کولتووری خۆشباوەڕی
2020-05-28 12:55:32
بەهرە حەمەڕەش
لە دووەم رۆژی رەمەزان، نامەیەکم بۆ هات، نووسرابوو "بۆ حەوت کەسی بنێرە، هەواڵێکی خۆشت پێدەگات"! تا پازدە رۆژی رەمەزان، نزیکەی شەست نامەی لەم جۆرەم لە ماسنجەرەوە بۆ هات. هەر بەوە ڕادەگەیشتم ئەم نامانە بسڕمەوە، کە ئەو کەسەی ناردوویەتی بە نیەتی ئەوەیە هەواڵێکی خۆشی پێبگات.
دوای ئەوە ڤیدیۆیەکم بۆ هات، کە سەیرم دەکرد پارچە پەڕۆیەک دیار بوو زۆر ناڕوون بوو، لەسەرەوەی ڤیدیۆکە نووسراوە: "بەرماڵێک خۆی نوێژ دەکات". دوای دوو رۆژ لای کەم پەنجا ڤیدیۆی لەم جۆرەم بۆ هات، هەمووی نووسیبووی "سبحان اللە، بەرماڵێک خۆی نوێژ دەکات"، "زوو بگەڕێنەوە و تۆبە بکەن" و "ئاخیرزەمان نزیک بووەتەوە"!
ئەگەر رۆژانە سەردانێکی سۆشیال میدیا بکەی دەبینی، کە ئەگەر یەکێک هەر بەئەنقەست بیەوێ هەواڵێک لە هەر بوارێک فڕێ بدات، هەموان بەبایەخەوە لێی وەردەگرن، بێ ئەوەی سەرچاوە و زانیاریی دروست لەبارەی هەواڵەکە بزانن، یان تەنانەت خۆشیان گوێیان لە هەواڵەکە بووبێت. دەکەونە تانەدان و هەتا جنێودان و قسەی ناشیاو. گەلۆ ئەم خەڵکە بۆچی تا ئەم ئاستە خۆشباوەڕە، کە هەموو هەواڵێکی راست و ناڕاست وەربگرێت؟ هەواڵدەر چی بوێت و بە هەر مەبەستێک بە گەرووی خەڵکیدا دەکات!
کێ لە بڵاوکردنەوەی ئەم درۆ و دەلەسەیە لەناو کۆمەڵگەدا سوودمەندە؟ بۆچی لەم سەردەمی پێشکەوتنی عەقڵ و تەکنەلۆژیادا، خەڵک وا زوو دەکەوێتە ژێر کاریگەریی ئەم بڵاوکراوە ناڕاست و بێ سوودانە؟
باوەڕدارەکان خودا دەپەرستن و باوەڕیان بە پەیامهێن و کتێبی ئایینییەکەیان هەیە، ئیتر ئەو مێشک ئاخنینە بەم درۆیانە لەپای چی؟ سیاسەتوانان ئەگەر ئامانجیان بەڕێوەبردن و گرتنەدەستی دەسەڵاتە، دەبێت پێشبڕکێیان لەسەر خزمەت و بەدەستهێنانی متمانەی خەڵک بێت، خۆ ئەگەر بیانەوێ لەسەر بنەمای درۆ و دەلەسە و بوختان هەڵبەستن بێت، ئەوا وەکوو دەڵێن، پەتی درۆ کورتە و درەنگ یان زوو ساغ دەبێتەوە، لەم حاڵەتەدا کۆمەڵگە دەشێوێت و خودی ئەوان زەرەرمەند دەبن.
کولتووری خۆشباوەڕی، یەک لە پەتایە هەرە بڵاوەکانی کۆمەڵگەی کوردییە، کە تا ئێستا نەک هەر چارەسەری نەدۆزراوەتەوە، بەڵكوو تا دێ کوشندە و بەربڵاوتر دەبێت و گەیشتووەتە ئاستێک، کە راست و هەڵە تێکەڵ کراوە. زۆرجار هەواڵێکی ناڕاست بڵاو دەکرێتەوە، خەڵك بەجۆرێک دەکەوێتە ژێر کاریگەرییەکەی، کە بێسەروبەری لە هەموو بوارەکاندا دروست کردووە.
سەرکەوتن و پێشکەوتنی هەر کۆمەڵگەیەک، بە ئاستی تاکی کۆمەڵگە بۆ پێداگریکردن و هەستکردن بە ماف و ئەرکەوە بەستراوەتەوە. لە کۆمەڵگەیەکدا، کە خەڵک تەنیا باسی ماف بکات، بێ ئەوەی کە بزانێ ئەرکی چییە، ئەوە لە فەرهەنگی ئەرز و ئاسمان جێگای نابێتەوە. تەنیا خەڵک لە بازنەی ناهوشیاریدا دەخولێنێتەوە.
ئایا هۆکاری خۆشباوەڕی و مانەوەی کۆمەڵ لە بازنەی خورافە و ناهوشیاریدا لە بەرژەوەندیی کێدایە؟ بۆچی دەیانەوێ خەڵک قەوانی ماف، بەبێ باسکردنی ئەرک لێبداتەوە، کە ئەنجامی نابێت، کۆتاییەکەی دروستکردنی ئاڵۆزی و بێسەروبەرییە. ئەرکی کێیە کار لەسەر رێکخستنی ئەم رەوشە بکات؟ بۆچی هەم خەڵک و هەم لایەنە پەیوەندیدارەکان حەزیان لە مانەوەی دۆخەکەیە بەم جۆرەی ئێستا؟ ئەمە پرسیارێکە وەڵامدانەوەی لێکۆڵینەوە و لەسەروەستانی دەوێت.
یەک لە هۆکارەکان تەمبەڵبوونی ئەو کۆمەڵگایانەیە، کە لەسەر بەرهەمی سروشتی دەژین، کۆمەڵگەیەک لەسەر بەرهەمی سامانی سروشتی بژیت، کۆمەڵگەیەکی بەرخۆر دەبێت، لەجیاتی کۆمەڵگەیەکی بەرهەمدار. سروشتی کۆمەڵگەی بەرخۆر ئەوەیە، کە هیچ جۆرە ململانێیەک لەنێوان خودی تاکەکان دروست ناکات. ئەمەش جۆرێک لە تەمبەڵیی عەقڵ دروست دەکات، چونکە کاتێک مرۆڤ بیرنەکاتەوە. پێویستی بە هیچ نەبوو تا بیری لێبکاتەوە، مرۆڤێکی عەقڵبەستوو دروست دەبێت. لە کۆمەڵگەیەکدا، کە باوک لەجیاتی هەمووان بیر بکاتەوە، هێشتا لەسەر سروشتی کۆمەڵگەی عەشیرەتی و باوکسالارییە. کۆمەڵگەیەکی بێ رۆح دروست دەبێت، چونکە چارەنووس و بڕیار بەدەست کەسێکی ترە. هەروەها کە چارەنووسی خەڵک لە دەستی تاکە سەرچاوە و لایەنێک بوو، ئەم سەرچاوەی داراییە دەبێتە بەشێک لە سەرچاوەی زانیاری و تێگەیشتنی تاک.
ئەم جۆرە کۆمەڵگەیە لەجیاتی ئەوەی تاک بیر لە چارەنووسی خۆی بکاتەوە، چارەنووسی لە دەستی ئاغا، بەگەكانیدا دەبێت.
لە کۆمەڵگەیەکدا، کە عاقڵ کاری پێ نەکرا، لەبەرامبەردا فکری ئەفسانەیی و خورافات دروست دەبێت، ئەمە خۆی لە خۆیدا زەمینەسازیی بۆ پەروەردەکردنی خەڵکی خۆشباوەڕ دروست دەبێت. کەواتە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، هێشتا گوێ سەرچاوەی مەعریفەیە نەک چاو. راستە لەبەر پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا سەردەمی وێنەیە، کە دەبوایە چاو سەرچاوەی مەعریفە بێت، بەڵام لە کۆمەڵگەی دواکەوتووی وەک ئێمە، گوێ سەرچاوەی مەعریفەیە.
ئەمەش وادەکات هەر کادرێکی حزبی، مەلا یان ئاغایەک قسە بکات، دەبێتە جێی باوەڕێ ئەم جۆرە کەسانە/ حزبانە.
ئەگەر ئەم زەمینەسازییە لە دوێنێوە هەبێت، ئەوا ئەمڕۆ لە سایەی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا جۆرێک لە فەوزا و بەڕەڵایی لە رێگەی تەکنەلۆژیا بۆ خەڵك کرایەوە. راستە ئەم کەناڵانە لە دەرئەنجامی عەقڵێکی مۆدێرنەوە پەیدا بوون، بەڵام ئێمە بە عەقڵی کۆن مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەین. ئیتر خەڵکیش هەیە لە رێگەی ئایین، حزب و سیاسەت، ئەم خەڵکانە زیاتر لە رێگەی ئەم کەناڵانەوە خەڵك چەواشە دەکەن. ئەمە کەشوهەوایەکی دروست کردووە، کە خەڵک زانیاری و سەرچاوەی راست و ناڕاست جیانەکاتەوە.
ئیتر کۆمەڵگەی دواکەوتوو، هەموو شتەکانی خۆی بە چاوێکی دواکەوتووانە هەڵدەسەنگێنێت، ئەگەر کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو یان مۆدێرن بێت، هەموو رووداو و شتەکان، کە دێنە پێشەوە، بە چاوێکی کراوە دەبینێ و هەست بە بەرپرسیارێتی دەکەن.
ئەم زەمینەسازییە عەقڵێک لەناو کۆمەڵگەدا پەروەردە دەکات، کە خەڵك تەسلیمی قەدەر بێت، ئەمە بەرەبەرە بە کەڵەکەبوونی ئەم جۆرە دیاردانە، وادەکا خەڵکێک بڕوا بە هەموو شتێک بکات، بێ ئەوەی پەنا بۆ سەرچاوە و بەڵگەکان ببات. ئەمەش وای لێهاتووە، کە بچێتە ناو هەموو جومگەکانی کۆمەڵگە و زۆرجار کاریگەریی لەسەر بڕیاری سیاسییش دەکات.
هەڵبەت راگەیاندنیش بەدەر نییە لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیی ئەم رەوشە، لەبەرئەوە دەبێت دەزگای پەیوەندیدار بەشێوەیەکی جدیتر و عەقڵانیتر، کار لەسەر ئەم جۆرە دیاردانە بکات، چونکە ئەگەر ئاوا بەردەوام بێت، لەدواڕۆژدا کۆمەڵگەیەکی ئیفلیج و سەقەت دروست دەبێت. ئەمەش دەبێتە کۆسپ و ئاستەنگ لەبەردەم پێشکەوتنی کۆمەڵگە. لەوانەیە بە چاوی هەندێ کەس شتی لاوەکی بن و گرنگ نەبن، بەڵام بەردەوامبوون و کەڵەکەبوونی ئەم جۆرە دیاردانە، کۆمەڵگایەک لەسەر بنەمای عەقڵی خۆشباوەڕ دروست دەکات. ئەمەش وادەکات، کە راستی و ناڕاستی لای خەڵک تێکەڵ بێت، بەڕاستی ئەمە نە خزمەتی حزب و دنیا دەکات، نە خزمەتی ئایین و ئاسمان دەکات.
لەئەنجامدا، وەرن بابیر بکەینەوە، یان کار بکەین، لەجیاتی عەقڵی خۆشباوەڕ، عەقڵێكی رەخنەگر و چاودێر پەیدا بکەین، کە بتوانێت لەگەڵ ئاست و پێداویستییەکانی سەدەی بیستویەکدا بگونجێت.