کام پارلەمان؟ کام پارێزبەندی؟
2020-05-05 18:27:33
عەزیز ڕەئووف
لە ساڵی 2015 پارتی دەرگای پارلەمانی داخستووە، پۆلیسێک لە پردێ ڕێگری لەسەرۆکی پارلەمان کردووە، لەناو پارلەماندا پارلەمانتاری داوەتە بەر بۆکس، کەچی دوای پێنچ ساڵ داوا دەکەن پارێزبەندی لەسەر پارلەمانتاران هەڵگیرێت. پارتی کۆی دامەزراوەکانی کۆنترۆڵ کردووە و دادگا و دادوەر و کۆی یاسا و ڕێسای ئەم وڵاتەی لەبەردەستە، کەچی داوا دەکەن کە یاسا سەروەر بێت. بەڕاستی تەراجوعی گەورە لە دنیای ئێمەدا ڕوویداوە.
پێنچ مانگی ساڵی نوێ یەک موچەی موچەخۆران نەدراوە، کەچی قسەکەرانی سەر شاشە و مزایەدەی سەر تەلەفزیۆن جورئەت ناکەن یەک کەسیان نە لە حکومەت نە لە پارلەمان بکشێننەوە، ئێستا کۆی داخوازیەکانیان لەسەر پارێزبەندی پارلەمانتارێک کورت کردۆتەوە و کۆی داخوازیەکانی خەڵکی کوردستانیان فەرامۆش کردووە.
دوای ئەوەی زۆرینەی خەڵکی کوردستان پشتی کردە هەڵبژاردن و زانیان پارلەمان و کاری پارلەمانتاری جگە لە مەهزەلەیەک زیاتر چیتر نیە، دوای ئەوەی کە یەک هێزی ئۆپۆزسیۆن ئامادە نەبوون لە شەقام و لەگەڵ خەڵکی کوردستان کۆببنەوە، دەیانەوێت بە ورگ لەگەڵ دەسەڵات بن و بە دەم ڕەخنە بگرن، ئێستا حکومەتێک بەمانای کەلیمە شکستی ئابوری و سیاسی و ئەخلاقی خواردوە، پارلەمانێکی گاڵتەجاڕ توانای نیە یەک وەزیر بێنێتە ناو پارلەمان لەم دۆخەیا، ئێستا زۆر کۆمیدیانە دوای سیناریۆیەکی پارتی کەوتوون و کۆی کێشە ئابوری و سیاسیەکانی کوردستانیان لەبیر خەڵک بردۆتەوە.
بەڕاستی من پێم سەیرە ئەم برادەرانە لە پارلەمان (سەرباری قسەی ڕاستی و جەرائەتی هەندێکیان)، هەر ماونەتەوە لەم دامەزراوە خراپ و بێ دەسەڵاتەدا. بەڕاستی پێم سەیرە یەک پارلەمانتار لەم دۆخە خراپەدا ئامادە نەبوو بێتە دەرەوە، کەچی پارتی پاڵیان پێوە دەنێ بۆ دەرەوە ئەوان لە دەرەوە پاڵ بە پارلەمانتارەوە دەنێن بمێنێتەوە لە دامەزراوەیەکەوە کە هەم سەرۆکی پارلەمانەکە شکۆی یەکێتی شکاندووە ئەوەندە بێدەسەڵاتە، هەم پارتی و خانمێکی تورکمان کۆی دەسەڵاتی ئەم دامەرزاوەیەیان بەدەستە.
ئەوەی ئەم دۆخەی خراپتر کردوە چەندە یەکێتی و پارتین بارتەقای ئەوەش هێزگەلێکی بێدەسەڵاتن کە بە سیناریۆی بێتام و بە ململانێی بێسود خەڵکی کوردستانیان لە کۆڵان و سەر شەقامەکان جێهێشتووە و پارتی پاڵیان پێوە دەنێت ئامادەنین دەسبەرداری دامەرزاوەی لاوازی پارلەمان بن. لە ئێستادا پارتی حکومەتێکی شکستخواردو سەرۆکایەتی هەرێمی بێدەنگ و بێدەسەڵات و بێ ڕوئیای لەبەردەستە و لە لاوازی سەرۆکی پارلەمان کە هی یەکێتیە، پارلەمانیشیان بەدەستە. ئێستا کۆی دامەزراوەکانی هەرێم لەبەردەستی پارتیدایە کەچی خەڵکی کوردستانیان سەرقاڵ کردووە بەوەی کە پارلەمانتارێک دەردەکرێ، کە دەبوو خۆیان پێش ئەوەی پارتی دەریان بکات، پارلەمانیان جێبهێشتایە و بهاتنایەتە بەردەم دەنگدەران و خەڵک و بیانوتایە ببورن نەماتوانی پارلەمان بکەین بە پارلەمان.