هونهر حاجی جاسم- مۆسکۆ کوردستانی عێراق دوای 29 سال بهدهست کێشه گهلێك دهنالێنێت، بهردهوامی ئهم کێشانهش وایکردوه که ئێستا جیۆستراتیژی ههرێم بخاته بهردهم چهند سیناریۆیێکی جیاواز. چونکه بارودۆخی کوردستانی عێراق له ئێستادا به جۆرێکه، که بهروارد ناکرێت به سالانی دوای وهستانی شهڕی ناوهخۆش. بهتایبهتیش دوای یهکگرتنهوهی بهناو ههردوو ئیدارهی سلێمانی و ههولێر، لهسالی 2005 هوه. بهلام دوای دروستبونی ئۆپۆزسیۆن، له تهموزی سالی 2009 تاکو سالی 2013. کوردستانی عێراق ئهوکات لهروی سیاسی و ئابووری و دۆخێکی باشتری ههبوو له دۆخی ههنوکه!. بهلام دوای سالی 2014 تاکو نیسانی 2020 حکومهتی ههرێم لهجیاتی گهشهکردنی سیاسی و ئابووری رۆژ به رۆژ له پاشهکهشی جیۆستراتیژیدایه، بهتایبهتیش دوای دروستبوونی ململانێی لهسهر زینی وهرتێ، بلاوبونهوهی ڤایرۆسی کۆرۆنا، دابهزاینی نرخی نهوت، باسکردن له دروستبونی دوو ئیدارهی و پهیرهوکردنی سیستهمی لامهرکهزی. ئێستا ههرێمی کوردستانی عێراق توشی دۆخێك بووه، که ههرێمهکهی خستۆته بهردهم سیناریۆگهلێکی جیاواز. ههر یهکێك لهم سیناریۆانهش لێکهوتهی سیاسی و ئهمنی و عهسکهری به دوای خۆی دێنێت!. بهلام ئهگهر بێین باس له کێشه جیۆستراتیژهیهکانی کورد لهسهر ئاستی ناوچهکه بکهین کێشهکان زۆرن، بهگشتی بهشیکی زۆری ئهم کێشانهشی، له ئهستۆی ههرێم خۆیهتی، بهشێکیشی له ئاستی ولاتانی ئیقلمی و کۆمهلگای نێودهولهتیه، بهلام به دیراسهکردنی کێشه جیۆستراتیژیهکانی 30 سالی رابردووی کوردستانی عێراق، له 85% له ئهستۆی حوکمڕانی خۆمالیه نهک عێراق و ولاتانی تری ئیقلیمی. چونکه 30 ساله کهس دهستی پارتی و یهکێتی نهگرتبوو بۆ دروستکردنی حکومڕانیێکی دامهزراوهیی نیشتمانی، کهس دهستی ئهوانی نهگرتبوو پێیان بلێت لهجیاتی خزمهتکردن به خهلک و دروستکردن ژێرخانێکی ئابووریێکی بههێز. وهرن سامانی ئهم ههرێمه به سهرخان و ژێرخانیهوه تالانی بکهن. بۆیه باسکردن له کێشه جیۆستراتیژهکان کوردستانی عێراق زۆرن، رۆژ بهرۆژیش وهکو لاشهیێکی نهخۆش، ههرێم کێشهکانی زۆرتر دهبن. بۆیه لێره پێویست ناکات ههموو کێشه جیۆستراتیژیهکان به درێژی باس بکهین، چونکه زۆر لهسهر ئهوه نوسراوه و گوتراوه، ههرچهنده پێویسته بۆ رزگارکردنی دۆخی کوردستانی عێراق ههموو کێشهکان دهسنیشان بکرێن، ئهوکات باسی چاکردنی ریشهی و و سیناریۆکان و لێکهوتهکان بکرێت. چونکه دهرهنجامی تهواوی کێشهکانی ڕابردووی ههرێم، چ له ئاستی ناوهخۆی ههرێم، چ لهگهل بهغدا و ولاتانی ههرێمی. وه ههروهها تهواوی کێشهکانی سالی 2020. کوردستانی عێراق، ئێستا لهبهردهم کۆمهلێك سیناریۆی جیاواز دایه. یهکهم. مانهوهی بارودۆخی سیاسی و ئابووری و دارایی بهم شێوه: تاکو بهرزبونهوهی نرخی نهوت، یان خۆگونجاندن لهگهل ئهم دۆخه به دروستکردنی ورده قهیرانی بچوک بچوک، تاکو دهگاته ئهوهی قهیران به قهیران چارهسهر بکهن وهک ماوهی ڕابردوو. چونکه بهرژهوهندی پارتی و یهکێتی لهوهیه ئهم دۆخه بهردهوامی بکات بهمشێوهیه. ههروهها بهرژهوهندی دهولهتانی ههرێمیش وا دهخوازێت. دوهم. چاکسازی کردن و گهڕانهوه بۆ بهغدا: دۆخی سیاسی، ئابووری، دارایی و جیۆپۆلۆتیکی کوردستانی عێراق گهیشتۆته بهرده ڕهقه. بۆیه یهکێك له سیناریۆکانی حکومهتی ههرێم ئهبێت چاکسازی ڕیشهی بکات، و داهاتهکانی ڕادهستی ناوهند بکاتهوه، بهتایبهتیش له لیستی موچه خۆران، داهاتی گومرگ، داهاتی نهوت و وهرگرتنی باج له کۆمپانیاکان بهتایبهت ئهو کۆمپانیانهی که بڕێکی زۆر قهرزداری حکومهتن و باجیشیان نهداوه. لهپال ئهوهی ههرێم توشی دۆخێک بووه که دهبێت چاکسازی گشتگیر بکات، بهلکو خواستی هاوپهیمانهکانی ههرێمیشه بهتایبهت ئهمریکیهکان و ئهوروپیهکان که ئهوهیان نهشاردۆتهوه پێویسته ههرێم چاکسازی بکات و لهگهل بهغدا بگاته ڕێکهوتن بهتایبهت لهسهر مهلفی نهوت. سێیهم. لا مهرکهزیهت و دوو ئیدارهی، یهکێك له ئهگهره بههێزهکانی بهردهم جیۆستراتیژی کوردستانی عێراق لهم کاتهدا بریتیه له دوو ئیدارهی، چونکه جگه ههولێکی زۆری سیاسی ئاشکراو و نهێنی ههیه بۆ دابهشبوونی ههرێم بۆ دوو ئیدارهی سهربهخۆ یان دهسهلاتی لا مهرکهزی. ئهم سیناریۆش زۆر بههێزه بهتایبهتیش دوای دهسبهکاربوونی ئهم کابینهی حکومهت لهسالی 2019 و قهیرانه دارایی و سیاسیهکانی نیوهی یهکهمی سالی 2020. چوارهم. شهری ناوهخۆ و تێکچونی بارودۆخی ئهمنی: دواین سیناریۆ بریتیه له بهرپابوونی شهڕی ناوهخۆی نێوان هێزه کوردیهکان، بهتایبهتیش له سنوری زینی وهرتێ یان لهنێوان پهکهکه و پارتی له ڕێگای هێرشی تورکیا بۆسهر قهندیل یان پێکدادانی یهکێتی و پارتی. وه ههروهها دروستبوونهوهی داعش و گروپه توندرهوکان له بۆشایی سنوری ههرێم و حکومهتی فیدڕالی ئهمهش له چوارچیوهی ئهم سیناریۆیه ئهگهرێکی زۆره بۆ رودانی شهڕ له سنورهکانی ههرێم یان تێکچونی بارودۆخی ئهمنی ناوچه کێشه لهسهرهکان. دوای تهواوبوونی ڤایرۆسی کۆڕۆنا ههرێمی کوردستانی عێراق، لهبهردهم یهکێك لهم چوار سیناریۆیه خۆی دهبینێتهوه. ههر یهکێك لهم چوار سیناریۆیهش ناتوانێت گهشهی ئهو هێزه سیاسیانه بهردهوامی بدات. بهههمان ئهم فۆرمه سیاسیهی ئێستای ئیدارهدانی حکومهتی ههرێم. ههروهها باشترین بژاردهی بهردهم حکومهتی ههرێمیش بریتیه له چاکسازی ریشهی و گهڕانهوهی ههرێمه بۆ رێکهوتن لهگهل بهغدا. یان ڕاگهیاندن و پهیڕهکردنی لا مهرکهزیهتی ئابووری و ئیداری.
بەهرە حەمەڕەش یان پێكەوە دەگەینە كەنار یان پێكەوە نغرۆ دەبین هەر لە پەیدابوونی ژیانەوە ململانێ و مەترسیی (مردن و ژیان)، لەناو مرۆڤ، ئاژەڵ و باڵندەکان هەن. هەر گیانلەبەرێک بە جۆرێک هەوڵی خۆپاراستن و مانەوەی داوە، دووچاری سەرکەوتن و شکست بووەتەوە. ململانێ و پێشبڕکێکانیش بۆ مانەوە هاتوونەتە ئاراوە. بۆ چارەسەری کێشەکان لە حاڵەتی ناچاریدا، مرۆڤەکان پەنایان بۆ (جادوو، ئەفسانە، ئایین، هزر و فەلسەفە) بردووە. لە کاتی تەنگانە، مرۆڤ هەوڵی داوە بە کەمترین زیان لێی دەرباز بێت. ئێمەی کورد لە کوردستانی باشوور، هەموومان لەناو کەشتییەکداین، بە نقوومبوونی زیان بە هەموومان دەگات، هەتا کاریگەریی لەسەر پارچەکانی تریشدا دەبێت، ئەوە راستییەکی حاشاهەڵنەگرە. بۆیە دەبێ بۆ رزگارکردن، هەموومان هەوڵ بدەین و بە عەقڵ و پلانی هەمووان بگەینە کەنارێکی تر. نابێت خۆمان لە دیمەنە گەورەکە (جیهان) جیا بکەینەوە. ئەوەی، کە لە دنیای مۆدێرن جیامان دەکاتەوە، جوگرافیای سیاسیی ئێمەیە، کە لەناو چوار دەوڵەت و داگیرکاران قەتیس کراوین، کێشەی ئێمە ئەوەیە، کە عەقڵ و راددەی پێشکەوتنی هزری سیاسی لای لایەنگەلێك، نەگەیشتووەتە ئاستێک کە کێشەکان بە دیالۆگ چارەسەر بکرێن، بەڵکوو هەمیشە كۆنەقین و خیانەت و گیانی دووبەرەکی و ململانێ، لەسەر حسابی رەنج و خەباتی ئەم نەتەوە ستەمدیدەیە پەرەی پێ دراوە. دەستێوەردانی بەردەوامی داگیرکاران و بەردەوامیی خیانەت، ئەم پاشخانە وای کردووە، کە کورد لە زۆر وێستگەدا بەدرێژایی ئەم سەد ساڵەی بزووتنەوەی رزگاریخوازی، نەیانتوانیوە سوود لە ئەزموونەکانی خۆی و خەڵکی تر وەربگرێ، هەروەها لە زۆر لە قۆناغەکانی بزووتنەوەی کوردیدا، بەداخەوە لەجیاتی دیالۆگ و چارەسەری کێشەکان، هێز و تۆڵەسەندنەوە بەکار هاتووە. کێشەکانی کاراکتەری مرۆڤی کورد، وەکوو دڵەڕاوکێی بەردەوام و ئاڵۆزی، چووەتە ناو خێزان و لەوێوە بۆ ناو کۆمەڵ و عەقڵی حزبایەتیش هەر بەم جۆرە بووە. لە قۆناغی سی ساڵەی حوکمڕانی کورددا، لەجیاتی گیانی هاوکاری و لەبەرچاوگرتنی خەبات و قوربانیدانی ئەم خەڵکە ماندووە، بەشێك لە حزبەكان ئەوەندەی خەریکی ناکۆکی و دروستکردنی گرفت بوون، ئەوەندە هاوکار نەبوون بۆ سەرکەوتنی ئەم ئەزموونە. جیهان بەگشتی لەبەردەم قەیرانێکدایە، کە پێی دەڵێن (پەتای کۆرۆنا)، مەترسیی داڕمان و تەنگژەی ئابووریی گەورە لەسەر ئاستی جیهان چاوەڕوانکراوە. بێ گومان کاتێک گرفتی ئابووری و تەندروستی هەبوو، گرفتی کۆمەڵایەتییش دەبێت، کەواتە حزبەكانی ئێمە دەبێت لە خەمی دانانی رێگەچارەیەکدا بن، کە شیرازەی کۆمەڵگە بپارێزن، نەک ئەوەی ئێستا لە هەندێك حزب دەیبینین كە بە چاوچنۆكیی حزبی لەم قەیرانە دەڕوانن بە رادەیەك كە ئەم ئەزموونەشیان خستووەتە ژێر مەترسییەوە، کە بە خەبات و خوێنی چەند ساڵەی باپیرانمان هاتووەتە دی! عەقڵی سیاسیی تێگەیشتوو و پێگەیشتوو، لە وەها دۆخێکدا هەلپەرست نابێت، بەڵکوو هەموو زانین و پڕۆژەکان بۆ دەرچوون لە قەیران یەک دەخەن، بۆ ئەوەی بتوانن ئەم قۆناغە تێپەڕێنن، ئەرکی حزبەکانە بە چەپ و راست، ئیسلامی و عەلمانی، حزبی ئۆپۆزسیۆن و ناو حکوومەت، لە تێپەڕاندنی ئەم دۆخە هاوکاری كابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی كوردستان بن. لە قۆناغێکداین ئەگەر دەستی یارمەتی بۆ یەکتر درێژ نەکەین، رووبەڕووی چارەنووسێکی نادیار دەبینەوە، کەسیش لە زیانەکانی بەدەر نابێت. بۆیە کاتی ئەوە نییە، کە بڵێین خەتای کێیە و هۆکار کێ بوو. خەڵکی هۆشیار لەم جۆرە دۆخانەدا رۆڵێکی بەرچاو دەبینن، دەبێت بزانن جیا لە ئەرکە نەتەوەیی و نیشتمانییەکە، ئەرکێکی مرۆییانەشە، کە رێگە نەدەن خەڵک دووچاری برسێتیی زیاتر ببێتەوە. سیاسییەکان هەرچۆنێک بیر دەکەنەوە، دەبێت لەوە تێگەیشتبن، کە رەوشەکە دەرفەت بەوە نادات کار بە عەقڵی تۆڵەسەندنەوە و تەسفییەی حساب لەگەڵ یەکتردا بکەن لە گەرمەی قەیراندا، چونکە ئەو ئەزموونە بەرەو هەر مەترسییەک بچێت، هەمووان تێیدا زیانمەند و سەرلێشێواو دەبن. بەداخەوە مێژووی کوردیش پڕە لەم جۆرە کارەساتانە. ئەزموونی کوردستانی باشوور، بە رەنج و ماندووبوونی هەمووان دروست بووە، دەکرێت ئێستاش بە هەمان هەوڵی دەستەجەمعی رزگار بکرێت، هەر لایەنێک بەشداریی ئەم پرۆسەیە بکات، ئەوا بەشداریی مێژووی پرشنگداری میللەتی کورد دەکات. بەڕاستی، زۆرینەی رۆشنبیران و روناکبیرانییش لەم بوارەدا زۆر کەمتەرخەمن، چونکە بەپێی ئەزموونی مێژوو، شۆڕشی ئۆکتۆبەر، کە لە 1905تووشی شکست بوو، دوای یەک ساڵ، مەکسیم گۆرکی رۆمانی (دایک/ 1906)ی نووسی، کە مۆراڵی هەموو خەڵکی بلۆکی سۆسیالیزمی بەرز راگرت. هەروەها دوای تێکچوونی شۆڕشی فەرەنسی/ 1799، بیتهۆڤن (سمفۆنیای نۆیەم/ 1824)ی وەک وەڵامی ئەم شکستە پێشکەشی گەلی فەرەنسی و جیهانی کرد. دیسان دیلاکروایش لەبەر هەمان مەبەست، تابلۆی (ئازادی سەرکێشی گەلان دەکات/ 1830)ی کێشا. کەواتە ئەمڕۆش لەم رەوشەی جیهان بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی تێی کەوتووە، دەبێت رۆشنبیران و روناکبیرانی کورد، ئەرک و رۆڵێکی مێژوویی، هەم لە بەرزڕاگرتنی مۆڕاڵی خەڵک و هەم لە یەک نزیککردنەوەیان، یەکگرتنی گوتاری کوردی ببینن.
كارزان نعمان سیستەمی مەركەزی كارگێڕی (نظام المركزیە الاداریە) لەدونیایی بەڕێوەبردندا، مەركەزیەتی كارگێڕی بەشێوەیەك لەشێوەكانی جێبەجێكردنی كارگێڕی دادەنرێت، كەمانای بەش بەش نەكردنی دەسەڵات دەگەیەنێت لەرێخستنی كارگێڕیدا، وەكۆكردنەوەی هەموو ئەركەكان لەبندەستی حكومەتی ناوەندی دا كەئەمەش بەیەكگرتویی و دابەش نەكردنی ئەركە كارگێریەكان تەواو دەبێت، تیایدا دەزگا كارگێڕیەكانی دەوڵەت هەڵدەستن بەممارەسە كردنی ئەرك و تایبەتمەندییە كارگێڕیەكان بەسەر هەموو هەرێمی دەوڵەت. لەبنەڕەتدا سیستەمی مەركەزی كارگێڕی شێوەیەكی قوچەكی (هەرەمی) لەخۆی دەگرێت، كەلەسەرەوەی بەرێوەبردندا سەرۆك و وەزیرەكان و دەسەڵات لای خۆیانەو لەخوارەوەش فەرمانبەرەكان هەن، وە بوونی فرە دام و دەزگایی لەوڵات نابێتە مایەی نەبوونی مەركەزیەتی كارگێڕی چونكە لەسەرەوە دەسەڵاتەكە بەیەكگرتویی كۆكراوەتەوە وەك ئەوەی ئێستا لەهەرێمی كوردستاندا هەیە. بەبۆچونی زۆرێك لەشارەزایانی بەرێوەبردن، سیستەمی مەركەزی كارگێری دەسەڵاتی دەوڵەت تۆكمەو بەهێز دەكات و لەنێوان هاوڵاتیان یەكسانی دروست دەكات لەگەیاندنی پێشكەش كردنی خزمەتگوزاری گشتی دا، بەڵام لەراستیدا ئەم سیستەمە بەدور نییە لەكەمو كورتی و خاڵی لاوازی تیادا بەدی دەكرێن كەئەمانەن: ١- لەئێستادا ژمارەی دانیشتوانی وڵات زۆر بووەو بەرێوەبردن و خزمەتكردنی هاوڵاتیان وادەخوازێت كەسیستەمی بەرێوەبردن مەركەزی نەبێت، چونكە بەم شێوە توانای خزمەتگوزاری گشتی لاواز دەبێت و تەگەرەی بۆ دروست دەبێت، وەرازی بوون بەدەسەڵاتی ڕەها لەسەر بنەمای یەكپارجەیی وڵات ئاستەنگ دروست دەكات و شارەزایان پێیان وایە وڵات بەرەو دیكتاتوریەت و هەڵوەشانەوە دەبات لەدوییدا. ٢- لەسیستەمی مەركەزی كارگێڕیدا شێوازەكانی سەركوتكاری و ستەمی تێدا بەدی دەكرێت كەناگونجێت لەگەڵ بنەماكانی دێموكراسی، لەدونیای دێمكراسیدا هەڵبژاردن لەئارادایە كەخۆی دەبینێتەوە لەخزمەتگوزاری گشتی هاوڵاتیان قۆرخ نەكردنی دەسەڵاتی ڕەها، وەزۆربەی شارەزایان پێیان وایە ”مەركەزیەت و سەركوتكاری” دوو ڕووی لەیەك چوون. سیستەمی نامەركەزی كارگێری (نظام اللامركزیە الاداریە) شێوازە گرنگەكانی بەرێوەربدن لەدونیای مۆدێرندا، بریتی یە لەپەیڕەوكردنی سیستەمی نامەركەزی بۆ بەڕێوەبردنی وڵات و پێشكەش كردنی خزمەتكوزاری گشتی، چونكە لەگەڵ كرانەوەی دونیا بەتایبەت لەسەردەمی ئێستا چیتر بەرێوەبردن بەشێوازی (سیستەمی مەركەزی) جێگای قبوڵكردن نەبوو، بۆیە سەرهەڵدانی سیستەمێكی نوێی لێكەوتەوە و ناونرا (سیستەمی نامەركەزی). نامەركەزی كارگێڕی یەكێكە لەجۆرەكانی بەرێوەبردنی دام و دەزگاكانی وڵات، ئەم سیستەمە بریتی یە لەدابەشكردنی كاروبارە كارگێڕیەكان لەنێوان دەسەڵاتی ناوەندی و دامەزراوە ناوچەییەكان، كەتیایدا بڕێك دەسەڵاتی بڕیاردان لەكاروباری كارگێڕی دراوە بەهەندێك لەدەستەكان كەلەكارمەندی دەسەڵاتی ناوەندی نین، وەدەكرێت زۆرجار ئەودەستانەی كەیەكە كارگێڕیەكان بەڕێوەدەبەن لەلایەن خەڵكەوە هەڵبژێردرابن، سیستەمی نامەركەزی بەپێی شارەزایان بریتین لە (نامەركەزی ساسی و نامەركەزی هەرێمی و نامەركەزی دارایی و ئابوری). بنەماكانی نامەركەزی كارگێڕی خۆی دەبینێتەدە لەبوونی بەرژەوەندی گشتی ناوچەیی لەپاڵ بوونی بەرژەوەندی گشتی نیشتیمانی، كەتیایدا دەم و دەزگا ناوچەییەكان هەڵدەستن بەپێشكەش كردنی خزمەتگوزاری گشتی و دەسەڵاتی ناوەندیش بێبەش نییە لەچاودێری كردنی كاروباری كارگێری لەزۆركاتدا، لەراستیدا سیستەمی نامەركەزی كارگێڕی ڕۆڵی باش دەبینێت لەیەكپارچەیی هەرێمی دەوڵەت لەڕووی سیاسی و یاسایی، وەزۆربەی كات دەسەڵاتی ناوەندیش بەهێز دەكات، لایەنگرانی ئەم سیستەمە پێیان وایە كەدەستەبەری یەكسانی و دادپەروەری لەسیستەمی نامەركەزیدا هەیە بەتایبەت لەپێدانی ماف و خزمەتگوزاریەكاندا و هێشتنەوەی بەبەردەوامی. سیستەمی نامەركەزی كارگێری لەڕووی سیاسیەوە رێگەخۆشدەكات كەهاوڵاتیانی هەرێمی دەوڵەت كەسەكانی ناوچەیی دیاری بكەن بۆ بەئەندام بوون لەبەرێوەبردنی كارەكانی كاركێڕی و بەرێوەبردن، وە ئەم سیستەمە زیاتر خۆی دەنوینێت لەگەڵ كۆمەڵگاو دانەبڕواو دەبێت و رۆتینات كەمتر دەكاتەوە، چونكە كارەكانی حكومەتی نەوەند كەمتر دەكاتەوەو یارمەتیدەر دەبێت لەزۆربەی كاتداو ئاڵۆزی ناهێڵێت لەكارەكاندا. لەراستیدا كاركردن بە”نامەركەزی كارگێڕی” پێویستی بەدەركردنی یاسا نییە، چونكە خۆی یاسای ژمارە 3ی 2009 هەیە و دەكرێت كاری پێبكرێت، ئەوەی ئەنجومەنی پارێزكای سلێمانی داوای دەكات نامەركەزی ”كارگێڕی و داراییە” نەك سیاسی، بۆیە ئەو نامەركەزیەی داوا دەكرێت دژی دوو ئیدارەییە و پێویستە سەرجەم لایەنەكان پێشوازی لێبكەن. ئەمە لەكاتێكدایە كەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لیژنەیەكی بۆ نامەركەزی كارگێڕی پێكهێناو سەرۆكی لیژنەكە لەبزوتنەوەی گۆڕانە، بەپێی فەرمانێك كە واژووی ئازاد محەمەد سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەسەرەو لەبەرواری 30/4/2020 دەرچووە، لیژنەیەكی لەنوێنەری فراكسیۆنەكانی ناو ئەنجومەنی پارێزگا پێكهێناوە بەمەبەستی ئامادەكردنی پرۆژەیەكی نامەركەزی ”كارگێڕی و دارایی” بەپێی یاسای ئەنجومەنی پارێزگاكان بۆ سنوری جوگرافی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی.
پەیكار عوسمان لە وجودی دزییدا، مەرکەزی و لامەرکەزی هەر یەك شتە. هەرێمی فیدراڵ و دەوڵەتی سەربەخۆ هەر یەك شتە. هەڵەبجە قەزابێ یان پارێزگا هەر یەك شتە. کەرکوکمان هەبێ و نەبێ هەر یەك شتە. نەوت بەرزبێ و نزمبێ هەر یەك شتە. دوو ئیدارەو یەك ئیدارە هەر یەك شتە. موعارەزە هەبێ و نەبێ هەر یەك شتە. پەرلەمان کراوەبێ و داخراوبێ هەر یەك شتە.. پرسیارەکەش ئەوەنیە دەوڵەت بین یان هەرێم، فیدرالی بین یان کۆنفیدرالی، مەرکەزیی بین یان لامەرکەزیی، پەرلەمانیی بین یان سەرۆکایەتی، یەکڕیزبین یان پەرت.. پرسیاری یەکەم و ئەساس، ئەوەیە کە دزبین یان دزنەبین؟! چونکە کێشەی یەکەم و ئەساسی ئێمە، تەنیا دزییە نەك شتێکی تر. یەعنی ئەو شتەی کە لەناوەڕۆکدا یەکە، لەناودا ناتوانێ شتێکی جیاوازبێ. ئەوەی کە لە جەوهەردا یەکە، لە قەپاغدا ناتوانێ شتێکی تر بێت. جەوهەرو ناوکی سیاسەتی ئێمەش دزییەو لێرەشەوە حیزبی جیاو فکری جیاو ئیدارەی جیاو دەوڵەتی جیا.. هیچی جیانیەو هەمووی هەر دزییە، بەڵام لە فۆڕمی جیادا. ئینجا مەردزی و لامەردزی، هیچ مانایەکی نیە، لەو ڕێگەیەوە تەنیا ئەمەوێ بڵێم، مەرکەزی و لامەرکەزیش هەر وا بێمانایە لە وجودی دزیدا. کوردایەتی یان عێراقچێتی؟ وەکچۆن تیرۆر دینی نیە، "الارهاب لا دین لە". دزییش ئایدۆلۆژیای نیەو کێشەی ئێمەش کوردایەتی و عێراقچێتی و "ییزم و یست" و چەپ و ڕاست نیە. ئەو دزەی بە ئایدۆلۆژیای "س" دزیت لێئەکا، بە ئایدۆلۆژیای "ص"یش ئەیکاو بۆ ئەو هیچ فەرقی نیە. دەی بۆ ئێمەش نابێ فەرقی هەبێ و ئەبێ کێشەمان لەگەڵ دزیی خۆیدا هەبێت، نەك لەگەڵ پێناسەو ناوە جیاجیاکانی دزییدا. باکە لە هەرکوێوە بێت، شەنی دز هەر دزییە. کێشەی ئێمەش ئەبێ لەگەڵ شەنەکەبێت نەك لەگەڵ باکان. نان یان ئازادی؟ دزەکە تەنیا نانەکە نابات، بەڵکو لەوێوە ئەشتکا بە کۆیلەی نان. بەڵام پرسی ئازادیی ناوەکییەو تۆ ئەگەر لەناو خۆتدا ئازادبیت، نان و شەق و هیچ شتێکی دەرەوە، ناتوانێ دیلت بکات. سەیرکە ئەوان نانەکەشت نادەنێ و تۆ هەر خەریکی شەڕەکانی ئەوانیت! ڕۆژێ مەسەلەی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی، ڕۆژێ زینی وەرتێ و ڕۆژێك موستەفای سەلیمی و ڕۆژێك لیبیاو ڕۆژێکیش مەرکەزی و لامەرکەزی.. وەك ئەڵێن "سەری گا هەر دۆڵە"و سەری ئێمەش هەر ڕۆژەی لە شتێکدا ئەچێتەوە ناو هەمان دۆڵ. بۆچی؟ چونکە مەسەلەکە لە نان قووڵترەو تۆ لەناوەوە کۆیلەی ئەوانیت نەك لە نان و شتەکانی دەرەوەدا. خۆ هەر یەك لەو شتانە، ئەشێ پرسێکی گرنگ و شایەنی قسەو لەسەر وەستانبێ، بەڵام شتەکە "خۆی لەخۆیدا" نەك لە شەڕو ئەجندا نزمەکانی ئەمو ئەودا. لاهور یان مەسرور؟ سەیرکە، هەڵبژاردن لەنێوان دوو شتی جیادا ئەکرێ، "هەمان شت" نێوانی نیە، تا لەو نێوانەدا یەکێکیان هەڵبژێریت. هەمان شت یەکێکەو بە "یان"ێكی ناوەڕاست و نیشانەیەکی پرسیاری کۆتایی، نابێ بە دوو شت! دواتر هەموو یارییەکە هەر بۆ ئەوەیە کە بتخەنە ئەو دووڕیانەوە. دەی مەچۆ، چونکە "ئیختیاری دووانیی" ئیختیارنیەو خودی جەبرە! "ئیختیار" هەر ئەوەیە کە نەخرابیتە دووڕیانێکەوە. "ئازادی هەڵبژاردن" هەر ئەوەیە کە ئەگەر کراوەبێ و قەتیس نەکرابێ لە دوو ئەگەردا. جەهلیش هەر ئەوەیە کە جەبری دووخیارییت لێببێ بە ئازادی. هۆشیارییش هەر ئەوەیە کە بە دوعای دووڕیان نەڵێ ی ئامین و دوو نوسخەی هەمان شتیشت لێنەبێ بە دوو شتی جیا. دواشەو یان بەختەباران؟ من ئەڵێم هەردوکیان. چونکە پێموایە دراما، پێشئەوەی لە کوردی یان لە تورکی یان لە مەکسیکی بچێت، ئەبێ لە "دراما" خۆی بچێ. کە ئەشڵێم لە دراما بچێ، من هیچ لە لایەنی هونەریی دراما نازانم و تەنیا وەکو بینەرێك و بەزمانێکی شەعبی، مەبەستم ئەوەیە کە پیاو تاقەتی هەبێ سەیریکات! دەی من تاقەتم هەیە سەیری ئەم دوو درامایە بکەم و کە سەیری ئەکەم، هەست ناکام گەڵتەم پێکرابێ، پێچەوانەی هەنێ درامای ڕەمەزانەکانی پێشوو، کە هەم گاڵتەکردن بوو بە دراماو هەم گاڵتەکردنبوو بە ئێمەی بینەریش. دراما ئەگەر هادفەو پەیامێکی هەیە، دەی جارێ بزانە پەیامەکەی چیە، ئینجا زەڕبی لێدەو ڕەتیکەرەوە. ئەگەریش هەر بۆ تەشویق و کات بەسەربردنە، دەی تۆش کاتێکی ئارامی لەگەڵا بەسەربەرەو ئەو سەعاتەی دراما، بڕێك لە شەڕو مەشاکیلی دنیا لاکەوە، نەکئەوەی لەگەڵ دراماکەش بکەویتە شەڕو نائارامییەکی تر بۆ دەروونی خۆت زیاکەیت! قسەی من لە لایەنی هونەریی نیە، قسەی من لە پەیوەندی ئێمەوەیە بە دراماو بە کۆی شتەکانەوە. بۆ پەیوەندی ئێمە بە شتەکانەوە، هەمیشە هەر پەیوەندی "شەڕە"؟ بۆ یەکسەر ئەکەوینە شەڕو سەنگەرگرتن لە هەر شتێك کە دێ؟ خۆ ئەشێ "هەنێجار" شتەکە پڕوپووچبێ و شایەنی ڕەتکردنەوەبێت، بەڵام ڕەتکردنەوەی (هەموو جارێکی هەموو شتێك) ئەمە زیاتر پەیوەندی بە شەڕەنگێزی ئێمەوە هەیە، نەك بە پووچی و ناپووچی شتەکانەوە! کێشەی منیش لەگەڵ ئەو خەلەلەی ئینسانی کوردییە، نەك لەگەڵ خەلەلەکانی درامای کوردی. یەعنی ئێمە کە نازانین بەویتر بڵێین دەستخۆش، هەر هیچنەبێ، با ئیتر پێ ی نەڵێین دەستت بشکێ. ئاخر تۆ جگە لە شەڕ، دنیایەك خیاری تریشت هەیە، کە ئەتوانی لەوێوە بکەویتە پەیوەندییەکی ناشەڕو تەندروستترەوە لەگەڵ شتەکاندا. هەر سادەترین نمونە، تۆ لەبری ئەوەی بکەویتە شەڕەوە لەگەڵ درامایەکا، ئەتوانی سەیری نەکەیت.
ســـــەرکۆ یونس* ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ئاستەنگەکانی ژیان لەم هەرێمەدا قورسترو گرانتر دەبێت و باروگوزەرانی هاونیشتیمانیان خراپتر دەبێت و ڕێژەی بێکاری لەناو توێژی گەنجانی خاوەن بڕوانامە زیاتر هەڵدەکشێت و بووەتە دیاردەو قەیرانێکی گەورەو مەترسیدار و بەداخەوە حکومەتیش توانای چارەسەرکردنی هیچ قەیران و دیاردەیەکی ئابوری و کۆمەڵایەتی نی یە و نەماوە! بەپێ ی ئامارە ناڕەسمییەکان ڕێژەی بێکاری لەهەرێمدا زیاتر (%20) ی دەستی کاری هەرێمی تێپەڕاندوە و دەستکەوتنی کار بووەتە واقعێکی مەحاڵ. دانیشتوانی هەرێم نزیکەی (6 ملێۆن و 300 هەزار) دەبێت هەرچەندە ئامارێکی زانستی فەرمی نی یە بەڵام ئامارەکان ئەوە ڕوون دەکەنەوە کە هەرێمێکی گەنجە و ڕێژەیەکی بەرزی دانیشتوان لە توێژی گەنجان و لاوان پێک دەهێنێت. ساڵانە بەهۆی دەرچونی دەیان و سەدان کوڕ وکچ لە زانکۆو پەیمانگا حکومی و ئەهلییەکان ڕێژەی بێکاری لەهەڵکشاندایە وبەبێ ئەوەی هیچ جۆرە پلانێک هەبێت لەلایەن حکومەت و کەرتی تایبەتەوە و ڕەخساندنی هەلی کاری نوێ بوونی نی یە و بازاڕی کاری کوردستان لە نزمترین ئاستدایە و وەڵامی خواستی دەستی کار ناداتەوە. ئاشکرایە لەدوای قەیرانی دارایی ساڵی (2014) و شەڕی داعشەوە ئابوری هەرێم توشی داتەپینی خێرا بویەوە کاریگەری کردە سەر لایەنی ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسی دانیشتوان و لەڕووی ئابوریەوە سەرهەڵدانی بێ بازاڕی و بێکاری ڕوو لەزیادبون بوو هەروەها لەلایەنی کۆمەڵایەتیەوە دەیان کێشەو دەردی دەرونی و جیابونەوەی هاوسەران زیادی کرد و لەرووی سیاسیشەوە نەمانی ئینتیمانی نیشیتمانی و نەتەوەیی بووەتە دیاردەیەکی ڕوون وئاشکرا وبەدەیان گەنج ولاوی هەرێم ڕوویان لە دەرەوەی وڵات کرد، هەروەها دابەزینی نرخی نەوت بۆ (20) دۆلار و سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەوەندەی تر بارەکەی قورستر کرد و سەرجەم جومگە سەرەکییەکانی ئابوری و بازاڕی بەجارێ پەکخست و جموجوڵی بازرگانی نزیک کردەوە لە خاڵی سفرو دەرئەنجامەکانی ئابوری وکۆمەڵایەتی و سیاسی زیاتر بوو لەسەر کۆمەڵگای کوردستان. ئەوەی ئەمانەوێ تیشکی بخەینە سەر توێژی گەنجان و لاوانی خاوەن بڕوانامەن کە هەلی کاریان بۆ نەڕەخساوە و چینێکی مەحرومن لە دارایی و بژێوی،بەداخەوە ڕووداوەکان و ئاماژەکان بەرەو ئەوە دەڕۆن کە هیچ ئومێدێکی دڵخۆشکەر لە داهاتوی کوردستاندا بوونی نیە و ژیان و گوزەران تا بێت قورستر و گرانتر دەبێت و دەستکەوتنی داهات و سەرچاوەی بژێوی یەکێکە لە کارە ئەستەمەکان.! هەر بۆیە وەک ئابوریناسێک پێشنیار دەکەم بۆ سەرجەم کوڕو کچانی وڵاتەکەم خۆیان فێری کارو پیشەیەک بکەن و سەرچاوەیەکی بچوکی داهات بۆ خۆیان دابین بکەن با کەمیش بێت ووردە ووردە بە پلان و ئەزمون کردن کارو پیشەکەیان بەرەو پێشەوە ببەن و پارە کۆبکەنەوە و بیر لە گەورەکردنی کارەکەیان بکەنەوە هەوڵی ئەوە بدەن لەئایندەدا ببن بە بازرگان وخاوەن کار و پیشە کە سوود بە خێزان و تاکەکانی کۆمەڵگا بگەیەنن ،لــــــەنمونەی ئەو کارو پیشانەی کە لەهەرێمدا زۆربەی کات خواستی لەسەرە زۆرن وەک پیشەی درومانی و سەرتاشین و جوانکاری خانمان و چاککردنەوەی مۆبایل و ئامێرە کارەباییەکانی ناو ماڵ و دوکان و شوێنە گشتیەکان و نان کردن و نانەوایی وشیرەمەنی و پیشەدەست ڕەنگییەکانی خانمان و ئاسنگەری و کاری پلاستیک و دارتاشی و کاری دیلیڤەری پێویستییەکانی دانیشتوان و هەموو ئەو کارو پیشانەی کە خواستیان لە سەرە با بچوکیش بن .هەرچۆنێک بێت ئەم کارانە باشترن تا ئەوەی بەدیار بەڵێنی بریقەدارو درۆی سیاسییەکانەوە توشی دەیان دەردی دەروونی ببینەوە. بەخوێندنەوەی واقعی ئابوری و سیاسی هەرێم ئەوەمان بۆ دەر دەکەوێت کە سەرەڕای بوونی چەندین قەیران و کێشەی گەورە و مەترسیدار هیچ هیوایەکی دوور ونزیک بوونی نی یە تا بمانگەیەنێتە کەناری بەرەو پێشچون و سەرکەوتن! حکومەتی هەرێم بەدەست چەندین کێشەو قەیرانەوە دەناڵێنێت کە گەورەتریان هەبوونی ڕێژەیەکی زۆری مووچەخۆر و فەرمانبەرە کە زیاتر لە (680) هەزار فەرمانبەری هەیە دەتوانین بڵێن زیاتر لە(%50) ی بێکاری شاراوەن و هیچ بەرهەمێکیان نی یە و تەنها بارگرانین بەسەر بودجەی هەرێمەوە و مانگانە بەدەیان ملیار دینار مووچەیانە جێگەی خۆیەتی ئاماژە بە توێژینەوەیەکی زانستی خوالێخۆش بوو دکتۆر محمد ڕەئوف بدەین کە لەدەرئەنجامدا دەڵێت لەکۆی (5) فەرمانبەری هەرێم (4) زیادەن و دەچنە ژێر ڕکێفی بێکاری شاراوەوە کە حکومەت خۆی دروستی کردوە ئەمانەش دەبنە بار و کۆسپ و لەمپەر لەبەردەم ئابوری هەرێمدا. ئەمە سەرەرای بەسەدان خانەنیشینی سەربازی و خانەنشینی نایاسایی کە گەورەترین کۆسپ و تەگەرەن و خەرجی زیادەن بەسەر بودجەی هەرێمەوە و لەهەمووی خراپتر کەڵەکە بوونی ئەو قەرزە زۆرەیە بەسەر حکومەتەوە کە زیاتر لە (20) ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت و ساڵانەش لەزیادبووندایە..! ئەم بابەتە نەڕەش بینی یە نەگەش بینی یە بەڵکو ئەمە واقعی ئابوری هەرێمە و هەریەکەمان بەرپرسین بەگوێرەی پلەو ئاستی دیاری کراومان. لەبەرئەوە چیتر پێویست ناکات بیر لە دامەزراندنی حکومی بکەینەوە و ئومێدمان بە کابینەکانی حکومەت ببێت ئەوەی دەوترێت حکومەت تا (10) ساڵی تر ناتوانێت هەلی کار لەکەرتی گشتی بڕەخسێنێت کەواتە وا باشترە لەخەمی خۆماندا بین و هەر لــــەر ئێستاوە هەنگاو بنێن و دەست پێ بکەین و کارێک بکەین.... *ئابوریناس
* رامان مەجید یەکێتی نیشتمانی کوردستان وەک هەر حزبێکی سیاسی دیکە دوای بەستنی کۆنگرە و هەڵبژاردنی ستافێکی نوێ بۆ سەرکردایەتیەکەی چاوەڕوانی گۆرانکاری لە کۆی ئۆرگان و هەلِوێست و بەرنامە و ستراتیجی حیزبەکەی لێ دەکرێت و چاوەروانی ئەوەیە هەیە. ئایە دەتوانێت ئەم رەوتە بگرێتەوە دەست کە سەرەتا لە پێناوی دروست بووە لە دوای هەرەسی شۆڕشی ئەیلول؟ لەم روانگەیەوە سەرباری هاتنە پێشی کۆمەڵێك قەیران لەم ماوەیە و لە سەروی هەمویانەوە هاتنی ڤایرۆسی کرۆنە، یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی کە دەبێت سەرکردایەتی نوێ ی ئەم حیزبە سەرەتا دەستی بۆ بەرێت ئەوەیە، کە یەکێتی خۆی یەکڵا بکاتەوە بۆ ئەوەی دوبارەی سیاسەتی چەندان ساڵەی رابردوو دوبارە نەکاتەوە و لە پاسیڤ بون و شکستە یەك لە دوای یەکەکانی رابردو دەربازی بێت. هەم دۆست و خەم خۆرەکانی و هەم دژ و دوژمنەکانی و هەم لایەنگر و ئەندام و کادیرانی بزانن چۆن هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکەن و هەم بزانرێت چۆن بەرگری لە سیاسەتەکانی بکات و روو بەروی نەیارانی ببنەوە.بۆیە پێویستە یەکێک لەم رێگایانەی خوارەوە هەڵبیژێرێت لە حکومەت داری تا وتار و ستراتیجی روون و راشکاوی لە سیاسەتی ئایندەی ئەم وڵاتە هەبێت.... ١.وەک حزبێکی ئۆپۆزسیون بە تەواوی لە حکومەت بکشێتەوە و خەریکی کاری پەرلەمانی بێت و ببێت بە چاودێر بەسەر حکومەتەوە تا هەڵبژاردنی ئایندە کە ئەوە کارێکی تا سنورێکی مەحاڵ بۆ حیزبێکی وەک یەکێتی ئهستەمە، چونکە هەڵ و مەرج و دۆخ و سەنگ و پێگە و خوێندنەوەکان ڕێگەی پێ نادەن. ٢. مانەوەی یەکێتی لەم دۆخەی ئێستای لە حکومەت و رازی بوون بەم واقعە، ئەوەش جگە لە دۆڕانی زیاتر هیچی تر چاوەڕوانی ئەم سەرکردایەتیە نوێیە ناکات. یەکێتی دەباتەوە ئەو خاڵەی پێش بەستنی کۆنگرە هەر چەند مانگێکی ترە دۆست و دژەکانی حیزبەکە دەست دەکەن بە رەخنە گرتن و لە ناوخۆشی دا حیزب بەرەو نا ئارامی و لێکترازانی رێزەکانی دەباتەوە. 3. وەک شەریکێکی حەقیقی لەم حکومەتە بەشدار بێت .شەریکی حەقیقی مەرج نیە هەر پەنجا بە پەنجا بێت دەکرێت کەمتر لەوەشی هەبێت یان راست تر بڵێین دەکرێت بە هەڵسوکەوتی کارەکتەرەکان و بڕیار و شەفافیەت و پێشکەش کردنی خزمەتەکان سەنگی خۆی بە دەست بێنێتەوە. هەروەها جیاوازیەکانی خۆی لەگەل پارتی و هەموو لایەنە بەشدارەکانی حکومەت پەرە پێ بدات و خەڵک و دەنگ دەر و ئەندامانی تەواو هەست بە جیاوازیەکانی لە سیاسەت و ئیدارەدانی ئەو بەشە بکەن کە لای ئەو حزبەیە. ئەویش بەوە دەکرێت کە جێ دەستی تەواوی لە سیاسەتی هەرێم دا دیار بێت و پێداگری بکات لە ماف و خواست و ئازادیەکانی خەڵک باجەکەی هەرچی بێت. 4. ئەو پۆستانەی بەڕێوەی دەبات لە حکومەت بەتەواوی رەنگدانەوەی ئەو سیاسەت و ستراتیجە بێت کە یەکێتی پێ دەناسرێتەوە هەر کەسێک لێی لابدات روو بەرووی بەرپرسیاری ببێتەوە وگرنگ نیە چەند پۆستی لایە. گرنگە چەند شەریکە لە بریار و ئاگادارە لە هەنگاوەکان وە لە ڕەسمی سیاسەت جێ پەنجەی بە روونی دیاربێت و خەڵک بیناسێتەوە. بۆ ئەوەی بتوانێت ڕێبەرایەتی ئەم رەوتە بە دەست بێنێتەوە کە بە درێژای مێژووی دروست بوونی رێبەرایەتی کردوە بەرامبەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان، چونکە ئەوەی ئێستای یەکێتی بەشداری پێ کراوە لە حکومەت نەک شەریک بێت تا ئەو هاوسەنگیە نەگەڕێتەوە قسە کردن لەسەر هەر بابەتێکی تر بۆ بەهێز بونەوەی یەکێتی یان بە هێز بونەوەی بەرەی دژە پارتی شتێکی مەحاڵ و خۆ هەڵخەڵەتێنەیە و زیاتر شکست و زیاتر بچوک کردنەوەی خۆیەتی. *جێگری لێپرسراوی مهڵبهندی سێی یهكێتیی
شوان سدیق- ئیتاڵیا حکوومەتی ناوەندی ئیتاڵیا، حەفتەی ڕابردوو وتی لەھەر بیست ھەرێمەکە سەرەتای مانگی شەش باڕو ڕیستۆرانت دەبێ بکرێتەوە. بەڵام خاتوو جۆلێ سانتێلی سەرۆکی ئیدارە_ھەرێمی کالابریای چوار شار، لەباشور وتی ئێمە لە٣٠ی نیسان دەیکەینەوە و کردیشمانەوە. سەرۆکوەزیران، جۆسێپێ کۆنتێ ئەو بڕیارەی کالابریای بەنایاسای دایە قەڵەم! ئەمە ملمملانێی ناوەند و دەسەڵاتە ئیداریەکانە بەڵام دواجار یەک دەوڵەت و یەک سیستەمە! تەنانەت لەنێو شاروشارۆچکەی ھەموو ھەرێمەکانی ئیتاڵیا ڕێنمایی و سیستەمی بۆ خۆیان جیایە. جیاوازیەکە چییە ھەر ناوچەی و بەپێی جوگرافیاو بڕیاری خەڵکەکە بەڕێوەدەبرێ تەنانەت پشوەکانیش جاری وایە دەبینی لەشارۆچکەیەکی بچووک پشوی فەرمیە بەڵام لەشارێکی گەورەی تەنیشتی کاروبار ئاسایین. ھەر لەم کالابریایە سێ ھەڵبژاردنی جیاواز و لەکاتی جیاواز دەکرێ، پەرلەمانی گشتی سەرانسەری، ھەڵبژاردنی شارەوانییەکان، ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم. ئێستە شارەوانییەکان زۆرینە بەدەست حزبە دەسەڵاتدارەکانەوەیەو سەرۆکی ھەرێمیش لای ئۆپۆزسیۆنە. بەڵام دەسەڵاتی سەرۆک شارەوانی زۆرەو بڕیارەکان تایبەت بەخۆیەتی ئێستەش سەرۆکی ھەرێمەکە بڕیاری کردنەوەی باڕو ڕیستۆرانتی داوە، شارۆچکە ھەیە بەھۆی مەترسی کۆرۆناوە بڕیارەکەی دواخستوە. مۆدێلی ئیتاڵیا شتێکی باشە بۆ کوردستان، بەڵام گرفتی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە خۆی لەبنەڕەتدا ھەرێمێکی یەکگرتوونییەو حزب بەمیزاج بەڕێوەی دەبات. یەک بڕیاری لەسەرانسەری کوردستان کاری پێناکرێت، لەڕووی ئاسایشەو، ھێزی چەکدار و ئەمنی زۆریان میلیشیان و ھی حزب، نیشتێمانی نین. خاڵێکی تر حزبەکان بۆ مانەوەی خۆیان، ھەموو کارتێک بەکار دەھێنن، لەدژی یەک. بیرتان نایە یەکێتی نەیھێشت گۆڕان بەھەڵبژاردنیش پۆستی پارێزگار وەربگرێت؟! بۆنموونە لەڕابردوو چەندجار یەکێتی ئێرانی ھێناوە، پارتی تورکیاو بەعسی ھێناوە! کەواتە پارتی و یەکێتی جێگای متمانەنین، ئەم دووحزبە ھەر کوڕی ڕۆژانی ڕابردوون. ئێستەش یەکێتی باسی لامەرکەزیەت دەکات، حەقوایە بزووتنەوەی گۆڕان ھێزە بێ چاکدارەکانی تر داوای گەرەنتی بکەن! لەیەکێتی بپرسن ئەی بۆ چەند ساڵە لەگەڵ پارتی حکومەتێکی نیشتیمانیتان پێک نەھێناوە، ئێستە ئێمە چۆن پشتوانیتان بکەین؟! کەواتە کورد بەم شێوازە ھەرکەس بۆخۆیەو بڕیاری میزاجی حزب، کوردستان داھاتوویەکی ڕوونی نابێ، ئەوەشی ھەیە لەدەستی دەچێت!!
د.دانەر ئەبوبەکر ئەگەر چی چەمک و وشەی دەوڵەت لە زۆر دیکۆمێنت و دەستوری وڵاتان و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان بەکاردەھێندرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامێکی گشتگیر و دیاریکراو بۆ پرسیاری مانای وشەی دەوڵەت چییە، نەدۆزراوەتەوە. سیاسەتمەداران، یاساناسان و ئابووریناسان لەلایەن خۆیانەوە پێناسە و لێکدانەوەی جیاوازی بۆ دەکەن. پسپۆران لەسەر ئەوە کۆکن چەمکی دەوڵەت لە چوارچێوەی چەمکەکانی (کۆمەڵگا و وڵات و نەتەوە) دروست بووە، کە ھەر یەکێکیان مانا و مەفھومی خۆی ھەیە. وەک دەوترێت دەوڵەت (فێرکردن، چارەسەرکردن، بەرگریلێکردنە) کەواتە دەتوانین بڵێین دەوڵەت دامەزراوەیەکە پێکدێت لە کۆمەڵە دەزگاێکی سیاسی، ئابووری و یاسایی بۆ بەرێوەبردن و خزمەتکردنی میللەت بە رێگایەکی دروست. تاکیش، جگە لە ئەرک و بەرپرسیاریەتی، دیلەمۆی داگریسێنەری دامەزراوەیەکانی دەوڵەتە. پێکھێنەر و دروستکەری کۆمەڵگایە. دانیشتوانی وڵاتیشە بە ماف و ئەرکەکانی سەرشانیەوە . وەک ئاشکرایە کورد و کوردستان لە ١٥١٤ تاوەکو ١٩١٦ ژێردەستەی داگیرکاری ئیمپراتۆریەتەکانی عوسمانی و سەفەویەکان بوون. تەنیا فێری کوشتن و بڕین کراین. کوردیان وێناکرد و کردیانین بە گورگ، گورگیش کە نەخۆشیش بکەوێ چارەسەر ناکرێت، پێوێستی بە بەرگریش نییە، چونکە خۆی درندەیە. کەواتە ژیانی ژێردەستی لە ١٥١٤ تاوەکو ١٩١٦ لەژێر سایەی ئیمپراتۆریەکان لە بەرپرسیاریەتی ( فێرکردن و چارەسەرکردن و بەرگریکردن) بەرامبەر بە گەلی کورد زۆر لاواز بگرە ھەر نەش بووە. لەدوای ساڵی ١٩١٦ کوردستان دابەشکرا بەسەر دەوڵەتانی تورکیا و ئێران و عێراق و سووریادا. لەلایەک بوونە ژێردەستەی کەمالی ناسێۆنالیستی تورکی، فێری سەردانەواندن و گارسۆنی ریستۆرانتەکان کراین، لەجیاتی پەروەردە و خوێندنی شارستانیانەی ئەو سەردەم، کە تاکی تورک تاوەکو ئەمرۆش شانازیان پێوە دەکات. کوردی رۆژھەڵاتیشمان ماوەیەک بوونە ژێردەستەی رەزا شای پەھلەوی کودەتاچی، ماوەیەکیش کرانە قوربانی حکومی شۆرشی ئیسلامی خومەینی کە فێری مەستی و لەبیربردنەوەی پرسە نەتەوەییەکان و سەرکوتکردن دەکران. لە جیاتی چارەسەرکردن و بەرگریکردن، ھەڵواسین و لە سێدارەدانیان پێشکەش کردین و کردیانە بەشێک لە شێوازی ژیان و کلتورمان. لە ژێر حکومی دەوڵەتانی سوریا و عێراقی فەیسەڵیەکان و دواتریش حزبی بەعس شۆفێنی فێری جاشایەتی و ھەستنەکردن بە پرسیارییەتی کراین. لە بری چارەسەر و بەرگریش کۆمەڵکوژ و ئەنفال و کیمیاباران کراین. راستێکی حاشا ھەڵنەگر ھەیە، گەلی کورد ھەرچۆنێک بێت لە باشوور لە سایەی خۆینی شەھیدان و ئەنفال و کیمیاباران توانیمان بگەینە نیمچە سەربەخۆیەک، کە ئەمرۆ ھەموو تاکێکی دڵسۆز و عاقڵی کورد لە ھەرشوێنێکی دونیادا بێت بە ھەموو کەم کورییەکانیەوە شانازی پێوە دەکات. چونکە عاقڵەکان تێدەگەن و دەزانن بێ دەوڵەتی واتا بێ شوناسی و ناسنامەی نەتەوایەتی، واتا ژێردەستە و ھاوڵاتی پلە دوو ، واتا ژیانی سەرەمەرگی ھەرەش و تۆقاندنی بەردەوام جا لە چوارچێوەی ھێرشی راستەوخۆی داگیرکردنی خاک و دەستبردن بۆ شەرف و نامووس بێت یان شەڕی دەرونی و پوکانەوەی ھێواش ھێواشی سیاسی فاشیزمانەوە بێت. هۆکاری نەبوونی دەوڵەتی کوردی لە مێژوودا پەیوەندی بە زۆر فاکتەری ناوەکی و دەرەکییەوە ھەیە. لە ناو زانستی سیاسەت چەند تیۆرێکی بەناوبانگ بوونیان هەیە سەبارەت بە پەیدابوون و دروستبوونی دەوڵەت، وەک : تیۆری ھاوپەیمانی و رێکەوتن، تیۆری ھێز و توندوتیژی ، تیۆری مادی(ماتریاڵی) تیۆری ئەندامی (النڤریە العچویە) . تیۆری ئاینی و تیۆری باوکایەتی. بیردۆزەی (پەیمانیەتی) جەخت لەوە دەکاتەوە پێشکەوتنی سروشتی کۆمەڵگا و بەستنی پەیماننامە لە نێوان هاوڵاتیان و کاربەدەستان (سەرکردەکان) و وەلاوەنانی ناکۆکیەکان، ھۆکاری سەرھەڵدانی دەوڵەتە. ئەم بیردۆزەیە لەلایەن جان جاک رۆسۆ و جۆن لۆک و تۆماس گۆبیس دواجار پشتگیری لێکراوە. بە تیوری پەیمان و ھاوپەیمانیەتی ناسراوە . تیۆری ھێز و توندوتیژی لە لایەن کارڵۆ کاوتسکی و لودڤیک گومپلۆڤیچ لە پێشتریشدا ئەفلاتوون پشتگیریکاری ئەم جۆرە بێردۆزە بووە. ئەفڵاتوون پێچەوانەی تیۆری پەیمانیەتی لای وایە دەوڵەت کاتێک دروست دەبێت و پەیدادەبێ کە گروپێک یان قەبیلەیەکی مام ناوەندی بەهێز و پرچەک بە شەڕ خۆیان دەسەپێنن وەک گروپێکی گەورەو بەهێزو کاریگەر بەسەر ئەوانی تردا. بە تیۆری توندوتیژی ناسراوە. تیۆری ماتریاڵی (مادی) کە لە لایەن مارکس و ئەنگلیس و لێنینەوە سەرکردایەتی دەکرێت, لایەن وایە دەوڵەت لە ئەنجامی دروست بوونی چین و کڵاسی ناو کۆمەڵگا سەرھەڵدەدات. تێۆری ئەندامی (ئۆرگانی) کە لەلایەن جۆرج سپێنسەر و رێنەی وێمس سەرکردایەتی دەکرێت، جەخت لەوە دەکاتەوە دەوڵەت ئۆرگانیزمە (گیانکەتیە)، پەیوەندی بەردەوامی بەشەکانە، ھەروەھا بوونی پەیوەندی بەردەوامی بەشەکان و زیندەوەرەکانی ناو کۆمەڵگاشە. واتا دەوڵەت بەرھەمی کۆمەڵایەتی (ئیڤالۆشنە)، کە لەو بوارەدە تەنیا دەوەستێتە سەر ھەمەجۆری بایلۆجی ئیڤالوشن(گەشە). تیۆری ئاینی و باوکایەتیش ھەر یەکێکیان وەک لە ناوی تیۆرییەکانیاندا دیارە یەکێکیان ئاین دەکاتە سەرچاوەی دروستبوونی دەوڵەت و تیۆریی باوکایەتیش لەسەر بنەمای ئەوە دروستکراوە مرۆڤ بونەوەرێکی کۆمەڵایەتیە. ھیچ مانایەک بە ژیان نابەخشێت بەبێ کۆمەڵ و کۆلێکتیڤ. دەوڵەت لەرووی ئایدلۆژیا ئەوە بە بەرھەمی خێزانی دەزانێ، سەرۆک وەک باوک بۆ خێزان وێنا دەکات . بە وردبوونەوە لە مێژوو و چۆنیەتی سەرھەڵدانی دەوڵەتانی دنیا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێ لە رێگای ھەموو تیۆرییە و بیردۆزە جیاوازەکان دەوڵەت دامەزراون و دروست بوون. پرۆژەی دروستبوونی دەوڵەتی کوردی بەناو ھەموو تیۆریەکاندا رۆیشتووە شکستی ھێناوە بەھۆی فاکتەری دەرەکی و فاکتەری ناوخۆیەکان، لە پێش ھەموویان نەگەیشتن بە کۆمپرامایس و سازان. لەسەردەمی نوێدا دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی لەسەر بنەمای زۆربەی تیۆرییەکانی کەلەسەرەوە باسمان کرد بۆ ئێمە ماڵ وێرانی و لەناوچونی خودی خۆمانە، چونکە جگە لەوەی ھێز و لایەن و حزب و ئاینی جیاواز لەناو کوردا بوونیان ھەیە، پرسە جیاوازەکانی نێوان ئەو ھێزانە لەلایەن دوژمنانەوە زۆر تۆخکراوەتەوە. سەبارەت بە بیرۆکە و بیردۆزەی پەیمان ھۆگۆ و جان جاک رۆسۆ و جۆن لۆک و دواجار بیرو بۆچوونی پەیمانی کۆمەڵایەتی تۆماس گۆبیس کە دەچێتە چوارچێوەی ئەم بیردۆزە بۆ سەرھەڵدانی دەوڵەتی سەردەم، رێگای تێدەچێت، کە زۆر تاکید لەسەر چارەسەرکردنی کێشەو ھاوپەیمانیەتی خەڵک دەکاتەوە لە پێناو ژیانێکی شایستە و وەستانەوە دژ بە پێشێلکردنی ماف و خراپ بەکارھێنانی دەسەڵات. زۆربەی زۆری دەوڵەتان بەرھەمی ئەم بیر و بۆچوونەن. نەبوونی دەوڵەتی کوردی لە رووی زانستییەکەیەوە کامڵ نەبوونی ئەم مەرج و هۆکارانەیە کە زانایان کاریان لەسەر کردووە. لە رۆژگاری ئەمرۆشدا زۆر زانا و پسپۆری دیاری جیھانی ھۆکاری سەرھەڵدانی دەوڵەتی نوێ دەگەرێنەوە بۆ میتۆدی بەرژەوەندی نەتەوەی، رەخساندنی بەرژەوەندی نەتەوەی ئەو وڵاتە یان کۆمەڵگایە لەگەڵ بەرژوەندی دەوڵەتانی زلھێزی دنیا و ھەرێمی ناوچەکە. خۆشبەختانە کوردستان ھەنگاوی باشی ناوە لەم روەوە. بنەما و ھەنگاوەکانی تیۆری پەیمان(رێکەوتن) تەواو لەگەڵ سەردەمی نوێدا گونجاوە و رێیان تێدەچێت. فەیلەسوفانی سەر بەم بیردۆزەیە بە تایبەتی لە فکر و بیروبۆچونەکان (جۆن لۆکەدا) ئەوە بەدی دەکرێت خەڵکی بەھۆی ئەو بارودۆخە تایبەتیەی دێتە پێشیان کێشەکانی نێوانیان چارەسەر دەکەن و بە حەز و ئارەزووی خۆیان بریار دەدەن پەیمان ببەستن و بەیەکەوە بژین لەناو یەک دەوڵەتدا، بەڵام بەرەی دووەم کە (تۆماس گۆبەس) رابەرایەتی ئەم بیروبۆچونە دەکات کە لەسەر بنەمای دوژمنایەتی و شەڕ بنیاتنراوە. کورتەی ئەو بیروبۆچونە (مانەوەی ئەو پەیمانە دەوەستێتە سەر یاسا و جێبەجێکردنی دەسەڵاتێکی دروست بەرامبەر بە گەل، لەئەگەری خراپ بەکارھێنانی دەسەڵات، پەیمانەکە ھەڵدەوەشێتەوە، شۆرشی سەربەخۆی روودەدات و سیستەمی سیاسی ئەو دەوڵەتە دەروخێ و سیستەمێکی سیاسی دەوڵەتی نوێ لەدایک دەبێت) کوردستان، لە ھەرێمێکی تازە دروست بوو، وڵاتێکی بەشەڕ و ماڵ وێرانی ناوخۆدا رۆیشتوو، کۆمەڵگایەکی عەشایری و دواکەتوو، تاکێکی نەخوێندەوار و کەم ئەزموون، ببێتە ھەرێمێکی بەناوبانگ و حساب بۆ کراو لەسەر ئاستی سیاسی و سەربازی و وزەی جیھانی، وڵاتێکی ئاوەدان و تازە پێگەیشتوو، کۆمەڵگایەکی بەرەو کرانەوە و ھەوڵدان بۆ پێشکەوتن، تاکێکی سەر پر لەخەون و ئارەزووی خوێندن و پێگەیشتن بە زانست و تیۆرییە زانستیەکانی سەردەم، با ٢٦ ملیارد دۆلار قەرزدار بێت. ئاشکرایە لەماوەی ئەو چەند ساڵەی رابردوو دەیان ھەزار پرۆژەی خزمەتگوزاری، ئاوەدانکردنەوە، برینەوەی دەرماڵە بۆ خەڵکی، کە نیوەی ئەو ٢٦ ملیارد دۆلارە قەرزی دەرماڵەی فەرمانبەرانە، دروستکردنی قوتابخانە و دەزگا پەروەردەیەکان، رێگاوبان، ناردنە دەرەوەی قوتابی و شاندکردنی فەرمانبەر و خەڵکی تر، دروستکردنی فرۆکەخانە و بە بازارکردنی نەوتی کوردستان لەناو بازارەکانی وزەی جیھانی بۆ یەکەم جار لە مێژوودا، دابینکردنی ئاسایش و سەرفکردنی بودجەیەکی خەیاڵی بۆ ئەم بوارە. ئەوە پاساو نییە بۆ کەم تەرخەمی دەسەڵات و کەم کوریەکان، بێ ئەزموون و کەم شارەزا بووین، دەوڵەتداریمان نەکردبوو، رووبەرووی قەیرانی گەورە و یەک لەدوا یەک بوینەتەوە ھەر لە شەری داعش و برینی بودجە و دەڵدەدانی دوو ملیۆن ئاوارە و دابەزینی نرخی نەوت و زۆری تر. زۆرینەی خەڵکی کوردستان موستەفید بووە، ھەندێک کەمتر و ھەندێک زۆرتر. بەداخەوە یەکسانی و دادپەروەری لە ھیچ شوێنێکی ئەم دنیایە نەماوە. زۆر ھەرێم و وڵاتی تری لە جیھاندا بوونیان ھەیە، دڵنیام ئامادەن لە پێناو ناساندنی پرسی گەل و خاک و نیشتیمانیان ١٠ جار با ٢٦ ملیارد دۆلار قەرزدار بن. چونکە ئەو ھەرێم و وڵاتانە تامەزرۆی سەروەری و ناو و ناوبانگی نەتەوەکەیانن و پاتریۆتن، نیشتیمانپەروەر و دڵسۆزن. دەژین بۆ سەروەری نەک بۆ خۆشگوزەرانی و کات بەسەربردن. کەواتە لێرەدا کێشەیەک ھەیە لەناو وڵات و کۆمەڵگای من، دەکرێت بەدۆزینەوەی چارەسەری ئەم کێشەیە بگەرێینەوە رێرەوی راستەقینەی خەونی لەمێژینەمان کە سەربەخۆی و سەروەرییە. ئێستا زیاتر لە ھەموو کات باس لە سەردەمی گۆرانکاریە گەورەکان دەکرێت. لە بواری ئابووریدا جیھان رووبەرووی قەیرانی گەورە و مێژووی بۆتەوە. لە رووی سیاسیەوە وەک دەبینین و ھەستی پێدەکەین جیھانی دوای کرۆنا لەسەر بنەمای ناسیۆنالیستی و بەرژەوەندی نەتەوە و دووبارە سەرھەڵدانەوەی دەوڵەتی نەتەوەی بنیات دەندرێتەوە. خەبات لە پێناوی چەسپاندنی حەز و ئیرادەی کەسی دەگۆرێت بۆ خەبات لە پێناو چەسپاندنی حەز و ئیرادەی میللەتان. دەوڵەتی عێراق ھیچ بەرپرسیاریەتێکی دەوڵەتی وەک ( فێرکردن، چارەسەرکردن و بەرگریکردن) چ لە مێژوودا چ لە کاتی ئێستادا بەرامبەر گەلی کوردستان جێبەجێ نەکردووە و نیازی جێبەجێکردنیشیان نییە. بەرپرسیاریەتی فێرکردن لە عێراق نەک بەرامبەر گەلی کوردستان، بەڵکو بەرامبەر بە عەرەب و خەڵکی ناوچەکانی تری عێراق لە نزمترین ئاستدایە. بەرپرسیاریەتی بەرگریکردنیش بەتایبەتی بەرامبەر بە گەلی کوردستان لە سەردەمی شەری داعش و ١٦ ئۆکتۆبەر بینیمان. بەرپرسیاریەتی چارەسەرکردنیش دەبینین لەسەردەمی سەرھەڵدانی کۆڤید-١٩ جۆن مامەڵە لەگەڵ گەلی کوردستان دەکەن و لە ھەوڵی بڕینی قوتی خەڵک و فەرمانبەرانی کوردستاندان. لەسەر برینی بودجە و راگرتنی دەرماڵەی فەرمانبەران کوردستان نابێت چی تر لەلایەن حکومەت و سەرکردایەتی سیاسی کورد بوترێت جێگای قبوڵ نییە، بەڵکو پێویستی بە ھەڵوێستی جدی و بریاری یەکلاکەرەوەی خێرا ھەیە. بە پێچەوانەوە داواکاری و مافی کورد بچوکتریش دەکرێنەوە، کە بۆ ھەیە لە قۆناخەکانی داھاتوو بریتیبن لە گفتوگۆ و پرسی ھەڵوەشانەوەی قەوارەی دەستووری ھەرێمی کوردستان و ھێزی پێشمەرگە. زۆر گرینگە بەھەر نرخ و شێوەیەک بێت زۆرترین کەس و لایەن لە ھەنگاوەکانی داھاتووی سەرکردایەتی سیاسی کورد نزیک بکرێنەوە. بەرژەوەندییە گشتیەکان پێش بەرژەوەندییە کەسیەکان بخرێن بەشێوەیەکی پراکتیکی. موزایەدەی سیاسی بەرپرس و لایەنەکان کۆتای پێبھێندرێت. ھەموو ئەو کەس و لایەنانەی یاخیبوانە رەفتار دەکەن لەگەڵ ماف و داخوازییە رەواکانی گەل، دەبێت سنوریانن بۆ دابندرێت، لە ھەمان کاتیشدا ئازاد بکرێن چۆن حەز دەکەن و دەیانەوێ لەمەبەدوا بژین. ئەو پلەو پۆستانەی لە عێراق و کوردستانیش لەسەر حسابی گەلی کورد بونەتە جێگای تموح و ھۆکاری موزایەدات، پێداچونەوەیان پێدا بکرێت، بە تایبەتی پۆستی سەرۆک کۆمار کە دەبینین چۆن کۆمەڵێک کەسی بەرپرسی ناو حزب و لایەنە سیاسیەکان لە پێناو گەیشتن بەو پۆستە رۆژانە خەریکی موزایەدەو بە لارێدابردنی پرسی کوردن. نابێت پلە و پۆست و ماڵی دنیا ئاکار و رەفتاری پەروەردەی کوردیمان بگۆرێت. ئەمرۆ خراپ بەکارھێنانی دەسەڵات لە عێراقدا، و ھەست بە بەرپرسیاریەتی نەکردنی بەشێک لە تاکی کوردی و بەرپرسەکانیشمان، کێشەی کوردیان لە پرسی دەرماڵەی فەرمانبەران و بودجەدا بچوک کردۆتەوە، بەڵام کێشەی کورد لە عێراقدا لە دیدی پسپۆرانی بیانیش زۆر لەوە گەورەتر و فراوانترە. لە راستیدا ھەستنەکردن بە بەرپرسیاریەتی کێشەی گەورە و سەرەکی بەردەمی گەلی کوردە، تەنانەت زۆر کەس و لایەنی بیانی بەناوبانگ نمونەمان پێدەھێنەوە، لەوانە دیمیتری کیسێڵڤ بەرێوەبەری گشتی دەزگای راگەیاندنی نێودەوڵەتی (رووسیا ئەمرۆ) لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانیدا وتی ئەگەر بەرژەوەندییە کەسیەکانمان پێش بەرژەوەندییە گشتیەکان بخەین و سیفەتی پاتریاتیزمی نەما لەناو گەلی رووسدا ئەوە وەک گەلی کوردمان بەسەر دێت و بێ دەوڵەتی و بە ژێردەستەی دەمێنینەوە. لە راستیدا ئەم دێرە وتەیە راستێکی تاڵ و ئازار بەخشە. دەبێت پاتریاتیزمی و ھەستکردن بەرپرسیاریەتی ببێتە ئایدلۆژیای سەردەمی گەلی کورد، بەرژەوەندییە گشتیەکان پێش بەرژەوەندییە کەسیەکان بخرێت. ئاشکرایە دروستبوونی دەوڵەتی عێراق لە کۆندا وەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێکرد لە چوارچێوەی تیۆری ھێز و توندوتیژی بووە، بەڵام عێراقی نوێ لە چوارچێوەی تیۆری ھاوپەیمانیەتی بووە. دەوڵەتی عێراق لە چوارچێوەی بیردۆزەی پەیمان و ئەو ھاوپەیمانیەتیەی لەسەری دامەزراوە لە نێوان خەڵکی ھەرێمی کوردستان و پارێزگاکان و دەسەڵاتدارانی عێراق(شیعە)، بەرپرسیاریەتی (فێرکردن ،چارەسەرکردن و بەرگریکردنی) لەسەر شانە بەرامبەر بە گەلی کورد. مەرجی تیۆری پەیمان بەرپرسیاریەتی و جێبەجێ کردنی یاسایە، لە ئەگەر پێشێلکردنی دەسەڵات، کە چۆن ئێستا بەغداو لایەنی شیعەکان پەیرەوی دەکەن دژ بە خەڵکی عێراق بە گشتی و کورد و سونە بە تایبەتی وەک تۆماس ھۆبز دەڵێت پەیمانەکە ھەڵدەوەشێتەوە و دەوڵەتی نوێ لە دایک دەبێت. لەدایکبوونی ھەر دەوڵەتێکی نوێ، کە بکەوێتە سەردەمی بارودۆخی کرۆنا، بە ئایدلۆژیای ڤایرۆس(کرۆنا) بارگاوی دەکرێت. کە دەوڵەتان لە سەردەم و قۆناخی پۆست کۆڤید-١٩ بەناچاری پەیرەوی ئایدلۆژیای سەردەم دەکەن لەسەر بیرو بۆچونی ناسیۆنالیستی بۆ پاراستنی ھاونیشتیمانیەکانیان و بوژانەوەی ژێرخانی ئابووری نەتەوەی خۆیان . ئایدلۆژیای ڤایرۆس بەرپرسیاریەتی دەوڵەت بەرامبەر بە خەڵک، لەسەر بنەمای ( فێرکردن، چارەسەرکردن، بەرگریکردن) ھەروەھا بەرپرسیاریەتی میللەت بەرامبەر دەوڵەت و نیشتیمان لەسەر بنەمای پاتریاتیزمی و ناسیۆلیستی سەردەم بڵاودەبێتەوە.
ئەبوبەكر كاروانی لەوڵاتێکدا کە کلتوری دەستورسالاری تێدانیە، دەستور بەڵگەنامەیەکی یەدەگەو لەهەندێ کاتی پێویستدا و لەڕوانگەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان وقەڵسکردنی نەیارە سیاسیەکانیان و لاوازکردنی پێگەیان و پاساودانی شەڕەکانیان، سیاسیەکان پەنای پێ دەبەن. لەم دۆخەشدا دەقەکانی بەپلەی یەکەم هێز ڕاڤەیان دەکات نەك دامەزراوە دەستوریەکان. باهەندێ جاریش ببنە ڕوپۆشی هێزەکە. ئەم لێکدانەوە بۆعێراق و هەرێمیش ڕاستە. هەرێم دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرو دەرهاویشتەکانی ڕیفراندۆم و کەوتنە بەرهەڕەشەی جددی قەوارەی هەرێم، دروشمی پەنابردنە بەر دەستوری و بەمەرجەعکردنی بۆبەلاداخستنی کێشەکان و دیاریکردنی ئەرك و مافەکان بەرزکردەوە. واتە لە دۆخی لاوازی و لەناچاریدا پەنای بۆ دەستورو بە مەرجەعکردنی بردووە. پەنابردنەکەش بۆبیرهێنانەوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بوو کە شتێ هەیە بەناوی قەوارەی دەستوری هەرێم و پێویستە بیپارێزن .هەروەها بۆ وەستاندنی هێرش و فشارەکانی بەغداو نیازپاکی نیشاندان وسنوردارکردنی داڕوخانەکان بوو، کەناهاوسەنگی هێزو لێکهەڵوەشاوەیی دۆخی نێو خۆ هێنابویە کایەوە. گوتارەکە لەجەوهەردا هێندەی بۆ تێپەڕاندنی کات و کەمکردنەوەی فشارەکان بوو، بۆ بەمەرجەع کردنێکی ڕاستەقینەی دەستور بە شێوەیەکی هەمەلایەنە نەبوو نیە.چونکە بەشێکی بەرچاوی واقیعی هەرێم و ئیمتیازە ناڕەواکانی دەستە بژێری حوکمڕانیش، لەدەرەوەی بەشێ لە دەقەکانی دەستورو بەشێوەی دیفاکتۆ داڕێژرابوون. هەربۆیە پیادەکردنی دەستوور چەکێکی دووسەرەیەو بەشێکی لەقازانجی هەرێم ونوخبە خاوەن بەرژەوەندییەکەشی نیە. بەڵکو تائاستێکی بەرچاو ئەوەی لەڕابردووا هەبووە نایهێڵێت و لەچەندین ڕوەوە بچوکی دەکاتەوەو لەقاڵبی دەدات. ئەمەش وادەکات بەرزکردنەوەی دروشمی بەمەرجەعکردنی دەستوور بە ئیحراج بوون و کەم بوونەوەی متمانەو میسداقیەتی لایەنی کوردی تەواو ببێت. بەحوکمی ئەوەی دەستورەکە کەم وکورتی زۆری تێدایەو واقیعی داڕووخاوی عێراقی دوای ٢٠٠٣ ش کارێکی کرد هەرێم زۆر گوێ بە دەستورنەدا. هەربۆیە ڕەنگە داواکردنی تەوافوق وکردنی بە جەوهەروناسنامەی عێراقی نوێ وڕۆحی دەستور بۆکورد باشتروبێ کێشەتر بێت .بەڵام کێشەکە لەوەدایە بەغدا لە چەندین ئاستدا ئەو قۆناغەی تێپەڕاندووە. پەی بەلاوازی و بێ دەرەتانی هەرێم بردووە و هاوپەیمانە هەرێمایەتیەکانیشی لەسەر خەتن و ئەومتمانەی بۆ بەرجەستەکردنی تەوافوقیش پێویستە ، لەنێوان هێزەکاندا نەك هەر لەسەر ئاستی عێراق، بەڵکو لەسەرئاستی هەریەك لە پێکهاتەکانیش لاواز بووە. بۆیە ئێستا کوردو هەرێم لەدۆخی ناڕۆشنی دیدە قەیرانی پێوەردا دەژین. ڕەنگە گرەوکردن لەسەر سیاسەتی تێپەڕاندنی قۆناغ بە قۆناغی کات و مل نەدان بە پابەندییەکانیش بەوێنەی جاران ئاسان نەبێت. هەڵبڕینی دروشمی بەمەرجەعکردنی دەستوریش لەبەر دۆخی عێراق و بێ ناوەڕۆککردنی دەستورو کێشەکانی خودی دەستور سەبارەت بە کورد، کێشەکان چارەسەرناکات .ناکۆکی لەسەر ڕاڤەکردنی دەستوریش لەسایەی دۆخی باڵادەستی عەقڵی میلیشیاگەری و نادیاری لۆژیکی دەوڵەتدا ،کێشەیەکی ترە. لاوازبوونی کارتەکانی کوردیش بۆگەمە کردن لەدەرەوەی بەشێ لە دەقەکانی دەستور و بەکارهێنانی دەستور بەشێوەیەکی گوڵبژێرو ئینتیقائی زەحمەت بووە. ئەمە جگە لە ڕەنگدانەوەکانی ململانێ ی نێوان تاران و واشنتۆن کە ڕەهەندی نوێ بۆ کێشەکانی کورد لەگەڵ بەغدا زیاد دەکات و بەگوتارگیراو( موخاتەب) یش بەناڕوونی دەهێڵێتەوەو مەسەلەکە لەچوارچێوەی دەستورو تەنانەت ڕازی کردنی حوکمڕانەکانی بەغداش دەردەهێنێت و پانتاییەکی فراوانتریان پێ دەدا. هەموو ئەمە پێمان دەڵێت کورد کێشەی دروشم و گوتارو مەرجەع و مانۆڕی هەیە. کەئەگەر بومەلەرزەیەك دۆخەکە بەسەریەکدا قڵپ نەکاتەوەو ڕێساکانی ئێستای گەمەکە تێك نەدات ، مەترسی ئەوە هەیە ، لەسایەی کەمی بژاردەو ناهاوسەنگی هێزو داڕزاوی پەیوەندی نێوان هێزە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم ، بەگیانێکی نادەستوری تاك لایەنە دەستور بەسەر هەرێمدا بسەپێنرێت..نەك لەپێناو ڕێکخستنی پەیوەندیەکی دادپەروەرانەی نێوان هەرێم و بەغدا، بەڵکو بۆ کۆتایی هێنان بەو گۆڕانکاریە سەرەتایەی قەوارەی هەرێم لە جیۆپۆلۆتیکی ناوچەکەدا خوڵقاندوویەتی. هەرچیش لەم ڕوەوە ڕووبدات بەرپرسیاری یەکەم خۆمانین. بێ ئەوەی ئەم قسە یەکسان بێت بە بەرزکردنەوەی ئاڵای سپی یاخود کەم کردنەوەی لێپرسراوێتی میرتگرانی بەعس لە بەغدا. جانازانم هەڵوێستەیەك دەکەین و دووبارە بینای گوتارو شێوازی کارو ناوخۆمان دەکەینەوەو دەبینە خاوەنی ستراتیژێکی سازان لەسەرکراوو تۆبەیەکی ئەخلاقی و سیاسی دەکەین و لانی کەم لەو ئاستە بەربڵاوەدا دەست لە گەندەڵی و ناعەدالەتی هەڵدەگرین و هەوڵی ڕزگار کردنی گەل و وڵاتەکەمان لەم دۆخەدەدەین، یاخود لەکوێ پچڕا لەوێ گرێی دەدەینەوەو بەپینەو پەڕۆ دۆخەکە بە ڕێ دەکەین و چاوەڕێی قەدەرێکی نادیار دەکەین؟
ئاسۆ حاجی هەڵوێست و لێدوانەکانی سەرۆک کۆمار دکتۆر بەرهەم ساڵح جێگای رێز و ستایشن لە بەرامبەر ئەو یاسا و دەستوور شکێنیەی هؽزە شیعیەکان لە بەرامبەر مافە دەستووریەکانی خەڵکی کوردستان دەیکەن لە بڕینی بودجە و ئێستاش مووچەی فەرمانبەران،هیوادارم هەموو هێزەکان پاڵپشت و هاوکاری بن،ئێستا دکتۆر بەرهەم لە بەرزترین پلە و ئاستدا نوێنەرایەتی گەلی کوردستان دەکات لە دامەزراوەی دەوڵەتی عێڕاقیدا بۆیە باشترە ململانێ و رووداوەکانی رابردوو لەبیر بکرێ و پێکەوە مل بدرێتەوە بەر ئەو ئەرکەی لەو قۆناغە کەوتۆتە سەرشانی هەمووان. مێژووی شەت ساڵەی رابردوو ئەوەی نیشانداووین کە بە یەکگرتوویی دەتوانین ئەوەی بمانەوێ وەدەستی بێنین و بە لێکترازانیش ئەوەی دوژمنان بیانەوێ لێمان دەستێنن،بۆیە با ئەوە بکەینە گوارە و لە گوێمانی بکەین "کورد ئەگەر گۆشتیشت بخوا ئێسکت ناشکێنی" یان ئەو شیعرەی ئەحمەدێ خانی لەسەر دڵمان و ناو مێشکمان بنەخشێنین کە دەڵێ " ئەگەر مە هەبووا ئیتیفاقەک ،ڤێکرا بکرا مە ئینقیادەک ، رۆم و عەرەب و عەجەم بە تەمامی ، هەمیا ژ مەڕا دەکرد غوڵامی". پارتی و یەکێتی زیاتر لە پەنجا ساڵ هیچ نەما بەیەکی نەکەن لە ئەنجامدا ساڵ بە ساڵ ئەوان لاوازتر و کوردستان کاولتر و دوژمن زاڵتر و بەهێزتر دەبوو،بەڵام کە سەرۆک بارزانی و مام جەلال دەستیان خستە ناو دەستی یەکتر و بوونە تەواوکەری یەکتر بەخۆیان بوونە رەمز و قارەمان و بەشێک لە مێژووی زیندو و درەوشاوەی کوردستان و کوردستانیش لە سەردەمی هەرە زێڕینی خۆی دەژیا و خێر و بێر و کاریگەری باشوری کوردستان پەڕیەوە پارچەکانی دیکە کوردستانی دایک. لەوەتەی بەرهەم ساڵح بۆتە سەرۆک کۆمار، پارتی یان باڵەکانی ناو یەكێتی چ قازانجیان لە لاوازی ئەو کردووە! خێری کوردستان لە کوێدایە کە نوێنەرەکەی لەوانەی دیکە بەهێزتر نەبێت کە پێویستە بەهێزتر بێت،ئایا جارێک پارتی یان گۆڕان و یەکێتی لەخۆیان پرسیوە،عەبدولمەهدی یان مالیکی و جەعفەری و فڵان و فیسار هەر چەند باش بن ئەوان تەنها دۆستن قەت نابنە خوێن و گۆشت بەڵام دکتۆر بەرهەم هەر چەند رکابەری کردبین و بگرە ئازاری دابین ئەوە خوێنی ئێمەیە و خوێنیش هەرگیز نابێتە ئاو. ئەو چەند رۆژە کە شیعە دەیانەوێ هەموو شکست و دزی و تاڵانی و نەخۆشی و گرێ مەزهەبیەکانیان بە سەر کورد بڕێژن و لە سوننە خراپترمان بەسەر بێنن و قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان هەڵوەشێنەوە بەرهەم ساڵح هەڵوێستی کوردان و ئازایانەیە بەڵام دەبوا کوردستان زیاتر پاڵپشتی بێ و هێزی پێبدا. ئەمن زۆر دژی شێوازی بوونە سەرۆک کۆماری بەرهەم ساڵح بووم و لە دوای خیانەتی شازدەی ئۆکتۆبەریش هەڵوێستەکەیم لا پەسند نەبوو کە داوای حکومەتی ئینقازی دەکرد،بەڵام بۆ هەڵوێستی ئێستای بە دڵ چەپڵەی بۆ لێدەدەم و ئافەرینی لێ دەکەم،هیوادارم لە ئێستا توندتر و رشتتر لە سەر مافەکانی گەلی کوردستان بەگژ داگیرکەران دا بچێتەوە،داواش لە سەرکردایەتی سیاسی کوردستان دەکەم دۆسیەی بەغدا بدەنە دەست دکتۆر بەرهەم و بەهەموو هێزەوە پاڵپشتی بکەن و چیتر کوڕی خۆیان بە قوربانی عینادی سیاسی و ململانێی حیزبی نەکەن،چەنکە هەموو لا دەبی ئەوە بزانن کە "بێگانە(عارەب)یەک مەیدانە"، دکتۆر بەرهەمیش دەبی ئەوە بزانێ کە ئەگەر گەلی کوردستان شکست بێنێ ئەویش نە سەرۆک دەمێنێ و هەموو ئاوی دیجلە و قوڕات بخواتەوە عارەبێک پێی ناڵێ عافیەتە.
بارام برایم خان "قومارچی دوڕاو حەزی لە قومارێکی ترە" مەولانای ڕۆمی "خنک ان قماربازی کە هرچە بودش بباخت نماند هیچش الا هوس قمار دگر" سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بە متمانە و بروا بەخۆبونیکی زۆرەوە،کە کاتیکدا کە سیستەمی موچەی ریک کردەوە، بە بێ وەرگرتنی ڕای لایەنە بەشدار بوەکانی حکومەتی هەریم پرۆژەکانی حکومەتی کارا کردەوە.لە گەل کردنەوەی چەند پڕۆژەیەکی ستراتیژی لە کوردستان گفتی بە گەرخستنی پڕۆژەی جادەی سەد مەتری سلێمانی دا بە گوێی جەماوەری کوردستاندا. باس و خواستی گیرانەوەی پاشەکەوتی موچە لە لایەن خەلک و رٶژنامەنوسان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و جولەی بازار، کە ماوەیەکی کورت دا و لە گەڵ هاتنی شەپۆلی جیهانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت،گڵۆڵەی حکومەتی خستە لێژی و قەیرانێکی قوڵی دارای و مایە پوچ بوونی حکومەتی خستە سەر زاری میدیاکان و خەڵک.هەموو ئەم روداوانە لە سەرەتای سالی ٢٠٢٠ و چوار مانگی خایاند.لە ناکاو حکومەت کەوتە دۆخێکەوە کە کەس چاوەروانی نەدەکرد بەو دەست و بردە توشتی داڕمانیکی لەو چەشنە ببێتەوە. ئەم پێشەکیە کورتە لە بەر دەم هەر کەسێکی کە شارەزاییەکی کەمی ئابوری و سیاسی هەبێت توشی سەرسورمانی ئەکات! لە سەرەتای سەدی ڕابوردو کە بزتنەوەی کوردی لە کوردستان عێراق دەستی پێ کرد بە دروشمی پیرۆز و بەرزی مافی نەتەوەی کورد هاتە مەیدان و بوە هەوێنی بیری هەموو شۆڕشگێرەکانی کوردستان.لە بنەرەتدا کیشەی کورد لە گەڵ عێراق کیشیەی خاک و نەتەوە بوو.بەلام دوای روخانی بەعس لە عیراق هاوکیشەی تر هاتە ناو کایەی کوردیەوە.هیزە سیاسیەکانی کوردستان لە بری چارەسەری ئەم کێشانە تەیبڵی داواکاریەکانی کوردیان کورت کردوە بۆ چەند خاڵێك کە زیاتر ڕەنگ و بۆی ئیداری و ئابوریان هەبوو. لە کاتیکدا کێشە جەهەریەکانی وەک ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەریم بە چارەسەرنەکراوی مانەوە.کێشەی پێگەی کورد لە بەغدا و هەرێمی کوردستان چڕ کرایەوە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار چەند وەزیرێک بە ئامانجی دەسکەوتی مادی.لە هەمان کاتدا سیاسەتی ئابوری سەربەخۆ کە هەر لە سەرەتاوە ناواقعیی بوو، هەرێمی کوردستانی خستە ناو هاوکێشە هەرێمایەتیەکان.ولاتانی ناوچەکە توانیان کاریگەریەکانی خۆیان لە چوارچێوەی ئەم کەیسە بخەنەڕو.ئەم سیاسەتە هەرێمی خستە دۆخێکی ئێجگار تەمو مژاوی و ناشەفاف.متمانەی خەڵکی بە حکومەت تا ئەوپەڕی لاوازی برد.بە بڕوای من هەرێمی کوردستان لە بواری سیاسی و ئابوری و ئیداری لە بەر دەم کۆمەڵیک چەمکی حوکمڕانیدا بوو ئە ئەکرا ئاراستەکەیان بەم ئەنجامی نەگەیشتبا! • لە ڕوی سیاسیەوە.هەرێم نەیتوانی نمونەیەکی باشی مۆدێلی حوکمرانی پێشەکش بکات. - بە دو جەمسەری کردنی دەسەڵاتی سیاسی و حیزبی. - گومان خستنە سەر پرۆسەی هەڵبژاردن لە کوردستان. - بەکارهێنانی هیز لە ململانی سیاسیەکانی کوردستان. - دەرگا والا کردن بۆ ولاتانی هەرێمایەتی و سود لیوەرگرتنیان بۆ ململانی ناوخۆیی کوردستان. - هەرێم نەیتوانی پڕۆژەی دەستوری هەرێمی کوردستان بنوسێتەوە و بیخاتە بەر دەم گەل. - بەکارهێنانی دەسەلاتی دادوەی بۆ ململانێی سیاسی و سەرکوتکردنی دەنگی ئازاد و دلسۆزی ئەم نیشتمانە. - هەریم لە روی کرداریەوە نەیتوانی خۆی لە نیوان سیستەمی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی یەکلا بکاتەوە. - هەریم نەیتوانی ئیدارەیەکی یەکگرتوو و بەهێز بونیات بنێت کە موئەسەساتی نیشتمانی بەرجەستەکەری دەسڵاتی حکومەت بێت...وە دەیان کەیسی تر کە هەموی بە هڵپەسێدراوی مانەوە.ئیستا کاتی ئەویە بڵێین: کێشە هەڵواسراوەکانی دەسڵاتدارنی هەرێم لە گەل خاک و نیشتمانەکەی خۆیان کە بە چارە سەر نەکراوی ماونەتەوە! • لە ڕوی ئیداریەوە هەرێم نەیتوانی سیستەمێکی هاوچەرخ و مۆدرێن پەیرەو بکات. - ململانی پارتەکانی دەسەڵات و خزاندنی ژمارەیەکی زۆری خەلکی ناپسپۆڕ و ناپێویست لە ئۆرگانەکانی حکومەت لە پیناو بە دەست هێنانی وەلائی حیزبی باری حکومەتی ئێجگار قورس کرد لە ژمارەی زۆری فەرمانبەر و خانەنشینی. - جیبەجی نەرکردنی سیستەمی ئەلکترۆنی بۆ حکومەت و بە داتا کردن و رێکخستنی هەموو جومگەکانی حکومەت...سیستەمی بایۆمتری کە نەگەیشتە ئەنجام. - ژمارەی زۆری وەزارەتەکانی حکومەت. - کوشتنی هەموو ئەو ناوەندانەی چاودیری ئیداری و مالی کە پێویست بوو حکومەت ملکەچی تێبینیەکانیان بوایە. - حکومەت بوو بە ئامرازێک بۆ جیبەجێکردنی بەرژەوەندی و پرۆژەی حیزبەکان. - گەندەلی ئیداری لە هەموو جومگەکانی ئیداری حکومەت. - بە میرات بردنی جومگە سەرکیە ئیداری و خاوەن بڕیارەکان. وە دەیان کەیسی تر کە ئەکرا جیبەجی بکرین لە پیناو حکومەتێکی بار سوک و خزمەتگوازار بە خەڵک.بەڵام نەکرا. • لە روی ئابوری: - ناشەفافیەتی ئابوری (ئێستاشی لە گەل بێت). - گرێبەستەکانی نەوت و نادیار بوونی ئەو مەلەفە لە پشت پەردەکانی سیاسەتی بە ناو ئابوری. - سیاسەتی سەربەخۆی ئابوری کە هەر لە سەرەتاوە جیگای گومان بوو. - حکومەت کەوتە ژیر باری قەرزی میلیاردی کە تا ئیستاکەش کە نازانی لەلە کێ؟ کۆێ؟ و چۆن؟ و کەی؟ - دەست بەسەراگرتنی بە ناو بازاری ئازاد و واڵاکردنی دەستی دەیان کۆمپانیای حیزبی کە سەرمایەکانیان زۆر کە داهاتی سالانەی حکومەت زیاترە. - ناشەفاف بونی داهاتی ناوخۆی هەریمی کوردستان. بواری ئابوری ئەم هەرێمەی خستوەتە دۆخیکەوە کە نە توانای دەرباز بوونی لە هەموو گریبەستە نەوتیانەی کە کردویەتی هەیە،نە توانی جولەی سیاسی و ئابوری لە بەردەم حکومەتی بەغدا ماوە! ئیشتاش حکومەت نابێت قومار بە سەرمایەی نەوەکانی داهاتوەوە بکات بە رادەست کردنی هەموو مەلەفی نەوت.کە ئەمە سیاسەتێکی ئیجگار مەترسیدارە و حکومەت ئەخاتە بەر دەم ریسواییەکی گەورە کە لەو باوەردا نین کە خەلکی کوردستان لەوە زیاتر قبوڵی ئەو هەموو سوکایەتیە بکەن کە بەرامبەریان ئەکرێت.بە بڕوای من دۆخێکی قورس و نەخوازراو چاوەرێی هەرێمی کوردستان ئەکات.
عومەر عەلی لەپاش کۆتایھاتنی شەڕی ناوخۆ یەکێتی و پارتی ھەر لە سەرەتاوە وەک پلانێکی پێشوەختە و ٸەو عەقڵیەتە توندو تیژو شۆڕشگێڕیەی کە ھەڵیانگرتبوو ,نەیانھێشت لە ھەرێمی کوردوستاندا ھیچ دامەزراوەیەکی دیموکراسی گەشەبکات و سیستمی حوکمڕانی بەرەو دامەزراوەیی بچێت .لەبەرٸەوە ھەمو ٸەوەی بەناوی حکومەت و پەڕلەمان و دادگاکان دروست کران, ٸامانجی تری لە پشتەوە بو نەک گەشەپێدان .و خزمەت و گەشەپێدانی دیموکراسی .ٸەویش دەگەڕایەوە بۆ ٸەو ژێرخانە فیکریەی کە ھەڵیانگتبو , کە بەشی زۆری خێڵەکی و نانیشتمانی و نانەتەوەیی بوو .لێرەوە کە دەستیان بە پێگەکانی حوکمڕانی گەیشت ٸەوەی لە ھەگبەیاندا ھەبوو کەوتنە جێبەجێکردنی .ٸەمە سەرەتای ململانێیەکی نوێ بوو. ٸەم قۆناغە زۆر مەترسیدارتربو لە شەڕی ناوخۆ. چونکە لەم ململانێ نوێیەدا ھەریەکە کەوتنە جێبەجێکردنی پلانێک کە مەبەست لێی داگیرکردنی کوردوستان بوو بە جوگرافیاو سامانی نیشتیمانی سەرزەوی و ژێر زەوی .قوربانیەکەش ھەمو ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردوستان و شێواندنی شوناسی کوردو نیشتیمانی کودوستان بوو . بەم شێوازە لە جەنگی نەرم ,دەستیان دایە شێوازێک لە داگیرکاری کە ھیچ داگیرکەرێگ بە کوردوستانی باشورو ناوبانگی کوردی نەکردبوو .چونکە بەپێی ٸەو پلانەی کە ھەیانبوو دەستیان دایە داگیرکردنی جوگرافیای کوردوستان .سەرەتا دابەشیان کردبۆ دو زۆن .ھەریەکەیان ٸەو زۆنەی لەژێر دەستیدا بو لە نێو بەرپرسەکان و کەسانی سەر بە پارتەکانیان دابەشیانکرد.ھەرچی زەوی باشی سەربەشارەوانی ھەبو لەسەرخۆیان و کۆمپانیاکانیان تاپۆیانکرد .دەستیانگرت بەسەر کانیاوو سەیرنگاو شوێنە باشەکان ,زۆربەی باخ و زەویە باشەکانیان تەلبەند کرد, پاشان کردیان بە ڤێلاو گوندی گەشتیاری .ھەمو سەرچاوەکانی وزەلەنەوتو گازو کانزا گرنبەھاکانیان کۆنترۆڵ کرد .لە ڕیگەی کۆمپانیاکانیانەوە شوێنە ستراتیجیەکانیان کۆنترۆڵکرد .ٸەوەش کە پەیوەندی بە بازاڕەوە ھەبوو ھەمویان خستەژێر دەستی خۆیان و بوارێکی بازرگانیان بۆ خەڵک نەھێشتەوە .دەستیان دایە گەندەڵیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو بۆ بەحیزبیکردنی تەواوی سێکتەرەکانی حکومەت لەگەڵ بردن و دزینی سمانی گشتی بۆ بەرژەوەندی کۆمپانیاو بەرپرسەکانی .لە دوای ساڵی 2014 کە ٸابوری سەربەخۆیان ڕاگەیاند و دەستیانکرد بە دەرھێنانی نەوت .ٸیتر لێرەوە بەتەواوی ڕۆڵی پەڕلەمان و حکومەتیان لاوازکرد ,بە ٸاشکراو بەبێ ترس دەستیان دایە چەواشەکاری و دزین و بردنی ٸەم سامانە نیشتمانیە. ڕێگەیان بە لیژنەکانی پەڕلەمانیش نەدا کە چاودێری بکات کە سەرمایەکەی بە دەیان ملیۆن دۆلار ە .لەلایەکی تریشەوە دەستیان برد بۆ گیرفانی فەرمانبەران ,لەمەش دەیان ملیار دۆلاریان لە گیرفان خۆیاندا پاشەکەوت کرد .ھەروەھا پارەی داھاتی ناوخۆش لە گومرگ و داھاتەکانی ٸاوو کارەباوو ھاتوچۆوو باجە جۆر بەجۆرەکان کەھەموی بەناشەفافی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت .سەرەڕای ٸەوەی کە حکومەت باج و گومرگ و پارەی خۆڵ و خاشاک وەردەگرێت .لە بەرامبەردا ڕۆژ بەرۆژ ڕێژەی بێکاری و ھەژاری بەرزدەبێتەوەو ٸاستی پەروەردەو تەندروستی دادەبەزێ و ٸەم دوکەرتشیان بەزۆری کردوە بەکەرتێکی بازرگانی کە زۆرینەی قازانجەکەی بۆ بەرپرسەکانی خۆیانە. ھەروەھا کشتوکاڵ وژینگەو ڕێگەوبان بەتەواوی وێران کراوەو ڕۆژ بەڕۆژ خراپتریش دەبێت .لە ٸێستادا حکومەت وەک نوسینگەیەکی حەواڵەی لێھاتوەو تەنھا کاری بوەتە دابەشکردنی موچە و لەٸێستاشدا ٸەوەش ناکات و دابەشکردنی موچەشی کردوە بە دوو مانگ جارێک .ٸەگەر سەیری ڕای زۆرینەی خەڵکیش بکەین بەتایبەتی ٸەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا دەیبینین .ٸەو گروپەی لەحوکمدان وەک بازرگان و مافیاو داگیرکەر دەبینن و ھیچ ھیوایەکیان پێیان نیە بۆ چاکسازی و گەشەپێدان و خۆشگوزەرانی .یەکێتی و پارتیش باش خۆیان دەناسن و دەزانن چیان چاندوە .لەبەر ٸەوە بۆمانەوەیان لە دەسەڵات وەک پیشەی ھەمو ھێزە داگیر کەرەکان. پشت بەھێزی ٸەمنی دەبەستن و لەھەڵبژاردنیشدا تەنھا پڕۆژەیان پشت بەستنە بەتەزویر.
چۆمان عەلی* پرسی لامركزیەت (دابەشكردن و شۆركردنەوه ی دەسەلات لە پایتەختەوه بۆ پاریزگاو قەزاو ناحیەكان) كەهەمو دەسەلات وبڕیاریك چربۆتەوه لەدەستی سەرۆكی حكومەت و وەزیرەكان ناوبەناو ئەم پرسە دەوروژێنرێت لە لایەن هێزی دەسەلات و معارچە و كەسانی حیزبی و رۆشنبیر هەریەكە و بۆ مەبەستێكی دیاریكراو بەلام پرۆژەی بەدیل و رێگە چارە دروست و میكانزمەكان ناخەنەروو،لامركزیەت لەكوردستان لە قۆناغی زۆر سەرەتایایە،هەتا ئەم ساتەش ئەم چەمكە وەك سیستەمیكی بەرێوەبردن و حكومرانی مقبول و خۆشەویست نیە لەلایەن یەكێتی و پارتی،لەكاتێكدا لەولاتانی پیشكەوتو سیستەمێكی دادپەروەر و سەردەمیانە ی الادارەدانی وڵاتە بۆ كەمكردنەوه ی رۆتین و ئاسانكاری بۆ هاولاتیان بە بێ سەرئیشەی گەرانەوە بۆ لایەنی سەروتر،ئەم پرسە زۆر قسە و گفتوگۆ و نوسین هەلدەگریت بەلام لەروانگەی یاسای زۆر بە كورتی ئێمە چەند هەنگاو جوڵەیەكمان دەویت لە هەموار و دەرچواندنی چەندین یاسا و دەركردنی چەند بریاریك ،كە پەیوەندی راستەوخۆ وكاریگەریان هەیە بە جۆری سیستەمی كارگێریەوەهەیە بۆ شۆركردنەوه و پیدانی دەسەلات و دەست كردنەوەی ی پاریزگارو قائیمقام و بەریوەربەری ناحیە و سەرۆكی فەرمانگەكان،دیارترینیان: ۱_هەمواری یاسای پارێزگانی هەرێمی كوردستان ژمارە ۳سالی ۲٠٠۹. ۲_هەمواری یاسای ئەنجومەنی وەزیران ژمارە ۲سالی ۱۹۹۲ هەمواركراو. ۳_هەمواری یاسای وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان ژمارە ٦ سالی ۲٠٠۹. ٤_هەمواری یاسای وەزارەتی دارای و ئابوری هەریمی كوردستان ژمارە ٥ سالی ۲٠۱٠. ٤_هەموار كردنی یاسای بەرێوەربردنی شارەوانیەكان ژمارە ٦ سالی ۱۹۹۲ی المعدل ،. ٥_دەرچواندنی یاسای بودجە بەجۆرێك هەرپارێزگایە و لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتوانی پارەی بۆ دەستنیشان بكرێت،بەدەر لەو برە پارەیەی كە لەلایەن حكومەتی فیدرال بۆ گەشەپیدانی هەریم دەنێریت لەوەش دەستنیشان بكرێت.٦_دەركردنی بریار لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە پێكهێنانی ئەنجومەنی شارەوانیەكان ،چونكە بەپی مادەی ۳٥ ی یاسای پارێزگانان هەلبژاردن نەماوە بۆ ئەنجومەنی شارەوانی بەلكو بە میكانزمی نوی پیك دەهێنرین. ۷_سەربەخۆی دارای و كارگێری بدریتە سەرۆكی یەكە كارگێریەكان لەنمونەی پاریزگار و قائیمقام و بەرێوبەری ناحیە و بەریوبەرە گشتەیەكان. ۸_شۆركردنەوەی دەسەلات لە لایەن حكومەت و وەزیری ناوخۆ بۆ سەرۆكی یەكە كارگیریەكان بۆ هەندێك بواری تایبەتی رۆتینی رۆژانە بەبێ گەرانەوه بۆ پایتەخت،شۆركردنەوی دەسەلاتی وەزیرەكان بۆ بەریوبەری گشتیەكانی پاریزگاكان. بەپییی تایبەتمەندیان. ۹_دەرچواندنی یاساو بریار بۆ سودمەندبونی راستەوخۆ ی ئەو پاریزگاو قەزاو ناحیانەی كە سەرچاوە سروشیەكانی وەك نەوت وغازو پیكهاتەكانی تری تێدایە ناكرێت دەبن سەرچاوەی داهاتی گشتی بەبێ رەچاوكردن و گرنگی پیدانیان هەریەكە و بەپێی سروشتی خۆی و ژمارەی دانیشتوانی. ۱٠_ھەموارکردنەوەی سەرجەم یاسای ئەو وەزارەتانەی کە کاری وەزارەتەکەیان مۆرکێکی خزمەتگوزاری« خدمی»یان ھەیە، کە لە رابردودا بە نەفەسێکی مەرکەزی دەرچون و زۆربەی مادەکانیان پێچەوانەی یاسای ژمارە ٣ ی پارێزگاکانی ھەرێمە بۆیە گرنگە بە تایبەت گۆران و یە كێتی لە پیناو گە رانەوەی دەسەلات و داهات ۆ پاریزگاكان و نه هیشتنی ناعەدالەتی جوگرافی خەمی هاولاتیانی دەڤەرەكانی خۆیان بیت كاری جدی لەسەر ئەمە بكەن تێبینی: لامركزی هیچ پەیوەندی بە دوو ئیدارەی نیە *پارێزەری راوێژكار
بەیار عومەر عەبدوڵا بەپێی ڕاپۆرتەکانی بەندەری جەیهانی تورکی کە دەست فراکسیۆنە کوردیەکان لە پەرلەمانی عێراق کەوتووە، داھاتی مانگانەی فرۆشتنی نەوتی ھەرێم ٧٩٥ ملیۆن دۆلارە. لە ٥٦% ی بۆ تێچووی دەرهێنان و گواستنەوە دەچێت، کە کولفەیەکی زۆرە، بەڵام هێشتا ٣٥٠ ملیۆن دۆلاری دەمێنێتەوە. وەزارەتی سامانە سروشتیەکان کە سەر بە پارتیە مانگانە لەو ٣٥٠ ملیۆن دۆلارە، نزیکەی ٢٩٠ ملیۆن دۆلاری دەدات بە وەزارەتی دارایی و ٦٠ ملیۆن دۆلاری تەسلیمی بنەماڵە دەکات. بەپێی خەمڵاندنەکان کە زۆرد دەقیق نین، مانگانە نزیکەی ٤٠ ملیۆن دۆلاری دیکەیان دەستدەکەوێت لە گواستنەوەی نەوت کە بە بۆری دەچێت بۆ تورکیا و٤٠%ی هی (پارتی و کۆمپانیای کار)ە لەگەڵ تەسفیەکردنی نەوتیش لەناوخۆدا کە دیسان زۆرینەی هی خۆیانە،. کەواتە پارتی و بنەماڵە مانگانە لە مەلەفی نەوت ١٠٠ ملیۆن دۆلار دەبەن بۆ خۆیان. ئەگەر نرخی نەوت دانەبەزێت، هەرگیز ئامادەنین مەلەفی نەوت تەسلیمی بەغدا بکەن. بە کوردیەکەی ئەوەی ناویانناوە سەربەخۆیی ئابوری یەکسانە بە دەوڵەمەندی پارتی و هەژاری کۆمەڵگا. ئەمەش دەرفەتێکی زێڕینی بۆ ڕەخساندون بۆ کڕینی ویژدانی هاوڵاتیان و قایمکردنی پێگەی خۆیان. هەروەها پارتی پشکی لە زۆربەی کۆمپانیاکانی دەرهێنای نەوتی کوردستاندا کڕیوە بۆ ئەوەی لەو ٥٦% ەی بۆ کولفەی دەرهێنان دەچێت سودمەند بن. هەر کۆمپانیایەکی نەوت کە بیری نوێ دەدۆزێتەوە نرخی پشکەکانی بەرزدەبێتەوە. ئەو کەس و لایەنەی پێشتر پشک بکڕێت، دوای دۆزینەوەی بیرە نەوتەکە بە سەدەها ملیۆن دۆلار قازانج دەکات. وەزارەتی سامانە سروشتیەکان پێش ئەوەی بیرە نەوتیەکان بدات بە هەریەک لە کۆمپانیاکان، پشکی لێکڕیونەتەوە بەڵام بۆ حکومەتی هەرێم و هاوڵاتیان نا، بەڵکو بۆ پارتی و بنەماڵە. سادەترین پێناسەی گەندەڵی واتای خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتی گشتیە بۆ قازانجی تایبەتی و شەخسی. ئەمە جگە لە شیرینی نەوت، کە لێرە و لەوێ دەردەکەوێت کە ژێربەژێر بە ملیارەها دۆلاریان دەستکەوتوە لێی. حکومەت کۆمپانیای دیلۆیتیان هێنا گوایە بۆ شەفافکردنی داهاتی نەوت، کەچی لە مانگی ١١ ی ساڵی پارەوە حکومەت ڕاپۆرتەکانی دیلۆیتی ڕاگرتوە. دزیەکە زۆر زەقە؛ بەپێی ئەو خشتەیەی وەزارەتی دارایی، کە داهاتی نەوتی سێ مانگی جیاوازی بڵاوکردۆتەوە؛ داهاتی هەر سێ مانگەکە بەقەد یەکە، و یەک سەنت فەرقی نیە، لە کاتێکدا نرخی نەوت بەردەوام لە هەڵکشان و داکشاندایە و بەرهەمی نەوتیش لە مانگێکەوە بۆ مانگێکی تر دەگۆڕێت. کەواتە دەبوایە داهاتی نەوت هەموو مانگێک بگۆڕایە هاوشێوەی عێراق و وڵاتانی تری پشت بەستو بە داهاتی نەوت. واتە پارتی مانگانە ڕێژەیەکی نەگۆڕی دەدات بە وەزارەتی دارایی و باقیەکەی دەبات بۆ خۆی. بەپێی ڕاپۆرتێک بە ناوی (نەفرەتی نەوت لە هەرێمی کوردستاندا-ئیرین بانکۆ-ئەمریکا)، کە لە ساڵی ٢٠١٧ لە ئینگلیزیەوە وەرمگێڕایە سەر زمانی کوردی. لوئەی خەتیب، ڕاوێژکاری پێشوی حکومەتی عێراق بۆ سیاسەتی نەوت و وزە دەڵێت، دەڵێت بەپێی خەمڵاندنەکان لە ساڵی ٢٠٠٨ ەوە تا ٢٠١٧ نزیکەی ٤٠ بۆ ٤٥ ملیار دۆلاری نەوتی هەرێم دیار نەماوە. بێگومان ڕێژەی ئەم پارە دزراوە ئێستا زیاتری چۆتەسەر. ئایا هێزە سەرەکیەکانی ئەم سنورە تاکەی بێدەنگ دەبن؟! لەوانەیە زۆر کەس بڵێن ئەوانیش شەریکن. ئەم قسەیە دەکرێت ڕاست بێت، بەڵام شەراکەتیش جۆری ھەیە. گریمان شەریکن، بەڵام شەراکەتەکەیان ٥٠ بە ٥٠ نیە. ئەگەر وابوایە لەو ١٠٠ ملیۆنە، مانگی ٥٠ ملیۆنیان وەردەگرت. بە پارەی ٨ مانگ دەیانتوانی شەقامی ١٠٠ مەتری جێبەجێبکەن لە سلێمانی (کە ٣٩١ ملیۆن دۆلاری تێدەچێت) و دواتر دەیانتوانی دەستبکەن بە پرۆژەی ستراتیژی لە پارێزگای ھەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین و ھەلی کار بۆھەزارەھا گەنجی بێکار و دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان بڕەخسێنن و خۆشەویستی جەماوەر بەدەستبھێننەوە. ئێستا ئەگەر شەریکیش بن، پارتی وەک شەریکێکی لاواز، بە ڕێژەیەکی کەم ڕازیکردون. پارتی وەک کەمیشیان دەداتێ، بە جیاجیا دەیانداتێ، بۆ ئەوەی ھەر کەسەو بەجیا چاوبەرەوژێری پارتی و بنەماڵە بێت و خۆی بە قەرزاری ئەوان بزانێت و سەربەخۆیی و ئازایەتی لەدەستبدات و نەوێرێت ڕوبەڕویانبێتەوە؛ بگرە وەلائی بۆ پارتی زیاتر بێت وەک لە حزبەکەی خۆی. هەروەها بەجیا بەخشینی پارەکە بۆ ئەوەیە کە هەمووی لە دەستی یەک کەس و لایەندا کۆنەبێتەوە و نەبێت بە مەبلەغێکی زۆر گەورە و نەتوانرێت پرۆژەی زەبەلاح و ستراتیژی پێدروست بکرێت و سەرەنجام ئەم دەڤەرە نەبێت بە خاوەنی ژێرخانی ئابوری بەهێز و هەر بە هەژاری و لاوازی بمێنێتەوە و نائارامی ڕویتێبکات. هاوکات لە ڕێی کەناڵەکانی ڕووداو و K24 ەوە کە بە پارەی نەوت بەڕێوەدەچن، دێن و ڕوماڵی ئەو نائارامیانە دەکەن بۆ ئەوەی پشێوی و دڵەڕاوکێی زیاتر لەم سنورە بڵاوبکەنەوە. پارتی بڕی ئەو پارەیەی دەیدات بە ھەر یەک لە بەرپرسەکان بەجۆرێکە کە بەرپرسەکە و بنەماڵەکەی دەوڵەمەند و خۆشگوزەران دەکات بەڵام بەشی ئەوە ناکات پرۆژەی گەورە و ستراتیژی لەم سنورە پێجێبەجێبکرێت. دابەشکردنی بودجە سەردەمی دوو ئیدارەیی ٥٣ بە ٤٧ بوو؛ ئەو کاتە دۆخی ھاوڵاتیانی ئەم سنورە زۆر لە ئێستا باشتر بوو. کەواتە تەنها چارەسەر ئەوەیە کە هێزەکانی ئەم دەڤەرە فریای هاوڵاتیان بکەون و چیتر باجی سیاسەتە هەڵەکانی پارتی نەدەن و داهات ودەسەڵات بگێڕنەوە بۆ ئەم دەڤەرە و موچە و گوزەرانی هاوڵاتیانی پێدابینبکەن و پرۆژەی ستراتیژی پێبنیادبنێن. تێبینی: سودم لە زانیاریەکانی برای ئازیزم کاک ئەحمەدی حاجی ڕەشید وەرگرت (پەرلەمانتاری فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی عێراق).
هەندرێن شێخ راغب خراپی ئابوریو خۆشگوزەرانی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان هەمیشەییو نەگۆڕێكی سروشتی نیە. ئێمە لە بیابانێكی وشك، ناوچەیەكی بێ سامانی سروشتی، بێ زەوی كشتوكاڵی ناژین، ئێمە لە ناو خاكو هەواو بێ ئاویەكی خراپ ناژین، ئێمە خاوەنی دەشتی شارەزوور، بیتوێن، هەولێر، هەریر، لای موصڵو ئاكرێو دەیان ناوچەی گەورەو فراوانی بە پیتین، خاوەنی ملیۆنان دۆنم زەوی كشتوكاڵین، خاوەنی ملیۆن كانی بچوكو مام ناوەندو گەورەی ئاوین، خاوەنی بارانو بەفرو چوار وەزری ساڵین....هتد، ئێمە خاوەنی گازێكی زۆرین، با یەك دڵۆپ نەوتیشمان نەبێت، با یەك بەرمیل نەوتیش نەفرۆشین..لە بەرنامەیەكی دیكۆمێنتاری لە كەناڵی جەزیرە بینیم كە باسی گازی سروشتی هەرێمی كوردستانی دەكرد هەر مەپرسە خاوەنی چ سامانێكی لە بن نەهاتووین، نەوتمان هەر پێویست نیە...خاوەنی وڵاتێكی زۆر جوانو سەرنج راكێشی گەشتیارین، زۆر گلەیی لە جوگرافیاو گەمارۆدانی خۆمان دەكەین، بەڵام بۆتە رەحمەت و بەم هۆیەوە لەگەڵ چوار دەوڵەتی وەكو عێراقو ئێرانو توركیاو سوریا چەندین مەرزی نێودەوڵەتی گەورەمان هەیە، چەندین ناوچەی گومرگی گەورەمان هەیە، بەس ئەوەندەمان بەسە..! خاوەنی توانایەكی مرۆیی گەورەین، نەتەوەكەمان زۆرینەی گەنجە، نەك دەتوانین بێ موچەو بێكارو هەژار نەبین، بەڵكو دەتوانین خۆشگوزەرانترینو بەهێزترین ئابوریمان هەبێت، ئێوە دەزانن هەرێمی كوردستان بەسەبەتەی خۆراكی عێراق دادەنرێت!. سەیر بكەن لە دوبەی كە زۆری باس دەكەین، ئاوی خواردنەوەو زەوی كشتوكاڵیان نیە، گڵ لە وڵاتان دەكڕن بۆ چاندنی سەوزە، ئێمە خاوەنی گڵو خۆڵو ئاوو زەوی ئەوەندە بە پیتین كە دەتوانین هەرچی جۆری میوەو سەوزەو دانەوێڵەو خۆراك هەیە لێی داچێنینو بەرهەمی بێنین دەتوانین خاوەنی باشترین جۆری بەرهەمی گۆشتو هەنگوین و پەلەوەر بین. بۆیە هەرگیز نابێت چاومان لە یەك دیناری عێراقو یەك نانی كەس بێت، نابێت لە داهاتوومان بترسینو دودڵ بین بۆ نەوەی داهاتوو، كەواتە كێشەی ئێمە چیە؟؟ بۆچی خراپ دەژین؟؟: -كێشەی ئێمە حوكمڕانیمانە، سیستەمی كارگێڕیو بڕیاردانمانە. -كێشەی ئێمە گەندەڵیە لە كەرتی نەوتو فەشەلی گرێبەستە نەوتیەكانمان. -نازانینو شەفاف نین لە گرێبەستی گازو كێڵگە گازیەكانو كۆمپانیای ناوخۆو دەرەكی خراپمان هەیە. -كێشەی ئێمە خراپی هەڵسوكەوتە لەگەڵ كۆی داهاتەكان. -كێشەی ئێمە خەرجی زۆرو لابەلاو تەخشانو پەخشانە. -كێشەی ئێمە سوود وەرنەگرتنە لە توانای مرۆییو گەنجو دەستی كاری خۆمان. -بەكورتی كێشەی ئێمە سەرخانە، نەك ژێرخان، ژێر زەویو سەرزەویمان هەمووی ئاڵتونە. ئەوە سەرخانی ئێمەیە بێ توانایەو گرێی تەسكی حزبایەتیو ناوچەگەریو دەستەبەندی تێنەپەڕاندووە. چارەسەر چیە: -دەبێت دۆخی حوكمڕانی خۆمان چاك بكەین، دەوڵەتداری وا ناكرێت. -سیاسەتی نەوتیو گاز، دەبێت دەستكاری بكرێتو كۆی كێشەو گەندەڵی ناشەفافیەتی چارەسەر بكرێت. -گومرگو خاڵی سنوریو داهاتەكان بگەڕێنەوە گیرفانی حكومەتو میللەت. -كەرتی كشتوكاڵیو پیشەسازی ناوخۆ بەهەموو توانایەكەوە پشتگیری بكرێت. -هانی دەوڵەمەندو سەرمایەداران بدرێت كارگەی بچوكو مامناوەندو گەورە دروست بكەن. كە پارەی خۆمان بۆ خۆمان دەگەڕێتەوەو خەڵكی خۆمان دەبێتە خاوەنی داهاتی خۆی. -رزگاركردنی حكومەت لەم عەقڵیەتە خراپەی كێبەركێی سیاسیو حزبایەتی. -رێكخستنەوەی داهاتو خەرجیەكان. كە دەبێت لە خودی بارەگای حزبەكانەوە دەستكاری بكرێت، بەتایبەت حزبە دەسەڵاتدارەكان. -میللەتی كورد دەبێت خاوەنی قسەی جدی خۆی بێتو لەكاتی دەنگدان، دەنگ بە پڕۆژەو بەرنامەو خەڵكی باش بدات. نەك لەسەر میراتی حزبی كڕ بكەوێت. -سود وەرگرتن لە توانای دەستی كاری ناوخۆو گەنجانو خەڵكی بەهرەمەندی ناوخۆ. -گەڕانەوەی داهاتەكان بۆ دەستی حكومەت بە شەفافی، لە نەوتو گازو خاڵە سنورەكانو مەرزەكانو داهاتی ناوخۆو باجو خەراجەكان، گومرگ، ..كە گەندەڵی تێدا نەبێت، ئەوا دڵنیام كێشەی موچەو بودجە چارەسەر دەبێت. ئەم رۆژە هەردێتو وڵاتی دەوڵەمەندی ئێمە، داهاتووی ئێمەیە نەوەكو دیناری بەغداو دۆلاری خەڵكی بیانی، ئێمە ئەوەندە دەوڵەمەندین هیچ منەتمان بە دیناری عێراقیو لیرەی توركیو سوریو تمەنی ئێرانیو دۆلاری ئەمریكی نیە. بەڵام بەم جۆرە عەقڵیەتو حوكمڕانیەتیو نا عەدالەتیەی ئێستا نا.