نەوزاد جەمال من لەپێگەی دەرکردنی فەرمانی شەڕدانیم تا بە "بانگەشەی جەنگ" تاوانباربکرێم. مەبەستمە ئەو هێزانە شەڕو ئەنجامەکانی لەئەستۆبگرن. ئەگەر شەڕکەرن و بەڕاستیانە فەرموون. بەهەموو کەسێک شەڕناکرێ، وەکچۆن ئاشتی و پێکەوەهەڵکردن دووهێندە بوێری بڕیاردانی دەوێت. بەم پاساوانەش شەڕم پێباشترە، چونکە: - شەڕ تاکە دەروازەی گۆڕانکاری ناچارەکی و لابردنی کۆسپەکانی چاکسازی و ئاڵۆگۆڕی دەسەڵاتە. فەوزای رێکخراو لەوڵاتیکدا دیموکراسیەکی دامەزراوەیی نییە، باشترین دەرفەتە بۆ رزگاربوون لەهێزە کلۆربووە خۆسەپێنەرەکان. - شەڕکردن دۆخی مەیویی 'نەشەڕ و نەئاشتی' تێدەپەڕێنێ و داڕشتنەوەیەکیتری هاوکێشەکانی لێدەکەوێتەوە. - شەڕ کۆتایهێنانە بەواقیعی دووئیدارەیی و دووزۆنی جوگرافی جیاواز و یەکلابوونەوە بۆ لایەن زاڵ. - کۆتاییهێنانە بەواقیعێ کە ئۆپزسیۆن ناتوانێ سەرتاسەربێت و نەکەوێتە بەرداشی ئەملاو ئەولاوە. هەرلایەک بەمیکانیزمی خۆی دژی زۆنەکەیتر بەکاریبهێنێت. شکستێکی ئۆپزسیۆنی سەرتاسەری، دووزۆنییە کە تواناکانی پەرتوبڵاو دەکات. - دوو/سێ هێزی هەمیشە لەبەرژەوەندی دەوڵەتەداگیرکەرەکاندایە تالەسەر دەسەڵات و سامان بەردەوام ناکۆکبن. لەکاتی خۆیدا بەیەکاندابدەن و رێگری لەئاڵوگۆڕو بەهێزبوونی ناوەکی بگرن. ئەگەر، رێسای 'هاوسەنگی هێز' ئاشتەوایی هەڵپەسێراوەکی تێدابێت، ئەوا سڕکردنی هەنگاوی بەرەوپێشچوونە. کارتێکی ئاسانبەدەستە تا بەکەیدادان و شکستی گەورە بەدەستی کورد خۆی بکرێ. ئەم سیناریۆیە لە ١٦ ئۆکتۆبەرو دواتردا پاشەکشەپێکردن بوو بەرەو هێڵی دژەفرین. بێماندووبوون و دەستوەردانی جەنگی دەوڵەتێک. - بەرژەوەندی دەوڵەتان لەپاراستنی ئەو دووهێزەدا سەلماندنی ناوێ. ئەوانەی لەئێمە بەتەمنترن یان مێژوویا خوێندۆتەوە، دەزانن لەچەندان وێستگەی پێش و پاش راپەرین دەوڵەتێک بەهانای هێزیکیانەوە چووەو لەلێواری مەرگ قوتاریکردووە. هاوکاری لۆجیستیکی و پێدانی چەک و هتد... لەدژی هێزەکەیتربوو. ئەوان رازین لەیەکبدەن و خوێنی یەکتربخۆنەوە. چونکە بەشێکی هاوکێشەناوچەییەکەن، نابێت لەناوبچن. بۆیە، ئەگەر بەشەڕبێن، ئیتر رزگارمان دەبێت لەمەقاشەکە. - ئەو دووحزبە بەڕێسای 'کارو کاردانەوە'ی فیزیا دەجوڵێنەوە. وەک تەنێک لەنێو کێشکردن و دوورکەوتنەوەدا سەیری یەکتردەکەن. بەڕێسای 'دیالێکتیک'(هەر جەمسەرێک پێچەوانەکەی هەیە تاپەرەسەندن و یەکگرتنەوەبێت) لەگەڵ یەکتر رەفتارناکەن. - ئەمانە دووانەیەکن، نەک ئەلتەرناتیڤی یەکتر. بەیان و راگەیاندنی هەردوولا، هیچ جیاوازی لەدەربڕین و ووشەدانییە. بەیەک زمان و ئەقڵ و لۆجیکی هێز نەک هێزی لۆجیک داڕێژراوە. - لەبنەڕەتدا خواستی شەڕکردن بیانووگرتنە بەیەکتر. کاراکاتەرە نوێکان لەنێوان دووبنەماڵەدا گرفتی داننان بەپێگەی یەکتریاندا هەیە. لەنێو خودی بنەماڵەکانیشدا ناکۆکی لە پلەبەندی هێزدا هەیە. 'ئاوازی شەڕ' کارتی ناچارکردنی بەرامبەرە لەنێو هەمان و دەرەوەی بنەماڵەدا. سەرۆکحکومەت پێگەو هەژموونی سەرۆکایەتی هەرێم دەسەڵات و بڕیارەکانی دەکات بەشکڵی و دانن بەسەرۆکی هەڵبژێراوی رکابەرەکەیدا نانێت. لەکاتێکدا سەرۆکایەتی هەرێم گرفتی دانی پێداناوە. - قەوانی شەڕکردن، گڕوگەفە، کەفوکوڵێکە نەک کردار. شەڕەدەنووکە، نەک شەڕکردن. دووبەرەیی سوودی زۆرترە لەشێوازی کۆنترۆڵکردنی هەرێمەکە. کارئاسانیە، رزگاربوونە لەلێپرسینەوەو بەدواچوون، رێگریە لەچەکەرەکردنی دامەرزاوە دادوەری، یاسادان و هتد... رێگرتنە لە دروستبوون سوپایەکی نیشتمانی. ساڵانیکە بانگەشەی یەگرتنەوەی هێزەکان دەکرێ. هاوپەیمانان بەپاساوی یەکگرتنەوەو شەڕی داعش فریودران. ڕاهێنان و پێدانی چەک و مووچە هێزەچەکدارەکانیان پتەوکرد. لەولاوە، ئۆپزسیۆن و زۆریتر نەزانانە کەوتنەداوی یەکگرتنەوە. لەکاتێکدا بیرۆکەیەکی نەزۆکە، هەرگیز نایەتەدی. یەکخستنیش بکرێ، خەڵک بەو چەک و وەلائی حزبیەوە، بەهەمان ناوەڕۆک و بەناویکترەوە. لەبنەڕەتدا ئەو هێزانە بۆشەڕ نین، بانکی دەنگهێنان و پۆستی بژێوی ئەندامی حزبەکانن! - ئەم سەردەمە، قۆناخی پاڵەوان و قارەمانەکانی جەنگ نییە. فیگەرەنوێکان لەخەمی خۆراکی سەرمایە رەمزیەکەیاندان. دەستکەوت تۆمارکردن لەنێو بنەماڵە و لەنێو کادێرانی حز ب و رای گشتیدا. لێدانی کاراکتەری بەرامبەر، رێگەی دەرکەوتن وەک خاوەن ئیرادە، سەرکردەی بوێر لەمیدیاو تۆڕەکاندا ئاسانتردەکات! کاراکتەری نوێ، داستانی نوێی دەوێت. سەیرنییە، نەوەی دووەم و سێیەم گوتارو ئاسەواری شەستەکانی سەدەیەک لەمەوبەر بڵێنەوە. ناچێتە ئەقڵەوە لەمەلامستەفا بارزانیتر، لەمام جەلال جەلایتر یان لەئیبراهم ئەحمەد، ئیبراهیمتر بن. دەبێت، نمایشی جەنگێک سازبکرێ تا رۆڵەکە بەرجەستەکەن. - پڕوپاگەندەی ئەجێندای تورکی/ ئیرانی لەم بەناو شەڕەدا، پاساوێکی دەربازبوونە لەگلەیی و رەخنە لەکەموکورتی گوزەران، موچە، بێدادی کۆمەڵایەتی. دیزەبەدەرخۆنەی سامانبردنی هەرێمە. سیاسەت و ستراتجیەتی ئەو دوودەوڵەتە شاراوەنییە دۆستی ئێمە نین. ئەوە نهێنیەک نییە، راپۆرت و سایتەکانیان، ووتەی سەرکردەکانیان بخوێنەوە بەئاشکراو بێترس نیازخراپیان بەرامبەر کوردستان باسکردووە. ئیتر پیلانی ئەملاو ئەولا خۆڵکردنەچاوەو داپۆشینی راستییەکانە. پاساوسازیکردنە کە بوونیان وەک چەکدار زەرورییە. - دەهۆڵی شەڕ، رۆژەڤێکی ترە پاش خاوبوونەوە بەزمی کۆرناو خەریکردنەوەی رای گشتی و حزبەکانیتر پێوەی. بەو جەنگەسێبەرە، جۆریکتر لە تۆقاندن و ترسناندن بەرامبەر خەڵک پیادەدەکرێ. خەڵکی کە ترسی لەکۆرنا دەشکێت، دەبێت چاوترسێنیکیتر بێتەئاراوە. - لەسەرووبەندی پێکهێنانی کابینە ئێراق، بەزمی شەڕ فەرزکردنی بژاردەکانی خۆیانە لەدانوستانەکەدا. تانینۆکی حزبەکانیتربکەن و بیانترسینن کە "ئێمە" زلهێزەکەی هەرێمین، دەکرێ شەڕێ هەڵبگیرسێنین. دەبێت، ئەجێندای دانوستانەکە خۆمان دیاریبکەین. حزبەکانیتر زووکەوتنە داوی گەمەکەوەو بەیاندەرکردن و هاوارو دادوبێدادی مەترسی شەڕیانە! - هەڕەشەی شەڕ، فەرزکردنەوەی ئیرادە دووحزبەکەیە، نەک هەر بەسەر حزبەکاندا، بەڵکو بەسەر خەڵکی کوردستاندا. پەیامێکە؛ بوونتان، ژیانتان، ئاسایشتان بە"ئێمە"وە بەندە. شەڕی ئێمە، ماڵوێران ئێوەیە، رێکەوتن و تەباییمان لەدەسەڵاتخوازی سامان بەشینەوەدا، جەژنی ئێوەیە. ئەم، کارتە قێزەوەن و ناشرینە، هەڕەشەکردن لەخەڵکی هەرێم. بێدەنگکردن و رازیکردنیەتی بەمەمرەومەژی! لەئیرادەخستنی هاوڵاتیانە، بە هەڕەشەی شەڕهەڵگیرسان. - دەهۆڵکوتانی شەڕ، ئەڵقەیەکتری چیرۆکی مانەوەو درێژەبەخۆدانە. وەکئەوەی خۆڵەمێشی مردوو لەپێناو خۆگەرمکردنەوە یان گرنگی سەرکردەکان فووبدرێتەوە. - جگەلە دەنگۆی شەڕ لەباری ئەوەدانین شەڕبکەن. ئەگەر، پێشتر شەڕتان کردووە، سەرکردەکان بەبزەوە ئۆباڵیان خستۆتە ئەستۆی چەکدارەکان و خۆیان بێبەریکردووە. زەمینەی شەڕ وەک نەوەدەکان لەبارنیەوە. ئەگەرچی پاڵنەرەکانی شەر ماون و دەمەزەرددەکرێنەوە. نەسەردەمی برسێتی و ئابڵوقەو دەگمەنی سەرچاوەسروشت و سامانەکانە. ئەوەندە کۆمپانیای زەبەلاح لە چاڵەنەوت/ غازو جگەرەو دەرمانەوە تا هێڵەکانی تەکسی و پاس و هتد...تان هەیە لەخۆتانی تێکنادەن؟! - لێگەڕێن باشەڕبکەن و لەسەرگردو دۆڵێ سەنگەر لەیەکبگرن. کێش باوەڕی بەو شەڕەیە با تەنها خۆی بەشداربێت. - مانەوەی کورد نە بە پارتی، نەیەکێتی و نەبە پەکەکەوە بەندە. ئەو هەوو شاڵاوو ماڵوێرانیە گەلێکی نەسڕیەوە. ئێوە تەنها بەشێکن لەکۆ، نەکئەوەی کوردستان بەشێکی ئێوەبێت. بابەدەستی خۆیان یەکتر کۆڵاوەربکەن و ئێمەش چاوەڕێی براوەبین. هەرچیەکیش ببێت، ئەو خراپیە لەتاقەتبەدەرەی ئەمڕۆمان لەکۆڵدەکاتەوە. تکایە شەڕو ئاشتیتانمان وەک دەستکەوت پێمەفرۆشنەوە. وەکچۆن شەڕی ئێوە لەپێناو کوردا نییە، ئاشتیەکشتان بۆ ئێمە نییە.
د.کاروان حەمەساڵح ئەگەر چی ئەم نرخەی ئێستای نەوتی ئەمریکی نزمترین بەهای نەوتی ئەو ووڵاتەیە لە مێژوودا کە نەوتەکەی بە نرخی نێگەتیڤ بفرۆشرێت! بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەم نرخە بە شێوەیەکی کاتی لەم ئاستەدا دەبێت، بە کورتی هۆکارەکان چی بوون!؟ ئەگەر چی هۆکارە سەرەکیەکە خاوبونەوەی جوڵەی پیشەسازی و ووزەیە لە جیهاندا بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، بەڵام هۆکاری تەکنیکی و بابەتیش هەیە کە پەپوەستە بە خودی احتیاطاتی ووزە لە ئەمریکا، کە لە ئێستادا هەموو خەزانەکانی پربوون، وە چەندین ووڵات و شەریکاتی کریاریش بە هەمان شێوە، بە هۆی ئەوەی لەو ماوە کەمەی ڕابردوودا کە نرخی نەوت هەرزان بووە ، بڕێکی زۆریان کڕیوە لە بازاڕەکان بۆ پاشەکەوتی ووزە و وە لە ئێستادا پڕۆسەی پاشەکەوتی زیاتری نەوت، خەرجی زۆرتری دەبێت لە سەریان! کەواتە لە ئێستادا پێویستی نەوت; هەم بۆ بەکارهێنان و هەم بۆ خەزن کردن کەمبۆتەوە و ئەمەش وایکردووە هاوسەنگی خستنەڕوو و داواکاریی لەسەر نەوت زۆر لاسەنگ ببێت. هۆکارێکی تر ئەوەیە کە هەر لە سەرەتاوە، ڕێکەوتنی ڕوسیا و سعودیە و ووڵاتانی ئۆپیک و ئۆپیک پلەسی نەیتوانی بەر بەم لاسانگیە بگرێت، چونکە کەمکردنەوەی لەسەدا ١٠ ی بەرهەمهێنانی نەوتیان کاریگەریەکی ئەوتۆی نەبوو، چونکە لە بازاردا خستنە ڕوو ٢٠ ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی زیاتر بوو لە ئاستی خواست. بۆیە لە ئێستادا ئەمریکا بەشێکی تاوانی ئەم دابەزینی نرخە دەخاتە ئەستۆی ئەوان. دواجار; چاوەڕوان دەکرێت کە لە سەرەتای مانگی پێنجەوە گۆڕانکاری دیار ڕووبدات لە نرخەکەی و جارێکی تر بەرز بێتەوە، چونکە جارێک تر گرێبەستەکان نوێدەکرێنەوە لە نێوان کڕیاران و فرۆشیاران لەسەر بنەمای نرخی نوێ.
د. شێركۆ كرمانج ئێستا لەم چرکە ساتە نرخی نەوتی ئەمریکا گەیشتۆتە ژێر سیفر، واتە فرۆشیار دەبێت پارە بدات بۆ فرۆشتنی نەوت. ئەمە نرخی نەوتی وڵاتانی دیکە ناگرێتەوە بەڵام مانای ئەوە نیە کە نرخی نەوتی وڵاتانی دیکەش دانابەزێت. ئێستا گەیشتۆتە ٢٥ دۆلار بەڵام لەوانەیە زیاتر دابەزێت. با یەک دوو قسە لەسەر ئەم پرسە بکەین. یەکەم، ئەو دابەزینەی نرخی نەوت کاتیی دەبێت، ئەوە ئەو نەوتەیە کە بەرھەمھاتوەو تا ئێستا نەفرۆشراوەو لە بازاڕەکاندا دەسوڕێتەوە، لەلایەک. لەلایەکی دیکە ئەمریکا کێشەی هەیە لە حەمبارکردنی نەوت بۆیە هەر لە کۆڵ خۆی دەکاتەوە. دووەم، پاش چەند ڕۆژێک، یان چەند حەفتەیەک، نەوتی بەرھەمھاتوو لە بازاڕەکاندا نامێنێتو نرخی نەوتی ئەمریکیو وڵاتانی دیکەش وردە وردە بەرزدەبێتەوە. سێیەم، پرسیار ئەوەیە داخۆ دوای نەمانی ئەو نەوتە لە بازاڕ ئەوکات نرخی نەوت یەکسەر بەرز دەبێتەوە؟ مەرج نیە چونکە ئەوکاتیش داوا لەسەر نەوت زۆر کەم دەبێت. چوارەم، ئەگەر نرخی نەوت وردە وردە بەرزیش بۆوە بەڵام لەبەرئەوەی داوای لەسەر کەمدەبێت بۆیە نەوت کەم بەرھەمدێت، لەبەرئەوە نرخی نەوت نزم بێت یان بەرز زۆر گرنگ نابێت چونکە کڕین و فرۆشتن نابێت، واتە داهاتی ئەو وڵاتانەی پشت بە نەوت دەبەستن زۆر زەرەری پێدەکەوێت. پێنجەم، کێشەکە ئەوەیە کە دەوڵەتی عێراق و حکومەتی ھەرێم ھەردووکیان بەڕادەی ٩٠٪ ی داھات پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستن، بۆیە ئەمە درێژە بکێشێت ماڵوێرانی بەدواوە دێت. شەشەم، پێویست بەوە ناکات کە پسپۆڕ بیت بۆئەوەی هۆکاری دابەزینی نرخی نەوت بزانین چونکە هەموومان دەزانین تا جیھان کۆڕۆنە تێپدەپەڕنەکاتو بازاڕ نەگەڕێتەوە باری خۆی نرخی نەوت هەر کەم دەبێت. حەوتەم، لەبەرئەوە پرسیاری گرنگ ئەوە نیە کە نرخی نەوت چەندە ئێستا بەڵکو داخۆ تێپەڕاندنی دۆخی کۆڕۆنەڤایرۆس چەندی پێدەچێت. بۆ ئەمەیان چاو لە دەستی زانایان لەلایەکو حکومەتەکانو دکتۆرو پەرستارەکان لەلایەکی دیکەین. هەشتەم، لەو پرسیارەی سەرەوەش گرنگتر ئەوەیە داخۆ کوردستانیانو عێراقییەکان، هەم وەک گەلان هەم وەک حکومەتەکانیان لە خەوی بێخەمی ڕادەپەڕن، داخۆ زەنگی کۆڕۆنەڤایرۆسو دابەزینی نرخی نەوت لە خەوی قوڵ بەخەبەریان دێنێتو بیر لە فرەسەرچاوەیی داهاتو خۆبژێویو پشتبەخۆبەستن دەکەنەوە. من هیوادارم، پێشموایە هەم خەڵکە هەم حکومەتەکان ئەگەری بەخۆداچوونەوەیان هەیە، بەڵام تەنیا کات دەیسەلمێنێت داخۆ هیوایەکەم لەجێی خۆیەتی یان نا. حکومەتو خەڵک بە عەقڵێکی ڕەخنەگرانە لە هەموو ئەوەی کە ئێستا هەیەو کراوە دەستپێنەکات هەر هەوڵو هەنگاوێک بهاوێژێت بە مردوی لە دایک دەبێت.
شوان سدیق: ئیتاڵیا سیاسیەکانی کورد خۆیان لەسۆشیال مێدیا نابینرێن و قسەش ناکەن، بەڵام پارەیەکی باشی موڵکی گشتیان لایە، وەکو پارەی سۆشیال دەیدەنە کۆمەڵێک کەسی نزیکی خۆیان. ئەو کەسانەش پاڵپشتی داراییان دەکەن، لەژێر ناوی لایەنگر و ھەوادار و موعجیبە، ئیدی ئەوانە ھەموو قسەیە دەکەن. ھەر ئەم ھەوادار و لایەنگرانە ڕۆڵی سیاسی و توێژەر و مێدیاکار و مەلاو پارێزەر دەبینن، تا دەگاتە بەندبێژ و ئەھلی پیاھەڵدان! بەڵام لە دونیای دەرەوە بەپێچەوانەوە، سۆشیال مێدیا بەتایبەت فەیسبووک لەم سەردەمە سیاسیەکان کردویانەتە سەکۆیەک بۆ ناساندنی خۆیان، لەسۆشیال مێدیاشەوە بانگەشە بۆ بەرنامەکانیان دەکەن. بەپێچەوانەی دونیا، سیاسیەکانی کورد لە سۆشیال مێدیا قسە لەسەر سیاسەت ناکەن، کەچی ھاوڵاتی کورد ھەمووی بووە بەسیاسی و لەو فۆڕمە ئینسانە ئاساییە وەک بەکاربەرێکی سۆشیال مێدیا ھاتووەتە دەرەوە! کەوایە لە کوردستان خەڵک پێش سیاسیەکان، قسە لەسەر سیاسەت دەکەن، بەڵام دواتر سیاسیەکان کەزانیان لەبەرژەوەندی ئەواندا نییە ئەوکات دێنە قسەکردن. ھەڵبەت وەکو وتم؛ بەپێچەوانەی کوردستان، لە دونیای ڕۆژئاوا خەڵک سیاسەتی جێھێشتووە بۆ سیاسیەکان و سیاسیەکانیش خۆیان لەنێو سۆشیال مێدیا زۆرترین کات دەبینرێن و بەرکەوتنی زۆریشیان لەگەڵ ڕکابەرەکانیان ھەیە. با نموونەی ئیتاڵیاتان بۆ بھێنمەوە، لەم قۆناغەی کۆرۆنا مەگەر کەم شەو ئەگینا بەردەوام "جۆسێپێ کۆنتێ" سەرۆکوەزیران، ھاتووەتە فەیسبووک و قسەی بۆ شەست ملیۆن کەس ھەبووە. لەسەر ڕووداوەکانی ڕۆژ پەرلەمانتار و سەرۆک شارەوانیەکان، لە سۆشیال مێدیاوە ھاوڵاتیان ئاگادار دەکەنەوە چی ڕوودەداو چی بکەن، گوێیش لەقسەو پێشنیاری خەڵک رادەگرن. بەردەوام ئۆپۆزسیۆنی ڕکابەری دەسەڵات کەھیچ ڕەحمێک بەدەسەڵات ناکەن، سەرکردەکانیان لەفەیسبووک بەلایڤ و راستەوخۆ خەریکی بەچۆکدادانن بە دەسەڵات. ئۆپۆزسیۆن، ڕەخنەو پێشنیاری ھەیەو لەبەرانبەردا بەرپرسانی نێو دەسەڵات خۆیان ڕاستەوخۆ دێنە سەر ھێڵ و وەڵام دەدەنەوە! ماتیۆ سالڤینی سەرۆکی پارتی لێگاو جیۆرجیا مێلیۆنی پارتی فرەتێلی ئۆپۆزسیۆن ئەم ماوەیە بەتایبەتی بەھۆی کەمتەرخەمی یەکێتی ئەوروپاو بەھاناوە نەھاتنیان بەدەم ئیتاڵیاوە، لەسەر پرسی کۆرۆناڤایرۆس لەسۆشیال مێدیا بارودۆخێکیان لەدژی دەسەڵات و یەکێتی ئەوروپاش دروستکردوە، ئێستە حکوومەتی ئیتاڵیاو سەرکردەکانی یەکێتی ئەوروپاش بەدوای دەرەچەیەکدا دەگەڕێن، بۆ ئەوەی شەقامی ئیتاڵیا ھێوربکەنەوە! کەواتە سۆشیال مێدیا ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕێ سەرکردەکانی دونیا بەردەوام لەنێو سۆشیال مێدیان، پێویستە سیاسیەکانی کوردیش لەو فۆڕمە تەقلیدی و عەقڵیەتە کلاسیکییە بێنە دەرەوە سیاسەت ئەوھا بەردەوام نابێ خۆتان زەرەر دەکەن، دوا دەکەون!
سالار مەحمود مەریوانی وریا قانعم چۆن بینی دونیای ئێمە بەتەواوی بوەتە دونیای باسکردن لە کایەی سیاسیی بە شێوە نازانستی و تەنکەکەی نەک قوڵبونەوە. وەک چۆن دونیای ئێمە دونیای باسکردنی کارەکتەرە سیاسیەکانە بەبێ خوێندنەوەو هەڵسەنگاندنێکی تێۆریی و رەخنەیی. ئەم دیاردەو دەرکەوتانە دەلالەت و گرفتی هەر کۆمەڵگایەکی نا پێشکەوتوە. بە ئاوڕدانەوە بۆ مێژوو ناوو بەرهەم و جێ پەنجەی رۆشنبیرو بیرمەندەکان زیاتر بوە لە بونیادنان و ئاراستەکردنی کۆمەڵگا بۆ گۆڕان و بەرزراگرتنی بەهاکانی مرۆڤ و پێشکەوتن و داکۆکی و بەدەستهێنای ئازادیەکان لەماوەی ئەم کەرەنتینەیەدا دوو جار هەڵوەستەم لەسەر دوو کتێبی کوردی کردوە، ئەوانیش ( دەسەڵات و جیاوازی) و ( کۆمەڵگاو غەریبەکانی)کاک مەریوانی وریا قانع بوە. لەکاتێکدا پێشتر هەردوکیانم خوێندبوەوە بە تایبەتی دەسەڵات و جیاوازی زیاد لە جارێک. وەک کەسێک لەکایەی سیاسی سەروساختەم هەیە، پێم وایە هەر سیاسیەک هەر کارەکتەرێکی سیاسی و هێزی سیاسی دورە پەرێزی رۆشنبیران و گروپە رۆشنبیریەکان بوو، یا بەدیدارو رەخنەو تێزەکانیان قەڵس بوو، ئەوە بزانە لە ناخا گرفتێکی بەرامبەر بە رەخنە و ئازادی هەیە!. لەدوو وێستگەدا ساڵی ۲٠۱۷ و ۲٠۱۸ لە ئەوروپا ئەم رۆشنبیرەم بینی. جاری دووەم لە پەرلەمانی ئەوروپا بوو کۆنفراسێک هەبوو لەسەر مەسەلەی کورد. ژمارەیەکی زۆر لە کەسانی سیاسی و ئەکادیمیست و پەرلەمانتاری ئەوروپی و رۆژنامەنووس ئامادەییان هەبوو. لەو کۆنفرانسەدا هاوشانی ئەکادیمیست و پەرلەمانتارانی ئەوروپا ئەم رۆشنبیرە کوردە بابەتێکی بەزمانی ئینگلیزی لەسەر بەهاکانی دیموکراسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشکەش کرد. لەو باسەیدا بەوردی و خێرایی وێنای دۆخی ناوچەکەی ئێمەو ئایندەی حوکمڕانی و گۆڕانی هێزو بەهاکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستکرد. دەرکەوتنی سەرەتاکانی دیموکراسی بە جۆرێک کە هێزە نادیموکراتەکانیش باس لە دژایەتی دیموکراسی ناکەن و، ناتوانن بە ئاشکرا نەیاری بن. دواجار ئەگەرەکان و ئاڵنگاریەکانی بەردەم ئەو دۆخە تازەی لە رێگەی ئەو شەپۆلە گۆڕانکاریانەی رووی لە ناوچەکە کردوەو، پەیوەستی کردەوە بە ئایندەی گەلانی ماف زەوتکراوو دەرفەتەکانی بەردەم کورد بەتایبەتی. هەروەها باس لە مەترسی لەسەر دیموکراسی کرد لەسەر دەستی ئەو هێزانەی ناوی دیموکراتخوازیان لە خۆیان ناوە. یا بە رێکاری بەناو دیموکراسی دژایەتی خودی بەهاکانی دیموکراسی و ماف و ئازادیەکان دەکەن. لەو کۆنفرانسەداو لە ساتەوەختی پێشکەشکردنی باسەکەیدا هەستم بە شکۆو شانازیەکی زۆر کرد. لەهەمان ساتدا خەم و رامانێکی قوڵ دایگرتم کە کایەی سیاسی ئێمە بێدرێغ غەدر هەڵگرەو قەدری رۆشنبیرەکانی خۆی ناگرێ. لەسەر ئەو سەکۆیەی ناو پەرلەمانی ئەوروپا لەسەر ناساندنی جینۆسایدی کوردستان بابەتم پێشکەش کردوە. جاری تر یش لەگەڵ چەند هاوکارێکی پەرلەمانتاردا چالاکی سیاسیمان ئەنجام داوە. بەڵام هیچیان لە ئاستی ئەو باس و ئامادە بوونە فکری و رۆشنبیرییەی ئەو مێرخاسەدا نەمبینی. ئەوم بینی، وەک سەنگەرێکی قایمی پێشمەرگە بینی. پڕ تفاقی پەیڤ و وشەو لۆژیک و سرودی سەرکەوتن و شانازی و نانی ئەسمەری بەر کوانوی ئەو گەرمیانە ئەوم بینی. رۆژگارێک بوو ئەم رۆشنبیرانە راوێژیان پێ دەکرا راو بۆچونیان بە رێژەیەکی کەمیش بێ بەهەند وەردەگیرا مام جەلال لە نزیکترین سەرکردەکانی کورد بوو لە رۆشنبیران و نوسەرانەوە. هەروەها کاک نەوشیروانیش. ئەزموونی شۆڕشی نوێ و نزیکی لە رۆشنبیران و نوسەران، یا دەزگای سەردەمی ئەوساو پشتیوانیەکانی یەکێتی بۆی. ئێستا گاپێکی هەرە گەورە لە نێوان رۆشنبیرو نوسەران و هێزە سیاسیەکاندا بە جۆرێک هەیە کە لە هیچ سەردەمێکدا ئەوەندە نامۆو دبڕاوی نەبوە. ئەمە مەترسیەکی گەورەی ئایندەی سیاسیە لە کورستان و پێویستی بە جەدەل و هەڵوەستەکردنە. دابڕان و نەمانی گفتوگۆ نێوان سیاسیەکان و رۆشنبیرکاندا دەلالەتی کۆڵەواری کایەی سیاسیە. داخستنی گوێ و دەرگاو پەنجەرەکان بە رووی گوتارو رەخنەو تێزی رۆشنبیرەکاندا خەلەلێکی قوڵی سیاسیە. هیچ کارەکتەرێکی سیاسی و هێزی سیاسی ئەبێ ئەو راستیە هەزم بکاو لە بیری نەکات کە ئیشی رۆشنبیر رەخنەو گومان و شیکردنەوەیە، گومانکردن لە زۆربەی شتەکان. پرسیار دروستکردن و خوێندنەوەی دورو قوڵ پێش رووداوەکان یا بەئاکام گەیشتنی هەر رووداوێک. بۆیە دروستکردنی زیاد لە رایەڵەو پردێکی پەیوەندی لەنێوان سیاسیەکان و رۆشنبیراندا ئەرکێکی زانستی و سیاسیە. خوێندنەوەو بەهەند وەرگرتنی تێزەکانیان دونیابینی فراوانتر دەکەن. گەورەترین نەهامەتی دورکەوتنەوەیە لە رۆشنبیران و گروپە رۆشنبیریەکان، یا لەدژ وەستانەوەیان. لەم رووەوە ئەزموونی زۆری مایە بەتاڵی لەناو دەسەڵاتەکان و میلەتاندا هەن. هەن و هەبوون لە پای ئەوەی پردی پەیوەندی لەگەڵ رۆشنبیراندا دروست بکەن، لەپاساوی ئەمەدا دێن کەسانی بەناو رۆشنبیرو نوسەری ساختە لەدەوری خۆیان کۆدەکەنەوە گوایە رۆشنبیرانمان لەگەڵە یا پشتیوانمانن. هەر نەتەوەیەک ناوو پێگەو بەرهەمی رۆشنبیرەکانی خۆی بەبەرزی را نەگرێ، هەر گەلێک لە ئامادەکاری بۆ گۆڕانکاری و بەرنامەی ژیانی خۆی بەهرەمەند نەکا بەتێزی بیرمەندەکانی خۆی، ئەوا هەرگیز مۆتەکەی پێوەند و سێبەری ستەمکاریی لە ئاسمانیدا ئاوا نابێ. جا ستەمکاری غەیرە بێ یا خۆیی. پەیوەست بەم بابەتە ئەمەوێ ئەوەش بڵێم ئەوە سیاسیەکان و نوێنەرایەتیە فەرمیەکانی دەسەڵاتە گشتیەکانی وەک حکومەت و پەرلەمان نین نوێنەرایەرتی گەل دەکەن بەتەنیا، بەڵکو رۆشنبیرانیش کۆڵەکەیەکی پتەوی پڕمەعریفەی بێ سازش و بێ دەربەست و بەرژەوەندی و بێسەوداکاری دۆزی نیشتمان و نەتەوەکەی خۆیانن. مەریوانی وریا قانع لەو کۆنفرانسەدا شیکردەوە کە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئێستا هی دەیەکانی رابردوو نیەو حەتمیەتی گۆڕانکاری نوێ لە ناوچەکە گومان هەڵناگرێ، گرنگ ئاگاداربونە لە گۆڕانەکان. لەم نوسینەمدا هیچ مەبەستم خوێندنەوە نیە بۆ بابەتەکەی، هێندەی هەیە دەمەوێ لەلایەک گوزارشت لە شادی بۆ ئایندەی کورد بکەم لە بوونی ناوێکی دیاری وەک د مەریوان. هەم خەمباریشم لە کایەی سیاسی ئێمەدا کەمتر تێزی روناکبیرکانمان بەهەد وەردەگیرێن و گیانی رەخنەیی لە ژیان بەگشتی و ژیانی سیاسیمانا پێ دەبوژێنرێتەوە. لە رێگەی ئەم نوسینەوە ئەمەوێ ئەوە بەرچاو بخەم کە ئێمە بێ شک جگە لە ناوخۆی کوردستان، سەدان ئەکادیمیست و رۆشنبیرو نوسەرمان هەن بەتایبەتی لە ( دیاسپۆرا) لەپاڵ پیشەی خۆیاندا هەڵگری دۆزو پەیامی نیشتمان و نەتەوەکەی خۆیانن و لە ناوەندە گرنگەکانی دونیا ئامادەیی گەورەیان هەبوە.
عەدالەت عەبدوڵڵا لەگەڵ سەرھەڵدانی پەتای گڵۆباڵی(Pandemic) کۆرۆنادا، رۆژانە، لە میدیاکانی جیھاندا، شیکاری و دیدی ئایندەناسییانە(Futurology) لەبارەی دنیای دوای کۆرۆنا دەخرێنەڕوو. وا دەردەکەوێت کە ھەستکردن بەخودی ئەو گۆڕانکارییە دوارۆژییانەی کە ئەم پەتا گڵۆباڵە لەگەڵ خۆیدا دەیانھێنێ، بوبێتە ھەستێکی گڵوباڵ!، ئەمەش رەنگە، پێش ھەر شتێ، زادەی لێکەوتەکانی خودی دیاردەی بەجیھانیبوون Globalization خۆی بێت، لانیکەم، بەجیھانیبوون لە بواری میدیاو میدیای نوێ New media و تەکنەلۆژیاو شۆڕشی زانیاریدا، دەنا ئەوەی ئەمڕۆ روودەدا، گەر یەک سەدە لەمەوبەر بووایه وەک نموونەی(ئەنفلەوەنزای ئیسپانی!)ی ساڵی(١٩١٨) کە زیاتر لە(١٠٠) ملیۆن کەسی لە جیھان و بەتایبەت لە ئەروروپادا لەناوبرد، واتە دوو ھێندەی قوربانیانی جەنگی جیھانیی یەکەم(١٩١٤-١٩١٨)!، ئەوا رەنگە بەشێکی زۆری جیھان، زۆر درەنگتر پێیان بیانزانیایه. لەو سەردەمەدا، جەنگی جیھانیی یەکەم لە لوتکەی وەحشتگەریی خۆیدا بوو، میدیا لەسەرتاسەری جیھاندا بەھەواڵەکانی جەنگەوە سەرگەرم بوون تەنھا میدیای ئیسپانی نەبێ کە بەھۆی ئەوەی وڵاتەکەی بەشێک نەبوو لەو جەنگە، تا رادەیەکی زۆر، دەستکراوە بوو بۆ رووماڵکردنی ئەو پەتا کوشندەیە، نھێنیی ناوی ئەنفلەوەنزای ئیسپانی-یش ھەر لەمەوە ھاتووە!، ئەگینا پەتاکە، نە لەو وڵاتەوە سەریھەڵدابوو و، نە لەوێشەوە بەجیھاندا بڵاوببوەوە. بە مانایەکی تر، بە جیھانیبوون، ھۆشیارییەکی جیھانییش لای دانیشتوانی سەر ئەم ھەسارەیە دروستدەکات چ جای لەگەڵ پەتایەکی گڵۆباڵدا کە بە خێرایی تیشک بە سەرتاسەری جیھاندا بڵاودەبێتەوە. پرسیاریش ئەوەیە، ئایا ئەم ھەستە ھاوبەشە لە جیھاندا، ھەستێکی ھاوبەشیشە بۆ مامەڵە لەگەڵ ئەگەری پێشھات و گۆڕانکاری لەسەر ئاستی جیھان؟ ئەگەر وابێ، کێ لەم جیھانە تووشبووەی کۆرۆنادا کۆنترۆڵی ئەو گۆڕانکارییانە دەکات؟ کێ نەک جڵەو، بگرە بە پێی ستراتیژەکانی باڵادەستبوون بەسەر جیھاندا، ئاراستەی دەکات؟ ئەو پرسیارانە، سادە نین!، چونکە ئەگەر، لە بنەڕەتدا، ئەگەری گۆڕانکاریی گەورە لە رێی مرۆڤایەتیدا بێ، ھەموو وڵاتێکی جیھان بکەری ناو ئەو گۆڕانکارییانە نییە ئەگەر بەرکارێکی باسیڤ نەبێ!. لەھەموو دۆخێکدا، وڵاتانی گروپی (٢٠)، گروپی (٧)، لەسەرویانەوە زلھێزەکانی وەک ئەمریکا و چین، لەولاشەوە ئەوروپاو روسەکان، بە پلەی یەکەم، دەستنیشانی ئەو ئاراستەیە دەکەن کە دەبێ گۆڕانکارییەکان بەخۆوەی ببینن. جیھانیش لەگەڵ ئەو زلھێزانەدا، جیھانێکە ھەم بە رووی ھاریکاریدا کراوەیە، ھەم بە رووی ململانێی توند. ھەندێ ئابوریناس لەناوچەکەی خۆمان، رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، پێشبینییان بۆ دنیای دوای کۆرۆنا تەنانەت دەگاتە سنوری ئەگەری بەرپابوونی جەنگی جیھانیی سێیەم!، واتە ئەوە راست نییە کە ھاودەردیی مرۆڤایەتی، لەگەڵ ئەم پەتا گڵۆباڵەدا، ئیتر بە لێشاو ھاریکاریی نێودەوڵەتی و ھاوکاریی نێونەتەوەیی بەدوای خۆیدا دەھێنێ، بەڵکو ئەگەری ململانێی زۆر مەترسیداریش لە ئارادایە کە بکەوێتە نێوان وڵاتانی زلھێزەوە. ئێمە ھەر لەم سەروەختەی پەتاکەدا بوو کە بینیمان وڵاتانی گروپی(٧) نەیانتوانی تەنانەت راگەیەنراوێکی ھاوبەشیش بڵاوبکەنەوە تەنھا لەبەر ئەوەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ، داوای کردبوو کە پەتاکە ناوبنرێت( پەتای چینی، یان ڤایرۆسی وھان!). تیروتوانج و ئاڵوگۆڕی تۆمەتی نێوان ئەمریکییەکان و چینییەکان، ئیتاڵییەکان و وڵاتانی تری ئەوروپی، رەخنەگرتنی توند لە رێکخراوی تەندروستی جیھانی WHO وەک دەزگایەکی نێودەوڵەتی و بگرە راگرتنی بودجەکەی لەلایەن سەرۆکی ئەمریکاوە، کێبەرکێی بەرھەمھێنانی تایبەت بە کۆرۆناو جەنگی شاردنەوەی توێژینەوەکانی تایبەت بەم ھەوڵانەو زۆر پێدراوی تریش، سەرلەبەر، ئەوە رووندەکەنەوە کە ململانێکان، لەگەرمەی کۆرۆنادا، لە ئێستاوە بناغەیەک بۆ خۆیان دادەڕێژن، بگره جیھانی دوای کۆرۆنا بەو ئەگەرانە بارگاوی دەکەن کە بۆ مرۆڤایەتی مژدەبەخش نین!.
هیوا سەید سەلیم لە گەرمەی ناکۆکیکان لەسەر بردنی هێز بۆ زینی وەرتێ، درەنگانی شەو بوو رۆژنامەنووسێک لە سلێمانی پەیوەندی پێوەکردم و پرسی. - ئەرێ زینی وەرتێ چەندە لە فرۆکەخانەی هەریرەوە دوورە؟ سەرەتا وامزانی ئەویش وەک گاڵتەپێکردنەکەی مامۆستاکەی زانکۆ, ئەو پرسیارەم بە تەنزەوە لێدەکات، دواتر درێژەی پێداو ووتی: (پۆستێکم لەسەر ئاڵۆزیەکانی زینی وەرتێ نووسی، دواتر هاوڕێیەکی رۆژنامەنووسم لە هەولێر پەیوەندی پێوەکردم، گوایە بابەتی زینی وەرتێ هەر ئەوە نیە کە من لە پۆستەکەم بە سادەیی باسم لێوەکردووە، ئەو بابەتە پەیوەندی بە ناوچەیەکی ستراتیژیەوە هەیە، کە کاریگەری لەسەر بوونی هێزەکانی ئەمەریکا لە فڕۆکەخانەی هەریرەوە هەیە، واتا ئەو بابەتە لە ئەساسدا کێشەی باڵادەستی ئەمەریکا و ئێرانە لەو ناوچەیە) رۆژی دواتر چوومە سەر سەرچاوەی ئەو زانیاریەی کە بەو هاوڕێیەم درابوو، کەچی هەر نەمتوانی باوەڕ بەو زانیاریانە بێنم. لە زینی وەرتێ رۆژبەرژ دۆخەکە ئاڵۆزتر دەبوو، لەلایەک زینی وەرتێیان بردە سەر سنووری تورکیا و ئێران، چاودێر و بەرپرسی یەکەمی حزبەکان هەمان قەوانیان لێدایەوە، گوایە ئەمەریکا هەرێمی کوردستانی راسپاردووە کە نابێت هیزەکانی pkk لەو ناوچەیە بمێنن. دوو رۆژە بیردەکەمەوە زینی وەرتێ لە کوێ و فرۆکەخانەی هەریر لەکوێ؟ لە نێوانی ئەو دوو ناوچەیە زنجیرە جیای کارۆخ و هەندرێن و کوڕەک و ئینجا بەنی هەریر هەیە. ووتم با لێگەڕێین ئەوە نیە دەڵێن بابەتەکە پەیوەندی بە ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا و وڵاتێکی ئیقلیمی وەک ئێران هەیە، با ئیمەومانان کە کەم زانیارین، لەو بارەیەوە قسە نەکەین، ئەگەرچی گاڵتەم بەو زانیاریانە دەهات، ئەویش لەبەر دوو هۆکار: یەکەمیان ناتوانم باوەڕ بکەم کە pkk هێندە نەزان بێت خۆی بکاتە بەشێک لە ململانێی ئەمەریکا – ئێران. دووەمیان ئێران ئەگەر بیەوێت مەترسی لەسەر فرۆکەخانەی هەریر درووست بکات، چ کاری بە زینی وەرتێیە، ئەوان لە شوێنی زۆر ستراتیژی دیکە و بگرە نزیکتریش هەن. باش بوو ئەمڕۆ نیچیروان بارزانی سەرۆکی هەرێم لە کۆنگرە رۆژنامەنووسیەکەی زۆر بە تەنزەوە باسی لەو بابەتە کرد، و ئێمەشی لە دوو دڵی نەهێشتەوە، بەوەی ئایا ڕاستە زینی وەرتێ بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا مەترسیە؟! با ئەو برادەرانە باسی مووشەکی زیرەک و سیستەمی پاتریۆتی ئەمەریکامان بۆ نەکەن، ئەوە سەرۆکی هەرێمە دەڵێت: (ئەو زانیاریانە بێ بنەمان، و ئەو هێزەی چۆتە زینی وەرتێ کاتیە و کەی پێویستمان پێی نەبوو دەیانکیشینەوە بابەتی ئەمەریکا و شتی وا لە گۆڕێ نیە) دەی کەوایە واز لەو تحلیل و تەفسیرە بێ بنەمایانە بێنن، لێگەڕێن با لەوەزیاتر خەڵکی وەرتێ لە دڵەڕاوکێ دانەبیت، چونکە نە زینی وەرتێ لەسەر سنووری تورکیا و ئێرانە، نە هێندە ستراتیژیە بۆسەر ئەمنی قەومی ئەمەریکا مەترسی بێت، هەردوو زانیاریەکە لای من وەک یەک وابوون.
هیوا سەید سەلیم لە گەرمەی ناکۆکیکان لەسەر بردنی هێز بۆ زینی وەرتێ، درەنگانی شەو بوو رۆژنامەنووسێک لە سلێمانی پەیوەندی پێوەکردم و پرسی. - ئەرێ زینی وەرتێ چەندە لە فرۆکەخانەی هەریرەوە دوورە؟ سەرەتا وامزانی ئەویش وەک گاڵتەپێکردنەکەی مامۆستاکەی زانکۆ, ئەو پرسیارەم بە تەنزەوە لێدەکات، دواتر درێژەی پێداو ووتی: (پۆستێکم لەسەر ئاڵۆزیەکانی زینی وەرتێ نووسی، دواتر هاوڕێیەکی رۆژنامەنووسم لە هەولێر پەیوەندی پێوەکردم، گوایە بابەتی زینی وەرتێ هەر ئەوە نیە کە من لە پۆستەکەم بە سادەیی باسم لێوەکردووە، ئەو بابەتە پەیوەندی بە ناوچەیەکی ستراتیژیەوە هەیە، کە کاریگەری لەسەر بوونی هێزەکانی ئەمەریکا لە فڕۆکەخانەی هەریرەوە هەیە، واتا ئەو بابەتە لە ئەساسدا کێشەی باڵادەستی ئەمەریکا و ئێرانە لەو ناوچەیە) رۆژی دواتر چوومە سەر سەرچاوەی ئەو زانیاریەی کە بەو هاوڕێیەم درابوو، کەچی هەر نەمتوانی باوەڕ بەو زانیاریانە بێنم. لە زینی وەرتێ رۆژبەرژ دۆخەکە ئاڵۆزتر دەبوو، لەلایەک زینی وەرتێیان بردە سەر سنووری تورکیا و ئێران، چاودێر و بەرپرسی یەکەمی حزبەکان هەمان قەوانیان لێدایەوە، گوایە ئەمەریکا هەرێمی کوردستانی راسپاردووە کە نابێت هیزەکانی pkk لەو ناوچەیە بمێنن. دوو رۆژە بیردەکەمەوە زینی وەرتێ لە کوێ و فرۆکەخانەی هەریر لەکوێ؟ لە نێوانی ئەو دوو ناوچەیە زنجیرە جیای کارۆخ و هەندرێن و کوڕەک و ئینجا بەنی هەریر هەیە. ووتم با لێگەڕێین ئەوە نیە دەڵێن بابەتەکە پەیوەندی بە ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا و وڵاتێکی ئیقلیمی وەک ئێران هەیە، با ئیمەومانان کە کەم زانیارین، لەو بارەیەوە قسە نەکەین، ئەگەرچی گاڵتەم بەو زانیاریانە دەهات، ئەویش لەبەر دوو هۆکار: یەکەمیان ناتوانم باوەڕ بکەم کە pkk هێندە نەزان بێت خۆی بکاتە بەشێک لە ململانێی ئەمەریکا – ئێران. دووەمیان ئێران ئەگەر بیەوێت مەترسی لەسەر فرۆکەخانەی هەریر درووست بکات، چ کاری بە زینی وەرتێیە، ئەوان لە شوێنی زۆر ستراتیژی دیکە و بگرە نزیکتریش هەن. باش بوو ئەمڕۆ نیچیروان بارزانی سەرۆکی هەرێم لە کۆنگرە رۆژنامەنووسیەکەی زۆر بە تەنزەوە باسی لەو بابەتە کرد، و ئێمەشی لە دوو دڵی نەهێشتەوە، بەوەی ئایا ڕاستە زینی وەرتێ بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا مەترسیە؟! با ئەو برادەرانە باسی مووشەکی زیرەک و سیستەمی پاتریۆتی ئەمەریکامان بۆ نەکەن، ئەوە سەرۆکی هەرێمە دەڵێت: (ئەو زانیاریانە بێ بنەمان، و ئەو هێزەی چۆتە زینی وەرتێ کاتیە و کەی پێویستمان پێی نەبوو دەیانکیشینەوە بابەتی ئەمەریکا و شتی وا لە گۆڕێ نیە) دەی کەوایە واز لەو تحلیل و تەفسیرە بێ بنەمایانە بێنن، لێگەڕێن با لەوەزیاتر خەڵکی وەرتێ لە دڵەڕاوکێ دانەبیت، چونکە نە زینی وەرتێ لەسەر سنووری تورکیا و ئێرانە، نە هێندە ستراتیژیە بۆسەر ئەمنی قەومی ئەمەریکا مەترسی بێت، هەردوو زانیاریەکە لای من وەک یەک وابوون.
زانا تۆفیق بەگ پڕۆسەی بە پیرۆزکردن بۆ هەردوو لایەنی دینی و سیاسی لە ناو کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕەگ وڕیشەیەکی قۆڵی مێژووی هەیە. ئەوەی بۆ من گرنگە لێرەدا بریتیە لە شێوازی بەردەوامی پرۆسەی بە پیرۆزگەرایی سیاسی کە ئێستا زۆر بە ڕوونی لە ناو کایەی سیاسی و ململانێی سیاسێکانی ئێمەدا دە بینرێت وە خەریکە دە بێتە بەشێک لە ئەدەبیاتی سیاسی و حیزبیمان وە لێکۆڵینەوە لەسەر بابەتی تەقدیسکردن کەمترین پانتای داگیرکردوە لەناو دنیای فکری و ڕوشنبیری ئێمەدا وە کەمترین لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە بە تایبەتی دنیای دوای ڕاپەڕینی لە کوردستان گوڕانکاریی لە شێوازی کاری سیاسی حیزبیدا دەتوانم بڵێم دنیایەكی تەواو جیاوازە لە قۆناخەکانی پێشوتردا ئەو دیمەن و چیرۆکانە کەم نین کە ڕۆژانە بەرچاوی زۆربەمانەوە لە ناو کایەی سیاسی ئێمەدا بەهۆی ئەم پڕۆسەیەوە دەکرێتە بنەمای دڵسۆزی کەفائەتی کارکردن پۆست وەرگرتن لەناو گشت دامەزراوە حیزبی و حکومێکاندابەگشتی پرۆسەی پیرۆزگەڕایی کەلێنێکی گەورەی دروستکردوە لە نێوان نوخبە سیاسێکاندا بەتایبەتی ئەوانەی کە ئەم پڕۆسەیە بە گەورەتر لە نیشتمان بەها کۆمەڵایەتێکان دە بینن واتە بە پیرۆ زکردنی سیستەمی سیاسی دەخنە پێش نیشتمان و ئازادی و یەکسانی کۆمەڵایەتی بە تایبەتی لەناو پڕۆسەی سیاسی دا هاو تەریبی دە کەنەوە بەوە کە کێ بتوانێت زیاتر دڵسۆزی بنوێنی بە تەقدیسکردنی کارێکتەری سیاسی لەناو پرۆسەی سیاسی دا ئەوە زیاتر دلسۆز بە ئەمکترە بۆ نیشتمان . ئێمە ناتوانین ئەم ماکە خراپەی ناو پرۆسەی سیاسی کوردی کە ناوی پڕۆسەی پیرۆزگەرایی تێپەڕێنین ئەگەر نەتوانین کەلتوری تایفەگەری و تاكڕەویی لە کەلتوری سیاسی تێنەپەڕێنین ، چۆنکە بەردەوامی لەسەر هە مان کەلتوری بە پیرۆزکردن لە ناو کاییەی سیاسی و تەنانەت دینی دا دەرئەنجامێکی نێگەتیڤمان ئەداتی وەکاریگەریەکی ڕاستەخۆ دەکاتە سەر لە ناوبردنی تواناکانی مرۆڤی ئێمە . کەلتوری سیاسی و سیستەمی سیاسی ئێمە کۆمەڵگایەکی کۆنتڕۆڵکراوی بەرهەم هێناوە کە تێدا ئایدیۆلۆژیا و هەژمونگەرایی بڕوا هێنان بەوەی کە هە موو حەقیقەتێکی ڕەها لای منە و هەر ئاڕگۆمێنتك بە پێچەوانەی ئایدیاو بیروبۆچونی من بە خائین و ناپاك لە قەڵەم بدرێت. هاوکات مرۆڤی ئێمەی بە جۆرێك لە ژێر کاریگەری پرۆسەی بە پیرۆزکردنی تاك و سیستەمی سیاسی دایە ئولفەتمان بە وە وەرگرتووە هەمیشە خۆمان بە کۆیلە و ملکەچ و خۆبەکەمزان وکۆیلایەتی ببین وە لەسەری ڕاهاتووین هە میشە هە موو ئازادیەك بۆ دەربازبوون لەو ملکەچیە ڕەتدەکەینەوە . چۆنکە لە ناو کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی کوردستان دا بایەخی فیکری ڕەخنەیی تا ئەندازەیەکی زۆر بوونی نیە ، لە هەر کۆمەڵگایەکدا ئەگەر بابەتە سیاسی و دینێکان نەکەونە ژێر فیکری ڕەخنەییەوە کە شتەکان ڕووتبکاتەوە ڕاستێکان دەربخات ئەوا پرۆسەی بەپیرۆزگەرایی و هەیمەنەی تاكڕەویی و زۆڵم و ستەمکاری سیاسی رۆژ بەرۆژ لە پەرە سەندندا دەبێت ، وە هیچ مەودایەك بۆ ڕوشنبیران و ڕەخنەگرانی فکری نامێنێتەوە بەتایبەتی ئەو ڕۆشنفکرانەی کە سەروکاری زۆریان لەگەڵ بابەتە فکرێکاندا هەیە تێزەکانیان دژی پرۆسەی بە پیرۆزگەرایی و ستەمکارین یان زیاتر شوڕدەبنەوە بۆ ناو ڕەگوڕیشەی شتەکان وە قووڵاییە شاراوەکان دەپشکنن ئەم جۆرە فکرانە زیاتر لەلایەن گرۆپی باڵادەستەکانەوە دە کەونە بەردەم چاودێری و ترس وتۆقاندن چونکە ئەمانە لە بابەتە گەرم و گوڕەکانی کە پەیوەندیان بە گوڕانکاری کۆمەڵایەتی کاریگەری لەسەر شێوازی بیرکردنەوەی مرۆڤی ئێمەوە هەیە زیاتر ڕووبەڕووی مەترسیی گەورە دەبنەوە. لێرەدا گرنگە ئاماژە بەوە بدەین کێن ئەوانەی کە بەرگری لەم تێزە یان ئەم پرۆسەیە دەکەن ؟ حەقیقەتێکی تاڵ هەیە لەناو ڕوشنبیرانی ئێمەدا ئەویش بریتیە لە دیل بوونی نەریتی سیاسی کۆن یان بەرگیکردن لەپێناوی بەرژەوەندی مادی دا وە ئیفلیج بوونی بیرکردنەوە وە بەرگریکردنێکی کوێرانە ، کە لە ئەنجامدا سیستەمێکی سیاسی پیرۆزگەرایی دەخوڵقێنی وە تاکێك پەروەردە دەبێت کەهیچ گرنگی بۆ لایەنی ئەخلاقی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و فکری نەمێنی ، چونکە نوخبەی ڕۆشنبیری وە نوخبەی سیاسی کە جگە لە لایەنی بەرژەوەندی خوازی تاك بۆ خودی خۆی هیچ چاکەو قانجازی گشتی لا گرنگ نیە، وە هەڵسەنگاندنی سیستەمی سیاسی لەسەر بڕی ئەو دەستکەوتە دەکرێت کە وەریدەگرێت ئەگەر مادی بێت یان مەعنەوی . وە رێژەی ئەم ڕوشنبیرانە ڕاستە زۆرن لە هەرێمی کوردستاندا بەڵام لەسەر فاکت واتە لە واقیعی سیاسی کۆمەڵگا کاریگەریەکی یەکجار گەورە بەجێ دێڵن وە هە موو وێنە ناشینەکان دەکەن تابلۆیەکی جوان لە بەرامبەر کۆمەڵگا هەر لەم ڕوانگەیەوە من گومانم هەیە ئەم پرۆسەیە لە داهاتوودا نە بێتە عورفێکی سیاسی . وە کەلتورێك دروستبکرێ دژی ڕەخنە گرتن لە مۆدیلی سیاسی و کارێکتەری سیاسی و دینی بێت وە سزای یاسای بە دوا بێت وە هەوڵی بەرتەسكبوونەوەی ئازادی تاك بدرێ وە نەوەیەك بەرهەم بێت لەسەر بنەمای ملکەچی پەروەردە بکرێت
فاروق غەفور لەدەرەوەی حزب هەست ناکەیت ئەقڵێک هەبێت بیربکاتەوە، بەدەر لە واعیزەکانیشیان، دەگمەن نەبێت نابیستیت دەنگێک نوزەی هەبێت. ئەوەی دەیبینین پارتی ویژدانی زۆرێک لە رۆشنبیرو رۆژنامەوان و ئەوانەی پێیان دەوترێت نوخبە، یان کڕیونی، یا تۆقاندونی. ئەوی دیشیان لەملا یەکێتی زۆرینەیانی خەساندوە و بێ بەرهەمی کردون. باسی مێژویەکی دورناکەین ، دوای سی و یەکی ئاب ئەو دەنگەی لەلولەی تفەنگ و تۆپ و شەستیرەکان بەرزتر بو ، بۆ ریسواکردنی خیانەتەکەو دروستکردنی رای گشتی، نوخبەی دەرەوەی حزبەکان بو. ساڵی ۲۰۰۹ ئەوەی هاوشانی بزوتنەوەی گۆڕان و بگرە زیاتریش کاریگەر بو بۆ بەگژاچونەوەی ناعەدالەتی وگەندەڵیی و دروستکردنی هێزێکی جەماوەریی کاریگەر، هەر ئەو نوخبەیە بو کە لەڕێی وتارو کۆڕو گۆڤارو کەناڵە ئیعلامیە ئەهلی و رێکخراوە مەدەنیەکانیانەوە، پشتیوان و هاوکاربون بۆ بەهێزکردنی رەوتە ناڕازی و رەخنەکرەکەو زیاتر هوشیارکردنەوەی تاک . بەڵام ئێستا کەبەدۆخێکی تا ئەوپەڕیی بێ ئومێدی خەڵک و ملهوڕیی تاقمی دەسەڵاتدار گەیشتوین، لە دەسەڵاتداران زیاتر ئەو نوخبەیە بەرپرسیارن کە بەهەر پاساو و بیانویەک بێت خۆیان لەبەرپرسیارێتی لاداوەو بێدەنگیان هەڵبژاردوە، لەنێو ئەو هەمو قەیران و نادادپەروەریی و سیناریۆیانەی دەسەڵات دروستیان دەکات بۆ شاردنەوەی ئابڕوچونەکانیان، لەدۆخێکی مەترسیدارداین و ئەوەی حزوری جدی نیە، ئەو نوخبە ونەیە، کەناوی رۆشنبیرو رۆژانامەوان و چالاکوانی مەدەنیان لێنراوە، کەبێگومان ئەوەش ئەو بەرهەمە پڕ بەرەکەت و بەفەڕەیە دەیان ساڵە نوخبەی دژ، کەدەسەڵاتدارانن کاری بۆ دەکەن.
ئاری سابیر حەمەی حەمە سەعید، وەزیری ڕۆژشنبیری حکومەتی هەرێم لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند"وەزارەتەکەی ٨ هەزار فەرمانبەری هەیە و لەو ژمارەیە ٦هەزاری زیادە، دیارە وەزیری ڕۆشنبیری ڕاستگۆیانە قسەی کردوەو نەک هەر فەرمانبەرانی وەزارەتی ڕۆشنبیری نیوەی وەزارەتەکانی حکومەت و هەمو دەستەکانی حکومت زیادەیە و مانگانە سەدان ملیۆن دینار بۆ بودجە و کرێی بینا و سەیارە و پایەی بەرپرسانی ئەو وەزارەتانە و دەستەکان خەرج دەکرێت، ئاخر لەکاتێکدا هێڵی ئینتەرنێت و فڕۆکەخانەکان لەدەرەوەی وەزارەتی گواستنەوەبن ئیشی وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن چیە؟ یانی چی جیاوازیەک هەیە لەنێوان وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو شارەوانی هەیە ئەو قیڕ لەناو شار دەکات ئەو لەدەرەوەی شار ئیتر بۆچی پارەیەکی زۆر بۆ دەیان بیناو بەڕێوبەری گشتی ئۆتۆمۆبیل و سەدان لێپرسراوی بەش خەرج بکرێت؟ ئاخر مافی مرۆڤ لەو هەرێمە لەکوێ پارێزراوە تاوەکو دەستەیەکی بۆ داتاشرێت و سەدان فەرمانبەری دابمەزرێت؟ دروست کردنی ئەنجومەنی خانمان خۆی لەخۆیدا بێڕێزی کردنە بەژنان لەو هەرێمە مەگەر قورئان و یاسا هەمو مافێکی نەچسپاندوە؟ ئەگەر بەیاسا نەتوانرێت مافی ژنان بپارێزرێت بەچەند خانمێک مافەکانیان وەر دەگێرێت؟ لەکاتێکدا ڕۆژانە دەیان دۆسیەی گەندەڵی ئاشکرا دەکرێت و دادگا ناتوانێت بەرپرسێکی بچوک دادگای بکات لەسەر گەندەڵی دەبێت ڕۆڵی دەستەی دەست پاکی چی بێت و کێ هین ...... بەکڵاوەکانیان دەپێوێت؟ ئاخر بەرپرسانی کابینەی نۆیەم بەنیازی چاکسازی و کەمکردنەوەی خەرجین و دەیانەوێت بارگرانی لەسەر شانی ئەو میلەتە کەم بکەنەوە ئەوە پێویستە پێکهاتەی کابینەکەیان بۆ ۱۰ وەزارەت کەم بکەنەوەو ئەو لەشکرە وەزیر و بریکار و سەرۆکی دەستە و بەڕێوبەر و ڕاوێژکار و لێپرسراوانەی سەدان ملیۆن دیناریان بۆ خەرج دەکرێت کەمبکرێنەوەو ئەو هەمو سەیارەیەی بەرپرسان کە ڕۆژانە بۆ گەشت و سەیران و کڕینی شبیت و کەبابی سەفەری بەکاردێت وەربگیرێتەوە، ئاخر هەرێمێکی چوار شاری کەدانیشتوانەکەی بەقەد شارێکی بچوکی سین و ئێران و هندستان و ئەمریکا نابێت ئەو هەمو وەزارەت و دەستەیە و لەشکرێکی گەورەی بەرپرسی بۆ چیه، بەڵام دیارە نیەتی پاکتان نیە بۆ چاکسازی دەنا یەکەم هەنگاو لێرەوە دەستان پێدەکرد
پەیكار عوسمان سێ قسە (ئازادی بۆ هێمن مامەندو موچە بۆ خەڵك و نا بۆ شەڕ) هەرسێکیم گرێداوە بەیەکەوە، چونکە "نان و ئازادی و ئاشتی" پاکێجی ژیانەو ژیانیش عەدالەتەو نێوانی عەدالەت و ستەمکارییش، سەلامەتیی ئەو پاکێجەیە. ئینجا با وردی بکەینەوە: ١- عەقڵی سیاسیی ئێمە، عەقڵی کەلاوەیە نەك ماڵ. لە عەقڵیەتی کەلاوەشدا، هەریەکەو بەجۆرێك، ئەیەوێ ببێ بە پاڵەوانی ناو کەلاوەکە. ئیتر بەشی مەرحەبایەکی تیاناهێڵنەوەو تا ئەوسەری ئیبلیس یەکتری بەشەیتان ئەکەن. بەڵام لە عەقڵی ماڵدا، ماڵ هی هەمووانەو وزەی هەمووانی ئەوێ و بە هەمووان دروستئەکرێ. ئیتر ململانێ هەرچەنیش گەرمبێ، بەشی هەماهەنگی و کاری پێکەوەیی تیائەهێڵرێتەوە. چونکە کارەکە ئامانجەو ئەوە گرنگە کە چۆن کەلاوەکە بکەین بە ماڵ، نەك ئەوەی کێ پاڵاوانی کەلاوەکەبێ! لە عەقڵیەتی ماڵدا، تۆ ئەوت ئەوێ بۆ کارەکەو ماڵەکەت ئەوێ بۆ هەمووان. ئەمەش ڕێك عەقڵی بینایە. بەڵام لە عەقڵیەتی کەلاوەدا تۆ ئەوت بەس بۆ ئەوە ئەوێ، کە ڕەشێکبێ خۆتی لەبەردا سپیبکەیتەوەو بەمەش کەلاوەکە بۆ خۆت بەریت. کە ئەمە ڕێك عەقڵیەتی ڕوخانەو هیچی لەسەر بیناناکرێ! عەقڵی سیاسیی ئێمەش، بە دەسەڵات و موعارەزەوە، بە گەندەڵ و دژەگەندەڵەوە، بە چەپ و ڕاستەوە، بە حیزب و تاکەوە، سەربە عەقڵیەتی کەلاوەیەو بەرزنەبۆتەوە بۆ عەقڵیەتی ماڵ. فرەحیزبی و موعارەزەو ململانێش، هەر بۆ ئەوە باشە، کە عەقڵیەتی ماڵ لە دایك ببێ، نەكئەوەی عەقڵیەتی کەلاوە تۆخترکەینەوەو خەتی دووەمی دروستبکەین! ئا لێرەوە من چەنێك ئومێدم بە دەسەڵاتی چەتەو مافیایە، هەرئەونەش ئومێدم، بە موعارەزەی پۆپۆلیست و فشەپاڵەوانی ئازادو نەوزادە. چونکە هەردولا سەربە عەقڵیەتی کەلاوەن و لەناو هەمان عەقڵیەتدا چینەو تەپوتۆز ئەکەن. ناشزانم هێمن سەربە کام عەقڵیەتە. تەنیا ئەزانم لە دۆخێکدا گیراوە، کە دادگا حەکەم نیە. بەڵکو حوکمەت خۆی خەسم و حەکەمیشە! کە هەر ئەمە بۆخۆی ستەمێکەو نابێ بەسەر ویژدانی زیندودا تێپەڕێت. ئا لەم گۆشەیەوە من بەدەنگی بەرز، داوای ئازادی و عەدالەت بۆ هێمن ئەکەم. بەڵام تەنیا لێرەوەو لە هیچ گۆشەیەکی ترەوە نا. چونکە لەئێستادا، من چەنێك بەحەزەرم لەوەی کە نەکەومە ناو یاریی گڵاوی پارتی و یەکێتییەوە. ڕێك ئەونەش بەحەزەرم لەوەی، کە نەکەومە ناو یاریی لاکەی تری عەقڵیەتی کەلاوەوە. ئازادیش ئەگەرچی مانایەکی گشتیی هەیە، بەڵام لە هەر دۆخێکیشدا مانایەکی تایبەتی هەیەو لە شتێکی دیاریکراودا بەرجەستە ئەبێ. مەسەلەن لەئێستادا ئازادی لای من، ئازادبوونە لە عەقڵیەتی کەلاوە! ٢- لەبارەی نانیشەوە، لەڕاستیدا "برسێتی ناو عەدالەت" کێشەیەکی ئەوتۆ نیە، چونکە تائێرا ستەمێك لەئارادانیەو عەدالەتەکە نیوەی برسێتییەکە پڕئەکاتەوەو تەنیا برسێتی گەدەو گیرفان ئەمێنێ. بەڵام برسێتی ناو ستەم و ناعەدالەتی، کێشەیەکی فرە گەورەیە، چونکە پێشئەوەی برسێتی گەدەو گیرفان بێت، برسێتی کەرامەت و دەروونەو مەسەلەکە تەنیا گەدەنیە کە جەستەیەو تەنیا گیرفان نیە کە دەرەوەی جەستەیە. بەڵکو برینێکە لەناو قووڵایی ڕۆحدا! موچەش تەنیا شتێکی ئاسایی و یاساییە نەك حەلی کێشەکانی ئێمە. حەلی ئێمە، تەنیا داکشانی ستەم و فەسادو هەڵکشانی نەزاهەت و عەدالەتەو جگە لەمە هیچ شتێکی تر نیە. جا ئەم موچەیەی کە ڕووداوێکی ئاساییەو لەڕێگەی نەدانییەوە کراوە بە ڕووداوێکی گەورەو نائاسایی،، ئەترسم لەکۆتاییدا بخرێتە بری عەدالەت و بەمەش ناعەدالەتی بەتەواوی بچەسپێ و ببێتە سیستەمێکی جێگیر! ٣- پەیوەست بە شەڕیش، لە عمومیاتا هەموومان ئاشتیمان ئەوێ، بەڵام لە وردەکاریدا درۆئەکەین و هەموومان خەریکی شەڕین! مەسەلەن کابرای پارتی ئاشتی ئەوێ، کەچی هەر خەریکی داکوتینی یەکێتی و پەکەکەیە. دەی برا بەشەکەی تۆ لە شەڕەکەدا هەر ئەونەیە کە ئەیکەیت، ئیتر ئاشتی چی؟! پەکەکەو یەکێتییەکانیش بەهەمان شێوە. ڕەخنە ئاشتییەو ئەوەیە کە ئەتوانی لە خۆتی بگریت. ئەوەی کە ناتوانی لە خۆتی بگریت و دایمە ڕووی لەوە، ئەوە ڕەخنە نیە، ئەوە شەڕە! تۆ ئەگەر پارتیت و ئاشتیخوازیت. لەم کاتەدا یان بێدەنگبە، یان تەنیا ڕەخنە لە حیزبەکەی خۆت بگرەو داوای کشانەوە لە پارتی بکە. تۆ ئەگەر یەکێتیت و ئاشتیواخوازیت. لەم کاتەدا یان بێدەنگبە، یان تەنیا ڕەخنە لە یەکێتی بگرەو داوای کشانەوە لەو بکە. تۆی ئاپۆچی ئەگەر ئاشتیخوازیت. لەم کاتەدا ڕووی دەمت با تەنیا لە قەندیلبێ و لەوانیتر گەڕێ. ئا ئەمە سەهم و بەشەکەی تۆیە لە ئاشتیدا ئەگەر ڕاست ئەکەیت! یەعنی "شەڕو دۆگما" پاکێجێکەو تۆ ناتوانی ئاشتیخوازبی و توند دەسیشت بە دۆگماکەتەوە گرتبێ! ئاشتیخوازیی ئەوەیە کە ئامادەبیت لە بت و دۆگماکەی خۆتی بۆ بدەیت. جگە لەمە، هەم درۆیەو هەم شەڕیش. وەك ئەو هەموو هاوڕێ پارتی و یەکێتی و ئاپۆچییەمان، کە هەم ئاشتییان ئەوێ و هەمیش بەربوونەتە یەکتر!
د. ئیسماعیل نامیق کورد دروستکراوە بۆ ئەوەی هەمیشە ناکۆک بن: ئەگەر مێژوو لەهیچدا تەواو ئەمین وراستگۆ نەبووبێت، لەوەدا بەتەواوی ئەمین وراستگۆ بووە، کە ناکۆکیەکانی قەومی کوردی وەکو خۆیان تۆمار کردووە وگواستۆتەوە. کورد فەرمانڕەوا بوبێت، یان فەرمان پێکراو، لەشەڕدا بوبێت یان لەئاشتی، بەردەوام لەناو یەکدا ناکۆک بووین، هەموو کات لەلایەن دوژمن ونەیارەکانمانەوە بەکارهێنراوین، هیچ کات یاریکەر نەبووین، بەڵکو هەردەم یاری پێکراو بووین، ئەمە راستیەکی تاڵە، وتنی قورسە، بەڵام پەند لێوەرنەگرتنی قورستترە. دووئیدارەیی ئەزمونێکی تاقیکراوە: یەکێتی وپارتی لەماوەی 28 ساڵی حوکمڕانیان، 27 ساڵی رەبەق دوو ئیدارەیی، دوو ئیرادەیی، دوو لەهەموو شتێکیان بەسەر ئەم چوار پێنج ملیۆن مرۆڤە بێ چارەنووسەدا سەپاندووە. لەو ماوە زۆرەدا کە دەتوانرا دەوڵەت یان لانی کەم ئیدارەیەکی نمونەیی هاوچەرخی پێ دروست بکرێت، ئەم دوو هێزە بەهاوکاریی ویارمەتی دوژمنەکانی کورد، هەریەکەو ناوچەیەکیان دابڕیوە وقەڵەمڕەویی خۆیان تیادا چەسپاندووە، بکوژ وببڕ خۆیان بوون، لەزۆر مومارەسە وکاری نایاسایی سڵیان نەکردۆتەوە. لەگەڵ بوونی هەندێک جیاوازی لەنێوان هەردوو ناوچەی قەڵەمڕەویەکەدا، بەجۆرێک دەکرێت بوترێت، ناوچەی قەڵەمڕەوەی سەوز تارادەیەک کراوەتر وفرە رەنگ تر بووە، بەڵام ناوچەی قەڵەمڕەویی زەرد داخراو وخنکێنراو بووە. ئەزموونی ئیدارەدان لەهەردوو ناوچەی قەڵەمڕەویەکەشدا ئەزموونێکی پڕ شکست وگەندەڵی وپێشێل کردنی ماف وئازادییەکان وکەرامەتی مرۆڤی کورد بووە. پاش تێکەڵکردنی ئەم دوو ئیدارەیە وپیشاندانی ئیدارەیەکی یەکگرتووی رووکەش بەدەرەوەو بەناوخۆش، پارتی لەرێگەی کۆمەڵێک کەناڵی راگەیاندنەوە لەهەوڵی ئەوەدایە، ناوچەی قەڵەمڕەویی زەرد وەکو ئیدارەیەکی نمونەیی پیشانبدات، بچوکترین جوانیەکانی پیشان ئەدات، بەراوردی ئەکات بەپایتەختە عەرەبیەکان، کەچی لەئاست گەورەترین ناشرینیەکانیدا ئەم کەناڵانە خۆیان ئەکەن بەکەڕەی شەربەت!!! لەبەرامبەردا بۆ ناوچەی قەڵەمڕەویی سەوز بەپێچەوانەوە مامەڵە دەکەن، کێوی جوانیی ئەم قەڵەمڕەویە بەکێچ پیشان ئەدەن، کێچی ناشرینییش بەکێو!!! لەکاتێکدا ناوچەی قەڵەمڕەویی زەرد وەکو زیندانێکی مۆدێرنی هەڵخەڵەتێنەر وایە، هیچ جوڵانەوەیەک یان ئاراستەیەکی سیاسی یاخود تەنانەت سیاسیەک یان کەسایەتیەکی خاوەن پێگەی جەماوەریی ناتوانێت تیایدا دروست بێت وگەشە بکات ئەگەر بەسەر ئەو هێڵەدا رێ نەکات کەپارتی بۆی دەکێشێت، سزای سەرپێچی کردنی ئەو هێڵەش بریتیە لەپاکتاو کردنی جەستەیی ومەعنەویی وسنورداشکردن وپەلاماردان وسوتاندن بەناوی خەڵکەوە!!! کەواتە، دوو ئیدارەیی ئەزموونێکی تاقیکراوەی شکستخواردووە، ئەگەر وەکو چارەسەر باس دەکرێت، چارەسەر نیە، چونکە لەدوو ئیدارەییدا، وەکو پێشتر هەر هێزە وبەئاگر وئاسن حوکمی ناوچەیەک دەکات، بەردەوام ئەگەری شەڕی نێوانیان لەئارادا دەبێت. هەڵبژاردن یان ناکرێت، یان هەڵبژاردنێکی روکەشی کارتۆنی دەکرێت تەنها بۆ تازەکردنەوەی بەیعەت بە پارتی لەناوچەی قەڵەمڕەویی زەرد وە یەکێتی لەناوچەی قەڵەمڕەویی سەوز. دوو ئیدارەیی لەروی سیاسی ودەستورییەوە. لەرووی دەستورییەوە، هەرێمی کوردستان بەشێکە لەعێراقی فیدراڵ، بەپێی دەستوور هەولێر وسلێمانی ودهۆک بەیەکەوە وەکو هەرێمێک مامەڵەی لەگەڵدا کراوە. لەحاڵەتێکدا ئەگەر ئەم هەرێمە لەرووی ئیداریەوە ببێتە دوو بەشەوە، ئەوا حکومەتی فیدراڵ وەکو دوو هەرێم مامەڵەی لەگەڵدا ناکات، وە ناشتوانێت مامەڵەی هەرێم لەگەڵ لایەکدا بکات ولەگەڵ ئەوی دیکەدا نەیکات. بۆیە گریمانەی بەهێز ئەوەیە لەرووی واقعیەوە پێگەی هەرێم هەڵدەوەشێتەوە، حکومەتی فیدرال مامەڵەی پارێزگا لەگەڵ هەر سێ پارێزگاکەدا دەکات، رەنگە هەموارکردنەوەی دەستوری عێراقیشی بەدوادا بێت و فیدراڵی لەعێراقدا بکرێت بەفیدراڵی پارێزگاکان، نەک فیدراڵی هەرێمەکان. فیدراڵی پارێزگا، فیدراڵیەکی رووکەشە وتەنها ناوی فیدراڵیە، لەناوەڕۆکدا دەوڵەتێکی مەرکەزییە. جا خوانەخواستە ئەگەر شەڕ روو بدات لەنێوان هەردوو قەڵەمڕەوییەکەدا ئەوا بەپێی دەستور حکومەتی فیدراڵی ئەرکی سەر شانێتی تەدەخول بکات بۆ پاراستنی ئاسایشی ووڵات، بەدڵنیایشەوە تەدەخول دەکات، کەسیش رێگر نابێت، چونکە لە 31 ئابی 1996 حکومەتەکەی سەدام حسین تەدەخولی کرد وکەسیش هیچی نەوت، لە16 ئۆکتۆبەری 2017 حکومەتەکەی عەبادی تەدەخولی کرد ودەستخۆشیشی لێکرا لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە، هەرچی تورکیا وئێرانیشە کە دۆستی پارتی ویەکێتین، کاتێک تەدەخول دەکەن کە لەزیانی کورد بێت، هیچ کات لەبەرژەوەندی کورددا تەدەخول ناکەن!! هێزەکانی دەرەوەی یەکێتی وپارتی: بەرای من هێزەکانی دەرەوەی یەکێتی وپارتی نابێت داوا لەیەکێتی وپارتی بکەن، تا کۆببنەوە بۆ ئەوەی ئەمجارەش بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە شەڕ نەکەن ودوو ئیدارەیی دروست نەکەن، چونکە ئەم دوو هێزە ئەگەر جدی بن لەوەی شەڕێکی دیکە دەکەنەوە، ئەمڕۆش نەیکەن، سبەی دەیکەن، ریفراندۆم وغاز وکۆرۆناش پێیان نەکات، روداو وبابەتێکی دیکە هەر دێتە پێشەوە پێیان بکات، بەتایبەتی بڕیار بەدەستەکانی ئێستای ئەم دوو پارتە، ئەزموونی شاخ وراپەڕین وحکومەتی هاوبەش وشەڕی ناوخۆ ونێوەندگیریەکانی خاتوو مادلین ئۆڵبرایتیان بەیەکەوە نیە، هەروەها ئەوەندە شارەزای مێژووش نین، وانە وعیبرەتی لێ وەربگرن، لەرووی فکریشەوە ئەوەندە قوڵ نەبونەتەوە، تا بتوانن ململانێکانیان بگۆڕن بۆ ململانێی فکری. بۆیە مەترسی پێکدادانیان بەردەوام لەئارادایە. کەواتە پارتەکانی دیکەی دەرەوەی ئەم دوو پارتە دوو بژاردەیان لەبەردەمدایە، ئەوانیش: یەکەم/ یەکێتی وپارتی قەناعەت پێ بکەن، وە ناچاریان بکەن دەستبەرداری چەک ببن لەبەرژەوەندی هەرێم ودروستکردنی هێزێکی رێکخراو کەپارێزەری هەمووان بێت وئینتیمای بۆ حیزب نەبێت، هەرچەندە زۆر هەوڵ بۆ ئەم بژاردەیە دراوە، بەڵام هاتنە دی زۆر سەختە ونزیکە لەئاستەمەوە. دووەم/ هێزەکانی دەرەوەی یەکێتی وپارتی بەیەکەوە ئەگەر توانیان، ئەگەر نا بەجیا هەوڵی ئەوە بدەن لەداهاتوویەکی دوور یان نزیکدا ببن بەئەڵتەرناتیڤی یەکێتی وپارتی، ئەم بژاردەیە راستە قورسە بەڵام ئاستەم نیە، کەمێک پێویستی بەپشو درێژی وحیکمەتی سیاسی ومامەڵەی دروستە لەگەڵ کات وهەلەکاندا . تێبینی وگەواهیدانێک بۆ مێژوو: ناوچەی قەڵەمڕەوەی سەوز لە 25/ 7/ 2009 جۆرێک لەگۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، لەرووی دەنگ وپشتگیری جەماوەرییەوە بووە بەزۆنی نیلی وسەوز یان سەوز ونیلی، بەڵام لەرووی هێزی چەکداریی وسەربازییەوە، هەنووکە هەر دەکرێت بەناوچەی قەڵەمڕەویی سەوز وەسف بکرێت، هەرچەندە زۆر هەوڵ درا ململانێکان لەکوردستاندا بگۆڕدرێت بۆ ململانێی مەدەنی وپەرلەمانی، هەنگاوی زۆر باشمان بڕیبوو، ئەنجامی ئەم هەوڵە لەناوچەکانی دەرەوەی قەڵەمڕەویی زەرد رەنگدانەوەیەکی باش وکاریگەری هەبوو، لەسەر پرۆسەی بەدیموکراسیکردنی دەسەڵات، لەناوچەکانی قەلەمڕەویی زەردیش دەستی کردبوو بەدەرکەوتن. بەڵام رێگرییەکانی پارتی لە12 ئۆکتۆبەری 2015 زۆربەی رێسەکەی کردەوە بەخوری، ئەگەر پارتی ئەوەی نەکردایە، ئێستا دۆخی کوردستان بەجۆرێکی دیکە دەبوو. هەر ئەم رێگرییانەش بوو کە یەکێتی هاندا مامەڵەی هاوشێوەی پارتی لەتەک گۆڕان وهێزەکانی تردا بکات. بۆ نموونە کارەسات ورووداوەکانی هەڵبژاردنی 12/ 5/ 2018 ی پەرلەمانی عێراق وهەڵبژاردنی 30/ 9/ 2018 پەرلەمانی کوردستان، یەکێتی بەگوتار وبەکرداریش بەهێزەکانی دیکەی ووت: مادام پارتی بەهێز وسەرکوتکردن وترساندن وتەزویر هەڵبژاردن دەباتەوەو حوکم دەکات منیش بەهەمان شێوە حوکم دەکەم. کۆتایی: ململانێی سیاسی نێوان پارتەکان کارێکی ئاسایی ودروستە وسروشتی سیستمی دیموکراسی دەیخوازێت، بۆ زیاتر خزمەتکردنی کۆمەڵگە، بەڵام ئەوەی نادروست ونائاساییە، ململانێی چەکدارییە، هەمووی بەشکست وزیان دەشکێتەوە بەسەر کۆمەڵگەدا. حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق زۆر تاوانی دڕندانە ونامرۆڤانەیان بەرامبەر بەگەلی کورد کرد، بەجۆرێک خراپی حوکمڕانی وهەڵسوکەوتی ئەوان بەهیچ بەراورد ناکرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ولەژێر سایەی ئەو حوکمە خراپەدا، شەڕی نێوان شار وقەزا وناحیە وگوند وگەڕەک لەنێوان کوردا دروست نەبوو، نەهێڵی دێگەڵە کێشرا ونەسلێمانی هەستی بەوە دەکرد هەولێر ستەمی لێکردووە، نەزینی وەرتێش کێشەی ئەوەی هەبوو بزانێ سەر بەکام قەڵەمڕەویی وئیدارەیە!!! لەئێستادا وانزیکەی 28 ساڵە ئەم خەت وهێڵ وسنور وبازگە ودیوار ودەرگایانە بەڕوی پێنج ملیۆن هاوڵاتی ئەم هەرێمەدا کێشراون ودروست کراون، کەهاوتای تەمەنی دیوارەکەی بەرلینە، کە توانی تەها 28 ساڵ بمێنێتەوە. ئەم هێڵ وبازگانە، لەگەڵ هەر ناکۆکی وروداوێکی بچووک توندتر وتۆختر وبەهێزتر دەکرێن وتەرویجیان بۆ دەکرێت، کاتی ئەوە هاتووە خەڵکی کوردستانیش وەکو خەڵکی ئەڵمانیا بۆ هەتا هەتایە لەرەگ وریشەوە دەریان بهێنێت وبیان سڕێتەوە.
ئاسۆ حاجی ئەو کودەتایەی لە کۆنگرەی یەکێتیەوە تاقمێک بەسەر باڵەکانی دیکە کردی هێشتا درێژەی هەیە و قۆناغ بە قۆناغ بەرەو ئامانجی دوایی هەنگاو دەهاوێژن کە کۆنتڕۆلکردنی تەواوی و یەکجارەکی یەکێتیە لەلایەن کوڕانی شێخ جەنگی زڕبرازایانی جەلال تاڵەبانی سکرتێری کۆچکردوو و دامەزرێنەری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان. لاهور جەنگی و براکانی کە دەرفەتیان لە نەخۆش کەوتنی مام جەلال و دواتر کۆچی دوایی کردنی وەرگرت و بە کەلک وەرگرتن لە بێ ئەزموونی کوڕەکانی مام جەلال خۆیان وەک میراتگر و بەرگریکار لە بەرژەوەندیەکانی ماڵباتی تاڵەبانی ناساند لە ژێر ناوی "پاراستنی رێبازی مام" کە ئەوە دروشمی هەموو باڵەکانی یەکێتی بوو بەڵام هەر یەکەو بەگوێرەی بەرژەوەندی خۆی مامەڵەی لەگەڵ دەکرد،تا بەستنی کۆنگرە و یەکلایی بوونەوەی سەرکردایەتی یەکێتی لە بەرژەوەندی لاهور جەنگی کە دوای دوورخستنەوەی بەرهەم سالح سەرۆکایەتی یەکێتی لەگەڵ کوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانی بەنیوە کرد. کوڕەکانی شێخ جەنگی کە هێزیان لە دەست تێکەڵکردن لەگەڵ ئەو لایەنانە وەردەگرن کە کەرکوکیان داگیرکردەوە و هەڕەشەی لەناوبردن و نەهێشتنی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستانیان دەکرد،ئەوە لە کاتێک دابوو کە خەڵکی کوردستان لە هەموو کات زیاتر یەکدەنگ و یەکهەڵوێست بوون و بەو روحیەتەشەوە ریفراندۆمیان سەرخست بوو کە لاهور و براکانی کەلێنیان خستە ناو یەکڕیزی کوردستانیان و بوونە کەوا سووری بەر لەشکری داگیرکەر و کەرکوک و ناوچەکانی دیکەیان رادەست کردنەوە. ئەمڕۆ کە هەموو خەڵکی کوردستان و جیهان رووبەڕووی هەڕەشەیەکی مەزن لە سەر تێکڕای کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بۆتەوە و هەرێمی کوردستانیش دوای تێپەڕاندنی ئەو هەموو قەیرانانەی کە ساڵانی رابردوو بەرۆکی گرتبوو بە سەرکەوتووی لە هەوڵدایە ئەو مەترسیە لە سەر ژیان و ژیاری خەڵک لابدا،لاهور و براکانی کار بۆ ئەوە دەکەن دەرفەت لە نەهامەتی خەڵک و زەحمەتیەکانی ژیانیان وەربگرن و پێگەی بنەماڵەی خۆیان لە ناو حیزبەکەدا توندتر بکەن،ئەویش بە زیاتر پەڕاوێزخستنی و بێ هێزنیشاندانی ستافی حیزبەکەیان لەناو حکومەتدا بە تایبەتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران کە کوڕی بچووکی جەلال تاڵەبانیە کە تا کۆنتڕۆل نەکردنی یەکێتی لەلایەن لاهورەوە لەناو یەکێتی بە مامی گچکە بانگ دەکرا و وەک جێگرەوەی مام جەلال مامەڵەی لەگەڵ دەکرا،لەوە دەچێ ئەو ترسەی لاهور هێشتا کۆتایی نەهاتبێ بۆیە رۆژانە خەریکی ئەوەیە زیاتر قوباد بشکێنێ و وەک کەسێکی بێ هێز و بێ کەلک بە یەکێتیەکانی نیشان بدا. دواین کاری لاهور لە دژی قوباد تالەبانی ئەوە بوو کە وەک بەشێک لە هەولەکانی پارتی نیشانی بدات بۆ دەستکاری کردنی موچەی فەرمانبەران و لێدانەوەی قەوانی پاشەکەوت کردنی موچە بۆ ئەو کارەشی هەڵمەتێکی گەورەی لە ڕێگای میدیاکارانی یەکێتی و ئەوانەش کە لە دەرەوەی یەکێتی کار بۆ لاهور دەکەن دەست پێکردووە،هاوشان لەگەڵ ئەو هەڵمەتەشی لاهور جەنگی لە دەرکەوتنێکی نمایشکارانە ماوەیەک بەر لە ئێستا سەردانی پارێزگاری سلێمانی و یەکە تەندروستیەکانی ئەو شارەی کرد و وەک حاکمی ئەو شارە لێدوانی دەدا و خۆی ناساند. تا ئیستا پیلانەکانی لاهور لە ناو یەکێتی سەرکەوتوو بوونە لە پەرت کردنی هەموو باڵەکان تا دەگاتە لێکهەڵوەشاندنەوەی باڵەکان و دوورخستنەوەی کارەکتەرە سەرەکیەکان لە یەکتری وەک دوورخستنەوەی بەرهەم سالح لە کۆسرەت رەسول و درز خستنە ناو باڵی کەرکوکیەکان و کڕینی زۆرینەی سەرکردەکانی هەولێر و دوورخستنەوەیان لە کۆسرەت،لەوە دەچی دواین کار و هەنگاوی بە یەکجاری تێکشاندنی قوباد تاڵەبانی بێت و هێشتنەوەی بافێل تاڵەبانیە بە تەنیا وەک هاوسەرۆکێکی بێ دەسەڵات دواتریش لە کۆنگرەی داهاتوو خۆی ببێتە کەسی یەکەمی یەکێتی و پۆستی سکرتێری گشتیش بگەڕێنێتەوە و ببێتە جێگرە و میراتگرەوەی مام جەلال.
سەید ئەكرەم ئەم جارە پەیامەکەم سورانیە، شێوەزاری سلێمانیە، با بڵێن تۆ ئەو یاری یە نازانی، من دەرێم ئیلا ئەی کەم، باشە مێشک وشک دەبرێ ئەتۆ هەر بەخۆت دەکەی. باوکە، ئەوە منم لەمەیدان، دوسیاسەت و دوو سەری پێم قوبول نینە، حکومەتەکەی من، سەرچاوەی سیاسەتە، هیچ لێدوانێکی لابەلاو، ئاراستە کراو قەبول ناکەم. من زینەتورێ هەر دەگرم، ئەدی ئێوە نازانن کێلێکێ زیارەتی بابە گەورە لە وێ یە ، ئەوەی تر لە قونیایە..دەحەهههه...مێشک قرێنە، ئەوە دادە گەورەمان، لە تل ئەبیب، تەشی رێسە و لەقودس تەون ئەژەنێ...من ئەبێ، زینەتورە هەر بگرەم...خۆڕشید لەولاتەکەی من، لەوێ هەڵدێت و لە لیبیا ئاوا دبێ..دەی لەشکەرەکەی رۆژ ... باوکە روو ، پەلەکەن، تەرابلوس رزگار بکەن، دەرێن گاز و مازی زوری تیایە..چەورە..نەترسن موعەمەرالقەزافی نەماوە، نا رێتن زەنگە زەنگە..کۆرە ئەویش دەرچوو کورد، کوری کەرکوکە، لەبابەگورگور، لەدایک بوە...دەی چریوووو،...تلیلی..نەمگوت، لەخومانە. ئە، ئە، باوکە رۆ ..عومەرە گۆچان ئاسنینن..دەوەرە، توش شەکرێ بشکێ نە، ئاموژگاریێ بکە، ئەم گورانە نازدارە، وەزیرەکان بونەتە خورە.. خورە..موستەفایی سەید قادر کەبشەکەی، داود ئوغلوی داپوشیوە، دەرێتن، دەچم ، قەبری بابە کەمال ماچی ئەکم، لەرێگادا.. قودس رزگار دەکەم...حومممم...من سەلاحدینی ئەیوبم، لیبیا دەکەم قەبرستانی دوژمنان..کوردستانی لیبیا رزگار دەکەم..دەی تەماشا بکەن، شێخە ئاوات.. خەریکە سنورەکەی، رێبازی حەملان، دەرباز دەکاتن، زیارەتی خودان دەکاتن... بەمەرسومێ پیرۆز ..حەج دەکاتن ، دوو سێ فەردە دوولار لەگەڵخو.. دەهێنێتن..دەچیتن بۆ گردەکە...عەلەکەی حەمەسالحیش، شاباش دابەش دەکاتن و بەهەردو قاچ هەڵدەپەرێ...وەزیرە نازدارەکەی کومەڵایەتیش دەرێتن تلیلی..تلیلی..سوپاس بو بازەدزەکەی هەولێر...خارە عەدنان و ئاراسە شەکریش، نانی شیوپێ دروست دەکەن..دە تێی کە.. دەپری کە ..جامێ شەرابی سەرەرەش.. بەسەر لێواندا پری کە...دکتورەکەی دەرباز خان، توزێ زەختی دازەزیوە..سوزانیەکانێ بەغا لێی حەرام کراون..حصەتی لە ناو ئازوقەی ئاوارەکان دابەزیوە .. تێر پارەیە.. خەم نیە... ئەی باوکە رۆ مەلا عەلەکەی ئەمیری موسلمانان ..جامانانەکەت دابەزێنە..شتێ برێ...رەوش خەرابە....ئەدی بوچی بەیانێ، لێدوانێک.. لە کەنەکە نادەی، وتە بێژەکەی تۆ تەڤ لهەڤی.. دەکاتن...ئەوەی لەزینەتورێ دا، دەگوزرێ باش نیە، بەل بەلە و تێک دان.. بونی خوکوژی لێی دەفرێ...بە پەکەکەمان گوو تووە.. ئێرە ساحەی ئێوە نیە، برون بو باکور..سلوپی و گەفەر رزگار بکەن... ئەرێ جەمیل بایک..موراد قەرەیلان..ئێوە نەبون دەتان گوت...مەسعود بارزانی لە سەری رەش، سەری هەمومانی سپی کردوە..دەی رولە خوتان چارەبکەن، خوتان یەک لابکەن..کوردستان ئازاد و سەربەخۆیە..ئێرە میرگەهی بارزانە.. یان کانتونەکان دروست دەکەن..وڵات دەکەنە سوێسرا...کۆماری زاب سەری نەگرت. گەویلەکەی لوس..بوغدا موفلیسە، پوڕەی نییە..ئەبێ قەندیل رزگار بکەین، دەرێنن، ژێرخانەکەی، هەموو پورەیە..زەنگن دەبین، بە پارەی نەوت و غاز سەرخۆش دەبین...قەبری باپیرە ئوسمانیش، دەگوێزین بو ئەوێ..من و ئەردگان.. بەقەبری موستەفا کمال سوێند ئەخۆین..ئەبێ لوێ هەڵ پەرین....کاکە یوسفی سادقی ، ئەم جارە لێمان، تێک مەدەی..بوینەتە.. دەستەبرا...دەست قوتان.. بو بێچوەکەێ حەمەجان..دکنور یوسفی لەگەل بنەماڵە ئاشت کردوە.. ئەی کورەکەی عەبدواحیدی کەبابچی..سروەخان ..شتێ برێن، شەکرێک بشکێنن..سەرکەوتی شەمسەدین، بەپرباغەلی پارەوە هەلات..برا نازدارەکەی تو..مەژغولە بەکچە پەرلەمانەوە.. حسابی لێ تێکجووە..بەشی زەلمای خەلیل، نێچیرەکەی قوز و چرت و پرت..بەشی دادە هێرۆ...تێکەل و پێکێڵ کراوە..سەرکوماریش زەوقی هەڵساوە، لەناو حەسامگەی پارە و پولدا بزربوتەوە..مەنسوری حەلاج زکر بوی دەکاتن، جەعفەری مەنسور پێک و شارەب، بوی تێ ئەکاتن..هارونەکەی رەشیدی ... سوزانیەکان، جوش دەداتن...دە تێی کە .. دەپری کە... جامێ شەرابی تازە... ئەی سەلاحودینو ئیبن و البهائەدین...مەلا عەلەکەی دوبەی..ئیماراتی...ئێوەش بێ دەنگنێ بشکێنن..شتێ بڵێن..چاوەروانی لوتفی ئێوەین..بێ سەرو، وبێ سەمیانینن...دەی تێگەیشتم، زانیم...ئەم برادارانە..لەستەمبول شەرابی عەدنان ئوکتایی دەنوشن..سوزانیەکانی تورکی دەگۆشن..دەم لەسەر لێووو...دەست لەسەر رانە...شەریکن لەگەل پارتی، لەگەل ئوردۆگان، لەگەل جەماعەتا...لە جەماعەتا پێدا دێنە خوار.... من هەقم لایی، لاهورە(( هەقم لای کوری شێخ جەنگیە، دەرێن بوتە سەروک..پیروزە سەروک..سەرکردە گەنجەکە...))..هەقی من لایی تویە..لەبیر نەکەی..بیدە..!! دەرێن سەروک لاهور مەردە، پارەی لەبەردەستە، جێگری مام جەلالە..خوی، مام جەلال ئەمەی ووتوە..ئێمە سێوەکەی خومان فرێ دا، بەرسینگی ئەو کەوت..وەکیلی مامەیە..بەزیادەوە بەشی خومان دەدات..بەڵێ دەیداتن، حەزی لە سەید ئەکرەم هەیە..کوسرەتە فەقیرەکە، مافی ئێمەی لەبیر چوتەوە...دەرێن کوسرەت، چووبوو ، بو ماسی گرتن...چووبوو راوە ماسی...خلیسکا، هزروبیری شلەقا، لەکەلەی سەری فری..دەرێن بریندارە، جووت قاچی لەدەست داوە...دادە هێر و لەبیرە، دەرێن..دادە گوتوە..سەید خوشمان دەوێ، ئەبێ شتێ بو بکەین..بەلێ ئەترسێ، ئەترسێ بارزانی لێی تورەبێ...بەشی سەید ئەکرەم هێشتوە، بەڵێ هێشتوە...سەرکردە گەنجەکە..دەیدا...بەڵێ ئەو دەیدا... براگەورەش تورەیە...نای دا..ئەویش حەقە...دەرێتن چون دەبێ..سەید ئەکرەمێک..قسەی زل بکاتن و باسی ئاموزایی من بەخراپی بکاتن...رەنگە بیری بو ئەوەش بکاتن...سزایەکی گەورەتر...بەسەر سەید ئەکرەمە... زمان درێژە کە بسەپێنێتن...دەحححح...بەشی ئێمە لایی خودایە...خوداش ئەمری داوە...بە شێخ گوتوە..سەرکردەی گەنج..ی.. راسپاردراوە..پێی گوتوە.. ئەبێ مافی سەید بدەی..و..بەزیادەوە...بەڵێ دەداتن..بەزیادە.. خۆی قەبوڵ ناکاتن..داوایی خۆم..ببەم بو لایی برا گەورە... کوتایی...سلاو، سەلامەتی بو هەموان...