Draw Media

كاك مەسروور ئەمریكاش درۆ دەكات، ستێر گرووپ  هی جەنابت نییە؟

كاك مەسروور ئەمریكاش درۆ دەكات، ستێر گرووپ  هی جەنابت نییە؟

2020-05-05 07:43:45


 مەحموود یاسین کوردی
بە هۆی ئەو زۆرینە تەزویرەی لەخولی ئەمجارەی پەرلەمانی كوردستان هەیە ئەم دامەزراوە رۆڵێكی كاراو كاریگەری نەماوە لە زۆربەی بابەتەكانی پەیوەست بە چارەنووسی خەڵكی كوردستان و قوت و بودجەو نانی رۆژانەی خەڵك قسەو دەنگی نەبووە بەڵكو وەكو پاشكۆ و خزمەتكارێكی گوێراڵی حكومەت و خودی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران دەردەكەوێت.
بۆیە پرسی لابردنی حەسانەی یاسایی لە پەرلەمانتاران شتێكی چاوەڕوانكراوە، توشی شۆك نەبووم لەوەی لە سەر داوای سەرۆكی حكومەت حەسانەی یاسای لە سەر پەرلەمانتاران هەڵدەگیرێ‌.
بەس ئەوەی زۆر جێگای سەرنج بوو سەرۆكی حكومەت سكاڵای لە سەر پەرلەمانتارێك تۆماركردووە كە گوتوویەتی: سەرۆكی حكومەت كۆمپانیاو بانكی هەیە.
هیچ گومانی تێدا نییە هیچ كۆمپانیاو دامەزراوەیەكی ئابووری راستەوخۆ بەناوی بەرپرسانی گەورەی هەرێمی كوردستان نییە بەڵكو هەمیشە لە رێگای كەسانی سێبەر و سەركار بزنس و پرۆژەكانی خۆیان بەرێوەدەبەن، بۆیە دڵنیام هیچ كەسێك ناتوانێت بسەلمێنی كە بەرێز مەسروور بارزانی خاوەنی كۆمپانیای ستێرگروپ و ئاڕتی بانكە، بەڵام ئەمریكییەكان دەمێكە ئەوەیان سەلماندووە كە كۆمپانیای ستێر گروپ كە زۆربەی بازاڕەكانی زۆنی زەردی قۆڕخكردووە هی بەرێز مەسروور بارزانییە، بە پێی بەڵگەنامەیەكی ماڵپەڕی جیهانی ویكیلیكس ئەو كۆمپانیایە هی سەرۆكی ئێستای حكومەتە ئەمەش لە رێگای نامەیەكی نهێنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا كە ئاراستەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكای كردووە، لە دوو شوێن بە پشت بەستن بە دوو سەرچاوە دەسەلمێنێ‌ ئەو كۆمپانیایە كە قۆرغكاری گەورەی كردووە بە تایبەتی بە بواری دڵناییی كە ناهێڵی هیچ كۆمپانیاو كەسێك كار بكات ئەو گۆرەپانەی كۆنترۆڵكردووە.
بە پێی ئەو بەڵگەنامەیە كە لینكەكەی لە خوارەوە، تیمی ئاوەدانكردنەوەی عێراق كە شوێنێك راستەوخۆ دەڵی ئەم كۆمپانیایی هی بەرپرسی هەواڵگری پارتی و بنەماڵەی بارزانی مەسرور بارزانییە لە شوێنكی دیكە دەڵی: سەرچاوەیەك دەڵی ئەم كۆمپانیایە هی كۆڕێكی سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانییە بەڵام ئاماژەی پێنەداوە كامە كۆڕی!.
دڵنیام كاك مەسروور لە هەموو پەرلەمانتارەكان ئاگاداری ئەو راپۆرتەی ویكیلیكسە، ئەو ماڵپەڕەش میدیاكانی كوردستان نییە تا ئێوە بەبێ‌ بنەماو بێ‌ متمانەی رەتیبكەنەوە، تاوەكو ئێستا هیچ وڵات و دامەزراوەیەكی گەورەی جیهانی بە خودی ئەمریكاوە نەیتوانیوە بیسەلمێنی كە ئەو زانیاریانە ناراستن.
بۆیە لە كۆتایی 2008 ئەم پەیامە لە بەغداوە ئاراستەی واشتن كراوە كە ئێوە خاوەندارییەتی ئەو كۆمپانیایە دەكەن كە سەرمایەكەی ملیارەها دۆلارە بە شێوەیەكی قۆرغكاری بەبێ‌ ركابەری سەدان پرۆژەی گەورەی ئەو وڵاتەی وەرگرتووە دڵنیام باجیش نەداوە بەڵكو لە زۆر باج بووراوە جگە لەوەی لە هەموو سێكتەرەكان كار دەكات تەنانەت لە بواری هێنانی نەوتی قاچاغیش لە رۆژئاوای كوردستان و هێنانی گەنمی جوتیارانی سووریا بۆ نێو سایلۆكانی هەرێمی كوردستان كار دەكات.
12 ساڵ پێش ئەمریكییەكان ئاشكرایان كردووە ئەو كۆمپانیایە هی جەنابتە نازانم حكومەت لە چیدایە جەنابت لەم بارودۆخە ئاڵۆزە پەنا بۆ لابردنی حەسانەی پەرلەمانتاران دەبەی لە سەر دووبارەكردنەوەی قسەی ئەمریكای هاوپەیمانیانتان.
 
لینكی بەڵگەنامەی ماڵپەری ویكیلیكس كە دەیسەلمێنی كە ئەو كۆمپانیایە هی سەرۆكی حكومەتە.

https://wikileaks.org/plusd/cables/08BAGHDAD4042_a.html?fbclid=IwAR3GqIoPRoJC7l86hC6WOy_Syg942XXWyXUM9elAEVkW0MCJUEcwKBg334Y

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand