Draw Media

پەرلەمان جێی سۆران عومەر نییە

پەرلەمان جێی سۆران عومەر نییە

2020-05-05 11:56:19


بێریڤان محەمەد 

پێویستە پەرلەمان هەر ئەمڕۆ ئەو بابەتە بخاتە گفتوگۆوە و پارێزبەندی لە سۆران عومەر و کازم و شیرین و ئەوانەی وەک ئەوان قسە دەکەن وەرگرنەوە و هەر وەک چۆن پەرلەمانیان بەڕووی دکتۆر یوسف سەرۆکی ئەو کاتەی پەرلەمان داخست، هەر ئاوا ئەم پەرلەمان لەم پەرلەمانتارانەش حەرام بکەن.
هەر مرۆڤێکی سادەی ئەم کۆمەڵگایە کە هیچ لەسیاسەتیش تێنەگات دەزانێ کە ئەمەی ناونراوە پەرلەمان لەم هەرێمی کوردستانە لە ئێستا و لە ۲٨ ساڵی ڕابردوشدا تەنها وەک دەزگایەک بۆ دورینی بەرگی یاسا بەبەر دزی و گەندەڵی و ڕەوایەتیدان بە دەسەڵای بنەماڵەیی و ڕێگریکردن لە هاتنە پێشەوەی هێزی نوێی دیموکراتیخواز و ناڕەزایی شەقام و ئازدیەکان دامەزراوە.

ئەم پەرلەمانە نەک نەبۆتە دامەزراوەی نیشتیمانی و نەتەوەیی و لەدووساڵی ڕابردوودا هیچ هەڵوێستێکی نیشتیمانی و نەتەوەیی لێ بینراوە، ئەو تۆزە هەوڵەشی کە بۆ چەند بابەتێکی کەم کراوە ڕەنجی چەند پەرلەمانتارێکی خولەکانی پێشوو بووە کە نەک دەسەڵات هەر نەیهێشت سەر بەو پەرلەمانەدا بکەنەوە بەڵکو گوێی حزبەکانیشیانی بادان.

پەرلەمان لە ساڵی ۱۹۹۲ کە یەکەم بڕیاری دژ بە لێدانی پەکەکە دەرکردن، تا ئێستاش کە لە خزمەتی کۆمەڵێک بازرگانی سیاسی و بەتایبەتیش پارتی و بنەماڵەی بازانی تەرخانکراوە، ئەمەش دەریدەخات ئامانجی دەسەڵاتی هەرێم هاوشێوەی ڕژێمەکانی دەوروبەر لەم پەرلەمانە چیە و دەیانەوێ پەرلەمان بەهیچ شێوەیەک لەئەجێندای ئەوان دەرنەچێت، ئەم پەرلەمانە لەسەر هەڵبژاردنی ساختە و هەندێک کەسایەتی ناپاک دانراوە، لەگەڵ ڕێزێکی زۆرم بۆ چەند مرۆڤێکی خاوەن بەها و پرەنسیپ کە ئەمڕۆ و سەردەمانێک جێگەیان تێداگرتووە.

بەکورتی ئەم پەرلەمانە نە بۆ مرۆڤی ڕاستبێژە و نە بۆ کەسانێکی دڵسۆزە، لەگەڵ تێبینیەکانم لەسەر ئەدای ئەم پەرلەمانتارانە بەڵام تەسلیم نەبوون و ڕادیکاڵ بونی سۆران عومەر و چەند پەرلەمانتارێکی دیکە تا ئەو ئاستەی پارتی هاوشێوەی ڕژێمەکەی ئەردۆغان هەوڵی دەرکردنیان دەدات، پیلانێکی چاوەڕوانکراوە و لەوادەی خۆی دواکەوتووە و دەبوو لە سەردەمی عەبدوڵای مەلا نوری و شێرکۆ حەمەئەمین و هەندێ پەرلەمانتاری دیکە بکرایە و پارێزبەندیان لێ سەندنایە، چونکە سروشتی ئەم دەسەڵاتە لە پەرلەماندا ئەمەیە و خۆ ناکرێ لە ڕاستی خۆی لابدات لەکوێ بووە ڕژێمێکی دکتاتۆر باوەڕی بە پەرلەمان هەبووبێت؟
ئەو پەرلەمانتارانە دەبێ دەرکرێن گەر بیر لەوە بکەنەوە گەندەڵی و دزی و ڕێکەوتنە نهێنیەکانی لەگەڵ داگیرکاران و دژی گەل ئاشکرا بکەن.
بەڕای من بوونی ئەو پەرلەنتارانە لەناو خەڵکدا باشترە، چونکە لەوە زیاتر چاوبەست ناکرێن و هیوا بەبێ هیوایی هەڵناواسن و لانی کەم خۆیان هەوڵدەدەن ئەڵتەرناتیڤێک ئاوا بکەن کە ژیان و کەرامەتیان تیایدا پارێزراو بێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand