کەرکووکتان کرد بە قوربانیی، هەولێریش بەو دەردە مەبەن!
2020-05-28 18:33:30
کاوێز مەلا پەروێز
مادام حکومەت ئێمەین، دۆخی کوردستانیش کەس بەغیلی پێ نابات، نەدەبوو کۆبوونەوەی پەرلەمان کە نەفەسی تۆڵەی زیاتر تیابوو بکرێ، چونکە پارتی پێویستی بە کۆمەکی حزبەکانە هەر وەک سەرۆک وەزیران لە پەیامی پێش جەژن رایگەیاند.
دەبێ حکوومەت نەبێتە بەشێک لە گرفتەکان، چونکە هەل ومەرجی ناوخۆیی و ئێراقی ئاماژەی خراپ بۆ رووداوی گەورە نیشان ئەدەن.
پارتی حزبەکانی لەگەڵ بن باشە یان تەنیا شان بداتە بەر ئەرکێک کە شان و شەوکەتی هیچ حزبێک قودرەتی هەڵگرتنی ئەو ئەرکانەی نیە؟!
بە کەم سەیرکردنی حزبەکان و نەخوێندنەوەی توڕەیی خەڵک، لەسەردەمی قەیرانی بێ مووچەیی و پەتای کۆرۆنا هەڵەیەکە باجەکەی لە دەست دەرچوونە، لە ئەنجامدا وەک هەرەس و شکستی کەرکووک دروستکردنی ناو و ناتۆرەش هیچ هەڵەیەک ڕاست ناکاتەوە.
نیگەرانیی هەیە، نیگەرانیی سەر دڵی پارتیەکان زیاترە لە هی لایەنەکانی تر، جگە لە کەمینەیەکی هەڵتۆقیوی ماستاوچی کێ هەیە لە پارتی لەم دۆخە نیگەران نەبێ؟!
کەرکووکتان کرد بە قوربانیی بە گوێ نەگرتن هەولێریش بەو دەردە مەبەن، گوێ گرتن لە دز و درۆزن، نەتیجەکەی باش نابێ هەر ئەوەندە بەسە تێبگەن کە خەلەل هەیە، بۆ ئەوەی بە تەنیا نەبینە وارسی ئەو خوار و خێچیانەی بەرێوەبردن؛ باشترە لە راستکردنەوەی بەشێکیان داوای کۆمەک لە حزبەکان بکەین پێکەوە نەک بە تەنیا ئەتوانین ئەم قۆناغە تێپەرێنین.
سەرەکانی حکومەت لە کەشێکی ئارامدا ئەتوانن بیر بکەنەوە، فەوزا هیچ خزمەتێک بە دروشمی کوردستانێکی بە هێز ناگەیەنێ، هەر وەک چۆن لە جەوی تەشەنوجاوی نەمانتوانی رووداوەکان بە قازانجی خۆمان راستەڕێ بکەین لە کەرکووک، لەم دۆخەشدا کە تەشەنووج لە ئاستە بەرزەکەیەتی و لایەنەکان ددانیان لەم حکومەتە چیرکردۆتەوە، ئەگەر راستگۆ بین زۆرینەی خەڵکیشیان لەگەڵدایە، بۆیە هەر شتێک روو بدات ناتوانین بە سەلامەتی و سەربەرزی لێی دەرچین.
تێبینی:
گەرچی تەنیا ناونیشانی ئەم وتارە بەسە بۆ تێگەیشتن، وەلێ هەندێ جار شەرحیش پێویستە، بۆیە ببورن گەر کەمێک درێژ دادڕیم کردبێ.