Draw Media

مینیماڵیزم شێوە ژیانێک بۆ سەردەمی دوای پەتا 

مینیماڵیزم شێوە ژیانێک بۆ سەردەمی دوای پەتا 

2020-05-06 23:25:05


 

وەهاب عەبدوڵا 

ئەفسانەکە وا دەگێڕێتەوە کابرایەک قازێکی هەبوو، هەموو ڕۆژێک هێلکەیەکی ئاڵتوونی دەکرد. پاش ماوەیەک کابرا بیری کردەوە کە باشتر وایە ورگی قازەکە هەڵدڕێت و هەرچی هێلکەی تێدایە بە یەکجار دەری بهێنێت، نەک چاوەڕوانی بکات ڕۆژانە هێلکەیەکی بۆ بکات. ئەم ئەفسانەیە دەربارەی چاوچنۆکی، بۆتە پەندێک لە زمانی ئینگلیزیدا و ئیدیۆمی "کوشتنی ئەو قازەی هێلکەی ئاڵتونی دەکرد" بۆتە ئاماژە بۆ کورتبینی و لەناوبردنی سەرچاوە بەبەهاکان بەهۆی چاوچنۆکییەوە. 
ئەگەر ئەمە ئەفسانە بێت، ئەوا ئەو کارەی مرۆڤ لەسەر ڕووی زەوی ئەنجامی دەدات (بە تایبەتیش لە دوای شۆڕشی پیشەسازییەوە) ئەفسانە نییە و بە ئاشکرا دەبینرێت کە مرۆڤایەتی بەهۆی چاوچنۆکییەوە بە دەستی خۆی ماڵی خۆی وێران دەکات. 
هەسارەی زەوی، بە سەرچاوە سرووشتییە سنوردارەکەیەوە، ئەو قازەیە کە دەتوانێت ڕۆژانە هێلکەیەکی ئاڵتوونی بۆ مرۆڤ بکات و ژیانێکی ئاسودەی بۆ دابین بکات. لێ چاوچنۆکیی مرۆڤ لێناگەڕێت سروشت بە نەزمی ئاسایی خۆی کاربکات و لە مێژە دەستی بە هەڵدڕینی ورگی هەسارەکە کردووە. 
مرۆڤ وا لەم هەسارەیە دەڕوانێت کە سەرچاوە سرووشتییەکانی بێسنوورن، هەر بۆیە سەدان ساڵە دەستی بە هەڵکۆڵینی کردووە و لە هەر شوێنێکی سەر ڕووی زەوی کانزا و سەرچاوەی سرووشتی هەبێت، ئامێرەکانی دەخاتە گەڕ و داروبەردی هەڵدەگێڕێتەوە و دەیکاتە وێرانە. لە ئەنجامیشدا خاک و ئاو و هەوا پیس دەکات و ڕێگە بۆ سەرهەڵدانی سەدان نەخۆشی و دەرد و پەتا خۆش دەکات. ئەمە لە کاتێکدا مرۆڤ هێندەی پێویستی بە دارستان و خاکی بەپیت و هەوای پاک هەیە، هێندە پێویستی بەو بەرهەمە زۆروزەوەندانە نییە کە کارگەکان ڕۆژانە بەرهەمی دەهێنن و پاش ماوەیەک، ڕزگاربوون لە پاشماوەکانیان دەبێتە دێوەزمەیەک و بەرۆکی زەوی دەگرێت. 
سەدان ساڵە لەناوبردنی دارستانەکان، کە بە سییەکانی زەوی ناسراون، بەردەوامە و بەپێی ئامارەکان ڕۆژانە بە لایەنی کەمەوە (٣٢،٣٠٠) هێکتار دارستان لە سەر ڕووی زەوی لەناودەبرێت یان لەناودەچێت و ون دەبێت.١ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی زەوییش بە ئاستێکی مەترسیدار لە هەڵکشاندایە و بەپێی دوایین لێكۆڵینەوەکان لە ماوەی ٥٠ ساڵی داهاتوودا پلەی گەرما بە ڕادەیەک بەرز دەبێتەوە، گەرمای زۆرێک لە ناوچەکانی ئەفەریقا و ئاسیا و ئەمەریکای باشور و هەندێک ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش لە تەحەمولی مرۆڤدا نامێنێت و ساڵی ٢٠٧٠ زیاتر لە ٣ ملیار مرۆڤ دەکەونە ژێر ڕەحمەتی گەرمای تاقەتپڕووکێنەوە.٢
لە بەرامبەر ئەم دۆخە ترسناکەدا، بژاردەکانی بەردەم مرۆڤ دیاریکراون و لەوەدا خۆ دەبیننەوە کە دنیای سەرمایەداری دەستبەرداری پلانە لەمێژینەکانی خۆی بێت و دەست لە وێرانکردنی سرووشت هەڵگرێت. لە دۆخی ئێستادا و لە سەرەتای ئەمساڵەوە پەتای کۆرۆنا ئەم چارەسەرەی بە ناچاری بەسەر مرۆڤدا سەپاندووە. قەدەغەکردنی هاتوچۆ و خاوبوونەوەی پێچکەی پیشەسازی و کارگەکان، ڕێژەی دەرهاویشتنی گازە ژەهراوییەکانی کەم کردۆتەوە و ئاهێکی بەبەر سرووشتدا هێناوەتەوە. باجی ئەم گۆڕانکارییە پۆزەتیڤەش هێوربوونەوەی پێچکەی ئابوورییە کە لە بنەڕەتدا بە خێراییەکی شێتانە دەسوڕێتەوە. ئەمەش مانای کەمبوونەوەی بەرهەمە بە گشتی و لەنێو ئەوانەشدا بەرهەمە خۆراکییە سەرەکییەکان، کەمبوونەوەیەک کە هێندەی تەرازووی سرووشت ڕادەگرێت، هێندە زیان بە مرۆڤ ناگەیەنێت.  
لێرەوە زەرورەتی سەرهەڵدانی مینیماڵیزم و ژیانی سادە وەک فەلسەفە و شێوە ژیانێکی دوای قۆناغی پەتا دەردەکەوێت. مینیماڵیزم واتە ڕازی بوون و قەناعەتکردن بە کەمترین (کەمترین خواردن، کەمترین کەلوپەل، کەمترین ڕابواردن، کەمترین نەوەخستنەوە و  هتد...)، نەک هەر ئەوەش بەڵکو خۆبەخشانە هەڵبژاردنی 'کەمترینەکان'. دەیان ساڵە چەمکی ژیانی سادە و هەڵهاتن لە سیستمی بەکاربردن لە هەندێک ناوچەی دنیادا سەری هەڵداوە و هەڵبژاردنی ئەو جۆرە ژیانە بۆتە داڵدەیەک بۆ ئەو مرۆڤانەی هەست بە بێهوودەیی چاوچنۆکی و دنیای بەرهەمی بێسنوور و کولتوری بەکاربردن دەکەن. مینیماڵیزم مرۆڤ لەوە ئازاد دەکات کە تەنها ئامێرێکی بەکاربردن بێت و سەرگەردانێکی ڕێگەی تێرکردنی ئارەزووە هەنووکەییەکانی بێت، هاوکات بوارێک بۆ لایەنی ڕۆحی و بەها باڵاکان ئاوەڵا دەکات. 
مرۆڤی ئەم سەردەمە، ئەگەر خۆی لە گێلی نەدات، زۆر بە ڕوونی ئەوە دەبینێت کە چاوچنۆکی و زێدەڕۆیی لە بوارە جیاوازەکاندا کوشندە و وێرانکەرن. زێدەڕۆیی لە خواردندا یەکێکە لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکانی نەخۆشی و دەرد و ناڕەحەتی و بەدبەختییەکان. قەڵەوی کە دەرەنجامی زۆرخۆری و شێوە ژیانی بەکاربەرانەی نائاساییە، سەرچاوەی زۆربەی نەخۆشییە درێژخایەن و کوشندەکانە. هاوکات زێدەڕۆیی کردن لە بەکارهێنانی کەلوپەلە جۆراوجۆرەکاندا بە فریای مرۆڤ ناگات و هیچ لە بەدبەختی و چارەڕەشییەکەی کەم ناکاتەوە، بەڵکو سەرچاوە سرووشتییەکان دەڕەتێنێت و ژینگە وێران دەکات.  
لەمێژیشە گەلە دووربینەکانی دنیا فەلسەفەی مینیماڵیزم لە بواری نەوەخستنەوەدا جێبەجێ دەکەن. گومانی تێدا نییە کە هەژارترین و نەخوێندەوارترین کۆمەڵگاکان، ئەوانەن کە زۆرترین منداڵ دەخەنەوە. پێچەوانەکەشی هەتا ڕادەیەکی زۆر ڕاستە. لەڕووی پراکتیکییەوە منداڵی دووەم و سێیەم و (هتد...) لە خێزانێکدا، مافی منداڵی یەکەم دەخۆن لە خۆراک و کەلوپەل و خۆشەویستی و گرنگیپێدان و هەلی بەرەوپێشچوون لە ژیاندا. مرۆڤیش لە دێر زەمانەوە پەی بەم ڕاستییە بردووە؛ مێژووی کۆنترۆڵکردنی منداڵخستنەوە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٥٥٠ی پێش زایین٣ کە میسرییە کۆنەکان هەندێک ڕێگای سەرەتاییان بۆ ڕێگەگرتن لە سکپڕی بەکارهێناوە. تەنها تێچووی سکپڕییەک، لەگەڵ چاودێریکردنی منداڵە تازە لەدایکبووەکە، لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بڕی ٢١ هەزار دۆلارە. ئەمە جگە لە تێچووی قۆناغەکانی دواتری پەروەردەکردنی. 
دواجار ئەگەر مینیماڵیزیم شێوە ژیانێکی ناچاری بێت کە دۆخی دوای قەیران و پەتا سەپاندبێتی، ئەمە هیچ لەوە کەم ناکاتەوە کە ئەم شێوە ژیانە چارەسەرێکی بنەڕەتییە بۆ گۆڕانکارییە کارەساتئامێزەکانی ژینگە و چەکێکی کاریگەریشە لە بەرامبەر چاوچنۆکی و فەلسەفەی بەتاڵی بەکاربردندا. ماری کۆندۆ لە کتێبی (جادووی خۆکۆکردنەوە، هێزێک کە توانای گۆڕینی ژیانی هەیە)دا دەڵێت: ئەو کاتەی شتگەلێکی کەمترمان هەیە، هێندە بە گرنگییەوە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەین وەک ئەوەی ڕۆحلەبەر بن. 

سەرچاوەکان:
١.  https://rainforests.mongabay.com/0801.htm.
٢.   https://www.bbc.com/news/science-environment-52543589.
٣. https://en.wikipedia.org/wiki/Birth_control#Effects.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand