنی دۆخەکە  وە بڕیاردان لە بڕینی ئەو مووچانەی کە پێ دەوترێت خانەنشینی تایبەتی کە پێم وایە لە هیچ سیستەمێکی دنیادا بوونی نیە .     



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand