ئەنوەر حسێن (بازگر) بە داخەوە, هەر كاتێك ڕووداوێك دێتە پێش, لە پەیوەند بە ڕۆژهەڵات و باشوورەوە لە جیاتی دیالۆگ و دۆزینەوەی ڕێگاچارە، هاوڵاتیانی كوردزمان لە هەردوولا, دەكەونەجوێندان و شەڕی كۆمێنت و سۆسیالمیدیا، كە كاریگەری لە سەر حیزبەكانی هەردوولاش دەبێت، ئەم كارانە جیا لەوەی نەیارەكان خۆشحاڵ دەكات زۆرینەی خەڵكی هەرلادوولاش نیگەران دەكات. هەموو حیزبێكی سیاسی لەهەر زروفوو دەورانێكدا ڕووبەڕووی زۆر گرفت و ئاستەنگ دەبێتەوە، ئێمە شاهیدی ئەوەین لە سەرەتای شۆڕشی نوێ, خەڵكانی دڵسۆزی ڕۆژهەڵات و خانەوادەی موهتەدی، شەهید حەمەی مەلا عەلی، ساعیدی وەتەندۆست، دكتۆر جەعفەری شەفیعی، بنەماڵەی موعینی، مامۆستا شێخ عیزەدینی حوسێنی، مامۆستا شێخ جەلالی حوسێنی، كۆمەڵە، دكتۆر قاسملو، عەبدوڵا حەسەنزادە، حیزبی دیموكرات، چ ڕۆڵێكی گەورەیان لەو هەلومەرجە سەخت و دژوارەدا گێڕاوە، دواتریش ناونانی (31 – جۆزەردان-ڕۆژی پێشمەرگەی كۆمەڵە) ڕۆژی شەهیدبونی خانەی موعینی لە دڕی ناوچەی ماوەت كە لەڕیزی پێشمەرگەكانی (ی.ن.ك) شەهید بوو، هەروەها پشتیوانی هێزەكانی (ی.ن.ك) لەساڵی 1982 لەسەر داوای دكتۆر قاسملو و عەبدوڵا حەسەن زادەو ناونانیشی بە (هێزی پشتیوان) هەر لەسەر پێشنیاری حەسەنزادەبووە، ئەو كاتە قاسملو بە مام جەلالی وت: وەكو حیزبی دیموكرات بۆ داواكاری و پشتیوانیەك هاتووین، ئەگەر تۆ داوا لەئێمە بكەیت ناتوانین جێبەجێی بكەین). وتاری پڕلە ژانی مام جەلال لە (9/8/1988)لە مەڕاسیمی گیانبەختكردنی (دكتۆر جەعفەری شەفیعی)كەدەڵێت: لە ژیانمدا كەم ڕووداوی وا ناخۆشم دیوە وەكو مەرگی دكتۆر جەعفەر ...، دەتوانم بڵێم شەهیدی هەموو گەلی كوردە ... دواتریش مام جەلال دەستدەكاتە گریان و دەستدەكاتە ملی باوكی دكتۆر جەعفەر و مامۆستا شێخ عیزەدین حوسێنی . ئەو كاتەشی دكتۆر سەعیدی شەرەفكەندی لە ئەڵمانیا شەهیدكرا لە (17/9/1992) مام جەلال لەمەراسیمی ئەویشدا ئەو كردەوەیەی پڕۆتستۆكردو پشتیوانی خۆی لە گەلی ڕۆژهەڵات و حیزبی دیموكرات دووپاتكردەوە . لەكاتی كۆچ و كۆڕەوەكانی كوردستاندا چ میهرەبان و میواندۆست بوون برا كوردەكانمان. لە دەورانی تازەشدا چ لە داخستنی ڕادیۆو چ لە موشەكبارانی حیزبی دیموكرات و چ لە گیانلەدەستدانی 400 پێشمەرگەی دیموكرات و كۆمەڵەو سازمانی خەبات لە هەموویان نیگەران بووین و خوازیاربووین ڕوونەدات، بەڵام هەر ئەوەش بوو وایكرد (ی.ن.ك) بڕیاری لە سێدارەدانی تیمێكی لەوانەدا، كە ئەو سەردەمە سەخت و دژواربوو، بوونی بارەگای زۆربەی هێزەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە باشوور و ناوچەی سەوز پڕ بەدڵ خۆشحاڵ و ئارەزوومەندین كە لە دەوری ئێمە كۆبوونەوەو هیچ كات ڕێگانەدرا بە دەردی موجاهیدینی خەڵك بچن لە بەغدا، جیا لەوەی كە دۆستایەتی و پەیوەندی گەرمووگوڕیان لەگەڵ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان هەیە، ئەی ئەو ڕۆژهەڵاتیانەی كە لە باشوورن چۆن وەكو خانەخوێ سەیردەكرێن . لەكاتێدا كە هەر ڕووداوێك دێتە پێش هەموو ئەو مێژووە جوان و پڕ خەباتەی نێوان باشووریەكان و ڕۆژهەڵاتیەكان دەكەوێتە ژێرپرسیارەوەو ئینسان هەست بەژان و ئازار دەكات، بۆیە دەبێت بپرسین ئایا هەندێك لە حیزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە پشت دنەدانی ئەو كلتورەوەن یان گوێیان لێناگیرێت، سەیرە لەسەر هەر ڕووداوێك كە دێتە پێش چەندین بەیاننامەی بەشێك لەو هێزانە دەبینین كە توندو بێ فاكت و بێ چاوەڕوانی لێكۆڵینەوەن كە هەقە ڕەخنە بگرن, كە هەقە گلەیی بكەن، بەڵام بەشێكیان ئاگاهانە یان بێ ئاگا چوونە پاڵ سیناریۆ و پیلانێك كە ئاگاهانە لەلایەن نەیارەكانی( ی.ن.ك) چنراوەو دەچنرێت و سیناریۆی پێشوەختی بۆ داڕێژراوە بەمەبەستی كاڵبوونەوەی ئەو پەیوەندیە مقەدەس و مێژووییەی نێوان باشوور و ڕۆژهەڵات یان یەكێتی لە باشور و، دیموكرات و كۆمەڵەو خەبات لە ڕۆژهەڵات . گەر ئەم ڕووداوانەی دێنەپێش و دیالۆگ و ڕێگاچارەی شیاو گونجاویان بۆ نەدۆزرێتەوە لە كاتە حەساس و سەختەكاندا ڕەنگە زۆر شت قڵپ ببێتەوە كە قەرەبوو ناكرێتەوە، ڕەنگە دوو براو، دوو خوشك، دوو خانەوادەی ئەمدیوو ئەودیوو ببنە نەیار و ئەوەش تەنها دوژمنان و نەیارانی سەرەكی گەلی كورد و سیناریۆ چنەكان سودی لێوەربگرن . منیش و زۆرینەی باشوریەكان و هەموو یەكێتی دڵیان ژاندەكات كە كوردێكی ڕژهەڵات لە سێدارەدەدرێت، كۆڵبەرێك گیان لەدەست دەدات، پێشمەرگەیەكیان شەهید دەبێت . هیوادارم زوو بەزوو داهاتووی پڕشنگدارتان ببینم هەرگیز نەگاتە ئەو خەونە زڕەی نەیاران, كاڵبوونەوەی ئەو هەموو قوربانی و فرمێسك و خەون و خەباتە هاوبەشەی مێژینەی هەردوولا . تكایە با گرفتەكان چارەسەر بكەین و ڕەخنەكانیش بەزمانی گوڵ بێت نەك جوێن و تەخوین . - بیرم دێت كە هەواڵی شەهیدبوونی دكتۆر قاسملوم بیست چۆن هەموو گەلی كورد تاسابوو بەكوڵ دەگریا . - كە دكتۆر شەرەفكەندی شەهید كراو شەهید بوو بەدیار ڕادیۆی دەنگی كوردستانی حیزبی دیموكراتەوە دانیشتبووم چەندە گریام و هەستم بە ژان و ئازار و پشت شكان دەكرد . - كە عوسمانی كیانی و عوسمانی فەرمان شەهید بوون چەندە بۆم بەئازار و دژوار بوو . - كە گوێم لە شیعرەكانی شێركۆ بێكەس دەبێت ( دەلالۆ هەستەوە، بەیان، تاجی خوێناوی، ئەسپی سور، دیدەنی) بۆ فوئاد و قاسملو، دكتۆر جەعفەر و بەیان چ هەست بەژانی هاوبەش دەكەم . - كە گوێم لە شعرەكانی حەمە عەزیز دەبێـت (سۆراغ، ناتوانیت، لەچاوەڕوانی سورەسواردا، ئەسپەشێر) بۆ حەمەحوسێن و فوئاد و خانەو كەمانگر چ هەست بەژانی هاوبەش دەكەم . ئێمە ژانی هاوبەشمان هێندە زۆرە. ئێمە خیانەتی دووژمنان و نەیارانمان هێندە زۆرە جگە لە یەكگرتووی و دڵفراوانی و خەباتی هاوبەش و دەستلەملانێ و ئاوێزانبوون, چارەیەكی دیكەمان نیە . ڕۆژهەڵاتیەكان ئێوە ئازیزان و خۆشەویستانی ئێمەن چاوتان ماچ دەكەم .
شوان سدیق: ئیتاڵیا شەقامەکانی شار چۆڵن، کەم کەس دەبینی بەدەرەوە کار و خوێندن، پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان و ژیان ھەمووی لەنێو دیوارەکاندا قەتیسبوونەو گرێدراون بەتەلەفۆن و ئینتەرنێتەوە. ئەم ماوەیە کۆرسەکانی خوێندنمان ھەمووی بەئۆنلاینە زۆر نیگەران دەبیت، ستافی خوێندن و ھاوکارانت ھەموویان لەنێو کۆمپیوتەرێکدا قەتیس بوونە بەتەلەفۆن، یان کامێرا نەبێ ئەگینا کەس یەکدی نابینن! بۆ دوو مانگ دەچێ زۆربەی چالاکییەکی ژیان ڕاگیراون، خەڵک لەپەنجەرەو باڵەکۆنەکانەوە سەر دەر دەھێنن، ھەر لەوێندەرەوە جار جار گوێت لە گۆرانی و میوزیک دەبێ. ھاتووچۆی فڕۆکەو شەمەندەفەر و پاسەکان ڕاوەستاون، ھەست بەوە دەکەیت کەمرۆڤ تەواو خۆی ڕادەستی ئەم زەمەنە کردوە، ئەی ئەگەر وانییە جاران ڕووداوێکی ھاتووچۆ دەبوو یان شەمەندەفەرێک کێشەی تێ کەوتبایە ھەر زوو کۆنتڕۆڵیان دەکرد ئێستە کۆنتڕۆڵکردنی ئەم ڕووداوە ھەست پێ ناکەیت، بگرە ھەموان دەستە وەستانن و لەماڵەکانەوە خۆیان حەشارداوە! ئەوانەش لەدەرەوەن، ھەمووان، بەدەمامک و دەستکێشەکانەوە، بەخێرای دەڕۆن کەس متمانە بەکەس ناکات، ھەموان گومان لەیەک دەکەن. سڵاوەکەی جارانیشیان نەماوە! ئیتاڵیا شوێنی لەدایکبوونی شارستانیەتی ڕۆمانیەی مەزنە بەشارستانیەتی گرنگ بۆ مرۆڤایاتی دادەنرێ، لەم وڵاتەوە شۆڕشی شارستانی و فیکری و ھونەر دژی بەربەریەت سەری ھەڵداوە. ئیتاڵییاکان، لەشۆڕشەکانی فیکری و ھونەری و دژە پیاوانی ئایینەوە بەڕێنساسیشەوە، ھەمیشە پێشەنگ بوونە بۆیە باوەڕ بەوەناکەیت، ئەم وڵاتە ھەر وا بەئاسانی مل بۆ کۆرۆناڤایرۆس شۆ ڕبکەن! سێ ساڵ زیاترە لەم وڵات و شارە دەژیم کۆسێنزا، ھیچ وەختێک ئەوەندە بەچۆڵی و بەبێ دەنگی نەمبینیوە، سەرجەم شوێنە گشتیەکان داخراون، کافیەی و باڕ و شوێنی پشودان قوفڵیان لێ دراوە. دوێنێ بۆ کارێک بەشەقامی کۆرسۆماتزینی شارەکەدا تێپەڕیم ھەر لەبەرخۆمەوە، قسەم دەکرد لەپڕ شەقامەکەم بیرکەوتەوە، چۆڵ و ھۆڵ ئەو شەقامەی تادرەنگانی شەو پڕبوو لە قاقای پێکەنین، لە دەنگە دەنگی کچان و کوڕان ئەوەتا ئێستە کەسی تێدانییە مەنفایەکە بۆخۆیی! ئەم کرۆنا ڤایرۆسە ڕەنگەکانی گۆڕی تاڵی لەگەڵ خۆیھێنا تووڕەبوون و نامۆ بوونی بەسەرماندا دابەشکرد. جاران، شار پڕبوو لە خەڵک بەیانیان بەتەمەنەکانت دەبینی و شەوانیش دەمەتەقێی گەنج و ھەڵدانی پێکەشەراب و گۆڕینەوەی جگەرەکانیان، تامێکی خۆشیان بەبەرگی ژیاندا کردبوو. بەشەقامەکاندا دەڕۆیشتی گوێت لەموزیک دەبوو تابلۆی نێو جامخانەکان جوانتر دەبینران، پەیکەرەکان دەتگوت زەلامی ڕاستەقینەن و سەرنجیان دەدایت. جاران، خەڵکی ڕۆژە ڕێیەک بانگی یەکیان دەکرد لێک نزیک دەبوونەوە لەجیاتی ماچێک باوەشی گەرم و دوو ماچی یەکدیان دەکرد. ئێستە ئەوھانییە دوومەتر نێوانی ھەموو کەسێکە ھەموانیش ترسیان لەیەکدی ھەیە. ھەرکات ھەموو ئەو سڵاوکردن و بانگ و قسەکردنانەی پێشترم بیر دەکەوێتەوە خەمبار دەبم شەوانیش خەونم لێ ناکەوێ یادی ھاوڕێکانم و یادگاریە خۆش و ناخۆشەکانی پێش کۆرۆنا دەکەم! ئیتاڵییەکان، میلەتێکن بەردەوام سڵاو لەیەکدی دەکەن، جارێکیش کەسێکی گەشتیار یان بێگانەو غەریبە ببین، زۆر گەرموگوڕن لەگەڵی و حەز دەکەن بیناسن و بەدەمییەوە بێن، ئەمە وا دەکات غەریبی زەمەنی پێش کۆرۆنا بکەم! ئەمڕۆ گوزەرێکم کرد بەنێو شاردا، شاری چی دەتگوت گۆڕستانە مات و بێدەنگ کەم کەس بەدەرەوەیە تەنانەت کۆترەکانیش بێ تاقەتیت پێیانەوە ھەست پێ دەکرد چونکە ئەوانیش بەساڵاچووەکان ھاوڕێیان بوون، گەنم و ورتکە نانیان لێ وەردەگرتن، کەچی ئێستا داپیرەو باپیرەکان، لەترسی مردن ناوێرن بێنە دەرەوە. بەپێی دواین ئاماری ڕۆژی ١٤ی نیسان، قوربانیانی کۆرۆنا ڤایرۆس گەیشتە ئەم ئاستە. توشبووان: ١٦٢ ھەزار و ٤٨٨ کەس چاکبوونەوە: ٣٧ ھەزار و ١٣٠ کەس بەداخەوە ژمارەی گیان لەدەستدان: ٢١ ھەزار و ٦٧ کەسن.
یاسین تەها كۆرنا بەپێی پەرەسەندنی بایۆلۆجیانەی خۆی بەردەوامە لەپەلاماردانی مرۆڤ لەسەرانسەری دنیا، زیانە دارایی و ئابوورییەكانی ئەم نەخۆشییەش رۆژ لەدوای رۆژ بە ملیارەها و ترلیۆنەها دۆلار كەڵەكە و زیاتر دەبن، بەڵام لەعەرەبستانی سعودیە جگە لە زیانی دارایی مەترسی لەسەر ناوبانگی بەڕێوەبردنی شاری مەككە دروستكردووە كە یەكێكە لەپایە و شانازییەكانی سیستمی حوكمڕانی وڵات. بەپێی پێوەرەكانی WHO، كۆرۆنا بەڵایەكی جیهانییە، ئەم ڤایرۆسە تەنانەت گەشتووە بە كۆشكی سپی و پنتاگۆن و بارەگای UN، بەڵام بڵاوبونەوەی لەشارەكانی مەككە و مەدینە، جۆرێك لەمەترسی لای حوكمڕانانی سعودیە دروست كردووە كە بەشكستخواردوو یان كەمتەرخەم لەئاست بەرەنگاربوونەوەی قەیرانەكە بێنە بەرچاو، بەتایبەت ئەگەر تا رەمەزان و دەستپێكردنی وەرزی حەج سنورێك بۆ نەخۆشییەكە دانەنێن. ژمارەی دانیشتوانی مەككە دەگاتە دەوروبەری دوو ملیۆن كەس، شارەكەش دابەش بووە بەسەر هەژارنشین و دەوڵەمەند، بەپێی ئامارە تەندروستییە متمانەپێكراوەكانیش تا ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە ژمارەی توشبوانی مەككە بە كۆرۆنا سەروو هەزار كەسی تێپەڕاندووە، بەشی هەرە زۆری حاڵەتەكانیش هی گەڕەكە هەژارنشینەكان بوون كە زۆرێكیان لانەو پەناگەی كرێكار و خزمەتكار و خەڵكانی بیانین بەتایبەت كرێكارە پاكستانی و هیندییەكان. ئەگەر كۆرۆنا لە مەككە كۆنتڕۆڵ نەكرێت، ئەوە ناكرێت حەرەمەكان بەرووی گەشتیاران و حاجیاندا بكرێنەوە، ئەم لێكەوتەیەش جگە لەوەی دەوروبەری 7 ملیار دۆلار زیان لە ئابووری سعودیە دەدات، دەبێتە پێشینەیەكیتری مێژویی وەستانی حەج لەكاروانی مێژووی ئیسلام كە 40 جاریتر حەجی تێدا وەستاوە لە ماوەی 14 سەدە، بەڵام مەترسی ئەم جارەیان لەوەدایە دەكرێت ببێتە هۆكارێك و پاساوێك بۆ ئەو دەوڵەتانەی لە دەسەڵاتدارانی سعودیە لالوتن و داوای بەنێودەوڵەتیكردنی بەڕێوەبردنی وەرزی حەج دەكەن؛ ئێران و قەتەر. لەكۆتاییەكانی ئازاری رابردوو ژمارەی توشبوانی كۆرۆنا لە مەككە تەنها 5 كەس بوون كە لەكۆمپانیای بن لادن كاری فراوانكردنی حەرەمیان دەكرد، بەم هۆیەشەوە 8 هەزار كرێكاریتر كەرەنتینە كران. لە ئێستادا مەراسیمی نوێژەكان و نوێژی هەینی لەهەردوو حەرەمی مەككە و مەدینە تەنها لەلایەن ستاف و تیمێكی تایبەتەوە بەجێ دەهێنرێن كە پێشنویژ و بانگبێژ و كارمەند و پاسەوانەكانن، ئەوانیش ناوبەناو پشكنینی سەلامەتییان بۆ دەكرێت و ئەمەش وەهایكردووە پەخشی نوێژەكانی حەرەمەکان بەردەوام بن بەپێچەوانەی مزگەوتەكانیتری وڵاتەوە كە سەرجەمیان داخراون و لەبانگەكاندا بە "الصلاە فی الرحال" ناهێڵن كەس روویان تێ بكات وەک زۆرێکیتر لە وڵاتان. رێگرییەكی گەورە لەبەردەم دەسەڵاتدارانی عەرەبستان بۆ كردنەوەی مەككە یان بیركردنەوە لەوەرزی حەج، گەشتیار و میوانە دەرەكییەكانن، چونكە شیكاری ئامارەكانی ناوخۆ ئەوەیان دەرخستووە لەدەوروبەری پێنج هەزار توشبووی كۆرۆنا لەكۆی 30 ملیۆن دانیشتوان و نیشتەجێی وڵات، دەوروبەری 80% یان هاوڵاتی نیشتەجێكراو و بیانین، لەحاڵەتی كردنەوەی دەرگای حەجیشدا ئەوە بیانییەكان و میوانەكانی وڵاتانی توشبوو چەند قات دەبن و رەنگە ببنە هۆی كارەساتی گەورە، هەر ئەمەش وایكرد وەزارەتی حەجی سعودیە دەرگای گومان بكاتەوە لەسەر ئەنجامدانی فەرزی حەج بۆ ساڵی 2020 لەكاتێكدا لێكەوتەكانی ئەم بڕیارە قورس و ئازاربەخش و رەنگە مەترسیداریش بێت بۆ دەسەڵاتێك كە چەندین ساڵە سەروەری گەورە و شانازییەكانی لەوەدا چڕ كردووەتەوە كە "خادم الحرمین" ـە و بەباشی و رێكوپێكی سەرپەرشتی گەورەترین كۆبوونەوەی موسوڵمانانی دنیا دەكات.
ئاسۆ حاجی تویتێکی مستەفا کازمی بە کوردی بەبۆنەی ئەنفال وەک دەسکەوت و ئیشەکی باش لەلایەن کوردەیلەوە هەژمار کراوە، بەڵام بەپرسانی کورد لە بەغدا هەرگیز ئەوەیان بەخۆ ڕەوا نەبینیە بە کوردی قسە بکەن و لێدوان بدەن و قبوڵ نەکەن زمانی کوردی لەهەموو کار و نووسراوە فەرمیەکان بەکارنێت کە بەگوێرەی دەستووری هەمیشەیی عێڕاق دەبێ بەکاربێت. مام جەلال هەتا کۆچی دوایی کرد یەک گوتاری بە کوردی نەدا،بەرهەم سالحیش بەهەمان شێوە،پەڕلەمانتار وەزیرەکان خراپتر. لەهەمووشی بێتامتر ئەوەیە کە بەرپرسانی کورد لە بەغدا رەخنە لەیەکدی دەگرن یەکەم شت دەڵێن فلان عەرەبیەکەی زۆر خراپە! واتا تاکە خاڵی دەستنیشان کردنی کەسێک بۆ بەغدا بەر لە هەموو مەرجەکان مەرجی عەرەبی باش بوونەکەی بۆ دادەنێنن. ئەمن چەند ساڵێک پێش چەند گوتارێکم لەوبارەیەوە نووسین و دوای ریفراندۆمیش کە ناچار کراین بچینەوە بەغدا گوتم کورد دەبێ لە زمانی کوردیەوە دەست پێ بکات،دەبی لەناو پەڕلەمان دەستوور کارا بێت و زمانی کوردی بوونی هەبێت. لە گوتارەکانم نموونەم بە باشوری سودان دەهؽنایەوە کە سەرۆکی بزاڤی رزگاریخوازی سەربەخۆیی باشوری سودان خاولؽخۆش بوو جەنەڕال جۆن گەڕەنگ و دواتریش یەکەمین سەرۆک کۆماری باشوری سودانی سەربەخۆ بەباشی عەرەبی دەزانن لە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی سودانی بە عەرەبی قسەیان دەکرد بەڵام کە دەهاتنە بەردەم کامێڕا یەک وشە بە عەرەبیان قسە نەدەکرد. تا ئێستا لە ناو هەموو سیاسیەکانی کوردستان بە هەموو حیزبەکانەوە بە بەرپرس و کاربەدەست و ئەولاتریش تەنها دوو کەس جێگای ئاماژە پێکردنن لەو رووەوە،پەرلەمانتار مەیادە نەجار لە دانیشتنؽکی پەرلەمان داوای کرد کە لەمەودوا دەبی وەرگێڕ دابنێنن و پەرلەمانتارانی کورد بە کوردی قسەی خۆیان بکەن،دکتۆە سامان بەرزنجی لە بەغدا و دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری تەندروستی عێڕاق لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکە تەنها بە کوردی قسەی کرد و وەڵامی رۆژنامەوانانی دایەوە،چەندی پێیان گوت بە عەرەبی قسە بکە هەر وەڵامیشی نەدانەوە. جا لەو بارەیەوە ناخۆشترین و ناشیرینترین شت چیە؟ بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر کە کۆنگرەی رۆژنامەوانیان هەیە یان لێدوان دەدەن خوا نەکا کەچە کەنالۆکەی عەرەبی لەوێ بی لە کۆتاییەکەی بەس رۆژنامەوانێک کە بۆ ئەو کەناڵانە کار دەکا کە زۆربەیان کوردن بەس بڵێ شتەک بە عەرەبی بڵێ کاکی بەرپرس لە خۆشیان دەوی بەیەک ناکەویتەوە و شانامە بە عەرەبی دەڵێ ....
پەیكار عوسمان لە کورتترین پێناسەدا، ژیان بریتییە لە بەرهەمهێنانی ژیان. ئێمەش بۆئەوەی ژیان بەرهەم بهێنین، ئەبێ دەسکاری کولتوری مەرگدۆستی بکەین. یەکێ لە ڕەگەکانی مەرگدۆستیش (ئایدۆلۆژیای مەزڵومیەتە). ئەوەی کە تۆ بەردەوام بیری خۆتی ئەخەیتەوە، کە زوڵملێکراوی، تێهەڵدراوی، شکێنراوی.. بەجۆرێك کە ئیتر، ئەبیتە کائینێك لەناو شکاویداو ئەبێ تۆ هەمیشە بێ شکۆو شکاوبیت لەپێناو شکۆی فیکرەی مەزڵومیەت! ئیتر شکاویی ئەبێتە تایپێکی کەسایەتی و مەزڵومیی ئەبێتە تایپێکی ژیان و شتەکە ڕێك ئەبێتە ئێستا، نەك میمۆری و ڕابردویەكی تێپەڕیو! بەڵێ کێشەی مەزڵومیەت هەر ئەوەیە کە، مەرگدۆستی ئەکات بە ژیان. ئیتر ئەگەر زوڵمێکیش نەبێت، مەزڵومیەت خۆی بۆتی دروستی ئەکا، بۆئەوەی تۆ هەر لەناو هەستی مەزڵومیەتدابیت. چونکە ئەگەر وانەبیت، سیحری ئایدۆلۆژیاکە بەتاڵئەبێتەوەو ئیتر کاری خۆی ناکات! ئایدۆلۆژیای مەزڵومیەت، هەمیشە زاڵمێکی وەهمییت بۆ دائەتاشێ و بەمە ئەتخاتە ناو هەستێکی قووڵی مەزڵومیەتەوەو لەسەر مەزڵومیەت ڕاتئەهێنێ. لەپشتی ئەمەوە زاڵمە ڕاستییەکە دروستئەبێ و زۆر باشیش ئیشی ئەڕوات. چونکە تۆ پێشتر لەسەر مەزڵومیەت ڕاهاتوویت و کاتێ کە ستەمێك دێ، شتێکی غەریب نیەو تۆ لەناو کەشی ئاسایی خۆتدایت! ئایدۆلۆژیای مەزڵومیەت مەستی ستەمکارییەکی دوێنێت ئەکاو لەپشتی ئەمەوە ستەمکارییەکانی ئەمڕۆ تێئەپەڕێنێ. مەستی ستەمکارییەکی وەهمیت ئەکاو لە ستەمکاریی ڕاستی بێئاگات ئەکات. مەستی "ئەو"ی ستەمکارت ئەکاو ئاگات لە خۆتی ستەمکار نامێنێ و ستەمکاریی خۆماڵی بەرهەمدێت. سەیرکە هەمووی دووسێ ساڵبوو کارەساتی هەڵەبجەو ئەنفال ڕوویدابوو، کەچی ئێمە لە ڕاپەڕێنەوە تا ئێستا، لەناو ستەمکاریی خۆماڵیداین و هەموو ئەمەش لە پشتی خیتابی مەزڵومیەت و ستەمی ئەوی بێگانەوە! رەوایەتی ژیانەو مەزڵومیەت مەرگە. چەقی دۆزێك نابێ مەزڵومیەت بێت، ئەبێ ڕەوایەتی بێت. چونکە خیتابی مەزڵومییەت، لەناو خۆیدا هەڵگری ستەمکارییە! ئەگەر چەقی دۆزەکە ڕەوایەتی بێت، ئیتر خۆت ناڕەوایی ناکەیت و نابی بە ستەمکار. بەڵام ئەگەر چەقی دۆزەکە مەزڵومیەت بێت، ئیتر لەپشتی خیتابی مەزڵومیەتەوە، پێت ئەکەوێتە ناو ناڕەواییەوەو تۆش ئەبیت بە زاڵمێکی تر. سەیرکە ئیخوان، بەردەوام ئەکڕوزێتەوە بۆ ئەو زوڵمەی کە لە میسرو فەلەستین و چین و بۆرما هەیە.. بەڵام لەپشتی ئەمەوە، خۆی ئەبێتە شەریکی ستەمکاریی ئەردۆگان! یان سەیرکە شیعە، لە باڵادەستیداو لە ژێردەستیدا، هەر مەرگدۆستی بەرهەمئەهێنن، چونکە لە ئەساسەوە چەقی مەزهەبەکە مەزڵومیەتە! یان ئێمە کە بە ئایدۆلۆژیای مەزڵومییەت قاندراوین و لە مەزڵومیەتیشدا هەمیشە زاڵم "ئەوە". ئیتر لە خۆمان بێگائاین و ئەبینە زاڵمی گیانی یەکترو ئەزموونی ستەمکاریی خۆماڵی بەرهەمئەهێنین! جیاوازی سروشتی ژیانەو ئەوەیە کە سروشت ئەیبەخشێ. بەڵام جیاکاری کێشەی ژیانەو ئەوەیە کە ئەفکاری نادروست بەرهەمی هێناوە. جیاکاریی ستەمکارییەو بەهەرشتێك بکەیت، ئەکەویتە ناو ستەمکارییەوە. چونکە ئیتر لە جیاکارییەکەوە، ڕەوایەتی بۆ ناڕەواکان دائەتاشیت! لێرەدا حیکایەتی گەلی باڵا یان فیئەی مەزڵوم، فەرقی نیەو هەر جیاکارییەو هەر ئەچیتەوە ناو ڕق و ستەمکاریی. بەڵێ جیاکاریی بەهەرشتێك بیکەیت، هەر جیاکارییەو هەر ستەمکارییە، تەنانەت ئەگەر بە مەزڵومیەتیش بێت. وەکو حیکایەتی مەزڵومیەتی جولەکە، کە زوڵمکردن لە فەلەستینییەکانی لێکەوتەوە. وەکو حیکایەتی مەزڵومیەتی ئێمە کە گەندەڵی و ستەمکاریی خۆمانی لێکەوتەوە دەرحەق بە خۆمان! یان مەسەلەن "فکری ئیسلامی سیاسی" لە بنەڕەتەوە فکرێکی ستەمکارانەیە، چونکە لەسەر جیاکاریی دامەزراوە. جیاکاری لەنێوان ئینسانی موسوڵمان و ناموسوڵمان، لەنێوان موسوڵمانی ئیسلامی و نائیسلامی، لەنێوان گەلانی موسوڵمان و ناموسوڵمان، لەنێوان دەسەڵاتی دینی و نادینی.. ئەم جیاکارییانەش مرۆڤ ئەباتە ناو ڕق و ناوەوەیان پڕئەکا لە "شەڕەنگێزی"و دەرەوەیان پڕئەکات لە "شەڕ"، کە ئەمەش دژو پێچەوانەی جەوهەری دینە، کە ئارامی ناوەکی و ئاشتی دەرەکیی ئەخوازێ! یان فیکری قەومچێتی، کە تێکەڵەیەكە لە منی باڵای مەزڵوم و ئەوی نزمی زاڵم، کە ئەمە گیراوەیەکی تەواو ستەمکارانەیەو سەرو بنی جیاکارییە. ستەمکاری بێلایەنەو ناسنامەی نیە. ئێمەش بۆئەوەی بیناسینەوە، ئەبێ وەکو خۆی بێلایەنانە بیبینین و ڕووتیبکەینەوە لە هەموو ئیعتبارو ناسنامەکان. کردەکە لە حەزو ڕق و بەرژەوەندی و ئایدۆلۆژیا.. دابڕین و بیخەینە بەردەم عەقڵ و ویژدان، ئینجا بڕیاربدەین لەوەی کە ستەمکارانەیە یان نا. بەڵام ئایدۆلۆژیا نایەڵێ ئەو ڕووتکردنەوەیە بکەیت و لەبری فلتەری عەقڵ و ویژدان، شتەکان لە فلتەری یارو نەیار ئەدەیت. ئیتر یار هەمیشە ڕاستەو نەیار هەمیشە هەڵەیە. ئەمەش هەڵوێستێکی نائەخلاقیی و جیاکارانەو ستەمکارانەیەو هەڵوێستی ئایدۆلۆژییش هەمیشە لەم جۆرەیە!! یەعنی کێشەی ئایدۆلۆژیا ئەوەیە کە ناسنامە دروستئەکاو ئیتر تۆ بە ناسنامە مەزڵومیت و مەزڵومییەت موڵکی تۆیە. ئیتر ئەو بە ناسنامە ستەمکارەو ستەمکاریی موڵکی ئەوە. لەکاتێکا ستەم موڵکی کەس نیەو ئەگەرێکە هەمووان بۆی هەیە بکەوینە ناوی. کێشەی مەزڵومیەت، ئەوەیە کە ستەمکاریی لەسەر دائەمەزرێ و یەکێ لە نیشانەکانی ستەمکارییش، دەستگرتنیەتی بە مەزڵومیەتەوە! یادە تەقلیدییەکەی هەڵەبجەو ئەنفالیش، دیارترین نمونەی ئەم زەواجە سیاسییەی نێوان دەسەڵاتی ستەمکارو خیتابی مەزڵومیەتە. ئیتر دەسەڵات کەشی مەرگدۆستی بۆ خەڵکەکە دروستئەکاو ئایدۆلۆژیای مەزڵومیەتی تیا دەمەزەرد ئەکاتەوە. خەڵکەکەش حەزی لەوەیەو لەسەری ڕاهاتووەو ئەگەر بەو شێوەیە یادەکە نەکاتەوە، وائەزانێ تاوانی کردووەو بێ وەفابووە بەرامبەر هەڵەبجەو ئەنفال! بەم شێوەیە ڕێکەوتن و کۆدەنگییەکی جەماعی هەیە، لەسەر مەرگدۆستی و شتەکە بووە بە کولتورو باوی سیاسی و کۆمەڵایەتی و دەروونی. ئیتر دەسەڵات لەبری ئەوەی خزمەتت بکات، کەشی مەرگدۆستیت بۆ دروستئەکاو تۆش لەوێدا خۆت خاڵی ئەکەیتەوەو وائەزانی کارێکی گرنگت بۆ کراوە! وەکئەوەی کە دەسەڵاتی شیعەی عێراق کردی، لەبری پێشکەشکردنی خزمەت، ڕێگەیدا بە شیعەکان کە بەئازادی لەخۆیان بدەن و لەخۆدانی بۆ خستنە بری ژیان! جا ئەو گەنجە شیعەیەی کە ئێستا دێتە سەر جادە، ڕێك ئەو کەسەیە کە "تلیاکی مەزڵومیەت" بەریداوەو تێگەیشتووە لەوەی کە، ئەو بە لەخۆدان ناژی، ئەو بە ژیان خۆی ئەژی! ئا لێرەدا کە کەس ناوێرێ دەس لەم کولتورە باوە مەرگدۆستە بداو وەکو موقەدەسێکی لێهاتووەو هەمووان پۆپۆلستانە هەر قووڵتری ئەکەنەوە، کۆرۆنا دێ، بە شینوشەپۆڕەکەی هەڵەبجەو ئەنفال و یادی ئیمام موسای کازم.. ئەڵێ ستۆپ! سەیرکە ئێمە خۆشییەکانیشمان مەرگدۆستانەیەو تەنانەت لە خۆشییشدا ناتوانین ژیاندۆست بین! سەیران ئەکەین و لەبری ئارامیی، ژاوەژاو دروستئەکەین. گەشتئەکەین و لەبری پشووی جەستەیی و دەروونی، هەردوکیان ماندوتر ئەکەین. ئەچینە ناو سروشت و لەبری بەهرەمەندبوون لە جوانییەکەی، ناشرین و پیسی ئەکەین. جا ئەم سەیرانە مەرگدۆستیە، کە لە بیستویەکی سێدا ئەیکەین، ڕەگەکەی ئەگەڕێتەوە بۆ حەفتەیەك پێشترو بۆ شانزەی سێ! چونکە ژیاندۆستی پاکێجێکەو لە خۆشی و ناخۆشیشدا هەر ژیاندۆستییە. مەرگدۆستیش پاکێجێکەو لە خۆشی و ناخۆشیشدا هەر مەرگدۆستییە. کۆرۆناش دەرفەتێکی باشە بۆئەوەی مەرگدۆستی بخەینە ژێر پرسیارەوەو بە خۆمان بڵێین: ئیمساڵ کە کۆرۆنا نەیهێشت شینوشەپۆڕەکەی هەڵەبجەو ئەنفال و شایی و لۆغانەکەی نەورۆز بکرێ، لەڕاستیدا هیچمان لەکیس نەچووە، بەڵکو شتێکی باش ڕوویداوە! دەقیك کە خومان پێوەگرتبوو ئەو شکاندی و بتێك کە نەمانئەوێرا بیشکێنین ئەو شکاندی و دەسیشی خۆشبی! ئاخر دزێك کەشێکی عاتفی ڕێکخا بۆئەوەی بتخاتە گریان، ئەمە چیە جگە لە هونەری گەمژەکردنی خەڵك بە مەرگدۆستی و بیربردنەوەی ژیان؟ ئەمە چیە جگە لە هێشتنەوەی تۆ لەناو مەزڵومیەتداو مانەوەی ئەویش بە زاڵمی و قووڵکردنەوەی ستەمکاریی؟ ئەگەرچی کۆرۆنا دەسێکی مەرگەو ئەمانکوژێ، بەڵام دەسێکیشی ژیانەو ئەتوانین زۆر شتی لێفێربین. بۆ مەگەر ژیان چییە جگە لە فێربوون!
زانا حهسهن ئەو ئێوارەیەی كە بەناچاری چوارحاڵەتی كۆڕۆنا لەسلێمانی ڕاگەێندرا شڵەژاوی دروستكرد، هەمووان چاوەڕوانی حكومەت بون بەڵام حكومەت ئەگەرچی لەڕوكەشدا پشتیوان بوو، بەڵام لەكردارو گوفتاردا زۆر پێچەوانەبوو وەزیری تەندروستی بەناوی خۆ پارێزی بەجل وبەرگێكی سامناك خۆی كرد بەناو دەربەندیخان هەرئەوكاتیش مێدیای سەرۆكی حكومەت وتی وەزیر گەیشتە زۆنە ترسناكەكە ئەمە بۆ شعورو ورەی خەڵكی ئەوشارە زۆر ترسناك بوو، بەڵام لەهەقیقتدا وانەبوو پێشتریش هەم مێدیایەن لەڕێگەی هەردوو كەناڵی سەربە پارتی تەنانەت بەیاننامەكەی سەرۆكی حكومەتیش هێندەی مەبهست لێی دروستكردنی شڵەژاوی وخستنی سلێمانی بوون هێندە پەرۆش نەبوون ئەمە هەرزوو لەلایەن خەڵكی زۆر ئاسایی هەستی پێكرا، تەنانەت لەچەند شوێنێك نوقڵانەی ئەوە لێدرابوو كە ئیتر شڵەژاویەك لەسلێمانی دروست دەبێ گۆڕان و یەكێتیش دەكەونە بەر یەك كەچی تا ئەو ساتەش كەس نەیزانی پارێزگار یەكێتیە یان گۆڕان بەڕێوەبەری تەندروستی یەكێتێە یان. كۆمەڵ یان گۆڕان چونكە سەد لەسەد لەگەڵ قائیمقام وپارێزگاری هەڵەبجە وئیدارەكان دەوڵەمەتدارانە ئیشیان كرد ئەم هەوڵانەی لەپشتی كۆڕۆنا ڤایرۆسەوە خەریكبوو دەستی لە سلێمانی دەوەشاند،،یەكێتی ناچار كرد وەك حزب ولەئاستی هەرە باڵا كە هاوسەرۆكە بێتە مەیدانەكە،هەر ئەوەشبوو هاوسەرۆكی یەكێتی بە دەستكێشێك و هاوكاریەكی گەورە گەیشتە دەربەندیخان ئەمەش پوچەڵكردنەوەی ئەوپیلانەبوو بۆ دروستكردنی پشێوی وخستنی ورەی خەڵك ودواتریش بە سادەو ساكاری لەناو بازاڕی سلێمانی ونەخۆشخانەكانی كۆڕۆنا لە پێداویستی دەپرسیەوە ئەمە یەكەم تێكشاندنی پیلانەكەی پشتی پەیامەكان بوو ، وایكرد سلێمانی تەنیا وەك بوارێكی پزیشكی ڕوبەڕوی كۆڕۆنا ببێتەوە باری وەهم وپیلانگێڕی لەسەر شان نەما، دواتر یەكێتی ڕاستەوخۆ كەوتە پڕكردنەوەی پێداویستیەكان.. یەكەم: هەرزوو ڕێكخراویی مرۆیی مام دەستی كرد بەگەیاندنی كۆمەك بۆ كەركوك شارەزور كۆیە گەرمیان ڕاپەڕین دەربەندیخان چەمچەماڵ و جگە لە پەلە چارەو دەرمان گەیاندنو سەبەتەی خۆراك دووەم: بۆ ئەوەی جەنگاوەرانی پێشەوەی ڕوبەڕوبونەوەی كۆڕۆنا بیریان لای بژێویان نەبێت یەكێتی دیاری مادی بەسەر بەشێكی زۆری پزیشك وكارمەندانی ڕیزی پێشەوە دابەشكرد كە ڕاستەوخۆ بەركەوتنیان بە توشبوان هەبوو سێیەم: خەریكبوو مادەی ڤی تی ئێم قەیران دروستبكات وەلێ جارێكی تر یەكێتی هاوشان لەگەڵ زانكۆی سلێمانی و چەرمەو ئەوەشی چارەسەركرد وبە بودجەی خۆی ئەومادەیەشی دابینكرد چوارەم: بۆ ئەوەی قەیرانی ماسك و جل وبەرگی تەندروستیش دروست نەبێت، چەند ڕۆژی داهاتوو ئامێرێك لەسەر ئەركی خودی یەكێتی دەگاتە سلێمانی كە بەشێوەیەكی زۆر پێشكەوتوو ئەوەش دروست دەكات .. ڕەنگە ئەمانە هیچیان ئەركی یەكێتی نەبوبن ویەكێتیش بەشداری حكومەتە بەڵام كاتێك تۆ لەنێوان بژاردەی شەڕ پێفرۆشتن وخزمەتی هاوڵاتیاندا دەبێ ئیختارێكی پۆزەتیڤ هەڵبژێریت.
کاروان عەلی شامار ئەگەر چاوێک بە مێژووی ئەمارەت خێڵ و دەرەبەگەکانی کورددا بخشێنینەوە ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگر دەبێتە بنیاتنەری ئەو مێژووە، ئەویش ئەوەیە کە بەردەوام لەناو هەگبەی ئەم ئەمارەت و خێڵە فەرمانڕەوایانەدا ململانێی کوڕو ئامۆزاکان لەنێوان یەکتردا بۆ جڵەوگرتنە دەستی حوکمداری بوەتە گرێیەکی سەڕەتانی و وجودی هەبوە، هەندێکجار ئەم گرێیە بوەتە هۆی لاوازی خێڵ و ئەمارەتەکان و تاسەر داڕووخانیش کاری خۆی کردوە. پارتی دیموکراتی کوردستان کە هەرلەسەرەتاوە تا ئەمڕۆ بنەماڵەیەک تەحەکومی پێوە دەکەن و ڕەگ و ڕیشەیان بەناو حزبەکەدا بڵاوبوەتەوەو خاوەنی دەسەڵاتی ڕەهان، لەمێژەوە گرێی بەدەستهێنانی دەسەڵات لەناو ئەم بنەماڵەیەو هێزە سیاسیەکەدا دروستبوە، لێ ئێستا وردە وردە گرێکە بەرەو گەورەبوون چوەو هەمووان هەستی پێدەکەن. لەدوای کۆچی دوایی مەلا مستەفای باوک ململانێ لەنێوان مسعود بارزانی و ئیدریسی برایدا بۆ جڵەوگرتنە دەستی حزب دەستیپێکرد، بەڵام بەهۆی کۆچی دوایی ئیدریس بارزانیەوە ململانێکە دامرکایەوەو گۆڕەپانەکە بۆ مسعود بارزانی چۆڵبوو، ئێستا کە مسعود بارزانی پیربوەو توانای بڕیاردانی سیاسی لاواز بووە، بەتەواوی ململانێی نێوان کوڕو برازاکەی بۆ دەستگرتن بەسەر پارتیدا زەق بوەتەوە. ئەوەتا لەدوای پێکھێنانی کابینەی نۆیەم ھەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەبوون کە مسرور بارزانی بەھۆی پاڵپشتی راستەوخۆی باوکیەوە، بەبەراورد بە کابینەکانی پێش خۆی ئەزمونێکی باشتر و جیاوازتر نیشان دەدا، بەڵام دوای چەند مانگێک لەحوکمڕانی دەرکەوت ئەو کوڕەی ساڵانێکە باوک ئامادەی دەکات بۆ وەرگرتنی دەسەڵات هێشتا توانای بەڕێوەبردنی لەئیدارەدان و داڕشتنی پلانی ستراتیژی و رووبەرووبونەوەی گەندەڵیدا نیەو هەروەک جاران دەیەوێت بنەماکانی حوکمڕانی لەسەر میزاجی خۆی دابڕێژێت و پۆلیسیانە کاربکات. بەڵگەیەکی حاشا هەڵنەگرە کە کابینەکەی مسرور ھەر لەسەرەتاوە لەبری کابینەیەکی خەدەمی و دانانی کەسانی شیاو لەشوێنی شیاو، مۆرکێکی میللیتاری تۆقێنەری پێوە دیاربووە، زۆربەی پۆستەکانی حکومەت بەکەسانی نێو دەزگای پاراستن پڕکرانەوەو بەمەش لەبری لۆجیکی رەخنەو بیری ئازاد، ستەم و سەرکوتکاری جێی گرتەوە، وەهاوکات تائەمڕۆش ئامادە نیە ئیمزا لەسەر وەرگرتنی تەواوی پشکی حزبەکانی دیکە بکات لەحکومەتدا، بەمێژووی ھیچ حکومەتێکی دنیاش ئەزمونی لەو جۆرە کابینەیە سەرکەوتوو نەبووەو نابێ. ئەمما بارگرانییەکی گەورەشی خستۆتە سەر شانی ھاونیشتیمانیان ھەر لەروی زیادکردن و سەپاندنی باج و دواخستنی موچەو ویستی دەستکاریکردنی دەرماڵەی فەرمانبەران و تادەگات بە زیادکردنی کرێی خزمەتگوزاری...ھتد! نێچیرڤان بارزانی ئەگەرچی بەبەراورد بە مسرور بارزانی پیاوێکی عاقڵمەندو کراوەترو دیبلۆماسی ترە. توانیبوی کۆویستی لایەنەکان لەسەر زۆر بابەتی سیاسی و ستراتیژی بۆخۆی بەدەستبهێنێت، زیاتر بڕوای بە شەراکەتی هاوبەش و کاری هاوبەش هەبوو، بەڵام مەسرور نە توانای برەودانی پەیوەندی هەیە لەگەڵ لایەنەکانداو نەبڕواشی بە کاری هاوبەش و بنەماکانی پێکەوەیی هەیە کە حکومەتی لەسەر پێکهێنراوە، کابینەی نێچیرڤان بارزانی سەرباری شەری داعش و نەناردنی بودجەی ھەرێم لەلایەن حکومەتی عیراقەوە لانی کەم توانی بووی ئیدارەی دۆخەکە بدات و کوردستان لە لێواری کەوتن و نغرۆبووندا رزگار بکات، دوای نەمانی لە سەرۆکایەتی حکومەت درزێکی گەورە لەنێوان پارتی و لایەنە سیاسیەکاندا دروست بووەو بەھۆی توندی و نێرگسیەتی سەرۆکی حکومەتەوە لایەنەکان نازانن بەچ میتۆدێک دایالۆگ لەگەڵ پارتیدا بکەن! دوای زیاتر لە ھەشت مانگ لە دەست بەکاربوونی سەرۆکی حکومەت، سەرباری ناردنی بەشە بودجەی ھەرێم لەکاتی خۆیدا لەلایەن حکومەتی عیراقەوە وەلێ نەیتوانیوە ھیچ ھەنگاوێکی ئیجابی و دڵخۆشکەر بە ئاراستەی باشبونی گوزارەنی ھاولاتیاندا بنێ، تەنانەت لەو کاتانەش کە نرخی نەوت بەرزبوو مووچە کە مافێکی سەرەتایی مووچەخۆرانە نەیدەتوانی لەکاتی خۆیدا دابەشی بکا! سەرۆکی حکومەت و تیمەکەی ھێندەی سەرقاڵی ململانێ و تەسفیەی حسابن لەگەڵ ئامۆزاکەیداو ھەروەھا دروستکردنی سیناریۆی بێ بنەما بۆ سەرقاڵکردنی خەڵک بەشتی بێھودەو لەبیربردنەوەی ئاڵنگارییەکان، ھێندە وەختی بۆ رێکخستن و چاکسازی حکومەت نەبوەو نابێ. خولاصە، خەڵکی ھەرێم دۆخێکی دژواری ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسی بەرێدەکەن. ھاونیشتیمانیان بێ ئومێدبوون لە حکومەت و ھیچ متمانەیەکیان بە بەڵێن و چاکسازییەکانی سەرۆکی حکومەت نەماوە، لە رابردوو بەھۆی شەری داعش و ھەندێک ئیعتیباری بابەتیەوە دانیان بەخۆیانداگرت و ستەمو سەپاندنی پاشەکەوتی موچەیان قبوڵکرد لێ ئەمجارە باردوخەکە جیاوازەو خەڵکی کوردستان بەرگەی قەیرانی دروستکراوی تر ناگرێ و قبوڵیشی ناکەن. مەسرور بارزانی دەرگیری دۆخێکی سەخت و ناھەموار بۆتەوەو توانای بەڕێوبردنی حکومەتەکەی نیەو نەماوە، هەرڕۆژەو قەیرانێک دروست دەکات بۆ شاردنەوەی شکستەکانی وە بەھۆی ناکۆکی لەگەڵ ئامۆزاکەیدا دور نییە کارەساتی گەورە بەدوای خۆیدا بێنێ و ئایندەی کوردستان بەرەو هەڵدێر و شکستێکی گەورە ببا.
ئەمین بەكر لەڕێکەوتنی ئەمڕۆی وڵاتانی فڕۆشیاری نەوت، ئۆپێک پڵەس ، عێراق زەرەرمەندی گەورەبوو، بەپێ ی ڕێکەوتنەکەی ئەمڕۆ بڕیارە 9.7 نۆملیۆن وحەوسەد هەزار بەرمیل نەوت لەبازاڕەکانی دنیا کەم بکرێتەوە، لەم بڕە سعودیە 2.6 دوو ملیۆن وشەش سەدهەزارو عێراق 1.06 یەک ملیۆن و،شەست هەزار بەرمیل نەوت بۆ مانگی ئایارو حزیران کەم بکاتەوە و لەمانگی تەموزیشەوە بڕی نەوتی کەمکراوەی عێراقی دادەبەزێت بۆ 859هەزار بەرمیل. لەئێستادا عێراق ڕۆژانە بڕی 4.653 چوارملێۆن و شەش سەدو پەنجاو سێ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بەرهەم دەهێنێ، بەڵام لەو بڕە 2065 هەزاری بۆ بەکارهێنانی تر دەڕوات واتە ڕاستەوخۆ نافرۆشێت تابەهاکەی بچێتە سەر خەزێنەی دارایی واتە لەپای کۆمەڵێک پابەندی والتزام دەڕوا ، لەوانە( مستحەقاتی بەڵێندەرەکان 750 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە، ،پاڵێوگە ناوخۆیەکان700هەزار و 100هەزار لەبری هاوردەکردنی غازی ایرانی ، و 150هەزار بۆ هاوردەکردنی بەرهەمە نەوتیەکانی وەکو بەنزین، 150هەزار بۆ کارەبا ، 200هەزار بۆ وڵاتی.چین بەپێ ی ڕێک کەوتنی عێراقی چینی ،15 هەزار بەرمیل نەوت بۆ ئەردەن )، بەمەش عێراق 1.528 هەزار بەرمیلی بۆدەمێنێتەوە بۆفرۆشتن بۆمانگەکانی ئایارو حزیران و لەمانگی حەوتیشەوە دەبێت 1.727یەک ملیۆن و حەوسەدو بیست وحەوت هەزار، وەپێش ناچێت سەرەڕای ئەم کەم کردنەوەیەی بڕی فرۆشتن، نرخی نەوت بەو خێرایە بگەڕێتەوە ئاستی نرخی پێشوی. بەمەش داهاتی عێراق لەفرۆشتنی نەوت بەڕادەیەکی بەرچاو دادەبەزێت.، لەکاتێکدا هەریەک لە ئەمریکاو ڕوسیاو سعودیە وەکو سێ براوەی ئەوڕێکەوتنە نەوتیە دەرکەوتن و توانیان ڕای خۆیان بسەپێنن و مەکسیکیش توانی لەچوار سەد هەزار بەرمیل بەرکەوتەی خۆی کە دەبوایە کەمی بکردایاتەوە ، خاتریان گرتو بۆیان کردە سەد هەزار بەرمیل ، سعودیە زیرەکانە توانی بڕی فرۆشتنی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2018 بکاتە پێوەری توانای فرۆشتن کە لەو کاتەدا ڕۆژانە 11 ملیۆن بەرمیلی فرۆشتوە ، لەکاتێکدا کۆتایی ساڵی پێشو توانای فرۆشتنی سعودیە 9.7 ملیۆن بوە بەمەش لەواقعدا کەگەورەترین فرۆشیاری نەوتە تەنها 1.3 یەک ملیۆن وسێ سەدهەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی کەم کردۆتەوە نەک 2.6دوو ملیۆن وشەش سەد هەزار ، ئەمریکاش هیچ کەمکردنەوەیەکی بەرهەم هێنانی بەئەستۆنەگرت بەبیانوی پاشەکشەی خستنە ڕویی نەوت بەبڕی 3ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە بەهۆی زیانی کۆمپانیاکانی نەوت ، ڕوسیاش لێبوردنی بۆ 878 هەزار بەرمیل نەوتی قورس وەرگرتو توانی کەمکردنەوەیەکی ئەوتۆ لەخۆ نەگرێت. ئەوەی زۆرترین زیانی بەرکەوت عێراق بوو، چونکە 93%داهاتی عێراق پشت بەنەوت دەبەستێت و بەتەنها خەرجی موچە لەعێراقدا زیاترە لە 3.600 سێ ملیاروشەش سەد ملیۆن دۆلار بێجگە لەموچەی هەرێم ، لەکاتێکدا ئەو بڕە نەوتەی کەعێراق دەتوانێت بیفرۆشێت 1.528هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بەنرخی ئەمڕۆ 1.700 یەک ملیارو،حەوسەد ملیۆن دۆڵار دەبێت. عێراق دەیتوانی چی بکات ؟،عێراق وەکو یەکێک لەدامەزرێنەرانی ڕێکخراوی ئۆپێک ودووەم بەرهەم هێنی نەوت لەو ڕێکخراوەدا ،دەیتوانی ڕەخنەی جدی لەسعودیە بگرێت بەوەی کەدەر ئەنجامی سیاسەتەکانی ئەو وڵاتە زیانی زۆر گەورەی بەرکەوتوە ، چونکە لە 9/3/2020 سعودیە بەبێ گەڕانەوە بۆ عێراق وڕەچاوکردنی دۆخی خراپی ئابوریەکەیی وتاک سەرچاوەی داهاتەکەی کەنەوتە ، لەو کاتەدا بڕیاری کۆتایهێنان بەڕێکەوتنی اوپێک پڵاسی داو بوە هۆی دابەزینی نرخی نەوت بەڕێژەی زیاتر23% و سەرئەنجام زیانێکی زۆر بەر وڵاتانی فرۆشیاری نەوت بەتایبەت عێراق کەوت و عێراقی خستە دۆخێکی قەیراناوی قورسەوە ، ئەمە بێجگە لەوەی عێراق تائێستاش بەدەست ئاساوارەکانی شەڕی داعش و وێران بونی ژێر خانی ئابوری دەناڵێنی و بۆئەمەش ڕاپۆرتەکانی کۆنگرەی وڵاتان بۆ پاڵپشتی عێراق کە لەکوێت بەسترا ئامادەن ، بۆیە دەتوانرا پێداگری لەسەر ئەو دووخاڵە بکرایە تابەشێوەی ڕێکەوتنەکانی پێشوو عێراق لەکەم کردنەوەی فرۆشتنی نەوت بۆ ماوەیەک ببەخشرایە یان لانی کەمی نیوەی ئێستا بوایە.
عەدنان عەلی تاڵەبانی 32 ساڵ بەسەر تاوانی ئەنفالدا تێپەڕی، لە دوای 3 ساڵ ئەو ناوچانەی بەر شاڵاوی ئەنفال كەوتن لەگەڵ بەشێكی زۆری خاكی كوردستان كەوتنە ژێر سایەی دەسەڵاتدارانی كورد و 29 ساڵە بەناوی حكومەتی هەرێم حكومڕانی دەكەن, دەسەڵاتداران خۆشیان زۆرجار ئەوەیان دووپاتكردۆتەوە كە ئەوەی بەدی هاتووە بەرهەمی ئەنفال و جینۆسایدی گەلی كوردە, بەڵام كە لە گەورەیی تاوانەكە و مامەڵەی دەسەڵاتدارانی هەرێم لەگەڵ كەیسی ئەنفال دەكۆڵیتەوە بەئاسانی بۆت روندەبێتەوە ئەوەی كراوە نزیكە لە هیچ, دەسەڵاتدارانی هەرێم كەمتەرخەم بوون بەرامبەر كەیسی ئەنفال و كەسوكاری قوربانیان, زیاتر لەوەش داڵدەی تاوانبارنی ئەنفالیان داوەو سەرباری داواكردنیان لەلایەن دادگای باڵای تاوانەكانی عێراقەوە بەڵام حكومەتی هەرێم ئامادەنەبووە رادەستیان بكات! لەمێژووی خەباتی چی میللەتێدا روویداوە ئەوەی بەشداری لە جێنۆسایدكردنی گەلەكەیدا كردبێت, دوای خەباتی رزگاری نوخبەیەكی دەسەڵاتدار داڵدەیان بدات و زیاتر لەوەش ژیانێكی شاهانەیان بۆ دروستبكات؟ ئەمە نمونەیەكە بەس مەگەر لە مێژووی دەسەڵاتدارانی باشوری كوردستان بینرابێت. دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق لە حوزەیرانی 2007 دا دوای 10 مانگ و 61 دانیشتنی دادگا كەیسی ئەنفالی بەجینۆساید ناساند و بڕیاری دەستگیركردنی بۆ تاوانبارانی ئەنفال دەركرد كە ژمارەیان 423 تاوانبارە لەسەر ئاستی عێراق و لەو ژمارەیەش 258 تاوانباریان كوردن, بەڵام ئەوانەی لە كوردستانن حكومەتی هەرێم ئامادە نیە رادەستی دادگایان بكات. ساڵ بە ساڵ لەسەر ئاستی هێزە سیاسیەكان و دەسەڵاتداران و تاڕادەیەك لەسەر ئاستی كۆمەڵگاش تێبینی زیاتر لەبیركرن و كەمتر بایەخدان بە ئەنفال دەكەین، بێگومان لەبیركردنی ئەنفالیش دەسەڵاتداران لێی بەرپرسن و ئەمەش دەرەنجامێكی تری سیاسەتی شكستخواردووی حكومەتی هەرێمە. كەسوكاری قوربانیانی ئەنفال تا ساڵی 2003 تروسكاییەك ئومێدیان بۆ گەڕانەوەی ئازیزانیان مابوو، بەڵام دوای روخانی رژێمی بەعس ئومێدبڕاوبوون و ئیتر چاویان لەڕێی هێنانەوەی روفاتی قوربانیەكانە، بەڵام وەك چۆن جەستەی زیندوی ونبوەكانیان هەر نەبینی، حكومەتی هەرێمیش روفاتەكانی بۆ نەهێنانەوە, ئەگەرچی ژمارەیەكی كەمیان هێنروانەتەوە بەڵام لە ئاست ئاماری گەورەی قوربانیان زۆر كەمە, بۆیە تێگەیشتوین حكومەتی هەرێم نە بەرنامەی هەیە و نە پلانی هەیە بۆ هێنانەوەیان و روفاتەكانیش لەناو گۆڕە بە كۆمەڵەكانی باشوری عیراقدا خەریكە ئاسەواریان نامێنێت. ئەنفال تاوانێك بوو ئەكرا نەتەوەیەكی لەسەر دروستبكرێت, بەڵام لە سایەی نوخبەی حكومڕانی كوردستاندا نەك ئەمە نەكراوە بەڵكو نەتەوەو وڵاتەكەش رووبەڕووی چەندین شكست و هەرەسهێنان كراوەتەوە. دەسەڵاتدارانی هەرێم ئەگەر تێگەیشتنیان بۆ پەیامی ئەنفال هەبوایە نەئەبوو هەرگیز شەڕی یەكتر هەڵگیرسێننەوە, نەئەبوو كوردستان بكەن بە زۆن و میرنشینی جیاواز, نە ئەبوو كەس لەسەر بیروڕاو رەخنە رووبەڕووی زیندانیكردن و بگرە كوشتن بكرێتەوە, نەئەبوو نوخبەی دەسەڵاتداری حزبی و كەسانی ناو حكومەت لە حكومەتەكە خۆی دەوڵەمەندتر بن, ئەگەر لەپەیامی ئەنفال تێگەیشتبان نەئەبوو لە پێناو خواستی شەخسی و حزبی پرسێكی گرنگی وەك دەوڵەت بخەنە موزایەدەوە, نەئەبوو ئەم سیستمە لە حكومڕانی سەرڕێ بخەن كە لە هیچ شوێنێكی دنیادا نمونەی نیە و بەس تایبەتە بەخۆیان. ئەم نوسینە كورتە ئەگەر وەك رەخنە حیسابی بكەن بۆ ئەوە نیە ئیتر هیچ بۆ ئەنفال نەكرێت و هێزە سیاسیەكان و دەسەڵات ئاوڕ بۆ پەیامی جینۆسایدی میللەتەكەمان نەدەنەوە, ئەگەرچی ئومێد بەم نوخبە حكومڕانە زۆر كەمە بەڵام هیچ كاتێك درەنگ نیە بۆ دەستپێكردن.
زاناتوفیق بەگ بە کە مێك ڕوخسەتەوە لە هەڤاڵانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ، ئەم ووتارەم جیاواز لە ووتارەکانی پێشو ترمە کە ڕەخنەیە لە ڕۆشنبیرانی یەکێتی سەبارەت بە ڕووداوی تەسلیمکردنەوەی بەندکراوێکی سیاسی ڕۆژهەڵات ، بەپێی لێدوانی خانەوادەکەی کە لەلایەن دەزگاکانی سەر بە ئاسایشی شارۆچکەی پێنجوێن ڕادەستکراوە، ئەمە کارێکی نامرۆڤانەی دوور لە هەموو بەهایەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی خەڵکی کوردە بەتایبەتی لەلایەن پارتێکی سیاسی وەکو یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە مێژوویەکی قوڵ و بە ئەمەکی هەیە لەگەڵ برایانی کوردستانی ڕۆژهەڵات ، هەمیشە ڕۆژهەڵات پێگەیەکی ئازاد و ئارام بووە بۆ پێشمەرگەکانی یەکێتی لە دوای تێکچونی شوڕشی کورد وە تەنها شانازی کە زۆربەی سەرکردەکانی یەکێتی لە مێژووی ڕابوردودا بریتی بوو لە هاوکاری پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکرات لە شەڕەکانی شاری مهەبات و یارمەتیە سیاسی سەربازەکانی یەکێتی بۆ ڕۆژهەڵات بەداخەوە ڕاپێچکردنی ئەندامێکی دیموکرات بە رۆژی نیوەڕۆ سحری ئەو شانازیە بەتاڵ کردەوەکە هەمیشە بووە سیمایەکی نەگۆڕ لە مێژووی خەباتی هاوڕیانی یەکێتی دا. بەڵام ڕووداوی چرکە ساتی ڕادەستکردنەوەی بەندکراوێکی کورد کە ئەندامی پارتێکی سیاسی بەرهەڵستکاری ڕژێمی ئاخوندەکی ئێرانە تاوانێکی گەورەو کوشندەیە ئەرکی سەرشانی ئەندامانی یەکێتیە کە بە دەنگێکی زۆڵا دژی بکەرانی ئەو کارە ڕاوەستن هەڵوێستێکی نیشتمان پەروەرانەیان هە بێت من هیچ گومان لەوە نیە کە بەشێك لە هەڤاڵانی یەکێتی دژی ئەم کارە قێزەونەن چونکە لەسێدارەدانی (مستەفا سەلیمی) تەنها کوشتنی رۆحێکی مرۆڤی کورد نیە بەقەت ئەوەی شکاندنی شکۆی گەلێکە کە بەدرێژای مێژوو دژی داگیرکەران جەنگاوە ئەگەر سەیری مێژوو ئەو گەلانە بکەین کە وەکو کورد لەژێر دەستی داگیرکەران بوون هەمیشە داڵدەی شۆڕشگێرەکانی خۆیان داوە لەهەر قۆناخێکدا بۆ بێتن بەڵام ئەم ڕووداوە جارێکی تر ئەوەمان پێ دەڵێتەوە کە ئێمە لە ناو کۆمەڵگایەکی نەفرەتە لێکراودا دەژین هە موو ماف و بەهایەکی ژیانمان بە هۆی کورد بوونەوە لێ سەندراوەتەوە ئێمە خاوەنی پەروەردەیەکی مرۆڤدوست نین نۆکەری بۆ داگیرکەران لای ئێمە شانازیە پەرتبوون لێکترازان بۆغزاندنی یەکتری بەشێکی گەورەی کەلتوری سیاسی ئێمە . ئەم ڕووداوە ئەگەر وێنەیەکی بچوکی بەندکراوێك بێت کە لە دژی زۆڵم و زۆرداری سیسەمێکی دیکتاتۆری مرۆڤ کوژ هەڵهاتبێ ئەوا ڕادەستکردنەوەی ئەم مرۆڤە کاریگەریەکی ڕاستەوخۆی خراپی دە بێت لەسەر خەباتی سیاسی و سەربازی لە ڕۆژهەڵات وە نەمانی متمانە لە بەرامبەر بەشێکی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی دەسەڵاتی سیاسی لە شاری سلێمانی دا وە کوردستانی باشور وەکو پێگەیەکی ئازاد و ئارام بۆیان گرنگە لێرەدا جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم بەجدی سزای بکەرانی ئەو کارە نا مرۆڤانەیە بکات لە دژی پەناهەندەیەکی سیاسی کراوە چونکە بەپێ هە موو ڕێساو یاساکانی دنیا ئەمە کارێکی جینائی پاشان سیاسیە بۆیە دەمەوێت بڵێم بەبێ هیچ موزادەیەکی سیاسی پێویستە دەزگاکانی حیزبی پاشان ڕێکخراوەکانی یەکێتی داوای هەوڵێستی جدی تر بکەن لە هاوسەرۆکەکانیان بەتایبەتی بۆ ڕای گشتی کوردستان بکەران ئاشکرا بکەن و سزای یاسایان بدەن .
* مەعروف مەجید نهك بهتهنها پرۆسهی جینۆساید و قڕكردنی بهناو ئهنفال، بهڵكو له ماوهی رابردوودا سهرجهم كاربهدهستانی عێراق، ئامانجیان وێرانكردن و تێكدانی ژینگە و سروشت و جوگرافیای ههرێمی كوردستان بووه، بهڵام له پرۆسهی تاوانكاری و جینۆسایدی ساڵی 1988 دا ئهو نیهته نهگریسهی دهسهڵاتی عهسكهرتاری بهعس زیاتر رهنگی دایهوه. پرۆسهی بەناوئهنفال و قڕكردنی نهتهوهیهك ههر بهبێ بهرنامه و نهخشهدانان نهبوو، ئهوهی سهدام و دار ودهستهكانی ویستیان، خاپوركردن و تێكدانی ژینگهی نیشتیمانێک بوو بەناوی کورووستان، بهعس دهیویست بهم پرۆسهیه كۆتایی بهژیانی مرۆڤهكان و باڵندهكان و تهنانهت گژو گیا و درهختهكانیش بهێنێت، بهعس دهیویست چیتر كانیاوهكان نهبوژێنهوه و باڵنده و ئاژهڵه كێوییهكان هێندهی تر سرووشتی كوردستان جوان نهكهن. ئهوهی ئێمه ساڵانه له 14ی نیساندا باسی دهكهین تهنها زیانه مرۆییهكانه، تهنها باسی كوشتن و بێسهرو شوێنكردنی مرۆڤهكان دهكهین، بهڵام ئاخۆ لهو پرۆسه دڕندانهیهدا تهنها مرۆڤهكان زیانیان پێگهیشت؟ بێگومان نهخێر ، له ههر 8 قۆناغهكهی ئهنفالدا ، زیاد له 4500 گوندی باشوری كوردستان لهگهڵ خاكدا یهكسان كران، جگه له دهیان گوندی تر كه بهناوچهی (محرمه) ناویلێنرابوو. دیكتاتۆره خوێنمژهكهی بهعس له یهك كاتدا توانی مرۆڤی كورد قڕبكات و لهسهر خاك و زێدی باوباپیرانی نهیان هێڵێت بهههمان شێوه ئهوهشی بۆكرا كه جوتیار له خاك و ئاو، شوان له مهڕو ماڵات، باخهوان له باخهكهی و میراو له ئاوهكهی دور بخاتهوه ، كه واته بهعس ئامانجی تهنها قڕكردنی مرۆڤهكان نهبوو ئهو بهیهك ههڵمهت چهندین ئامانجی پێكا بهداخهوه تا ئێستا ئامارێكی راست و دروستمان نییه كه لهو پرۆسهیهدا چهند كانیاو و سهرچاوهی ئاو، چهم و جۆگا له ناوبران، ئامارێكمان نییه چهند ههزار دۆنم زهوی كشتوكاڵی كرا به بیابان، چهند ههزار دۆنم رهز و باخ و پاوانو دارستان وشك كرا، ئهرێ كاتی ئهوه نههاتووه بپرسین ئهی بۆ حكومهتی ههرێمی له دوای 28 ساڵ لهو تاوانكارییه ئامارێكی رونی لانییه، یان كاتی ئهوه نههاتووه بڵێین دوای 24 ساڵ له دهسهڵاتی خۆماڵی كوردی تا چهند حكومهتی ههرێم شوێنهواری ئهو وێرانكارییهی نههێشتووه و توانیویهتی سهدان بهنداو كانی و چهمی دهستكرد بۆ گوندهكان دروست بكاتهوه. كهواته دهتوانین بڵێن : ژینگهی سروشتی لهم تاوانكارییهدا پشكی زۆری بهركهوتووه، لهبهر ئهوهی دوای نهمانی گوندهكان تا ئێستا ئهو سروشته جوانهی پێش ئهو تاوانكارییه ههبوو دروست نابێتهوه دهكرێ بپرسین بۆ؟ سوتانی روبهرێكی بهرفراوانی باخ و دارستانهكان بووه مایهی كهمبونهوهی پانتایی سهوزایی له ههرێمی كوردستاندا، ئهمهش كاریگهریی بهرچاوی لهسهر ژینگهی كوردستان دروست كردو، كاریكردهسهر كهشوههوا و سرۆوشتی جوانی ناوچهكه. سووتانی باخو دارستانهكان مهترسی نهمانی جۆره دهگمهنهكانی رووهك و ئاژهڵ و باڵنده درووستدهكات. رژێم ههر بهوهشهوه نهوهستا ملیۆنان مینی دژه مرۆڤی له ناوچه شاخاوی و كشتوكاڵیهكاندا چاند بۆ ئهوهی جارێكی تر مرۆڤهكان و گوندنشینهكان نهتوانن وڵاتهكهیان ئاوهدان بكهنهوه . بۆیه پێویسته حكومهتی ههرێمی كوردستان چۆن گرنگی داوه به لایهنه مرۆییهكه له بۆنه و یادهكاندا، هێندهش گرنگی بدات به زیانهكانی ئابوری و ژینگهیی و گهشتیاری . * سەرۆکی_ڕێکخراوی_ئایندە_بۆ_پاراستنی_ژینگە
مەحمود رەزا ئەمین پێنج ساڵ لەمەوبەر، رۆژی 1ی نیسان، پارلەمانی كوردستان قانونی ژمارە 2ی ساڵی 2015ی دەر كرد. بەو بۆنەیەوە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، بەیاننامەیەكی دەر كرد. تیایا هات بو: "وەزارەتی سامانە سروشتییەكان پێشوازی لە تەشریعكردنی یاسای سندوقی كوردستان بۆ داهاتە نەوتی و گازییەكان دەكات لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە و پیرۆزبایی لە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات بە بۆنەی پەسەندكردنی ئەم یاسایە و وەزارەت هیواخوازی هەرچی زو جێبەجێكردنی یاساكەیە" هەروەها سەبارەت بە گرنگیی ئەم قانونە، وەزارەت نوسی بوی: "سندوقی كوردستان بۆ داهاتە نەوتی و گازییەكان بەرەوپێشچونێكی دامودەزگایی گرنگە لە هەرێمی كوردستاندا و بنەما سەرەكییەكانی لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستانەوە داڕێژرا و پشتیوانی كرا لە پێناو برەودان بە شەفافیەت لە بەڕێوەبردنی كەرتی نەوت و غازدا... یاسای سندوقی كوردستان بۆ داهاتە نەوتی و گازییەكان رێگە دەدات بە ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێم بە هەڵبژاردنی دەستەیەك، كە لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند دەكرێت، تاكو هەڵبستێت بە دەستەبەركردنی ژمێرە گشتییەكانی ئەو داهاتەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەناردەی نەوت و بەرهەمە پاڵێوراوەكان و پاداشتەكانی گرێبەستەكانی كۆمپانیاكانی نەوتەوە بەدەستی دەهێنێت، لە چوارچێوەی گرێبەستەكانی نەوت و گاز كە لەسەر بنەمای دەستور و لەبەر رۆشنایی یاسای نەوت و گازی هەرێم ژمارە 22ی ساڵی 2007 رێكخراون... بە پێی ئەم یاسایە، داهاتەكانی نەوت رێگەیان پێ دەدرێت بچنە یەكێك لەم پێنج سەرچاوەیە: بودجەی ساڵانەی هەرێمی كوردستان، خەرجییەكانی پرۆژەكانی وەبەرهێنان، ژێرخانی پیشەسازیی نەوت و گاز، پاراستنی ژینگە و سندوقی نەوەكانی داهاتو". وا 13 ساڵ بەسەر تەشریعكردنی قانونی ژمارەی 22ی ساڵی 2007 و 5 ساڵی رەبەقیش بەسەر قانونی ژمارە 2ی ساڵی 2015 دا تێ پەڕی، هێشتا یەك مادە، یەك بڕگە، یەك رستە و یەك وشە لە هیچ یەك لەم 2 قانونە جێبەجێ نە كراوە. بە مەرجێك وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، لەو بەیاننامەیەیدا كە لەسەرەوە چەن بڕگەیەكیم لێ گواستۆتەوە، شانازی ئەكا كە هەردو قانونەكە دەسكەوتی خۆین. سەیرەكە لەوایە كە، ئەو ماوە زۆرەی بەسەر دانان و جێبەجێ نەكردنی ئەم دو قانونەدا تێ پەڕیون، ئەو وەزیر و سەروەزیرە جێبەجێیان نە كردون، كە شانازی بە دەركردنیانەوە ئەكەن. لەلای خەڵكی كوردستان رون و ئاشكرایە بۆچی ئەم 2 قانونە هەتا ئێستا جێبەجێ نە كراون؟ كورت و كرمانجی، بۆئەوەی داهاتی نەوت بتاریكێنن و بەئارەزوی خۆیان قاچوقوچی كەن. هەر لە سایەی گەندەڵییە گەورەكەی داهاتی نەوتایە ئەو (10 هەزار ملیۆنێر) و (30 ملیاردێر)ەی دۆلار هەڵتۆقین كە 12- 10 ساڵ پێش ئێستا سەركردەیەكی حیزبی رای گەیاند: لە كوردستانا هەن. 1ی نیسانی ئەمساڵیش ئەنجومەنی وەزیرانی حوكمەتی مەجازیی هەرێم كۆمەڵێ بڕیاری دەر كرد، یەكێكیان ئەوەیە، بەڵێنی داوە دەسكاریی موچەی هاووڵاتیان نەكا. ئەترسم ئەو قانون و بڕیارانەی دەزگاكانی هەرێم لە (1ی نیسان)ـی ساڵەكانا دەریان ئەكەن، ببن بە درۆی نیسان، یاخود بۆ دامركاندنەوەی رق و بێزاریی خەڵك دەریان كەن. چونكە ئەم حوكمەتە مەجازییە ناتوانێ ئەو بەڵێنە بەرێتە سەر، بەم بەڵگانە: یەكەم: هەرێم لە فرۆشتنی سەربەخۆی نەوت، پێش قەیرانی كۆرۆنا و دابەزینی نرخی بەرمیلێك نەوت بۆ خوار 30 دۆلار، كاتێ كە نرخی بەرمیلێك نەوتی برێنت 60 دۆلار بو، مانگانە 700 ملیۆن دۆلار داهاتی بو، بەڵام ئەگەر نەوت لەمە زیاتریش دا نە بەزێ، ئەوا داهاتی مانگانەی هەرێم لە فرۆشتنی نەوت، دا ئەبەزێ بۆ 270 ملیۆن دۆلار(1). واتە، رێژەی دابەزینی داهاتی نەوت ئەگاتە زیاتر لە 61%. دوەم: داهاتی مانگانەی ناوخۆی نەنەوتیی هەرێم پێش ئەم قەیرانە 261 ملیۆن دۆلار بو، بەڵام ئێستا دا بەزیوە بۆ 50 ملیۆن دۆلار(2). واتە، ئەم سەرچاوەیەش بە رێژەی نزیكەی 81% كەمی كردوە. سێیەم: حوكمەتی مەجازیی پێشوی هەرێم ئیدیعای ئەكرد زیاتر لە 25 ملیار دۆلار قەرزارە. سەرچاوەیەكی بیانی ئەڵێ، قەرزەكانی سەر هەرێم زیاترن لە 10 ملیار دۆلار(3). هەركامیان بێ، ئەم قەرزانە هەم قیستیان هەیە هەم قازانج، ئەبێ لەكاتی خۆیانا بدرێنەوە، ئەگینا متمانەی هەرێم ئەوەنەی كە لەلای وەبەرهێنەرانی بیانی دا ئەبەزێ. چوارەم: حوكمەتی مەجازیی هەرێم شایستە دارایییەكانی 4 مانگی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت قەرزارە و بە نیازە 9 مانگی تریش دوای بخا. ئەگەر ئەم هەنگاوە بنێ، ئەوا بە یەكجاری متمانەی كۆمپانیاكان لەدەس ئەدا. مانگانەی كۆمپانیاكان 270 ملیۆن دۆلارە(4) پێنجەم: مانگانە بەغا بڕی 453 ملیار دینار، بۆ موچەی 628 هەزار موچەخۆری هەرێم ئەنێرێ بۆ هەولێر. ئەگەر ئەم بڕە پارەیە بە بێ گرێ، مانگانە بێت بۆ هەرێم، ئەكاتە زیاتر لە 377 ملیۆن دۆلار (1 دۆلار: 1200 دینار). بەڵام ئەم بڕە هانی هانی لەسەرە: رۆژی 5شەممە، 2ی نیسانی 2020، لیژنەی ئابوریی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لیستێك پێشنیاری 14 خاڵی دا بە حوكمەتی ئیتحادی، بە مەبەستی روبەڕوبونەوەی قەیرانی دابەزینی نرخی نەوت و بڵاوبونەوەی پەتای كۆرۆنا. پێشنیارەكانی ژمارە 6 و 10ی ئەم لیستە پێوەندییان بە داهاتەكانی هەرێمەوە هەیە. دەقی پێشنیاری 6 ئەڵێ: "گرتنەبەری رێكاری توندوتۆڵ لە چاودێریكردن و كۆكردنەوەی داهاتە نەنەوتییەكان، بەتایبەتی هی دەروازە سنورییەكانی هەمو پارێزگاكان و هەرێم و قەیدكردنی وەكو داهاتی ئیتیحادی و دابەشكردنەوەی بەشێوەیەكی دادپەروەرانە بەسەر هەمو عیراقییەكانا". دەقی پێشنیاری 10 ئەڵێ: "پابەندكردنی هەرێم بە تەسلیمكردنی تێكڕای نەوتی دەرهێنراو بە وەزارەتی نەوت، بۆ ئەوەی وەكو بەرهەمی حوكمەتی ئیتیحادی بخرێتە بازاڕەوە. بە پێچەوانەوە ئەو بڕەی لە موازەنەدا بۆ هەرێم تەرخان كراوە، نەی درێتێ و بە گوێرەی ژمارەی دانیشتوان دابەش بكرێتەوە بەسەر پارێزگاكانا، كە بڕەكەی ئەگاتە نزیكەی 15 تڕلیۆن دینار". كەواتە، ئەگەر هەرێم رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت نەدا بە سۆمۆ (كە تا ئێستا نەی داوە) و، قەیرانی دابەزینی نرخی نەوت و بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و قەیرانی نەبونی حوكمەتی كارا لە بەغا بەردەوام بن، ئەوا هیچ گرەنتییەك نیە كە، هاتنی مانگانەی 453 ملیارەكەی بەغا بۆ هەرێم، بەردەوام بێ. شەشەم: تێكڕای مەسرەفی تەشغیلیی مانگانەی هەرێم بە موچەی فەرمانبەران و خەرجییەكانی داوودەزگاكانی حوكمەت و شایستە دارایییەكانی كۆمپانیاكانی نەوت و خزمەتی قەرزەكانەوە، دەوروبەی (1 ملیار) و (200 ملیۆن) دۆلارە. بەڵام بەهۆی ئەم قەیرانانەوە تێكڕای داهاتی هەرێم دابەزیوە بۆ 648 ملیۆن دۆلار(5). بە مانا: حوكمەتی مەجازیی هەرێم مانگانە 552 ملیۆن دۆلار كورتهێنانی میزانیەی تەشغیلی ئەبێ. پرسیارە گەورەكە ئەمەیە: ئەگەر ئەمە ئاوێنەی حاڵی ئابوری و دارایی هەرێم بێ، ئەم حوكمەتە مەجازییە چۆن ئەتوانێ بڕیارەكەی رۆژی چوارشەممە، 1ی نیسان، كە بریتییە لە "كەم نە كردنەوەی موچەی فەرمانبەران" جێبەجێ بكا؟ بە بێ هێنانەوەی بەشێكی گەورەی سامانی فەرهودكراوی خەڵكی كوردستان لەلایەن ژمارەیەك دەسەڵاتداری بێ ویژدانەوە، ئەستەمە حوكمەت بتوانێ بەڵێنی بەردەوامیی موچە و كەم نە كردنەوەی بباتە سەر. دەسەڵاتداران! ئەگەر لەهەوەڵەوە راستگۆ بونایە لەگەڵ میللەت و بەشی زۆری سامانەكەیتان تاڵان نە كردایە و بە پلان و بەرنامە ژێرخانی ئابوریی كوردستانتان ببوژاندایەتەوە و لەباتی تۆخكردنەوەی زوڵمی كۆمەڵایەتی لە خەمی هێنانەدیی دادی كۆمەڵایەتیا بونایە، ئێستا خەڵك ئەگەر نانەڕەقەشیان دەس نە كەوتایە، بە چاو حوكمەتەكەیان ئەپاراست. وەكو ئەوەی لەسەرەتای دەسەڵاتی بەرەی كوردستانیا دروشمی "سەری بەرزمان بۆ موچەی دوژمن نەوی ناكەین"یان بەرز كردەوە و كەوتنە فرۆشتنی دەرگا و پەنجەرەی ماڵەكانیان، بێ ئەوەی بهێڵن دەوامی قوتابخانەكان و فەرمانگەكان پەكی بكەوێ. ئەگەر ئەتانەوێ پێوەندیی نێوان خۆتان و خەڵكی بەلەنگازی هەرێم ئاسایی ببێتەوە و هەرێم بكەوێتە سەر رێچكەیەكی تەندروستی گەشەكردن و پەرەسەندنی سیاسی- ئابوری- كۆمەڵایەتی، ئەمڕۆ رۆژی پەشیمانبونەوەیە لە رابردوی رەشتان و هێنانەوەی پارە دزراوەكان و رۆشنكردنی تەواوەتیی سەرچاوەكانی داهات و هێنانەدی سیستمێكی فەرمانڕەوایی دادپەروەرە... بەدەر لەمە، بە تەما مەبن هەموكاتێك هەمو خەڵكتان پێ بخەڵەتێنرێ و دوای ئەم هەمو قەیران و نەبونی و ماڵوێرانییە، بتوانن وەكو جاران بە ئیسراحەت لە كۆشك و تەلاری شاهانەتانا بژین و رابوێرن و خەڵكیش وەكو جاران بە بێدەنگ لە ماڵەكانی خۆیانا سەر كزكەن و دانیشن! سەرچاوە: 1-5، مایكل نایش*، كیف یمكن خدمە المصالح الامریكیە من خلال انقاژ اقتصاد اقلیم كردستان، موقع معهد واشنگن الالكترونی، 30/3/2020 * مایكل نایش، زمیل اقدم فی معهد واشنگن، عمل فی القچایا التی تنگوی علیها العلاقات الاستراتیجیە للولایات المتحدە والعراق واقلیم كوردستان منژ 2003.
ڤیان مهجید فهرهج سەرەتا ئەم وتارە پێشکەشە بە خوێندکارانی قۆناغی یەکەمی کۆلێجی دەرمانسازی زانکۆی سلێمانی کە چەند مانگێک پێشتر لە سێمینارێکی داخراومدا ئامادەبوون. لە کۆتای سێمینارەکەدا چەند پرسیارێکم ئاراستەکردن کردن، وەڵامەکانیان سەرچاوەیەکی گرنگی نوسینی ئەم وتارەیە. هەمیشە پرسیارە سەرەکی و گرنگەکە ئەوەیە ئاخۆ ژن و پیاو یەکسانن یان دەبێ دادوەری لە نێوانیاندا رابگیرێ؟ تەیارە ئاینی و کۆنسەرڤەتیڤەکان هەمیشە بەلای بژاردەی دوەمدا دەڕۆن و پێیان وایە کتێبی پیرۆز هەمو مافەکانی ژنانی لەقەدەر توانا ژیری و جەستەییەکانی دیاری کردوە، هەر پیاوێ ئەو مافانە پێشێل بکا دەکەوێتە بەر لێپرسینەوەی پەروەردگارەوە. ئەم تێڕوانینە وەڵامی بەشێکی زۆری ئەو ئیماندارانەیە کە ئەمڕۆ لەژێر ناوی جیاوازی گروپی ئاینیدا، هەر لە ئیماندارێکی ترادیشناڵەوە تا دەگاتە مەدخەلییەکی سەلەفی، دیدو بۆچونی لەسەر ئەم پرسە لە قاڵبی شیکردنەوەو تێگەیشتنە تایبەتەکانی عولەماو ئیمامەکانیاندا رێک دەخەن و لەدەرەوەی ئەم لێکدانەوانە دادوەری پێناسێکی تر لایان هەڵناگرێ. لە کاتێکدا بەهەمو پێوەرە زانستی و دونیایەکان، کاتێک دێتە سەر پرسی جێندەر، هیچ جیاوازیەکی واتای و زمانەوانی لەنێوان یەکسانی و دادوەریدا نامێنێ، چونکە بۆخۆی پرسی جێندەر خۆی لەو بوارە بایۆلۆجی یاخود فیزیۆلۆجیانە نادا کە پەیوەندیدارن بە هەبونی ئەندامە زایندەییەکانی جەستەو ئەو توانایەی لە ریپرۆدەکشن یان بەردەوامی رەگەزی مرۆڤایەتیدا هەیانە تا وەک پێوەر بۆ یەکسانی فزیۆلۆجی مامەڵە بکا، بەڵکو زیاتر خۆی قووڵ دەکاتەوە لەو رەهەندە ئابوری، کلتوری، پەروەردەی، کۆمەڵایەتی و زمانەوانیانەدا کە بەکاردێ بۆ دیاریکردنی رۆڵی هەر یەک لەو دوو رەگەزە لە بەڕێوەبردنی ژیاندا. چونکە لە بنەڕەتدا ئەوەی چەمکی جێندەر لە زاراوەی سێکس یان رەگەز جیادەکاتەوە ئەو رەهەندە فەلسەفی و ژیربێژیریەیە کە وشەکە لەدەرەوەی واتا زمانەوانیەکەی هەڵی دەگرێ. بەو واتایەی لە دۆخی بەکارهێنانی وشەی سێکس دا بۆ پیاوێک کۆئەندامی زایندەی جیاوازە لەهی ژنێک بۆیە پێی دەوترێ پیاو، ژنێک فزیۆلۆجیەکەی کە روکاری دەرەوەیە یان بایۆلۆجیەکەی کە پەیوەندی بە ژمارەی خرۆکە سورەکان و سپیەکان و رێژەی هۆرمۆنەکان و تەنانەت قەبارەی مێشکیشەوەیە جیاوازە لە هی پیاوێک بۆیە پێی دەوترێ ژن. بەڵام نابێ ئەوەشمان لە بیر بچێ لە شیکردنەوەی مێشکی ئاینشتاینەوە چەندین دەیە پێشتر سەلماوە کە گەورەی و بچوکی قەبارەی مێشک پەیوەندی بە زرنگی و لێهاتوی عەقڵەوە نیە. کەوایە ژنبوون و پیاوبوون لە رەهەندە رەگەزی (سێکسی)ەکەیانەوە دوو پایە سەرەکیەکەی ریپرۆپداکشنی مرۆڤایەتین و جیاوازیەکانیان زۆر گەورەیە، بەڵام کاریگەری لەسەر یەکسانی و دادوەری جێندەری بەجێ ناهێڵن تەنها لای ئەو گروپانە لە مرۆڤ نەبێ کە گیرۆدەی بیرێکی کۆنزەرڤەتیڤ و ترادیشناڵن. لەبەری ئەم بەری هاوکێشەکەوە، بەڕووە جێندەریەکەدا، جیاوازیەکان ئەوەندە کەم دەبێتەوە تا ئاستی یەکسانبونیان دەڕوا، هەر لەبەر ئەوەیە لە ئەدەبیاتی مافی مرۆڤدا بە دوو چەمکی جێگرەوەی یەکتر بەکاردێن لە زۆرینەی گوتارو تێڕوانینەکاندا. تەنانەت لەم نوسینەی منیشدا ئەگەر تەنها سێ دێڕ سەروتر تەماشا بکرێ دەبینرێ لە حاڵەتی سێکس دا پاشگری (کۆ) بەکار هاتوە چونکە یەکسان نین، کەچی جێندەرم لە فۆرمی (تاک)دا بەکارهێناوە چونکە رۆڵی کۆمەڵایەتی تاکەکان سێکس دیاری ناکا، بەڵکو تواناو بەهرەکانیان بڕیار دەدا. دڵنیام ئەگەر خۆم ئەم تێبینیەم نەدایە بەشێکی زۆری خوێنەران درکیان بەو جیاوازیە نەدەکرد و لایان ئاسای دەبوو، لەکاتێکدا زمان فاکتەرێکی سەرەکی رەگداکوتانی پرسی جێندەرو جیاوازیە جێندەریەکانە. بە نمونە؛ بە بەستنەوەی وەڵامی ئەو خوێندکارانەی لەسەرەوە ئاماژەم بۆ کردن بە لێدوانی ئەو پزیشکە بەڕێزەی لەم رۆژانەدا هەڵاواردنێکی جێندەری گەورەی کرد. سەدی ٧٠ی وەڵامەکان چەند گۆڕاوێکی هۆکارییان بۆ نادادپەروەری یان نایەکسانی جێندەری دیاریکردبوو، کە ئەوانیش (کۆمەلگە، ئاین، خێزان، پەروەردە، ژینگە، کلتور) بوون. بەبڕوای من هەمو ئەمانە لە سێ گۆڕراوی سەرەکیدا خۆ دەبیننەوە ئەوانیش هۆکاری کلتوری و تۆپۆگرافی و هۆکارە کۆمەڵایەتیەکانە. چونکە، دواجار ئاین بەشێکی گرنگی کلتورەو لەکۆنتێکستی کلتوردا دەتوانرێ بەها ئاینیەکان باشتر راڤە بکرێن و رەگداکوتراویان بەجۆرێک بدۆزرێتەوە تەواو خزمەتی ئەو گریمانەیە بکا دەیخاتە بەر توێژینەوە. ژینگەو جوگرافیای شوێن دەکرێ بە تۆپۆگرافی دانرێن و وەک هاندەری دیاریکردنی شێوازی کارکردن و سەرچاوەکانی ژیان ببینرێن. لێرەوە بە بەهەندوەرگرتنی ئەم فاکتەرە هۆکاریە دەتوانین تاڕادەیەک گریمانەی هێز و بازوو ئابوریش شیبکەینەوە. خێزان و کۆمەڵگەو پەروەردەش یەک ئەوی تر تەواو دەکا، کۆمەڵگە دەبێ چی بێت جگە لە کۆی یەکە سەرەکیەکانی پێکهێنانی، کە خێزانە. پەروەردەش چ لە کۆنتێکستی خێزاندا بێت یان میللی لە چوارچێوەی پرەنسیپە گشتیەکانی سیستەمدا بێت رەنگدانەوەی بیرە کلتوریەکانی کۆمەڵگەن و لێرەوە پێکەوە لە بۆتەی یەک گۆڕاوی هۆکاریدا دەتوانن خزمەت بە تێزە زانستیەکان بکەن. راستاندنی ئەم سێ هۆکارەش دەبەستمەوە بە پەرەگرافی دواترەوە چونکە لەوێدا نهێنی هۆکاری خوێندن و بڕوانامە بەبێ ژیربێژیری (عەقڵانیەت) سفر دەبێتەوە. هەڵبەت تەنها %١٤ی وەڵامی خوێندکارەکان لەپاڵ چەند بژاردەیەکی تردا ئاماژەیان دابوو بە گرنگی خوێندن و بڕوانامە، دیارە سەدی شازدەش خۆیان لە وەڵامدانەی پرسیارەکەم بواردبوو. دەرپەڕینی "سوپاس بۆ پەروەردگار ژمارەی لەدایکبوی کوڕان لە هی کچان زیاترە" لە زاری ژنە پزیشکێکی خوێندەواری خاوەن بڕوانامەو بەرپرس لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی مناڵبونی هەرێم، رەهەندێکی تاک دیسپلینی نیە، بەڵکو قووڵ رەگداکوتانی کۆمەڵە دیسپلینێکە یەک ئەوەی تر تەواو دەکاو پێکەوە بازنەیەک لە نایەکسانی و نادادپەروەری جێندەری دروستدەکەن لە ئەنجامدا لەرێگەی زمانەوە، بە ئاگا یان بێ ئاگا، فڕێ دەدرێتە ناو گۆڕەپانی کلتورەوەو دەبێتە بەشێک لە فۆرمی ژیانکردنی دوبارەبوەوە. ئاین لەلای خۆیەوە جۆرەها تێکستی بەکەمبینی بەگوێی تاکێکی هاوشێوەدا دەدا "النساو ناقصات عقلا ودینا". کلتور لە زهنیەتی بەشێکی گەورەی ژنانی ئەو کلتورانەدا هێشتا تێهەڵدان و زەلیلکردن و بەکەمتەماشاکردن و عەیبەو بێ برای و بێ باوکی و بەڕەڵاو..تد لە خولگەیەکی دوبارەبوەی وەچەکاندا دەدا بە گوێیاندا. چەند بەرەوپێشیش بچن دواجار ئەوان ئەو زەعیفەیەن بێ نێرینە ناتوانن پشت بەخۆیان ببەستن. ئەو پزیشکە خۆی نابینێ کە خاتونێکی سەرداپۆشراوە. کەواتە نە لە دین کەموکورتی هەیەو دیارە زرنگیش بوە بۆیە بوەتە پزیشک. ئالێرەدا کلتور رۆڵی خۆی دەگێڕێ و ئەو ژنە لە تاکێکی شانازیکەر بە خۆی وەک ژنێکی خوێندەواری بە بڕوانامەوە دەکاتە ژنێکی مێشک پاتریارک و لە ئەنجامدا لە ناخی خۆیدا نادڵنیای بۆ دروست دەبێ لەوەی چەندە زرنگ و لەخواترس بێت هێشتا ناگاتەوە بەو کوڕەی بەختەوەری و سەربەرزی بۆ خانەوادەکەی دەهێنێ. چونکە ئەمە رەزامەندی کتێبی پیرۆزو پەیامبەرانی لەسەرە، ئەمە نەریتی باوباپیرانەو نە بڕوانامەکەی و نە زرنگیەکەی ناتوانێ بیانشکینێ. ریپرۆداکشنی کۆمەڵگە بەم فۆرمە، شوناس و کەسێتیەک بۆ ژن دروست دەکا لە هەر پلەیەکی زانستی یان سۆسیۆ ئابوریدا بێت هێشتا ئەو ژنە زەلیلەیە گەر کوڕی نەبێ دارێکی بێبەرهەم و وەجاغ کوێرە. مایەی نەگبەتی و قڕکردنە بۆ ئەو پیاوەی توشی دەبێت. دایکەکان کچی لەم جۆرە پەروەردە دەکەن و نەنکەکان دایکی لەو جۆرەو کچەکان مناڵی لەو جۆرەو مامۆستاکان خوێندکاری لەم چەشنە، بەم شێوەیە خولگەیەک لەهەستبەکەمکردن خۆی دوبارەو دوبارە دەکاتەوە. بە وردبوونەوە لە بنەماکانی بەختەوەری، سامان و دڵنیای ئابوری لای زۆرێک رەهەندێکی سەرەکی بەختەوەری یان لانی کەم ئومێد و سەقامگیریە. کەچی خانمی دکتۆر خۆی یەک لەتوێژە هەرە پارە بەرهەمهێنەکانیشە، کەواتە گەر بەختەوەری بەسەرمایەوە ببەستینەوە، دەبینین، خانمی دکتۆر لە وتنی ئەم نائومێدیەشدا گرەو دەدۆڕێنێ و روخساری کەسایەتی خۆی، بەو خودە ناوەکیەی رەتدەکرێتەوەو بەیەکگوژمە دەیسەلمێنێ توانا داراییەکانی وەک باڵاترین پارەدروستکەری خاوەنبڕوانامە کە سەرچاوەی ئومێد و بگرە بەختەوەریە بۆ خۆی و خێزانەکەی هێشتا هاوتای ئەو بەختەوەریە نیە نێرینەیەکی نەخوێندەواری دەستوپێ سپی دەیهێنێ. کەوایە ئەم هەڵاواردنە جێندەریە دەچێتە ناو زمان و ئاخاوتنەوە لەرێگای ریپرۆداکشنی کلتورو پەروەردەوە بەرەچاوکردنی تۆپۆگرافی و ژینگە، ئەمەش وادەکا ژنان لەو ئاستەشدا هێشتا لە نەستەوە بڕوایان بە خۆیان نەبێ و گەر دروستکەریشی نەبن ئەوە دروستکەرەوەی ئەو هەڵاواردنە بن بە بەردەوامی. لەهەموی نامۆتر ئەوەیە لەم سەردەمی کرۆنایەدا هەمو ئاماژە جیهانیەکان بۆ ئەوە دەچن ئاستی توندوتیژی خێزانی زیادی کردبێت. بەگوێرەی راپۆرتی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لەماوەی کەرەنتیندا لەهەر سێ ژن، یەکێکیان روبەڕوی توندوتیژی بوەتەوە لەلایەن هاوبەشەکەی ژیانیەوە. هەر لەم ماوەیەدا لە وڵاتێکی وەک چیندا نزیکەی %٩٠ی ئەو دکتۆرو پەرستارانەی هێڵی پێشەوەی بەرگری لە بڵاوبونەوەی کرۆنا ڤایرەس دەکەن مێینەن. بەدڵنیایەوە ئەوەی لە دونیای دەرەوەی چیندا روو دەدا بەهەرێمی کوردستانیشەوە ئەگەر هاوشێوەش نەبێ بەڵانسێکی باشی جێندەری لەخۆ گرتوە تا ئاستی یەکسانی، بۆیە پرسیارە جەوهەریەکە ئەوەیە ئەگەر ژنان بتوانن شەڕی ئاوا گەورەی گەردونی بایۆلۆجی بکەن، ئەگەر بتوانن چەکی کانزایی لە دژی تێرۆریزمی هاوشێوەی داعش هەڵبگرن و بجەنگێن، ئەگەر بتوانن ببنە زاناو دادوەرو بزنسومان و سیاسی بۆ ناتوانن دژی توندوتیژی خێزانی و ئینتەرکۆرسی زۆرەملێ و بەکەمبینینیان لەلایەن خێزان و کۆمەڵگەو کلتورەوە بوەستنەوە؟ چین ئەو میکانزمانەی دەشێ لەم شەڕە زهنیەدا وەک ستراتیج بەکاری بهێنن؟ ئایا کوێ و کەی زەمین و زەمەنی گونجاوە لێوەی دەست پێبکەن. هەڵبەت دیبەیتێکی سەرانسەری هەیە لەسەر ئەوەی کەی گونجاوە بۆ ئەم وەرچەرخانە. ئەوەی من لێی دڵنیام ئەوەیە، کە بەبزنسکردنی پرسی جێندەر لەلایەن ژن خۆیەوە گەورەترین داکۆکیکاری نایەکسانیە. دابەشبونی ژنەکان بەسەر بڵۆکە ئایدۆلۆژیەکاندا، بەسەر کوتلەو حزبەکاندا، نەبوونی کلتوری لەیەکخۆشبوون و ئاشتبونەوە، پێداگری لەسەر دیتەیڵ و وردەکاری سادە لەسەرحسابی پرسە راستەقینەکە خاوەندارێتیکردنی بێ پرۆگرام و ستراتیج بۆ دۆسیەی یەکسانی، هەموو پێکەوە بەشە گۆڕاوی هۆکارین بۆ ئەوەی کە ئەمڕۆ هەیە. کەچی پیاوەکانیش هاوشیوەی ژنان وەک کلتوری دۆمینانس دابەشبون بەسەر هەمو ئەو فۆرمانەی بەرژەوەندیدا، تاکە بەرژەوەندی هاوبەشیان پارێزگاریکردنە لەو سیستەمە پاتریارکیەی ژنانیش بەبێ ئاگا هاوشانیان بونەتە پارێزەری. دواجار پرسی ژن وەک پرسی گەلانی ژێردەستە وایە، پۆپولیزمی ناوخۆیی و بەئامانجکردنی لەلایەن سیستەمی پاتریارکی دەرەوە کردویەتی بە پرسێکی ناجێگیرو بەرگەنەگر بەجۆرێک لەهەر هەوڵێکی بونیادیدا، بەر لەوەی رۆشنایی ببینێ دەکەوێ یان لاواز دەبێ و زەمەن و زەمینێکی تری پێویست دەبێ تا سەرهەڵدەداتەوە. د.ڤیان مەجید فەرەج پسپۆڕی زانستی سیاسی
