بەئامانجگرتنی ھەردوو سێکتەری پەروەردەو خوێندنی باڵا لەلایەن حکومەتی ھەرێمەوە!
2020-05-29 19:54:52
کاروان عەلی شامار
زۆرێک لەوڵاتانی جیھان، بەتایبەت ئەوانەی کە ھەنوکە لەریزبەندی ھەرە وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیھانن سەردەمانێک بە بارودۆخێکی پڕ لە ھەژاری و جەنگ و داگیرکاریدا تێپەریوون دواتر لەرێگەی ھەردوو سێکتەری پەروەردەو خوێندنی باڵاوە توانیویانە گۆرانێکی ریشەی لە دوبارە بنیاتنانەوەی وڵاتەکانیاندا بکەن. ئەزمونی ھەریەک لە وڵاتانی یابان و ئەلمانیا و کۆریای باشور ئاماژەیەکی رونە، کە لەدوای جەنگ و ماڵوێرانیەکی زۆر توانیان لەرێگەی سیستمی پەروردەوە بگەن بە ترۆپکی پێشکەوتن. واتە ئەوە پەروەردەبوو لەدوای جەنگێکی ماڵوێرانکەر توانی گۆرانێکی نەوعی لەو ولاتانەدا بھێنێتە ئاراوەو ھەنوکە بگەن بەو ئاستە لە پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی.
حکومەتی ھەرێمی کوردستان و بەتایبەت کابینەی نۆیەم بەھۆی ئەوەی کابینەیەکی تەواو پۆلیسیەو ھیچ ماھیەتێکی نەھێشتۆتەوە بۆ شکۆی مامۆستاو زانکۆکان، بەپلانێکی پێشوەختە سێکتەرە پەروەردەییەکانی تەواو بێبایەخ کردووە، رێگەنادا ناوەندە ئەکادیمییەکان ببن بە زادەی بەرھەمھێنانی خوێندکاری داھێنەر و پر مەعریفە. ئەم کابینەیە زانکۆی کردووە بە دەزگایەکی رواڵەتی و تەنھا بۆ بەخشینەوەی بروانامەو پاسیڤکردنی خوێندکار!
سەرۆکی حکومەت و زۆرێک لە وەزیرەکانی کابینەی نۆ ھێندەی بە پێودانگی دەزگا ئەمنییەکان دانراون نیو ھێندە بەھۆی توانستی زانستی و ئەکادیمیەوە دانەنراون، کابینەی نوێی حکومەت بەشێوازێکی ناراستەوخۆ (ئایدۆلۆجیای بەرخۆریزمی) بڵاودەکاتەوەو تاکێکی بەرخۆر بەرھەم دێنێ لە زانکۆکاندا کە تەواو بەتاڵە لە زانست و بیرکردنەوەی رەخنەگرانەدا، فاکتی ترس لە روخانی کابینە میللیتاریەکەی، وایکردووە سەرۆکی حکومەت و تیمەکەی ھەرجارەو بەبیانویەک دەرگای قوتابخانەو زانکۆکان دابخەن لەبەرامبەدا دەرگای دەیان دامودەزگای پۆلیسی و داپڵۆسێنەر بکەنەوە!
خولاصە، لەولاتانی پێشکەوتودا پەیوەندیەکی دیالێکتی پتەو لەنێوان زانکۆو کاربەدەستانی حکومەتدا ھەیە، زۆرجار بۆ روبەرووبونەوەی پێشھات و ئاڵنگاریەکان پشت بەراو سەرنجی مامۆستایانی زانکۆ دەبەسترێ، ھیچ ناوەندێک بارتەقای زانکۆو پەروەردە گرنگ نییە بۆ پیشخستنی زیاتری وڵات و چارەسەرکردنی قەیران و گرفتەکانی بەردەم حکومەتدا.
بەئامانجگرتنی ھەردوو سێکتەری پەروەردەو خوێندنی باڵا لەلایەن حکومەتی ھەرێمەوە لە ساڵانی ئایندە لێکەوتەی زیاتر دەبێ، بەجۆرێک تەنھا بۆ قەرەبوکردنەوەی خوێندنی فەوتاوی ئەم چەن ساڵەی خوێندکاراندا پێویستمان بە دەیان ساڵە. ئەگەر حکومەت بەم میتۆدەی ئێستایی بەردەوام بێ لەبێئەرزشکردنی خوێندندا ئەوا کوردستان پاشەکشەیەکی گەورەی زانستی و ئەکادیمی بەخۆوە دەبینێ و لە دەرەنجامیشدا ئاستی زانستی و رانکینی زانکۆکانی خراپتر دەبێ بەبەراورد بە ئاستی زانستی دواکەوتوترین وڵاتانی جیھان.