رێبوار کەریم وەلی رەنگبێ ئێستا نێوانی پارتی و یەكێتی لە دوای كۆتایی شەڕی ناوخۆ، لە خراپترین دۆخدا بێت. شەڕێكی سارد هەیە. خەڵك چاوەڕێیە كە دنیا گەرم داهات كۆرۆنا نەمێنێ، بەڵام كە گەرما كۆرۆنای برد، بە هەمان ئەندازەش ئەو شەڕە ساردە گەرمتر دەكات. یەكێتیش لە کەرەنتینی سیاسی دێتەدەر. ئاستی پەیوەندیی نێوان پارتی و یەكێتی لە دوو حیزبی دەسەڵاتدار و شەریكەوە، دابەزیوە بۆ پەیوەندی شەخسی. یەكێتی كۆنگرەی كردووە، كەچی پارتی مەكتەبی سیاسی نەماوە! پێشان پارتی دەیگوت چاوەڕێی یەكێتین مەكتەبی سیاسی هەڵبژێرن، ئێستا بوونەتە جن و بسم اللە. *** مانۆڕی سیاسیی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، سەرۆكایەتیی یەكێتی و كۆماری عێراق لە دیاریكردنی بەربژێرێكی تازە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی بەغدا، هەمووانی شۆك كرد. سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان وەكو دامەزراوەیەكی سەروو حیزبی، پەیوەندیی لەگەڵ هاوسەرۆكی یەكێتی، گۆڕان و حیزبەكانی دیكە كرد و پێش ئەوەی ماڵی شیعی یان سەرۆككۆمار(بەپێی دەستوور) هیچ بڕیارێكی راگەیێندراویان هەبێ، پشتیوانیی لە مستەفا كازمی كرد. سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە تیرێك زیاتر لە نیشانێكی پێكا. هەولێر، بەغدا عەیار دەدات، سەرۆككۆمار موحتاجی پشتیوانیی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە، تۆڵەی هەڵوێستی پێشوویانی بۆ هاوسەرۆكی یەكێتی كردەوە لە بابەتی حەمە تۆفیق عەللاوی، ئێران و ئەمریكای رازی كرد. ئەمە دیمەنی كوردستانێكی بەهێز بوو. *** كەچی هەر لەو كاتەدا بوو كە لە بالیسان ئامبۆلانسەكان لە سنووری زۆنی سەوزەوە بۆ زۆنی زەرد، قونیان بە قوونی یەكەوە نابوو، ژنێكی دووگیانیان دەپەڕاندەوە. بە خەستەخانە راگەیشت، بەڵام منداڵەكەی مرد، چەند سەعاتێك لە حدوود ڤیزەیان پێنەدابوو! *** هەر كەمێك ئەولاتر لە زینوی وەرتێ خەریكبوو پێشمەرگەی هاوبەش و ناهاوبەش میل لە یەكتری بێننەوە. خوا رەحمی كرد. دیسان سەرۆكی هەرێمی كوردستان فریا كەوت. *** خەڵك هەناسەیەكی هاتەوە بەرێ، هەواڵی رادەستكردنەوەی مستەفا سەلیمی سۆشیالمیدیای تەنی. حكومەت ئاگای لێ نییە و لێكۆڵینەوە دەكات. مستەفایەكی دیكە! *** ئەوانە هیچیان سودفە نین. زنجیرەیەك رووداون كە دەخوازێت سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەمەودوا وەك سەرۆكی دەسەڵاتی باڵای جێبەجێكردن، دەست بەسەر ئەو وەزعەدا بگرێت. كورت و كرمانجی، یەكێتیی ئێستا ملكەچی ئەو پارتییەی ئێستا نابێت. ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت، هاندانی یەكێتییە بۆ دوو ئیدارەیی كە ئەوانیش لە خوایانە. ئەوەش بە حزووری گۆڕانی هاوپەیمانی پارتی دەكەن. ئیدارەی سەربەخۆ یەكەم مەتڵەبی یەكێتییە كە گۆڕانیش بەدوایان دەكەوێت. *** هەنگاوی دووەم كشانەوەیە لە حكومەت و پەلكێشكردنی گۆڕانیش لەگەڵ خۆیاندا. ئەمە بلۆف نییە، ئەم سەركردایەتییە بۆ تەحەدداكردنی پارتی هاتووە، ئەگەر ئەوەی پێنەكرێت كەواتە مایە پووچە. بە پارتی دەڵێ:"پاڵ مەنێ خۆم دەڕۆم"! *** سەرۆكی هەرێمی كوردستان، هێشتا دوو دۆسیەی هەستیاری كوردستان(دۆسیەی ئەمنی و پێشمەرگە)ی یەكلا نەكردووەتەوە. هەردووكیان بە قانوون لەژێر دەسەڵاتی سەرۆكی هەرێمدان. سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە ماوەی رابردوودا توانیویەتی جێی متمانە و بڕیاری حیزبە كوردستانییەكان بێت، سەركردایەتی ئێستای یەكێتیش هەر وا لێیدەڕوانن، بەڵام گرنگە ئاسایش و پێشمەرگە نەك هەر یەكبگرنەوە، بگرە بكرێنە دوو دەزگای نیشتمانی كە بە دەر بن لە هەموو ململانێیەكی سیاسی. هاوكات پێویستە كە داواكاری گشتی و سیستەمی دادوەریش ببێتە ئەو دامەزراوەی كە بڕیارە كەس لە یاسا سەروەرتر نەبێ! رەنگبێ ئەوانە گەورەترین تەحەدداكانی بەردەم سەرۆكی هەرێمی كوردستان بن. ئەو كاتەیە كە سیاسەت لە كوردستان لە بەرگی ئەمنی دێتە دەر. *** بۆ رێكخستنەوە و بە نیشتمانیكردنی دەزگاكانی ئاسایش و پێشمەرگەی كوردستان (لە ناو دوو كەوانەشدا دەزگای دادوەریی كوردستان) هەقە یەكێتی و پارتی تاقیبكرێنەوە. با سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بیانخاتە بەردەم ئەو بژاردەیەوە كە دەبێ وەك لە یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، ئەو دوو دامەزراوەیە بە نیشتمانی بكرێن و سەر بە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بن، دەزگای دادوەریش وەك یەكێك لە دەستەڵاتەكان بێت. سەربەخۆ نەك سەربە كەس و لایەنێك. rudaw
هیوا سەید سەلیم ئاشکرایە کە پێشبینی دەکرێت هەرێمی کوردستان، وەک سەرجەم جیهان بکەوێتە ژێر کاریگەریەکانی داهاتووی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە نێو ئەو کاریگەرانەشدا، جگە لە لێکەوتەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە بواری تەندرووستی، و فشارەکان بۆسەر کەرتی تەندرووستی ، هەووەها بەرزبوونەوەی ئاستی گیان لەدەستدان بەو ڤایرۆسە، گۆرانکاری لە دۆخی ئابووریش روودەدات، و کە پێشبینی دەکرێت لە سەر ئاستی داهات و بەرزبوونەوەی ریژەی بێکاری قەیرانە ئابووریەکە زیاتر کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان دابنێت. ئێستادا هەرێمی کوردستان بە بەرپێگرتنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڤید ١٩ سەرقاڵە، بەڵام ئەوە مانای ئەوە ناگەیەنێت کە دەزگاکانی پەیوەنددار لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرنامە بۆ دۆخی دوای کۆرۆنا دانەنێت. ئەوەی تا ئێستا کاری لەسەر کراوە لە دابنین کردنی پێدوایستیەکانی ژیانی هاوڵاتیان کارێکی باش بووە، بەتایبەت لەوەی رێگانەدراوە خەلکانێک یاری بە بازاڕ بکەن و نرخی کاڵاکان بۆ بەرژەوەندی گیرفانی خۆیان بەرزبکەنەوە. لە لایەنی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانیش، حکومەت تا ئێستا گرفتی بۆ درووست نەبووە، ئەوەشیان بە پشت بەستن بەو بڕە پارەی کە لەبەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان رەوانە دەکرێت، بەڵام چونکە قەیرانە پێشبینی کراوەکە بەدەرە لە توانا و ئیرادەی هەرێمی کوردستان، تەنانەت حکومەتی ناوەندیش، بۆیە دەبێت دەسەڵاتدارانی هەرێم بەرنامەی ستراتیژی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێک هەبێت، کە پێشبینی دەکرێت رووبدات. بۆ دانانی ئەو پلانە ستراتیژە، دەبێت حکومەتی هەرێم لەسەر دوو سێکتەر کاربکات، یەکەمیان دابینکردنی مووچەیە، کە وا بڕوات هەڕەشەی زۆری دەکەوێتە سەر، بە تایبەت ئەگەر نرخئ نەوت بەوشێوەیە روو لە دابەزین بێت، چونکە هەموومان دەزانین عێراق و هەرێمی کوردستان لە ساڵانی رابردوو بۆ دابینکردنی مووچە زیاتر پشتیان بە داهاتی نەوت بەستووە، ئەمەیان کێماسیەکی گەورەی سیاسەتی ئابووری ئەو ولاتانەیە، کە ئابووریەکانیان تەنیا پشت بە تاکە سەرچاوە دەبەستێ. سێکەرتەری دوومیش کە دەبێت حکومەت بەرنامەی بۆ دابنێت، بریتیە لە نەهێشتنی ئەو هەموو بێکاریە دەمامکدارە، لەوانەیە زۆربەتان بڵێن: ٢٨ ساڵە حکومەتی هەرێم ئەو هەنگاوەی نەناوە، بگرە ئەوە حکومەت و لایەنەکانی دەسەڵاتن بەرپرسیاری سەرکین لە درووستکردنی ئەو دیاردەیە، ئەوی کەوایە چی بکرێت بۆ کەمکردنەوەی ئەو دیاردەیە؟ رۆژانی کەرەنتینە ئەوەی پێووتین کە ئەگەر حکومەتی هەرێم هاوکاربایە ئێستا خەلکانێکی زۆری گوندنیشین لە جیاتی ئەوەی زیندانی ماڵەوە بن، دەچوون خزمەتی رەزوباغی خۆیان بکەن، کە ئەمەیان وەک پێویست نەکراوە، ئێستاش نەچووە بچێت، دەکرێت لایەنەکانی پەیوەندار بەو پرسە هانی جوتیاران و گوندنیشینان بدەن تابگەڕێنەوە دێهاتەکان و کەرتی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری ببوژێنەوە. ئەو سیاسەتە ئابووریە پێشنیارکراوە، دەبێت راگەیاندن بخرێتە خزمەتی، بەشیوەیەک کە جوتیارانی کوردستان لەوە هۆشیاربکرێنەوە، کە دۆخی دوای کۆرۆنا هەرگیز وەک ساڵانی رابردوو نابێت، خواست لەسەر کاڵاکان زیاتر دەبێت و کاڵای ناوخۆشمان وەک ساڵان بێ بەها نابێت، کە جووتیاری کورد خێر لە داهاتەکەی نەبینێت. پیشبینی دەکڕێت دیاردەی کۆرۆنا، کۆچی پێجەوانە بۆ دێهاتەکان لێبکەوێتە، چونکە ئەزموونی کەرەنتینە ئەوەمان پی دەڵێت: کە ژینگەی چۆلی دێهاتەکان لە رووی تەندرووستیشەوە لە جەنجاڵی شارەکان باشترە، کەوایە لایەنە پەیوەندیدارەکان تا قەدەغەی هاتووچۆ ماوە با رێگری لە چوونی گوندنیشینان نەکەن بۆ دیهاتەکان، بگرە کارئاسانی بۆ جوتیاران بکەن بچنەوە سەر ڕەزوباغەکانیان، بەوەشیان حکومەت دوو ئامانج دەپێکێت، یەکەمیان خەڵک بە کاری جوتیاری و باغداری سەرقاڵ دەکات، دووەم بەرهەمی ئەوانە بەشێکی دەخرێتە خزمەتی دابینکردنی ئاسایشی ئابووری هەرێم.